تۆماس ساموێل کوون
زانکۆی پرینستۆن
وەرگێڕانی: سارا عەلی عومەر
ئامانجی من لەم لاپەڕانەدا ئەوەیە ئەو تێڕوانینەی گەشەسەندنی زانستی لە کتێبەکەمدا بە ناونیشانی (پێکهاتەی شۆڕشە زانستییەکاندا) هاتووە لەپاڵ یەک دابنێم بەمەبەستی بەراوردکردنیان لەگەڵ بۆچوونە باشتر ناسراوەکانی کارڵ پۆپەری سەرۆکمان. بەشێوەیەکی ئاسایی واباشترە من ئەم جۆرە بەڵێنانە ڕەت بکەمەوە لەبەرئەوەی من وەک بەڕێز پۆپەر گەشبین و بەهیوا نیم سەبارەت بە سوودی ڕووبەڕووبوونەوە. جگە لەمەش، من زۆر دەمێکە بە کارەکانی ئەو سەرسامم تا لێرەوە ڕا ببم بە رەخنەگری کارەکانی. سەڕەڕای ئەمەش، من باوەڕم وایە دەبێت ئەم هەوڵە بۆ ئەم بۆنەیە بدرێت. تەنانەت دوو ساڵ و نیو پێش ئێستا، پێش ئەوەی کتێبەکەشم بڵاو بکرێتەوە، دەستم کردبوو بە دۆزینەوەی تایبەتمەندییە تایبەت و زۆرجار مەتەڵ ئاساکانی پەیوەندیی نێوان دیدگاکانی من و ئەو. ئەو پەیوەندییە و ئەو کاردانەوە جیاوازانەی بەرەو ڕووی بوومەتەوە وای نیشان دەدەن کە بەراوردێکی ڕێکخراوی ئەو دووانە ڕەنگە ڕۆشناییەکی تایبەت بەرهەم بهێنێت. با پێت بڵێم بۆ پێم وایە ئەمە ڕوو دەدات.
بەنزیکەیی لەهەموو ڕەوشەکاندا کە بەڕوونی ڕوو لەهەمان کێشە دەکەین تێڕوانینە زانستییەکانی من و کارڵ زۆر چوونییەکن. ئێمە هەردووکمان نیگەرانی ئەو پڕۆسە داینامیکییەین کە زانیارییە زانستیەکان لە ڕێیەوە بەدەست دەهێنرێت وەک لە پێکهاتە لۆژیکییەکەی بەرهەمەکانی توێژینەوەی زانستی. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو نیگەرانییە، هەرووکمان وەک داتایەکی ڕەوا جەخت لەسەر ڕاستییەکان و ڕۆحی ژیانی زانستی ڕاستەقینە دەکەینەوە و هەردووکمان زۆرجار دەگەڕێینەوە بۆ مێژوو بۆ دۆزینەوەیان. ئێمە لەم حەوزەی داتا هاوبەشە بە گەلێک ئەنجامی چوونییەک دەگەین.
هەردوولامان ئەو تێڕوانینە ڕەت دەکەینەوە کە پێی وایە زانست بە زیاد بوون پێشدەکەوێ؛ بەڵکوو جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە زانست بەشێوەی پڕۆسەیەکی شۆڕشگێڕانە پێشدەکەوێت کە تێیدا بیردۆزێکی کۆن وەلادەنرێت و یەکێکی نوێی جیاواز جێی دەگرێتەوە؛ هەروەها بەقووڵی جەخت لەسەر ئەو ڕۆڵە دەکەینەوە کە لەم پڕۆسەیەدا بەهۆی شکستی ناوبەناوی بیردۆزی کۆنترەوە لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو یەخەگیرییانەی بەهۆی لۆژیک، تاقیکردنەوە، یاخود چاودێریکردنەوە دروست دەبن. من و بەڕێز کارڵ لەکۆتاییدا یەکین لەسەر دژایەتیی ژمارەیەک لە تایبەتمەندییە ڕەوشگەراکانی کلاسیک (classical positivism). بۆ نموونە، ئێمە هەردووکمان جەخت لەسەر تێکەڵبوونی لێک نزیک و ناچاری زانستی لەگەڵ بیردۆزی زانستی دەکەینەوە؛ بەهەمان شێوە ئێمە گومانمان هەیە لە هەوڵەکان بۆ بەرهەمهێنانی زمانێکی چاودێریی بێلایەن؛ هەروەها سوورین لەسەر ئەوەی ڕەنگە زانایان بە شێوەیەکی دروست ئامانجیان داهێنانی بیردۆزێک بێت کە دیاردە هەستپێکراوەکان ڕوون بکەنەوە، هەروەها لەڕووی شتە ڕاستەقینەکانەوە ئەوە بکەن، جا ئەو شتە هەر شتێک بێت کە مەبەستیانە ڕوونی بکەنەوە.
هەرچەندە ئەو لیستە لە هەموو ئەو کێشانەی من و بەڕێز کارڵ لەسەری کۆکین پێکنەهاتووە، بەڵام ئەوەندە فراوانە هەردووکمان لە هەمان کەمینە لەنێو فەیلەسوفانی هاوچەرخی زانستدا پۆلێن بکات. پێدەچێت هەر لەبەرئەوەش بێت شوێنکەوتووانی بەڕێز کارڵ بە جۆرێک لە جۆرەکان بە بەردەوامی بوونەتە هاوسۆزترین ئامادەبووانی فەلسەفەکەی من وهەمیشە بۆ ئەمە سوپاسگوزارم. بەڵام ئەم سوپاسگوزارییەی من تێکەڵکراوە. لەبەرئەوەی هەمان ئەو هاوڕاییەی سۆزی ئەوان دەبزوێنێ زۆرجار بە پێچەوانەی ئاراستەی بەرژەوەندییەکانیان دەڕوات. وا دیارە شوێنکەوتووانی بەڕێز کارڵ زۆرجار دەتوانن زۆربەی کتێبەکەم وەک درێژکراوەی ئەو پێداچوونەوەی بۆ کارە کلاسیکییەکەی ئەو، (لۆژیکی دۆزینەوەی زانستی) کردوومە بخوێننەوە و بۆهەندێ خوێنەر وەک پێداچوونەوەیەکی تەواو جیاواز دەربکەوێ. یەکێک لە خوێنەرەکان دەپرسێت ئایا ئەو تێڕوانینەی لەسەر زانست کە لە پێداچوونەوەکەم بەناونیشانی (شۆڕشە زانستییەکان) هاتووە پێشتر خەڵک پێی ئاشنا بووە یان تێڕوانینی تەواو نوێن. یەکێکی تر کەوا بە بەزەییانەتر بڕیاڕ دەدات، ڕەسەنایەتیی من قەتیس دەکات بە پیشاندانی ئەوەی کە دۆزینەوەکانی ڕاستی سووڕێکی ژیانیان هەیە هاوشێوەی ئەوانەی بە داهێنانی بیردۆزی خراونەتە ڕوو. هێشتا هەندێ خوێنەریش دڵخۆشیی خۆیان بەگشتی بۆ کتێبەکە دەردەبڕن بەڵام هەر حەزدەکەن زیاتر قسە لەسەر دوو بابەتی بەراورد بەوانی تر کەمتر گرنگتر بکەن کە تێیاندا ناکۆکیی من و بەڕێز کارڵ بەڕێژەیەکی ئاشکرا دیارە: ئەوانیش بریتین لە جەختکردنەوەی من لەسەر گرنگیی پابەندبوونی قووڵ بە نەریت و نیگەرانیم سەبارەت بە کاریگەرییەکانی زاراوەی 'ساختەکاری'. بەکورتی، هەموو ئەو کەسانە کتێبەکەم لە ڕوانگەیەکی دیاریکراوەوە دەخوێننەوە، هەرچەندە ڕێگەیەکی تر بۆ خوێندنەوە و تێگەیشتن لێی هەیە. تێڕوانینەکان لەم دیدگایانەوە هەڵە نین و ناکۆکیی من و بەڕێز کارڵ دیار و هەستپێکراوە. هەرچەندە بەنزیکەیی هەموو خوێنەرانی دەرەوەی بازنەی پۆپەری ( بەو خوێنەرانە دەوترێت فەلسەفەکەیان لەگەڵ فەلسەفەی پۆپەر هاوتەریبە یاخود کاریگەرن پێی) بێ جیاوازی تەنانەت لە درککردن بە هەبوونی هاوئاوازی شکست دێنن، هەر ئەم خوێنەرانەشن زۆربەی جار ئەوەی بۆ من کێشەی سەرەکییە دەناسنەوە و هەست پێدەکەن، هەرچەندە مەرج نییە بە هاوسۆزییەوە بێت. لەکۆتاییدا، دەڵێم کە گۆڕینی گۆشەی ڕوانین لە بابەتەکە خوێنەرانی کتێبەکەم بەسەر دوو گرووپ یان زیاتر دابەش دەکات. ئەو شتەی بۆ یەکێک لە گرووپەکان وەک لێکچوویەکی زەق وایە، بۆ ئەوەی تر تەواو نەبینراوە. خولیای تێگەیشتن لە هۆکاری ئەمە ئەم بەراوردکارییەی ئێستا لەنێوان دیدگای من و کارڵ دێنێتە کایەوە.
سەڕەڕای ئەمە، ئەم بەراوردکارییە نابێت تەنها لەپاڵ یەکدانانی خاڵەکان بێت بۆ بەراوردکردن. ئەوەی پێویستی بە سەرنج خستنە سەرە، چەقی ئەو بەشەیە من و کارڵ پێدەچێت تێیدا هاوڕابین، نەک ئەو بەشە لاوەکییانەی جیاوازییە ناوبەناوەکانمان دەردەخات بگرە باشترە کە ئەمانە وەلا بخرێت. من و بەڕێز کارڵ هەمان زانیاری بەکار دەهێنین، بەڕادەیەکی نائاسایی هەمان دێڕەکان لەسەر هەمان کاغەز دەبینین و پرسیارمان سەبارەت بە هەمان دێڕ و هەمان زانیاری کردووە و بەنزیکەیی زۆربەی جار هەمان وەڵام پێشکەش دەکەین، یاخود بەلایەنی کەمەوە وەڵامانێک دەدەینەوە کە بەناچاری و بێ ئەملا و لا لێکچوو دەردەکەون، بەهۆی ئەو شێوازی پرسیار و وەڵامەی کاری پێدەکرێ کە تێیدا پرسیار و وەڵامەکان بەجیا دەپرسرێن، بێ گەڕانەوە بۆ هۆکار و چوارچێوەی تر. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو ئەزموونانەی لەسەرەوە ئاماژەیان پێدرا باوەڕم پێدێنن نیازی هەردووکمان تەواو جیاوازە، کاتێک هەمان شت دەڵێین. هەرچەندە زانیارییەکان هەمان زانیارین، بەڵام خوێندنەوە و ئەنجامی جیاوازییان لێ دێتە بوون. هەر لەبەرئەوەشە، ئەوەی ئێمە لێک جیادەکاتەوە وەک لەوەی بە هاوڕانەبوون ناوی ببەم، بە گۆڕان لە گۆشەی ڕوانین ناوی دەبەم و، بۆیەش من لەیەک کاتتدا هەم سەرلێشێواوم، هەمیش مەراقم کردووە چۆن بتوانم بە باشترین شێوە بەدواداچوون بۆ ئەم لێک جیابوونەوەیە بکەم. من چۆن بتوانم باوەڕ بە بەڕێز کارڵێک بێنێم ئەوەی من دەیزانم ئەو دەیزانێت دەربارەی پێشکەوتنی زانستی و، لە شوێنانی تر وتوویەتی ئەوەی ئەو بە مراوی ناوی دەبات دەتوانرێ وەک کەروێشکیش ببینرێ. من چۆن بتوانم پیشانی ئەوی بدەم کە چۆن دەبێت ئەگەر بێت و بە دیدگای من لە شتەکان بڕوانێت، لە کاتێکدا ئەو هەرخۆی فێری ئەوەبووە لەڕێگە و دیدی خۆیەوە سەیری هەموو ئەو شتانە بکات کە دەتوانم پەنجەیان بخەمەسەر.
لەم بارودۆخەدا پێویستە گۆڕانکاری لە ستراتیژیدا بکرێت و، ئەوەی ئێستا باسی دەکەم خۆی پێشنیار دەکات. ئەویش بریتییە لە جارێکی تر دووبارە خوێندنەوەی ژمارەیەک لە کتێب و وتارە سەرەکیەکانی بەڕێز کارڵ، و بە کردنی ئەمەش دووبارە ڕووبەڕووی زنجیرەیەک دەستەواژەی دووبارەبووەوە دەبمەوە کە هەرچەندە لێیان تێدەگەم و زۆریش ناهاوڕانیم لەگەڵیان، بەڵام دەستەواژانێکن من قەت نەمدەتوانی لەهەمان شوێندا بەکاریان بهێنم. هیچ گومانێکی تێدا نییە ئەم دەستەواژانە بە مەبەست بە شێوازێکی جوان وەک خوازە بەکارهاتوون بۆ ئەو بارودۆخانەی بەڕێز کارڵ لە شوێنانی تردا وەسفی ناوازەی بۆ پێشکەش کردوون. ئەگەرچی ئەم خوازانە بۆ من نەگونجاو خۆ پیشان دەدەن، بەڵام بۆ ئامانجی ئێستامان لەوانەیە بەسوودتر بێت وەک لە بەکارهێنانی وەسفی ڕاستەوخۆ. ئەم خوازانە لەوانەیە دەرخەری جیاوازیی چوارچێوەیی بن کە دەربڕینێکی وشەیی ورد دەیشارێتەوە. ئەگەر ئەوە وابێت، کەوایە ئەم دەستەواژانە وەک دێڕێکی سەر کاغەز مامەڵە ناکەن، بەڵکوو وەک گوێی کەروێشک و شاڵ و قردێلەی مل کە سەرنجی دەخرێتە سەر کاتێک هاوڕێیەک فێری گۆڕینی شێوازی بینینی هێلکارییەکی گێشتاڵت gestalt diagram دەکەین. لانیکەم ئەمە هیوای منە بۆیان. من چوار جیاوازی دەستەواژەم لە مێشکدایە کە بەشێوەی زنجیرەی یەک بەدوای یەک مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەم.
یەکەم
لە بنچینەییترین ئەو پرسانەی من و بەڕێز کارڵ لەسەری کۆکین سووربوونمانە لەسەر ئەوەی شیکاریی پێشکەوتنی زانیاری زانستی دەبێت ڕەچاوی شێوازی جێبەجێکردنی زانست لە ڕاستیدا بکات. کەوابێت، ژمارەیەک لە گشتاندنە دووبارەهاتووەکانی ئەو تووشی سەرسووڕمانم دەکەن. یەکێک لەوانە ڕستەکانی سەرەتای بەشی یەکەمی کتێبی (لۆژیکی دۆزینەوەی زانستی) دەخاتە ڕوو و، تێیدا کارڵ ئاماژە بەوە دەدات کە زانا، چ بیردۆزەوان بێت یاخود تاقیکار، دەربڕینێک یان سیستەمێک لە دەربڕین دەخاتە ڕوو و هەنگاو بە هەنگاو بەتایبەت لە بواری زانستە ئەزموونییەکان، گریمانە یان سیستەمی بیردۆزی بنیات دەنێن و بە چاودێری و تاقیکردنەوە لەبەرامبەر ئەزمووندا تاقییان دەکاتەوە. ئەم دەربڕینە زیاتر کلێشەیە، بەڵام لە بەکارهێناندا سێ کێشە دەخاتەڕوو. یەکەم لە شکستهێنانیاندا لە دیاریکردنی ئەوەی کام دوو جۆر لە دەربڕین یان بیردۆز تاقی دەکرێتەوە، ناڕوونە. ئەوە ڕاستە دەتوانرێ ئەم ناڕوونییە بە ئاماژەدان بە بڕگەکانی دیکەی نووسینەکانی بەڕێز کارڵ نەهێڵدرێت، بەڵام ئەو گشتاندنانەی کە لە ئەنجامدا دەردەکەون لەڕووی مێژووییەوە هەڵەن. جگە لەمەش، بوونی ئەم هەڵەیە گرنگە چونکە شێوەی ناڕوونی وەسفەکە ئەو تایبەتمەندییە هەرە سەرەکییەی جێبەجێکردنە زانستییەکان لەخۆناگرێت کە زۆر بەنیزیکەیی زانست لەکاری تری داهێنەرانە جیا دەکاتەوە.
هیچ جۆرە دەربڕین و گریمانەیەک نییە زاناکان بەشێوەیەکی دووبارە بیخەنە بەر تاقیکارییەکی سیستەمی. من دەربڕینەکانی باشترین پێشبینییەکانی کەسێکم لە مێشکدایە سەبارەت بە ڕێگای دروستی گرێدانی کێشەی توێژینەوەکەی بەو کۆمەڵە زانیارییە زانستییەی کە پشتڕاست کراونەتەوە. بۆ نموونە، لەوانەیە ئەو گریمانەیە بکات و بڵێت ماددەیەکی کیمیایی نەناسراو خوێی زەوییەکی دەگمەنی تێدایە، یان بڵێت قەڵەویی مشکەکانی تاقیگە بەهۆی پێکهاتەیەکی دیاریکراوی خۆراکیانەوەیە، وەیانیش بڵێت کاریگەرییەکانی خولخواردن هۆکاری شێوازێکی شەبەنگی تازە دۆزراوەیە. لەهەر بارێکدا بێت، هەنگاوەکانی داهاتووی توێژینەوەکەی بریتییە لە تاقیکردنەوە و خستنەبەر ئەزموونی گریمانەکەی یاخود مەزەندەکەی. ئەگەر لە بەشێکی تەواوی تاقیکردنەوەکان یاخود تاقیکردنەوە ڕەخنەییەکان دەربچێت، ئەوە زاناکە دۆزینەوەیەکی کردووە یان لانیکەم ئەو مەتەڵەی هەڵهێناوە کە سەرەتا دانرابوو و ئەگەریش دەرنەچوو، ئەوسا دەبێت بەتەواوی واز لەو مەتەڵە بهێنێت، یانیش بە یارمەتی گریمانەی تر هەوڵی چارەسەرکردن و هەڵهێنانی بدات. زۆرێک لە کێشەکانی توێژینەوە، ئەگەرچی هەموویان نا، لەسەر ئەم شێوازە دەڕۆن. پێکهاتەی ستانداردی ئەم جۆرە تاقیکردنەوانە ئەوەیە کە من لە شوێنی تر بە "زانستی ئاسایی" یاخود "توێژینەوەی ئاسایی" ناوم هێناوە، کە پڕۆژەیەکە زۆربەی زۆری ئەو کارانە پێکدەهێنێت لە زانستە بنەڕەتییەکاندا ئەنجام دەدەرێن. هەرچەندە بە هیچ شێوەیەکی ئاسایی ئەم جۆرە تاقیکردنەوانە ئاراستەی بیردۆزی ئێستا ناکرێت. بەڵکوو بە پێچەوانەوە، کاتێک زانا سەرقاڵی کێشەیەکی توێژینەوەیەکی ئاسایی دەبێت، دەبێت بیردۆزیی ئێستای بکات بەبنچینەی یاساکانی یارییەکەی. ئامانجی ئەو چارەسەرکردنی مەتەڵێکە پێشتر ئەوانی تر لە چارەسەرکردنی سەرکەوتوو نەبوون و پێویستە بیردۆزە تازەکەی پێناسەی ئەو مەتەڵە بکات و بە ڕەچاوکردنی زیرەکیی تەواوی زاناکەش پێویستە گەرەنتی ئەوە بدات توانایی چارەسەرکردنی مەتەڵەکەی هەیە. بێ گومان ئەو کەسەی هەوڵێکی ئاوها دەدات دەبێت هەردەم چارەسەری مەتەڵە مەزەندەییەکەی تاقی بکاتەوە بەپێی کارامەیی و لێهاتوویی خۆی و تەنها مەزەندەکەی خۆی تاقی دەکرێتەوە. ئەگەر لە تاقیکردنەوەکە دەرنەچوو ئەوە تەنها توانایی خۆی دەکەوێتە ژێر گومانەوە، نەوەک ئەو زانستەی کە هەیە. بەکورتی، هەرچەندە لە زانستی ئاساییدا تاقیکردنەوەی زۆر دێتە بەردەم، بەڵام ئەم تاقیکردنەوانە لە جۆری تایبەتن، لەبەرئەوەی لە شیکاریی کۆتاییدا، ئەوە تاکی زانایە تاقی دەکرێتەوە نەک ئەو بیردۆزەی کە هەیە.
هەرچەندە ئەمە ئەو جۆرە تاقیکردنەوەیە نییە کە لەمێشکی بەرێز کارڵ دایە. ئەو لە سەرووی هەموو شتەکانەوە گرنگی بەو ڕێکارانە دەدات کە بەهۆیانەوە زانست گەشە دەکات و، ئەو باوەڕی وایە 'گەشەسەندن' بەتەنها لەڕێگەی زیادکردن ڕوو نادات، بەڵکوو بە لادان و فڕێدانی بیردۆزێکی پێشتر پەسەندکراو و لەجێدانانی یەکێکی باشتر ڕوو دەدات. (بیرۆکەی دانانی گەشەسەندن لەژێر وەلانانی دووبارەبووەوە هەر لەڕووی زمانەوانیشەوە نامۆیە، وەلێ لەوانەیە هۆکارەکەی بەرە بەرە ڕوونتر ببێتەوە لەگەڵ بەردەوامبوونمان.) بە گرتنەبەری ئەم بۆچوونە بۆمان دەردەکەوێت ئەو تاقیکردنەوانەی کارڵ جەختیان لەسەر دەکاتەوە ئەوانەن بۆ لێکۆڵینەوە لە سنووری بیردۆزە پێشتر پەسەندکراوەکان یاخود بۆ ئەوەی بیردۆزە تازەکان بخرێنە بەر زۆرترین فشار ئەنجام دەدرێن. تاقیکردنەوەکانی (لاڤۆیزەر) لەسەر بەکلسبوون و گەشتەکانی مانگگیرانی ١٩١٩ و تاقیکردنەوەکانی ئەم دواییە لەسەر پاراستنی یەکسانی لەنێو نموونە دڵخوازەکانی کارڵن کە هەموویان سەرسامکەر و وێرانکەرن لە ئەنجامەکانیاندا. بێ گومان ئەم تاقیکردنەوانە هەموو تاقیکردنەوەی کلاسیکین، بەڵام لە بەکارهێنانیاندا بۆ پێناسەکردنی چالاکیی زانستی شتێکی ئیجگار گرنگ لەبیر دەکات. زنجیرەی لەم شێوەیە لە پێشکەوتنی زانستیدا یەکجار دەگمەنن. کاتێک ڕوو دەدەن، بەگشتی یان بەهۆی قەیرانێکی پێشوو لەبواری پەیوەندیداردا وەک تاقیکردنەوەکانی (لاڤۆیزەر یان ئەوانەی لی و یانگ) یان بەهۆی بوونی بیردۆزێکەوە کە کێبڕکێ لەگەڵ یاساکانی ئێستای لێکۆڵینەوە دەکات وەک (بیردۆزی ڕێژەیی ئەنیشتاین) ڕوو دەدات. هەرچۆنێک بێت، ئەمانە ئەو لایەن یان ئەو ڕەوشانەن لە شوێنی تر بە "توێژینەوەی سەرووئاسایی" ناوم هێناوە، کە پڕۆژەیەکە تێیدا زانایان ژمارەیەکی زۆر لەو تایبەتمەندییانەی بەڕێز کارڵ جەختیان لەسەر دەکاتەوە پیشان دەدات، بەڵام ئەم پڕۆژەیە لانیکەم لە ڕابردوودا بە شێوەی پچڕ پچڕ و لەژێر بارودۆخی تەواو تایبەتدا لەهەر بوارێکی زانستیدا سەری هەڵداوە.
هەربۆیە، من پێشنیاری ئەوە دەکەم کە پێناسی تەواوی پڕۆژە زانستییەکەی کارڵ تەنها بەسەر بەشە شۆڕشگێڕییە ناوبەناوەکان جێبەجێ دەبێت. جەختکردنەوەکەی ئەو سروشتی و ئاساییە: دەستکەوتەکانی (کۆپەرنیکۆسێک یان ئەنیشتاین) خوێنەری زیاتر بۆخۆیان ڕادەکێشن وەک لەوانەی براهی و لۆرێنتز و، کارڵ یەکەم کەس نییە کە بە هەڵە لەوەی من پێی دەڵێم زانستی ئاسایی، کە هەر بەسروشتی پڕۆژەیەکی بێزارکەرە، وەرگرتبێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ناتوانین نە لە زانست و نە لە پێشکەوتنی زانستیش بگەین ئەگەر توێژینەوە تەنیا لەڕێگەی ئەو شۆڕشانەی کە ناوبەناو بەرهەمی دەهێنێت ببینرێت. بۆ نموونە، هەرچەندە تاقیکردنەوەی پابەندبوونە بنەڕەتییەکان تەنها لە زانستی سەرووئاساییدا ڕوو دەدات، بەڵام ئەوە زانستی ئاساییە خاڵەکان و چۆنییەتیی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکە پیشان دەدات. یان دیسانەوە، کەسانی پیشەگەر بۆ جێبەجێکردنی ئاسایی زانست ڕاهێنراون نەک سەرووئاسایی: ئەگەر سەرەڕای ئەوەش هەر سەرکەوتووبن لە لەجێلادان و لە جێدانانی ئەو بیردۆزانەی کە جێبەجێکردنێکی ئاسایی پشتی پێبەستووە، ئەوکات ئەو نامۆییە پێویستە ڕوون بکرێتەوە. لە کۆتاییدا و ئەمە بۆ ئێستا خاڵە سەرەکییەکەی منە، سەیرکردنێکی وردی پڕۆژەی زانستی دەریدەخات ئەوە زانستی ئاساییە جۆری تاقیکردنەوەکانی کارڵی تێدا ڕوو نادات، نەک زانستی سەرووئاسایی کە بەنزیکەیی زانست لە هەوڵەکانی تر جیا دەکاتەوە. ئەگەر پێوەرێکی جیاکەرەوە هەبێت، (کە پێموایە نابێت بەدوای پێوەرێکی تیژ و یەکلاکەرەوەدا بگەڕێین)، لەوانەیە تەنها لەو بەشەی زانستدا بوونی هەبێت کە کارڵ پشتگوێی دەخات.
بەڕێز کارڵ لە یەکێک لە ورووژێنەرترین وتارەکانیدا سەرچاوەی "نەریتی گفتوگۆی ڕەخنەیی نوێنەرایەتی تاکە ڕێگەی جێبەجێکاری دەکات بۆ فراوانکردنی زانیارییەکانمان" دەگەڕێنێتەوە بۆ فەیلەسوفە یۆنانییەکان، بۆ (تەیڵیس و ئەفلاتوون) کە بەڕێز کارڵ وای دەبینێت ئەوانە ئەو کەسانەن هانی گفتوگۆی ڕەخنەییان داوە، چ لەنێوان قوتابخانەکان یاخود لەنێو قوتابخانەی تاک. وەسفی گفتوگۆکانی پێش سوکرات زۆر شیاو و گونجاو بووە بۆئەوکاتە، بەڵام ئەوەی باس دەکرێ بە هیچ جۆرێ لە زانست ناکا. بەڵکوو نەریتی واگۆیی و دژە واگۆیی و مشتومڕە، کە لەوکاتەوە، ڕەنگە جگە لە سەدەکانی ناوەڕاست، بەشێک بوونە لە فەلسەفە و بەشێکی زۆری زانستە کۆمەڵایەتییەکان. هەر لەچەرخی هێلینیدا زانستەکانی وەک بیرکاری و گەردوونزانی و ئامار و بەشە ئەندازەییەکانی دیدەیی ئەم جۆرە لە وتاریان لە بەرژەوەندیی چارەسەرکردنی مەتەڵ واز لێهێنابوو. لەوکاتەوە ژمارەیەکی زۆر لە زانستەکانی تریش بەهەمان گۆڕانکاریدا ڕۆیشتوون. بەجۆرێک ئەگەر تێڕوانینەکانی بەڕێز کارڵ بە پێچەوانەوە وەرگرین، ئەوە ڕێک وەک جێهێشتنی وتاری ڕەخنەیی کە گۆڕانکاری زانستێک دیاری دەکات وایە. هەرکاتێک بوارێک ئەم گۆڕانکارییەی کرد، ئەوە گفتوگۆی ڕەخنەیی تەنها لەکاتی قەیران دووبارە ڕوو دەدات کاتێک بنچینەکانی بوارەکە دووبارە دەکەوێتە مەترسییەوە. زاناکان تەنها ئەوکاتە وەک فەیلەسوف ڕەفتار دەکەن کە پێویستە لەسەریان هەڵبژاردن لەنێوان دوو بیردۆزی کیبڕکێکار بکەن. هەربۆیە، من وای بۆدەچم کە بۆیە وەسفی زیرەکانەی بەڕێز کارڵ بۆ هۆکارەکانی هەڵبژاردنی سیستەمە مێتافیزیکییەکان زۆر لە وەسفەکانی من بۆ هۆکارەکانی هەڵبژاردنی نێوان بیردۆزە زانستییەکان دەچێت. هەروەها پێویستە بەکورتی ئەوەش پیشان بدەم لە هیچ کام لە هەڵبژاردنەکان تاقیکردنەوە ناتوانێت ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە بگێڕێت.
هۆکاری باش هەن دەریدەخەن بۆچی تاقیکردنەوە ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی نەبووە و لە لێکۆڵینەوە لێیان لەوانەیە مراوییەکەی کارڵ ببێت بە کەروێشکەکەی من. هیچ پڕۆژەیەکی مەتەڵ چارەسەرکردن بوونی نابێت ئەگەر جێبەجێکارەکانی هەمان پێوەر بەکار نەهێنن کە بۆ ئەو گرووپە و ئەوکاتە دیاری دەکات کەی مەتەڵێکی دیاریکراو چارەسەرکراوە. هەمان پێوەریش، بەدڵنیاییەوە شکست لە گەیشتن بە چارەسەرێک دیاری دەکات، ئەوەیشی بیەوێت دەتوانێت ئەو شکستە بە شکستی بیردۆزێک کە لە تاقیکردنەوەیەک دەرنەچووە ببینێت. ئاسایی هەروەک پێشتریش سوور بووم لەسەری بەمشێوەیە نابینرێت. تەنها ئەوەی کارەکەی ڕاپەڕاندووە لۆمە دەکرێت نەک کەرەستەکانی. بەڵام لەژێر ئەو بارودۆخە تایبەتانەی کە دەبێتە هۆی قەیران لە پیشەکەدا وەک توشبوون بە نوشست یاخود شکستە دووبارەبووەوەکانی زیرەکترین پیشەگەرەکان، ڕەنگە بیروڕای گرووپەکە بگۆڕێت. شکستێک، کە پێشتر شتێکی کەسی بووە، لەوانەیە ئەوکاتە وەک شکستی بیردۆزێک لەژێر تاقیکردنەوەیەک ببینرێت. لەدواییدا، لەبەرئەوەی تاقیکردنەوەکە لە مەتەڵێکەوە سەری هەڵداوە و پێوەرە جێگیرەکانی چارەسەری هەڵگرتووە، بۆیە دەیسەلمێنی کە خۆدزینەوە لێی سەخت و گرانە لەچاو ئەو تاقیکردنەوانەی لە نەریتێکدا بەردەستن کە شێوازە ئاساییەکەیان وتاری ڕەخنەییە نەک مەتەڵ چارەسەرکردن.
بۆیە بەم شێوەیە، سەختیی پێوەری تاقیکردنەوە ئاسایی تەنها یەک ڕووی دراوەکەیە و ڕووەکەی تری بریتییە لە نەریتی چارەسەرکردنی مەتەڵ. هەربۆیەش، زۆرجارهێڵە جیاکەرەوەکەی من و کارڵ پێکەوە دەردەکەون. هەرچەندە ئەم ڕێکەوتەش تەنیا لە ئەنجامەکانیاندایە؛ بەڵام پڕۆسەی جێبەجێکردنیان زۆر جیاوازە و لایەنە جیاوازەکانی چالاکییەکە جیا دەکاتەوە کە یارمەتیدەرن لە بڕیاردان لەسەر زانستی و نازانستیی ئەنجامەکە. بە لێکۆڵینەوە لە ڕەوشە بێزارکەرەکانی وەک دەروونشیکاری و دیرۆکنووسینی مارکسی، کارڵ پێمان دەڵێت لە سەرەتادا پێوەرەکەی بۆ ئەوان داڕێژراوە و، من ئێستا هاوڕام لەگەڵ ئەوەی لە ئێستادا بەم دوو بوارە نەوترێت 'زانست'. بەڵام من بەڕێگایەکی زۆر دڵنیاتر و ڕاستەوخۆتر لە کارڵ دەگەم بەم ئەنجامە. نموونەیەکی کورت ڕەنگە ڕاستەوخۆ ئەوە پیشان بدات کە لە هەردوو پێوەری تاقیکردنەوە و چارەسەرکردنی مەتەڵ، ئەوەی دووەمیان کەمتر ناڕوونە و زیاتر بنچینەییترە.
بۆخۆلادان لە بابەتە مشتومڕ هەڵگرە ناپەیوەندیدارەکانی ئێستا زیاتر ڕەچاوی ئەستێرەناسی دەکەم تا دەروونشیکاری. ئەستێرەناسی زۆرترین جار وەک 'زانستی ساختە' لەلایەن کارڵەوە ئاماژەی پێدراوە. کارڵ دەڵێت: ' بە تەمومژاویکردنی تەواوی شیکردنەوە و پەیامەکانیان، ئەستێرەناسەکان توانیویانە هەرشتێک ڕوون بکەنەوە کە ڕەنگە بیردۆزەکەی هەڵوەشاندباوە ئەگەر بهاتایە بیردۆزەکە و پەیامەکە زیاتر وردتربوونایە. بۆئەوەی خۆیان لە ساختەکاری دەرباز بکەن هەموو ئەگەرێکی تاقیکاری بیردۆزەکەیان لەناو برد. ئەم گشتاندنانە شتێک لە ڕۆحی هەوڵە ئەستێرەناسییەکان وەدەست دەخەن. بەڵام ئەگەر هەموو شتەکان بەوشێوەیە وەرگرین کە هەیە، کە هەردەبێ واشبێ ئەگەر ئەستێرەناسەکان بیانەوێ پێوەرێکی جیاکەرەوە دابنێن (بەمانایەکی تر ئەگەر بیانەوێت ئەستێرەناسی وەک زانست سەیر بکرێت)، باوەڕهێنان پێیان ئەستەمە. مێژووی ئەستێرەناسی بەدرێژایی ئەو سەردەمانەی لەڕووی هزرییەوە ناوبانگێکی زۆری هەبوو، پڕە لەو پێشبینییانەی ڕاستەوخۆ شکستیان هێناوە. تەنانەت سەرسەختترین بەرگریکارەکانی ئەستێرەناسی گومانیان لە دووبارەبوونەوەی ئەوجۆرە شکستانە نەبوو. بەڵام تەنها لەبەر شێوازی پێشبینییەکانی، ناتوانرێ ئەستێرەناسی لە زانستەکان جیا بکرێتەوە و قەدەغە بکرێت.
ناشبێ لەبەر ئەوشێوازەی جێبەجێکارەکانیان شکست ڕوون دەکەنەوە قەدەغە بکرێت. بۆنموونە، پێچەوانەی پێشبینییە گشتییەکان دەربارەی، بابڵێین، مەیلی تاک یان کارەساتێکی سروشتی، ئەستێرەناسەکان ئاماژەیان بەوەکرد کە پێشبینیکردنی داهاتووی تاکێک کارێکی یەکجار ئاڵۆز بووە و پێویستی بەوپەڕی لێهاتوویی و هەستیاریی زۆر بەرامبەر بەهەڵە لاوەکییەکان لە زانیارییە پەیوەندیدارەکان هەبووە. ڕیزبوونی ئەستێرەکان و هەشت هەسارەکە هەمیشە لەگۆڕاندا بوون و ئەو خشتە ئەستێرەییانەی بۆ ژماردنی ڕێزەکان لەکاتی لەدایکبوونی کەسێکدا بەکار دەهات زۆر ناتەواو بوون؛ کەسانێکی کەم بەوردییەکی پێویست کاتی لەدایکبوونی خۆیان دەزانی. بۆیە سەیر نییە زۆربەی پێشبینییەکان شکستیان دەهێنا. تەنها ئەوکاتەی خەڵک لە باوەڕکردن بە ئەستێرەناسەکان وەستا کەموکوڕییەکانی ئەم مشتومڕانەی بینی. ئەمڕۆ هەمان جۆری مشتومڕ بە بەردەوامی بۆ ڕوونکردنەوەی بۆ نموونە، شکستەکان لە پزیشکی و کەشناسیدا بەکاردێت و لەکاتی کێشەدا، لە هەمان زانستەکاندا، لە بوارەکانی وەکو فیزیا و کیمیا و گەردوونناسیدا بەکار دەهێنرێت. هیچ شتێکی نازانستی دەربارەی ڕوونکردنەوەی ئەستێرەناسەکان بۆ شکست بوونی نەبوو.
سەڕەڕای ئەمەش، ئەستێرەناسی زانستێک نەبوو. بەڵکوو پیشەیەک بوو، هونەرێکی کرداری بوو کە لێکچوونێکی زۆری لەگەڵ ئەندازیاری و کەشناسی و پزیشکی هەبوو چونکە ئەم بوارانە هەتا کەمێ زیاتر لەسەدەیەک پێش ئێستا کاریان پێدەکرا. من پێموایە لێکچوونێکی زۆر لەنێوان زانستی کۆنی پزیشکی و دەروونشیکاریی هاوچەرخدا هەیە. لە هەریەک لەم بوارانەدا بیردۆزی هاوبەش تەنها تا دامەزراندنی باوەڕ لەناو خەڵک بە بوارەکە و بۆ دابینکردنی هۆکارێک بۆ ئەو یاسا پیشەسازییە جۆراوجۆرانەی کە کرداریان بەڕێوە دەبرد پێویست بوون. یاساکان بەکارهێنانی خۆیان لە ڕابردوودا سەلماندبوو، بەڵام هیچ بەکارهێنەرێک پێی وانەبوو بەس بن بۆ ڕێگریکردن لە شکستی دووبارەبووەوە. شتێکی بێمانا دەبوو ئەگەر بهاتایە بوارێکی جێ متمانە و تەواو پێویست کە نەریتێکی سەرکەوتنی سنوورداری هەبووبێ فەرامۆش بکرێت، تەنها لەبەرئەوەی ئەوشتانەی پێویست بوون لەوکاتەدا بەردەست نەبووبن. لە نەبوونی ئەم پێویستییانە، نە ئەستێرەناس و نە دکتۆریش ناتوانن توێژینەوە بکەن. هەرچەندە ئەوان یاسایان هەبوو بۆ جێبەجێکردن، بەڵام هیچ مەتەڵێکیان نەبوو بۆ چارەسەرکردن؛ ئەمەش بە مانای ئەوە دێت هیچ زانستێک نەبوو بۆ کار لەسەرکردن.
با ڕەوشی گەردوونناس و ئەستێرەناس بەراورد بکەین. ئەگەر پێشبینییەکی گەردوونناسێک شکستی هێنا و لێکدانەوەکانی وردبینیی بۆکرا، دەتوانێت هیوای ڕاستکردنەوەی دۆخەکە بخوازێت. لەوانەیە هەڵەکە لە زانیارییەکانی بووبێت: دەتوانرا وردبینی بۆ سەرنجە کۆنەکان بکرێت و پێوانەی نوێ دابنرێت کە ئەمانەش زەحمەتیەکی زۆر دێنێتە پێشەوە، وەکوو لێکدانەوەی ورد و مەتەڵکاریی کەلوپەلی. یانیش لەوانەیە بیردۆزەکە پێویستی بە گۆڕانکاری بووبێت، ئەویش بە گۆڕانکاری لە هاوبازنەیی و ڕێسپەڕی و بازنەی خەیاڵی، یاخود بە چاکسازییە بنەڕەتییەکانی تەکنیکی گەردوونناسی. بۆ زیاتر لە هەزار ساڵ مەتەڵە بیردۆزی و بیرکارییەکان، لەپاڵ هاوتا ئامێرەکانیان، نەریتی توێژینەوەی گەردوونناسییان پێکهێنابوو. بە پێچەوانەوە، ئەستێرەناس هیچ مەتەڵێکی لەم جۆرەی نەبوو. دەتوانرا ڕوودانی شکستەکان ڕوون بکرێتەوە، بەڵام شکستە تایبەتەکان نەبوونە هۆی سەرهەڵدانی مەتەڵەکانی توێژینەوە، چونکە هیچ کەسێک، هەرچەندە لێهاتووش بێت، نەیدەتوانی لەهەوڵێکی بنیاتنەردا سوودیان لێ وەرگرێت بۆ پێداچوونەوە بە نەریتی ئەستێرەناسی. سەرچاوەی ئەگەری سەختی زۆر زۆر هەبوون، کە زۆربەیان لە دەرەوەی زانیاری و کۆنتڕۆڵ و بەرپرسیارییەتی ئەستێرەناسەکە بوون. شکستە تاکە کەسییەکان بەهەمان شێوە بێ زانیاری بوون و ڕەنگدانەوەیان نەبوو لەسەر لێهاتوویی پێشبینیکەر لەچاوی هاوتا پیشەگەرەکەی. هەرچەندە ئەستێرەناسی و گەردوونناسی بە بەردەوامی لەلایەن هەمان کەسەوە ئەنجام دەدران، لەوانەش (پەتلیمۆس و کەپلەر و تایکۆبرای)، بەڵام هەرگیز وەک گەردوونناسی، ئەستێرەناسی نەریتی چارەسەرکردنی مەتەڵی پەرە پێنەدا و بەبێ مەتەڵێکیش کە لە توانایی دابێت یەکەمجار بەرەو ڕوو و دواتر لێهاتوویی ئەو کەسەی کاری لەسەر دەکات بسەلمێنێ، ئەستێرەناسی هەرگیز نەیدەتوانی ببێتە زانستێک تەنانەت ئەگەر لەڕاستیدا ئەستێرەکان کۆنتڕۆلی چارەنووسی مرۆڤیان بکردایە.
بەکورتی، هەرچەندە ئەستێرەناسەکان جۆرە پێشبینییەکیان دەکرد کە دەتوانرا تاقی بکرێتەوە و درکیشیان بەوە دەکرد هەندێ جار ئەم پێشبینییانە شکستیان دەهێنا، بەڵام ئەوان نە چوون نە دەشیانتوانی بچنە ناو ئەو چالاکییانەی بەشێوەیەکی ئاسایی پێناسی هەموو زانستە ناسراوەکان دەکات. بەڕێز کارڵ ڕاست دەکات بە دوورخستنەوەی ئەستێرەناسی لە زانستەکان، بەڵام زۆر چڕبوونەوەی لە شۆڕشە ناوبەناوەکانی زانستدا رێگری دەکات لە بینینی دڵنیاترین هۆکار بۆ ئەم کارە.
لەبەرامبەردا، ئەو ڕاستییە لەوانەیە نامۆییەکی تری دیرۆکنووسینی کارڵ ڕوون بکاتەوە. هەرچەندە ئەو چەندین جار ئاماژە بە ڕۆلی تاقیکردنەوەکان لە جێگرتنەوەی بیردۆزە زانستییەکان دەکات، بەڵام ناچارە دان بەوە دابنێت هەندێک لە بیردۆزەکان، بۆ نموونە ئەوانەی پەتلیمۆس، پێش ئەوەی تاقیکردنەوەیان لەسەربکرێت جێگەیان گیراوەتەوە. لانیکەم لەهەندی ڕەوشدا تاقیکردنەوە بۆ ئەو شۆڕشانەی لەڕێییانەوە زانست پێش دەکەوێت، پێویست نییە. بەڵام ئەمە بۆ مەتەڵ ڕاست نییە. ئەگەرچی ئەو بیردۆزانەی بەڕێز کارڵ ئاماژەیان پێدەدات جێگۆڕینیان نەخرابوونە ژێر تاقیکردنەوە، بەڵام هیچ کاتێک جێیان نەگۆڕدراوە تەنها کاتێک لە پاڵپشتیکردنی نەریتی مەتەڵ چارەسەرکردن وەستان. بارودۆخی گەردوونناسی لە سەرەتاکانی سەدەی شازدەهەم لە قەیران دابوو. سەرەڕای ئەمەش بەشێکی زۆر لە گەردوونناسەکان پێیان وابوو بە کەمێک گۆڕانکاری ئاسایی لە نموونەی پەتڵیمۆس بارودۆخەکە ڕێک دەخەنەوە. بەو مانایەی کە خودی بیردۆزەکە لە تاقیکردنەوەکە شکستی نەهێناوە. بەڵام هەندێ لە گەردوونناسەکان، لە نێویاندا کۆپەرنیکۆس، هەستیان بەوە کرد دەبێت سەختییەکان لە خودی ڕێبازی پەتڵیمۆس دابن، نەک لە چەشنە تایبەتەکانی بیردۆزی پەتڵیمۆس کە پەرەیان پێدەدرا و هەرپێش ئەنجامەکان ئەو باوەڕە تۆمار کراوە. بارودۆخەکە دیارە، بە تاقیکردنەوە و بێ تاقیکردنەوە نەریتی چارەسەرکردنی مەتەڵ دەتوانێت زەمینە بۆ جێگرتنەوەی خودی خۆی خۆش بکات. پشتبەستن بە تاقیکردنەوە وەک نیشانەی زانستێک لەبیرکردنی ئەو شتەیە کە زۆربەی زاناکان زۆرکات ئەنجامی دەدەن و لەپاڵ ئەوەشدا لەبیرکردنی جیاکەرەوەترین تایبەتمەندیی پڕۆژەکەیانە.
دووەم
بەو پاشخانەی لە تێبینییەکانی پێشوودا هاتووە، دەتوانین بەخێرایی بارودۆخ و دەرەنجامەکانی دەستەواژەیەکی دڵخوازی تری بەڕێز کارڵ بدۆزینەوە. کارڵ لەپێشەکی کتێبەکەیدا بە ناونیشانی (مەزەندەکان و هەڵوەشاندنەوەکانconjuctures and refutations) دەنووسێت 'ئەو وتار و وانانەی ئەم کتێبەی لەسەر داڕێژراوە، بریتییە لە گۆشە جیاوازەکانی یەک بیرۆکەی تەواو سادە ئەویش بریتییە لە خوێندنەوەی ئەو گوتارانەی کە دەڵێت ئێمە دەتوانین لەهەڵەکانمانەوە فێر بین'. جەختکردنەوە لەلایەن کارڵ-ەوە کراوە و بابەتەکە هەر لەسەرەتای نووسینەکەیدا دووبارە دەبێتەوە؛ و هاوڕانەبوون لەسەری سەختە ئەگەربێت و بەجیا وەربگیرێت. هەموو کەسێک دەتوانێ و فێریش دەبێت لە هەڵەکانی؛ و دیاریکردن و ڕاستکردنەوەی هەڵەکان تەکنیکی سەرەکییە لە فێرکردنی منداڵ. ڕەگی ڕەوانبێژییەکەی بەڕێز کارڵ دەگەڕێتەوە بۆ ئەزموونی ڕۆژانەی. سەرەڕای ئەمەش، جێبەجێکردنی ئەم یاسا گرنگە لەو بارودۆخەی ئەو ئاماژەی پێدەدات بەتەواوی لات و خوار دیارە و من دڵنیا نیم لەوەی ئەگەر هەڵەیەک لەمە ڕووی دابێت، و ئەگەر ڕووشی دابێت شتێکی وانەبووە کەسێک بتوانێ لێیەوە فێربێت.
ئێمە پێویست ناکات ڕووبەڕووی ئەو کێشە فەلسەفییە قووڵانە ببینەوە کە هەڵەکان دەیخەنە ڕوو بۆ تێگەیشتن لەو شتانەی لە ئێستادا قسەیان لەسەر دەکرێت. بۆ نموونە، بەزیادکردنی سێ بۆ سێ هەڵەیە ئەگەر پێنجمان دەست کەوێت، وەک چۆن هەڵەشە ئەگەر بڵێین "هەموو نەمرەکان مرۆڤن" لەجیاتی "هەموو مرۆڤەکان نەمرن" و بە هەندێ هۆکاری جیا جیا، هەڵەیە ئەگەر بڵێین 'ئەو کوڕە خوشکمە' یاخود بڵێین بارگەیەکی کارەبایی بەهێز بوونی هەیە لە کاتێکدا بارەگەی کارەبا تاقیکەرەوەکە هیچ ئاماژەیەکی لەم جۆرەی پیشان نەداوە. پێم وابێ هێشتا جۆری تری هەڵە بوونی هەیە، بەڵام هەموو هەڵە ئاساییەکان بەگشتی هەمان تایبەتمەندییان هەیە. هەڵەکان یان دەکرێن یانیش دروست دەکرێن لە شوێن و کاتێکی دیاریکراودا، لەلایەن کەسێکی دیاریکراوەوە، کە ئەم کەسە شکستی هێناوە لە جێبەجێکردنی هەندێ لە یاسا دامەزراوەکانی لۆژیک یان زمان یان پەیوەندییەکانی نێوان یەکێک لەم دووانە یانیش ئەزموون. یان لەوانەیە لە دیاریکردنی دەرەنجامەکانی هەڵبژاردنێکی دیاریکراو لەنێو ئەو جێگرەوانەی یاساکە ڕێی پێدەدات شکستی هێنابێت و کەسەکە تەنها لەبەرئەوە دەتوانێت لە هەڵەکانییەوە فێربێت چونکە ئەو گرووپەی کە پەیڕەوی هەمان ئەو یاسایانە دەکات، دەتوانێت دیاریی بکات لە کوێ شکستی لە جێبەجێکردنیاندا هێناوە. بەکورتی، ئەو جۆرە هەڵانەی یاساکانی بەڕێز کارڵ یان بەشێوەیەکی زۆر بەرچاو بەسەردا جێبەجێ دەبێت ئەوانەن کە تاک شکست دەهێنێت لە تێگەیشتن لێیان یان لە دیاریکردنیان لەناو چالاکییەک کە بە یاسا پێشوەختە دامەزراوەکان بەڕێوە دەچێت. زۆربەی جار ئەم جۆرە هەڵانە لە زانستەکاندا و بەتایبەتیش لە پڕۆسەی لێکۆڵینەوەی چارەسەرکردنی مەتەڵی ئاساییدا ڕوو دەدەن.
بەڵام ئەمە ئەو شوێنە نییە بەڕێز کارڵ بەدوایاندا دەگەڕێت، لەبەرئەوەی چەمکی زانستیی ئەو تەنانەت بوونی توێژینەوەی ئاساییش تەمومژاوی دەکات. لەجیاتی ئەمە، ئەو سەرنج دەخاتە سەر زنجیرە سەرووئاسایی یاخود شۆڕشگێڕییەکان لە پێشکەوتنی زانستیدا. ئەو هەڵانەی ئەو ئاماژەیان پێدەدات بەزۆری بە هیچ شێوەیەک کردار نین، بەڵکوو بیردۆزە زانستییە بەسەرچووەکانن وەک گەردوونناسیی پەتڵیمۆس و بیردۆزیی فڵۆجیستۆن یان داینامیکی نیوتین، و 'فێربوون لە هەڵەکانمان'، بەهەمان شێوە، ئەوکاتە ڕوو دەدا کە کۆمەڵگەی زانستی یەکێک لەو بیردۆزانە ڕەت دەکاتەوە و بە یەکێکی تر جێگەی دەگرێتەوە. ئەگەر ئەم بەکارهێنانە یەکسەر بە نامۆ سەیر نەکرێت لەبەرئەوەیە ئێمە هەر بەسروشتی حەز دەکەین دەرەنجامە گشتییەکان لەسەر بنەمای نموونەی دیاریکراو دەربکەین.
ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئێمە هەر بە سروشتی بە شێوەی لێوەهەڵنجێنەر بیردەکەینەوە. باوەڕکردن بەوەی بیردۆزیی ڕەوا بەرهەمی لێوەهەڵێنجانی تەواوە لە ڕاستییەوە، لێوەهەلنجێنەریش دەبێت باوەڕی بەوە بێت کە بیردۆزێکی هەڵە ئەنجامی لێوەهەڵێنجانێکی هەڵە بووە. لانیکەم بەشێوەیەکی سەرەکی ئامادەیە ئەم وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە: چ هەڵەیەک با بڵێین لە گەیشتن بە سیستەمی پەتڵیمۆشی کرا؟ چ یاسایەک شکێنرا؟ کەی و کێ ئەنجامی دا؟ بۆ کەسێک کە ئەو پرسیارانە پرسیاری هەستیارن و تەنها بۆ ئەو، دەستەواژەکانی کارڵ هیچ چارەسەرێک پیشان نادەن.
بەڵام نە من، نە کارڵ-یش لێوەهەڵنجێنەر نین. ئێمە باوەڕمان بە بوونی جۆرە یاسایەک نییە کە بتوانرێ بیردۆزیی تەواوی لە ڕاستییەوە لێوە هەڵنجێنرێ، تەنانەت باوەڕمان بەوە نییە کە بیردۆز، چ ڕاست چ ناڕاست، بۆیان لێوەهەڵێنجراوە. بەڵکوو وەک بۆچوونی خەیاڵی دەیانبینین کە هەمووی بەیەکەوە دروست و بەسەر سروشتدا جێبەجێ کراوە. هەرچەندە ئێمە ئاماژە بەوە دەدەین ئەم جۆرە بۆچوونانە لە کۆتاییدا ڕووبەڕووی مەتەڵێک دەبنەوە ناتوانن چارەسەری بکەن، بەڵام ئەوەش دەزانین ئەم جۆرە ڕووبەڕووبوونەوە بە کێشانە بەدەگمەن بۆماوەیەک ڕوو دەدەن دوای ئەوەی بیردۆزێک داهێنراوە و پەسەند کراوە. کەواتە، بە تێڕوانینی ئێمە هیچ هەڵەیەک لە گەیشتن بە سیستەمی پەتڵیمۆسدا نەکراوە، هەربۆیەش بۆ من زەحمەتە تێبگەم بەڕێز کارڵ چی لە مێشکدایە کاتێک ئەو سیستەمە یان هەر بیردۆزێکی تری بەسەرچوو بەهەڵە ناو دەبات. زۆرترین کات ڕەنگە حەز بکەین بڵێین بیردۆزێک کە پێشتر هەڵە نەبووە ئێستا هەڵەیە، یاخود بڵێین زانایەک هەڵەی کردووە بەخۆهەڵواسینی بە بیردۆزێک بۆماوەیەکی زۆر درێژ. تەنانەت ئەم دەستەواژانەش، کە لەنێویاندا ئەوەی یەکەم تەواو ئاساییە، نامانگەڕێننەوە بۆ ئەو هەستەی هەڵە کە زۆر پێی ئاشنایین. ئەوانە ئەو هەڵە ئاساییانەن ڕەنگە گەردوونناسێکی پەتڵیمۆسی یان کۆپەرنیکۆسی لە سیستەمەکەیاندا لە تێبینیکردن و لێکدانەوە و شیکردنەوەی زانیارییەکان بیکەن. بۆیە ئەم هەڵانە جۆرە هەڵەیەکن دەتوانرێت ڕاستەوخۆ دیاری بکرێن و دواتر ڕاست بکرێنەوە و سیستەمە بنەڕەتییەکەش وەک خۆی بمێنێتەوە. لەبەرامبەردا، بەڕێز کارڵ پێی وایە هەڵەیەک دەبێتە هۆی تووشبوونی تەواوی سیستەمەکە و تەنها بەگۆڕینی سیستەمەکە بەگشتی دەتوانرێت ڕاست بکرێتەوە. هیچ دەستەواژەیەک و هیچ لێکچوونێک ناتوانێت ئەم جیاوازییە بنەڕەتییانە بشارێتەوە، وەک چۆن ناتوانێت ئەو ڕاستییە بشارێتەوە کە پێش ئەوەی تووشبوون ڕووبەڕووی سیستەمێک ببێتەوە، سیستەمەکە بەتەواوی پشت پێبەستراو بوو لەلایەنی ئەوەی پێی دەڵێین زانیاریی تەندروست.
بە ئەگەرێکی زۆر بەڕێز کارڵ دەتوانێت لەو هەستەی هەیەتی بەرامبەر بە"هەڵە" ڕزگاری ببێت، بەڵام ڕزگارکردنێکی سەرکەوتووانە دەبێت کە هەڵەکە لە هەندێ کاریگەریی هەنووکەیی لا بدات. هەروەک زاراوەی "تاقیکردنەوە"، "هەڵە" لە زانستە ئاساییەکان، کە تێیدا بەکارهێنانی تاڕادەیەکی باش ڕوونە وەرگیراوە و لەسەر زنجیرە شۆڕشگێڕییەکان، کە جێبەجێکردن تێیاندا لە ئاستی پڕ کێشەترینە، جێبەجێ کراوە. ئەو گۆڕانە باوەڕێکی باو دروست دەکات، یاخود جەختی لەسەر دەکاتەوە کە دەتوانرێت هەموو بیردۆزەکان بەهەمان ئەو جۆرە پێوەرەی یەکێک بەکاری دەهێنێت لە کاتی بڕیاردان لەسەر بیردۆزێک کە لەلایەن کەسێکەوە بۆ توێژینەوەکەی بەکار دەهێنرێت، بڕیاریان لەسەر بدرێت. کەوایە، دۆزینەوەی پێوەرێکی گونجاو و کارپێکراو دەبێتە ئامانجی سەرەکیی زۆر کەس و بوونی کارڵ لەنێویاندا شتێکی سەیرە، چونکە ئەو بەدوا گەڕانە پێچەوانەی ڕەسەنایەتی و بەرهەمدارترین پاڵنەری سەرنجی زانستیی ئەوە. بەڵام هەر لە کتێبی "لۆژیکی دۆزینەوەی زانستی"ەوە دەتوانم بە باشترین شێوە لەو نووسینانەی کارڵ کە لەسەر ڕێبازێکن تێبگەم و ئێستا پێویستە بڵێم سەرەڕای ئەوەی کارڵ بەشێوەیەکی بێ وچان بەدوای شیکارەکانی هەڵسەنگاندن گەڕاوە کە دەتوانرێت لەسەر ئەو بیردۆزانە جێبەجێ بکرێن کە تایبەتمەندیی دڵنیایی تەواویان هەیە وەک ئەو تەکنیکانەی بۆ دیاریکردنی هەڵە لە زانستی ژمارە و لۆژیک و پێوانەکردندا بەکار دێت. من لەوە دەترسم ئەو بەدوای کڵاوێکی بابردوو دەکەوێت کە لە هەمان تێکەڵەی گریمانەی زانستی ئاسایی و سەرووئاسایی لەدایک بووە و وای کرد تاقیکردنەوە بەبنچینەی زانست دابنرێت.
سێیەم
لە کتێبەکەیدا "لۆژیکی دۆزینەوەی زانستی"، کارڵ ئاماژە بەو جیاوازییانە دەدات کە لەنێوان گشتاندنێک و پێچەوانە نەرێییەکەی هەیە لە پەیوەندیەکانیاندا بە بەڵگەی ئەزموونی. ناتوانرێت بیردۆزێکی زانستی بەسەر هەموو ئەو نموونانەی دەکرێت بیردۆزەکەیان بەسەرکەوتوویی بەسەردا جێبەجێ بکرێت، پیشان بدرێت، بەڵام سەرنەکەوتنی لە هەندێ جێبەجێکردنی دیاریکراودا دەکرێت پیشان بدرێت. جەختکردنەوە لەسەر ئەو ڕاستییە لۆژیکییە و کاریگەرییەکانی بۆ من هەنگاوێکی بەرەوپێشچوونی ئەرێییە کە نابێت لێی بکشێینەوە. هەمان جیاوازی ڕۆڵێکی سەرەکی لە کتێبەکەی مندا "پێکهاتەی شۆڕشە زانستییەکان"، هەیە کە تێیدا شکستی بیردۆزێک لە دابینکردنی ئەو یاسایانەی مەتەڵە چارەسەرکراوەکان دەستنیشان دەکات وەک سەرچاوەی قەیرانە پیشەگەرییەکان سەیر دەکرێت کە زۆرجار بە جێگرتنەوەی بیردۆزەکە کۆتایی دێت. خاڵەکەم زۆر لەوەی بەڕێز کارڵ-ەوە نزیکەوە و، ڕەنگە لەو شتانەوە وەرم گرتبووبێت کە لە بارەی کارەکانییەوە بیستبووم.
بەڵام کاتێک بیردۆزێک لە هەوڵێکی جێبەجێکردندا شکست دێنێت، کارڵ بە ساختەکاری یان هەڵوەشاندنەوە ناوی دەبات، ئەمانەش سەرەتایەکن لە زنجیرەیەک دەستەواژەی پەیوەندیدار بەیەکەوە کە بەلای منەوە یەکجار سەیرە. هەردوو وشەی ساختەکاری و هەڵوەشاندنەوە پێچەوانەی وشەی سەلماندنن. بەشێوەیەکی سەرەکی ئەم دەستەواژانە لە لۆژیک و ماتماتیکی فەرمی وەرگیراوە و ئەو زنجیرە مشتومڕانەی ئەم دەستەواژانەی لەسەر جێبەجێ دەکرێت سەلمێنراون؛ بەکارهێنانی ئەو دەستەواژانە توانایی وەدەستخستنی ڕەزامەندی هەر ئەندامێکی سەر بە کۆمەڵەی پەیوەندیدار هەیە. بەڵام هێشتا پێویست ناکات هیچ ئەندامێک لە ئامادەبووان پێی بوترێت کە تەواوی بیردۆزێک یان زۆرجار تەنانەت یاسایەکی زانستی لە مەترسیدایە، چونکە مشتومڕەکان بەدەگمەن ڕاستن. دەکرێت یەخەی هەموو تاقیکردنەوەیەک بگیرێت، جا چ بۆ زانینی ئاستی پەیوەندیداربوونی بە بابەتەکە یانیش ڕاستی و دروستییەکەی. هەموو بیردۆزێک دەتوانرێت بە دەستکاری جۆراوجۆری تایبەت بگۆڕدرێت بەبێ ئەوەی لە بوون بەهەمان بیردۆز لە خاڵە سەرەکییەکاندا بوەستێت و گرنگە ئاواش بێت، چونکە زۆربەی جار بە یەخەگرتنی تێڕامانەکان یاخود گۆڕینی بیردۆزەکان زانیاریی زانستی گەشە دەکات. یەخەگیرییەکان و گۆڕانکارییەکان بەشێکی ستانداردی توێژینەوەی ئاساییە لە زانستی ئەزموونیدا و گۆڕانکارییەکانیش لانیکەم، ڕۆڵێکی سەرەکیان لە ماتماتیکی نافەرمیدا هەیە. شیکردنەوە زیرەکانەکەی دکتۆر لاکاتۆش بۆ وەڵامدانەوە ڕێگەپێدراوەکان بۆ هەڵوەشاندنەوە بیرکارییەکان، بەهێزترین مشتومڕ دژی ساختەکارێکی ساویلکە دروست دەکات.
بێ گومان بەڕێز کارڵ ساختەکارێکی ساویلکە نییە. ئەو هەموو ئەوشتانەی ئێستا باسمان کرد دەزانێت و لە سەرەتای پێشەکییەکەیدا جەختی لەسەر کردوونەتەوە. بۆ نموونە، زوو لە کتێبی "لۆژیکی دۆزینەوەی زانستی"دا دەنووسێت: 'لەڕاستیدا ناتوانرێت هیچ نەسەلماندنێکی کۆتاییانە بەرهەم بهێنرێت؛ چونکە هەمیشە ئەگەری ئەوە هەیە بڵێین ئەنجامە تاقیکارییەکان جێ متمانە نین یان ئەو ناتەباییەی لەنێوان ئەنجامە تاقیکارییەکان و بیردۆزەکەدا جەخت لە بوونیان دەکرێتەوە تەنیا دیارن و لەگەڵ پێشکەوتنی تێگەیشتنمان دیار نامێنن'. دەربڕینی لەم جۆرە لێکچوونێکی تر لەنێوان ڕوانگەی من و کارڵ-دا پیشان دەدات، بەڵام ئەوەی ئێمە لێیانەوە دروست دەکەین دەتوانێ تەواو جیاوازبێت. ڕوانگەکانی من بنچینەیین، هەم لەڕووی بەڵگە، هەمیش لەڕووی سەرچاوەوە. لەبەرامبەردا، ئەوانەی بەڕێز كاڕل هۆکاری سەرەکیین کە دەتوانن هەڕەشە لە یەکپارچەیی پێگەی بنەڕەتیی ئەو بکەن. بۆ قەدەغەکردنی نەسەلماندنی کۆتاییانە کارڵ هیچ جێگرەوەیەکی بەدەستەوە نەداوە و ئەو پەیوەندیەشی بەکاری دەهێنێت وەک ساختەکارییەکی لۆژیکی دەمێنێتەوە. هەرچەندە ئەو ساختەکارێکی ساویلکە نییە، بەڵام من وای بۆدەچم کە بەڕەوایی بەوشێوەیە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
ئەگەر نیگەرانیی ئەو تەنها بۆ جیاکردنەوە بێت، ئەوە ئەو کێشانەی بەهۆی بەردەستنەبوونی نەسەلماندنی کۆتاییانە دروست بوون، کەمتر توندتر دەبوون و ڕەنگە توانرابا هەر نەهێڵدرێن. جیاکردنەوە لەوانەیە بە پێوەرێکی تایبەتی لۆژیکی ڕستەسازی بەدەست بهێنرێت. ڕەنگە ڕوانگەی بەڕێز کارڵ ئەوکاتە ئەوە بێت، لەوانەشە هەر ئەوە بێت کە بیردۆزێک زانستییە تەنها و تەنها ئەگەر بتوانرێت دەربڕینە سەرنجاوییەکان، بەتایبەت ئەوانەی نکۆڵی لە دەربڕینە بوونگەراییە تاکەکەسییەکان دەکەن، ڕەنگە ئەوکاتە لە بیردۆزەکە بەشێوەیەکی لۆژیکی بەهاوبەشی لەگەڵ ئەو پاشخانە زانیارییەی کە ئاماژەی پێدراوە دەربکەوێت. ئەو سەختییانەی (کە پێویستە بەکورتی باسیان بکەم) لە بڕیاردان لەسەرئەوەی ئایا دەرەنجامی کار و کردە تاقیگەییە دیاریکراوەکان ڕەوایەتی دەدات بە جەختکردنەوە لەسەر دەربڕینێکی سەرنجاوی تایبەت، پەیوەندیدار نابێت. هەرچەندە بنەمای ئەم کارە کەمتر ڕوونە، بەڵام هەمان ئەو کێشە سەختانەی لە بڕیاردان لەسەر ئەوەی ئایا دەربڕینێکی سەرنجاوی کە لەچەشنی نزیککراوەیی بیردۆزێک دەرهێنراوە وەک ئەوانەی لەڕووی ماتماتیکەوە دەتوانرێت بەڕێوە ببردرێت، بە کاریگەرییەکانی خودی بیردۆزەکە کە دەتوانرێت بەهەمان شێوە نەهێڵدرێت، هەژمار بکرێت. ئەم جۆرە کێشانە سەر بە ڕستەسازیی زمان نییە، بەڵکوو سەر بە پڕاگماتیک و ماناسازی ئەو زمانەیە کە بیردۆزەکەی تێدا داڕێژراوە، بۆیەش هیچ ڕۆڵێکیان لە دیاردیکردنی پێگەیان لە زانستدا نییە. بۆئەوەی بیردۆزێک زانستی بێت پێویستە تەنها بە دەربڕینێکی سەرنجاوی ساختە بکرێت، نەک بە تێڕامانی ڕاستەقینە. پەیوەندییەکان لەنێوان دەربڕینەکان، پێچەوانەی پەیوەندیی نێوان دەربڕین و تێڕامان، دەکرێت نەسەلماندنی کۆتایی بێت لەڕووی لۆژیک و ماتماتیکەوە.
لەبەر ئەو هۆکارانەی لەسەرەوە لە (لاپەڕە نۆ، پەراوێزی یەک) باسم کرد و ڕاستەوخۆ لە ژێرەوە درێژەم پێدا، گومانم هەیە بتوانرێت بیردۆزە زانستییەکان بەبێ گۆڕانکاری یەکلاکەرەوە بەشێوەیەک بخرێنە ڕوو ڕێگە بەو بڕیارە تەواو ڕستەسازییانە بدات کە ئەم جۆرەی پێوەرەکەی بەڕێز کارڵ پێویستی پێیەتی. بەڵام ئەگەر بشتوانرێت، ئەم بیردۆزە دووبارە بنیاتنراوانە تەنها دەتوانن بنچینەیەک بۆ هێڵە جیاکەرەوەکەی دابنێن، نەک بۆ لۆژیکی زانیاری کە زۆر نزیکە لێی. هەرچەندە ئەوەی دووەمیان بەبەردەوامی جێی بایەخی بەڕێز کارڵ بووە و تێڕوانینی ئەویش لەو بارەیەوە تەواو وردە. بەڕێز کارڵ سەبارەت بەمە دەنووسێت، "لۆژیکی زانیاری تەنیا پێکدێت لە لێکۆڵینەوە لەو شێوازانەی لە تاقیکردنەوە سیستەمییەکاندا بەکار هێنراون کە دەبێت هەر بیرۆکەیەکی نوێی پێدا بڕوات ئەگەر بیەوێت بە گرنگییەوە سەیر بکرێت'. کارڵ بەردەوام دەبێت و دەڵێت 'لە ئەنجامی ئەم لێکۆڵینەوەیەدا، ئەو یاسایانەی سەر بە ڕێبازێکن یان ئەنجامی پێشتر پەسەندکراوی وەک ئەمانە بەرهەم دێت: "بەبێ هەبوونی هۆکارێکی باش، دەکرێت ڕێگە لە بەڕەڵڵاکردنی گریمانەیەک بگیرێت کە پێشنیارکراوە و تاقی کراوەتەوە و بەهێزیی خۆی سەلماندووە، نموونەی هۆکاری باشیش لەوانەیە شتێکی وەها بێت...ساختەکاری یەکێک لە دەرەنجامەکانی گریمانەکە".
یاساکانی وەک ئەمانە و لەگەڵیشیدا تەواوی ئەو پڕۆژە لۆژیکییەی لەسەرەوە باسمان کرد، چیتر بەسادەیی لە هاوردەکردنیاندا ڕستەسازی نین. ئەوان داوا دەکەن هەم لێکۆڵەری ئیپستیمیڵۆژی و هەم زانای توێژینەوەکە بتوانن ئەو ڕستانەی لە بیردۆزێکەوە وەرگیراون، نەک بە ڕستەی دیکە بەڵکوو بە تێبینی و تاقیکردنەوە ڕاستەقینەکانەوە ببەسترێتەوە. ئەمە ئەو شوێنەیە کە دەستەواژەی ساختەکاریی بەڕێز کارڵ دەبێ کار بکات و کارڵ تەواو بێدەنگە لەبارەی ئەوەی چۆن دەتوانرێت ئەمە بکرێت. ساختەکاری چییە ئەگەر نەسەلماندنی کۆتاییانە نەبێت؟ لە چ هەلومەرجێکدا لۆژیکی زانیاری پێویستی بە زانایەک هەیە کە واز لە بیردۆزێکی پێشتر پەسەندکراو بهێنێت کاتێک ڕووبەڕووی دەبنەوە، نەک لەگەڵ دەربڕینەکانی دەربارەی تاقیکردنەوەکان بەڵکوو لەگەڵ خودی تاقیکردنەوەکان. هەتا ئەم پرسیارانە ڕوون نەکرێنەوە، بەهیچ شێوەیەک دڵنیا نیم لەوەی بەڕێز کارڵ پێی داوین لۆژیکی زانیاری بێت. لە ئەنجامەکەمدا، پێویستە ئەوە بڵێم هەرچەندە ئەوەی بەڕێز کارڵ داویەتە دەست بەشێوازی خۆی بەنرخە، بەڵام شتێکی تەواو جیاوازە لە لۆژیکی زانیاری. بەڕێز کارڵ ئایدۆلۆژیای لەبری لۆژیک و گوتە ڕێکارییەکانی لەبری یاسا ڕێبازییەکان وەدەست خستووە.
بەڵام ئەو ئەنجامە دەبێ دوابخرێت تا ئەوکاتەی خوێندنەوەیەکی کۆتایی قووڵتر بۆ سەرچاوەی ئەو سەختییانەی لەگەڵ چەمکی ساختەکاریی کارڵ-دا دێت، دەکرێت. هەروەک چۆن پێشتر پێشنیارم کردووە، بیردۆزێک دەخرێتە ڕوو یان دەتوانرێت بەبێ شێواندن دووبارە بخرێتە ڕوو بەشێوەیەک ڕێگە بەزاناکان بدات بتوانن هەر ئەگەرە ڕووداوێک وەک نموونەیەکی پشتڕاستکەرەوە ، یان نموونەیەکی ساختەیی و یانیش ناپەیوەندیدار بە بیردۆزەکەوە، پۆلێن بکەن. دیارە ئەمە پێویستە ئەگەر یاسایەکی گشتی هەبێت بتوانرێت ساختە بکرێت: بۆ تاقیکردنەوەی گشتاندنی (x) * (x) بە جێبەجێکردنی بەسەر a نەگۆڕدا، دەبێت بتوانین بڵێین ئایا a لە مەودای گۆڕاوی x دایە یاخود نا و ئایا (a) بەتاڵە یان نا. هەمان ئەو پێش بۆچوونانە لە پێوەرە تازەکەی وێکچوویی بەڕێز کارڵ-دا زیاتر ڕوونە. ئەمە پێویستی بەوەیە یەکەمجار دەبێت هەموو بەشەکانی دەرەنجامە لۆژیکییەکان بەرهەم بهێنێن و بەیارمەتیی پاشخانی زانیارییمان، بەشەکانی هەموو دەرەنجامە ڕاستەکان و هەموو دەرەنجامە هەڵەکان لەناویاندا هەڵبژێرین. لانیکەم دەبێت ئەمە بکەین ئەگەر پێوەری وێکچوویی ئەنجامەکەی هەڵبژاردنی ڕێبازی بیردۆزی بێت. هیچ یەکێک لەم ئەرکانە ناتوانرێت بەئەنجام بگەیەنرێت مەگەر بیردۆزەکە بەتەواوی بەشێوەیەکی لۆژیکی نەخرێتە ڕوو و ئەو زاراوانەشی کە لەڕێیانەوە بیردۆزەکە بە سروشتەوە گرێ دەدرێت بەڕادەی پێویست پێناسە نەکرێن بۆ دیاریکردنی کارپێکردنیان لەهەر هەلومەرجێکی ئەگەریدا. هیچ بیردۆزێکی زانستی لەڕاستیدا هەموو ئەو داواکارییە توندانە تێر ناکات و زۆر کەس باسی لەوە کردووە کە بیردۆزێک لە لێکۆڵینەوەدا سوودی نامێنێت ئەگەر ئەوە بکات. من خۆم لە شوێنانی تردا زاراوەی نموونەی باڵا paradigm مم داهێناوە بۆ ئەوەی جەخت لەسەر وابەستەیی توێژینەوەی زانستی بەنموونە ڕاستەکان بکەمەوە کە ئەو پردە دروست دەکەن کە لەوانەبوو لە کاتی دیاریکردنی ناوەڕۆک و جێبەجێکردنی بیردۆزیی زانستی ببایە بە کەلێن. ناتوانرێت لێرەدا مشتومڕە پەیوەندیدارەکان دووبارە بکرێنەوە. بەڵام تەنانەت نموونەیەکی کورت، کە هەرچەندە بۆ ماوەیەکی کاتی شێوازی وتارەکەم دەگۆڕێ، ڕەنگە سوودی زیاتر بێت.
نموونەکەم شێوەی باشترین نموونەی بنیاتنراو لە هەندێ زانیاریی زانستیی سەرەتایی دەگرێتەبەر. ئەم زانستە پەیوەندی بە قووەکانەوە هەیە و بۆ جیاکردنەوەی تایبەتمەندییە پەیوەندیدارەکانی ئێستای پێویستە سێ پرسیار لەوبارەیەوە بکەم: یەکەم، تا چەند کەسێک دەتوانێت دەربارەی قووەکان بزانێت بێ ئەوەی هیچ گشتاندنێکی ڕوونی وەکو 'هەموو قووەکان سپین' بکات؟ دووەم، لە چ بارودۆخێکدا گشتاندنەکان ڕەت دەکرێنەوە دوای پێکهێنانیان؟ ئامانجی من لە ورووژاندنی ئەم پرسیارانە بۆ ئەوەیە پێشنیاربکەم کە، هەرچەندە لۆژیک ئامرازێکی بەهێز و تەواو سەرەکییە لە توێژینەوەی زانستیدا، بەڵام مرۆڤ دەتوانێت زانیاریی دروستی لەسەر ئەو جۆرانەی هەبێت کە بەدەگمەن دەتوانرێت لۆژیکیان بۆ بەکار بهێنرێت. لە هەمان کاتدا، پێویستە پێشنیاری ئەوە بکەم کە ئاخافتنی لۆژیکییانە بەهایەک نییە لەپێناو خۆیدا، بەڵام تەنها ئەوکاتە و تا ئەو ڕادەیە دەبێت ئەنجام بدرێن کە بارودۆخەکان پێویستییان پێیەتی.
بهێنە بەرچاوت ١٠ باڵندەت پێ پیشان دراوە و بەتەواوی و دڵنیاییەوە دەتوانی بیرت بێتەوە کە باڵندەکان قوو بوونە؛ هەروەها تۆ هەمان ئاشناییت لەگەڵ مراوی و قاز و کۆتر و قومری و نەوڕەس و هتد...هەیە؛ و پێشت دەوترێت کە هەریەک لەم جۆرانە خێزانێکی سروشتی پێکدەهێنن. خێزانێکی سروشتی کە وەک هێشوویەکی بینراوی پێکچوو دەیانناسیت و ئەوەندە ورد و ئەوەندە جیاوازە کە فەرمان بە ناوێکی گشتی بکات. وردتر بڵێم، هەرچەندە من لێرەدا سادەکردنەوەیەکی زیاتر لەوەی چەمکەکە پێویستی پێیەتی دەناسێنم، خێزانێکی سروشتی دەستەیەکە کە ئەندامەکانی زیاتر لەیەک دەچن وەک لە ئەندامانی خێزانە سروشتییەکانی تر. ئەزموونی ئەوکات تا ئێستا ئەوەی پشتڕاست کردۆتەوە کە هەر شتێکی تێبینیکراو بۆ خێزانێکی سروشتی یان یەکێکی تر پۆلێن دەکرێت و نیشانی داوە هەمیشە تەواوی دانیشتووانی جیهان دەکرێت بەسەر پۆلی پچڕ پچڕی درکپێکراو دابەش بکرێت ( هەرچەندە بەیەکجارەکی و بۆ هەموویان نا). هەروەها باوەڕ وایە لەو بۆشاییە درکپێکراوانەی پۆلەکان هیچ شتێک بەهیچ شێوەیەک نییە.
ئەوەی فێری بوویت دەربارەی قووەکان بەکرانەوەت بەڕووی (نموونەی باڵاداparadigm زۆر وەک ئەو شتە وایە کە منداڵ لەسەرەتادا دەربارەی سەگ و پشیلە و مێز و کورسی و دایک و باوک فێری دەبێت. بێ گومان مەودای ورد و ناوەڕۆکەکەی مەحاڵە دیاریی بکرێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش زانیارییەکی دروستە. چونکە ئەوەی فێری بوویت بەهۆی تێبینیکردنەوە بووە، دەشتوانرێت هەر بەتێبینیکردن لاواز بکرێت و، لەهەمان کاتیشدا بنچینەیەک بۆ کردەی ژیرانە دابین دەکات. بە بینینی باڵندەیەکی هاوشێوەی ئەو قووانەی لە پێشترەوە پێیان ئاشنایت، ڕەنگە بەشێوەیەکی ماقووڵانە وا گریمانە بکەیت کە پێویستی بەهەمان خۆراکی ئەوانی تر هەیە و لەگەڵ ئەواندا زاوزێ دەکات. ئەو قووانەی ئاماژەیان پێکرا خێزانێکی سروشتیین، هیچ باڵندەیەک کە بەچاو لەوان دەچێت نابێت تایبەتمەندیی جیاوازی ڕیشەیی پیشان بدات لەکاتی زیاتر پێ ئاشنابوون. بێ گومان لەوانەیە زانیاری هەڵەت دەربارەی یەکپارچەیی سروشتی خێزانی قووەکانەوە پێدرابێت. بەڵام ئەمە دەتوانرێت لەڕێی ئەزموونەوە بدۆزرێتەوە؛ بۆ نموونە، بۆ دۆزینەوەی ژمارەیەک لە ئاژەڵ ( سەرنج بدە کە زیاتر لە ئاژەڵێک پێویستە) کە تایبەتمەندییەکانیان پردێک لەو کەلێنەی لەنێوان قوو و بابڵێین قازدایە، مەودایەکی یەکجار کەمی درکپێکراو دروست دەکەن. بەڵام تا ئەو کاتەی ئەمە ڕوو دەدات زۆر شت دەربارەی قووەکان دەزانیت، هەرچەندە بەتەواوی لەوەی کە چی دەزانیت یان قوو چییە دڵنیا نابیت.
گریمان ئێستا هەموو ئەو قووانەی لە ڕاستیدا تێبینیت کردوون سپین. ئایا دەبێت تۆ ڕوو لەو گشتاندنە بکەیت کە دەڵێ هەموو قووەکان سپین؟ کردنی ئەمە دەبێتە هۆی گۆڕینی ئەو شتەی کە زۆر کەم لەبارەیەوە دەزانی؛ ئەم گۆڕانەش تەنها ئەوکاتە سوودی دەبێت کە باڵندەیەکی لە قوو چووی جیا لە سپی ببینیت و ڕوودانی ئەمەش دەگمەنە؛ بە ئەنجامدانی ئەم گۆڕانکارییە مەترسیی ئەوەی کە خێزانی قوو دەیسەلمێنن خێزانێکی سروشتی نین زیاد دەکەیت. مەگەر هۆکاری تایبەت هەبێت، ئەگەرنا لەژێر ئەم بارودۆخانەدا ئەگەری زۆرە خۆت لە گشتاندن بەدوور بگریت. بۆ نموونە، لەوانەیە پێویست بەوە بکات وەسفی قووەکان بۆ کەسێک بکەیت کە ناتوانێت ڕاستەوخۆ بەڕووی نموونە باڵاکاندا بکرێتەوە. بەبێ وریاییەکی سەروو مرۆیی لەلایەن خۆت و خوێنەرەوە وەسفەکەت هێزی گشتاندنێک وەردەگرێت؛ کە زۆرجار ئەمە کێشەی پۆلێنزانەکانە. یاخود لەوانەیە هەندێ باڵندەی ڕەساسیت دۆزیبێتەوە کە لە شێوە لە قووەکان دەچێت بەڵام خواردنی جیاواز و هەڵسوکەوت و ڕەفتاری نەخوازراوی هەیە. لەو کاتەدا لەوانەیە گشتاندن بکەیت بۆ خۆلادان لە بە هەڵە بڕیاردان. یانیش لەوانەیە هۆکاری بیردۆزی زیاتر هەبێت بۆ باوەڕکردن بەوەی گشتاندنەکە بەنرخە. بۆ نموونە، لەوانەیە تێبینی ئەوەت کردبێت کە ئەندامەکانی خێزانە سروشتییەکانی تر هەمان ڕەنگیان هەیە. دیاریکردنی ئەم ڕاستییە بەشێوەیەک کە ڕێگە بە بەکارهێنانی تەکنیکی لۆژیکی بەهێز بۆ ئەوەی کە دەیزانیت، ڕەنگە ڕێگە بە زانینی زیاتر دەربارەی ڕەنگی ئاژەڵ بەگشتی و زاوزێی ئاژەڵ بەتایبەتی بدات.
ئێستا کە گشتاندنەکەت کرد، چی دەکەیت ئەگەر تووشی باڵندەیەکی ڕەش بوویت کە جگە لەلایەنی ڕەنگ لەهەموو لایەنێکی تر بەقوو دەچێت؟ من پێشنیاردەکەم هەمان ئەو شتانە دەکەیەوە وەک ئەوەی کە بەهیچ شێوەیەک پێشتر خۆت بەگشتاندنەکەوە پەیوەست نەکردبێت. بەوریاییەوە لێکۆڵینەوە لە باڵندەکە دەکەیت، لەڕووی دەرەوە و ڕەنگە ناوەوەشدا، بۆ دۆزینەوەی ئەو تایبەتمەندییانەی کە ئەم نموونەیە لە نموونە باڵاکەت جیا دەکەنەوە. ئەم گشتاندنە ورد و درێژە بەتایبەت ئەگەر بێت و هۆکاری بیردۆزیت هەبێت بۆ باوەڕکردن بەوەی کە ڕەنگ تایبەتمەندی خێزانە سروشتییەکانە، یاخود ئەگەر خۆت بەقووڵی بە گشتاندنەکەوە وابەستە بیت. بە ئەگەرێکی زۆرەوە توێژینەوەکە جیاوازییەکانی تر دەردەخات و تۆش دۆزینەوەی خێزانێکی سروشتی نوێ ڕادەگەیەنیت. یانیش لەوانەیە شکست بێنیت لە دۆزینەوەی ئەو جۆرە جیاوازانە و دواتر ڕایبگەیەنیت کە قووەیەکی ڕەش دۆزراوەتەوە. هەرچەندە سەرنجدان ناتوانێت ناچارت بکات بە پەسەندکردنی ئەنجامێکی هەڵە و ناوبەناو ئەگەر بتوانێت وابکات ئەوە زەرەرمەند دەبیت. ڕەچاوکردنە بیردۆزییەکان ڕەنگە ئەوە پیشان بدەن کە ڕەنگ بەتەنیا بەسە بۆ دیاریکردنی خێزانێکی سروشتی: باڵندەکە قوو نییە چونکە ڕەشە. یانیش هەر بەسادەیی لەوانەیە پرسەکە دوا بخەیت تا دۆزینەوە و لێکۆڵینەوە لە نموونەکانی تر. تەنها ئەگەر پێشتر خۆت پابەند کردبێت بە پێناسەیەکی تەواوی قوو، پێناسەیەک کە کارپێکردنی بەسەر هەرشتێک دەتوانیت بیری لێ بکەیتەوە دیار بکات، دەتوانیت بەشێوەیەکی لۆژیکی ناچار بکرێیت کە گشتاندنەکەت پووچەڵ بکەیتەوە. بۆچی دەبوو پێناسەیەکی لەمجۆرە پێشکەش بکەیت کە هیچ خزمەتی پڕۆسەی بیرکردنەوە ناکات و ڕووبەڕووی مەترسی گەورەت دەکاتەوە؟. بێ گومان خۆ خستنەبەر مەترسی هەمیشە گرنگە، بەڵام وتنی زیاتر لەوەی دەیزانیت تەنها لەبەر خاتری ئەوەی بڵێی خۆم داوەتە بەر مەترسی سەرشێتییە.
من پێشنیار دەکەم کە زانیاری زانستی لەم جۆرەیە ئەگەرچی لە ڕووی لۆژیکەوە ڕاستتر و ئاڵۆزترە. ئەو کتێب و مامۆستایانەی لێیانەوە وەرگیراوە، نموونەی بەرجەستە لەگەڵ کۆمەڵێک گشتاندنی بیردۆزی دەخەنە ڕوو. هەردووکیان حەمباڵی سەرەکیی زانست و زانیاریین، هەربۆیەش گەڕان بەدوای پێوەرێکی ڕێبازی کە پێی وایە زانایاکان پێشوەختە دەتوانن دیاری بکەن کە نموونەیەکی خەیاڵیکراو لەگەڵ بیردۆزەکە دەگونجێ یان ساختەیە، بێمانایە. ئەو پێوەرەی لەبن دەستیدایە چ ڕوون بێت، چ ناڕوون، بەسە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە تەنها بۆ ئەو بابەتانەی کە بەڕوونی دەگونجێن یان بەڕوونی دیارە کە پەیوەندیدار نییە. ئەمە ئەو بابەتانەن کە ئەو پێشبینیان دەکات، ئەو بابەتانەی کە بۆ زانیارییەکانی ئەو داڕێژراوە. بەڵام ئەگەر بێت و ڕووبەڕووی شتێکی چاوەڕواننەکراو بکرێنەوە، ئەوا هەردەم دەبێت لێکۆڵینەوەی زیاتر بکات بۆئەوەی بتوانێت زیاتر بیردۆزەکەی لەو بوارەدا بخاتە ڕوو کە کێشەی لێ دروست بووە. لەوانەیە ئەوکاتە لە بەرژەوەندیی بیردۆزێکی تر یان بۆ هۆکاری باش ڕەتی بکاتەوە. بەڵام هیچ پێوەرێکی لۆژیکی تایبەت ناتوانێ بەتەواوی ئەو ئەنجامە دیاری بکات کە دەبێت بیگەیەنێت.
چوارەم
نزیکەی هەموو ئەو شتانەی کە تا ئێستا باسکراون زەنگی گۆڕانکارین لەسەر یەک تەوەر. ئەو پێوەرەی زانایان لەڕێیەوە ڕەوایەتیی قسەیەک یان بەکارهێنانی بیردۆزێک کە هەیە دیاری دەکەن، تەنها بەس نییە بۆ دیاریکردنی هەڵبژاردنی نێوان دوو بیردۆزی پێشبڕکێکار بە گواستنەوەی تایبەتمەندییە هەڵبژێردراوەکانی لێکۆڵینەوەی ڕۆژانە بۆ ئەو زنجیرە ناوبەناوە شۆڕشگێڕییەی کە پێشکەوتنی زانستی تێیدا دیارە و دواتر پشتگوێ خستنی تەواوی پڕۆژە ڕۆژانەییەکان، هەڵەی کردووە. ئەو بەتایبەتی هەوڵی داوە کێشەی هەڵبژاردنی بیردۆز لە کاتی شۆڕشەکاندا بە پێوەرە لۆژیکییەکان چارەسەر بکات کە تەنها ئەوکاتە دەتوانرێ بەتەواوی کاری پێبکرێت کە بتوانرێت بیردۆزێک پێشوەختە گریمانە بکرێت. ئەمە گەورەترین بەشی تێزەکەمە لەم توێژینەوەیەدا و دەتوانێت تەواوی تێزەکە بێت ئەگەر بێت و من ڕازی ببم بە جێهێشتنی هەموو ئەو پرسیارانەی وروژێنراون بەکراوەیی. زاناکان چۆن هەڵبژاردن لەنێوان بیردۆزە پێشبڕکێکارەکان دەکەن؟ ئێمە چۆن دەتوانین لە شێوازی پێشکەوتنی زانست تێبگەین؟
با یەکسەر ڕوون بم، ئێستا کە ئەم سندووقی پاندۆرایەم کردەوە، پێویستە هەر زوو دایبخەمەوە. زۆر شت دەربارەی ئەم پرسیارانە هەیە من لێیان تێناگەم و ناشبێت وای پیشان بدەم. بەڵام باوەڕم وایە ئەو ئاراستەیە دەبینم کە دەبێت لەوێوە بەدوای وەڵامەکانیاندا بگەڕێین و بەکورتی بە هەوڵێک بۆ دیاریکردنی ڕێگایەک کۆتایی پێدێنم. لە نزیک کۆتاییەکەیدا جارێکی دیکە تووشی کۆمەڵێک دەستەواژەی تایبەتمەندی بەڕێز کارڵ دەبینەوە.
من دەبێت سەرەتا ئەو پرسیارە بکەم چی شتێک هێشتا پێویستی بە ڕوونکردنەوە هەیە. نە زاناکان دەربارەی سروشت ڕاستییەکە دەدۆزنەوە نە لە ڕاستییەکەش نزیک دەبنەوە. مەگەر بە سادەیی، وەک ئەوەی یەکێک لە ڕەخنەگرانم پێشنیار دەکات، نزیکبوونەوە لەڕاستی بە ئەنجامی هەرشتێک کە زاناکان ئەنجامی دەدەن پێناسە بکەین، ئێمە ناتوانین پێشکەوتن بەرەو ئەو ئامانجە دیاری بکەین. بەڵکوو ئێمە دەبێت ئەوە ڕوون بکەینەوە کە بۆچی زانست، دڵنیاترین نموونەی زانستی تەندروست، بەو شێوەی خۆی پێش دەکەوێت و دەبێت سەرەتا ئەوە بدۆزینەوە کە چۆن زانست لەڕاستیدا پێش دەکەوێت.
جێگەی سەرسوڕمانە هێشتا شتێکی کەم لەبارەی وەڵامی ئەو پرسیارە وەسفییە زانراوە. هێشتا بڕێکی زۆر لێکۆڵینەوەی ئەزموونی پێویستە. بە تێپەڕبوونی کات دیارە ئەو بیردۆزە زانستییانەی وەک گرووپێک وەرگیرابوون زیاتر و زیاتر دەخرێنە ڕوو. لە پڕۆسەکەدا، ئەو بیردۆزانە بە خاڵێکی زۆر و بەزیادبوونی وردبینی لەگەڵ سروشتدا یەک دەگرنەوە. یان دیسانەوە، ژمارەی ئەو بابەتانەی دەتوانرێت ڕێبازی چارەسەرکردنی مەتەڵیان بەسەردا جێبەجێ بکرێت، بەڕوونی لەگەڵ کاتدا گەشە دەکات. پەرەسەندنی بەردەوامی پسپۆڕییە زانستییەکان بەشێکی بەهۆی درێژکردنەوەی سنووری زانست و بەشێکی بەهۆی دابەشکردنی بوارەکانی ئێستا بوونی هەیە.
بەڵام ئەم گشتاندنە تەنها سەرەتایەکە، بۆ نموونە، ئێمە بەنزیکەیی هیچ نازانین سەبارەت بەوەی کە کۆمەڵە زانیارییەک چ قوربانییەک بۆ بەدەستهێنانی ئەو دەستکەوتانە دەدەن کە بیردۆزێکی نوێ بەبێ گۆڕان پێشکەشی دەکات. سەرنجی خۆشم هەرچەندە لەمەش زیاتر نییە، ئەوەیە کۆمەڵگەی زانستی بەدەگمەن یاخود هەرگیز باوەش بە بیردۆزێکی نوێدا ناکات مەگەر چارەسەری هەموو ئەو چەندێتی و مەتەڵە ژمارەییانەی کە لەلایەن بیردۆزی پێش خۆیەوە ئاماژەی پێدراوە بکات. لەلایەکی دیکەوە، ناوبەناو هێزی ڕوونکردنەوە دەکەنە قوربانی، هەرچەندە هەندێکجار بەدوودڵی پرسیارە پێشتر چارەسەرکراوەکان بەکراوەیی دەهێڵنەوە و هەندێجاریش بەتەواوی بەنازانستی دەیانناسێنن. ئەگەر بچینە سەر بوارێکی تر، ئێمە شتێکی کەم لەبارەی گۆڕانکارییە مێژووییەکانی یەکگرتوویی زانستەکانەوە دەزانین. سەرەڕای سەرکەوتنە ناوبەناوە سەرنجڕاکێشەکان، سنووری پەیوەندییەکانی نێوان زانستەکان خراپتر و خراپتر دەبێت. ئایا لەگەڵ تێپەڕبوونی کات ژمارەی دیدگا ناتەباکان کە لەلایەن ژمارەکی زۆر لە کۆمەڵەی پسپۆڕانەوە بەکار دێت گەشە دەکات؟ وەک ڕوونە یەکگرتوویی زانستەکان بۆ زاناکان بەهایەکە، بەڵام بۆچی وازی لێ دەهێنن؟ یان دیسانەوە، هەرچەندە بەڕوونی بەشێکی زۆری زانیاریی زانستی لەگەڵ کاتدا زیاد دەکات، بەڵام چی بڵێین دەربارەی نەزانی؟ ئەو کێشانەی لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا چارەسەرکران سەدەیەک بەر لە ئێستا وەک پرسیاری کراوە لەئارادا نەبوونە. لە هەموو سەردەمێکدا ئەو زانیارییە زانستییەی کە لە بەردەستدا بووە بەنزیکەیی هەموو ئەوشتانەی کە هەبووە بۆ زانین گرتۆتەوە و مەتەڵە بینراوەکانیشی تەنها لە ئاسۆی زانستی هەبوودا بەجێ هێشتووە. ئایا ناکرێت، یان تەنانەت ڕەنگە ئەگەری ئەوەش هەبێت، کە زانایانی هاوچەرخ کەمتر لەوەی کە زانایانی سەدەی هەژدەهەم لەبارەی جیهانەکەیانەوە دەیانزانی بزانن؟ دەبێت لە بیرمان بێت بیردۆزە زانستییەکان تەنها لێرە و لەوێ بەسروشتەوە دەلکێن. ئایا ڕەنگە کەلێنەکانی نێوان خاڵەکانی وابەستەبوون ئێستا گەورەتر و ژمارەیان زۆرتر بێت لە جاران؟
تا ئەو کاتەی نەتوانین وەڵامی پرسیاری زیاتری وەک ئەمانە بدەینەوە، بەتەواوی نازانین پێشکەوتنی زانستی چییە و هەر بۆیەش ناتوانین بەتەواوی هیوای ئەوەمان هەبێت کە ڕوونی بکەینەوە. لەلایەکی دیکەوە، وەڵامی ئەو پرسیارانە زۆر بەنزیکەیی ئەو ڕوونکردنەوانە دەستەبەر دەکات کە بەدوایدا دەگەڕاین. ئەم دووانە بەنزیکەیی بەیەکەوە دێن. هەر پێشتر پێویستە ئەوە دیار بێت کە دەبێت لە شیکردنەوەی کۆتاییدا ڕوونکردنەوەکە یان سایکۆلۆژی، یانیش کۆمەڵناسی بێت. واتە دەبێت وەسفێکی سیستەمی بەها بێت، ئایدۆلۆژیایەک بێت، بەیەکەوە لەگەڵ شیکردنەوەیەک بۆ ئەو دامەزراوانەی لەڕێیانەوە ئەو سیستەمە دەگوازرێتەوە و جێبەجێ دەکرێت. ئێستا کە دەزانین چی بۆ زاناکان بایەخدارە، ڕەنگە هیوامان ئەوەبێت تێبگەین چ کێشەیەک دەگرنە ئەستۆ و چ هەڵبژاردنێک دەکەن لە بارودۆخی تایبەتی ململانێدا. هەروەها من گومانم لە هەبوون و دۆزینەوەی وەڵامێکی تر هەیە.
بێ گومان ئەو شێوەیەی وەڵامەکە دەیگرێتە بەر شتێکی دیکەیە و لێرەشدا هەستی کۆنتڕۆڵکردنی بابەتەکەم کۆتایی دێت. بەڵام دووبارە، هەندێ نموونەی گشتاندنەکان ئەو جۆرە وەڵامانە دەخەنە ڕوو کە دەبێت بەدوایاندا بگەڕێین. بۆ زانایەک، چارەسەرکردنی چەمکێکی سەخت یاخود ئامرازێکی مەتەڵ، ئامانجێکی سەرەکییە. بە سەرکەوتن لەو هەوڵەدا زاناکە لەڕێی پیشاندانی پێزانین تەنها و تەنها لەلایەن ئەندامانی پیشەگەری تری گرووپەکە پاداشت دەکرێت. سوودی چارەسەرەکەش لە باشترین ڕەوشیدا بەهایەکی لاوەکییە و پەسەندکردنی لەلایەن کەسانی دەرەوەی گرووپی پسپۆڕییەکە بەهایەکی نەرێییە یان هەر هیچ بەهایەکی نییە و ئەم بەهایانە، کە زۆرشت بۆ دیاریکردنی شێوەی زانستی ئاسایی دەکەن، لەو کاتانەشی کە دەبێت هەڵبژاردن لەنێوان بیردۆزەکان بکرێت گرنگن. ئەو کەسەی وەک مەتەڵ چارەسەرکەر ڕاهێنراوە حەز بە پاراستنی هەرچی چارەسەری مەتەڵ کە پێشتر لەلایەن گرووپەکەیەوە بەدەست هێنراوە دەکات، هەروەها ئارەزووی ئەوە دەکات ژمارەی ئەو مەتەڵانەی دەتوانرێت چارەسەر بکرێن بگەیەنێتە بەرزترین ئاست. بەڵام تەنانەت ئەم بەهایانەش زۆرجار ناکۆکن و، هەندێکی تریش هەن کە هێشتا کێشەی هەڵبژاردن قورستر دەکەن. تەنیا لەم پەیوەندییەدا لێکۆڵینەوەیەک لەوەی زانایان دەستبەرداری چی دەبن لە هەمووی گرنگتر دەبێت. سادەیی، وردی و هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەو بیردۆزانەی لە پسپۆڕییەکانی تردا بەکار دەهێنرێت، هەموویان بەهایەکی بەرچاون بۆ زاناکان، بەڵام هەموویان هەمان هەڵبژاردن دیاری ناکەن و هەمووشیان بە هەمان شێوە جێبەجێ ناکرێن. بەو پێیەش، گرنگە یەکدەنگیی گرووپەکان بەهایەکی سەرەکی بێت و ببێتە هۆی ئەوەی گرووپەکە کەمترین کات ململانێ بکات و بەخێرایی سەبارەت بە یەک کۆمەڵە یاسا بۆ چارەسەرکردنی مەتەڵ یەک بگرێتەوە تەنانەت ئەگەر نرخەکەی، دابەشکردنی پسپۆڕییەکە یاخود دەرکردنی ئەندامێکی بەرهەمدار بێت.
من پێشنیار ناکەم کە ئەمانە وەڵامن بۆ کێشەی پێشکەوتنی زانستی، بەڵام ئەو جۆرە وەڵامانەن کە دەبێت بەدوایاندا بگەڕێین. ئایا دەتوانم هیوا بخوازم بەڕێز کارڵ لەگەڵمدا بێت لەم تێڕوانینەدا بۆ ئەو کارانەی کە هێشتا ماوە ئەنجام بدرێت؟ بۆ ماوەیەک پێم وابووە ئەو ڕازی نابێت، چونکە هەندێ دەستەواژە کە لە کارەکانیدا دووبارە دەبنەوە ڕێگریی گرتنەبەری ئەم هەڵوێستە پیشان دەدەن. ئەو دووبارە و دووبارە سایکۆلۆژی زانیاری یان "خودی" subjective ڕەت کردۆتەوە و لەجیاتی گرنگی بە "بابەتی" objective یان لۆژیکی زانیاری داوە. ناونیشانی سەرەکیترین کاری ئەو لە بوارەکەماندا بریتییە لە "لۆژیکی دۆزینەوەی زانستی" و لەم کارەیدا بەشێوەیەکی ئەرێیی جەخت لەوە دەکاتەوە ئەو لەخەمی پاڵنەرە لۆژیکییەکانی زانیاریدایە نەک پاڵنەرە دەروونییەکانی تاکەکان. هەتا بەم دوواییانەش پێم وابووە ئەم جۆرە تێڕوانینە بۆ کێشەکە ڕێگری لەوجۆرە چارەسەرە دەکات کە پشتگیرییم لێ کردووە.
بەڵام ئێستا کەمتر دڵنیام، لەبەر ئەوەی کارەکەی بەڕێز کارڵ لایەنێکی تری هەیە، کە زۆر تەبا نییە لەگەڵ ئەوەی پێش خۆی. کاتێک ئەو سایکۆلۆژی زانیاری ڕەت دەکاتەوە، نیگەرانیی ئەو تەنها بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو پەیوەندییانەیە کە لەسەر ڕێبازێک دەڕۆن و سەرچاوەی ئیلهامی تاکێک یان هەستی دڵنیایی تاکێکە. ناتوانم لەگەڵ هەموو ئەوەدا هاوڕا نەبم. بەڵام هەنگاوێکی دوور و درێژە لە ڕەتکردنەوەی تایبەتمەندییە دەروونییەکانی تاکەوە بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو توخمە باوانەی کە بەهۆی پەروەردەکردن و ڕاهێنانەوە لە ئەندامێتیی مۆڵەتپێدراوی گرووپێکی زانستیدا هان دەدرێن. پێویست ناکات یەکێکان لەگەڵ ئەوی تردا دوور بخرێتەوە و بەڕێز کارڵ-یش پێدەچێت هەندێجار هەست بەمە بکات. هەرچەندە ئەو پێداگری دەکات کە لەسەر لۆژیکی زانیاری دەنووسێت، بەڵام لە ڕێبازەکەیدا ڕۆڵێکی سەرەکی لەلایەن ئەو بڕگانەوە دەگێڕدرێت کە من تەنها دەتوانم وەک هەوڵێک بۆ چاندنی فەرمانە ئەخلاقییەکان لە ئەندامێتیی گرووپی زانستیدا بخوێنمەوە. من پێم وانییە دەبێ لە سەرکەوتنی زانست تێبگەین بە بێ تێگەیشتن لە هێزی ئەو یاسا هاوبەشانەی کە بە پیشەگەرییانە لەڕێی ڕەوانبێژییەوە هاتوون.
وای دانێ بەڕێز کارڵ دەنووسێت، "ئێمە بە ئەنقەست ژیانمان لەم جیهانە نەناسراوە کردووە بە ئەرکی خۆمان؛ بۆ خۆگونجاندنمان لەگەڵی هەتا دەتوانین؛ .... و ئەگەر بکرێت بە یارمەتیی یاساکان و بیردۆزەکانی ڕوونکردنەوە ئەم جیهانە ڕوون بکەینەوە (هەرچەندە نابێت پێمان وابێت دەتوانین ئەوە بکەین). ئەگەر ئێمە ئەوەمان کردووە بە ئەرکی خۆمان، کەوایە هیچ ڕێکارێکی ژیرانەتر جگە لە ڕێبازی گریمانە و هەڵوەشاندنەوە لەگۆڕێدا نییە: دەبێت بە بوێرییەوە بیردۆز پێشنیار بکەین و باشترین هەوڵی خۆمان بدەین بۆ پیشاندانی ئەوەی کە ئەمانە هەڵەن و بەشێوەیەکی کاتی قبوڵی ئەوە بکەین کە هەوڵە رەخنەییەکانمان سەرکەوتوو نەبوون. بەدامەزراوەیی کردن و زیاتر جەخت کردنەوە لەسەر ئەو جۆرە گوتە و بەهایانە ڕەنگە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنانەی کە نەدەتوانرا تەنها بە لۆژیک و تاقیکردنەوە دیاری بکرێت ڕوون بکاتەوە. ئەو ڕاستییەی کە ئەو بڕگانە شوێنێکی سەرەکی لە نووسینەکانی بەڕێز کارڵ-دا داگیر دەکەن بەڵگەیە لەسەر لێکچوونی تێڕوانینەکانمان. بەڵام پێم وایە ئەوهەرگیز وەک فەرمانە کۆمەڵایەتی-دەروونییەکان نایانبینێت کە ئەمەش بەڵگەی زیاتر لەسەر جیاوازیی دیدگاکانمان کە هێشتا بە قووڵی دابەشمان دەکات بەدەست دەخات.
Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved