نووسەری ئەم کتێبە تۆماس دیکسۆن، کە مامۆستای مێژوو و پسپۆڕی مێژووی هزری مۆدێڕنە، لەڕێگەی کۆمەڵێک نموونەی مێژووییەوە، بەتایبەت دەربارەی دوو زانستمەندی وەکوو داروین و گالیلێ، بە تێڕوانینێکی مێژوویی، فەلسەفی، سیاسی و کۆمەڵایەتی پەیوەندیی نێوان زانست و دین لێکدەداتەوە و باسی کۆمەڵێک ڕوانگەی جیاواز لەمەڕ مشتومڕی نێوان دوو گوتاری زانست و دین دەهێنێتە ئاراوە. ئەوەی ڕاستی بێت، دیکسۆن لەبری ئەوەی خودی زانست بخاتە ژێر تیشکی توێژینەوەی زانستە کۆمەڵایەتییەکان، لە مشتومڕە بەردەوامەکانی نێوان زانست و دین لە چوارچێوەی مێژوویی بیچمگرتنی کۆمەڵگە ڕۆژاواییەکان، بەتایبەتی ئەمریکا، دەکۆڵێتەوە. ئەو پتر لەوەی زانست یان دین بە بە ڕەوا بزانێت یان تۆمەتبار بکات، ئەوەمان پیشان دەدات کە ململانێی نێوان هەڵگرانی ئەم دوو مەعریفەیە دەرەنجامی هەلومەرجی دەرەکی، واتە بارودۆخی کۆمەڵگەی ئەمریکییە. دیکسۆن خۆی لە پێشەکیی کتێبەکەدا دەڵێت:
"لەم ساڵانەی دواییدا، بابەتی "زانست و دین"، بەتایبەتی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا، کەموزۆر هاوواتا بووە لەگەڵ مژاری فراژۆبوون یان گەشەکردن (evolution). هەربۆیە، دوو بەش لە شەش بەشی ئەم کتێبە بۆ بابەتگەلی پەیوەندیدار بە گەشەکردن تەرخان کراوە. مژاری مۆدێرنی ئەمریکی لەسەر گەشەکردن و "گەڵاڵەی هۆشمەندانە" بەتایبەتی و بەڕوونی پیشاندەری ئەم خاڵەیە کە بەسەرهاتی پەیوەندیدار بە دژبەرایەتی یان سازانی نێوان زانست و دین بۆی هەیە لە ململانێی سیاسیدا بەکار بهێندرێت- لەم حاڵەتەدا مەبەست لێی کۆنتڕۆڵکردنی پەروەردە و شرۆڤەکردنی بڕگەی یەکەمی یاسای بنەڕەتیی ئەمریکایە".
تایبەتمەندیی سەرەکیی ئەم کتێبە لە چاو کتێبەکانی دیکەی پەیوەندیدار بە بابەتی زانست و دین ئەوەیە کە نووسەری کتێبەکە پسپۆڕی بواری مێژووی هزرە و باسکردنی لە هزری زانستی و دینییش لە چوارچێوەی کارە تایبەتەکانی ئەودایە. هەربۆیە، نووسەر بەدرێژایی کتێبەکە بە قازانجی لایەنێک یان دژ بە لایەنێک هەڵوێست وەرناگرێت و پتر دەخوازێت ململانێی نێوان ئەم دوو گوتارە ڕوون بکاتەوە تا ئەوەی دروستی یان نادروستیی یەکێکیان بسەلمێنێت. بە وتەیەکی دیکە، ئەو نەهاتووە خۆی وەکوو زانستمەندێک، یان بەپێچەوانە وەکوو باوەڕدارێکی دینی، فەرز بکات و دواتر ئەم کتێبە بەرهەم بێنێت. نووسەر خۆی لە دەرەوەی ململانێی نێوان دوو گوتاری زانستی و دینی دادەنێت و باس لەو ململانێیە دەکات، یان ئەوەی جاروبارە ئەم دوو گوتارە چۆن دەتوانن بکەونە نێو بازنەی پیکەوە ژیان و لەیەک تێگەیشتن و لەنێو ڕەوتی ڕووداوەکانی کۆمەڵگەدا ئامادە بن. هەڵبەت کتێبی باشی تریش هەیە خۆی لە قەرەی ئەم بابەتە هەستیارە داوە، وەک کتێبی "زانست و دین" بە قەڵەمی ئیان گرەیم باربور (Ian Graeme Barbour) [١٩٢٣-٢٠١٣] کە تێیدا هاتووە، باسکردنی زانست و ئایین و پەیوەندیان لەگەڵ یەکتردا یەکێکە لەو بابەتانەی کە ماوەیەکی زۆرە جێی سەرنجی زانایان و زانایانی ئیلاهیات بووە. لەم بەرهەمەدا، ئاماژەکردن بە مێژوو دەیسەلمێنێت هەرچەندە ئەم باسە لە ئیسلام و لەنێو موسڵماناندا زۆر جددی نەبووە؛ چونکە هیچ ململانێیەکی ڕەسەن لەنێوان فێرکارییە تیۆلۆژییەکانی ئیسلام و قورئاندا لەگەڵ داتای زانستیدا نەبووە، بەڵام ئەم مشتومڕە زۆر توند و هەستیار بووە لە جیهانی ڕۆژئاوا و لای مەسیحییەکان.
دیکسۆن لە سەرەتای کتێبەکەیدا گریمانەیەک دێنێتە ئاراوە کە تێیدا پێی وایە پەیوەندیی نێوان زانست و دین پەیوەندییەکی تاکلایەنە و نەگۆڕ نییە، بە واتای ئەوەی، بۆ نموونە، دین گوتارێک بێت بەڕەهایی پێوەرەکانی گوتاری زانست بۆ هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی جیهان ڕەد بکاتەوە. ئەم گریمانەیە ڕەوتی کتێبەکە بەرەو پێشەوە دەبات و خوێنەر بەرەو ڕووی لێکدانەوەیەکی گشتی دەبات، بێ ئەوەی نووسەر بخوازێت ڕاستەوخۆ دەست لەم لێکدانەوەیەی خوێنەر وەربدات. ستراتیجیی بابەتەکان و ناوەڕۆکی ئەم کتێبە وا لە خوێنەر دەکەن دواجار پرسیار لە خۆی بکات، ئایا دوامەعریفە بۆ تەتەڵەکردنی خۆمان و جیهانی دەوروبەرمان لە گوتاری زانستدا شیاوی دۆزینەوەیە یان لە گوتاری دینی، یان لە پێکەوەژیانی نێوان ئەم دوو گوتارەدا؟
ئەو گێڕانەوەیەی نووسەر لەبابەت ململانێ و بەرامبەر یەک وەستانی زانست و دین دەیهێنێتە گۆڕێ زیاتر لەسەر بنەمای دەرکەوتەکان و لێکەوتەکانی ئەو دوو گوتارەیە. بۆ نموونە، ئەو باسی مێژووی ئەمریکا دەکات و پەیوەندیی نێوان کلێسە و دەوڵەت و ململانێی ئەوان بۆ بە مەرجەع لەقەڵەمدانی مەعریفەی تایبەت بە خۆیان تاوتوێ دەکات. یان بابەتی پەیوەندیدار بە کەرتی پەروەردە دەورووژێنێت و دەیبەستێتەوە بە مژاری کۆنتڕۆڵکردنی ئەو بوارە گرنگەی ژیانی شارستانیی مۆدێڕن لەلایەن مەعریفەی زانستی یان دینی، ئەویش لە قاڵبی گێڕانەوەیەکی مێژوویی بۆ ڕەوتی ڕووداوەکانی وڵاتێکی وەک ئەمریکا. لە ڕوانگەی دیکسۆنەوە، مەعریفەی زانستی (مەعریفەی سروشت-تەوەر) و مەعریفەی دینی (مەعریفەی وەحیانی-تەوەر) لە دوو ڕوانگەی جیاوازەوە جیهان ئاراستە دەکەن، یان بیر و باوەڕی مرۆڤەکان دەخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان. پرسیاری دیکسۆن ئەمەیە، ئایا مرۆڤ بۆ ڕێکخستنی جیهانی خۆی پێویستە بۆ کتێبی پیرۆز بگەڕێتەوە (گوتاری دین-تەوەر) یان بۆ یاساکانی سروشت (گوتاری زانست-تەوەر)؟ ئەم پێکهاتەیەی کتێبەکە، واتە نیشاندانی ململانێی نێوان هێزە مەعریفییەکان وەک زەمینەیەک بۆ باسکردنی زانست و دین، لەو بەشەشدا خۆی دەنوێنێت کە نووسەر باسی مژاری کەتوارخوازی (واقیعگەرایی) و دژەکەتوارخوازی (دژەواقیعگەرایی) وەک دوو ڕوانینی مەعریفی لە چوارچێوەی فەلسەفەی زانستدا دەهێنێتە ئاراوە، وەک چۆن دەڵێت:
"مشتومڕەکانی نێوان کەتوارخوازان و دژەکەتوارخوازان هیشتاش بەشێکی پڕوزە و سەرنجڕاکێشی فەلسەفەی زانستە. لایەنەکانی ئەم کێشەیەش هەرکام بەڵگە و دەلیلی زۆر پشتڕاستکراویان هەیە. کەتوارخوازان پێیان وایە شوێنوەرگرتنە هەستەکییەکانی ئێمە هۆکردی جیهانێکە کە لە دەروەی ئێمە خاوەن وجوودە و لەخۆگری تایبەتمەندیگەلێکی دابڕاو لە مرۆڤی بینەرە؛ کەواتە، ماقووڵە ئەگەر هەوڵ بدەین ئەو تایبەتمەندییانە بدۆزینەوە، جا ئەو دیاردە بەرمەبەستانە ڕاستەوخۆ قابیلی بینین بن یان نەبن."
دژەکەتوارخوازان لەسەر ئەو باوەڕەن هەرشتێکی ئێمە، بە شێوەی تاکەکەسی یان هەرەوزی، تێیدەگەین، لەڕاستیدا بریتییە لە جیهان بەو جۆرەی ئێمە تێیدەگەین. ئێمە لە زنجیرەیەکی بێکۆتایی شوێنوەرگرتنە زەینییەکاندا بەسەر دەبەین بە جۆرێک هیچکات ناتوانین ئەوان لەگەڵ سروشتی هەقیقیی شتەکان بە هاوسەنگ بزانین. تەنانەت چرکەساتێکیش ناتوانین پەردەی دیاردەکان لا بدەین بۆ ئەوەی بزانین ئایا وەسفی ئێمە بۆ کەتوار دروستن یان نا و، جگە لەو شوێنوەرگرتنانەی جیهان لە ئێمەیدا دەهێنێتە ئاراوە، ناتوانین هیچ ناسینێک لەسەری دەستەبەر بکەین. هەربۆیە، دژەکەتوارخوازان بەم ئەنجامە دەگەن کە ئێمە دەشێت لەحاند ئەو هێز و پێکهاتە شاراوانەی زانستمەندان لە هەوڵی خۆیاندا بۆ تەتەڵەکردنی ئەو شوێنوەرگرتنانە لەبارەیاندا گریمانە دادەڕێژن [لەهەمبەر وجوودی خودا] بەگومان بین" (Dixon, p. 32-3).
هەر لەسەر ئەم مژارە گرنگە نووسەر باسی یەک لە فەیلەسووفە هەرەگرنگەکانی بواری فەلسەفەی زانست، واتە تۆماس کووهن (١٩٢٢-١٩٩٦) دەکات و بەمجۆرە ئاماژە بە کتێبە پڕبەهاکەی دەدات: " کتێبەکەی کووهن، واتە "پێکهاتەی شۆڕشە زانستییەکان"، کە بۆ جاری یەکەم ساڵی ١٩٦٢ بڵاو بووەوە، بووەتە بەرهەمێکی کلاسیک لەم بوارەدا و یەک لە پڕخوێنەرترین کتێبەکان لەبارەی مەعریفەی زانستی بووە. چەقی ئەم کتێبە ئەو شتەیە کە کووهن پێی دەڵێ "گۆڕینی پارادایم" لە مێژووی زانستدا و، ئەویش ئەو کاتەیە کە جیهانبینییەکی باڵادەست جێی خۆی بۆ جیهانبینییەکی دیکە چۆڵ دەکات، وەک چۆن ئەستێرەناسیی کۆپێرنیکی جێی تیۆریی بەتلیمۆسی گرتەوە، یان فیزیای ئاینشتاینی شوێنی جیهانبینیی نیۆتۆنیی پڕ کردەوە. کووهن پێشکەوتی زانستی وەکوو ڕەوتێکی داروینیی پێکهاتوو لە گۆڕانکاری و هەڵبژاردن وێنا دەکات. بە ڕای ئەو، بەرزتربوونی ئاستی وردبینی و هێزی پێشبینیکردنی تیۆرییەکانی ئەم دواییانە نیشاندەری ئەمە نییە ئەو تیۆرییانە بەرەو پێناسەکردنی ڕاستی کەتوار چوون، بەڵکوو لەسۆنگەی ئەوەوەیە کە کۆمەڵی زانستی ئەو تیۆرییانەیان بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئامێرەکی و توانستی کردنەوەی گرێپووچکەکان، لەنێوان تیۆرییە جۆراوجۆرە بەردەستەکان هەڵبژاردووە. "
بەشێکی تری ئەم کتێبە بۆ تیۆریی گەشەکردن یان فراژۆبوونی (evolution) داروین تەرخان کراوە. دیکسۆن باسی داروین دەکات کە لەسەرەتاوە کەسایەتییەکی باوەڕمەند بوو، بەڵام دوای گەڕان و پشکنینەکانی و گەیشتن بە تیۆرییەکەی لەبواری گەشەکردن و فراژۆبوونی مرۆڤ بەو ئەنجامە دەگات مرۆڤ خۆی فراژۆبووی ڕەگەزێکی ئاژەڵییە. دیکسۆن چوارچێوەی مێژوویی دروستبوونی تیۆریی داروین دەخاتە قاڵبی گێڕانەوەیەک لە گێڕانەوەکانی کتێبەکەی و بەم چەشنە باسی ڕەوتی گۆڕانی ڕوانگەی داروین لە کەسێکی باوەڕمەندەوە بۆ کەسێکی زانستخواز دەکات. لەهەمان کاتدا، نووسەر بۆ پاراستنی هاوسەنگیی گێڕانەوەی گوتارەکانی زانست و دین، باسی ڕەوتی بیچمگرتن و پەرەسەندنی "تیۆریی گەڵاڵەی هۆشمەندانە"، وەک گێڕانەوەیەکی دینی بۆ بیچمگرتنی کاینات، یان "تیۆریی باوەڕمەندانی بە خیلقەت" دەکات. لەو بەشانەشدا کە نووسەر خەریکی گێڕانەوەی لایەنی کەسانی دیندار و باوەڕمەندە، هەمیسان بێ ئەوەی دەمارگرژی و لایەنگریی تایبەت بە نووسینەکەیەوە دیار بێت تەتەڵەی ئەوان لەهەمبەر پرسەکانی پەیوەندیدار بە ململانێی نێوان زانست و دین دەهێنێتە بەرباس، وەک لەم بڕگەیەی کتێبەکەدا دەردەکەوێت:
"یەک لە وەڵامەکانی دینداران بۆ ئاوەزخوازانێک کە بۆ پەرجووەکان داوای شاهید و بەڵگەی باشتر دەکەن ئەمەیە کە ڕاستییە دینییەکان بەپێی باوەڕ و ئیمان دەسەلمێندرێن نەک شاهید و بەڵگەی ئەزموونەکی. لە بەڵێنی نوێ-دا لەسەر گرنگیی باوەڕ و ئیمان پێداگریی زۆر کراوە؛ بەتایبەت لە چیرۆکی تۆمای حەواری کە دەڵێت، باوەڕ بەوە ناکات عیسا ڕاسابێت مەگەر ئەوەی ئەو حازر و ئامادە ببینێت لەکاتێکدا شوێنی بزمارەکان بە دەست و برینەکانییەوە دیار بێت. تۆما پاشتر ڕووبەڕووی عیسای ڕاساو دەبێتەوە و باوەڕ دەهێنێت. عیسا بە تۆما دەبێژێت، "ئەی تۆما، پاش ئەوەی منت بینی ئیمانت هێنا؟ خۆزگەم بەوانەی نەدیدە ئیمان بێنن". تۆماس پین لە کتێبی مشتومڕهەڵگر و دژەمەسیحی خۆیدا بە ناوی "سەردەمی عەقڵ" (١٧٩٤)، وای لێکدەداتەوە ئەگەر تۆمای حەواری مافی ئەوەی هەبێت خۆ لە ئیمانهێنان بە ڕاسانی عیسا ببویرێت مەگەر ئەوەی دەستی بە "شاهید و بەڵگەی قابیلی بینین و هەستکردن" ڕابگات، کەواتە ئەویش مافی ئەوەی هەیە ئەمە بکات و بەردەوام دەبێت و دەڵێت، "عەقڵ، هەر ئەوەندەی بۆ تۆما باش بوو، بۆ من و هەرکەسێکی تریش باشە". لە سەردەمی ئێستاشدا ڕیچارد دوکینز گوتوویەتی، تۆما "تاکە کەسی شایستەی ستایشتە لەنێوان دوازدە حەوارییەکەدا"، چونکی بە شێوازێکی زانستی خوازیاری شاهید و بەڵگەی ئەزموونەکی بووە" (Dixon. P.54-5).
نووسەر هەروەها باسی لێکەوتە و دەرکەوتەکانی دوو گوتاری زانست و دین دەکات و ئەم پرسیارە دەهێنێتە گۆڕێ کە ئایا ئەم گوتارانە توندوتیژییان لێ دەکەوێتەوە یان بەرهەمهێنن؟ ئایا زانست و دین بەتەنیا دەتوانن دوامەعریفەی مرۆیی بن؟ ئەو بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە مژاری پەیوەندیی نێوان کڵێسە و دەوڵەت تاوتوێ دەکات، یان باسی ئەوە دەکات لە چوارچێوەی بواری پەروەردە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا کام گوتار دەیهەوێت کۆنتڕۆڵی ئەو کەرتە بکات. ئەو لەم پانتاییەدا، باسی کەموکورتی یان خاڵی بەهێزی ئەو دوو گوتارە دەکات و بەم چەشنە زەمینەیەک خۆش دەکات خوێنەر پتر و وردتر لە ململانێی نێوان ئەم دوو گوتارە تێبگات. ئەم دوو گوتارە، وەک دیکسۆن باسی دەکات، لە دوو ڕوانگەی جیاوازی مەعریفییەوە جیهان ئاراستە یان کۆنتڕۆلی بیر و باوەڕەکان دەکەن. کەواتە، زانست و دین تەواوکەری یەکدی نین، بەڵکوو دوو جیهانبینیی جیاوازن بۆ ڕێکخستنی دونیای مرۆڤەکان. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا "کتێبی پیرۆز" ڕێنمای مرۆڤە یان یاساکانی سروشت سەرچاوەی مەعریفی و ڕێنوێنی ژیان و جیهانی مرۆڤە. لەم نێوانەدا، نووسەر جاروبار پەنا بۆ هێنانەوەی نموونەی ئەدەبی جیهانیش دەبات و بۆ ڕوونترکردنەوەی مژارەکانی خۆی ئاوڕ لە بەرهەمە بەناوبانگەکانی خوڵقێنەرانی وێژە و ئەدەب دەداتەوە. بۆ نموونە، بۆ لایەنی ناباوەڕمەندانی بە دین پشت بە بەشێک لە ڕۆمانی "برایانی کارامازۆڤ"ی نووسەری ناسراوی ڕووسی فیۆدۆر دۆستۆیڤیسکی (١٨٢١-١٨٨١) دەبەستێت:
"ئیڤانی شۆڕشگێڕ و گوماندار، یەک لە سێ براکەی ڕۆمانی برایانی کارامازۆڤ (١٨٨٠) بەرهەمی دۆستۆیڤیسکی، وەکوو تۆمای بەگومان خوازیاری دەلیل و بەڵگەیە. ئەو لە زوڵم و ئازاری مرۆڤ کە لە هەموو شوێنێک دەکەوێتە بەر چاو بێزارە و بەڵێنی ژیانی جیهانی پەسڵان (جیهانی ئاخیرەت) کە هەمووکەس تێیدا باش و خۆش دەژیت بە پاداشتێکی جێی ڕەزامەندی ناقەبڵێنێت. ئیڤان بە براکەی دەبێژێت، "من دەمەوێ بە چاوی خۆم ببینم گورگ و مەڕ پێکەوە ئاو دەخۆنەوە، و کوژراو هەڵدەستێتەوە و بکوژەکەی لە ئامێز دەگرێت. دەمەوێ ئەوکاتەی هەمووان لەناکاو تێدەگەن ئەم شتانە سەرلەبەر لەپێناوی چیدا بوون، منیش لەوێ بم." بەڵام تا ئەوکاتەی ئەمە ڕووی نەداوە، ئیڤان ناتوانێت بیسەلمێنێت پاداشتی دونیای پەسڵان بۆی هەبێت باربووی ئەو مەینەتە بکاتەوە کە منداڵانی بێتاوان لە دەست ئەشکەنجەدەران و دەستدرێژیکەران دەیبینن. ئیڤان دەڵێت، ئەگەر باجی هەقیقەتی هەرماو [و جاویدان] و گەیشتن بە بەهەشت ئەمە بێت، ئەوە باجێکی گەلێک قورسە و "من لە وەرگرتنی بلیتی چوونەژوورەوەی خۆم دەستبەجێ پاشگەز دەبمەوە" (Dixon. P.55-6).
پرسیارێک لێرەدا شایستەیە بیکەین ئەمەیە چ زەڕوورەتێک نووسینی کتێبی لەم چەشنە لەسەر بابەتێکی کلاسیکی وەکوو ململانێی نێوان زانست و دین دەهێنێتە ئاراوە. وەڵامێکی گشتی ئەوەیە کە ئەم ململانێیە تا ئێستاش هەر بەردەوامە و باسکردنی دەتوانێت بۆ ڕۆشنگەریی هزری مرۆڤ بەکەڵک و بەجێ بێت. بەڵام وەڵامە وردترەکە دەتوانێت پەیوەندیی بە گرنگیی بابەتێکی ئەوتۆ بێت، کە زۆرجار تا ئاستی دیاریکردنی سنووری چارەنووسی مرۆڤەکان دەڕوات، لەبەر ئەوەی ئەم دوو گوتارە لەڕێگەی قۆرغکردنی سەرچاوەکانی مەعریفەوە دواجار دەتوانن دەسەڵاتیش پاوان بکەن. نموونەی زەقی ئەم حاڵەتە دۆخی زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە کەوتووەتە نێو بەرداشی گوتاری کرانەوە بەڕووی زانست و پیشەسازی و دیموکراسی و گوتاری پێدانی دەرەتان بە بواری دینی سیاسی و هێزە پاوانخوازەکانی ئەم ڕەوتە (نموونەی هەرە دیار، داعش). کەواتە، وەک دیکسۆن پێی لەسەر دادەگرێت، ناکۆکیی ڕاستەقینەی نێوان زانست و دین ناکۆکییە لەسەر ئەوەی کام گوتار بەرهەمهێنی مەعریفە و لەئەنجامدا شایستەی دەسەڵاتداری بێت. تەنانەت لە جیهانی ڕۆژاواشدا، وەک لە حالەتەکەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە لەم کتێبەدا باسی کراوە، کاتێک گوتارێک دێتە ئاراوە کە بانگەشە بۆ ئەوە دەکات نابێت تیۆریی داروین لە کەرتی پەروەردەدا بە وانە بگوترێتەوە، ئەوە هەمیسان پرسەکە پەیوەندیی بە بەرهەمهێنان و کۆنتڕۆڵکردنی مەعریفە و، لەوێوە بەرهەمهێنان و کۆنتڕۆڵکردنی دەسەڵاتەوە هەیە. کەواتە، شەڕە سەرەکییەکە لەسەر ئەوەیە ئایا پسپۆڕانی دین و خاوەن پێگە لە کڵێسە و شوێنە دینییەکان دەشێت بڕیاردەر و خاوەن ئۆتۆریتە بن یان دەوڵەتمەداران و پسپۆڕانی بواری سیاسەت. ئەم شەڕە شەڕێکە تا ئێستاش بەردەوامە و، هەربۆیە بابەتەکە تابڵێی زیندوو و پێویست و چارەنووسسازە.
لە ڕوانگەی منەوە، ئەو شتەی دەتوانێت خاڵی کۆکەرەوەی نێوان زانست و دین بێت بەرژەوەندیی گشتییە. لە هەر شوێنێک گوتاری زانست یان گوتاری دین لە بەرژەوەندیی مرۆڤ لا بدات، ئەو شوێنە شوێنی ڕەخنەگرتن لەو گوتارانەیە. ئەگەر زانست بۆ تۆقاندن و تیرۆر، بۆمبی ئەتۆم بەرهەم دەهێنێت، شیاوی ڕەخنەگرتن و نکووڵی لێکردنە؛ ئەگەر دین بە ناوی بەختەوەری و ڕزگاریی دونیایی یان هەتاهەتایی هزر و هەڵسوکەوت و ئاکار و ئاوەزی مرۆڤەکان لە قاڵب دەدات و ئازادییەکانیان بەرتەسک دەکاتەوە، ئەوە پێویستە ڕەخنەی لێ بگیرێت و ڕەت بکرێتەوە. کەواتە، بەپیرۆزکردنی هەر کام لەم گوتارانە زەمینەخۆشکەری هاتنەئارای کۆمەڵێک کەسی پاوانخوازی هزری و دیکتاتۆری سیاسییە کە دواجار شیرازەی بەرژوەندیی گشتیی کۆمەڵی مرۆیی لێک هەڵدەوەشێننەوە. هیچ دەسەڵاتدارێکی گەندەڵ و دژ بە بەرژەوەندییە گشتییەکانی گەل لەدایک نابێت ئەگەر پێشتر زانست (نموونەی هیتلەر و ستالین لە سەدەی بیستەم) و دین (نموونەی داعش و تالیبان لە سەدەی بیست و یەکەم) پاساویان بۆ نەهێننەوە و پشتیان نەگرن. بەگشتی، کتێبی "زانست و دین" خۆی لە خوێندنەوەی لایەنگرانە و ڕادیکالیستی بۆ هەر دوو گوتاری زانست و دین بەدوور دەگرێت و هەوڵ دەدات خوێنەر بەو قەناعەتە بگەیەنێت کە ڕوانینی جەوهەرگەرایانە بۆ ئەم دوو گوتارە مرۆڤ لە هەڵسەنگاندنێکی مەنتقیی دەرکەوتە و لێکەوتەکانیان خافڵ دەکات. زانست و دین لەو شوێنە ڕەوایی بە خۆیان دەبەخشن کە بەکردەوە خزمەتی مرۆڤایەتی و بەختەوەریی مرۆڤ و ئاوەدانیی جیهان بکەن. ئەگەر زانست و دین بەشێک نەبن لە هەمەڕەنگیی جیهان و بەشێک نەبن لە گوتاری لێبوردەیی و پێکەوەژیان، دواجار دەبنە گوتاری بەرهەمهێنی پاوانخوازی و توندوتیژی، کە لەبری بەرهەمهێنانی ئاشتی و تەبایی و پیکەوەژیان، شەڕ و ناکۆکی و دوژمنکارییان لێ دەکەوێتەوە. پەیامی سەرەکیی ئەم کتێبە ئەوەیە کە ژیان بە جیاوازییەکانییەوە هەم جوانە، هەمیش بەردەوام دەبێت.
شایانی باسە ئەم کتێبە لەلایەن نووسەری ئەم بابەتەوە، عەبدولخالق یەعقووبی، وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و، ساڵی ٢٠٢٢ لەلایەن دەزگای جەمال عیرفانەوە و بە ژمارە ٤٨-ی زنجیرە کتێبی ئۆکسفۆرد لە سلێمانی چاپ کراوە و بڵاو بووەتەوە.
سەرچاوەکان:
Dixon، Thomas. (2008). Science and religion: a very short introduction. New York: Oxford University Press.
Harrison, Peter (2015). The Territories of Science and Religion. University of Chicago Press.
دیکسۆن، تۆماس. (٢٠٢٢). زانست و دین، پێشەکییەکی زۆر کورت. وەرگێڕ لە ئینگلیزییەوە: عەبدولخالق یەعقووبی. سلێمانی: دەزگای جەمال عیرفان.
باربور، ایان گریم. (١٣٩٤). علم و دین. ترجمە بهاالدین خرمشاهی. تهران: مرکز نشر دانشگاهی.
Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved