ڕێبەری ئاوەز بۆ بڵاوکرنەوەی توێژینەوەکان

ژۆڕناڵی ئاوەز وەک ژۆڕناڵێکی وەرزانەی ھزری و مەعریفی و تیۆری پشتگیری و کۆمەکی سازدان و بەئەنجام گەیاندنی ئەو توێژینەوانە دەکات کە توێژەر و شارەزایانی بواری فیکر دەینووسن لەمەڕ ئەو کێشە و ئاریشە و بابەت و مژار و مەسەلە فیکری و تیۆرییانەی خزمەت بەبرەودانی ئاوەزگەری و پێشخستنی فیکر و کولتووری باڵا دەکەن لەناو ڕەوتی جڤاتی کوردیدا.

توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکان دەبێت ڕەچاوی ئەم مەرجانە بکەن:

١- زانستیبوونی ئەو باسانە بە واتای ڕەچاوکردنی مەرجە زانستییەکانە لە نووسین و ئامادەکردنی توێژینەوەکەدا، لەوانە بابەتێتی (objectivity) و خستنەڕووی بەڵگە و سەلماندن و ئەڕگومێنت و تاقیکردنەوەی ئەڕگومێنتەکان و دژە ئەڕگۆمێنتەکان و دوورەپەرێزی کردن لە حوکمی پێشینە و ئالوودەنەبوون بەدنیابینییەکی ئایدیۆلۆژییەوە لە کاتی لێکۆڵینەوە لەمەڕ بابەتی قسە لەسەرکراو.

٢- ڕەوتی لێکۆڵینەوەکە و ئامانجەکانی چاو لە برەودان بەکولتووری ئاوەزگەری و بیرکردنەوەی ڕەخنەیی ببڕێت و دروستکردنی زەمینەیەک بۆ گفتوگۆکردنی زانستی و ئاوەزمەندانەی پشت ئەستوور بەشیکردنەوە و تاقیکردنەوەی ئاوەزی.

٣- پەیڕەویکردن لە میتۆدەکانی سوودوەرگرتن لە سەرچاوەکان و بەکارھێنانی سەرچاوەکان (کتێب، ژۆڕناڵ، بڵاوکراوەی زانستی) و ئۆتۆرەتییەکان (زانا، بیرمەند، توێژەر، نووسەر و خاوەن ڕاکان) بەشێوەیەکی زانستی و گونجاو، ھەروەھا بەو شێوەیەی کە لە ئەکادیمیاکاندا پەیڕەو دەکرێت.

لەم ڕووەوە میتۆدەکان زۆرن، نووسەران و توێژەرانێک کە بۆ ئاوەز لێکۆڵینەوە دەنووسن ئازادن لەوەی کام میتۆد بەکار دەھێنن، بەڵام پێویستە ئەم ھۆشیارکردنەوەیە بدەین:

A- لە نووسینی کوردیدا دیاردەی Plagiarism دزیەتیی بەرھەمی ئەدەبی و تێکڕای ئەوانی دیکە زۆر زۆر بەربڵاوە، بەتایبەت لەناو ئەو نووسەرانەی باش پەروەردە نەبوون و بەھەر چوارلادا نابەرپرسیارانە حوکمەکان بڵاو دەکەنەوە و، بێ ئەوەی مەشقکردن لەسەر زانست و تیۆری ببینن نابەرپرسیارانە قسە لەسەر مەعریفە و تیۆری و کایە زانستی و فیکرییەکان دەکەن و زۆربەی ئەو شتەی کە دەشیڵێن دزینی ڕا و بۆچوون و بەری ڕەنجی بیرکردنەوەی کەسانی دیکەیە، جا چ کەسانی خۆرئاوایی بێت یا ڕۆشنبیرانی فارس و عەرەب. بۆیە فێر بوون بۆ شاردنەوەی دزییەکانیان لەدواوەی نووسینەکانیان ژمارەیەک سەرچاوە ڕیز دەکەن کە نە لە دوور و نە لە نزیک پەیوەندییەکی بەخودی پەیکەرە یا جەستە یا بابەتی سەرەکیی نووسینەکەوە ھەبێت. ئەم شێوازە بەتەواوی لای ژۆڕناڵی ئاوەز ڕەت دەکرێتەوە؛ ئاوەز گرنگی بە بیرکردنەوەی ڕەسەن دەدات و، خۆی بۆ ئەوە تەرخان دەکات ئەم دیاردەیە بنبڕ بکات.

B- ھەر ئایدیایەک ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ لە سەرچاوەیەکەوە یان لە کەسێکەوە وەرگیرابێت پێویستە ئاماژەی پێ بدرێت لەناو جەستەی نووسینەکەدا یا لەژێر نووسینێکدا بەم شێوەیە:

ناوی نووسەر یا توێژەر یا بیرمەند یا زاناکە، سەرچاوەکەی کە ئایدیاکەی لێ وەرگیراوە، شوێنی چاپکردنی سەرچاوەکە، ژۆڕناڵ، کتێب، گۆڤار، ڕۆژنامە، بڵاوکراوەی زانستی، کاتی بڵاوکردنەوەکە واتا ساڵی بڵاوکردنەوە، ھەروەھا ژۆڕناڵی وەرزی بوو، ژمارەی وەرزەنامەکە و ساڵ و شوێنی بڵاوکراوەکە.

C- ھەروەھا ئەو ئایدیایانەی وەردەگێڕدرێن و دادەڕێژرێنەوە، بەڵام بیرۆکەیەک، بۆچوونێک کە موڵکی کەسێکی دیکەیە دەبێت ئەویش بەو شێوەیەی ئاماژەمان پێی دا دیاری بکردرێت.

D- گەر سوودوەرگرتن لە سەرچاوەکان لە فۆڕمی پەڕاوێزدا بوو، لە کۆتاییی لێکۆڵینەوەکەدا پێویستە توێژەر بیبلۆگرافیای سەرچاوەکان دابنێت، ناوی نووسەر، کتێب یا وەرزنامە یا بڵاوکراوەی زانستی و، ساڵ و شوێنی سەرچاوەکە.

E- دوورەپەرێزی کردن لە ھەڵە لۆژیکییەکان، لەوانە ھەڵەی پەنابردن بۆ ئۆتۆرەتی (مارکس دەڵێت X کەواتە X ڕاستە) ھەڵەی لۆژیکی گشتگیرکردنی بە پەلەپروزکێ؛ ھەڵەی پەنابردن بۆ بەزەیی ڕای X ڕاستە، لەبەرئەوەی خاوەن پێداویستیی تایبەتە یا کێشەی گەورەی ھەیە (بۆ زانینی ھەندێک لە ھەڵەکان، بڕوانە ژمارەی یەکەمی ئاوەز، لێکۆڵینەوەی: بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و ھەڵە لۆژیکییەکان. لە پاڵ: بیرکردنەوەی ڕەخنەیی. فاروق ڕەفیق ٢٠٢٣ - دەزگای سەردەم).

F- ھەتا لە تواناییدا بێت دوورەپەرێزی کردن لە پێداگریکردن لەسەر "بەڕای من"، چونکە ئاوەز ھەوڵێکە بۆ گواستنەوە لە مەملەکەتی ڕاوە بۆ مەملەکەتی مەعریفە لەڕێگای دەستوپەنجە نەرمکردن لە تەک ڕاستییەکان، شیکردنەوە و خستنە ڕووی ئەڕگۆمێنتەکانەوە.

٤- ژۆڕناڵی ئاوەز ھیچ لێکۆڵینەوەیەک بڵاو ناکاتەوە ئەگەر بانگەشە بۆ دۆکترینێکی ئاینی یا ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسی بکات.

٥- بۆ بەرزڕاگرتنی ئەو ستانداردە فیکری و زانستییە کە ئاوەز ڕەچاوی دەکات، خودی کەسی توێژەر دەبێت ئامادەیی تێدا بێت ڕەچاوی ئەو سەرنجانە بکات کە پێی دەگوترێت یا ئاگادار دەکرێتەوە لەلایەن ئاوەزەوە، بە واتای باش پێداچوونە بەتوێژینەوەکەدا.

٦- ژۆڕناڵی ئاوەز دەستی ئاوەڵایە لە گۆڕینی ڕێنووس و ڕێزمانی لێکۆڵینەوە نێردراوەکان، بەپێی نامیلکەی پەسەندکراوی ئەکادیمیای کوردی. ھەروەھا بابەتی بڵاونەکراوە بۆ خاوەنەکەی ناگەڕێتەوە.


ژۆڕناڵی ئاوەز

نۆڤەمبەری ٢٠٢٤




ئاوەز ژۆرناڵ بڵاوكراوەیەكی گشتییە بە زمانی كوردی دەردەچێت، بنکەکەی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقە. ئارەزووی ڕووماڵکردنی سیاسی، ئابووری، ڕۆشنبیری، مێژوو و بابەت و ڕووداوەکانی دیکەی هەیە، دامەزراوەی كوردستان كرۆنیكڵ دەریدەكات .
+964(0) 750 928 83 85

Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved


X