ماریۆ ڤارگاس یوسا
و: عەبدولخالق یەعقووبی
ماریۆ ڤارگاس یوسا یەکێکە لە نووسەرە هەڵکەوتەکانی نەک هەر ئەمریکای لاتین و جیهانی ئیسپانی-زمان بەڵکوو هەموو جیهان. ژیانی ئەدەبیی ئەو لە ئەوروپاوە دەستی پێکرد، بەڵام شوێنی زۆربەی ڕۆمانەکانی وڵاتەکەی خۆیەتی، واتە پیرۆ. هەرچەندە دەنگی ناڕەزایی یۆسا بەرامبەر بە ئاژاوە کۆمەڵایەتییەکان، گەندەڵیی سیاسی، و توندوتیژی کەموزۆر لە هەموو نووسینەکانیدا ڕەنگ دەداتەوە، بەڵام باوەڕی هەمیشە ئەوە بووە کە هونەرمەند خۆی لە بانگەوازکردن و لایەنگیریی زەق بەدوور بگرێت و نابێت ئایدیاڵە هونەرییەکان ئالوودەی پڕوپاگەندەی ئایدۆلۆژی بکات.
یوسا ساڵی ١٩٣٦ لە وڵاتی پیرۆ لەدایک بوو. هەر لە هەمان وڵاتدا خوێندنی یاسا و ئەدەبیاتی تەواو کرد و ساڵی ١٩٥٩ بە نووسینی تێزێک لەسەر گابرێل گارسیا مارکێز، بڕوانامەی دکتۆرای لە زانستگەی مەدرید وەرگرت. دوای ئەوە ماوەیەک لە فەرەنسا وەک ڕۆژنامەنووس کاری کرد و لە شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە هاوکات لەگەڵ نووسین و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی ناوبەناو لە زانکۆ جۆراوجۆرەکانی ئەوروپا و ئەمریکا خەریکی خوێندن بوو. هەندێک لە ڕۆمانە بەناوبانگەکانی بریتیین لە: گفتوگۆ لە کاتەدرال، شەڕی ئاخرزەمەن، و مەرگ لە ئاند و سوربێز.
ئەم بابەتەی بەردەستتان کە لێرە دەیخوێننەوە دەقی وتارێکی ماریۆ ڤارگاس یوسایە لە مانگی شوباتی ساڵی ١٩٩١ لە زانکۆی نیویۆرک، کە جۆرێک تێڕامانی هزری و فەلسەفییە لەمەڕ جیهانی ئەمڕۆ و دۆخی مرۆڤ لەم جیهانەدا لەڕێگەی باسکردن لەسەر فیلسوفێکی ناسراوی دونیای مۆدێڕن، واتە کارڵ پۆپەر.
***
بە باوەڕی کارڵ پۆپەر، هەمیشە ئەگەری هەڵەکردن هەیە تەنانەت لەو مەعریفانەشدا کە پێدەچێت جێگیرترین مەعریفە بن. ئەم هۆشیارییە لەمەڕ خلیسکان بەو مانایە نییە هەقیقەت قابیلی بەدەستهێنان نییە، بەڵکوو بەو مانایەیە مرۆڤ بۆئەوەی دەستی بە ئەو هەقیقەتە ڕابگات، پێویستە هەمیشە بۆ پێداچوونەوە و ڕاستکردنەوەی بۆچوونەکانی و تەحەمولکردنی بۆچوونی ئەو کەسانەی کە گومانیان لە ڕاستییە چەسپاوەکانی هەیە ئامادە بێت.
ئەو پێشکەوتنەی مرۆڤ لە زۆر بواردا بەدەستی هێناوە، لەوانە زانست و تەکنەلۆجیا و کۆمەڵگە و سیاسەت، بوونی حەقیقەت دەسەلمێنێت. مرۆڤ هەڵەی کردووە و لە هەڵەکانی فێرە شت بووە و، بەم شێوەیەش وردە وردە و پتر سروشت و خۆی ناسیوە. ئەم ڕەوتە کۆتایی نایەت و جووڵەی پاشەکشەیی و بزووتنی زیگزاگ ئاسا ڕەت ناکاتەوە. تەنانەت گریمانە و تیۆرییە ساختەکان هەندێک زانیاری لەخۆ دەگرن و ئێمە لە ڕاستییەکان نزیک دەکەنەوە. ئایا ئێمە لە بواری پزیشکی و فەلەکناسی و فیزیادا لەم ڕێیەوە پێش نەکەوتووین؟ شتێکی هاوشێوە سەبارەت بە ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیش لەئارادایە. کولتووری دیموکراتیک لە کۆمەڵگە کراوەکاندا لەڕێگەی هەڵە و ڕاستکردنەوەی هەڵەوە هەلومەرجی ماددی و کولتووریی باشتری بۆ مرۆڤ دەستەبەر کردووە و دەرفەتی زیاتری بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی پێ بەخشیوە. (ئەمەش هەمان "شێوازی هەنگاو بە هەنگاو"ە، واتە بژاردەی ڕیفۆڕمی وردە وردە و چاکسازی لەجیاتی شۆڕش [و توندتیژی] کە پۆپەر بە باشتری دەزانێت).
پۆپەر ڕەخنە - واتە بەکارهێنانی ئازادی - بە بناغەی پێشکەوتن لەقەڵەم دەدات. بەبێ ڕەخنە، بەبێ ئەگەری "پووچەڵکردنەوەی" هەرچەشنە دڵنیایییەک، کەس ناتوانێت لە بواری زانست یان بۆ باشترکردنی ژیانی کۆمەڵایەتی ئامانجی خۆی بپێکێت. کاتێک هەندێک ڕاستی و هەقیقەت قابیلی تاقیکردنەوە و ڕەخنەگرتن نەبن، کاتێک ئێمە لە پرسیارکردن و بەراوردکردنی ڕەوایەتیی هەرجۆرە تیۆرییەکدا سەربەست نەبین، میکانیزمی مەعریفە لە ئیشکردن دەوەستێت و زەمینە بۆ شێواندنی خۆش دەکرێت. ئەوکات لەبری هەقیقەتە عەقڵییەکان، ئەوەی دێتە بەر دەممان ئەفسانە و پشکنینی بیر و باوەڕ و سووتاندنی کتێب و لەسێدارەدانی لادەرەکان و سیحر و جادووە. وەک لە ڕابردوودا کە مرۆڤ تاکێکی ئازاد و ئاوەزمەند نەبووە، بەڵکوو کۆیلە و بوونەوەرێکی جەماوەری بووە و تەنیا وەک یەکێک لە ئەندامانی خێڵ هەژمار کراوە، بابەتی ناعەقڵانی و دۆگما و قەدەغەکراوەکان دەسەڵات دەگرنە دەست و دەبنە مەرجەع [و سەرچاوەی بڕیار]. ئەم ڕەوتە ڕەنگە، وەک لەنێو بناژۆخوازەکاندا دەبینرێت، بیچمێک وەخۆ بگرێت کەس نەتوانێت هیچ شتێک بەپێچەوانەی "ڕاستییە" پیرۆزەکانەوە بڵێت و گومانی ڕەوای لەسەریان هەبێت، یان ڕەنگە وەک کۆمەڵگە تۆتالیتارییەکان (لانیکەم تا پێش پێرێسترۆیکا [زاراوەیەکی ڕووسییە کە ئاماژەیە بۆ زنجیرەیەک چاکسازیی ئابووری کە لە ساڵی ١٩٨٥دا هاتە ئاراوە کاتێک میخائیل گۆرباچۆڤ سەرۆکی ئەوکاتەی سۆڤیەت بوو. -وەرگێڕ-]) ڕوخساری جیهانێک وەخۆ بگرێت کە لێکۆڵینەوە لە ڕاستییە فەرمی و حکوومییەکان بە ناوی "پەروەردەی زانستی"ی مارکسیزم-لینینیزمەوە تێیاندا قەدەغەیە. لە هەر حاڵەتێکدا، دەرئەنجامی هەردوو سیستمەکە، وەک نازیزم و فاشیزم، دەستبەرداربوونی خۆبەخشانە یان زۆرەملێیە لە مافی ڕەخنەگرتن، کە بەبێ ئەو، عەقڵانییەت تێدا دەچێت و کولتوور هەژار دەکەوێت و زانست دەگۆڕێت و دەبێتە نهێنیکاری و سیحر و ئەفسوونگەری و، لەژێر پەردەی مرۆڤی شارستانییەوە، دڕندەی سیحرلێکراوی سەردەمە تاریکەکان جارێکی دیکە بۆ جیهان دەگەڕێتەوە. بۆ پێشکەوتن هیچ ڕێگایەک نییە جگە لەوەی مرۆڤ پێویستە دەیان جار بکەوێت و هەستێتەوە و، دیسان سەرلەنوێ کەوتن و هەستانەوە. هەڵە هەمیشە لەئارادایە، چونکە بژاردەی دروست ئاوێتەی دۆخێکە هەڵەهەڵگرە. لە دارستانی بەرفراوانی ئەو هەڵە و فریو و بێتوانایی و ناتەواوی و وەهمانەی تێیدا سەرگەردانین، تاکەئامرازێک کە هەقیقەت بۆی هەبێت بە یارمەتیی ڕێگەی خۆی بدۆزێتەوە، ڕەخنەی عەقڵانی و بەردەوامە لە هەر مەعریفەیەک یان هەرشتێک کە مەعریفەی لێ بکەوێتەوە. ڕەخنەی لەم چەشنە گوزارشت لە ئازادی دەکات و، بەبێ ڕەخنە، مرۆڤ خۆی بە ستەم و دڕندەیی و هزرڕەشی ناچار دەکات.
ڕەنگە هیچ بیرمەندێکی دیکە وەک پۆپەر ئازادیی بە پێویستییەکی گرنگ بۆ مرۆڤ نەزانیبێت. ئازادی نەک هەر دەستەبەری شێوازی ژیانی شارستانی و پاڵنەری خوڵقاندنی کولتوورییە، بەڵکووو شتێکی یەکلاکەرەوەتر و بنەڕەتیترە، واتە بنچینەی مەعریفە. ئازادی ڕێگە بە مرۆڤەکان دەدات لە هەڵەکانی خۆیانەوە فێرە شت بن، میکانیزمێکە ئەگەر نەبوایە، ئێمە هێشتاش وەک باوباپیرانمانی تۆتەمپەرست و مرۆڤخۆرمان، هەر لەنێو زۆنگاوی نەزانی و نائاوەزمەندیدا پەلەقاژەمان بوو.
ئیپیستمۆلۆژیای (مەعریفەناسیی) پۆپەر باشترین ڕوونکردنەوەی فەلسەفیی بەهای ئەخلاقیی لێبوردەییە، کە کولتووری دیموکراسی لەسۆنگەیەوە لەسەرووی هەموو شتێکەوە تایبەتمەند دەکات. ئەگەر بەهای ئەزەلی و ئەبەدی لەئارادا نەبن، ئەگەر تاکەڕێگای پێشکەوتن لە ئەنجامی زانین و هەڵەکردن و ڕاستکردنەوەی هەڵەکان بێت، کەواتە دەبێت هەموومان لەوە تێبگەین ئەوەی لە ڕوانگەی ئێمەوە هەقیقەتە لەوانەیە هەقیقەت نەبێت و، ئەوەی ئێمە پێمان وایە هەڵەی دوژمنەکانمانە، لەوانەیە هەقیقەت بن. هەر داننان بە ئەگەری هەڵەبوونی خۆمان و ڕاستبوونی ئەوانی تر، ئەم باوەڕەی لێ دەکەوێتەوە کە پێشکەوتن لەڕێگەی باسوخواس و گفتوگۆ و دانوستان و پێکەوەژیان لەچاو سەپاندنی بۆچوونی فەرمی و پابەندکردنی هەمووان بە شوێنکەوتن و سزادان یان ناشرینکردنی خەڵک لە حاڵەتی سەرپێچیکردندا زیاتر مسۆگەر دەبێت.
کۆمەڵگەی داخراو و جیهانی ٣
لە سەرەتای مێژووی مرۆڤدا، تاک لەئارادا نەبووە؛ تەنیا خێڵ بووە و کۆمەڵگەیەکی داخراو. جیهانی جەماوەریی گوشراو لە خۆیدا دەمارگرژانە هەوڵی دەدا دەرگا بەڕووی ئاژەڵ و ڕەشەبا و ڕۆحە نگریس و هۆکارە بێئەژمارەکانی ترس و تۆقاندنی مرۆڤی سەرەتایی بەداخراوی بهێڵێتەوە. تاکێک کە خۆی دەسەڵاتی خۆی بەڕێوە ببات و لە دونیایەکی لەم شێوەیە دوور بێت، خوڵقێندراوی نوێباوی مرۆڤایەتییە. کەسێکی لەمجۆرە لەگەڵ بیچمگرتنی ڕۆحی ڕەخنەگرانە، واتە لەگەڵ پەرەسەندن و پشکووتنی ئاوەزمەندی و مافی بەکارهێنانی ئاوەز، جیا لە مەرجەعی ئایینی و سیاسی، دروست دەبێت.
لە خاڵێکی مێژوودا، بەڕێکەوت یان لە ئەنجامی پرۆسەیەکی ئاڵۆزدا، هەندێک کەس ڕەتیان کردەوە مەعریفە وەک شتێکی ئەفسوناوی و کۆمەڵێک باوەڕی پیرۆز لە چوارچێوەی تابووەکاندا ببینن و، لێرەوە ڕۆحی ڕەخنەیی لەدایک بوو. گواستنەوە بۆ ئەم جیهانە نوێیە گەشەسەندنی سەیروسەمەرەی زانست و تەکنیک و هونەر و بەگشتی داهێنەربوونی مرۆڤی لێ کەوتەوە. باش بێت یان خراپ، (چونکە هیچ ڕێگەیەک نییە بۆئەوەی بیسەلمێنێت ئەم بزووتنەوەیە بەختەوەریی بۆ مرۆڤ مسۆگەر کردووە یان نا) ڕۆحی خێڵەکی لە ژیانی عەقڵی و هزری داتەکێندرا و، ئەم ڕەوتە تا ئەو ئاستە خێراتر بوو کە هەندێک کۆمەڵگەی فڕێدایە ناو خولگەی پەرەسەندنێکی ڕێکوپێک لە هەموو بوارەکاندا. سەرەتای سەردەمی عەقڵانییەت و ڕەخنەگری بەو مانایە بوو، لەو خاڵە بەدواوە، ئەوەی کاریگەریی یەکلاکەرەوەی لەسەر کۆمەڵگە دەبێت، جیهانی ٣ دەبێت نەک جیهانی ١ یان ٢.
لەنێو هەموو ئەو ناونان و پۆلێنکردنە بێشومارانەی کە زاناکان بەکاریان هێناوە، هیچیان وەک ئەوەی کارڵ پۆپەر ڕوون و ڕێنیشاندەر نین: جیهانی ١ لە شتە مادییەکان یان شتەکان (ئۆبژەکان) پێکدێت؛ جیهانی ٢ جیهانی کەسی و ناوەوەی زەینە (سووژە) و، جیهانی ٣ بریتییە لە بەرهەمەکانی ڕۆحی مرۆڤ. جیاوازیی جیهانی ٢ و جیهانی ٣ ئەوەیە کە جیهانی ٢ لە زەینییەتی تایبەتی تاکدا، واتە بیرۆکە و وێنە و هەست و سۆزی تایبەتی هەر مرۆڤێک، دروستکراوە، لە کاتێکدا، بەرهەمی جیهانی ٣، هەرچەندە لە دەلاقەی زەینییەتی تاکەکەسییەوە دێنە نێو گۆڕەپانی بوونەوە، بەڵام عام و گشتیین؛ وەک تیۆرییە زانستییەکان، دامەزراوە تایبەتەکان، بنەما ئەخلاقییەکان، کارەکتەرە خەیاڵی و چیرۆکییەکان، بەرهەمە هونەرییەکان و بەگشتی سەرلەبەری میراتی کولتووری.
زێدەڕەوی نییە ئەگەر وای دابنێین کە لە سەرەتاییترین قۆناغەکانی شارستانییەتدا، جیهانی ١ فەرمانڕەوای ژیان بووە. ژیان لە دەوری هێز و توندوتیژیی سروشت - هەورەتریشقە و وشکەساڵی و پەنجەی شێر – ڕێکدەخرا، بە جۆرێک کە مرۆڤەکان لەبەرامبەریدا لاواز و بێدەسەڵات بوون. لە هەر کۆمەڵگەیەکی خێڵەکیدا، سنووری نێوان جیهانی ٢ و جیهانی ٣ بەرتەسک و ناجێگیرە و زۆرجار بەئاسانی دەڕەوێتەوە. سەرۆک عەشیرەت یان مەرجەعی ئاینی (کە هەردووکیان کەموزۆر لە یەک کەسدا کۆ دەبنەوە) زەینییەتی خۆی دەخاتە پێگەی هەژموون و هاووڵاتییان ناچار دەکات دەستبەرداری زەینییەتی خۆیان بن. جیهانی ٣ کەم تا زۆر بە چەقبەستوویی دەمێنێتەوە. ڕەوتی نەگۆڕ و وشکی ڕێسا و باوەڕەکان، بەردەوامی و دووبارەبوونەوەی دۆخی هەبوو ڕادەگرێت و دەپارێزێت. دیارترین تایبەتمەندیی کۆمەڵگەیەکی لەو جۆرە ترسی گەورەیە لە گۆڕانکاری. هەست دەکرێت هەر چەشنە تازەگەری و داهێنانێک مەترسیدارە و نیشانەی هێرشی هێزە بیانییەکانە.
ڕۆحی ڕەخنەگر هەر لەوکاتەوەی لەدایک بوو، درزی خستە نێو دیوارەکانی کۆمەڵگەی داخراو و، مرۆڤی بردە نێو گۆڕەپانی ئەزموونێکی نەناسراوەوە، واتە بەرپرسیارێتیی تاکەکەسی. ئازادی کە هەم کچ، هەمیش دایکی ئاوەزمەندی و ڕۆحی ڕەخنەگرانەیە، بارێکی قورس دەخاتە سەر شانی مرۆڤەکان. مرۆڤ ئەرکی ئەمە وەئەستۆ دەگرێت کە خۆی دیاری بکات و خۆی بڕیار بدات چی سوودمەندە و چی زیانبەخشە و، ئەوەیکە ئایا کۆمەڵگە ڕاست دەکرێتەوە یان پێویستی بە گۆڕانکاری هەیە و، چۆن دەشێت ڕووبەڕووی ئالنگارە بێکۆتاییەکانی ژیان ببێتەوە. پۆپەر دەڵێت هەر لەم سۆنگەیەوە بوو هاوتەریب لەگەڵ کۆمەڵگەی کراوە، کەسانێک بە ئاراستەی پێچەوانە هەوڵیان دا ڕێگەی بەسەردا دابخەن و، خودی ئازادی بەتاڵ و ڕەت بکەنەوە و هەناسەیەکی نوێ بەبەر کۆمەڵگەی خێڵەکیدا بکەن.
لەو ساتەوەختە پڕ لە نهێنییەوە کە جیهان لە کۆتوبەندی خوداوەند و جنۆکەگەلی سەردەمی بتپەرستی ڕزگاری بوو و بوو بە ئالنگاریی بەردەوام بۆ عەقڵی بوونەوەرە دەسەڵاتدارەکان، ڕێڕەوی مرۆڤ گۆڕا. جیهانی ٣ لێوانلیو لە بەرهەمگەلی ئەو هێزە ڕۆحییە داهێنەرەی کە لە بەندی باوەڕپشکنی و سانسۆر ڕزگاری بووبوو، ڕەونەقی پەیدا کرد و کاریگەرییەکانی لەسەر جیهانی ١ و ٢ ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر بوو. هەڵبەت ئاوەزمەندی و ڕاستییە زانستییەکانیش لەم ڕێیەدا تووشی شکست و لادان لە ڕێڕەوی دروست هاتن، بەڵام وردە وردە بەسەر زۆرداری و توندوتیژی و دۆگمای ئاینی و خورافات و هێزە ناعەقڵانییەکاندا زاڵ بوون، کە بووبوونە ئامرازی حوکمڕانی بەسەر ژیانی کۆمەڵایەتیدا. بەم شێوەیە بوو، بەردی بناغەی کولتووری دیموکراسی - واتە کۆمەڵگەیەکی کراوە کە تێێدا خەڵک خۆیان خۆ بەڕێوە دەبن و لەبەردەم یاسادا بەرابەرن - دانرا.
بەڵام ترس لە گۆڕان و ترس لە پیشهاتە نادیارەکان و تۆقین لە بەرپرسیارێتیی بێسنوور ڕێگەی دابوو کۆمەڵگەی داخراو تا ئەمڕۆش لە ژێر هەموو جۆرە دەمامکێکدا بەردەوام بێت و تەنانەت سواری سەری دیموکراسییەکانیش بێت. خەباتەکە هیشتا نەک هەر سەرکەوتوو نەبووە، بەڵکوو لەوانەیە هەرگیز سەرکەوتوو نەبێت. "بانگەوازی خێڵ" هەروا بەردەوام قەوم و نەتەوەکان و (تەنانەت لە کۆمەڵگە کراوەکاندا) ئەو تاک و گرووپانەی کە هەرگیز لە هەوڵی ماندوونەناسانە بۆ کۆتاییهێنان بەو کۆمەڵگەیانە و لەناوبردنی کولتوری ئازادی سڵ ناکەن، هان دەدات.
بەپێچەوانەی ئەوەی مرۆڤ پێی وایە، سەرسەختترین نەیارانی ڕووناکبیریی کۆمەڵگەی کراوە لەنێو ئەو کەسانەدا دەبینرێن کە زۆرترین سوودیان لە ڕۆحی ڕەخنەیی وەرگرتووە. بە باوەڕی پۆپەر، لە کتێبی "کۆمەڵگەی کراوە و دوژمنەکانی"، سەردەستەی فەیلەسوفە تۆتالیتێرەکان کە تا ئۆگستۆس کۆنت و هیگڵ بەردەوامە و لەگەڵ مارکس دەگاتە لووتکە، گەورەترین فەیلەسوفی سەردەمی کەونارا (و ڕەنگە هەموو سەدە و سەردەمەکان) ئەفلاتون بووە. ئەم ئارگیومێنتە لەلایەن هەندێک کەسەوە ڕەت کراوەتەوە، بەڵام بەدەر لە وردبینییەکان، هزری پۆپەر ڕاست دەیپێکێت، ئەمەش بەو مانایەیە کە فێڵبازترین و کاریگەرترین دوژمنی کولتووری ئازادی "مێژووگەرایی" یان "ڕێبازی ڕەسەنایەتیی مێژوو"یە.
مێژووگەرایی و چیرۆکنووسین
ئەگەر باوەڕتان وایە مێژووی مرۆڤ پێش ئەوەی ڕووبدات بڕیاری لەسەر دراوە؛ ئەگەر پێتان وایە ژیان میکانیزمێکی کۆمەڵایەتی و ئابوورییە کە مرۆڤەکان تێێدا هیچ یان کەموزۆر هیچ کاریگەر و دەستڕۆیشتوو نین؛ ئەگەر پێتان وایە پێشکەوتنی مرۆڤ عەقڵانی و یەکگرتووە و، هەر بۆیە، پێشبینیهەڵگرە؛ بەکورتی ئەگەر پێتان وایە مێژوو مانایەکی نهێنی و شاراوەی هەیە کە سەرەڕای هەمەچەشنی و جۆراوجۆریی بێسنووری ڕەوتی مێژوو، ڕێکخستنێکی هاوئاهەنگ و لۆژیکیی پێ دەبەخشێت - وەک "پازڵێک" کە هەموو پارچەکانی لە شوێنی دروستی خۆیاندا دادەنرێن – کەواتە، بە ڕای پۆپەر، ئێوەش یەکێکن لە مێژووگەراکان. ئێوە لە مێژوو بتتان دروست کردووە و دەیپەرستن و، ئاگادار بن یان نا، لەبنەوە لە ئازادی دەترسن و سام دەتانگرێت لەوەی دان بەوەدا بنێن کە ژیان سەرلەنوێ ئاوەدان دەکرێتەوە و لەوەی کە بەرپرسیارێتیی قبووڵکردنی ئەو مانایە وەئەستۆ بگرن.
مێژوو هیچ ڕێکخستن و لۆژیک و مانا و لەسەرووی هەمووشیانەوە، هیچ ئاراستەیەکی عەقڵانیی نییە کە کۆمەڵناس و ئابووریناس و ئایدیۆلۆگەکان بتوانن پێشوەختە بە شێوەیەکی زانستی پەی پێ ببەن. مێژوونووسان ڕێکوپێکی و نەزم بە مێژوو دەبەخشن و، لەڕێگەی ڕاڤە و بە یارمەتیی ڕوانگەگەلی هەمیشە کاتی کە تەنیا بەشێک لە تەواوی دیمەنەکە دەگرێتەوە و دواجار وەک ئافرێندراوە هونەرییەکان لە زەینەوە هەڵێنجراون، هەوڵ دەدەن یەکانگیریی پێ ببەخشن و شیاوی تێگەیشتنی بکەن.
فراژووبوونی مرۆڤ ڕێگە نادات هیچ ڕێڕەو یان ئاراستەیەکی تایبەتی لێ هەڵێنجین. بیرکردنەوە لەوەی شتێکی لەو شێوەیە مومکینە، نەک هەر لە ڕوانگەی مێژووییەوە بەڵکوو لە ڕوانگەیەکی لۆژیکیشەوە گریمانەیەکی بێبنەما و بەتاڵە، چونکە، بە گوتەی پۆپەر، پێشبینیکردنی پەرەسەندنی داهاتووی مەعریفە کارێکی نەکردەیە. لەم ڕووەوە، بەو پێیەی ڕەوتی مێژوو بە شێوەیەکی سەرەکی لەسۆنگەی دۆزینەوە و داهێنانی تەکنیکی و زانستییەوە دیاری دەکرێت، کە بۆمان نییە پێشوەختە ئاگاداری بین، ناتوانین ڕێڕەوەکەی پێشبینی بکەین.
یەکێک لە هۆکارە بەهێزەکان لەبابەت پێشبینی هەڵنەگربوونی ڕەوتی مێژوو، ڕووداوەکانی ئێستایە. دە ساڵ لەمەوبەر کێ دەیتوانی پێشبینیی پریستۆریکا (چاکسازیی ئابووری لە وڵاتی سۆڤییەتی جاران) و داڕمانی بەڕواڵەت خۆرانەگری کۆمۆنیزم بکات؟ یان پێشبینیی ئەوە بکرێت کە پێشکەوتنی سەرسوڕهێنەری میدیای بینراو و بیستراو کە ڕۆژ بە ڕۆژ کۆنتڕۆڵکردنیان قورستر دەبێت، گورزێکی گوڕچبڕی ئەوتۆ لە سانسۆر و چاودێریکردنی بیروڕا بدات؟
بەوحاڵەشەوە، نەبوونی ڕێسا مێژووییەکان بەو مانایە نییە کە هیچ مۆدێلێک بۆ گەشەکردنی مرۆڤ نییە. داهاتوو پێشبینیکراو نییە، بەڵام ئەمە بە واتای ئەوە نییە کە هەر چەشنە پێشبینییەکی کۆمەڵایەتی مەحاڵە. زانستە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن لە بوارە تایبەتەکاندا ئەمە نیشان بدەن کە لە هەندێک بارودۆخی دیاریکراودا، ڕوودانی هەندێک ڕووداو حەتمییە. بۆ نموونە، زیادەڕەویکردن لە چاپکردنی دراو دەبێتە هۆی هەڵاوسان. هەروەتر، له بوارگەلێکی وه ک زانست و یاسای نێودەوڵەتی و ئازادیدا، بێ گومان مرۆڤ دەتوانێت کۆمەڵێک پێشکەوتنی کەموزۆر بە ئاراستەی هێڵی ڕاست له ڕابوردووەوە تا ئەمڕۆ ببینێت. بەڵام تەنانەت لەم بوارانەشدا ژیرانە نییە کەسێک پێی وابێت پێشکەوتن لە داهاتوودا حەتمی دەبێت. هەمیشە ئەگەری ئەوە هەیە مرۆڤ بۆ دواوەوە بگەڕێتەوە و نوشوستی بهێنێت و هەموو پێشکەوتنەکان بدۆڕێنێت.
بەو حاڵەشەوە، گریمان ئەرکی مێژوونووس نەک دۆزینەوەی یاسا و ڕێساکانی پەیوەندیدار بە چالاکییەکانی مرۆڤ، بەڵکوو تەنها گێڕانەوەی ڕووداوە تایبەتەکان بێت، خۆ کەس ناتوانێت بەبێ هیچ دیدگایەک، یان ڕوانگەیەک، یان ڕاڤەیەک، لە نووسین یان تەنانەت تێگەیشتن لە مێژوودا سەرکەوتوو بێت. بەڵام پۆپەر دەڵێت هەڵەی مێژووگەراکان لەوەدایە کە ڕاڤە مێژووییەکان لەگەڵ تیۆری یان یاسا تێکەڵ دەکەن. ڕاڤە سنووردارە و هەڵگری گشت نییە و، بەم پێیەش بەسوودە بۆئەوەی ڕێکوپێکی بۆ ئەو ڕووداوانە بهێنرێت کە ئەگەر ئەو ڕاڤەیە بەم چەشنە نەبێت، دەبووە باڕستەیەکی پشێوی پێکهاتوو لە ڕووداوەکان. ڕاڤە و لێکدانەوەی مێژوو وەک ململانێی نێوان چینەکان یان نەژادەکان یان بیر و باوەڕی ئاینی و دینی، یان ململانێی نێوان کۆمەڵگە داخراو و کراوەکان، دەتوانێت ڕوونکەرەوە بێت، بە مەرجێک قایل بە بەهای گشتی یان تایبەت، بۆ هیچ کام لەو ڕاڤانە نەبین. لە مێژوودا، بوار بۆ ڕاڤەگەلی دژبەیەک و تەواوکەر و بەهەڵکەوت پێکەوگونجاو هەیە، بەڵام نەک بۆ "یاسا" بە مانای ڕاڤەیەکی تاک و حەتمی.
مێژووگەراکان وا دەکەن ڕاڤەیان جێی متمانە نەمێنێت، چونکە ڕاڤەکانیان بە یاسایەک دەزانن کە مرۆڤ دەشێت بە شێوەیەکی نەزۆکانە [و پاسیڤ] ملکەچیان بێت، وەک چۆن شتەکان پەیڕەوی لە یاسای کێشکردنی زەوی یان ڕاسان و ڕۆچوونی ئاوی دەریا لە جووڵەی مانگ دەکەن. هیچ یاسایەک بەم مانایە لە مێژوودا نییە، چونکە باش یان خراپ (و بە بۆچوونی پۆپەر و زۆرێک لە ئێمە هەر ئەوە باشتر کە) مێژوو ئازادە و لەسۆنگەی ئازادیی مرۆڤەوە لەدایک بووە و، هەر بۆیەش، ڕوودانی تەنانەت نائاساییترین ڕووداوەکانیش تێیدا دوور لە چاوەڕوانی نییە. بەگوێرەی پۆپەر لە کۆتا بڕگەی کتێبێکی بە ناوی "هەژاریی مێژووگەرایی"دا، "وەک بڵێی هەموو مێژووگەراکان هەوڵیان داوە بۆ قەرەبووکردنەوەی لەدەستدانی جیهانێکی نەگۆڕ، پاڵ وە ئەم باوەڕەوە بدەن کە گۆڕان قابیلی پێشبینیکردنە، چونکی یاسایەکی نەگۆڕ بەسەریدا زاڵە."
چەمکی پۆپەر بۆ مێژووی نووسراو، ڕێک هەمان ئەو بیرۆکەیەیە کە من هەمیشە لەسەر ڕۆمان هەمبووە، واتە ڕۆمان جۆرێکە لە ڕێکخستن و تەکووزی (نەزم) بەخشین بە کەتوار (واقیع)ی مرۆیی بۆ پاراستنی مرۆڤەکان لە دڵەڕاوکێ و ترسی تێگەیشتنی ناخوئاگایان بۆ جیهان و ژیان وەک گۆڕەپانێکی گەورەی ناڕێکوپێکی و پەرێشانی.
هەر ڕۆمانێک بۆئەوەی هێزی قەناعەت پێهێنانی هەبێت، دەبێت وەک پێکهاتەیەکی قایلکەر و ڕێکوپێک و جیهانێکی ڕێکخراو و شیاوی تێگەیشتن کە بەشەکانی لە سیستەمێکی هاوئاهەنگدا بەیەکەوە گرێدراون وشیاریی خوێنەر بگرێتە خۆی و لەسەر بنەمای ئەو وشیارییە بەرفراوان بێت. ئەوەی پێی دەوترێت مرخی تۆڵستۆی و هێنری جەیمز و پرۆست و فۆکنەر، هەر بەتەنیا سەرچاوەگرتوو لە هێزی کارەکتەرە خەیاڵییەکان و باری دەروونیی تاریک و ڕەش و نووسینی وردبینانەی پڕ لە ڕاسان و ڕۆچوون و دەربڕینی پێچەڵپێچ و خەیاڵی بەهێزەوە نییە، بەڵکوو لە سەرووی هەموویانەوە دەرئەنجامی ئەندازیاریی یەکانگیر و ژێرخانی تۆکمە و باش دروستکراوەی جیهانی چیرۆکی [و خەیاڵیی] خۆیانە. ئەم نەزمە پتەو و شیاوی تێگەیشتنەی کە ژیان تێێدا بەشێوەیەکی لۆژیکی و ناچارەکی بەرەوپێش دەچێت و هەموو دەرکەوتەکانی ڕۆحی مرۆڤی تێدا دەست دەکەوێت، ئێمە ئەفسوون و شەیدا دەکات، چونکە دڵنیاکەرەوەیە. ئێمە ناخوئاگا ئەم تێگەیشتنە بۆ هەموو جیهانی کەتوار دەگوازینەوە، جا ئەگەر بۆ ماوەیەکی کەمیش بێت ئیتر سەرسوڕهێنەر و ئاژاوەگێڕانە و سیاچاڵێک لە بێماناییەکان نییە و، بێسیستەمی و ناڕێکوپێکی تێیدا دەگۆڕێت بۆ یەکانگیری و ئاوەزمەندی و ڕێکوپێکی و، دڵنیایی و متمانەیەکمان بۆ دەگەڕێنێتەوە کە هیچ شتێک لەوە قورستر نییە وازی لێ بهێنین - دڵنیابوون لەوەی کێین، لە کوێین و لە هەمووی گرنگتر، بەرەو کوێ دەڕۆین.
بەڕێکەوت نییە کە ساتەکانی لووتکەی ڕۆمان پێش ئاژاوە مێژووییە گەورەکان هاتوون و، بەپیتترین کاتەکانی نووسینی چیرۆکیش ئەو کاتانە بوون کە بیر و باوەڕی بەکۆمەڵ - چ باوەڕی ئاینی یان سیاسی و چ کۆدەنگییە ئایدۆلۆژیک یان کۆمەڵایەتییەکان- داڕماون یان ڕووخێنراون. لە سەردەمی وادا، کە مرۆڤی ئاسایی پێگەی پتەوی ڕابردووی خۆی لەدەست داوە و بە سەرلێشێواوی ماوەتەوە، پەنا بۆ چیرۆک دەبات - واتە بۆ یەکانگیری و نەزمی جیهانی خەیاڵی. دیسانیش بەڕێکەوت نییە کە پتەوترین و وردترین و بەشکۆترین و ڕێکخراوترین و لۆژیکترین نەزم - نەزمی جیهانی مارکی دی ساد، کافکا، پرۆست، جۆیس، دۆستۆیڤسکی و تۆڵستۆی - لەو کۆمەڵگەیانەدا سەرهەڵدەدەن کە تووشی توندترین لێکترازانی کۆمەڵایەتی و دامەزراوەیی و ئەخلاقی هاتوون. ئەو باڵەخانەیەی کە ئەم نووسەرانە لە دونیای خەیاڵدا چێیان کردووە سنووری تەسکی بارودۆخی مرۆڤ تێدەپەڕێنێت و (وەک بەرهەمەکانی ئەو کەسە هەڵکەوتانەی بواری مەعریفە و لێکۆڵینەوە و تیژبینی و پەخشانی دڵخواز و خەیاڵداڕێژی: نۆ مێژووی هێرۆدۆت، مێژووی شۆڕشی مەزنی فەرەنسا-ی میشلە یان تێداچوون و داڕووخانی ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانی گیبۆن) بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ شایەتحاڵی بۆ ئەم مانایە دەدات کە بیرکردنەوە لەوەی چارەنووسی مرۆڤەکان بە پەڕجووی ئازادییەوە دیاری دەکرێت، ترس دەخاتە دڵیانەوە. خۆشبەختانە ترس لە ئازادی نەک هەر بووەتە هۆی سەرهەڵدانی ستەمکارانی تۆقێنەر و فەلسەفەگەلی تۆتالیتاری و ئاینگەلی دۆگماتیک، بەڵکوو خوڵقانی کۆمەڵێک ڕۆمانی گرانباییشی لێ کەوتووەتەوە.
ڕیفۆرمخوازی
پۆپەر لەبری مێژووگەرایی، میتۆدی چاکسازیی هەنگاو بە هەنگاو یان چاکسازیی وردە وردە پێشنیار دەکات. لە کتێبی "هەژاریی مێژووگەرایی"دا نووسیویەتی: "هەر کە تێگەیشتین توانایی دروستکردنی بەهەشتمان لە سەر زەوی نییە و تەنها دەتوانین شتەکان کەمێک باشتر بکەین، لەوەش تێدەگەین کە کاروبارەکان تەنها دەتوانن وردە وردە باشتر بن". وردە وردە: واتە، بە بەردەوامی ڕێکخستنی بەشەکان، نەک نۆژەنکردنەوەی سەرلەبەری کۆمەڵگە. ئەم شێوازە ئەو سوودەی هەیە کە دوای گرتنەبەری هەر هەنگاوێک، مرۆڤ دەتوانێت دەستکەوتەکان هەڵسەنگێنێت و هەڵەکان ڕاست بکاتەوە و ئامۆژگاری لە هەڵەکان وەربگرێت. میتۆدی شۆڕشگێڕی - واتە ئەو میتۆدە کە مێژوو یان گشت دەکاتە بابەتی سەرەکی - ئەو ئەگەرە هەڵدەوەشێنێتەوە، بە چاوی سووک سەیری بابەتە بچووکەکان دەکات و بەهۆی سەرقاڵبوونی لەڕادەبەدەر و بەردەوام بە گشتەوە، ناتوانێت لە بابەتە ڕاستەقینە و کۆنکرێتەکان نزیک بێتەوە. میتۆدی شۆڕشگێڕانە لەبەر ئەوەی لەسەر بنەمای مۆدێلێکی ئەبستراکت و گشتی و پشتنەبەستوو بە ئەزموون دامەزراوە، لە بەرکەوتنی لەگەڵ کەتوار یان واقیع دادەبڕێت؛ هەوڵ دەدات کەتواری کۆمەڵایەتی بە هەموو شێوەیەک لەگەڵ ئەو مۆدێلە ئەبستراکتەدا بگونجێنێت، بەڵام ئەم هەوڵە قوربانیکردنی هەموو شتێکی لێ دەکەوێتەوە، لە ئاوەزمەندییەوە تا دەگاتە ئازادی و هەندێک جار تەنانەت عەقڵی باویش.
مێژووگەرایی لە ئەنجامی چەمکی پلاندانان دێتە ئاراوە و، گریمانە دەکات کە ڕەوتی مێژوو نەک هەر پێشبینی دەکرێت، بەڵکوو وەک کارە ئەندازیارییەکان شیاوی ئاراستەکردنی بەرەو داهاتووە. یوتۆپیا لەو شێوەیەدا مەترسیدارە، چونکە لە هەناویدا تۆتالیتاریزم بۆسەی ناوەتەوە. مەعریفە لەناو زەینی تاکەکانی کۆمەڵگەدا پەرشوبڵاوە و، هیچ ڕێگەیەک لەئارادا نییە بۆئەوەی سەرلەبەری ئەو مەعریفانە لە یەک شوێندا چڕ بکرێنەوە، یان ئەوەی خواست و ویست و پێویستی و هۆگریی بەرژەوەندیخوازانە بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە قابیلی تێگەیشتن بێت، چونکی ئەوە پێکەوەژیان و پەیوەندییان لەگەڵ یەکتری ڕەوتی فراژۆبوونی کۆمەڵگە لە مێژوودا دیاری دەکات. کاتێک پلاندانان دەگاتە ئاستی زیدەڕۆیانەی خۆی، دەبێتە هۆی چڕبوونەوەی دەسەڵات و، دەسەڵاتی چڕکراوەش بەرە بەرە جێگەی گەشەی هەموو ئەو هێز و نەخشەڕێیانە دەگرێتەوە کە لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا بەشدارن و لەڕێگەی پاوانکردنی هێزەوە بەسەر هەڵسوکەوتی دامەزراوە و تاکەکاندا زاڵ دەبێت. پلاندانان بۆ پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی بیر لە شتی نەکردە و نەبوو دەکاتەوە و، لە هەر شوێنێک بسەپێندرێت، دەبێتە هۆی لەناوچوونی ئازادی و دامەزراندنی ڕژێمگەلی تۆتالیتاری.
لە زۆرێک لە وڵاتانی ئازاددا، ڕێکخراوەگەلی "پلان" هەن و کۆتاییان بە ئازادییە مەدەنییەکانیش نەهێناوە؛ ئەم ڕێکخراوانە هەن تەنیا لەبەر ئەوەی "پلان" بە شێوەیەکی ڕێژەیی یان ڕەمزی دادەڕێژن و سنووری ڕێنماییە گشتییەکان و زانیاری پێدان دەربارەی چالاکییە ئابوورییەکان نابەزێنن و هەوڵ نادەن [ڕێنمایی خۆیان بۆ] سیاسەت یان ئامانج بسەپێنن. بەپێچەوانەی ئەندازیاری یوتۆپیا یان ئەندازیاری تۆتالیستی (گشتگەرا یان شموولگەرا)، ئەو ئەندازیارەی لایەنگری میتۆدی هەنگاو بە هەنگاوە تێدەگات کە هیچ ڕێگەیەک بۆ ناسینی گشت کۆمەڵگە یان پێشبینیکردن و کۆنترۆڵکردنی هەموو جووڵەکانی کۆمەڵگە لەگۆڕێدا نییە، مەگەر هەموو شتێک بخەینە ژێر ڕکێفی ڕژێمێکی دیکتاتۆری کە تێیدا هەر چەشنە ڕەفتار و ئاکارێک پێویستە لە بێژنگی سانسۆر و هێزی زۆرەملێ بدرێت و لەو مۆدێلەدا جێگیر بکرێت کە سەرچاوەکانی دەسەڵات پێشوەختە دایانڕشتووە. مرۆڤی ڕیفۆرمخواز پاژ لە گشت و ئێستا لە ڕابردوو بە گرنگتر دەزانێت و، لەجیاتی ئەو تراویلکە تەمومژاوی و ناڕوونە، واتە داهاتووی مرۆڤایەتی، هەر لێرە و هەر ئەمڕۆ گرنگی بە کێشە و پێداویستییەکانی ژنان و پیاوان دەدات. ئەندازیاری گشتگەرا نە دەخوازێت هەموو شتێک بگۆڕێت، نە بەپێی پلانێکی دوورمەودا و هەمەلایەنەی گشتگیر بجووڵێتەوە و، نە دەیەوێت بەختەوەری بۆ هەموو مرۆڤەکان بهێنێت، چونکە دەزانێت بەختەوەری پەیوەندیی بە تاکەکانەوە هەیە نەک بە حکوومەتەوە و، ناکرێت سەبارەت بە یاسا و نۆرمەگەلی یەکانگیر، زیان بەو فرەییە نایەکسانە کە پێی دەڵێن کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، بگەیەنرێت و بخرێتە مەترسییەوە.
بۆچی ڕیفۆڕمخوازان باوەڕیان بە چاکسازی و دەستکاریکردنی بارودۆخی ئێستا هەیە، نەک وەک شۆڕشگێڕان بە ڕووخاندن و داڕشتنی گەڵاڵەیەکی نوێ؟ چونکە، بەگوتەی پۆپەر لە یەکێک لە گرنگترین وتارەکانیدا لە کتێبی گریمانەکان و بەتاڵکردنەکان، گەشەی مەعریفەی زانستی و ئەرکی دامەزراوەکان بەندە بە نەریت و دابودەستووری کۆمەڵگەوە، کە گرنگترینیان چوارچێوەی ئەخلاقی و هەستی قووڵی دادپەروەری و هەستیاریی کۆمەڵایەتییە کە کۆمەڵگە بەدرێژایی مێژووی خۆی بەدەستی هێناوە و بەفیڕۆدانیان کردەنی نییە. باری دەروونی و پێکهاتەی قووڵی مەعنەویی کۆمەڵگە پشتئەستوور بە ئەم وردبینییانەیە و ناتوانرێت، وەک شۆڕشگێڕان حەزیان لێیە لە یەک ڕۆژدا لەناوببرێن و شتێکی تر جێگەیان بگرێتەوە. سەرکەوتن یان شکستی دامودەزگا کۆمەڵایەتییەکان دواجار بەپێی گونجان یان نەگونجانیان لەگەڵ چوارچێوەی ئەخلاقیی کۆمەڵگەدا دەستەبەر دەکرێت. گونجاندنی هەمیشەیی دامەزراوەکان لەگەڵ ئەو زەمینە نەریتی و ئەخلاقییەدا، کە زۆر هێواشتر لە دامەزراوەکان پەرە دەستێنێت و دەگۆڕێت، تەنیا لەڕێگەی ئەندازیاریی هەنگاو بە هەنگاوەوە دەکرێت.
ڕیفۆڕمخوازی لەگەڵ ئازادیدا دەگونجێت و، لەوەش گرنگتر پشتی پێ دەبەستێت، چونکە یەکەم ئامرازی ڕیفۆڕمخوازی لە پراکتیکدا، ڕەخنە و شیکردنەوەی بەردەوامە. ڕەخنەگری ڕێگە بە ڕیفۆڕمخوازان دەدات هەمیشە هاوسەنگیی نێوان تاک و دەسەڵاتی دەوڵەت ڕابگرن و نەهێڵن دەسەڵاتی دەوڵەت بگاتە ئاستێک تاک تێکبشکێنێت. بێ گومان هەندێک دەستوەردانی حکوومەت تەنانەت له ئازادترین کۆمەڵگەکانیشدا پێویسته، بۆئەوەی ئازادیی تاک بە کۆمەڵێک شەرت و سنوور مەرجدار بکرێت، دەنا کۆمەڵگە ناچارەکی بۆنێو سیاچاڵی ئاژاوە و یاسای جەنگەڵ شۆڕ دەبێتەوە. بەڵام، لەلایەکی ترەوە، هەر سیاسەتێک دەبێت سنووری خۆی هەبێت، چونکە تۆوی هەژموون و پاوانخوازی و هەڕەشە لە ئازادیی تاک هەمووکات لە هەناویدا شاردراوەتەوە.
پاوانخوازیی زمان
بەشێکی گەورەی بیری ڕۆژئاوایی هاوچەرخ هێندە گیرۆدەی وەسواسی سنوور و دەسەڵاتە سروشتییەکانی زمان بووە کە لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا وا دیار بوو هەموو زانستە مرۆییەکان - لە فەلسەفەوە بۆ مێژوو و لە ئەنترۆپۆلۆژییەوە بۆ سیاسەت - وردە وردە دەبنە لقەکانی زمانەوانی. وشەکان لەگەڵ یەکتردا تێکەڵ دەبن و، بە بڕینی پەیوەندییان لەگەڵ مەدلوولەکان، هیچ شتێک لە کولتووری ڕۆژئاوایی بەجێ ناهێڵن جگە لەو ماددە سەرەتاییە شل و بێشکڵانەی کە لە تیۆرییەکانی زمانناسە مێژووییەکان و نیشانەناسەکان و ڕێزمانناسەکان پێکهاتووە. سەرقاڵبوونی ڕووت بە زمان و دەربڕین و پێکهاتە فەرمییەکانی گشت زانست و مەعریفەکان، بابەتگەلی بەنرخی ڕاماڵی و لەنێو ئاژاوەی چاوبەستنی قسەکەرانەدا ونی کرد.
پۆپەر هەرگیز هاوبەشی ئەم بۆچوونانە نەبوو و، هەندێک جاریش لەبەر ئەم هۆکارە لە ماوەی درێژخایەنی گەشەکردن و فراژۆبوونی فیکریی خۆیدا، هەرگیز نەچووەتە ڕیزی فەیلەسوفگەلی باوی ڕۆژگاری خۆیەوە. توێژینەوە لە زمان خۆی وەک شتێکی دابڕاو و جیا لە کەتوار (واقیع)، خۆخافڵاندنە؛ لەبەر ئەوەی بنەما و ڕەگوڕیشەکە، واتە گەڕان بەدوای هەقیقەت، تێێدا پشتگوێ خراوە، چونکە پۆپەر هەمیشە باوەڕی ئەوە بووە کە [هەقیقەت] لە دەرەوەی هەرێمی وشەکاندایە و، ئەو وشانەی کە بە شێوەی ئوتوماتیک هێزی بەرهەمهێنان هەیە، ئەرکیان تەنیا بریتییە لە گەیاندن و ڕاگەیاندنی هەقیقەت. پۆپەر لە وتارێکدا بەناونیشانی "دوو ڕوخساری عەقڵی باو" کە لە کتێبێکدا بەناوی "مەعریفەی بابەتی"دا بڵاو بووەتەوە، دەنووسێت: "بە ڕای من، یەکێک لە ئەرکە ئەخلاقییەکانی هەموو ڕۆشنبیران ئەمەیە کە ئامانجیان سادەیی و ڕوونکردنەوە بێت: نەبوونی شەفافییەت تاوان و، خۆنواندن و چاکەفرۆشی تاوانکارییە." سادەیی، بە بۆچوونی ئەو، واتە بەکارهێنانی زمان بە جۆرێک کە وشەکان ئەوەندە گرنگ نەبن، ڕوون بن و، بیرکردنەوەکان بەناو خۆیاندا تێپەڕێنن، بەبێ ئەوەی ڕواڵەتێکی تایبەتیان پێ ببەخشن.
بەڵام پۆپەر بوو بە قوربانیی بە کەمزانینی دەربڕین. هەڵبەت ئەو باوەڕەی ئەو کە زمان ناتوانێت لە زاتی خۆیدا ئامانج بێت بەتەواوی ڕێی تێدەچوو. (فۆڕم و ناوەڕۆک یەک شت نین، تەنانەت لەو شوێنەی کە ئەمە دەکرێت، واتە لە ئەدەبدا، ، چونکە وەک گابرێل فراتەر، نووسەر و وەرگێڕی ئیسپانی ، لە یەکێک لە هاوارە پڕ لە تووڕەییەکانیدا دەڵێت، "نابێت TERZARIMA (یەکێک لە کێشە عەرووزییەکانی شیعری ئیتاڵی. "کۆمیدیای خودایی"ی دانتێ لەسەر بنەمای ئەم کێشە نووسراوە)ی دانتێ لەگەڵ ئازارەکانی دۆزەخدا تێکەڵ بکرێت." هەروەها ڕاستە پۆپەر لەسۆنگەی ئەو باوەڕەیەوە، بەنیسبەت مەیلی وەلانانی بابەتە سەرەکییە بایخدارەکان و سەرقاڵبوون بە بابەتە لاوەکییەکان، کە زۆربەی ڕۆشنبیرانی بەناوبانگی هاوسەردەمی خۆی ملکەچی بوون، خۆی بەدوور ڕاگرت. بەڵام بێ گومان، بە کەم سەیرکردنی وشەکان و، ئەم گریمانە کرچوکاڵ و بەپەلەیە کە وشەکان بەبێ ئەوەی گرنگییان پێ بدرێت بەکار بهێنرێن، کاریگەرییان لەسەر بەرهەمەکانی پۆپەر هەبووە.
وشە هەمووکات گرنگە و، ئەگەر بە کەم بزانرێت، تۆڵە دەکاتەوە و لە پەیڤێکدا کە دەخوازێت لە گومان و دڕدۆنگی بەدوور بێت و تاکە یەک واتای هەبێت، تەکنیکی "دوو واتایی" دێنێتە ئاراوە . کارەکانی پۆپەر هەندێک جار ڕوون و ورد نین. زاراوە و هاوکێشەکانی گەلێک جار لەگەڵ مەبەستەکەدا ناگونجێن و تووشی لێکدانەوەی هەڵە دەبن. ناونانی بیری ئایدۆلۆژی و تێڕوانینی تۆتالیتاری بۆ مێژوو بە "مێژووگەرایی"، زەمینە بۆ پرسیار و گومان خۆش دەکات، چونکە ئەوە پیشان دەدات کە مەبەست لێی ڕەتکردنەوەی خودی مێژووە و، ئەمەش مەودایەکی فراوان لە فەلسەفەی پۆپەرەوە دوورە. بەڵام لەوەش خراپتر، زاراوەی "ئەندازیاریی هەنگاو بە هەنگاو" و "ئەندازیاریی یوتۆپیایی و تۆتالیتاری" شتگەلێک دەگەیەنن کە دەکرێت ناویان لێ بنرێت "ڕیفۆرمخوازی" و "ڕادیکالیزم". فریدریش ڤۆن هایک ڕەخنەی لە بەکارهێنانی وشەی "ئەندازیار" بۆ وەسفکردنی ڕیفۆرمخوازی کۆمەڵایەتی گرتووە، چونکە دەڵێت لە سەردەمی ستالیندا بە نووسەران دەگوترا ئەندازیاری ڕۆح و دەروون و، ئەم دەستەواژەیە وەبیرهێنەرەوەی ستالینیزمە. بەدڵنیاییەوە دژایەتییەک لەوەدا هەیە کە فەیلەسوفێک کە ڕەخنەی وا قایلکەری بەرامبەر بە پلاندانانی ناوەندی گرتووە، خۆی ڕیفۆڕمخوازی کۆمەڵایەتی بە ئەندازیار ناو ببات.
بنەما ئەوەیە نابێت هیچ فەلسەفە یان زانستێک لە شیکردنەوەی ئەو زمانەدا کورت بکرێتەوە کە بەکاری دەهێنێت، چونکە ئەمە دەبێتە هۆی ناڕوونبێژی و پاشاگەردانیی ڕۆشنبیری. بەڵام، لەلایەکی دیکەوە، ئەوەیکە هەموو بیرمەندێک گرنگی بە ئامرازەکانی دەربڕینی خۆی بدات گرنگییەکی یەکلاکەرەوەی هەیە، بۆئەوەی بەتەواوی بەسەر ئەو وشانەی بەکاری دەهێنێت سوار بێت و پەیڤی خۆی جڵەو بکات و نەبێتە کۆیلەی بێدەسەڵاتی زمان. کارەکانی پۆپەر یەکێکە لە هزرورووژێنترین و ڕیفۆڕمخوازانەترین بەرهەمەکانی سەردەمی ئێمە، بەڵام بەداخەوە بەدەست ئەم لاوازییەوە دەناڵێنێت. ئەو بایخێکی ئەوتۆ بە وشە نادات و بە کەم لێی دەڕوانێت؛ بەڵام لەلایەکی ترەوە، وشەکان هەندێک جار بیرکردنەوە ڕەسەن و قووڵەکان دەشێوێنن و بەلاڕێیاندا دەبەن، لەبەر ئەوەی ئەو نەیتوانیوە بەوردی و وەک پێویست دەری ببڕێت. ڕۆلان بارت کە بۆچوونی ئەو لەمەڕ پەیڤ لە جەمسەری پێچەوانەی بیرۆکەی پۆپەردایە، دەنووسێت: "لە قەڵەمرەوی مەعریفەدا، بۆئەوەی شتەکان ببنە ئەوەی کە هەن و بوون، پێویستمان بە جۆرێک لە هەوێنی چێژ، واتە خوێی وشەکان، دەبێت. ئەوەی مەعریفە قووڵ و بەپیت دەکات، تام و چێژی وشەکانە. لە زمانی پۆپەردا کە تەنیا بەکەڵکی کار دێت، تاموخوێی وشە لەگۆڕێدا نییە.
بەراوردکردنی پۆپەر و بارت بەسوودە، چونکە لە بواری زماندا هەر یەکەیان نوێنەرایەتیی یەکێک لەو دوو جەمسەرە دەکەن کە شایەنی سەرکۆنەکردنن، واتە بە کەم زانین و بە زۆر زانینی زمان، کە باجێکی قورسیان بۆ دراوە. پۆپەر پێی وابوو زمان گرنگ نییە؛ بارت، بەپێچەوانەی ئەو، پێی وابوو کە دواجار تەنیا زمان گرنگە، چونکە تەوەرەی دەسەڵات، یان باشتر بڵێین تەوەرەی هەر دەسەڵاتێک، زمانە. بارت وتارنووسێکی لەڕادەبەدەر بەسەلیقە بوو کە سەیری خۆی دەکرد و چێژی لێ وەردەگرت؛ خۆی دەردەخست و دیسانەوە لە دووتوێی پەیڤبێژییەک کە لەڕێگەی گەمەی سەفسەتەبێژیی درەوشاوەوە وەسفی دەکرد، لە چاوان ون دەبوویەوە. بارت بانگەشەی ئەوەی دەکرد - و بە بۆچوونی خۆی "ئەوەی دەسەلماند" - کە مرۆڤەکان خۆیان قسە ناکەن، بەڵکوو ئەوە زمانە کە لەڕێگەی ئەوانەوە قسە دەکات و، لە ئەنجامدا لە قاڵبیان دەدات و دەیانکاتە ملکەچی جۆرە دیکتاتۆرییەکی نەبینراو. بەگوتەی ئەو: "زمان نە کۆنەپەرستە، نە پێشکەوتنخوازە، بەڵکوو بەسانایی و بەڕوونی فاشیستییە ، چونکە فاشیزم بۆ قسەکردن ڕێگریمان لێ ناکات، بەڵکوو ناچارمان دەکات قسە بکەین". تەنیا دانەری بەرهەمی ئەدەبی کە لە کۆت و بەندی زمانی باو و سەقامگیر ئازاد بووبێت و زمانێکی نوێ دروست بکات، بۆ ماوەیەکی کاتی لە چنگ دیکتاتۆرییەت ڕزگاری دەبێت. بە بڕوای بارت، ئەگەری بوونی ئازادی تەنیا لە دەرەوەی کایەی زماندایە. (کەواتە، ئایا ئازادترین مرۆڤ ئەو کەسەیە کە نوقمی وەهم بێت و لەنێو خۆیدا سڕ بێت؟) کاتێک هزری بارت دەهێنینە دەرەوە و لە دەقی نووسراوە سەرنجڕاکێشەکانی جیای دەکەینەوە، ئەوشتەی لەکتوپڕ دەیبینین بەرتەسکی و ڕووکەشی و گەمەچییەتی و گاڵتەئاسابوون و زۆرجار بەتاڵبوون لە مانای هزرێکی ئەوتۆیە. بەڵام کاتێک لەنێو دەقی نووسراودا ڕووبەڕووی هزر و ڕوانینی ئەو دەبینەوە و دەبینین چۆن هزری خۆی بە پەخشانی جوان و تۆکمە و پڕوردەکاریی سەرنجڕاکێش ڕازاندووەتەوە، هەست دەکەین ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ڕاستیی قووڵ و باڵا دەبینەوە. بەڵام بە هیچ کلۆجێک وا نییە؛ ئەوەی ئێمە ڕووبەڕووی دەبینەوە، تراویلکەی جوانی پەیڤبێژییە.
ئەوە ڕاست نییە بڵێی زمان بنەمای هەر چەشنە دەسەڵاتێکە. ئەمە جگە لە سەفسەتە هیچی تر نییە. دەسەڵاتی ڕاستەقینە کوشندەیە؛ وشە بەلایەنی زۆر یان بێزارکەرە، یان درێغیهێنە، یان هەژێنەرە. پەخشانی جوان و شێوازی درەوشاوەی بارت هزری ڕووکەش و کاتیی ئەو بەبڕشت و بەشکۆ دەنوێنێت؛ بەڵام لە بابەت پۆپەر، ئەو زمان و دەربڕینەی کە هەرگیز بارتەقای ناوەڕۆک و واتای پەیامەکە باش و گونجاو نەبووە، هێزی جیهانی قووڵ و بەربڵاوی هزری ئەوی کەم کردووەتەوە. ڕاستە، بەپێچەوانەی بۆچوونی بارت، بیرۆکەکان تەنیا لە وشە دروست نابن، بەڵام ئەگەر وشە بۆ بەرجەستەکردن و گەیاندنی هزر لەئارادا نەبێت، هزر هەرگیز نابێتە ئەو شتەی کە بۆی هەیە ببێت.
لیبراڵیزمی ئەمڕۆ
کارڵ پۆپەر ساڵی ١٩٠٢ لە نەمسا لەدایک بوو و لە تەمەنی هەرزەکاریدا بوو بە شوێنکەوتووی هزری مارکسیستی. پاشان هیوای بە مارکسیزم نەما و ساڵانێکی زۆر لە پارتی سۆسیال دیموکرات بوو. بەڵام کاتێک سۆسیال دیموکراتەکان ڕێگەیان دا بیری کۆمەڵایەتی و بیرۆکەی پشتیوانی لە کۆنتڕۆڵی حکوومەت بەسەریاندا زاڵ بێت ، پۆپەر لەوانیش دابڕا. بەڵام ئەگەر سۆسیال دیموکراسی بەبێ وەهمە سۆسیالیستییەکان و "مێژووگەرایی" مارکسیستی لەبەر چاو بگیرێت، بیرکردنەوەی ئەو لەگەڵیدا ناتەبا نییە.
پارێزکاران (موحافیزەکاران) بانگەشەی ئەوە دەکەن کە پۆپەر لە ڕیزی ئەواندایە، چونکە میتۆدی هەنگاو بە هەنگاوی ئەو لەگەڵ خواستی ئەوان بۆ ئاشتکردنەوەی نەریت و مۆدێرنیتە و پەرەسەندنی هاوئاهەنگ و دوور لە ئاژاوەی کۆمەڵایەتی دەگونجێت. فیکری پۆپەر ئەوەندە پڕ و دەوڵەمەندە دەتوانێت ئاخێزگە و سەرچاوەی ئەو کانیاوانە بێت کە هەرێمی بەرفراوانی کولتوور و دیموکراسی ئاودێری دەکەن.
بەڵام بێ گومان پۆپەر لیبڕاڵە؛ فەیلەسوفێکە سەر بە قوتابخانەی پڕبەهای ئادام سمیت و جۆن ستوارت میل و بنیامین کۆنستانت و ئەلێکسی دی تۆکڤیل، کە بناغەی سیاسەتی مۆدێرن، سەرەتا لە ئەوروپا و دواتر لە سەرانسەری جیهان، لەسەر دەستی ئەوان چێ کراوە. زێدەڕەوی نییە ئەگەر بڵێین ئەوەی پتر لە هەموو شتێک پڕوپاراویی بە کولتووری ئازادی لە جیهانی ئەمڕۆدا بەخشیوە و بەڕۆژی کردووە، هزری پۆپەر و هزری کەسانی وەک لودڤیگ ڤۆن میس، فریدریش هایک و ڕامۆن ئارۆن بووە. بەڵام ئەو کەسەی کە ئاوەڵناوی "لیبراڵ"ی بەکارهێنا، گوناهێکی ئەنجام دا کە پۆپەر هەمیشە دەیویست بە هەر نرخێک بێت خۆی لێ بپارێزێت و، ئەویش تەمومژ و ناڕوونی لە قسەکردندا بوو. لە زاراوەی سیاسیی هاوچەرخدا، "لیبراڵ" ماناگەلی جیاواز و هەندێک جار دژ بەیەکی هەیە. بۆ نموونە، لە جیهانی ئەنگلۆساکسۆندا، لیبراڵ واتە کەسێکی پێشکەوتنخواز کە لایەنگری سۆسیال دیموکراسی و تەنانەت سۆسیالیزمیش بێت، بەڵام لە فەرەنسا و ئیتاڵیا و ئیسپانیا و ئەمریکای لاتین، لەنێوان لیبراڵ و پارێزکاردا کەموزۆر هیچ جیاوازییەک لەئارادا نییە. لەم وڵاتانەدا، زۆربەی ئەو حزب و سیاسەتمەدارانەی پێیان دەوترێت لیبراڵ پشتگیری لە دۆخی ئێستا دەکەن: واتە ڕژیمە فرەلایەنەکان کە لەسەر بنەمای دەستوەردانی حکوومەت لە بازاڕ و لایەنگری لە قۆرخکاری و ناسیۆنالیزمی ڕەخنەگرانە دامەزراون و ڕێک ئەوەی کە لە لیبراڵیزمی کلاسیکدا بە شتێکی باو و پەسندکراو دەهاتە هەژمار، ڕەت دەکەنەوە.
دوو قوتابخانەی گرنگ و کاریگەر لەسەر سەردەمی خۆیان کە لیبراڵیزمی کلاسیکیان بووژاندەوە- "ڕێگەی کۆیلایەتی"ی هایک و "کۆمەڵگەی کراوە و دوژمنەکانی"ی پۆپەر- کەم تا زۆر لە یەک کاتدا لە ناوەڕاستی دەیەی ١٩٤٠ بڵاو بوونەوە. بەڵام سەرەڕای ئەوەی خوێنەران لێیان بێئاگا مانەوە و، دامودەزگاگەلی فیکری و سیاسی لە ساڵانی ڕێک دوای جەنگی جیهانیی دووەمدا ئاوڕیان لێ نەدانەوە، ڕێبازی لیبراڵیزم لەگەڵ ئەم دوو قوتابخانەیە ژیایەوە و، لە سایەی ئەم ڕێبازەدا وڵاتانی ڕۆژئاوا و وڵاتێکی وەک ژاپۆن و وڵاتانی لێواری زەریای هێمن کە ئەو مۆدێلەیان پەیڕەو کرد، خۆشگوزەرانی و گەشەسەندنی ماددییان بەدەست هێنا، کە پێشتر هیچ شارستانییەتێک هیچکات بەدەستی نەهێنابوو. لەگەڵ کۆتاییهاتنی شەڕی سارد و داڕمانی ئیمپراتۆرییەتی سۆڤیەت، پێدەچێت سەردەمێکی پێکهاتوو لە ئاشتی و خۆشگوزەرانی دەستی پێکردبێت، کە لە داهاتوودا وردە وردە هەوڵەکانی هەموو گەلان نەک لەسەر چەکدارکردن، بەڵکوو لەسەر پاراستنی ژینگە و پێگەیاندنی دیموکراسی و بەبرەوکردنی کولتوور و پەرەپێدانی زانست و تەکنەلۆژیا لەپێناوی ئامانجی ئاشتیخوازانەدا چڕ دەبێتەوە.
ئایا ئەگەری وەدیهێنانی ئاسۆیەکی وا جوان لەگۆڕێدایە؟ مێژوو، لەگەڵ ڕووداوە سەرسوڕهێنەرەکانی چەند ساڵی ڕابردوو - لەوانەش شەڕی کەنداو و لێکەوتە پێشبینینەکراوەکانی - هۆشداریی پێ داوین کە وریا بین و نەکەوینە داوی گەشبینیی کەسانی وەک فرانسیس فۆکویاما، کە پێی وایە لەگەڵ دواسەرکەوتنی لیبراڵیزم لە جیهاندا، گەیشتووینەتە، بە تەعبیری هیگڵ، کۆتایی مێژوو.
هێشتا سەرکەوتنێکی هەمەلایەنەی جیهانی مسۆگەر نەبووە. لەو بەشەی جیهان کە بە جیهانی سێیەم ناسراوە، جگە لە چەند وڵاتی بە ژمارە کەمی ئاوارتە نەبێت، هێشتاش دڕندەیی حوکم دەکات و، هەموو شتێک ئاماژە بەوە دەکات جارێ بۆ ماوەیەک بەردەوام دەبێت. هەرچەندە ڕووخانی ڕژێمە کۆمۆنیستەکان لە ئەوروپای ناوەڕاست ڕووداوێکی سەرسوڕهێنەر بوو و بە قازانجی ئازادی شکایەوە، بەڵام هێشتا مەودای لەگەڵ سەرکەوتنی ڕێبازی لیبراڵیزم لەو وڵاتانەدا زۆرە. ڕاستییەکە ئەوەیە کە لە زۆرێک لەو وڵاتانەدا – بە یەکێتیی سۆڤییەت خۆیەوە - ئەمڕۆ دەبینین بەشێک لە ئەهریمەنە ناخڕەشەکانی ڕابردوو، وەک ڕادیکاڵترین و دەمارگرژترین ناسیۆنالیزمەکان و دژە جوولەکەگەرایی و بناژۆخوازیی ئاینی، سەرلەنوێ لە کەلاوەکانی کۆمۆنیزمەوە سەرهەڵدەدەنەوە.
جگە لەوەش، ڕەنگە پتەوترین بنەمای لیبراڵیزم ئەوە بێت تێێدا هەرچەشنە سەرکەوتنێکی کۆتایی ڕەت دەکرێتەوە. تەنیا ئەگەری ئەوە لەگۆڕێدایە سەرکەوتنەکان سنووردار و کاتی بن، کە ئەویش بەردەوام ڕووبەڕووی مەترسیی شکست و پاشەکشە و بەربەست دەبێتەوە. ئەگەر مێژوو پێشوەختە دیاری نەکرابێت، ئیمکانی ئەوە هەیە هەر شتێک تێیدا ڕوو بدات. مێژوو دەتوانێت بەرەو پێشەوە بڕوات یان بۆ دواوە بگەڕێتەوە. خەبات بۆ ئازادی خەباتێکی بەردەوامە لە زۆر بەرەدا. هەر شتێک هاندەری دەسەڵات بۆ سڕینەوەی ناوەندگەرایی [و لامەرکەزی] بێت باشە، لەوانە فراوانکردنی خاوەندارێتیی تایبەت و دروستکردنی بازاڕی کێبڕکێ لەبری قۆرخکاری و گواستنەوەی وەبەرهێنان و بەرپرسیارێتی لە حکوومەتەوە بۆ کەرتی تایبەت.
بەڵام هیچ کام لەمانە ئامانجی ئازادی ناپێکن ئەگەر کۆمەڵگە هاندەری هێنانەئارا و پەروەردەکردنی ڕۆحی ڕەخنەگرانە نەبێت. بەبێ ڕەخنە و ڕۆحی ڕەخنەیی، هاووڵاتییان ناتوانن ماف و دەسەڵاتەکانی خۆیان بەکار بهێنن. جێگای سەرسوڕمانە کە پێشکەوتنی سیاسەتە ئابوورییەکانی لیبراڵیزم یارمەتیدەری هاووڵاتییان نەبووە بۆئەوەی زیاتر ئاگاداری ئەو ڕۆڵە بن کە دەبێ بیگێڕن. بەپێچەوانەوە، دەرئەنجامی نەمانی ویژدانی هاووڵاتی و تەشەنەسەندنی دیاردەی بایخنەدانی گەنجان بە ژیانی گشتی و پشتکردنی تەواو لە کۆمەڵگەی مەدەنی، بە قازانجی ئەو چینە سیاسییە بچووکەی کە بەرپرسی پرسگەلی گەورەی کۆمەڵایەتییە تەواو بووە. بەرهەمی ئەو هەموو پێشکەوتە ماددییانە و چەسپاندنی دیموکراسی لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژئاوادا، ئەگەر نەڵێین ڕق و سووکایەتیکردن بەرامبەر بە جیهانی سیاسەت، لانیکەم جۆرێک لە هاوڕابوونی گشتی لەگەڵ جەماوەردا بووە. پەیوەندیی جەماوەری لەبری ورووژاندنی وزەی خەیاڵکردن و داهێنان و ڕوانینی ڕەخنەگرانە، بووەتە هۆی لاوازبوونیان و، سەرڕێژبوونی بەرچاوی بەرهەمە شێوە-کولتوورییەکانی لێ کەوتووەتەوە و، ئەم بەرهەمە درۆینانە ژیانی کولتوورییان گەیاندووەتە ئاستی چەقبەستوویی و گەندەڵی و وێرانی.
ئایا ئەم ڕاستییە چاوەڕواننەکراوە باشترین سەلمێنەری ئەو تیۆرییەی پۆپەر نییە کە دەڵێت، ڕەنگە ئازادی تەنانەت لە دڵی ئەو قەڵایەشدا کە پێدەچێت پتەوترین قەڵا بێت لە مەترسیدا بێت؟ لە داهاتوویەکی نزیکدا، نەیاری ئازادی لە وڵاتانی دیموکراتیکدا، ئایدۆلۆژیاگەلی تۆتالیتاریی بەرەو لەناوچوون و هەڵوەشانەوە نابێت، بەڵکوو کۆمەڵێک دوژمنی فریودەر و تەڵەکەبازن کە تێکشکاندنیان زۆر زۆر ئەستەمە: لەنێوانیاندا خەمباری و وەڕەزی، خەمۆکی و بێزاری، کەموکوڕییە مەعنەوی و کولتوورییەکان، هەوەسبازی و سەرسەریبوون، پۆپۆلیزم و، ڕەوتی یەکشێوە و شەکەتیهێنی ژیانی ڕۆژانە کە سوودمەندانی ئازادی تێیدا گیریان خواردووە.
سەرچاوە:
https://www.nas.org/academic-questions/5/1/the_importance_of_karl_popper
Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved