(بەشی یەکەم)
پێشەكی
سه‌رهه‌ڵدانی ڕێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق و شام (داعش) وه‌رچه‌رخانێكی گرنگ بوو له په‌یوه‌ندیی نێوان ویلایه‌ته یه‌گگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و هه‌رێمی كوردستان-عێراق. بۆ یه‌كه‌م جار بوو ڕێكخراوێكی تیرۆریستی پانتاییه‌كی فراوان له خاكی دوو وڵات داگیر بكات و بانگه‌شه‌ی دامه‌زراندنی خیلافه‌ت بكات و ببێت به هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جددی له‌سه‌ر ئاسایشی ناوچه‌كه و جیهان.
بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌كانی خیلافه‌ته‌كه‌ی داعش، ئه‌مریكا په‌یڕه‌وی له ستراتیجی نه‌بوونی سه‌رباز له‌سه‌ر زه‌وی (no boots on the ground) كرد، کە تێیدا له‌جیاتی به‌شداریكردنی هێزه زه‌مینییه‌كانی له هێڵه‌كانی پێشه‌وه‌ی جه‌نگ، جه‌ختی كرده سه‌ر هاوبه‌شه خۆجێیه‌كان (Local Partners) له تێكشكاندن و به‌رگرتن له هه‌ڕه‌شه‌كانی ڕێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی. له وه‌دیهێنانی ئه‌م ئامانجه‌شدا، پێشمه‌رگه بوو به هاوبه‌شێكی متمانه‌پێكراوی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان و هاوپه‌یمانه ئه‌وروپییه‌كانی و، ڕۆڵێكی كاریگه‌ری بینی له به‌گژداچوونه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسییه بێ پێشینانه‌ی له خیلافه‌ته‌كه‌ی داعشه‌وه سه‌رچاوه‌ی ده‌گرت.
بوونی هێزی پێشمه‌رگه وه‌ك هاوبه‌شێكی جێگه‌ی متمانه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له هه‌ڵمه‌تی تێكشكاندنی خیلافه‌ته‌كه‌ی داعش، وای كرد هه‌رێمی كوردستان وه‌ك ئه‌كته‌رێكی ناده‌وڵه‌تی ڕۆڵی گرنگ له هاوكێشه ئاسایشییه‌كانی عێراق و ته‌نانه‌ت هه‌ندێك ئاستی هه‌رێمییش ببینێت. پشتبه‌ستن به هێزی پێشمه‌رگه ئه‌و وێنه‌یه‌ی له تێڕوانینی به‌رپرسانی واشنتۆن به‌هێزتر كرد كه ده‌كرێت وه‌ك هاوبه‌شێكی خۆجێی و متمانه‌پێكراو، هاوكاری و پشتگیری بكرێت، تاكوو پارێزه‌ری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكاش بێت له ناوچه‌كه‌دا.
له لایه‌كی دیكه‌وه، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆریزم ته‌نیا خاڵی هاوبه‌شی نێوان كورد و ئه‌مریكا نییه، به‌ڵكوو چه‌ندان به‌های (Values) هاوبه‌شی وه‌ك پێكه‌وه ژیان، لێبورده‌یی و فره‌یی وایان كردووه كورد هاوبه‌شی ئه‌مریكا بێت له ناوچه‌كه‌دا. مامه‌ڵه كردن له‌گه‌ڵ كورد به‌شێك بووه له ستراتیجی ئیداره‌كانی كۆشكی سپی، به‌تایبه‌ت دوای سه‌رهه‌ڵدانی داعش كه هه‌ردوو سوپای عێراق و سووریا دوچاری شكستێكی گه‌وره بوون له‌به‌رده‌م پێشڕه‌وییه‌كانی ڕێكخراوه‌كه‌دا. لێره‌وه بوونی پێشمه‌رگه وه‌ك هێزی شه‌ڕكه‌ر له مه‌یدان، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكای برده قۆناغێكی پێشكه‌وتووتره‌وه.
به‌شی یه‌كه‌م:
ئادگاری نوێی تیرۆر و ستراتیجی سه‌ربازیی ئه‌مریكا
ڕووداوه‌كانی یازده‌ی سێپتەمبەر گۆڕانێكی دراماتیكی بوو له شێواز و ئامانجه‌كانی تیرۆریزم. به ئامانجگرتنی سیمبول و شكۆی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئابووریی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان، شۆكێكی گه‌وره بوو بۆ زلهێزێك كه بڕیارده‌ری یه‌كه‌می دونیا بوو. ئه‌گه‌ر تا ئه‌و كاته تیرۆریزم هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بووبێت له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كان، به‌ڵام ئیتر مه‌ترسییه له‌سه‌ر ئاسایش و بوونی ئه‌مریكییه‌كان سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی سیسته‌مێكی ئاسایشی به‌هێز.
ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆریزمی نوێ، وای له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كرد سه‌رله‌نوێ ستراتیجی سه‌ربازیی به‌جۆڕێكی جیاواز له‌پێشتر دابڕێژێته‌وه كه ته‌كه‌سی ده‌كرده سه‌ر گه‌مارۆدان و به‌رپه‌رچدانه‌وه، به‌ڵكوو هێرشبردن و له‌ناوبردنی سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كان بوو به ئامانجی سه‌ره‌كیی ستراتیجی نوێی سه‌ربازیی ئه‌مریكا.
هێرش كردنه سه‌ر هه‌ردوو وڵاتی ئه‌فغانستان و عێراق و داگیركردنیان له‌لایه‌ن ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانه‌وه، سنووره‌كانی جه‌نگی تیرۆریزمی فراوانتر كرد. زه‌لكاوی جه‌نگه ناكۆتاكان، ئه‌مریكای دوچاری به‌فیڕۆچوونێكی ماددی و مرۆیی گه‌وره كرده‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر پێگه و هه‌ژموونی واشنتۆن له ئاستی جیهاندا هه‌بوو.
باسی یه‌كه‌م: ڕۆڵی ئه‌كته‌ره ناده‌وڵه‌تییه‌كان له سیاسه‌تی زلهێزه‌كاندا
به‌كارهێنانی ئه‌كته‌ره ناده‌وڵه‌تییه‌كان له‌لایه‌ن زلهێزه‌كانه‌وه له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و تێگه‌یشتنه‌یه كه ده‌كرێت ده‌وڵه‌ت به‌بێ ئاماده‌یی خۆی له ناوچه‌ی ململانێ یا له جوگرافیایه‌كی دیاریكراودا، هێز یاخود گرووپی دیكه نوێنه‌رایه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی یان شه‌ڕ بۆ به‌دیهێنانی بكه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی له شه‌ڕی به وه‌كاله‌تدا (Proxy War) خۆی مانفێست ده‌كات. له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ئه‌كته‌ره ناده‌وڵه‌تییه‌كان ڕۆڵی گه‌وره‌یان هه‌یه بەتایبه‌ت ڕێكخراوه ئاینییه توندڕه‌وه‌كانی وه‌ك، ڕێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی، ڕێكخراوی ئیخوان موسلمین، حیزبوڵڵای لوبنانی، حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن...هتد. به هۆی پەیوه‌ندیی ئه‌م ئه‌كته‌ره ناده‌وڵه‌تییانه به ده‌وڵه‌تانی دیكه‌وه وای كردووه وه‌ك ئامرازی نوێی جێبه‌جێكردنی ئه‌جێندای ئه‌و وڵاتانه ده‌ربكه‌ون كه نوێنه‌رایه‌تییان ده‌كه‌ن.
له‌باره‌ی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئاڵنگاری و مه‌ترسییه‌كانی ڕێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی، هه‌ردوو تیۆرسێنی نیوڕیالیزم، جۆن میرشایمه‌رJohn Mearsheimer) ) و ستیڤن واڵت ((Stephen Walt پێیان وایه ده‌بێت ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ئه‌ركه‌كه بۆ هێزه خۆجێییه‌كان جێ بهێڵێت، تاكوو مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م گرووپه بكه‌ن. هه‌وڵه‌كانی خۆی ته‌نیا له ڕێگه‌ی دابینكردنی چه‌ك، هاوكاریی هه‌واڵگری و ڕاهێنانی سه‌ربازیی كورت بكاته‌وه (وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و سووریای دیموكرات ئه‌نجامی ده‌دات.) داعش مه‌ترسییه‌كی جددییه، به‌ڵام بۆ ئه‌مریكا كێشه‌یه‌كی بچووكه، ته‌نیا چاره‌سه‌ر له بۆ له‌ناوبردنی ئه‌و كێشه‌یه له مه‌ودای دووردا، دامه‌زراندنی داموده‌زگای ناوچه‌یی تۆكمه‌یه، ئه‌مه‌ش له توانای ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان به‌ده‌ره.
میرشایمه‌ر ده‌ڵێت: "سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا هۆكاری سه‌ره‌كیی بوونی كێشه‌ی تیرۆره له وڵات‌دا." چونكه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ڕێگه‌ی ده‌ستتێوه‌ردانه سه‌ربازییه‌كانی له وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بووه‌ته هۆی زیاتر به‌هێزبوونی توانایی و دیسكۆرسی تیرۆر. به باوه‌ڕی میرشایمه‌ر و واڵت، دوای جه‌نگی كه‌نداو پێویست بوو ئه‌مریكا له‌و ناوچه‌یه بكشێته‌وه و ڕێگه بدات عێراق و ئێران یه‌كتر هاوسه‌نگ بكه‌ن. له‌ڕاستیدا، ئیداره‌ی سه‌رۆك كلینتۆن(Bill Clinton 1993-2001) سیاسه‌تی ده‌وره‌دانی دولایه‌نەی (Dual Containment) په‌یڕه‌و كرد كه فۆكه‌سی ده‌كرده سه‌ر مانه‌وه‌ی هێزه زه‌مینی و ئاسمانییه‌كانی ئه‌مریكا له سعوودیه بۆ چاودێریكردنی عێراق و ئێران له یه‌ك كاتدا. به‌ڵام ئیداره‌ی سه‌رۆك بۆشی كوڕ ((George W. Bush 2001-2009 ستراتیجیی گۆڕانی هه‌رێمی (Regional Transformation) جێبه‌جێ كرد، کە به‌ره‌نجامه‌كه‌ی زیان و شكستێكی گه‌وره بوو بۆ ئه‌مریكا له هه‌ریه‌ك له ئه‌فغانستان و عێراق، چونكه ململانێكان له‌و ناوچانه‌دا زۆر ئاڵۆز و شایانی چاره‌سه‌ر نین، به‌تایبه‌ت له‌ڕێگه‌ی ده‌ستتێوه‌ردانی سه‌ربازییه‌وه.
هەنووکە ئێران له ئیداره‌دانی په‌یوه‌ندییه هه‌رێمییه‌كانیدا میلیشیا سه‌ربازییه‌كان به شێوه‌یه‌كی فراوان به‌كار ده‌هێنێت، به جۆرێك ته‌كه‌سی له‌سه‌ر به‌هێزكردنی هه‌ژموونی سه‌ربازیی خۆیه‌تی له‌ڕێگه‌ی ئه‌و ئه‌كته‌ره ناده‌وڵه‌تییانه‌وه. میرشایمه‌ر و واڵت پێیان وایه ئێران له‌ڕووی ژماره‌ی دانیشتووان و ئابوورییه‌وه له دراوسێ عه‌ره‌به‌كانی گه‌وره‌تره، ڕه‌نگه بتوانێت پێگه‌ی ده‌وڵه‌تێكی هه‌ژموونگه‌را له كه‌نداودا مسۆگه‌ر بكات. ئه‌گه‌ر به‌م ئاڕاسته‌یه به‌رده‌وام بێت له كاركردن، ئه‌وا پێویسته ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان هاوكاری هێزه‌كانی ناوچه‌كه بێت له ڕاگرتنی هاوسه‌نگی دژ به ئێران.
زۆرێك له ئه‌كته‌ره ناده‌وڵه‌تییه‌كان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست له‌ڕووی سه‌ربازییه‌وه به‌ڕاده‌یه‌ك به‌هێز بوون كه نزیك بوونه‌ته‌وه له‌وه‌ی ببن به سوپایه‌ك هاوشێوه‌ی سوپای وڵاتان. له پڕۆسه‌ی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعشدا، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ڕۆڵی هه‌بوو له به‌هێزكردنی هه‌ندێك له‌و ئه‌كته‌ره ناده‌وڵه‌تییانه بۆ ڕێگرتن له پێشڕه‌وییه‌كانی چه‌كدارانی ڕێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی. هاوكاریكردن و پشتگیریكردنی پێشمه‌رگه له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه به‌شێك بوو له‌و ستراتیجه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان له پشتبه‌ستن به هێزه ناوچه‌ییه‌كان له به‌دیهێنانی ئامانجه‌كاندا.
باسی دووه‌م: يازده‌ی سێپته‌مبه‌ر، ئیشكالییه‌تی زلهێزی ئه‌مریكی و وه‌رچه‌رخان له سروشتی جه‌نگ.
سێشه‌ممه‌ی ڕه‌ش، ڕۆژێكی ترسناكه له مێژووی ئه‌مریكا كه تێیدا ئیمپراتۆرییه‌تێكی گه‌وره و بڕیار به‌ده‌ستی دونیا له مێژووی هاوچه‌رخی خۆیدا گه‌وره‌ترین گورز ده‌خوات، گورزێك بۆ ئه‌مریكییه‌كان بوو به سه‌ره‌تای دابه‌شكردنی مێژوو بۆ پێش 11 سێپته‌مبه‌ر و دوای ئه‌و ڕووداوه. هێرشكردنه سه‌ر نیۆرك و واشنتۆن عه‌قڵی ستراتیجیی ئه‌مریكی خسته به‌رده‌م تێفكرینێكی قووڵ له‌هه‌مبه‌ر ئه‌و ئاڵنگارییه بێ پێشینانه‌ی له‌سه‌ر شكۆ و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مریكی دروست بوو. وه‌ك چۆمسكی( Avram Noam Chomsky (ده‌ڵێت: "له سه‌رده‌می جه‌نگی 1812ه‌وه ، بۆ ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، یه‌كه‌م جار بوو هێرش بكرێته سه‌ر خاكی نیشتمان، ته‌نانه‌ت بكه‌وێته دۆخێكه‌وه كه له‌ژێر هه‌ڕه‌شه و گوشاردا بێت." لێره‌وه11 سێپتەمبەر ئاڕاسته‌ی ڕووداوه‌كانی دونیای به شێوه‌یه‌كی دراماتیكی گۆڕی و جیهان چووه ناو زه‌مه‌نی تیرۆره‌وه.
ڕووداوه‌كانی 11 سێپتەمبەر وای له ده‌سته‌بژێری (Elite) سیاسی و ته‌نانه‌ت هاوڵاتی ئاسایی ئه‌مریكیش كرد تێڕوانینیان له‌باره‌ی خۆیان و دونیای ده‌ره‌وه‌ش گۆڕانكاری ڕیشه‌یی به‌سه‌ردا بێت. ئه‌و متمانه گه‌وره‌یه‌ی به بوونی سیسته‌مێكی ئاسایشیی و هه‌واڵگری تۆكمه‌ی ئه‌وتۆ كه شایانی دزه‌تێكردن(اختراق) نییه و زۆر له‌وه به‌هێزتره هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك به‌ناویدا تێپه‌ڕێت و ببێت به ڕووداو، دوچاری له‌رزه‌یه‌كی گه‌وره هات. تیۆری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكی له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه دانرا بوو هه‌رگیز ئیختیراق ناكرێت، به‌ڵام شكستی هێنا. هێرش له خاكی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر سیمبول و شكۆی ده‌سه‌ڵات و ئابوورییه‌كه‌ی، شۆكێكی گه‌وره بوو بۆ بڕیاربه‌ده‌ستان و عه‌قڵی ستراتیجیی ئه‌مریكی، چونكه داماو بوون له ئاست وه‌ستاندنی ئه‌و بومه‌له‌رزه گه‌وره‌یه‌ی له سیسته‌می ئاسایشیی ئه‌مریكادا ڕووی دا.
ده‌ستدرێژییه‌كانی 11 سێپتەمبەر گۆڕانێكی دراماتیكی بوو له سروشتی ئه‌و ئاڵنگاری و هه‌ڕه‌شه ئاسایشییانه‌ی ئه‌مریكا له مێژووی خۆیدا ڕووبه‌ڕووی بووه‌ته‌وه. بۆ یه‌كه‌م جار بوو له‌سه‌ر خاكی ئه‌مریكا لووله‌ی تفه‌نگه‌كان ڕوویان له ڕه‌مزی هه‌ژموون و هێزی ئه‌مریكا بوو. چۆمسكی پێی وایه: "یازده‌ی سێپتەمبەر شێوازێكی نوێی جه‌نگه، چونكه ئێستا تفه‌نگه‌كان ڕوویان له لایه‌كی دیكه‌یه. ئه‌مه‌ش شتێكی ته‌واو نوێیه له مێژووی ئه‌ورووپا و ئه‌وانه‌یشی كه لێی جیا بوونه‌ته‌وه." ئیتر دونیا وه‌ك پانتاییه‌كی پڕ له‌مه‌ترسی بۆ ئه‌مریكییه‌كان وێنا ده‌كرێت، وه‌ك جۆن میرشایمه‌ر ده‌ڵێت: "ئامانجی سه‌ره‌كیی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مریكا بریتییه له دابینكردنی ئاسایش بۆ ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌جیهانێكی ترسناكدا." ڕووداوه‌كانی 11 سێپتەمبەر كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر بو‌نیادی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ئاراسته‌ی گشتیی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا هه‌بوو.
داواكراوی یه‌كه‌م: 11 سێپتەمبەر، به‌رجه‌سته‌كردنی قۆناغێكی نوێی تیرۆر
هێرشه‌كانی 11 سێپتەمبەر ده‌سپێكی شێوازێكی نوێ بوو له تیرۆر كه تا ئه‌و كات ئه‌دگاره ڕاسته‌قینه‌كانی ده‌رنه‌كه‌وتبوون، به‌ڵكوو نه‌وه‌یه‌كی نوێی تیرۆر بوو جیاواز له‌وه‌ی تا ئه‌و چركه‌ساته ناسرابوو. له ڕابردوودا، كاری تیرۆریستی كرده‌یه‌كی سیمبولی symbolic act)) بوو، ده‌لاله‌ت، سه‌دا و ئامانجی دیاریكراو و قوربانی كه‌متری هه‌بوو، به‌ڵام تیرۆری نوێ زۆر توندوتیژه، ئامانجی فره‌وان و دیارینه‌كراوی هه‌یه، ئامرازی سه‌ره‌كیشی بریتییه له كۆمه‌ڵكوژی. له كاردانه‌وه‌ی ئه‌و ڕووداوه‌دا سه‌رۆك جۆرج بۆشی كوڕ له گوتارێكدا ڕایگه‌یاند: "ئه‌و تیرۆریستانه ته‌نیا له‌پێناو سه‌ندنه‌وه‌ی ژیان له كۆمه‌ڵه كه‌سێك ده‌ستیان به كوشتن نه‌كردووه، به‌ڵكوو بۆ وێرانكردنی ستایلی ژیانه (Lifestyle). ئه‌مه جه‌نگی شارستانییه‌ته، جه‌نگی دونیای پێشكه‌وتووه له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیكه‌دا."
له لایه‌كی دیكه‌وه، 11 سێپتەمبەر بوو به سه‌ره‌تای ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی له په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا هاته ئاراوه، به جۆرێك تیرۆری نوێ بوو به فۆڕمێكی باوی ململانێی چه‌كداری له ئاستی دونیادا، به‌ڵكوو له زۆرێك له حاڵه‌ته‌كاندا بوو به جێگره‌وه‌ی جه‌نگی كلاسیكی. تیرۆر بوو به مۆدێلێكی نوێی جه‌نگ، چۆمسكی پێی وایه هه‌ڵبژاردنی قوربانییه‌كان له ڕیزی بێتاوانه‌كاندا وای كردووه 11 سێپتەمبەر گرنگیی مێژوویی هه‌بێت. ئه‌و گۆڕانكارییه‌ی له سروشتی جه‌نگیشدا هاته ئاراوه، ماری كاڵدۆر (Mary Kaldor) پڕۆفیسۆری زانكۆی London School of Economic به جه‌نگی نوێ وه‌سفی ده‌كات، جه‌نگێك سنووره‌كان تێده‌په‌ڕێنێت و ئه‌كته‌ره سه‌ره‌كییه‌كانیشی بریتین له: گرووپه‌كان، ئه‌میره‌كانی جه‌نگ و پاشماوه‌ی ده‌وڵه‌ته شكستخواردووه‌كان. ئه‌م شێوازه له جه‌نگ، سه‌ركه‌وتنی سه‌ربازی ئامانجه‌كه‌ی نییه، به‌ڵكوو ئامانجی سه‌ره‌كی بریتییه له ته‌عبیئه‌ی سیاسی له‌پێناو زیادكردنی ئه‌ندام و هه‌ژموونی بكه‌ره‌كانی.
بوونی گرووپی تیرۆریستیی هاوشێوه‌ی قاعیده كه له ڕووی ڕێكخستن و چالاكییه‌وه تواناییه‌كی به‌رزی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی هه‌یه، وای كرد هێرشه‌كانی سه‌ر نیویۆرك و واشنتۆن وه‌ك كرده‌یه‌كی نه‌وعی و بێ پێشینه ده‌ربكه‌وێت، چونكه هێرشه‌كانی 11 سێپتەمبەر شێوازێكی نوێی تیرۆری به‌رجه‌سته كرد، ترسناكتر له جۆره‌كانی دیكه‌ی تیرۆری نێوده‌وڵه‌تی، ئه‌ویش بوونی كۆ سیسته‌مێكی پشت به‌خۆبه‌ستوو بوو (منظومة مكتفية ذاتيا) كه به هیچ ده‌وڵه‌تێكه‌وه په‌یوه‌ست نییه، به‌ڵكوو له‌ڕێگه‌ی ئه‌نجامدانی تاوانه‌وه كه بووه‌ته هۆی گیان له‌ده‌ستدانی هه‌زاران كه‌س، ده‌ستی به‌سه‌ر گۆڕه‌پانی نێوده‌وڵه‌تیدا گرتووه و تێیدا بووه به ئه‌كته‌رێكی نوێ. ترسناكی ڕووداوه‌كه و دڵڕه‌قی بكه‌ره‌كانی میدیای ئه‌مریكیشی به‌و ئاڕاسته‌یه‌دا برد ئه‌م شێوازه نوێیه‌ی تیرۆر وه‌ك مه‌ترسی و ئاڵنگارییه‌كی گه‌وره بۆ سه‌ر ئه‌مریكا وێنا بكه‌ن، هه‌روه‌ك ڕۆژنامه‌ی نیۆیۆرك تایمز له یه‌كێك له سه‌روتاره‌كانیدا ده‌نووسێت: "به‌ربه‌رییه‌كان له ده‌روازه‌كانن."
داواكراوی دووه‌م: ڕق و كینه له ئه‌مریكا وه‌ك پاڵنه‌ری تیرۆر
دژایه‌تیكردنی ئه‌مریكا ئه‌و دیسكۆرسه سیاسی و ئاینییه‌یه زۆرینه‌ی ڕه‌وت و بزاوته جیاوازه‌كانی ناو دونیای ئیسلام له‌گه‌ڵ یه‌كتر كۆ ده‌كاته‌وه. ته‌نانه‌ت ڕق له ئه‌مریكا و به‌ها شارستانییه‌كانی بووه به خاڵی هاوبه‌شی گرووپه ئیسلامییه تیرۆریسته‌كان و ئه‌و نیگاكردنه‌ی له مێنتاڵه‌تی زۆرینه‌ی موسڵماناندا بۆ ئه‌مریكا هه‌یه. وه‌ك نووسه‌ری دیاری ئه‌مریكی تۆماس فریدمان Thomas Friedman)) له‌باره‌ی ئه‌نجامده‌رانی هێرشه‌كانی 11 سێپتەمبەره‌وه ده‌ڵێت: "ئه‌و تیرۆریستانه هیچ داواكارییه‌كی سیاسیی دیاریكراویان نه‌بوو، چونكه پاڵنه‌ری ڕاسته‌قینه‌یان بریتی بوو له ڕقی موسڵمانان دژ به شارستانییه‌تی ڕۆژئاوا."
بوغز له ئه‌مریكا و شارستانییه‌تی ڕۆژئاوا له مێنتاڵه‌تی ئيسلامیدا ڕه‌گوڕیشه‌ی هه‌یه و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ مێژوویه‌كی دوورتر له ڕووداوه‌كانی 11 سێپتەمبەر. سه‌ید قوتب یه‌كێك له ئایكۆنه‌كانی فیكری ئیخوانیزم زۆر به‌ڕوونی ئه‌و بوغزه‌ی له‌ناو موسڵماناندا به‌رانبه‌ر ئه‌مریكا و شارستانییه‌تی ڕۆژئاوا هه‌یه به‌رجه‌سته ده‌كات، به ڕه‌چاوكردنی ئه‌وه‌ی له ئێستادا ئه‌مریكا به پله‌ی ئیمتیاز نوێنه‌رایه‌تیی شارستانییه‌تی ڕۆژئاوا ده‌كات. سه‌ید ده‌نووسێت: "موسڵمانان، با كار بۆ ئه‌وه بكه‌ین ڕق و كینه و ڕۆحی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه له ناخی ملیۆنان كه‌س و خوای خۆماندا بچێنین. با هه‌ر له‌منداڵییه‌وه فێریان بكه‌ین پیاوی سپی دوژمنی مرۆڤایه‌تییه. پێویسته هه‌لێكمان بۆ ڕه‌خسا، ئه‌و بوونه‌وه‌ره تارومار بكه‌ین. با دڵنیاش بین له‌وه‌ی كه كۆڵۆنیالیزمی ئه‌ورووپایی سه‌روه‌ختێك ده‌بینێت تۆوی ڕق و بوغز و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه له ناخی نه‌وه‌كانماندا ده‌چێنین، ترس دایده‌گرێت و په‌لوپۆی ده‌شكێت."
ئه‌و توندوتیژییه‌ی له ڕووداوه‌كانی11 سێپتەمبەردا خۆی مانفێست ده‌كات به‌رهه‌می ئه‌و ڕقه‌یه به‌درێژایی چه‌ندان ده‌یه عه‌قڵی ئایينی_سیاسی ناو جیهانی ئیسلامی كاری له‌سه‌ر به‌هێزكردنی كردبوو. كاتێك سه‌ید قوتب ده‌چێته ئه‌مریكا و له نزیكه‌وه به‌ر به‌ها شارستانی و مه‌ده‌نییه‌كانی ئه‌و ئیمپراتۆرییه‌یه‌ته ده‌كه‌وێت، گریمانه‌ی ئه‌وه ده‌كات كه به‌رخورد له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌هایانه (values) ده‌بێت به هۆی شۆكی كولتووری culture shock))، به‌تایبه‌ت تێكه‌ڵاوبوونی هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز له‌گه‌ڵ یه‌كتر به سه‌رچاوه‌ی گوناه و فیتنه‌یه‌كی گه‌وره ده‌زانێت. لێره‌وه گریمانه‌كه‌ی سه‌ید قوتب ده‌بێت به پاڵنه‌ری توندوتیژیی ئیسلامییه‌كان دژ به ڕۆژئاوا.
بوغز و كینه دژ به ڕۆژئاوا و هه‌وڵدان بۆ دژایه‌تیكردن و پێكدادان له‌گه‌ڵیدا، وا له بیرمه‌ندێكی وه‌ك ساموێل هانتیگتۆن (Samuel P. Huntington 1927-2008) ده‌كات بگاته ئه‌و بڕوایه‌ی" بن لادن خۆی په‌له‌ی دروستبوونی ئه‌و پێكدادانه‌ی بوو، چونكه هیچ سه‌رسامییه‌كی نه‌بوو به ئاستی په‌روه‌رده‌ی ڕفێنه‌رانی فڕۆكه‌كانه‌وه كه له‌پشتیانه‌وه فه‌رهه‌نگی ڕق و كینه پاڵنه‌ر بوو. ئه‌و به‌و توندوتیژییه‌ش شۆك نه‌بوو كه له‌و خوێنڕشتنانه‌ی له وڵاتانی وه‌ك كۆسۆڤۆ، بۆسنه، چیچان و كشمیر و قه‌وقازه‌وه سه‌رچاوه‌ی ده‌گرت و په‌یوه‌ست بوون به جه‌وهه‌ری ئیسلامه‌وه. دابه‌شبوونه‌كانی ناو دونیای ئیسلام ئه‌رگومێنته‌كه‌ی بن لادنی به‌هێزتر كرد كاتێك كێبڕكێی ناو جیهانی ئیسلامی له‌سه‌ر ئه‌وه بوو كێ زیاتر دوژمنی ڕۆژئاوایه."
به دیوێكی دیكه‌شدا، توندڕه‌ویی ئیسلامی سوودی له‌و فه‌زا ئازاده وه‌رگرت كه له ئه‌مریكا بۆ هه‌ر هاووڵاتییه‌ك فه‌راهه‌م كراوه، وه‌ك دكتۆر فواد عه‌جمی ده‌ڵێت: "ئه‌و كه‌سانه‌ی ته‌قینه‌وه‌كانی 11 سێپتەمبەریان ئه‌نجام دا، ئه‌وانه بوون له ئاگره‌سووره‌ی وڵاتی خۆیان ڕایان كردبوو، كه‌چی ئاگره‌كه‌یان له‌گه‌ڵ خۆیاندا برد و ئه‌و وڵاتانه‌یان پێ سووتاند كه داڵده‌یان دان و مافی په‌نابه‌رییان پێ به‌خشین و وه‌ك مرۆڤ حورمه‌تیان گرتن." ئه‌وان له‌ڕێگه‌ی به‌هره‌مه‌ندبوونیان له ماف و ئازادییه‌كان دژ به‌و به‌هایانه وه‌ستانه‌وه كه وه‌ك مرۆڤ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كردن.
ئه‌وه‌ی دیموكراسییه‌ت كه‌شێكی ڕه‌خساندووه تاكوو توندڕه‌ویش له هه‌ناویدا گه‌شه بكات و گورز له به‌هاكانی بدات، ده‌بێت به جێگه‌ی سه‌رنجی نووسه‌رێكی وه‌ك ئۆریانا فالاچیی (Oryana Fallaci 1929-2006) و پێی وایه: "هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك زۆر كراوه و دیموكراسی بێت، تیرۆر زیاتر زه‌فه‌ری پێ ده‌بات." هێرشه‌كانی 11 سێپتەمبەر شه‌پۆلێكی ڕه‌خنه و ناڕه‌زایی له‌ناو بیرمه‌ندان و ده‌سته‌بژێری سیاسی دروست كرد له هه‌مبه‌ر ئه‌و كرانه‌وه‌یه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی ڕۆژئاوایی كه بووه‌ته یارمه‌تیده‌رێك تا تیرۆر لێیه‌وه هێرش بكاته سه‌ری. وه‌ك نۆرمان پودهارتز (Norman Podhartez) سه‌رنووسه‌ر و شرۆڤه‌كاری سیاسیی ئه‌مریكی ده‌ڵێت: "كولتووری به‌ربه‌ری جه‌نگی ڕاگه‌یاندووه، نه‌ك له‌به‌ر سیاسه‌ته‌كانمان، به‌ڵكوو له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێمه له‌پشت ئازادی و دیموكراسییه‌وه وه‌ستاوین.". دوای هێرشه‌كانی سه‌ر شاری له‌نده‌ن، تۆنی بلێری سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووتری به‌ریتانیا ئه‌وه‌ی دووپات كرده‌وه: "چاكتره ناحه‌قی ده‌رهه‌ق به ماف و ئازادییه‌كان بكه‌یت، نه‌ك ڕێگه بده‌یت خه‌ڵك له شه‌قامه‌كاندا بكوژرێت."
باسی سێیه‌م/ ستراتیجیی سه‌ربازی ئیداره‌ی سه‌رۆك جۆرج ده‌بلیو بۆش 2001-2008
له ستراتیجیی به‌رپه‌رچدان و گه‌مارۆدانه‌وه (Deterrence and Containment) بۆ ستراتیجیی جه‌نگی پێشوه‌خته (Preemptive War)
دوای تێپه‌ڕینی چه‌ند مانگێكی كه‌م له ده‌ست به‌كاربوونی سه‌رۆك جۆرج ده‌بلیو بۆش له كۆشكی سپی، هێرشه‌كانی 11 سێپتەمبەر ڕوویان دا كه وه‌ك ڕووداوێكی مێژوویی، تێروانین و بیركردنه‌وه‌ی ئه‌مریكیییه‌كانی له‌باره‌ی پێشهات و چۆنییه‌تیی مامه‌ڵه‌كردنی ویلایه‌ته به‌كگرتووه‌كان وه‌ك زلهێزێك له ئاستی دونیادا گۆڕی. هێرشه‌كانی ڕێكخراوی قاعیده بۆسه‌ر نیۆرك و واشنتۆن ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی لای ئه‌مریكییه‌كان دروست كرد چیدیكه ڕووبه‌ڕووی جه‌نگی ته‌قلیدی نابنه‌وه، به‌ڵكوو هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كان فۆڕمێكی تازه و بێ پێشینه‌یان له‌خۆ گرتووه. به واتایه‌كی دیكه، ڕووداوه‌كانی 11 سێپتەمبەر پێشبینییه‌كانی له‌باره‌ی سروشتی جه‌نگه‌كانی داهاتووه‌وه ئاوه‌ژوو كرده‌وه. لێره‌وه ئیداره‌ی سه‌رۆك بۆش ستراتیجێكی نوێی به‌رگریی گه‌ڵاڵه كرد، تێیدا ستراتیجیی جه‌نگی پێشوه‌خته جێگه‌ی ستراتیجیی به‌رپه‌رچدان و گه‌مارۆدانی گرته‌وه. له‌به‌رئه‌وه سه‌رۆك بۆش پێ‌داگر بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی چیتر به‌رپه‌رچدانه‌وه (الردع) كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆی نییه له‌سه‌ر ئه‌و شانه تیرۆریستییه نه‌بینراوانه‌ی وه‌ك تارمایی كارده‌كه‌ن و نیشتمانێكی دیاریكراویان نییه.
ستراتیجیی جه‌نگ یاخود گورزی پێشوه‌خته (Preemptive Strike) كه دواتر به دۆكترینی بۆشDoctrine) (Bush ناسرا، جه‌ختی ده‌كرده سه‌ر وه‌شاندنی گورزی پێشوه‌خته دژ به دوژمن یاخود هه‌رلایه‌ك ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی تێدا بێت ببێت به سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه بۆ ئاسایشی ئه‌مریكا، له‌پێناو گه‌ره‌نتیكردنی باڵاده‌ستیی سه‌ربازيی ئه‌مریكا له ئاستی جیهاندا. له‌م باره‌یه‌وه سه‌رۆك بۆش پێی وابوو نابێت جارێكی دیكه ئه‌مریكا ئه‌وه قه‌بووڵ بكات گورزێكی هاوشێوه‌ی 11 سێپتەمبەر له خۆی یان له هاوپه‌یمانه‌كانی بدرێت، ته‌نانه‌ت نابێت ده‌رفه‌تی ڕێكخستنی هێرشی هاوشێوه دژ به باڵوێزخانه‌كان و یه‌كه ده‌ریایی و بنكه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا بدرێت. ستراتیجیی واشنتۆن بریتییه له ڕێگرتن له به‌رجه‌سته‌بوونی ئه‌م مه‌ترسییانه له‌ڕێگه‌ی وه‌شاندنی گورزی پێشوه‌خته دژ به دوژمنه گریمانه‌ییه‌كان.
ستراتیجیی گورزی پێشوه‌خته له‌و تێروانینه‌ی كاربه‌ده‌ستانی ئیداره‌كه‌ی سه‌رۆك بۆشی كوڕ سه‌رچاوه‌ی گرتبوو كه پێیان وا بوو ئه‌مریكا نابێت چاوه‌ڕێی ئه‌وه بكات دوژمنه‌كه‌ی گورزی لێ بوه‌شێنێت، پاشان په‌رچه‌كردار بنوێنیت، به‌ڵكوو ده‌بێت له‌ڕێگه‌ی گورزی پێشوه‌خته‌وه ڕووبه‌ڕووی هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گریمانكراو بێته‌وه. وه‌ك دیك چینی (Dick Cheney) جێگری سه‌رۆك ده‌ڵێت: "له ڕۆژانی جه‌نگی سارددا، ئێمه له‌ڕێگه‌ی ستراتیجیی به‌رپه‌رچدان و گه‌مارۆدانه‌وه ده‌مانتوانی ئیداره‌ی هه‌ڕه‌شه‌كان بده‌ین، به‌ڵام سه‌خته به‌رپه‌رچی دو‌ژمنێك بده‌یته‌وه وڵاتێكی نه‌بێت بۆ به‌رگریكردن لێی. ناتوانرێت گه‌مارۆ بدرێت كاتێك ده‌ستی به چه‌كی كۆكوژ ده‌گات و هاوبه‌شی پێ ده‌كات له‌گه‌ڵ ئه‌و تیرۆریستانه‌ی ده‌یانه‌وێت گورزی كاره‌ساتبار له ئه‌مریكا بوه‌شێنن."
دوای ڕاگه‌یاندنی ستراتیجیی نوێی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی(National Security Strategy) له ڕێكه‌وتی 17/ 09/2002 گۆڕانكاری گه‌وره له ستراتیجیی به‌رگری و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا هاته كایه‌وه. ستراتیجه نوێیه‌كه بوو به بنه‌مای دۆكترینی بۆش كه جه‌خت ده‌كاته سه‌ر گورزی پێشوه‌خته Preemptive Strike)) و گه‌ره‌نتیكردنی باڵاده‌ستیی سه‌ربازیی ئه‌مریكا له ئاستی دونیادا. هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتی زیاتری به‌خشییه سه‌رۆك وه‌ك فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كان بۆ ڕاگه‌یاندنی جه‌نگ و به‌كارهێنانی هێزی سه‌ربازی له هه‌ر شوێن و كاتێك به پاساوی بوونی مه‌ترسی یاخود گریمانه‌ی هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا.
داواكراوی یه‌كه‌م: كۆنزه‌رڤاتیڤه نوێیه‌كان و ستایشكردنی هێز
كۆنزه‌رڤاتیڤه نوێیه‌كان له‌ڕووی فیكرییه‌وه زیاتر له‌ژێر كاریگه‌ریی بیركردنه‌وه‌كانی فه‌یله‌سووفی ئه‌ڵمانی-ئه‌مریكی لیۆشتراوس دان (Leo Strauss 1899- 1973). شتراوس پێی وایه ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به بنه‌ماكانی دیموكراسییه‌ت و لیبڕالیزمه، به‌رده‌وام له‌ژێر مه‌ترسیی ئایدۆلۆجیا و دۆكترینه دژه لیبڕاله‌كانن، له‌به‌رئه‌وه پێویسته له‌ڕێگه‌ی دانانی سیاسه‌تێكی به‌رگریی تۆكمه‌وه پشتیوانی لە بازاڕی ئازاد و سه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵگه‌ی ئازاد بكرێت و هه‌وڵی بڵاوكردنه‌وه‌ی ئازادیی ڕاده‌برین و ڕۆژنامه‌گه‌ری بدرێت. له‌هه‌مان كاتدا، هه‌ڵوێستی توند وه‌ربگیرێت دژ به هه‌ر هێزێكی جیهانی كه ببێت به هه‌ڕه‌شه بۆسه‌ر ئه‌م توخمه ئازادانه. وه‌ك له ستراتیجیی نوێی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكیدا هاتووه پێویسته كار بكرێت بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی سیسته‌می به‌هایی ئه‌مریكی (منظومة القيم الامريكية) له‌بابه‌تی ئازادی، دیموكراسی و مافی مرۆڤ. به‌كارهێنانی هێز و جه‌به‌ڕووتی ئه‌مریكا له‌پێناو به‌دیهێنانی ئه‌م ئامانجه، چونكه بژاره‌ی سێیه‌م بوونی نییه، یان به‌های ئه‌مریكی(American Value) سه‌ر ده‌كه‌وێت، یاخود به‌های دوژمنه‌كانی.
جیاواز له سه‌رۆكه‌كانی پێشتر، پێكهاته‌ی ئیداره‌كه‌ی سه‌رۆك بۆشی كوڕ، بوونی هاوپه‌یمانێتییه‌كی بێ پێشینه بوو له نێوان كۆمارییه‌كان، ڕاستڕه‌وی مه‌سیحی-كاسۆلیكی و كۆنزه‌رڤاتیڤه نوێیه‌كان. ئه‌مانه هه‌موو باوه‌ڕیان به به‌كارهێنانی هێز و باڵایی سه‌ربازی ئه‌مریكایه بۆ پاراستنی شكۆ و هه‌ژموونی خۆی له ئاستی جیهاندا. ڕه‌نگه یه‌كه‌م كاری كۆنزه‌رڤاتیڤه نوێیه‌كان له ساڵی 1997 و له سه‌رده‌می ئیداره‌كه‌ی سه‌رۆك كلینتۆن، دامه‌زراندنی پڕۆژه‌ی سه‌ده‌ی نوێی ئه‌مریكی ((Project For The New American Century بێت كه له‌لایه‌ن دامه‌زراوه‌ی بڕادلی Bradly Foundation) ) پاڵپشتیی دارایی (التمویل) ده‌كرا.
پڕۆژه‌كه هاوكار بوو له به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندی و هاوپه‌یمانیی نێوان باڵی ڕاستڕه‌وی كۆمارییه‌كان (Republicans) وه‌ك دیك چینی، جێگری سه‌رۆك و دۆناڵد ڕامسفێڵد، وه‌زیری به‌رگری، هه‌روه‌ها باڵی ڕاستڕه‌وی كاسۆلیكی مه‌سیحی وه‌ك گاری بویر و ولیام بێنیت. ئه‌م كاراكته‌رانه‌ش هه‌موو پشتگیری‌یان له به‌كارهێنانی هێزی سه‌ربازیی ئه‌مریكا له ئاستی جیهاندا ده‌كرد. ئامانجی پڕۆژه‌كه‌ش بره‌ودان بوو به پره‌نسیپی بوونی ئه‌مریكا وه‌ك ڕێبه‌ری جیهان (Global Leader). هه‌ڵۆ كۆنزه‌رڤاتیڤه نوێیه‌كان ده‌یانویست له‌ڕێگه‌ی پڕۆژه‌كه‌وه هه‌ژموونیی ئه‌مریكا بسه‌پێنن به ئامانجی گه‌ره‌نتیكردنی زاڵبوونی ئه‌مریكا به‌سه‌ر ته‌واوی دونیادا.
كۆنزه‌رڤاتیڤه نوێیه‌كان زیاتر له هه‌ر ڕه‌وتێكی دیكه‌ی ناو ئیداره‌كه‌ی سه‌رۆك بۆشی كوڕ گوزارشتیان له خواستی هه‌ژموونگه‌رایی ئه‌مریكا له جیهاندا ده‌كرد، به‌وپه‌ڕی باوه‌ڕه‌وه پشتگیری‌یان له به‌كارهێنانی هێزی سه‌ربازیی ده‌كرد له‌پێناو پاراستنی ئه‌و به‌هایانه‌ی ئه‌مریكای له‌سه‌ر بونیاد نراوه. ئه‌وان بانگه‌شه‌ی دووباره داڕشتنه‌وه‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یان ده‌كرد به شێوه‌یه‌ك گونجاو بێت له‌گه‌ڵ بوونی ئه‌مریكا وه‌ك ئیمپراتۆرییه‌تێك كه هه‌ژموونی به‌سه‌ر دونیادا هه‌یه. له سه‌رده‌می ئیداره‌ی سه‌رۆك كلینتۆن و بۆشی كوڕدا، هه‌وڵی فره‌وانیان دا به مه‌به‌ستی زیاتر جه‌ختكردنه سه‌ر هێزی سه‌ربازی له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌دا. لێره‌وه له ستراتیجیی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئیداره‌كه‌ی سه‌رۆك بۆشی كوڕ ته‌ئكید كراوه‌ته‌وه كه ئه‌مریكا پێگه‌یه‌كی به‌هێز و بێهاوتای له ئاستی جیهاندا هه‌یه ، بێ هیچ داوای لێبوردنێك ئامانجی سه‌ره‌كیی ستراتیجیی مه‌زن Grand Strategy)) پاراستنی ئه‌مریكا و ڕێگرتن له هه‌ر ڕكابه‌رێكی نوێیه.
له‌ژێر كاریگه‌ری و ده‌ستڕۆیی كۆنزه‌رڤاتیڤه نوێیه‌كانی ناو ئیداره‌كه‌ی سه‌رۆك بۆشی كوڕ،
سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا جه‌ختی له‌سه‌ر سێ پره‌نسیپی سه‌ره‌كی ده‌كرده‌وه:
له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م تێڕوانینه بوو ئیداره‌ی سه‌رۆك بۆشی كوڕ هێرشی كرده سه‌ر ئه‌فغانستان و عێراق و ئه‌و دوو ولاته‌ی داگیر كرد.
داواكراوی دووه‌م: سه‌پاندنی مۆدێلی ئه‌مریكی
ستراتیجیی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا له سه‌رده‌می ئیداره‌ی سه‌رۆك بۆشی كوڕ به‌ڕوونی ئه‌وه‌ی به‌رجه‌سته كردبوو كه مرۆڤایه‌تی له هه‌ر شوێنێكی دونیا بێت هه‌وڵی گه‌یشتن به مۆدێلی ئه‌مریكی ده‌دات. ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی ده‌توانن سه‌ركه‌وتوو بن، ئه‌وانه‌ن مۆدێلی ئه‌مریكی له‌ڕووی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه په‌سند و جێبه‌جێی ده‌كه‌ن. ئه‌ركی سه‌ره‌كیی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌م كاته‌دا به‌كارهێنانی هێزه سه‌ربازیی و ئابوورییه مه‌زنه‌كه‌یه‌تی، هه‌روه‌ها دۆخی ناوازه‌ی خۆی وه‌ك تاك جه‌مسه‌رێك له‌پێناو خێرا به‌جێگه‌یاندنی ئه‌م ئه‌ركه و له‌ناوبردنی دوژمنه‌كانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان و هێزه تیرۆریستییه دژبه‌ر و نه‌یاره‌كان به مۆدێلی ئه‌مریكی. پره‌نسیپی سه‌ره‌كیی ئه‌و دیسكۆرسه سیاسییه‌ی ئه‌مریكا ئاراسته‌ی دونیای ده‌ره‌وه‌ی خۆی ده‌كرد، بریتی بوو له بڵاوكردنه‌وه‌ی دیموكراسییه‌ت و لیبڕالیزم. له میانی جه‌نگی سارددا، ئه‌مریكییه‌كان باوه‌ڕیان وا بوو له‌ڕێگه‌ی به دیموكراسیكردنی سیسته‌مه‌كانی فه‌رمانڕه‌وایی له وڵاتانی دونیا ده‌توانن ڕووبه‌ڕووی مۆدێلی حوكمڕانیی سۆڤیه‌تی ببنه‌وه. له داگیركردنی عێراقیشدا ئه‌و بانگه‌شه‌یه‌یان بره‌و پێدا كه له‌ڕێگه‌ی ڕووخاندنی ڕژێمه‌كه‌ی سه‌دام حوسێن و دامه‌زراندنی سیسته‌مێكی دیموكراسییه‌وه ده‌توانن كۆتایی به هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆر و چه‌كی كۆكوژیی عێراقی بهێنن.
جه‌نگ دژ به تیرۆر له هه‌مان كاتدا جه‌نگه له‌پێناو ئه‌و پره‌نسیپانه‌ی ئه‌مریكای له‌سه‌ر بونیاد نراوه، چونكه ئه‌وه‌ی له هێرشه‌كانی 11 سێپتەمبەردا گورزی خوارد، سیمبولی سه‌رمایه‌داری و شكۆی ده‌سه‌ڵات و هه‌ژموونیی ئه‌مریكی بوو. واته ئه‌وه مۆدێلی ئه‌مریكی بوو كه‌وته ژێر هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌وه. له نامه‌ی ڕووناكبیرانی ئه‌مریكی له‌باره‌ی ڕه‌وایه‌تیی جه‌نگی تیرۆره‌وه كه كه‌سانی وه‌ك ساموێل هانتیگتۆن و فرانسیس فۆكۆیاما و بێرنارد لویس واژوویان له‌سه‌ر كردووه، هاتووه: "هه‌موو جه‌نگێك، جه‌نگێكی ترسناكه و له كۆتایيدا گوزارشته له شكستی سیاسیی مرۆڤایه‌تی، به‌ڵام جه‌نگێك هاوشێوه‌ی ئه‌م جه‌نگه‌ی ئێستا دژ به تیرۆر به‌رپا كراوه، جه‌نگێكی ئه‌خلاقی و ڕه‌وایه، چونكه له كاتێكی وه‌ك ئێستا، واته دوای 11 سێپتەمبەر، هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگ نه‌ك ته‌نیا ئه‌خلاقی و ڕێگه‌پێدراوه، به‌ڵكوو ئه‌خلاقی و له هه‌مان كاتدا ناچارییشه وه‌ك وه‌ڵامگۆیه‌ك بۆ ئه‌و كرده‌وه توندوتیژ و ئازاربه‌خشانه‌ی پڕن له كینه و سته‌م."
به‌درێژایی مێژوو هیچ ئیمپراتۆرییه‌تێك هاوشێوه‌ی ئه‌مریكا هه‌وڵی به‌جیهانیكردن(Globalize) ی به‌ها و كولتووری خۆی نه‌داوه، به شێوه‌یه‌ك ئه‌مریكا ببێت به پارادایمێك مرۆڤایه‌تی چاوی تێببڕێت. بەهه‌مان ئه‌ندازه‌ش، ئه‌م پارادایمه له ئاستی دونیادا ڕووبه‌ڕووی دژایه‌تی و ڕكابه‌ریی گه‌وره بووه‌ته‌وه ، وه‌ك ڕامسفێڵد ده‌ڵێت: "ڕقیان لێمانه، چونكه ئێمه به‌هێزین." له‌ڕاستیدا، ڕق له ئه‌مریكا ته‌نیا كینه نیییه به‌رانبه‌ر هێزی ئه‌مریكا، به‌ڵكوو له هه‌مان كاتدا ڕقه له ئه‌مریكا وه‌ك مۆدێلی ژیان. بیرمه‌ندی سووری جۆرج ته‌رابیشی پێی وایه: "هیچ مۆدێلێكی ژیاری وه‌ك مۆدێلی ئه‌مریكی، ڕووبه‌ڕووی ڕه‌خنه و گازنده و گله‌یی نه‌بووه‌ته‌وه، به‌ڵام له‌به‌رانبه‌ریشدا هیچ مۆدێلێكی شارستانی وه‌ك شارستانێتی ئه‌مریكی نه‌بووه‌ته بابه‌تی خه‌ونی مرۆڤایه‌تی."
سه‌رباری به ئامانجگرتنی ده‌ستڕۆیی و شكۆی ئه‌مریكا له‌لایه‌ن گرووپه تیرۆریستییه‌كانه‌وه له ئاستی دونیادا، به‌ڵام به‌ها، كولتوور و ستایلی ژیانی ئه‌مریكی شوێنی په‌لاماردان و هێرشی تیرۆریزمه. پێكدادانی تیرۆر له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا، ته‌نیا سه‌ربازی نییه، به‌ڵكوو شه‌ڕی به‌ها و كولتووریشه.
داواكراوی سێیه‌م: بنه‌ما ئایدۆلۆجییه‌كانی دۆكترینی بۆش
به‌ر له گه‌یشتنی به كۆشكی سپی، سه‌رۆك بۆش وه‌ك ئیماندارێكی مه‌سیحی پێی وا بوو ئه‌و له چوارچێوه‌ی پلانێكی ئیلاهیدا هه‌ڵبژێردراوه، تاكوو ئه‌ركی گۆڕینی دونیا جێبه‌جێ بكات. هه‌میشه جه‌ختی ده‌كرده‌وه عیسای مه‌سیح بیرمه‌ندی دڵخوازی ئه‌وه، چونكه دڵی ڕزگار كردووه. له مێژووی ئه‌مریكاشدا، هیچ كات وه‌ك سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تیی جۆرج بۆشی كوڕ، ئاین بوونی خۆی له ژیانی سیاسی‌دا نه‌سه‌پاندبوو. كاراكته‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی ناو ئیداره‌كه‌یشی كه‌سانی سه‌ر به ڕه‌وتی مه‌سیحی-كاسۆلیكی و كۆنزه‌رڤاتیڤه نوێیه‌كان بوون و باوه‌ڕی قووڵیان به ڕۆڵی ڕزگاركه‌رانه و زاڵبوونی هێز و جه‌به‌ڕووتی ئه‌مریكا له ئاستی جیهاندا هه‌بوو.
ساڵی 1999 پێش خۆ كاندیدكردنی بۆ بوون به سه‌رۆك، له گفتوگۆیدا له‌گه‌ڵ قه‌شه‌ی به‌ناوبانگ جیمس ڕۆبنسن (James Robinson) گوتی: "هه‌ست ده‌كه‌م خوا ده‌یه‌وێت بۆ سه‌رۆكایه‌تی خۆم كاندید بكه‌م، ناتوانم ئه‌وه ڕاڤه بكه‌م، به‌ڵام هه‌ست ده‌كه‌م وڵاته‌كه‌م پێویستی به من هه‌یه. ده‌زانم ئه‌م كاره بۆ من و خێزانه‌كه‌م ئاسان نییه، به‌ڵام خوا ده‌یه‌وێت ئه‌م كاره بكه‌م." ئه‌و به‌ر له كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ پیاوانی ئاينیيدا ئه‌م ویسته‌ی بۆ باربارای دایكی باس كرد. باربارا به باوه‌ڕه‌وه به بۆشی كوڕی گوت: "كه‌سایه‌تیی تۆ هاوشێوه‌ی كه‌سایه‌تیی مووسایه." واته چۆن مووسای پێغه‌مبه‌ر پێشه‌وایه‌تیی به‌نی ئیسرائیلییه‌كانی كرد و به ڕووباری نیلدا په‌ڕاندنییه‌وه و ڕزگاری كردن له مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌ی فیرعه‌و‌ن، بۆشی كوڕیش ده‌توانێت ڕزگاركه‌ری ئه‌مریكا بێت له مه‌ترسییه‌كان.
ئه‌م دیدگا ئاينییه‌ی سه‌رۆك بۆش كاریگه‌ری له‌سه‌ر كاری ئیداره‌كه‌یشی هه‌بوو به‌راورد به سه‌رۆكه‌كانی پێش خۆی. ئه‌و له یه‌كێك له گوتاره‌كانیدا ڕایگه‌یاند: "ئیتر ئه‌و زه‌مه‌نه به‌سه‌رچوو تێیدا داموده‌زگا ئاینییه‌كان ڕووبه‌ڕووی جیاكاری ده‌بوونه‌وه ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی داموده‌زگای ئاینی بوون." له‌به‌رئه‌وه پیاوانی ئاینی و داموده‌زگا دینییه‌كانیش به‌شێك بوون له‌و ڕه‌وته كۆمه‌ڵایه‌تییه به‌هێزه‌ی پشتیوانی ئیداره‌كه‌ی سه‌رۆك بۆشی كوڕ بوون. له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه، یه‌كگرتنی نێوان سیاسییه‌كان و پیاوانی ئاينی وسه‌رمایه‌داره‌كان به‌شێك بوو له‌و باكگراوه‌نده فیكرییه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكای داده‌ڕشت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئاین له دیدی باوكانی دامه‌زرێنه‌ری ئه‌مریكاشه‌وه، ڕۆڵی گرنگی له وێناكردنی ئه‌مریكا بۆ خۆیی و دونیای ده‌ره‌وه ده‌بینی، وه‌ك دروشمی "خوا ئه‌مریكا ده‌پارێزێت و باوه‌ڕمان به‌خوایه." لێره‌وه ئاین ڕه‌گه‌زێكی سه‌ره‌كیی دۆكترینی باوكانی دامه‌زرێنه‌ریش بوو.
له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی جه‌نگی دژ به تیرۆریش، سه‌رۆك بۆش ڕایگه‌یاند ئه‌مه جه‌نگی خاچ په‌رستانه (Crusades War) وه‌ك ئاماژه‌دانێك بۆ جه‌نگی مێژوویی سوپا ئه‌ورووپییه‌كان دژ به له‌شكری موسڵمانه‌كان. هه‌رچه‌ند دواتر به‌وه پاساو درا كه هه‌ڵه‌ی زمان (زلة لسان) بووه و مه‌به‌ست له جه‌نگ نییه له‌گه‌ڵ دونیای ئیسلام. جه‌نگ دژ به ئه‌فغانستان و عێراق نه‌یتوانی ئه‌و ئامانجه ستراتیجیانه به‌ده‌ست بهێنێت كه ئیداره‌كه‌ی سه‌رۆك بۆش بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرد، به‌ڵكوو ئه‌مریكای خسته زه‌لكاوی جه‌نگێكی بێكۆتایییه‌وه و ڕق و بوغزی موسڵمانان به‌رانبه‌ر ئه‌مریكا زیاتر په‌ره‌ی سه‌ند و دیسكۆرسی تیرۆر و هێزه دژه ئه‌مریكاییه‌كانیشی به‌هێزتر كرد. نه‌ك دیموكراسیش له‌و دوو وڵاته به‌دی نه‌هات، بگره به شكستی ستراتیجیی سه‌ربازیی و سیاسی ئه‌مریكا له ئاستی جیهاندا شكایه‌وه.
باسی چواره‌م: ستراتیجیی سەربازیی ئیدارەی سەرۆك ئۆباما 2008- 2016
لە جەنگەوە بۆ دیپلۆماسییەت
هاتنەسەركاری سەرۆك ئۆباما هاوكات بوو لەگەڵ زیاتربوونی ڕادەی توندوتیژییەكان لە عێراق و ئەفغانستان، لەگەڵ ئەوەی ئەمریكا لە زەلكاوی جەنگی گەورەی بەفیڕۆچوون (الاستنزاف) تێوە گلابوو، بەڵام ئەو ئامانجانەش بەدی نەهاتن كە جەنگیان لەپێناودا هەڵگیرسا. هێرشەكانی بزووتنەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان و ڕێكخراوی قاعیدە لە عێراق هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی دوچاری دۆخێكی دژوار كردبووەوە. باراك ئۆباما لە كەمپینی هەڵبژاردندا بەڵێنی ئەوەی دابوو ئەگەر وەك سەرۆك هەڵبژێردرێت، هێزە سەربازییەكان لە عێراق و ئەفغانستان دەكشێنێتەوە. ئەو پێی وا بوو: "ئێمە دەبێت ئەوە بە بیری خۆمان بهێنینەوە نەوەكانی ڕابردوو تەنیا لەڕێگەی مووشەك و تانكەوە ڕووبەڕووی نازییەت و شیوعییەت نەبوونەوە، بەڵكوو به هۆی هاوپەیمانییه‌تیی بەهێز و بیرووباوەڕی جێگیرەوە. ئەوان دركیان بەوە كردبوو كە هێز و توانایی بە تەنیا ناتوانێت بمانپارێزێت، ئەمەش رێگەمان پێ نادات بە ویستی خۆمان ڕەفتار بنوێنین." بۆ دەربازبوون لە كاریگەری و بەرەنجامی ڕووداوەكانی 11 سێپتەمبەر، كاری هاوبەش و پابەندبوون بە هاوپەیمانییه‌تی و بونیادنانی بەرژەوەندیی هاوبەش بوون بە ئەركی لەپێشینە (الاولویات) ی سیاسەتی ئەمریكا وەك نەخشەڕێگەیەك بۆ ڕزگاربوون لە دایلەما (گرفتی گەورە)ی (Dilemma ) جەنگ.
سەرۆك ئۆباما هەردەم خۆی وەك كەسێكی ڕیالیست وێنا دەكرد كە تێروانینێكی ڕیالیستانەی بۆ ئیدارەدانی سیاسەت و كێشەكان هه‌یه؛ له‌سه‌ر بنه‌مای ئەم تێڕوانینەش به‌رهه‌ڵستی بڕیاری جەنگی لە دژی عێراق بوویەوە. ئیدارەی كۆشكی سپی لەسەر بنەمای تێگەیشتنەكانی سەرۆك ئۆباما كاری لەسەر گەڵاڵەكردنی ستراتیجێكی نوێ كرد بۆ دووبارە داڕشتنەوەی ڕۆڵ و ئەركی ئەمریكا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. لە دیدی ئەودا، ستراتیجییەتێك بۆ ئیدارەدانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان گونجاوە كە لەسەر بنەمای ئەو واقیعە بێت کە لەسەر زەوی هەیە، نەك بەو شێوەیەی لە بەرژەوەندیی ویلایەتە یەكگرتووەكاندایە هەڵبسەنگێنرێت، وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێت: "كاتێك بڕیاری جەنگ لە دژی عێراق درا، ئەو ڕوانگە واقیعیيە بوونی نەبوو، لەبەرئەوە لە دژی وەستامەوە."
لە تێرمی دووەمی سەرۆكایەتییەكەیدا، تێڕوانینی ئیدارەی سەرۆك ئۆباما بۆ جەنگی ئەفغانستان بەو شێوەیە بوو چیدیكە هەوڵەكانی ئەمریكا هیچ ئەنجامێكی ئەوتۆی نابێت هەروەك لە عێراق بەراورد بەو تێچووە زۆرەی جەنگ، هیچ ئامانجێكی گرنگ بەدی نەهات. لەبەرئەوە، سوپای ئەمریكای لە ساڵی 2011 لە عێراق كشاندەوە و بە ئاراستەی كشانەوە لە ئەفغانستانیش كاری دەكرد. لەبارەی كشانەوە لە عێراق سەرۆك ئۆباما جەختی كردەوە: "من ئەركێكی نوێ بە هێزە چەكدارەكان لە عێراق دەدەم ، ئەویش كۆتایيهێنانە بەو جەنگە."
كشانەوە لە عێراق بەشێك بوو لە هەوڵەكانی ئەمریكا بۆ كەمكردنەوەی بوونی سەربازيی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرەڕای ئەوەی هاوكات بوو لەگەڵ ڕووداوەكانی بەهاری عەرەبی كە هاوشێوەی بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك بوو بەر ناوچەكە كەوت. دروستبوونی شەڕ و ئاژاوەی ناوخۆیی لە چەند وڵاتێكی ڕؤژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا كە بوو بە هۆی دەستتێواردانی وڵاتانی دیكە و به‌رپابوونی جەنگی بە وەكالەت، بەڵام ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پەیڕەوەیی لە سیاسەتی دوورەپەرێزی كرد. لە ڕووخاندنی ڕژێمەكەی موعه‌مەر قەزافی لە لیبیا تەنیا لەڕێگەی گورزی ئاسمانی و پێدانی زانیاری هەواڵگریی، هاوكاریی هاوپەیمانەكانی لە ناتۆ كرد. دوای ڕووخانی دەسەڵاتی قەزافی و سەرهەڵدانی جەنگی ناوخۆیی لەو وڵاتە، هەڵوێستی ئەمریكا خۆ بەدوورگرتن و بەوریایییەوە مامەڵەكردن بوو، چونكە هیچ خواستێكی نەبوو بۆ بەشداریكردن لە هەوڵی جێگیركردنی سەقامگیری لەو ناوچەیەدا.
لە هەمان كاتدا، كەمكردنەوەی ئامادەیی سەربازیی بە واتای دەستبەرداربوونی ئەمریكا لە ڕێبەڕایەتیكردنی دونیا نەبوو، بەڵكوو سەرۆك ئۆباما ڕژد بوو لەسەر ئەوەی ئەمریكا دەبێت ئەركی ڕێبەرایەتیكردنی جیهان بگرێتە ئەستۆ، بەڵام لەبارەی ڕۆڵی هێزی سەربازیی لە بەهێزكرنی پێگەی سەركردایەتیكردنی ئەمریكا، ئەو باوەڕی وا بوو سوپا هەردەم بە كۆڵەكەی سەرەكیی سەركردایەتیكردنی ئەمریكا بۆ جیهان دەمێنێتەوە، بەڵام كردەی سەربازیی تەنیا ڕەگەز (عنصر) یاخود توخمی سەرەكی نییە لە پێشەوایەتیكردنی ئەمریكا بۆ هەر دۆخێك، وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێت: "تەنیا لەبەرئەوەی باشترین چەكوشمان هەیە، واتای ئەوە نيیە هەموو كێشەیەك بزمارە."
داواكراوی یه‌كه‌م: بەهێزكردنی ئەمریكا لە ناوخۆدا
یەكێك لە ئامانجە ستراتیجییەكانی ئیدارەی كۆشكی سپی بەهێزكردنی ئەمریكا بوو لە ئاستی ناوخۆدا. دیسكۆرسی زاڵی سیاسەتی دەرەوە جەختكردن بوو لە ڕێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەكان، سەروەریی دەوڵەت و میللەتانی دیكە و بەهێزكردنی بەها هاوبەشەكان. سەرۆك ئۆباما دڵنیایی ئەوەی دەدا چیتر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سیستەمێكی فەرمانڕەوایی دیاریكراو بەسەر وڵاتانی دیكەدا ناسەپێنێت، چونكە پێشكەوتن و گەشەسەندنی ئەمریكا بۆ داهاتوویەكی دوورتر پەیوەستە بە پشتگیریی بەردەوام بۆ بەها جیهانییەكان. ئەم شێوازی كاركردنە ئەمریكا لە دوژمن و ڕكابەرەكانی جیا دەكاتەوە و هەمیشە وەك شارستانییەتێكی گەشاوە دەیهێڵێتەوە.
سەرۆك ئۆباما دژ بە دەستتێوەردانەكانی ئەمریكا بوو بە پاساوی پشتگیریكردن لە بەها لیبڕاڵەكان؛ پێی وا بوو نابێت چیدیكە ویلایەتە یەكگرتووەكان ئەركی بڵاوكردنەوەی لیبڕاڵیزم و دیموكراسی بگرێتە ئەستۆ، بەڵكوو ئەو ئەرگومێنتەی خستە ڕوو: "ئەگەر دەستتێوەردان بە پاساوی پشتگیریكردن لە لیبڕاڵیزم پێوەر بێت، ئەوا بەپێی ئەو لۆژیكە، پێویستە 300 هەزار سەربازی ئەمریكی لە كۆنگۆ بڵاوە پێبكەین كە تێیدا بە هۆی ململانێی ئەتنیكییەوە ملیۆنان دەكوژرێن و ئاوارارە دەبن، بێ ئەوەی ئێمە هیچ ڕۆڵێكمان لە دروستكردنیدا هەبێت."
لە تێروانینی سەرۆك ئۆبامادا، بونیادنانی نەتەوە لە ناوخۆدا ئامانجی سەرەكییە، لەجیاتی بوون بە پۆلیسی جیهان، دەبێت ئەمریكا كار لەسەر برەودان بە بەها شارستانییەكان و بەهێزكرنی خۆ لە ناوخۆدا بكات. وەك ئه‌و ده‌ڵێت: "ئێمە بەهاكانی خۆمان پێش هەرشتێكی دیكە لەناو وڵاتی خۆمان بڵاو دەكەینەوە و زیندوو ڕایدەگرین.". ئەو پێی وا بوو بە هۆی هەڵەكانی ئیدارەی سەرۆك بۆشی كوڕەوە كە ئەمریكای لە جەنگی بێهودە تێوەگلاندووە و فۆكەسی زیاتری خستبووە سەر كێشەكانی دەرەوەی وڵات، پێگەی ئەمریكا لە ئاستی دونیادا لاواز بووە. بەهێزكردنی ئەمریكا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پەیوەستە بە بەهێزكردنی ئەمریكا لە ناوخۆدا، لەبەرئەوە ئەمریكا له‌مه‌وبه‌دوا بە ئاراستەی بەهێزكردنی سیستەمی بەهایی ئەمریكی (منظومة القیم الامریكیە) لە ناوخۆدا كار دەكات.
سنوورداركردنی پڕۆسەی سەربازی لە ئاستی نێودەوڵەتی و پێویستیی بونیادنانەوەی هێزی ئەمریكا لە ناوخۆدا بەشێك بوو لە ستراتیجیی كۆشكی سپی بۆ ئیدارەدانی سیاسەتی ئەمریكا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. ستیڤن واڵت (Stephen Martin Walt) باوەڕی وایە دووركەوتنەوە لە بونیادنانی دەوڵەت لە پانتایی وشكانی و ئاسمانی فره‌وانتر ئازادیی زیاتر بۆ ڕەفتارنواندن فەراهەم دەكات؛ لەهەمان كاتدا، ئاستی دوژمنایەتی و ڕكابەریی ئەمریكا لە بوارە سەرەكییەكاندا كەمتر دەكاتەوە. سەرۆك ئۆباما پێی وا بوو هۆكاری سەركەوتن بەسەر شیوعییەتدا بەهێزكردنی كاری دامەزراوەیی لە ناوخۆ و سیاسەتی دروست لە ئاستی دەرەوەدا بوو، لەبەرئەوە جەختی دەكردەوە: "ئەوە ئەركی منە ئەو دیدگایە پێشكەش بكەم كە ئێمە بەرەو كوێ هەنگاو دەنێین." لێرەوە پێویستە ئەمریكا بگەڕێتەوە ئەو پێگەیەی كە پشتیوانی هاوكاری و بەرژەوەندیی هاوبەشی نێوان دەوڵەتان و گەلانی دیكە بێت.
داواكراوی دووه‌م: سەركردایەتیكردن لە پەناوە (Leading From Behind)
سەركردایەتیكردن لە پەناوە مۆدێلێكی نوێی پڕاكتیزەكردنی هەژموونی و دەسەڵاتی ئەمریكا بوو لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، وەك ڕایان لیزا ((Rayan Lizza نووسەرى ڕۆژنامەى نیویۆرکەر دەڵێت: "ناوەڕۆکى ئایدیاى سەرکردایەتیکردن لە پەناوە بریتییە لە توانایی هێزە بکەرەکانى دیکە بۆ پێدانى ئەوەی تۆ دەتەوێت." بۆ یەكەم جار دەستەواژەی سەركردایەتیكردن لە پەناوە (القیادة من الخلف) لەلایەن یەكێك لە كارمەندانی تیمی ئاسایشی نەتەوەیی سەرۆك ئۆباما بەكارهات، بەتایبەت دوای ئەوەی لە وتارێكی ڕۆژنامەی نیویۆركەردا ئاماژەی پێ درا، دەنگدانەوەیەكی میدیایی فره‌وانی هەبوو.
ئامانجی سەرۆك ئۆباما لە پیادەكردنی سیاسەتی سەركردایەتیكردن لە پەناوە سنووردراركردنی ڕۆڵی سوپا و پڕۆسە سەربازییەكان بوو لە چەسپاندنی دەستڕۆیی (Hegemony) ئەمریکا لە ئاستى نێودەوڵەتیدا. وەک ئه‌و دەیگوت: "ئەمریکییەکان نایانەوێت وڵاتەکەیان لە سیاسەتى جیهانیدا بکشێتەوە، بەڵکوو دەیانەوێت تەنیا لەڕێگەى سوپا و هێزى سەربازییەوە ئیدارە نەدرێت." ئەو جەختى لەسەر ئەو ئایدیایەش دەکردەوە کە نابێت چیتر ئەمریکا هەر هەڵەیەک لە جیهاندا ڕوو دەدات، ڕاست بکاتەوە، چونکە ویلایەتە یەکگرتووەکان پۆلیسى جیهان نییە.
سیاسەتى سەرکردایەتیکردن لە پەناوە لە پڕۆسەى ڕووخاندنى ڕژێمەکەى قەزافى زیاتر خۆى مانفێست کرد کاتێک ئەمریکا هاوپەیمانەکانى خۆى لە ناتۆ بەتایبەت بەریتانى و فەرەنسییەکانى لە هێڵى پێشەوە جێ هێشت و ڕکێفى دەستپێشخەرىی پڕۆسە سەربازییەکانى کرد، سەرەڕاى ئەوەى هێشتا لە تێڕوانینى کۆشکى سپی‌دا، ئەمریکا ڕێبەر و هێزى باڵادەستى جیهان بوو. بەپێی ڕاپرسییەک کە دامەزراوەى پیو ((Pew لە ساڵی 2011 ئەنجامی داوە، %38 ئه‌مریكییەكان پێیان وا بوو ویلایەتە یەكگرتووەكان تاكە زلهێزی جیهانە، %53 له‌و باوه‌ره‌دا بوون ئەمریكا شانبەشانی وڵاتانی دیكە یەكێكە لە وڵاتە زلهێزەكان.
جۆزێف نای Joseph Nye)) یەكێك لە تیۆرسێنەكانی لیبڕاڵیزم پێداگریی لەسەر ئەوە دەكرد پێویستە هێزی نەرمی(Soft Power) ئەمریكی زیاتر چالاك بكرێت، چونكە بەبێ سەر ڕێگاخستنی پەیوەندییەكی پتەو لەگەڵ وڵاتانی دیكە لەسەر بنەمای هاوكاری و كاری پێكەوەیی ئەستەمە زۆرێك لە كێشەكانی جیهان چارەسەر بن. سەرباری ئەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان تەنیا لەڕێگەی هێزی سەربازیییەوە ناتوانێت سەركەوتن مسۆگەر بكات، چونكە لە بەرەنجامدا ئامانجەكانی ئەمریكا لەجیاتی فره‌وانكردن، سنووردار دەكات. دۆكیۆمێنتی ئاسایشی نەتەوەیی كە لە 27/ ئایاری 2010 ڕاگەیاندرا جەخت دەكاتە سەر ڕاگرتنی هاوسه‌نگی لە نێوان پابه‌ندییه نێودەوڵەتییەكان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە نوێیەكان. كاری له پێشینه‌ی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكی بۆ چەند تەوەرێك دابەش كردبوو.:
لە قەیرانی سووریادا هاوشێوەی لیبیا، كۆشكی سپی پەیڕەوی لە سیاسەتی سەركردایەتیكردن لە پەناوە كرد، وێڕای ئەوەی سەرۆك ئۆباما بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن ڕژێمەكەی ئەسەدەوە وەك هێڵی سوور دیاری كرد، بەڵام لە غۆتەی ڕۆژهەڵات، ڕژێمی سووریا چەكی كیمیایی دژ بە چەكدارانی ئۆپۆزسیۆن و خەڵكی سڤیل بەكار هێنا، كەچی ویلایەتە یەكگرتووەكان هیچ پەرچەكردارێكی ئەوتۆی پێشان نەدا، ئەم هەڵوێستەش لە ناوەڕۆكدا لاوازیی ئەمریكای لە ئیدارەدانی قەیرانێكی لەو شێوەیەدا بەرجەستە كرد. لەم بارەیەوە سەرۆك ئۆباما دەڵێت: "من دژ بە داواكاریی ئەنجامدانی كردەی سەربازي وەستامەوە، چونكە ناكرێت جەنگی ناوخۆیی لەڕێگەی هێزەوە بۆ كەسێكی دیكە چارە بكرێت، بەتایبەت دوای 10 ساڵ جەنگ لە عێراق و ئەفغانستان... لە سایەی نەبوونی هەڕەشەی ڕاستەوخۆ یاخود نزیك لەسەر نەتەوەكەمان، ئەم گفتوگۆیە بۆ كۆنگرێس دەبەم. ئایدیای كردەی سەربازی هەرچەند سنوورداریش بێت، بەڵام پشتگیریی گەلی نابێت. من دەزانم ئەمریكییەكان لە هەریەك لە ئێمە، لە واشنتۆن، بەتایبەت لە "من" دەخوازن جەختى زیاتر بخەمە سەر بونیادنانى نەتەوەکەمان له ناوخۆدا."
سياسەتی سەركردایەتیكردن لە پەناوە بە یەكێك لە هۆكارەكانی لاوازكردنی ئەمریكا لە ئاستی جیهان دادەنرێت، چونكە زیاتر بە ئاراستەی كشانەوە لە ئیدارەدانی قەیرانەكان و نەبوونی ستراتیجییەتێك بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەكان بوو. بە بۆچوونی زۆرێك لە پسپۆڕانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، ئیدارەی سەرۆك ئۆباما هەر لەبنەڕەتدا هیچ ستراتیجییەتێكی بۆ ئیدارەدانی قەیرانەكان نەبوو. كۆمارییەكان ئەم سیاسەتەیان وەك بەڵگەیەك لەسەر دیدی سەرۆك ئۆباما بۆ سنوورداركردنی هێز و هەژموونیی ئەمریكا لەئاستی جیهاندا دەبینی. ڕۆبەرت كاگان ((Robert Kagan نووسەری كتێبی (The Jungle grows back America and Imperiled World2018) پێی وایە: "ئۆباما گورزێكی گەورەی لە پێگە و شكۆی ئەمریكا داوە، تەنیا بە باوەڕ بوونی بە حەتمییەتی شكستی ویلایەتە یەكگرتووەكان لەڕووی ئابووری و سەربازییەوە شكستی بەو دۆكترینە هێنا كە زیاتر لە نیوسەدە بوو ستراتیجیی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكای لەسەر بونیاد نرابوو."
زبگیتۆ بیرجنسكی Zbigniew Brzeziński 1928-2017)) ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی سەرۆك جیمی كارتەر تێبینیی بوونی دژیەكییەكی (Contradiction) زۆر دەكات لە گوتار و كرداری سەرۆك ئۆبامادا و، پێی وایە هیچ پلانێكی ڕوونی بۆ داهاتوو پێشكەش نەكردووە. هەروەها مایكڵ هیرش، ((Michael Hirsh ڕۆژنامه‌نووسی ئه‌مریكی پێی وایە: "دۆكترینی ئۆباما نەبوونی هیچ دۆكترینێكە، ئەمەش ئەو پارادایمەیە كە ڕەنگە بمێنێتەوە."
بە شێوەیەكی گشتی، سنوورداركردنی ڕۆڵی ئەمریكا لە كێشەكانی جیهاندا فاكتەری دروستبوونی پشێوی و ناڕێكیی زیاتر بوو لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا، بە دیوێكی دیكەشدا ئینكاركردنی (Denial) بوونی ئەمریكایە وەك ئیمپراتۆرییەتێك.
داواكراوی سێیه‌م: تەڵزگەی جەنگ
كۆتایيهێنان بە جەنگ و كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە خاكی بێگانە خواستی سەرەكیی سەرۆك ئۆباما بوو لە داڕشتی ستراتیجیی ئیدارەكەیدا. ئەو وەك سەرۆكێك ناسرا بوو كە كۆتایی بە جەنگ دەهێنێت و ئەمریكا لە تێوەگلان لە زەلكاوی جەنگە بێكۆتاكان ڕزگار دەكات، چونكە پێی وابوو له‌دوای دووەم جەنگی جیهانییەوە هیچ هەڵەیەك وەك ئامادەيی بۆ ڕیسكی سەربازیی بەبێ بیركردنەوە لە به‌ره‌نجامه‌كانی، بۆ ئەمریكا قورس نەكەوتووە، ڕیسكێك بەبێ زەمینەسازكردن بۆ هێنانەكایەی شەرعییەت و هاوكاریی نێودەوڵەتی، پێگەی ئەمریكا لاواز دەكات. ئەم تێڕوانینەی سەرۆك ئۆباما لەو باوەڕەوە سەرچاوەی دەگرت كە نابێت ئەمریكا تەنیا فۆكەسی لەسەر ئەو هەڕەشە و ئاڵنگارییانە بێت لە دەرەوەی سنوورەكانه‌وه دێن.
سەرهەڵدانی ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (ISIS) وەك هەڕه‌شەیەك بۆسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكە و جیهان ئەو وێنەیەی تێك‌شكاند كە ئه‌مریكا لە سەردەمی سەرۆك ئۆبامادا لاپەڕەی جەنگ لە واقیعی سیاسیی خۆیدا هەڵ دەداتەوە، چیتر سەرقاڵی بەهێزكردنی خۆی دەبێت لە ناوخۆدا. جەنگ دژ بە ڕێكخراوێكی بەهێزی نادەوڵەتی بوو بە پێویستییەكی ناچاری. وەك دیك چینی، جێگری سەرۆك بۆشی كوڕ دەڵێت: "ئۆباما بانگەشەی ئەوەی دەكرد ئیتر شەپۆلی جەنگ سنووردار دەكات، بەڵام لەڕاستیدا سیاسەتەكانی ئەو بوو بە هۆی سنووردراركردنی دەستڕۆیی و هێزی ئەمریكا لە عێراق و ناوچەكە." ڕزگاركردنی ئەمریكا لە وەسوەسەی جەنگ (هاجس الحرب) ئامانجی ئیدارەكەی سەرۆك ئۆباما بوو، بەڵام بەرەنجامێكی پێچەوانەی هەبوو.
لەپێناو تێوەنەگلانی ئەمریكا لە جەنگدا، ستراتیجیی كۆشكی سپی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی بەشداری نەكردنی هێزی زەمینی بوو لە شەڕ لەسەر زەوی (no boots on the ground) بەڵكوو بۆ تێكشكاندنی داعش زیاتر جەختی دەكردە سەر هاوكاریكردنی هاوپەیمان و هاوبەشە ناوچەییەكان. وەك سەرۆك ئۆباما دەڵێت: "من دەمەوێت گەلی ئەمریكا دڵنیا بكەمەوە كە چۆن ئەم هەوڵە جیاواز دەبێت لە جەنگی عێراق و ئەفغانستان، ئەمە نابێت بە هۆی بەشداریكردنی هێزی ئەمریكی لە جەنگ لەسەر خاكی بێگانە... ئەم ستراتیجە لەڕێگەی هاوكاریكردنی هاوبەشەكانمان لە هێڵەكانی پێشەوە بۆ كۆتايیهێنان بەو تیرۆریستانەیە هەڕەشەمان لێ دەكەن، ئەمەش ئەو شتەیە چەند ساڵێكه بەسەركەوتوویی لە سۆماڵ و یەمەن جێبەجێ دەكرێت." . ناوەڕۆكی ئەم ستراتیجە هەوڵدان بوو بۆ به‌دیهێنانی ئامانجەكانی ئەمریكا لەڕێگەی ئەكتەرە ناوچەییەكانەوە.
لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی‌دا، دیدگای كۆشكی سپی ئەوە بوو به تەنیا ئەركی ویلایەتە یەكگرتووەكان نییە تیرۆر تێكبشكێنیت، بەڵكوو پێویستی بە هاوكاری هەمەلایەن و هاوبەشە خۆجێیيەكان هەیە. وەك سەرۆك ئۆباما دەڵێت: "ئێمە ناتوانین ئەوە بكەین كە عێراقییەكان خۆیان دەبێت بیكەن، ناتوانین جێگەی عەرەب بگرینەوە بۆ پارێزگاریكردن لە ناوچەكەیان" ئەو پێی وا بوو هیچ سەرۆكێك ناتوانێت تیرۆر بەتەواوی لەناو ببات، بەڵكوو لەڕێگەی ئامرازی دیپلۆماسی و هاوكاریی فرەلایەنەوە دەكرێت ڕێگە لە ئەنجامدانی هێرشی بەرفره‌وانی تیرۆریستی بۆسەر ئەمریكا بگیرێت و دەرفەتی وەشاندنی گورزی گەورە بۆ تیرۆریستان نەڕەخسێنرێت.
لەلایەكی دیكەوە، مەترسییەكانی ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، ئەمریكای ناچار كرد بەشێك لە هێزەكانی بگەڕێنێتەوە عێراق بە مەبەستی ڕاهێنان بە هێزە سەربازییەكانی عێراق و هێزی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر. لەڕێگەی دروستكردنی هاوپەیمانێتییەكی نێودەوڵەتی جارێكی دیكە گەڕایەوە ناو جەنگ و ململانێكانی ناوچەكە. ئامانجی ئەمریكا هەڵوەشاندنەوە و لەناوبردنی ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی بوو، ئەمەش پێویستی بە كەمكردنەوەی ئەو ڕووبەرە هەبوو كە ڕێكخراوەكە كاری تێدا دەكرد، سەرباری ئەوەش كۆتاییهێنان بە داعش پێویستی بە دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بوون بە بەشێك لە جەنگە ناوخۆییەكانی بوو. ئەمەش پێچەوانەی بانگەشەی سەرۆك ئۆباما بوو بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگ.
ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان بۆ له‌ناوبردنی ئامانجه تیرۆریستییه‌كان پشتی به فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان ده‌به‌ست بەتایبه‌ت له وڵاتانی وه‌ك پاكستان و ئه‌فغانستان و یه‌مه‌ن و سۆماڵ. پڕۆسه‌ی له‌ناوبردنی بن لادن به‌بێ ئاگاداری پاكستان و پێشێلكردنی سه‌روه‌ریی خاكه‌كه‌ی، ناڕه‌زایه‌تییه‌كی زۆری دروست كرد و ئه‌و بۆچوونه‌یشی به‌هێزتر كرد كه سه‌رۆك ئۆباما گوتار و كرداری ئیداره‌كه‌ی دووشتی لێك جیاوازن، ته‌نانه‌ت ئه‌و وه‌ك سه‌رۆك ڕاسته‌وخۆ به‌شدار ده‌بوو له ڕه‌زامه‌ندی ده‌ربڕین له‌سه‌ر ئامانجه تاكه‌كه‌سییه‌كانی گورزی فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه‌كان. به‌شداریی ڕاسته‌وخۆی سه‌رۆك له به‌ڕێوه‌بردنی پڕۆسه سه‌ربازییه‌كان ته‌نیا له سه‌رده‌می سه‌رۆك لیندن جۆنسن (Lyndon B. Johnson 1965-1969) ڕووی داوه، كاتێك ڕه‌زامه‌ندیی ده‌ربڕی به وه‌شاندنی گورزی ئاسمانی دژ به چه‌ند ئامانجێك له ڤێتنامی باكوور. سیاسه‌تی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر ناكۆك بوو له‌گه‌ڵ به‌ڵێنه‌كانی سه‌رۆك ئۆباما بۆ هه‌وڵدان بۆ ده‌سپێكێكی نوێ له‌گه‌ڵ جیهانی ئیسلامی‌دا. به‌پێی ڕاپرسییه‌كان، له ساڵی 2013 ڕاده‌ی دوژمنایه‌تی به‌رانبه‌ر ئه‌مریكا له وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له ئاستێكی زۆر به‌رزدا بووه.
دۆكیۆمێنی دووه‌می ستراتیجیی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی National Security Strategy) ) ئیداره‌ی سه‌رۆك ئۆباما كه له ئایاری 2015 بڵاو كرایه‌وه جه‌ختی كردووه‌ته سه‌ر ڕۆڵی ئه‌مریكا له ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی ئه‌و ئاڵنگارییانه‌ی ڕووبه‌ڕووی جیهان بووه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها تیشكی خستووه‌ته سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش و كاری پێكه‌وه‌یی وه‌ك پره‌نسیپی سه‌ره‌كیی كاركردنی داموده‌زگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان. به واتایه‌كی دیكه، ڕه‌ددانه‌وه‌ی پشتبه‌ستنی به‌رده‌وام به هێزی سه‌ربازیی وه‌ك بژاره‌یه‌كی سه‌ره‌كی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان كه هه‌ندێك وه‌ك دۆكترینی ئۆباما (Obama Doctrine) ده‌یناسێنن.
له‌ڕاستیدا، ئیداره‌ی سه‌رۆك ئۆباما وا ده‌ركه‌وت كه سه‌ره‌تای گۆڕانكاری ڕیشه‌یی بێت له سیاسه‌ت و ستراتیجیی ئه‌مریكا به‌رانبه‌ر جیهان، دووركه‌وتنه‌وه له جه‌نگ و په‌نابردن بۆ بژاره‌ی سه‌ربازیی، به‌ڵام نه‌ك لاپه‌ڕه‌ی جه‌نگ هه‌ڵنه‌درایه‌وه، به‌ڵكوو به هۆی سیاسه‌تی گۆشه‌گیری (الانعزالية) كۆشكی سپی له‌هه‌مبه‌ر قه‌یرانه‌كان، وای كرد ڕێكخراوێكی ناده‌وڵه‌تی وه‌ك ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ببێت به هه‌ڕه‌شه‌یكی جددی بۆسه‌ر ئاسایشی جیهان، لێره‌وه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان به‌ناچاری و به شێوازی دیكه گه‌ڕایه‌وه ناو ململانێ و ئیداره‌دانی قه‌یرانه‌كان.
به‌شی دووه‌م:
هێزی پێشمه‌رگه له ستراتیجیی سه‌ربازیی ئه‌مریكا له جه‌نگی دژ به تیرۆردا
ناوه‌ڕاستی ساڵی2014 پێشڕه‌وییه‌كانی چه‌كدارانی ڕێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی، ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و جیهانی خسته به‌رده‌م ئاڵنگاریی ئاسایشیی گه‌وره‌وه. داگیركردنی پانتاییه‌كی فره‌وان له خاكی هه‌ردوو وڵاتی عێراق و سوریا، مه‌ترسییه‌كانی تیرۆریزمی په‌ڕانده‌وه ئه‌ودیوی سنووره‌كان. ئاسایشی هه‌رێمایه‌تی و سه‌روه‌ریی ده‌وڵه‌تانیش كه‌وتنه به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی خیلافه‌ته‌كه‌ی داعشه‌وه.
ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی داعش جه‌ختی كرده سه‌ر هاوكاری و پشتگیریكردنی هێزه خۆجێیه‌كان له‌ڕێگه‌ی پێدانی چه‌ك و زانیاریی هه‌واڵگری و وه‌شاندنی گورزی ئاسمانییه‌وه. هێزی پێشمه‌رگه له پێشه‌نگی ئه‌و هێزانه بوو له پڕۆسه‌ی تێكشكاندنی خیلافه‌ته‌كه‌ی داعش ڕۆڵی سه‌ره‌كیی هه‌بوو. به هۆی ئاماده‌یی مه‌یدانی و پیشاندانی ڕۆڵی جه‌نگاوه‌رانه‌ی خۆی، بوو به‌جێگه‌ی متمانه‌ی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه ئه‌وروپییه‌كانی.
تێك‌شكان و هه‌ڵاتنی سوپای عێراق له‌به‌رده‌م شاڵاوی چه‌كدارانی ڕێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ئه‌و وێنه‌یه‌ی زیاتر زه‌ق كرده‌وه كه پێشمه‌رگه ده‌توانێت هێزێكی كاریگه‌ر و جێگه‌ی متمانه بێت له شه‌ڕ دژ به تیرۆریزم و به‌گژداچوونه‌وه‌ی ڕێكخراوه تیرۆریستییه‌كاندا.
باسی یه‌كه‌م/پێشمه‌رگه وه‌ك هاوبه‌شێكی متمانه‌پێكراوی ئه‌مریكا
مانگی حوزه‌یرانی ساڵی 2014 ڕێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی چه‌ندان شار و ناوچه‌ی له عێراق داگیر كرد. تێكشكانی سوپای عێراق له‌به‌رده‌م شاڵاوه‌كانی داعشدا، ته‌نیا مه‌ترسی نه‌بوو له‌سه‌ر قه‌واره و ئاسایشی ئه‌و وڵاته و ناوچه‌كه، به‌ڵكوو بوو به ئاڵنگارییه‌كی ئاسایشی گه‌وره بۆ ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و ئه‌ورووپا و جیهان به‌گشتی. سه‌رۆك ئۆباما ڕایگه‌یاند: "داعش مه‌ترسییه له‌سه‌ر عێراق و هه‌ڕه‌شه‌یه له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا." لێره‌وه ئه‌مریكا هه‌وڵه‌كانی خۆی بۆ وه‌ستاندنی پێشڕه‌وییه‌كانی چه‌كدارانی ڕێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی خسته گه‌ڕ. هاوپه‌یمانێتییه‌كی نێوده‌وڵه‌تی له زیاتر له 60 ده‌وڵه‌ت به ڕێبه‌رایه‌تیی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان پێك هات بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی خیلافه‌ته‌كه‌ی داعش.
ستراتیجیی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش دووركه‌وتنه‌وه بوو له تێوه‌گلان له به‌شداریكردنی هێزه زه‌مینییه‌كانی له مه‌یدانی جه‌نگ، یاخود نه‌بوونی هیچ سه‌ربازێك له سه‌ر زه‌وی و له هێڵه‌كانی پێشه‌وه له‌به‌ر چه‌ندان هۆكار:
دروشمی نه‌بوونی سه‌رباز له سه‌ر زه‌وی no boots on the ground)) بوو به پره‌نسیپی سه‌ره‌كیی ستراتیجیی سه‌ربازیی ئه‌مریكا له هه‌وڵه‌كانی بۆ تێكشكاندنی ڕێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی. له ئاستی ناوخۆدا، دروشمه‌كه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ماندووبوونی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان بوو له جه‌نگ، هه‌روه‌ها خواستێكی ڕاسته‌قینه‌ش بوونی نه‌بوو بۆ به‌كارهێنانی تواناییە ماددی و مرۆییه‌كانی ئه‌مریكا له جه‌نگه بێكۆتا و چاره‌نووس نادیاره‌كاندا. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خودی سه‌رۆك ئۆباما پێی وا بوو ده‌كرێت له دووره‌وه و به كاتێكی كه‌م و تێچوویه‌كی سنوورداری ماددی و مرۆیی، گۆڕانگاری ئه‌نجام بدرێت.
له مانگی دیسه‌مبه‌ری 2014 سه‌رۆك ئۆباما ستراتیجیه‌تێكی گشتگیری بۆ تێكشكاندنی ڕێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ڕاگه‌یاند كه خۆی له 9 بنه‌مای سه‌ره‌كیدا ده‌بینییه‌وه:
ئامانجه‌كانی ئه‌م ستراتیجه‌ی ئه‌مریكا له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش بریتی بوون له:
پشتبه‌ستن به هاوبه‌شه خۆجێییه‌كانLocal Partners) ) و یارمه‌تیدانیان له‌ڕێگه‌ی وه‌شاندنی گورزی ئاسمانی، پێدانی چه‌ك و زانیاریی هه‌واڵگری، بوو به بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كی كاری هاوپه‌یمانێتیی نێوده‌وڵه‌تی دژ به داعش به ڕابه‌رایه‌تیی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان. پێشمه‌رگه ڕۆڵێكی كاریگه‌ری له وه‌ستاندنی پێشڕه‌وییه‌كانی داعش گێڕا. لێره‌وه بوو به جێگه‌ی متمانه‌ی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه ئه‌وروپپه‌كانی. ده‌نیس ناتالی Denise Natali)) یاریده‌ده‌ری پێشووتری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ كاروباری ململانێ و پشتیوانیی سه‌قامگیری جه‌خت ده‌كاته‌وه: "هێرش دژ به ڕێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق و شام كه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ڕێبه‌رایه‌تیی ده‌كات به شێوه‌یه‌كی فره‌وان پشت به پێشمه‌رگه وه‌ك سه‌رباز له سه‌ر زه‌وی ده‌به‌ستێت."
له ده‌ستپێكی وه‌شاندنی گورزی ئاسمانی دژ به پێگه‌كانی داعش له مانگی ئه‌یلوولی 2014، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه به هاوكاریی هێزی هاوپه‌یمانان توانییان نزیكه‌ی %25-30 ئه‌و ناوچانه ئازاد بكه‌ن كه پێشتر داعش داگیری كردبوو. هه‌روه‌ها پێشمه‌رگه ڕێگر بوو له هه‌وڵه‌كانی داعش بۆ سوودوه‌رگرتنی زیاتر له سامانی نه‌وت و گاز، تواناییەكانیانی له‌و ڕووه‌وه سنووردار كرد و هه‌وڵی وشككردنی سه‌رچاوه‌ی داهاته‌كانیانی دا. ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش ناوبانگێكی گه‌وره‌ی بۆ پێشمه‌رگه مسۆگەر كرد، وه‌ك جه‌نگاوه‌ری ئازادی و به‌رگریكاری به‌ها ئینسانییه‌كان ناسرا، چونكه ئومێدێكی گه‌وره به هێزی پێشمه‌رگه هه‌بوو كه ده‌توانێت ڕێگه له داگیركاری و پێشڕه‌وییه‌كانی ڕێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی بگرێت و، وه‌ك هێزێكی كاریگه‌ر ده‌توانێت ئاسایش بۆ مه‌سیحی و ئێزیدی و پێكهاته ئاینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی دیكه كه له‌ترسی داعش هه‌ڵاتبوون دابین بكات و پارێزگاری‌یان لێ بكات.
بوونی هێزی پێشمه‌رگه له سه‌ر زه‌وی و هاوكاریكردنی له‌ڕێگه‌ی وه‌شاندنی گورزی ئاسمانییه‌وه بوو به هۆی وه‌ستاندنی پێشڕه‌وییه‌كانی داعش. وه‌ك له زانستی سه‌ربازیدا جه‌ختی لێ كراوه‌ته‌وه، هێرشی ئاسمانی به‌بێ بوونی سه‌رباز له‌سه‌ر زه‌وی كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆی نییه و ناتوانێت ئامانجه خواستراوه‌كان به‌دی بهێنێت. پێشمه‌رگه له مه‌یدانی جه‌نگ توانی ئه‌و كاریگه‌رییه دروست بكات و تێكشكاندنی داعش وه‌ك ئامانجێكی سه‌ره‌كی بكات به حه‌قیقه‌ت. له‌به‌رئه‌وه، به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریكا هێزی پێشمه‌رگه‌یان وه‌ك هاوبه‌شێكی متمانه‌پێكراو ناو برد و جه‌ختیان له هاریكاریكردن له‌گه‌ڵیدا بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ كرده‌وه.
بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هه‌ماهه‌نگیی نێوان پێشمه‌رگه و هاوپه‌یمانان سه‌ره‌تای ساڵی 2015، ژوورێكی ئۆپه‌راسیۆن (غرفة العمليات) له شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان دروست كرا كه تاكوو ئێستاش به‌رده‌وامه له كاركردن. دروستكردنی ئه‌و ژووره له به‌هێزكردنی هاریكاریی نێوان هه‌ردوولا ڕۆڵێكی گرنگی بینی و بوو به هۆی سنوورداركردنی هێرشه‌كانی داعش و دواتر شكستپێهێنانی. پێشمه‌رگه هاوكارێكی گرنگی جێبه‌جێكردنی چه‌ندان ئۆپه‌راسیۆنی هێرشبردن دژ به داعش بوو ، له‌ڕێگه‌ی ده‌سته‌به‌ركردنی زانیاریی هه‌واڵگری گرنگ و دیاریكردنی ئامانجه‌كان به‌وردی. ژووری ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش ناوبانگێكی باشی له شه‌ڕ دژ به ڕێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی به‌ده‌ست هێنا. له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه، هێزی پێشمه‌رگه به شێوه‌یه‌كی باش سوودی له هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی هاوپه‌یمانان وه‌رگرت له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعشدا. لێره‌وه به‌رپرسانی ئه‌مریكی پێیان وا بوو ده‌كرێت پێشمه‌رگه وه‌ك هێزێكی سه‌ره‌كی پشتی پێ ببه‌سترێت له به‌كارهێنانی هاوكارییه‌كانیان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌كدارانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی.
مه‌ترسییه‌كانی ڕێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ته‌نیا له چوارچێوه‌یه‌كی جوگرافیی دیاریكراودا نه‌بوون، به‌ڵكوو خودی ڕێكخراوه‌كه كاری له‌سه‌ر نه‌هێشتنی سنووره فه‌رمییه‌كانی نێوان وڵاتان ده‌كرد، هه‌ڕه‌شه‌كانیشی ده‌گه‌یشتنه ئه‌ودیوی سنووره‌كان و وه‌ك ئه‌كته‌رێكی ناده‌وڵه‌تی non-state actor) ) بوو به سه‌رچاوه‌ی ئاڵنگاری ئاسایشیی گه‌وره، له‌به‌رئه‌وه ئه‌مریكا پێویستی به هاوبه‌شێكی به‌هێز بوو، تاكوو ڕێگر بێت له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌كانی داعش. لێره‌وه كاربه‌ده‌ستانی ئه‌مریكا جه‌ختیان كرده‌وه كه كورده‌كان هاوبه‌شێكی گوێڕایه‌ڵ و كرده‌یین له جه‌نگ دژ به ڕێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی.
ئاماژەیەک: ئەم بابەتە دوو بەشە و،سەرجەمی سەرچاوەکان لە کۆتایی بەشی دووهەم، کە لە ژمارەی داهاتوودا بڵاو دەبێتەوە، دێن.
Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved