سەرەتایەک
سەرجەم ژانرە ئەدەبییەکان، بەتایبەتی شیعرو چیرۆک و ڕۆمان و شانۆنامە، لە پەیوەندییەکی بەردەوامدان لەگەڵ یەکدیدا. ئەگەرچی لەسەرەتادا هێڵێکی پان و ئەستوور لەنێوانیادا هەبوو، بەجۆرێک، ئەگەر بچوونایە نێو سنووری یەکدییەوە، بە خەوش دادەنرا، بەڵام دواتر و لەگەڵ پێشکەوتنی ڕەوتی ڕەخنەی ئەدەبی و فرەبوونی میتۆدەکاندا، سنووری نێوان ژانرە ئەدەبییەکان بچووکتر بووەوە. ئیدی ژانرەکان تێکەڵ دەبوون و ژانری دیکەیان بەرهەم دەهێنا، بۆ نموونە لە ئەنجامی تێکەڵبوونی شیعر و پەخشان لەدواییدا ژانرێکی سەربەخۆ لەدایک دەبێت پێی دەگوترێت "پەخشانەشیعر"، یان چیرۆک و ڕۆمان ئاوێزانی یەکدی دەبن و "نۆڤلێت" بەرهەم دەهێنن، شانۆنامە و چیرۆک دەچنە نێو یەکدی و "شانۆی گێڕانەوەیی" یان "تێکستی درامی" دروست دەکەن. بەهەمان شێوە، ڕۆمان و بیرەوەری تێکەڵاوی یەکدی دەبن و "ڕۆمانبیرەوەری" یان "ڕۆمانی بیرەوەریئامێز" و "بیرەوەریی ڕۆمانئامێز" بەرهەم دەهێنن...هتد، بۆچی؟ چونکە چەندین ڕەگەز و تەکنیکی هونەری هەن، لەنێوان ژانرەکاندا هاوبەشن، بۆ نموونە: گێڕانەوە، ڕووداو، ڕیتم، چیرۆکبێژ، دیالۆگ و کەسێتی، ئەمەش وا دەکات بۆی هەبێت پتر لە ژانرێک ئاوێزانی یەکدی بن و تێکستی فرەژانر بخوڵقێنن، کە هەندێک لە ڕەخنەگران ئەم چەشنە ئاوێزانبوونەی ژانرەکان بە"تێکستی کراوە" ناو دەبەن.
گێڕانەوەی هونەری
زانستێکی تایبەت بە گێڕانەوە هەیە پێی دەوگوترێت گێڕانەوەناسی Narratology کە لە سروشت و شێوە و وەزیفەی گێڕانەوە دەکۆڵێتەوە و، هەوڵ دەدات سیمای هاوبەش و هەروەها خاڵی جیاواز لەنێوان هەموو فۆرم و شێوازەکانی گێڕانەوەدا بدۆزێتەوە. ئێمە لێرەدا لە دوو شێوازی گێڕانەوە دەدوێین: ڕۆمان و بایۆگرافی، یان ڕۆمان و بیرەوەری.
گێڕانەوە تەنیا لەسەر ئەو تێکستە ئەدەبییانە ناوەستێت کە بەشێوەیەکی تەقلیدی گێڕانەوەیان تێدا هەیە، وەک چیرۆک و ڕۆمان، بەڵکوو دەچێتە نێو چەندین کاری هونەری و فۆرمی دیکە، لەوانە شیعر و شانۆنامە و نووسینەوەی بیرەوەری.
گێرانەوەناسی (ناراتۆلۆجی)، لە سروشت و شێوە و وەزیفەی گێڕانەوە دەكۆڵێتەوە، هەروەها هەوڵ دەدات سیمای هاوبەش و هاوكات خاڵی جیاواز لەنێوان هەموو چەشن و فۆرمەكانی گێڕانەوەدا بدۆزێتەوە. یەکەم جار ڕەخنەگری فەرەنسیی بە ڕەچەڵەک بولگاری تزڤیتیان تۆدۆرۆڤ ئەم زاراوەیەی بەکار هێناوە.
ڕۆمان
ڕۆمان بریتییە لە گێڕانەوەیەكی چیرۆكئامێزی دوورودرێژ، لە میانی چیرۆكبێژێكەوە یان پتر لە چیرۆکبێژێک، وێنەی ژیانی كەسێتییەكان لە چەندین ڕوودا و لە چەندین شوێن و كاتی بەریندا، دەردەخات. زۆر جار خەیاڵ ڕۆڵی لە داڕشتنی ڕووداوەكاندا هەیە. لە ڕۆماندا چەند ڕەگەزێكی گرنگ كۆدەبێتەوە، لەوانە: ڕووداو، كەسێتیی سەرەكی، شوێن، كات، چیرۆكبێژ (یان گێڕەرەوە)، گێڕانەوە، بۆگێڕەوە، خەیاڵ، وەسف، دیالۆگ، مۆنۆلۆگ، گۆشەنیگا.
ڕۆمان و بیرەوەری لە هەندێ ڕەگەزی تەکنیکەکانی گێڕانەوەدا هاوبەشن و لە هەندێکی دیکەدا جیاوازن. ئەو ڕەگەزانەی لە سەرەوە ناوم بردن، هەموویان لە ڕۆماندا هەن، بەڵام هەموویان لە بیرەوەریدا نین. بۆ نموونە، خەیاڵ و دیالۆگ و وەسف و بۆگێڕەوە، زۆر جار لە بیرەوەریدا بوونیان نییە.
بیرەوەری
بەڵام بیرەوەری (بایۆگرافی) بریتییە لە یاداشت و بەسەرهات و سەرگوزەشتە، یان سەربوردەی ژیان، کە بەمانای گێڕانەوەی بەسەرهاتی ژیانی کەسێتییەک دێت. لەڕاستیدا، ئەم شێوازە لە نووسین فۆرمێک بووە لە نووسینی ڕۆمان، هەروەک فۆرمێکیش بووە لە نووسینەووەی مێژوو. لێرەدا جۆرێکی دیکە لە بیرەوەری هەیە کە پێی دەگوترێت (ئۆتۆبایۆگرافی)، ئەمەیان بریتییە لە نووسینەوەی ئەزموونی ژیانی کەسێتییەک لەلایەن نووسەر خۆیەوە، واتە نووسەرەکە خۆی بیرەوەرییەکانی ژیانی خۆی دەنووسێتەوە. ئەم چەشنە لە بیرەوەری گرنگتر و ڕاستەوخۆترە، لە هەردوو حاڵەتەکەدا، واتە لە دۆخی نووسینی بایۆگرافی و ئۆتۆبایۆگرافیدا، تێکستەکە هەم پەیوەندیی بە مێژووەوە هەیە، هەم پەیوەندیی بە ڕۆمانەوە هەیە. ڕاستە نووسەری بایۆگرافی ئەرکی مێژوونووس جێبەجێ ناکات لە سنوورێکی دیاریکراودا نەبێت، کە پەیوەستە بە واقیع و دۆکیومێنتەوە، بەڵام نووسەری بایۆگرافی لە بنەڕەتدا گرنگی بە واقیعێکی مێژوویی/بابەتی دەدات، بۆیە لەنێوان ڕۆمان و مێژوو، ڕۆماننووس و مێژوونووسدا دەوەستێت، لەلایەک تەکنیکەکانی ڕۆمان بۆ نووسینەوەی بایۆگرافییەکەی بەکاردەهێنێت، لەلایەکی دیکە دۆکیومێنتی مێژوویی.
پێویستە نووسەری بیرەوەری، بوێری و ڕاستگۆیی زۆری تێدا بێت، بوێری و راستگۆییش لە نووسینەوەی بیرەوەریدا، کێشەیە، چونکە لە ڕۆژهەڵاتدا کەم نووسەر هەیە بتوانێت بەبێ ترس و سانسۆر بیرەوەرییەکانی خۆی بنووسێتەوە، مەبەستم ترسی سایکۆلۆجی و سانسۆری کۆمەڵایەتییە. دیسان پێویستە نووسەری بیرەوەری هەموو لایەنەکانی ژیانی خۆی بگێڕێتەوە نەک تەنیا لایەنی ئەرێیی، چونکە ئەگەر تەنیا لایەنی پۆزەتیڤی خۆی بگێڕێتەوە، ئەوا لێرەدا نووسەر لە هەموو بوارەکاندا وەکو پاڵەوانێکی بێهەڵە و سوپەرمان دەردەکەوێت، پێویستە لایەنی نەرێیی و ئەزموونی شکستەکانیشی بگێڕێتەوە، بەو پێیەی هەموو مرۆڤێک لەپاش شکست و نووچدانەکانییەوە دەگاتە پایەکانی داهێنان و سەرکەوتن.
لێرەدا چەندین پێشمەرج هەن پێویستە لە نووسەری بایۆگرافیدا هەبن، دەشێت گرنگترینیان ئەمانەی خوارەوە بن:
١_ یادوەرییەکی بەهێز، واتە یەکەمجار یادوەری (زاکیرە) دێتە پێشەوە و دەبێت بە یارمەتیدەری نووسینەوەی ئۆتۆبایۆگرافی. بەڵام ئەمە بەس نییە، چونکە یادوەری بە ئەندازەیەکی زۆر پشتی پێ نابەسترێت، بەهۆی ئەوەی یادوەری بە تێپەڕبوونی ڕۆژگار کاڵ دەبێتەوە و ڕووداوەکان بیر دەچنەوە.
٢_ گفتوگۆ و کۆکردنەوەی زانیاری لەگەڵ دایک و باوک و خوشک و برا، خاڵ و مام و ئامۆزاکان، هاوڕێی دێرین، ئەوانەی لەقۆناغێکی گرنگی ژیانی نووسەردا لە ڕووداوەکاندا هاوبەش بوون.
٣_ دەفتەری تیانووسی ڕۆژانە و یاداشتی ڕۆژانە، واتە ئەو دەفتەرانەی ڕۆژانە تێبینی و بیرەوەریی سادە و گرنگ و ڕووداوەکانی تێدا تۆمار کردووە، دەشێت ئەو دەفتەرانە بگەنە هەزاران لاپەڕە، لەوانەیە تەنیا سوود لە چەند سەد لاپەڕەیەک وەربگرێت.
٤_ ئەلبومی وێنەی کۆن، بەتایبەتی ئەو فۆتۆیانەی لە پشتییەوە زانیارییان تێدا تۆمار کراوە.
٥_ خوێندنەوەی هەندێ لەو سەرچاوە مێژووییانەی نووسەر لەنێو ڕووداوەکانیدا ژیاوە.
٦_ خوێندنەوەی چەندین بیرەوەریی دیکە، بەتایبەتی ئەوانەی نووسەر یان سیاسەتمەدار بوون و پەیوەندیی هاوڕێیەتیی لەگەڵیاندا هەبووە.
٧_ شارەزایی و ئەزموون لە نووسین و لە تەکنیکە هونەرییەکانی گێڕانەوە.
بیرەوەری لە ئەدەبی کوردیدا
بیرەوەری لە ئەدەبی کوردیدا مێژوویەکی تازەی هەیە. سەرەتاکانی نووسینەوەی بیرەوەری دەگەڕێتەوە بۆ نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم، سەردەمی سەرهەڵدانی بیری ناسیونالیزم و ڕێکخراو و پارت و بزووتنەوە کوردییەکان. دەشێت لەم ئاستەدا دوو نموونەمان لەبەردەستدا بێت کە تا ئەندازەیەک هونەری گێڕانەوەیان ڕەچاو کردووە؛ ئەوانیش بریتین لە: (یاداشتەکان)ی ڕەفیق حیلمی و (چیم دی)ی ئەحمەد خواجە. دەبێت بڵێم دوای ئەو دوو بیرەوەرییە، خامۆشییەکی تەواو لە نووسینەوەی بیرەوەریدا دەبینرێت؛ وابزانم بەدرێژایی نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم تا دوای ڕاپەڕین هیچ بیرەوەرییەک چاپ نەکراوە. دوای ڕاپەڕین ژمارەیەکی زۆر لە یاداشت و بیرەوەری چاپ و بڵاو دەکرێنەوە کە بەپێی ئامارێکی د.موحسین ئەحمەد عومەر، ژمارەی بیرەوەری و یاداشت و سەرگوزەشتە، تا ساڵی ٢٠١٤، دەگاتە پتر لە ٨٠ تێکستی بیرەوەری. بێ گومان ئێستا، کە ئێمە لە ساڵی ٢٠٢٤ داین، زۆر لەوەش زیاترە. (بڕوانە: ئۆتۆبیۆگرافی و بیۆگرافی وەک ژانرێکی نوێ لە ئەدەبی کوردیدا_ لە کتێبی: وێنا و ئایدیا_ د.موحسین ئەحمەد عومەر).
نموونەی ڕۆمان_بیرەوەری
ئەم جۆرە تێکستە تا ئەندازەیەکی زۆر ڕۆماننووسان دەینووسنەوە، بۆ نموونە بڕوانە تێکستە نایابەکەی گابرێل گارسیا مارکیز بە ناونیشانی"ژیام بۆئەوەی بگێڕمەوە". ئەم تێکستە بیرەوەرییە بەڵام دەڵێی ڕۆمان دەخوێنیتەوە، یان ئەوانەی شاعیران و ئەدیبان دایدەرێژن، بۆ نموونە، "الایام_ ڕۆژگارەکان"ی نووسەری میسری تەها حسێن جۆرێکە لە بیۆگرافیا و ئۆتۆبیۆگرافی، هەروەها جۆرێکیشە لە ڕۆمان. لەڕاستیدا، گێڕانەوە لەم کارەدا دابەش بووە لەنێوان ڕۆمان و بیرەوەریدا، چیرۆکبێژەکە تەها حسێنە، کارەکتەرە سەرەکییەکە کەسێکە ناوی تەهایە، ئەویش هەر تەها حسێنە، بەڵام بە ڕاناوی کەسی دووەم (ئەو) نووسیویەتی، بە بوێری و ڕاستگۆییەوە ڕووداوەکانی ژیانی خۆی دەگێڕێتەوە. ئەم تێکستەی تەها حسێن لەڕووی گێڕانەوەی هونەرییەوە پتر لە ڕۆمان نزیک دەبێتەوە وەک لە بیرەوەری، کەچی ناوەڕۆکەکەی سەرتاپا بریتییە لە بیرەوەریی خۆی.
ڕۆمانی "نانی رووت" (الخبز الحافی)ی نووسەری مەغریبی محمەد شوکری، هەروەها بەشی دووەمی بە ناونیشانی (زەمەنی هەڵەکان)، بریتییە لە فۆرمێکی ئاشکرا لە بیرەوەری، بەڵام هاوکات دەچێتە نێو ژانری ڕۆمانیشەوە، چونکە وەکوو ڕۆمان نوسیویەتی و هەموو تەکنیکەکانی ڕۆمانی بەکارهێناوە، واتە بە ئەندازەیەکی زۆر ڕەچاوی لایەنی هونەریی کردووە، ئەم ڕۆمان_بیرەوەرییەی محەمەد شوکری پڕە لە بوێری و ڕاستگۆیی، بەدەگمەن لە ئەدەبیاتی عەرەبی و خۆرهەڵاتیدا بیرەوەریی لەو چەشنە هەیە کە نووسەر ڕاستەوخۆ و بەبێ ترس و سانسۆر، باسی لایەنە ناشیرین و نێگەتیڤەکانی ژیانی خۆیشی دەکات.
ڕۆمانی "کاتژمێر بیست و پێنج"ی ڕۆماننووسی ڕۆمانی کۆنستانتین جۆرجیۆ، کە خۆی لەنێو ڕووداوەکانی جەنگی دووەمی جیهانیدا ژیاوە و ئاگاداری ململانێکانی نێوان ڕژێمە تۆتالیتارەکانی وەک فاشیزم و نازیزم و ستالینیزم بوو، بۆیە دەشێت ئەم ڕۆمانە بە ڕۆمانی ئۆتۆبایۆگرافی لەقەڵەم بدرێت.
لە ئەزمونێکی دیکەدا، شاعیر و ڕۆماننوسی عێراقی فازل عەزاوی، لە تێکستی "الرائي في العتمة" (ڕێبینێک لە تاریکیدا)، دیسان ڕۆمانێکی نووسیوە بەڵام باسی ژیانی خۆی دەکات، بەشێکی تەرخان کردووە بۆ بیرەوەرییەکانی خۆی لەنێو "گرووپی کەرکووک" و چۆن لە بەغداوە دەچێتە دیمەشق و پاشان بۆ ئەڵمانیا...هتد، ناوی نەناوە بیرەوری و ناویشی نەناوە ڕۆمان، بەڵکو لەبریی ژانرێکی ئەدەبی، ناوی ناوە گەواهی (شهادە).
سێینەکەی زوهدی داوودی، "دۆڵی کوفران" کە بریتییە لە: "درێژترین ساڵ، زەمەنی هەڵاتن، گۆڕانکارییەکان"، بەتەواوی بریتییە لە مێژووی ژیانی خۆی و بنەماڵەکەی، لەڕاستیدا هەموو سێینەیەک، کە لە زاراوە ڕەخنەییەکەیدا پێی دەگوترێت "تریلۆگی"، بریتییە لە گێڕانەوەی مێژووی ژیانی بنەماڵەیەک لە سێ قۆناغی جیادا و لە سێ نەوەی جیاوازدا، (لەگەڵ سیروان ڕەحیم کتێبێکی هاوبەشمان لەسەر زوهدی داوودی هەیە بە ناونیشانی "سروەیەکی گەرم" و من بەشێکم تەرخان کردووە بۆ ئەم لایەنە).
هەروەها بڕوانە سێینەکەی نەجیب مەحفوز: "قصر الشوق، ما بين القصرين، السكرية"، ئینجا "اولاد حارتنا" و "اصداء السیرە الذاتية"، کە سەرجەمیان گێرانەوەی بیرەوەری ئامێزن بەشێوازی چیرۆک و ڕۆمان نووسیونی، کەسایەتیی "کەمال" لە سێینەکەی نەجیب مەحفوزدا، وەک خۆی دانی پێدا دەنێ، ڕەنگدانەوەی کەسێتیی نەجیب مەحفوز خۆیەتی، کەشوهەوای سیاسی و کۆمەڵایەتیی میسر لە سییەکان و چلەکاندا لە بایۆگرافیی نەجیب مەحفوزدا، بەئاشکرا لە سێینەکەیدا دەردەکەوێت.
ڕۆمانی "شار"ی حسێن عارف، بەشێکی زۆری بریتییە لە بایۆگرافیی خۆی لەناو حزبی شیوعیدا؛ ڕۆمانی "خانەقای میرزا"ی میران ئەبراهام، هەم ڕۆمانێکی مێژووییە و هەم ڕۆمانێکی بایۆگرافییە سەبارەت بە گێڕانەوەی بزووتنەوە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکانی شاری سلێمانی لە چەند دەیەیەکدا.
ڕۆمانی "کێ سالە شێتی کوشت"ی عەلی کەریم، هەم ڕۆمانە و هەم بایۆگرافیی شارێک. ڕاستە ئەم ڕۆمانە پتر لە خەیاڵی نووسەرەوە سەرچاوەی گرتووە، بەڵام تا ئەندازەیەکی زۆر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی شاری سلێمانی، لە ساڵانی سییەکان و چلەکانی سەدەی بیستەمدا، دەگێڕێتەوە.
بۆگێڕەوە
بۆگێڕەوە ڕەگەزێکی دیکەیە لە ڕەگەزەکانی گێڕانەوە، بە عەرەبی (المروي له)، یان (المسرود له)، لە چیرۆك و ڕۆماندا ئەو كەسە نادیار و بێدەنگەیە كە چیرۆكەكەی بۆ دەگێڕدرێتەوە، كە دەكاتە گوێگر، یان خوێنەر، یان خوێنەری ناوەكی. ڕەخنەگری فەرەنسی جیراڵد پرێنس لە سەرەتای حەفتاكانی سەدەی بیستەمدا ئەم زاراوەیەی داهێناوە و وەك ڕەگەزێكی گرنگ لە ڕەگەزەكانی چیرۆك و ڕۆمان ناساندوویەتی؛ لە سەرەتای هەشتاكانیشەوە بوو بە یەكێك لە زاراوەكانی ڕەخنەی ئەدەبیی گێڕانەوەیی. لەڕاستیدا، بۆگێرەوە بریتییە لە خودی خوێنەر، ئەمە بەڕوونی هەم لە ڕۆمان و هەم لە بیرەوەریدا هەیە، بەڵام جاری واهەیە لە ڕۆماندا بۆگێڕەوە لەنێو تێکستەکەدا وەکوو کارەکتەرێک بوونی هەیە، کەچی ئەمە لە بیرەوەریدا نییە، چونکە نووسەری بیرەوەری ڕاستەوخۆ بۆ خوێنەر دەدوێت.
هەندێ جار بۆگێڕەوە نادیارە، واتە قسە ناكات و تەنها گوێ دەگرێت، هەندێ جاری دیش بەشدارە لە پێكهاتەی گێڕانەوەكەدا، لە شێوە دیارەكەیدا جیراڵد پرێنس نموونەی "هەزار و یەك شەو" دەهێنێتەوە، شەهرەیار دەكات بە بۆگێڕەوە و شەهرەزادیش بە چیرۆكبێژ. بەڵام لە نووسینەوەی بیرەوەریدا بۆگێڕەوە لەنێو تێکستەکەدا بوونی نییە.
چیرۆکبێژ
لە ڕۆمان و بیرەوەریدا چیرۆکبێژ (یان گێڕەڕەوە_ الراوی) هەیە، چیرۆكبێژ ئەو كەسەیە كە ڕووداوەكان دەگێڕێتەوە، ئەم ڕەگەزەی گێڕانەوە هەم لە ڕۆمان و هەم لە بیرەوەریدا هاوبەشە، چیرۆکبێژ لە بیرەوەریدا واقعییە، بەڵام لە ڕۆماندا خەیاڵییە، لە ڕۆماندا دەشێت زیاد لە چیرۆکبێژێک هەبێت.
چیرۆکبێژ لە پرۆسەی گێڕانەوەدا كەسێكە ڕووداو و بەسەرهاتەكان دەگێڕێتەوە، یان بە شێوەیەكی زارەكی یان لە میانی نووسراودا، یاخود لەمیانی كتێبێكەوە بەسەرهاتەکان دەگێڕێتەوە. دەشێت چیرۆكبێژ خۆی كەسێتییەكی سەرەكی بێت لە ڕۆماندا و بەسەرهاتەكانی خۆی بگێڕێتەوە، هەندێ جاری دیش لە دەرەوەی ڕووداوەكاندایە، یان ڕووداوەكەی بینیوە و بە بێلایەنی دەیگێڕێتەوە. دەبێت چیرۆكبێژ بەتەواوی جیاواز بێت لە نووسەر، کەچی لە بیرەوەریدا تەنیا یەک چیرۆکبێژ هەیە، ئەویش نووسەر خۆیەتی.
گرنگترین خاڵی هاوبەشی نێوان ڕۆمان و بیرەوەری بریتییە لە "گێڕانەوە"، پاشان تەکنیکە هونەرییەکانی دیکەی گێڕانەوە، وەک: ڕووداو، کارەکتەری سەرەکی، دیالۆگ.
خاڵە جیاوازەکانی نێوان ڕۆمان و بیرەوەری
من لێرەدا پێنج خاڵی جیاوازی نێوان ڕۆمان و بیرەوەریم دەستنیشان کردووە، مەرج نییە تەنیا ئەم پێنج خاڵە هەبن، مەرجیش نییە ئەمانە هەمیشە جیاوازی بن، دەشێت بیرەوەری سوود لە تەکنیکی دیکەی ڕۆمان وەربگرێت، لەوانە ئەو تەکنیکانەی من لێرەدا خستوومنەتە پاڵ ڕۆمانەوە کە لە بیرەوەریدا نین یان زۆر کەمن، بۆ نموونە وەسف، یان کەسێتیی سەرەکی. بۆی هەیە بیرەوەری ئەم تەکنیکانەیشی تێدا بێت، یان کەسێتیی دیکە لەتەک خۆیدا بکات بە کەسێتیی سەرەکی، لەم حاڵەتەشدا جیاوازییەکانی نێوان بیرەوەری و ڕۆمان کەم دەبنەوە.
دەرئەنجام
_ ڕۆمان و بیرەوەری دوو ژانری ئەدەبیی سەربەخۆن و سەر بە خێزانی گێڕانەوەن، خاڵی هاوبەشیان لەنێواندا زۆرە، بەتایبەتی لەڕووی تەکنیکەکانی گێڕانەوەوە، هەر وەکوو خاڵی جیاوازیشیان لەنێواندا هەیە.
_ یەکەمین خاڵی جیابوونەوەیان بریتییە لەوەی ڕۆمان کارێکی هونەرییە و پشت بە خەیاڵ دەبەستێت، کەچی بیرەوەری، کە ئەویش کارێکی هونەرییە، پتر پشت بە واقیع و ڕووداوی ڕاستەقینە دەبەستێت.
_ ڕۆمان بە ڕاناوی جیاجیا ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە، بەڵام بیرەوەری تەنیا بە ڕاناوی "من" بەسەرهاتەکان دەگێڕێتەوە.
سەرچاوەکان:
Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved