شارڵ لوی دی سیكواندا، ناسراو به مۆنتسكیۆ یه‌كێکە له عه‌قڵه گه‌وره‌كانی چاخی ڕۆشنگه‌ری و تیۆرسێنی شۆڕشی فەرەنسا و خاوه‌نی بیرۆكه‌ی جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان (مبدأ فصل السلطات). تێڕوانینه‌كانی ئه‌و نەک ته‌نیا كاریگه‌ریی له‌سه‌ر شۆڕشی فه‌ره‌نسی و فیكری سیاسی ئه‌ورووپا هه‌بوو، به‌ڵكوو باوكانی دامه‌زرێنه‌ری ئه‌مه‌ریكا به‌قووڵی له‌ژێر كاریگه‌ريی ئایدیاكانی مۆنتسكیۆدا بوون. کتێبی "تێڕامانه‌كان له مێژووی ڕۆمانه‌كان" (تأملات في تاريخ الرومان) كه ساڵی 1734 نووسراوه و بیرمه‌ندی گه‌وره‌ی جه‌زائیری عه‌بدوڵڵا عه‌ره‌وی بۆ زمانی عه‌ره‌بی وه‌ریگێڕاوه، باس له هۆكاره‌كانی سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شه‌سه‌ندن و به‌هێزبوونی ده‌وڵه‌تی ڕۆمانی و پاشان ڕووخانی ده‌كات. وانه‌یه‌ک مۆنتسكیۆ ده‌یه‌وێت له ئه‌زموونی ڕۆماوه بیدات به هه‌ر میلله‌ت و ده‌وڵه‌تێک، سروشتی ئه‌و داینامیكییه‌ت و كۆنتێكسته مێژوویی و كولتوورییه‌یه كه له‌پشت گه‌شه‌سه‌ندن و دواتر له‌ناوبردنی ده‌وڵه‌ته‌وه‌یه. كاتێك ده‌وڵه‌تێک ده‌گات به ترۆپكی شكۆمه‌ندی كه‌چی هه‌رئه‌و شكۆمه‌ندییه توخمه‌كانی داڕووخان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی له خودی خۆیدا هه‌ڵگرتووه.
مۆنتسكیۆ به نووسینی لەباره‌ی ڕۆمانه‌كان بناغه‌یه‌ک داده‌نێت بۆ پڕۆژه مه‌زنه‌كه‌ی كه كتێبی ڕۆحی یاساكانه. ئه‌وه‌ی ئه‌و لێره‌دا باسی ده‌كات له ڕۆحی یاساكاندا وێنایه‌كی فرەوانتر ده‌خاته ڕوو. به باوه‌ڕی مۆنتسكیۆ هۆكاره‌كانی ڕووخانی ده‌وڵه‌تی ڕۆمانی هه‌مان ئه‌و فاكته‌رانه‌ن كه بوون به هۆی گه‌شه‌سه‌ندن و به‌هێزبوونی و ڕیشه‌كه‌ی له په‌روه‌رده، كولتوور، یاسادانان، سیاسه‌ت، شێوازی ژیان و...هتددایە. ئه‌و توخمانه‌ی سه‌رچاوه‌ی گه‌شه‌سه‌ندن و به‌هێزی ده‌وڵه‌تن به تێپه‌ڕینی كات ده‌گۆڕێن بۆ به‌ربه‌ست و گرفت له به‌رده‌م هێزی ده‌وڵه‌ت مه‌گه‌ر ته‌نیا له‌حاڵێكدا پێچه‌وانه بێته‌وه كه بتوانن خۆیان له‌گه‌ڵ كاتدا بگونجێنن و ببن به به‌شێک له ئه‌دگاری ئه‌و دۆخه نوێیه‌ی دروست ده‌بێت، به‌ڵام وه‌ک بنه‌ما هه‌میشه ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی له سه‌ره‌تادا ده‌بن به خاڵی به‌هێزی ده‌وڵه‌ت له داهاتوودا ده‌گۆڕێن بۆهێزی ڕووخێنه‌ری ده‌وڵه‌ت.
یه‌كێک له مه‌زنییه‌كانی ڕۆما به باوه‌ڕی مۆنتسكیۆ، ئه‌ندازیاریی نه‌خشه‌سازییه (هندسة المعماري)، تاكوو سه‌رده‌می ئه‌مڕۆش ڕه‌ونه‌قی ئه‌و شكۆمه‌ندییه به‌رجه‌سته ده‌كاته‌وه كه له سه‌رده‌می پاشا‌كان و بونیادنانی شاری ئه‌به‌دی (شاری ڕۆما) ده‌ستی پێ كرد. به بۆچوونی مۆنتسكیۆ، جه‌برییه‌تێک له مێژوودا هه‌یه كه كۆتاییه‌كی تراژیدی بۆ ئه‌م مه‌زنییەتییە ده‌نووسێته‌وه. بۆیه كۆماری ڕۆما ئه‌گه‌ر بەهۆی جولیۆس سیزه‌ریش نه‌ڕووخایه ئه‌وا به‌هۆی فه‌رمانڕه‌وایه‌كی هاوشێوه‌ی سیزه‌ر هه‌ر هه‌مان چاره‌نووسی ده‌بوو. ئه‌و باوه‌ڕی به حه‌تمیه‌تێكه كه ئاراسته‌ی مێژوو دیاری ده‌كات و خالی كۆتایی داده‌نێت، وه‌ک له باسی تێكشكانی سوپاكه‌ی هانیباڵدا ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر له كۆشكه‌كانی شاری كابۆش نه‌بووایه، له كۆشكی شارێكی دیكه لە‌ناو ده‌چوو. چاره‌نووس هیزێكی ڕۆحی و ناوه‌كی ئاراسته‌ی ناكات هه‌روه‌ک چۆن هیچ دیوێكی میتافیزیكیشی نییه، به‌ڵكوو پێكهاته‌یه‌كی ئاڵۆزه و خودی خۆی بزوێنه‌ری سه‌ره‌كیی مێژووه."
مۆنتسكیۆ پێی وایه زیاده‌ڕه‌ویكردن له فرەوانخوازی هه‌میشه مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه له‌سه‌ر توانایی و چاره‌نووسی ده‌وڵه‌ت. كۆماری ڕۆما له فرەوانبوونی به‌رده‌وامدا بوو؛ دوای بوون به ئیمپراتۆریه‌تیش خاسییه‌ته گرنگه‌كانی كۆماری له‌ده‌ست دا و نه‌یتوانی پارێزگاری له سیسته‌می كۆماری بكات. به هه‌مان شێوه، توانایی پاراستنی ئیمپراتۆریه‌ته‌كه‌یشی نه‌بوو، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌میشه خاوه‌ن پاشای كارامه و لێهاتوو بوو.
چاكه‌ی گشتی (Common Good) وه‌ک پڕه‌نسیپ به بڕوای مۆنتسكیۆ سه‌رچاوه‌ی هێز و یه‌كانگیریی ده‌وڵه‌ته، به‌ڵام كاتێک وه‌لا ده‌نرێت ئه‌وا زیاتر له مه‌ترسیی فه‌رمانڕه‌وایه‌تیكردنی سته‌مكارێک گورز له ده‌وڵه‌ت ده‌دات. بێباكبوون له بەرانبەر به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی دۆخێک ده‌هێنێته ئاراوه كه خۆدزینه‌وه له یاسا ده‌بێت به نه‌ریت. ئه‌مه‌ش مه‌ترسیدارتره له یاسایه‌ک كه به ئاره‌زووی سته‌مكارێک نووسرابێته‌وه.
مۆنتسكیۆ مه‌به‌ستیه‌تی فه‌ره‌نسییه‌كانیش ئاگاداری ئه‌زموونی ڕۆمانه‌كان بن كاتێک له‌وپه‌ڕی مه‌زنی و شكۆمه‌ندیدا بوون، بەڵام دووچاری پووكانه‌وه و له‌ناچوون بوون. لێره‌وه هه‌مان ئه‌و هۆكاره زاتی و بابه‌تییانه‌ی ڕۆمای به‌و چاره‌نووسه گه‌یاند بۆ فه‌ره‌نسییه‌كان و گه‌لانی دیكه‌ش حه‌قیقه‌تن و شایانی ڕوودانن. ئه‌و له كتێبی نامه فارسییه‌كاندا به گێڕانه‌وه‌ی حیكایه‌تی سته‌مكاریی ڕۆژهه‌ڵاتی (استبداد الشرقي) به ناڕاسته‌خۆ ئه‌ورووپییه‌كان له مه‌ترسیی سته‌مكاری و فه‌رمانڕه‌وایی سته‌مكاره‌كان ئاگادار ده‌كاته‌وه.
كتێبی تێرامان له مێژووی ڕۆمانه‌كان ته‌نیا گێڕانه‌وه‌ی مێژوو نییه، به‌ڵكوو تێڕامانه له جووڵه‌ی مێژوو و ئه‌زموونی سه‌ركه‌وتن و شكستی ئیمپراتۆرییه‌تێک كه ڕۆژانێک مۆدێلی سیاسی بوو بۆ هه‌موو دونیا. ئه‌وه‌ی ئه‌م كتێبه پێمان ده‌ڵێت وانه‌یه‌كه بۆ هه‌موو سه‌رده‌مێک كه جه‌بری مێژوو حه‌قیقه‌ته و كۆتایی هه‌موو جووڵه‌كان دیاری ده‌كات. هه‌ر ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه‌یه‌ک چه‌ند به‌هێز بێت مه‌حكوومه به شكست و له‌ناوچوون.
جه‌نگ وه‌ک بنه‌مای دامه‌زراندن و به‌هێزبوونی ده‌وڵه‌ت
ڕۆمانه‌كان له سه‌ره‌تای بونیادنانی ده‌وڵه‌ته‌كه‌یان چاویان له ده‌ستی جه‌نگاوه‌ران بوو، تا ده‌سكه‌وته‌كانی جه‌نگیان وه‌ک سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگی داهات بۆ فه‌راهه‌م بكه‌ن. چونكه ئه‌وه‌ی ئه‌وان تێیدا باڵاده‌ست و كارامه بوون بریتی بوو له هونه‌ری جه‌نگ. بەهۆی ئه‌و هه‌موو جه‌نگه زۆره‌ی به‌رپایان ده‌كرد ئه‌زموونێكی زۆریان په‌یدا كردبوو. له لایه‌كی دیكه‌وه، ڕۆما له‌ڕووی دابینكردنی سامانه‌وه هەژار بوو. وه‌ک مۆنتسكیۆ ده‌ڵێت: "ڕۆما خاوه‌ن هیچ بازرگانی و پیشه‌سازییه‌ک نه‌بوو، جه‌نگ ته‌نیا ئامراز بوو بۆ به‌ده‌ستهێنانی سه‌روه‌ت و سامان." بۆ دابه‌شكردنی ده‌ستكه‌وته‌كانی جه‌نگ یاسای زۆر توندیان دانا به ئامانجی هێنانه‌دی جۆرێک له داپه‌روه‌ری و پاراستن و به‌هێزكردنی ئینتیمای جه‌نگاوه‌ران و هاووڵاتییانی ڕۆما. بنه‌مای یه‌كسانیان په‌یڕه‌و ده‌كرد له خاوه‌ندارییەتی زه‌ویدا كه بوو به هۆی ئه‌وه‌ی ڕۆما له دۆخی هه‌ژاری و نایه‌كسانییه‌وه به‌ره‌و ده‌وڵه‌تێكی به‌هێز و گه‌شه‌سه‌ندوو هه‌نگاو بنێت.
له تێڕوانینی ڕۆمانه‌كاندا ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ی ئه‌مڕۆ دوژمنته، ده‌كرێت له داهاتوودا ببێت به دۆست و هاوپه‌یمان. بۆیه ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌وان گرنگ بوو دانپێدانانی نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌ست بوو به شكست و قەبووڵكردنی ڕۆما وه‌ک سه‌روه‌ری خۆی. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه، زۆرێک له گه‌لان و ده‌وڵه‌تانی دونیایان كرد به به‌شێک له قه‌له‌مڕه‌وە‌كه‌ی خۆیان. ئه‌وان هه‌رگیز خواستی سه‌پاندنی ئاداب و كولتووری خۆیان نه‌بوو به‌سه‌ر نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌كاندا، له‌مباره‌یه‌وه مۆنتسكیۆ ده‌ڵێت: "گه‌مژه‌یی داگیركه‌ران ئه‌وه‌یه كه نه‌ته‌وه دۆڕاوه‌كان ناچار به په‌یڕه‌ویكردن له نه‌ریت و شێوازی ژیانی داگیركه‌ران بكه‌ن كه هیچ سوودێكی تێدا نییه، به‌ڵكوو ئه‌وه‌ی گرنگه پره‌نسیپی ملكه‌چبوونه. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه، ڕۆمانه‌كان شێوازی ژیان و ڕێكخستی خۆیان به سه‌ر گه‌لانی دیكه‌دا نه‌ده‌سه‌پاند، به‌ڵكوو خاڵی هاوبه‌شیان ملكه‌چبوون بوو بۆ ڕۆما."
په‌یڕه‌ویكردن له‌ماكیاڤیللی، به‌ڵام پێش له‌دایكبوونی ماكیاڤیللی
به وردبوونه‌وه له‌و سیاسه‌ته‌ی ڕۆمانه‌كان له داگیركردن و به كۆیله‌كردنی گه‌لانی دیكه په‌یڕه‌ویان ده‌كرد، ڕێنماییه‌كانی ماكیاڤیللیمان ده‌هێنێته‌وه یاد كاتێک له كتێبی "میر" باس له شێوازی به‌كۆیله‌كردن و ته‌فرتوناكردنی دوژمن ده‌كات. ئەو پێی وایه بۆ به‌چۆكدادانی گه‌لێكی سه‌ربه‌خۆ پێویسته به‌شێوه‌یه‌ک گورزی لێ بدرێت كه هیچ توخمێكی ئازادی و خواستی سه‌ربه‌خۆیی له مێنتاڵه‌تییدا نه‌مێنێته‌وه. له جه‌نگ دژ به گه‌لانی دیكه، ڕۆمانه‌كان زیانێكی ئه‌وتۆیان پێ ده‌گه‌یاندن له ده‌ره‌وه‌ی پێشبینیكردن بوو. جگه له‌مه له زۆرێک له ڕه‌فتاره‌كانیاندا لۆژیكی ماكیاڤیللی ده‌بینینه‌وه.
له مامه‌ڵه‌كردنیان له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیكه‌دا بەردەوام وه‌ک سه‌روه‌ر و فه‌رمانڕه‌وای ڕه‌ها وێنای خۆیان ده‌كرد؛ كاتێک نوێنه‌رێكیان ده‌نارد بۆده‌وڵه‌تێكی دیكه ئه‌گه‌ر به‌خراپی ڕه‌فتاریان له‌گه‌ڵ بكردرایه، ئه‌وا ده‌یانكرد به بیانوویه‌ک و جه‌نگیان له دژی ئه‌و ده‌وڵه‌ته هه‌ڵده‌گیرساند. به‌ڵام ڕۆمانه‌كان هه‌میشه خۆیان كات و شوێنی جه‌نگیان هه‌ڵده‌بژارد، زۆر به‌ده‌گمه‌ن كات و شوێنی جه‌نگیان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرا. هه‌رگیز شه‌ڕی دوژمنیكی دووریان نه‌ده‌كرد، ته‌نیا كاتیک ئه‌و دوژمنه به كۆمه‌ڵێک هاوپه‌یمانی ڕۆما ده‌وره درابێت. بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان ته‌نانه‌ت سڵیان له له‌ناوبردنی هاوپه‌یمانه‌كانیشیان نەدەكرده‌وه، وه‌ک نموونه‌ی "ئه‌توه‌لییه‌كان كاتێک له جه‌نگ دژ به دوژمنه‌كانیان به‌كاریان هێنان و پاشان لێیان هه‌ڵگە‌ڕانه‌وه و له‌ناویان بردن".
هیچ كات په‌یمانی ئاشتییان مۆر نه‌ده‌كرد، تاكوو ئاشتی به‌رده‌وام بێت، به‌ڵكوو له ئاشتیدا ته‌نیا ئاگربه‌ستێكی كاتی ئامانجیان بوو تا كاتێكی گونجاو هه‌ڵبژێرن بۆ دووباره سه‌پاندنه‌وه‌ی مه‌رجه‌كانیان به‌سه‌ر لایه‌نی به‌رانبه‌ر و له حاڵه‌تی قەبووڵنه‌كردنی هێرشیان ده‌كردنه‌سه‌ر. واته بەردەوام له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان پابه‌ندی به‌ڵێنه‌كانیان ده‌بوون.
ڕۆمانه‌كان ئه‌گه‌ر بڕیاریان بدایه شارێک ئازاد بێت و له‌سه‌ربه‌ستیدا بژیت، ئه‌وا دانیشتووانه‌كه‌یان بۆ دوو حیزب و تێڕوانینی جیاواز دابه‌ش ده‌كرد، یه‌كه‌میان پاراستنی نه‌ریت و ئازادییه‌كانی شار و كولتووری دێرینی به پێویست ده‌زانی، به‌ڵام دووه‌میان پێی وا بوو هیچ یاسایه‌ک نییه له سه‌رووی ئه‌وه‌ی ڕۆما بڕیاری لێ ده‌دات، وه‌ک مۆنتسكیۆش ده‌ڵیت: "تێڕوانینی دووه‌میان شانسی سه‌ركه‌وتنی له هه‌ر دۆخیكدا زیاتر بوو به‌سه‌ر یه‌كه‌مدا، چونكه ئاشكرایه شاره‌كه ته‌نیا به‌ناو ئازاد ده‌بوو."
له كۆتایی هه‌ر جه‌نگێكدا ڕۆمانه‌كان ده‌سته‌یه‌كی دادوه‌رییان داده‌نا بۆ دادگاییكردنی نه‌ته‌وه شكستخواردووه‌كان، له‌باره‌ی سزادان و پاداشتكردنیان بڕیاریان ده‌دا. زه‌وی شكستخواردووه‌كانیان به هاوپه‌یمانه‌كانی خۆیان ده‌به‌خشی، بۆ دوو مه‌به‌ست؛ "یه‌كه‌م، گه‌ره‌نتیكردنی ملكه‌چبوون و وه‌فای ئه‌و گه‌لانه‌ی ئومێدی زۆرتر و ترسی كه‌میان به‌رانبه‌ر هه‌بوون. دووه‌م، لاوازكردنی ئه‌وانه‌ی ترسی زۆر و هیوایه‌كی كه‌میان پێیان هه‌بوو."
فه‌رامۆشكردنى پره‌نسیپه‌كان، ڕێگه‌یه‌ک به‌ره‌و له‌ناوچوون
هێزی ڕۆمانه‌كان له‌و پڕه‌نسیپانه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبوو كه له‌ڕێگه‌یه‌وه توانییان گه‌لانی سه‌رزه‌وی تێک بشكێنن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی كاتدا سیسته‌می فه‌رمانڕه‌وایه‌تییان گۆڕی و ده‌ستبه‌رداری بنه‌ما دێرین و ئایدیاڵه‌كانی خۆیان بوون. ئه‌مه‌ش بوو به هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره بۆ سه‌ر شكۆمه‌ندی و ده‌سه‌ڵاتیان. سوپا کە ڕه‌مزی شكۆ و جه‌به‌ڕووتی ئیمپراتۆریه‌تی ڕۆمانی بوو، له هه‌مان كاتدا سه‌ربازی ڕۆمانی له تێڕوانینی خه‌ڵكدا ڕێز و شكۆیه‌كی گه‌وره‌ی هه‌بوو. به‌رانبه‌ر ئه‌و خزمه‌ته‌ی پێشكه‌شی ده‌كرد به‌هره‌مه‌ند بوو له ئیمتیازات و پاداشتی گه‌وره، به‌ڵام له‌گه‌ڵ فرەوانبوونی سنووری ئیمپراتۆریه‌تییه‌كه خه‌رجی سه‌ربازی ڕۆمانی بوو به بارگرانییه‌كی گه‌وره به‌سه‌رشانی ده‌وڵه‌ته‌وه و به‌شێكی زۆری داهات بۆ سوپا خه‌رج ده‌كرا. فه‌رمانڕه‌وایانی ڕۆما بیریان له پێكهێنانی سوپایه‌ک كرده‌وه كه بتوانێت به خه‌رجیه‌كی كه‌م ئامانجه‌كانیان بۆ به‌دی بهێنێت، له‌به‌رئه‌وه په‌نایان برده به‌ر نه‌ته‌وه به‌ربه‌رییه‌كان، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی زۆر نامۆ بوون به نه‌ریت و پره‌نسیپی ده‌وله‌تی ڕۆمانی. له به‌رانبه‌ر پاره و خه‌رجییه‌كی كه‌م سوپایه‌كیان له به‌ربه‌رییه مورته‌زه‌قه‌كان پێك هێنا و هه‌ر به‌و سوپایه‌ش به‌رپه‌رچی هێرشی هۆزه به‌ربه‌رییه‌كانی دیكه‌یان ده‌دایه‌وه. ئه‌مه‌ش له به‌ره‌نجامدا بوو به هۆی له‌ناوبردنی دۆكترینی سه‌ربازی (عقيدة العسكرية) سوپای ڕۆمانی كه شكۆ و مه‌زنی ئیمپراتۆریه‌تییه‌كه له پایه مه‌زنه‌كانی بوون.
سه‌رده‌می زێڕینی ڕۆما هاوكات بوو له‌گه‌ڵ مه‌یلی خه‌ڵكه‌كه‌ی بۆ ئازادی و سه‌ربه‌ستی، هه‌روه‌ها دژی سته‌مكاری بوون و هه‌میشه له‌گه‌ڵ هێز و ده‌سه‌ڵاتی زۆری سیناتۆر و فه‌رمانڕه‌واكان ناكۆک بوون. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ڕێزی سیفه‌ته جوانه‌كانیانیان ده‌گرت و پابه‌ندبوون به بنه‌مای یه‌كسانییه‌وه به‌ڵام كاتێک هه‌ر گرووپه و به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی كرد به ئه‌وله‌وییه‌ت و چاكه‌ی كه‌سی پێش چاكه‌ی گشتی خست، چیدیكه ڕۆما به‌و جه‌سته یه‌كانگیره‌ی پێشوی نه‌مایه‌وه و دابه‌ش بوو به‌سه‌ر ئینتیمای جیاواز و به‌رژه‌وه‌ندیی دژبه‌یه‌ک.
له‌گه‌ڵ سه‌ختتربوون و قووڵبوونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كان، باج به جۆرێک زیاد كرا كه فشارێكی زۆری بۆ سه‌ر هاووڵاتییان دروست كرد به شێوه‌یه‌ک له هه‌ندێک هه‌رێمی ڕۆمانی خه‌ڵكی نه‌یانده‌توانی باج بده‌ن. هه‌ندێک جاریش وه‌زیرێک یاخود فه‌رمانڕه‌وای هه‌رێمێک هاتنی به‌ربه‌رییه‌كانی به ده‌رفه‌ت ده‌زانی بۆ زیادكرنی سه‌روه‌ت و سامانی خۆی، به‌بێ دوودڵی و گومان ده‌روازه‌كانی شاری بۆ ده‌خستنه سه‌رپشت له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه شه‌خسییه‌كانی خۆی، به‌و شێوه‌یه مه‌مله‌كه‌ته‌كه‌یان له گه‌نده‌ڵیدا نغرۆ كرد.
یاسا بنه‌مایه‌ک بۆ شكۆمه‌ندی نه‌ک ئیداره‌دانێكی باش
لاوازی یاساكانی ڕۆما له باش ئیداره‌دانی كاروباره‌كانی كۆمار ناگه‌ڕێته‌وه بۆ خودی یاساكان وه‌ک مۆنتسكیۆ ده‌ڵێت: "مایه‌ی سه‌رسوڕمان نییه كه هه‌میشه یاسا باشه‌كان هاوكاری ده‌وڵه‌ته بچووكوكان ده‌كه‌ن، تاكوو گه‌شه بكه‌ن و پێش بكه‌ون، به‌لام كاتێک گرفت و بەر‌به‌سته‌كان فرەوان ده‌بن چیتر یاساكانیش ناتوانن به‌و شێوه‌یه بمێننه‌وه، چونكه له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌و یاسایانه ئامانجیان شكۆمه‌ندی گه‌له نه‌ک ئیداره‌دانێكی باش." به باوه‌ڕی مۆنتسكیۆ ده‌بێت جیاوازی بكرێت له‌نێوان دوو جۆر له یاسا "یاسایه‌ک كه ئامانجی سه‌ره‌كی بریتییه له ڕێكخستنی هاووڵاتییان له‌پێناو پڕه‌نسیپی یه‌كسانیدا، هه‌روه‌ها یاسایه‌ک مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی پاراستنی ئه‌و شكۆ و سه‌روه‌رییه‌یه كه گه‌ل به‌ده‌ستی هێناوه. یاساكانی ڕۆما له‌گه‌ڵ خواستی فرەوانخوازی ئیمپراتۆرییه‌ت گونجاو بوون و له خزمه‌ت ئه‌و ئامانجه‌دا بوون."
سیسته‌می سیاسیی ڕۆما تۆكمه و پارێزراو بوو تا كاتێک سنووره‌كه‌ی ته‌نیا خاكی ئیتاڵیا بوو، به‌ڵام به‌ده‌سپێكردنی هێرش بۆ ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كان لەلایەن سوپای ڕۆماوه كه چه‌ندان ساڵی ده‌خایاند و تێیدا سه‌رباز و فه‌رمانده‌كان بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر دوور له نیشتمان ده‌مانه‌وه، ئه‌مه‌ش بوو به هۆی لاوازبوونی هه‌ستی نیشتمانی و ئینتیمایان بۆ ده‌وڵه‌تی ڕۆمانی. فه‌رمانده‌كان كاتێک خۆیان له پێگه‌ی سه‌ركردایه‌تیكردنی سوپایه‌كی گه‌وره ده‌بینی و هێز و ده‌سه‌ڵاتێكی زۆریان هه‌بوو، ئاره‌زووی ملكه‌چبوونیان نه‌بوو بۆ سیاسه‌ت و سیسته‌می ڕۆما. سه‌ربازه‌كانیش چیدیكه سه‌ربازی ڕۆما نه‌بوون، به‌ڵكوو "سه‌ربازی ماریۆس و پۆمپیۆس و سیزه‌ر بوون".
ملكه‌چبوون بۆسیسته‌م یه‌كێكه له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ده‌وڵه‌تی به‌هێز وه‌ک مۆنتسكیۆ جه‌خت ده‌كاته‌وه: " ده‌وڵه‌تێک له‌سه‌ر ئازادی بونیاد نرابێت زیاتر ئاماده‌یه بۆ ڕووخان و له‌ناوچوون وه‌ک له ده‌وڵه‌تێک له‌سه‌ر بنه‌مای ملكه‌چبوون و گوێڕایه‌ڵی دامه‌زرا بێت، چونكه ئازادی بە شێوه‌یه‌كی یه‌كسان چاكه و خراپه بۆ ده‌وڵه‌ت ده‌هێنتێت، به‌ڵام ملكه‌چبوون و گوێڕایه‌ڵی له دۆخی سه‌ركه‌وتن و شكستیشدا ده‌بێتە هۆی به‌هێزبوونی ده‌وڵه‌ت."
به بۆچوونی مۆنتسكیۆ سه‌ركه‌وتنی ڕۆمانه‌كان هه‌میشه به‌هۆی ژیری و لێهاتووییانه‌وه نه‌بووه، به‌ڵكوو به‌رده‌وامییان بوو له‌سه‌ر خواستی فرەوانخوازی و به‌خت یاوه‌ریان بوو له سه‌ركه‌وتن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا "ڕۆما ئازادی له‌ده‌ست دا، چونكه پێشوه‌خت ئامانجه‌كانی به‌دی هێنابوو."
بڵاوبوونه‌وه‌ی مه‌سیحییه‌ت وه‌ک سه‌ره‌تای داڕووخانی ئیمپراتۆریه‌تی ڕۆمانی
شكستی ئیمپراتۆریه‌تی ڕۆمای ڕۆژئاوا هاوكات بوو له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی ئاینی مه‌سیحی. مه‌سیحییه‌كان سه‌رزه‌نشتی بتپه‌رسته‌كانیان ده‌كرد كه له هه‌وڵی سه‌رڕێگەخستنی دۆكترینێكی نوێن (عقيدة الجديدة) بۆ ده‌وڵه‌ت. ڕه‌خنه‌یان له ئیمپراتۆر دیوكلیزیان ده‌گرت كه پایه‌كانی ده‌وڵه‌تداری به هاوكاریی سێ له هاوڕێیانی له حكوومه‌ت لاواز كردووه به جۆرێک هه‌ریه‌كه‌یان به ویستی خۆی سه‌رباز داده‌مه‌زرێنێت و پاره سه‌رف ده‌كات وه‌ک ئه‌وه‌ی ته‌نیا خۆی له ترۆپكی هه‌ڕه‌مه‌كه بێت.
مۆنتسكیۆ پێی وایه هه‌موو ئه‌و نه‌هامه‌تییانه‌ی به‌سه‌ر ڕۆمادا هات هۆكاره‌كه‌ی پشتگوێخستنی پڕه‌نسیپی جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌لاتی كه‌نیسه بوو له ده‌وڵه‌ت، ئاوێته‌بوونی ئه‌م دوو ده‌سه‌ڵاته ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی وڵات له سه‌رلێشێواوی و گومڕاییدا نغرۆ ببێت. پاراستنی ئاسایش و سه‌روه‌ریی مه‌مله‌كه‌ت په‌یوه‌سته به دیاریكردنی سنووری نێوان ئه‌و دوو ده‌سه‌ڵاته "ئه‌مه نه‌ک ته‌نیا له‌ڕووی بیروباوه‌ڕه‌وه، به‌ڵكوو له‌ڕووی عه‌قڵی و لۆژیكیشه‌وه به‌ڵگه‌نه‌ویسته ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تێک بیه‌ویت ته‌مه‌نی درێژ بێت، ده‌بێت ئه‌م دوو ده‌سه‌لاته له یه‌كتر جیا بكاته‌وه."
مۆنتسكیۆ ڕۆمای مه‌سیحی به ڕۆمای دێرین و خاوه‌ن ئاینی بتپه‌رستی (ديانة الوثنية) به‌راورد ده‌كات. له ڕۆمای دێریندا هیچ ڕێگرییه‌كی یاسایی نه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی پیاوی ئاینی به‌شداری له ژیانی سیاسی و مه‌ده‌نی بكه‌ن و موماره‌سه‌ی وه‌زیفه‌ی سیاسی بكه‌ن، كه‌چی ئه‌وان خۆیان به‌دوور ده‌گرت له كاروباره‌كانی شار و تێكه‌ڵ به ژیانی سیاسی نه‌ده‌بوون. پاشان مه‌سحییه‌ت هات، كه‌نیسه و كۆمه‌ڵگه‌ی لە یه‌كتر جیا كرده‌وه و قه‌شه‌كان دەستیان له به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگه وەردا و توانییان جێگه‌ی كۆمه‌ڵگه و كه‌نیسه‌ش بگرنه‌وه. ئه‌مه‌ش له به‌ره‌نجامدا سه‌ری كێشا بۆ داڕووخانی ئیمپراتۆرییه‌ته‌كه و له‌ناوچوونی.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، ئیمپراتۆریه‌تی ڕۆمای ڕۆژهه‌لات هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ هۆز و نه‌ته‌وه به‌ربه‌رییه‌كان به‌ست و ڕه‌تی كرده‌وه کەشتیگەلی (اسطول البحري) بۆ هاوكاری نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی له ڕۆژئاوا بنێرێت كه له هه‌موو لایه‌كه‌وه هۆزه به‌ربه‌رییه‌كان هێرشیان كردبووه سه‌ر. ئه‌مه‌ش بووه سه‌ره‌تای كۆتایی چیرۆكی ئیمپراتۆرییه‌تێكی مه‌زنی مێژووی مرۆڤایه‌تی. وه‌ک مۆنتسكیۆ ده‌ڵێت: "به‌م شێوه زه‌مه‌نی ئیمپراتۆریه‌تی ڕۆمای ڕۆژئاوا كۆتایی هات. ڕۆما به‌هۆی جه‌نگه به‌رده‌وامه‌كانییه‌وه گه‌شه‌ی كرد، له خۆشبه‌ختیی ئه‌ودا كه دیارده‌یه‌كی ده‌گمه‌نه له مێژوودا هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ک هێرشى نه‌ده‌كرده سه‌ر، تاكوو له داگیركه‌ری پێشووی ڕزگاری ده‌بوو. كاتێكیش ڕووبه‌ڕووی هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان بووه‌وه، ئه‌وانیش هه‌مووان پێكه‌وه كۆ بوونه‌وه و به‌یه‌كجار هێرشیان كرده سه‌ر خاكی ئیمپراتۆرییه‌تە‌كه؛ به‌وه‌ش داڕووخا و كۆتایی هات."
به‌ره‌نجام
مێژووی ڕۆما له سه‌ركه‌وتنه‌وه بۆ شكست مۆدێلێكه بۆهه‌موو فۆڕمه‌كانی ده‌وڵه‌ت و له هه‌ر سه‌رده‌مێكدا قابیلیه‌تی ڕوودان و پڕاكتیزه‌بوونی هه‌یه.
جه‌نگ خوڵقێنەری ده‌وڵه‌ته، ئه‌وه‌ی هێز و شكۆمه‌ندی به ده‌وڵه‌ت ده‌به‌خشێت بریتییه له جه‌نگ. بۆ ده‌وڵه‌تی ڕۆمانی، جه‌نگ جگه له هێز و جه‌به‌ڕووت سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگی ئابووری و كۆكردنه‌وه‌ی سه‌روه‌ت و سامان بوو.
زیاده‌ڕۆییكردن له فرەوانخوازی (افراط في التوسع) هۆكاری گه‌نده‌ڵبوون و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ته. له‌گه‌ڵ به‌رفرەوانبوونی سنووره‌كان گرفت و قه‌یرانه‌كانیش ئاڵۆزتر ده‌بن، له بەرە‌نجامیشدا بنه‌ماكانی سیسته‌می سیاسی له‌به‌ریه‌ک هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه و ده‌وڵه‌ت به‌ره‌و چاره‌نووسێكی تراژیدی ده‌بات.
ده‌ستبه‌رداربوون له‌و بنه‌ما و نه‌ریتانه‌ی سه‌رچاوه‌ی هێز و مه‌زنییەتی ده‌وڵه‌تن و هێنانی به‌های نامۆ به بونیادی كولتووری و عه‌قڵیی كۆمه‌ڵگه، ئه‌خلاقی كۆمه‌ڵگه به‌ره‌و داڕزان و كاره‌ساتی گه‌وره ده‌بات، ده‌وڵه‌ت دووچاری هه‌ره‌سی ئه‌خلاقی ده‌كات.
جیانه‌كردنه‌وه‌ی ئایین له ده‌وڵه‌ت ڕه‌چه‌ته‌ی كۆتاییهاتنی ده‌وڵه‌ته. كاتێک پیاوی ئاینی ده‌بێت به سیاسه‌تمه‌دار و كاروباری كۆمه‌ڵگه و ده‌وڵه‌ت به‌ڕێوه ده‌بات به‌ناچاری (بالضرورة) ئه‌و ده‌وڵه‌ته ڕووه‌و له‌ناوچوون هه‌نگاو ده‌نێت.
ده‌وڵه‌ت هاوشێوه‌ی كائینی بایۆلۆجی چه‌ند به‌هێز بێت له دواجاردا مه‌حكوومه به‌شكست و له‌ناوچوون.
ئارام ناسیح
ماستەر لە زانستە سیاسییەکان
-------------------------------------------------
سه‌رچاوه:
مونتسكیو: تاملات في تاريخ الرومان، اسباب النهوض و الانحطاط، نقله من الفرنسية الى العربية، عبدالله العروي، المركز الثقافي العربي، طبعة الاولى، دارالبيضاء 2011.
Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved