پوختە:
ئەم توێژینەوەیە، بەراوردکردنی ڕەوشی کارکردن و چەمکە سەرەکییەکانی نێوان دوو جۆر تێگەیشتنە لە بوون و ژیان، توێژینەوەیەکی بەراوردکارییانەیە تا لە سروشتی پەیوەندیی نێوان زانست و ئایین تێبگەین، دەستپێک و مێژوویان، ڕاڤەیان بۆ بوون و میتۆدی کارکردنیان و ئەرکیان و ئامانجیان.
وشە کلیلییەکان: ئایین، فەلسەفە، زانست، زانستی ئەزموونگەری، میتافیزیکا.
پێشەکی:
پەیوەندیی نێوان ئایین و زانست، بابەتێکی فرە ڕەهەندی مێژوویی و کولتووریی قوڵە و مقۆمقۆی زۆری لە سەردەمە جیاوازەکاندا بەخۆوە بینییوە و درێژ دەبێتەوە بۆ چەندین سەدە لە گەشەی فیکری و کۆمەڵایەتی؛ لای هەندێک کارلێک هەیە لەنێوان زانست و ئاییندا و لای هەندێکی دیکەش وەک دوو هێزی دژبەیەک دەخرێنە ڕوو، هەردووکیان گێڕانەوەی خۆیان هەیە بۆ سروشتی بوون و ژیان.
ئەم توێژینەوەیە پەیوەندیی نێوان ئایین و زانست لە چەند ڕەهەندێکەوە بنکۆڵ دەکات : لە دەستپێکدا لەبەر ئەوەی فەلسەفە دایکی زانستەکانە، باسی پەیوەندیی نێوان فەلسەفە و ئایین دەکەین لە ڕۆژئاوا، چونکە فەلسەفە یۆنانی و ڕۆژئاواییە و دواتر لە ململانێی نێوان زانست و ئایین دەدوێین هەر لە ڕۆژئاوا، پاشان ئەم بابەتە جارێکی تر دەهێنینەوە، بەڵام ئەمجارە بۆ جیهانی ئیسلامی و هەر لێرەش باسی چۆنییەتی و هۆکاری بیدعەیەک دەکەین کە پێی دەوترێت ئیعجازی زانستی لە قورئاندا. وەک لایەنی تیۆری باس لەو چەمکە گرنگانە دەکەین کە توڵ و پێوەری کاری زانستین و لە ئاییندا بوونیان نییە و لە کۆتاییدا هەندێ زانستی سەربەخۆ ئاماژە پێ دەدەین کە چۆن لەگەڵ گێڕانەوەی ئایینیدا تەواو دژ دێنەوە، لەگەڵ خستنەڕووی ئەنجامی توێژینەوەکەمان.
سەربوردێکی چەمکە کلیلییەکانی نێو توێژینەوەکە:
گشت چەشنەکانی بیرکردنەوە، لە ئایینی ،فەلسەفی، زانستی و ئەوانی دیکەش، پەیوەندییەکی تەنگاوتەنگیان پێکەوە هەیە، لە کار لەیەککردن تا بەریەککەوتن، لە هاوسەردەمبوون تا تێپەڕاندن و بەجێهێشتن، بەڵام سەردەستبوونی یەکێکیان، مانای قڕان و تۆوبڕانی ئەوەی دیکە نییە و زۆرجار لە پەراوێزدا دەمێنێت و لەوانەشە هەلومەرجی ئەقڵی و مەعریفیی مرۆڤەکان جارێکی دی بیهێنێتەوە.
ڕەنگە تا هەنووکەش، زیندووترین پۆڵێن بۆ سەردەم و مێژووی چەشنەکانی بیرکردنەوە، پۆڵێنەکەی کۆمەڵناس و فەیلەسوفی فەرەنسی ئۆگست کۆنت (١٧٩٨-١٨٥٧ز) بێت کە وەک تابلۆیەک ڕێچکەی بەرەو کەماڵچوونی زەینی مرۆڤی کێشاوە. ئۆگست کۆنت سێ قۆناغی بنەڕەتیی دیاری کردووە: قۆناغی بیرکردنەوەی ئەفسانەیی یان ئایینی و لاهووتی، دواتر، قۆناغی میتافیزیکا و سێیەمیش قۆناغی زانستی پەتی-ئەزموونگەری یاخود پۆزەتیڤیستە.
کۆنت پێی وایە، ئەگەر بچینە نێو دڵی مێژووی زۆر دووری کۆمەڵگە سەرەتاکانەوە، مرۆڤ هۆکاری هەموو ڕووداوەکانی بۆ خوا دەگێڕایەوە، وێڕای ڕووداوە سروشتییەکان، تەنانەت کەسێکیش دەبووە پادشا، پێیان وابوو خوا کردوویەتی. بە واتایەکی دیکە، ژیان بە مەیلی خواکان دەچوو بەڕێوە، هەر ئەم هۆکارەیە وایکردووە لە ئەقڵی ئایینیدا زانست چەکەرە نەکات ، چونکە زەینێکی ئەفسانەییان هەیە و ڕووداوەکان دەبەستنەوە بە نادیارەوە . لە قۆناغێکی دیکەدا، ئەقڵانییەت و فەلسەفە هات، پێمان بڵێ، ژیان هەڵگری یاسا و هاوکێشەگەلی خۆیەتی و ئەو یاسایانە ژیان ئاراستە دەکەن نەک هەوەسی خواکان، ئەو یاسا و هاوکێشانەش قابیلییەتی چەندبارە ئەزموونکردنەوەیان هەیە. بەمجۆرە قۆناغی یەکەم کۆتایی هات و قۆناغی میتافیزیکا هاتە پێش، کە بە ڕای کۆنت، ئیتر خەڵکی ڕووداوەکانیان نەدەدایە پاڵ خواکان، بەڵکوو دەیاندایە پاڵ هۆکارێکی دیکەی غەیبی-نادیار، وەک چەمک گەلێکی لە چەشنی (جوهر)، (ماهیت)، (طبع) و تایبەتمەندی و چییەتییەکی نابەرجەستە، بۆ نموونە گەر بە زەینییەتی میتافیزیکییەوە شیکاریی بکەین بۆ دوو ماددەی کیمیایی کە پێکەوەن، دەڵێین: سروشتیان پێکەوە گونجاوە بۆیە پێکەوەن، پێکەوەن چونکە سروشتیان پێکەوە گونجاوە!، شێوە زانستیان لێ دەکردینە زانست. قۆناغی میتافیزیکا، بەڕای کۆنت، قۆناغی بیرکردنەوەی (انتزاع)ی و ئەبستراکتە کە مل نادات بۆ ئەزموونکردن و تەنیا وەک تەماشاچییەک دەمانهێڵێتەوە، تا ببینیین چی ڕوو دەدات و چی ڕوونادات، بەڵام هیچ دەست کراوەمان ناکات بۆ ڕەفتار نواندن لەبەرامبەر سروشتدا؛ بە واتایەکی دیکە، فێرمان ناکات چۆن سروشتێکی دیکە بخوڵقێنیین.
لێرەوە قۆناغی زانستی ئەزموونگەری دەستی پێکرد؛ لەم قۆناغەدا، مرۆڤایەتی بە دوای یاساکانی سروشتدا دەگەڕێت، نەک دەستی خودا و هێزی پشتەوەی سروشت و چەمکی ڕووتەوەبووی ئەبستراکت. ئەزموونکردن، هێزی هەژموون و ڕەفتارنواندنمان لە سروشتدا دەداتێ و ئیتر مرۆڤ لەم قۆناغەدا ملکەچ و تەنیا تەماشاچی سروشت نەمایەوە .
لەم توێژیەنەوەیەدا، ئەگەرچی باسی ئایین و زانستە، بەڵام ئێمە ناکرێت سەرەتا باس لە ئایین و فەلسەفە نەکەین، چونکە جگە لەوەی ئایین بەریەککەوتنی سەرەتای لەگەڵ فەلسەفە بوو، فەلسەفە دایکی زانستەکانیشە. لە ڕەوشی فەلسەفیدا، چەمکێک دەهێنیت و پێناسەی دەکەیت، پاشان ئارگومێنتی ڕا جیاوازەکان دەهێنیت و دواتر ڕای خۆت بە ئارگومێنتی دیکە و نوێوە دەخەیتە ڕوو، بەڵام کتێبی ئاسمانی پێت دەڵێ: هەق هەر ئەمەیە کە من دەیڵێم و فێر ببن و گوێبیست بن و ملکەچی بن.
ئایینیش مێژووی هەیە، گەشەکردن و سەرەولیژبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێت، پێ بە پێی بوارەکانی تری بیرکردنەوە و بە کاریگەری ئەوان، فۆرمێکی ماقووڵ لە خۆ دەگرێت یاخود مرۆڤ نغرۆ دەکات لە ئەفسانە و ڕەفتار و بیرکردنەوەی ناماقووڵ. کۆمەڵگە دێرینەکان، تەنیا سەرچاوەیان ئایین بووە، بۆیە زانستیشییان هەر لەوێوە وەرگرتووە، جوگرافیا، مێژوو، بوونناسی، گەردوونناسی و سەرجەم بوارەکان لە ئایینەوە وەرگیراوە.
باسکردن لە کۆمەڵگەی پێشکەوتوو، هیچ نییە جگە پێشخستنی زانست و ئەقڵانییەت، ئەمڕۆ ئەگەر دیدێکی دروست بۆ هەر ڕەهەند و بوارێکی ژیان هەبێت، لە پشت چاویلکەی زانستەوەیە. لە جیهانی نوێدا زانست ڕەوشی خۆی گرتووەتە بەر، ئەوە ئایینە دەمێک فتوا دژی زانست دەدات و دەمێکیش دەیەوێت خۆی لەگەڵا بهێنێتەوە.
ئێمە لێرەدا، بە کورتی چەند جیاوازییەکی سەرەکی و بنەڕەتی لەنێوان ڕەوشی کارکردنی زانست و ئایین دەخەینە ڕوو، پاشان کورتەیەکی مێژووی بەریەککەوتنیان و دواجار هەندێ کایەی زانستی وەردەگرین تا ببینیین لە کوێدا لەگەڵ گێڕانەوەی ئایینیدا بەریەککەوتنیان هەیە.
جیاوازیی ئایین و زانست لەڕووی میتۆدەوە:
ئەگەر ئاماژە بە چەند خاڵێکی بنەڕەتی لە جیاوازییان بدەین، ئەوا دەتوانیین بڵێین :
١- سەرچاوەی مەعریفە:
سەرچاوەی ئایین، وەحی-سروشە، واتە کتێبە پیرۆزە ئاسمانییەکان و دەسەڵاتی ڕۆحی کە پێغەمبەران و زانایانی ئایینین. مەعریفەی ئایینی چەسپاو و نەگۆڕە، چونکە لە سەرچاوەیەکی پیرۆز و ڕەهاوە دێت. سەرچاوەی زانست، ئەزموون و تێبینی و ئەقڵە و پشت بە ڕەوشی زانستی دەبەستێت؛ دەخوازێت تیۆرەکان بەردەوام لە تاقیکردنەوە و پێداچوونەوەدابن و زانست بەردەوام لە گۆڕاندایە لە بەردەم داهێنانی نوێدا.
٢-سروشتی ڕەهایانەی ئایین و ڕێژەییانەی زانست لە بانگەشەیاندا بۆ زانینی هەقیقەت:
ئایین هەقیقەتێکمان بۆ باس دەکات کە بە ڕەها و چەسپاوی دەزانێت و بەپێی کات ناگۆڕێت و گەشە ناکات، ئەم هەقیقەتانەش پەیوەستە بە مەسەلە گەورەکانی لە نموونەی: بوونی خوا، بوون و ئامانج لە دروستبوونی ژیان. زانست لە بەرامبەردا، بەڕێژەیی هەقیقەتەکان دەخاتەڕوو، بەپێی بەڵگەی نوێ قابیلی چاککردن و گەشە و گۆڕانە. تیۆرە زانستییەکان بەپێی پێشکەوتنی زانیاری گەشە دەکەن، هەروەک چۆن بەردەوام لە گەشە و گۆڕاندا بوون لە فیزیادا.
٣-ئامانجی کۆتایی و چەمکە ڕۆحییەکان :
ئایین جەخت لە پرسیارە وجودییە گەورەکان دەکاتەوە، بە نموونە: مانای ژیان چییە؟ ئامانج لە دروستبوونی مرۆڤ چییە؟ چارەنووسی مرۆڤ دوای مردن چییە؟. هەموو ئەم چەشنە پرسیارانە لە جوغزی کاری زانستدا نین، چونکە ئەزموون ناکرێن. زانست فۆکەسی لەسەر دیاردە سروشتییەکان و ڕاڤەی بابەتییانەیە بۆ واقیعی ماددی، گرنگیدانی نییە بە بابەتە ڕۆحی و ئامانجە میتافیزیکییەکان، هەوڵی بۆ ئەوەیە لە چۆنییەتیی کارکردنی بوون تێبگات.
٤-بابەتی دروستبوون و سەرچاوەی بوون:
ئایین، بە تایبەتی ئایینە ئاسمانییەکان، گێڕانەوەی تایبەتیان هەیە لەسەر دروستبوونی بوون و مرۆڤ، بە نموونە لە ئایینە ئیبراهیمییەکاندا خوا هەموو بوونی لە شەش ڕۆژدا دروست کردووە. زانست خاوەنی گریمانە و تیۆری تەقینەوەی گەورە (Big Bang)یە، باس لەوە دەکات، سەرچاوەی بوون لە تەقینەوەیەکی گەورەیە کە پێش ١٣،٨ملیارد ساڵ پێشتر ڕووی داوە و زانست پێی وایە گەشەی بوون و سەرجەم بوونەوەرەکان لەسەرەخۆ و بە قۆناغ بووە و لەڕێی کارلێکی سروشتیی بووە، لە نموونەی گەشەی زیندەناسی،وەک لە تیۆری داروین-دا هاتووە.
٥-لەنێوان ڕاڤەی ئامانجدار و هۆکاریی-دا:
ئایین ڕاڤەی ئامانجداربوون(Teleological)ی هەیە بۆ سەرجەم دروستکراوەکان، پێی وایە هەمووشتێک، ئامانجێک هەیە لە دروستکردنی لەلایەن خواوە، بۆ نموونە مرۆڤ دروست کراوە بۆ پەرەستشی خوا و هەموو دروستکراوەکانی دیکەش بۆ خزمەتی مرۆڤ دروست بوون. زانست، پشت بە ڕاڤەی هۆکاریی(Causal) دەبەستێت، کە دیاردە سروشتییەکان دەبەستێتەوە بە کۆمەڵێک یاسا و هۆکاری سروشتییەوە و باسی ئامانجی بوون و ژیان ناکات. زانست وەڵامی "چۆن" دەداتەوە، نەک "بۆچی"؛ بە واتەیەکی دی، زانست دەیەوێت لە ڕێکاری کاری شتەکان بگات، نەک ئامانجیان.
٦-زمانی دەقی ئایینی و زمانی زانست:
زمانی دەقی ئایینی، هەروەک دەقی ئەدەبی، سەرڕێژە لە خوازە و بەکارهێنانی تەمومژاوی، بە جۆرێک هەر دەقێکی ئایینی دەیان و سەدان ڕاڤەی هەیە و هەڵگری لۆژیک و ڕەوشی ئارگومێنتسازی نییە. بەکورتی، دەقی ئایینی ڕاڤە و زانستی ڕەوانبێژی دەوێ تا لە مەبەست و ماناکەی تێبگەین، ئەوەش بەپێی ڕاڤەکەی کە مرۆڤێک دەیکات بە کۆمەڵێ پێوەر دەگۆڕێت. لە دەقی زانستیدا، پێویستە زمانی دەقەکە ڕوون بێت و هیچ ڕاڤەی دیکە هەڵنەگرێت و، خوازە و ڕەوانبێژیی تێدا بەکار نایەت، لەبەرامبەر ئەوەدا، پەیڕەوی لە لۆژیک و ئارگومێنتسازی دەکات.
بەگشتی، خاڵ زۆرە ئاماژەی پێ بدەین، بەڵام ئەم چەند خاڵەمان خستە ڕوو تا بە تێگەیشتنێکی تیۆریی پێشوەختەوە باس لە بەریەککەوتنی ئایین و زانست بکەین لە مێژووی ڕۆژئاوا تا ڕۆژهەڵات و لە هەردوو ئاستی فەلسەفە و زانستدا، ئەگەرنا دواتر لە چوارچێوەی چەند زانستی پراکتیکیدا نموونەی بەریەککەوتنیان باس دەکەین.
پەیوەندیی ئایین و فەلسەفە لە ڕۆژئاوادا:
ململانێی نێوان ئایین و فەلسەفە لە ڕۆژئاوا، بابەتێکی فرە ڕەهەند و ئاڵۆزە، بەدرێژایی سەردەمە جیاوازەکان، بەشێکی گەورە لە گەشەی فیکری ڕۆژئاوا پێکدەهێنێت. ڕیشەی ئەم بەریەککەوتنە بۆ سەردەمی یۆنانی کلاسیک دەگەڕێتەوە، بە سەدەکانی ناوەڕاستدا تێپەڕێت و تا ڕۆشنگەری و سەردەمی هاوچەرخ. ئەم ململانێیە جەخت و فۆکەسی لەسەر باوەڕی ئایینی و ئەقڵی فەلسەفییە، لەسەر ئەوەیە کە خوایی و مرۆییە، لەنێوان ئەو هەقیقەتەی کە بەهۆی وەحی-سروشی ئایینییەوە دێت لەگەڵ بیرکردنەوەیەکی ئازادی ئەقڵانی کە فەلسەفە بەرهەمی دەهێنێت.
دەستپێکی بەریەککەوتن لەنێوان ئایین و فەلسەفەدا، لە سەرهەڵدانی فەلسەفەوە دەرکەوت، کاتێک فەیلەسوفەکان کەوتنە گومان لەو بیروباوەڕە ئایینییە باوەی کە هەبوو بۆ خوا و ڕاڤەکردنیان بۆ بوون. فەیلەسوفە سروشتییەکانی سەرەتا، لە نموونەی (تاڵیس) هەوڵیان دا بێ گەڕانەوە بۆ ئایین و لە ڕەگەزە مادییەکانەوە ڕاڤەی بوون بکەن. ئەم ڕەوشە لە سەردەمی سۆکرات و ئەفلاتوون و ئەرەستۆ پتر گەشەی کرد، کاتێک باسیان لەوەکرد کە هەقیقەتگەلێک هەن لە بووندا، دەکرێت بە ئاوەز و فیکری فەلسەفی پێی بگەین.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی مەسیحییەتدا لە ئەوروپا، پاش دژایەتییەکی سەرسەختانە و خوێناویانەی کەنیسە لەگەڵ زانست، دواتر هەوڵەکان بە ئاراستەی پیکەوەگونجان یان پێکەوە هەڵکردنی نێوان فەلسەفە و ئایین ڕۆیشتن، بەتایبەتی لە سەدەکانی ناوەڕاست و لەسەر دەستی قدیس ئۆگەستین کە هەوڵی دا ئیمان و ئەقڵ پێکەوە ئاشت بکاتەوە، بەوەی فەلسەفەی ئەفلاتوونی لە شیکاریی بیروباوەڕی مەسیحیدا بەکار هێنا و پێی وابوو باوەڕ پێش تێگەیشتن دەکەوێت، بەڵام ناکۆک و دژ نییە لەگەڵی و هەروەها پێی وابوو فەلسەفە، هۆکارێکە بۆ تێگەیشتن لە خوا و دروستکراوەکانی. دواتر قدیس تۆماس ئەکواینس، کاریگەربوو بە ئەرەستۆ و هەوڵی دا گەشە بە فەلسەفەی مەسیحی بدات و ئەقڵ و ئیمان پێکەوە کۆ بکاتەوە. ئەکواینس لە کتێبەکەیدا، "پوختەی لاهووت"، هەوڵی دا لە ڕێی بەڵگەی ئەقڵییەوە، لە نموونەی بینراو و دروستکراوەکانی نێو بوون، بوونی خوا بسەلمێنێت و جەختی لەوە کردەوە کە فەلسەفە و ئایین یەکتری تەواو دەکەن.
بە دەرکەوتنی سەردەمی ڕێنیسانس، وردە وردە هەندێک دەنگی نوێ سەریان هەڵدا کە گومانیان دەخستە سەر دەسەڵاتی ئایین بەسەر ئەقڵەوە. فەیلەسوفانێک لە نموونەی دیکارت، سپینۆزا و دواتریش کانت، هەوڵی ئازادکردنی ئەقڵ لەبەرامبەر بەربەستە ئایینییەکان و کردنەوەی مەودا لەبەردەم بیری ڕەخنەگرانەیان دا. دیکارت کە بە ڕەوشی گومانگەرایانەی ناسراوە، جەختی لەوە دەکردەوە کە دەبێ ئەقڵ بنەمای یەکەم بێ بۆ مەعریفە. سپینۆزا لە ڕەخنەیدا بۆ دەسەڵاتی ئایینی لەوە زیاتر ڕۆیشت؛ ئەو پێی وابوو خوا و سروشت یەک شتن و بیرۆکەی خوای خودیی ڕەد کردەوە کە لە هەموو شتێکی ژیانی مرۆڤەکاندا خۆی هەڵدەقورتێنێت.
لەگەڵ چوونە ناو سەردەمی ڕۆشنگەری لە سەدەی هەژدەدا، ململانێی نێوان ئایین و فەلسەفە پتر دەرکەوت، چەند فەیلەسوفێکی وەک ڤۆڵتێر، ڕۆسۆ و دەیڤید هیوم، ڕووبەڕووی ئایینی باو بوونەوە و بە بەربەستیان زانی لەبەردەم ئەقڵ و پێشکەوتنی مرۆڤدا؛ بە نموونە، هیوم گومانی خستە بەردەم بەڵگەکانی بوونی خوا و ڕەخنەی ئاراستەی موعجیزە و ئایینی دامودەزگایی کرد.
لە فەلسەفەی هاوچەرخدا، ململانێی نێوان ئایین و فەلسەفە بەردەوام بوو، بەڵام ئەمجارەیان پتر پێداگری لەسەر پەیوەندیی نێوان تاک و کۆمەڵگە و ئایین بوو؛ هەندێکیان، بە نموونە نیچە، باسی لە مردنی خوا ئەکرد لە سەردەمی مۆدێرنەدا و پێی وابوو، پێویستە مرۆڤ بە دوای مانای نوێدا بگەڕێت بۆ ژیان، بێ پشت بەستن بە باوەڕی ئایینی؛ لەبەرامبەریشدا، ڕەوتی بیرکردنەوەی دی هەبوو کە بە پێویستی دەزانی خوێندنەوەی نوێ بکرێت بۆ پەیوەندیی نیوان ئایین و فەلسەفە و جەختی لە گرنگیی ئەزموونی ئایینی دەکردەوە، بێ گومان بەبێ کەمکردنەوە لە ڕۆڵی ئەقڵی فەلسەفی.
بەگشتی، ململانێی نێوان ئایین و فەلسەفە، هەمیشە دوژمنکارانە نەبووە، بەڵکوو هەندێکجار، ململانێیەکی داهێنەرانە بووە کە بووتە دەرفەت بۆ گەشەی فیکر و ئەقڵ. وێڕای ئەوەی ئایین و فەلسەفە لە دوو زەمینەی جیاوازدا کار دەکەن، بەڵام لە زۆر کات و بەپێی سەردەمەکان سەریەککەوتوون و کاریگەرییان بەسەر یەکترییەوە هەبووە. ئەم کارلەیەککردنە ڕۆڵی هەبووە لە مەیینی زۆر چەمکی بنەڕەتی لە فیکری ڕۆژئاوادا، بە نموونە، چەمکی ئازادی، ئاوەز ، باوەڕ، هەقیقەت و تا ئێستاش بابەتێکی زیندووە لە گفتوگۆی نێوان فەلسەفە و ئایینناسیی هاوچەرخدا.
ئایین و زانست لە ڕۆژئاوا:
دەستپێکی زانست لە پرسیارەکانی فەلسەفەوەیە، کە دواتر وەک زانستێکی سەربەخۆ دەکەوێتە سەر پێ، بۆیە مێژووی ئەو ململانێیەی سەرەوە کە باسمان کرد، سەرەتایەکیشە بۆ بابەتی بەریەککەوتنی نێوان زانست و ئایین، بەڵام بێ گومان پەیوەست بە زانستیشەوە، ئەو پەیوەندییە تایبەتمەندی خۆی هەیە کە لێرەدا هێندەی مەودا هەبێت بەکورتی ئاماژەیەکی پێ دەدەین.
لە سەدە دێرینەکاندا، بەتایبەتی لای یۆنان و ڕۆمانەکان، بەڕوونی لێکدابڕان لەنێوان ئایین و زانستدا نەبوو، فەیلەسوفەکانی وەک ئەفلاتوون و ئەرەستۆ ڕەوشی ئەقڵانییان بۆ توێژینەوە لە سروشت گرتبووە بەر، بەڵام ئەم لێکۆڵینەوانەیان بەستبووەوە بە چەمکگەلێکی ئایینی و میتافیزیکییەوە.
لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، کەنیسەی کاسۆلیکی ڕۆڵێکی بنەڕەتیی هەبوو لە کۆمەڵگەی ئەوروپادا، دامودەزگا فێرکارییەکانی وەک زانکۆ لەژێر سەرپەرشتیی کەنیسەدا بوون، لەم دەمەدا چۆنییەتیی فەلسەفەی خوێندنگەکان هەوڵی بۆ ئەوە بوو فەلسەفەی ئەرەستۆیی و مەسیحییەت یەک بخات.
بە چوونە ناو سەردەمی ڕێنیسانس لە سەدەی پانزەوە، بەریەککەوتن لەنێوان ئایین و زانستدا دەر کەوت، فەیلەسوف و زاناکان کەوتنە وەستانەوە بەڕووی تێگەیشتنی باوی ئایینی بۆ جیهان. دۆزینەوەکانیان، لە نموونەی سیستمی بوون و ناوەندبوونی خۆر بۆ هەسارەکانی دیکە لەلایەن کۆپەرنیکۆس-ەوە لە سەدەی شانزەدا، کاردانەوەیەکی توند و نێگەتیڤی لەلایەن کەنیسەی کاسۆلیکییەوە لێ کەوتەوە، چونکە ئەم دۆزینەوە زانستییانە پێچەوانەی گێڕانەوەکانی کتێبی پیرۆز بوو. زەقترین نموونەی بەریەککەوتنەکانی نێوان کەنیسە و زانست، دەتوانیین باس لە "گالیلۆ" بکەین لە ساڵی ١٦٣٢ز؛ گالیلۆ پشتیوانی بۆ دۆزینەوە زانستییەکەی کۆپەرنیکۆس کە چەقبوونی خۆر بوو لە بووندا، دەربڕی، کەنیسە ئەمەی بە دەرچوون زانی لە ڕێنماییەکانی و گالیلۆیان پەلکێش کردە دادگای پشکنینی بیروباوەڕ (محاکم التفتیش) و لە ڕا زانستییەکەی پاشگەزیان کردەوە.
لەسەدەی هەژدەوە، واتە لە ڕۆشنگەرییەوە، گەپی نێوان زانست و ئایین زیاتر بوو، فەلسەفەی زانست جەختی لە ئەقڵانییەت و ئەزموونگەریی دەکردەوە، وەک دوو سەرچاوەی بنەڕەتیی مەعریفە. زاناکانی وەک ئیسحاق نیوتن، پشک و ڕۆڵیان هەبوو لە پێشخستنی زانستی سروشتییدا، بەتایبەتی لە فیزیا و ماتماتیکدا. تیۆرەکانی نیوتن لەبارەی جووڵە و هێزی ڕاکێشانەوە، هاوکار بوو لە گۆڕینی تێڕوانینی مرۆڤ بۆ بوون، بە ڕەچاوکردنی ئەوەی ئامێرێکی میکانیکییە، دەکرێت لەڕێی یاسا سروشتییەکانییەوە ڕاڤەی بۆ بکەین. ئەمەش بووە هۆی کەمبوونەوەی پێویستی و پەنابردنە بەر ڕاڤەی ئایینی بۆ دیاردە سروشتییەکان.
لە سەدەکانی نۆزدە و بیستدا، ڕەهەندەکانی بەریەککەوتنی نێوان ئایین و زانست پتر ڕوون بوویەوە، یەکێک لە گەورەترین ئاریشەکان، تیۆری پەرەسەندنی چالز داروین بوو لە ساڵی ١٨٥٩ز لە کتێبی (بنەچەی جۆرەکان) دا، کە ئەم تیۆرییە، ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووبوونەوە و بەتاڵکردنەوەی گێڕانەوەی ئایینی بوو لەڕووی سەرەتای دروستبوونی مرۆڤەوە، کە بووە هۆی بەریەککەوتنی کۆمەڵی زانستی لەگەڵ کۆمەڵێ پیاوی ئایینی، بە تایبەتی لە ئەمریکا.
ئایین لە ڕووبەڕووبوونەوەی فەلسەفە و زانستدا، لە جیهانی ئیسلامیدا:
زیادەڕەویمان نەکردووە ئەگەر بڵێین تا ئەم ساتەش لەو ناوچانەی گەلانی موسڵمان دەژین، ژینگەیەک نەڕەخساوە فەلسەفەی تێدا بکەوێتە سەرپێ؛ هەر لەبنەرەتەوە شتێک نییە بە ناوی فەلسەفەی ئیسلامی و ئەوە ڕۆژئاواییەکانن ئەو ناوەیان ناوە لەو هەوڵانەی لەم ناوچەیە دراوە بۆ فەلسەفاندن. ڕاستە بە کاریگەری وەرگێڕان و پەیوەندی لەگەڵ جیهانی دەرەوەی خۆی، بەتایبەتی نووسینەکانی یۆنانی کلاسیک، کارتێکردن هەبووە، بەڵام پچڕ پچڕ و بێ بەردەوامی و کاریگەریی ئەوتۆی نەبووە و زۆر خێرا سەرکوت کراوە، لە مێژووی ئیسلامیدا دەبینیین، "فەیەلەسوفە موسڵمانەکان" بۆ ئەوەی نەکوژرێن خۆیان خەریک کردووە بە زانستێکی دیکەی وەک فیقە، ئوسوڵ فیقە، زانستی فەرموودەوە و ڕووەکەی تری خۆیان پێ شاردووەتەوە. بەگشتی، زانایانی ئایینی ئیسلام پێیان وابووە، ئەوانەی خوویان داوەتە فەلسەفە سەرچاوەی ئیسلامیان لێڵ کردووە و لەڕاستیدا بە ڕێگریان زانیوون لە بەردەم هیدایەتی خواییدا نەک ڕێنماییکار.
لە زانستیشدا، بەکورتی داری زانست تا هەنووکەش لێرە نەڕواوە، لە ڕاستیدا ئەم دارە لە دەرەوە قەڵەمیان هێناوە و ئێمە بەدیهێنەری هیچ زانستێک نەبووین و ئێستاش وەک میوانێکی ئێسکگران لێی دەڕوانین و زانست، وەک کارەکتەری (عەرەفە-کە ڕەمزە بۆ مەعریفە) لە ڕۆمانی (اولاد حارتنا) ی نەجیب مەحفوزدا، زۆڵە!، ئەو زانستەشی کە لە زانکۆکانی دەرەوە دەخوێنرا جێگەی گومان بوو، تیۆریی و گومانە زانستییەکانیش، ڕاڤەی پیلانگێڕی بۆ دەکرا و بەکورتی نابینیین هیچ بوارێکی ژیانمان بە مەنهەجی زانستی بچێت بەڕیوە و ئەوەی هەیە تەکنیکی زانست و تەکنۆلۆجیایە، نەک خودی زانست. ترسناکتر ئەوەیە کە واقیعی ئێستای ئەم ناوچەیە، بەرەو سەدە تاریکەکان دەڕوات و نیشانەکان پێمان دەڵێن سەردەمی سەرکوتکردنی ئەقڵ و ئینکاری دەستکەوتە زانستییەکانی چەندین سەدەی مرۆڤایەتی دەکرێت، لەوانەش چوونە سەر مانگ!
بۆ کۆکردنەوەی ئەم بابەتە، دەتوانیین لە چەند قۆناغێکدا، باس لە بەریەککەوتن و پەیوەندیی نێوان ئایین بکەین لەگەڵ فەلسەفە و زانستدا:
قۆناغی یەکەم کە دەتوانیین بەیپێ کاریگەربوونی سەرەتایی ناوی بەرین، لە سەدەکانی حەوت و هەشتی زایینی دەست پێ دەکات؛ موسڵمانان لە سەرەتاکانی ڕووبەڕووبوونەوەی فیکری فەلسەفی یۆنانی-ڕۆمانیدا بوون، بڵاوبوونەوەی خێرای ئیسلام لە وڵاتانی فارس و یۆنانی دێرین، خستبوونییە بەردەم ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆی کولتوورێکی فەلسەفیی قووڵ، لەڕێگەی وەرگێڕانەوە، دەقە فەلسەفییە یۆنانییەکان، لەنموونەی کارەکانی ئەفلاتوون و ئەرەستۆ، هاتە جیهانی ئیسلامییەوە.
لەم قۆناغەدا، فەلسەفە پتر وەک هەڕەشەیەکی گریمانەکراو بۆ سەر عەقیدەی ئیسلامی دەردەکەوت، بەهۆی جەختکردنەوەی لە ڕەوشی فەلسەفی و ئەقڵانی، بەریەککەوتنی هەبوو لەگەڵ ڕاڤەی ڕووکەشبینانەی دەقی ئایینیدا. وێڕای ئەوەش کۆمەڵێک بیریاری موسڵمان لە نموونەی فارابی و ئیبین سینا هەبوون کە هەوڵیان بۆ ئەوە بوو فەلسەفە و باوەڕی ئایینی پێکەوە بهێننەوە و ئەم فەیلەسووفانە هەوڵیان دا دەریبخەن کە فەلسەفە لە تواناییدا هەیە تێگەیشتنێکی قووڵمان بۆ ئایین بداتێ و ئەقڵ پێوەرێکی خواییە بۆ تێگەیشتن لە بوون.
قۆناغی دووەم، کە دەتوانیین بە قۆناغی گەیشتنە لوتکەی بەریەککەوتنەکان ناوزەدی بکەین، لە سەدەکانی دە و یازدەی زایینیدا بوو. لەم سەردەمەدا، ئیبن سینا (٩٨٠-١٠٣٧ز) گەورەترین فەیلەسوفی ئیسلامی و ناسرابوو بە مامۆستای دووەم، واتە دوای ئەرستۆ، میتافیزیکای ئەرەستۆ و عەقیدەی ئیسلامی پێکەوە هێنابوویەوە و کارەکانی لە بواری دەروونناسیی، پزشکیی و فەلسەفەدا جەدەلێکی بەرفراوانی لەنێوان ئایین و فەلسەفەدا دروست کردبوو.
لەبەرامبەردا، نەیاری توندی هەبوو، ناودارترینییان ئەبوو حامیدی غەزالی (١٠٥٨-١١١١ز)، بوو، بە کتێبە بەناوبانگەکەی (تهافت الفلاسفة)، ڕەخنەیەکی توندی ئاراستەی فەیلەسوفە موسڵمانەکان، بەتایبەتی ئیبن سینا و فارابی کرد. غەزالی پێی وابوو، ڕۆچوون و پشتبەستن بە بیرکردنەوەی فەلسەفی دەبێتە هۆی تێکدانی بنەڕەتیی باوەڕ و سەر لە بێباوەڕییەوە دەردەکات و بەرپەرچی هەوڵەکانی پێکەوەهێنانەوەی ئایین و فەلسەفەی دایەوە، بە پاساوی ئەوەی ئەقڵ سنووردارە و ناتوانێ پەی بە بابەتە نادیار-غەیبانییەکان بەرێت و سروش-وەحی تاکە سەرچاوەی هەقیقەتی ڕەهایە.
لە کۆتایی ئەم قۆناغەدا، کە کۆتایی فەلسەفەش بوو لە جیهانی ئیسلامیدا، ئیبن ڕوشد-ئەڤیرۆس (١١٢٦-١١٩٨ز) ، کتێبی (فصل المقال و تقریر ما بین الشریعة و الحکمة من اتصال) نووسی، هەوڵێکی دیکە بوو بۆ پێکەوە هێنانەوەی ئایین و فەلسەفە و بە کتێبی (تهافت التهافت) ڕەتی غەزالی دایەوە، بەڵام ئیبن ڕوشد دوورخرایەوە و تەکفیرکرا و کتێبەکانی سووتێنرا و غەزالی و کەسانی دیکەی وەک ئیبن تەیمییە سەرکەوتن و تا ئەمڕۆش، بەڵکوو ئەمڕۆ زیاتر، بوونە پێشەنگی بیرکردنەوەی جیهانی ئیسلامی.
قۆناغی سێیەم، دەتوانین بە قۆناغی هەژموونیی ئەشعەری ناوی بنێین. لەم قۆناغەدا، قوتابخانە و مەزهەبی ئەشعەری بووە مۆدێلی باوی بیرکردنەوەی جیهانی ئیسلامی و ئەبولحەسەنی ئەشعەری بووە پێشەنگی دژایەتیی فەلسەفە و پێی وابوو کە پێویستە تەسلیمی دەقە شەرعییەکان ببین و خۆمان لابدەین لە لێکدانەوەی ئەقڵیی دەقەکان، کە لادان دروست دەکات. بە کاریگەریی غەزالی، زانایانی موسڵمان خۆیان پەیوەست کرد بە مەزهەبی ئەشعەرییەوە کە پێیان وابوو هاوسەنگی لەنێوان نەقڵ و ئەقڵدا دروست دەکات. ئەمە بووە هۆی پاشەکشێی فەلسەفە وەک بوارێکی سەربەخۆ و، پتر جەخت خرایە سەر زانستە ئایینییەکانی وەک فیقە و تەفسیر، ئەگەرچی هەندێک هەر وەک هۆکارێکی تێگەیشتن لە ئایین دەیانڕوانییە فەلسەفە.
لەڕوویەکی دیکەوە، کە دەتوانین بە قۆناغی چوارەم ناوزەدی بکەین، وێڕای مقۆمقۆی نێوان فەلسەفە و ئایین، جیهانی ئیسلامی لە ماوەی نێوان سەدەی هەشت بۆ چواردەی زایینی، کە بە سەردەمی زێڕین ناودەبرێت، گەشەیەکی بەرچاوی لە زانستدا بە خۆیەوە بینی؛ زانا موسڵمانەکانی لە نموونەی ئیبن هەیسەم (٩٦٥-١٠٤٠ز) لە بواری زانستی بینییندا، خەوارزمی(٧٨٠-٨٥٠ز) لە ماتماتیکدا، ڕازی(٨٦٥-٩٢٥ز) لە پزیشکیدا، توانیبوویان پێڕەوی زانستی و فەلسەفەی سروشتی لە بەستێنێکی ئاییندا پێکەوە بهێننەوە و لەو سەردەمەدا بەڕوونی هەست بە پێچەوانە هاتنەوەی ئایین و زانست نەدەکرا و وا لە زانست دەڕوانرا کە هۆکارێکە بۆ ناسینی خواوەند.
دواقۆناغ کە تا ئێستەش بەردەوامە، لە سەدەی پانزەی زایینییەوە دەست پێ دەکات؛ جیهانی ئیسلامی لەڕووی فەلسەفە و زانستەوە بەتەواوی لە سەرەولێژ بوونەوەدایە و لە سایەی هاتنی ئیستیعماردا، زانستە هاوچەرخەکانیش هاوردە کران و ئەمەش بەریەککەوتنێکی نوێی لەنێوان فیکری ئایینی باو و فەلسەفە و زانستی هاوچەرخ دروست کرد و زانایانی ئایینی ئیسلامیش هەندێکیان بە ئاراستەی پێکەوە گونجاندنی زانست و ئایین هەنگاویان ناوە و هەندێکی دیکەشیان دژایەتیی هەرجۆرە کاریگەربوونێک بە ڕۆژئاوا، بە فاکتەری پاراستنی ناسنامەی ئیسلامی (Islamic identity) دەزانن.
دیاردەیەکی هاوچەرخ لە جیهانی ئیسلامیدا هەیە، بە ئیعجازی زانستی قورئان و فەرموودە ناو دەبرێت، کە یەکێکە لە هەنگاوەکانی پێکەوە هێنانەوەی زانست و ئایین، بەڵام لێکەوتەی زۆر جیاوازی لێ کەوتووەتەوە و پێویستی بەوەیە بە شێوەیەکی سەربەخۆ باسی لێ بکەین.
بانگەشەی ئیعجازی زانستی لە قورئاندا :
سەیید قوتب، لە قۆناغی یەکەمیدا، وەک ئەدیبێکی باڵادەست، چەندین ڕۆمانی هەیە، لەوانە (طفل من القریة)، بەشێوەیەکی سیمبۆلیک باس لە منداڵێک دەکات کە سەرەتا لە حوجرەی مزگەوت، فەقێیەتی دەخوێنێت، ژینگەکەیمان بۆ وێنا دەکات: حوجرەیەکی دوور لە پاکوخاوێنی، مامۆستایەکی توڕەی حەیزەران وەشێن، کەرەسەی نووسین لە ئوچ و مورەکەب کە بەردەوام مناڵەکان شەق دەخۆن لەسەر ئەوەی خۆیانی تێ ئەسوون، دواتر قوتابخانەی نوێ لەگەڵ هاتنی ئیستیعماردا دەکرێتەوە، قوتابخانە و بینای شایستە، مامۆستای گەنجی ڕووخۆشی خاوەن زانستی کەڵکخۆر بۆ ژیان، کەرەسەی نوێ و پاکوتەمیز و بۆنخۆشی نووسین . لەسەرەتای کردنەوەی ئەم قوتابخانانەوە، مەلای حوجرەکان کرانە بەڕێوەبەری قوتابخانە نوێیەکان؛ بۆیە هاندەربوون بۆ خوێندنی نوێ، دواتر کە لادران بە هۆی ناکاراییانەوە، فتوای کوفربوونی زانستی نوێیان دا!، سەیید ئەمە بە حاڵ و هەڵوێستی جیهانی ئیسلامی دەزانێت لەبەرامبەر زانستدا.
پێشتر باسمان لەوەکرد کە ئەگەرچی شەپۆلی گشتی و باوی بیرکردنەوەی ئایینی لە جیهانی ئیسلامیدا لەگەڵ فەلسەفە ناکۆک و بەڵکوو دژبەر بووە، بەڵام لە زۆر وێستگە کۆمەڵێک بیریار هەبوون هەوڵیان بۆ ئەوە بووە بیرکردنەوەی ئایینی لەگەڵ ئەقڵی فەلسەفی بهێننەوە، لەوانەش ئیبن ڕوشد کە دیارترین و دواسوارچاکی ئەو مەیدانەیە؛ لە کتێبەکەیدا بە ناوی (فصل المقال و تقریر ما بین الشریعة و الحکمة من اتصال)، باس لەوە دەکات قورئان سێ جۆر شێوازی دواندنی بەرامبەرەکانی خۆیی هەیە و خەڵکی یەکێک لەم سێ چەشنەن و هەر یەکەیان بە ڕەوشێک قەناعەت دەکات: یەکەمیان بۆ ئاستی گشتی کە بە نەسیحەت و نموونەهێنانەوە و وتاردان ئاراستە دەکرێن؛ دووەمیان جەدەلی-ن؛ واتە ئەو خاڵ و بابەتەی بەرامبەرت کە بەڵگەی دەستییەتی وەریدەگری و هەر بەوە وەڵامی دەدەیتەوە یان جەدەلی لەگەڵ دەکەیت؛ سێیەمیان بەڵگەویست و ئارگومێنتخوازن و بەڵگەی دروستی پشتڕاستکراوەیان دەوێت کە پێشەکییەکی سەلمێنراوی هەیە و ئارگومێنتسازی تێدایە. ئەمانە بە ڕاڤەی ئایەتی (ادع الی سبیل ربک بالحکمة و الموعظة الحسنة و جادلهم بالتی هی احسن ....) دەزانی؛ بەگشتی لەم ئاست و قۆناغەدا هەوڵەکان بۆ هێنانەوەی ئایەتەکانی قورئان بوو لەگەڵ فەلسەفە، یان بەکارهێنانی فەلسەفە و زانست بوو بۆ خزمەتی باوەڕ.
ئەوەی لە قۆناغی هاوچەرخدا بەدی دەکەین شتێکی دیکەیە، باسی ئیعجازی زانستییە لە قورئاندا، بانگەشەی ئەوەیە کە لە قورئاندا هەموو دۆزراوە و داهێنانێکی زانستی هەیە و خستنەڕووی قورئانە وەک کتێبێکی زانستی!
ئاخر چاوەڕوانی لە قورئان دەبێت لەسنووری ئەرکی قورئان خوێدابێت، بەنموونە سوودوەرگرتن لێی بۆ زیاتر ناسینی خوا لەڕێی پەیبردن بە دروستکراوەکانییەوە بۆ ئەقڵی کەسێکی باوەڕدار، بەڵام پێکەوەهێنانەوەی ئایین و زانست، بە مانای چوونە ناو دەقی ئایینی بە مەبەستی دەرهێنان و ئاشکراکردنی بابەتی زانستی و تیۆری نوێ، ئەمە مەحکومە بە شکست و ئەگەر ڕێگەی سەلماندنی ئایین ئەمە بێت، ئەوە سەر لە شکستەوە دەردەکات.
بە پێویستم زانی لێردا ئاماژە بە سەرەتاکانی سەرهەڵدانی ئەم بانگەشەیە بدەم کە نوێیە و هیی سەردەمی شکست و هەستکردن بە کەمیی موسڵمانانە لەبەرامبەر پێشکەوتنی زانستیی ڕۆژئاودا، ئەگەرنا لە سەدەکانی پێشتردا کە باسی بۆ نموونە موعجیزەبوونی زمانی عەرەبیش کراوە لەڕووی توانایی دەربڕینەوە، لەبەر ئەوەی قورئانی پێ نووسراوە، کەسێکی وەک ئیبن حەزمی ئەندەلووسی زۆر بەتوندی ڕەتی کردووەتەوە و سەلماندوویەتی کە نە کاری قورئان موعجیزە نواندنە و نە زمانی عەرەبیش موعجیزەی تێدایە.
ساڵی ١٩٢٢ز، شێخ ئەلتەنتاوی (الطنطاوی) لە میسر، بەهۆی زۆریی تەمەنییەوە، وازی لە وانەبێژی هێنا و خۆی یەکلا کردەوە بۆ نووسینی تەفسیری قورئان بە ناوی (الجواهر فی تفسیر القرآن الکریم) لە شانزە بەرگدا. تەنتاوی پێی وابوو، قورئان نهێنیی زانستەکانە!، مرۆڤ ناتوانێت لە قورئان تێبگات تا لە زانستە هاوچەرخەکان تێنەگات و، لێرەوە پەیامی زانستیی قورئان و ئیعجازی زانستی بەستەوە پێکەوە، وای دەبینی: کرۆکی ئایین هاوڕێی ئەقڵە و لە سروشتدا ئیعجازی زانستیی ئەوتۆ هەن کە خزمەت بە باوەڕ دەکەن و داوای پەیوەستکردنەوەی دەکرد لەنێوان زانستی سروشتیی و ئاییندا تا وڵاتانی ئیسلامی گەشە بکەن.
تەنتاوی یەکێکە لەوانەی کە حەسەن بەننای دامەزرێنەری ئیخوان موسلمین پێی کاریگەربووە و، تەنانەت کاتی دامەزراندن داوای لێ دەکات ببێتە ڕێبەری گشتیی ئیخوان، بەڵام تەوازوع دەنوێنێت و نایکات، ئەگەرچی دەبێتە نوێنەری قاهیرەی ئیخوان. زۆرێک لەم تەفسیرە لە گۆڤاری ئەلمەنار(المنار) دا بڵاو دەبوویەوە کە لەلایەن ڕەشید ڕەزا-وە دەردەچوو و بە کەسایەتییەکی چاکسازی ئایینی ئەو سەردەمە ناسرابوو و تەڵەبەی موحەمەد عەبدە-ی هاوڕێی جەمالەدیینی ئەفغانی بوو. لێرەوە دەتوانین ئاماژە بە ڕاستییەکی دیکە بدەین، هاوسەردەمی ئەم بابەتی ئیعجازی زانستی قورئانەیە لەگەڵ سەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسی.
تێبینییەکی دیکەش سەبارەت بە هەمبەری خۆمان گرنگە بوترێت، بە کاریگەریی ئەو ڕەوتەی لە میسر سەری هەڵدا لە تەفسیری تەنتاوی و گۆڤاری مەنار، لە کوردستانیش زانایەکی وەک شێخ موحەمەدی خاڵ بارگاوی بووبوو بەو تەفسیرەی دەیویست زانست بەکار بهێنێت، بە نموونە، لە تەفسیری سورەی (فیل) دا کە باس لە تەیری ئەبابیل دەکات و بەردیان فڕێ داوەتە خوارەوە بۆ لەشکرەکەی ئەبرەهەی حەبەشی، دەڵێت ئەو بەردانە یان کڵۆ خۆڵانە میکرۆب یا ڤایرۆسی پێوەبووە و ئاماژەی دیکەش، کە لێرەدا دەرفەتی درێژەپێدان نییە.
یەکێکی دیکە لەو گۆڤارانەی کە لە وڵاتانی جیهانی ئیسلامی گرنگی بە زانست و پیشەسازی دەدا، گۆڤاری ئەلمەقتەف (المقتطف) بوو، لەو گۆڤارە شامی-میسرییەی کە ژمارەی یەکەمی لە بەیروت دەرکرا و دواتر گوازرایەوە بۆ قاهیرە و لەساڵی ١٨٧٦تا١٩٥٢ز بەردەوام بوو، کاریگەری هەبوو لەسەر گەشەی ئەم دیدە ئیعجازی زانستییە بۆ قورئان؛ بۆ نموونە، بە کاریگەریی خوێندنەوەی ئەو گۆڤارە، لە ئێران خوێندنەوەیەکی نوێ کرا بۆ بابەتی "حرکت جوهری-ملا صدرا" کە پێی وایە جووڵەیەک هەیە لە ناواخنی بووندا کە بەرەو خاڵی کۆتایی-قیامەتمان دەبات و ئەمەش دەکاتە ڕاڤەی ئایەتی ( و تری الجبال تحسبها جامدة وهی تمر مر السحاب ...)، خوێندنەوە نوێکە ئەم تێڕوانینەی مولا سەدرا دەبەستێتەوە بە تیۆرەکانی نیوتن و ئەنیشتاینەوە، گوایە قورئان و مولا سەدرا پێشتر باسی ئەم هەقیقەتە زانستییەیان کردووە!.
یەکێکی دیکە لەو بابەتانەی کە بازاڕی گەرم بوو لە جیهانی ئیسلامیدا، ئیعجازی ژمارە بوو لە قورئاندا. ڕەشاد خەلیفە کە لە ئەمریکا دەژیا وبە ڕەگەز میسری بوو و پسپۆڕی لە کیمیای ئەندامیدا هەبوو، بانگەشەی موعجیزەبوونی ژمارە ١٩-نۆزدەی دەکرد لە قورئاندا و بەگشتی ڕاڤەیەکی ماتماتیکییانەی دەکرد بۆ قورئان و پێی وابوو قورئان پڕە لە نهێنیی زانستی، کە هەر ئەمەش بووە هۆی تیرۆرکردنی لە ساڵی ١٩٩٠ز.
مەهدی بازرگان کە لە ئێران، پاش شۆڕشی گەلانی (ئیسلامی) ئێران بووە یەکەم سەرۆک وەزیران، ڕای زۆری هەیە لەو بارەوە و پێی وایە، دەرکەوتنی زانست بووەتە هۆی ئەوەی کە خوا ئیتر پێغەمبەری دیکە نەنێرێت، چونکە ئەقڵ و زانست وای کردووە مرۆڤ قۆناغی بتپەرستی و نائەقڵانی تێپەڕێنێت؛ لەبارەی ڕۆژی قیامەتیشەوە، دەیەوێت ڕای زانستی بدات و پێی وایە هیچ شتێک لەم بوونەوەرە نافەوتێت و ئاسەواری دەمێنێت و ئەوەش بەڵگەیە بۆ بوونی ڕۆژی قیامەت. ڕەوشێکی دیکەی بازرگان، نیشاندانی ناوەڕۆکی زانستیی نێو ئایەتەکانی قورئان و فەرموودە بوو و جەختیشی لەوە دەکردەوە، ئەگەر ئەمە موعجیزەی خوایی نەبێت، عەرەبێکی دەشتەکیی نەخوێنەوار ئەم زانیاری و زانستانەی لە کوێ بوو؛ هەروەها کارێکی تری بریتی بوو لە دەرخستنی موعجیزەی ژمارە لە قورئاندا، سەیر لەوەدایە عەلی شەریعەتی ئەم دۆزینەوانەی بازرگان بە هاوشێوەی کارەکانی نیوتن دەزانێت!.
دواتر ئەم بابەتی موعجیزەیە سەری لە درۆ هەڵبەستنەوە دەرکرد، وەک دەوترا یوری گاگارین ڕوسی کاتێک ساڵی ١٩٦١ز چووە بۆشایی ئاسمان، لەوێ یان لەسەر مانگ گوێی لە دەنگی بانگ بووە یاخود موعجیزەی لەتکردنی مانگیان بەچاوی خۆیان بینیووە!، بێ گومان بە پەیدابوونی سوشیال میدیا ئەم کارە پتر بووە بازاڕیی. لەم بارەوە، دوا ئاماژە، باسی هەوڵ و کارەکانی کوردستانی باشوور بکەم لەدوای ڕاپەڕین و دەسپێکی کاری ئیسلامی سیاسی، ڕێکخراوی "ناوەندی کوردستان بۆ ئیعجازی زانستی قورئان و سوننەت" لەلایەن چەند مامۆستایەک لەوانە: شەماڵ موفتی، نەشئەت غەفور پێکهێنرا و گۆڤارێکیان هەبوو بە ناوی گۆڤاری"هەیڤ" کە بەگشتی گرنگی و بایەخیان بەو بوارە دەدا، بەتایبەتی مامۆستا شەماڵ وتارە ئایینییەکانی قۆناغی یەکەمی پتر دەڕژانە ئەو ئامانجەوە.
نموونەی هەندێ کایەی زانستی و دژهاتنەوەیان لەگەڵ گێڕانەوەی ئایینیدا:
١-مێژوو لەنێوان زانست و گێڕانەوەی ئاییندا:
لە بەشی شەشەمی کتێبەکەیدا دیکسۆن وایت، ئاماژە بە دوو ئاستی بیرکردنەوە دەکات، ئاستێکی خورافی و ئەفسانەییانە و ئاستێکی زانستی. لەڕاستیدا، ئەگەرچی دیکسۆن باس لە جیهانی مەسیحی دەکات، بەڵام پەیڕەوانی ئایینی ئیبراهیمی، لەوانەش ئیسلام، تا هەنووکە لەسەر هەمان ئاستی بیرکردنەوەن. دیدە خورافییەکە، وەک دیکسۆن ئاماژەی پێ دەدات، لە کتێبی تەوراتدا تاریکترە، چونکە ناوی باوکی ئیبراهیم و نوح دیاری دەکات و تەنانەت پیاوانی ئایینی مقۆمقۆیان بوو لەسەر دیاریکردنی مێژووی پەیدابوونی مرۆڤ، هەندێک بۆ چوار و هەندێکی دیکە بۆ شەش هەزار ساڵیان دەگێڕایەوە!، لەوەش سەیرتر، سەرۆکی زانکۆی کامبریج لە سەدەی هەڤدەدا، کاتژمێر نۆی بەیانی،ڕۆژی بیست و سێی ئۆکتۆبەری چوار هەزار و چوارساڵ پێش لە دایکبوونی مەسیحی دیاریکردبوو وەک ساتی دروستبوونی ئادەم، واتە مێژووی ژیان لەسەر ئەم بوونەوەرە لەم کاتەماندا شەش هەزار ساڵ و شتێکە!
لە هەمان سەرچاوەدا، ئاماژە بە یەکێک لە پیاوە زانا لاهووتییەکانی سەدەی حەوتی زایینی کراوە کە دەیەوێت چیرۆکەکانی ناو تەورات بکاتە مێژووی مرۆڤایەتی و لەڕاستیدا ژیانی پێغەمبەرانی نەوەی ئیسرائیل دەبێتە خاڵی گێڕانەوەی میژوو، باسی یوسف دەکات کە سەد و پەنجا ساڵ ژیاوە و لەسەردەمی ئەودا دانەوێڵە دۆزراوەتەوە و سەد و چل ساڵ پێشڕەوی نەوەی ئیسرائیلی کردووە و لەسەردەمی پێغەمبەرێکی دیکەدا زانستی پزشکی سەری هەڵداوە و لای یەکێکی تر خوێندن دەرکەوتووە و بەگشتی خوێندنەوە و پەیوەستکردنەوەی ژیان و مێژووی مرۆڤایەتی بە کەسانێکەوە کە لە چوارچێوەی زانستی مێژوودا هیچ بەڵگەیەک نییە لەسەر بوونیان. پەیڕەوانی ئەم ئاستەی بیرکردنەوە لە مێژوو، لە پاساوهێنانەوەیاندا دەڵێن: نەبوونی بەڵگە، مانای نەبوونی شتێک نییە؛ لەڕاستیدا، ئەمە هەوڵێکی بێبنەمایە بۆ ملدان بە خورافە. ئەگەرچی مێژوونووسانی موسڵمانیش، نووسینەکانیان سەرڕێژە لە خورافە، بەڵام جیهانی ئیسلامی ئێستا و لەسەردەمی هاوچەرخدا خەریکە شۆکی ئەم بەریەککەوتنە دەیگرێت، ئەگەرنا لە ڕابردوودا، لە دەرەوەی ئەم جەدەلانە بووە.
ئەگەر گێڕانەوەیەکی نێو کتێبە ئاینییەکان، لە پێوەرە زانستییەکان تێپەڕێت و بتوانێت ببێتە فاکتێکی سەلماو، ئەوا هیچ کێشە نییە، بەڵام ئەوەی زانراوە مێژووی گێڕدراوەی نێو ئایینەکان، هیچی لەگەڵ مێژووی زانستیدا نایەتەوە. لەنێو پیاوانی لاهووتی مەسیحیدا کەسی واش لە چەشنی ئیسحاق فۆسیۆس، هەڵکەوتووە کە لە ناوەڕاستی سەدەی هەڤدەدا و تەنیا لە بواری مێژوودا، هەوڵی دا مێژوویەکی جیاواز لەوەی کتێبی پیرۆز بخاتە ڕوو، بەڵام کەوتە بەر هێرش و پەلاماری پیاوانی کەنیسە و کافریان کرد و کتێبەکەیان لە پەرلەمان سووتاند و شەست و سێ وتاریان لەسەر نووسی بە ناوی وەڵامدانەوەی گومانەکانی کە دروستی کردووە؛ ناچاربوو مەزهەبی خۆی لە پرۆتستانتەوە بگۆرێ بۆ کاسۆلیک، تەنیا لەبەر ئەوەی وتبووی کە پێش شەش هەزارساڵیش خەڵکی لەسەر زەوی ژیاون!. دە ساڵ دوای ئەوە کتێبێکی دیکە هاتە دەرەوە بە ناوی "مێژووی مرۆڤ لە سەرچاوە وثنی-بتپەرستەکاندا" کە بەتایبەتی باسی شارستانییەتی میسری کۆن دەکات، واتە بیرکردنەوەی ئەقڵی و زانستی بە بەڵگەی دیکەوە ڕێی خۆی کردەوە بۆ گوزارشتکردن لە خۆی کە تەواو پێچەوانە بوو لەگەڵ گێڕانەوەکانی کتێبی پیرۆز، ئاخر لەلایەک زانستی مێژوو و ئارکۆلۆجیا، بە بەڵگەوە پێمان دەڵێت پتر لە چوار هەزار ساڵ پێش لە دایکبوونی مەسیح میسرییەکان شارستانییەت و مێژوویان هەبووە، کەچی گێڕانەوەی ئایینە ئیبراهیمییەکان باس لەوە دەکات لەو سەردەمانەدا لافاوی نوح هەموو سەرزەوی گرتووەتەوە و ژیان لە پاشماوەکانی کەشتییەکەی نوحەوە، کە چەند کەسێکی کەم بوون دەستی پێکردووەتەوە و هەر ئەم مشتە مرۆڤە لە وەچەکانیان سۆمەری و میسری و بابلی و هیندی و چینی و ئەمریکی دروست بووە!، ئاخر چۆن دیدی ئایینی و زانستی بۆ مێژوو پێکەوە دێنەوە لە کاتێکدا هیچکام لەو پێغەمبەرانەی کە گێڕانەوەی ئایینی باسیان دەکات، لە مێژووی زانستیدا بوونیان نییە، یان مێژووی مرۆڤ لە ئاییندا لە دە هەزار ساڵ تێناپەڕێت، لەکاتێکدا زانستی میسرییەکان لە دروستکردنی هەرەمەکان و مۆمیا و کشتوکاڵ و زۆرشتی دیکەی نێو شارستانییەتەکەیان، پێویستی بە کۆکردنەوەی ئەزموونی زانستی سەدان هەزار ساڵ هەیە تا مرۆڤ گەیشتبێتە ئەو ئاستە، تەنیا زنجیرەی پاشاکانی میسری دێرین بیست و چوار هەزار ساڵ فەرمانڕەوایەتییان کردووە؟!. بەکورتی، ئەگەر تەنیا مێژوویی زانستی میسرییە دێرینەکان وەربگرین، بەسە وەک بەڵگەیەک بۆ ڕەتکردنەوەی مێژوو لەسەر بنەمای گێڕانەوە ئاینییە ئیبراهیمییەکان، ئیتر لێ گەڕێ لە شارستانییەتی نێوان دیجلە و فورات و ئاشووری و سۆمەری و ..هتد.
٢-سەرهەڵدان و گەشەی ژیان، لەنێوان گێڕانەوەی ئایینی و تیۆری زانستیدا:
چۆنییەتیی دروستبوونی ئەم بوونەوەرە بینراوە و ژیان لە سەر ئەم هەسارەیە، یەکێکی دیکەیە لەو بابەتانەی کە مایەی بەریەککەوتنە لەنێوان گێڕانەوەی ئایینی و تیۆری زانستیدا.
لە گێڕانەوەی ئایینیدا، خوا بە دەستی خۆی ئادەم-ی لە (قوڕ-صلصال) دروست کردووە، کە ئەو قوڕەش بە قۆناغەکانی"فخار-قوڕێکی برژاو" و "حم مسنون-قوڕێکی ڕەش بووەوە" دا تێپەڕیووە، دوای دروستکردنی لەسەر شێوەی خۆی، فووی لە ڕۆحی خۆی تێ خستووە و بەمجۆرە گیان و جووڵە کەوتووەتە ئادەمەوە و پاشان "حەوا"ش لە پەراسووی دروست بووە و بە سکێک دوو کوڕ و بە سکێکی تر دووکچیان بووە و لەوانیش وەچەی مرۆڤ کەوتووەتەوە و ژیان دەستی پێ کردووە. بێ گومان ئەم گێڕانەوەیە لەوە زیاترە و درێژەی هەیە، لەوانە: کاتێک ئادەم هێشتا پەیکەرێک بوو لە قوڕ، شەیتان لە کونی دواوەی ئەچووە ژوورێ و لە کونی لووتییەوە ئەهاتە دەرەوە و گاڵتەی پێ دەکرد، پاش ڕۆح بە بەراکردنیشی کێشە و ململانێی نیوان ئادەم و شەیتان دەست پی دەکات و شەیتان ئادەم فریو دەدات و دەبێتە مایەی دەرکردنی لە بەهەشت و دواتر ململانێکەیان لە سەر زەوی و لەلایەن نەوەکانییانەوە بەردەوامە تا ڕۆژی قیامەت .
ئەم گێڕانەوانە، جگە لەوەی لە تیۆری زانستیدا جێی نابێتەوە، لەلایەن کەسانێکیشەوە کە لە میژوودا سەرقاڵی بیری ئایینی بوون، تەئویل-ی بۆ دەکرێت، چونکە دەزانن لەگەڵ لێکدانەوەی ئەقڵیدا نایەتەوە.
ئەم گێڕانەوانە، تەنیا پەیوەست نییە بە مرۆڤەوە، سەبارەت بە ئاژەڵەکانیش شتی سەیر و سەمەرە دەبیستین لە نێو کتێبی پیرۆزی ئایینە ئیبراهیمییەکاندا : وشتر وەک موعجیزەی خوا، گوێدرێژ و پەپووسڵێمانە و مێروو قسە دەکەن، هەندێکی دەچێتە ئاسمان و هەندێکی ڕێز لێگیراو و هەندێکی دیکەشی پیس و نەفرەت لێکراون و زۆر شتی دیکەش. سەیر لەوەدایە ئەقڵێکی گەورەی وەک قدیس ئۆگەستین لە کتێبی "شاری خوا"دا ، کە دەگاتە باسی ئەم ئاژەڵانە، باس لەوە دەکات کە هەندێک لە گیاندارەکان وەک مرۆڤ و چەند ئاژەڵێکی دیکە لە خۆڵی سەر زەوی دروست بوون، بەڵام لە نموونەی بۆق و گورگ و هیی دیکە لە خۆڵێک دروست بوون کە هیی سەر زەوی نییە!.
لەلایەکی دیکەوە، لەنێو پیاوانی ئایینیی هەرسێ ئایینە ئیبراهیمییەکەوە، جەدەلی ئەوە سەری هەڵداوە کە ئایا خوا کە لە "کن فیکن"ێدا هەموو شت دروست دەکات، بە دەنگ فەرمانی کردووە یان بە دەست کردوویەتی، یاخود ئایا "قوڕ" ، کە کەرەسەی دروستکردنی سەرجەم بوونەوەرەکانە، هەر هەبووە و ئەزەلییە، یا ئەویش دروستکراوە و دواتر مرۆڤی لێ دروستکراوە، واتە لێبوونەتەوە لەوەی بوون بەو جۆرە دروست بووە و تەنیا کێشەیان لەسەر ئەو خاڵە ناجەوهەرییانەیە! .
لێرەدا پێویستە تێبینییەکی گرنگ بخەینە ڕوو لە جیاوازیی نێوان کولتووری بیرکردنەوەی پیاوانی ئایینی مەسیحی لەگەڵ ئەوەی لە جیهانی ئیسلامیدا گوزەراوە. لە جیهانی مەسیحیدا، وێڕای دژهاتنەوەی لەگەڵ زانستدا، بەڵام پیاوانی ئایینی زوو زوو ڕای نوێ و جیاواز و دژبەیەکیان لەسەر سەرهەڵدان و گەشەی ژیان دەخستە ڕوو؛ بە واتایەکی دیکە، ئەم بابەتە بووبووە پرس و مایەی قەلەقیی مەعریفییان، وەک وتمان ئەگەرچی ڕاکانیان پتر دەڕژایە نێو بەرگری لە دیدی کتێبی پیرۆز و دژایەتیی تیۆری زانستی سەرهەڵدان و گەشەی سروشتی، کە بە "زانستی ساختە" ناوزەدیان کردبوو و ڕەتیان دەکردەوە، چونکە بە لادانیان دەزانی لە ئایین و دەیانگوت ئەم تیۆرییە سەرەتای دروستبوونی ئێمە لە باوکە ئادەمەوە دەگۆڕێت بۆ مەیموون!، بەڵام لە جیهانی ئیسلامیدا ئەم بابەتە بەتەواوەتی تەسلیمی گێڕانەوە ئایینییەکە بووبوو، ئەگەرچی جارجار لە ڕابردوودا گروپگەلێکی وەک "ئیخوان سەفا"، ڕایەکیشان بووبێت، لە نوزەیەکی ناکارا زیاتر هیچی تر نەبووە، لە سەردەمی هاوچەرخیشدا، تیۆریی سەرهەڵدان و گەشەی سروشتیی لە جیهانی ئیسلامیدا، تەنیا وەک تیۆری پلانگێڕی دژ بە ئایین سەیرکرا، وەک ئەوەی لای خۆمان کە موحەمەد ساڵح شارەزووری کتێبێکی نووسی بە ناوی "داروین لە تەرازووی ژیریدا"، کە هیچ دیدێکی زانستیی تێدا نییە و هەر تێگەیشتنی نییە بۆ داروین، سەرئەنجام لەبری سازکردنی دیبەتێکی زانستییانە، کە بێ گومان توانایی ئەوەی نەبووە، بابەتەکە دەخاتە خانەی پیلانگێڕییەوە دژ بە ئایین و باوەڕ بەخوا!، لە کاتێکدا داروین لە دوور و نزیک باسی خوا و خەڵق ناکات.
دژایەتیی جیهانی مەسیحی بۆ نووسین و تیۆرییەکانی داروین، ئەمریکا و ئەوروپای گرتبووە و، هەرکەس لای خۆیەوە پەلەی بوو زوو نەیاری خۆی ڕابگەیەنێت و بیریشمان نەچێت لەنێو زاناکانی دەرەوەی ئایینیش کە هەڵگری بیرکردنەوەی قووڵی زانستی نەبوون، هەندێکیان پشتیوانیی کەنیسەیان دەکرد و دژی داروین و هاوڕاکانی بوون، تا سەدەی بیست لە نێو ڕەوتێکی نوێی کەنیسە و پیاوانی ئایینییەوە، ئەو ڕایە هاتە دەرەوە کە دەکرێت باوەردارێکی مەسیحی بیت و باوەڕیشت بە تیۆرەکەی داروین هەبێت!.
٣-بەریەککەوتنی نێوان زانستی جوگرافیا و ئایین :
یەکێکی تر لەو بابەتانەی کە تێگەیشتنی ئایینی بەلاڕێیدا بردووین و زانست بەرچاومانی ڕۆشن کردەوە، دیدی ئایینییە بۆ قەوارەی زەوی، تێڕوانینی ئەقڵی ئاینییە بۆ ڕووی زەوی، دیدی بۆ دانیشتووانی سەر زەوی، شێوەی زەوی، وێنەی زەوی. سەبارەت بە قەبارەی زەوی، تێگەیشتنی ئایینی پێی وایە، زەوی لە خۆر و سەرجەم هەسارەکانی دیکە گەورەترە، شێوەی زەویش تەخت و ڕاخراوە و شاخەکان وەک پایە ڕایانگرتووە. لە ئایینەکاندا ئاسمان تەبەق تەبەقە و دەرگای هەیە و هەندێ جار دەرگاکانی دەکرێتەوە و ئاو و لافاوی زۆری لێ دێتە دەرێ بۆ سەر زەوی، وەک ئەوەی لە چیرۆکی نوحدا ڕووی دا، یان ئاسمانەکان حەوتن و لە هەریەکێکیان دیمەن و دەستەیەکی لە فریشتەکان، پێغەمبەران، بەهەشت و جەهەننەمی تیدایە و خواش لە کۆتا ئاسماندایە.
سەبارەت بە وێنەی زەوی لە تێگەیشتنی ئایینیدا، لە ئیسلامدا "مەککە" و لای جووەکان "ئۆرشەلیم" ناوەندی بوون-ه، هەروەک چۆن لە ئایین و ئەفسانەکانی دیکەدا، شاری تر بوونەتە ناوەندی جیهان؛ ئەوە بێ لەوەی ئاسمان وەک قوبە و گۆمەزییەک بەسەر زەوییەوەیە. لەڕاستیدا، زانست پێمان دەڵێت شوێنێک نییە ناوەندی زەوی یان بوون بێت. لەبارەی دانیشتووانی سەر زەوییەوە، باس لە کۆمەڵە خەڵکانێک دەکرێت تا ئێستاش هیچ وێناکردنێکی دروست نییە بۆیان، لە نموونەی یەئجووج و مەئجووج کە کۆمەڵێک سیفاتی سەیروسەمەرەیان دەدرێتە پاڵ و ڕاڤەی ئایینیی سەیریان بۆ دەکرێت و لە قورئاندا باسیان هاتووە، لەفەرموودەشدا باس لە بوونەوەرێک دەکرێت بە ناوی (الجساسة) کە هەموو گیانی توک و مووە و پێش و دوای لە یەکتری جیا ناکرێتەوە و ترسناکە.
٤-کۆستمۆلۆجیا لە بەرامبەر گێڕانەوەی ئایینیدا:
لەم بەشەدا باس لە گێڕانەوەی ئایینی دەکەین بۆ چۆنییەتی و چییەتیی کۆمەڵەی خۆر و مانگ و ئەستێرەکان، بەتایبەتی لە تەوراتدا کە دواتر بەهەمان شێوە لە ئینجیل و ئیسلامیشدا هاتووەتەوە. پێشتر باسمان لە قەبارە و ڕووی زەوی و دانیشتووانی و شێوەی و وێنەی زەوی کرد، لێرەدا باس لە ئەفسانەی ئایینی دەکەین لەسەر شێوەی خولگە-فەلەک دەکەین، نەک زەوی.
یەکێک لەو جیاوازییانەی ئایین و زانست جیاوازییانە لەسەر ئەوەی خۆر و مانگ، کامیان مەرکەز و چەقە بۆ ئەوی دیکە. لە ئاییندا، زەوی چەقی هەموو بوونەوەرە و چەسپاوە و خۆر و سەرجەم ئەستێرەکانی دیکە لە دەوری زەوی دەگەڕێن، چونکە لە گێڕانەوەی ئایینە ئیبراهیمییەکاندا، ئادەم و حەوا کە بێفەرمانیی خوایان کرد و لە بەهەشت داگیرانە خوارەوە، پێویستە هاتبنە ناوەندی بوون و ژیانی سەر زەوی و لە دیدی ئایینیدا هەرچی لە بووندا دروست کراوە لە ڕووەک و گیاندار و ئەستێرەکان، بۆ ئەم مرۆڤە خوڵقێنراوە و لە خزمەتی ئەودان؛ بەکورتی، گێڕانەوەیەکی سادە و سەرپێیانەن کە پاڵەوانی نێو ئەم بوونە و ئامانجی هەموو ئەم بوونە مرۆڤە، مرۆڤیش ئامانج لێی تاقیکردنەوەیە کە یا بەرز دەبێتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ شوێنی پێش فریودانی، یاخود بنی جەهەنەم دوا جێگەیەتی، واتە بە نەمری دەمێنێتەوە، ئیتر لە بەهەشت یان جەهەنەم.
کاتێک زانستی کۆستمۆلۆجیا-گەردوونناسیی پەیپێبردووەکانی خۆیمان بۆ دەخاتە ڕوو، تێدەگەین کە زەوی نەک ناوەڕاستی بوون نییە، بەڵکوو بوونی وەک دەنکە لمێک وایە لە بیابانێکی لماویدا و تەنانەت خۆریش ناوەندی بوون نییە و لە بووندا چەندین خۆر و گەلەئەستێرە هەن کە لەمەی ئێمە گەورەترن، ئاسمانیش گومەزی و سەقف نییە و شینیش نییە، بەڵکو ئەو شین بوونە بە چاو وادیارە و شیکاریی زانستی هەیە بۆی.
لەدوای هاتنە دەرەوەی هەوڵە زانستییەکانی کۆپەرنیکۆس و گالیلۆ، ئەقڵی ئایینی مەسیحی تووشی شۆک بوو، ئەو بڕاندبوویەوە کە زەوی ناوەندی بوونە، نەک تەنیا لەبەر نازڵبوونی ئادەم لێرە، بەڵکوو کوڕی خوا-مەسیحیش لە سەر زەوی لە دایک بووە و لێرەش لە خاچ دراوە، بۆیە زەوی پیرۆزە و مرۆڤ ئامانجە و ئەقڵی ئایینی پێی وایە دەبێ هەمووان لە دەوری زەوی بگەڕێن. بێ گومان زانست دەریخست زەوی ناوەندی بوونەوەر نییە و چەندین کۆمەڵەی خۆر و بوونەوەری تریش هەیە و هەمووان بە یاسایەک لە دەوری خۆیان و یەکتری دەخولێنەوە، ئیتر ئەو باوەڕەش کە ئامانج لە بوونی هەمووشت، مرۆڤە، کەوتە بەر گومان و هەرەسی هێنا. مێژوو بۆمان دەگێڕێتەوە کە پەیڕەوانی ئایینی ئاسمانی، کۆپەرنیکۆسیان بە نەفرەت کرد، برۆنۆیان سووتاند و گالیلۆش دادگایی کراو وتە بەناوبانگەکەی گوت: "بە کوشتن و سووتاندنی من زەوی لە سووڕانی ناکەوێت بە دەوری خۆردا". دەتوانیین بڵێین ئایین بە کوشتن و سووتاندن سەرکەوت بەسەر زانستدا، ڕاسل وتەنی: پیاوانی ئایینی، نەیارەکانیان دەکوژن تا بیسەلمێنن کە ئایینەکەیان ڕاستە!. شایەنی باسکردنە لە جیهانی ئیسلامی و لەم دوایانەشدا (عبدالعزیز بن باز) موفتی سعودی، فتوای کافربوونی دا بۆ هەر کەسێک کە باوەڕی وابێت زەوی دەجووڵێت و پێی وابوو خۆر لە جووڵەدایە و زەوی چەسپاوە و ناجووڵێت، ئەمەشی لە تێگەیشتن لە ئایەتەکانی قورئانەوە هێنابوو.
دوای پاشەکشێی ئایین لە بەرامبەر فاکتە زانستییەکاندا، تێگەیشتنی ئایینی مەسیحی کەوتە تێهەڵکێشکردنی زانست لەگەڵ دەقە ئایینییەکاندا و بەکارهێنان و یاریکردن بە زانست و تەئویلکردنی دەقە ئایینییەکان بە جۆرێک لەگەڵ زانستی سەلماودا بێنەوە.
٥- ئەستێرە و نەیزەک و ئاسمان لە ڕاڤەی ئایینی و زانستیدا :
لێرەدا باس لەو ئاماژە و نیشانانە دەکەین کە لە ئاسماندان و ئەقڵی ئایینی چۆن لێیان دەڕوانێت. سەبارەت بە ئەستێرە لە قورئاندا هاتووە کە "و علامات و باالنجم هم یهتدون"، واتە وا تێگەیشتوون کە ئەم ئەستێرانە بۆیە خەلق بووە تا ڕێنمایی کاروانچیییەکان بکات لە هاتووچۆکانیاندا و بۆ ئەو ئامانج و خزمەتەی مرۆڤ هەن، یاخود سەبارەت بە نەیزەکەکان، یاخود کلکدارەکان، گەلەئەستێرە و خۆر، کە لە ڕابردوودا خۆر وەک ئەستێرەیەک سەیر نەکراوە و ئێستا دەزانیین کە ئەویش ئەستێرەیە. خەیاڵکردنی ئایینی بۆ ئەوەی ڕوو دەدات لە ئاسماندا، یان ڕاستتر بڵێین لە بۆشایی گەردووندا، وێناکردنێکی مناڵانەیە؛ بە نموونە، کاتێک ئەستێرەیەک بەجۆرێک دردەکەوێت ئەوە نیشانەی لەدایکبوونی کەسێکی مەزنە، یان گەر کشا بەڵگەی مردنی کەسێکە، یاخود لە ئیسلامدا و لە قورئاندا کشانی نەیزەک، بەڵگەی ئەوەیە کە کۆمەڵێک عفریت-جنۆکەی بێباوەڕ نزیک بوونەتەوە لە دوائاسمان و هەوڵ دەدەن سیخوڕی بکەن و گوێبیستی ئەوە بن کە لەنێوان خوا و فریشتەکانیدا چی دەگوزەرێت و نهێنییەکان بزانن، بەڵام ئەم نەیزەکانە وەک تۆپەڵە ئاگرێ بە دوایان دەکەون و دەیانسووتێنن، وەک لە قورئاندا هاتووە: "الا من خطف الخطفة فاتبعە شهاب ثاقب" (الصافات ١٠). هەروەها لە شوێنی دیکەدا وەک زینە و هۆکاری ڕازاندنەوە وێنای دەکات، بەڵام دواتر لە گەشەی زانستدا و بە دەرکەوتنی نیۆتن و ئەنیشتاین و کەسانی دیکەش، دەرکەوت هەموو ئەم دیاردانە لە چوارچێوەی یاساگەلێکی نێو سروشتدا ڕوو دەدەن و هۆکار و هاوکێشەی زانستی هەیە لە ڕوودانیاندا و هیچ ئامانجگەراییەک لە پشت ئەو دیاردانەوە نییە، وەک ئەوەی گێڕانەوەی ئایینی باسی دەکات. بێ گومان کاردانەوەی کەنیسە و پیاوانی ئایینی و خەڵکی باوەڕدار لەبەرامبەر تێگەیشتنی زانستیدا چەند جۆرێک بوو، لەوانە، دژایەتیی توند و خوێناوی هەڵگرانی دیدی زانستی و کە سانی توندڕەو پێیان وابوو هەمیشە ئایین هەقە یان هەق لای ئایینە، کەسانی دیکەش هەبوون دەکەوتنە گومان لە گێڕانەوە و تێگەیشتنە ئاینییەکە، کەسانێکی دیکەش هەبوون دەکەوتنە گونجاندنی دەق و گێڕانەوە ئایینییەکە لەگەڵ دیدە زانستییەکەدا و دەیانویست ئاشتییەک بێننە ئاراوە لەنێوان گێڕانەوەی ئایینی و فاکتی زانستیدا. دەتوانین بڵێین، هەقیقەتی زانستی هەر بەرچاو ڕۆشنی نەکردین، بەڵکوو پەردەشی هەڵماڵی لەسەر زۆر گێڕانەوەی خورافی و تێگەیشتنی ساویلکانە کە ڕەفتاریشمانی ئاراستە کردبوو.
٦- زەوی لەنێوان جیۆلۆجیا و گێڕانەوەی زانستیدا:
سەبارەت بە سەرەتا و تەمەنی زەوی، زانستی جیۆلۆجیا پشت بە بەڵگەی زانستی دەبەستێت لەوانە: شیکاریی لەسەر بەرد و ماددەی تیشکدەری سەر زەوی، کە بەپێی دەرکەوتە زانستییەکان، تەمەنی زەوی نزیکەی چوار ملیارد ساڵ و نیووە، بەڵام لە گێڕانەوە و ڕاڤەی ئایینە ئیبراهیمییەکاندا، زەوی لە ماوەیەکی کەم، واتە شەش ڕۆژدا دروست بووە و تەمەنی زەوی لە شەش بۆ دە هەزار ساڵ تێناپەڕێت، کە ئەوەش بەپێی تەمەنی ڕووداوەکانی نێو کتێبە پیرۆزەکان مەزەندە کراوە.
سەبارەت بە چۆنییەتیی دروستبوونی زەوی، بەپێی زانست: لە چوارچێوەی تیۆریی دروستبوونی کۆمەڵەی خۆر لێی دەڕوانێت، کە بەو پێیە دروستبوونی زەوی و کۆمەڵەی هەسارەکان، لە ئەنجامی تۆز و هەوری غازیی لە پێش چوارملیاردساڵ و نیو و بە چەندین قۆناغی کیمیایی و فیزیکی، لەوانەش پێکدادان و کەڵەکەبوون، دروست بوون. ڕاڤەی تێگەیشتنی ئایینی بۆ چۆنییەتیی دروستبوونی، ئەوەیە کە خوا ڕاستەخۆ دروستی کردووە نەک لە ئەنجامی کارلێکی سروشتی. زانستی جیۆلۆجی پێی وایە، زەوی لە تەمەنی چەند ملیار ساڵەی خۆیدا، چەندین قۆناغی گەشەی بەخۆیەوە بینیوە، لەوانە: چاخی سەهۆڵبەندان، گڕکانە گەورەکان، جووڵەی پلێتەکانی زەوی، لە هەمان کاتدا ژیان لە سەر زەوی بە شێوەیەکی لەسەرەخۆ و پلە بە پلە سەری هەڵداوە، لە بوونەوەر سەرەتاییەکانەوە بۆ هاتنەکایەی ژیانێکی ئاڵۆز و لە ماوەی چەندین ملیارد ساڵدا، بەڵام تێگەیشتنی ئایینی پێی وایە ژیان هەر بەکامڵی و تەواوی دەستی پێ کردووە و خوا مرۆڤ و گیاندارەکانی لە ساتێکدا لەسەر ئەو شێوە کامڵەی دروست کردووە.
زانستی جیۆلۆجیا، پشت بە ڕووداوە جیۆلۆجییەکان دەبەستێت، وەک بوومەلەرزە و زریان و لافاو و گڕکانەکان کە دەرئەنجامێکی سروشتیی کارلێک و هاوکێشەی فیزیایی و گۆڕانی ژینگە و کەشوهەوا و جووڵە و نیشتنی چینەکانی نێو زەوین، بەڵام ئایین ئەم ڕووداوە سروشتییانە وەک تۆڵە و توڕەیی خوایی لێک دەداتەوە، وەک ئەوەی بەسەر گەلی نوح-دا هات، کە گێڕانەوەی ئایینی وەک تۆڵەی خوایی باسی دەکات.
٧- بەریەککەوتنی گێڕانەوەی ئایینی لەگەڵ زانستنی ئارکۆلۆجیادا :
گەر سەرەتا جیاوازیی نێوان زانستی مێژوو (کە پێشتر باسمان لێ کرد) و زانستی ئارکۆلۆجیا-ئاسەوارناسیی بکەین، یەکەمیان پتر باس لە دوای مێژوو دەکات، واتە لە پاش پەیدابوونی نووسین، کە یەکێک لە سەرچاوەکانی توێژینەوەی زانستی مێژوو، ئاسەوارە . سەبارەت بە ئارکۆلۆجیا، بنکۆڵی ئەوە دەکات کە لە مرۆڤ بەجێ ماوە، هەر شتێک لێی بەجێ مابێ لە نموونەی پەرەستگاکانی، تەلار و شوێنی ژیانی، گۆڕ و شوێنی ناشتنی، پارە و کەرەسەکانی، تا وێنا و دیدێکی بۆ دروست ببێت لەسەر چۆنییەتیی ژیانی مرۆڤ. ئەگەر زانستی مێژوو لە قۆناغ و سەردەمەکانی مێژوو بدوێت، ئەوا ئارکۆلۆجیا لە مێژوو و پێش مێژووش دەدوێت.
لێکۆڵینەوە لە سەردەمانی پێش مێژوو، چەند بابەت و ئایدیایەکمان بۆ ئاشکرا دەکات کە مرۆڤ بە پیرۆزی زانیوە، مرۆڤ هەندێک کێوی-شاخی پیرۆزکردووە یان بە پیرۆز زانیوە، وەک کێوی سەهیۆن لە نزیک قودس، کێوی عەرەفات، کێوی فوجی لە یابان، لای هیندۆسەکان، یاخود ئایدیای ئەوەی هەندێک لەو پیرۆزانە لە ئاسمانەوە نازڵ دەبن، خودی پیرۆزکردنە، بۆ نموونە، وەک بەردە ڕەشەکە یان سپییە-ڕەش بووەکەی ناو کەعبە، کە ئەم بیرکردنەوەیە لای کۆمەڵێکی وەک موعتەزیلە ڕەدکراوە بوو. جاحیز (جاحظ) دەڵێت: ئەو بەردە ئەگەر لەبەر تاوان ڕەش بووەتەوە، ئەی حەسەنات و چاکەی پێغەمبەر و یارانی بەشی ئەوە نەبوو ئەو ڕەشییە لابەرێت، ئەی ناڵێن "ان الحسنات یذهبن السیئات"، واتە چاکە، خراپە دەسڕێتەوە؟!. لەڕاستیدا، هەموو ئەم پیرۆزکراوانە لە زانستدا ڕەد دەکرێتەوە و ئەوانە یاخود نەیزەکن و کەوتوونەتە سەر زەوی، یان کەرەسەیەکی دێرینە و مرۆڤ بە هۆکارێک پیرۆزاندوویەتی.
هەر لە چوارچێوەی ئارکۆلۆجیادا، زانستی هەڵکۆڵین، یان زیندەوەرزانیی کۆن، بۆمان دەردەخات کە مێژووی ژیانی مرۆڤ زۆر دێرین و بەرفراوانە لەسەر پانتایی ئەم زەوییە، کە گێڕانەوەی ئایینی ڕەتی دەکاتەوە و پێی وایە مێژووی ژیان لە چیرۆکی پێغەمبەرانی نێو کتێبە ئیبراهیمییەکانەوە دەست پێدەکات و ژیانیش تەنیا لەم ناوچانە بووە کە ئەوانی تیا ژیاون. زانست بەردەوام ژیان و سەردەمی نوێمان بۆ دەدۆزێتەوە، بەڵام ئایین بڕیویەتەوە کە هەر ئەوەیە. دۆزینەوەی ئێسک و پروسکی مرۆڤ و پێش مرۆڤ، ئەقڵی ئایینی و گێڕانەوەی ئایینیی خستووەتە تەڵزگەوە.
٨- بەریەککەوتنی گێڕانەوەی ئایینی و زانستی ئەنسرۆپۆلۆجیا:
ئەنسرۆپۆلۆجیا- زانستی مرۆڤناسی، لێکۆڵینەوەیە لە ژیانی مرۆڤ و گەشەکردنی، مێژووی پەیپێبردنەکانی، بیرکردنەوەی، هەموو ئەوەی بەرهەمی هێناوە، توێژینەوە لە دیاردەی مرۆڤ و دەورووبەری و پەیوەندییەکانی دەکات.
ئەوەی لەم زانستەدا جەختی لێ دەکرێتەوە گرنگیدانە بە مێژووی ئەفسانە لای مرۆڤ. سەبارەت بە هاتنی مرۆڤ و لە کوێوە هاتووە، گێڕانەوەی ئایینی ئەفسانەی خۆی هەیە کە بە شێوازی جیا و پچڕپچڕ و هەندێک جار دژ بەیەکیش دەیخاتە ڕوو، هەر ئایینێک چیرۆکی جیا یان نزیک لە یەکیان هەیە و هەندێک ئایینیش لە نموونەی بوزی و کۆنفۆشیوسی، هەر نەچوون بەلای ئەو بابەتەدا و گرنگییان پێ نەداوە و ئەڵێن ئێستا گرنگ ئەوەیە ئێمە هەین. لە ئایینە ئیبراهیمییەکاندا، بەتایبەتی یەهود و ئیسلام، زۆر بەدوورودرێژی باسی ئەم بابەتە و وردەکاری کراوە، لە بەری داری قەدەغەکراو، ئیبلیس، مار، زۆر شتی دیکەش. سەیر لەوەدایە لە ئینجیلدا نەچووە بەلای ئەم بابەتەدا، تەنیا لە تەوراتدا باس کراوە کە قۆناغی یەکەم یان دێرینی کتێبی پیرۆزە. کەچی ئایدیای گوناهی یەکەم و هاتنی مەسیح بۆ پاکبوونەوە و هەڵگرتنی ئازاری ئەو تاوانە، ئایدیای بنەڕەتیی مەسیحییەتە.
بەڕاست، ئەفسانە و گێڕانەوەی دروستبوونی ژیان لەسەر زەوی چییە؟. ئەفسانەی زۆر هەیە بۆ ئەم بابەتە، چ لای میسری کۆن، بابلی و ئاشووری و بەگشتی لە شارستانییەتی نێوان دوو ڕووباردا، فینیقی، لای یۆنانی و ڕۆمانی، هیندی و چینی (چینی کۆنفۆشیوس نا) و زۆر شوێنی تر. بەگشتی، کاتێک شیکاری بۆ ئەم ئەفسانە و گێڕانەوانە دەکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە چۆن لەبنەڕەتدا لە ڕەحم و منداڵدانی ئەفسانەی یۆنانییەوە هاتوونەتە دەرێ. سەیر لەوەدایە پەیڕەوانی هەر ئایینێک زۆر بە ئاسایی وەک ڕاستییەکی ڕەها ئەفسانەی نێو ئایینەکانی خۆیان دەخەنە ڕوو، بەڵام گاڵتەیان بە ئەفسانەی نێو ئایینێکی دیکە دێت، وەک دەوترێت: "پیرۆزیی تۆ ئەفسانەی منە و ئەوەشی لای تۆ ئەفسانەیە بۆ من پیرۆزییە". ئایین هەمیشە وەڵامی سادە و ساویلکانەی پرسیارە جەوهەری و گەردوونییەکان دەداتەوە، بۆیە لای حەشاماتی خەڵکی کە ناتوانێت یان نایەوێت بیر بکاتەوە، پەسەندە و وەردەگیرێت.
بەپێی ئەو توێژینەوەی کە دیکسۆن وایت لە سەدەی نۆزدەدا بۆکۆی گێڕانەوەکانی ڕابردوو کردوویەتی، لە کتێبەکەیدا سەرچاوەکەی گێڕاوەتەوە بۆ هەقایەتی"تەماتە" کە لە ئەفسانەی یۆنانیدا هەیە. لە ئەفسانەی یۆنانیدا هاتووە، کچێک هەبوو بە ناوی تەماتە، ئەم تەماتە مرۆڤ بوو، بەڵام وەک خواوەندەکان دەژیان، هیچ نەخۆشی، دڵەڕاوکێ، ترس، کەموکورتییان نەبوو، هەموو پێداویستییەکیشیان هەبوو و لە نیعمەتێکی زۆردا دەژیان، ژنەکان منداڵیان دەبوو بەبێ هیچ ئازارێک و بێ هیچ ئازار و کێشەیەک کە خانمان هەیانە و پیر نەئەبوون و مەرگیش لایان، وەک وەنەوزێک و وچانێک وابوو کە ژیانیان دەست پێ دەکردەوە. خوای یۆنانییەکان، زیۆس بە خاتوو تەماتە دەڵێت: "ئەوە هەموو خۆشییەکانم بۆ دابین کردوویت لەگەڵ هاوسەرەکەت، بخۆن و بخۆنەوە و ڕابوێرن و هەرچیتان ئەوێ بۆتان ئامادەیە، تەنیا نزیکی ئەو سندووقە مەکەونەوە و نەکەی بیکەیتەوە". بەڵام ئەم تەماتە، فزولییەت و کرمی سەری پاڵی پێوە نا تا بێفەرمانی بکات و سندووقەکە بکاتەوە؛ کاتێک سندووقەکەی کردەوە، ئازار و خەفەت، سەرما و گریان، هەرچی ناخۆشی و ئازار و نەبوونییە تیێدا بوو؛ لەو کاتە بە دواوە، هەموو مرۆڤەکان ناخۆشیی و مەرگ و ئازار و خەفەت و زەحمەتەکانی ژیان یەخەی گرتن و لە پلەی ڕێز و نیمچە خواییەوە دابەزین و کەوتنە بەر خەشم و تووڕەیی خواکان.
زانایانی ئەنسرۆپۆلۆجی، کە ئەم داستانە و هاوشێوەکانیان لای میسری و سۆمەری و ئاشووری و یۆنان و ڕۆمان بینی، تێگەیشتن هەمان ئەم ئەفسانانە بە مۆدێلی دیکە و بە گۆڕانکاری کەمەوە لە گێڕانەوە ئاینییەکاندا هێنراوەتەوە و پیرۆز کراوە.
٩-بەریەککەوتنی زانستی ئەسنۆلۆجی-ڕەچەڵەکناسیی لەگەڵ گێڕانەوەی ئایینیدا:
زانست، پەیڕەوێکی دیاریکراوی خۆی هەیە لە بیرکردنەوەدا و ئایینیش شێوازی بیرکردنەوەی خۆی هەیە، هەروەک چۆن ئەدەب شێوازی سەربەخۆی هەیە لە بیرکردنەوە و گوزارشتکردن، تەنانەت جیهانی جادوو و جنۆکە و مەخلوقە نەبینراوەکانیش شێوازی خۆی هەیە بۆ بیرکردنەوە، شێوازگەلێک هەن ئەقڵانی و زانستین و ڕەهەندی مرۆییان هەیە، بیرکردنەوەگەلێکیش هەن وا نین، ئیتر لێرەوەیە کە ململانێ لەنێوان ئەقڵ و نائەقڵ، خواستێک بۆ بەرەو مرۆڤبوون و خواستێک کە لە دەرەوەی مرۆڤبوون شتانێکمان بەسەرا دەسەپێنێت کە ئامادەیی نییە و چاو و ئەقڵمان پەی پێ نابات، ئیتر لێرەوەیە کە شێوازە جیاوازەکانی بیرکردنەوە بەر یەک دەکەون.
ئێمە دەزانین کە زانستە مرۆییەکان پێکداچوون و هاوبەشییەکیان هەیە، لەوانەش زانستی ئەسنۆلۆجی یەکێکە لە بەشەکانی ئەنسرۆپۆلۆجی، لێکۆڵینەوە لە دیاردەی مرۆیی دەکات لەڕووی پێکهاتنەوە کە پەیوەستە بە جیاوازی ڕەچەڵەکیانەوە.
لە جوگرافیای دانیشتووانی سەر زەویدا، سێ ڕەچەڵەکی سەرەکی و چەند ڕەچەڵەکێکی تەواوکاری هەیە. سێ ڕەچەڵەکە سەرەکییەکە بریتیین لە: ڕەچەڵەکی زەرد کە بە ڕەچەڵەکی مەغۆل-ی ناو دەبرێت، لە نموونەی: تورکەکان، چینییەکان، کۆری و یابانییەکان، دووەم ڕەچەڵەکی قەوقازییەکان، کە بریتیین لە ئەوروپاییەکان، عەرەب و گەلانی ئێران و هیندییەکان، رەچەڵەکی سێیەمیش ڕەش پێستەکانن کە خەڵکی ناوەڕاست و باشووری ئەفریقا دەگرێتەوە. دوو ڕەچەڵەکی دیکەش هەن لە ئوسترالیا و ئەمریکا، کە هەندێک توێژەر بە سەربەخۆ و هەندێکیش بە بەشێک لە ڕەچەڵەکی زەردیان دەزانن؛ بەگشتی، هەر یەک لەم ڕەچەڵەکانە، بەشی دیکەی لێ دەبێتەوە لە جوغزی زانستی ڕەچەڵەکناسییدا.
ئەم دابەشکردنەی زانستی ڕەچەڵەکناسیی، جیاوازی و بەریەککەوتنی هەیە لەگەڵ ئایین وکتێبە پیرۆزەکاندا. لە تەوراتدا، کە ئایینە ئیبراهیمییەکان بەگشتی لەسەر ئەو باوەڕەن ڕەچەڵەکی مرۆڤەکان دابەش کراوە بۆ نەوەکانی نوح : سام، حام و یافس. ئەوە جگە لەوەی لە کتێبە پیرۆزەکاندا هاتووە، ڕووڕەشبوونی خەڵکانێک، بەهۆی سزای خواییەوە بووە و تەنانەت هەندێک کراون بە مەیموون، لێگەڕێ لەوەی ئەو تێڕوانینە کە ڕەشبوونی پێست وەک سزای خوایی سەیر دەکات، بیرکردنەوەیەکی تەواو ڕەگەزپەرستانەیە بە ناوی خواوە، گوایە ڕەشبوونی پێستییان لە ئەنجامی دوعایەکە کە نوح لە وەچەی حام-ی کردووە!، ئەمەش تەڵزگەیەکی ئەخلاقی گەورەیە بۆ گێڕانەوەی ئایینی، کە بەربەستی ڕەگەزییانە دەخاتە نێوان پەیوەندیی مرۆڤەکان و لەو دیدەوە حوکم دەدات، یاخود دەوترێت تورک و چینییەکان پاش ماوەی یەئجوج و مەئجوجن.
لە زانستدا ڕەگەزی پاک و پیس، چاک و خراپ نییە و مرۆڤەکان هەموو مرۆڤن و هەرکەسێکیش تاقیکردنەوەی (D N A) بکات، دەبینێت کە ئاوێتەبوونێکی ڕەگەزەکانی تێدایە و هیچکات زانست پێی ناڵێت فڵانە ڕەگەز پاک و باڵایە. لێرەوە ، واتە لەزانستدا ئەو دۆکترینە سەرەولێژ دەبێتەوە کە باس لە پیرۆزیی خەڵک و ڕەچەڵەکێک دەکات، وەک ئەوەی ئەمانە گەلی خوان، ئوممەتی وەسەت-ناوەندن، یان لە بەرەبابی سام و حام و شتانی لەوجۆرەن و، پێویستیشە بڵێین هیچ بەڵگەیەکی زانستی نە بایۆلۆجی، نە مێژوویی، نە ئەنسرۆپۆلۆجی نە ئەسنۆلۆجی بوونی نییە لەسەر ئەم تێڕوانینە.
ئەمەی خستمانە ڕوو، تەنیا شتێک نییە کە زانستی ئەسنۆلۆجی کەشفی کردووە و لەگەڵ ئاییندا بەریەکەوتنی هەیە، بەڵکوو ئەم زانستە لە بنکۆڵکردنیدا بۆ خێڵ و کۆمەڵگەی چاخە دێرینەکان، گەشەکردنێکی بەرچاوی مرۆڤمان بۆ دەخاتە ڕوو لەڕووی بیرکردنەوەی ئایینی و ئەقڵی ئایینییەوە؛ بە نموونە، کۆمەڵێک زانا، لەوانە شتراوسی ئەنسرۆپۆلۆجیست، لێكۆڵینەوەیان کردووە کە مرۆڤە دێرینەکانی نیاندەرتاڵ و هۆمۆسێپییانەکان کە لەسەرەتادا لە ناوچەکانی وڵاتانی بەڵتیق و ئەڵمانایا پاشماوەیان دۆزرایەوە، ژیانیان لە هەرکوێ بن لە ئەمازۆنی ئەمریکای باشوورەوە تا ئەفریقا و ئەندەنووسیا و ئەوانی دیکەش؛ بەگشتی، ڕیتمی ژیانیان لەیەک دەچێ و جۆرێک ئایینداری بینراوە لێیانەوە کە ڕەهەندێکی مێژوویی قووڵ و دێرینی هەیە و کۆمەڵێک کۆمەڵگەش بینروان کە ئایینیان هەر نەبووە، هەموو ئەمانە، دژی گێڕانەوە ئایینییە ئیبراهیمییەکە دەوەستنەوە و لەگەڵ ئەو چیرۆکەدا نایەنەوە کە پێغەمبەران دەکاتە تەوەرەی ژیانی گرۆی مرۆڤەکانی سەر زەوی. کۆمەڵێک شارستانی گەورە هەبوون لەسەر بنەمای فرەخوایی ژیاون، چەندین هەبوون لەسەر دیدی ڕۆحی و باوەڕ بە سروشت و ئایینی جیاواز ژیاون و لەگەڵ خۆیاندا ئایینەکانیشیان گەشەی کردووە، هەبوون باوەڕیان بە جادوو هەبووە و هەشبوون هەر باوەڕیان بە هیچ نەبووە، لە هەموو ئەمانەدا هیچ هەواڵێک لە ئادەم و حەوا و حام و سام و هیچکام لەمانە نییە. کاتێک لەنێو بەستێنی زانستدا بیر لەم گێڕانەوە ئایینییانە دەکەینەوە، وەک ئەوە وایە باس لە هەسارەیەکی دیکە بکات!، ئاخر ئایینی یەکتاپەرستی لە چاو تەمەنی مرۆڤایەتیدا، نوێیە، ئەی ئەو هەموو تەمەنەی کە زانستی ئەنسرۆپۆلۆجی و ئەسنۆلۆجی بۆمان ئاشکرا دەکات کە کۆمەڵگەکان بێخوا یان فرەخوا بوون، لەم بەستێنەدا گێڕانەوە ئایینە یەکتاپەرستەکان لە کوێ بوون و خودی چیرۆکەکان بۆ دەرکەوتنیان لەسەر واقیع نییە؟!، فاکتە مێژووییەکان پێمان دەڵێن، یەک خوایی و یەکتاپەرستی لە (ئەخن ئاتوون) میسری دێرینەوە دەستی پێ کردووە و دواتر لە ئایینە ئیبراهیمییەکاندا گەشەی کردووە.
بابەتێکی دیکەی نێو گێڕانەوەی ئایینی کە زانستی ڕەچەڵەکناسیی ڕتی دەکاتەوە، باوەڕی ئایینە بە کۆمەڵێک بوونەوەری شاراوە، جگە لە خوا، کۆمەڵە بوونەوەرێک کە لەگەڵ مرۆڤ دەژین و خاوەنی ڕەفتار و ویستن و کاریگەرییان هەیە، لە نموونەی جنۆکە، کە هەندێکیان بەپێی باوەڕی ئایینی تا سێکسکردن و وەچە خستنەوەش لەگەڵ مرۆڤدا دەڕۆن! ئینجا ئەم جنۆکانە ئیمانداریان هەیە و هەشیانە وەک ئیبلیس دەبێتە شەیتان، هەندێک لە جنۆکەکان کە پلەی هێز و توانایی خراپەی زیاتر بوو، پێی دەوترێت "عفریت"، لەوەش زیاتر، گێڕانەوەی ئایینی زۆر دیاردەی نێو سروشت دەبەستێتەوە بەم بوونەوەرانەوە.
هەر لە چوارچێوەی زانستەکانی نێو ئەم بەشەمان، جەختکردنەوە لەوە هەیە کە مرۆڤەکان لە قۆناغێکدا باوەڕیان بە جادوو هەبووە و تا سەرهەڵدانی ئایینە یەکتاپەرستەکان جادوو پێ بە پێی ئایین هاتووە. باسمان کردووە کە ئاگۆست کۆنت، قۆناغبەندی هەیە بۆ بیرکردنەوەی مرۆڤ، بەڵام جێمس فرێزەر سێ قۆناغی جادوو، ئایین و زانستی ئاماژە پێداوە. جادوو، بنەڕەت و دەستپێکی ئایین بووە و پێویستە بە دیدی ئێستەوە، بەتایبەتی پاش بە نەفرەتکردنی جادوو لای یەکتاپەرستییەوە، نەڕوانینە ئەو جادووەی لە دێریندا هەبووە، کە جادووگەر لە ئێستادا کافرە و خراپەکارە، جادووگەری لە دێریندا جۆرە وەزیفە-پیشەیەک بووە کە چارەسەری جەستەیی و دەروونی پێشکەش کردووە، کە بێ گومان سروتی خۆیی هەبووە و وای نواندووە کە توانایی پەیوەندیکردنی هەیە بە هێزێکی باڵاوە. لەم چەند دێڕەی کۆتاییدا، ئامانج ئەوە بوو کە بڵێم، زانستی ئەنسرۆپۆلۆجی و ئەسنۆلۆجی بەوردی ئەوەیان سەلماندووە کە قۆناغێکی بەرفراوانی ژیانی کۆمەڵگەکانی مرۆڤ باوەڕیان بە جادوو هەبووە و ناچنە ناو ڕیزبەندی تێگەیشتنی گێڕانەوەی ئایینی بۆ مێژوو.
١٠-دیاردەگەلێکی سروشتی لەنێوان دیدی ئایینی و زانستدا:
بیرکردنەوەی لاهوتییانە و زانستییانە سەرڕێژە لە دژیەکبوون و تا کاتیش تێپەڕێت، جیاوازیی نێوان دەقی ئایینی و تیۆری زانستی فراوانتر و قووڵتر دەبێتەوە. یەکێک لەو بابەتانە، بەڵکو بوارە فراوانە، تێڕوانین و تێگەیشتنە بۆ دیاردە سروشتییەکانی وەک باران، ڕەشەبا، زانینی پلەی گەرما و سەرما لە زانستی کەشناسییەوە و زۆر شتی دیکەش کە ئاماژەیەکی پێ دەدەین. لەڕاستیدا، ئەقڵ و زانستی مرۆڤ ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە پێشکەوتن و گەشەدایە تا لە هاوکێشە ئاڵۆزەکانی ناو سروشت تێبگات و ڕامیانبهێنێت.
ئەندرۆ دیکسۆن لە بەشی دوانزەیەمی کتێبەکەیدا، بابەتی ململانێی نێوان ئایین و زانست لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، باس لەوە دەکات کە پیاوانی ئایینی لە سەدەکانی ناوەڕاست و سەردەمی هاوچەرخ و حەڤدە و هەژدە و تەنانەت نۆزدەشدا چۆن بووبوونە مایەی دژیەکی ڕاکانیان لەگەڵ دەرهاویشتەی زانستی ئەو سەردەمانەدا. بەگشتی، ئایینە ئیبراهیمییەکان دیدێکیان هەیە کە گوایە هەر یەک لە با و باران، هەور ، هەورەبروسکە، مەلائیکە- فریشتەیەکی خوایی لەگەڵە، کە ئەمەش هەر درێژکراوەی ئایینە دێرینەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوینە لە نموونەی میسر و ئێراق و سوریای گەورە- لانکەی فینیقییەکان، و تەنانەت دواتر یۆنان و ڕۆمانەکان؛ بەگشتی، لای هەموو ئەمانە خوا یان هیزێکی خوایی هەبووە لە پشت ئەم کارە مەزنانەوە لە باران و هەورەبروسکە و دیاردە سروشتییەکانی؛ بە واتایەکی دیکە، بەر لەوەی ئایینە ئیبراهیمییەکان باوەڕیان بە بوونی فریشتەیەک هەبێت لە پشت ئەم کارانەوە، ئایینەکانی پێشتر بۆ هەرکامیان خوایەکیان دانابوو وەک ئەوەی لە ئەفسانەی میسریدا باس لە خوای ئاسمان دەکات کە نێرە و خوای زەوی مێیە و زۆر نموونەی دیکەش کە ئەمڕۆ بۆ ئێمە ئەفسانەیە و لەڕاستیشدا هەقیقەتی ئایینێک لە ئەمڕۆدا، دەبێتە ئەفسانە بۆ نەوەکانی داهاتوو، یاخود ئەوەی لە ئایینێک پیرۆز و هەقیقەتی ڕەهایە لای پەیڕەوانی ئایینێکی دیکە ئەفسانەیە و بێ گومان پێچەوانەکەشی ڕاستە.
ئەوەی لێرەدا ئامانجی ئەم بەشەیە، تێڕوانینی ئایینە ئیبراهیمییەکان و لەوانەش کلتووری ئیسلامی بۆ ئەم دیاردانەی ناو سروشت، بەریەککەوتنی هەیە لەگەڵ زانست و بیرکردنەوەی زانستییانە و شیکاریی و ئەنجامگیرییەکانی ناوەندە کەشناسییەکان کە پێمان دەڵێن گەردەلوول و زریان و لافا و چی و چی هۆکارەکانی بریتین لە هۆکارگەلێک کە دوورە لەوەی ئایین پێمان دەڵێت و وەک هۆکاری پشت دیاردە و ڕووداوە سروشتییەکان پێمان دەناسێنێت لە توڕەیی خوا و هەڵچوونی گەرمای جەهەننەم و بەوەی کە هاوین و زستان هەناسە دەردان و هەڵمژینی گەرمای یان سەرمای جەهەننەمە، واتە جەهەننەم پەیوەست دەکاتەوە بە جیهان و ئێرەمانەوە و هەرکات جەهەننەم هەناسە هەڵدەمژێت و دەیداتەوە، ئیتر ئەوە هۆکاری گەرما یان سەرمای سەر زەوییە!.
لە فەرموودەدا هاتووە کە بوخاری و موسلم لە ئەبوهورەیرەوە دەیگێڕنەوە: "قال رسول اللە صلی اللە علیە وسلم: اشتکت النار الی ربها، فقالت: رب آکل بعضی بعضا، فاذن لها بنفسین: نفس فی الشتاء، و نفس فی الصیف، فاشد ما تجدون من الحر، و اشد ما تجدون من البرد"، واتە پێغەمبەر دروودی خوای لێ بێت، فەرموویەتی: ئاگر-جەهەننەم شکاتی خۆیی بردە لای خوای خۆی، وتی: خوایە هەندێکم ئەوی دیکەمی خواردووە- پێویستیم بە پشوویەکە، خواش مۆڵەتی دا دوو هەناسە بدات: هەناسەیەک لە زستان و ئەوی تریش لە هاوین، ئەوەیە کە هاوین هێندە گەرمە و زستانیش ساردە. ئەم بیرکردنەوەیە پێمان دەڵێت کە ساردی و گەرمای ناو سروشت لە جەهەننەمەوە دێت کە چاڵی ئاگر و چاڵی زەمهەریر-تبەستەڵەک و ساردیی تێدایە. بەگشتی، لە کتێبی پیرۆزی ئایینە ئیبراهیمییەکاندا و لەوانەش قورئان، ئەو تێگەیشتنە هەیە کە با و زریان سەربازی ڕاسپێراوی خوان و کەی بیەوێت بۆ ئۆمەت و گەلێکی دەنێرێت کە بە ویستی خوا دەبنە مایەی خێر یان شەڕ و وێرانکاریی.
گەر فەرموودەیەکی دیکە بە نموونە وەربگرین، لەبارەی ئاوابوونی خۆرەوە، ئەبوزەری غەفاری بۆمان دەگێڕێتەوە کە لەگەڵ پێغەمبەری خوادا بووم، دروودی خوای لێ بێ، فەرمووی: "یا اباذر اتدری این تغرب الشمس؟، قلت: اللە و رسولە اعلم، قال: فانها تذهب حتی تسجد تحت العرش"، واتە : ئەی ئەبوزەر دەزانی خۆر لە بۆ کوێ ئاوا دەبێ؟، گوتم: خوا و پێغەمبەرەکەی باشتر دەزانن، فەرمووی: دەڕوات تا لەژێر عەرشدا کڕنووش بەرێت. دواتر بوخاریش دەڵێ، ئەم فەرموودەیە ڕاڤەی ئەو ئایەتەی قورئانە: "والشمس تجری لمستقر لها ذلک تقدیر العزیز العلیم" (یس ٣٨). بێ گومان ئەم فەرموودەیە پێچەوانە دێتەوە لەگەڵ ئەو هەقیقەتە زانستییەی کە زەوی خڕە و بەدەوری خۆی و خۆردا دەسووڕێتەوە و بەپێچەوانەوە ئێمە لە دەوری خۆر دەسوڕێینەوە و شەو و ڕۆژ دروست دەبێت و خۆر نە دێت و نە دەچێت.
سەبارەت بە هەورە بروسکە لە تێروانینی ئایینە ئاسمانییەکاندا وەک قامچییەکی خوایی وێنا دەکرێت و هەر ئایینێکی ئیبراهیمی وێنا و دەربڕینێکی هەیە بۆی و لە قورئاندا هاتووە کە: "ویسبح الرعد بحمدە و الملائکە من خیفتە و یرسل الصواعق فیصیب بها من یشاء و هم یجادلون فی اللە و هو شدید المحال" (الرعد١٣). هەروەها لە فەرموودەیەکدا ئەحمەد و ترمزی هێناویانە و نەسائیش پشتڕاستی کردووەتەوە، لە ئیبن عەباسەوە دەگێڕنەوە، وتوویەتی: "اقبلت الیهود الی النبی. فقالوا: اخبرنا عن الرعد ما هو؟، قال: ملک من ملائکە اللە، موکل بالسحاب یسوقە حیث امرە اللە، قالوا: فما الصوت نسمع؟،قال:صوت الملائکە"، واتە: جولەکەکان هاتنە لای پێغەمبەر و لێیان پرسی، لەبارەی هەورە بروسکەوە پێمان بڵێ چییە؟، فەرمووی: فریشتەیەکە لە فریشتەکانی خوا، کاری ئاراستەکردنی هەورەکانی لە ئەستۆیە و بۆ ئەو شوێنەیان دەنێرێت کە خوا فەرمانی پێ دەکات، پاشان وتیان: ئەی ئەو دەنگەی دەیبیستین چییە؟، فەرمووی: دەنگی فریشتەکەیە، واتە فریشتەکە دەنگی لێوە دێ کاتێک هەورەکان ئاراستە دەکات.
بابەتێکی دیکەی جێگای سەرنج، تێڕوانینی ئایینییە بۆ ئاسمان، کە وێڕای ئەوەی بە ئەمباری ئاوی ئەزەلی دەزانرێت، لەهەمان کاتدا، بە حەوت تەبەقە و لەهەندێ ئایین بە سێ و لە هەندێکی دیکەش بە کەمتر و زیاتر دەزانرێت! لە کتێبی پیرۆزی کۆن و نوێدا (تەورات و ئینجیل)، شەیتان بە "سوڵتانی ئارەزووەکان" ناوزەد دەکرێت، پێی وایە شەیتانە کە زریان و هەورەبروسکە و تێکدانی کەش و هەوا دروست دەکات، هەر بۆیە لە ئەوروپای مەسیحی سەدەکانی شانزە و حەڤدە موناقەشەی ئەوە دروست بوو کە چی بکەین تا ڕێگری لەم گێرەشێوێنییەی شەیتان بکەین و نەهێڵین زریان و هەورەبروسکە ڕوو بدات، هەندێک پیاوی ئایینی، پێشنیازی ئەوەیان کرد کە بە لێدانی زەنگی کڵێساکان ڕێگری لەم کارەی شەیتان بکەین و هەندێکی دیکەش نەیار بوون، چونکە پێیان وابوو، بەم کارە ڕێ لە وەشاندنی لێدانەکانی خوا دەگرین و لێدانی زەنگ بیدعە و داهێنراوە لە ئاییندا و پێویستە بە پاڕانەوە ببینە ڕێگر لەبەردەم شەیتاندا!، بەگشتی لەسەر زەنگ و لێدان و لێ نەدانی چەندین ڕای جیاواز دروست بوو، هەر ئەمەش حاڵی پیاوانی ئایینە، لە هەموو ئایینەکاندا بەردەوام لە جیاوازیدان.
شەیتان، کە بوونێکی بونیادی و بنەڕەتی هەیە بەتایبەتی لە ئایینە ئاسمانی و ئیبراهیمییەکاندا، ڕۆڵ و دەستی هەیە لە ئاراستەکردنی مرۆڤەکاندا، تەنانەت بە "تڕ" و "تس" خۆی، لە فەرموودەدا هاتووە کە : "اذا نودی للصلاة ادبر الشیطان، و لە ضراط، حتی لا یسمع التاذین، فاذا قضی النداء اقبل.........."، واتە: کاتێک بانگ دەدرێت بۆ نوێژ، شەیتان ڕووی وەردەگێڕێت و تڕێک لێ دەدات تا گوێمان لە بانگەکە نەبێت، کاتێک بانگەکە تەواو دەبێت ڕووی دەهێنێتەوە......
لە چوارچێوەی بیروباوەڕی ئایینیدا ، جادوو و جادووگەرەکان کاریگەرییان هەیە لە ئاراستەی مرۆڤ و ڕووداوەکاندا، بە جادوویەک پیاوێک یا ژنێک ڕەش دەبێت لەبەر چاوی بەرامبەرەکەی دەبێتە سەگ و بەراز و مەیموون، یاخود بەپێچەوانەوە شیرین و ئازیز دەبێ و دەبێتە دڵخوازی!، ئاشکرایە کە جادووگەرەکان جادوو دەکەن و ڕۆژ لەدوای ڕۆژیش لە سایەی گەشەی بیرکردنەوەی خورافییانەوە بازاڕیان گەرمتر دەبێت، بەڵام پرسیارە بنەڕەتییەکە ئەوەیە، ئایا جادوو توانایی گۆڕینی هاوکێشەکان و ڕەوتی ڕووداوەکانی هەیە؟!، لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، دادگاکانی کەنیسە سزای سەختی بۆ جادووکردن و جادووگەران دانابوو، نە لەبەر ئەوەی خەڵکی فریوو دەدەن، بەڵکو باوەڕی بە کارەکانیان هەبوو کە لە شەیتانەوەیە و دژی خوا و کەنیسەیە!، لەم دادگایانەی کەنیسەدا بە سەدان کەس و زیاتریش لەژێر ئەشکەنجەدا دانیان ناوە بە سەدان تاوانی جادووکردن و پەیوەندیکردن بە شەیتانەوە، تەنیا بۆ ئەوەی لەسێدارە بدرێن و لە ئەشکەنجە ڕزگاریان بێت، ئەمەش لە سەدەکانی ناوەڕاستدا نا، بەڵکوو لە سەدەکانی شانزەدا کە سەرەتای ڕۆشنگەرییە.
کاتێک لە ئەوروپا، کەسێک بە ناوی "فرانکلین"ەوە، ئامێری خاڵیکردنەوەی کارەبای هەورەبروسکەی سەر تەلار و تاوەرە بەرزەکانی دۆزییەوە (کە ئەوکات زۆریان کەنیسە بوون)، پیاوانی ئایینی وتیان تۆ دژی قەدەری خوا وەستاویتەوە؛ خوا بیەوێ سزای شوێنێک بدات بە هەورەبروسکە، تۆ ڕێگری لێ دەکەیت کە فەرمان و بەرەکەتی خوایە نازڵ ببێت و تەحەدای خوات کردووە بەم کارەت!.
دیکسۆن وایت لە کتێبەکەیدا، کە فۆکەسی لەسەر جیهانی مەسیحییە و لە کولتووری ئیسلامیی خۆشماندا، نموونە زۆر هەیە لەم بابەتە، بەڵام بۆ توێژینەوەیەکی مەوداکورتی لەمجۆرە، دەرفەتی پترمان لەدەست نییە.
ئەنجام
ئایین پارادایمێکی مەعریفی و ڕۆشنبیرییە؛ باوەڕ دەهێنێت بەوەی کەسێک کە نێردراوی خوایە لای خواوە هێناویەتی، بەڵام زانست، توێژینەوەیە لە چوارچێوەی میتۆدێکدا و بۆ بابەتێکی دیاریکراو، ئەویش یا کلاسیکە و لۆژیک دەکاتە ڕەوشی خۆی، یاخود مۆدێرنە و ئەزموونگەرییە.
ئایین و هاوشێوەکانی لە جادوو، یان نزیکەکانی لە میتافیزیک، جیاوازی بنەڕەتییان ملنەدانە بۆ ئەزموونکردن، بەڵام بە دەرکەوتنی فەلسەفە و دواتریش زانستی ئەزموونگەری، ئیتر گڵۆڵەی ئایین کەوتە لێژی و دەمێک کەوتە دژایەتی فەلسەفە و زانست و دەمێکیش کەوتە خۆهێنانەوە و ڕەوایەتی بەخۆدان بە ئاماژەدانی زانستی لە نێو دەقەکانیدا، ئەگەرچی سەرئەنجام ئەوە زانستە کە بە متمانەوە خەریکی کاری خۆیەتی و ڕێچکەی خۆی گرتووەتە بەر، بەڵام ئایین بەردەوام یا شەڕی پێ دەفرۆشێت یاخود سێڵڤی لەگەڵ دەگرێت. ئایین لە سەردەمی ڕۆشنگەرییەوە لە ئەوروپا و جیهان بەگشتی، گڵۆڵەی کەوتووەتە لێژی، بەڵام هەرماوە و هێشتا لە ئاستێکی بەرفراواندا خەڵكی پەیڕەوی لێ دەکەن، بەڵکوو لەم ڕۆژهەڵاتە دا هەنووکەش زۆرترین خوێن لە پێناوی گێڕانەوەکانیدا دەڕژێت.
ئاینییش، وەک هەر جۆرە کولتوورێکی دیکەی بیرکردنەوەی مرۆڤ، کاریگەرە بە فاکتەرەکانی دیکە، بە نموونە لە ژینگەیەکی ئەقڵانیدا، ئایینیش بوونێکی ماقووڵ و کاریگەری پۆزەتیڤی دەبێت لە ژیانی مرۆڤەکاندا؛ ئەوە جگە لەوەی، ئەگەر ململانێی ئایین و فەلسەفە و زانست ڕێچکەی گفتوگۆی مەعریفییانە بگرێتە بەر، ئەوا دەوڵەمەندیی کولتووری بیرکردنەوەی لێ دەکەوێتەوە.
زانست کاری دژایەتیی ئایین نییە، ئەوە ئایینە لە بەردەم دۆزراوەکانی زانستدا ترسی نەمانی خۆیی هەیە، لە کاتێکدا دەکرا سوود لە زانست وەربگرێت تا خۆی لە خورافە دوور بخاتەوە، چونکە ئەگەر ڕۆژێک زانست بیشیسەلمێنێت کە خوا بوونی نییە، ئەوا خوا هەر دەبێت ببێت لەپێناو مومکین بوونی ژیانی خەڵکی ئاسایی و گشتی و لەڕاستیدا هەموو کەس بیرکردنەوەی ئەقڵانی پێ قووت ناچێت، بەڵام ژیانیش بە هەقایەتی خورافی، نەک پێش ناکەوێت، بەڵکوو بەڕێوە ناچێت. لەم توێژینەوەدا بەوردی لەسەر ئەم بابەتانە دواوین و چەندین بەڵگەمان هێناوەتەوە بۆ جیاوازی ئەم دوو مەیدانە و جیاوازی لە ڕەوشی کار و ئامانجدا، بەهیواین هەریەکەیان، بەتایبەتی ئایین لەم ناوچەیە بگەڕێتەوە سەر ئەو ئەرک و ڕۆڵەی کە دەبێت بیبینێت.
سەرچاوەکان:
١-دیکسون وایت، اندرو(٢٠١٢م)، بین الدین و العلم تاریخ الصراع بینهما فی القرون الوسطی إزاء علوم الفلک و الجغرافیا ا النشوء، الطبعة الاولی، ترجمة إسماعیل مظهر، الهنداوی، قاهرة.
٢-ستیس، ولتر (٢٠١٤م)، الدین و العقل الحدیث، الطبعة الرابعة، ترجمة و تعلیق و تقدیم ا.د.إمام عبدالفتاح إمام، التنویر،بیروت.
٣-راسل، برتراند(٢٠١٥م)،ماالذی اؤمن بە، مقالات فی الحریة و الدین و العقلانیة، الطبعة الاولی، ترجمة د، عدی الزعبی، دمشق، دارممدوح عدوان للنشر و التوزیع.
٤-جرج فریزر،جیمز (١٣٩٢ ه.ق)، شاخەی زرین پژوهشی در جاد و دین، چاپ هفتم، ویرایش و مقدمە لاظم فیروزمند، انتشارات اگاه، تهران.
٥- باربور، ایان،(١٣٧٩ه.ق)، علم و دین، ترجمە بهاءالدین خرمشاهی، چاپ سوم، تهران، چاپ معراج.
٦- شەست موحازەرەی د.عەبدولکەریمی سروش لە یوتیوب بە ناوی(خلاف و وفاق علم و دین).
٧- یانزە موحازەرەی احمد سعد زاید لە یوتیوب بە ناوی (سلسلة الصراع العلم و اللاهوت).
Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved