بوون هۆنراوه‌ی خودایه. خودا شاعیره و له‌ڕێی زمانه‌وه
گه‌ردوونی خوڵقاندووه. خودا به گه‌ردوونی گوت: ببه!
گه‌ردوونیش بوو.
یۆهان هامان
له سه‌ره‌تادا، وشه هه‌بوو، وشه له‌لای خودا بوو،
وشه خودی خودا بوو. هه‌موو شتێك به‌و به‌دی هاتووه،
بێ ئه‌و هیچ شتێك به‌دی نه‌هاتووه له‌وانه‌ی كه به‌دی هاتوون.
وشه سه‌رچاوه‌ی ژیان بوو، ژیانیش ڕووناكیی مرۆڤ بوو،
ڕووناكیش له تاریكی‌دا ده‌دره‌وشێته‌وه.
یوحه‌ننا
زمان له‌بنه‌ڕه‌تدا له ژماره‌یه‌ك دیالێكت (زار) پێكهاتووه كه هه‌ركام له‌و دیالێكتانه توانستی بوون به زمانی له نێوخۆی‌دا هه‌ڵگرتووه.
زمان و دیالێكت جیاوازییه‌كی قووڵ و ئه‌وتۆیان له‌نێواندا نییه له‌ڕووی زانستی زمانه‌وه. هه‌ر كام له دیالێكته‌كان توانستی ئه‌وه‌یان تێدایه، له‌ڕووی زمان و فه‌رهه‌نگه‌وه گه‌شه بكه‌ن و پرستیژ په‌یدا بكەن و ببنه زمانی سه‌ربه‌خۆ.
مرۆڤ ته‌نها بوونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی نییه، به‌ڵكوو دیارده‌یه‌كی زمانیشه. دید و جیهانبینیی مرۆڤ و شێوازی بیركردنه‌وه و ڕاده‌ی هۆشیاری به‌ر له هه‌ر شتێك له‌نێو زماندا خۆی به‌یان ده‌كات. پێویسته زمان له‌ڕووی فه‌رهه‌نگییه‌وه هێنده ده‌وڵه‌مه‌ند بێت كه وه‌ڵامگۆی خواسته ڕۆحی و ئه‌قڵییه‌كانی ئاخێوهرهكانی بێت.
زمان بۆ نه‌ته‌وه‌ش هه‌مان بابه‌ته؛ واتە ئاستی ژیاری و ڕۆحی و تایبه‌تمه‌ندیی كلتووری و ئیتنیكییان نیشان ده‌دات. كورد به‌هۆی زمانه‌كه‌یه‌وه به‌رگه‌ی مانه‌وه‌ی گرتووه، له‌به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ستدا. چونكه كورد جگه له زمانه‌كه‌ی هیچ فاكته‌رێكی دیكه‌ی كلتووریی نییه، له‌چه‌شنی ئایین و بیر و باوه‌ڕ، هونه‌ر، داب و نه‌ریت، تا له نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی جیا بكاته‌وه. واتە خاڵی به‌هێز و جیاوازی له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌دا ته‌نها و ته‌نها زمانه‌كه‌یه‌تی؛ به‌دیاریكراویش مه‌به‌ستمان نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌به. ئایینیش له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌سته‌وه خراپ كه‌ڵكی لێ وه‌رگیراوه بۆ سڕینه‌وه‌ی ناسنامەی نه‌ته‌وه‌ی كورد. واتە تاكه مه‌رجی مانه‌وه‌ی كورد وابه‌سته‌یه به زمانه‌كه‌یه‌وه، كه پێویسته ڕاچه‌نین و هۆشیاریی ده‌سته‌جه‌معی بخووڵقینێت له‌پێناو مانه‌وه‌یدا. نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب به نێوی پیرۆزیی ئایینه‌وه زمان و کلتووری خۆی سه‌پاند به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌دا وسڕینییهوه، له‌چه‌شنی گه‌لانی قیبتی، ئه‌مازیغی، فینیقی. كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك ته‌نها به‌هۆی بوونی به‌پێزی زمانه‌كه‌یه‌وه، كه توانای كێبه‌ركێی له‌گه‌ڵ زمان و كلتووری نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ستدا هه‌بووه، به‌رگه‌ی ململانێ و هەڕەشەی نه‌یاره‌كانی گرتووه.
زمان زیاتر له وه‌زیفه‌یه‌كی هه‌یه، له‌وانه ئاخاوتن و نووسین و، ڕۆڵی له فه‌رهه‌نگسازی و بوونیادنانی كلتوور و ناسنامەی نه‌ته‌وه‌دا هەیە. هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك زمانه‌كه‌ی تووشی داله‌نگان و پووان هات ئه‌وا چاره‌نووسی له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی جددیدایه و ئایندهی له‌ده‌ست داوه. هه‌نووكه زمانی كوردی له دۆخێكی باش‌دا نییه، به‌هۆی ئه‌و ئاڵنگاری و له‌مپه‌ڕانه‌ی له ئاستانهیدایه له نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌دا، له‌چه‌شنی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه كورد به‌شێكه لێیان.
فاشیزمی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست ئەوەندە زۆرە ده‌رفه‌تی نووسین و ئاخاوتنی به زمانی كوردی به قانوون یاساغ كردووه و به‌تەواوی هه‌وڵی سڕینه‌وه و نەهێشتنی كلتوور و فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌كه‌مان ده‌دات. له‌مپه‌ڕ و ئاسته‌نگه نێوخۆییه‌كانیش هیچی كه‌مترنییه له هی دووژمنانی زمانه‌كه. ئه‌و تراژیدیایه‌ی ڕووی له زمانی كوردی كردووه، ئاسته‌نگی جددی له‌سه‌ر فه‌رهه‌نگ و ناسنامەی نه‌ته‌وه‌كه دروست كردووه. هه‌ربۆیه، له هه‌موو كات زیاتر پێویستمان به یه‌كێتیی نێوان زمان و فه‌رهه‌نگ هه‌یه. وه‌لێ ئه‌فسووس تا هه‌نووكه هیچ نه‌خشه و پڕۆژه‌یه‌كمان بۆ فه‌رهه‌نگ و زمان نییه و شتێكمان نییه به نێوی سیاسه‌تی فه‌رهه‌نگی. سیاسه‌تی فه‌رهه‌نگی ئه‌و ستراتیژه زانستی و كارگێڕییهیه، ئه‌و نهخشهڕێیەیە وه‌ك سامانێكی نیشتمانی له فه‌رهه‌نگ ده‌ڕوانێت و ستراتیژ داده‌ڕێژێت بۆ په‌ره‌پێدان و گه‌شه‌سه‌ندنی؛ ته‌قه‌لای ئه‌وه ده‌دات فه‌رهه‌نگێكی ده‌وڵه‌مه‌ند له چوارچێوه‌ی سیاسه‌تێكی نیشتمانیدا ڕۆ بنێت.
هۆكاری بنه‌ڕه‌تیی قه‌یرانی زمانی كوردی له‌وه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه نووسه‌ران و ئه‌دیبان له‌ڕووی زانستییه‌وه ئاشنای ڕێنووس و ده‌ستووری زمانه‌كه نین. هه‌ربۆیه، نووسینی كوردی نوقمی ئاژاوە و په‌شێوییه‌كی سەیر بووە. پاشاگه‌ردانییه‌ك له نێو نووسینی كوردیدا خۆی به‌یان كردووه به جۆرێك كه هه‌ر نووسه‌رێك په‌یڕه‌وی له ڕێنووسێك ده‌كات و به كامی دڵی خۆی وشه داده‌ڕیژێت و ده‌سته‌واژه‌ی سەیر و نامۆ به‌كار دێنێت، به‌بێ بوونی ئاگاییه‌كی قووڵ له ده‌ستوور و ڕێساكانی زمان. لێكه‌وته‌كانی ئه‌و جۆرە له نووسین تێكدانی هاڕمۆنیای نێو ده‌ق و شێواندنی مۆسیقای نێوان وشه‌كانه و، له به‌رئه‌نجامدا شێواندنی زه‌ین و خه‌یاڵی خوێنه‌ری لێ ده‌كه‌وێته‌وه. له ڕابردوودا، زمانی كوردی دۆخی گه‌لێك باشتر بوو به‌هۆی ئه‌ده‌به‌كه‌یه‌وه. ژماره‌یه‌كی به‌رچاو ده‌قی باڵا به زمانی كوردی نووسراون و له‌ڕووی ئه‌ده‌بی و ئێستاتیكییهوه خزمه‌تێكی به‌رچاو به زمانه‌كه كراوه، له‌چه‌شنی هۆنراوه‌كانی باباتاهیری عوریان (هه‌مه‌دانی)، هۆنراوه‌كانی مه‌لای باته‌یی و مه‌لای جزیری، مهم وزینی خانی، هۆنراوه‌كانی بێسارانی و سه‌یدی و مه‌وله‌وی و نالی و سالم و كوردی ...هتد. ئه‌وه‌ی شوێنی داخ و نیگه‌رانییه له‌مڕۆدا زمانه‌كه پاشه‌كشه‌یه‌كی غه‌ریبی كردووه و به ده‌ره‌جه‌یه‌ك تووشی داڕزین و داله‌نگان هاتووه كه ژماره‌یه‌ك له ئایكۆنه‌كانی كورد خاوه‌نی ئه‌و دیدگایهن كه پێیان وایه ڕێنووسی تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه و پێویست ناكات په‌یڕه‌وی له ڕینووسی باو بكه‌ن، به‌هۆی ئه‌وه‌ی تا هه‌نووكه ڕێنووسێكی یه‌كگرتوومان نییه. ئه‌و دیدگایه له جه‌هلی موڕڕهكهبهوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه. گه‌رنا وشه‌ڕۆنان و به‌كارهێنانی دەستەواژە و زاراوه وابه‌سته‌یه به ده‌ستوور و ڕێسا زمانه‌وانییه‌كانه‌وه له‌ڕووی زانستییه‌وه. ئاریشه‌كانی زمانی كوردی له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه كه خاوه‌نی ده‌ستوورێكی زانستی نییه و دەستەواژە و زاراوه‌ی نوێ زیاد ناكات به شێوازه دروست و زانستییه‌كه‌ی، ئه‌مه‌ش هۆكاری پووكانه‌وه و گه‌شه نه‌كردنی زمانه‌كه‌یه.
زمانی كوردی سه‌ر به خێزانی زمانه هیندی و ئه‌وروپییه‌كانه. له‌ڕووی ئیتیمۆلۆژییه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر زمانی ئاڤێستایی، كه زمانێكی دێرینی ئایینی زه‌رده‌شتییه و كتێبی پیرۆزی پێ نووسراوه. له‌ڕووی ڕێنووسه‌وه كاریگه‌ریی ڕێنووسی ئارامی و گریگی له‌سه‌ره و په‌یوه‌ندییه‌كی پتەوی له‌گه‌ڵ زمانی سانسكریتیدا هه‌یه. واتە زمانی كوردی خاوه‌ن دیرۆكێكی دێرین و ڕه‌سه‌نه. زمانی كوردی له مێژووی خۆیدا ئاسته‌نگی زۆر و جۆراوجۆری هاتۆته ڕێ. گرنگترینیان كاریگه‌ریی نه‌رێیی زمانی عه‌ره‌بییه له پاش غهزهواتهكانی ئیسلام بۆ سه‌ر ناوچه‌كه، كه له چه‌ند ئاستیكدا خۆی بینییه‌وه. له‌وانه خوێندن به زمانی عه‌ره‌بی له حوجره و نێوه‌نده ئایینییه‌كاندا؛ دۆخ و هه‌لومه‌رجێكی وه‌های ڕه‌خساند كه هه‌ژموونی زمانی عه‌ره‌بی به‌هۆی پیرۆزییه ئایینییهكهیهوه زیاد له پێویست بێت. واتە زمانی عه‌ره‌بی له‌ڕووی كلتووری و فه‌رهه‌نگی و ئه‌ده‌بییه‌وه به شیوازێكی هه‌ڕه‌مه‌كییانه و به‌ده‌ر له ده‌ستوور و ڕێسا زمانییه‌كان مۆنۆپۆلی زمانی كوردیی كرد. ئه‌و كاریگه‌رییه به جۆرێك بوو ژماره‌یه‌ك فه‌رهه‌نگ بۆ فێربوونی زمانی عه‌ره‌بی نووسران. له‌وانه فه‌رهه‌نگی (نوبهارا بچوكان)ی ئه‌حمه‌دی خانی و فه‌رهه‌نگی (ئه‌حمه‌دیی) شیخ مارفی نۆدێ. له سه‌ده‌ی شازده‌هه‌می زاینییدا، عه‌لی ته‌ڕه‌ماخی ده‌ستووری زمانی عه‌ره‌بی به شێوه‌زاری كرمانجیی ژووروو نووسیوه‌ته‌وه به ناوی (سه‌رفا كورمانجی)، مه‌به‌ست له نهحوسهرفه؛ تا فێرخوازه‌كانی فێری زمانی عه‌ره‌بی ببن. ئێمه لێره‌دا مه‌به‌ستمان نییه بڵێین فێربوونی زمانی عه‌ره‌بی یاخود هه‌ر زمانێكی دیكه كارێكی خراپه، هێنده‌ی ده‌مانه‌وێت بڵیین زمانی كوردی گه‌لێك زیاتر پێویستی به نووسینی فه‌رهه‌نگ و ده‌ستووری زمان هه‌بوو به به‌راورد به زمانی عه‌ره‌بی؛ زمانی عه‌ره‌بی هیچ پێویستی به زانای كورد نه‌بوو خزمه‌تی بكات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خزمه‌تی گه‌وره‌ی پێكرابوو له‌لایه‌ن زانایانی دیكه‌وه، به دیاریكراویش زانایانی فارس. زانایانی زمان له هه‌ردوو نه‌ته‌وه‌ی كورد و فارس خۆبه‌خشانه خزمه‌تی بێهاوتای زمانی عه‌ره‌بییان كرد و به‌و هۆیه‌شه‌وه هه‌ردوو زمانه‌كه گورزی گه‌وره‌یان به‌ر كه‌وت وبه ده‌یان و سه‌دان وشه و ده‌سته‌واژه هاتنه نێو زمانهكانیانهوه. له‌بری دانانی ڕێگریكه‌ر (رادع) له به‌رده‌م زمانی عه‌ره‌بی له‌پێناو پاراستنی زمانه‌كانیاندا، كه‌چی به ڕه‌هایی به ڕووی زمانه‌كه‌دا كرانه‌وه و ده‌رفه‌تی ته‌واویان بۆ ڕه‌خساند، تا به خواستی خۆی هه‌ژموون و كاریگه‌ریی نه‌رێیی له‌سه‌ر زمانه‌كانیان دابنێت. گرنگه ئاماژه به‌وه بده‌م من نه نه‌ته‌وه‌په‌رستم، نه باوهڕێكیشم پێی هه‌یه. به‌ڵام باسه‌كه باسی زمانه له‌ڕووی زانستییه‌وه. هه‌ژموون و كاریگه‌ریی زمانی عه‌ره‌بی له‌سه‌ر زمانی كوردی و بوونی سه‌ده‌ها وشه و ده‌سته‌واژه‌ی عه‌ره‌بی له نێوزمانهكهدا هۆكاره‌كه‌ی ئایینییه به پله‌ی ئیمتیاز. ئاشكرایه هیچ زمانێك نییه به‌ڕه‌هایی خاوێن و پوخت بێت له زاراوه‌ی بێگانه. واتە خواستن له زمانی بێگانه‌وه ڕه‌وایه، به‌ڵام به‌پێی ڕه‌چاوكردنی دۆخی زانستیی زمانه‌كه. واتە ڕه‌چاوكردنی ڕێسا و ده‌ستووری زمان به‌هه‌ند بگیرێت له خواستن و وه‌رگرتنی وشه‌دا له زمانێكی دیكه‌وه. واتە گه‌ر نه‌توانرا له هه‌مبه‌ر زاراوه‌یه‌كی نوێ‌دا وشه‌یه‌كی كوردی ڕۆبنرێت، ئه‌و كات به زه‌ڕووره‌ت په‌نا به‌ر زاراوه‌ی بێگانه ده‌به‌ین و كه‌ڵكی لێ وه‌رده‌گرین، به‌ومه‌رجه‌ی وشه‌كه بكوردێنرێت. د. جه‌مال نه‌به‌ز له كتێبی "زمانی یه‌كگرتووی كوردی"دا ئاماژه به‌وه ده‌دات كه خواستنی وشه له زمانی بێگانه‌وه ئاساییه به‌و مه‌رجه‌ی به ڕێنووسی كوردی بنووسرێت. سه‌رنجی ئه‌م وشانه بده‌ن كه له‌چه‌ند زمانێكی جیاوازه‌وه وه‌رگیراون؛ وشه‌كانی "خه‌بات، خشڵ، له‌واشه، كه‌ره‌وز" له زماتی سریانییه‌وه وه‌رگیراون. وشه‌كانی "قورقوشم، قاپ، ئازووخه، ئه‌مه‌ك، پاقلاوه، برغوو، چاوه‌ش" له‌زمانی توركییه‌وه وه‌رگیراون. وشه‌كانی ( زیو، كنگر، سنوور، ته‌لیسم، سه‌متوور ). له زمانی یۆنانییه‌وه وه‌رگیراون. وشه‌كانی "مه‌عریفه، ڕه‌مز، كاره‌با ، كورسی ، كتێب ، مشار، حكوومه‌ت" له زمانی عه‌ره‌بییه‌وه وه‌رگیراون. وشه‌كانی "پانتۆڵ ، پاسكیل ، پاتری، ئه‌كته‌ر، ته‌له‌فزیۆن، په‌تاته، ته‌ماته" له زمانی ئینگلیزییه‌وه وه‌رگیراون. واتە پێویسته هه‌ر وشه‌یه‌كی وه‌رگیراو به ڕێنووسی ئه‌و زمانه بنووسرێت كه بۆی وه‌رگیراوه. زمانی عه‌ره‌بی به هه‌زاران وشه‌ی له زمانه‌كانی گریكی، لاتینی، سانسكریتی، عیبری، ئارامی...هتد وه‌رگرتووه و به ڕێنووسی عه‌ره‌بی نووسیونی. ئه‌وه‌ش كارێكی ئاساییه و خزمه‌تی گه‌وره به زمانه‌كه ده‌كات. له‌پێناو یهكهێشتنهوهی ڕێنووسدا و نه‌بوونی چه‌ند ڕێنووسێكی جۆراوجۆردا ئه‌و كاره ئه‌نجام دراوه. (1)
په‌یوه‌ندیی نێوان زمان و بیركردنه‌وه
زمان هه‌ڵگری حه‌قیقه‌تی هه‌موو بوونه.
هراكلیتۆس
كه‌وشه‌نی زمانی من، كه‌وشه‌نی بوونی منه.
ویتگنشتاین
زمان ماڵی بوونه، ماڵێك مرۆڤ تێیدا نیشته‌جێیه .
ئه‌وانه‌ی به وشه بیرده‌كه‌نه‌وه و به وشه بوونیاد ده‌نێن پاسه‌وانی ئه‌م ماڵه‌ن.
ئه‌م پاسه‌وانی و خه‌مخۆرییه‌یان خستنه‌ڕوو و ده‌رخه‌ری بوونه.
مرۆڤ واخۆی نیشان ده‌دات كه ئه‌و خوڵقێنه‌ری زمان و سه‌روه‌ریه‌تی،
به‌ڵام له‌ڕاستیدا زمان سه‌روه‌ری مرۆڤه،
هه‌ر كاتێك په‌یوه‌ندیی نێوان مرۆڤ و زمان تێكچوو،
ئه‌وا نامۆبوون له سروشتی مرۆڤدا ڕوو ده‌دات.
هایدگه‌ر
پرسیارێك كه له مێژووی فه‌لسه‌فه‌دا ڕووبه‌ر و پانتاییه‌كی به‌رفراوانی داگیر كردووه بریتییه له‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی زمان به بیركردنه‌وه و حه‌قیقه‌ته‌وه چییه؟ له‌و ساته‌وه‌ی مرۆڤ وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی بیركه‌ره‌وه خۆی ناسیوه و ده‌ركی وجوودیی خۆی كردووه، به جۆرێك ده‌رگیری ئه‌و پرسه بووه كه چۆن په‌یوه‌ندیی نیوان زمان و بیر كه‌شف بكات. ئایا ده‌كرێت له ده‌ره‌وه‌ی زمان بیربكه‌ینه‌وه و بگه‌ین به حه‌قیقه‌ت؟ دیوه ئاڵۆز و په‌نهانه‌كانی حه‌قیقه‌ت چۆن له‌ڕێی زمانه‌وه كه‌شف ده‌كرێن؟ زمان ئه‌و ئامرازه‌یه كه نه‌زم و ڕێكخستن ده‌به‌خشێت به بیركردنه‌وه تا ده‌ركی حه‌قیقه‌تی پێ بكات.
ئه‌رستۆ مامۆستای لۆژیك و داڕێژه‌ری ده‌ستوور و ڕێساكانی زمان، وه‌ها وه‌سفی زمان ده‌كات كه هۆیه‌كه بۆ ئاخاوتن و ده‌ربڕینی وشه‌كان. وشه‌ش به گرنگترین توخمی زمان داده‌نێت و ده‌ڵێت:" بناغه‌ی ئاخاوتن وشه‌یه، وشه‌ش بزووتنێكی ده‌نگییه كه له تیپ و بڕگه پێكهاتووه و ڕه‌مز ونیشانه‌یه بۆ واتای شتێك یاخود بیرۆكه‌یه‌ك. ئه‌م جووڵه‌یه‌ش بزووتنێكی ئه‌قڵی و هۆشمه‌ندییه". ئه‌رستۆ به‌راوردی نێوان بێژه و وشه‌مان بۆ ده‌كات و ده‌ڵێت" ڕسته گوتراوه‌كان، واتا بێژه‌كان نیشانه و ڕه‌مزن بۆ ده‌ربڕینی باره‌كانی مرۆڤ، به‌ڵام وشه نووسراوه‌كان وێنه‌ن بۆ تۆماركردنی بێژه‌كان".(2) واتە زمان كه له وشه پیكدێت نیشانه و ڕەمزی بیری مرۆڤه و پێكه‌وه یه‌كانگیرن؛ به‌بێ وشه نه بیر ده‌رده‌بڕدرێت، نه مه‌عریفه‌ش به‌ده‌ست دێت. لێره‌وه به‌و به‌رئه‌نجامه ده‌گه‌ین زمان ئامرازێكه له‌مه‌ڕ په‌یوه‌ندیی نێوان ئاخاوتن و بیركردنه‌وه‌دا.
له دیدی هایدگه‌ر، زمان ماهییه‌ت به مرۆڤ ده‌به‌خشێت وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی بیركه‌ره‌وه؛ زمان سهرزهمینێكه بۆ بیركردنه‌وه‌ی دروست، بیركردنه‌وه له خودی بوون، كه له‌ڕێی زمانه‌وه خۆی به‌یان ده‌كات. بیركردنه‌وه ڕووداوه، خودی بوونه، كه وه‌ك ڕووداو خۆی مانیفێست ده‌كات، واتە زمان ته‌نها گوته و ته‌عبیر نییه، به‌ڵكوو نهێنیی بوونه له دۆخی خۆئامادهكردندا بۆ ده‌ركه‌وتن و ڕاڤه‌كردنی بوون. (3) زمان ده‌رخه‌ری بیره، واتە سهرزهمینێكه بۆ بیركردنه‌وه‌ی دروست و ئاوەزمەندانە، بیركردنه‌وه به مانا ئۆنتۆڵۆژی و ئیپستمییهكهی. زمانی كوردی تا هه‌نووكه له‌م بواره‌دا به‌گه‌ڕ نه‌خراوه، واتە بیری پێ نه‌كراوه‌ته‌وه. مه‌به‌ستمان له بیركردنه‌وه به مانا فهلسهفییهكهیه، كه وه‌زیفه‌ی بنه‌ڕەتیی زمانه. واتە زمانی كوردی كورتی هێناوه له به‌رهه‌مهێنانی دەستەواژە و زاراوه‌ی زانستی و فه‌لسه‌فییدا. ئه‌مه‌ش هۆكاری بنه‌ڕه‌تیی نه‌بوون و نه نووسینی ده‌قی زانستی و فه‌لسه‌فییه به زمانه‌كه.
به‌پێی تیۆرییه زمانه‌وانییه‌كان، زمان ئامرازی بیركردنه‌وه‌یه، نه‌ك ته‌نها ده‌ربڕینی بیر و تهعبیرلێكردنی. زمان ڕۆڵی جه‌وهه‌ریی هه‌یه له ڕێكخستن و ته‌ركیزكردن له بیركردنه‌وه‌دا، واتە ئامرازێكه بۆ بیركردنه‌وه‌ی زانستی و لۆژیكی. ویتگنشتاین له كتێبی "تراكتاتۆس"دا ده‌ڵێت: "زمان مانا به زه‌ین ده‌به‌خشێت و فه‌زا و زه‌مینه‌یه‌ك بار دێنێت بۆ بیركردنه‌وه‌ی دروست و لۆژیكی". واتە له‌نێو فه‌زای زماندا ده‌رفه‌تی بیركردنه‌وه‌ی لۆژیكی و زانستی ده‌ڕه‌خسێت. ئاشنابوون به زمان ته‌نها زانینی زمانێك یاخود چه‌ند زمانێك نییه، به‌ڵكوو ئاشنابوونه به شێوازی بیركردنه‌وه‌ی دروست.
تیۆرییه‌ك هه‌یه له‌نێو زماندا به نێوی تیۆریی بیركردنه‌وه‌ی زمانه‌وانی (Linguistic Thought Theory). ئه‌م تیۆرییه یه‌كێكه له گرنگترین و كاریگه‌رترین تیۆرییه‌كان له‌مه‌ڕ په‌یوه‌ندیی نێوان زمان و بیركردنه‌وه‌دا. تیۆرییه‌كه جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه بیركردنه‌وه به شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی له‌سه‌ر زمان بوونیاد نراوه. به‌پێی تیۆرییه‌كه، زمان ته‌نها ئامرازێك نییه بۆ ده‌ربڕینی بیر، به‌ڵكوو خودی پڕۆسه‌ی بیركردنه‌وه‌یه. تیۆرییه‌كه له‌و باوه‌ڕه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه مرۆڤ به "زمان" بیر ده‌كاته‌وه. له هه‌مان كاتدا جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه كه سیستمێكی ناوه‌كی (باطنی) هه‌یه، هاوشێوه‌ی "زمانی بیر" كار ده‌كات و وابه‌سته‌یه به مێشكه‌وه و په‌یوه‌ندییه‌كی ڕاسته‌وانه‌ی هه‌یه له‌گه‌ڵ زمانی ده‌ره‌كی، واتە زمانی ئاخاوتن. بیركردنه‌وه له‌نێو زماندا تێگه‌یشتن و ده‌رككردنی نێوان هه‌ردوو ئاسته‌كه‌ی زمانه. توانایی مرۆڤ بۆ بیركردنه‌وه له چه‌مكه ئه‌بستراكته‌كان وابه‌سته‌یه به هێز و تواناییە زمانییهكانییهوه. كاتهگۆریزهكردن (پۆلێن‌کردن) له‌نێو زماندا كۆمه‌ك ده‌كات به ڕێكخستنی بیرۆكه‌كان له نێویدا و تهعبیرلێكردنی به شێوازێكی ڕوون. (4)
پووختهیهك ده‌رباره‌ی مامۆستا تۆفیق وه‌هبی به‌گ
تۆفیق وه‌هبی یه‌كێك له ناوه دیار و موونهوهرهكانی كورده كه خاوه‌نی چه‌ندین به‌رهه‌مه له بواره‌كانی زمان و فه‌رهه‌نگ و مێژوودا. ئەو شاره‌زایه‌كی به‌رچاوی بواری زمانه‌وانییه و زمانه‌كانی كوردی، عه‌رەبی، فارسی، توركی، ئینگلیزی، فه‌ڕه‌نسی، ئه‌ڵمانی و، سانسكریتیی زانیوه. ساڵی 1930 مووته‌سه‌ڕیفی شاری سلێمانی بووه؛ ساڵی 1943 وه‌زیری ئابووری بووه؛ ساڵی 1948 وه‌زیری مه‌عاریف بووه. دیارترین به‌رهه‌مه زمانه‌وانییه‌كانی بریتین له‌مانه:
1- كوردییه‌كه‌مان به چۆن حرووفێك وه چۆن بنووسین.
2- ده‌ستووری زمانی كوردی.
3- له‌بابه‌ت بنج و بناوانی زمانی كوردییه‌وه.
4- بژاركردنی زمانی كوردی
5- (پارتیكهڵ)ی بكه‌ر نادیار
6- فه‌رهه‌نگی كوردی – ئینگلیزیی ئۆكسفۆرد، له‌گه‌ڵ ئه‌دمۆنز (1965).
ئه‌وه‌ی مایه‌ی نیگه‌رانیی قووڵی ئێمه‌یه، پاش گه‌ڕان و پشكنینێكی ورد ته‌نها وتارێكمان نه‌بینی ده‌رباره‌ی ئه‌و ئه‌قڵه موونهوهرهی كورد نووسرابێت. پێدەچێت کەمتر نه‌ته‌وه‌یه‌ك هاوشێوه‌ی كورد کەمتەرخەمی به‌رامبه‌ر به توێژەر و لێكۆڵه‌ره‌كانی بنوێنێت. تۆفیق وه‌هبی خزمه‌تێکی فراوانی به زمان و فه‌رهه‌نگ و مێژووی كورد كردووه. له‌بری پێ‌زانین، بێڕێزیی زۆری به‌رامبه‌ر نوێنرا. بەختی هه‌بوو كه هاوشێوه‌ی جه‌مال عیرفان ترۆر نه‌كرا. هه‌ر چه‌ند ڕه‌فیق حیلمی له یاداشته‌كانیدا باس له هه‌وڵێكی له‌و جۆره ده‌كات. سه‌ده‌یه‌ك به‌ر له ئێستا و دروست ساڵی 1923 ده‌ستووری زمانی كوردی ده‌نووسێت. هه‌ر زوو ڕووبه‌ڕووی ئاسته‌نگ و له‌مپه‌ڕی گه‌وره دێت و، له‌لایه‌ن وه‌زیری مه‌عاریفی ئه‌و كاته‌وه، كه پیاوێكی شۆڤینی و قه‌ومییه‌كی توندڕەوی دژه كورد بوو به ناوی ساطع الحصری، ئاستەنگی بۆ دروست دەبێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مامۆستا كۆمه‌ڵێك تیپی نوێی ئیزافه‌ی سه‌ر زمانی كوردیی كردبوو كه له زمانی عه‌ره‌بیدا نه‌بوون، له‌چه‌شنی پیته‌كانی ۆ، ێ، ڵ. قه‌ومییه عهرهبچییهكهش ئه‌وه‌ی به مه‌ترسی ده‌زانی له‌سه‌ر كلتوور و فه‌رهه‌نگی زمانی عه‌ره‌بی و پێی وابوو كه به‌و هۆیه‌وه كورد له‌ژێر هه‌ژموون و کلتووری عه‌ره‌بیدا دێته ده‌ر و زمان و ڕێنووس و فه‌رهه‌نگی تایبه‌ت به خۆی ده‌بێت. هه‌ربۆیه، په‌نای به‌ر ئه‌وه برد و گوتی كه ئه‌و وشانه له قورئاندا نین و به‌كارهێنانیان كوفره. له‌ڕێی ژماره‌یه‌ك نامه‌وه، وتاربێژ و خه‌تیبی مزگه‌وته‌كانی كوردستان ئاگادار ده‌كاته‌وه و داوایان لێده‌كات سه‌رجه‌میان له وتاری ڕۆژی هه‌ینیدا ئیدانه‌ی كاره‌كه‌ی تۆفیق وه‌هبی بكه‌ن و به كوفری بده‌نه قه‌ڵه‌م. مامۆستایانی ئایینیش هه‌ر زوو خواستی وه‌زیره شۆڤێنییهكهیان به دیهێنا و هێرشێكی توند و ناڕه‌وایان كرده سه‌ر مامۆستا تۆفیق وه‌هبی و بووهتانی گه‌وره‌یان بۆ هه‌ڵبه‌ست و به ماسۆنی و دژه ئایین تۆمه‌تباریان كرد.
تۆفیق وه‌هبی و ده‌ستووری زمانی كوردی
بۆ ئاخاوتن و نووسین به هه‌ر زمانێك به شێوازێكی دروست و زانستی له به‌راییدا ئاشنابوون به ده‌ستووری زمانه‌كه پێویسته. ده‌ستووری زمان بریتییه له كۆمه‌ڵێك ڕێسا و پره‌نسیپ كه چۆنییه‌تیی به‌كارهێنانی وشه و ڕسته‌سازی له زمانێكدا دیاری ده‌كات. ده‌ستووری زمان فه‌رهه‌نگی بنه‌ماكانی زمانه بۆ ڕێكخستنی نه‌هجێكی دروست و زانستیی له‌نێو زماندا و نه‌هێشتنی ئاڵۆزی و، كردنه‌وه‌ی كۆی گرێكانی نێو زمانه. واتا ڕێسایه‌كه بۆ گه‌شه‌كردنی زمان له هه‌ردوو باری ئاخاوتن و نووسیندا به شێوازێكی زانستی. ئه‌مه‌ش بنه‌مای پێكهاته‌ی زمانه و كۆمه‌كمان ده‌كات بۆ گه‌یاندنی مانا به شێوازێكی ڕوون و ڕه‌وان.(5)
ده‌ستووری زمان هۆكارێكی جه‌وهه‌ری و بنه‌ڕه‌تییه بۆ بوونی فۆڕمێك له زمانی ستاندارد و یه‌كگرتوو؛ ڕێ به په‌رتبوونی زمان ده‌گرێت و گرێ و ئاڵۆزییه‌كانی زمان له نێو ده‌بات و ئاسانكاری ده‌كات بۆ خوێندنه‌وه و نووسینی ده‌ق له‌ڕێی به‌كارهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی كورت و پڕماناوه. واتە چڕی له مانادا، كه مه‌به‌ست لێی ده‌ربڕینی كورتترین ده‌سته‌واژه و بەخشینی زۆرترین مانایه. هۆكارێكی دیكه ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌ت و هه‌لی گونجاوه بۆ ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت به‌دروستی و بێ گرێوگۆڵ فێری زمانه‌كه ببن. ئامانج له ده‌ستوور ڕێكخستنی پیته‌كان و داڕشتنی قانوونه بۆ نووسین و خوێندنه‌وه‌ی زمان به شێوازێكی دروست و به‌ده‌ر له هه‌ڵه. هۆكارێكی بنهڕەتیشه بۆ پاراستنی ستراكچه‌ری زمانه‌كه و به‌رگرتن به كه‌وتنه ژێركاریگه‌ریی زمانه‌كانی بێگانه و تێكه‌ڵبوون پێیان.
تۆفیق وه‌هبی ئاماژه به‌وه ده‌دات كه سوودی زۆری له ده‌ستووری زمانه ئه‌وروپییه‌كان بینیوه و ده‌ستووری زمانی كوردیی به‌پێی ده‌ستووری زمانه ئه‌وروپییه‌كان داڕشتووه و ڕیكخستووه و ده‌ڵێت: "من به چه‌ند ساڵێك توانیم ئه‌و تیپانه به‌پێی سروشتی ده‌نگی كوردی له‌گه‌ڵ قانوونی به كارهێنانیدا، ته‌سپیت بكه‌م".(6) ئه‌وه‌ی مایه‌ی نیگه‌رانییه تا هه‌نووكه وه‌ك پێویست كه‌ڵك له‌و ده‌ستووره وه‌رنه‌گیراوه و ههڵنهگیراوهتهوه. به‌و هۆیه‌شه‌وه، زمانی كوردی بێبەش بوو له ڕێنووسێكی دروست و یه‌كگرتوو و لێكه‌وته‌كانیشی بریتی بوو له پاشاگه‌ردانییه‌كی بێهاوتا له ڕێنووس و ڕۆنانی وشه‌دا، به جۆرێكی وه‌ها هه‌ركه‌س به خواستی خۆی ڕه‌چاوی جۆرێك له ڕێنووسی ده‌كرد و به‌كامی دڵی خۆی وشه‌ی داده‌تاشی، به‌ده‌ر له ڕه‌چاوكردنی ده‌ستوور و زانستی زمان. تۆفیق وه‌هبی ده‌ڵێت: " وه‌رن ته‌نقیدی عیلمی ده‌ستووره‌كه‌ی من بكه‌ن، یاخود ده‌ستوورێكی نوێ بنووسن". واتە تانووتی لێبده‌ن و ئیزافه‌ی بخه‌نه سه‌ر. وه‌لێ ئه‌فسووس تا هه‌نووكه ئه‌وه ڕووی نه‌دا. واتە نه خوێندنه‌وه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌یی بۆ ده‌ستووره‌كه كرا، نه ده‌ستوورێكی نوێش نووسرا. زمانی كوردیش هه‌رگیز له‌و په‌شێوی و پاشاگه‌ردانییه‌ی كهە تێیدا نوقم بووه قوتاری نابێت تا په‌یڕه‌وی له ده‌ستوورێكی دروست و زانستی نه‌كات.
ده‌ستووری زمان كار له‌سه‌ر ئه‌م به‌شانه ده‌كات:
1- وشه‌سازی: له چۆنییه‌تیی ڕۆنانی وشه ده‌كۆڵێته‌وه و پێكهاته‌ی وشه‌كان شی ده‌كاته‌وه له‌ڕووی زانستییه‌وه.
2- ڕسته‌سازی: له چۆنییه‌تیی پێكهێنانی فرێز و وشه‌كان ده‌كۆڵێته‌وه و ڕسته‌كان شی ده‌كاته‌وه له‌ڕووی پیكهاتهوه. په‌یوه‌ندیی نێوان وشه‌كان ڕیك ده‌خات له ڕسته‌دا.
3- ده‌نگسازی: به‌شێكی گرنگه له زانستی زمان كه لێكۆڵینه‌وه له سیستم و یاسای ده‌نگه‌كان و چۆنییه‌تیی به‌كارهێنانیان له‌نێو زماندا ده‌كات ده‌نگه‌كانیش پێكدێن له:
ا- ده‌نگه بزوێنه‌كان ( ڤاوڵه‌كان ) كورته بزوێن: (u) _و_ (i) - (a) --︠-.
درێژه بزوێن: (u) وو (i) ی (a) ئا. نیوه بزوێن: (e) ێ، (O) ۆ. بزوێنی لێكدراو: (IY)، ( UW ).
ب- ده‌نگه نه‌بزوێنه‌كان ( كۆنسنهنتهكان ). لێوی: ( پ،ب،م،و ) ددانی: ( ت، س، ز، ل، ن ). زمانی: ( ڕ،ر ). چه‌پكی: ( چ، ج، ش، ژ ). زمانۆكی: ( ك، گ، خ، غ). قوڕگی: ( ق، ع، ح، ئ ).
ج- جووته ده‌نگه‌كان: ( وی، ۆی، ای ).
4- واتاسازی: له په‌یوه‌ندیی نێوان وشه‌كان وماناكانیان ده‌كۆڵێته‌وه و شییان ده‌كاته‌وه.
5- ڕێنووس: له شێوازی نووسین ده‌كۆڵێته‌وه له‌ڕووی دروستی و نادروستییه‌وه.
هه‌موو ئه‌م به‌شانه پێكه‌وه چوارچێوه‌یه‌كی گشتی بۆ تێگه‌یشتن و به‌كارهێنانی زمان به شێوازه زانستییه‌كه‌ی پێكده‌هێنن. بۆ ڕه‌چاوكردنی دۆخی زمانێك له‌ڕووی ده‌ستوورییه‌وه گرنگه به دیقه‌ته‌وه سه‌رنجمان له‌سه‌ر شێوازی نووسین و ئاخاوتن بێت و خۆ به‌دوور بگرین له زۆریی سووانی زمانه‌كه و كه‌وتن و فڕێدانی وشه‌كان و گۆڕینی پیته قاڵبه‌كان، به‌تایبه‌ت له هه‌ندێك شێوه‌زاردا. هه‌ر چه‌ند له باری ئاخاوتندا جۆرێك له ئاسانكاری بۆ ئاخێوه‌ر دروست ده‌كات له ئانی گۆكردنی وشه و ده‌سته‌واژه‌كاندا، به‌ڵام له‌ڕووی ده‌ستووری زمانه‌وه هه‌ڵه‌یه. نموونه: ( ددان – دان ، ده‌ڕۆم – ئه‌ڕۆم ، ده‌خۆم – ئه‌خۆم ). مامۆستا تۆفیق وه‌هبی ڕای وایه كه پێویسته پیتی ( د )ی كلۆر به‌ڕه‌هایی له زمانه‌كه‌مان وه‌ده‌رنرێت، له‌و جێیانهشدا (د)ه كلۆره‌كان كه‌وتوون یاخود گۆڕاون به ده‌نگێكی دیكه. ئه‌وا پێویسته ( د )ی پته‌و بخرێته‌وه شوێنیان. هه‌روه‌ها له‌بری پیته قاڵبی (ئه) پیته قاڵبی ( ده ) به‌كاربێنین له پێناو ڕه‌چاوكردنی دۆخی ئه‌ده‌بی زمانه‌كه و نه‌شێواندنی.
زمانی كوردی زمانێكی وه‌سفییه. به گۆڕینی پیته قاڵبه‌كان، وشه‌كان هه‌م مانا له ده‌ست ده‌ده‌ن و هه‌م له‌ڕووی ئێستاتیكاییهوه ده‌شێوێن. له‌ڕووی وه‌سفییه‌وه له ساتی گۆكردنی گوزاره و ده‌سته‌واژه‌دا ڕاسته‌وخۆ وێنه‌كه له زه‌ینی گوێگردا دروست ده‌بێت، له‌چه‌شنی گڤه گڤ، لرفه‌لرف، هاژه هاژ، ناڵه ناڵ، ژاوه ژاو، زووڕه زووڕ. واتە زاراوه‌كه وه‌سفی ڕووداوه‌كه ده‌كات. نموونه: وشه‌ی "پشتیوان" له فه‌رهه‌نگی كورده‌واریدا به واتای دارێك هاتووه كه له‌پشت ده‌رگاوه ده‌چه‌قێندرێت بۆ ئه‌وه‌ی بخرێته به‌ر پشكۆڵ بۆ توندوتۆڵی. واتە پشتیوانی و پاڵپشتی له ڕاگرتنی ده‌رگا ده‌كات؛ واتە لێرەدا ناوه‌كه ده‌لاله‌ت له ماناكه‌ی ده‌كات.
له هه‌ندێك له زاره‌كانی زمانی كوردیدا، وشه‌كان ده‌گۆڕێن یاخود فڕێ ده‌درێن بۆ ئاسانكاری له گفتوگۆ و ئاخاوتندا، گه‌رچی ڕه‌وا نییه ڕه‌چاوی دۆخی زمانه‌كه و ده‌ستووره‌كه‌ی نه‌كرێت به پاساوی ئاسانكاری له ئاخاوتندا. هه‌رچه‌ند ئه‌و ڕووداوه له زمانه‌كانی دیكه‌شدا هه‌یه، به‌ڵام هه‌ر هه‌ڵه‌یه و ڕه‌وا نییه چاوپۆشیی لێ بكرێت. له ئاكامی ئه‌و گۆڕانكارییه‌ی به‌سه‌ر وشه‌دا دێت گه‌لێك جار هه‌ڵه‌ی فۆنۆلۆژیی لێ ده‌كه‌وێته‌وه. واتە له‌ڕووی ده‌نگسازی و جۆری دهربڕینیانهوه هه‌ڵه ده‌بن.
كه‌وتن یاخود گۆڕینی پیته‌كانی "د، گ، ت". نموونه: وشه‌ی "شمه‌ك" له بنه‌ڕه‌تدا "شت و مه‌ك" بووه به فڕێدانی ده‌نگی ت- ی "شت" و لادانی ده‌نگی واوی (و) په‌یوه‌ندی داتاشراوه. وشه‌ی "ده‌سكه‌وت" له‌بنه‌ڕه‌تدا له "ده‌ستكه‌وت" كه‌وتۆته‌وه.
(زه‌ماوه‌ند – زه‌ماوه‌ن، زامدار – زامار، مه‌حموود – مه‌حموو)، ( برژانگ – برژان، ڕه‌نگ – ڕه‌ن ، به‌ربینگ – به‌ربین)،
( ده‌ست - ده‌س، كه‌وت - كه‌و ، خه‌وت – خه‌و).
ڕیشه و بنج و بناوانی زمانی كوردیی
مامۆستا تۆفیق وه‌هبی ئاماژه به‌وه ده‌دات كه گه‌نجینه‌ی زمانی كوردی پڕه له گه‌وهه‌ر و خاوه‌نی ده‌وڵه‌مه‌ندترین فه‌رهه‌نگه. پاش گهڕخواردن و سۆراخێكی وردی زمانه‌وانی، ڕیشه و بنج و بناوانی زمانی كوردی ده‌باته‌وه سه‌ر زمانی ئاڤێستایی و ده‌ڵێت:" پاش ئه‌وه‌ی كه گه‌لێ له گه‌وهه‌ره‌كانی زمانی كوردیم جیا كردنه‌وه و گهردیانم سڕی و لێكم دانه‌وه و په‌یم به بنج و بناوانیان برد، تێگه‌یشتم كه ئه‌م گه‌نجینه‌یه، ئه‌و زمانه‌یه كه ده‌می خۆی زمانی ئایینێك بووه، شارستانیه‌تی هه‌ره به‌رزی داداوه. ئه‌و زمانه‌یه كه ئاڤێستای پێ نووسراوه. ئه‌و زمانه‌یه كه زهرهئوشتره ( زه‌رده‌شت ) گاتاكانی پێ نووسیوه ". (7)
ڕێنووسی كوردیی نوێ له‌ڕووی لێكسیكۆلۆژییهوه ده‌چێته‌وه سه‌ر ڕێنووسی ( دین دیبره) ی ئاڤێستایی، كه خاوه‌ن دیرۆكێكی دێرینه و زۆرێك له زانایان ڕایان وایه زمانی ماده‌كان بووه، هه‌رچه‌ند به‌ڵگه‌ی بنجبڕ به‌رده‌ست نییه له‌و ڕووه‌وه. نووسه‌ر ئه‌سه‌ف بۆ ئه‌وه ده‌خوات كه گه‌نجینه‌یه‌كی لێوان‌لێو له وشه‌ی ڕه‌سه‌ن و په‌تی له نێو ئاڤێستادا په‌نهانن و حه‌شار دراون؛ نووسه‌ران و ئه‌دیبانی كورد لایه‌كی به لادا ناكه‌نه‌وه و سه‌رقاڵی وه‌رگرتن و خواستنی وشه‌ی بێگانه‌ن، یاخود سه‌رقاڵی داڕشتنی وشه‌ی نوێن، به‌ده‌ر له ڕه‌چاوكردنی ڕێكاره زمانه‌وانییه‌كان. هۆكاری نهخهمڵین و نهپژانی زمانی كوردی چییه جگه له به‌كه‌مگرتن و كارنه‌كردن به ده‌ستوور و ڕێساكانی زمانه‌كه. ڕۆماننووسی دیاری كورد هه‌یه ده‌ڵێت :" من ڕێنووسی تایبه‌ت به خۆمم هه‌یه و په‌یڕه‌وی له هیچ ڕێنووسێكی دیكه ناكه‌م"! ئه‌م بانگه‌شه‌یه به‌رگه‌ی ساده‌ترین تاقیكردنه‌وه ناگرێت، چونكه له بێئاگاییەوە سه‌رچاوه‌ی گرتووه. دیاریكردن و په‌یڕه‌ویكردن له ڕێنووسێكی یه‌كگرتوو له‌نێو زماندا له توانایی تاكه‌كه‌س به‌ده‌ره و ئاڵۆزترین پڕۆسه‌ی زمانه‌وانییه. واتە پێویسته ژماره‌یه‌ك زانای زمانه‌وانی ئەو ئه‌ركه لەڕێگەی په‌یڕه‌ویكردن له ده‌ستووری زمانه‌كه ڕاپەڕێنن. هه‌نووكه زمانی كوردی له دژوارترین دۆخدایه به‌هۆی نووسه‌ری عه‌وام و ماس میدیا ودهستگاكانی چاپ و بڵاوكردنه‌وه و دامه‌زراوه دهوڵهتییهكانهوه له چه‌شنی خوێندنگه و زانكۆكان. هه‌ر كام له‌و كه‌س و نێوه‌ندانه به كامی دڵی خۆیان په‌یڕه‌وی له ڕێنووسێك ده‌كه‌ن. ئه‌ركی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیرییه ڕۆلی خۆیان بگێڕن و چیدی له‌وه زیاتر ڕێ به داڕزینی زمانی كوری نه‌ده‌ن. بوونی ئه‌كادیمیایه‌كی زمانه‌وانی له هه‌ركات پێویستتره بۆ ڕیكخستنه‌وه‌ی ڕێنووسی كوردی له‌نێو خوێندنگه و زانكۆكانه‌وه تا ده‌گات به‌نووسینی سه‌ر تابلۆی دووكان و مۆڵه‌كان.
مامۆستا تۆفیق وه‌هبی ئاماژه به ئاریشه‌یه‌كی دیكه ده‌دات و به نیگه‌رانییه‌كی قووڵه‌وه لێی ده‌ڕوانێت، ئه‌ویش بریتییه له‌وه‌ی كه كورده‌كان هه‌میشه زمانه‌كه‌یان ده‌به‌نه‌وه سه‌ر زمانی په‌هله‌وی، له كاتێكدا زمانی كوردی له پێشتر و دێرینتره له زمانی په‌هله‌وی. كورد هه‌میشه خۆی به كه‌متر گرتووه له ئاست زمان و کلتووری نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌دا، له كاتێكدا زۆر له‌وان کەوناراترە. له دیدی نووسه‌ردا، زمانی كوردی سه‌ر به تیره‌ی زمانی فارسیی كۆن – هه‌خامه‌نشی، فارسیی ناوه‌ند – په‌هله‌وی و فارسی نوێ نییه، به‌ڵكوو نزیكییه‌كی زۆر له‌نێوان زمانه‌كانی ڤیدایی و ئاڤێستایی و فارسیی كۆندا هه‌یه. ئه‌و زمانانه هێنده له یه‌كدی نزیكن كه هه‌ندێك له زانایانی زمان پێیان وابووه زمانی ئاڤێستایی به‌شێكه له زمانی ڤیدایی هندی. له‌ڕاستیدا، هه‌ركام له‌و زمانانه سه‌ربه‌خۆن. به‌ڵام هێنده لێك نزیكن گه‌ر وشه‌كانی هه‌ركامێكیان به كه‌مێك ده‌ستكاری ده‌نگی و وشهوانییهوه له نێو دوو زمانه‌كه‌ی دیكه‌دا به‌كار به‌ریت، هیچ ئاسته‌نگێكی زمانه‌وانییت بۆ پێش نایه‌ت. له سه‌رده‌می هه‌خامه‌نشییه‌كاندا كه‌سێك به زمانی ئاڤێستایی بدوایه به‌سانایی له ئاخێوه‌رێكی فارسی تێده‌گه‌یشت، واتە پێویستیان به وه‌رگێڕ نه‌ده‌بوو.
ده‌ستووری وشه‌ڕۆنان
وشه‌ڕۆنان بریتییه له داڕشتن و دروستكردنی زاراوه‌ی نوێ له‌نێو زماندا كه له چۆنییه‌تیی پێكهاتن و یاسای دروستبوونی وشه‌كان ده‌كۆڵێته‌وه. هۆكار و میكانیزمێكی بنهڕەتیشه بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی فه‌رهه‌نگی زمان به‌هۆی ڕۆنانی وشه‌ی نوێوه. وشه‌ش له مۆرفێم پێكهاتووه، واتە مۆرفێم ده‌ورێكی گرنگ و به‌رچاوی هه‌یه له ڕۆنانی وشه‌دا. مۆرفێم بچووكترین دانه‌ی واتاداری زمانه، كه ناتوانرێت بچووكتر بكرێته‌وه به‌مه‌رجێك مانا له‌ده‌ست نه‌دات. بۆ نموونه، وشه‌ی "گوڵدان" یاخود " مۆمدان " كه له دوو مۆرفێم "گوڵ+دان" و" مۆم + دان " دروست بوون و هه‌ر یه‌كێك له‌و مۆرفێمانه بچووكترین پارچه‌ی واتاداری ئه‌و وشه‌یه‌ن و ناكرێت بچووكتر بكرێنه‌وه و ماناش له‌ده‌ست نه‌ده‌ن. گه‌ر بێت و یه‌ك ده‌نگیان لێ لا ببرێت، ئه‌وا مانا له ده‌ست ده‌ده‌ن و ناتوانرێت پێیان بگوترێت مۆرفێم. (8) مۆرفۆلۆژی له چۆنێتیی پێكهێنان و گۆڕینی وشه‌كانی نێو زمان ده‌كۆڵێته‌وه له‌ڕووی زانستییه‌وه. ئه‌م زانسته باس له‌و گۆڕانانه ده‌كات كه به‌سه‌ر وشه‌دا دێن له ئانی گه‌ردانكردن و شیكردنهوهیاندا. واتا له گه‌ردانكردنی ناوه‌كان ( تصریف اسماء) و گه‌ردانكردنی كار ( تصریف افعال) ه كان ده‌كۆڵێته‌وه.
له زمانی كوردیدا، زیاد له جۆرێكی مۆرفێممان هه‌یه. له‌وانه:
مۆرفێمی سه‌ربه‌خۆ کە ئه‌و مۆرفێمانه‌ن له‌ڕووی فۆرم و واتاوه ده‌توانن سه‌ربه‌خۆ ڕه‌فتار بكه‌ن و واتاش ببه‌خشن؛ نموونه: شار، زار، دار، كوڕ، كچ.
مۆرفێمی وشه‌داڕێژ کە پێكدێت له لكاندنی پێشگر یاخود پاشگرێك به وشه‌یه‌كه‌وه بۆ گۆڕینی واتاكه‌ی. نموونه: به + هێز= به‌هێز، كتیب + خانه = كتێبخانه.
مۆرفێمی وشهلێكدراو کە تێیدا دوو وشه‌ی سه‌ربه‌خۆ یاخود زیاتر پێكه‌وه ده‌لكێن بۆ دروستكردنی وشه‌یه‌كی نوێ نموونه: ده‌ست + نووس= ده‌ستنووس، نیشتمان + په‌روه‌ر = نیشتمانپه‌روه‌ر.
مۆرفێمی دووباره‌بووه‌وه کە پێكدێت له دووباره‌كردنه‌وه‌ی وشه‌یه‌ك بۆ دروستكردنی واتایه‌كی نوێ. نموونه: ورد + ورد = وردورد، كه‌م + كه‌م = كه‌م كه‌م، دوور + دوور = دووردوور.
مۆرفێمی سهرواگۆڕ: ئه‌و مۆرفوێمهیه كاتێك ده‌چێته سه‌ر وشه‌یه‌ك ده‌نگی كۆتایی وشه‌كه ده‌گۆڕێت. نموونه: كاتێك " هكه" ده‌چێته سه‌ر وشه‌ی " كتێب" ده‌بێته "كتێبه‌كه"..."ان" كه نیشانه‌ی كۆیه، كاتیك ده‌چێته سه‌ر وشه‌ی "دار" ده‌بیته "داران" . ئه‌م جۆره مۆرفێمانه ڕۆڵێكی به‌رچاو ده‌بینن له دروستكردنی واتای نوێ و گۆڕینی فۆڕمی وشه‌كان له زمانی كوردیدا.
له ڕۆژگاری ئه‌مڕۆ، به‌هۆی پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆژیا و به‌رهه‌مهێنانی ئامێر و كه‌ره‌سته‌ی نوێوه، پێداویستی داڕشتنی وشه‌ی نوێ گه‌لێك زیادی كردووه. بۆیه له هه‌ر كات زیاتر پێویستمان به داڕشتنی وشه‌ی نوێ هه‌یه. پێویسته به سه‌لیقه و وردبینییه‌كی زۆره‌وه ئه‌و كاره ئه‌نجام بدرێت. وشهداڕێژهر نه‌ك هه‌ر ده‌ستووری زمان به‌ڵكوو پێویسته به‌وردی ئاگاداری ده‌ستووری وشه‌ش بێت، به‌تایبه‌ت له‌ڕووی مۆرفێم و ده‌نگسازییه‌وه. واتە به‌هۆی ئه‌و به‌هایانه‌ی تاكه ده‌نگه‌كانی زمان له‌نێو زمانێكی تایبه‌تدا نیشانی ده‌ده‌ن، فۆنێمهكانی زمانه‌كه ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن له‌نێو قاڵبی بڕگه‌كاندا. به فۆنێمێ یاخود زیاتر مۆرفێم پێكدێت، به وشه‌یه‌ك یاخود زیاتر فرێز پێكدێت. چه‌ن فرێزێكیش ڕسته پێكده‌هێنن. واتە پێویسته به‌وردی ڕه‌چاوی ده‌ستوور و ڕێساكانی زمان بكه‌ین له ئانی وشه‌ڕۆناندا، كه به بچووكترین یه‌كه‌ی دانه‌ی ڕێزمانی ده‌ست پێده‌كات و به ئاڵۆزترین یه‌كه‌ی ڕێزمانی به كۆتا ده‌گات كه ڕسته‌یه. ( ده‌نگ – فۆنێم – بڕگه - مۆرفێم – وشه - فرێز – ڕسته ). له زانستی زمانی هاوچه‌رخدا، گرنگییه‌كی زۆر به ڕسته‌سازی ده‌درێت و له سروشت و چۆنێتیی پێكهێنان و به‌شه‌كانی ڕسته دهكۆڵردرێتهوه و شوێنیان له ده‌ربڕیندا ده‌ستنیشان ده‌كرێت، به په‌یڕه‌ویكردن له بنه‌واشه ده‌ستوورییه‌كانی زمان.
مامۆستا مه‌سعوود محه‌مه‌د ده‌ڵێت :" زاراوه دانان به‌ر له هه‌ر شتێك پێویستی به زانستی فه‌رهه‌نگسازی هه‌یه، چونكه له ئاكامدا بارته‌قای فه‌رهه‌نگێك وشه ڕۆ ده‌نرێت. پاشان پێویستی به‌و زانسته هه‌یه كه زاراوه‌ی بۆ داده‌نرێ، له‌چه‌شنی زانستی زمان و ده‌نگناسی و هه‌موو لكه‌كانی دیكه، كه زمان له‌خۆی ده‌گرێت ". ده‌بێت زاراوه‌ساز لانی كه‌می شاره‌زای زمانێكی زیندوو بێت كه خاوه‌نی ده‌ستووری زمان بێت. پێویسته زاراوه‌ساز ئاشنای زاره جوداكانی كوردی بێت و شاره‌زای فه‌رهه‌نگ و بابه‌ته فۆلكلۆرییه‌كانیان بێت. پێویسته بارته‌قای زانینی ئه‌و زارانه شاره‌زای نووسینی ئه‌ده‌بی و لكه‌كانی زانستی زمان بێت و تێیاندا مه‌علان بێت، چونكه له‌میاندا كه‌ره‌سته‌ی پوخت و به‌پێوانه هه‌یه كه‌وا خۆی له خۆیدا سامانێكی زمانییه و هه‌م ده‌شبێته ڕێكخه‌ری ئه‌و كه‌ره‌سته‌یه‌ی بهخامی له ئاخاوتنه‌وه خۆ به ده‌ست فه‌رهه‌نگ و زاراوه‌سازییه‌وه ده‌دات. (9)
فه‌رهه‌نگ بریتییە لە گه‌نجینه‌ی وشه‌ی تۆماركراو كه له مانای وشه‌كانی كۆڵدراوهتهوه و شی كراونه‌ته‌وه و ڕوونووس كراون. پاشان چۆنییه‌تیی گۆكردن و شێوازی نووسینیان دیاری كراوه. له داڕشتنی زاراوه‌دا مامۆستا مه‌سعوود محه‌مه‌د ئاماژه به‌وه ده‌دات كه پێویسته له سه‌ره‌تادا په‌نا به‌ر وشه‌ی ساده به‌رین گه‌ر نه‌بوو. ئه‌وجا په‌نا به‌ر وشه‌ی داڕێژراو به‌رین كه پێكدێت له وشه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ و زیاده‌یه‌كی وه‌ك پێشگر و پاشگر. گه‌ر ئه‌وه‌ش مومكین نه‌بوو، پاشان وشه‌ی لێكدراو و ئاوێته و ده‌سته‌واژه به‌كار به‌رین. نموونه: ئه‌و ئامێره‌ی مه‌كینه‌ی جووت كه پێی ده‌ڵێن "خرماشه " و گۆڕاوی " خماش "هیه له " خمش " به واتای " ڕنینه‌وه " دێت. له كوردیدا ناوی ئاله‌ت له "ڕنین " وه‌رگیراوه؛ ده‌گوترێت " ڕنهك " - له‌سه‌ر كێشی كوته‌ك، په‌سته‌ك... كه له كوتان و په‌ستانه‌وه هاتووه. ده‌بێت زاراوه‌ساز بۆ خرماشه وشه‌ی " ڕنهك " بهكاربهرێت نه‌ك " زهویڕن ". (10)
ژماره‌یه‌ك له ڕۆنانی وشه‌ی هه‌ڵه له نێو زمان و فه‌رهه‌نگی كوردیدا
ڕستێك له‌و وشانه‌ی كه به هه‌ڵه ڕۆ نراون له زمانی كوردیدا به‌ده‌ر له ڕه‌چاوكردنی ده‌ستووری وشه‌ڕۆنان:
وشه |
ڕۆنان |
خزمه‌ت |
ڕاژه |
سیاسه‌ت |
ڕامیاری |
ئه‌ده‌ب |
وێژه |
كتێب |
په‌ڕتووك |
عیلم |
زانست |
جنوب |
باشوور |
دشنام |
جوێن |
المظاهرة |
خۆپیشاندان |
المعهد |
په‌یمانگا |
له دیدی تۆفیق وه‌هبیدا وشه‌ی زانست هه‌ڵه‌یه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له هیچكام له مادده‌ی ده‌ستووری زمانه‌كه‌مانه‌وه دروست نه‌بووه. واتە بەپێی بنه‌ماكانی ده‌ستووری زمان وشه‌كه دانه‌ڕێژراوه. كه‌واته، له‌ڕووی شكڵییه‌وه وشه‌ی زانست هه‌ڵه‌یه‌كی ده‌ستوورییه. نووسه‌ر ڕای وایه ئه‌و وشه‌یه له‌لایه‌ن كه‌سێكی بێئاگاوه ڕۆ نراوه یاخود هاتۆته نێو زمانی كوردییه‌وه، كه ئاگایه‌كی له فیلۆلۆژی زمانی كوردی و فارسی نه‌بووه و، پێده‌چێت له وشه‌ی "زانستن"ی كرماشانییهوه وه‌رگیرابێت، كه نیشانێكی ناوی فارسی تێدایه. جیاوازییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ "دانیستهن"ی فارسی‌دا كه بریتییه له ز-ی باكووری ڕۆژئاوایی، كه كوردییه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر د -ی فارسییه. له بزوێنه كه‌رته‌كانی نس و نیس، و تن و ته‌ن هه‌ر چه‌نده له فارسی‌دا شكڵی "دانیست" به‌كار نه‌هاتووه به مانای عیلم، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه ئیست-هكه له دان – ئیست-ی خۆیدا هه‌یه. بۆ چۆنییه‌تیی دروستبوونی "دانیش"ی فارسی و "زانشت"ی كوردیی. واتا به پێی ئیتیمۆلۆژی كوردیی، شكڵی "زانست" هه‌ڵه‌یه و "زانشت" ڕاسته.
سه‌باره‌ت به وشه‌ی وێژه كه له‌بری ئه‌ده‌ب به‌كار دێت مامۆستا تۆفیق وه‌هبی ده‌بێژێت، وشه‌كه هه‌ڵه‌یه و به هیچ كلۆجێك به مانای ئه‌ده‌ب نایه‌ت. له ڕۆنانیدا په‌یڕه‌وی له ده‌ستووری زمان نه‌كراوه و پێویسته له بێژنگ بدرێت. وێژه له فارسیی نوێ‌دا به مانای "پاك، بێگه‌رد، خالیس" دێت. ڕیشه‌ی وشه‌كه "وێجه"یه له ئاڤێستاییدا، به مانای ئه‌سڵ، تۆ‌و دێت. له زمانی كوردیدا، ئه‌و وشه‌یه له " بێژ – ان – ه‌وه " ( بێژانه‌وه )وه‌وه هاتووه، كه به مانای پاككردنه‌وه، بێگهردكردن، خالیسكردن-ه. "بێژنگ" له كوردیدا ناوی ئامێرێكه بۆ پاككردنه‌وه و بێژانه‌وه‌ی دانه‌وێڵه به‌كار ده‌هێنرێت، له "بێژ"ه‌وه بووه‌ته ناوی بكه‌ر. به عه‌ره‌بی پێی ده‌ڵێن "غربال"؛ به فارسیی ناوەڕاست "ویختهن"ه؛ به فارسیی نوێش "بیختهن"ه. بێژانه‌وه‌ی كوردی ناچێته‌وه سه‌ر فارسی، به‌ڵكوو له "وێجه"ی ئاڤێستاییه‌وه بووه‌ته‌وه. واتە له‌ڕووی ڕیشه‌ناسی وشه‌وه، نه‌ك هه‌ر ناچێته‌وه سه‌ر ئه‌ده‌ب و لێی نابێته‌وه به‌ڵكوو دوور و نزیك په‌یوه‌ندییه‌كیشی پێوه نییه.(11)
له‌بنه‌ڕه‌تدا جنێو له جوێن ڕاستتره، چونكه "جنێو" له‌سه‌ر بنجی "دژنێو"ه ، واتای پێچه‌وانه‌ی "ناو"، كه به فارسی "دشنام"ه و "دژنێو" بووه به "جنێو" و ئه‌وجا بووه به "جوێن". هه‌ر به‌و پێیه، "فڕین" له "ڕفین" ڕاستتره؛ "ڕێبه‌ر" له "ڕابه‌ر" ڕاستتره. هه‌ردوو وشه‌كه له "رهبر"ی فارسیی نوێوه وه‌رگیراون. ڕێبه‌ر ڕاستتره، چونكه به‌پێی ده‌ستووری زمانی فارسی، تیپی ده‌نگداری درێژ( ا a ) پاش تیپێكی بێده‌نگ بێت، ئه‌و تیپه ده‌نگداره درێژه له هه‌مان وشه‌ی زمانی كوردیدا شێوه‌ی تیپی ده‌نگداری خوار واتا (ئe` ) وه‌رده‌گرێت.
ڕستێك له‌و زاراوانه‌ی له‌ڕووی لێكسیكۆلۆژییهوه هه‌ڵه‌ن و له‌نێو زمانه‌كه‌ماندا به كاردهبرێن. ئێمه ته‌نها ئاماژه به چه‌ند وشه‌یه‌ك ده‌ده‌ین، گه‌ر نا به سه‌دان وشه‌ی هه‌ڵه هه‌ن. جه‌ختكردنی به‌رده‌واممان له‌سه‌ر نیشاندانی هه‌ڵه زۆروزه‌وه‌نده‌كانی نێو زمانی كوردی له‌به‌ر ئه‌ویه بڵێین: نه‌بوونی ده‌ستووری زمان ئه‌و پاشاگه‌ردانییه‌ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
لێكسیكۆلۆژی: زانستێكه له ناسینی وشه و جۆری داڕشتن و لێكدانه‌وه‌ی بنه‌ڕه‌ت و ماناكانیان ده‌كۆڵێته‌وه.
وشه ڕاسته‌كان |
وشه هه‌ڵه‌كان |
ڕێبه‌ر |
ڕابه‌ر |
نێو |
ناو |
پێته‌خت |
پایته‌خت |
چێكردن |
چاككردن |
زێڕینگه‌ر |
زه‌ڕه‌نگه‌ر |
باژێڕ |
بازاڕ |
هۆشیار |
وشیار |
ژێده‌ره‌كان:
1- د. جه‌مال نه‌به‌ز. زمانی یه‌كگرتووی كوردی. نێوه‌ندی بڵاوكار: ڕێكخراوی ڕۆشنبیری جه‌مال نه‌به‌ز. چاپخانه: جه‌نگه‌ڵ – تاران. ساڵی چاپ: 2023.
2- ارسطو طالیس، فن الشعر. ترجمه و تحقیق، د. عبدالرحمن بدوی. مكتبة النهضة المصریة للطبع و النشر.
3- مارتن هیدغر. الكینونة والزمان. ترجمة: د. فتحی المسكینی. تاریخ النشر: 2012 . الناشر: دار الكتاب الجدید المتحدة.
4- روبرت دی بوجراند. النظریة اللغویة خطاب الاعمال الاساسیة. ترجمة: د. تمام حسان
5- تۆفیق وه‌هبی. ده‌ستووری زمانی كوردی. سه‌رجه‌می به‌رهه‌می تۆفیق وه‌هبی. به‌رگی دووه‌م به‌شی یه‌كه‌م زمانه‌وانی و فه‌رهه‌نگ. چاپ: یه‌كه‌م. ساڵی 2022. له بڵاوكراوه‌كانی بنكه‌ی ژین و ده‌زگای ڕۆشنبیریی جه‌مال عیرفان.
6- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو.
7- تۆفیق وه‌هبی. له بابه‌ت بنج و بناوانی زمانی كوردییه‌وه. سه‌رجه‌می به‌رهه‌می تۆفیق وه‌هبی. به‌رگی دووه‌م به‌شی یه‌كه‌م زمانه‌وانی و فه‌رهه‌نگ. چاپ: یه‌كه‌م. ساڵی2022. له بڵاوكراوه‌كانی بنكه‌ی ژین و ده‌زگای ڕۆشنبیریی جه‌مال عیرفان.
8- د. ئه‌وڕه‌حمانی حاجی مارف. وشه‌ڕۆنان له زمانی كوردیدا. چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات – هه‌ولێر. ساڵی چاپ: 2014
9- مه‌سعوود محه‌مه‌د. زاراوه‌سازی پێوانه. چاپخانه‌ی ئاراس – هه‌ولێر. چاپی دووه‌م. 2011
10- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو.
11- تۆفیق وه‌هبی. ده‌ستووری زمانی كوردی. سه‌رجه‌می به‌رهه‌می تۆفیق وه‌هبی. به‌رگی دووه‌م به‌شی یه‌كه‌م زمانه‌وانی و فه‌رهه‌نگ. چاپ: یه‌كه‌م ساڵی 2022. له بڵاوكراوه‌كانی بنكه‌ی ژین و ده‌زگای ڕۆشنبیریی جه‌مال عیرفان.
Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved