نووسینی: کارڵ پۆپەر
وەرگێڕ: پ.د. ئازاد حەمە شەریف
مامۆستای زانکۆی پۆلی تەکنیکی هەولێر
کاتێک لیستی بەشداربووەکانی ئەم کۆرسەم وەرگرت و لەوە تێگەیشتم من داوام لێکراوە لەگەڵ ھاوکارە فەلسەفییەکانم قسە بکەم، دوای ھەندێک دوودڵی و دڵنەوایی، بەوە گەیشتم ڕەنگە ئێوە پێتان باشتر بێت من باسی ھەندێک کێشەی وا بکەم خۆم پتر حەزم لێیان بێت و دەربارەی ئەو گەشەکردنانە بدوێم زۆر بەنزیکییەوە پێیان ئاشنام. بۆیەش من بڕیارم دا شتێک بکەم پێشتر نەمکردبێت: ڕاپۆرتێکتان پێشکەش بکەم لەبارەی کارکردنی خۆم لە بواری فەلسەفەی زانستدا، ئەو ڕاپۆرتەی ھەر لەوەتەی پاییزی ساڵی ١٩١٩ەوە پێیەوە خەریکم کاتێک بۆ یەکەمجار ئامبازی ئەو کێشەیە بوومەوە، "ئاخۆ کەی تیۆرییەک بە زانستی دادەنرێت؟" یاخود "ئایا پێوانەیەک بۆ ئاکاری زانستی یان بارودۆخی تیۆرییەک بوونی ھەیە؟"
ئەو کێشەیەی ئەو کات گرفتاری دەکردم نە "کەی تیۆری ڕاستە؟" و نە "کەی تیۆرییەک پەسەندە؟" بوو؛ کێشەی من جیاواز بوو. من ئومێدەوار بووم زانست و گەندەزانست (زانستی ساختە) لێک جیا بکەمەوە؛ ئەوەشم دەزانی زانست زۆرجاران ھەڵە دەکات، ھەروا ڕەنگە گەندەزانست سەرسمکی بەر ڕاستی بکەوێت.
ھەڵبەتە، من وەڵامە ھەرە باوە پەسەندکراوەکەم دەزانی: دەمزانی زانست لە گەندەزانست -- یان لە "میتافیزیک" بەھۆی میتۆدە ئەزمونگەرییەکەی جیا دەبێتەوە -- ئەو میتۆدەش لەبنەڕەتەوە لێی ھەلێنجراوە، ئەویش لە ئەنجامی سەرنجدان یاخود ئەزموونکارییەوە پەیدا دەبێت. بەڵام بەمەیان دڵم ئاوی نەخواردەوە. بەڵکوو بەپێچەوانەوە، من زۆرجاران کێشەکەی خۆمم وەکو جۆرێک لە لێکجیایی لەنێوان میتۆدی ئەزموونکاری ڕاستەقینە و نا ئەزموونکاری یان تەنانەت میتۆدی گەندە ئەزموونکارییانە ئامادە کردووە -- واتە، میتۆدێکە ئەگەرچی مەیلدارە بۆ سەرنجدان و ئەزموونکاری، کەچی ناگاتە ئاستی زانستی. میتۆدەکەی دواییان ڕەنگە نموونەی ئەستێرەوانی بۆ بھێنرێتەوە، لەپاڵ بەڵگەی زۆر و زەبەندی ئەزموونکاری کەوا بناغەی لەسەر سەرنجدان -- چارەنووس دیاریکردن لەڕێگای ئەستێرەوانی و ژیاننامە داناوە.
بەڵام چونکە نموونەی ئەستێرەوانی نەبوو منی بەرەو لای کێشەکەم ئاراستە کرد، ڕەنگە پێویست بکات ئەو کەشوبایەی کێشەکەم لێیەوە سەری ھەڵدا و ئەو نموونانەش کەوا بەھۆی ئەمەوە کێشەکە ورووژێنرا باس بکەم. دوای ڕووخانی ئیمپراتۆڕییەتی نەمساوی شۆڕشێک لە نەمسا بەرپا بوو: کەشوبایەکە پڕی دروشم و بیرۆکەی شۆڕشگێڕانە و تیۆری نوێ و زۆرجاران کێویانە بوو. لەنێوان ئەو تیۆرییانەی من حەزم لێیان بوو بێ گومان تیۆری ڕێژەیی ئاینشتاین تاڕادەیەکی زۆر گرنگترینیان بوو. سێیەکانی دیکە بریتی بوون لە تیۆری مێژووی مارکس و دەروونشیکاری فرۆید و تیۆرییەکەی ئەلفرێد ئەدلەر بوو بە ناوی "دەروونناسیی تاک".
زۆر قسەی بێمانا لەبارەی ئەم تیۆرییانەوە کران ، بەتایبەتیش لەبارەی تیۆری ڕێژەییەوە (وەک چۆن ھێشتا ئەمڕۆش ھەروایە)، بەڵام من بەختم ھەبوو لەو کەسانەی ئەو تیۆرییەیان بە من ناساند. ئێمە ھەموومان -- ئەو چەند قوتابییە کەمانەی من سەر بەوانم -- زۆر بە ئەنجامی سەرنج و تێڕامانەکانی ئێدینگتن لەبارەی مانگ/ڕۆژگیرانەوە سەرسام بووین،؛ ئەو تێڕامانانەی لە ساڵی ١٩١٩دا یەکەمین سەلماندنی بایەخداری لەبارەی تیۆری ھێزی ڕاکێشانی ئاینشتاین چەسپاند. ئەمە ئەزموونێکی گرنگ بوو بۆ ئێمە و یەکێکیش بوو لەو شتانەی کاریگەرییەکی درێژخایەنی لەسەر گەشەکردنی ھزری من ھەبوو.
ئەو سێ تیۆرییانەی پێشتر باسم کردن ئەوانیش زۆر بە بەربڵاوی لەناو قوتابیانی ئەو ڕۆژگارە گفتوگۆیان لەسەر دەکرا. من خۆم وام بۆ ڕەخسا پەیوەندی تایبەتییم لەگەڵ ئەلفرێد ئەدلەر ھەبێت، تەنانەت ھاریکاریشی بووم لە کارە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو لەناو منداڵان و گەنجانی ناوچەکانی چیینی کرێکاران لە ڤییەنا، ئەو شوێنەی ئەو سەردانگەکانی ڕێنماییکردنی کۆمەڵایەتی تێدا دامەزراندبوو.
ھاوینی ساڵی ١٩١٩ بوو وام لێھات لەبارەی ئەو سێ تیۆرییانەوە زیاتر و زیاتر ھەست بە نائاسوودەیی بکەم -- تیۆری مێژوویی (مارکس) و دەروونشیکاری و دەروونناسیی تاک؛ جا کەوتمە گومانکردن لە قسەکانیان لەبارەی ڕەوشی زانست. ڕەنگە یەکەمجار کێشەکەی من بەو شێوە ساکارە بوو بێت، "ئایا مارکسیزم و دەروونشیکاری و دەروونناسیی تاک چ ھەڵەیەکیان تێدایە؟ بۆچی ئەوان ئەوەندە دوورن لە تیۆرییەکانی فیزیکییەوە -- دوورن لە تیۆری (نیوتن)، بەتایبەتیش لە تیۆری ڕێژەیی؟"
بۆ ئەوەی ئەو دژبەیەکییە ڕوون بکەمەوە دەبێ ئەوە شرۆڤە بکەم کەوا ھەندێک کەسی کەم لە ئێمە ئەوسا دەیانگوت بڕوایان بە تیۆری ڕاکێشانی ئاینشتاین ھەیە. ئەمەش ئەوە پیشان دەدات کەوا گومانکردنی من لە ڕاستیی سێ تیۆرییەکانی دیکە نەبوو بێزاریان دەکردم، بەڵکوو لەبەر شتێکی دیکە بوو. ھەروا لەبەر ئەوەش نەبوو لەلای من فیزیای بیرکاری نزیکەی لە جۆری تیۆری کۆمەڵناسی و دەروونناسی پێ وردتر بوو. بۆیە، بەلای کەم ئەوەی لەو قۆناغەدا، نیگەرانی دەکردم نە کێشەی ڕاستی و نە کێشەی وردێتی یان پێوانەکاری بوو. بەڵکوو من زیاتر ھەستم بەوە دەکرد سێ تیۆرییەکەی دیکە، ئەگەرچی وەکوو زانست سەریان ھەڵدابوو، لەڕاستییدا زۆرتر لەگەڵ ئەفسانەی سەرەتایی نەک زانست ھاوبەشییان ھەبوو؛ ئەوان زیاتر بە ئەستێرەوانی نەک ئەستێرەناسی دەچوون.
من گەیشتم بەوەی ھەندێک لەو ھاوڕێیانەی بە مارکس و فرۆید و ئەدلەرەوە دڵبەند بوون، ئەوان بە ھەندێک خاڵی ھاوبەشی ئەو تیۆرییانەوە کاریگەر بووبوون، بەتایبەتیش بە ھێزی ڕوونکردنەوەی دیاری ئەوان. ئەو تیۆرییانە وا دەردەکەوتن دەتوانن بەشێوەیەکی کرداری شرۆڤەی ھەموو شتێکی ئەو بوارانەی ئاماژەیان بۆ دەکردن بکەن. لێکۆڵینەوە لە ھەر کامێکیان واپێدەچوو کاریگەری بەسەر وەرگەڕانی ھزری یاخود ئاشکراکاری ھەبێت، ئەمەش چاوەکانت لەبەرانبەر ڕاستییەکی نوێی شاراوەی ھێشتا دەرنەخراو دەکاتەوە. جا کاتێک چاوەکانت بەمجۆرە کرانەوە، تۆ نموونەی سەلمێنراو لە ھەموو جێگایەک دەبینیت: دنیا پڕ دەبێت لە ڕاستاندنی تیۆرییەکە. ھەر شتێکیش ڕوو بدات ئەوا ھەمیشە ڕاستیی تیۆرییەکە دەسەلمێنێت. جا ئاوەھا ڕاستیی تیۆرییەکە دەردەکەوێت؛ خۆ باوەڕنەکەرانیش بەڕوونی خەڵکانێکن نەیانەوێت ڕاستییە ئاشکراکە ببینن؛ ھەر بۆیەش ئەوان ڕەتی دەکەنەوە، چونکە یان دژی بەرژەوەندیی چینایەتییانە، یاخود لەبەر ئەو سەرکوتکارییانەیانە ھێشتا "شی نەکراوەتەوە" و بە دەنگی بڵند داوای چارەسەرکردنیان دەکرێت.
پێدەچوو ڕەگەزی ھەرە تایبەتمەندی ئەو بارودۆخە بۆ من تەوژمێکی نەبڕاوەی سەلماندن و سەرنجکاری بوو بێت کەوا "ڕاستێتیی" تیۆرییە بەردەستەکانی دەسەلماند؛ جا ئەم خاڵە سەرلەبەر لەلایەن پشتیوانانییەوە جەخت دەکرایەوە. کەسێکی مارکسی ناتوانێت ڕۆژنامەیەک بکاتەوە بەبێ ئەوەی لەسەر ھەر لاپەڕەیەک ئەوە بدۆزێتەوە کەوا بەڵگەی سەلماندنن بۆ لێکدانەوەی مێژوو؛ نەک تەنھا لە ھەواڵەکاندا، بەڵکوو لە خستنەڕووی ھەواڵیشدا -- ئەمەش لایەنگیری چینایەتیی ڕۆژنامەکە ئاشکرا دەکات -- بەتایبەتیش ھەڵبەتە ئەوەی ڕۆژنامەکە نەیگوتووە. شیکارکارە فرۆیدییەکان جەختیان لەوە دەکردەوە تیۆرییەکانییان سەرلەبەر لەڕێگای "سەرنجکارییە ڕوانینگەییەکانەوە" دەسەلمێنرێت. ھەرچی ئەوەی ئەدلەریشە، من لەبەر ئەزموونێکی تایبەت بە خۆم زۆر پێیەوە کاریگەر بووم. جارێکیان لە ساڵی ١٩١٩دا من ڕاپۆرتم لەبارەی کێشەیەک کەوا بەتایبەتی ئەدلەرییانە دەرنەدەکەوت بۆ ئەو نووسی، بەڵام ئەو ھیچ زەحمەتییەکی لەوەدا نەبینی کێشەکە بەگوێرەی ھەستی خۆبەکەمزانی لێک بداتەوە، ئەگەرچی ئەو تەنانەت ھەر ھیچ منداڵەکەشی نەبینیبوو. ئەوەی ھێدمەگیری کردم، ئەوە بوو من لێم پرسی نازانم چۆنە ئەو ئەوەندە لەمە دڵنیایە. ئەو وا وەڵامی دامەوە "لەبەر ئەوەی ھەزارجار ئەزموونی وام ھەبووە،" و منیش نەمتوانی نەڵێم، "لەگەڵ ئەم کێشە نوێیە، ئەزموونەکەت وا بووە ھەزار و یەکەمین جار".
ئەوەی من لە مێشکمدا بوو ئەوە بوو سەرنجکارییەکانی پێشووشی ڕەنگە لەو سەرنجە نوێیەی ڕاست و دروستتر نەبن؛ ئەوەش چونکە ھەر یەکێک لە سەرنجەکانی لەبەر ڕۆشنایی "ئەزموونی پێشوو"ی لێکدراونەتەوە و لە ھەمان کاتیشدا بە سەلماندنی سەربار ئەژمار کراون. من لە خۆمم پرسی، ئەوانە چ دەسەلمێنن؟ ئەوان ھیچ لەوە زیاتر ناسەلمێنن کەوا دەکرێ کێشەیەک لەبەر ڕۆشنایی تیۆرییەک لێک بدرێتەوە. من وام بیرکردەوە، بەڵام ئەوە مانای زۆر کەم بوو، چونکە ھەموو کێشەیەکی درک پێکراو دەکرێت لەبەر ڕۆشنایی تیۆری ئەدلەر، یان بەھەمان شێوە ھی فرۆید لێک بدرێتەوە. من ڕەنگە ئەمە بە دوو نموونەی جیاوازی ڕەفتاری مرۆڤ ڕوون بکەمەوە: بەوەی کەسێک منداڵێک بۆ ناو ئاو پاڵ پێوە دەنێت بە مەبەستی خنکاندنی؛ بەوەی کەسێک ژیانی خۆی دەکاتە قوربانی لەپێناو ڕزگارکردنی منداڵەکە. ھەردوو ئەو کێشانە دەکرێت بە ھەمان شێوەی ئاسان بە تێڕوانینی فرۆیدیانە و ئەدلەریانە شرۆڤە بکرێن. بەگوێرەی لێکدانەوەی فرۆید، کەسی یەکەم بەدەست چەپاندنەوە دەناڵێنێت (با بڵێین، بە ھۆی ھەندێک ئاڵۆزی گرێی ئۆدیپ)یانەوە، کەچی کەسی دووەم گەیشتۆتە ئاستی باڵابوون یان ھەڵکشان. بەگوێرەی ئەدلەر، کەسی یەکەم بەدەست ھەستەکانی خۆبەنزم زانییەوە دەناڵێنێت (ئەوەش لەوانەیە ئەو پێویستییەی تێدا بەرھەم بێنێت تا بۆ خودی خۆی ئەوە بسەلمێنێت دەوێرێت تاوانێک ئەنجام بدات)، کەسی دووەمیش ھەمان کار دەکات (چونکە پێویستی بەوەیە بۆ خودی خۆی ئەوە بسەلمێنێت دەوێرێت منداڵەکە ڕزگار بکات). من ناتوانم بیر لە ھیچ ھەڵسوکەوتێکی مرۆڤ بکەمەوە نەکرێت بە پێی ھەردوو تیۆر لێک بدرێنەوە. ڕێک ھەر ئەو ڕاستییە بوو -- کەوا ھەمیشە لەگەڵی ڕێک دێتەوە و ھەمیشە ڕاستی دەسەلمێنێت -- ئەمەش وای کردووە لەبەرچاوی ئەوانەی بەوانەوە دڵبەندن بەھێزترین وتووێژ لە بەرژەوەندیی ئەو تێۆرییانە پێک دەھێنن. جا ئەوە لای من ڕوون بۆوە ھێزە دیارەکە لەڕاستییدا بیھێزیی ئەوان دەردەخات.
ھەرچی تیۆرییەکەی ئاینشتاینە، ئەوا بارودۆخەکە لەگەڵیدا یەگجار جیاوازە. با نموونەیەکی تایبەتی وەربگرین -- پێشبینییەکەی ئاینشتاین، تەنیا ھەر ئەو کات لەڕێگەی دۆزینەوەکاری گەشتەکەی ئێدینگتنەوە سەلمێنرا. تیۆری ھێزی ڕاکێشانی ئاینشتاین بووە ھۆی گەیشتن بەو ئەنجامەی دەبێت ڕۆناکی لەلایەن تەنە قورسەکانەوە (وەکوو خۆر) ڕابکێشرێت، ڕێک وەکوو ئەوەی چۆن تەنە مادییەکان ڕادەکێشرێن. وەکوو دەرەنجامێکی ئەمەش دەکرێت وا ئەژمار بکرێت ڕۆناکی لە ئەستێرەیەکی نەجوولاوی دوورەوە، ئەوەی جێگە دیارەکەی لە خۆرەوە نزیکە لەو ئاڕاستەیەوە دەگاتە زەوی کەوا ئەو ئەستێرەیە کەمێک لە خۆر لایداوە؛ یان بە واتایەکی دیکە، دەتوانین بڵێین ئەو ئەستێرانەی لە خۆرەوە نزیکن وا دەردەکەون وەک بڵێی کەمێک لە خۆر، ھەروەھا لە یەکتریش دوور کەوتبنەوە. ئەمە شتێکە ناتوانرێت بە شێوەیەکی ئاسایی ببینرێت، چونکە ئەو ئەستێرانە لە کاتی ڕۆژدا بەھۆی گەشی تیشکی خۆرەوە نابینرێن؛ بەڵام لە کاتی خۆرگیراندا دەتوانرێت وێنەی ئەوان بگیرێت. جا ئەگەر وێنەی کۆمەڵە ئەستێرەیەک لە کاتی شەودا بگیرێت، مرۆڤ دەتوانێت دوورییەکەی نێوانیان لەو دوو وێنە گیراوانە بپێوێت و ئەنجامە پێشبینیکراوەکە لێک بداتەوە.
ئێستا شتە سەرنجڕاکێشەکەی ئەم کێشەیە لەو مەترسییە دایە کەوا پێشبێنی لەو جۆرەی بۆ دەکرێت. جا ئەگەر سەرنجکارییەکە وای دەرخست کەوا ئەنجامە پێشبینیکراوەکە بەتەواوی نادیارە، ئەوسا تیۆرییەکە بەساکاری ڕەت دەکرێتەوە. چونکە تیۆرییەکە لەگەڵ ھەندێ لە ئەنجامە شیاوەکانی سەرنجکاری ناگونجێت -- لەڕاستیشدا لەپاڵ ئەو ئەنجامانەی ھەموو کەسێک پێش ئاینشتاین چاوەڕوانی دەکرد. ئەمە بەتەواوی لەو بارودۆخەی پێشتر باسم کردبوو جیایە، کاتێک وا دەرکەوت تێۆرییە قسەلەسەرکراوەکان لەگەڵ ھەڵسوکەوتە جیاوازە ھەرە چاوەڕواننەکراوەکانی ھەڵسوکەوتی مرۆڤ ڕێک دێنەوە، بەجۆرێک کەوا بەکردەیی ئەستەمە بتوانرێت ھیچ ھەڵسوکەوتێکی باسکراوی مرۆڤ نەکرێت نەگوترێت ئەوە ڕاستاندنی ئەو تیۆرییانەیە.
ئەو لێوردبوونەوانە لە زستانی ساڵی ١٩١٩-١٩٢٠دا منی بەو ئەنجامگیرییە گەیاند و ڕەنگە ئێستا بتوانم بەمجۆرەی خوارەوە دایانبڕێژمەوە.
مرۆڤ دەتوانێت ھەموو ئەو قسانە بەو جۆرە پوخت بکاتەوە کەوا پێوەری پایەی زانستی تیۆرییەک بەدرۆخستنەوە، یان ڕەتکردنەوە، یان تاقیکردنەوەیەتی.
II
ڕەنگە من نموونە بۆ ئەوە لەڕێگای چەندین تیۆری کەوا تا ئێستا باسم کردوون بھێنمەوە. تیۆری ھێزی ڕاکێشانی (ئاینشتاین) بەڕوونی پێوەری ساختەیێتی تێر دەکات. ئەگەر ئامرازەکانی پێوانی ئێستاش ڕێگەمانی نەدابێت ئەنجامی ئەو تاقیکردنەوانە بەدڵنیاییەکی تەواوەوە دەرببڕین، خۆ بەڕوونی شیمانەی ڕەتکردنەوەی تیۆرییەکە لە ئارادا بووە.
ئەستێرەوانی لە تاقیکردنەوەکەدا دەرنەچوو. ئەستێرەوانەکان بە شێوەیەکی مەزن کاریگەر بوون، بەھەڵەدابران، بەو بەڵگانەی پێیان وابووە بەڵگەی سەلمێنەرە -- تا ئەو ڕادەیەی ئەوان بەتەواوی گوێنەدەر بوون بە ھەر بەڵگەیەکی نەگونجاو. وێڕای ئەمەش، ئەوان بەوەی لێکدانەوە و پێشبینییەکانیان زۆر ئاڵۆز کردبوو، دەیانتوانی ھەر شتێک ببێتە مایەی ڕەتکردنەوەی تیۆرییەکە لێک بدەنەوە ئەگەر تیۆری و پێشبینییەکانیان وردتر بوونایە. جا بۆ ئەوەی خۆیان لە بەدرۆخستنەوە لابدەن ئەوان تاقیکاریەتی تیۆرییەکەی خۆیان تێک شکاند. فڕوفێڵێکی نموونەیی فاڵگرەوەکان ئەوەیە پێشبینی شتەکان ئەوەندە بە ئاڵۆزی دەکەن کەوا سەخت بێت پێشبینییەکان ناسەرکەوتوو بن یان ڕەت بکرێنەوە.
تیۆری مێژووی مارکسی، سەرەڕای ھەوڵە جەرگسۆزانەییەکانی ھەندێک لە دامەزرێنەران و دواکەوتەکانی، لە کۆتاییدا ئەو کردە فاڵگرەوەییانەی بەخۆوە گرت. لە ھەندێک داھێنراوە زووەکانیاندا (بۆ نموونە، لە شیکردنەوەی مارکس بۆ ئاکاری "شۆڕشی کۆمەڵایەتیی داھاتوو") پێشبینییەکانیان تاقیکارانە بوو، بەڵام لەڕاستیدا ساختە بوو. کەچی دواکەوتەکانی مارکس لەجیاتی ئەوەی ئەو ڕەتکردنەوانە پەسەند بکەن کەوتنە سەرلەنوێ لێکدانەوەی ھەم تیۆرییەکە و ھەم بەڵگەکە بۆ ئەوەی لەگەڵ یەکتریان بگونجێنن. ئەوان بەمجۆرە تیۆرییەکەیان لە ڕەتکردنەوە ڕزگار کرد؛ بەڵام ئەوەیان لەسەر حیسابی بەخۆوەگرتنی ئامرازێک کرد کەوا ڕەت نەکرێتەوە. ئەوان ئاوەھا "بادانەوەی نەرێتکارییانە"یان بە تیۆرییەکە بەخشی؛ جا بەم فڕوفێَڵە ئەوان دواپایەی زانستی زۆر بانگەشە بۆکراوەکەی خۆیان تێکوپێک دا.
ھەردوو تیۆرییە دەروونشیکارییەکان لە بارێکی جیاواز دابوون. ئەوان بەشێوەیەکی ساکار تاقیکارییانە نەبوون، ڕەتنەکراوە بوون. ھیچ ھەڵسوکەوتێکی مرۆڤانەی وا نەبوو بتوانێت پێچەوانەی ئەوان بوەستێتەوە. ئەمە مانای ئەوە نەبوو فرۆید و ئەدلەر ھەندێک شتیان بە ڕاست و دروستی نەدەبینی؛ من خۆم گومانم لەوە نییە کەوا زۆرێک لەو شتانەی ئەوان دەیڵێن گرنگییەکی بەرچاویان ھەیە، جا لەوانەیە ڕۆژێک دابێت ئەوانە بەباشی ڕۆڵی خۆیان لە زانستی دەروونناسی کەوا بوارێکی تاقیکارییانەیە ببینن. بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە ئەو "سەرنجکارییە روانینگەییانە"ی شیکەرەوەکان بە ساویلکەییەوە بڕوایان وایە تیۆرییەکەیان دەسەلمێنێت ناتوانێت پتر لەو سەلماندنە ڕۆژانەییانەی ئەستێرەوانەکان لە کارەکانیاندا دەیدۆزنەوە بکەن. خۆ سەبارەت بە داستانی (من و بەرزە من و ئەو (the Ego, the Super-ego, and the Id)ی فرۆید ناکرێت ھیچ داواکارییەکی بەھێزتر بۆ پایە زانستییەکەی بکرێت کەوا بۆ ھەقایەتە کۆکراوەکانی ئۆلیمپەسی ھۆمیرۆس دەکرێت. ئەو تیۆرییانە باسی ھەندێک ڕاستی، بەڵام بەشێوازی ئەفسانە دەکەن. ئەوان پێشنیاری دەروونیی زۆر خۆشییان تێدایە، بەڵام بەشێوەیەکی تاقیکارییانە نین.
لە ھەمان کاتیشدا، من بەوە گەیشتم کەوا ئەو جۆرە ئەفسانانە ڕەنگە گەشە بکەن و ببن بە بابەتی تاقیکاری؛ جا ئەگەر بەجۆرێکی مێژوویی قسە بکەین ھەموو -- یان نزیکەی ھەموو -- تیۆرییە زانستییەکان لە ئەفسانەوە پەیدا دەبن، ھەروا لەوانەیە ئەفسانەیەک پێشبینیەکی گرنگی تیۆری زانستی تێدا بێت. نموونەکانیش بریتین لە تیۆری گەشەکردن لەڕێگای تاقیکردنەوە و ھەڵەکردنەوە، یان ئەفسانەی باڕستی گەردوونیی نەگۆڕ کەوا ھیچ شتێک تێیدا ھەرگیز ڕوو نادات و ئەگەر ڕەھەندێکی دیکەی بۆ زیاد بکەین، ئەوا دەبێتە باڕستی گەردوونیی ئاینشتاین (کەوا لەویشدا ھەرگیز ھیچ ڕوو نادات، لەبەرئەوەی ھەموو شتێک ، ئەگەر بە چوار ڕەھەندییانە قسە بکەین، ھەر لە سەرەتاوە چارەنووسی دیاریکراوە و دانراوە). جا من بەمجۆرە ھەستم بەوە کرد ئەگەر تیۆرییەک دەرکەوت نازانستییە، یان "میتافیزیکییە" (وەک ڕەنگە وا بڵێین)، لەسەر ئەمە ناکرێت وا دەربخەین کەوا ناگرنگە، یان بێبەھایە، یاخود "بێمانا"یە، یان "فشەیە". بەڵام ناتوانێت بانگەشە بۆ پشتگیریی ئەزموونی بە واتای زانستی بکات -- ئەگەرچی ڕەنگە بەئاسانی، لە ھەندێک لایەنی پێکھاتەی ناوەکییەوە، "ئەنجامی سەرنجکاری"یش بێت.
(ژمارەیەکی مەزن لە تیۆری دیکەی خاوەن ئاکاری پێش زانستی و گەندەزانستی ھەبوون؛ ھەندێک لەوانە، بەداخەوە، ھێندەی لێکدانەوەی مارکسی بۆ مێژوو کاریگەر بوون، بۆ نموونە، لێکدانەوەی ڕەگەزپەروەری بۆ مێژوو -- کەوا ئەویش تیۆرییەکە لەو تیۆریانەی ھەم کارتێکەر و ھەمە شێکەرەوەیە و وەکو جۆرێک لە ئاشکراکاری لەسەر مێشکە بێھێزەکان کار دەکات.)
ئا بەمجۆرە ئەو کێشەیەی من ویستم چارەسەری بکەم بە ھێنانەپێشەوەی پێوەری ساختەکاری، ئەوە نە کێشەی بێمانایی یان بەھاداری، نە کێشەی ڕاست و دروستی یان پەسندێتی بوو. ئەوە کێشەی کێشانی ھێڵێک بوو (ھەروا دەکرێت ئەمەش بکرێت) لەنێوان گوتەکان، یاخود سیستەمی گوتەکانی زانستە ئەزموونگەرییەکان، ھەروەھا لەگەڵ ھەموو گوتەکانی دیکە -- جا ئەوان خاوەن ئاکاری ئایینی یان میتافیزیکی بن، یاخود بە ساکاری گەندەزانستی بن. ساڵانێک دواتر -- دەبێت لەنێوان ساڵانی ١٩٢٨ یان ١٩٢٩ دا بوو بێت -- من ناوم لەو یەکەمین کێشەیەی خۆم نا "کێشەی سنووردانان". پێوەری ساختەکاری بۆ ئەم کێشەیەی سنووردانان چارەسەرە، چونکە ئەو دەڵێت گوتەکان یان سیستەمی گوتەکان، بۆئەوەی لە پایەی زانستی دابنرێن، گەرەکە توانایی ململانێیان لەگەڵ سەرنجکارییە شیاوەکان یان بینراوەکاندا ھەبێت.
* ئەم پارچە نووسینە لەبنەڕەتدا لە کتێبی "مەزەندە و ڕەتکردنەوە"ی (ساڵی (١٩٦٣)دا بڵاوکراوەتەوە.
** ئەم بابەتە لەم سەرچاوەوە وەرگێڕدراوە:
Karl Popper, Conjectures and Refutations, London: Routledge and Keagan Paul, 1963, pp. 33-39; from Theodore Schick, ed., Readings in the Philosophy of Science, Mountain View, CA: Mayfield Publishing Company, 2000, pp. 9-13.
Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved