24/03/2025
دەروازەیەک بۆ فەلسەفەی زانست "گریمانە و تیۆری و چەمکە بنەڕەتییەکان"

 

فەلسەفەی زانست بەبێ مێژووی زانست بەتاڵە،

مێژووی زانست بەبێ فەلسەفەی زانست کوێرە

لاکاتۆش

 

ئەم نووسینە لە دوو بەش پێک دێت، بەشی یەکەم دەستپێکێکە بۆ ناساندنی کایەی فەلسەفەی زانست، ھەرچی پەیوەندیی بە بەشی دووھەمەوە ھەبێت ئاماژەیەکی خێرایە بە پەیوەندیی نێوان زانست و ئاین، باشتر بڵێین نەگونجاندنی ئاینە لە تەک دنیابینی و ڕەوتی زانستدا.

 

بۆ گرنگە قسە لەسەر فەلسەفەی زانست بکەین؟

زۆر بەسادەیی بڵێین گرنگە لە زانست بکۆڵینەوە لەبەر خودی زانست، واتا گرنگیی زانست لەناو خودی کایەکەدایە، دیارە لەپاڵ وەزیفە و ئەرکێک کە ئەم پڕۆژەیە ڕایدەپەڕێنێت. لە گۆشەنیگای مەعریفەوە یاخود لەڕووی تیۆری مەعریفەوە، لەڕووی (ئیبستمۆلۆژییەوە)، زانست بریتییە لە میتۆدی ڕووپێو، کێوماڵ یا پشکنین دەربارەی شتەکان و بونیادەکان لە جیھاندا وەک چالاکییەکی مرۆیی - چالاکییەکی ئاوەزمەندی و کۆمەڵایەتی؛ زانست دامەزراوەیەکی گرنگە یاخود پراکتیکێکی بناغەییی بنچینەداری جیھانی مۆدێرنە.

لەم دیدەوە مەعریفەی زانستی وا وەردەگیرێت وەک دەستکەوتێکی ئاوەزمەندانەی جیھانی ھاوچەرخ، بەتایبەتی دوای شۆڕشە زانستییەکان لە سەدەی حەڤدەھەمەوە تاکوو ڕۆژگاری ئەمڕۆ. میرییەکان، کۆمپانیاکان، ناوەندەکانی مەعریفە، نێوەندەکانی لێکۆڵینەوە، دامەزراوە تایبەتەکان سامانێکی بێشومار بۆ پشتگیریکردن و ئەنجامدانی باس و لێکۆڵینەوە و گەڕانی زانستی تەرخان دەکەن و بەخەرج دەدەن. وێڕای ئامادەبوونی فرە ڕەھەندانەی زانست لە گشت کایەکاندا، ھێشتا وەڵامی پرسیارە گرنگەکانمان دەربارەی زانست و ڕۆڵی زانست چنگ نەکەوتووە، لەوانە زانست چییە؟ پرسیارەکان کە زانست دەرگیریانە لەچەشنی کام پرسیارانەن، بۆ؟ یا چۆن؟ بۆ شتەکان ھەن بەو شێوەیەی ھەن، یاخود چۆن شتەکان ھەن، چۆنێتیی بوونیان شوێنی پرسیارە. ھەروەھا لەپاڵ پرسیاری مانا و مەغزا و گرنگی کۆی پڕۆژەکە، زانست وەک پڕۆژە چییە؟

فەلسەفەی زانست، وەک ھەوڵێکی ئاوەزی بۆ تێگەیشتن لە واقیع (ڕیاڵەتی)، لە کۆی شتەکان و مەسەلەکان کە بوونیان ھەیە لە چالاکییەکانی زاناکان و سروشت و کاراکتەری تیۆرییە زانستییەکان دەکۆڵیتەوە.

فەلسەفەی زانست بریتییە لە تێڕامان لە چۆنیەتی و چییەتیی خودی زانست، بریتییە لە شیکردنەوە و تەفسیرکردنی زمانی زانست لە یەک کاتدا، بیرکرنەوەی فەلسەفەیە لە زانست و، لە دیدی ھەندێک فەیلەسوفی کایەی "فەلسەفەی زانستەوە" فەلسەفە لە ئێستادا ھیچ نییە جگە لە فەلسەفەی زانست؛ ھیچ ئەرکێکی دیکەی نییە جگە لە ڕاڤەکردنی زمانی زانست و چەمک و گریمانە و تیۆرییەکانی دیکە، بەو مانایەی لە دەرەوەی ئەم ئەرکە ھیچ ئەرکێکی دیکەی بۆ فەلسەفە نەماوە.

شتێک وەک "مێژووی زانست" لە ترادسیۆنی مۆدێرندا لە سەدەی ھەژدەھەمدا دەست پێدەکات. ئەم سەردەمەش سەردەمی "ڕۆشنگەری" بوو ئەو کاتەی بیرمەندە ڕادیکاڵەکان بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە لە دەسەڵاتی ئاوەزدایە، ئاوەز ئەو دەسەڵاتەی ھەیەتی تۆزی چەندین سەدەی خورافیات بتەکێنێت و بناغەیەکی عەقڵی فەراھەم بکات بۆ کۆمەڵگا. ئەم فەیلەسوفانە وا لە زانستی نوێ (مۆدێرن)یان دەڕوانی، زانستێک کە سەدەی پێشووتر سەری ھەڵدابوو، وەک یەکەم مانیفێستی گەشەکردنی فیکری و عەقڵانی و لە دامەزرێنەرانی ئەو دنیابینییە زانستییانەی وەک قارەمان دەڕوانی، لەوانە گالیلۆ و نیوتن.

لە گۆشەنیگای ڕۆشنگەرییەوە، مرۆڤایەتی میراتگری ئەو گریمانەیەیە کە شۆڕشی زانستی لە سەدەی حەڤدەھەمدا خاڵی وەرچەرخان بووە لە گەشەکردنی زانستیدا، بەزمانی باشلار دابڕانێکی مەعریفیی تەواو حەدی بووە.

لە ساڵی ١٨٣٧دا زانا و فەیلەسوفی بەریتانی William Whewell کتێبێکی چاپ کرد بەناوی History of the inductive sciences  مێژووی زانستە ئیستیقرائیەکان induction استقراء (ئەنجامگیری لە بەشەوە بۆ کۆ)، ئەجێنداکەی Whewell بریتییە لە بەیانکردنی پڕۆگرامەکەی ڕۆشنگەری، لەو دیدەوەی کە زانست ھێزێکی دامەزرێنەری پێشکەوتوو و پێشکەوتووخوازە، دنیابینییەکە دەربارەی بیناکردنی تێگەیشتن لە سروشت بە مرۆڤیشەوە، تێگەیشتن لە کۆی ڕیاڵەتی و واقیع. Whewell لەژێر کاریگەری "کانت"دا، لەو باوەڕەدا بوو مەعریفە knowledge بەسادەیی و پاسیڤانە لە سەرنجدان و تێڕامان لە سروشتەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکوو لەلایەن عەقڵەوە دەسەپێنرێت لەڕێگای تیۆرییەکانەوە، ئەو تیۆریانەی ئێمە بەکاریان دەھێنین بۆ وەسفکردنی جیھان و ڕاڤەکردنی بوونەوەرەکان. مامەڵە یا شێوازی مامەڵەکردنی زانستی پابەندە بەئیمتیحانکردنێکی ورد و دەقیقی ( (Scientific hypothesis یان گریمانەی زانستی (کە فەرزیەڕایەکی زانستییە کە ھێشتا زانستیبوونەکەی نەسەلمێنراوە لەڕێگای چاودێریکردن، سەرنجدان و ئەزموونکردن (experimentation). ھەوڵەکەی ئەو دواجار چووە خانەی پاڵنەری گەورە بۆ دروستکردنی کایەی مۆدێرنی مێژووی زانست.

دوای  Whewell، نەوەیەکی نوێ لە مێژوونووسان سەرھەڵدەدەن کە جەخت لەسەر پەیامە ڕادیکاڵەکەی بیرمەندە ڕادیکاڵەکانی ڕۆشنگەری دەکەنەوە، لەوەدا کە زانست بریتییە لە نەک ڕەخنەکردنی دنیابینیی نازانستی، بەڵکوو بەجێھێشتنی ئەو دنیابینییە و گشت خورافیاتەکانی پێش شۆڕشە زانستییەکەیە کە لە کۆپەرنیکۆس و گالیلۆوە دەست پێ دەکات، لەلایەک و لەلایەکی دیکەوە جەختکردنە سەر ناچاربوونی جەنگ و شەڕ لەنێوان زانست و ئاین، جەنگێک کە تێیدا دواجار زانست بێ گومان دەیباتەوە(!)؟ لەم ڕووەوە، بۆ نموونە کتێبەکەی  J. w. Draper، مێژووی کێشمەکێشی نێوان زانست و ئاین (History of the Conflict between Science and Religion 1834) ھەوڵێکی پێشەنگە لە زیندووکردنەوەی پڕۆگرامەکەی ڕۆشنگەری. میتافۆری کێشمەکێش یا ململانێ  (Conflict)  بەردەوام ھەژموونی ھەبووە بەسەر گفتوگۆکانیان لەسەر پەیوەندیی زانست و ئاین، یا زانست و نازانست.

لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا "مێژووی زانست" وەک کایەیەک دانی پێدا دەهێنرێت، وەک کایەیەکی تایبەتی ئەکادیمی. توێژەری بەلجیکی جۆرج سارتۆن لە ١٩١٢دا ژۆڕناڵێک دادەمەرزێنێت بەناوی Isis کە تاکوو ئەمڕۆ ماوەتەوە وەک ئۆرگانی کۆمەڵەی مێژووی زانست.

بەرپابوونی جەنگی دووەمی جیھانی ڕووناکی خستە سەر دوو بۆچوونی دژ بەیەک لەمەڕ مێژووی زانست، بۆچوونێکی گەشبینانە کە ھەمیشە زانستی وەک ھێزێکی پۆزەتیڤ دەبینێ، ھێزێک بۆ چاکەی مرۆڤایەتی، گەشەکردنی جیھانبینیی زانستی داماڵڕاو لە خورافیات و دۆگما ترسناکەکان - زەمینە خۆشکردن بۆ تێگەیشتن لە سروشت و لە واقع تێگەیشتنێکی شمولی - عەقڵانی... لەگەڵ بۆچوونێکی ڕەشبینی کە ڕەخنە لە زانست دەگرێت لەوەتەی کە زۆرتر بۆتە ئامرازی پیشەسازییەکان و سەرمایەدارانی خاوەن بزنس و پیشە، ئەمە لەپاڵ مەترسی بەکارھێنانی زانست لەلایەن ڕژێمە تۆتالیتاریەکانەوە، لەوانە ڕژێمی نازی - ئەڵمانی و دواجار کۆمۆنیستی سۆڤیەت. لێرەدا خاڵی وەرچەرخان ئەو ڕاستییە بووە، لە ڕووە مێژوویییەکەیەوە یا جەختکردنە سەر مێژووی زانست، کە زانست پێویستە پشت بکاتە کاپیتالیزم و ببێت بەو ھێزەی کە لە خزمەت  چاکەی مرۆڤدا بێت، واتا گەڕانەوە بۆ ئایدیای زانست وەک ھێزێکی عەقڵیی گرنگ لەناو شارستانێتیی خۆرئاوادا (!) کە ڕێگا خۆش دەکات بۆ گەشەکردن و پێشکەوتن نەک لەڕێگای خزمەتکاریکردنی پیشەسازییەکان یا ڕژێمەکان، بەڵکوو لەڕێگای سەربەخۆبوون و لەڕێگای داھێنانە نوێیەکانەوە، کە تێگەیشتنێکی دروستتر و چاکتر و زانستیترمان دەدەنێ دەربارەی سروشت لەسەر ئاستی تیۆری. ئەوەی زیاتر لەبەرچاو دەگیرا (لەم مامەڵەیەی دواییتردا) بریتی بوو لە داھێنانی تیۆری لەسەر ئاستی چەمکی (Conceptual level) و پرۆسەکانی لە ڕێگەیانەوە تیۆرییەکان تاقی دەکرێنەوە دژ بە بەڵگەکان.

ئەم مامەڵەکردنە (Historiography) (مێژوویییە) پەیڕەوکردن لە پڕۆگرامی ڕۆشنگەری تا ئەو ڕادەیەی کە ئەوەی دەیبینی بریتی بوو لە سەرھەڵدانی میتۆدی زانستی Scientific Method و ھەنگاوە سەرەکییەکانی دروستکردنی دنیابینیی مۆدێرن، وەک زیادکردنە نوێکان بۆ سەر پێشکەوتن و گەشەکردنی مرۆیی. لێرەوە لەو ھیستۆریۆگرافییەدا جەختکردن زۆرتر لەسەر شۆڕشی زانستی بوو لە سەدەی حەڤدەھەمدا و گەشەکردنەکانی کایەی فیزیا و astronomy. ئەوەی لەو مێژووەدا دەبا لەبەرچاو بگیرێت ئەو جیاکارییە ئاشکرایە بوو لەنێوان "مێژووی ناوخۆیی (ناوەوەیی) زانست" کە لێکۆڵینەوە یا پاڵنەرە عەقڵییەکانی دەرگیر لە تەک گەشەکردنی تیۆرییە زانستییەکان، ھەروەھا "مێژووی دەرەکی" کە تێڕوانینە لە کاریگەری و لێکەوتەکانی کەشفکردنە نوێیەکانی زانست. مێژوونووسەکانی دوای جەنگ زیاتر گرنگییان دەدا بە "مێژووی ناوەکی" لەبەرئەوەی مێژوویەکی زانستییان دەخواست کە لێکۆڵینەوەیەک بێت لەنێو مێژووی ئایدیاکاندا، باشترین نموونە کتێبەکەی Charles C. Gillispie Edge of objectivity (١٩٦٠) لێرەدا، لەم مامەڵەکردنەدا مێژوو بەکار دەھێنرێت وەک سەرچاوەیەک بۆ نموونەکان بە مەبەستی ڕوونکردنەوەی بەکارھێنانی دروستی میتۆدی زانستی.

مێژووی زانست و شیکردنەوەی میتۆدی زانست پێکەوە دەڕۆیشتن، توێژینەوەیان لەسەر دەکرا، ژمارەیەک لە زانکۆکانی ئینگلستان و ئەمریکای باکوور ئەو بەشانەیان دادەمەزراند (لە کات و لە دوای جەنگی دووەمی جیھانی)دا تایبەت بەمێژووی زانست و فەلسەفەی زانست، ئەمە ئەو کاتە کە کایەی فەلسەفەی زانست بەتەواوی چالاک دەبێت و سەرھەڵدەدات.

لێرەدا ئایدیای پێشووتر لەمەڕ زانست، دەبینین زانست وەک پڕۆسەی کۆکردنەوەی ڕاستییەکان (Facts) شوێنی پێ دەگیرێتەوە لەلایەن میتۆدی گریمانەیی "استدلالی" “Hypothetico – deductive Method”  کە تێیدا زاناکان گریمانەکان پێشنیاز دەکەن، بەرەنجامە تاقیکراوەکان لە بێژینگ دەدەن، ئەوسا ڕێگە دەدەن کە ئەزموونکردنەکان بەمانای تاقیکردنەوەکان (experiments) ئەوە دیاری بکەن کە کامە گریمانە پێویستە ڕەت بکرێتەوە. ئەم جەختکردنە لەسەر تاقیکردنەوەی گریمانەکان و گەر پێویستی کرد ڕەتکردنەوەی گریمانەی زانستی، لەلایەن کارڵ پۆپەرەوە  زیاتر جەختی لەسەر کراوەتەوە لە کتێبی Logic of Scientific Discovery (١٩٥٩). خاڵی دەستپێکردن لای پۆپەر بریتی بوو لە پێویستیبوونی خاڵی جیاکردنەوە و دیاریکردنی زانست لە نازانست، یا جیاکردنەوەی زانست لە ھەموو چالاکییە عەقڵییەکانی دیکە، لەوانە ئیلاھیات و فەلسەفە. تایبەتمەندیی دیاری زانست لای پۆپەر بریتییە لە پشتبەستنی زانست بە “Falsifiability”: گریمانەیەکی زانستی ھەمیشە وا دادەڕێژرێت کە ڕێژەی ڕەتکردنەوەی بەھۆی تاقیکردنەوەوە ئاستێکی باڵا دەبێت، واتە ئەگەری ڕەتکردنەوەی واڵا بێت. لە دیدی پۆپەرەوە، ئیمانداران، خاوەن باوەڕانی ئاینەکان، لیکۆڵەرەوە کۆمەڵایەتییەکان و بگرە فەیلەسوفەکان ھەر ھەموو خۆ لەم داخوازییە requirement دەپارێزن، لەڕێگای گوزارە تەمومژاوییەکانیانەوە کە گوایە ھەموو شت ڕاڤە کراوە و ھیچ کاتیش ناتوانرێت ڕەت بکرێتەوە. کەواتە، زانست مەعریفەیەکی ناوازە فەراھەم دەکات دەربارەی جیھان، چونکی تیۆرییەکانی بەتاقیکردنەوە سەختەکاندا براون و گیانی ساغیان دەرکردووە.(دواتر لەسەر پۆپەر و تۆماس کوھن قسە دەکەین). لەپاڵ کایەی مێژووی زانست، کایەی سۆسۆلۆژیای زانست سەرھەڵدەدات، بۆ نموونە، ڕۆبێرت مێرتۆن Robert K. Merton لە کتێبی The Sociology of Science: Theoretical and Empirical Investigations (١٩٧٣) لە دیدی سۆسۆلۆژییەوە جەختی کردووەتە سەر ئەو ھەلومەرجانەی کارێک دەکەن زانست شیاو بێت. مێرتۆن لەو باوەڕەدا بوو مەعریفەی زانستی بریتییە لە چەسپاندنی ڕاستەوخۆی میتۆدی زانستی بەڵام ھەلومەرجە تایبەتییەکان یاخود "نۆڕمەکان (Norms) (پێوانەکان) پێویست بوون دابمەزرێنن تاکوو جڤاتی زانستی گەشە بکات و میتۆدی زانستی بەگونجاوی بەکار بھێنێت. بەبێ ئەم نۆڕمانە یاخود ڕێ و ڕێسایانەی ھەڵسوکەوتکردن rules of behavior، زانست بەڕێگای جیاواز دەشێوێنرێت لەلایەن پیسبوونی -  گەردگرتنی ئایدیۆلۆژییەوە. مێرتۆن چوار نۆڕم دیاری دەکات.

١- گەردوونایەتی Univarsalism: بانگەشەی زانستی بابەتیانە ھەڵدەسەنگێنرێت، بێ ئاماژە بەو زانایانەی کە خاوەنی ئەو بانگەشەیەن.

٢- کۆمیونیزم "جڤاتگەرایی Communism" مەعریفەی زانستی دەگەڕێتەوە بۆ جڤاتی زانستی لەجیاتی ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ زانایەکی دیاریکراو.

٣- دوورەپەرێزی لە بەرژەوەندی  disinterestedness، زاناکان ھیچ پەیوەندییەکی عاتفی (emotional) لەگەڵ بەرھەمەکانیان دروست ناکەن. 

٤- گومانگەراییی ڕێکخراو: زاناکان سیستماتیکیانە بانگەشە زانستییەکان دەخەنە ژێر شک و گومان و تاقیکردنەوەوە.

ڕێکەوتنێکی گشتی ھەیە لەنێو جڤاتی زانستیدا کە فەلسەفەی زانستی مۆدێرن وەک لقێکی فەلسەفەی زانست (Scientific Philosophy)  وەک کایەیەکی ئەکادیمی ڕەسەن، کایەیەکی باس و لێکۆڵینەوە و وانەوتنەوە و وەک دامودەستگایەک لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا سەرھەڵدەدا. بەم پێیە، ئێمە دەتوانین پرۆسەکانی جیاکاری و بەپیشەبوونی فەلسەفەی زانست دابمەزرێنین و سەرڕێگا بخەین لە فەلسەفەی یۆنانییەوە (پێش سوکراتیەکان، ئەفلاتون، ئەرستۆ) لەڕێگای فەیلەسوفە عەقڵگەرا و empiricist تەجریبییەکانی "شۆڕشی زانستی" تاکوو ڕۆشنگەری و تاکو مۆدێلی Neo – Kantian  فەلسەفەی چاوبڕیو لە زانست یا فەلسەفەی ڕێڕەو ڕاست Science – oriented philosophy. ئەم گەشەکردنانە سەر لە ھەڵسەنگاندن و نرخاندنەوەکانی تیۆری زانست لە سەدەی نۆزدەدا دەردەھێنن، لە پەیوەندییەکی تەنگاتەنگەدا لەگەڵ سەرھەڵدانی empirical Sciences  لەنێوان فیزیا و سایکۆلۆژیا و فیزیۆلوجیادا، وەک ئەوەی ڕوون دەکرێتەوە لەلایەن فەیلەسوفە زاناکانی وەکوو Ernst Mach و Ludwig Boltzmann ھاوتەریبە، ئەم دەستپێکردنە داینامیکێکە و ئەم بەجێھێشتنە داینامیکییەی ترادسیۆنی فەلسەفی وەک کایەیەکی گەردوونی معیاری Normative، ھاوڕێیە لە تەک جەختکردنێکی تایبەت لەسەر میتۆدەکانی زانستە سروشتییەکان بەگشتی؛ لێرەدا ئەوەی ھەیە بریتییە لە جارێکی دیکە چەمکاندنەوە و وێناکردنەوە.

re-conceptualizationی ئەزموونگەرایی Empiricism و عەقڵگەرایی، کە خۆی پێشینەیە بۆ ھاتنەئاراوەی logical Empiricism  ئەزموونگەرایی لۆژیکی لەنێوان دوو جەنگی جیھانیدا لە سەدەی بیستەمدا. سیاقی ئەم داھێنانە بریتی بوو لە ئەو شتەی پێی دەڵێن "دووەم شۆڕشی زانستی" لە زانستدا، لە تەک تیۆری ڕێژەگەرایی ئەنشتاین   Relativity Theory و Quantum Physics  لە دەوریShrodinger,  Boher  و ڕۆڵی Modem symbolic logic  لەلایەن Frege و Russel  و  Wittgenstein whitehead  و Godel.

ئێمە لەوێدا گرژییەک دەبینین لەنێوان فەلسەفەیەکی زانستی نۆرمەتڤ (معیاری) میتۆدۆلۆژی لەلایەک و مێژوویەکی وەسفی زانست لەلایەکی دیکەوە کە ئاماژەیە بەو جیاکارییەی دەخرێتە ڕوو دەربارەی ڕەوت، سیاق یان  Contextی ڕەوایەتی بەخشین و ڕەوتی کەشفکردن discovery وەک بابەتی سەرەکیی ئەم سەرھەڵدانەی فەلسەفەی زانستی Scientific philosophy. لێرەوە مێژووی فەلسەفەی زانست سنووردار دەبێت، لێکۆڵینەوەی گواستنەوە و بە دامودەستگاکردنی فەلسەفەی زانست لە ئەوروپاوە بەرەو ئەمریکا لەنێوان ساڵانی ١٩٣٠ بۆ ١٩٦٠. ئەمە ئەنجام دەدرێت بە ئاماژەکردن بە ئەم بەرھەمە The Intellectual Migration. Europe and America, ١٩٣٠-١٩٦٠

Fleming and Bailyn, ١٩٦٩

ھەروەھا ئەو کتێبانەی کە لەسەر ڕیشەکان و کاریگەرییەکانی

Logical Empiricism in American  و مێژووی Venna Circle  تاکوو ١٩٣٨. ئەو ئاماژەیە بەسەرھەڵدانی logical Empiricism  لە ناوەڕاستی ئەوروپا پێش کۆچی ناچاری و کۆتاییی ئەم مێژووە ڕۆشنبیری و دامودەستگایە بریتییە لە جێگیرکردنی ئەڵقەی ڤینە لە ئەمریکا لە قۆناغی جەنگی سارددا. دواجار لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەیپەرەکەی Quine ، دوو دۆگما Two Dogams  (١٩٥١)، وەدیارخستنی ئەجێندای شاراوەی مێژووی فەلسەفەی زانست، کە خۆی لە وەدیارخستنی ڕووەوە پراگماتیکی و میتۆدییەکەدا بەیان دەکات.

سەرھەڵدانی کایەیەک، ئەڵقەیەک، کێڵگەیەک بەناوی "فەلسەفەی زانست" دەتوانرێت وەک تێکەڵکێشکردنێک لە تەک پرۆسەی "سەرھەڵدانی فەلسەفەی زانستی Scientific philosophy لە سەرەتای سەدەی بیستەم  ببینرێت، بەتایبەت دوای جەنگی جیھانیی یەکەم لە ئەوروپا.

لە تێکستێکی پرۆگرام ئاسا  programmatic textی ئەڵقەی ڤیەننادا Vienna Circle ئاماژە ھەیە بەکایەیەکی سەربەخۆی فەلسەفی کە ڕێگا خۆشکەرە بە زانستێکی دژ بەمیتافیزیکا، ئەم ئایدیایە سیستماتیکییانە لە سییەکانی سەدەی بیستەمدا ڕۆشناییی دەخرێتە سەر نووسینەکانی  Rudolf Carnapدا بەتایبەتی Logical Structure of the World  (١٩٢٨)، وەک سیستەمێکی دروستکراو بەربنەمای ئەزموون لە تەک نوێکردنەوەی لۆژیکی.

چەند ساڵ دواییی تر کارناپ ھەڵوێستی خۆی زیاتر ڕوون دەکاتەوە لە کتێبی (١٩٣٤) Logical Syntax ئەو دەنووسێت:

"چەمکەکان، گوزارەکان، سەلماندنەکان، تیۆرییەکان کە دەردەکەون لە مەملەکەتە جیاوازەکانی زانستدا شی دەکرێنەوە، کەمتر لە گۆشەنیگای گەشەکردنی مێژووی زانستەوە و، یاخود ھەلومەرجە سۆسیولۆجی و سایکۆلۆجییەکانی وەزیفەکەیەوە، بەڵکوو زیاتر لە گۆشەنیگای لۆژیکییەوە. ئەم کایەیەی کارکردن کە زاراوەیەک نییە تا ئێستا قبوڵکردنی بەدەست ھێنابێت، دەشێت ناو بنرێت تیۆری زانست یاخود وردتر لۆژیکی زانست. زانست شایانی لێتێگەیشتنە وەک ئاماژەکردن بە کۆی گوزارە قبوڵکراوەکان. ئەمە بەتەنیا ئەو بەیانکردن و گوزارانە لەخۆ ناگرێت کە لەلایەن توێژەرەوەکانی خراونەتە ڕوو بەڵکوو ئەو گوزارانەی ژیانی ڕۆژانەش لەخۆ دەگرێت. سنوورێکی ئاشکرا نییە کێشرابێت لەنێوان ئەم دوو ڕووبەرەدا" (کارناب، ١٩٣٤).

لێرەدا دوورکەوتنەوە لە فەلسەفەی تەقلیدی زۆر ئاشکرایە، ئەم کایە نوێیە چەقی قورسایی گرنگیدانی لەسەر ئەو گوزارانە نییە دەربارەی جیھانی دەرەوە وەک کایە ئیمپریکییەکان ھێندەی خودی زانست وەک بونیادێکی ڕێکخراوەی گوزارەکان، وەک "بابەتی زمان" بەڵکوو بەگوێرەی "مانا"ی گوزارەکان و "مانا"ی چەمکەکان لە گۆشەنیگای لۆژیکیییەوە مەودای ئەم چەمکانە سنووردار کراوە؛ بۆیە شیکردنەوەی گوزارەکانی لۆژیک، ماتماتیک، یاخود گوزارە ئیمپریکییەکانی زانست. ئەمەش واتا "گوزارەکانی لۆژیکی زانست ئەو گوزارانەی سینتاکسی کەسی لۆژیکی زمانن. بەم شێوەیە ئەم گوزارانە خۆیان لەو سنوورانەدا دەبیننەوە کە دەیڤید ھیوم دیاری کردوون، لەبەرئەوەی سینتاکسی لۆژیکی ھیچ نییە جگە لە ماتماتیکی زمان".

لێرەدا بۆ یەکەم جار ئەو شتەی پێی دەڵێن "تەجاوزکردنی میتافیزیک بە ھۆ و لەڕێگای شیکردنەوەی زمانەوە" دەخرێتە ڕوو. وەک بە نێونەتەوەییکردنی ئەڵقەی ڤیەننا کە ساڵی ١٩٢٩ سەرڕێگا خراوە، دوو کتێب لە ئینگلتەرا دێنە دەرەوە لەلایەن کارنابەوە

The Unity of Science  (١٩٣٤) و Philosophy and Logical syntax  ئەم ھەوڵانە بۆ شەعبیکردنی "لۆژیکی زانست لە جیھانی ئەنگلۆرساکسۆندا بووە و درێژەی پێ دراوە بەھۆی وەرگێڕانی کتێبی Logical Syntax (١٩٣٢).

لەم کتێبەدا کارناب لەژێر کاریگەریی لۆژیکزانەکان و فەیلەسوفەکانی بواری زانستدایە، چ ئەمریکی و چ پۆلەندی (Tarski, Morris, Quine)  بۆ گەشەپێدانی زیاتری لۆژیکی زانست.

لە ساڵی ١٩٤٤، کارناپ، فەلسەفەی زانست وا دەخاتە ڕوو وەک "ئەو کایە فەلسەفییە کە بریتییە لە لێکۆڵینەوەیەکی سیستماتیکی سروشتی زانست، بەتایبەتی میتۆدەکانی زانست، چەمکەکانی و گریمانەکانی و شوێنی و جێگای لە کایە عەقڵیەکاندا. پێناسەیەکی وردی ئەم زاراوەیە شیاو نییە، لێرەدا دابەشکردنی بابەتەکەی بەسەر سێ کێڵگەدا کۆمەککەرە بۆ ڕووناکی خستنە سەر کێشەکانی. ھەرچەندە ھەر سێ بوارەکە، کێڵگەکە ناشێت بەتوندی لێک جیا بکرێنەوە، بەگوێرەی کارناب، ئەو سێ کێڵگەیە  Fields، دەشێت بەم شێوەیە دیاری بکردرێن:

١- لێکۆڵینەوەیەکی ڕەخنەییی میتۆد یا میتۆدەکانی زانستەکان و سروشتی ڕەمزە زانستییەکان و بونیادی لۆژیکی سیمبولە زانستییەکان و زاراوەکان.

٢- شیکردنەوە و ڕوونکردنەوەی چەمکە بنەڕەتییەکان، گریمانەکان و ھاوکێشەکان و گوزارەکان و بەیانکردنە عەمەلییەکانی زانستەکان و، بەیانکردنە عەمەلییەکان، بەیانکردنە عەقڵییەکان و زەمینە پراگماتییەکان کە لەسەریانەوە تیۆرییەکان دادەمەزرێن.

٣- لێکۆڵینەوە ھەمەچەشنەیییەکانی کە ھەوڵی دیاریکردنی زانستە تایبەتییەکان دەدەن، بۆ دیاریکردنی سنوورەکانیان و دیاریکردنی کایەکانیان، بۆ تاقیکردنەوەی بەرکەوت و بەرئەنجامەکانیان تا ئەو شوێنەی ئەم لێکۆڵینەوانە کۆمەک دەکەن لە داڕشتنی تیۆرییەکدا دەربارەی گەردوون وەک کۆیەک یاخود ھەندێک ڕەھەندی ئەم کۆیە.

کارناب دواجار قسە لە لێکۆڵینەوەی زانستی دەکات لەژێر ناونیشانی "زانستی زانست" وەک "شیکردنەوە و وەسفکردنی زانست لە کۆمەڵێک گۆشەنیگاوە، لەوانە لۆژیک، میتۆلۆژی، سۆسیۆلۆجی و مێژووی زانست.

لە ساڵی ١٩٦٨ فەیلەسوفی نەمساوی - ئەمریکی، فەیلەسوفی بواری زانست Herbert Feigl (١٩٠٢ - ١٩٨٨) وتارێکی ژیاننامەئاسا بڵاو دەکاتەوە. “The wiener Kreis in America” کە تێیدا باس لە لایەنی مێژوویی و تیۆری کۆچکردنی Vienna Circle دەکات بۆ ئەمریکا و کاریگەرییەکانی لەسەر دامەزراندنی کایەی فەلسەفەی زانست.

دیارە پێشتر ئەو کاریگەرییە لەلایەن  J. Ayerوە بەدیار کەوتووە    ئەوێک کە لە ١٩٣٢- ١٩٣٣ بەشداریی ئەڵقەی ڤیەننای کردووە، مێژووی ئەم کاریگەرییەی لە کتێبەکەیدا تۆمار کردووە. (Language, Truth and Logic ، ١٩٣٦)

ھەروەھا لەو پەیپەرەیدا The Vienna Circle کە دواجار لە کتێبی The Revolution in philosophy (١٩٥٦)، ھەروەھا لە کتێبی Logical Positivism (١٩٥٩) بۆچوونی ستاندارد دەربارەی Logical Positivism لە ئینگلتەرا لەلایەن ڕۆلی Ayerەوە دیاری دەکرێت وەک ڕاڤەکارێکی گرنگ، لەلایەکی دیکەوە ئەو لێکۆڵینەوانەی کە لەسەر ڤنگنشتاین، ڕۆڵی ڤنگنشتاین لەسەر Analytic philosophy  پێش و پاش جەنگی دووەم.

ئەم مامەڵەکردنە مێژوویییە بریتییە لە کاریگەربوونی فەلسەفەی زانست دوای جەنگ بە Logical Positivismی ئەڵقەی ڤیەننا (ھەروەھا ڕۆڵی کارڵ پۆپەر دیارە، لە کاتێکدا Analytic philosophy  لەژێر کاریگەریی قۆناغی دووەمی فەلسەفەی ڤنگنشتایندا بوو  Philosophical Investigations  (١٩٥٣).

کەواتە، پرۆسەی پەیوەندیکردن و کارتێکردنی نێوان ترادسیۆنی نەمساوی و ئینگلیزی لە فەلسەفەی شیکاریی زانستیدا لەپڕێکدا لە سییەکانی سەدەی ڕابردوودا سەرھەڵنادا، بەڵکوو پێشینەیەکی ھەیە، ئەویش کاریگەری Bertrand Russel لەگەڵ Einstein و ڤنگنشتاین کە لە مانیفستۆی ئەڵقەی ڤیەننا ١٩٢٩ ئاوھا ناویان ھاتووە: "نوێنەرانی دنیابینی زانستی". لە ١٩٥٣، ڕەسڵ لە کۆنفرانسێکدا لە پاریس: وا قسە لە فەلسەفەی زانستی دەکات وەک "تەرکیبەیەک لە لۆژیک و ئەزموونگەرایی (تەجریبییەت empiricism لە ١٩٣٥

Otto Neurath  دیدارێک بۆ Logical Positivism ڕێک دەخات بە بە بەشداریی A. S. Ayer, G. E. Moore, Max Black, Carl G. Hempel.

دواجار Ayer لە پاریس پەیپەرێک پێشکەش دەکات بە ناونیشانی:

The Analytic Movement in Contemporary Philosophy  (١٩٣٦) کە تێیدا ئاماژە بە جووڵانەوەی دژ -میتافیزیکی لە ڤیەننا و ئینگلتەرا دەکات لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا. ھەروەھا تێیدا ئاوات بە نزیکبوونەوە و بگرە ئاوێتەبوونی زانست و فەلسەفە دەخوازێت. کۆنگرەی پاریس (١٩٣٥) خاڵێکی دیاریکەر بوو بە بەشداریکردنی واڵتەر بینجامین Walter Benjamin  وەک وەفدی قوتابخانەی فرانکفۆرت، بەشداریکردنی نوێنەری پراگماتیزمی ئەمریکی (چاڕلس مۆر) فەیلەسوفەکانی ترادسیۆنی شیکاری (لەوانە  Susan Stebbing، لۆژیکزانەکان).

ڕەسڵ ساڵێک دواتر دەنووسێت "کۆنگرەی فەلسەفەی زانستی لە پاریس لە سێپتەمبەری ١٩٣٥دا بۆنەیەکی زۆر گرنگ بوو، بۆ عاشقانی عەقڵانییەت شوێنی ئومێد بوو. ئەمە سیفەتێکی نێونەتەوەییی بەخشییە بزووتنەوە و کایەکە. ڕەسڵ دەنووسێت: "زانستی مۆدێرن لەو زەواجەی ماتماتیک و تەجریبییەتەوە سەرھەڵدەدات. سێ سەدە دواییتر ھەمان یەکێتی منداڵێکی دیکە دروست دەکات، فەلسەفەی زانستی،.... تەنیا ئەمەیە دەتوانێت کەشوھەوایەکی عەقڵی دروست بکات کە شیاو بێت بۆ گەڕان و دۆزینەوەی دەوا و چارەسەر بۆ نەخۆشییەکانی جیھانی مۆدێرن.

 

******                 ******                

با جارێکی دیکە بپرسین بۆ گرنگە بە فەلسەفەی زانست ئاشنا بین؟ بۆچی گرنگە لێی تێ بگەین و بیری لێ بکەینەوە؟ فەلسەفەی زانست، وەک فەلسەفە بەگشتی دیسپلینێکە ھەوڵ دەدات بۆ خستنەڕوو و پیشاندانی گریمانە بەرایییەکان کە بونیادی پراکتیکەکان و دامودەزگاکانی ژیان پێک دەھێنن. بونیادەکانی ژیان، فیکر دەکاتە بابەتی تاقیکردنەوەی ڕەخنەیی. بەکورتی، فەلسەفەی زانست کارێک دەکات ئێمە بیر بکەینەوە لەوەی چی دەکەین (لە ڕەھەندە جیاوازەکانی ژیانەوە) و چۆن دەیکەین، ئەمە جگە لە بیرکردنەوە لە کۆی کەتوار (ڕیاڵەتی).

فەلسەفەی زانست لە ئامانج و ڕاز و نیاز و مەرامەکانی چالاکییەکانی مرۆڤ دەکۆڵێتەوە، ئەوسا پرسیار لە میتۆدەکان و ڕێوشوێنەکان دەکات کە لە ڕێگەیەوە ئەو ئامانجانە و مەبەستانە دەھێنرێنە دی. لەم ڕێگەیەوە فەلسەفەی زانست ھەوڵ دەدات بەھانە بۆ ئامانجەکانی بھێنێتەوە و ڕێوشوێنەکان باشتر و گونجاوتر بکات. بەربنەمای ئەرگۆمێنت، ئەو ڕەخنە خود-ئاگایییەی پراکتیکەکانی خۆ بریتییە لە خەسڵەتێکی جیاکەرەوەی ھەڵسوکەوتێکی مرۆیییانەی ئاوەزمەندانە، ئەمەی دوایی ڕەنگە باشترین پێناسە بێت بۆ کاری ئاوەزمەندانە.

بێ ھیچ ئاڵۆزییەک دەتوانین بڵێین فەلسەفە کارێک دەکات مرۆڤەکان بیر لەوە بکەنەوە کە دەیکەن. فەلسەفەی زانست زانست وەردەگرێت و دەیکاتە بابەتی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی. ئێستا بەشێک لە پراکتیکردنەکەی زانست وەک گرنگترین چالاکیی مرۆیی خۆی لەو بیرکردنەوەیەدا مەڵاس داوە کە دەستوپەنجە نەرمکردنە لە تەک پرسیارگەلی لەچەشنی چۆن و بە چ شێوەیەک و بۆ ئەو پراکتیکردنانە ئەنجام دراون؛ ھەروەھا پرسیاری چۆنێتیی باشترکردنی ئەنجامدانی ئەو پراکتیکردنانە. بەم شێوەیە، فەلسەفە بریتییە لەو دیسپلینەی کە لە مێژووی بونیادی پشکنین و گەڕان دەکۆڵێتەوە، پرسیارگەلی ھەستیار و ڕەخنەییانە دەخاتە ڕوو،  ئەو پرسیارانەی کە مرۆ یا کەسێکی خاوەن ئاگایی و خاوەن فزوڵییەت دەیانکات یا دەبێت بیانکات. لەمە زیاتر دەڕوات ئەو کاتەی ھەوڵ دەدات لەڕووی سیستماتیکی و بەدیقەت و بەزەبرەوە تاقی بکاتەوە و ئەو پرسیارانە بخاتە قاڵبی یاساوە و کۆدیان بۆ دابنێت.

لە گۆشەنیگایەکی دابینکاری (دیسپلینەری) لەناو خودی فەلسەفەدا، فەلسەفەی زانست لەبنەڕەتدا بریتییە لە خستنەڕووی پرسیارگەلی دیاریکراو و دیار و بەرجەستە. لەڕووی ئیبستمۆلۆژییەوە ئەم کایەیە پرسیار دەکات لەوەی کە سروشت و خەسڵەت و کارەکتەرە سەرەکییەکانی مەعریفەی زانستی چینی و کامانەن، چۆن ئەم مەعریفەیە بەدەست دێت، چۆن ڕێک دەخرێت و دەخرێتە ڕوو، چۆن دەکرێتە بابەتی پشکنین و شیکردنەوە و چۆن ڕەوایەتیی پێ دەدرێت یاخود بەھانەی عەقڵی بۆ دەھێنرێتەوە. لەڕووی گۆشەنیگای میتافیزیکیشەوە، فەلسەفەی زانست جۆرەکان و سروشتی شتەکانی ناو جیھان تاقی دەکاتەوە و دەنرخێنێت تا ئەو شوێنەی زانست مامەڵەیان لە تەکدا دەکات. فەلسەفەی زانست ڕەخنەییانە ئەو گریمانانەی زاناکان شی دەکاتەوە کە دەیخەنە ڕوو دەربارەی شتە بنەڕەتییە فیزیکییەکان و بایۆلۆژییەکان و وجودی و کۆمەڵایەتییەکان کە ئێمە بەریان دەکەوین و بیریان لێ دەکەینەوە ئەو کاتەی مەبەستمانە لە جیھان تێبگەین، یا تێگەیشتنێکی ئاوەزمەندانە دەربارەی جیھان فەراھەم بکەین. ھەرچی پەیوەندیشی بەئاکارەوە ھەبێت، فەلسەفەی زانست ئاراستەی پرسیارەکان دەکات بە ئاکاری سیستەمی بەھایییەکان (values) کە زاناکان دەپرسن چۆن ئەو بەھایانە کاریگەری لەسەر پراکتیککردنەکان و بەرئەنجامەکانی زانست دادەنێن، بابەتی ئەخڵاقیش سەرھەڵدەدات ئەو کاتەی ڕەچاوی کاریگەرییەکانی زانست دەکرێت لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی و کولتووری و سیمای مرۆڤەکان، ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ. بەھەمان شێوە ئەو تەڵزگە ئاکارییانەش سەرھەڵدەدەن ئەو کاتەی ئەوە لەبەرچاو دەگیرێت کە چۆن زانست کاریگەریی لەسەر پرۆسەی بڕیاردانەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان دادەنێت. ھەروەھا لەڕِووی سیاسیشەوە، بەتایبەتیتر لەڕووی فەلسەفەی سیاسییەوە، بابەت و ئاریشە سیاسییەکان لە پەیوەندی بە سیاسەتی زانستەوە (واتا ئەو ڕێوڕەسم و ڕێسایانەی کە چاوەڕوان دەکرێت زانست ڕەچاویان بکات) خۆی دەرخەری سروشتی جوانیناسییانەی تیۆرییە زانستییەکان کە سەرھەڵدەدەن لەناو فەلسەفەی زانستدا. زانست، وەک ئەوەی دەگوترێتەوە و پراکتیک دەکرێت لەناو ڕێکخستنێکی پەروەردەییدا، ئەمە دەبێت سەرقاڵی ئەو پرسیارانە بێت کە دەربارەی سروشت و گونجاویی مەعریفەیە لە گۆشەنیگای پیداگۆجییەوە؛ پرسیارکردن لە کەسانی ناو کایە زانستییەکان تاکوو لە چالاکییە زانستییەکانیان تێڕابمێنن ئەو کاتەی دەرگیری زانستن، یا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەی زانستین، ئەمەش شێوازێکە بۆ بەدەسەڵاتبوونیان بۆ تێگەیشتن لەپاڵنەرەکانیان تا ئەو شوێنەی شیاو و گونجاوە.

کردنی کارێک تاکوو ئەوەی کە پرسیار بکەن لە ھەر ئاستێکدا بێت، ئەو پرسیارانەی کە فەیلەسوفانی زانست دەیکەن، خۆی دەرگیربوونێکی چالاکانەیە لە تەک پرۆسەی پشکنین و گەڕان؛ لەھەمان کاتدا، ڕووبەڕووی ئەو ئالنگاریانەیان دەکاتەوە کە چۆن ڕێژە و ئاستی تێگەیشتنیان بۆ ئەو شتەی دەیکەن زیاتر بێت.

تێڕامان لە ئامانجەکان و ڕێوشوێنەکانی چارەسەرکردنی گیروگرفتەکان کۆمەکمان دەکات کێشەکان باشتر چارەسەر بکەین. ھەروەھا کارێک دەکات باشتر خۆ بگونجێنین و لە کەشوھەوایەکی نوێدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی کێشەی نوێ، بونیادی ئامانجە کۆنەکان دابڕێژینەوە. لێرەوە پرسیاری فەلسەفی دەبێت بخرێتە ڕوو لە بەستێن و لە پەیوەندی بە ناوەڕۆکی تایبەتییەوە بە نیگەرانییە ھەستیار و ڕەخنەیییەکان تاکوو ئەو بەرئەنجامانە بەدەست بێنن کە شوێنی چاوتێبڕینن یا شوێنی ئاوەزمەندیین.

 

چەمکەکان لەنێو فەلسەفەی زانستدا:

لێرەدا ئاماژە بە زنجیرەیەک چەمک دەکەین کە پەیوەندیی تەنگاتەنگیان بەیەکەوە ھەیە؛ ھەروەھا لە پەیوەندییەکەدا بەوە پێناسە کراون کە ئەم چەمکانە بناغەکانی فەلسەفەی زانست پێک دەھێنن.

دوای بە سیستماتیککردن و پۆلێنکردنی بابەتە سروشتییەکان و پرۆسیسییەکان، زانست بەردەوام دەبێت لەڕێگا و بەھۆی زنجیرەیەک ئەبستراکت بۆ فۆڕمیلەکردن و داڕشتنەوەی پرەنسیپەکان و قانوونەکان کە حوکمی کاراکتەری بابەتە سروشتییەکان دیاری دەکەن. لەم ڕووەوە زاناکان پڕۆسەی داڕشتنی گریمانە و وادانان (وا ھەژمارکردن) و ڕوونکردنەوەکان و ڕاڤەکردنەکان و دواجار تاقیکردنەوەیان ڕادەپەڕێنن. کەوایە، زانست پرسیار دەکات دەربارەی کاراکتەر و وەزیفە و مێژووی بابەتە سروشتییەکان. بە وتەیەکی تر، زانست بریتییە لە ھەوڵی مرۆڤایەتی بۆ زانین و دۆزینەوەی ڕاستی دەربارەی سروشت و سروشتی شتەکان. لەم کاروانەدا، لەم ھەوڵ و کۆششەدا ئایدیاگەلێکی ھەڵە و وەھمگەلێکی زۆر سەرھەڵدەدەن، لەپاڵ ئایدیا دروستەکاندا. ھەوڵی ھۆشیارانەی زانست بریتییە لە بژارکردنی ئایدیا ھەڵەکان لەپێناو گەیشتن بە ڕاستی، بەڵام پرسیارەکە ئەمەیە: ڕاستی چییە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە خۆی بابەتی چەند کتێبێکە، بەڵام دەرھەقی ئێستا و ئەم دەروازەیە بۆ زانست دەڵێین ڕاستی لەم بەستێنەدا بریتییە لە گونجان  (correspondence)ی نێوان ئایدیاکان و واقعێکی (ڕیاڵەتی) بابەتی، ئەو کاتەی ئایدیایەک دەتوانێت ڕاڤەی دیاردەیەکی بابەتی بکات و دەتوانێ پێشبینیی ئەنجامەکانی تاقیکردنەوەکان بکات ئا لەوێدا دەڵێن کە ئەو ئایدیایە ڕەنگدانەوەی ڕاستییە.

گونجاندنێک لەنێوان ئایدیاکان و واقیعدا ھەرگیز کتوپڕ یا بە یەک ھەوڵ یا ھەنگاو ئەنجام نادرێت، وەک ئەوەی زانایەک لەپڕێکدا پەرجووانە (معجیزانە) بەڕەھایی دەستی پێی بگات، بەڵکوو گونجان لەنێوان ئایدیاکان و ڕیاڵ تێیدا لەسەرەخۆ دادەمەزرێت، لە ھەنگاوە بچووکەکانەوە بەھاوبەشی و بەشداریی ژمارەیەک لە زاناکان. کەواتە، گونجاندن ھەندەکییە (بەشییە) و ناتەواوە. ڕەنگە ئایدیاکە لە ھەندێک ڕووەوە، یا لە ھەندێک ڕەھەندییەوە لە تەک سروشتی ئەو بابەتەی کە شوێنی لێکۆڵینەوەیە نەگونجێت، ھەندێک پاڵنەر لە ڕیاڵەتی بابەتیدا (objective reality)  دەشێت ڕاڤە بکردرێت لەلایەن ئایدیاکەوە. ڕەنگە پاڵنەری دیکەش ھەبن کە لە فۆڕمێلەکردنی ئایدیاکەدا بەھەند وەرنەگیراون. دەتوانین ئەو بەیانکردنانە دەربڕین کە بەڕەھایی ڕاستن؛ بۆ نموونە، کۆی گۆشەکانی سێگۆشەیەک لەسەر کاغەز بریتییە لە ١٨٠ پلە، بەڵام زانست مامەڵە لە تەک ئەو جەغدکردنانە ناکات کە زانراون، کە دۆزراونەتەوە، بەڵکوو سەرکەشی دەکاتە ناو ئەو شتانەی ھێشتا نەزانراون، زانست لێرەوە پڕۆژەیەکی ڕۆحانییە لەبەرئەوەی دەستوپەنجە لە تەک نەزانراو و موعەما و مەتەڵەکان و نەزانراوەکاندا نەرم دەکات؛ لەبەرئەوە لە زانستدا زۆربەی بەیانکردنەکان ڕەنگە ڕاست بن، لە ھەندێک بوار ڕاست بن بۆ ھەندێک مەبەست، بەڵام ڕەنگە ڕەنگدانەوەی ڕاستیی ڕەھا نەبێت.

ئەو بەیانکردنانە بەبەردەوامی دەبێت ھەڵبسەنگێندرێن، ھەموار بکردرێنەوە و، ڕاست بکرێنەوە. ئەو کاتەی ئەزموون یا تاقیکردنەوەیەکی نوێ سەرھەڵدەدا یا مەعریفەیەکی نوێ خۆنیشان دەدات، پێویستە لە دیدێکی نوێوە لەو ئایدیایانە بڕوانن کە پێشتر داڕێژراون و بگرە ڕەنگە پێویست بکات بەیانکردنەکان بەجۆرێکی دیکە بەیان بکەینەوە. بۆ نموونە، تیۆری نیوتن تاقی کراوەتەوە لەسەر جووڵەی ھەزاران جەستەی زەمینی (terrestrial) و بابەتی ئەزموونەکان و ھەسارەکان. لە ھەموو ئەزموونکردنەکاندا دروست دەرچوو. بەڵام ئەو کاتەی جووڵەی ھەسارەی Mercury عەتارد پێوانە کرا، ئەوە دەرکەوت وەرچەرخانی پیریھیڵین Perihelion): نزیکترین خاڵی لە خۆرەوە لە چەقی ھەسارەیەکەوە ( لای ناگونجێت لەتەک پێشبینییەکانی قانوونەکانی نیوتن. کەواتە، تێگەیشتنێکی تەواو نوێی دیاردەی ھێزی ڕاکێشان - تیۆری گشتیی ڕێژەگەرایی، تیۆری ئەنشتاین بۆ ھێزی ڕاکێشان - پێویست بوو بۆ ڕاڤەکردنی. کەواتە، قانوونی نوێ پێویستە بۆ حیسابکردنی ھەلومەرجی نوێ. وانەیەک کە لەم نموونەوە فێری دەبین ئەوەیە کە تاقیکردنەوەی تیۆرییەک ھەرگیز کامڵ نابێت تاکوو ڕابگەیەنرێت کە ئیدی لەودیو شک و گومانەوەیە.

ئێمە، واتا زاناکان، دەبێت بە بەردەوامی فەرەزیە یا گریمانەکان تاقی بکەینەوە لە گۆشەنیگای جیاوازەوە، لە ھەلومەرجی جیاوازدا؛ لێرەوە ڕەنگە لە ھەندێک تاقیکردنەوە دەربچێت و لە ھەندێکی دیکە شکست بھێنێت. ئەم تاقیکردنەوە بەردەوامانە و پشکنینانەی بیروباوەڕەکانمان خاڵی ناسینەوەی زانستن. زاناکان دەبێت گەشە بدەن بە خودی گومانکردن لە گشت چەمک و ئایدیا دامەزراوەکان، لەبەرئەوەی ئێمە گومان دەکەین و نیشانەی پرسیار لەسەر تیۆریەکان دادەنێین و بەبەردەوامی تاقییان دەکەینەوە لە گۆشەنیگای جیاوازەوە، گەر درزێکمان لە مەعریفەماندا بەدی کرد، زانستێکی نوێ لەدایک دەبێت، ھەر بۆیەشە خاسییەتی سەرەکیی زانست بریتییە لە گومانگەرایییەکی ڕێکخراو. بەڵام ئایا تیۆرییەک گەر لە ھەندێک تاقیکردنەوەدا دەرنەچوو ڕای دەگەیەنین کە "ھەڵە"یە؟ بۆ نموونە، دەتوانین بڵێین تیۆری کێشکردنی نیوتن ھەڵەیە؟ بێ گومان نە، لەبەرئەوەی لە زۆربەی ھەلومەرجەکاندا کار دەکات؛ کاری کردووە لەبەرئەوەی مۆدێلێکی چاکی ھێزی کێشکردن/ڕاکێشانی داوە بەدەستەوە کە چەسپێنراوە بەسەر ئەو ھەلومەرجانەوە، تەنیا ئەوەندە ھەیە کە گشت ھەلومەرجەکان لەخۆ ناگرێت. لەبەرئەوە، ھەرچەندە قانوونە سروشتییەکان لەلایەن زانستەوە دەدۆزرێنەوە، کە ڕەنگدانەوەی پرۆسیسی بابەتی و دیاردەکانن، وێڕای ئەمەش زانست بانگەشەی ئەوە ناکات کە ئەو قانوونانە بەڕەھایی ڕاستن، گەر ڕاستیی ڕەھا بێت و بەدەست بێت لە ھەر بابەتێکدا، ئەوسا بوارێک نامێنێت بۆ پشکنین و گەڕانەوەی نوێ. ئێمە ئەو ڕاستییە دەزانین کە مرۆڤ بەسروشت خۆتێھەڵقوڕتێنە. ئەو پرسیارگەلێکی زۆری دەربارەی شتەکان و ڕووداوەکانی دەوروبەری ھەیە. بەڵام شێوازی عەوداڵبوونی وەڵامەکانی پرسیارەکەن لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی دیکە دەگۆڕێت. بۆ نموونە، لە سەردەمی دێریندا وەڵامەکانی پرسیارەکان لەڕێگای بەدەستھێنانی ڕاستیی دەرخستنی کەسییەوە، یا تاکەکەسییەوە بەئەنجام دەگەیەنرا. کەسێک لەو باوەڕەدا دەبوو کە بە وەڵامێک گەیشتووە، بۆ ئەو ئەوە وەڵامی پرسیارێک بووە. لای کەسێکی دیکە وەڵامێکی دیکە بەدەستەوە دەدات. کەوایە، بۆ پرسیارێک دەشێت وەڵامگەلێکی زۆر بخرانایاتە ڕوو. خاڵی ناسینەوەی ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە کەسێکە بیر لەوە ناکاتەوە وەڵامەکان لە بێژینگ بدات، بیریان لێ بکاتەوە و بیانپشکنێت، یاخود بپرسێت ئاخۆ ڕاستن یا ھەڵە؟ بە واتایەکی دیکە، ھێشتا چەمکی verification سەلماندن و ڕاستکردنەوەی ئایدیاکان سەریان ھەڵنەداوە. ئەم بیرکردنەوەیە لەسەر ئاستی خود - زات - کەسی، خودی کەسەکە پڕۆسەی گەشەکردن بەچەمکەکان و تیۆرییەکان و ئایدیاکان ڕادەپەڕێنێت لەڕێگای ڕاستی دەرخستنی کەسییەوە، ئەوەش بریتییە لە بیرکردنەوەیەکی خودێتی. ئەم تەرزە لە بیرکردنەوە لە ڕێنسانسەوە دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە و دروشمەکە لەنێو زاناکاندا دەبێتە "با تاقی بکەینەوە". کەواتە، بیرکردنەوە بە پرۆسێسی تاقیکردنەوە و بەڵگەھێنانەوە و سەلماندندا تێدەپەڕێنرێت تاکوو ڕەوایەتیی پێ ببەخشرێت. گالیلۆ لەم ڕووەوە شتێک دەڵێت گەر دایبڕێژینەوە ئاوھا دەردەکەوێت: بیرکردنەوە و ڕا و ئایدیای من ڕەنگە ھەڵە بن. بەڵام من دەبێت تاقییان بکەمەوە لەبەرانبەر واقعێکی بابەتیدا تا ڕاستی یا ناڕاستیبوونیان وەدیار بکەوێت. کەواتە، ئایدیاکان دەبێت تاقی بکردرێنەوە و دڵنیاترین ڕێگاش بۆ کردنی ئەم کارە ئەنجامدانێتی لەڕێگای چاودێریکردنی بابەتەکان و تاقیکردنەوە (تاقیکردنەوەی تیۆری و گریمانەکان)؛ کەواتە، بابەتەکە دەبێت پێمان بڵێت کە ئایدیاکەی ڕاستە یا ھەڵە، دوای تاقیکردنەوە. ئەم تەرزە لە بیرکردنەوە ناوزەد دەکەین بەبیرکردنەوەی بابەتی (objective).

لێرەوە زانست گەشەی کرد و گەشە دەکات بەگشتی لەڕێگا و بەھۆی پەیڕەویکردن لە تەرزی بیرکردنەوەی بابەتی. لەڕاستیدا، ناساندنی تەرزی بیرکردنەوەی بابەتێتی دەناسرێتەوە وەک سەرەتای سەرھەڵدانی "سەردەمی زانستی". لە زانستدا، زاناکان بیر لە گریمانەیەک دەکەنەوە و دواجار لە تیۆرییەکدا دایدەڕێژن، ئەوسا تاقی دەکەنەوە تاکوو دروست یا ھەڵەبوونی دەربکەوێت. بەڵام کارڵ پۆپەر لەم ڕووەوە پرسیارێکی دیکەی کرد: ئایا ئێمە دەتوانین لەڕاستیدا دروستی یا ڕاستیی تیۆرییەک تاقی بکەینەوە؟ ئێمە بینیمان تیۆرییەکەی نیوتن تاقی کرایەوە و دەرکەوت کە ڕاستە لە زۆربەی تاقیکردنەوەکاندا، بەڵام دواجار ئەوە نیشان درا کە گونجاو نییە لە پەیوەندی بە ھێزی ڕاکێشانی چڕەوە. قانوونەکانی میکانیکی کلاسیک تاقی کرانەوە و دەرکەوت ڕاستن، بەڵام دواجار دەرکەوت گونجاو نییە بۆ مامەڵەکردن لە تەک Subatomic Particles تەنۆلکەی زۆر گچکە. ئەم کێشەیە پێمان دەڵێت ئێمە ناتوانین تیۆری تاقی بکەینەوە و ڕای بگەیەنین کە ڕاستە. گەر ئێمە نەتوانین دڵنیا بین لەوەی تیۆرییەک بەڕەھایی ڕاستە، گەر پێویست بکات کە بەبەردەوامی ئێمە تیۆرییەکان تاقی بکەینەوە، کەواتە دەبێت بپرسین زانست لەسەر چ بنەمایەک دەوەستێت؟ بە ڕای کارڵ پۆپەر، زانست دەبێت لەسەر ئەو تواناییەیە بوەستێت، توانایی ڕەتکردنەوەی ئایدیای ھەڵە، پۆپەر لەڕێگای ئەم چەمکەوە تەعبیر لەم ئایدیایە دەکات: Falsifiability  یاخود refutability بڕوانە: 

The logical Scientific Discovery  (١٩٣٤)، واتا ھەبوونی توانایی بەھەڵەخستنەوە، یا ڕەتکردنەوە، واتا تیۆرییەک تیۆرییە کە بتوانرێت ڕەت بکرێتەوە. تیۆرییەک یا گریمانەیەک شایانی ڕەتکردنەوە، بەھەڵەخستنەوەیە، گەر لەڕووی لۆژیکەوە بتوانرێت ناکۆکی و دژ بەبەشی لەڕێگای تاقیکردنەوەی ئیمپریکی (عەمەلی)یەوە وەدیار بخرێت. گەر ژمارەیەک ئایدیا پێشنیار بکردرێت بۆ ڕاڤەکردنی ھەلومەرجێک، گەر ئەم ئایدیایانە تاقی بکرێنەوە و ئایدیا ھەڵەکان دیاری بکرێن و ڕابگەیەنرێت کە ئایدیای ھەڵەن: واتا بەھەڵە خراونەتەوە، ئەو کاتە ئێمە لەم کایەیەی زانستدا پشکنینەکە کورت دەکەینەوە بۆ ئایدیایەکی ڕاست و دروست. بەم شێوەیە ھەر ئایدیایەک، گریمانەیەک، تیۆرییەک دەبێت خاسییەتێکی ھەبێت ئەویش لەڕووی پرەنسیپەوە بشێت دیاری بکردرێت وەک ئەوەی کە ھەڵەیە، گەر لەڕاستیدا وابێت. کەواتە، تیۆرییەک ڕاستە تا ئەو کاتەی لە ھەناویدا ئەگەری ڕەتکردنەوەی ھەڵگرتبێت؛ زانست کاری بەو تیۆرییانەوە نییە کە بە درۆ ناخرێتەوە یا ھەڵە ناکەوێتەوە. دەبێت ئەگەری ئەوە ھەبێت کە بەرئەنجامی چاودێریکردن یا تاقیکردنەوە ناکۆک بێت بە پێشبینی و چاوەڕوانکراوەکانی تیۆرییەک.

لێرەوە ئەوەی گرنگە ئەو داواکارییە کە دەبێت ھەر تیۆرییەک لەڕووی پرەنسیپەوە شایانی بەدرۆخستنەوە بێت و Falsifiable (بەھەڵەخستنەوە)؛ واتا ھەر تیۆرییەک کە زانایەک دەیخاتە ڕوو دەبێت ئەوە ڕۆشن بکاتەوە کە چۆن چاودێریکردن و تاقیکردنەوە دەتوانێت بە درۆی بخاتەوە و ڕەتی بکاتەوە. با نموونەیەک بخەینە ڕوو؛ گریمان زانایەک گریمانەیەک دەخاتە ڕوو کە تێیدا ھاتووە نەخۆشیی مەلاریا لەلایەن جنسێکی تایبەتی بەکتریاوە دروست دەبێت کە دەگوازرێتەوە لەلایەن مێشوولەوە، لێرەدا داوپێنگی "ڕەتکردنەوە یا ھەڵەخستنەوە" چۆن کار دەکات؟ ئەو گوزارەیەی سەرەوە لە دوو توخم پێک دێت:

١- ئەوەی کە نەخۆشییەکە، پەتاکە، بەھۆی بەکتریایەکی تایبەتەوە دەبێت.

٢- ئەوەی کە نەخۆشییەکە لەلایەن مێشوولەوە دەگوازرێتەوە.

لێرەدا گەر خوێنی نەخۆشەکە فەحس کرا و ئەو بەکتریایە نەبینرایەوە کەوا دەزانرا ھۆی نەخۆشییەکەیە، لەم حاڵەتەدا گوزارەی (١) ھەڵەیە.

گەر نەخۆشەکە لە شوێنێکدا ژیا بوو کە بەھیچ شێوەیەک مێشوولەی لێ نەبوو وێڕای ئەمەش نەخۆشییەکەی تووشی بووە، کەواتە گوزارەی (٢) بەدڵنیایییەوە ھەڵەیە.

بەم شێوەیە ئەمانە داوپێنگی "بەدرۆخستنەوە، بەھەڵەخستنەوەی ئەو گوزارەیەن". بەڵام گەر کەسێک بڵێت (١) نەخۆش کەوتووە بەھۆی گوناھێکەوە کە کردوویەتی، ئەم بەیانکردنە شایانی بەھەڵەخستنەوە، بەدرۆخستنەوە نییە  (not falsifiable)، چونکە ئەو ڕستەیە بێمانایە و شایانی پێناسەکردن یاخود شیکردنەوە، واتە بەدرۆخستنەوە نییە. کەواتە، ئێمە دەبێت بەگوێرەی کارڵ پۆپەر، ئەم داوپێنگە بەشێوەیەک دابڕێژین کە بتوانین بیچەسپێنین بەسەر ھەر گریمانەیەک یا تیۆرییەکدا، بەشێوەیەک کە ھەر زانایەکی دیکە بتوانێت ئەو گریمانەیە تاقی بکاتەوە. بەربنەمای ئەو داوپێنگە، ئەنشتاینیش ھەر ئەمەیە کە دەڵێت: "ھیچ ڕێژە و ڕادەیەک لە تاقیکردنەوە ناتوانێت بیسەلمێنێت من ڕاستم، یەک تاقیکردنەوە دەتوانێت بیسەلمێنێت کە من ھەڵەم".

گەر بەھەڵەخستنەوە Falsifiability داواکارییەکی سەرەکیی گوزارەی تیۆری بێت، داواکاریی سەرەکیی بەرئەنجامی تاقیکردنەوە بریتییە لە توانستی بەرھەمھێنانەوە، ئەم داواکارییەش لە بابەتێکەوە سەرچاوە دەگرێ، لەو دیدەوەی کە ھەر دیاردەیەکی بابەتی نابێت پشت بەچاودێریکردنی کەسی (تاکەکەسی) ببەستێت یا تەفسیری کەسی یا حوکمدانی کەسی. بۆ نموونە، ئەگەر دیاردەیەکی دیاریکراو لەلایەن زانایەکەوە گوزارەی لێ بکردرێت، سەدان زانای دیکە ھەمان تاقیکردنەوە چەند پات دەکەنەوە، ھەمان ھەلومەرج دروست دەکەنەوە کە ئەو دیاردەیەی دروست کردووە یا ھێناوەتە بوون، ئەوە دەپشکنرێت گەر بەڕاستی دیاردەکە لە ھەموو ھەلومەرجەکاندا و لە تاقیکردنەوەکاندا ڕوو بدات یا بێتە بوون. بەڵام گەر چاودێریکردنەکە بەرھەمنەھاتووە، ئەوسا لەلایەن جڤاتی زانستییەوە شایانی قبوڵکردن نییە. کەواتە، زانایەک بۆی نییە بڵێت لە تاقیگەکەی مندا ئەو دیاردەیە ڕووی داوە، کەواتە، ڕاستە دەبێت لە ھەموو ھەلومەرجەکانی دیکە و لە تاقیگەکانی دیکەشدا ئەو دیاردەیە ڕەچاو بکردرێت و بخوڵقێنرێت تاکوو قبوڵ بکردرێت، زانست نابێت بگوترێت تەنیا لەم ھەلومەرجەدا ڕوو دەدات، یا لەم تاقیگەیەدا. زۆربەی تێڕامانە فەلسەفییەکان دەربارەی ئامانج و نیازی زانست مامەڵەکردنە لە تەک پرۆسێسی بەدەستھێنانی مەعریفە و چۆن مەعریفە تێگەیشتن دەھێنێت دەربارەی شتەکان و دیاردەکان. زانست چاو لە تێگەیشتنی جیھان دەبڕێت، لەڕووی فیزیکی و بایۆلۆژیکی و... ھتد.

بیرکردنەوە لە زانست وەک فۆڕمێکی مەعریفە ئەو پرسیارە دەخاتە ڕوو دەربارەی ھەوڵەکانی دیکە کە بانگەشەی مەعریفە دەکەن. ڕەھەندێکی ئەم کێشەیە پەیوەندیدارە بە demarcation سنوورکێشانی زانست، یا جیاکردنەوەی زانست لە زڕە زانست pseudo – Science، یاخود ھەندێک جار دەگوترێت لێکۆڵینەوە و پشکنینی ئاوەزی (عەقڵی) وەک دژێک بەرانبەرێک بەخورافە و دەردەشەی نائاوەزی (ناعەقڵی). کەواتە، یەکێک لە ئامانجەکانی زانست و پەروەردەی زانستی بریتییە لە تێگەیشتن لە جیاوازیی نێوان زانست و زڕە زانست، زانستی دروست و خورافیات بەناوی زانستەوە جیاوازە نێوان میتۆدەکانی پشکنین و لێکۆڵینەوە و ڕەوایەتیدان بە چیڕۆک و حیکایەت دەربارەی گەردوون کە نە دەسەلمێندرێن، نە ڕەت دەکرێنەوە؛ تەنیا بەمەبەستی گەشەپێدانی جەھلەوە دەربارەی جیھان دەخرێتە ڕوو.

بەشێک لە تێگەیشتن لە مەعریفەی زانستی بریتییە لە تێگەیشتن لەوەی کە زانست ناتوانێت بیکات یاخود ئەو شتەی زانست وەک ئامانج چاوی لێ نەبڕیوە؛ بۆ نموونە، پرسیاری بوونی خودا، یاخود پرسیاری بۆ؟ کە پرسیارێکی زانستی نییە، لەجیاتی ئەوە چاوبڕین لە پرسیاری چۆن “How?”.  گرنگترین سنوورێک کە دەبێت جەغدی لەسەرەوە بکردرێت بریتییە لە سروشتی ئەزموونی مەعریفەی زانستی. سەلماندنە ڕەھاکان بوونیان نییە. زانا ئەو کەسەیە کە خاوەنی ئاوەزێکی کراوەیە، نا-دۆگماییە، ئامادەییی گۆڕینی سەرلەبەری ڕاوبۆچوونەکانی ھەیە ئەو کاتەی ھەلومەرجەکان بیانوویان دا بەدەستەوە. شێوازێک بۆ تێگەیشتن لەو حاڵەتەی کە ئاماژەمان پێ دا بریتییە لە تاقیکردنەوەیەکی ورد و دەقیقی نموونەکانی گۆڕینی زانستی. زانست مێژووی ھەیە کە ئەو مێژووە ئەوە نیشان دەدات ئەو بیروباوەڕانەی ڕۆژگارێک وا دەبینران کە "ڕاستن" و ئاوەزپەسەندن دواجار کە بە گیروگرفت کران و پرسیاریان لەسەر دانرا دەرکەوت ھەڵەن و ئیدی پشتگوێ خران. ئەو شتانەی کە وا دەبینران، یا بینراون کە ڕاستین دواجار ئەوە بینرا کە ڕاستی بینراو نین بەڵکوو کۆمەڵێک وەھمن یا فریوخواردنن یا لە باشترین حاڵەتدا ھەستە شەقڵێکی ناڕۆشنی شتێکی دەرەکییە. خودی پرسیارەکان کە زاناکان دەیانکەن دەگۆڕێن و ئەو شت و دیاردانەی کە پرسیارەکانیش دەربارەیانەوە لە گۆڕاندان.

رٍەھەندێکی دیکەی سنوورداری زانست پەیوەندیی بە وردی و بێھەڵەیییەوە ھەیە. لە کاتێکدا ئەم ئامانجانە لەڕووی ئیپستیمیەوە (مەعریفییەوە) ئایدیاڵی، خەسڵەتی سەرەکیی مەعریفەی زانستی بریتییە لە نزیکەیی (بەشێوەی تەخمینی حیسابکراو - ھاوتا - تەقریبی). داتاکان بەدەگمەن دوورن لە تەمومژەوە، ڕاڤەکردنەکان و خۆتێھەڵقوتانەکان ڕوو دەدەن. ھەروەھا ئەگەری ھەڵە لە ئارادایە، لەپاڵ سنوورەکانی دەقیقبوون، کە ئەمانە دەبێت بە لە بەرچاوگرتنی میتۆدی لێکۆڵینەوەکاندا بەھەند وەربگیرێن.

ڕەنگە ئاسانترین ڕێگا بۆ بیرکردنەوە لە دیاردەی دۆزینەوەی زانستی بریتی بێت لە بیرکردنەوە لە زاناکە وەک ئەوەی کە دەرگیر بوو لە تەک پرۆسیسی بنکۆڵکردن کە لەڕێگایەوە "پرسیار لەسەر سروشت دادەنێت"، یاخود سروشت دەباتە ژێر پرسیارەوە. دۆزینەوە ھەندێک جار ڕوو دەدات ئەو کاتەی ئەو وەڵامانەی کە سروشت دەیانداتەوە وەڵامگەلێکی چاوەڕواننەکراون. ھەندێک دۆزینەوەی دیکە ھەن سروشتێکی تیۆرییان ھەیە. لێرەدا دۆزینەوە ڕوو دەدات ئەو کاتەی ڕووبەری جیاوازیی پشکنین یەک دەگرن یاخود ئەو کاتەی چەمکی نوێ بەڕاڤەکردنەکان دەناسرێن.

ھەرچی پەیوەندیی بەڕاڤەکردنەوە یاخود تەفسیرکردنەوە ھەبێت، ئەو پرسیارانەی دەربارەی ئەم زاراوەیەن دەتوانرێت بەسەر دوو پرسیاردا دابەش بکردرێن. ئەو شتانە چین کە ڕاڤە دەکرێن؟ ڕاڤەکردنەکان چین؟ بەشێوەیەکی گشتی، زانست ھەوڵێکە بۆ تەفسیرکردنی گۆڕین، نەک نەگۆڕی. گۆڕین لە جووڵەدا، گۆڕین لە سیستەمی بایۆلۆژیدا یاخود گۆڕینی کۆمەڵایەتی و سیاسی کە پێویستمان بەڕاڤەکردن ھەیە. تیۆرییە زانستییەکان لە ھەوڵی ئەوەدا نین کە ھەموو شتێک ڕاڤە بکەن بە یەک گوژم. ڕاڤەکردنەکان کە لە زانستدا پێشنیار دەکرێن بۆ بەرچاوڕۆشنییە دەربارەی تایپە جیاوازەکانی ڕووداو و دیاردەکان. تەرز و تایپی ئەو ڕووداوانە کە زانست ڕاڤەیان دەکات وەک ڕووبەر و کایەی زانستەکە ھەژمار دەکرێت. ھەندێک ڕاڤەکردن خۆی مامەڵەکردنە لە تەک پرسیاری ئەوەی بۆچی ھەندێک بابەت یا ڕووداو دێنە بوون یاخود لە بووندان. ھەندێک ڕاڤەی دیکە ھەوڵدانە بۆ مامەڵەکردن لە تەک چۆن و بۆ ھەندێک سیستەم کار دەکەن، وەزیفە دەبینن. "داتا" زاراوەیەکە بەشێوەیەکی گشتی بەکار دێت بۆ ئاماژەکردن بەو ڕاستییانەی کە ڕێکەوتنێک ھەیە لەسەریان کە بێ گیروگرفتن، واتا سەلمێنراون. ھەرچەندە لە ھەندێک ھەلومەرجدا زاناکان پرسیار لەسەر متمانەکردن بەداتاکان دادەنێن، لە ھەموو حاڵەتێکدا ئەوان پرسیار لە چۆنێتیی بەدەستھێنانی داتاکان و ڕاڤەکردنیان دادەنێن و داتاکان چ ماناگەلێک دەگەیەنن. بەڵام ڕاڤەکردن چییە؟ ڕاڤەی زانستی بریتییە لەو پرۆسانەی کە تێیاندا زنجیرەیەک بەیانکردن (زارەکی یا نووسین) دەخرێنە ڕوو کە دەبنە مایەی تێگەیشتنی زیاتر سەبارەت بە ناوەڕۆکی ئەو بەیانکردنانە. پەیوەندییەکانی ڕاڤەکردنێک بریتییە لە بەستنەوەی نائاشنایییەکان بە ئاشناکانەوە (مەبەست لە دیاردە و ڕووداو و گۆڕینەکان و پرۆسێسەکان، یاخود نیشاندانی ئەوەی چۆن شتێکی نەزانراو یاخود ئاشکرانەبوو دەتوانرێت کورت بکرێتەوە بۆ شتێک پێشتر زانراو یا ئاشکرا بووە و شوێنی لێتێگەیشتن بووە. ڕاڤەکردنەکان کارێک دەکەن کە ڕووداوەکان چاوەڕوانکراو بن نەک ناکاو. ھەندێک جار ڕاڤەکردنەکان دایەگرامی نوێ فەراھەم دەکەن بۆ تێگەیشتن وەک ئەوەی کە تۆماس کوهن پێشنیازی کرد لەڕێگای وەرچەرخاندنی پارادیمەوە، بەڵام ئەم دایەگرامە و نموونانە بۆ ئەوەی شایانی تێگەیشتن بن دەبێت ھاوپەیوەست بن بە دایەگرام و نموونە و پارادایمەکانی پێشترەوە. لەڕووی فەلسەفییەوە ئەو پەیوەندییەی نێوان ڕاڤەکردنەکان و داتاکان ئەو کاتە شوێنی ڕووناکی لەسەر دانانە کە دیاردەیەک دەخرێتە ناو چوارچێوەی قانوونێکی گەردوونییەوە، واتا قانوونێکی ھەمەکییەوە. ئەم قانوونەش مۆدێلێکە بۆ بەسەرکردنەوەی ڕاڤەکردنەکە. ڕاڤەکردن ڕوو دەدات لەبەرئەوەی ڕاستیی چاودێریکراو وەک نموونەی تایپێک کە زانراوە دەبینرێت، واتا ڕاستیی بینراو (Fact) بریتییە لە نموونەی قانوون (مەبەست قانوونی سروشتی یا قانوونی زانستییە). ڕاڤەکردنی ئاماریی تایپێکی گرنگی ڕاڤەکردنن. گوزارشتێکن لە ئەگەری ئەوەی کە ھاوپەیوەستە لەنێوان ئەم ڕووداو و یا دیاردە یا ھۆ، لە تەک ڕووداوێکی دیکە بەرئەنجامێک یا دیاردەیەکی دیکە؛ ئەمە کارێکی کردووە کە ھەندێک لە فەیلەسوفەکان وا سەرنج بدەنە ڕاڤەکردنەکان وەک پاکێجێکی پاڵنەرە ئامارییە پەیوەندیدارەکان. لەم دیدەوە، ڕاڤە ڕوو دەدات ئەو کاتەی ڕاستییەک دەبەسترێتەوە بەخاسیەت یا ڕووداو یا ڕاستییەکی دیکەوە کە زانراون، ڕوو دەدەن بەشێوەیەکی ڕێکوپێک (واتا بەبەردەوامی) لە تەک ئەو شتەدا کە ڕاڤە کراوە یا دەکرێت.

لێرەدا "ڕاڤە" لەڕێگای پەیوەندییە ئامارییەکانەوە شی دەکرێتەوە، ئەو "ڕاڤە"یە بەکامڵبوو ناژمێردرێت لەبەرئەوەی ھۆکان نادات بەدەستەوە. گرنگە سەرنجی ئەوە بدەین ھەندێک بەستنەوە مانادارن، لێرەدا ڕێسایەک دەبێت ھەبێت بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی کە کام بەستنەوە جەغدی بکرێتە سەر و کام بەستنەوە پشتگوێ بخرێت (دواجار باس لە ھۆیایەتی "ھۆیی" - پەیوەندیی نێوان ھۆ و ئەنجام دەکەین).

زاراوەکانی لە چەشنی تیۆری، قانوون، گریمانە یا فەرەزیە، پارادایم و ترادسیۆنی بەحس و گەڕان، بەکار دەھێنرێت بۆ وەسفکردنی ئامرازەکانی کە لێوەی ڕاڤەکردنی زانستی سەر ڕێگا دەخرێن. ھەروەھا دەشێت وا بیریان لێ بکردرێتەوە وەک زاراوە و چەمکانەی کە وەسفی چۆنێتیی کاری زانایان سەر ڕێگا دەخرێت ئەو کاتەی بەرەنجامی لێکۆڵینەوەکانیان تۆمار دەکەن یا نیشان دەدەن؛ کۆد دەبەخشن بە بەرئەنجامەکانی پشکنینی زانستی و بەخشینی بونیادی نووسین (نووسینی ڕاپۆرتی زانستی) تاوەکو ئاوەزپەسەند بێت. بابەتی سەرەکیی ئەو زاراوانە کە ڕاڤە دەکەن، لەناو تیۆریدا وەزیفە دەبینن، وا لە کاتی داڕشتنی تیۆرییەکی زانستیدا کە بەھۆی ئەو زاراوانەوە تیۆرییەکە مانا پەیدا دەکات. ھەر بۆ نموونە "ڕیالیزم" ئەو تیۆریەیە کە دەڵێت ھەندێک لە زاراوەکانی تیۆرییەک ئاماژەن بە بابەتەکان و ڕووداوەکانی جیھانی ڕاستەقینە و ئەوەی کە وا دانان (وا فەرزکردن)ی میکانیزمەکان کە لە تیۆرییەکەدا وەسف کراون مەبەست لێیان بوونیان بووە لەوێ، واتا ھەن. تیۆرییەکی دیکەی ئەڵتەرناتیڤ بریتییە لە ئینسترۆمێنتاڵیزم instrumentalism ئامێرگەری (لە فەلسەفەی زانستی و ئیپستۆلۆژیادا "ئامێرگەری" بریتییە لە ڕوانینێکی میتۆدۆلۆژی کە دەڵێت ئایدیاکان ئامراز یا ئامێری بەکەڵکن، بەھای ئایدیایەک بەربنەمای کاریگەری بوونیەتی لە پرۆسەی ڕاڤەکردن و پێشبینیکردنی دیاردەکاندا).

تیۆری زانستی ئامرازێکە کە مرۆڤەکان لەڕێگەوەی پێشبینیی لەبەرچاوگرتنەکان دەکەن لە کایەیەکی سروشتدا لەڕێگای داڕشتنی قانوونەکانەوە کە ڕێساکان دیاری دەکەن، لە کاتێکدا تیۆرییەکان خۆیان لە خۆیاندا ڕەھەندی شاراوەی سروشت کە ئەو قانوونانە تەفسیر بکات وەدەرناخەن. کەوایە، ئامێرگەری وا سەیری تیۆرییەکان دەکات وەک ئامرازگەلێک بۆ بەستنەوەی داتاکان و وەک ئامرازگەلێک کار دەکەن بۆ نیشاندان و وەسفکردنی ئەم بەستنەوانە. لەم دیدەوە تیۆرییەکان ئەو بونیادانەن بۆ "ڕزگارکردنی دیاردەکان"، واتا نیشاندانی چۆنێتیی پێشبینیکردنی دیاردەی بەستراوەکان بەیەکەوە، یا ئەو دیاردانەی کە پەیوەستن بەیەکەوە یا پەیوەندیی ھەیە لەنێوانیاندا، زانینی ئەمەی چۆن ڕوو دەدەن، چەندیش ڕوو دەدەن بۆ کۆمەڵێک مەبەستی جیاواز لە زانستدا، زاراوە گرنگەکان لە تیۆریدا نوێنەرایەتی دەکرێن وەک گۆڕاوەکان (variables). لەم حاڵەتەدا پرسیارەکە ئەمە دەبێت چۆن ڕاڤەی گۆڕاوەکان بکەین لەو شوێنەی گۆڕاوەکان بەشێکن لە زمانی ماتماتیک کە تێیدا قانوونەکان و تیۆرییەکان دەخرێنە ڕوو. ھەندێک لە گۆڕاوەکان ئاماژەن بە بوونەوەری ڕاستەقینە یاخود پرۆسیسەکان (processes)، ھەندێکی دیکەیان کورتکراوەی ئامرازەکانن، لە کاتێکدا ھەندێکی دیکەیان بەئایدیاڵکردنن. ئەو کاتەی پرسیار دەکەین بۆ تیۆرییەکان بە تێپەڕبوونی کات ھەندێک جار گۆڕانیان بەسەردا دێت. لێرەدا مەسەلەی گەشەکردنی زانستی سەرھەڵدەدات، لەپاڵ خاسییەتی کەڵەکەبوونی زانست. ھەندێک فەیلەسوف لەوانە تۆماس کوهن، یەکەی گەورەتریان لە تیۆری ناساندووە یا خستۆتە ڕوو بە ئامانجی تێگەیشتن، پێشکەوتن و گۆڕینی زانست، مەعریفەی زانستی، لەوانە پارادایم (تۆماس کوهن) لەپاڵ ترادسیۆنە لێکۆڵینەوەیییەکان (لاکاتۆش)، ھەندێک جاری دیکە جیھانبینی زانستی کە پارادایمەکان شوێنی یەکدی دەگرنەوە، گۆڕینی زانستی ڕوو دەدات، بەڵام ئایا لەو ھەلومەرجەدا دەتوانین لە پێشکەوتنێک قسان بکەین؟ ئایدیای پێشکەوتنی زانستی وەک ھێڵێک، ھێڵێکی ڕاست؛ ڕاستییە تیۆری بەتیۆری کەڵەکەبوون لە تێکستە زانستییەکاندا دەربارەی سروشتی زانست  گریمانە دەکرێت.

ھەرچی پەیوەندیی بەگریمانە  (hypothesis)ی زانستییەوە ھەبێت، بریتییە لە خستنەڕوو (کۆنجەکتەر: مەزەنەکردن یا گریمانە، وادانان) تاکوو تاقی بکرێتەوە یاخود تاکوو لەڕێگەیەوە حیساب بۆ چەند داتایەک بکردرێت. ھەروەھا فەرەزیە (گریمانە) ھەندێک جار بەکار دێت وەک ئاماژەیەک بۆ گریمانەکردنی تیۆری بۆ تۆخکردنەوەی نەخشەی ئەزموونی. بەڵام ھەندێک جار گریمانە و مۆدێل بەکار دەھێنرێن بۆ گەیاندنی ھەمان مانا،  بەھەمان شێوە زۆرجار "تیۆری" و "قانوون" بەکار دەھێنرێت بۆ گەیاندنی ھەمان مانا. بەڵام مۆدێل چییە؟ مۆدێل (Model) دەشێت وا وێنا بکردرێت وەک بەشێک لە تیۆری، یا تیۆری بەڵام وەک بەشێک. بونیادی ناوخۆییی مۆدێل نوێنەرایەتیی ھەندێک خەسڵەت و پەیوەندییەکانی دیاردەیەک یا میکانیزمێک دەکات و وەک مۆدێل نیشانیان دەدات. مۆدێل بەشێوەیەکی کاتی (بۆ کاتێکی دیاریکراو) مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

چەمکەکانی لە چەشنی بەڵگە، تاقیکردنەوە، دووپاتکردن، چەسپاندن، بەدرۆخستنەوە (ڕەتکردنەوە) و پارادایم، پێشبینیکردن بریتین لە سەرقاڵبوون بەپرۆسەی ڕەوایەتی بەخشین و بەھێنانەوەی بەھانەی زانستی لەناو خودی زانستدا، ئەمانە ئەو ڕێگایانەن زاناکان لەڕێگەیانەوە ھەوڵ دەدەن وەسفی گونجاوی و دەقیقی و کاریگەری قانوونە زانستییەکان بکەن، لەپاڵ ترادسیۆنی بەحسکردن لەناو زانستدا. کلیلی چەمکی لێرەدا بریتییە لەو ئایدیایەی کە زانست بیانوو و بەھانەی زانستی خۆی لە جیھاندا لەلایەن ڕێوشوێن و تاقیکردنەوەی ئیمپریکی (عەمەلییەوە) وەردەگرێت. مادامێک تیۆری زانستی گریمانەی ئەوە دەکرێت کە لە چۆنێتی (How) و بۆچییەتتی (Why) ئەو شتانەی لە جیھاندا دەگوزەرێت دەکۆڵێتەوە، گونجاویی ڕاڤەکردنی تیۆرییەک دەبێت تاقی بکردرێتەوە لەلایەن ئەو شتەی لەڕاستیدا و لە واقیعدا ڕوو دەدات. سەرنجدان و چاودێریکردن ھەڵدەستێت بە سەلماندنی (verifiability) (ڕێژەیەک لە سەلماندنی ئەوەی کە رٍاستە) ئەو چەمکە وەسفییانەی تیۆرییەک تاقیکردنەوەی گریمانەی زانستی و تیۆرییەکان خەسڵەتی سەرەکیی جیاکردنەوەی زانستە لە زڕە زانست. زڕە زانست بیانووەکەی دوور لە بنەمای مەیدانی و عەمەلی و تاقیکردنەوەوە وەردەگرێت، واتا تاقیکردنەوە لە ئارادا نییە، بەڵگە نییە، سەلماندن نییە، بەدرۆخستنەوە نییە، شیکردنەوە لە ئارادا نییە. لە زانستدا ئەزموونەکان، تاقیکردنەوەکانی ئەزموون و تاقیکردنەوەی ئیمپریکەڵی (کرداری - مەیدانی) دەبن.

ئەزموونەکان، وا داڕێژراون تا ئەوە نیشان بدەن چۆن تیۆرییەک یا گریمانەیەک یا تاک تاکی ڕووداوەکانی جیھان پێکەوە گرێ دەدات. بەم شێوەیە وا داڕێژراون کە بتوانرێت پێشبینییەکانیش کە لە تیۆرییەکانەوە ھەڵدەھێنجرێت، تاقی بکرێتەوە. پێشبینیکردن بریتییە لە بۆ دەرکەوتنێک کە وەرگیراوە، ئەنجامگیری بۆ کراوە لە تیۆرییەکەوە یا لە گریمانەیەکی زانستییەوە کە وەسفی ڕووداوێک دەکات کە تا ئێستا سەرنجی لێ نەدراوە. دەرکەوتنی ئەزموونی ئەو ڕووداوانەی کە زانایەک لەو باوەڕەدایە ڕوو دەدەن.

ھەرچی پەیوەندیی بە ھۆیایەتی، ھۆیی (پەیوەندیی نێوان ھۆ و ئەنجام کە لە فەلسەفەی زانستدا ناوزەد دەکرێت بە  (Causality)ەوە ھەبێت، بەگوێرەی میراتەکە یەکێکە لە دۆکترینە (وانە)کانی زانست. بەشێکی زۆری زانست بەربنەمای ئەو پێشەکییەیە کە ھیچ شتێک ڕوو نادات بێ ھۆ. زاناکان چاو دەگێڕن بۆ بینینەوەی ھۆ لە پشت ھەر ڕووداوێکەوە؛ بۆ نموونە، کاتێک کەسێک نەخۆش دەکەوێت، دکتۆرەکان (زاناکانی بواری پزیشکی) بەدوای ھۆی نەخۆشییەکەدا دەگەڕێن. ئەو جۆرە لە لێکۆڵینەوە بەپرسیارێک دەست پێدەکات دەربارەی ھۆی شتە جیاوازەکان کە دەوریان داوین. وێڕای ئەوەی کە ھۆیایەتی (ھۆیی) بابەتێکی ھەستیارە لە زانستدا، ئەم بابەتە شوێنی مشتومڕێکی چڕوپڕ بووە لە نێو جڤاتی زاناکان و فەیلەسوفەکاندا، چی بەھۆ دەزانرێت بۆ ڕووداوێک. پێناسەی "ھۆ" و شێوازی زانینی ئەوەی ئایا A و B پێکەوە پەیوەندییەکی ھۆیایەتی (ھۆیی)یان ھەیە، بینینی ئەم پەیوەندییە بە بەردەوامی گۆڕانی بەسەردا ھاتووە بە تێپەڕبوونی کات. ئایدیای ئەوەی کە ھۆیەک لە پشتی ھەر ڕووداوێکەوە ھەیە ئەمە ئەزموونی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکان بووە. لەڕاستیدا،  ھەموو کردەی مرۆڤەکان بەربنەمای تێگەیشتن بووە لە پەیوەندیی ھۆیی  (causal). ئەم ئایدیایە بۆ یەکەمین جار کە مامەڵەیەکی فەلسەفی کرابێت و بەشێوەیەکی تیۆری داڕێژرابێت و چەمکەکانی پەیوەندیدار ڕوون کرابێتنەوە، لای ئەڕستۆ بوو لە فەلسەفەی یۆنانیی کۆندا. ئەڕستۆ ئاماژە بەچوار تایپی ھۆ بۆ ھەر ڕووداوێک دەکات: ھۆی مادی (ماتەڕیاڵی)، ھۆی شێوەیی (فۆڕماڵی)، ھۆی کارامەیی (کافی) و دواھۆ  Final Couse. با نموونە کلاسیکییەکە بھێنمەوە؛ پەیکەرێکی مەڕمەڕ لەبەرچاو بگرین و بپرسین: ھۆی پشتی پەیکەرەکە چییە؟ یەکەم: پەیکەرەکە دروستکراوە، یا پێک دێت لە تایپێکی سپیی بەرد، مەڕمەڕ؛ کەواتە، پەیکەرەکە مەحاڵ دەبوو گەر مەڕمەڕەکە لەوێ بوونی نەبووایە، کەواتە ماتەڕیاڵ، مەڕمەڕەکە بریتییە لە ھۆ، ھۆی ماتەڕیاڵی. دووھەم، پەیکەرەکە فۆڕمێک، شکڵێکی ھەیە، پەیکەرسازەکە لە خەیاڵ و عەقڵیدا ئەو فۆڕمەی لا بووە ئەو کاتەی لەسەر بەردەکە کاری کردووە. ئەو فۆڕمەی ناو خەیاڵی پەیکەرسازەکە ھۆی فۆڕمییە (Formal Couse).  سێھەم، خودی پەیکەرسازەکە دەبێت وەک ھۆ سەیر بکردرێت، لەبەرئەوەی ئەو کردەی نواندووە تاکوو پەیکەرێک بەرھەم بھێنێت. ئەوەش ناوزەد دەکرێت بە efficient cause  ھۆی کارامەیی - چوستی - چالاکی. بەڵام مەبەست و ئامانجێک کە پەیکەرەکە لەپێناویدا دروست کراوە، دوا مەبەست و ڕاز و نیاز کە پەیکەرە بۆ ئەو مەبەستە ھەیە، بەمە دەڵێن Final Couse یان  دواھۆ.

لە سەردەمی ڕێنسانسدا، زاناکانی وەک کۆپەرنیکۆس، جۆردانۆ بڕۆنۆ و گالیلۆ دەستیان کردە لێکۆڵینەوەی سروشت بەشێوەیەکی جیاواز لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە و لێرەشدا پەیوەندییە ھۆییەکانیشیان لەبەرچاو گرت. سروشتییە کە چەمکی ھۆیی (ھۆیایەتی) کەوتە ژێر بنکۆڵکردنێکی سەخت. بۆ نموونە، لای گالیلۆ ئایدیای دواھۆ ڕەت کرایەوە. لە سەدەی ھەژدەھەمدا فەیلەسوفی سکۆتلەندی دەیڤد ھیوم (١٧١١ - ١٧٧٦) دیسکۆرسێکی تەواوی دەربارەی ھۆیایەتی لە کتێبەکەیدا "زانستنامەی سروشتی مرۆڤ" A Treatise of Human Nature  پێشکەش کردووە. بەگوێرەی ھیوم، دەشێت بڵێین دوو ڕووداو A و B لە ڕووی ھۆییەوە (Causally) پەیوەندییان ھەیە ئەگەر سێ داوپێنگیان بەسەردا بچەسپێت:

١- پێشکەوتە (پێشینە لە کاتدا)

A  دەبێت لە کاتدا لە پێش  Bدا ڕوو بدات.

٢- نزیکی، لێکەوتن، ھاوسێیەتی (Contiguity)

A  و B  نابێت لەڕووی کات و شوێنەوە لێک جیا بن.

٣- پەیوەندیی نەگۆڕی Constant Conjunction 

A  و B ھەمیشە پێکەوە ڕوو دەدەن.

ھیوم کارێکی گرنگی کرد، چەمکی ھۆیی لە مانا ئاینییەکان ڕزگار کرد لەڕێگای ئەوەی کە کارێکی کرد شایانی تاقیکردنەوە بێت؛ لەم ڕووەوە خزمەتێکی گەورەی بەشارستانییەتی مرۆڤایەتی کرد، وێڕای ئەوەش وێناکردنی ئەو بۆ کێشەکە بێ خەوش و کەموکوڕی نەبوو. بۆ نموونە، کانت (فەیلەسوفی ئەڵمانی) یەکێک لەو خەوشانەی دیتنەکەی ھیومی دیاری کرد. گەر تۆپێک (قوڕقوشم) لەسەر کوشنێک بگیرسێتەوە، قوپانێک دروست دەکات؛ دیارە ئاشکرایە قوپانەکە بەھۆی گوشاری تۆپەکەوە دروست دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا گیرسانەوەی تۆپەکە و دەرکەوتنی قوپانەکە پێکەوە ڕوو دەدەن، نەک یەک بەدوای یەکدا؛ لەبەرئەوە دەبێت بڵێین: ئەنجام ناتوانێت پێش ھۆ بکەوێت، نەک ھۆ پێش بەرئەنجام بکەوێت. ناچاری ھاوسێیەتی، نزیکی، لێکەوتن ئاشکرایە، ھۆی ڕووداوێک دەبێت لە نزیکی ڕوودانی ڕووداوەکەوە ببینرێتەوە.

ھیوم ئەرگومێنتێکی دیکەی خستۆتە ڕوو ئەویش ئەوەی کە ھۆیێتی دروستکراوێکی زەینییە (زھنییە): ھیوم سەرنجی داوە زنجیرەی ڕووداوەکان بەدوای یەکدا دێن، سەرنجی ئەوەشی داوە کە ھەندێک ڕووداو ڕوو دەدەن نزیک بەیەکدی، بەشێوەیەک کە ھاوسێیەتی ھەیە لەنێوانیاندا، ئەم ئەزموونە وا لە زەین دەکات (یا ئاوەز) کە ھەڵبستێت بە دروستکردنی "گواستنەوەیەکی ئاسایی یا ڕاھاتوو، خوو پێوەگرتوو)، ئەوەش لە ھۆوە (سەبەبەوە) بۆ بەرئەنجام بەدوای ئەنجامگیرییەکی لۆژیکی. کانت پێچەوانەی ئەم بۆچوونە پێداگری دەکاتە سەر ئەوەی کە ئێمە سەرنج دەدەینە ھەندێک ڕێ و ڕێسا لەناو سروشتدا؛ لێرەوە ھەڵدەستین بە بەستنەوەی ڕووداوەکان و ھۆکان لەبەرئەوەی ئەو پەیوەندییانە بوونیان ھەیە لەناو سروشتدا. پرەنسیپی ھۆیایەتی (ھۆیێتی) پێویستە تاکوو ئاوەز مانا بەڕاستییە بینراوەکان ببەخشێت.

 

*******                      *******       

 

بەشی دووەم

نەسازیی نێوان زانست و ئاین

"چەند سەرنجێکی بەرایی"

سەرەتا بەگیروگرفتکردنی ئەو پەیوەندییەی کە لەنێوان زانست و ئایندا نییە، بەڵام ئەو پەیوەندییە بانگەشەی بۆ دەکرێت، دەست پێ دەکەین. لە ڕووی زمانەوانییەوە، گرنگە لە سازان، نەسازی و نەسازان بگەین. سازان ئەم مانایانە لەخۆ دەگرێت:

-A ھەبوونی توانایی پێکەوە ھەڵکردن و بوون لە ھاڕمۆنیدا.

-B بوونی توانایی پێکەوە بوون لە تەک شتێکی دیکەدا.

-C نەگونجاندن، لە تەک نموونە بانگەشەکانی ئاین ناگونجێن -ناسازێن لە تەک ڕاستییە بینراوەکاندا.

-D نەسازیی یا نەسازان پێچەوانەی ئەو ھەلومەرجانەی سەرەوەن.

کەواتە، مەبەستمانە بڵێین کە ئاین و زانست ناسازێن، نەسازییەک لەنێوانیاندا ھەیە ھەرچی پەیوەندیی بەمامەڵەکردن لە تەک ڕیاڵەتی Reality  (واقیع)ەوە کۆی ئەوەی کە ھەیە لەوێ و دەرکەوتەکانی و کەشفکردنی ئەو ڕاستییە دەربارەی ئەم گەردوونە یا گەردوونانەوە ھەبێت.

ھەر لە سەرەتاوە بەشێک لەو تێزەی دەمەوێت کاری لەسەر بکەم و تاقی بکەمەوە و چاوی لێ ببڕم ئەمەیە کە زانست و ئاین وا دیارە بەشێوازی جیاواز لە کێبڕکێدا بن بۆ وەسفکردنی ڕیاڵەتی - کۆی ئەوەی کە ھەیە، ھەردووک لا "بانگەشەی وجودییانەیان ھەیە" دەربارەی ئەو شتە چییە کە حەقیقییە  (Real)، کە بەڕاستی لەوێ ھەیە.

گەر ئەو ڕستانەی سەرەوە ھەنگاوی بەرایی تێزێک بن، ھەنگاوی دوایی تر بریتی دەبێت لە پێداگرتن لەسەر ئەوەی کە زانست بانگەشەی ھەیە دەربارەی واقیع (ڕیاڵەتی: کۆی بوونی ئەوەی لەوێ ھەیە)، بەربنەمای بەڵگە و بەربنەمای میتۆدی زانستی، بەڵام لە ھەمان دنیابینییەوە ئەوە ئاشکرایە کە ئاین بانگەشەیەکی نییە دەربارەی واقیع تاکوو بیسەلمێنێت، میتۆدێکی سەلماندنیشی نییە، میتۆدێکی بنکۆڵکردنیشی نییە، ئامرازەکانی شیکردنەوەشی نییە، شیکردنەوەی گوزارە و گوتراو و ئەرگۆمێنتەکان، بگرە ئەرگۆمێنتی نییە، میکانیزمە لۆژیکییەکانیشی نییە بۆ سەلماندن و ھەڵسەنگاندنی ئەرگۆمێنتەکان. وێڕای ئەمەش ئاین ژمارەیەک "بانگەشە" و گوتراو و دەربڕین و گوزارەی ھەیە دەربارەی ئەوەی کە ھەیە، کە دەبێت و تەنیا دەبێت "باوەڕی" پێ بھێنین، چونکی لە ئایندا سەلماندن و تاقیکردنەوە نییە، لەبەرئەوە لەجیاتی بانگەشە کۆمەڵێک حیکایەت و پەند و چیڕۆک و ئەفسانە و سەربورد و گێڕانەوە و ئاماژە و ھێما و میتافۆر و سیمبولی ھەیە کە گوایە ڕەھەندی مەعنەوی و سیمبولییان ھەیە بەربنەمای ڕاستییە بینراوەکان (Facts) نا، بەربنەمای ڕووداوە ڕاستەقینەکان و سەلمێنراو و بەدیکومێنتکراوەکان نا، بەڵکوو بەربنەمای ئیمانە (Faith) باوەڕھێنان، باوەڕ بێ خستنەگەڕی "ئاوەز"، باوەڕھێنان بەربنەمای "قەول یا دەق" یا "گوتراو"، نەک ڕاستیی بینراو، باوەڕ بەربنەمای "سروش - وەحی" نەک ئاوەز، باوەڕ بەربنەمای حیکایەت نەک ئەرگۆمێنت و شیکردنەوەی لۆژیکی و ئاوەزمەندانە. لێرەدا ئیشکالییەتی ئەوە ڕوو دەدات کە ئایا ئاین شتێکی ھەیە بۆ گوتن دەربارەی ڕیاڵەتی (کۆی بوون) یاخود شتگەلێکی ھەیە دەربارەی ھەلومەرجی مرۆیی  (Human Condition)، ھەلومەرجە وجوودی و ڕۆحی و دەروونییەکانی مرۆڤ بەتەنیا و پایەی مانەوە و مەبەستی بوونیشی ھەر ئەمەیە؟ کەواتە، لێرەدا پرسیارێکی دیکە دێتە پێش کە خۆی لە خۆیدا سەر بە جوگرافیای تێزێکی دیکەیە.

ھەنگاوی دواییی تر چاککردن و ڕاستکردنەوەی تێزە بەرایییەکەیە، بەچاککراوی تێزێکی دیکەمان لا گەڵاڵە دەبێت ئەویش ئەوەی کە شتێک نییە لە واقیعیدا بۆ ئاین بیدۆزێتەوە، تا شیی بکاتەوە، تا بیسەلمێنێت  (Verifiability)، بگرە میتۆدی دۆزینەوەش لە ئارادا نییە؛ بگرە ئاین دەربارەی ڕیاڵەتی (Reality) واقیعێک ئیدی لەوێ نییە، واتا ڕەنگە لە غیابی زانستدا ئاین بەربنەمای حیکایەت و چیڕۆک و ئەفسانەکان بانگەشەیەکی لەو جۆرەی کردبێت کە سەرقاڵی ئەو بوونەیە کە ھەیە "ما ھو موجود"، یاخود ڕیاڵەتی، بەڵام لە تەک سەرھەڵدانی فەلسەفە و زانستدا ئیدی بانگەشەکانی ئاین بێبنەما دەمێننەوە و بێ بەڵگەی ئیمپیریکین، کردارین، مەیدانین، عەمەلین، ھەرچی ھەیە بەربنەمای ئیمانە Faith، باوەڕ لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی ئاوەز، لە دەرەوەی پرۆسەکانی سەلماندن و بەڵگەھێنانەوە. کەواتە، لە بەشی دووھەمی تێزەکەدا، یاخود تێزە ھەموارکراوەکەدا پێداگری ھەیە لەسەر ئەوەی کە کەرەستەکانی زانست بەربنەمای ئاوەز و لێکۆڵینەوەی مەیدانی و کردارەکی empirical studies شوێنی متمانەن، لەبەرئەوەی شایانی تاقیکردنەوەن، شایانی “verifiable” سەلماندنن و، دەسەلمێندرێن، ھەروەھا بەدرۆ دەخرێنەوە Falsifiable  (واتا ڕەت دەکرێتەوە)، (بەدرۆخستنەوە میتۆدێکی ھەڵسەنگاندنی تیۆری و گریمانەی زانستییە بەو مانایەی کە تیۆرییەک یا گریمانەیەکی زانستی بەدرۆ دەخرێتەوە، ڕەت دەکرێتەوە، گەر تەنیا بتوانرێت لەڕووی لۆژیکییەوە لە تاقیکردنەوەیەکەدا ناکۆکی دەربخرێت، دژەکەی دیاری بکردرێت، یا نیشان بدرێت کە ھەڵەیە بەپشتبەستن بەڕاستیی بینراوی نوێ و بەڵگەی نوێ). ئەوە لە کاتێکدا ھەرچی پەیوەندیی بە ئاین، بانگەشەکانی و گوزارەکانی و دیسکۆرسەکەیەوە ھەبێت، واتا گوتاری (دیسکۆرس) ئاینی چ ئیمان و چ دۆگماکانی و چ سروش (وەحی) لە دەرەوەی تاقیکردنەوەکانن، نە سەلماندن (وەک میتۆدێک)، نە بەدرۆخستنەوە وەک ئامرازێکی میتۆدی زانستی بەسەر ئەو دیسکۆرس و بانگەشە ئاینییانەدا ناچەسپێن؛ ھەروەھا ئەو توخمانەی دیسکۆرس و وەحی (سروش) لەڕووی مەعریفییەوە مادامێک مەعریفەیەک پێک ناھێنن، شوێنی متمانەی ئاوەز یا مەعریفی نین لەبەرئەوەی لەبنەڕەتەوە شایانی تاقیکردنەوە نین، ھەر بۆیە لە ئەو بەرئەنجامە نالۆژیکی و نادروست و ئەو بەرئەنجامانەی کە شایانی تاقیکردنەوە نین، شایانی سەلماندن نین، سەر دەردەھێنن. ئاین پشت بە ئیمان دەبەستێت، ئیمانیش باوەڕھێنانە بێ بەڵگە و سەلماندن لە دەرەوەی بەڵگەی ئیمپریکی؛ کەواتە، ئاین ھەرگیز ناتوانێ ڕاستییەک دەربارەی بوون یا کۆی بوون بدۆزێتەوە، ئەوەی ھەیە وەھمە، خەیاڵی شیعرییە، سڕکردنی ھۆشیاری و ئاوەزە. لەم بەستێنەدا بەشێک لەم تێزە ھەموارکراوەیە داوای ئەوە دەکات یا دەیەوێت ئەوە نیشان بدات کە ئەم تێزە مامەڵەکردنە لە تەک کێشمەکێشمی وەھمی نێوان ئاین و زانست (وەھم نەک لەبەرئەوەی شەڕێک یا ململانێیەک لەم جۆرە لە ئارادا نییە، بەڵکوو وەھم لەبەرئەوەی لایەنێکی ئەو ململانێیە ئامرازەکانی شەڕکردنی فیکری و عەقڵیی پێ نییە، واتا غیابی توانایی نیشاندانی بەڵگەی عەقڵی. جەنگێکی وەھمی ھەیە ھەرچی پەیوەندیی بە بەڵگە ئیمپریکییەکانەوە ھەبێت، ھەرچی پەیوەندیی بە ژیانی سیاسی و فیکری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەوە ھەبێت ھەیە لەنێوان ئاین و زانست؛ ئاین وەک نوێنەری ھەم ترادسیۆن، ھەم ڕابووردوویەکی زۆر دووری مرۆڤایەتی، ھەم مێژوو، ھەم حەشامات، لە تەک زانست کە نوێنەری ئاوەز و ڕێساکانی عەقڵە، بوێریی ئاوەز لە دۆزینەوەی نھێنییەکانی بوونە. لێرەدا بەڕاشکاوی ئاین جۆرێکە، مارکەیەکی خورافیاتە  (Superstition)، ئەو شتەی کە فەنتازیایە، زادەی خەیاڵە و ھیچ پەیوەندییەکی بە واقیع و ڕاستیبوونی شتەکانەوە یا کۆی بوونەوە نییە. کەواتە، ئەم ململانێیە، ئەم کێشمەکێشەی نێوان زانست و ئاین لەڕاستیدا ململانێی نێوان ئاوەزگەری و دژە - ئاوەزگەرییە (لا عەقڵانیەت) یا خورافیاتە. لێرەدا زانست و فەلسەفە نوێنەرایەتیی ئاوەزگەری دەکەن و ئاین نوێنەرایەتیی خورافیات و دژە - ئاوەزگەری دەکات. ئاین لەم ململانێیەدا فۆرمێکە لە خورافیات (فۆڕمەکانی دیکەی خوڕافیات تا ئەم چرکەساتە کە حەشامات سەرقاڵین بریتین لە باوەڕھێنان بە astrology تەنجیم، homeopathy  تیمارکردنی ڕۆحانی  Spiritual healing، لەپاڵ توبی نەبەوی (پزیشکی پێغەمبەریی "مەبەست لە پێغەمبەری ئیسلامە")، (لەم بەستێنەدا توبی نەبەوی لووتکەی خوڕافیات و بێڕیزی نواندنە بەرانبەر بە مرۆڤ و ئاوەز و ئیدراکی گشتی.. کەواتە، ئاین تەنیا بڕاندێکی خوڕافیاتە، فۆڕمێکی خوڕافیاتە (لەپاڵ فۆڕمەکانی دیکە لە چەشنی تەنجیم، یا پاراسایکۆلۆژیا، چارەسەرکردنی ڕۆحی و مارکسیزم و شیکردنەوەی دەروونی بدەین، بەڵام لە بیرمان بێت کە ئاین بەرفراوانترین و زەرەربەخشترین جۆری خوڕافیاتە کە تا ئێستا خۆی بەیان کردبێت!!. ئێستا کاتی ئەوەیە ئەو ڕاستییە سەلمێنراوە بەیان بکەین کە دەڵێت ھەموو خوڕافیات (بەشێکی سەرەکیی بریتییە لە ئاین و فیکری ئاینی و پراکتیکردنی سرووتە ئاینییەکان) دەتوانێت و دەیەوێت شتێک لە جۆری حەقیقەت (ئەوەی لە حەقیقەت دەچێت) بڵێ نیشان بدات بریتییە لە فۆڕمێکی شێواوی ڕیاڵەتی (واقیع)؛ کەواتە، ئەوەی نیشانی دەدات بریتی نییە لەوەی کە لە واقیعدا بوونی ھەیە؛ کەواتە ئاین نە لە دوور، نە لە نزیک، نەک کۆ، ھیچ بەشێکی کۆی ڕیاڵەتی-بوون لەوێ نیشان نادات. ھەموو خوڕافییاتەکان بەکەڵک دێن بۆ ئەوەی وەک زانستی موزەیەف (زڕە زانست) خۆ بنوێنن.

زانست و ئاین، بەگوێرەی بانگەشە و ئیدعاکانیان ڕکابەری یەکترین لە پرۆسەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان دەربارەی سروشت. ئاین بەھەڵە بانگەشەی ئەوە دەکات کە ھەموو ڕاستییەکان، لە سەرەتای بوونەوە تاکوو کۆتایی بوون، دەزانێت؛ کەواتە موعەمایەک، مەتەڵێکی بوون، نھێنیی کەینونە، گەردوونی لە ئارادا نییە کە ئاین ھەر لە سەرەتاوە تاکوو کۆتایی - سەرەتا و کۆتایی بوون و عەدەم کە ئەیزانێت، بەڵام بۆ پێمان ناڵێت؟ ئەمە موعەمای ئاینییە! زانستیش بەگوێرەی میتۆدە سوکراتییەکە کار دەکات مەعریفەی جەھل Knowledge of ignorance  واتا کارکردن لەسەر شتە نەزانراوەکان بەربنەمای ڕەتکردنەوە  refutation، لێرەدا زانست ئەو کێڵگەیەیە (لێرەدا مەبەستیشی لە فەلسەفەیە)، کە پڕۆسەی بەدرۆخستنەوە و ھەڵوەشاندنەوەی ئەو بە ناو ڕاستییانەی کە ئاین بانگەشەیان بۆ دەکات ڕادەپەڕێنێت؛ تەنیا بۆ نموونە، پرۆسەی خەڵق، مێژووی گەردوون، ئادەم و حەوا، داستانەکانی نوح و بەناو پێغەمبەرەکان و ئەفسانەی چوونە دەرەوە، ڕەوتی کۆچی جووەکان لە میسر، موعجیزەکان، لەوانە موعجیزەکانی مووسا و مەسیح، لە ئیسلامیشدا میعراج، ھەموو ئەمانە لەلایەن کێڵگە جیاوازەکانی زانستەوە ڕەت کراونەتەوە بەوەی کە بابەتی زانستی نین، تەنانەت شایانی لێکۆڵینەوەی زانستی نین، چونکی بابەتی زانستی نین!! ئاین لە تواناییدا نییە تەنانەت یەک ڕاستی چییە، لە پەیوەند بە عەقڵ و ئەرگۆمێنت و بەڵگە ئاماژە پێ بدات و بخاتە ڕوو و بسەلمێنێت. کەواتە، لێرەدا ئەوەی بەدیار دەکەوێت ئەوەیە کە زانست و ئاین نەسازاون لەو کاتەوەی زانست وەک کایەیەک، کێڵگەیەکی مەعریفی لە سەدەی شازدەھەمەوە بەم فۆڕمەی ئێستای سەرھەڵدەدات، زانست ئەو کاتەی ڕووبەڕووی ئاین بووەوە کە ئاین خۆی بانگەشەی دەسەڵاتی دەکرد بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵگا و کایە مەعریفییەکان. ئێستا ئاین کایە مەعریفییەکانی لەدەست داوە، بەڵام کۆنتڕۆڵی کۆمەڵگاکانی لەدەست نەداوە، ئەمەش تەڵزگە گەورەکە و سەرچاوەی قەیرانە گەورەکانە.

کریستۆڤەر ھیچنس لە کتێبەکەیدا “God is not Great” خودا مەزن نییە (٢٠٠٩) ناونیشانی دووەمی کتێبەکەی ئەم ئایدیایەی داناوە کە تێزی کتێبەکەشە: "چۆن ئاین ھەموو شتەکان ژەھراوی دەکات". ئەم ناونیشانە، سەرەکی و لاوەکی، ئەوە بەئێمەی موسڵمان دەڵێت، ئێمەیەک کە ناوێرین لە ئاین بکۆڵینەوە، ڕێگەپێدراو نییە پرسیار بکەین، بنکۆڵی ئایدیا ئاینییەکان بکەین. تەنانەت کتێب و سەرچاوە مەعریفییەکانیش کە خۆرئاوا بەرھەمی ھێناون بەسەر ناکەینەوە و ناخوێنینەوە و ڕقمان لە بیرکردنەوەیە لە ئاین، تەنیا پێویستمان بە مەعریفە نییە تا ڕەخنەی ئاین بکەین، بەڵکوو پێویستمان بە بوێری و دلێری ھەیە لە چەشنی دلێرییەکەی کریستۆفەر یا ئیبن وەڕاق یا سپنسەر. لەم جڤاتەدا ئێمە لەجیاتی توێژەر و لێکۆڵەری بوێری کایەی ئاین چەند نووسەرێک یا ڕۆژنامەنووسمان ھەیە کە دەشێ ناوزدەیان بکەین بە ئەپۆلۆجستک Apologetic عوزرخواییھێنەرەوە. ھۆکان زۆرن، ئاماژەکردن بەدوو ھۆ بێ چوونە ناو وردەکارییەوە لێرەدا مەبەستەکەمان ڕۆشن دەکاتەوە؛ غیابی کولتووری باڵا و غیابی ئازادی و غیابی بیرکەرەوە.

لەجیاتی بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەیی سەر ڕێگا بخەین، دێن و کون و قوژبنی سندووقەکان بەدوای ئاینی نەنکماندا دەگەڕێین. دیدی عوزرخواییھێنەرەوە لەناو ڕۆشنبیرەکاندا ئەو دیدەیە کە سەرقاڵی بەھانەھێنانەوەیە بۆ ئاین، بۆ بوونی ئاین. لەم دیدەوە، لەبنەڕەتدا کێشەیەک لەنێوان زانست و ئایندا نییە، لەبەرئەوە ھەردوو لا سەرقاڵی دوو کایەی جیاوازن. ئەم تێڕوانینە خۆلادانە لە پرسیارە سەرەکییەکە؛ ئەویش ئەوەی ئاین دەیەوێت چی بڵێیت دەربارەی واقیع؟ چۆن لەو بانگەشانەی ئاین بڕوانین کە ھەیەتی دەربارەی شتەکان، یا کۆی بوون کە سەرجەمیان یا ھەڵەن یا ھیچ، ڕاستییەک ناڵێن دەربارەی ڕیاڵەتی؟ دیدی عوزرخواییھێنەرەوە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە ئەو بە ناو زانیارییانە، سیمبۆلێکین "ڕەمزین" یا میتافۆڕن، یا کێشەیەکن تایبەتن بە زمان و ناتوانین بە حەرفی (Literary) وەریان بگرین. بۆ نموونە، "خوداوەند لە شەش ڕۆژدا زەوی و ئاسمانەکانی دروست کردووە" گوایا ئەو "شەش ڕۆژە" پێوانەی زەمەنێکی دیکەیە، بەڵام لە یادمان بێت ھەموو تێکستە "پیرۆزە"کان بە زمانەکانی مرۆڤەکان، زمانە ئاسایییەکان نووسراون، ناشێت "شەش"، "ڕۆژ" لە زمانی سروشتی یا ئاساییدا ئەو مانایانە بگەیەنن کە لە ھەلومەرجە ئاسایییەکەدا دەیگەیەنن، بەڵام لە تێکستێکی "پیرۆز"دا مانای دیکە بگەیەنن؛ ئەم دیدە ھیچ شتێک ناڵێت دەربارەی نە ئاین و نە پەیوەندیی ئاین و زانست، نە زانست. ھەوڵێکی ئایدیۆلۆژییە بەپلەی ئیمتیاز بۆ ڕێگەگرتن لە بیرکردنەوە و بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و، ئێستا جارێکی دیکە بپرسینەوە زانست چییە؟ بۆ ھەندێک ڕا دەردەکەوێت کە زانست بەسادەیی بریتی بێت لەو چالاکییانەی کە زانا پڕۆفیشناڵەکان ڕایدەپەڕێنن، لێرە زانست بریتییە لەو مەعریفەیەی Knowledge کە لەلایەن زاناکانی بوار و کایە جیاوازەکانی زانستەوە بەرھەم دێت، ئەو Fact ڕاستییە بینراوانەی کە لە کێڵگە مەعریفییە جیاوازەکاندا کەشف دەکرێن.

بەڵام مەعریفەی زانستی بریتییە لە transitory واتا کاتی و شایانی لەناوچوون، بەشێکی زانیارییەکانمان، ئەو شتانەی دەیانزانین دەربارەی دەوروبەر دەبنە obsolete بێکەڵک، کۆن، بگرە بەدرۆ دەخرێنەوە، واتا وەک ھەڵەکان سەیر دەکرێن لەڕێگای دۆزینەوە نوێکانەوە؛ ئەویش لاوازیی زانست نییە بەڵکوو ھێزی زانستە، لەبەرئەوەی باشترین تێگەیشتن لە دیاردەکان (فینۆمینا) دەگۆڕێت لە تەک گۆڕانکاری لە بیرکردنەوەماندا لە تەک گۆڕانکاریی ئامرازەکانمان بۆ مامەڵەکردن لە تەک سروشتدا، ھەروەھا ئەوەی کە ئێمە لە سروشتدا دەیدۆزینەوە. ھەر مەعریفەیەک “Knowledge” کە نەتوانێت یا شایانی موراجەعەکردن و تاقیکردنەوە نەبێت (لەبەر ڕۆشناییی داتا نوێکان و بیرکردنەوە مرۆییە نوێکان و نیگەرانییە وجوودییەکان، ئەو مەعریفەیە نەک بێکەڵک دەبێت (ئوبسڵیت)، بەڵکوو شایانی ئەو ناوە نییە.

ئەو شتەی زانراوە ڕەنگە لە کاتێکی دیکەدا بگۆڕدرێت، لەبەرئەوە زانست بریتی نییە لە جەستە body، جەستەی مەعریفەیەکی چەسپاو و نەگۆڕ؛ کەواتە، ئەوەی دەمێنێتەوە بە ناوی زانستەوە بریتییە لە میتۆدێک بۆ تێگەیشتن لەوەی کە چۆن ڕیاڵەتی یا گەردوون Universe  لەڕاستیدا کار دەکات (Matter) مادە/ماتەڕیاڵ، جەستەکان و ھەڵسوکەوتی جەستەکان دیار دەکات و.... ھتد.

زانست بریتییە لە زنجیرەیەک کەرەستە و ئامراز  tools، کە بە تێپەڕبوونی کات بەدەست ھاتوون، دۆزراونەتەوە، داھێنراون بۆ بەدەستھێنانی وەڵامەکان دەربارەی سروشت، دەربارەی ڕیاڵەتی. زانست بریتییە لە زنجیرەیەک لە میتۆدەکان کە ئێمە سوودیان لێ وەردەگرین ئەو کاتەی دەمانەوێت وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەینەوە "تۆ چۆن ئەوە دەزانیت How do you know that? دوای ئەوەی کە چەند بانگەشەیەکمان کرد، بۆ نموونە، گوتمان زەوی خڕە، گوتمان ژمارەیەک جینات کە بەرپرسن لەوەی ئێمە چۆن ھەین، ڕەنگی چاومان، ڕوخسارمان بەواتا ئاماژە دەکەین بەنەخشەی جنیوم (جینات).

زانست وەک toolkit کۆمەڵێک کەرەستە، بریتییە لە بوخچەیەک لە میتۆدەکان کە دەبنە مایەی بەرھەمھێنانی جەستەی مەعریفەیەکی شایانی تاقیکردنەوە، کە کراوەیە بۆ ڕەتکردنەوە و ئەرێییکردن یاخود Confirmation  (دووپاتکردن، چەسپاندن). لە پەیوەندی بە Confirmation، وەک دووپاتکردنەوە و چەسپاندن، دەبێت بگوترێت کێشەیەک ھەیە ئەویش (لایەنگیرییە، کەڵکەڵەی سەرنج خستنە سەر یا تەنیا جەغدکردنە سەر ئەو داتایانەی کە ھەڵدەستن بەدووپاتکردنەوە یا چەسپاندنی بیروڕا پێشوەختەکان، یا خۆزگەکانمان، پشتگوێ خستنی ئەو داتایانەی پێچەوانەی بیروڕا و خۆزگەکانی ئێمەن. لێرەدا زانا دەبێت ئەم ئامۆژگارییە ھەرگیز لە یاد نەکات کە "بەرژەوەندییەک کە من ھەمە لە باوەڕھێنان بە شتێک، ئەمە خۆی بەڵگە نییە بۆ ئەوەی کە ئەو شتە بوونی ھەیە" (ئاین بەتەواوی ئەمە کارەکەیەتی و ھیچ شتێک ناسەلمێنێت، بگرە ئامرازەکانی سەلماندنی نییە، چونکی کار بەعەقڵ ناکات).

گومان و بیرکردنەوەی ڕەخنەییی زانست لەوێیە تاکوو ڕێ بگرن لەوەی ئێمە باوەڕ بەشتگەلێک بھێنین کەوا دەزانین ڕاستن یا دەخوازین ڕاست بن. وەک دواجار باسی دەکەین ئاین بەسەختی دەناڵێنێت بەدەست لایەنگیریی دووپاتکردنەوەوە Confirmation bias کە کارێک دەکات خەڵکی وا سەیری ئاینەکەیان بکەن وەک ڕاستی و ئەوانی دیکە بە ھەڵە بزانن؛ ئاین کۆمەکی خەڵکی دەکات یا کارێک دەکات خەڵکی بەبەردەوامی خۆیان بخەڵەتێنن و لە وەھمدا بژین. کاتێک دەڵێین زانست ڕێگایەکە (بگرە تاکە ڕێگایە) بۆ کەشفکردنی ڕاستی دەربارەی گەردوون، لێرەدا truth چییە؟ لە قاموسی ئۆکسفۆرددا ھاتووە:

ڕاستی truth بریتییە لە گونجاندن لە تەک Fact (ڕاستیی بینراو)، ڕێکەوتن، ھاوتا ھاتنەوە لەتەک  Realityدا، دروستی، Correctness Verity  (ڤێرتی، ڕاستی، ڕاستەقینە)ی گوزارەیەک، بەیانکردنێک، بیرکردنەوەیەک (دواجار Fact      بە شتێک کە is actually the case ڕاستی بەسادەیی لە زانستدا بریتییە لە  What is، ئەوەی کە لە ڕیاڵەتیدا بوونی ھەیە و دەتوانرێت verified بسەلمێنرێت کە ڕاستە Confirm the truth of something.  دووپاتکردنەوە و چەسپاندن و سەلماندن Verification  و Validation پرۆسەگەلێکی سەربەخۆن بۆ زانینی ئەوەی کە بەرھەمێک، گوزارەیەک، گریمانەیەک، تیۆرییەک ھاوتا دێتەوە لە تەک requirement داواکارییەکان و داوپێنگەکاندا.

کەواتە، ڕاستی ئەو ڕستەیە کە لە واقیعدا ھەیە و دەتوانرێ verified بسەلمێندرێت لەلایەن چاودێریکەرێکی عاقڵ و سەربەخۆوە. بۆ نموونە، زەوی بەدەوری خۆی و خۆردا دەسووڕێتەوە، ئەمە دەتوانرێ verified بکردرێت (بسەلمێنرێت) بەڵام ئەوەی کە کەسێک وەحیی لەلایەن خوداوە بۆ ھاتووە، ئەمە نە ڕاستییە و نە دەسەلمێندرێت، لەبەرئەوەی گوزارەکانی ناو خیتابی ئاینی شایانی سەلماندن نین.

Verifiability  و Falsifiability دوو    زانستین لە فەلسەفەی زانستدا. بانگەشە زانستییەکان دەتوانرێت پشتڕاست بکرێنەوە، بسەلمێندرێن لە ھەموو شوێنێک و لەلایەن ھەر کەسێکەوە کە ئامرازە دروستەکانی لە بەردەستدا بێت، لە کاتێکدا وەحی Yevelation ھیچ دەربارەی Reality ناڵێت، لەبەرئەوەی ناوەڕۆکێکی empirical (مەیدانی) و (واقیعی) نییە، ناتوانرێت پشتڕاست بکرێتەوە. ڕاستیی زانست ھەرگیز ڕەھا نییە، ڕاستیی ڕەھا و نەگۆڕ لە ماتماتیک و لۆژیکدایە نەک لە زانستە مەیدانییەکاندا.

واڵتەر کۆفمان قسەیەکی گرنگی ھەیە دەڵێت "ئەوەی مەعریفە جیا دەکاتەوە، یا خاسییەتی مەعریفە بریتی نییە لە دڵنیایی بەڵکوو بریتییە لە بەڵگە evidence ئەو حاڵەتانەن کە ڕاستیی قبوڵکراوی زانستی لە دواجاردا سەلمێنراوە کە ھەڵە بوون. بۆ نموونە، زەوی وەک چەقی گەردوون، کە دواجار دەسەلمێنرێت لە چەقی گەردوون نییە، یەک خاڵە لە گەردووندا، سەر بەیەکێک لەو ملیارەھا کۆمەڵەی خۆرەیە کە ھەن. 

گۆڕینی ھەندێک ڕاستیی زانستی، ھەندێک جار ئەو بەھانەیەی داوە بەدەست ئەپۆلۆجیتییەکان و پیاوانی ئاینییەوە کە بڵێن ئەوە نیشانەی (inconstancy) جێ بەخۆنەگرتوویی زانستە، بەڵام ئەوە وێناکردنێکی ھەڵەی ھەر ھەوڵێکە بۆ زانینی ڕاستی. ئامرازە زانستییەکان و شێوازی بیرکردنەوە دەگۆڕێن، ئەی چۆن تێگەیشتنمان بۆ سروشت نەگۆڕێت. لەڕاستیدا، جێ بەخۆنەگرتوویی و نەبوونی ھاڕمۆنی و گونجاوی لەنێو کاری ئاینیدا خەسڵەتێکی سەرەکییە. ھیچ بانگەشەیەکی ئاینی نییە بسەلمێندرێت جگە لەوەی کە بگوترێت ئەمە ئیمانە Faith واتا باوەڕ دەھێنێت یا وازی لێ دێنێت. دەبێت وەبیری خۆمانی بھێنینەوە کە ھەندێک لە ڕاستییە زانستییەکان ڕەھان، واتا ڕێی تێناچێت بگۆڕێن. بۆ نموونە، ئاو پێک دێت لە مۆلیکیولی ئاو دوو ئەتۆمی ھایدرۆجین ھەیە لە تەک ئەتۆمێکی ئۆکسجین؛ ئیدی ئەمە ڕاستیی ڕەھایە toolkit (کۆمەڵێک کەرەستە) توخمەکانی لەناو کەرەستەی زانست لە چی پێک دێن؟ تاکو حەفتاکانی سەدەی بیست، ئەو قەناعەتە زانستییە باو بوو کە لەڕاستیدا شتێک ھەیە بەناو لە Scientific Method  میتۆدی زانستی کە پێک دێت لە ھایپۆس hypothesis  گریمانە، test  تاقیکردنەوە، Confirmation دووپاتکردن و چەسپاندن.

تۆ گریمانەیەک دەکەیت، “hypothesis”ێک دادەڕێژیت، دواجار تاقیی دەکەینەوە لەڕێگای ئەزموونەکانی ناو تاقیگەوە گەر تەوەقوعەکانت کاریان کرد، تۆ پشتگیریی گریمانەکەت کردووە، دوای چەندین تاقیکردنەوەی دیکە بۆ پشتگیریکردنی Claim بانگەشەکانت، ئەوسا ئەو گریمانە دەشێت بە “true” لە قەڵەم بدرێت.

بەڵام زۆرێک لە زاناکان ڕایان وایە کە یەک میتۆدی زانستی نییە، بەڵکوو چەندین میتۆد ھەیە. زۆر جار تۆ پێویستە فاکتەکان کۆ بکەینەوە پێش ئەوەی فۆڕمیلەکردنی گریمانەکە ڕاپەڕێنیت، ھەروەھا ھەندێک جار “test” تاقیکردنەوەی گریمانەکان (ھایپۆسیس، مەرج نییە کە “experiment” ئەزموونەکان لەخۆ بگرێت، بەڵکوو سەرنجدان و چاودێریکردن  observationی ئەو شتانەی کە دووبارە دەبنەوە و یا لە ڕابووردوودا ڕوویان داوە. بۆ نموونە، زۆر زەحمەتە ئەزموونکردن experiment دەربارەی Cosmology بەڵام ئێمە دڵنیاین لە بوونی Big Bang لەبەرئەوەی زاناکان چاودێریی ئەو شتانەیان کردووە، کە تەوەقوع کرا لەلایەن “Big Bang”، بۆ نموونە (بەرفراوانبوون و کشانی گەردوون لە Background Radiation  ئەو تیشکدانەوەیە "الاشعاع" کە لە باکگراونددا ھەیە، بەمانای دەرچوون لە چەقێکی ناوکۆیییەوە، واتا ئەو تیشکدانەیەی کە ڕەنگدانەوەی ئەو ڕووداوەیە (Big Bang) (بڕوانە لۆرانس کراوس - ھەندێک لە موحازەرەکانی، ھەروەھا کتێبی Lawrence Krauss, A Universe From Nothing ٢٠١٢ گەردوونێک لە ھیچەوە).

ھەروەھا دروستکردنەوە و داڕشتنەوەی مێژوویی ڕێگایەکی دروستە بۆ ئەنجامدانی زانست، تا ئەو شوێنەی بتوانین چاودێریکردن بەکار بھێنین بۆ تاقیکردنەوەی ئایدیاکانمان لە ئاستێکدا تیۆرییە زانستییەکان دەتوانن کردەی پێشبینییەکان  Prediction ڕاپەڕێنن؛ ھەروەھا دەتوانرێت لەڕێگای ئەوەی پێی دەڵێن "پێشبینیکردن دەربارەی ڕابووردوو" تاقی بکرێنەوە؛ بۆ نموونە، ئاماژەکردن بەو فاکتانەی کە پێشتر زانراون بەڵام تاقی نەکراونەتەوە، لەپڕێکدا ئەو پرۆسەیە مانا پەیدا دەکات کاتێک تیۆرییەکی نوێ سەرھەڵدەدات.

تیۆری گشتیی ڕێژەیی  Genera’ theory of relativity ئەنشتاین توانی خولگەی (  anomalies orbit  - مدار -  مسار)    مێرکوری   Mercury  (ھەسارەیەکی نزیک لە خۆرە) دەستنیشان بکات، کە نەکرا تەفسیر بکردرێت لەلایەن میکانیکی نیوتین کلاسیکەوە و anomalies  (نائاساییێتی) لادانەکان، نامۆیییەکان، شتە سەیرەکان. ھەروەھا، لە بیرمان بێت کە تۆماس کوهن لە کتێبی بونیادی شۆڕشە زانستییەکاندا The Structure of Scientific Revolution) ٢٠١٢  (باس لەم کێشەیە دەکات، ئەویش ئەوەی کە وەرچەرخان لە پارادایمێکدا ڕوو دەدات و پارادایمێکی نوێ دێتە ئاراوە. پارادایمییەکەی پێشووە کە بوخچەیەک بوو لە تیۆری و دەستگای چەمکی  Conceptual  apparatus و   میتۆد و... تاقیکردنەوەکان و پێشبینییەکان، ڕەنگە لە کارێکی دیکە ھەندێک جەغد دەکەمەوە سەر ھەندێک توخم، بەشێک لە تیۆرییەک، ڕەنگە دواجار لە شوێنێکی دیکە سوودیان ھەبێت بۆ چارەسەری کێشەیەکی دیکەی زانستی و بەکەڵک بن.

زۆرجار دەگوترێت خەسڵەتێکی سەرەکیی زانست ئەوەیە کە زانست بریتییە لە quantitative (کوانتەتیڤ) چەندێتی، بەبڕ (بڕی، بەبڕی): دەرگیربوونە لە تەک ژمارەکان، حیسابات و پێوانەکردنەکان. بەڵام ھەمیشە ئەمە ڕاست نییە.

ھەندێک فەیلەسوف سەرنجی ئەوەیان داوە میتۆدی زانستی کورت دەبێتەوە بۆ چەمکی "ھەموو شتێک دەڕوات"، ئەو کاتەی سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لە سروشت، بەڵام "ھەموو شتێک دەڕوات" سنووردار کراوە بە عەقڵ، لۆژیک، چاودێریی مەیدانی empirical observation.  لەگەڵ ئەوەشدا چەند خەسڵەتێک ھەن کە زانست لە زانستی موزەیەف و لە ئاین و ئەوەی پێی دەڵێن "ڕێگاکانی دیکەی زانین" جیا دەکەنەوە. با باسیان بکەینەوە.

Falsifiability  (بوونی توانایی بەدرۆخستنەوە) (لە فەلسەفەی زانستدا Falsifiability یاخود refutability ڕەتکردنەوەیی - شایانی ڕەتکردنەوەی) بریتییە لەو تواناییە بۆ گوزارەیەک یا تیۆرییەک یا گریمانەیەک کە ڕەت بکردرێتەوە، پێچەوانە بکردرێتەوە بەھۆی و لەلایەن ڕووداو و بەڵگەوە. بۆ نموونە، "ھەموو قازەکان سپین" شایانی ڕەتکردنەوەیە، لەبەرئەوەی "ئەمە قازێکی ڕەشە" کە ڕەتی دەکاتەوە پێچەوانەکەی دەسەلمێت، Falsifiability  وەک پێوەرێک (کرایتریایەک) بۆ یەکەمین جار فەیلەسوفی کایەی فەلسەفەی زانست کارڵ پۆپەر (١٩٣٤) لە کتێبی لۆژیکی دۆزینەوەی زانستی   The Logic of Scientific Discovery) ٢٠٠٢(  ئەو پێشنیازی ئەم کرایتریایەی کرد وەک چارەسەرێک بۆ ھەردوو کێشەی Induction و کێشەی .demarcation ئەو وا سەیری ئەم کرایتریایەی دەکرد وەک بەردی بناغەی ڕیالیزمی ڕەخنەگرانە  Falsifiability  بەھۆی ئەزموونەکانەوە یاخود چاودێریکردنەوەکانەوە:

زاناکان پشت بە کرایتریای Falsifiability دەبەستن وەک شێوازێکی جەوھەری دۆزینەوەی ڕاستی. ئەمە مانای چییە؟ مانای ئەوەیە بۆ ئەوەی تیۆرییەک یا فاکتێک Fact تا ببینرێن و سەیر بکردرێن و حیساب بکردرێن وەک ئەوەی ڕاستن/دروستن، دەبێت ئەو ڕێگا و شێوازانە ھەبێت کە نیشان بدرێن کە ھەڵەن؛ ھەروەھا ئەو شێواز و ڕێگایانە دەبێت تاقی کرابنەوە و شکستیان خواردبێت. بۆ نموونە، تیۆری پەرەسەندن لەڕووی پرەنسیپەوە شایانی بەدرۆخستنەوەیە Falsifiable، ژمارەیەک ڕێگا و شێواز ھەن کە بیسەلمێنن ھەڵەیە، بەڵام ھیچ کامیان نەیانتوانیوە ئەم کارە بکەن. دەبێت ئەم سەرنجە گرنگەمان لەم بەستێنەدا لە بیر بێت: ئەو کاتەی کۆمەڵێک ھەوڵ بۆ ڕەتکردنەوەی تیۆرییەک شکست دەھێنێت، ئەو تیۆرییە دەمێنێتەوە وەک باشترین تەفسیر بۆ Patterns (نموونەکان، مۆدێلەکان، دووبارەبووەکان). کە لە سروشتدا دەبینین وەک نموونەکانی پەرەسەندن، ئەوسا ئێمە سەیری دەکەین وەک ڕاستی. تیۆرییەک کە نەتوانرێت نیشان بدرێت کە ھەڵەیە (ئەمە زۆر گرنگە و جیاکردنەوەی زانستە لە ئاین) ناتوانرێت قبوڵ بکردرێت وەک ڕاستیی زانستی.

گومان و ڕەخنە یا مامەڵەکردنی ڕەخنەیییانە، ھەر زانایەک کە شایانی ئەو ناوە بێت، کاتێک دەستی بە بەرئەنجامێکی گرنگ ڕادەگات جا چ لە تاقیگەدا بێت، لە مەجرای بەحسکردن و ئەزموونکردنی زانستی بێت، کۆمەڵێک پرسیار دەبێت بکات:

ئایا تەفسیری ئەڵتەرناتیڤەکان ھەن بۆ ئەو شتەی دۆزیومەتەوە و پێی گەیشتووم؟ ئایا کەموکورتی ھەیە لە دزاینی ئەزموونکردنەکەمدا؟ شتێک لەو مەجرایەدا بەھەڵەدا نەڕۆیشتووە؟ ئەوەش بۆ ئەوەیە تا دڵنیا بینەوە کە بە بەرئەنجامێکی دروست گەیشتووین. کەواتە، گومانکردن یەکێکە لە ئامرازە گرنگەکانی زاناکان، گومانکردن و ڕەخنەییانە خوێندنەوەی گوزارە و بەیاننامەکان و گریمانەکانمان لە کێڵگەیەکی دیاریکراوی کاری زانستدا، لەپاڵ ڕەخنەییانە ڕوانین لە گشت ھەنگاو و پرۆسەکان و ھەڵسەنگاندنەکانی زەمینەیەکی زانستی دروست دەکات کە حوکمە پێشوەختەکان (پێشتر دراون) بێ تاقیکردنەوە دزە نەکەنە ناو گریمانە و تیۆرییەکان و ھەڵسەنگاندنی بەرئەنجامە بەدەستگەیشتووەکان . Doubt everything) گومان لە ھەموو شت بکە(. دروشمی زانستییە فەلسەفییەکە Critically examines everything  ڕەخنەیییانە ئەزموونی شتەکان بکە. ئەم دوو ھەنگاوە زەمینەیەکی مەعریفی پتەو بۆ زانست و بانگەشەکانی دروست دەکات کە ئاین بەتەواوی لێیان بێبەش و بێبەرییە.

Replication دووپاتکردنەوە: ھەرچەندە چاودێریکردنە ناوازەکان لە ھەندێک کایەی زانستدا باون، بەتایبەتی کۆئۆرگانیزمی بایۆلۆژی وەک پەرەسەندن، لە زۆربەی کێڵگەکاندا لەوانە کیمیا و بایۆلۆژی و فیزیا، بەرئەنجامەکان بەبەردەوامی و ھەمیشە دووبارە دەبنەوە و دووبارە دەکرێنەوە لەلایەن کەسانی دیکە و چاودێریی زانستیی دیکەوە. لەم کێڵگە و کایەیانەدا بەرئەنجامەکان دەبنە "ڕاستی" تەنیا ئەو کاتەی زۆر جاران دووبارە دەکرێنەوە و دووبارە دەبنەوە بەتەواوی تاکوو شایستەیی بەدەست بھێنن.

بەرئەنجامێکی نوێ یاخود جێ بەخۆگرتوو ھەر یەکسەر (لە کایە زانستییەکاندا و لە ھەر کایەیەکدا) دەبێتە مایەی ورووژاندنی ھەستی نەقدی زانا. گومانگەرەکان (کە گومانگەرایی خەسڵەتی ھەر زانایەکە شایانی ئەو ناوە بێت) تاکوو تاقی بکەنەوە و دووبارەی بکەنەوە، سەرەتا بۆ سەلماندنی ئەوەی کە ڕاست نییە، واتا سەلماندنی ناڕاستیبوونی. زانایانی دیکە ڕەنگە گریمانەی ئەوە بکەن کە بەرئەنجامەکان ڕاست و دروستن، بەڵام ھەوڵ دەدەن کە لەسەریان کار بکەن بەنیازی کەشفکردنی شتی نوێ، بەڵام لە یادمان بێت بەشێک لەو دەرگیربوونە بریتییە لە پشتڕاستکردنەوەی Verifying بەرئەنجامە بەرایییەکان.

زانست خەسڵەتی دیکەشی ھەیە کە ڕێگری دەکا لەوەی زاناکان خۆیان بخەڵەتێنن، وەک چۆن پیاوانی ئاینی ھەم خۆیان و ھەم ئیمانداران دەخەڵەتێنن، لەو ڕێگا و شێواز و میتۆد و ڕێسایانەیە، شیکاری ئاماریی Statistic analyses کە پێمان دەڵێت تا کوێ و تا چەندە بەرئەنجامەکانمان بەرئەنجامی چانس و ڕێکەوت بوون لەجیاتی بەرئەنجامی تیۆرییەکەمان، تاقیکردنەوەی کوێرانە، کە تێیدا لێکۆڵەر ڕێگریی لێ کراوە لەوەی بزانێت کە ئەو ماتەڕیاڵە چییە کە ئەو تاقیکردنەوەی لەسەر دەکات. (لێکۆڵینەوە - دووبارە - کوێرەکان) ئەوانەی کە تێیاندا کە نە لێکۆڵەر و نە نەخۆش نازانن کە شوناسی مامەڵەکردنەکەی دراوە، وەک ستانداردێک بۆ تاقیکردنەوەی دەرمانەکان.

ژیان لە تەک نادڵنیاییدا

باوترین بەیانکردن و گوزارە کە دەیبیستین لە زانستی ھاوچەرخدا ئەمەیە: "من نازانم". پەیپەرە زانستییەکان، تەنانەت ئەوانەشیان کە ڕاپۆرتگەلێکن دەربارەی دۆزینەوە دەقیقەکان، ئاوھا خۆ بەیان دەکەن "ئەم پەیپەرە پێشنیار دەکات کە......" یاخود "گەر ئەم دۆزینەوەیە دروست بێت. کەواتە....." یاخود ئەم بەرئەنجامە دەبێت پشتڕاست بکرێتەوە لەڕێگا و بەھۆی ئەزموون و تاقیکردنەوەی دیکەوە".

بەبێ شەرم دەبێت ددان بەو ڕاستییەدا بندرێت بێ ھەبوونی ڕووبەری نەزانراوی unknown شتێک نەدەبوو بەناوی زانستەوە، شتێک نەدەبوو کە فزوڵییەتی مەعریفی مرۆڤی کونجکاو/فزوڵی بجووڵێنێت. بەڵام ئەو ھەڵوێستەی گریمانەی ئەوە دەکات کە ژمارەیەک وەڵام ھەن ڕەنگە ئێمە نەیانزانین. یەکێک لەوانە بریتییە لەوەی چۆن ژیان دەستی پێ کردووە؛ ئێمە دەزانین کە چوار تا پێنج بلیۆن ساڵ پێش ئێستا دەستی پێ کردووە ئەو کاتەی کە زەوی شکڵی گرتووە. ئێمە بەکرداری Virtually  دڵنیا بین کە گشت زیندەوەرەکان لە یەک فۆڕمی ژیانەوە سەرچاوەیان گرتووە. لەبەرئەوەی بە گریمانە، ھەموو ئەجناسەکان ھاوبەشن لە ھەمان کۆدی DNAدا، بەڵام لەبەرئەوەی یەکەم ئۆرگانیزمی خۆدووبارەکەرەوە بچووک بووە، ئێمە ڕێگەیەکمان لە بەردەستدا نییە بۆ دۆزینەوە و کەشفکردنی. ئەم ڕایەی زانای گەورە Richard Feynman ڕیچارد فاینمان بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش تەعبیر لەم تەڵزگەیە و ئەم کێشەیە دەکات: "من دەتوانم لە تەک گوماندا بژیم، لە تەک نادڵنیاییدا، ھەروەھا ئەوەی کە نەزانم؛ من وا بیر دەکەمەوە کە زۆر گرنگە کە بژیت و نەزانیت لەجیاتیی ئەوەی کە وەڵامەکانت ھەبێت کە ڕەنگە ھەڵە بن. من وەڵامە ئیحتمالییەکانم ھەیە لەپاڵ ئەگەری بیروڕاکاندا، لەپاڵ دڵنیاییی جۆراوجۆر و جیاوازتر دەربارەی شتە جیاوازەکان. بەڵام من بەڕەھایی دڵنیا نیم لە ھیچ شتێک، ھەروەھا ئەو شتانە ھەن کە من ھیچیان دەربارە نازانم.... (بۆ نموونە بۆچی ئێمە لێرەین......" فاینمان زۆر دەڕوا لە بانگەشەکەیدا کە ئەو بە ڕەھایی لە ھیچ شتێک دڵنیا نییە، بەڵام گوزارەکەی، بەیانکردنەکانن دەربڕینێکی زانستی - فیکری - فەلسەفییە دەربارەی گومان و لە دواجاردا پرۆسەی وەزیفە و کارکردنی زانست و فەلسەفەی نەقدی. بەیانکردنەکانی زانای گەورە فاینمان چڕکردنەوە و خوڵاسەکردنەوەی گومانە لە زانستدا یا کە نیشتماننشینی ناو زانستە و ناچارییە.

لە بۆنەی دیکەدا زیاتر لەسەر زانست و لەسەر ئاین قسان دەکەین، کە نووسینی کوردی ھەتا دڵت بخوازێت لەم ڕووەوە ھەژارە، نە باسی ئەوتۆی لەسەر زانست تێدایە و نە باسی فیکری و ڕەخنەیی شایانی ئاوڕلێدانەوە لەمەڕ ئاین و ئاینزاکانەوە.

 

ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ 

ئاوەز ژۆرناڵ بڵاوكراوەیەكی گشتییە بە زمانی كوردی دەردەچێت، بنکەکەی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقە. ئارەزووی ڕووماڵکردنی سیاسی، ئابووری، ڕۆشنبیری، مێژوو و بابەت و ڕووداوەکانی دیکەی هەیە، دامەزراوەی كوردستان كرۆنیكڵ دەریدەكات .
+964(0) 750 928 83 85

Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved


X