13/01/2025
پڕۆژەی ئاوەز، هەوڵێک بۆ ئاوەزمەندکردنی تاک و کۆمەڵی کوردی

وتاری عەبدولخالق یەعقووبی (سکرتێری نووسینی ژۆڕناڵی ئاوەز) لە ڕێوڕەسمی ناساندنی پڕۆژەی ئاوەز لە خانەی فەرهەنگیی شین، شاری سۆران، پێنجشەممە ٢٦/١٢/٢٠٢٥

هەر جۆرە قەیرانێکی کولتووری قەیرانێکی ناسنامەیی لێ دەکەوێتەوە. ناسنامە (Identity) کاتێک دەکەوێتە مەترسییەوە کە مرۆڤ یان کۆمەڵگە پشت لە هزر و هزرڤانی بکەن و ڕەوتی ڕووداوگەلی جیهانی دەوروبەری خۆیان بسپێرنە دەست ئەو هێزانەی نەک هەر باوەڕیان بە هزری پێشکەوتنخوازانە نییە، بەڵکوو دژ بە پێگەی ئایدیۆلۆژیکی خۆیانی دەبینن. وەک چۆن داگیرکردنی خاکی وڵاتێک گۆڕینی هێزی حوکمڕانیی ئەو وڵاتەی لێ دەکەوێتەوە، داگیرکردنی کولتووری گەلێکیش ناسنامەی نیشتمانیی ئەو گەلە تووشی نەک هەر گۆڕین بگرە سڕینەوە دەکات. لەم سۆنگەیەوە، ئەو هێزە مرۆییانەی بەرهەمهێن یان پەرەپێدەری ئاوەزمەندی و مەعریفەن دەبنە سەنگەری خەباتی کولتووری بۆ پاراستنی شکۆی نیشتمان لە ئاستی عەقڵانی و ڕۆشنبیریدا.

پڕۆژەی فەرهەنگیی ئاوەز و ژۆڕناڵی مەعریفی، هزری و تیۆریی ئاوەز و خەڵاتی ساڵانەی ئاوەز بۆ توێژینەوەی هزری، بە پاڵپشتیی دامەزراوەی میدیایی کوردستان کڕۆنیکڵ، وەک بەشێک لە ستراتیجیی سیاسەتێکی کولتووریی بەهێز و تۆکمە بۆ بەرەنگاربوونەوەی مۆتەکەی ڕەشبینی و نائومێدی لەحاند دروستکردنی گۆڕانی بنچینەیی لە کۆمەڵی کوردی هاتووەتە ئاراوە و بە ئاراستەی مەعریفەمەندکردنی جڤاتی کوردی و ئاوەزگەری بۆ تاکی کورد هەنگاو دەنێت. ئەم پڕۆژەیە نەک هەر پێگەیەکی بەرفراوان بۆ ناسینی هزر و مەعریفەی نوێی سەردەمە، بەڵکوو دەرەتانی هزرین و بیرکردنەوە لە دۆخی جیهانی هاوچەرخیش دەرەخسێنێت. لەم پڕۆژە نیشتمانییەدا، ئێمە تەنیا وەرگری بەرهەمی توێژەران و بیرمەندانی بواری هزر و مەعریفە و تیۆری نین، بەڵکوو هاوکات هاندەری بزاڤی توێژینەوە و بیرکردنەوە و تیۆریداڕێژی دەبین؛ ئێمە پێمان وایە ڕێزلێنان لە شکۆی هزر و قەڵەمی پسپۆڕانی کایەی ئەکادیمی و ڕۆشنبیریی کوردیی ئەرکی لەپێشینە و سەرەکیمانە. هەربۆیە، سیاسەتی پیشەکارانەی ئەم پڕۆژەیە، زەمینە بۆ هەر هزرمەندێکی کورد خۆش دەکات بەرهەمی خۆی تێدا ببینێتەوە و لە دەوڵەمەندکردنی نووسین و توێژینەوەی ڕەسەندا بەشدار بێت.

ئێمە لە پڕۆژەی ئاوەز بانگەشە بۆ "ڕاستی، نەک ڕا" دەکەین، لەبەر ئەوەی پێمان وایە کۆمەڵگەی ئێمە تا سەر ئێسک پێویستی بەو هەقیقەتانە هەیە کە لەسەر بنەمای فاکت و ڕاستییەکان دامەزراون، نەک وەهم و مەزەندەکان. وشیاری و وریایی ڕاستەقینەی تاک و کۆمەڵ ئەو کاتە مسۆگەر دەبێت کە شیکردنەوەکان، بەتایبەت شیکردنەوەی کەسانی پسپۆڕ و تەکنۆکرات و ئەکادیمی و ڕۆشنبیر، بە پێوەری عەقڵانییەت و ئاوەزمەندی ئەنجام بدرێن، نەک بەگوێرەی دۆکتۆرینێکی سیاسی یان خواستی بەرژەوەندیخوازانە یان وەهمی ئایدیۆلۆژیک. ئامانجی پڕۆژەی ئاوەز بەدامەزراوەییکردنی عەقڵانییەت و بەعەقلانیکردنی دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی کوردییە، هەر لە دامەزراوە سیاسییەکانەوە تا دەگاتە دامەزراوە کۆمەڵایەتی و ئابووری و کولتوورییەکان. هەر لەم پێناوەدا، ئێمە لە هەر ژمارەیەکی ژۆڕناڵی ئاوەزدا تەوەرەیەکی تایبەت و تێروتەسەل بۆ بوارە جۆراوجۆرەکانی مەعریفی و هزرڤانی و تیۆری تەرخان دەکەین و بە بەرهەمی کۆمەڵێک خاوەن قەڵەمی پسپۆر و هەڵکەوتەی کورد لە گشت پارچەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان دەوڵەمەندی دەکەین. بۆ نموونە، لە ژمارەی یەکەمدا لەسەر باسی پێویستیی "زمان و ناسنامە" لەنگەرمان گرت و لە ژمارەی دوهەمدا ئاوڕی جیدیمان لە مژاری گرنگی "فەلسەفەی زانست" دایەوە و، مکوڕین لەوەی هەر لەسەر ئەم ڕەوتە لە ژمارەکانی داهاتووشدا بەردەوام بین و بابەتی گرنگتر و هەستیارتر لە تەوەرەکاندا بورووژێنین.

لایەنێکی دیکەی پڕۆژەی گشتگیری ئاوەز، بابەتی پشتگیریکردن و هاندانی هەمەلایەنەی پسپۆڕان و بیرمەندان و توێژەرانە. وەک نەریتێکی جیهانی و پەسندکراو، خەڵاتکردنی بیرمەندان و پسپۆڕانی بوارە جیاجیاکانی زانست و مەعریفە دیاردەیەکە لە جیهانی ڕۆژاوادا مێژینەی هەیە، بەڵام بەداخەوە لەنێو جیهانی ڕۆژهەڵات بەگشتی و ئێمەی کورد بەتایبەتی، هێشتا بەتەواوی جێ نەکەوتووە و برەوی نەسەندووە. ئەگەر لەئاستی جیهانیدا بڕوانین، بۆ نموونە، میدالیای جۆرج سارتن بەرزترین خەڵاتی نێودەوڵەتییە لە بواری مێژووی زانستەکاندا. ئەم خەڵاتە کە بە ناوی توێژەری مێژووی زانست جۆرج سارتن (George Sarton) نراوە، لە ساڵی ١٩٥٥ەوە هەموو ساڵێک لەلایەن دامەزراوەی مێژووی زانست پێشکەش بە توێژەرانی ئەم بوارە دەکرێت. یەکەم خولی ئەم خەڵاتە ساڵێک پێش کۆچی دوایی جۆرج سارتن پێشکەش بە خۆی کرا. کەسایەتییەکی بەناوبانگی دیکە کە ئەم خەڵاتەی بردووەتەوە فەیلەسووفی هەڵکەوتەی فەلسەفەی زانست و نووسەری کتێبی ناسراوی "پێکهاتەی شۆڕشە زانستییەکان" تۆماس کووهنە. 

لەم ڕوانگەیەوە، بەشێکی دیکەی پڕۆژەی ئاوەز، کە دەچێتە چوارچێوەی سیاسەتی هاندانی ڕاستەوخۆی توێژەرانی کورد و خۆشکردنی زەمینە بۆ کاری توێژینەوە، خەڵاتی ساڵانەی ئاوەزە. ئێمە پێمان وایە توێژینەوە وەک هەر کایەیەکی دیکەی کۆمەڵگە پێویستی بە هاندان و پشتگیریکردنە و، هەربۆیە بە پاڵپشتیی مەعنەوی و مادیی دامەزراوەی میدیایی کوردستان کڕۆنیکڵ، ساڵانە خەڵاتی ئاوەز بە دوو باشترین وتار دەبەخشرێت کە بریتی دەبێت لە قەڵغانی ڕێزلێنان و پاداشتی مادی. هەر لێرەوە، بۆ ئاگاداریی توێژەرانی کورد ڕایدەگەیەنین مژاری یەکەمین خەڵاتی ئاوەز بۆ توێژینەوەی هزری بریتی دەبێت لە ناونیشانی تەوەرەی ژمارە ٤ی ئاوەز، واتە: "مێژوو چییە؟ ئایا مێژوو کایەیەکی تەنیا گێڕانەوەییە یان مەعریفیشە؟ چۆن بتوانین مێژووی کورد زانستییانە بخوێنینەوە؟ لە باری مەعریفییەوە چی بکرێت بۆئەوەی هەڵە تراژیکەکانی مێژووی کورد دووبارە نەبنەوە؟"دواوادەش بۆ وەرگرتنی توێژینەوەی تایبەت بە خەڵاتی یەکەمی ئاوەز ڕێکەوتی 20/04/2025 دەبێت. هەڵبەت توێژینەوەکان دەبێت لە چوارچێوەی توێژینەوەی زانستیدا بن، وەک ئەوەی لە ڕێبەری بڵاوکردنەوەی توێژینەوە لە ژۆڕناڵی ئاوەز بڵاومان کردووەتەوە.

ژۆزێ ساراماگۆ، نووسەری بەناوبانگی پورتوگالی و براوەی خەڵاتی نۆبێل و خوڵقێنەری ڕۆمانی "کوێری"، لە شوێنێکدا گوتوویەتی: "هەندێک کەس سەرلەبەری ژیانی خۆیان بۆ خوێندنەوەی تەرخان دەکەن، بەڵام هەرگیز لە خوێندنەوەی وشەی سەر لاپەڕەکان تێناپەڕێنن؛ ئەوان نازانن وشە تەنیا کۆمەڵێک بەردەبازن لە نێو ڕووبارێکی خرۆشاندا و، هۆکاری بوونی ئەو بەردەبازانە بۆ ئەوەیە ئێمە بتوانین بە سەلامەتی بگەینە ئەوبەری ڕووبارەکە؛ ئەوەی گرنگە پەڕینەوە لە ڕووبار و گەیشتن بە ئامانجە". ئێمە لە پڕۆژەی ئاوەزدا، هیوای ئەوە بۆ خۆمان و خوێنەران دەخوازین سەرجەم وشە و ڕستە و بابەتەکانمان ئەو بەردەبازە بێت بمانگەیەنێتە کەنار، کەنارێک کە بریتییە لە تاکی ژیر و کۆمەڵی وشیار، تاک و کۆمەڵێک کە لەسەر دیاردەکانی دەوبەریان بیر بکەنەوە و لەئاست ناحەزییەکانی کۆمەڵگە ڕەخنەگر بن و بە ئاراستەی پێشخستنی جڤات و ئاوەدانی و ئاسایشی وڵات و خۆشەویستی بۆ نیشتمان هەنگاو بنێن.

وەک دواخاڵ، ئەوەی ئێمە لە پڕۆژەی ئاوەز وەک تاکتیک کاری لەسەر دەکەین برەودانە بە فەرهەنگی توێژینەوە و هزرین و ڕەخنەکاری لە هەموو بوارەکانی مەعریفە و فیکر و تیۆری. بەڵام وەک ستراتیجی ئێمە چاومان لە ئاسۆی بەهێزکردنی ناسنامەی مرۆڤ و کۆمەڵی کوردی بڕیوە. ئێمە لە کۆمەڵگەی خۆماندا، قەیرانی تاکی بیرکەرەوە و دەستەبژێری بیرمەند دەبینین و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانێکی ئەوتۆ و ئالەنگارییەکی سەختی لەمجۆرە پشتی توێژەرانی کورد دەگرین بۆئەوەی لەسەر دیاردە و مژار و پرس و ئاریشەکانی کۆمەڵگەکەمان بیر بکەنەوە، بنووسن و بتۆژنەوە. گوتاری باڵادەستی پڕۆژەی ئاوەز گوتاری هەقیقەتە مرۆییەکان و جوانکردنی نیشتمانە، نەک بەرژەوەندییە ئایدیالۆژیکەکان و پێشینەدان بە گێڕانەوە بچووکان. پڕۆژەی ئاوەز لەڕێگەی خوێندنەوەی فەلسەفی و مەعریفە-تەوەر بۆ بارودۆخی جیهان و کوردستان هەوڵ دەدات پێگەی ناسنامەی کوردی لەم جیهانە پڕکێشە و تژی لە ئاریشەیەدا بەهێز و پتەو بکات و هاوکات تاکی کورد هان بدات نیشتمانەکەی خۆی خۆش بوێت، بێ ئەوەی ئەم خۆشەویستییە لەسەر حسێبی چاوپۆشیکردن بێت لە کەمایەسی و خاڵە نەرێیەکانی فەرهەنگ و نەریت و کۆمەڵگەی خۆی.   

ئاوەز ژۆرناڵ بڵاوكراوەیەكی گشتییە بە زمانی كوردی دەردەچێت، بنکەکەی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقە. ئارەزووی ڕووماڵکردنی سیاسی، ئابووری، ڕۆشنبیری، مێژوو و بابەت و ڕووداوەکانی دیکەی هەیە، دامەزراوەی كوردستان كرۆنیكڵ دەریدەكات .
+964(0) 750 928 83 85

Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved


X