ئیبن وەڕاق، ناوێکی خوازراوی توێژەرێکی توانای ئینگلیزی - پاکستانییە کە چەندین ساڵە لە بواری لێکۆڵینەوە لە ئیسلامدا کار دەکات. یەکەمین کتێبی، "من بۆ موسڵمان نیم"، لە سەردەمی فەتوای کوشتنی سەلمان ڕوشدیدا ھاتە دەرەوە و وەرچەرخانێکی دیار بوو لە بواری ئیسلامناسیدا. ئیبن وەڕاق و سپنسەر دوو لێکۆڵەرن کە قسەکردن لەسەر ئیسلام بێ خوێندنەوەی بەرھەمەکانیان گاڵتەجاڕییە.
Defending the West: A Critique of Edward Said's Orientalism
by Ibn Warraq. Prometheus Books, 2007
کتێبی بەرگریکردن یا داکۆکیکردن لە خۆرئاوا کە لێرەدا خوێندنەوەی بۆ دەکەین، مامەڵەیەکی ڕەخنەگرانەی تێزەکەی ئیدوارد سەعیدە، بەمانایەکی دیکە ئیبن وەڕاق لەم بەرھەمە گرنگەیدا لەلایەکەوە ھەستاوە بە گیروگرفتکردنی دنیابینییە شێواو و گومان لەسەرەکەی ئیدوارد سەعید و، لەلایەکی دیکەوە ناساندنی کانوونی فەرھەنگی خۆرئاوا. بۆ تێزە گرنگەکە ئەم کتێبە بخوێنینەوە؟ لەبەرئەوەی ژمارەیەک ڕۆشنبیری نەخوێندەواری پەروەردەنەبوو تێزەکەی دوو بەرھەمی ئیدوارد سەعید چەندپات دەکەنەوە، "خۆرھەڵاتناسی" و "کولتوور و ئیمپرالیزم". یەکێک لە کارە گرنگەکانی کە دەتوانین لە ئێستادا ئەنجامی بدەین وەدیارخستنی نەخوێندەواریی ئەو بەناو ئایکۆنانەی کوردە کە نابەرپرسیارانە کەوتوونەتە ناو نووسینەوە.
لە پێشگوتنی کتێبەکەدا (ل ١٢) ئیبن وەڕاق ئاماژە بەوە دەکات کە لە بەشی دووھەمدا سێ بەھا دیاری دەکات کە لە ڕێگەیانەوە خۆرئاوا دەناسێت: ئاوەزگەری، گەردوونایەتی و ڕەخنەگرتن لەخۆ.
مەبەستی لە ئاوەزگەری چەمکەکان، ڕاستی، مەعریفەی بابەتی و فزوڵیyەتی ھزرییە و مەبەستیش لە گەردوونایەتی بریتییە لە یەکێتیی مرۆڤایەتی و کرانەوە بۆ "ئەوی دیکە". لەبەرانبەردا, مەبەستیش لە ڕەخنەگرتن لەخۆ ئەو ئامادەکارییە، ئەو ئیرادەیەیە بۆ بردنی ترادسیۆنی خۆرئاوا بۆ سەر خوانی ھەڵسەنگاندنی ئاوەزی.
لە بەشی دووھەمیشدا، ئیبن وەڕاق ژیاری خۆرئاوا بەروارد دەکات لە تەک ژیاری ئیسلامیدا، لەڕێگای بەرواردکردنی ئەو بەھایانەوە کە ھەر شارستانییەتەو بۆ ئەو بابەتانەی قایلە. ئیمپریالیزمی ئیسلامی و بەشداریی ئیسلام لە بازرگانیکردن بە کۆیلەوە، بەراورد کراوە لەتەک دامەزراوە خۆرئاوایییەکاندا. خۆرئاوا بەرانبەر ئەوانی دیکە کراوەیە، ڕۆژگارێکیش ئیسلام کەمێک کراوە بوو؛ بۆ نموونە، کراوە بوو بۆ وەرگرتنی کاریگەرییەکانی یۆنانی کۆن و عیرفانی ھیندی و ئیدارەی ڕۆمانی، بەڵام ئیسلام عەقڵی خۆی کڵۆم دا و ئەوە ھەزار ساڵە چ ئێمە موسڵمانەکان و چ جیھان بەدەست ئەو داخستنی عەقڵەوە ئالوودە و گیرۆدە بووین.
ئەو جۆرە مامەڵەکردنە و بەراوردکردنەی ڕەگەزپەرستی و ئیمپریالیزم و کۆیلایەتی خۆی لای نووسەر دەبێتە جۆرێک، وەڵامدانەوەیەک بۆ جنێودان و ڕەخنە ڕووخێنەرەکانی ئیدوارد سەعید لە خۆرئاوا بۆ خۆرئاوا. سەعید توانی ڕۆشنبیرانی خۆرئاوایی چاوترسێن بکات و بۆی دەرباز بێت بێ ئەوەی ئەو مامەڵە نامێژوویی و ناڕاستییەی کە لەتەک خۆرئاوادا کردی و خۆرئاوای خستە ناو قەفەسی تاوانبارییەوە؛ بێ ئاڵنگاری بۆی دەرباز بوو، ئەوەش بڵێین چەپی ئەوروپی و خۆرئاوایی لەم ئابڕووچوونە و لەم شانۆنامە قێزەونەدا ڕۆڵێکی قێزەونیان بینی.
ئیبن وەڕاق زاراوەی "خۆرھەڵاتناسی" Orientalism بەکار دەھێنێت، ھەم بەمانا تایبەتییەکەی کە مەبەست لێی ئەو لێکۆڵینەوە ڕۆشنبیرییانەی مۆدێرنە لەسەر خۆرھەڵات کە پێویستی بە زانینی زمانە خۆرھەڵاتییەکان و ئەدەبیاتی خۆرھەڵاتە لە سەدەی ھەژدەھەمەوە تا ئێستا، ھەروەھا بە مانا بەرفراوانەکەی کە مەبەست لێی کەڵەکەکردنی زانیاری و ڕاستییەکانە بۆ سەر خەرمانی مەعریفەی خۆرئاوا بۆ خۆرھەڵات. سەعید و سەعیدییەکان لەم بەینەدا تەنیا پشتیان بە تێڕوانینێکی مانیکی (Manicheism) ئاینی مانی بەستووە کە دنیا بە ڕەش - سپی دەبینێت؛ خۆرئاوای ئەھریمەن لەبەرانبەر ھەموو ئەوانی دیکەی چاکدا. ئیبن وەڕاق بەوردی ئەوە بەیان دەکات کە ئەم تێڕوانینە خواروخێچ و زۆر زۆر دوورە لە ڕاستییەوە؛ مێژووی خۆرئاوا ئەو کرانەوە مەزنە نیشان دەدات، کرانەوە بۆ "ئەوانی دیکە" کە وێنەی ئەو کرانەوەیە لە ھیچ ژیارێکی دیکەدا نابینرێتەوە. بۆ نموونە، شارستانێتیی ئیسلامی بە ڕێژەیەک لەتەک ئەوانی دیکە مامەڵەی خراپ دەکات کە دنیا دابەش دەکات بەسەر ماڵی ئیمانداران (موسڵمانان) و ماڵی کافرەکان، ھەموو مرۆڤایەتی لە دەرەوەی ئیسلام. ماڵی ئیسلام دژ بە ماڵی جەنگ کە گشت مرۆڤایەتی تووڕ ھەڵدەداتە نێو بازنەی دوژمنکارییەوە. لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، ڕاوبۆچوونی ڕەگەزپەرستانەی لەو جۆرە دابەشبوونی پڕ لە مەترسی و کارەساتباری ئاوھا نەبووە و نەبینراوە.
ھەر لە دەروازەکەدا، ئیبن وەڕاق ئاماژە بە خاڵێکی بێ ئەندازە گرنگ دەکات کە پێویست دەکات وەک وەرگرتن وەربگیرێن:
وا دیارە سەعید زاراوەی "خۆرھەڵاتناس" تەنیا بەکار بھێنێت بۆ کەسێک کە بەگشتی سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لە خۆرھەڵاتی ناوین، واتا دانیشتووانی موسڵمانی خۆرھەڵاتی ناوین. کەسێک کە لە جووەکان دەکۆڵێتەوە یاخود لە زەرادەشتییەکان، ئەو کەسە لە دیدی سەعیدەوە خۆرھەڵاتناس نییە. لای سەعید، کەسی ناموسڵمان بگرە ناعەرەب، ھەر بوونی نییە، گەر ئاماژەشیان پێ درابێت ئەوا ددانیان پێدا نەنراوە. بۆ کەسانی خۆرھەڵاتی، کە خاوەنی مێژوون و ئامادەیییان لەوێ ھەیە، قیبتی بوونی نییە، ماڕۆنییەکان، ئاسورییەکان نین. سەماینانەکان نین، ئۆرسەدۆکسی یۆنان نین، کلدانی بوونی نییە، بەربەرەکان بوونیان نییە، ھەروەھا بەدڵنیاییەوە لە خۆرھەڵات جوو بوونی نییە، مەبەستی لە خۆرھەڵاتی ناوین و باکووری ئەفریقایە.. ئیدوارد سەعید بەپلەی ئیمتیاز ڕەگەزپەرست و ئەنتیسیمیتیکە، واتا دژە جووە.
بە ڕای ئیبن وەڕاق، ئیدوارد سەعید لە کتێبی "خۆرھەڵاتناسی"دا وانەیەک یا ھونەرێکی ترسناک بە نەوەی عەرەبەکان فێر دەکات، ھونەری بەزەیی ھاتنەوە بەخۆدا، یاخود سەیرکردنی خۆ وەک قوربانی لەو دیدەوەی ئەگەر "ئیمپریالیزمی شەڕەنگێز و ڕەگەزپەرستەکان، زایۆنیستەکان نەبوونایە، ئێمە دەمانتوانی مەزن بین، لەم دیدەوە سەعید تەشویقی تیرۆری مێنتالیزمی ئیسلامی لە ھەشتاکانەوە تا ئێستا دەکات، ھەروەھا ڕۆڵێکی ترسناکی بینیوە لە بێدەنگکردنی ھەر ڕەخنە و خوێندنەوەیەکی ئاوەزمەندانە بۆ ئیسلام، بگرە کاریگەرییەکی نەرێیی زۆری لەسەر کایەی ئیسلامناسی دانا و ئیدی ئەو کەسانەی کە خولیای نووسین و بیرکردنەوەیان لەسەردا بوو دەربارەی ئیسلام و ناوچەکە سڵەمینەوە و ترسیان لێ نیشت لەوەی کە شتێک بڵێین و تۆمەتبار بکردرێن بە"ڕەگەزپەرستی". لەم ڕوانگەیەوە، ئیدوارد سەعید ڕۆڵی ئەفسەری موخابەراتی بینی لە بێدەنگکردنی کولتووریانەی توێژەر و لێکۆڵەرەوەکان و ئەدیبان؛ ئەو یەکەم کەس بوو کە برەوی بەکولتووری سانسۆرکردن و ئەو شتەی پێی دەڵێن: Political Correctnessدا، بگرە زەمینەی خۆش کرد بۆ ئیخوانی جیھانی کە زاراوەیەکی ترسناکی - دژ بە ئازادی و بیرکردنەوە بە ناوی "ئیسلامۆ فۆبیا" دابھێنن. لێرەدا پڕکێشی دەکەم و دەڵێم ئیدوارد سەعید کەڵکەڵەی ڕەخنەگرتن لەخۆ کە تەنیا شارستانێتیی خۆرئاوا پەیڕەوی دەکات، زۆر بەخراپ ئەو کەڵکەڵەیە و ئەو ئازادییە دژ بەخۆرئاوا بەکارھێنایەوە، ھەروەھا خستییە خزمەت ئیسلام و ئیسلامگەرایی و فاشیزمی ئیسلامی؛ لێرەدا ئیدوارد بووە تیۆریسینی ئیرھابی فەڵەستینی و ئیرھابی فاشیزمی ئیسلامی.
با کتێبەکەی ئیبن وەڕاق بخوێنینەوە. ھەر لە سەرەتاوە ئیبن وەڕاق پەنجە دەخاتە سەر تۆنە شەڕەنگێزییەکەی کتێبی خۆرھەڵاتناسی و ناوزەدی دەکات بە"تیرۆریزمی ڕۆشنبیرانە"، مادامێک سەرقاڵی ڕازیکردنی عەقڵی نییە و ئەرگۆمێنت یاخود شیکردنەوەی مێژوویی و ڕاستییەکان ناخاتە ڕوو، بەڵکوو لە ڕێگای تۆمەتبەخشینەوەی ڕەگەزپەرستی و ئیمپریالیزم و نێوەندێتیی ئەوروپی Eurocentrism گۆیا لە گۆشەنیگایەکی ئاکاریی باڵاوە، ھەر کەس ھاوڕای سەعید و سەعیدییەکان نەبێت سووکایەتیی پێ دەکرێت و شارلاتانانە (شەقاوانە) پەلامار دەدرێت. ئەوەش بڵێین ژمارەیەک نووسەری کوردیش پەیڕەوی لە ھەمان کولتووری شەقاوەیی دەکەن لە نووسینی کوردیدا؛ ھەر ھەمووشیان لە موعجیبییەکانی ئیدوارد سەعیدن. لەم تاکتیکەی سەعیددا زەمینەی ئاکاری ڕۆڵ دەبینێت لەو ڕوانگەیەوە کە ئەو لەو باوەڕەدایە ھەق بە ئەوە و ئەو ئەخلاقیانە بیر دەکاتەوە و لێرە ھەموو میتۆدێک بەگونجاو دەزانێت بۆ بەکارھێنان بۆ شکاندنی نەیارەکانی کە زۆربەی زۆری بیرمەند و فەیلەسوف و زانایانی خۆرئاوان. ئەوەش بڵێین بەھۆی بێئاگایی لە فەلسەفە، سەعید ڕق و کینەیەکی قووڵی لە فەلسەفە و فەیلەسوفەکان ھەیە لە یۆنانەوە تاکو ئەمڕۆی خۆرئاوا، بەتایبەت تیری بوغزی ئەو بۆ ئاوەزگەراکان و کۆمارییەکانە. ھەروەھا ئەو لەو باوەڕەدایە کە مافی ھەیە دنیابینیی سکۆڵەر و بیرمەندەکانی خۆرئاوا بشێوێنێت و ڕاڤەکردنێکی گوماناوی و سادەلەوحانە دەربارەی فیکر و کولتوور بخاتە ڕوو و بەھەر چوارلادا تۆمەت ببەخشێتەوە، بێ ئەرگۆمێنت و بێ بەڵگە و بێ خستنەڕووی ڕاستییە بینراوەکان (Facts)؛ بەکورتی، ئاوەژووکردنەوەی ڕاستی، بەڵام لە ھەموو حاڵەتێکدا خۆی باوەڕی بە ڕاستی نییە. لە بیرمان بێت ئەم پیاوە لەژێر کاریگەریی ناھیلیزمی پۆست مۆدێریستەکانە کە باوەڕیان بە "ڕاستی" نییە.
سەعید تەنیا پەلاماری کایەی خۆرھەڵاتناسی نادات بەتەنیا، ئەو کایەیەی کە تەرخانە لە ڕووی ئەکادیمییەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە خۆرھەڵات کە بەڕای سەعید کارگەی وێنەی ئەمەتیە (سترۆتایپییەکان) و دژایەتیی عەرەب و دژایەتیی ئیسلامە، بگرە خۆرھەڵاتناسەکان تۆمەتبار دەکات بەوەی لە خزمەت ئیمپراتۆرییەت و دەسەڵاتی ئیمپریالیزمی خۆرئاوان و ئەوان بەرپرسیارن لە دروستکردنی جیاوازی لە نێوان باڵادەستیی خۆرئاوایی و نزمی و کەمیی خۆرھەڵاتی؛ ئەمەش لەڕێگای سەرکوتکردنی دەنگی خۆرھەڵات، لەڕێگای کەڵکەڵەی دژایەتیکردنی مرۆ و گشتاندنی دەربارەی دانیشتووان و مێژوو و کولتوور؛ بەکورتی، ئەوەی دەربارەی ئیسلام و شارستانێتیی ئیسلامی لەلایەن خۆرھەڵاتناسەکانەوە نووسراوەتەوە ھیچ نییە جگە لە درۆ و پڕوپاگەندە و سەرلێشێواوی. ھەروەھا خۆرھەڵاتناسەکان پرۆسەی دروستکردنی "ئەوی دیکە"یان وەگەڕ خستووە، ئەوی دیکەی ئەوروپا کە ھەمیشە نەرێییە، ھەمیشە ناچالاکە و بیر ناکاتەوە، لاوازە و پێویستی بەخۆرئاوایە تا بیکاتە مەدەنی و خاوەن شارستانی. لە دیدی سەعیدەوە، خۆرھەڵاتناسی زیاتر بریتییە لە "شێوازی بیرکردنەوە بەربنەمای جیاکاریی ئۆنتۆلۆژی و ئیبستمۆلۆژی کە دروست کراوە لە نێوان "خۆرھەڵات" و Occident خۆرئاوا" (ئیبن وەڕاق، ل ١٤).
نووسەرانی ژانرەکانی ڕۆمان و شانۆ و داستان و سەفەرنامە و نەریتەکان و خەڵکەکە ھەمووی تۆمەتبارن بەتۆمەتی "خۆرھەڵاتناسی" کە لێرەدا ئۆڕێنتاڵیزم ھێمایەکە بۆ ڕەگەزپەرستی و دروستکردنی "ئەوی - دیکە" لە ئەواندا. بەکورتی، لێرەدا ئۆڕێنتاڵیزم جۆرێکە لە ھەژموونگەرایی خۆرئاوایی، جۆرێکە لە سنووردانان و کۆسپ و تەگەرەدانان بۆ خۆرھەڵات و زاڵکردنی دەسەڵاتی (ئۆتۆرەتی) خۆرئاوا بەسەر خۆرھەڵاتدا. "سەعید کە قسە لە گوتار (دیسکۆرس) دەکات بەمانا فۆکۆبییەکەی باس دەکات، واتا گوتارەکانی دەسەڵات کە ھەڵدەستن بە دانی ئیمتیاز بە ژمارەیەک و سەرکوتکردنی ئەوانی دیکە؛ کەواتە، مەعریفەی بابەتی objective knowledge و ڕاستیی ئەو شتەن کە نین لەو کایەیەدا کە ناوی "خۆرھەڵاتناسییە".
ئیبن وەڕاق لە پەیوەندی بەگوتار ئاماژە بەشێوازی سەعید دەکات کە پڕیەتی لە زمانی دژوار، زاراوەی پێناسەنەکراو، زاراوەی بێ سەروبەر؛ بەکورتییەکەی زمانی پۆست مۆدێریستەکان کە لێوانلێوە لە تەمومژ و بێمانایی و بەکارھێنانی وشەی قەبە قەبەی لە بەستێن دابڕێندراو و لە گرێژەنەچوو. کتێبی خۆرھەڵاتناسی پڕیەتی لە ڕستەی بێمانا، بۆ نموونە، "ڕاستی، بەکورتی، دەبێتە وەزیفەی حوکمی فێرکراو، نەک ھی خودی ماتەڕیاڵەکە، کە لە کاتدا بوونی خۆی لە خۆرھەڵاتناسدا دەبێتەوە" (لاپەڕە ٦٧، خۆرھەڵاتناسی). ئیبن وەڕاق لە ڕوونکردنەوە لەسەر ئەم "ڕستە دژوارە" دەڵێت: سەعید دەیەوێت بڵێت کە "حەقیقەت" لەلایەن ئۆڕێنتاڵیستەکانەوە دروست کراوە، بەرانبەر بەڕیاڵەتی "واقعێک" نییە لەوێ. بەڵام چی ھەیە لەوێ ئەویش ھەر قەرزاری خودی خۆرھەڵاتناسەکەیە. "گەر ئەمە حاڵەتەکە بێت، ئەوا ڕستەی یەکەمی سەعید ھیچ مانایەک نابەخشێت، گەر بەشی یەکەم ڕاست بێت، ئەوا بەشی دووھەم مانایەک نابەخشێت. (ئیبن وەڕاق، ل ٢٢)، ئەمەش کار ناکات، چونکی چۆن دەشێت بڵێیت کە واقیعێکی سەربەخۆ حوکمی خۆرھەڵاتناس خۆی وا دیار بێت کە دروستکراوی خۆرھەڵاتناس بێت، ئەمەش ناکۆکی و دژبەخۆیی لەخۆ دەگرێت. (ل ١٢).
نموونەیەکی دیکە لە لاپەڕەی ١٦٠ی کتێبەکەی سەعیددا:
"خۆرھەڵاتناس دەتوانێت لاسایی خۆرھەڵات بکاتەوە بێ ئەوەی پێچەوانەکەی ڕاست بێت". لێرەدا نەک کەس نازانێت دەڵێت چی، خۆشی نازانێت دەڵێت چی؟. ئەوە دەزانین کە تێزەکەی سەعید ئەوەیە شتێک نییە بەناوی خۆرھەڵاتەوە، کە بۆ ئەو ئەبستراکتێکی بێمانایە لەلایەن خۆرئاوایییەکانەوە دروست کراوە لە خزمەت ئیمپریالیستەکان و ڕەگەزپەرستەکاندا. بەڵام لەم حاڵەتەدا بۆ خاتری ئاسمان ئەم ڕستەیە مانای چییە؟ "خۆرھەڵات ناتوانێت لاسایی خۆرھەڵاتناس بکاتەوە".
وەک دەزانین سەعید لە ھەندێک شوێنی کتێبەکەیدا ددان بەوەدا دەنێت کە ئۆڕێنتاڵیستەکان مەعریفەیەکی ڕەسەنیان دەربارەی خۆرھەڵات بەدەست ھێناوە، دەربارەی مێژوو و زمان و کولتووری خۆرھەڵات؛ لەگەڵ ئەمەشدا سەعید بەبەردەوامی دژ بەگوزارەکانی خۆی دەوەستێتەوە، واتە لە ناکۆکیدا دەوەشێتەوە تا دەڵێت: (شتێک نییە بەناوی ڕاستییەوە "ل ٢٧١"). یاخود ئەوەی کە ئۆڕێنتاڵیزم دەناسێتەوە وەک "فۆڕمێک لە پارانۆیا، مەعریفەیەک لە جۆرێکی دیکە، جیاواز لە مەعریفەیەکی مێژوویی (ل ٧٣). یاخود لە دواجار ئەوە جەھلی خۆرئاوایە کە زیاتر پاڵاوتە و ئاڵۆزتر بووە (ل ٦٢). لەلایەکەوە سەعید ئینکاری ئەوە دەکات کە ئۆڕێنتالیستەکان مەعریفەیەکی بابەتیانەیان ھەبێت دەربارەی خۆرھەڵات، بەڵام لە ھەمان کاتدا و لە شوێنێکی دیکەدا دەڵێت: پێشکەوتنێک کە بەدەستھاتووە لەلایەن "زانستێکەوە" لە چەشنی ئۆڕێنتاڵیزم لە فۆڕمە ئەکادیمییەکەیدا کەمتر بابەتییە لەوەی کە بیری لێ دەکەینەوە. (ل ٢٠٢، ئۆڕێنتاڵیزم).
ئەم ڕایەی دوایی دەرگا بۆ ئەو ئەگەرە دەکاتەوە کە ھەندێک زانست ڕەنگە ڕاست بن، لێرەدا مەبەستی لە خۆرھەڵاتناسییە، بەڵام کۆی پڕۆژەکەی سەعید کە بەربنەمای ئایدیۆلۆژیا و زڕە زانست Pseudo – Science پەیوەندییەکی بەزانستەوە نییە، وێڕای ئەمەش تەژییە لە ناکۆکی و خۆبەدرۆخستنەوە.
ئیبن وەڕاق ئاماژە بەو ڕاستییە دەکات کە کتێبی ئۆڕێنتاڵیزم کە بانگەشەی ئەوە دەکات بەرھەمێکی جیدییە و سەبارەت بەمێژوویەکی عەقڵییە، وێڕای ئەمەش پڕیەتی لە وڕێنە و ھەڵەی گەورە (ل ٢٣). بۆ نموونە، بەگوێرەی سەعید لە کۆتاییی سەدەی حەڤدەھەمدا بەریتانیا و فەڕەنسا ھەژموونیان بەسەر خۆرھەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا ھەبووە، کەچی لە ڕاستیدا وڵاتی شام بۆ ماوەی چەندین سەدە لەژێر کۆنترۆڵی عوسمانییەکاندا بوو؛ ئەم کۆنترۆڵکردنە تا جەنگی یەکەمی جیھانی بەردەوام بوو. بازرگانە ئینگلیز و فەڕەنسییەکان و دیپلۆماتکارەکان و ڕەحاڵەکان دەبا ڕەزامەندیی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییان ھەبا بۆ گەشتکردن بۆ ئەو ناوچانە. ھەمان شت بۆ میسریش ڕاستە، واتە سەعید بەھەڵەدا چووە ئەو کاتەی نووسیویەتی میسر دابڕێنراوە. وەک ئیبن وەڕاق زیرەکانە ئاماژەی پێ دەدا پەیڤێکی دیکە لە ھەڵە شاخدارەکانی سەعید بریتییە لەو ھەڵە گەورەیەی کە دەڵێت: سوپای موسڵمانەکان تورکیایان داگیر کرد پێش ئەوەی حوکمی باکووری ئەفریقا بکەن؛ لەڕاستیدا، عەرەبەکان لە سەدەی حەوتەمدا باکووری ئەفریقایان داگیر کرد و ئەمازیقییەکانیان جینۆساید کرد، تورکیای ئێستا، کە وڵاتی کریستیانەکان بوو وەک بەشێک لە ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانی مایەوە تاکوو ئەوەی سەلجوقییەکان لە سەدەی یازدەھەمدا داگیریان کرد. بەڵام گوتنی ئەمە بۆ ناسیۆنالیستێکی ڕەگەزپەرستی دژە جووی وەک سەعید ئاسان نییە.
لە دیدی عەرەب پەرستانەی سەعید، ھەموو خۆرھەڵاتی ناوەڕاست لە ئەزەلەوە موڵکی عەرەب بووە، لە کاتێکدا عەرەبەکان داگیرکەرن، ھێرشی ئیمپریالیستییانەیان لە سەدەی حەوتەمدا کردۆتە سەر خۆرھەڵاتی ناوەڕاست لە عێراق و ئێرانەوە بۆ مەغریب (باکووری ئەفریقا). سەعید دەنووسێت: "ماکدۆناڵد و ماسینیۆن وەک پسپۆڕ سەیر کراون لەلایەن ئیدارەی کۆڵۆنیالیستەوە لە باکووری ئەفریقاوە بۆ پاکستان" (کتێبەکەی سەعید، ل ٢١٠). بەڵام پاکستان ھیچ کۆڵۆنی نەبووە، لە ساڵی ١٩٤٧دا دروست کراوە. ئەمە و سەدان ھەڵەی مێژوویی و عەقڵی و جوگرافیایی دیکە کە کتێبەکەی ئۆڕێنتاڵیزم پاکیجێک لەو ھەڵە و درۆیانە.
سەعید لەو باوەڕەیە کە تۆماس کاڕیڵ قارەمانێکی لیبراڵ بووە، بەڵام لە ڕاستیدا مەیلی فاشیستیانەی ھەبوو، ھەروەھا ھینری نیومان کە ئەنگڵیەکانی بوو، مەزھەبی گۆڕی بۆ کاسۆلیک، ئەو بەلیبڕاڵی دەزانێت، بەڵام کۆنسەرڤەتیڤ بوو. سەعید توانایی جیاکردنەوەی فاشیزمی لە لیبڕالیزم نییە، توانایی جیاکردنەوەی کۆنسەرڤەتیڤی لە لیبڕالیزم نییە، ھەروەھا بە ئیگناز کۆڵدزج دەڵێت ئەڵمانییە لە کاتێکدا ئەو ھەنگارییە. ھەڵە نا، بەڵکوو کۆمیدیایەکی دیکەی سەعید ئەوەیە کە موسڵمان بەڕەگەز دیاری دەکات (ل ٩٩).
لە کتێبەکەیدا، سەعید بەبەردەوامی خۆڵ دەکاتە چاوی خوێنەرەکانییەوە، بەش لە ڕاوبۆچوونی سکۆڵەرێکی خۆرھەڵات دەھێنێتەوە و بەئاشکرایی بەھەڵە تەفسیریان دەکات، جۆرە ھەڵە و تەفسیرکردنێک کە دەمانخاتە نێو گومان و شکەوە کە ئەم سەعیدە توانای تێگەیشتنی ھەبێت؛ ئەوەی ناوبانگی بۆ دروست کردووە ھەرچەپەکانن لەبەرئەوەی سەعید دوژمنی سەرسەختی ئیسرائیل و خۆرئاوایە.
پارچەیەک لە ڕاوبۆچوونی R. W. Southern دەھێننەوە لە کتێبەکەی Western Views of Islam in the Middle Ages. ھەرچی سەرسوڕھێنەرانە ڕاوبۆچوونەکانی ساوزرن دەشێوێنێت بەشێوەیەک کە بواری شک ناھێڵێتەوە کە بڵێن سەعید حاڵی نابێت یا نایەوێت حاڵی ببێت. (بڕوانە لاپەڕە ٢٥ی کۆچکردن لە خۆرئاوا). دەرکردنی حوکمی پێشینە، گشتاندنی سەرپێی و لامسەرلایی، بەھەر چوارلادا بێ بەڵگە توڕھەڵدانی حومکدانەکان، نیشاننەدانی پێزانینی کولتووری و عەقڵی بۆ ئەرکی باحسەکان و نووسەران و ئەدیبان و بیرمەندان، خۆبواردن لە ھێنانەوەی سەلماندن و شیکردنەوەی لە خەسڵەتە سەرەکییەکانی ئەم نووسەرە ناسیۆنالیستە دژە خۆرئاوایییەن کە ناوی ئیدوارد سەعیدە.
سەعید بۆ کێشانی تابلۆیەکی قێزەون دەربارەی خۆرئاوا و ئەو کایەیەی کە ئەو دژی وەستاوەتەوە بە خزمەتکاری ئیمپریالیزمی دەزانێت، ناچار دەبێت پەنا بۆ چەندین تاکتیک بەرێت، لە سەرەوەی ئەو تاکتیکانە نیشاندانی خۆرھەڵات وەک قوربانییەکی ھەمیشەیی ئیمپریالیزمی خۆرئاوایی و، قوربانیی توندوتیژی و ھەژموونگەراییی خۆرئاوا. لێرەدا خۆرھەڵات بکەر نییە، بوونەوەرێکی خاوەن ئیرادەی خۆی و ئایدیا و نەخشەی خۆی نییە. ھەر لێرەشەوە ئێمە لە کۆمەڵێک خەسڵەتی زۆر نەگونجاو و بەدی کولتووری خۆرھەڵاتی ناوەڕاست تێدەگەین لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا لە چەشنی بەزەیی بەخۆدا ھاتنەوە، خۆ بەقوربانیزان، زوڵملێکراو، بێدەسەڵات و باوەڕھێنان بەو ئایدیایەی کە ھەموو نەخۆشەکانی ئەم مەخلوقەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست بەرئەنجامی پلانەکانی زایۆنیزم و خۆرئاوایە. سەعید لەم بەرھەمەیدا و لە ھەندێک بەرھەمی تریشیدا The Question of Palestine (١٩٩٢) پێێ وایە ئیسرائیل دروست کراوە وەک قەڵغانێک لە بەردەم ئیسلامدا، کەواتە ئیسرائیل دەستکردێکی خۆرئاواییە دژ بە خۆرھەڵات. کەواتە، بوونی ئیسرائیل خۆی تاوانێکە دەرھەق بەخۆرھەڵات، ئەم سیاسەتەی خۆبەقوربانیزان و غەدرلێکراوە ھەناسەیەکی زاڵی کۆی بەرھەمەکانی ئەو بەبەردەوامی وەک قوربانییە لەناو فەزای ئەمریکیدا دەنووسێت و قسە دەکات لە کاتێکدا سەر بەدەستەبژێرێکی خاوەن مەقامە و ھەرگیز ڕووبەڕووی ڕەگەزپەرستی و جیاکاری نەبۆتەوە، بەڵام بەبەردەوامی باس لە تۆڕی ڕەگەزپەرستی و سترۆتایبی (وێنەی نەمەتی) کولتووری و لە مرۆڤخستنی عەرەب دەکاتەوە.
ئایان بوردما لە خوێندنەوەکەی بۆ کتێبەکەی سەعید دەنووسێت: "تاکوو زیاتر ئەو (سەعید)ە سوکنایی بکات لە ئازار چەشتندا و لە ھەلومەرجیدا وەک کەسێک لە تاراوگە و دوورخراوە و موعجیبەکانی زیاتر موعجیبی دەبن. بەڵام بۆ من کاریگەری پێچەوانەی ھەیە. لەنێو ئەو ھەموو ھەڵسوکەوتانەی کە شێوەیان بە یادەوەرییەکان، بەزەییھاتنەوە بەخۆدا، بەزەیی ھاتنەوە بەخۆدا ڕەزاگرانترینیانە".
وەک ئیبن وەڕاق ئاماژەی پێ دەدا ھێرشی ناپلیۆن بۆ سەر میسر لە ڕووی سیمبولیکییەوە ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە چوارچێوەی فیکری سەعیددا. لێرەدا خوێنەر ڕووبەڕووی دەستکاریکردنی دەست ئەنقەستی مێژوو و یاخود ڕاستییە مێژوویییەکان دەبێتەوە کە سەعید بەبەردەوامی پێی ھەڵدەستێت، یاخود چەواشەکاری دەکات بۆ ئەوەی تێزەکەی ڕەوایەتی پەیدا بکات، واتا چەواشەکاری، شێواندنی ڕاستییەکان بنەمای دیدی ئەون نەک ڕاستیی مێژوویی و نەک بەڵگەی زانستی و ئەرگۆمێنتی لۆژیکی و، لۆژیک بە بەردەوامی بزرە، غیابی ھەیە لە فیکری سەعیددا. لای سەعید ناپلیۆن میسری داگیر کرد و دەستی کرد بە سەرکوتکردنی میسر (بڕوانە لاپەڕەکانی ٨٨- ٨٣ لە خۆرھەڵاتناسیدا). لێرەدا میسر قوربانییەکی پاسیڤە، قوربانیی چڵێسی خۆرئاوایی. کەچی لە واقیعدا فەڕەنسییەکان لە چوار ساڵدا شکستیان پێ ھێنرا و میسریان جێ ھێشت. ناپلیۆن ١٧٩٨ گەیشتە میسر، فەڕەنسییەکان ١٨٠١ میسریان بەجێ ھێشت، ئەوەی دەیبینن نووسەرێک دەبینی ئامادەیی گوتنی ھەموو ناڕاستییەکی ھەیە، ئامادەیی شێواندنی ھەموو ڕاستییەکی بینراوی ھەیە تەنیا لەبەر سەلماندنی دیوە ئایدیۆلۆژییەکەی. کتێبی ئۆڕێنتاڵیزمی سەعید کتێبێکی پڕوپاگەندە و ئایدیۆلۆژییە بە پلەی ئیمتیاز. لەڕاستیدا، ھاتنی فەڕەنسییەکان بۆ میسر خەڵاتێکی گەورە بوو بۆ میسر بۆ خۆرھەڵاتی ناوەڕاست، چونکی بووە مایەی ھۆشیاربوونەوەیەکی ڕێژەیی. تا ئەو کاتە ئەو ناوچە لە تاریکی و ستەمکارییەکی ترسناکدا بوون، بەریەککەوتن لە تەک خۆرئاوا جۆرە ڕاچڵەکینێکی دروست کرد، کە گەر پیاوانی ئاینی و نووسەرانی قەومچی وەکو سەعید نەبا ڕەنگە ببوایەتە مایەی ڕێنسانسێک. ئەو وێنەیەی سەعید بۆ خۆرھەڵاتی ناوەڕاستی دەکێشێت ھیچ پەیوەندییەکی بە واقیعەوە نییە، ئەوان قوربانییەکی بێدەسەڵاتی ئیمپریالیزمی خۆرئاوا نەبوون، بگرە ھێزە خۆرئاوایییەکان لە جەنگی یەکەمی جیھانیدا ٢٢ دەوڵەتیان بۆ عەرەب دروست کرد لەسەر حەق و مافی نەتەوەکانی دیکە، لەوانە کورد.
سەعید لە کتێبەکەیدا و دواجار لە چاپەکانی دیکەشدا بەبەردەوامی پێداگریی کردووە لەسەر ئەوەی واقعێک نییە بەناوی "خۆرھەڵات" یا "خۆرئاوا"، بگرە بە"ئیسلام"ەوە؛ ھەروەھا ھیچ گرنگییەک نادات بە نیشاندانی ماھییەتی خۆرھەڵات و ئیسلام. لەڕاستیدا، سەعید بەبەردەوامی دژایەتیی خۆی بۆ خۆرئاوا نیشان دەدا و بگرە خۆرئاوایییەکان وەک ڕەگەزپەرست ناوزەد دەکات؛ ئەو تۆمەتی ڕەگەزپەرستی دەداتە پاڵ ئەوروپییەکان، ئەوەتا دەنووسێت: کەواتە، ڕاستە کە ھەر ئەوروپییەک لەوەی کە دەیڵێن دەربارەی خۆرھەڵات. ئەو ڕەگەزپەرست بووە لە ئەنجامدا، یا ئیمپریالیست بووە، بەتەواویش ئیتنۆسینتریکسن “ethnocentric” )لاپەڕە ٢٠٤ ئۆڕێنتاڵیزم.(
کەواتە، لە دیدی سەعیدەوە ھەموو ئەوروپییەک ڕەگەزپەرستە بەناچاری. بەڵام لە بیرمان بێت بناغەی ھەموو فیکری سەعید ئەوەیە کە ئەو بەڕاشکاوی دژە جەوھەرگەراییە (antiessentialist) بەتایبەتی دەربارەی "خۆرئاوا"، ئەی ئەو ھەموو ئەحکامانە جەوھەرگەرایانە نین دەربارەی "خۆرئاوایییەکان"؟
نموونەیەکی دیکەی جەوھەرگەرایی دژە خۆرئاوایی سەعید (لاپەڕە ٦ لە کتێبەکەی): "خۆرھەڵات بەخۆرھەڵات کراوە نەک لەبەرئەوەی دۆزراوەتەوە کە "خۆرھەڵاتە" لە ئەو ڕێگایانەی کە لەبەرچاو گیراون و باون لەلایەن مرۆڤی ئاسایی ئەوروپی سەدەی نۆزدەھەم، بەڵکوو ھەروەھا لەبەرئەوەی دەکرێت بخرێتە ژێر پرۆسەی بەخۆرھەڵاتکردنی"، ئەمەش ھیچ نییە جگە لە پووچگەراییی سەعید. ئیبن وەڕاق ئاماژە بەئایدیایەکی بێ ئەنداز گرنگ دەکات سەبارەت بەتاکتیکی ئایدیۆلۆژیانەی سەعید لە پڕۆژە ئایدیۆلۆژییەکەیدا، ئەویش دوورخستنەوەی ئەو سکۆڵەر و نووسەرە خۆرئاوایییانەی ناچنە ژێر ئەو بەناو چەترەوە، چەتری تیۆری کە لەڕاستیدا چەتری ئایدیۆلۆژییە. مادامێک لای سەعید ھەموو ئەوروپییەک پێشوەختە ڕەگەزپەرستە، کەواتە ناتوانێت ئیقتباس (وەرگرتنی ڕا و بۆچوون) لەو نووسەرانە وەربگرێت کە بەئاشکرا دیارە ناگونجێن بۆ ئەو جلوبەرگە ئایدیۆلۆژییەی دوورویەتیی بۆ ئەوروپی و خۆرئاوایییەکان. لەڕاستیدا دەتوانین مەلزەمەیەک لە ناوی سکۆڵەر و نووسەر و بیرمەند و ئەدیبی خۆرئاوایی دروست بکەین کە نە لە دوور، نە لە نزیک پەیوەندییەکیان بەو چەترە ئایدیۆلۆژییە یاخود ئەو سندووقە ئایدیۆلۆژییەوە نییە کە سەعید بۆ خۆرئاوا و خۆرئاوایییەکانی دروست کردووە.
دەبێت لە بیرمان بێت ھەرچی پەیوەندیی بە یۆنانی کۆن و ڕۆمەوە (ڕۆمانییەکانەوە) ھەبێت سەعید بێسەوادە و ھیچ شارەزایییەکی لە کلاسیک نییە و مەعریفەی ڕاستەوخۆی دەربارەی فەلسەفەی یۆنانی و فەیلەسوفە یۆنانی و ڕۆمانییەکان نییە، ئەوەشی کە دەیزانێت دەستی ھەشت و نۆی نووسەرانی خۆرئاوایە، ئەمەش بۆشایی گەورەی فیکری و ڕۆشنبیری لە دنیابینییەکەیدا دروست کردووە، ھەروەھا زەمینەی بۆ ئەو پووچگەرایییەی دیدی ئەو خۆش کردووە. لەڕاستیدا، من دەتوانم بانگەشەی ئەوە بکەم کە سەعید لەڕووی زانستی و فەلسەفییەوە پەروەردە نەبووە و بۆ ئەوەی ئەرکی تێگەیشتنیش دەربارەی خۆرئاوا نەگرێتە ئەستۆ پەنای بەر نووسینی "ئۆڕێنتاڵیزم" و "کولتوور و ئیمپریالیزم" بردووە. کتێبی خۆرھەڵاتناسی شاھیدی ئەوەیە کە نووسەرەکە ھیچ دەربارەی خۆرئاوا و شارستانێتیی خۆرئاوا و کانونی فەرھەنگییەکەی نازانێت. ئەوەی دەیزانن کۆمەڵێک تێڕوانینی خێرا و سەرەقەڵەمە بێ وردبوونەوە و بێ قووڵبوونەوە، ئەوەی ھەیە لە تەنکییەکی ترسناکی فیکری دەدوێت. سەعید چوار شت دەربارەی خۆرئاوا و کانونە فەرھەنگییەکەی نازانێت:
١- خواستی مەعریفە لەبەر خاتر و بەمەبەستی خودی مەعریفە.
٢- ڕەخنەکردنی-خۆ، بەبەردەوامی خوێندنەوەی خۆ خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیییانە.
٣- باوەڕھێنان بە یەکێتی و مرۆڤایەتی یا ھەبوونی مرۆڤایەتییەک وەک چەترێک بۆ ھەمووان واتا گەردوونایەتی. لە ھیرۆدتسەوە فێر دەبین کە Historia (مێژوو) لە زمانی گریکدا واتا "دووبارە گەڕان"، بەحسکردن" و کێوماڵکردن و پشکنین.
٤- ئاوەزگەری کە ڕیشەکەی بۆ قوتابخانەی سوکراتی دەگەڕێتەوە، (سوکرات و ئەفلاتون و ئەرستۆ)، کە میتۆدی سوکراتی بەربنەمای ئەم ماکسیمەیە (بەڵگەنەویست)، ژیانێک تاقی نەکرابێتەوە ئەو ژیانە شایانی ژین نییە. ئەم ماکسیمە شارستانێتیی خۆرئاوا و قانونە فەرھەنگییەکەی پێ دەناسرێتەوە. سەعید ئەمە نازانێت، یا دەیزانێت بەڵام پڕۆژە ئایدیۆلۆژییەکەی کە بوغزاندنی ئەوی دیکەیە، ئەوی دیکەی خۆرئاوا، دەخوازێت وەک کاڵفامێک بدوێت و کار بکات.
ئیبن وەڕاق دەیەھا نموونە دێنێتەوە لەو نووسەر و سکۆڵەر و ئەدیب و ڕەحالە و فەیلەسوف و بیرمەندی خۆرئاوایی کە لەدوای ڕێنسانسەوە و یاخود دوای سەدەی شازدە و حەڤدەھەمەوە لەسەر خۆرھەڵات نووسیویانە، یا لەسەر ترادسیۆنی ئیسلامی یا کولتووری عەرەبی و سۆزداربوون لە تەک عەرەب، تورک، فارس، یا ئیسلام، بەڵام سەعید لەبەرچاوی نەگرتوون و پێزانینێکی بۆیان نیشان نەداوە. تەنیا و تەنیا ڤۆڵتێر، گیبۆن، لێسینگ، بەیڵ، کۆنت ھێنری دی بۆلینڤلیریس، گۆتە، وو. س. بڵەنت، ئەم ڕەحالەیەی دوایی دژ بەئیمپریالیزمی ئینگلیزی وەستاوەتەوە لە کتێب و نامیلکەکانیدا پشتگیریی دۆزی نەتەوایەتیی میسرییەکان و ھیندییەکان و عەرەبەکان و ئێرلەندییەکان کردەوە، یاخود مارمادوک پیکستاڵ کە دواجار دەبێت بە موسڵمان و قورئان وەردەگێڕێت و لە ژۆڕناڵی Islamic Cultureدا دەنووسێت؛ ھەروەھا ئی. جی. بڕاون لە شاکارەکەیدا Literary History of Persia (١٩٠٢ – ٢٤)؛ ئەوانە مشتێکن لە خەروارێک. کارەکەی سەعید کارێکی سکۆڵەر نییە بەڵکوو ھەوڵی ئایدیۆلۆژیستێکە کە پڕۆژەیەکی ئایدیۆلۆژیی ھەیە، ئەرگۆمێنت و بەڵگە و سەلماندن نییە، فەرزکردنی ھەیە، جەغدکردنی ھەیە، گشتاندنی ھەیە، لە پاڵ زمانێکی زبر و پڕ لە تانە و تەشەر کە ھی سکۆڵەر نییە بەڵکوو زمانی دیماگۆگ و ئایدۆلۆگە کە دەڵێت، "ئەمە ئاوھایە، یا لەگەڵمیت یا دژمیت".
خاڵی ناسینەوەی شارستانێتیی خۆرئاوا لەڕاستیدا بریتییە لە ئاوەزگەری. ئاوەزگەریش (عەقڵانییەت) بریتییە لە عەوداڵبوون بەدوای مەعریفەدا، ئەم عەوداڵبوونەش لە زانستەوە سەر دەردەھێنێت، کە زانستیش بەرھەم و چەسپاندنی ئاوەزە، یا مەشقکردنی ئاوەزە لە ئاستێکی باڵادا. گەڕان بەدوای مەعریفە لەبەر خاتری خودی مەعریفە تاکە پاڵنەرەکەیە، وێڕای سادەیی و ڕاشکاویی ئەم گوزارەیە بەڵام نە مارکسییەکان و نە فرۆیدییەکان و نە چەپە دژ بەئیمپریالیستەکان، ئەوانەی کە گشت چالاکییەکانی مرۆڤیان کورت کردۆتەوە بۆ دەسەڵات و پارە و سێکس، ئەمان لەم بانگەوازە سادەیە نەگەیشتوون و ناگەن، کە سەعید پەیڕەویکەرێکی ئەو جیھانبینییە چەپە مارکسییە دژە بەناو ئیمپریالیستەیە، ڕاستتر بڵێین قوتابییەکی فۆکۆیە واتا سەروکاری لە تەک پۆست مۆدێرنیستەکان و چەمکەکانی "دەسەڵات" و "دیسکۆرس" و.... ھتدە. بە بەرفراوانتر خودی زمان نووسینی سەعید لێکسیکانێکی چەپانەی پۆست مۆدێرنیستانەیە. لەم جیھانبینییەشدا شوێنێک نییە بۆ چەمکی بنکۆڵکردنی عەقڵی لە دەرەوەی بەرژەوەندی و لە دەرەوەی گەمەکانی دەسەڵات.
مرۆڤی خۆرئاوایی، بە سروشت عەوداڵی زانینە، لێرەدا زانست قەرداری ئارەزوویەکە ئەویش ئارەزووی زانین، گەیشتن بە ڕاستی، فەیلەسوفێکی وەک کارڵ پۆپەر ئەمە بە دەسکەوت دەزانێت و بە دەستکەوتێکی ڕۆحانی (مەعنەوی) ناوزەدی دەکات. لێرەوە ھەوڵە پڕ لە نائومێدییەکەی سەعید بۆ لەکەدارکردنی ھەر خۆرھەڵاتناسێک بەوەی کە پاڵنەرێکی زۆر نزم و گوماناویی ھەیە ئەمە نەک بێزراوە و خوازراو نییە و قێزەونە، لە ھەمان کاتدا شکستیش دەھێنێت لە بینینی سەنگینیی ئەو داوە ئاڵتونییەی کە شارستانێتیی خۆرئاوای لە یۆنانەوە تا ئێستا پێکەوە گرێ داوە؛ ئەو داوەش ئاوەزگەرییە.
"ئێمە پێویستە بیری سەعیدی بھێنینەوە کە ئەوە ئارەزووی مەعریفە بووە لای ئەوروپییەکان کە کارێکی کرد خەڵکی خۆرھەڵاتی نزیک ڕابووردووی خۆیان جارێکی دیکە بدۆزنەوە. ھەروەھا ئاشنا ببنەوە بە ناسنامە (identity)یان (لاپەڕە ٣٨)؛ ھەر ئەمە بووە مایەی سەرھەڵدانی چەندین زانست و کایەی مەعریفیی دیکە، کە سەعید خۆی لێی دەبوورێت، چونکی لە تەک پڕۆژە ئایدیۆلۆژییەکەیدا ناگونجێت، لەو کایانە میسرناسی Egyptology، ئاسوریزانی یا ئاسووریناسی Assyriology، ئێرانناسی Iranology، کوردۆلۆژی کە ھەموو ئەو کایانە بەشێک لە میراتی مرۆڤایەتییان بۆ خستینەوە ڕوو، ئەم کارەش ئەوروپییەکان و ئەمریکایەکان ڕایانپەڕاند؛ ئەمە لە کاتێکدا لەبەر ھۆی عەقیدەیی، ئیسلام بە دەستی ئەنقەست ھەمیشە ڕەفزی ئەمەی کردووە کە ددان بەقۆناغی پێش ئیسلامییەکەیدا بنێت، بگرە بەقۆناغی جاھلییەت ناوزەدی کردووە، تا ئێستا ئەم ھەوڵە ئایدیۆلۆژییە مەترسیدارە کاریگەری زۆر نەرێیی لەسەر ناوچەکە و مرۆڤەکانی داناوە و بگرە ڕۆحی فزوڵییەتی تێدا کوشتوون.
پاڵنەر و ئارەزووەکان و مەیلەکانی سکۆڵەر پەیوەندیی بە بەھای زانستی و بەشداریکردنەکەیەوە نییە. وەک ئیبن وەڕاق ئاماژەی پێ دەدا مارکسییەکان، ئەرگۆمێنتی نەیارەکان بەربنەمای زانستی بوون و یا زەمینەی عەقڵی (یا غیابی ئەرگۆمێنتی عەقڵی) ھەڵناسەنگێنن، بەڵکوو تەنیا بەربنەمای بنچینەی کۆمەڵایەتی و ئینتیمای نووسەرەکان بۆ چینێکی دیاریکراوە؛ نیگەرانییەکەی ئەوان تا ئێرە دەڕوات. بۆ نموونە، ھینری لامێنس زۆر ڕقی لە موحەمەد و ئیسلام بوو، بەڵام لێکۆڵینەوەکانی لەمەڕ قورئان و ژیانی موحەمەد تا ئێستا ڕەت نەکراونەتەوە؛ بەپێچەوانەشەوە، ھەندێک نووسەر و توێژەر کە سۆزیان بەرانبەر ئیسلام نیشان داوە مەرج نییە سکۆڵەر بن، یا بیرمەند بن یا لێکۆڵینەوەیەکی زانستییان بەرھەم ھێنابێت دەربارەی ئیسلام و خۆرھەڵاتی ناوەڕاست. بۆ نموونە، نۆڕماڵ دانیاڵ لە دیدی سەعیدەوە سکۆڵەرە، بەڵام لەڕاستیدا دانیاڵ سکۆڵەر نییە و وەک ماکسیم ڕۆدنسۆن بەڕاستی ئاشکرای دەکات کە دانیاڵ نە مێژوونووس و نە بیرمەندە، بەڵکوو عوزرخوایھێنەرەوەیەکی ئیسلامە، واتا سەرقاڵی بەھانە ھێنانەوەیە بۆ ئیسلام و بەمەش لە ناوچەکە قبوڵ کراوە. لێرەدا سەعید مەعریفەی کردووە بەقوربانی "ڕا"ی "ئایدیۆلۆژیانەی" خۆی، ڕاستیی زانستی شوێنێکی لە پڕۆژەکەی سەعیددا نییە. لێرەدا تێگەیشتن شوێنی خاڵی کرد بۆ عوزرھێنانەوە بە ڕەھایی".
سەعید، سەرسوڕھێنەرانە، ئیعجابی خۆی بە لیۆ ماسینیۆن دەردەبڕێت، گوایا تێگەیشتنێکی سۆزدارانەی بۆ ئیسلام ھەیە. ڕاستە کە بەرھەمەکەی ماسینیۆن لەسەر حەللاج شاکارە، بەڵام ماسینیۆن نوێنەرایەتیی ھەندێک خەسڵەتی دیکە دەکات کە سەعید لە کتێبەکەیدا، لە پڕۆژە ئایدیۆلۆژییەکەیدا دژی وەستاوەتەوە یاخود پێچەوانەی تەواوی پڕۆژەکەی سەعیدە. بۆ نموونە، ماسینیۆن گەشە بەئەفسانەی "ڕۆحانیبوونی خۆرھەڵات" دەدات، لەو دیدەوەی کە خۆرھەڵات سەرمەشقی ڕۆحانییەت و مەعنەوییەت و جوانناسییە و خۆرئاواش سەرگەرمی دنیای ماتەریالیستییە. لە یادمان بێت سەعید باوەڕی بە شتێک نییە بەناوی "خۆرھەڵات" یا "خۆرئاوا"، چ جای ئەوەی کە خۆرھەڵات ڕۆحانی بێت و خۆرئاواش عەقڵانی. بەڵام سەعید خۆ لەم کێشەیە بەدوور دەگرێت، بگرە توخنی کێشەیەکی دیکەش ناکەوێت ئەویش ھەڵوێستی ماسینیۆنە دەربارەی جووەکان و جودیزم ئەو (ماسینیۆن) دژە جووە بەپلەی ئیمتیاز. بەڵام سەعید لێرەدا بێدەنگ دەبێت، چونکی لەڕاستیدا سەعید خۆی دژە جوویەکی سەرسەختە لە زھنییەتی خۆ - بەقوربانیزانەوە دەڕوانێت و خۆی بەقوربانییەکی جووەکان دەزانێت. (لە بیرمان بێت جارێک لە لوبنانەوە بەردی دەگرتە ئیسرائیل، دیارە گەر بمایە دەستخۆشیی لە حەماس و حیزبوڵڵاش دەکرد بۆ ڕووداوی ٧ی ئۆکتۆبەر، بە ئەگەری زۆر).
بەشێک لە تێزە سەرەکییەکانی سەعید لە کتێبی ئۆڕێنتاڵیزمدا بریتییە لەو تێزە سیاسییەی کە پێداگری دەکات لەسەر ئەوەی کە خۆرھەڵاتناسەکان زەمینەیان خۆش کردووە بۆ کۆڵۆنیاڵیزم و ئیمپریالیزم، کەواتە خۆرھەڵاتناس بەدوور نییە لە بەرژەوەندخوازی و ئەجێندای دەسەڵاتی خۆرئاوا. لەم دیدەوە، ئۆڕێنتاڵیزم ڕەوایەتیبەخشینە بە حوکمی کۆڵۆنیاڵ و لێرەدا خۆرھەڵاتناسی مەعریفەیەک فەراھەم دەکات تاکوو کۆنتڕۆڵکردنی خۆرھەڵات شیاو بێت. لێرەدا مەعریفە دەسەڵاتی زیاتر دەبەخشێت، دەسەڵاتی زیاتر مەعریفەی زیاتر دەخوازێت،... بەم شێوەیە لە دیالکتێکی سوود گەیاندنی زانیاری و کۆنتڕۆڵدا (لاپەڕە ٣٦ - سەعید). لە یادمان بێت بەگوێرەی ئەنوەر عەبدولمالیک، خۆرھەڵات ھەمیشە لەلایان خۆرھەڵاتناسەکانەوە وەک نەگۆڕێک، یەک بەرگیەک و غەریب و نامۆ (لاپەڕە ٤٨) خۆرھەڵاتی کورتکراوەتەوە بۆ بابەتێکی نامێژوویی، ئەوی دیکەی خاوەن جەوھەری نەگۆڕ.
بەڕای سەعید خۆرھەڵاتناسەکان وێنەیەکی ھەڵەیان دەربارەی ئیسلام فەراھەم کردووە، کەواتە ئیسلام لەبنەڕەتدا بەھەڵە نوێنەرایەتیی کراوە لە خۆرئاوا. لێرەدا ناکۆکی لە تێزەکەی سەعیددا ھەیە، گەر خۆرھەڵاتناسەکان وێنەیەکی ھەڵەیان دەربارەی ئیسلام و خۆرھەڵات و عەرەب و کۆمەڵگای عەرەبی دروست کردووە و بەگوێرەی سەعید و گوروەکەی “guru” کە فۆکۆیە و، سەعید ھەر نەقڵی کردووە، "ڕاستی بوونی نییە"، کەواتە ھەقمانە بپرسین چۆن ئەم وێنە ھەڵەیە و ئەم زڕە مەعریفەیە خزمەتی بەئیمپریالیزمی ئەوروپی کردووە تاکوو ھەژموون بەسەر سێ لەسەر چواری جیھاندا پەیدا بکەن؟ کەواتە، زانیاریی ھەڵە و کۆنتڕۆَڵ چۆن پێکەوە کار دەکەن؟ ماوەتەوە ئاماژە بەو ڕاستییە بدەین کە سەعید خۆی پاراستووە لەوەی ھیچ بڵێت دەربارەی بەشداریی ھەرە گرنگی خۆرھەڵاتناسەکانی ئەڵمان، گەر باسی خۆرھەڵاتناسە ئەڵمانەکانی کردبا تێزەکەی ھەرەسی دەھێنا، ئەویش ئەوەی کە ئۆڕێنتاڵیزم لە خزمەتی ئیمپریالیزم و ئیمپراتۆریەتەکان بووە، بەڵام گرنگە ئەوە بزانین کە خۆرھەڵاتناسە ئەڵمانییەکان، سکۆڵەرە تواناکانی کایەی خۆرھەڵاتناسین و لە خزمەت ھیچ ئیمپراتۆریەتێکیش نەبوون و، ئەڵمانیش ھیچ کات ھێزێکی ئیمپراتۆری نەبووە. کەواتە، باسکردنی دەبووە مایەی خاپوورکردنی پڕۆژە ئایدیۆلۆژییەکەی سەعید، ھەر بۆیەشە خۆی لێ بواردووە، وەک تاکتیکی ئایدیۆلۆژی.
٢٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤
Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved