ژۆڕناڵی ھزری - مەعریفی خۆی لە خۆیدا وەزیفە و ئەرکێکی پەروەردەییشی ھەیە، واتا ڕەھەندێکی پەروەردەییی خۆی لە دوو توێی باس و لێکۆڵینەوەکاندا مەڵاس داوە. لێرەوە ژۆڕناڵی ئاوەز وەک ژۆڕناڵێکی ھزری - مەعریفی - تیۆری بەر بنەمای بیرکردنەوەیەکی فراوان و قووڵ و ستراتیژیەتێکی پتەو ئەزموونی ئێمە لە بواری نووسین و توێژینەوەی ھزری لە چوار دەیەی ڕابردوودا ھۆشیارانە ئەم ڕەھەندە پەروەردەیییە لە ئامێز دەگرێت و گەشەی پێ دەدا. لە ناساندنی پڕۆژەی ئاوەزدا لە شاری ھەولێر جەغدم لەسەر ئەو ھەلومەرجە نالەبارەی دونیای نووسینی کوردی و کولتووری کوردی کرد کە تێیدا ژۆڕناڵەکە ھاتۆتە بوون.
ئەوڕۆ لەم بۆنەیەدا گەرەکمە پڕۆژەکە وەک پڕۆژەیەکی پەروەردەیی بناسێنم، یاخود خودی پڕۆژەکە وەک پڕۆژەیەکی پەروەردەیی، بەمانای پایدیای یۆنانی کۆن کە ھەیە بخەمە ڕوو، واتا یەکێک لە وەزیفەکانی ئاوەز وەک ژۆڕناڵێکی ھزری بریتییە لە ڕەھەندی پەروەردەیی. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ئەرک و وەزیفەیە ژۆڕناڵەکەمان دابەش کردووە بەسەر سێ بەشدا، بەشی باس و لێکۆڵینەوە و بەشی تەوەرە (دۆسیە) و بەشی خوێندنەوەی کتێب کە ھەرسێ بەشەکە پێکەوە کۆمەڵێک ڕۆڵ و وەزیفە دەبینن لە نێویاندا ڕۆڵ و ئەرکی پەروەردەیی، چۆن و بۆ؟
ئاوەز ھەروەک ھەر ژۆڕناڵێکی دیکەی ھزری - مەعریفی نومایشکردنی جۆرێکی دیکەی پەروەردەیە، یاخود مانیفێستی پەروەردەیە بەمانا یۆنانییەکەی واتا پایدیا کە پایدیا ھەم مانا قووڵەکانی پەروەردە دەگەیەنێت و ھەم بە واتای فەرھەنگ، کولتوور، پەروەردەکردنی کاراکتەر یا جەنتڵمان یا جوامێر. کەواتە ژۆڕناڵێکی ھزری - مەعریفی کۆمەڵێک وەزیفە و ئەرکی مەعریفی و زانستی و ھزری دەبینێت لەپاڵ ئەوەشدا ئەرک یا وەزیفەیەکی پەروەردەییش سەر ڕێگا دەخات، جۆرێکی دیکەی پەروەردە کە لێرەدا لە چەند ناونیشان یا ئایدیا یا سەرەقەڵەمدا کۆی ئەو فۆرم یا جۆرانەی دیکەی پەروەردە بەیان دەکەین یا ڕەھەندەکانی دەخەینە ڕوو کە لە دیدی ئێمەوە ژءَڕناڵی ئاوەز چاوی لەو جۆرە پەروەردەیە بڕیوە.
بۆ کتێب دەخوێنینەوە؟
لیۆ شتراوس لە سەرنجدانێکی پڕ بایەخدا دەڵێت: کە ئێمە شانسدار دەبین گەر لەو سەردەمەی تێیدا دەژین دوو ئاوەزمەندی گەورە بژین، ئەم ڕایەی شتراوس ئەوە دەگەیەنێت کە ئێمە بەناچاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاوەزە گەورەکان دەبێت لە کتێبە مەزنەکاندا بۆیان بگەڕێین.
شتراوس لە موحازەرە بەناوبانگەکەیدا
What is Liberal Education? (١٩٦٨)
دەڵێت:
ٍمامۆستاکان خۆیان قوتابین و دەبێت قوتابخانە بن، بەڵام ئەم زنجیرەیە نابێت بۆ بێ سنووری درێژ بێتەوە. لە دواجاردا دەبێت ئەو مامۆستایانە ھەبن کە خۆیان قوتابی نین، ئەو مامۆستایانەی کە قوتابی نین بریتین لە ئاوەزە مەزنەکان، یاخود........ مەزنترین ئاوەزەکان.
دواجار تا دەگاتە ئەو شوێنەی کە شتراوس دەڵێت: "ئەو ئاوەزانەن کە ئێمە لە پۆلەکاندا نایانبینین. ئێمە ئەوان لە ھیچ شوێنێک نابینین. ئەوە شانسێکی گەورەیە کە ئێمە بەدیداری یەک دانەیان شاد بین. بۆ ھەموو ئامانجە پراکتیکییەکان، قوتابییەکان لە کایە جیاوازەکاندا دەستڕەسیان دەبێت بەمامۆستاکان کە خۆیان قوتابی نین، واتا ئاوەزە مەزنەکان تەنیا لە کتێبە مەزنەکاندا ھەن. پەروەردەی لیبڕاڵ ئەوسا پێک دێت لە لێکۆڵینەوەیەکی وردی کتێبە مەزنەکان کە ئاوەزە گەورەکان بۆیان بەجێ ھێشتووین.
Leo Strass Liberalism: Ancient and Modern ١٩٦٨ p٣
کەواتە لە پاڵ بەرھەمھێنانی ئایدیا و خستنە ڕووی شیکردنەوەی ھزری و نومایشکردنی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی ژۆڕناڵێکی ھزری ئەم ئەرکە مەزنە پەروەردەیییە بەئەنجام دەگەیەنێت، ئەوسا دەبێتە پڕۆژە نەک ئەوەی کە ھەرکەسە تێدا "ڕا"ی خۆی بخاتە ڕوو، ئێمە دەمانەوێت مەملەکەتی "ڕا" بەجێ بھێڵین بەرەو مەملەکەتی مەعریفە و ھزر ئەمەش بەم جۆرە خوێندنەوەیە دەکرێت. خوێندنەوەیەکی وردی کتێبە گرنگەکان.
+ گوتنەوەی ئایدیا گرنگەکان، یاخود خستنە ڕووی ئایدیا گرنگەکان.
لیۆ شتراوس وەک مامۆستایەک ڕێنوماییمان دەکات کە بەھۆشیارییەوە بەرانبەر شتە مەزنەکان، ئایدیا مەزنەکان بەدیقەتەوە مامەڵە بکەین. چونکی لە دیاریکردنی شتە مەزنەکاندا گەر دیقەت بەخەرج نەدەین، ڕەنگە ھەموو ژیانمان سەرقاڵی شتە پڕوپووچەکان و ئایدیا نەزۆکەکان بین، وەک ئەوەی ئێمە لە کوردستان سەرقاڵی پڕوپووچین.
ئەم پرەنسیپە سوکراتییە لەم بەستێنەدا وەک مرواری وایە “Know thy self” خۆت بناسە.
کاتێک مەعریفە دەبێتە خۆناسین و ژیان ناسین و بوون ناسین دەبێتە داتا و زانیاری ویستی ڕووداوی بێ ناوەڕۆک و کایەی پووچی بەناو زانستی، ئیدی ئایدیا مەزنەکان مەحف دەبنەوە. ئەرک و وەزیفەی پەروەردەیییە وەک ئاوەز کە ڕێڕەوەکە بگۆڕێت لەو پووچییەی کە لەنێو نووسینی کوردیدایە و ستووننووسەکان و پەخشاننووسەکان و شاعیرەکان لێی بەرپرسیارن بەرەو گوتنەوەی شتە گرنگەکان سەرنجدان لە کێشە و ئایدیا و چەمک و بیرۆکە و مەسەلە ژیاری و مەعریفییەکان ھەر ئەوەش ڕەھەندی قووڵی پەروەردەیە، پەروەردە بریتییە لە ڕزگارکردنی عەقڵ لە شتە بێ مانا و پڕوپووچ و سادەلەوحییەکان و بردنی بەرەو کرۆکی کێشە و گیروگرفتە گەورەکان.
+ مەشقکردن لەسەر ژیان بۆ شتە باڵاکان، ئایدیا باڵاکان:
کێ سوکراتی لە بیرە؟ سوکراتی دیالۆگی عوزر خواھی، یەکەمین قوربانی فەلسەفە بەدەست حەشامات، جەماوەر، زۆرینە، خەڵک، کۆمەڵە خەڵکێک کە دژی بیرکردنەوەیە؟
ژیانی سوکرات خۆی مۆدێلێکە بۆ لاوان و بەتایبەت ئەو گەنجانەی کە جیاواز بیر دەکەنەوە و لە حەشامات یا گاڕان جیا بوونەتەوە و گەرەکیانە وەک سوکرات بڵێن "ژیانێک تاقی نەکرابێتەوە ئەو ژیانە شایانی ژین نییە". لە یادمان بێت ئەرستۆ نیگەرانیی گەورەی ئەوە بوو کە تراژیدیای سوکرات جارێکی دیکە دووبارە نەبێتەوە، بەڵام لە ترادسیۆن و لە جڤاتی ئێمەدا سەدان جار دووپات بووەوە بەڵام بێ ئەوەی ببێتە سەرمەشقی ئەوانەی کە خوازیارن بیر بکەنەوە.
لیۆ شتراوس لە کتێبە ھەرە گرنگەکەیدا
Persecution and the Art. F. Writing. (New York, ١٩٥٢)
باس لە مەسەلەیەکی گرنگ دەکات ئەویش ئەوەی کە یەکێک لە ھۆکانی مەرگی سوکرات ئەوەیە کە سوکرات فەیلەسوفە لاوەکانی ھان داوە بۆ بیرکردنەوە، بەقەولی عوزر خواھی "لاوەکانی بەلاڕێدا بردووە و گەندەڵی کردوون" لەم ڕەوتەدا واتا وای کردووە کە دژ بەترادسیۆن بوەستنەوە، بیر بکەنەوە، ڕەخنەیییانە بیر بکەنەوە ئەوی ڕاستی بێت سوکرات لاوەکان فێری بیرکردنەوەی کردوون، فێری کردوون کە "ژیانێک تاقی نەکرابێتەوە ئەو ژیانە شایانی ژین نییە".
ئەمەش بەریەککەوتنی سیاسەت و فەلسەفەیە، سیاسەت موداراکردنی ژیانی سیاسیی جڤاتە، فەلسەفەش موداراکردنی ژیانی عەقڵی و ڕۆحی تاکەکانە، لە دواجاردا ئەم دووانە بەریەک دەکەون، لێرەوە فەلسەفە مەترسیی بۆ سەر ژیانی سیاسەت و ژیانی سیاسیی جڤات دروست دەکات، فەیلەسوفەکان ڕاوەدوو دەنرێن، بیرکردنەوە یاساغ دەکرێت.
دیاریکردنی ئەم درامایە، خۆی جەوھەری پایدیایە، پەروەردەیە، ژۆڕناڵێکی فیکری - ھزری شوێن نومایشکردنی ئەم درامایەیە.
+ کرۆکی نالەباریی ئایدیۆلۆژیا:
ئەرکی پەروەردەیییانەی ژۆڕناڵێکی ھزری - مەعریفییە کە پەنجە بخاتە سەر کرۆکی نالەباری و ناتەندروستیبوونی گشت ئایدیۆلۆژیاکان. لە ڕێبەری ئاوەز بۆ توێژینەوەی فیکری ھاتووە کە:
"ئاوەز نابێتە زەمینەیەک بۆ ھیچ دۆکترینێکی ئایینی و ئایدیۆلۆژی...." واتە ئێمە تەشویقی نە ئایدیۆلۆژیا دەکەین، نە ئایین، نە دۆکترینی سیاسی، ئێمە برەو بەبیرکردنەوەی ڕەخنەیی دەدەین کە کرۆکی فەلسەفە و زانستە، کە پڕۆژەی پەروەردەیییە.
+ گومانگەرایی
ئەستەمبوونی باوەڕھێنان یا نەھێنانی ھەمەکێشەیەکی ئیستمۆلۆژی و ھەم ئاکارییە. ژۆڕناڵێک ناتوانێت ئەم کێشە مەعریفییە - ئەخڵاقییە - ئۆنتۆلۆژییە یەکسەر و بە یەک گورز یەکلایی بکاتەوە، بەڵکو کاری ئەو بریتییە لە دروستکردنی زەمینەیەک بۆ گومان و بیرکردنەوە و شیکردنەوە و خستنە ڕووی بەڵگە و سەلماندنەکان نەک باوەڕھێنانەکان. لێرەوە گومانگەرایی کە کرۆک یا جەوھەری فەلسەفەیە ڕۆڵێکی ئێجگار گرنگ دەبینێت ھەم لەناو کایەی فەلسەفە و ھەم لەناو کایەی فەلسەفەی زانستدا.
بێ ھەبوونی گومانگەرایی ھیچ پڕۆژەیەکی مەعریفی سەر ڕێگا ناخرێت، ھەر بۆیەشە دامودەزگا ئایینییەکان بە بەردەوامی برەو بە یەقینێکی ساختەی تاقینەکراوە دەدەن دژی فەلسەفە و گومانگەرایین، ئێستای کۆمەڵگای کوردی ئێستایەکی یەقینێکی درۆزنن پڕ لە گومان بەڵام چواردەورگیراو بەپاسەوانی ئیرھابی گەورە گەورە نەکا کورد بیر بکاتەوە. لێرەدا فەلسەفە ڕۆڵە سەرەکییەکە دەبینێت ئەویش شەقکردنی ئەو یەقینە درۆزنە ساختە پڕ لە وەھم و گەمژەیەتییە ئایینییەیە کە ئەمڕۆ حیزبی سیاسیی کوردی پاسەوانی ئەو یەقینە ساختە و بێ مانایەیە.
ژۆڕناڵێکی وەک ئاوەز تەنیا دەتوانێ ئەو گۆمە بشڵەقێنێ و ئەو یەقینە ساختەیە وردوخاش بکات کە بەو ھیوایەی ئەو کارە بکات.
٢٦/١٢/٢٠٢٤
سۆران
Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved