24/03/2025
هەقیقەت و دۆکسا لەنێوان ئەکادیمیا و ئاگۆرا-دا: لەبارەی ڕەخنەی (ئارێنت) لە فەلسەفەی سیاسیی (ئەفڵاتون)

 

 هەقیقەتی یونیڤێرساڵ کە بنەڕەتەکەی بۆ خودگەڕایی و عەقڵانیەتی و یەکەیەتیی هەناوی فەلسەفەی مۆدێرنە دەگەڕێتەوە، بەتایبەتی لای دیکارت و لایبنیتز و هیگڵ، درێژکڕاوەی نەریتێکی مەزنی فەلسەفییە کە دامەزرێنەرە سەرەکییەکانی ئەفڵاتون و ئەرستۆن، ئەمە لە جیهانی فۆڕمە پەتییەکانی ئەفڵاتون و لە لۆژیکی فۆڕمال و بیرکرنەوەی سیستەماتیکی ئەرستۆدا ڕەهەندێکی ڕەها و هەمەکی وەردەگرێت. لەبەرانبەر ئەمەدا، تێزێکی تر هەیە کە بنەڕەتەکەی لەسەر تێکشکاوی یان پارچە پارچەبوونی هەقیقەت دامەزڕاوە و، لە فەلسەفەی ڕێژەگەڕایی پۆست–مۆدێرندا بە باشترین شێوە خۆی بەیان دەکات و بانگەشەی ئەوە دەکات هەموو شتێک تەفسیر یان ڕاڤەیەکی گوتارییە Discursive و هیچ جۆرە فاکتێکی ڕاستەوخۆ و تۆکمە لە ئاڕادانییە. هەر بۆیە لێرەدا "هەقیقەت" و "ڕا یان دۆکسا doxa" دەکەونە بەرانبەری یەکتر، کە یەکەمیان داکۆکی لە پێوەری نەگۆڕ و دووەمیان جەخت لەسەر گەمەی زمانی یان لە باشترین حاڵەتدا چۆنیەتیی بەکارهێنانی زمان دەکاتەوە. 

  لێرەوە قسەکردن لەسەر هەقیقەت لە هەمەکیەتیی خۆیدا جگە لەوەی دەبێتە پرسێکی فەلسەفی، هاوکات ڕەهەندێکی قووڵی سیاسی-کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژیش وەردەگرێت، چونکە لە دەرەوەی ئەمە دەشێت بەشێکی گرنگ و بەرفراوانی بواری مرۆڤایەتی ببێت بە گەمەیەکی زمانی و چارەنووسی بەشێکی زۆری خەڵک لە ناو بازنەیەکی بێکۆتایی هەڵەی لۆژیکی و نەبوونی ئەرگۆمێنتسازی کۆنکریتدا بسوڕێتەوە. ئەگەرچی لە جیهانی هاوچەرخدا ئەم گرفتە زۆر بە زەقی خۆی دەردەخات، بەڵام لەڕاستیدا پەیوەندیی نێوان هەقیقەت و بۆچوون قووڵاییەکی مێژوویی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ نەریتی فەلسەفەی یۆنانی. لە گریکی دێریندا، جیاوازیی نێوان "هەقیقەت" و "ڕا یان doxa" لەلایەکەوە پەیوەندی بەو دەرەنجامە فەلسەفی و سیاسییانەوە هەبوو کە لێیەوە بەرهەم دەهات و لەلایەکی تریشەوە پەیوەست بوو بەو ناوەندەی دیزاینی بەرهەمە هزرییەکەی دەکرد.  هەر بۆیە لە دیدی ئارێنت*، ڕەگی قووڵی هەر دوو چەمکەکە بۆ دوو ناوەندی گرنگی یۆنان دەگەڕێنەوە کە بریتین لە ئەکادیمیا کە دامەزرێنەوەکەی ئەفڵاتونە و، ئاگۆرا یان گۆڕەپانی شار کە پەیوەستە بە نەریتی هۆمیرۆسی** حیکایەتخوان و شاعیری یۆنانییەوە.

 

  • ئارێنت و ئەرستۆ

 

  ئارێنت وەک تیۆرییسیەنێکی سیاسی بە گەڕانەوە بۆ فەلسەفەی سیاسی و لە پێگەی ڕەخنەگرتن لەو شتەی ناوی دەنێت "نەریتی فەلسەفی ڕۆژئاوا" کە دامەزرێنەرەکەی ئەفڵاتونە، هەوڵ دەدات کێشەی نێوان "هەقیقەت" وەک گەڕان بە دوای پرسە ئەبەدی و جەوهەرییەکان لەلایەک و "ڕا و بۆچوون Doxa" کە پەیوەستە بە دەنگی جەماوەرێکی زۆر و دروستکردنی شانازی لە بەرانبەر یەکتر ڕابگرێت و داکۆکی لەو تێگەیشتنە بکات کە ڕەگەکانی بۆ هۆمیرۆس دەگەڕێتەوە، هاوکات بەسوود وەرگرتن لە فەلسەفەی سیاسیی ئەرستۆ ئارکیۆلۆژیای چەمکی سیاسەت Politique لە هەناوی چەمکی شار polisی ئەسینادا شی بکاتەوە.

   فۆڕمی شار بەو جۆرەی ئارێنت وێنای دەکات لە ئەسینا بنەمایەکی چەمکییە بۆ تێگەیشتن لە سیاسەت وەک بواری قسە Lixes و کردە praxis لەنێوان کۆمەڵێک بوونەوەر یان ئاژەڵ کە توانایی کردەی سیاسیی هاوبەشیان هەیە. لێرەدایە بە دیاریکراوی ئارێنت بە گەڕانەوە بۆ پێناسە بەناوبانگەکەی ئەرستۆ دەیەوێت، چەمکی سیاسەت تەنیا وەک پیادەکردنی هێز و دەسەڵات نەبینرێت، بەڵکوو هەر وەک ئەرستۆ جەختی لەسەر دەکاتەوە لە کتێبی سیاسەتدا، سەرەڕای قسەکردن لەسەر شار polis و کۆمەڵە مرۆییەکان، توێژینەوەی لەسەر پەیوەندیی نێوان کۆمەڵگا و ئەوانی تر دەکاتەوە و مرۆڤی بە ئاژەڵێکی کۆمەڵایەتی/سیاسی  zoon politikon ناساندووە (ارسطو، ١٣٥٨، ٥). ئەوەی لێرەدا جێگەی تیڕامانە، هاوڕیشەبووونی هەر دوو چەمکی پۆلیس polis  و پۆلەتیکە politique بۆ ئارێنت کە بەجۆرێک هەر دوو چەمک ئاوێتەی یەکترن و لە کۆنتێکستی شارستانیەتی یۆنانی دا ماناکانیان یەکتر تەواو دەکەن.

   خاڵێکی جێگەی تێڕامان ئارێنت جەختی لەسەر دەکاتەوە ئەو تێکەڵییەیە کە هەر لە سەرەتاوە لە وەرگێڕانی پۆلیتیکۆن politikon یان bios politikos دا هەیە، کە هەم بە مانای سیاسی و هەم بە مانای کۆمەڵایەتی و شارستانییە. ئەرستۆ دەڵێت: «مرۆڤ ئاژەڵێکە بە سروشتی خۆی پۆلیتیکۆنە zoon politikon». (ارسطو، ١٩٥٧، ٨-٩) لێرەدا ئەگەر مرۆڤ وەک ئاژەڵێک سەیر بکرێت کە لە شار یان polis دەژیت و پۆلیسیش وەک سەرچاوەی سیاسەت ڕاڤە بکرێت، ئەوا مرۆڤ دەبێت بە بوونەوەرێکی سیاسی، بەڵام ئەگەر شار وەک سەرچاوەی شارستانییەت و مەدەنیبوون لێکبدرێتەوە ئەوا زیاتر ڕەهەندی کۆمەڵایەتی وەردەگرێت. شار polis شوێنی چالاکی و ئازادیی ئەسینیە ئازادەکان بووە و لە دیدی ئارێنت دەشێت بیبەستینەوە بە پێناسەی دووەمی ئەرستۆ بۆ سیاسەت کە لەبەرانبەر پێناسەی یەکەمدا کەمتر بایەخی پێدڕاوە و، هەربۆیە لە ڕوانگەی ئەو لە پێناسەی ئەرستۆ بۆ مرۆڤ وەک ئاژەڵێکی سیاسی ناکەوێتە بەرانبەر کۆمەڵی سروشتی ژیان و مانای خۆی باشتر دەگەیەنێت ئەگەر پێناسەی دوومی ئەرستۆ زیاد کرابووایە. بەو پێیەی مرۆڤ «بوونەوەرێکی زیندووە و توانایی قسەکردنی هەیە،  وەرگێڕانی لاتینی مرۆڤ بۆ "ئاژەڵی عاقڵ" لای ئەرستۆ ناتەواوە، چونکە لۆگۆس logos نە وتەیە، نە عەقڵە، بەڵکوو "نوس"ە واتە توانایی ڕامان و، دەبێت ناوەڕۆکەکەی بە قسە گوزارشتی لێ بکرێت». (أرندت، ٢٠١٥، ل ٤٨ و Arendt, 1961, 27. ) بەم جۆرە، لە هزری ئارێنت زاڵکردنی پێناسەی یەکەمی ئەرستۆ بەپێی سیاقی یۆنانی کۆن ناتوانێ بیسەلمێنێت مرۆڤ سیاسییە، چونکە کاتێ دەڵێین ئاژەڵی سیاسی political animal یانzoon politikon وەک ئەوەی شتێکی سیاسی لە ئادەمیزاد دا هەبێت کە پەیوەست بێت بە ماهیەتەکەیەوە، واتە مرۆڤ لە زاتی خۆیدا و بەبێ بوون و نەبوونی شار و ئەوانی تر خۆی سیاسییە.

   ئارێنت بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە لەبارەی سیاسەت دەگەڕێتەوە بۆ چەمکی حیکمەت لە فەلسەفەی سیاسیی ئەرستۆدا، چونکە ئەو حیکمەتی بە سەر دوو بەشی پراکتیکی و تیۆریییدا پۆلێن کردووە و پێی وایە «سیاسەت و ماڵداری دەکەوێتە ژێر حیکمەتی پراکتیکی». (ارسطو،١٣٥٨، ٢٠٩-٢٢١) ئەمەش خاڵێکی گرنگە بۆ ئارێنت و ئیدی لای ئەو بەپێی فەلسەفەی سیاسیی ئەرستۆ، سیاسەت تەنیا ڕامان و قسەکردن و جەوهەرێکی جێگیری ناو مرۆڤ نییە، بەڵکوو مادام سیاسەت بەشێکە لە حیکمەت و پرسی سەرەکیش لە حیکمەتی پراکتیکی "ئیدایمۆنیا Edemonia"یە، کە بەمانای بەختەوەری happiness وەرگێڕدڕاوە، وەک هاومانای چاکەی مرۆیی واتە فەزیلەت و مەزنایەتی لێکدەدرێتەوە. کەواتە، هەوڵی ئارێنت کە "کردە- action" بنەڕەتێکی گرنگی تیۆریە سیاسییەکەی پێکدێنێت ئەوەیە، سیاسەت بەسەر بواری قسە و  چالاکی و پراکتیک و ئامانجداری لە کردار دا دابەش بکات؛ کۆی ئەمەش ناو دەنێت ژیانی گشتی کە ئامانجەکەی بەپێی فەلسەفەی ئەرستۆ بریتییە لە "بەختەوەری" و، بەختەوەری لە کردار دایە و ئەرستۆ «کارابوون وەک نیشانەی ژیانی چاک ڕاڤە دەکات». (جمعە زادە، ١٣٩٠، ٤) گشتیبوون لەم کۆنتێکستەدا کە هەمان سیاسەتە و دەسەڵات کڕۆکەکەی پێکدێنێت و بە دەوری بەهایەکی باڵادا دەسوڕێتەوە کە ئەویش فەزیڵەتە virtue و، هەربۆیە لە ڕوانگەی ئەرستۆ «دەبێ دەسەڵات لەسەر بنەمای فەزیلەت دامەزرابێت». (ارسطو، ١٣٨٥، ٢٨٤-٢٨٦) ئەمەش سوڕێکی تەواوکارانە دەبڕێت و کاتێ دەبێت بە ئامانجێکی باڵا کە بەدی بێت، واتە پێویستە فەزیلەت ببێت بە هۆی چاکبوون و باشبوونی مرۆڤ. 

    کەواتە، فەزیلەت تەنیا مەعریفە نییە، بەڵکوو کردەشە؛ ئەمەش واتە لە پراکسیسدا خۆی بەیان دەکات. بەم جۆرە  ئەرستۆ لە کتێبی ئەخلاقی نیکۆماخوس بەختەوەری بە غایەتی ژیانی مرۆڤ دەزانێت و سیاسەت وەک ئامرازی گەیشتن بەم ئامانجە لێک دەداتەوە. "چاکە" لە تیۆرییی ئەودا کرۆکی هەموو مەعریفە و هونەر و کردە و هەڵبژاردنێکە؛ تاکە غایەتێکە لە خۆیدا و بۆخۆی گرنگە؛ "چاکەی باڵا"یە و ئەمەش دەبێتە بابەتی گرنگترین و بەرزترین زانست، واتە زانستی سیاسەت کە ئامانجی هەموو زانستەکانی ترە. بەم چەشنە چاکە کە ناوەڕۆکی مەعریفە و کردەیە، و سیاسەتیش لە خۆیدا دەکەوێتە ژێر حیکمەتی پراکتیکی، کاتێک دەبێت بە شتێکی چاکەخوازانە کە ئامانجەکانی باڵا بێت و «ئامانجی کۆمەڵگای سیاسی "ژیانی چاکە" و ئامانجی هاوکاریی سیاسیش تەنیا پێکەوەژیان نییە، بەڵکوو ئەنجامدانی کاری گەورە و بەبەهایە». (ارسطو، ١٣٥٨، ٥) 

  هەوڵی تیۆریی ئارێنت بۆ ئەوەیە بیسەلمێنێت ئەرستۆ کاتێ سیاسەت دەخاتە ژێر پۆلێنی حیکمەتی پراکتیکی، لەڕاستیدا ناڕاستەوخۆ دان بەوە دادەنێت سیاسەت کردەی ئاژەڵێکە لۆگۆسی هەیە و لە شار polisدا خۆی بەدی دێنێت و، هەربۆیە، لە هزری ئەرستۆ بوونی شار دەبێت بەشتێکی حەتمی بۆ بوونەوەری مرۆیی و بەشێک لە سروشت؛ «شار دیاردەیەکی سروشتییە و مرۆڤ بە حوکمی سروشت ئاژەڵێکی کۆمەڵایەتییە، ئەوەی کە بەپێی سروشت نەک ڕێکەوت بێنیشتمانە [بێشارە polis] یان بوونەوەرێکی نزمترە لە مرۆڤ یان بەرزترە، هەر وەک هۆمیرۆس لە سەرزەنشتیدا دەڵێت: بێخێزان و بێیاسا و بێماڵ*». (ارسطو، هەمان، ٥)  سروشتی بوونی شار وادەکات بکەوێتە پێش تاک، چونکە مرۆڤ ناتوانێ بە تەنیا بژیت و بەدیهێنانی مرۆڤایەتی مرۆڤ لە شار و لەگەڵ ئەوانی تردایە. کەسێک کە ناتوانێ لەگەڵ ئەوانی تر بژیت یان بەجۆرێک پشتی بەخۆی بەستووە کە پێویستی بە پێکەوەژیان نییە و ئەندامی شار نییە، یان دڕندەیە یان خواوەند». (ارسطو طالس، ١٩٥٨، ٧٦) 

  ئارێنت دژی ماهییەتگەڕایی ئەرستۆیە کە جەخت دەکاتەوە مرۆڤ بە سروشت و لە جەوهەری خۆیدا ئاژەڵێکی سیاسییە، واتە شتێکی سیاسی لە خودی مرۆڤدا پەنهانە کە بەشێکە لە سروشتەکەی؛ لای ئەو مرۆڤی تەنیا و دوورەپەرێز ناسیاسییە و سیاسەت لەگەڵ ئەوانی تر مانا وەردەگرێت. واتە کۆمەڵگا شتێک نییە لە پێشدا بوونی هەبێت، بەڵکوو شتێکی دەستکرد و دروستکراوە و، هاووڵاتیان دەبێ چالاکانە بیهێننە ئارا و بیپارێزن (Borren, 2010. 86). هاوکات بواری سیاسی لە کۆمەڵگادا پێشوەختە نەدراوە و ناسروشتی و ناچوونیەک و فرەخوازە؛ ئامانجەکەی گەیشتن نییە بە کۆدەنگی یان هەماهەنگی یان فۆڕمێکی تری یەکێتی لەڕێگای یەکخستنی جیاوازییەکان (نجف پور، ١٣٩٨، ٥٧٤ )، بەڵکوو تەنیا کاتێک سەرهەڵدەدات تاکەکان وەک هاووڵاتی، فرەیی بیروبۆچوون و ڕوانگەکانی خۆیان لە پانتایی گشتیدا بخەنە ڕوو. ئارێنت کە دژی بوونی جەوهەر و ماهییەتی نەگۆڕە، جا چ شار بێت یان کۆمەڵگا یان خودی مرۆڤ، تەنیا ڕەهەندی چالاکیی نێوان مرۆڤەکان لە شاردا بە گرنگ دەزانێت کە لەڕێگەی قسە و کردەوە گەشە بە تواناییەکانی یەکتر دەدەن، بەڵام ئەمە پێچەوانەی تێزی سەرەکیی ئەرستۆیە، چونکە دەشێت تاکەکان لە فۆڕمی جیا جیادا لە دەوری یەکتر کۆببنەوە و هاوکاری یەکتریش بکەن، بەڵام فۆڕمەکە نە پۆلیس و ناوەرۆکەکەش نە پۆلەتیک بێت.

    بەپێچەوانەی بانگەشەی ئارێنت، ئەرستۆ ژیانی چاک و بەختەوەری پەیوەست دەکات بە مافی ڕادەربڕین و بۆچوون لە دیاریکردنی ژینگەی سیاسی و پێی وایە ئەگەر کەسێک ژیانێکی زۆر شکۆمەندانەی هەبێت، بەڵام نەتوانێ خۆی ئاراستەی جووڵە و چالاکیی خۆی هەڵبژێرێت، ئەوا ناتوانین بڵێین ژیانێکی چاک یان بەختەوەرانەی هەیە. ئەرستۆ لە کتێبی سیاسەت-دا دەڵێت: «ئەگەر کەسێک وەک خەڵکانی تر لە ڕژێمێکدا بژیت، هاووڵاتییەکی ئازاد و یەکسان نەبێت، ئەوا لە چاکەیەکی گرنگ بێبەشە کە بە مرۆڤ بەخشراوە. (نوسباوم، ١٣٧٤، ٩٥) لێرەدایە ئارێنت هەر دوو چەمکی ئاگۆرا agora یان مەیدانی گشتی شار و ئەکادیمیا academya ناوەندی فەیلەسوفەکان لە ئەسینا بەیەکتر بەراورد دەکات. ئەم بەراوردە لەبنەڕەتدا بۆ جیاکردنەوەی نێوان "ڕا "ی ئاگۆرا و "هەقیقەت" ی ئەکادیمیایە.

 

 

  • ئاگۆرا و ئەکادیمیا

 

ئارێنت بونیادی ئەکادیمیا کە دامەزرێنەرەکەی ئەفلاتونە بە مەبەست دەخاتە بەرانبەر ئاگۆرا و لای ئەو جیاوازیی نێوان ئازادیی ئەکادیمیا و ئازادیی پۆلیس لە ئەرکە سیاسییەکەیدایە، واتە لە یەکەمیان کە گۆڕەپانی شارە هەمووان دەتوانن قسە بکەن و ڕای خۆیان دەربڕن، بەڵام لە دووەمیاندا فەیلەسوفەکان یان دەستەبژێری کۆمەڵگا لەڕێگەی حیکمەت و زانینەوە هەوڵی تێگەیشتن لە دیاردەکان دەدەن. هەربۆیە، دەبینین ئەرکی سیاسیی سەرەکیی کەمینەی جێگەی مەبەستی ئەفلاتون کە لە ئەکادیمیا ئامادەییان هەیە، لە تیۆریی ئارێنتدا بەشێوەیەکی سەرەکی پەیوەستە بە «بەڕێوەبردنی چاکی جەستەی سیاسی کە لە سەردەمی ئاشتیدا ژیان و لەسەردەمی جەنگدا بەرگرییە». (أرنت، ٢٠١٩، ٨٤) ئەو پێناسەیەی ئەفڵاتون بۆ سیاسەت دەیخاتە پێش، لەڕاستیدا تەنیا زەقکردنەوەی ڕەهەندی پراکتیکی سیاسەت و تەنانەت بەڕێوەبردنیشە، واتە سیاسەتی ئەفلاتونی کە هەمان پۆلیتیایە، ڕەهەندی قووڵتری نەزم و دیسپلینی هەیە کە دیسان هەر لە شارەوە سەرچاوە دەگرێت و پێویستی بە زانستە. ئەوە جگە لەوەی ئەفلاتون پێی وایە «جیاوازی هەیە لەنێوان دەسەڵاتداری بەزەبروزەنگ و سیاسەتمەدار؛ یەکەمیان پشت بە زۆرەملێ دەبەستێ و ئەویتریان ئیدارەیەکی ئازادانەیە». (افلاطون، مرد سیاسی، ١٣٨٠، ١٤٩١) بەڵام سەیر دەکەین ڕەخنەی ئارێنت لە ئەفلاتون ئەوەیە کە هەوڵی داوە دژایەتیی شار polis و وێناکەی بۆ ئازادی بکات و جیگۆڕکێیان پێ بکات و گفتوگۆی ئاگۆرا لەسەر کاروباری مرۆیی بگوازێتەوە بۆ ناو ئەکادیمیا و چەمکە حەقیقییەکان. فەیلەسوف و دەستەبژێری فکری تەنیا لەناو ئەکادیمیا دەتوانن گفتوگۆی ئازاد بکەن، نەک لەناو شار polis و فەزای سیاسی، چونکە فەلسەفە وەک کارێکی تاکەکەسی پێویستی بە خۆڕزگارکردن هەبوو لە سیاسەت و پانتایی گشتی بە مانا یۆنانییەکەی. (أرنت، ٢٠١٩، ٨٢)

     بەم جۆرە لە دیدی ئارێنت، ئەفلاتون دژایەتیی فەزای کراوەی سیاسی کەسە ئازادەکانی شار دەکات و بە خەمسارییەوە لە بواری مرۆیی دەڕوانێت و بە دامەزراندنی ئەکادیمیا وەک شوێنی ئازادی کەمینەیەک هەوڵیداوە خۆی لە سیاسەت وەک چالاکی ناو شار و قسەکردن لەسەر ژیانی هاوبەش و بۆچوونی ئەوانی تر کە زۆرینە پێکدێنن ببوێرێت. هەر چەند بەوردی ئەفلاتون جارێکی تر جیاکاری دەکات لەنێوان دەسەڵاتدار توندوتیژ و سیاسەتمەداردا و پێیوایە «یەکەمیان هونەری ملهوڕییە و ئەوی دیکەیان هونەری سیاسەت واتە بەڕێوەبردنی مێگەلی ئاژەڵە ئازادەکانە». (افلاطون، هەمان ،١٤٩٢) بەم جۆرە پاڕاستنی ژیان و رەوشی نائاسایی جەنگ بەشیێک نییە لە جەوهەری سیاسەت بەمانا یۆنانییەکەی، بەڵکوو لەو سنوورەی کە هاووڵاتی ئازادی تێدا پێناسەکرا بوو، گفتۆگۆ و ڕازیکردنی یەکتر بەمەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتن، بنەمای سیاسەتی پێکدێنا.

 لە دیدی ئارێنت ئەکادیمیا بوو بە شوێنی تیۆریدانان بۆ واقیعی زۆرینەی خەڵک، بەڵام ئەم تیۆریە زۆرتر بەرەنجامی هزری فەیلەسوفەکان بوو و بەناوی فەلسەفە و زانستەوە بەسەریاندا دەسەپێنرێت. بیرۆکەی کەمینەیەکی خاوەن هزری هەمەکی لەناو ئەکادیمیا کە گفتوگۆ لەسەر چەمکە سەرەکییەکانی ژیانی هاووڵاتیان دەکەن، دەبێت بە سەرەتای بێباکی بەرانبەر بە ئاگۆرا و بۆچوونەکانی، ئەمەش لەڕووی سیاسییەوە قەتیسمانی لەناو چواردیواریی ئەکادیمیای لەگەڵ خۆیدا هێنا و،  بەم جۆرە قسەکردن لە پانتایی گشتی دەچێتە دەر و بەرەو خەڵوەت و دوورەپەرێزی و دونیای نوخبە دەڕوات. لیڕەدا ئەوەی لەناو ئەکادیمیا بەرهەم دێت "هەقیقەت"ە؛ ئەوەی ئاگۆرا "ڕا یان دۆکسا"یە.

 لە سیستەمی بیرکردنەوەی ئارێنت کە بەشێکی گەورەی لەسەر بنەمای ڕەخنەگرتن لە ئەفلاتون داڕشتووە، لە چوارچێوەی باڵادەستیی ئەکادیمیا وەک ناوەندی بەرهەمهێنانی مەعریفەی ئەبستراکت و بەلاوەنانی ئاگۆرا، کێشەی بەرانبەرێتی نێوان هەقیقەتی ئەکادیمی و بۆچوونی ئاگۆرا وەک دوو تێرمی پێچەوانەوە و دژی یەکتر سەرهەڵدەدەن. هەر لێرەوەیە جۆرێک لە پەیوەندی لەنێوان هەقیقەت و فەلسەفە لەلایەک و بۆچوون و خەڵکی ئاسایی (دیمۆس) دروست دەکات، چونکە ئەفلاتون هەقیقەت لە ئەبستراکتترین فۆڕمی خۆیدا واتە ماتماتیک و هەندەسەدا دەدۆزێتەوە و پێی وایە «هەقیقەتی ماتماتیکی چاوی عەقڵ بەسەر هەموو هەقیقەتەکاندا دەکاتەوە» (آرندت، ٢٠١٥، ٥) بەم جۆرە ئارێنت ئەم جارە کێشەی نێوان هەقیقەت و بۆچوون، بۆ ململانیی نێوان فەلسەفە و سیاسەت و فەیلەسوف و شار و تەنانەت جەستە و گیان دەگەڕێنتەوە، کە لە فەلسەفەی ئەفلاتون بەوردی تیۆریی بۆ داڕێژراوە، بەتایبەتی لە دادگایی و مردنی سوکرات. هەقیقەت و سیاسەت لە دوو شێوازی ژیانی دژبەر، واتە شێوازی ژیانی فەیلەسوف (بەوجۆرەی لای پارمیندس و ئەفلاتون وەسف کراوە) و شێوازی ژیانی هاووڵاتی دەردەکەوێت، واتە لەنێوان هەقیقەتی نەگۆڕی فەیلەسوف و بۆچوونی بگۆڕ و ناجێگیری خەڵک (هەمان سەرچاوە، ٨).

    ئەفلاتون پێی وایە جیاوازیی نێوان "بۆچوون" و "زانین"ی ڕاستەقینە وەک جیاوازیی نێوان "سەیرورە" و "بوون"ە؛ جیهان لەڕووی مۆدێلێکی تاقانە لە جیهانی عەقڵ دروست کراوە و یەک تاکە جیهان بوونی هەیە؛ ئەمەش ڕەنگدانەوەی هەیە لەسەر نەزم و بێنەزمی لەناو سیاسەت و ڕەوشی مرۆییدا. (افلاطون، تیمائوس ، ١٣٨٠، ١٧٢٦-١٧٢٧) پرسی سەرەکی لای ئەو بە درێژایی دیالۆگی تیمائوس قسەکردنە لەسەر  "ماهییەت"ی نەگۆڕ، هەربۆیە دەپرسێت: ئایا شتێک بە ڕەهایی و لەخۆیدا و بۆخۆی (في نفسە و لنفسە) هەیە؟ یان تەنیا ئەوەیە کە دەیبینین و هەستی پێدەکەین و ئەوە هەقیقەتەکەیەتی؟ 

   ئارێنت وەڵامی ئەم پرسیارە، لە تێڕاونینێکی سوکرات وەردەگرێت کە لە دیدی ئەم بە بەراورد بە ئەفلاتون  ڕوانگەیەکی نەرمتری سەبارەت بە مرۆڤ هەیە و پێی وایە دەبێ ڕادەیەک لە هەقیقەت لە هەموو بۆچوونیکدا هەبێت و دەیەوێت گوێ لەو ڕاستیانەش بگرێ کە لای ئەوانی تریش هەن و دەتوانن بیانخەنەڕوو؛ واتە «سوکرات دەیەویست لەڕێگای ئازادکردنی بۆچوونی هاووڵاتیان، شار ڕاستتر truthful  بکات و شێوازی ئەنجامدانی ئەم کارەش dialegesthai واتە دیالێکتیک و گفتوگۆ و قسەی وردە لەبارەی پرسێک». (Arendt, 2005, 14) هەر چەندە ئارێنت ئەمە دەکاتە بنەڕەتێک بۆ تیۆریەکەی خۆی سەبارەت بە گرنگیی "ڕا" لای سوکرات، بەڵام بەئاشکرا چەمکەکانی "ئازادی" و "وردی" و "پرسێکی دیاریکراو" لە پێناسەکەی ئەرستۆدا ئامادەیی هەیە کە زەمینەی هەقیقەتە نەک دۆکسا یان ڕا، ئەگەرچی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ڕەگی چەمکی دیالێکتیک بۆ دیالۆگ و دیالێگێستا dialegesthia دەگەڕێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دیالێگێستای پرۆسەیەک نییە بۆ  لەناوبردنی ڕا یان دۆکسا، بەڵکوو  لای سوکرات ئەمە بۆ ئاشکراکردنی هەقیقەتمەندیی خودی دۆکسایە. (Ibid., P. 15) "ڕا" وەک سەرەتایەک بۆ خستنەڕووی بابەتێک بۆ گفتوگۆ تەنیا لە ئەکادیمیا دا دەتوانێ بگات بە هەقیقەتمەندی و بە ئەگەری زۆر لە پانتایی ئاگۆرا دا بەرەو "ڕا و ڕای پێچەوانە" ی بێکۆتایی دەڕوات، هەر وەک ئارێنتیش خۆی ئاماژەی بەوە کردووە لە ناو هزر و کولتووری یۆنانییشدا "ڕا" بریتی بوو لە «گەڵاڵەکردنی ئەوەی لای من دەردەکەوێت لە فۆڕمی قسەدا». (أرنت، ٢٠١٨، ٦٠-٦١) ئەمە پێچەوانەی ئەکادیمیای فەیلەسوفانە، چونکە ئەفڵاتون جەخت دەکاتەوە فەیلەسوف وەک ئەڤینداری زانین لە تەواوەتیی خۆیدا شەیدای بینینی هەقیقەتە، ئەو دەزانێت و دەناسێت، بەڵام ئەوانی تر تەنیا پێیان وایە و بۆچوونیان وایە، بۆچوون لە دیدی ئەو دەکەوێتە "خاڵی نێوان زانین و نەزانین" واتە دەکەوێتە نێوان "بوون و نەبوون". (افلاطون، جمهوری،١٣٨٠، ١٠٠٨-١٠٠٩)

  لە هزری ئەفلاتون ئەگەر "زانینی ڕاستەقینە" و "بۆچوونی ڕاست" دوو شتی جیاوزن نەک یەک شت، ئەوا بێ گومان دەبێ هەبوو (موجود) هەبێت کە لە خۆیدا و بۆخۆی بوونی هەیە و ناتوانین بە هۆی هەستەکانمانەوە دەرکیان بکەین، بەڵکوو تەنیا دەتوانین بیانناسین. (افلاطون، تیمائوس،١٣٨٠، ١٧٥٠) کەواتە، "زانین" و "ڕا" دوو شتی جیاوازن: یەکێکیان لەڕێگای پەروەردە و فێرکردن بە دەست دێت و پەیوەستە بە بیرکردنەوە کە  ڕەوانبێژی و قەناعەت و گۆڕانی تێدا دروست ناکات  و تایبەتە بە عەقڵی پەتی و زانینی ڕاستەقینەی خوداکان و کەمینەیەک. ئەوی تریان لەڕێگای قەناعەت پێکردنەوە لەناو ئێمەدا دروست دەبێت و بەردەوام لە گۆڕاندایە و تایبەتە بە هەموو کەسێک. (افلاطون، تیمائوس، هەمان لاپەڕە). بەم جۆرە ڕەهەندی کۆمەڵایەتی و پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان لە "ڕا"دا باڵادەستە، واتە ئەو شتەیە لە تاکەوە دەردەچێت  و لەسەر بابەتەکە دەنیشێت،  بەڵام "هەقیقەت" لە پانتایی زاست و فەلسەفە دا دەردەکەوێت و پەیوەستە بە زانینی بێلایەن، ئەو شتەیە لە بابەتەکەوە لەبەر دەم تاکدا "دەردەکەوێ"، کە دواتر سیفەتی هەمەکیبوون و گشتیەت وەردەگرێ و هەموو ڕەهەندەکانی خۆی دەردەخات.

لە فەلسەفەی ئەفڵاتوندا، دژایەتیی ڕا لەبەرامبەر هەقیقەتدا کاتێک دەردەکەوێت کە بزانین سەبارەت بەو ئیشەی لە پێشمانە جیاوازیی دوو شت گرنگە؛ چۆنایەتیی قسە کە سەبارەت بە وێنەکە دەوترێت و چۆنایەتیی ڕوونکردنەوە سەبارەت بە شتێکی نەگۆڕ و بنبڕ و جێگیر، کە تەنیا بە چرای عەقڵ و بیرکردنەوە دەبینرێت و دەبێ قسەی زانستی بێت. (هەمان سەرچاوە، ل ١٧٢٥) بەم جۆرە، "هەقیقەت" جەوهەرێکی نەگۆڕە و "ڕا" دەرکەوتەیە، هەقیقەت لای یەک کەسی خاوەن مەعریفەی ڕاستەقینە هەیە و بۆچوون لای زۆرینەی خەڵک. چەمکە سەرەکییەکانی وەک دادپەروەری و چاکە و خڕاپە و ڕاگرتنی نەفس "هەقیقەتن لەخۆیاندا" واتە جەوهەرێکی نەگۆڕن و دۆکسا ڕێژەیی و گۆڕاوە. (افلاطون، جمهوری، ١٣٨٠، ل ٨٢٤) هۆکاری نەگونجانی فۆڕمی ئایدیالی بیرۆکەیەک لەگەڵ واقیع پەیوەست نییە بە ناڕاستبوونی، بەڵکوو هەمیشە دەبێ ئایدیایەکی کامڵ ببێت بە پاڵنەری دروستکردنی شتەکان، بۆ نموونە شار یان دەوڵەتێک. (افلاطون، جمهوری،١٣٨٠، ١٠٠٣)`

  ئارێنت ڕێک پێچەوانەی ئەم تێزە پێی وایە «پێشمەرجی سەرەکیی هەموو دەسەڵاتێکی سیاسی بۆچوونە نەک هەقیقەت.. هەر ڕژێمێک بانگەشەی ئەوە بکات لە بواری مرۆیی گەیشتۆتە هەقیقەتی ڕەها کە پێویستی بە ڕای خەڵک نییە، ..... هەقانییەتی خۆی وێران دەکات». (أرنت، هەمان سەرچاوە، ل ٨. هەروەها آرنت، هانا، ١٣٩٨،  ٣٣٦-٣٣٧) "هەقیقەت" بە مانا زانستییەکەی کە لە سیستەمە لیبڕاڵ و ئازادەکانیش هیچ کاتێ ناوەندە ئەکادیمییەکان نایخەنە دەنگدانەوە، ئارێنت لەژێر سایەی "درۆی" سیستەمە تۆتالیتارەکان دەیبینێت و پێوانەی دەکات. بۆ نموونە، ئازادی و مافە بنەڕەتییەکان و نەهێشتنی کۆیلایەتی، بەر لەوەی وەک "ڕا" دەربکەوێ، وەک "هەقیقەت" خۆی نمایان کردووە و دواتر "ڕا"ی بۆ وەرگیراوە. 

فەلسەفە لای ئەفلاتون و ئەرستۆ لە پاتۆس* و دەهشەت دێتە بوون، ئەمەش پەیوەستە بە فەلسەفەی یۆنانی کە فەلسەفەی خەون و تێڕامانە و، ئەمەش لە پێگەی چاو لای ئەم دوو فەیلەسوفە هەستی پێ دەکرێت لە پرسیارکردن لە وجود و دەهشەت و حەیرەت بۆ حیکمەت. (مكاوي، ٢٠١٧، ٨٤) هەربۆیە، ئارێنت پێی وایە تێگەیشتنی ئەفلاتون بۆ فەلسەفە وەک سەرسوڕمان و دەهشەت pathos سەبارەت بە شتێک، کە بەتەواوی جیاوازە لە دروستبوونی ڕا doxazein سەبارەت بەشتێک، پەیامێکی سیاسی لە پشتە و تەنیا مەبەست گەیشتن بە هەقیقەتی ڕووت یان ڕەها نییە. ئەفلاتون پێی وایە سەرسوڕمان و حیرەت ناخرێتە قاڵبی وتە و قسە و، لای ئەرستۆش ڕاستیی رەها ئەوەیە کە ناخرێتە وشەوە؛ ئاگایی مرۆڤ بۆ هەقیقەت بریتییە لە نۆس "بیر" کە ناوەڕۆکێکی بەتاڵە لە لۆگۆس. هەر وەک چۆن ئەفلاتون دۆکسا دەخاتە بەرانبەر هەقیقەت، ئەرستۆش فرۆنیزیس "بیری سیاسی" دەخاتە بەرانبەر نۆس "بیری فەلسەفی". (أرنت، في السیاسة وعدا، ٨٢-٨٣. و ارسطو،  اخلاق نیکوماخوس، ١٦٧) کەواتە، لە دیدی ئارێنت پوختەی ڕای ئەفلاتون بەتایبەتی لە کتێبەکانی (فایدۆن) و (کریتۆ) ئەوەیە کە خەڵک ناتوانێ چاکەی خۆی بزانێ و بگات بە هەقیقەت و، هەربۆیە شار polis شوێنێکی گونجاو نییە بۆ فەیلەسوف، بەشێوەیەکی نەرێیی هەقیقەتی وەرگرتووە و فرەبۆچوونی قبووڵ ناکات و پێی وایە «"فرەیی" وجودی نییە و تەنیا "یەک" لەئارادایە» (افلاطون، پارمیندس، ١٣٨٠، ل١٥٤٥- ١٥٤٦). هەربۆیە، ئەو پێی وایە هەقیقەتی ئەفلاتونی لەڕاستیدا لە سەروو وەسفکردنە، چونکە ئەفلاتون دەپرسێت ئایا دەتوانی شتێک کە بە قسە وەسفی دەکەی بە کردەوەش ئەنجامی بدەی؟ یان سروشتی کردە وایە کە هەمیشە لە هەقیقەت دوورترە بە بەراورد بە قسە. (افلاطون، جمهوری، ١٣٨٠، ١٠٠٣)

   ئارێنت چەمکی دۆکسا یان ڕا وەک پێشگریمانە لە سوکرات وەردەگرێت و پێی وایە جیهانی هاوبەشی ئێمە لەسەر بنەمای شوێنگە  و گۆشەنیگای تێڕوانین و ڕادەی دەرفەتی تاک بۆ بەشداری لە بینینی گۆشە و ڕەهەندەکانی هەر بابەتێک دروست دەبێت، ئەمەش مافی ئەوە بە تاک دەبەخشێت تێگەیشتن و دەرکی جیاوازی خۆی بخاتە ڕوو و لە دروستکردنی "جیهان"دا بەشدار بێت. دواجار لە بەشێک لە تێزەکانیدا ئارێنت هەست بە هەستیاریی بابەتەکەش دەکات کە ئایا چۆن دەکرێت هەموو بۆچوونێک وەک بەشداری لە دروستکردنی جیهان سەیر بکرێت و هەربۆیە پێی وایە «مەرج نییە فانتازیای زیهنی سوبێکتی subjectivity و حوکمدانی تاک دڵخوازانە بێت و هەموو تاکێک خاوەن پلەیەکی تایبەتین لە بابەتیبوون objectivity». ,(Arendt,2005, 14)  بەم جۆرە، هەوڵی تیۆریی ئارێنت دژی هەقیقەتی ئەفلاتون و کاریگەری لەسەر سیاسەت لە دوو خاڵ دا جێگەی هەڵوێستە لەسەرکردنە، بەتایبەتی لە چوارچێوەی هزری لیبڕاڵی دیموکڕاتیدا. یەکەم؛ ڕاستە فرەیی بۆچوونەکان بەتایبەتی لە سیستەمی دیموکڕاتیدا بە پێشگریمانەی سیستەمەکە دادەنرێن، بەڵام ئایا سیستەم چۆن خۆی ڕادەگرێت ئەگەر هەندێ چەمکی چەسپاوی جەوهەری نەبێت، بۆ نموونە، سیستەمێکی لیبڕاڵ دیموکڕات چۆن ئازادی و یاساسەروەری پێناسە دەکات و دەیکات بە هەقیقەتێکی جێگیر وەک بونیادی دامەزرێنەری خۆی، ئەگەر پێشوەختە وەک هەقیقەت قبووڵی نەکردبن. دووەم، هەندێ جار ئەوەی وەک فرەیی "ڕا" سەیر دەکرێت، لەڕاستیدا کۆپی ڕاکان و وردکردنەوەیانە کە لەڕێگای دیماکۆجیەت و بەئایدیۆلۆژیکردن، دەشێت خۆی بخاتە شوێنی هەقیقەت و لەجیاتی ئەرگۆمێنسازی و دامەزراندنی پێوەری لۆژیک و عەقڵ سەنتەری، "ڕا زۆرەکان" بکاتە پێودانگی دروستی خۆی، لێرەوەیە ژاوەژاو و هاتوهاواری زۆرینە و زمانخۆشی و زمانلووسی جیگەی لۆژیکی عەقڵانی دەگرێتەوە.

 

 

  • هەقیقەت و دۆکسا لەنێوان دیالێکتیكا و ڕیتۆریكادا

 

    یەکێکی تر لەو پرسانەی لەفەلسەفەدا کێشەی لەسەرە و، ئارێنتیش لە پڕۆژە هزرییەکەی خۆی شوێنێکی تایبەتی بۆ دیاری کردووە، میکانیزمی گەیاندنی هەقیقەت و بۆچوونە لەنێوان دیالێکتیک و ڕیتۆریکدا و هەر دووکیشیانە پەیوەندیان بە مێژووی فەلسەفەی یۆنانەوە هەیە کە پەیوەستە بە پرسی ڕازیکردنی بەرانبەر لەڕێگای ئەرگۆمێنت و زمانەوە.

  ئارێنت پێیوایە سوكرات یەكەم كەس بوو چەمكی دیالێكتیكی بەكار هێناوە بە مانای تاوتوێكردنی پرسێك لەگەڵ كەسێك بەشێوەیەكی سیستەماتیك، بەڵام لەدیدی ئەو هیچ كاتێك ئەوەی وەك پێچەوانەی ڕازیكردن و ڕا doxa بەكار نەهێناوە. (أرنت، ٢٠١٨، ٦٠) دۆكسا لەبنەڕەتدا بەمانای "پێم وایە، وای بۆدەچم" بەمانای تێگەیشتنە لە جیهان وەك ئەوەی بەڕوومدا دەكڕێتەوەیە dokei moi نەك هەر وەك ئەرستۆ دەڵێت بەمانای ئەگەر eikos واتە نیمچە هەقیقەت verisimilia ئەوەی لە تاكە هەقیقەت unum verum و هەڵەی بێكۆتایی falsa infintia جیا دەكرێتەوە. (أرنت، هەمان سەرچاوە، ٦١)

  لەبەرانبەردا، ئەفلاتون «دیالێکتیک بە بەرزترین مەعریفە دەزانێت کە چەمکەکان بەوردی لێکجیا دەکاتەوە و تەنیا بەو کەسانە دەکرێت کە لە ڕێگای ڕاست خەریکی فەلسەفەن» (افلاطون، سوفسطائی،١٣٨٠، ١٣٤٦-١٣٤٧). ئەمەش بەهێزترین ئەرگۆمێنتی ئارێنتە دژی ئەفلاتون كە بەرهەمهێنانی هەقیقەت لە واقعی ژیان و جیهانی تاكەكان دادەبڕێت. (أرنت، ٢٠١٨، ٥٩) واتە ڕازیكردن peithein* كە تایبەتە بە خەڵك دەكەوێتە بەرانبەر دیالێكتیك كە تایبەتە بە فەیلەسوفەكان. لە دیدی ئەفلاتونیش كێشەی گەورەی سوكرات هەر ئەوە بوو لەڕێگای دیالێكتیكەوە دەیەویست داكۆكی لەخۆی بكات لەبەرانبەر دادوەرەكان، لەكاتێكدا ئەوان بەهۆی هونەری ڕازیكردن قسەیان لەگەڵ دەكرد. ئەمەش وایکرد سوکرات کە تاوتوێی چەمکە جەوهەرییەکانی دەکرد، وەک "بەختەوەری" و "یاسا" و "دادپەروەری" داببەزێت بۆ ئاستی تەنیا ڕایەک کە دەبێت خەڵک حوکمی لەسەر بدات.

 بەكورتی، سوکرات كە هەڵگری هەقیقەت بوو لەم دادگایە، بۆچوونی ئەویش ڕایەك بوو لە تەنیشت هەموو ڕاكانی تر نەك هەقیقەت. ئەفلاتون ئەمە پەسند ناکات و لای ئەو هەقیقەت ئەگەر لە حاڵەتێکدا بەڕاستی دەستنیشان بکرێت، ئەوا لە حاڵەتەکانی تریشدا هەر ئەو دەبێت و ناگۆڕێت. (افلاطون، مرد سیاسی،١٣٨٠، ١٤٩٣) ئەم تێگەیشتنە وردەی ئەفڵاتون بنەڕەتی ئەو شتەیە ئێستا پێی دەوترێت "زانستی مۆدێرن" کە پشت بە سەلماندن و کەوتنە دەرەوەی هەندێ بگۆڕی وەک ناسنامە و حەز و لایەنگری دەبەستێت، هەربۆیە لەگەڵ دۆزینەوەی ڕاستبوونی، پێویستە بگۆڕەکان دەستکاری بکرێن نەک هەقیقەت. ئەوە ڕاستە کە ئەمە لە ئاستی پەیوەندیی ڕۆژانەی مرۆییدا وەک ئاستی زانستی پەتی نییە، بەڵام تەنیا شتێک کە دەتوانێت هەقیقەت ڕابگرێت، زەمەنی قبووڵکردنی هەقیقەتە. بۆ نموونە، کاتی خایاند تا خەڵک زانیی هەقیقەت ئەوەیە ڕەگەزپەرستی بێبنەمایە، یان کچ و کوڕ لە جەوهەردا دەتوانن وەک یەک بخوێنن و کار بکەن و بژین. لێرەدا گرنگی و جیاوازی دیالێکتیکا و ڕیتۆریکا بەدیار دەکەوێت کە ڕاستە هەر دووکیان لەڕێگەی ئامرازی زمانەوە بە ئەنجام دەگات. هاوکات ئەرستۆ دەڵێت: «هونەری ڕیتۆریک Rêtorikê پێچەوانەی هونەری دیالێكتیكە dialektikê و هەردووکیان بوونیان هەیە لەپێناو ڕازیکردندا». (ارسطوطالس، ١٩٧٩، ٣) لە فەلسەفەی ئەودا ڕیتۆریکا هێزێکە ئەرکی ڕازیکردنی مومکینە لە یەک بە یەکی بوارەکاندا، و دەشێت ڕیتۆریکا ئاوێتەیەک بێت لە دیالێکتیک و سناعەی ئەخلاقی کە شایستەیە پێی بوترێت پۆلیتێ (واتە سیاسەت) (هەمان، ٩-١٠). کەواتە، دیالێکتیک پەیژەیەک دروست دەکات ڕوو بە سەرەوە کە بۆچوونەکان تێیدا جێگیر دەبن و دەبن بە بنەما بۆ بۆچوونی دوای خۆیان و دواجار دەگات بە شوێنێکی کۆتایی کە زمان و واقیع هاوجووت دەبن و هەقیقەت خۆی لە دانە دانەی بۆچوونەکان دادەبڕێت. بەڵام ڕیتۆریکا بە ئاستی ڕاستەهێڵی دەڕوات پێش، ڕاستە پاراو و خۆش دەردەکەوێ، بەڵام بەرەو بێکۆتایی و ڕاڤەیی هەمیشەیی درێژ دەبێتەوە. ئەمەش لە شیکردنەوەی دینی و مەزهەبیدا بەڕوونی بەرچاو دەکەوێت.

   ئارێنت جیاوازیی گەورەی سوکرات و ئەفلاتون لەوەدا دەبینێت كە سوکرات نایەوێت هاووڵاتی فێر بكات، بەڵكوو دەیەوێت بۆچوونەكانیان باش بكات و، ئەمە لە دیدی ئارینت پەیامێكی سیاسی هەیە و پەیوەستە بە شێوازی ژیانی سیاسی و بەشداریكردن تێیدا  و لەسەر بنەمای یەكسانی لە دانوستان دامەزراوە و، هەربۆیە گفتوگۆ لە خودی خۆیدا ئامانجە نەك دەرەنجامەكانی گفتوگۆ. ئەوەی لێرەدا ئارێنت فەرامۆشی کردووە ئەوەیە سوکرات چۆن دەزانێت ڕای هاووڵاتیان گرفت و کەموکوڕی تێدایە و پێویستی بە چاککردن هەیە، ئەگەر پێوەرێکی نەبێ کە هەمان نەگۆڕیی هەقیقەتە، ئەوە جگە لەوەی ڕاستە گفتوگۆ سیفەتێکی کۆمەڵایەتی و سروشتیی مرۆڤە، بەڵام گفتوگۆی بێئەنجام نەک هەر سیاسەت نییە، بەڵکوو دابڕانە لە واقیع و دیماگۆجیەت بەهێز دەکات. 

   تێگەیشتنی سوکرات بۆ هەقیقەت بەم جۆرەیە: ناتوانین لە هەقیقەت تێبگەین تەنیا ئەو كاتە نەبێت كە لەلای من دەردەكەوێت و هەقیقەتی ڕەها ئەوەیە هەمیشە خودی شتێك بۆ هەموو خەڵك دەربكەوێت و دەبێت زۆرترین ژمارەی گوتار logoi بە ڕادەی ژمارەی خەڵك بوونی هەبێت و، هەموو ئەم گوتارانە بەیەكەوە جیهانی مرۆیی پێك دێنن. (أرنت، ٢٠١٨، ٦٦-٦٧) بەڵام دەرکەوتنی هەقیقەت بەو فۆڕمەی ئارێنت داکۆکیی لێ دەکات پەیوەندی بە پێگەی کۆمەڵایەتی و ئاستی هۆشیاری و گۆشەنیگا زۆرەکانەوە هەیە کە ئەستەمە لە کۆیی خۆیدا لە یەک هەقیقەتی هاوبەشدا کۆبکرێتەوە، تەنانەت ئەگەر هەر دوو سیفەتی "بیر" و "کردە"ی مرۆڤیش لە ئاستێکی باڵادا بێت. ئەمەش نیشانەی دروستی (صدق) گوتارییە کە پایەی سەرەکیی پەیوەندیی ڕاستگۆیانەی نێوان خودە لەگەڵ ئەوانی تر، بێ ئەمە پەیوەندی نێوانمرۆیی توشی شێوان و بەدحاڵیبوون دەبێت.

  ئاگایی سەبارەت بەوەی مرۆڤ بوونەوەرێكی بیركەرەوە و بكەرە لە یەك كاتدا، واتە كەسێك بیر و كردەوەكانی بە شێوەیەكی نەگۆڕ هاوجووتە و گریمانەی سەرەكی لەسەر بیر دادەمەزرێت نەك كردە، چونكە گفتوگۆی دوو كەس لە یەك كاتدا (واتە قسەكردنی مرۆڤ لەگەڵ خۆی eme ematutô) تەنیا لە بیردا ڕوو دەدات، ئەمەش دۆزینەوەیەكی سوکراتییە بۆ ویژدان و زەمیری ناخودئاگای مرۆڤ كە وای لێدەكات هەم لەگەڵ خۆی ڕاست بێت، هەمیش لەگەڵ ئەوانی تر. سوکرات دەڵێت «ئەگەر هەموو خەڵکی سەر زەوی لەگەڵم بەشەڕ بێن چاکترە لام لەوەی لەگەڵ خۆمدا تەبا نەبم». (افلاطون، گرگیاس، ١٣٨٠، ٢٩٥) هەرچەندە لە دیدی سوکرات مرۆڤ بوونەوەرێكی عەقڵمەند نییە، بەڵكوو بیركەرەوەیە، بیركردنەوەش لە هەناوی شێوازی گوتارەكەیدا خۆی نمایان دەكات، هەر بۆیە لە یەكێتیی نێوان گوتار و بیر، لۆگۆس logos دروست دەبێت. (أرنت، ٢٠١٨، ٧٢)

 لە ڕوانگەی ئارێنتیش جیاوازی هەیە لەنێوان مرۆڤی قاڵبووی نێو ژیانی ڕۆژانە (كات) و ژیانی مرۆڤی بیركەرەوە. یەكەمیان لەناو تەوژمی زەمەندایە و ڕایدەكێشێت، بەڵام كاتێ بیر دەكەمەوە ئایا لەناو زەمەن دام؟ لەكوێم؟ پەیوەندیی مرۆڤ بە زەمەنەوە لەگەڵ بیرلێكردنەوە گۆڕانی بەسەردا دێت. منی بیركەرەوە شوێنێك یان كەلێنێك دەدۆزێتەوە لە ئێستادا كە دەكەوێتە نێوان ڕابردوو و ئایندە. (فائزي، ٢٠١٧، ٢٧٧-٢٧٨) بەگشتی "قسە" و "کردە" وەک هەر دوو چەمکی سەرەکی کە گفتوگۆ و چالاکی بەرەنجامەکەیەتی، ڕاستە بەشێکی گرنگی بونیادی جیهانی نێوانخودی intersubjectivity پێکدێنێت، بەڵام ئەوە لە کاتێکدایە جۆرێک لە هارمۆنی و یەکانگیری لە ناویاندا هەبێت و وێنەیەکی گەورە دروست بکات کە هەمان "ئایدیا" یان پێوەرە جەوهەرییەکانن. کەواتە، "ڕا" پەرت و بڵاو و دژبەرەکان و "پێموایە"ی هاووڵاتیان ناتوانێ بەرز بێتەوە بۆ ئاستی هەقیقەت، هەر چەندە دەشێت بەشەکانی پێک بێنێت، بە مەرجێک ویستی "زانین" هاندەری سەرەکی بێت نەک "باوەڕ" و حوکمی پێشوەختەی تاکەکەسی. تێگەیشتن لە نەخۆشییەکی وەک پەتای covid 19 پەیوەندیی بە میزاج و باوەڕی هیچ تاقم و گروپێک نییە، ڕاستی ئەوەیە کە تەنیا هەقیقەتی زانستی توانیی بە باشترین شێوە بیناسێت و مامەڵەی لەگەڵدا بکات.



 

  • بونیادی تڕانسێندێنتاڵی هەقیقەت و بەجەماوەریبوونی دۆکسا

 

   بەم جۆرە ئارێنت ئەم تێزەی ئەفلاتونیش بە بەشێکی بونیادی لە پڕۆژەی سیاسییەکەی دەزانێت و، هەربۆیە دەیبەستێتەوە بە كێشەی نێوان فۆڕمە باڵاكان و هەقیقەتی ڕەها و دابەزاندنیەتی بۆسەر ڕەوشی مرۆیی؛ ئەفلاتون ناتوانێت  "پێم وایە" و بۆچوونی هاووڵاتیان بە هاوتای ئایدیاکان لەقەڵەم بدات، دەبێت فەیلەسووف پێوەری بان ئەزموونی و تڕانسێندێنتاڵی transcendental خۆی بۆ هەقیقەت لە ڕای خەڵك جیا بكاتەوە، چونکە «هەقیقەت یان ئایدیاکان لە شتە بەرهەستەکان جودان و لەخودی خۆیاندا و بۆخۆیان هەن». (افلاطون، پارمیندس، ١٥٤٧) بەپێچەوانەوە، لای ئارێنت هەقیقەتی واقیعی هەمیشە پەیوەستە بە خەڵكەوە «تا ئەو كاتەی لەسەریان دەدوێین ئەوا بوونیان هەیە و تەنانەت ئەگەر ئەم قسەكردنە لە خەڵوەتیشدا ڕوو بدات». (أرندت، ٢٠١٥، ١٢ و، هانا، ١٣٩٨، ٣٤٣-٣٤٤) بەتایبەتی کاتێک باسی ئازایەتی و حیکایەتی بەرئاگردانی ژیانی ڕابردوو و ئێستای خۆیان دەگێڕنەوە، هەربۆیە دۆكسا واتە مەزنی و شانازی و پەیوەستە بە پانتایی سیاسی و پانتایی گشتی، كە تاك تێیدا دەردەكەوێت بۆ ئەوەی بۆچوونی خۆی دەرببڕێت و دەبێ لەلایەن ئەوانی ترەوە ببینرێت و گوێی لێ بگیرێت و، ئەمەش جیای دەكاتەوە لە پانتایی تایبەت.

   ئەگەر كەسێك بخوازێت دەربكەوێت، دەبێ لەناو ئەو جیهانەدا بێت كە بەرهەمی هاوبەشی هەموو مرۆڤەكانە و دەرفەتی پێدەدریت بتوانێ گوزارشت لە خۆی بكات؛ هەربۆیە، لە ڕوانگەی ئارێنت، سوکرات دەگەڕا و قسەی لەگەڵ خەڵك دەكرد و ڕای دەگۆڕییەوە: «ئەوەی ئەفلاتون بە دیالێكتیك dialegesthia ناوزەدی كردبوو سوکرات ناوی نابوو لەدایكبوون maieutic، واتە هاوكاریكردنی ئەوانی تر بۆ لەدایكبوونی ئەوەی بیری لێدەكەنەوە بۆ ئەوەی هەقیقەت لە هەناوی بۆچوونی doxa خۆیان بدۆزنەوە». (أرنت، ٢٠١٨، ٦٢) بەڵام لە فەلسەفەی سیاسیی ئەفلاتوندا، ئەوانەی هێشتا گرنگییەکی زۆر بە ڕا و بۆچوونی خەڵک دەدەن نیشانەی پێنەگەیشتووییە. (افلاطون، هەمان سەرچاوە، ١٥٤٨) هەربۆیە، ئارێنت بەڕاوردێك دەکات لەنێوان سۆفۆس Sophos پیاوی دانا یان حەكیم و فرۆنیمۆس phronimos پیاوی پێگەیشتوو؛ ئەو پێی وایە حەكیم گرنگی بە پرسی دەرەوەی شار دەدات و چاكەی خەڵك  anthropina agatha ئەولەویەتی نییە، بەڵكوو شتە نەمر و نەگۆڕەكان بە گرنگ دەزانێت، لەبەرانبەردا، فرۆنیمۆس گرنگی بە بواری مرۆیی دەدات. (أرنت، ٢٠١٨، ٥٦) 

 ئارێنت  ئەمەش دیسان بۆ خاڵێکی دژایەتیی نێوان شار و فەیلەسوف دەگەڕێنێتەوە؛  لە فەلسەفەی ئەفلاتوان كە وا لە فەلسەفە دەكات ببێت بە چالاكییەكی دەرەوەی شار، کە ڕەنگە هێندە ئەبستڕاکت و دوور لە واقع بێت کە لە شاردا جێگەی نەبێتەوە یان خەڵک دەرکی نەکەن، بەڵام ئەوە لای ئەفلاتون گرنگ نییە، چونکە پێی وایە «جەماوەری خەڵک هەرگیز مەعریفە و توانایی عەقڵانی نییە بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا، بەڵکوو تەنیا لای ژمارەیەکی کەم یان یەک کەسە» (افلاطون، مرد سیاسی، ١٥٢٠). ئارێنت پێی وایە ئەمەش لە پرسی دەسەڵات و کاروباری گشتیی شاردا نیشانەی  پشتبەستنی ئەفلاتونە بە هێز و توندوتیژی "βία ڤیا" وەک شێوازی بێگانەکان، لە جیاتی ڕازیکردنی πείθειν یۆنانی (أرندت، ٢٠١٤، ١٤٣). 

  لە دیدی ئارێنت، هەم فەلسەفەی ئەفلاتون، هەمیش تیۆریی ئەرستۆ  لە دژایەتیدایە لەگەڵ شار polis كە خاوەن یاسای سەربەخۆیە، هەر چەندە هی ئەرستۆ دونیاییترە، لای ئەفلاتون مەعریفەی پاشایەتی یان هونەری سیاسەت یان بەڕێوەبردنی ماڵ یەک شتن؛ ئەو زیاتر پشت بە کاری تیۆریی و بەسیڕەت و رۆشنبینی و دەسەڵاتی رۆحی دەبەستێت نەک کاری جەستەیی و دروستکردن. (افلاطون، مرد سیاسی، ١٣٨٠، ١٤٦٨-١٤٧٩) لە هونەری ڕۆشنبینی بەشی فەرماندان یان حوکمدان جیا دەکرێتەوە و بەشێک لەم هونەرەش ناوی فەرماندانە بە سەربەخۆیی. بەڵام لە دیدی ئەرستۆ، سیاسەت ئامرازێكە بۆ ئامانجێك و خۆی لەخۆیدا ئامانج نییە و لەژێر سایەی فەلسەفە دایە كە خاوەن بنچینە و سەرەتایە، واتە ئارخێ arche (ارسطو، ١٣٨٥، ٥٧).  سیاسەت خاوەن بنچینەیەكی تایبەت بە خۆی نییە و تەنیا بەهۆی دۆخێكی سەرەكیی پێش سیاسی و لەپێناو پێداویستی بایۆلۆژی سەرهەڵدەدات و پەیوەستە بە مانەوەی خەڵك لەدەوری یەكتر و بەردەوامبوونی ژیان. (أرنت، ٢٠١٨، ١٣٨-١٣٩) بەم جۆرە، سیاسەت دەبێتە كارێكی لاوەكی تایبەت بە بواری ئاست نزمی مرۆیی و جەماوەری خەڵك. گرفتی ئارێنت ئەوەیە هەم سیاسەت وەک جەوهەرێکی مرۆیی کە لە ناو بیر و کردەدایە ڕەد دەکاتەوە، هەمیش کردە و وتە دەکاتەوە بە کرۆکی سیاسەت لە پەیوەندی و فرەییدا، بەڵام هاوکات پلەدووبوونی سیاسەت لە فەلسەفەی سیاسیی ئەفلاتون و ئەرستۆ وەک دژایەتی  و کەمبایەخکردنی ئەم بوارە هەستیارە و لەسیاسەتخستن لێکدەداتەوە. ئەوە لە کاتێک دایە ئەم دوو فەیلەسووفە بە تایبەتی ئەفلاتون بەسیڕەت و تیۆری کە هەمان هەمەکی بینینە بە جەوهەری سیاسەت دەزانێت و ئەرستۆش ئارخێ arche یان فەرمانڕەوایی بە کرۆکی سیاسەت دادەنێت. تیۆری کە پەیوەندی بە ڕەزامەندیی زۆرترین ژمارەوە نییە و هونەری بەسیڕەتی حوکمیش بە پێوەری جەماوەری چوارچێوەکانی دیاری ناکرێت، هەربۆیە لێرەوەیە ئەفلاتون دیدگای بۆ بۆچوون doxa لەلایەك و هەقیقەتی ئەبەدی لەلایەكی تر دیاری دەكات، بەجۆرێك دەگاتە ئەو بڕوایەی هەقیقەتی ئەبەدی لەڕێگای ڕازیكردن بەدەست نایەت، بەڵکوو دەکەوێتە دەرەوەی گفتوگۆ و قسەی هاووڵاتیان. کەواتە، ئەفلاتون تەنیا کۆمەڵگایەک بە خاوەنی سیستەمی سیاسیی ڕاستەقینە دەزانێت کە ئەو کەسانەی حوکمیان بەسەردا دەکەن خاوەن مەعریفەیەکی ڕاستەقینە بن، نەک مەعریفەی بۆچوون و، ئیدی هیچ جیاوازییەکی نییە کە لەڕووی یاساوە حوکم بکەن یان بەبێ یاسا و بەپێی حەزی خەڵک فەرمانڕەوایی بکەن یان بە پێچەوانەوە، دەوڵەمەند بن یان هەژار، چونکە هیچ کام لەم هۆکارانە مەرجی سەرەکیی ڕاستیی حکوومەت نین. ئەمەش واتە دژایەتیی ئەکادیمیا وەک دەزگای ئازادی ژمارەیەکی کەم لە نوخبە و هەقیقەتی نەگۆڕ کە لەڕێگای دیالێکتیکەوە بەدەست دێت، لەبەرانبەر جیهانی بۆچوونی درۆ و گوتاری هەڵخەڵەتێنەرانە کە بەرهەمی ڕیتۆریکایە. لە دیدی ئارێنت، بۆ ئەوەی جیهانی هەقیقەت و گوتاری تەبا لەگەڵ واقیع بێتە دی، دەبێ زانستی دیالێکتیک دژی هونەری گوتاربێژی و ڕیتۆریکا بوەستێتەوە و، ئەمەش واتە واز‌هێنان لە "پۆڵیس" بۆ "پۆلیتیا politeuo" و دواجار خەمساردی و بێباکی لەهەمبەر سیاسەت. (آرنت، هەمان سەرچاوە، ٨٣. هەروەها: أرندت، ٢٠١٥، ٥٥)

   لە کۆتاییدا، ئارێنت پێی وایە ئەم تێگەیشتنەی ئەفلاتون بۆ شار و سیستەمی سیاسی زەمینەیەکی لەبار دەڕەخسێنێت بۆ سەرهەڵدانی هزری مەسیحی کە بەتەوای دژی سیاسەت و پانتایی گشتی هاووڵاتیانە و، دەسەڵات دەبێت بە هونەرێک کە پشت بە هێزێکی مەعریفی-ڕۆحی دەبەستێت. ئەفلاتون ئەم پرەنسیپەی پرۆتاگۆراس ڕەد دەكاتەوە كە مرۆڤ پێوەری هەموو شتێكی مرۆییە، یان هەموو ئەو شتانەی مرۆڤ بەكاریان دێنێت و ئەو پێی وایە پێوەری هەموو شتێكی مرۆیی theos یەزدانە. (أرنت، ٢٠١٨، ٧٢-٧١) هەربۆیە، ئارێنت پێی وایە تیۆرییا و ڕامان دوو وشە بوون کە مانایان بە ئەزەلییەت دەبەخشی و لەگەڵ هاتنی مەسیحییەتش، هەوڵێکدانی مرۆڤ بۆ نەمری لەسەر زەوی بە ناپێویست و زووتێپەڕ لەقەڵەم دەدرا و، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ژیانی سیاسی بکەوێتە ژێر ڕکێفی ڕامان و تەئەمول. (أرندت، ٢٠١٥، ٣٨-٤٢) لە دیدی ئۆگستین، «حیکمەتی کردەیی باسی بەڕێوەبردنی ژیان، واتە ڕێکخستنی ڕەفتار دەکات و حیکمەتی تیۆریی پەیوەستە بە هەقیقەتی پەتی و هۆکارە سروشتییەکان». (آگوستین،١٣٩١، ٣٢٨) لە ڕوانگەی ئارێنت، باڵادەستیی دیاری "ڕامان" (التأمل) بەسەر سەرجەم چالاکییەکانی تردا و لە نێویشیاندا "کردە" لە بنەڕەتدا بیرۆکەیەکی مەسیحی نییە، بەڵکوو لە فەلسەفەی سیاسی و ڕێکخستنی یۆتۆپی شاری ئەفلاتوندا دەیدۆزینەوە. دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان ئەفلاتون و مەسیحییەت شیاوی تێڕامانە، چونکە ڕاستە بەشێکی گرنگ و هەستیاری مەسیحییەتی سەدەکانی ناوەڕاست بەتایبەتی لای قدیس ئۆگستین و تۆماس ئەکویناس لەژێر کاریگەریی ڕاستەوخۆی ئەفلاتون و ئەرستۆدایە، بەڵام بە جۆرێک پاساو بۆ هێڵە گشتییەکانی دێنێتەوە کە لە کرۆکدا دژی فەلسەفەی ئەم دووانەیە. ئارێنت جەخت لەوە دەکاتەوە مەسیحییەت کە دەیەویست خۆی لە خەم و ئازاری بواری دونیایی ڕزگار بکات، ئەم تێگەیشتنەی پەرە پێدا و "ناسیاسی بوون"ی فەلسەفەی سەردەمی کلاسیک بەتایبەتی ئەفلاتونی کردە ڕێبازی خۆی (أرندت، ٢٠١٥،  ٥٣). بە ناو مێژووی هزری ئەوروپیدا شۆڕ دەبێتەوە و تا کۆتایی سەدەکانی ناوەڕاستی ئەوروپا دەبێت بە فەلسەفەی باڵادەستی مەسیحییەت و دژایەتیی بواری گشتی دەبێت بە ئاراستەی زاڵ. بەڵام ئەم ئاراستەیە هەم دژی دیالێکتیکای ئەفلاتون و هەم دژی لۆژیکی ئەرستۆیە.

ترتولیان Tertullian (١٥٥-٢٢٠)، کە یەکێکە لە تیۆلۆگە بەراییەکانی مەسیحییەت، دەڵێت: «بۆ ئێمەی مەسیحی هیچ شتێک لە بواری گشتی سەیرتر نییە» (هەمان سەرچاوە، ل  ٩٥)؛ ئاماژە بەوە دەکات ئەسینا چی داوە لە ئۆرشەلیم، ئەکادیمیا چ پەیوەندییەکی بە کەنیسەوە هەیە، چ ڕایەڵەیەک هەیە لەنێوان بیدعەچی و مەسیحییەکان؟ ئێمە پەروەردەی خۆمان لە "ڕەواقی سلێمان"* وەردەگرین، ئەو سلێمانەی دەیوت دەبێ بە دڵێکی سادە بە دوای خودادا بگەڕێین، بڕووخێت هەر هەوڵێک بۆ دروستکردنی مەسیحییەتێک کە بۆنی ڕەواقییەت یان ئەفلاتونییەت و دیالێکتیکی لێ دێت. (آگستین،١٣٩١، ١٣) ئەمەش بە ئاشکرا ئاراستەی دژە سیاسیی مەسیحییەت پێشان دەدات و، تەنانەت چەمکی خێر و چاکەش لە فەزای گشتی دەردەچێت و دەبێت بە شتێکی نهێنی، هەر وەک دەوترێت بە جۆرێک خێر بکە کە ئەم دەستەت بەو دەستەت نەزانێت. پۆڵس بە مەسیحییەکان دەڵێت: ئاگاداری خۆتان بن کەس نەتانکات بە نێچیری فەلسەفە و غروری بەتاڵ و کارکردن بە نەریتی خەڵک و بنچینە دونیاییەکان، ئەوانەی لەگەڵ مەسیح ناگونجێن. (نامە بۆ کۆلسیانەکان، عهد جدید، ٨:٢، ٢٩٩) کەواتە، ئەگەر "ڕامان"ی ئەفلاتون و "نوس"ی ئەرستۆ لە هزری مەسیحییدا جێگەی بایەخ بووبێت، لەپێناو گەیشتن بە هەقیقەتی پەتی و چەمکە ئەبەدییەکانی ناو ژیانی سیاسی نەبووە، بەڵکوو لەڕاستیدا لەپێناو بەجەماوەریکردنی هزرێک بووە کە لەجیاتی سەلماندنی تیۆری-عەقڵی پشتی بە ڕەزامەندیی باوەڕدارانە بەستووە.

   بەم جۆرە، لەسەر هزری مەسیحیدا قدیس ئۆگستین دەبێ بە ئەفلاتونی نوێ و تۆماس ئەکویناسیش دەبێت بە ئەرستۆی نوێ و، ئەمەش لە شاری خودایی civitas dei و شاری زەوی civitas terrena و لەژێر کاریگەریی دوالیزمی ئەفلاتونی ژیانی ئەشکەوت و کاروباری مرۆیی و ژیانی ژێر ڕووناکی هەقیقەتی تایبەت بە ئایدیا  یان ژیانی کار vita activia و ژیانی تێڕامانی vita contempla و ڕوانگەی ئەرستۆ بۆ ئاژەڵی سیاسی bios politikos ئاست نزم و  ئاژەڵی بیر bios theôrêtikos دەردەکەوێت (بڕوانە: Taminiaux, 1996 215-232 ). یان هەر وەک ئۆگستین پێی وابوو شاری زەوی بە خۆی دەنازێت و شاری ئاسمان بە خودا؛ شاری زەوی شکۆمەندی خۆی لە خەڵک دەخوازێت و شاری ئاسمان مەزنترین شکۆمەندی خۆی لە خوایەکدا دەدۆزێتەوە کە گەواهیدەری ویژدانی ئێمەیە. (آگوستین، ١٣٩١، ٦١٧) ڕاگرتنی ئەم دوالیزمە لەبەرانبەر یەکتر و زاڵبوونی ئاسمان و ئایدیا و ڕامان و ئاژەڵی بیر بەسەر زەوی و کار و ئاژەڵی سیاسیدا، بەتایبەتی لە قۆناغی سەدەکانی ناوەڕاستی ئەوروپادا نیشانەی پووچەڵبوونی یەکەم و گەوهەریبوونی دووەم نییە، بەڵکوو پەیوەندی بەو دابڕانەوە هەیە کە لەنێوان ئەم دووانەدا دروست دەکرێت و دەبێتە هۆی دروستکردنی کەلێن لە هەناوی واقیعدا. هەر بۆیە بۆ نموونە، لە دیدی هیگڵ مەسیحییەت خۆی لە جیهانی سروشتی و کۆمەڵگا و دەوڵەت دادەبڕێت و بەسەر خۆیدا دادەخرێت؛ مەسیحی ئامانجێکی باڵا دەگرێتە بەر کە بریتییە لە ڕزگارکردنی ڕۆحە نەمرەکەی و خۆی بە دوور دەگرێت لە هەموو جۆرە کارلێکێکی چالاک لەگەڵ ئەوی تر و خەمساردە بەرانبەر بە چالاکیی کۆمەڵایەتی و سیاسی. (کوجیف، ٢٠١٧، ١٥٥) بەم جۆرە، «مرۆڤی سیاسی homo politicus بوو بە دژبەری مرۆڤی ئیماندار homo credeus لە بیروباوەڕی مەسیحییەتدا». (هیلد، ٢٠٠٦، ٧٠) کەواتە، ئەو "هەقیقەتەی" ئەفلاتون وەک جەوهەر دەیبینی و لەڕێگەی تیۆرییەوە وەدەست دەهات، ئەمڕۆ لە زانستدا بەجۆرێک پەرەی سەندووە  کە هەر وەک ئەو جەختی لێ دەکردەوە بۆ هەموو کات و شوێنیک گونجاوە، لەبەرانبەر، "ڕا یان دۆکسا"دا کە ئێستا بووە بە سیمای دیاری ژیانی مەجازی و سۆشیال میدیا کە لەجیاتی بەرهەمهێنانی عەقڵانییەت بەرەو وڕێنە دەڕوات.

 

کۆتایی:

  ئارێنت پێناسەی ڕا یان دۆکسا پەیوەست دەکات بە ئاگۆرا agora یان پانتایی گشتی کە شوێنی کردە و وتەی ئازادی هاووڵاتیان بووە و هاومانای سیاسەتیش politique  بووە لە سیاقی پۆلیس polis واتە دەوڵەتە-شاری یۆنانیدا و ئەمە دەخاتە بەرانبەر هەقیقەت لە هەناوی فەلسەفەی سیاسی، بەتایبەتی فەلسەفەی ئەفلاتوون کە بە داهێنانی بیرۆکەی فۆڕم و ئایدیا و دروستکردنی خەڵوەتی بیرمەندەکان لە ئەکادیمیا دەناسرێتەوە. لە دیدی ئەو، ئەم گۆڕانکارییە بونیادییە، هزری سیاسی ڕۆژئاوای گۆڕیوە و نەرتیێکی فەلسەفی هێناوەتە ئارا کە کاریگەری لەسەر کۆی مێژووی رۆژئاوا هەبووە و بووەتە هۆی دژایەتی ژیانی کارا و هێنانەئارای ژیانی ڕامانکارانە، هەر بۆیە بە مانای لەسیاسەت خستنە چونکە: 

أ - ئایدیا ئەبەدییەکان دەبن بە سەرچاوەی پێوەری کردەی مرۆیی، بەڵام دەکەونە سەروو تێگەیشتنی مرۆڤی ئاسایی، فەلسەفە تەنیا لەڕێگای دەهشەت و سەرسوڕمان و لەڕێگای بەکارهێنانی میتۆدی دیالێکتیکەوە دەتوانن وێنای بکەن. ب - ئەمە دژی گفتوگۆ و ڕیتۆریکا و پەیوەندیی نێوان مرۆڤە ئاساییەکانە و دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵک و قسەکردن لەسەر کێشەکانی لێک جیا بکاتەوە. 

٢-  ئارێنت باڵادەستیی تیۆری و فەلسەفە بە هۆکاری پاشەکشێی سیاسەت دەزانێ، بەڵام ئەوەی فەرامۆش کراوە ئەوەیە کە بواری سیاسەت وەک هەر بوارێکی دیکەی مرۆیی بۆ بەرەوپێشچوون، سەرەتا دەبێ وەک بۆچوونێکی تاقانە یان تیۆری لە هزری داهێنەراندا چەق ببەستێت و لەڕێگەی ئەرگۆمێنت یان مسداقییەتی واقعی کە هەمان هەقیقەتە خۆی بسەلمێنێت و، لێرەدا زۆریی بۆچوون ناتوانێت ڕاستبوون لەجیهاندا بسەلمێنێت. 

  جەختکردنی ئارێنت لەسەر ئاخاوتنی خەڵک لەسەر کارە مەزنەکان لەڕێگای ڕیتۆریکا و هونەری ڕازیکردنەوە (واتە نەریتی هۆمیرۆسی)، کە ڕەهەندێکی مرۆیی دەستەجەمعی هەیە، ناتوانێت ئەوە بسەلمێنێت یەکسانە بە هەقیقەت لە ئاستێکی هەمەکیدا، بەڵکوو نیشانەی بەکۆمەڵایەتیبوونی ساخلەمە و دەشێت هاوتای چیرۆکی بەرئاگردان و حیکایەتی زۆربەی کولتوور و شارستانییەتەکانی تر بێت کە مەرج نییە ببێتە هۆی سەرهەڵدانی ڕاستی، بەو جۆرەی کە فرەیی قسەکەرەکانی گوزارشت لە ئازادی فەزاکەی بکات و بکرێت بە میتۆدێکی جیهانی. 

  ئارێنت باڵادەستیی تیۆری و فەلسەفە بە هۆکاری پاشەکشێی فرەیی دەزانێ، بەڵام ئەوەی فەرامۆش کراوە ئەوەیە بواری گشتی کە هەمان شار و سیاسەتیشە، وەک هەر بوارێکی دیکەی مرۆیی بۆ بەرەوپێشچوون، سەرەتا دەبێ وەک بۆچوونێکی تاقانە یان تیۆری لە هزری داهێنەراندا چەق ببەستێت و لەڕێگەی ئەرگۆمێنت یان مسداقییەتی واقعی کە هەمان هەقیقەتە خۆی بسەلمێنێت، لێرەدا زۆریی بۆچوون ناتوانێت ڕاستبوون لەجیهاندا بسەلمێنێت. 

  لە فەلسەفەی کلاسیکی یۆنانی و لای ئەرستۆ، هەقیقەت واتە هاوجووتیی نێوان بیرکردنەوە و واقعییەت یان زەین و شتەکان یان زمان و واقعییەت یان وەک دەڵێت: «هەموو شتێک بەو ڕادەیە هەقیقەتی هەیە کە بوونی هەیە». (ارسطو، ١٣٨٤، ٤٨) * ئەم پێناسەیە بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ پێناسەی قبووڵکراوی فەلسەفە بوو، هایدگەر ئەم تێگەیشتنە دەوڵەمەند دەکات و پێی وایە هەرگیز شتێکی زەینی و ناوەکی هاوجووت نابێت لەگەڵ ئەو شتەی کە لە دەرەوە ئامادەیی ماددی و بابەتی هەیە؛ هەربۆیە، ئەو هەقیقەت لە دەرکەوتن و دیاربوون و کەشفبووندا دەبینێ. (هیدگر، ١٣٨٦، ٣٨٣-٣٨٤) گادامێریش هەر لەسەر رێچکەی هایدگەر ڕای وایە هەقیقەت هیچ نییە جگە لە پێشهاتی مانا، یان ڕوودان، هەقیقەت دەرکەوتنە  Aletheia ، کەشفی بەریەککەوتنی نێوان مێژوو  و نەریتە و پرسیاری ئێستا و توانەوەی ئاسۆی مێژوو و توڕاسە، گفتوگۆی نێوان ڕابروو و ئێستایە. (غادامیر، ٢٠٠٧، ١٦) هەربۆیە، لای ئەو هەقیقەت بەپێی میتۆد نادۆزرێتەوە، بەڵکوو لەڕێگای دیالێکتیکەوە کەشف دەکرێت. (بوصالحیح، ٢٠٢٠، ٢٢١) چونکە لە میتۆددا ناسکار (الذات العارفة) جۆرێک لە باڵادەستی و کۆنتڕۆڵ و گەمەکردن دەسەپێنێت، بەڵام لە دیالێکتیکدا واز لەو بابەتە دەهێنێت کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە بۆ ئەوەی ئەو پرسیارە تایبەتییانەی خۆی بکات کە پێویستە وەڵام بدرێنەوە. (عادل، ٢٠٠٧، ٢٧٩-٢٨٠) 

  ئارێنت زاڵبوونی بیرۆکەی هەقیقەت لە ناو (فەلسەفە) و خەمساردی بەرانبەر بۆچوون یان دۆکسا لە (بواری سیاسی) بە نیشانەی لەسیاسەت خستن لەقەڵەم دەدات و جەخت دەکاتەوە کە هەقیقەتی مرۆیی جیاوازە لە هەقیقەتی زانستی، بەڵام ئەو خاڵە وەبەرچاو ناگیرێت کە خودی زانستیش خۆی بەشێکە لە ڕەوشی مرۆیی، کە سەرەڕای ئەوەی عەقڵی جەماوەر لە ئاست تێگەیشتنیدا کورت دەهێنێت و بە زمان ناتوانێ گوزارشتی لێ بکات، بەڵام پێی ڕازی دەبێت. لێ ئەرگۆمێنتی ئارێنت بەهێزە کە دابڕانی نێوان فەلسەفەی سیاسی و واقعی سیاسی دەبێت بە جۆرێک لە مۆنۆلۆگ. واتە زانستێک کە نەتوانێ لەسەر ڕەوشی سیاسی و ژیانی خەڵک کاریگەر بێت، ئەوا کۆپییەکانی بەرەو جۆرێک لە تێگەیشتنی نازانستی دەڕوات کە هاوجووتی لەنێوان دەستەواژە سیاسییەکان و بواری کۆمەڵایەتی نامێنێت، بەڵام ئەمە بەمانای بە جەماوەریکردنی فەلسەفە و زانستە.

   هۆشیاری و پەروەردەکردنی خەڵک پێویستە ببێتە ئەولەویەتی بیرکردنەوە نەک تێخزاندنی بۆچوونی و دۆکسای حەشامات بۆ ناو زانست و فەلسەفە.  کەواتە: أ. ئارێنت کار و کردەی مەزنی دەوێت، بەڵام دژی ئایدیا باڵاکانە و پێی وایە دابڕانی نێوان هزری سیاسی و واقیع بە کارەسات کۆتایی دێت. دژایەتیی ئارێنت بۆ ڕامان و تیۆری وەک بوارێکی تاقانەی زانستی لەجێی خۆیدا نییە و گفتوگۆی جەماوەری زۆر جار سەر لە بێ دەرەنجام دەردێنێت. ب. یەکێک لە جیاوازییەکانی کولتووری یۆنانی عەقڵی تیۆری بووە کە وای کردووە، پۆلیس ببێت بە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ جیهان. ئارێنت ناتوانێت بەتەواوی ئەوە ڕەد بکاتەوە کە بەها باڵاکان کە هەمان ئایدیای بەرزن، هەموویان بەرهەمی گفتوگۆی پانتایی گشتی نین، بەڵكوو دەشێت بەرهەمی عەقڵی ناو ئەکادیمیا بێت.

   ئەگەر ئاگۆرا وەک شوێنی نموونەیی و باڵایی دەرکەوتنی "ڕا" سەیر بکەین، نەک ئەو گەڕەلاوژێیەی کە ئاپۆرا لەناو پانتایی ژیانی ڕۆژانە و گەڕان بەدوای ئەوەی خۆیان بەڕاستی دەزانن، ئەوا دیسان دۆکسای ئاگۆرا نابێت بە بنەمای زانست. دۆکسا یان ڕا پەیوەندی بە "باوەڕ" و چوارچێوە لە قاڵبدڕاوەکانی بیرکردنەوەی تاکەوە هەیە، بەڵام هەقیقەت پەیوەستە بە "زانین" و هەوڵدان بۆ "ناسین"، هەر بۆیە دەشێت دۆکسا یان ڕا تەنیا لە چوارچێوەی تێگەیشتنی تاکدا مانای هەبێت و سەربکێشێت بۆ خوڕافە و دۆگما، بەڵام "زانین" کە بنەمای هەقیقەتە پێویستی بە گومان و دووبارە هەڵسەنگاندن و ئەرگۆمێنت هەیە کە دەبێتە بناغەی "زانستی پەتی".

 

سەرچاوەکان: 

بە زمانی عەرەبی:

ارسطوطالس (١٩٥٧) السیاسات، ت: الاب اوغسطینس بربارە البولسی، اللجنة الدولیة لترجمة الروائع الانسانیة (اونسکو) بیروت.

ارسطوطالس (١٩٧٩) الخطابة،حققە وعلق علیە: عبد الرحمن بدوي، الناشر وکالة المطبوعات و دار القلم، کویت و بیروت.

أرنت، حنة (٢٠١٨) في السیاسة وعدا، ت: معز مدیوني، منشوڕات الجمل، بیروت-بغداد.

أرنت، حنة (٢٠١٩) ما السیاسة، ت: نادرة السنوسي، ابن الندیم للنشر والتوزیع و دار الروافد الثقافیة-ناشرون.

آرندت، حنا (٢٠١٥) الحقیقە والسیاسة، ت: الحسین سبحان، مؤمنون بلا حدود للدڕاسات والابحاث، الرباط.

أرندت، حنة (٢٠١٤) بین الماضي والمستقبل: ستة بحوث في الفکر السیاسي، ت: عبد الرحمن بشناق، جداول للنشر والترجمة والتوزیع، بیروت.

أرندت، حنة (٢٠١٥) الوضع البشري، ت: هادیة العرقي، جداول ومؤمنون بلا حدود.

باري بي ، بأول (٢٠١٧) هوميروس، ت: محمد حامد درويش، مڕاجعة شيماء طه الريدي، مؤسسة هنداوي، سي آي سي، المملكة المتحدة، ٢٠١٧.

عادل، مصطفی (٢٠٠٧) فهم الفهم: مدخل الی هیرمنیوطیقا، رؤیة للنشر والتوزیع، القاهرة.

کوجیف، الکساندر (٢٠١٧) مدخل لقڕاةء هيجل، ت: عبدالعزیز بومسهولي، رؤیة للنشر ولتوزیع، القاهرة.

مكاوي، عبد الغفار (٢٠١٧) مدرسة الحكمة، مؤسسة هنداوي  سي آي سي، المملكة المتحدة.

هیلد، دیفید(٢٠٠٦) نماذج الدیمقڕاطیة، ت: فاضل جتکر، الجزء الاول، معهد الدڕاسات الاستڕاتیجیة، بیروت-بغداد.

بە زمانی فارسی:

ارسطو (١٣٥٨) سیاست، ت: حمید عنایت، شرکت سهامی کتابهای جیبی، چ٣، تهڕان.

ارسطو (١٣٨٤)، متافیزیک (مابعد الطبیعە)، ت: شرف الدین خ1ڕاسانی، انتشاڕات حکمت، چ ٣، تهڕان.

ارسطو (١٣٨٥) اخلاق نیكوماخوس، ت: محمد رضا لطفی، طرح نو، چ ٢، ١٣٨٥، تهڕان.

آرنت، هانا (١٣٩٨) میان گذشتە و آیندە: هشت تمرین در اندیشەی سیاسی، ت: سعید مقدم، نشر اختڕان، تهڕان.

افلاطون (١٣٨٠) (دورەء آثار)، پارمیندس، ت: محمد حسن لطفی، جلد دوم، شرکت سهامی انتشاڕات خوارزمی، چ ٣، تهڕان.

افلاطون (١٣٨٠) (دورەء آثار)، تیمائوس، ت: محمد حسن لطفی، جلد سوم، شرکت سهامی انتشاڕات خوارزمی، چ ٣، تهڕان.

افلاطون (١٣٨٠) (دورەء آثار)، جمهوری، ت: محمد حسن لطفی، جلد دوم، شرکت سهامی انتشاڕات خوارزمی، چ ٣، تهڕان.

افلاطون (١٣٨٠) (دورەء آثار)، سوفسطائی، ت: محمد حسن لطفی، جلد دوم، شرکت سهامی انتشاڕات خوارزمی، چ ٣، تهڕان.

افلاطون (١٣٨٠) (دورەء آثار)، گرگیاس، ت: محمد حسن لطفی، جلد اول، شرکت سهامی انتشاڕات خوارزمی، چ ٣، تهڕان.

افلاطون (١٣٨٠) (دورەء آثار)، مرد سیاسی، ت: محمد حسن لطفی، جلد دوم، شرکت سهامی انتشاڕات خوارزمی، چ ٣، تهڕان.

آگوستین (١٣٩١)، شهر خدا، ت: حسین توفیقی، انتشاڕات دانشگاە ادیان و مذاهب، تهڕان.

نوسباوم، مارتا (١٣٧٤) ارسطو، ت: عزت اللە فولادوند، طرح نو، تهڕان.

 بە زمانی ئینگلیزی:

Aristotle, (1941) The Basic Works of Aristotle, Edited and with an Introduction by Richard McKeon, Random House with Oxford University Press, New York.

Jacques Taminiaux, (1996) Bios Politikos and Bios theorekos in the Phenomenology of Hannah Arndt, International journal of Philosophical Studies, Vol. 4, Issue 2.

Borren, Marieke, Amor Mundi (2010) Hannah Arendt's political phenomenology of world. Faculty of Humanities: University of Amsterdam. 

Arendt Hannah (1961) The Human Condition, University of Chicago Press, Chicago. 

Arendt, Hannah (2005) The Promise of Politics, edit., Jerome Kohen, Schocken Books, New York.

گۆڤار- بە عەرەبی:

فائزي، توفیق (٢٠١٧) التفکیر والتذکر والزمن- مقارنة بین تصورین: فرجینیا وولف وحنا ارندت، مجلة یتفکرون، فصلیة فکریة ثقافیة، مؤسسة مؤمنون بلا حدود للدڕاسات والابحاث، العدد العشر، ٢٠١٧، الرباط.

بوصالحیح، حمدان (٢٠٢٠) اشکالیة المنهج والحقیقة بین هانز غادامیر و بول فیڕابند، مجلة آفاق العلوم، جامعة الجلفة، الجزائر، المجلد، ٥، العدد ٤.

بە فارسی:

جمعە زادە، سید جواد امام و تدین راد، علی (١٣٩٠)، بررسی "امر سیاسی" در اندیشە ارسطو و هانا آرنت و نقد جایگاە این مفهوم در عصر حاضر، فصلنامە مطالعات سیاسی، سال سوم، شمارە ١٢، تابستان.

نجف پور، سار و تدین ڕاد، علی (١٣٩٨)، نسبت سیاست و فهم در منظومەی فکری هانا ‌آ‌رنت، دو فصلنامەی علمی دانش سیاسی، سال پانزدهم، شمارە دوم، پییز و تابستان ١٣٩٨.

ئاوەز ژۆرناڵ بڵاوكراوەیەكی گشتییە بە زمانی كوردی دەردەچێت، بنکەکەی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقە. ئارەزووی ڕووماڵکردنی سیاسی، ئابووری، ڕۆشنبیری، مێژوو و بابەت و ڕووداوەکانی دیکەی هەیە، دامەزراوەی كوردستان كرۆنیكڵ دەریدەكات .
info@awezjournal.com
+964(0) 750 928 83 85

Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved


X