24/03/2025
ڕۆڵی زانست لە کۆمەڵگا داخراو و دواکەوتووەکاندا چییە؟ ئایا شتێک بەناوی زانستەوە لەنێو ئەو جڤاتانەدا ھەیە؟

با بەدەستخستنە سەر ئەم برینە وجوودییە - مەعریفییە دەست پێ بکەین، ئەویش ئەوەی کە ئێمە، ئێمەی کورد و ئێمەی کەسانی میراتگری ترادسیۆنەکانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست تا سەر مۆخ ئالوودە بووین بە جەھلی موقەدەس، جەھلی موقەدەس سەرتاپای ژیانی کولتووری و ڕۆحی و سیاسی و ئاینیی ئێمەی داگیر کردووە، دژە ژەھری ئەم جەھلی موقەدەسەش ھیچ نییە جگە لە زانست و فەلسەفە.

جەھلی موقەدەس بە ژیانماندا، بە ڕۆحماندا، بە ئاوەزماندا، بە کولتوورماندا شۆڕ بۆتەوە و سەرتاپای بونیادی زیھنی و مادی ژیانی ئێمەی داگیر کردووە. لێرەوە دوای تێڕامان و بیرکردنەوە و ئاڵوگۆڕکردنی ئایدیاکان ڕەنگە بەو ڕازیبوونە یا قەناعەتە بگەین کە کلیلی دەربازبوون لەم میحنەتە، لەم تەڵزگەیە زانست و فەلسەفە زیاتر، لەولاتر، ھیچ شتێکی دیکە نییە، بوێریی پرسیارکردن و بوێریی شک و گومانکردن و ڕازی نەبوون بە وەڵامە حازر بەدەستەکان و خۆمەستکردن بە پرسیار و پرسیارکردن و گەردەلوولی بردنی شتەکان بەناو پڕۆسەی شک و گومان و شیکردنەوەی ئاوەزی و بیرکردنەوەی ڕەخنەیی، قسەکردنی ئێمەش لەسەر زانست ھەر لەم گۆشەنیگایەوەیە.

ڕاستگۆ بین و ددان بنێین بەو ڕاستییەدا کە شوێنی زانست و فیکری زانستی لە ژیانی سیاسی و کولتووری و ڕۆحیی ئێمەدا بزرە، وێڕای بوونی زیاد لە ٣٤ زانکۆ، کە چی زانست و فیکری زانستی نە لە دوور و نە لە نزیک کاریگەریی لەسەر ژیانی ئێمە نییە، بە مانای ئەوەی ژیانی ئێمە دەڕوات بێ ئەوەی کاریگەریی زانستی لەسەر بێت، بێ ئەوەی بیرکردنەوە لە زانست خولیا و مەراقی مرۆڤی ئێمە و جڤاتی ئێمە بێت؛ لە موقابیلدا کۆی غەمەکە، کۆی مەراقەکە لەسەر ڕۆڵی ئاین و نەریت و پەیڕەوکردنی دابونەریت و کولتووری ئیمتیحان نەکراوی کوردی و خۆرھەڵاتییە کە بنەچەی بەڵا و ئازارەکانی ئەمڕۆ و دوێنێ و بگرە ئایندەشمانە.

باشترین نووسەر و توێژەر و ئەدیبی ناسراوی ئێمە ئەوانەن کە ھیچ شتێک لە زانست و فیکری ڕەخنەیی و فیکری زانستی و فیکری فەلسەفی نازانن و ناتوانن دێڕێک لەم ڕووەوە بەرھەم بھێنن لە دەرەوەی وڕێنەی شیعری یا پەخشانی شیعرئامێز یا ستوونی بێکەڵکی فەیسبووک کە دواجار وەک وتاری فیکری کۆ دەکرێتەوە و بڵاو دەبێتەوە، کە ھیچ نییە جگە لە شەرم و بێئابڕوویی فیکری.

لە جڤاتی ئێمەدا بەناو "نووسەر" و "ستوون نووسەکانمان" بێئابڕوویانە دەنووسن و قسە فڕێ دەدەن؛ بۆ نموونە، نووسەرێکی بەناو ئایکۆن ڕای خۆی دەربارەی ئاین و زانست دەردەبڕێت و دەڵێت، گوایا "چ ئاین و چ زانست بەر بنەمای دۆگماکانن و بەتوندی ڕەتی شک و گومان دەکەنەوە".

ئەم ڕستەیە لە بێمانایییەکی سەیروسەمەرە دەدوێت، ئەمە ناشێت ڕای نووسەرێک، یا بەناو باحسێک بێت، چونکی تێکەڵکردنێکی سەیروسەمەرە لەو ڕایەدا ھەیە لەنێوان ئاین و زانستدا، لە یەک کاتدا خاوەنی ئەم دێڕە نە لە زانست گەیشتووە و نە لە ئاین، چونکی شک، گومان، پرسیارکردن، تاقیکردنەوە، ئەزموون، شیکردنەوە، سەرنجدان و تاقیکردنەوەی تیۆرییەکان وەزیفە و کار و سەرقاڵیی زانستە. کەواتە، ئەو ڕایە تێنەگەیشتنە لە زانست، گەر نەڵێین ڕایەکی کۆمیدییە، دەربارەی زانست و ئاین.

ناو بەناو لە میدیاکاندا گوێمان لە خەڵکانێک دەبێت چ بەناو چاودێر یا ڕۆشنبیر یا پیاوی ئاینی، کە دەڵێن "با زانستییانە لە مەسەلەکە بڕوانین". ڕستەکانی دوای ئەو بەیانکردنە باس لە نازانستیی بیروبۆچوونی ئەو کەسانە دەکات، باس لە بێئاگایی لە زانست و لە فەلسەفەی زانست دەکەن. گەر تەنیا باس لە نێوەندی ڕۆشنبیری و ئەکادیمی و نووسینی کوردی و فەرھەنگی کوردی بکەین، لەم ڕووەوە پاشاگەردانییەکی گەورە ڕۆژانە خۆی بەیان دەکات. ڕۆژانە بیروبۆچوونی نازانستی - دۆگمایی و ناڕەخنەیی خۆی لە بەرگی "زانستیبوون"دا نیشان دەدات؛ کەسێک نییە، نێوەندێکی فیکری - زانستی - فەلسەفی نییە لەوێ تا ھەڵبستێت بەتاقیکردنەوەی ئەو ڕاوبۆچوونانە، یا پرسیار لە ڕەوایەتیی زانستیبوونیان بکات یا نێوەندێک نییە فەرھەنگی زانستی بڵاو بکاتەوە، یا ئەلفبێی زانست و میتۆدی زانستی بکاتە بابەتی گفتوگۆ و لەمپەڕێک، لەمپەڕێکی زانستی دروست بکات لە بەردەم پەخشکردنەوەی ئەو ھەموو خوڕافیات و بێئاگایی و بیروبۆچوونە نازانستییانە و ئەو ھەموو بانگەشە دوور لە ڕاستیی زانستییانەی کە لە میدیا و لە بە ناو زانکۆکان و مینبەرە ئاینییەکانەوە بە ناوی زانستەوە پەخش دەکرێنەوە.

ھەر دیدی نازانستییە و بەناوی زانستیبوونەوە دەرخواردمان دەدرێت، بێ ئەوەی کەسێک بپرسێت زانست چییە؟ زانستیبوون مانای چییە؟ زانست چۆن کار دەکات؟ میتۆدی زانستی چییە؟ چۆن زانست لە نازانست جیا بکەینەوە؟ چۆن ڕایەک لە ڕای زانستی یا حەقیقەتی زانستی جیا بکەینەوە؟ یاسای زانستی چییە؟ یاسای سروشتی چییە؟ خودی یاسا لە گۆشەنیگای زانستییەوە چییە؟ شیکردنەوەی زانستی مانای چییە؟ تیۆری زانستی چییە و چۆن تیۆری زانستی دەگۆڕێت، بەجێ دەھێڵدرێت! چۆن تیۆرییەک لە چرکەساتێکی مێژوویی و بەھۆی شۆڕشی زانستییەوە دەبێت بە لەکەڵک کەوتوو (obsolete) یا کارنەکردوو؟ خودی تیۆری زانستی چییە؟ داوپێنگی ناسینەوەی تیۆرییەک چییە وەک تیۆرییەکی زانستی؟ گۆڕان لە تیۆرییەکەوە بۆ تیۆرییەکی دیکەی زانستی چ مانا و مەغزایەک لەخۆ دەگرێت؟ ئەی کەواتە شۆڕشی زانستی یا شۆڕشە زانستییەکان، یا وەرچەرخانە زانستییەکان چین و بۆ ڕوو دەدەن؟ نەک وەڵامی ئەم پرسیارانە بزرن، خودی پرسیارەکان بزرن لەو گفتوگۆ نازانستییانەدا و لەو ھەلومەرجە بە ناو کولتووری و ئەکادیمی و فەرھەنگی و میدیایییەدا؟ ھەلومەرجێک دروست بووە تێیدا بە مەبەست زانست شێوێنراوە و ڕای سەیروسەمەرە بەناوی زانستەوە دەخرێتە ڕوو. بۆ نموونە، بە پیاوی ئاینی دەگوترێت "زانا"، لە کاتێکدا جیاوازیی پیاوی ئاینی و زانا و جیاوازیی زانست و ئاین ئاسمان و ڕێسمانە. ئەم دوو کایەیە نە لە دوور نە لە نزیک پەیوەندییەکیان بەیەکەوە نییە، بگرە ھەڵەیەکی فیکری و میتۆدی تەنانەت قسە لە "مەعریفەی ئاینی" بکەین، چونکە ئاین "مەعریفە" بەرھەم ناھێنێت، پیاوی ئاینیش ھیچ پەیوەندییەکی بەزانست و کایە زانستییەکانەوە نییە و ئەو شتەی دەیڵێن، کە ھەمیشە ئاماژەیە بە "ئامۆژگارییە ئاینییەکان"، ھیچ پێودانگێکی ھەڵسەنگاندنی زانستی نایگرێتەوە؛ ئەم خاڵە دەمانبات بۆ کێشەیەکی گەورە لە فەلسەفەی زانستدا بەناو Demarcation سنوورکێشان، یا کردەی جیاکردنەوەی زانست لە pseudoscience زڕە زانست یا زانستی ساختە یا ساختەزانست. لەنێوەندی نووسینی کوردیدا ھەندێک زڕە نووسەر بەناوی زانستەوە شتگەلێک دەڵێن و دەنووسن کە بەڕاستی دەچێتە خانەی زڕە زانستەوە، نەک ئەوەندە بەڵکوو زۆرێک لەو نووسینانە دەشێ پێیان بڵێین زڕە نووسین لەبەرئەوەی ھیچ مانایەک نادەن بەدەستەوە. با سەرەتا بزانین زڕە زانست چییە؟

وشەی لاتینی Pseudoscientia لە نیوەی یەکەمی سەدەی حەڤدەھەمدا لە ئینگلستان بەکار ھات لە کاتی گفتوگۆکردندا دەربارەی پەیوەندیی نێوان ئاین و لێکۆڵینەوەی مەیدانی - ئیمپریکی. لە زمانی ئینگلیزیدا بەکارھێنانی زڕە زانست دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٧٩٦، ئەو کاتەی مێژوونووس جەیمس پتیت ئەندرو ئاماژە بە alchemy خیمیا (خیمیا یا کیمیای کۆن، ھونەری کۆنی توانایی گۆڕینی کانزای ھەرزان بۆ زێڕ و دۆزینەوەی دەرمانی ژیان) کرد وەک Fantastic pseudo-scieuce  زڕە زانستێکی سەرسوڕھێنەر. زڕە زانست بریتییە لە بوخچەیەک لە جەغدکردنەکان لە دەرەوەی شیکردنەوە و پێودانگی زانستی.

زانست بەچاودێریکردن observation و تاقیکردنەوەی دەقیق دەست پێ دەکات بۆ پەسەندکردن یا ڕەتکردنەوەی گریمانەیەک hypothesis ؛ھەروەھا بەڵگە دژ بەتیۆریەک یا قانونەکان کۆ دەکرێنەوە تاکوو ببنە مادەی لێکۆڵینەوە. لەبەرانبەردا، زڕە زانست بە گریمانەیەک دەست پێ دەکات.

تاقیکردنەوەیەک لە ئارادا نییە و بەڵگەی پێچەوانە پشتگوێ دەخرێت یا بەھانەی بۆ دەھێنرێتەوە یا دەشاردرێتەوە. ئایدیا سەرەکییەکە ھەرگیز فەرامۆش ناکرێت گەرچی وجود و بەڵگەکانیش بوونیان ھەبێت دژ بەو ئایدیایە. زانست بەربنەمای تەرزێک لە ڕێوڕەسمی باش دامەزراوی دووپات و دەپات بووەوەیە لەناو سروشتدا. لە زڕە زانستدا جەغدکردنەکە لە دەرەوەی گومانگەرایی لەسەر نموونەکانە نەک Pattern (تەرزی دووبارە بووەوە)، جەغدکردن لەسەر ڕووداوی نامۆ و anomalies نائاسایییەکان، لە زانستدا ئەنجامی دووبارە بەرھەمھاتووەوە جەغدی لەسەر دەکرێت، لە کاتی شکستدا ھیچ بەھانەیەک قبوڵ ناکرێت. بەڵام لە زڕە زانستدا بەرئەنجامەکان ناتوانرێت جارێکی دیکە بەرھەم بھێنرێنەوە یا بسەلمێنردرێن. بەھانەکان دادەھێنرێن بۆ شکستەکان یا ھەر تاقیکردنەوەیەکی زانستی.

لە زانستدا چیڕۆکی شەخسی و شاھیدی شەخسی وەک بەڵگە قبوڵ ناکرێت، بەڵام لە زڕە زانستدا چیڕۆکی شەخسی و شاھیدی شەخسی شوێنی متمانەیە و وەک بەڵگە وەردەگیرێت.

زانست دەربارەی گونجاندن و پەیوەندیی ناوەکییە، یەک بەش ناتوانرێت بگۆڕدرێت بێ ئەوەی کاریگەری لەسەر کۆ بکات. زڕە زانست خۆی نەگونجاویە بە (inconsistent) و پەیوەندیی ناوەکی لەنێوان بەشەکاندا بوونی نییە، ھەر بەشە و ھەڕەمەکییانە دەتوانرێت بگۆڕدرێت بێ ئەوەی کاریگەری لەسەر کۆ بکات. زانست ئەرگۆمێنتکردنە لەپێناو مەعریفەی زانستیی بەرئەنجامی ئەزموونکردنی زانستەوە، ھەرچی زڕە زانستە پشتبەستنە بە جەھل و لەڕێگای غیابی بەڵگەی زانستی و ئەزموونی زانستییەوە دەناسرێتەوە. زانست ئەو چەمک و زاراوە و تێرم و وشانەی بەکاری دەھێنێت بەدروستی پێناسەیان دەکات، کەچی زڕە زانست وشە و تێرم و چەمکی ئاڵۆز و تەمومژاوی و پێناسەنەکراو بەکار دەھێنێت.

کارڵ پۆپەر کە نموونە بۆ زڕە زانست دەھێنێتەوە ئاماژە بەمارکسیزم و شیکردنەوەی دەروونی دەکات وەک دوو نموونەی زڕە زانست. نەک مارکسیزم زڕە زانستە، بگرە ھیچ ڕایەکی کارڵ مارکس نییە زانستی بێت. بەھەمان شێوە "سۆشیالیزمی زانستی" بەتەواوی زڕە زانستە بەڵام نموونەی نزیک لە نووسینی کوردیدا بۆ زڕە زانست داھێنانی ئەم کایەیە کە زڕە نووسەرێک، بەڵام موخابن مامۆستای زانکۆ، دای ھێناوە بەناوی "گوناھناسی"، گوتمان چی؟ گوناھناسی.

گوایا شتێک ھەیە، مادەیەک، ماتەڕیاڵێک ھەیە بەناوی "گوناە"؛ زانستێکیش ھەیە لەوێ کە ئەم ماتەڕیاڵە شی دەکاتەوە کە گوناھە. ھەموو ئەوانەی کە سەرقاڵی زڕە زانستن، وەکو خیمیا و مارکسیزم و بۆچوونەکانی فرۆید و تەنجیم و بەختگرتنەوە، ھەرگیز تا ئەو شوێنە خەیاڵی زڕە زانستییان نەفڕیوە کە شتێک بەناوی "گوناھناس" دابھێنن، وا لە زمانی کوردیدا، "مامۆستا"یەکی زانکۆ دای ھێنا!!.

ھەروەھا لەناو ئەو فەزا نازانستی و ناڕەخنەیییەی نووسینی کوردیدا چاومان دەکەوێت یا گوێمان لەو ڕا نازانستییە دەبێت، بەتایبەت لە میدیا ئاینییەکاندا و لە گرووپە ئاینییەکانەوە کە میدیای زەبەلاحیان ھەیە، گوایا زانست شکستی ھێناوە لەوەی وەڵامی پرسیارە جەوھەرییەکان بداتەوە؛ ئەوە ئاینە کە ھەم وەڵامی پرسیاری ئاینی و ھەم زانستی دەداتەوە؛ یا گوایا ئاین سەراپاگیرترە لە زانستی مۆدێرن، یاخود بەعیبارەتێکی دیکە، ئاین لە ھەناویدا ھەڵگری ھەموو وەڵامە زانستییەکانە، کتێب یا دەقە ئاینییەکان ھەڵگری بیروبۆچوون و تیۆرییە زانستییەکانن؛ بە وتەیەکی دیکە، دەقی کتێبی پیرۆز کتێبێکی زانستییە و ھەموو تیۆرییە زانستەکان لەوێوە سەرچاوە دەگرن. بۆ نموونە، ھەموو دەسکەوتە زانستییەکان و تیۆرییە زانستییەکان ڕیشەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ کتێبە پیرۆزەکان. کوا بەڵگە؟ دیارە بەڵگە لە ئارادا نییە، ئەرگۆمێنتی زانستی بزرە، گفتوگۆی زانستی بوونی نییە، ئەزموونکردنی زانستی لە ئارادا نییە. ئەوەی ھەیە و دەخرێتە ڕوو تەنیا و تەنیا جەغدکردنەکانی بەناو "بانگخوازەکانە"، ئەوەی ھەیە و دەخرێتە ڕوو سووربوونە، مکوڕ بوونە لەسەر "دۆگما ئاینییەکان"، لە دەرەوەی ھەر تاقیکردنەوەیەک و ھەر شک و گومان و پرسیارێک. ئەم ڕاوبۆچوونانە بە تێپەڕبوونی کات کولتوورێکیان دروست کرد لەناو کورددا کە زیادەڕۆیی نییە بڵێین کولتوورێکی دژە زانستی و دژە ئاوەزگەری و دژە بیرکردنەوەیە. کاریگەریی پیاوانی ئاینی لەسەر لاوان و نەوەی نوێ بێ ئەندازەیە، بەتایبەت کە میدیاکان فێر بوون بۆ ھەموو شتێک دەگەڕێنەوە بۆ پیاوانی ئاینی و جگە لە مینبەرەکانی خۆیان مینبەری دیکەیان بۆ فەراھەم دەکەن و ڕاوبۆچوونیان لە      ھەموو شتێکە، تەنانەت ئەو بابەت و کایانەی کە تەنیا و تەنیا کایەی زانست و زاناکانن، پرسیاریان لێ دەکەن و ڕاوبۆچوونیان بێ ئیمتیحانکردن و بێ بردنی بەفلتەری شک و گومان و پرسیارکردن قبوڵ دەکرێن. ئەمە ئەو ھەلومەرجەی دروست کرد کەس گرنگیی بە زانست و تیۆری زانستی نەدات. بۆ کێشە و ئاریشەکانیش نەگەڕێنەوە بۆ زانست، بەڵکوو ڕاوێژ بە پیاوی ئاینی بکەن، کە بەتێپەڕبوونی کات کۆمەڵگای ئێمەی کردووە بەکۆمەڵگای دواکەوتووی بێکولتووری نەخوێندەواری دژە زانست، ژیاو لەسەر جەھلی موقەدەس؛ بگرە جەھلی موقەدەس شکۆ و پلە و پایەیەکی باڵای پێ بەخشراوە. بانگخوازێک دەڵێت ئەگەر بە فڕۆکەیەکیش بمبەن بۆ ئاسمان و بینیم کە زەوی خڕە، ھەر دەڵێم زەوی تەختە، چونکی کتێبە پئرۆزەکان وا دەڵێن. ئەم پیاوە ئاینییە کارمەندی وەزارەتی کاروباری ئاینییە، وەزارەتی کاروباری ئاینی وەزارەتێکی حکوومییە؛ کەواتە، دەسەڵات لە بودجەی گشتی پارە و مووچە دەدات بەو کەسانەی دژی زانستن و خوڕافیات بڵاو دەکەنەوە. ئەمە چ جۆرە حوکمڕانییەکە لە سەدەی بیست و یەکەمدا کە تێیدا دژایەتیکردنی زانست نەک ڕێگەی پێ دراوە، بەڵکوو ھەندێک لەسەری دەژین و نان دەخۆن.

ئێمە لەم ژمارەیەی ئاوەزدا تەوەرەیەکمان تەرخان کردووە بۆ شەنوکەوکردنی ئەو پرسیارانەی تایبەتن بە زانست و بەو کێشە و ئاریشانەی پەیوەندییان بە کایە زانستییەکانەوە ھەیە. وەک پێشتر ڕامانگەیاندبوو ھەر کات دۆسییەیەک دەکەینەوە تەنیا مەبەستمان نییە یەک جار و لەو ژمارەیەدا ئەو تەوەرەیە بەسەر بکەینەوە، بەڵکوو چاومان لەوە بڕیوە دواجار ئەو تەوەرەیە بەکراوەیی بمێنێتەوە و بەبەردەوامی وەک ناونیشانی توێژینەوەی نوێ ڕێنمایی توێژەران بکات و بەسەر بکردرێتەوە، ئێمەش لە بەشی "لێکۆڵینەوە" لە ژمارەکانی دواییتردا بڵاویان بکەینەوە. لێرەوە داوا لە نووسەران و توێژەران دەکەین کە دەربارەی زانست و ھەروەھا زمان و ناسنامە (دوو تەوەرەی پێشووی ئاوەز) لێکۆڵینەوەی دیکەمان بۆ بنێرن تاکوو بڵاویان بکەینەوە. لەم ژمارەیەشدا ڕێبەرێک دەربارەی باس و لێکۆڵینەوە و میتۆدی پەسەندکراوی ژۆڕناڵی ئاوەز بڵاو دەکەینەوە، بەو ھیوایەی سەرنجەکانی ئەم ڕێبەرە لەلایەن ئەو نووسەر و توێژەرانەی دەخوازن باس و لێکۆڵینەوەکانیان لە ژۆڕناڵی ئاوەزدا بڵاو بکردرێتەوە لەبەرچاو بگیرێن.

 

فاروق ڕەفیق

نۆڤەمبەری ٢٠٢٤

ئاوەز ژۆرناڵ بڵاوكراوەیەكی گشتییە بە زمانی كوردی دەردەچێت، بنکەکەی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقە. ئارەزووی ڕووماڵکردنی سیاسی، ئابووری، ڕۆشنبیری، مێژوو و بابەت و ڕووداوەکانی دیکەی هەیە، دامەزراوەی كوردستان كرۆنیكڵ دەریدەكات .
+964(0) 750 928 83 85

Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved


X