13/01/2025
وتەیەک بەبۆنەی ناساندنی ژمارە (٢)ی ئاوەز

بەم بۆنەیەوە ڕێگەم بدەن سەرەتا بەشێوەیەکی گشتی ئاماژەیەک بەئەمڕۆی ھەلومەرجی نووسینی کوردی بدەم، کە بەدەست کۆمەڵێک ئاریشە و کێشەوە دەناڵێنێت، لە سەروو ھەموویانەوە ئالوودەبوونی نووسینی کوردی بەدەست شیعرگەرایییەوە، بەمانای ھەژموونی زمانی شیعر بەسەر کۆی نووسینی کوردی و کایە فیکرییەکانی کە لە نووسینی کوردیدا مەبەستیانە تەعبیر لە خۆیان بکەن، بەمانایەکی دیکە غیابی چەمک و شیکردنەوە و ئەرگۆمێنتسازی تەنانەت لە بەناو نووسینە "فیکری" یا "تیۆری"یەکاندا. شیعر وەک ھونەرێکی گەورە، تاجەکەی خەیاڵ، لە جوگرافیای زمان و لە جوگرافیای داھێناندا شوێنی تایبەتی خۆی ھەیە، بەڵام کاتێک وەک ژانرێک گشت کایە و بوارەکانی دیکە داگیر دەکات بەرئەنجامی ترسناکی لێ دەکەوێتەوە لەسەر ئاستی ژیاری، ھەر بۆیەشە ڕەخنەگرتن لە شیعر سەرەتای ھەر پرۆسەیەکی فەلسەفاندنە، سەرەتای سەرڕێگا خستنی بیرکردنەوەی زانستییە. سەرەتاکانی فەلسەفەش ئاوھا دەستی پێ کردووە، ئاوەزگەرایی ناچەسپێ مەگەر دوای ئەوەی کە ڕەخنە لە شیعرگەرایی دەگیرێت و شیعر دەخرێتەوە شوێنە گونجاوەکەی خۆی لەو جوگرافیایەدا.

نووسینی کوردی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا بەدەست بیمارییەکی دیکەشەوە دەناڵێنێ ئەویش بریتییە لە "سادەیی" یا "سادە لەوحی یا ساویلکەیی"، واتا نووسینێک کە زۆر زۆر ڕاشکاو و سادەیە، ھیچ ھێما و ئاماژەی بیرکردنەوەی ڕەسەن لەخۆ ناگرێ، زۆرتر لە پەخشانێکی سادەی بێ پەیوەست و بێ پەیوەندی لە نێوان دێرەکان و وشەکان و بەناو "خستنەڕووەکان"دا، ئەمە جگە لەو ھەموو ناکۆکی و دژ بەیەکەی کە نووسینێکی دیاریکراو لەتەک خۆیدا ھەڵی دەگرێ، ناکۆکیگەلێک کە لە دێری یەکەمەوە خۆی بەیان دەکات تا دوا دێری نووسینەکە یا بگرە کتێبەکە، بەشێوەیەک دێری دووەم ناکۆکە لەتەک دێری یەکەم، دێری سێھەم لەتەک ھەردوو دێرەکەی پێشوو، لێرەدا نووسینەکە دەبێتە جەستەی حوکمدانە بێ سەروشوێن و بێ شیکردنەوە و بێ سەلماندنەکان، لە ھەمووی کارەساتتر ناتوانی بەنووسەرەکە یا پەخشاننووسەکە ڕاستترە بڵێی "دەتەوێت چی بڵێیت؟" چونکی یەکسەر "جنێوبارانت دەکات...."، یا بەدەروێشەکانی دەڵێت، ئاخر ھەر ئایکۆنە و خۆی بۆتە شێخێک و تەریقەتی خۆی ھەیە، تەکیەی خۆی ھەیە، سوپایەک لە دەروێشی ھەیە، دەروێشەکان چەقۆوەشێنەکانی جەنابی شێخن!!.

شێخ نووسەر یا شێخ شاعیر یا شێخ ڕۆماننووس سەر دەلەقێنێ و دەروێشەکان چەقۆ دەوەشێنن، ئا ئەمەیە ھەلومەرجی ئەمڕۆی نووسینی کوردی، بەلانی کەمەوە لە باشوور!.

کارەساتێکی دیکە بریتییە لە بێ ئایدیایی، واتا نووسینێک دەخوێنیتەوە ھیچ ئایدیایەکی تێدا نییە، ڕەسانەیەتیی تێدا نییە، بەناو نووسەرەکەی کە ڕاستترە بڵێین "ئەو کەسەی کە ھەستاوە بە ڕیسایکڵکردنی ئایدیا و بۆچوونی ئەوانی دیکە" ھیچ ئایدیایەکی خۆی یا ھی خۆی ناخاتە ڕوو، کۆی بەناو نووسینەکە "جوینەوەیەکی بێ کەڵکی ئایدیا و بۆچوونەکانی ئەوانی دیکەیە کە پێشتر لە نێوەندەکانی دیکەدا خراونەتە ڕوو، بەڵام کاکی کارمەندی پرۆسەی ڕیسایکڵکردن واتا "نووسەر" فێڵی لە خۆ و لە ھەموو خوێنەران کردووە، ئەمە ئەو بیمارییە دیارەی ناو نووسین و ڕۆشنبیری کوردییە بەتەواوی! نووسینێک دەخوێنیتەوە بەھۆی ئەوەی خاوەنەکەی ئایدیایەکی کۆنکریتی نییە بیخاتە ڕوو دەست دەکاتە درێژدادڕی، پەخشانێکی بێ کەڵک لەسەر ڕێگا دەخات، بێ ئەوەی ھیچ مانایەک دروست بکات، کەچی ناوی "کاری تیۆری" چۆن تیۆری؟ بەر بنەمای کام ستاندارد؟ کام شیکردنەوەی لۆژیکی؟ دواجار دەردەکەوێت کە "خوێنەر" تاواتبارە و لە "بلیمەتی" بەناو نووسەرەکە تێناگات، چونکی درێژدادڕی لای ئەم جۆرێکە لە بیرکردنەوەی ڕەسەن، ھەرچەندە جەنابی نووسەر ھیچ مانایەک دروست ناکات و بگرە ھیچ "ناڵێت".

لێرەوە بە بەردەوامی ڕووبەڕووی ئەو نووسینانە دەبنەوە کە بەناو "ئایکۆنە موزەیەفەکانی کوردەوە نووسراون" کە دەیانخوێنیتەوە نازانیت نووسەرەکە یا بەناو نووسەرەکە پەیامەکەی چییە و دەیەوێت چی بڵێت؟ لەبەر ئەم ھۆیانەی خوارەوە:

١-         غیابی لۆژیک: لۆژیک بەسادەیی بریتییە لە ئامرازی بیرکردنەوە، لۆژیک کەرەستەکانی بیرکردنەوەی ئاوەزگەری فەراھەم دەکات، شێوازی سازکردنی ئەرگۆمێنت و دژە ئەرگۆمێنت و گەیشتنی بەئەنجامگیری. وێڕای ئەم ئەرکانەش کارێکی دیکەی لۆژیک بریتییە لە بەخشینی مانا و ڕێکخستن و ھەماھەنگی بەنووسینێکی دیاریکراو، غیابی لۆژیک واتا بزربوونی ھەموو ئەو ئەرک و پرەنسیپە پێویستییانەی لەم پەرەگرافەدا ئاماژەمان پێ دا، بەمانایەکی دیکە ئیدی بیرکردنەوەیەک لە ئارادا نییە. بۆ نموونە لەم ماوەیەدا کتێبێک لەسەر ئیسلام ھاتۆتە دەرەوە لە بەرگەوە بۆ بەرگ یەک ئەرگۆمێنتی تێدا نییە، سەلماندن و بەڵگەھێنانەوە و ئەنجامگیریی تێدا نییە، لەجیاتیی ئەمە لێوانلێوە لە حوکمدان و پێش داوەری بەھەر چوار لادا پەخشکردنەوەی جەغدکردنەوەکان بێ ئەوەی یەک دانە شت بسەلمێنێ یا بەڵگەیەک بخاتە ڕوو بۆ حوکمدانەکانی لە بەرگەوە بۆ بەرگ پەخشانێکی دوورودرێژە کە لە ھیچ قوتابخانەیەکی ئەم جیھانە لە قۆناغەکانی سەرەتایی خوێندنیشدا قبوڵ ناکرێت، بەڵام لە نێوەندی ڕۆشنبیریی کوردیدا بەئاسانی وەک "بیرکردنەوە" ھەژمار دەکرێت.

غیابی لۆژیک سەر لە غیابی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و بیرکردنەوەی زانستییەوە دەردەھێنێت. دیارە شتێکی ئەوتۆ لەسەر زانست و بیرکردنەوەی زانستی لە نێوەندەکەدا نەگوتراوە و ناگوترێ بەڵام بە بەردەوامی گوێمان لە ڕەخنە "نقد" و ڕەخنەیییانە بیرکردنەوە دەبێت بێ ئەوەی ھیچ پەیوەندییەکی بەبیرکردنەوەی ڕەخنەیییەوە ھەبێت. بیرکردنەوەی ڕەخنەیی واتا لۆژیک، یاخود لۆژیک ناوەکەی دیکەیەتی کەچی ڕەخنە لە نووسینی کوردیدا واتا سەروپۆتەڵاک کوتینەوە، ڕەخنە لای ڕۆشنبیرانی کورد درێژکراوەی پرتە و بۆڵە و پەخشکردنەوەی ڕق و کینە و تۆڵەسەندنەوەی کۆمەڵایەتییە.

بۆ ڕاستکردنەوەی ئەم ھەلومەرجە و لە خزمەت زمانی کوردی و بیرکردنەوەی ڕەخنەیی پێویستمان بەچەندین ژۆڕناڵی ھزری و زانستی و ڕەخنەیی ھەیە، ئاوەز لێرەدا و لەم ھەلومەرجەدا وەک پێویستییەکی فیکری و ژیاری ھاتۆتە ئاراوە. ئاوەز گۆڤار نییە بەڵکو ژۆڕناڵێکی ھزری - مەعریفیی ڕەخنەیییە، کۆی ژیانی جڤاتیانەی کورد دەکاتە بابەتی بیرکردنەوە و باس و لێکۆڵینەوە. چ لە بەشی باس و لێکۆڵینەوەدا و چ لە تەوەرەی ژمارە کە ھەر جارەی تایبەت دەبێت بەکێشەیەک یا بابەتێکی فەلسەفی یا کایە یا چەمکێک یا کێشەیەکی فیکری. بەھەمان شێوە لە بەشی خوێندنەوەی کتێبدا خوێندنەوە بۆ ئەو کتێبانە دەکەین کە کۆمەکی خوێنەری کورد دەکەن تاکو ئاسۆی بیرکردنەوەی بەرفراوانتر بکات.

کاری ئێمە بەرھەمھێنانی ئایدیایە، زەمینە سازکردنە بۆ نووسەران و توێژەرانی کورد تاکو توێژینەوەکانیان لەم ژۆڕناڵەدا بڵاو بکەنەوە. بۆ ئەم مەبەستە لەم ژمارەیەدا ڕێبەرێکی زانستی، میتۆدی ھزریمان لەمەڕ شێوازی توێژینەوە بڵاو کردۆتەوە کە تێدا داوامان لە توێژەرەکان کردووە و دەیکەین کە پەیڕەوی لێ بکەن لە پێناو بابەتی زانستی کە لە دواجاردا دەبێتە مایەی دەوڵەمەندکردنی زمانی کوردی. مەبەستیشمانە لەم ڕێگەیەوە ڕێگری بکەین لە دیاردەی دزینی ئایدیای ئەوانی دیکە، نووسینی کوردی لێوانلێوە لەو دزییانە.

تا ئێستا کارنامەی ھەشت ژمارەی ژۆڕناڵەکەمان داڕشتووە، لێرەدا تەنیا نیگەرانییەکمان ھەبێت بریتییە لە بەردەوامیدان بەپڕۆژەکە. ئەزموونێکی دەوڵەمەندی ئێمە لە ڕابردوودا بریتی بوو لە خانەی حیکمەت کە لە ساڵی ٢٠٠٩دا کار و بەرنامەی ١٥ ساڵمان داڕشت لە کۆرسی فەلسەفی و سیمینار و کۆنفرانس و مێزگەرد و وەرگێڕانی دەقی فەلسەفی و.... ھتد، کە تا ئێستا لە ئەرشیفدا کۆنووسی ئەو ئەجیندایانەمان ماوە، بەڵام لەولاوە کەسێک ھات (٢٠١٠) کە بەخۆی دەگوت لیبراڵ، کە بێ گومان بەفرسەخ لە لیبراڵبوونەوە دوورە، ھات و سەرچاوە دارایییەکەی سەنتەرەکەی بڕی وەک سزایەک بۆ ھەڵوێستە فیکری و سیاسییەکەی ئێمە. کەواتە لێرەوە لەم وڵاتە دەتوانێت ئایدیات ھەبێت بەڵام کە پشتگیری نەکرێت، کە ئازادیت نەبوو، ئازادیی بیرکردنەوە و بەحسکردن و لێکۆڵینەوە ئیدی تۆ ناتوانیت ئایدیا و فیکر بەرھەم بھێنیت. لەم وڵاتە پارەی خەیاڵی بۆ بەناو سەنتەری لێکۆڵینەوە تەرخان دەکرێت بەڵام بێ ئەوەی بەحسێک، کتێبێک، توێژینەوەیەک بەرھەم بھێنێ، ئایدیایەک دابھێنن، کێشەیەکی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی چارەسەر بکەن. سەنتەر ھەیە ساڵی سێ ملیۆن دۆلار و شەش سەد و پەنجا ھەزار دۆلار، واتا ڕۆژی ١٠ ھەزار دۆلار بودجەکەیەتی لە ماوەی ١٤ ساڵی ڕابردوودا توێژینەوەیەکی بەرھەم نەھێناوە، تەنیا ساڵانە کۆمەڵێک سیاسیی نەخوێنەواری عێراقی کۆ دەکاتەوە ئەوانەش قاچ دەخەنە سەر قاچ و تووڕەھاتەکانیان ڕیز دەکەن. ئێمە لێرە وەک بەشێک لە کوردستان کڕۆنیکڵ کار دەکەین و تا ئێستا پشتگیرییەکی تەواومان ھەیە. سوپاس بۆ ھەموو ئەو بەڕێزانە لە ساڵی نوێدا کار و چاڵاکییەکانمان بەرفراوانتر دەکەین بەگوتنەوەی  کۆرسی فەلسەفی بۆ کار و بەرنامەکانمان زیاد دەکەین، بۆ ئەم مەبەستە زنجیرەیەک کۆرس لەسەر مێژووی فەلسەفە دەڵێینەوە.

 

٢٤/١٢/٢٠٢٤

ھەولێر

ئاوەز ژۆرناڵ بڵاوكراوەیەكی گشتییە بە زمانی كوردی دەردەچێت، بنکەکەی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقە. ئارەزووی ڕووماڵکردنی سیاسی، ئابووری، ڕۆشنبیری، مێژوو و بابەت و ڕووداوەکانی دیکەی هەیە، دامەزراوەی كوردستان كرۆنیكڵ دەریدەكات .
+964(0) 750 928 83 85

Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved


X