24/03/2025
گریمانەی گەشەسەندنێکی نابەردەوامی زانست

بیهێنینە پێش چاومان، مرۆڤ هەر لە زۆر زووەوە هەتا ئەمڕۆ هزری بەتەنها لەوەدا بەکارهێنابایە وەک هەندێک بونەوەری دیکە (ورچ و سمۆرە و مشک و هەندێ لە باڵندەکان)، چۆن لە پایزدا پێداویستی خۆیان لەخۆراک کۆ دەکەنەوە و دەیانشارنەوە،  ئەویش ئەم پەرۆشی و خولیا وکەڵکەڵەیەی ئێستای بۆ خۆراک وخواردن نەبوایە. ئەوەش بهێنینە پێش چاومان مرۆڤ خولیای زانستی نەبوایە و پەرۆشی گەڕان نەبوایە بەدوای زانیندا؛ نەیهێشتایە کتێبێک جێگەی هزری بگرێتەوە، ژیرییەک زادەی ویژدانی بێت، یا زانستێک سەرچاوەی بڕیارەکانی بێت. 

مامۆستا مەسعود محەمەد لە کتێبێکیدا ئەمە ئەنووسێت: "من پەرۆشم لەوەوە نایەت کەلپەلەکان و شتە بژاردەکان بایی لێوەشانەوە بەهەند هەڵبگیرێن لەلایەن مجێز و ئومێد و تەمای مرۆڤەوە، چونکە ئەو شتانە خۆیان لە خۆیاندا ڕاگەیەنی دەسەڵاتی بنیادەمن بەسەر ماددەدا و نیشانەی کاریگەربوونیەتی لەم جیهانەدا، لە سەرەتاوەش کە دروستی کردن بە نیازی کەلێنگرتنی پێداویست و تەسەلکردنی ئارەزووەکانی بووە، چەندێکیش کارامەیی بەرەو پێش بچێت ئەوانیش بەرەو چاکتریەوە دەڕۆن، جۆرەکانیشان بە پێی دابەشبوونی ئارەزووی خەڵک بەسەر جۆرەها وێنە و تام و ڕەنگدا، فرەچە شن دەبن."(١)

جۆر و ڕەگەزی مرۆڤی مۆدێرن (هۆمۆساپیەنس) نزیکەی دوو ملیۆن ساڵی خایاند تاوەکوو شێوازی خواردنی و گەورەبونی قەبارەی مێشکی گۆڕانی بەسەردا هات و بەمەش کاریگەرییان لەسەر هەڵسوکەوت و پەرۆشی بۆ خواردن و هۆشیاری بۆ زانین کرد. مرۆڤی نوێ (هۆمۆساپیەنس) هەر لەوکاتەوە تا جیهانی ئەمڕۆی مۆدێرن و تا دەگاتە هۆشی دەستکرد (Artificial intelligence) بەردەوام چ لە کات و چ لە شوێنی جوداجودادا و بە شێوازی جۆربەجۆر لەم پرۆسەی خولیا و کەڵکەڵە و پەرۆشییەی هۆشی خۆیدا نەسرەوت و وەستانی بەخۆیەوە نەدیوە. 

لەناو کۆی ئەو پرۆسەیە و دروست لە سەدەی پازدەهەم بەدواوە، هەرچەندە پێشتریش هۆشیاریی مرۆڤەکان هەمیشە گەشەی دەکرد و دەگۆڕا، بەڵام دروست لەوکاتەوە بەشێوازی بەرچاو شۆڕشێکی تەواو ڕادیکال بەسەر هزر و پەرۆشیاندا هات بۆ زانست و خۆشەویستییان بۆ زانین وبەتایبەتیش بەخواست لەسەر ئەوەی بەشێوەی میتۆدی چ لە زێد و چ لەنەریتەکانی پێشوویان دەربچن؛ ئیدی لەو کاتەوە هەوڵیان دا داهاتوویان بە شێوەیەکی ڕیشەیی لە سەرچاوەکانیان داببڕێنن و بەگوژم و تینی بەگوڕەوە لە ئەوەی ئامادەیە و لەوەی دەچێت و لەوەی دراوە، بە باوەکانیشەوە ڕزگاریان بکەن. دیارە سێ گۆڕانکاریی گەورە، "سێ شۆڕش" لەسێ بواری جیاجیا و لە سێ شوێنی جوداجودا لەماوەی نزیکەی سێسەد ساڵدا ڕۆڵی گرنگ وکاریگەر و بەرچاویان هەبوو لەو گۆڕانکارییە گەورەیەدا. بەهۆیانەوە، ڕێک بەهۆی هۆشیاریی نوێ و زانستەوە کە لەبنەڕەتدا بنچینە و فاکتەری ئەو گۆڕانکارییە گەورەیە بوون، بۆیە مرۆڤایەتییان وەک ئەوەی بڵێی بە دوو دەست هەڵگرت و خستیانە جێیەکی دیکە: یەکەم/ دۆزینەوەی کیشوەرەکانی ئەمەریکا (مرۆڤ لەپڕ لەبەردەم دنیایەکی دیکە، جیهانێکی دیکە و خەڵکێکی دیکەدا قوت دەبێتەوە). دووەم/ وەرچەرخاندن یان شۆڕشی کۆپەرنیکۆس (لەناکاو سەلمێندرا کە زەوی نەک هەر خڕە، بەڵکوو دەشخولێتەوە). سێیەم/ دۆزینەوەی پرۆسەی چاپکردن (بەهۆی ئەم سیستمی چاپکردنەوە ئیدی توانرا کتێب بەلێشاو بە چاپ بگەیەندرێت، چی زاخاوی هزری مرۆژایەتی هەیە بەچاپ بگەیەندرێت و چی مرۆڤەکانیش هەریەکە و لێکدانەوەی خۆیانیان هەبێت.). کۆی ئەم سێ ڕووداوە خێرا و بێوچان پەلیان هاویشتە ناو خولیا و کەڵکەڵە و پەرۆشییەکانی هۆشیاری مرۆڤەکانەوە، بۆیە ئیدی وردەوەردە مشتومڕ هاتە ناو زمانی فەلسەفە، زانست، ئەدەب و سیاسەتیشەوە. ئیدی بەبێ ئەو کۆڵەکانە ئاسان نەبوو مرۆڤ بتوانێت لە زانست تێبگات. واتە، ئیدی زانین خۆی لەخۆیدا بووە مەرجی پێشوەختە بۆ زانست و لێکۆڵینەوەی زانستی، نەک بەپێچەوانەوە. دواجاریش دەشێت زانست بتوانێت لەخزمەتی ڕاستکردنەوەی زانینەکەدا بێت. بەو پێیە، بابەتی زانینەکە خودی مرۆڤەکان خۆیانن، ئاخر هۆشیاریی مرۆڤەکانن. کەواتە، زۆر زۆری خایاند تا زانین چووە بەرزەجێبوون (ترانسێندێنس)ی هۆشیاریی تاکی "مرۆڤەکان بەکۆمەڵ"ەوە.(٢) 

لەو کاتەوە، هەندێ وشە زۆر بەلێشاو هاتنە ناو ئەم پرۆسەی خۆ قورتارکردن و دابڕان و چوونە ناو بەرزەجێبونەوە بەبەراورد لەگەڵ ڕابردوودا، بۆ نموونە وشەی "پێشکەوتن"، "دیرۆک"، "شۆڕش"، پاشانیش "ڕۆشنگەری"، "زانست"، دواتریش "تەکنەلۆژیا" و هەنووکەش "دیجیتاڵ" و "هۆشی دەستکرد"، ئیدی ناکرێت قسەیان لەسەر بکریت بەبێ زانین و زانست. لە درێژەی ئەمجۆرە مشتومڕ و پرۆسانەدا، مرۆڤەکان وهۆشیارییەکانیان زیاتر و زیاتر بوونە پێکهاتە و بونیادی ڕێنمایی زانستەکانیان، ئەوەش بە جۆرێک ئیدی مرۆڤ درکی بەوە کرد و توانایی ئەو مشتومڕەی لا گەڵاڵە بوو کە مرۆڤ شایانی هەڵەکردنە و بۆی هەیە نابەڵەد بێت. هەر بۆیەش، مرۆڤ کەوتە ئەوەی بەلێشاو پرسیارگەلێک قوت بکاتەوە گەر بۆ تەنها دیاردەیەک، ڕووداوێک یان شتێکیش بێت. دواجاریش کەوتە وێزەی ئەوەی چ هەڵەکانی یەکدی و چ هی خودی خۆیان ڕاست بکەنەوە و، یان دوو یان سیان و زیاتر لە تیۆرییەکان، تێزەکان، تەنانەت ئاینەکان لەیەکدی مارە ببڕن و یان تۆزێ لەم، تۆزێ لەوی دی بهێنن و فاتورەیەکی دیکەی لێ دروست بکەن. خۆی لە خۆیدا ئەمەش جۆرێک لە پەرۆشی بۆ بەرپرسیاربوون و هەست بە لێپرسیاربوونی لا دروست کرد، کە لەوەوپێش لای گەڵاڵە نەبووبوو یان لەخەمی ئەوەدا نەبوو لێیان حاڵی ببێت و، نەزانین و نابەڵەدی تێنەپەڕێنێت. بەهەمان شێوەش، تێگەیشتن لە لێکۆێنەوەی مەیدانی و زانستی پڕاکتیکی هێندەی دیکە خرانە ژێر پرسیارگەلی ئاڵۆزەوە، تاڕادەی ئەوەی جیهان، ئێستاشی لەگەڵدابێت، لەلایەن زۆرێکەوە کورت دەکرێتەوە تەنها و تەنها لە دیدی لۆژیکیانەوە. 

بۆیە تا دێت لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی مەیدانی و ڕاڤەی ئەزموونیی بەردەوام زیاتر و زیاتر وەک ئامرازی کۆنتڕۆڵکردنی زانیاری دەناسێندرێن، بۆئەوەی چیدی لێکۆڵەر، توێژەر و ڕاڤەکار هێندەی تر بەو شێوازە ئاڕاستە بکرێن کە لێکۆڵینەوەکەیان نامەیدانی و نائەزمونییە، ئیدی لەلایەن خودی خۆیانەوە گۆمانی لێ بکەن و هەر بەخۆشیان بیخەنە ژێر پرسیاری زانستییانەوە و چاودێریی وردەوە و بەدواداچوونی لێنەبڕاوەوە. لێرەوە دەشێت بگوترێت کە زانین چڕبوونەوەی ئەو چاودێرییە ورد و بەدواداچوونە لێکنەبڕاوانەن. زانین جەگە لەوەی بریتییە لە چڕبووەنەوەی چاودێری و بەدواداچوون و لێوردبوونەوەکان، بریتیشە لە ساناکردنی مەعریفیی تێگەیشتن، لەکاتێکدا ئاماژە دەکرێت بۆ ماف وەک ساناکردنی یاسایی و نۆرماڵی تێگەیشتن. ئاخر سەرقافڵەی جیاوازی لە زانستدا بریتییە لە ڕاست/ناڕاست. ڕاستی ئامڕازێکە بۆ بەدەستهێنان و وەدەرخستنی زانیاری. ڕاستی خۆبەرجەستەکردن و خۆبونیادنانی سیستەمیشە. بەمەش ڕاستی دەستنیشانکردنی بەها ناوخۆییەکانی سیستمە کۆمەڵایەتییەکان دەبنە نیشانە و نیشانەیان لێ دەگیرێتەوە. زانین ئەو پێکهاتە (structure)یەشە بەشداری ئەکات لە ڕێخۆشکردن و کاراکردنی جۆرە پرۆسەیەک لە سیستەمەکانی کۆمەڵگەدا، کە پێی دەوترێت خۆدسازی (ئاوتۆپۆیەسیس). بەگشتی، ئەو پێکهاتانەش ڕۆڵی کاریگەر دەبینن لە ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان سیستەمەکاندا.     

لە هەمان کاتدا، دنیای مۆدێرن چ بە مەعریفە بەرفراوانە مێژووییەکەی و چ بە زانستە بەراوردکارییە کەڵەکەبووەکەی، ناچارە چۆن دان بە ڕێژەیی هەموو جیهانبینی و تێڕوانینە جیاوازەکاندا بنێت، ئاواش ناچارە لە خەمی هەموو زانستە مەعریفییەکانی دیکەدا بێت. ئا لێرەوە و لەم بارودۆخە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابورییەی ئەمڕۆدا کە تەواوی جیهان و کۆی کۆمەڵگە مرۆڤایەتییەکانی گرتۆتەوە، بناژۆخوازی و فەناتیزمی چەندین زانست و دنیابینی کەشوهەوایەکی تەواو گونجاویان بۆ جۆرە ناعەقڵانییەک، دژە مەعریفی، کە جۆرێک لە دڕندایەتی و شەڕانگێزی لە ژیانی تاک و کۆمەڵگەدا، هەر یەکە و بەپێی نۆرمەکانی ئەوانە، ڕێکخستووە. کە بەداخەوە هەندێ لە بیرمەند و ڕۆشنبیران ئەمە کورت دەکەنەوە هەندێک جار لە چەمکی پۆپۆلیزمی سەردەمدا، هەندێک جاریش لە پۆپۆلیزمی دەستەبژێر (نوخبە)دا، هەندێک جاریش لەوەدا کە پێی دەوترێت دەسەڵاتی هیچوپوچەکان، یا هیچگەرایی، کاریگەریی سۆشیال مێدیا، سەنگەرگواستنەوە، .... هتد. کورتکردنەوەی ئەم دیاردەیە لەو چەمکانەدا هێندەی تر چەواشەکاری بۆ زانست و ڕەوتی زانستی دروست کردووە. کۆمەڵگەی ئێمەش وەک پاشکۆی ئەو دیاردە چەواشەکارییە، پشکی هەرەزۆری بەر دەکەوێت، چونکە هێشتا خۆی نەخزاندۆتە کایە مەعریفییە ڕاستەقینەکان و ڕەهەندی زانستیی زانیارییەکان، پاشانیش دوچاری لێکەوتە و ئەم دەرەنجامی کەشوهەوا نائەقڵانی و نامەعریفییەکانیان بۆتەوە. جگە لەوەیش، ڕۆشنگەریمان بۆخۆی ئیشکالاتی زەبەلاح و دەلاقەی گەورەی تێدایە، کە لەڕاستیدا گشت کۆمەڵگەیەک (بەوەی ئێمەشەوە) لەمڕۆدا پێویستییان بە ڕۆشنگەری دیجیتاڵە. 

کێشەیەکی دیکەی ئەم دەمارگیری و تەسلیمبوونە بە هەوەس و سەرمەستبوونە بە خورافات لە پرۆسەیەکدا دێتە دی کە بریتییە لە نامۆبوونی خود (زات) لە دنیایەکی بابەتیدا کە لە دەرەوەی ئەو خودەدایە و لەڕێی خۆبەتاڵکردنەوەی هزردا دێتە دەستەبەرکردن. مرۆڤ لەڕێگەی ئەم خودنامۆییەوە واقیعی کۆمەڵایەتی وەک واقیعێک تێدەگات کە ڕەنگدانەوەی مامەڵەی ڕۆژانەی خودی خۆی دروستی کردوون. خودنامۆیی لێرەدا هیچی تر نییە لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی دینامیکی زیاتر لەنێوان مرۆڤ و ژینگەکەیدا. مارکسیش لەسەر هەمان تێڕوانینی هیگلە لەو ناوەڕۆکەدا، کە مرۆڤ لەڕێگەی کارەکانییەوە درک بە خۆی دەکات و زاتی خۆی دەستەبەر دەکات. 

هەرچەندە مارکس جەختی زیاتر لە نامۆبوون دەکاتەوە و ئاماژە بۆ چوار جۆر لە نامۆبوون دەکات: 

یەکەم/ نامۆبوون لە بەرهەم (واتە: بەرهەمی کار)، ئەو بەرهەمەی کە خاوەن سەرمایە دەستی بەسەردا دەگرێت و خۆی بەخاوەنی دەزانێت.

دووەم/ نامۆبوون لەو چالاکییەی لە کاردایە، واتە ئەو چالاکییەی کە کرێکار چیدی ناتوانێت کۆنترۆڵی بکات.

سێیەم/ نامۆبوون لەلایەنی مرۆیی مرۆڤ وەک جۆرە بوونەوەرێک، بەو مانایەی کە مرۆڤ خۆی ڕێگرە لە خۆوەدیهێنان و دەستەبەری خود، ئەویش بەهۆی کارەکەیەوە.

چوارەم/ نامۆبوونی مرۆڤ لە مرۆڤ لەڕێی کێبڕکێی پەیوەندییە ئابوورییەکانەوە.(٣)   

ئەدۆرنۆ و هۆرکهایمەر پێیان وایە کە پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی وابەستەی نامۆبوونێکە کە لە ناوەوە و لە دەرەوەی سروشتەوە سەرچاوەی گرتووە. (٤) (٥) 

بەپێی لێکدانەوەی هایدێگەر، نامۆبوون بریتیە لە خود لەبیرکردن لە شارستانییەتێکدا کە لەلایەن تەکنەلۆژیا و دامەزراوە و ئینستیتۆنەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە. (٦)

هەروەها ڕووناکبیرە نوێیەکانیش وەک هۆنێت و یێگی و ئێرنبێرگ و نێکل لەسەر بنەمایەکی توندتر ڕاڤەی نامۆبوون دەکەن و پێیان وایە کە ئەم ڕەوشی نامۆبوونە پەیوەندییەکی شکستخواردووی باوەڕهێنانە بەیەکدی، کە دواجار کۆسپ دەخاتە بەردەم دەستەبەرکردنی خود و خودوەدیهێنان لە سیستەمە کۆمەڵایەتییەکاندا. هەندێکی دیکە لە ڕووناکبیرانی سەردەم ڕەوشی نامۆبون وەک لێکەوتەی ئازادییە کۆمەڵایەتی و پەیوەندییە مرۆییەکان لێکدەدەنەوە، وەلێ کە دواجار ڕێگری دەکات لە ژیانی تاکەکان لەڕێگەی فشارەوە بۆسەریان، کە دەشێت ببێتە هۆکاری ماندوویەتیی دەرونی، خەمۆکی و تاڕادەی خۆکوشتنیش. (٧)

بەگشتی، ڕەوشی نامۆبوون ئاماژەیە بۆ ژینگەیەکی دیاریکراو کە مرۆڤ تێیدا هەست بەوە دەکات دەبێت (و ناچارە) مامەڵە لەگەڵ کەسانێکدا، دەوروبەرێکدا یاخود دامەزراوەگەلێکدا بکات کە ئەو هەستی پێدەکات، کەچی بۆ خودی خۆی نامۆن. پێش هەرشتێک، پێویستە ئەوە پشتڕاست بکرێتەوە کە “نامۆبوون” هەمیشە نامۆبوونە لە شتێک: لە خودا، لە مرۆڤێکی دیکە، لە ژینگەیەکەی کۆمەڵایەتی، لە فۆڕمێکی ڕێکخراوەیی یان لە دامەزراوە نۆڕمێکی جڤاتی، یاخود لە بابەتێک یان لەمامەڵەیەکی خودی مرۆڤ  خۆیەوە. ئاخر ڕەوشی نامۆبوون ئاماژەیە بۆ شێوازێک لە پەیوەندیی شێواو و نەخوازراو لەنێوان خودەکان (چ بە تاک، چ بە دەستەجەمعی)ی ژینگەیەکی کۆمەڵایەتیدا. 

لێرەدا جێی خۆیەتی باس لە تێڕوانینی تۆماس کوون بکەین سەبارەت بە دیرۆکی زانست و پەرەسەندنی زانست وەک پرۆسە، کە بەچ قۆناغێکدا تێدەپەڕێت و چۆن دەستەبەر دەبێت: ئەو پێی وایە زانستەکان جار هەیە لە قۆناغی ئاساییدا پەرە دەستێنن و گەشە دەکەن و جاریش هەیە لە قۆناغی شۆڕشگێڕانە و نائاساییدا دەگۆڕێن. قۆناغە شۆڕشگێڕییەکان بریتی نین لەو وچانانەی کە لەپێشکەوتندا پەلەیان تێدا دەکرێت، بەڵکوو لەڕووی چۆنایەتییەوە جیاوازن لە زانستی ئاسایی. کوون بەم گۆڕانەش دەڵێت گۆڕان لە پارادایمدا. ئەو وەک تیۆرییەکی زانستی ئاماژە بە گۆڕان لە پارادایمدا دەکات، بەوەی کە جۆرە زانستێک، مەعریفەیەک دەداتە زاناکە لەسەر هەبوونی دراوەکان(مەوجووداتەکان)، لەبارەی شێوازی هەڵسوکەوتی ئەم بوونانە. چ ڕەوشی نامۆبوون لە دنیای ئەمڕۆدا لە کۆمەڵگە جوداجوداکاندا (بە کۆمەڵگەی ئێمەشەوە) و گۆڕان لە پارادایمەکاندا وەک تیۆریی زانستی، هێندەی ئەوە گرنگ نییە وەک لەپێشەکیی ئەم ژوڕناڵەدا ئاماژەی پێدراوە، کە چۆن بتوانرێت زانست وەک "پێوەر" ڕزگار بکرێت، کارەکتەری بۆ بگەڕێنرێتەوە و دەرفەتی بۆ بڕەخسێنرێت کە گەشەی ئاسایی خۆی بکات، تا بتوانێت پەیامە ڕوونە زانستییەکەی خۆی، کە بارتەقا و پاساوی ڕەوتە زانستییەکەیەتی بەجێ بگەیەنێت.  



ڕەخنەی زانستیانە و ڕەخنەی زڕەزانستیانە: 

"تەواوی زانستەکان ناتەواون، بەخودی ئەو زانستانەشەوە کە زۆر ورد و شایانی سەرسامیی تایبەتن." فەیلەسوفی ئەڵمانی هوسەرل جارێک لە نووسینێکی بەناوبانگیدا ئەمەی بەتوندی دەربڕی. زانستەکان لەلایەک ناتەواون، چونکە جۆرە ئاسۆیەک دەخەنە بەردەم کێشەکراوەکان کە بێکۆتایین و دواجاریش ناهێڵن بزاوتە زانستی و مەعریفییەکە هەرگیز پشوو بدا. لەلایەکی دیکە، دنیایەک کەموکووڕییان هەیە لەڕووی ناوەڕۆکیانەوە؛ لێرە و لەوێ پاشماوەی ناڕوونی و ناتەواوییەکانیان لە ڕیزبەندییە تیۆری و بەڵگەییەکاندا بەدی دەکرێت. 

لەزانستدا، بستێک جێگا نییە بۆ "ڕا"، "تێڕوانین" و "هەڵوێستە"ی تایبەت بەخۆ! جا گەر ئەم دەستەواژەیە ڕاست نەبوایە، ئەوا زانست نەدەبووە ئەوەی ئەمێستاکە لێی دروست بووە، بەڵکوو دەبووە زانستێکی ناشی و دروستکراو. بیهێنینە بەرچاومان؛ هاوکێشەیەکی ماتماتیکی ئاڵۆز بدەنە دەست کەسێکی ناشی کە هەرگیز دەستوپەنجەی نەرم نەکردووە لەگەڵ تەنانەت بنەما سەرەتاییەکانی ماتماتیکیشدا؛ بزانین چی لێ دەردەچێت و چۆن شیکاریی دەکات؟ ئاخر هەر بۆچوونێک هیچی تر نییە لە بیروباوەڕ و قەناعەتی تاکەکەسیی تاکێک، ڕوانگەی قوتابخانەیەک، ئەتریبوتێک، تێگەیشتنێک، گۆشەنیگای چاویلکەیەک زیاتر.  

ئەوەی گرنگە لەم ناوەڕۆکەدا بۆ کۆمەڵگەی ئێمە و جێی ئاماژە و هەڵوێستەیەکی جیدیە لەئێستادا، بۆ هەر شیکاریی گوتارێکی ڕەخنەیی و تیۆرییەکی ڕەخنەیی پرۆژە (کۆنسێپت)گەلێکی زانستی هەن، کە لەبنەڕەتدا بەڕوونی و بێ چەندوچوون بریتین لە هەوڵدانەکان لە چوارچێوەی ڕەخنەی کۆمەڵایەتیدا. لە بارێک لە بارەکاندا، بەمانە دەگوترێت ئەجێنداــ و یان پرۆگرامەمێتۆدییەکان، ئەوانەی کە پێویست بوو هەوڵی جیدی و بەئەمەك پیشان بدەن. لێرەدا پرسیارگەلێک قوت دەبنەوە کە ناکرێت هەڵوێستە و خۆێندنەوەی زانستییانەی بۆ نەکرێت و تەنها وەک شەڕەجنێو یان شەڕانگێزی ئەم یان ئەو پێناسە بکرێن: کام نووسینە جدییانە بەڕوونی بانگەشەی ڕەخنەگرانە دەکەن و بنەمای زانستیی ئەم ڕەخنانە کامانەن و لە کامە میتۆدەوە سەرچاوەیان گرتووە؟ ئایا میتۆد هەیە، یان میتۆدگەلێک هەن، بەبێ ئەوەی بانگەشە بۆ هیچ شتێک بکەن، سەبارەت بەوەی توانایی بەرچاوی زۆر تایبەتیان هەبێت، تا لەڕێیانەوە ڕەخنەکان کۆنکرێت و زانستییانە دەرببڕدرێن؟ ئەم ڕەخنانە لەسەر کامە چەمكگەلی زانستییانە دامەزراون و بنەمایان گرتووە؟ لە کامە ڕوانگەوە ڕەخنەگران ڕەخنە دەگرن؟

بۆئەوەی مرۆڤ نەکەوێتە هەمان ئەو هەڵەیەوە، کە ئەویش بریتییە لە پرسیارکردن لە شوناسی "ڕەخنە لە زانستی ساختە" و یان "ڕەخنە لە ساختەکردنی زانستسازی"، پێویستە سەرنج بەم سێ بوارە سەرەکییەی خوارەوە بدەین: 

 

یەکەم: ئۆنتۆلۆژیا (زانستی بوون)، ئەو زانستەی کە لە بنەما سەرەکییەکانی واقیع و گشت ئەو شتانەی لە واقیعدا بوونیان هەیە دەکۆڵێتەوە. پرسیاری گرنگ سەبارەت بە مەسەلە سەرەکییەکەی (زانستسازی) لە بواری ئۆنتۆلۆژیادا بریتییە لەوەی: "ئایا ئەوەی جیهان و، واقیع و دیاردە و شتە ڕیالیستییەکان پێکدەهێنن ئەوانەن کە هەن، کە لە "بوون"دان؟" ئایا بە چ شێوازێ ئەمانە بوونیان هەیە و هەن؟ بۆ نموونە، ئایا بارێکی دەروونی هەیە؟ گەر هەبێت، نیشانە بنەڕەتییەکانی کامانەن؟ 

 

دووەم: ئیپیستمۆلۆژیا (پێویستە بە وتارێکی دوورودرێژ هەڵوێستە لەسەر ئەم خاڵە بکرێت)

 

سییەم: ڕەخنەی توندی بناژۆخوازیی (فەناتیکی) پشتبەستوو بە زڕەزانست یان زانستی ساختە. چۆن، بە چی و لە چ کاتێکدا زانست و زڕەزانست (زانستی ئاشوبگەرا، زانستی ناڕاست یان پسیدۆ) لێک جیا دەکرێنەوە؟ بەر لە هەرشتێک با بزانین: چۆن زانست دەناسیتەوە؟ یاخود بە چیدا زانست دەناسرێتەوە؟ زانست دەتوانرێت بەو ڕاستییەدا بناسرێتەوە، کاتێک کە دەتوانرێت گریمانەیەکی کرداری یان ئەزموونی لەڕێی تاقیکردنەوەوە شکستی پێ بهێنرێت. ئەمەش بەم واتایە دێت، بۆ نموونە، تاقیکردنەوەیەک یان تێڕوانینێکی زانستیمان هەیە و، ئەم تاقیکردنەوەیە بەدەر لەهەر نەریت و فەرهەنگ و هەر شتێکی دیکەی لەو بابەتانە توانراوە لەلایەن چەند کەسێکەوە، لێ نەک بەتەنها لەلایەن یەک کەسەوە و، توانراوە بۆ ماوەیەکی بێسنوور و دوورودرێژ، ئاخر بەدەر لە کات و شوێنیش، پیادە کرابێت و پشتڕاست بکرێتەوە. 

بێ گومان دەشێت کە لەملا و لەولاوە هەندێک ناڕێکوپێکیشی تێدا بەدی بکرێت، وەلێ دواجار دەرئەنجام لەبنەڕەتدا هەر هەمان دەرئەنجام دەردەچێت. دیارە لەزانستدا، بنەمایەک هەیە پێی دەوترێت بنەمای بەدرۆخستنەوە (ئینگلیزی:فالسیفیکەیشن (falsification)/ لاتینی: فالسیفیکاتیۆ/ عەرەبی: مبدا التزویر)، ساختە و فێڵکردن، زڕاندن یان قەڵبکردن. واتە، پێویستە کە بتوانرێت گریمانەیەک تاقی بکرێتەوە، ئینجا دەرەنجام دەربکەوێت کە ئەو گریمانەیەی پێشبینی کراوە لەو ئاستەدا بێت کە تاقی بکرێتەوە و بتوانێت گریمانەکە پشتڕاست بکاتەوە. ئەمەی دواییش بە مانای ئەوە نایەت ئیدی ئەوە ڕاستە، بەڵکوو ڕاستە تاقی کراوەتەوە، ئاخر ئەمەیش ئەوە ناگەیەنێت کە ئەوە هێشتا ناڕاست نییە، بۆیە ئیدی کێشەکە لەمە زیاتر نییە. 

لەبارەی زانستی ساختەش، پێویستە ئەوە بگوترێت کە ئەم زانستە هەمیشە تەنها قسە لەسەر "لایەنێکی ڕووداو"ەکان دەکات، بەمانای ئەوەی تەنها لایەنێکی ڕووداوێک لەلایەن تەنها کەسێکەوە قسەی لەسەر دەکرێت و باسی لێوە دەکرێت، بەهیچ شێوەیەک جێگەیەک لە زانستی ڕاستەقینەدا بەدی ناکات کە توانایی ئەوەی هەبێت تێیدا تاقی بکرێتەوە، واتە نە لەڕووی ئامارەوە و نە لەڕووی توێژینەوەی مەیدانییەوە و، نە لەڕێی چەندین هەوڵدانی زانستییەوە و نە لە چەندین جێگا و و کاتی جوداجودا و نە لە چەندین ناوەڕۆکی جۆربەجۆردا پشتڕاست کراوەتەوە. بۆیە ئەوەتا بەم ڕۆژگارە چەندین ڕەوت و تێڕوانین و تێزەی جۆربەجۆر دەبینرێت کە هیچی تر نین جگە لەوەی پشتیان بە ئەفسانە بەستووە و لەسەر بنەمای پڕوپوچ دامەزراون. ئاخر ئەمانە هیچیتر نین لە دەستەواژەی ناڕاست زیاتر کە بنەماکەیان لەسەر زانستی ساختە دامەزراوە و بۆیە هیچیتر نین لەوەی کە پێی دەوترێت ڕەوشی ناجۆر. بۆیە، لێرەوە ئاماژە بە تەنها یەک فۆڕم دەکرێت لە زانست، ئیدی ئەو زانستە لە بەرازیل بێت، یا لە ڕووسیا، یا لە کوردستان یان لە تەنزانیا. واتە، تەنها و تەنها فۆڕمێکی گەردوونیی ڕاستەقینە هەیە سەبارەت بە "زانست"، ئیدی لە بواری فیزیا، کیمیا، یان هەر بوارێکی دیکەی زانستدا بێت. لە دەرەوەی ئەو فۆڕمە هەرچییەک ڕوو دەدات یان هەر تێزە و تێڕوانینێک دەخرێتە ڕوو بە مۆدێلی ئەم یان ئەو، هەقایەتی ئەم یان ئەو هەژمار دەکرێت.

 

كاڵفامی دیجیتاڵی:

                                                                                                         

 "گریمانەیەکی ئەزموونی دەبێت بتوانێت بەهۆی ئەزموونەوە شکست بهێنێت".

 

لەبواری دیکەیشدا، کەهەرچەندە بواری زانستی ڕووت نین بەڵام دور یان نزیک پەیوەندییان هەیە بە بنەما زانستییەکانەوە، هەندێ کێشە سەرهەڵدەدەن کە بەئاستەم دەتوانرێت ڕاستی و ناڕاستیی سەرچاوەکانیان پشتڕاست بکرێتەوە. بۆنموونە، دەتوانرێت هەواڵێکی سۆشیال میدیایی سەبارەت بە پرسێکی نیشتمانی گەورە یان چارەنووسساز، گەمەی تێدا بکرێت و لەلایەن کەسێکەوە یان چەند گرووپێکەوە بەشێوازی پۆپۆلیستییانە، خراپ سوودی لێ وەربگرێت. پشتڕاستکردنەوە، یاخود بەدرۆخستنەوەی زانستییانەی هەواڵێکی لەو جۆرە، نەک بەتەنها لە جڤاکی ئێمەدا، بەڵکوو لەسەرتاسەری دنیادا کێشەی گەورەی بۆ دەستنیشانکردنی ڕاستیی ڕووداوەکان دروست کردوە. نەتوانینی دەستنیشانکردنی ڕاستیی ڕووداوەکان جگە لەوەی کۆسپ بۆ گەشەسەندنی مۆڕاڵی مرۆیی دروست دەکات، دەتوانێت کۆمەڵگەش داتەپێنێت. بۆیە زۆرگرنگە و پێویستە ڕاستیی ڕووداوەکان بەجۆرێک دەربخرێن، وەک ئەوەی کە ئامادەن و هەن. ئاخر دەرخستنی ڕووی ڕاستی ڕووداوەکان و تێگەیشتن لێیان بەو شێوازەی هەن، وادەکەن "یەکێتیی کاری" لە کۆمەڵگەدا کارا بکرێت، شیرازە تێک نەچێت، وێڕای جیاوازییەکان، وێڕای ناتەباییە هزرییەکان، وێڕای جودایی تێڕوانینەکان، پارێزگاری لە ڕەوتی بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگە بکرێت، کە دواجار گشت لایەک لێیان سوودمەند دەبن. 

پرۆسەی دیجیتاڵکردن (دیجیتاڵیزەبوون) وێڕای هەموو سوودەکانی، بوارە جیاجیا و ئازادییەکانی کە لەگەڵ خۆی هێناوێتی، بەداخەوە مەترسییەکی دیکەش هاوڕێیەتی کە ئەویش کاڵفامی دیجیتاڵییە. کانت پێش زیاتر لە دووسەد ساڵ باسی لە کاڵفامییەک کردووە؛ ئیدی کەی مرۆڤ لەو کاڵفامییەی خۆی دێتە دەرەوە کە خۆدی خۆی پێی گەیوە. لەسەرەتادا ئاماژە درا بەو سێ گۆڕانکارییە زەبەلاحەی کە بە هەر دوو دەست مرۆڤایەتیی لە جێگەیەکەوە هەڵگرت و خستیە جێگەیەکی دیکە. 

دەشێت ئێستاکەش بەهۆی سێ گۆڕانکاریی زەبەلاحی دیکەوە (یەکەم/ترس لەبەکارهێنانی چەکی مۆدێرن (ئەتۆمی و درۆن)، دووەم/پەتای کۆرۆنا، سێیەم/ترس لە بەکارهێنانی هۆشی دەستکرد لەزانستدا بۆ مەبەستی نامرۆیی) بە هەردوو دەست مرۆڤایەتی هەڵبگرن و بیخەنە جێیەکی دیکە. دەشێت مرۆڤایەتی دووبارە پێویستی بە دەرچەیەکی دیکە بێت بۆ دەرچوون لەو کاڵفامییە مۆدێرنەی کە بە دەستی خۆی دوبارە خودی خۆی پێگەیاندووە. پێدەچێت وەکوو کانت دەڵێت، ئیدی مرۆڤ دەقی گرتبێت بە ئەو کاڵفامییەی خۆیەوە و نەتوانێت دەستبەرداری بێت، خەریکە کاڵفامی دەبێتە شتێکی سروشتی بەلای زۆرێک لە هەمووانەوە. ئەوەتا تا دێت مرۆڤ ناتوانێت دەستبەرداری هۆشی دەستکرد و سۆشیال میدیا و بەروبوومەکانیان بێت و تا دێت زیاتر و زیاتر مرۆڤەکان خوویان پێوە دەگرن و بەکاریان دێنن. جگە لەوەش تا دێت ئەمانە زیاتر و زیاتر ئاراستەی تێڕوانینی مرۆڤەکان و ئەوەی پێی دەوترێت "هێزی بڕیارلێدانەکان"یان دەگۆڕن. تا دێت ئەلگۆریتمەکان جێ بە پەیڕەو و ڕێسا و نۆڕم و ڕێنماییە کۆمەڵایەتیەکان لێژ دەکەن و جێگەیان دەگرنەوە. لەم کاتەدا، کەسێک یەک زەڕە قسەی زیاتری لەسەر بکات و بە چاوی ڕەخنەگرانەوە لێی بدوێت، تۆمەتگەلێکی نابەجێی شوێن دەخەن. لە نوێترین گوتەیدا، هابەرماس ئاماژە دەکات بە "گۆڕانکاییەکی پێکهاتەیی نوێ لە کایەی گشتی و سیاسەتی ئەندێشەیی ڕاوێژکاریدا". قسەی ئەو زیاتر لە سەر جۆرێک لە پەیوەندییە کە لە کۆمەڵگەدا دروست بووە و بە دەوری خۆیدا دەخولێتەوە، وەلێ پارچە پارچە و نیوەناچڵ و هەر بە ناو گشتییە، ئەگینا تێڕوانینەکەی سەبارەت بە کایەی گشتیی سیاسی وەک ئەوەی کە هەیە، شێوێندراوە. 

بۆیە مرۆڤ بەئاشکرا هەست بەو کایە شێوێندراوە دەکات لە تەواوی دنیادا. ئەم ڕەوشە دیجیتاڵئاسایانە، تێیاندا چ خەیاڵ، چ هاوشێوەکانی واقیع، چ واقیع خۆی، چ وڕێنە، چ ڕووداوی ڕاست و چ هەقایەتەکان، ئەمانە هەموویان تێکئاڵاون و شێوێندراون بەسەر یەکدیدا. سەیر لەوەدایە تەواوی ئەمانە دوبارە لەڕێی هەواڵی درۆ و فەیکەوە هێندەی تر دەشێوێندرێن و وەستایانەتر دەدرێن بەسەریەکتردا. کانت ئازادی لەوەدا دەبینێتەوە کە مرۆڤ بتوانێت دەرگایەک لەسەرخۆی ئاوەڵا بکا و بتوانێت لەڕێیەوە لەو کاڵفامییەی کە پێی گەیشتووە بێتە دەرەوە. دیارە ئاماژە دەکات بە بەکارهێنانی هزر و گوتە بەناوبانگەکەی، تا ئێستاش لە زۆربەی قوتابخانەکانی ئەوروپادا وانەی لەسەر دەگوترێتەوە: "بوێر بە و عەقڵی خۆت بەکار بهێنە!" 

بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ لە دنیادا لە دەوروبەری دیجیتاڵیبووندا دەگوزەرێت زۆر جودایە لەگەڵ ئەوەی ئەو سەردەمەی کانت، چ لەڕووی چۆنایەتی و چ لەڕووی ماناداری و چ لەڕووی ناوەڕۆکیشەوە. جاران کەسەکان ئەوەیان لەباردا نەبوو، یان لەو ئاستەدا نەبوون، سوود لە هزر و تێگەیشتنی خۆیان وەربگرن، بەبێ ئەوەی سەر نەکەن بە کۆشی کەسێکی دیکەدا یان ڕوو نەکەنە ناوەندێکی دیکە. هەندێکجار تەمەڵی و تەوەزەلیش ڕۆڵی کاریگەر و بەرچاویان بینیوە لەو بێجورئەتی و بێمروەتییەدا؛ ئێستاشی لەگەڵدا بێت بۆ هەندێک کەس و لە هەندێک جڤاکیشدا هەرهەمان شێوازە. جاران، کاتی کانت؛ خراپ بەکارهێنانی ئەو ناوەندانە هۆکاری سەرەکیی کاڵفامییەکان بوون، نەبوونی جورئەت و ئازایەتی ڕوبەڕووبونەوە، نەک نەبوونی خودی تێگەیشتن خۆی، وەلێ ئێستا خودی مرۆڤ خۆی و تێگەیشتنەکانی هۆکاری سەرەکین. بە مانایەکی دیکە، کوێرانە دواکەوتنی ڕێنمایی ئەمڕۆ یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو کاڵفامییە دیجیتاڵییە. زۆرێک لە خەڵک هەندێکجار تەنانەت بەئازایەتی و ئەوپەڕی زیرەکیشی دادەنێت کە ئاگاداری پەرەسەندنەکانی بواری دیجیتاڵییە، وەلێ بەبێ ئەوەی پیشەی ئەویش بێت، چاودێریی ئەو گەشەسەندنانە بکات. باشترین نموونە بەکارهێنانی ئینتەرنێتە لەجێی بیرکردنەوەی خودی مرۆڤ خۆی، تەنانەت بۆ زۆرێک بۆتە شوێنی مامەڵە کۆمەڵایەتییەکانیش، کە ئیدی سنوورە مۆرالی و ئاکارییەکانیشی تێپەڕاندووە. جگە لەوە یاریی کۆمپیتەر دنیای ئەمڕۆی تەنیوە و تەنانەت کار گەیشتۆتە ئەوەی لە زانکۆ بەناوبانگەکانی وڵاتانی پێشکەوتوو ڕشتەی تایبەت بە دروستکردن و پەرەپێدانی یاریی کۆمپیوتەر کراوەتەوە و کێبڕکێی بەدەستهێنانی کورسیی خوێندن و خوێندنی باڵای بەرچاوی لەدووە. لایەنێکی دیکەی ئەم بەدیجیتاڵبوونە لە بواری هۆشی دەستکردایە، تاکەکانی مرۆڤ بۆ ئەم بوارە هیچیتر نین لە بابەتی داتایی زیاتر؛ دیارە لەم کەیسەدا بەرژەوەندیی دارایی ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت. لە هەموو کێشەکان زەقتر و کاریگەرتر، کێشەی توندوتیژییە کە مرۆڤ لە دەرئەنجامی ڕەوشی بەدیجیتاڵبووندا دوچاری دەبێت. بۆ نموونە، ئامارێک لەلایەن تیمێک لە توێژەر و لێکۆڵەر لە ئەمەریکای لاتینەوە پیادە کراوە کە لە سەرتاسەری دنیادا تا دێت توندوتیژی لە بواری ئینتەرنێتدا بە "ئاسایی" وەردەگیرێت. چونکە مرۆڤ لەو باوەڕەدایە، کە توندوتیژی سەرەتا لە دنیای ئینتەرنێتدایە بەتەنها، ناڕاستەقینەیە و ناتوانێت پەل بهاوێتە جیهانی ڕاستەقینەوە، وەلێ بەڵگە هەیە پێچەوانەی ئەمە، کە توندوتیژی دەتوانێت بەئاسانی پەل بهاوێتە دەرەوە و بەچاکیش کاری توندوتیژیی قەبارەگەورەی لێ بکەوێتەوە.                     



سەرچاوەکان:

(١) محەمەد، مەسعوود. لەپەرۆشەکانی ژیان؛ ساڵی ١٩٩٥ ؛ لاپەڕە ١٦

  1. Luhmann; Dies Wissenschaft der Gesellschaft; Erste Auflage 1992; S.11 (2)

 

 Karl Marx; Ökonomisch-philosophischen Manuskripte 1844 (3)

 

Adorno, Theodor W. (1942): Thesen über Bedürfnis. In: Bd. 8(S. 392-396) (4)

Horkheimer, Max (1948): In: B. Görlich (Hrsg.). zur Kulturismus Kritik (S. 139-148) (5)

Martin Heidegger 1929/1930: Die Grundbegriffe der Metaphysik. (Band 29/30) (6)

Subjekt – Handeln – Institution Vergesellschaftung und Subjekt in der Reflexiven Modern (7)

ئاوەز ژۆرناڵ بڵاوكراوەیەكی گشتییە بە زمانی كوردی دەردەچێت، بنکەکەی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقە. ئارەزووی ڕووماڵکردنی سیاسی، ئابووری، ڕۆشنبیری، مێژوو و بابەت و ڕووداوەکانی دیکەی هەیە، دامەزراوەی كوردستان كرۆنیكڵ دەریدەكات .
+964(0) 750 928 83 85

Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved


X