22/12/2024
ئیمپڕاتۆرییەتێکى گەمژە و پێنج شای ئادەمخۆر

بەبیانووى کتێبەکەى بێرنارد هێنری لیڤى

The Empire and the Five Kings: America's Abdication and the Fate of the World (2019) By Bernard-Henri Lévy

 

 

لەبەر ئەوەى ئەم کتێبە و تێزە سەرەکییەکەى لەسەر دۆزی کوردە و بەتایبەت ئەو گەلەکۆمەکییەى کە کرایە سەر کورد و لە باشوور لە دواى ڕێفراندۆمەکەى ٢٥ی سێپتەمبەری ٢٠١٧، بەتایبەت داگیرکردنەوەى هەموو ئەو ناوچانەى کە پێشتر بە خوێنى پێشمەرگە خرابوونەوە سەر خاکى هەرێم لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧دا، لەپاڵ هەلومەرجى شێواوى ئەمڕۆی جیهان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. من لێرەدا بەکورتی لەسەر سێ سەرباس دەدوێم:

+ بیرنارد هێنری لیڤی چی دەڵێت؟

+ سەرنجەکانى خۆم لەسەر هەلومەرجی ناوچەکە.

+ ڕەخنەى من لە هێنری لیڤى و ئەوانەى وەک ئەو مامەڵە لە تەک ئێمەى کورد دەکەن.

+ لەم کتێبەدا هێنری لیڤى چی دەڵێت و ئەو کێیە؟

بیرنارد هێنری لیڤی نووسەر و چاڵاکوان و فیلمساز و یاخییەکى فەرەنسییە، زیاد لە ٣٠ کتێبی نووسیوە، لەوانە:

(بەربەریزم بە ڕوخسارێکى مرۆییەوە) ، کە موراجەعەیەکى ئەفکاری چەپانەى پێشووى خۆیەتى وەک کۆمۆنیستێک. هەروەها  کتێبی (کێ دانیاڵ پێڕڵی کوشت؟) ئەو سەرباری ئەوە کە چەندان فیلمى دۆکومێنتاری دروست کردووە لەوانە:

١. پێشمەرگە.

٢. شەڕی مووسڵ... و چەندانى دیکە.

***

"عێراق بەختەوەرە کە دراوسێکانى تورکیا و ئێرانن، هەروەها بەختەوەرە بەوەى کە درێژکراوەیی قۆوڵی عەرەبی هەیە لە وڵاتە عەرەبییەکاندا." 

سەرۆک کۆماری عێراق د. بەرهەم ساڵح، ١١ ئاداری ٢٠١٩.

هێنری لیڤى لەم کتێبەدا پێچەوانەى ئەم ڕا نادروستەى ئەم سیاسەتمەدارەى کورد بیر دەکاتەوە و ئەو دراوسێیانەى، بە عێراقیشەوە، ئێران و تورکیا و سعوودیە و چین و ڕووسیا بە گورگ لە قەڵەم دەدا. کەواتە، چارەنووسی کورد بەپێی تێزى ئەم کتێبە لەدواى پاشەکشێی ئەمریکا لە مەیدانى جیهاندا، نەک نادیارە، بەڵکوو ڕووبەڕووى هەڕەشەى گەورە دەبێتەوە.

سوپاس بۆهێنری لیڤی کە دلێرانە پەنجە دەخاتە سەر مەترسی و هەڕەشەکان، کە نە سیاسەتمەداری کورد و نە ڕۆشنبیری کورد ئەو دلێرییەیان نییە، ئەو چاوە ڕۆشن و ڕەخنەییەشیان نییە بۆ بینینى ڕووداوەکان، ئەوانەى ڕوویان دا و ئەوانەى ڕوو دەدەن، ئەوان خۆ دەپارێزن لەوەى کە کێشەکان وەک ئەوەى کە هەن ببینن.

کتێبەکە بە وتەیەکى نیچە دەست پێ دەکات، بە ئیزافەکردنى "کوردەکان" "لەسەر قاچی کۆترەوە، کوردەکان"

هێنری لیڤى ئیمپراتۆریەتى ئەمریکى بە "ئیمپراتۆریەتى عەدەم" لە قەڵەم دەدا، کاتێک ئەم ئیمپراتۆریەتە گۆڕەپانى سیاسەتى جیهانى بەجێ دەهێڵێت، بۆشاییەکى گەورە دروست دەبێت، ئەم بۆشاییە لەلایەن ئەوەى ئەو پێی دەڵێت؛ "پێنج شا" بە "پێنج گورگ" پڕ دەکرێتەوە، تورکیا، ئێران، سعوودیە، ڕووسیا و چین.

١٦ی ئۆکتۆبەر خاڵی دەستپێکى کتێبەکەى هێنری لیڤییە، بەتایبەت هاتنى حەشدى فاشی بۆ کەرکووک و توزخورماتوو و ناوچەکانى دیکە و دواجار ئەو گەلەکۆمەکییەى لە کورد دەکرێت. نابێت لە بیرمان بچێت کە چەندان ئاماژەش بە خۆرئاوا هەیە، بەتایبەت داگیرکردنى عەفرین و بێدەنگیی خۆرئاوا لەو تاوانە گەورەیەى تورکیا و دواجار هەڕەشەى ترامپ بۆ کشانەوەى لە ڕۆژئاوا (سووریا) کە ئەمە بە ناپاکى ناوزەد دەکات، بەجێهێشتنى نەتەوەیەک کە قارەمانانە دژ بە دەوڵەتى تیرۆرستى ئیسلامى (داعش) وەستایەوە، کەچی کاتێک ڕووبەڕووى هەڕەشەى حەشدى فاشی بووەوە (واتا نەتەوەى کورد) پشتیان تێکرد، ئیران و تورکیا و عێراق ئاسمانى وڵاتەکەیان داخست.

ئەوە دواى کتێبەکەى هێنری لیڤی لەسەر هەلومەرجى نالەباری نێودەوڵەتییە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا: بەتایبەت دواى دروستبوونى بۆشاییەک، دواى کشانەوەى ئەمریکا لە مەیدانى سیاسەتى جیهانى، دواى هاتنەسەرکاری ترامپ بەخۆی و دروشمە ناوخۆییەکەیەوە یەکەم، ئەمریکا (America First). (مەبەستى لەوەیە کە بەرژەوەندیی ئەمریکا بە پلەى یەکەم دێت لە ئەولەوییەتەکانیدا).

هێنری لیڤى لەسەر چەمکى ئیمپایەر (ئیمپراتۆرییەت) دەوەستێت، وێڕاى ئەوەى ڕەخنەى خۆی لە هەبوونى ئیمپراتۆرییەت دەگرێت ئەو مەیلەشى ناشارێتەوە کە بوونى ئیمپراتۆرییەتێک، بەو مەرجەى پارێزگاری لە هەندێک بەها و پرنسیپ بکات بۆ ئەمڕۆی جیهان گرنگە، بەتایبەت کە مەیدانى سیاسەتى نێودەوڵەتى لە ئاژاوەیەک و لە هەلومەرجێکى تەواو شێواو و ترسناک دەدوێت. دواجار هێنری لیڤی بەدوورودرێژی لە ئەڵتەرناتیڤەکان دەدوێت، دواى "کەوتنى خۆرئاوا" و دواى کشانەوەى ئیمپراتۆرییەتى ئەمریکى، بەدوورودرێژی نەک لەسەر ئێستا، بەڵکوو ڕابردووى ئەو پێنج وڵاتە ستەمکارە (تورکیا، ئێران، سعودیە، چین و ڕووسیا) دەوەستێتەوە. خاڵی هاوبەشی ئەو وڵاتانە ئێستاى ستەمکارى و ڕابردووى ستەمکارییانە. هێنرى لیڤی لێکۆڵەرێکى ئەو کایە مردووە نییە کە پێی دەڵێن IR (پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان) کە بیرکردنەوەى تێدا نییە، هێنری بوێرانە بیر دەکاتەوە و پەنجە دەخاتە سەر کێشە و مەترسییەکان لە ئەمڕۆی جیهاندا و بەتایبەتى لە پەیوەندى بە چارەنووسی کوردەوە.

کتێبەکەى هێنری دەوڵەمەندە بە شیکردنەوەى فیکری و سکپڕە بە ئایدیا و بۆچوونى گرنگ لەسەر مێژوو، سیاسەت، ئەمڕۆی جیهان کە هەنگاو دەنێت بەرەو تاریکى، بەتایبەتی دواى ئەوەی ئێمە ئەمڕۆ شایەدی داڕووخان و داڕزینى خۆرئاواین، خۆرئاوایەک کە خاوەنى پڕۆژەى "ڕۆشنگەری"یە ئەمڕۆ خەریکە لەبەردەم ئەم هێزە تاریکانەدا چۆک دادەدات و پشت دەکاتە ئەو میراتە دەوڵەمەندەی فەلسەفە، ئازادى و دادپەروەری.

لە وڵاتى ئێمە تا ئێستا یەک کەس باسی ئەم کێشەیەی کردووە، ئەویش د. کامەران مەنتکە، کە لە چەند بۆنەیەکدا باسی پڕۆژەى ئۆراسیاى کردووە، هەرچەند بەڕێزیان تا ئەو شوێنەى من ئاگادار بم، یا بەرچاوم کەوتبێت، باسی لە ماهییەتى ئەو پڕۆژەیە نەکردووە، واتا هەژموونى ڕووسیا ئیدارەدان بە پڕۆژەى دەوڵەت-نەتەوە کە کورد لە حاڵی حازردا لەناو ئەو پڕۆژەیەدا قەتیس ماوە بەناوى ئەوەى لەڕێگەی ئەو پڕۆژەیەوە ئینکاری وجوودى دەکرێت (هى کورد). ڕووسیا کە سیستەمێکى کلپتۆکراسی، ئۆتۆکراسییە، ئەمڕۆ بەتەواوى تواناییەوە دژ بە پڕۆژەى خۆسەرییە لە ڕۆژئاواى کوردستان و، لەهەمان کاتدا پشتگیرییەکى سەرسەختى ئێران و تورکیا دەکات کە ئەم دوو وڵاتە بە ماناى وشە دوژمنى هەر خەون و هیواو ئومێدێکى سیاسیی کوردەکانن.

وەک ئاماژەم پێ دا، کتێبەکە دەبێت بەوردى بخوێندرێتەوە لەبەرئەوەى پێشەنگە لە دەستنیشانکردنى کێشەکان، ئاڵۆزییەکان و تراژیدییەکان و بەتایبەت تراژیدیای کوردبوون و ئینجا هەلومەرجى نامرۆڤانەى ئەمڕۆى جیهان، جیهانێک کە کۆمەڵێک ئادەمخۆر تێیدا کاران و ئەجێندا ترسناکەکانیان سەرڕێگە دەخەن، لە غیابی هێزێکى کارای خاوەن پرنسیپ و بەهاى گەورەى مرۆیی و لە غیابی هێزێکى ئاوەزگەرا.

سەرنجەکانم لەسەر هەلومەرجی ناوچەکە و دۆزی کورد بەبیانووى کتێبەکەى هێنری لیڤییەوە:

ڕاستىیەکەی بڵێم بۆ من ئەم کتێبەى هێنری لیڤى هیچ ئایدیایەکى تێدا نییە کە پێشتر بیرم لێ نەکردبێتەوە و لەسەرى نەوەستابم و شیم نەکردبێتەوە، تەنیا سەرسوڕمانى من بەم کتێبە بوێری و دلێری هێنری لیڤییە لە گۆڕەپانى سیاسەتى جیهاندا، من وەک سکۆلەرێک نووسیومە و بەرنامەم سازکردووە و سیمینار و کۆڕ و کۆرسی فەلسەفیم لەسەر دۆزى کوردى لە فەزاى گشتیدا خستووەتە ڕوو، بەڵام وەک خووى هەمیشەیی جڤاتەکە، جڤاتى کوردى گوێ لە کەسە بوێر و خاوەن ڕاکانى خۆی ناگرێت، بەڵام گەر ئەو ڕا و سەرنجانە لەلایەن کەسێکى بیانییەوە، ئەورووپییەوە، چاوسەوز و قژزەردەوە بێت، دەڵێت: "ئەها ئەو ڕایە بلیمەتانەیە!" بەوهیوایەى ئەم پەیامەى لیڤى لەڕێگەى ئێمەوە بگات؛ قەیدى ناکات، چۆن قوربانى جەهل و نەفامی حەشاماتى کوردین، با ببین، گرنگ ئەوەیە ڕابوونێک سەر هەڵبدات، هۆشیارییەک بێتە ئاراوە!

با سەرەتا ئاماژە بەو ئیمپراتۆرییەتە گەمژەیە بکەم کە ناوى ئەمریکایە. من نەک ئەمریکا دەناسم، نەک ئەدەبیاتى فەلسەفی و دەستوورە نایابەکەیم خوێندووەتەوە، بەڵکوو سەرسامم بە ئازادیخوازەکانى، بە باوکانى دامەزرێنەری، ئەو دەوڵەتمەدارانەى کە هەم یۆنانى کۆن و ڕۆمیان خوێندووەتەوە و لە بیری دامەزراندنى کۆمارێکدا بوون لەچەشنى ڕۆم، هەم ئەوان مۆنتسکیۆ و لۆکیان ئەزبەر بوو. ئەمریکا بۆ من نە شەڕە شوومەکەى ڤێتنامە و نە سیاسەتە شکستخواردووەکەى ئەمریکاى باشوور (لاتین) و نە سیاسەتە چەوتەکەی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکوو ئەمریکا بۆ من زانکۆکانییەتى، تینک تانکەکانییەتى، نێوەندەکانی بیرکردنەوەیەتی، حوکمى قانوون (Rule of law) لە ناوخۆی وڵاتدا، دەستوورە سێکیولارەکەیەتى کە بەئاشکرا ئایین لە دەوڵەت جیا دەکاتەوە، ئازادییە ئایینییەکەیەتى کە گشت ئایینەکان و ئایینپەروەرەکان بەئازادى مومارەسەی ئایین و سرووتی ئایینیی خۆیان دەکەن. ئەمریکا لە سەردەمى جەنگى دووەمى جیهاندا هەم پێ دەنێتە سەر شانۆی جیهان و هەم وەک ئیمپراتۆرییەتێک سەر هەڵدەدات. لە دیدى منەوە، بەربنەماى ئەو کولتوورە دەوڵەمەندە، بەربنەماى فەلسەفە و دنیابینى باوکانى دامەزرێنەر، کۆی زانکۆکان و ناوەندە فیکرییەکان، کە لە ئەمریکا ١٨٥٠ تینک تانک بوونیان هەیە، چاوەڕوانى ئەوەم لە ئەمریکا هەیە، دیارە نەک بەتەنیا من، بەڵکوو هەزاران ئازادیخواز و سکۆڵەری دیکەش، لەوانە هێنری لیڤى لەم کتێبە و کتێبەکانى دیکەیدا چاوەڕوانى ئەوەم هەیە کە بە ستەمکارى بڵێت ستەمکارى لەتەکمان دژ بە جەور و ستەم بووەسێتەوە و پشتگیری ئەو خەڵکانە بکات کە سەرکوت دەکرێن، وەک کورد. لەلایەن دۆستەکانى ئەمریکا، تورکیا و عێراق، لەڕاستیدا هاوڕای هاوڕێ چەپەکانم لەوەى کە دەستنیشانى سیاسەتە هەڵەکانى ئەمریکا دەکەن لە جیهاندا، بەڵام هێشتا وێڕای نائومێدیم لە ئەمریکا، لەبەرئەوەى پاشخانێکى ژیاریی گرنگى هەیە دەتوانین گفتوگۆی لەگەڵدا بکەین، بگرە باری بکەین بە ئەرکە ژیاریی و مرۆییەکان. گەر ئەمریکا لەم بانگەوازانە نەگات، ئیدى ئێمە هەین و گورگ و بەربەرییەکانی لە چەشنى ڕووسیا، چین، تورکیا، سعوودیە و ئێران. لێرەوە دەڵێم بەجێهێشتنى گۆڕەپانى سیاسی لە جیهاندا لەلایەن ئەمریکاوە کارەساتێکى گەورەیە، پڕکردنەوەى ئەو بۆشاییە لەلایەن هێزە بەربەرى و ستەمکار و فاشییەکان (کە ناومان هێنان) کارەساتێکى تەمام عەیارە، بەلانیکەم بۆ ئێمەى کورد کە نە کیانێکمان هەیە و نە نیشتمان و نە هێزێک بۆداکۆکیکردن لەخۆ.

هێنری لیڤى وریایانە دەستنیشانى کەڵکەڵە ترسناکەکانى ئۆردوگان دەکات، تورانییەک خەون بە ئیمپراتۆرییەتى عوسمانییەوە دەبینێت. ئەوەى شوێنى هەم بەزەیی و هەم تووڕەبوونە هەڵوێستى خۆرئاوایە، خۆرئاوا خەریکى ڕووپاماییکردنە بۆ ئیسلامگەراکان، چ لە خۆرهەڵاتى ناوەڕاست، چ لە خودى خۆرئاواشدا. لەیادمان بێت تورکیا تا ئێستا ئەندامى ناتۆیە، بە بەرچاوى خۆرئاواوە، تورکیا کورد قاتوقڕ دەکات لە باشوور، لە ڕۆژئاوا، دیوار بە چواردەوری عەفریندا دروست دەکات، خۆرئاوا بێدەنگە و پشت دەکاتە گشت بەها و پرنسیپە گەورەکانی چوارسەدساڵەى ڕێنسانس و ڕۆشنگەریی خۆی. ئۆردوگان تورکیاى کردووەتە یەک زیندانى گەورە نەک بۆ کورد، بەڵکوو بۆ بیرمەند، مامۆستاى زانکۆ، ڕۆژنامەنووس و ئازادیخوازانى تورک؛ خۆرئاوا تەنیا سەیرکەری دیمەنەکەیە.

دیمەنەکە، هەلومەرجەکە لە ئێران چەندان بار ترسناکتر و بیمارترە. ئادەمخۆرەکان حوکمی ئەو وڵاتە دەکەن، مێژووى ئەو وڵاتە کە تا پێش ١٩٣٥ ناوى پێرژیا بوو، ڕەزا شا وەک کەسێکی سەرسام بە نازیزم و هیتلەر ئەم ناوەى لێنا: ئیران، خاکى ئاریاییەکان. ئەو مێژووە هیچ نییە جگە لە مێژووى ستەمکاری و مێژووى مەسخبوونى مرۆڤ، مەسخبوونى کولتوور، مەسخبوونى گشت بەها مرۆییە مەزنەکان. ئێستاکە و لەماوەى ٤٥ ساڵى حوکمڕانیی ئادەمخۆرەکاندا، ئەم وڵاتە، ئەم سیستەمە دژ بە کورد و گشت خەونێکى مرۆڤى کورد دەوەستێتەوە، دژ بە ئازادى و کەرامەت و ژیانێکى سەروەرانەى مرۆڤى ئازاد دەوەستێتەوە. دیارە نەک بەتەنیا دژ بە خەون و هیواکانى مرۆڤى کوردە، بەڵکوو دژ بە خەون و هیواکانى شەش نەتەوەى دیکەش کە لە ئێراندا دەژین. ئێران باشترین نموونەیە بۆ لێکۆڵینەوەى فیکری سیاسی لەوەدا کە بێ دابڕان خاوەنى سێ هەزار ساڵە لە ستەمکارى و جەور و ستەم و داڕمانى مرۆڤ و بێکەرامەتکردنى مرۆڤ و سووککردنى مرۆڤ، نە کولتوور لە ئارادایە و نە فەرهەنگ... ئەوەى هەیە ستەمکارییە بەڕوونى و بێگەردى. بۆ ئێمەى کوردیش ئەوەى هەیە دوژمنایەتیکردنێکى سەرسەختى ئەو ڕژێمەیە بۆ هەر خەونێکى کوردبوون. ئەفسووس بەشێک لە "ناسیونالیزمی کوردى"  لە زۆنێکدا بووەتە بەشێک لەو ئەجێندایە، خودى کورد لە دواى شەڕی چاڵدێرانەوە بەشێکى بووەتە "موورتەزەقە"ی ئەو وڵاتە شەڕ دژ بە بەشێکى دیکەى کورد دەکات. ئێران وەک ڕژێم، وەک سیستەم، وەک کولتووری فارسی دژ بە هەر خەونێکى مرۆڤ و نەتەوەى کوردە نوقتە. تەنانەت ڕۆشبیرەکانیشی گاڵتە بە زمانى کوردى و نەتەوەى کورد دەکەن، تەنیا بۆ نموونە، سەید جەواد تەباتەبایی.

هەرچی پەیوەندى بە ڕووسیاوە هەبێت، خاڵی ناسینەوەى دوو سەدەى ڕووسیا بریتییە لە ستەمکاری، لە قەیسەر و تزارەکانەوە تاکوو ستالین و پووتین، بریتییە لە باڵادەستیی ستەمکاری. ئەو مێژووە پێمان دەڵێت کە چۆن دژ بە هەر کەڵکەڵەیەکی ئازادیخوازیی نەتەوەکانى ئەم ناوچەیەن. لەسەردەمى یەکێتیی سۆڤیەتیشدا، ئەو ڕژێمە دژ بە هەر خەون و هیوا و پڕۆژەیەکى کورد وەستاوەتەوە لە کوردستانى گەورەدا؛ بە کرێگیراوەکانیشیان لە عێراق، لە ئێران، لە سورویا و تورکیا بەردەوام گاڵتەیان بە پڕۆژەى نەک دەوڵەتى کوردى، بەڵکوو بە ئۆتۆنۆمیش کردووە. بیمارییەکى کولتووری کە لەم دواییانە لە نووسینى کوردیدا سەرى هەڵداوە شەڕکردن لەتەک ئەمریکا لەڕێگە و بەهۆی چینەوە، یاخود ئایدیای ئەوەى کە چین گوایە شوێنى ئەمریکا دەگرێتەوە و دەبێت "کورد خۆی بۆ ئەو ئەگەرە ئامادە بکات". وەک فاکتێک دەبێت جەغت لەسەر ئەوە بکەینەوە کە چین وڵاتێکى داخراوە، خاوەن کولتوورێکى داخراوە، خاوەن مێژوویەکى دووورودرێژی ستەمکارییە، لێرەوە لە دیدى منەوە چین ئایدیالێکى نییە پێشکەشی مرۆڤایەتى بکات. دوا شمەک، خەڵاتى چینییەکان ئایدیۆلۆژیای ماوتسی ئۆنگ بوو کە بە مەرگى سەد ملیۆن مرۆڤ تەواو بوو. پریشکێکی ئەو ئایدیۆلۆژیایەش پەڕیوەتە کوردستان لەلایەن ماوییە کوردەکانەوە، چەپەکانەوە کە لە ساڵانی شەستەوە سەرقاڵی تیرۆرکردنى سیاسەت و عەقڵن لە ناوچەکەى ئێمە. واى دانێ بەیانى ئەمریکا بەتەواوى شکست دەهێنێت و جیهان دەبێتە فرە جەمسەر، جەمسەرێکیان چین و جەمسەرێکى دیکە ڕووسیا و جەمسەرێکى دیکە ئێران، ئەوە چ جیهانێک دەبێت سێ وڵات، خاوەن میراتی ستەمکاری و تیرۆرێکی ترسناک هەژموون پەیدا دەکەن، خەڵاتى ئەوانە بۆ مرۆڤایەتى چی دەبێت؟ ئازادى یا کۆیلایەتى؟ کۆماری یان ستەمکاری؟ مافەکانى مرۆڤ و بەها مرۆییەکان یاخود ملکەچبوونى هەژموونى دەوڵەت و دەوڵەتپەرستى؟

***

ڕەخنەى من لە هێنری لیڤى

کاتێک کە چاوپێکەوتنەکەى هێنری لیڤیم بینى لە  CNNو ئۆردوگانى وەک "زۆمبی" ناوبرد و ئاخوندەکانی وەک زۆمبی و شەبەح ناوزەد کرد و سعوودیە و عێراق وەک دوو سیستەمى ستەمکار وێنا کرد، گوتم دەبێت ئەم کتێبەمان دەست بکەوێت و بیخوێنینەوە، بەڵام چی لەم کتێبەدا هەڵەیە؟ هێنری لیڤى لەم کتێبەدا قسە لەسەر کورد دەکات وەک "کوتلەیەکى بەشەریی یەکڕەنگ و یەکدەنگ و یەکڕا"، کە کوتلەی وا لە جیهاندا نییە. لێرەدا کورد پێک نەهاتووە لە کۆمەڵێک چین و توێژی جیاواز، لەم کوتلە بەشەرییەدا تاک (فەرد) کەسی سەربەخۆ بوونى نییە، ڕای جیاواز، دنیابینیی جیاواز، نیگەرانى و مەراقی جیاواز جیاواز بوونیان نییە. هێنری لیڤى باس لە ڕووداوەکانى دواى ڕیفراندۆم دەکات، بەڵام هیچ شتێک دەربارەی ڕا و بۆچوونە جیاوازەکانى ناو جڤاتى کوردى ناڵێت، ئەو وا وێناى مەسەلەکان دەکات وەک ئەوەى یەکدەنگییەک هەبووە یەک ڕا و بۆچوون دەربارەی ڕیفراندۆم هەبووە، نە نەیار هەبووە و نە کەسێک گوتوویە "نەخێر"، هەر هەموو کوردى کورستانى باشوور هاودەنگ و هاوڕا و هاوبۆچوون بوون! کە ئەم وێناکردنە کتومت وێناکردنێکى ترسناکى کوردستانى باشوور و دۆزەکەی و خەڵکەکەیەتى. ئاخر لە دیدى ئەوەوە چۆن دەشێت کوردێک هەبێت بڵێت: "نەخێر بۆ ڕزگاریی کوردستان و نەخێر بۆ دەوڵەتى کورد؟" (دیارە گوتنى نەخێر ڕەتکردنەوەى ڕزگارى و دەوڵەتى کوردى نەبوو، بەڵکوو کێشەکە لە کات و لە خۆئامادەنەکردنەکەدا بوو لە ڕووى سیاسی و ئیداری و ستراتیژییەوە).

من ئەو تێڕوانینە ناوزەد دەکەم بە ڕەگەزپەرستى، "ڕەگەزپەرستیی چاوەڕوان لێنەکراو"، ڕەگەزپەرستیی چاوەڕوان لێنەکراو چییە؟ ئەو جۆرەیە لە ڕەگەزپەرستى، پێچەوانەى دیدى خۆرهەڵاتناسەکانى سەدەى هەژدە و نۆزدە و سەرەتاى سەدەى بیستەم کە ئێمەیان وەک کۆمەڵێک شاخاویى، میللەتێکى نەخوێندەوار، بێئاگا، بەڵام ئازا (ئازایەتى نەفرەتێکى گەورەیە لە ئیمە کراوە، ئێمە لەم دیدەوە هیچ نین جگە لە تفەنگ بەدەستى موڕتەزەقەى بەکرێگیراو). ئەم بیرمەندە دێت و ئێمە، کۆمەڵگەى ئێمە وەک بارستەیەکی مرۆیی دەبینێت، لە دیدى ئەوەوە هیچ جیاوازییەک لە نێوانماندا نییە، ڕا و بۆچوونى جیاواز نییە، کەسی سەربەخۆمان نییە کە ڕای خۆی هەبێت، بیرمەندمان نییە کە دژی ستاتسکۆ (هەلومەرجى ماهو موجوود)، بوەستێتەوە، وەک ئەوەى کە هێنری لیڤى لە ژیانى خۆیدا کردوویەتى، ئێمە هەر هەموو کۆمەڵێک مەڕین و سەرکردەکان چیان گوت هەموو دەڵێین "باع، باع... واتا بەڵێ فەرمایشت دەکەن. ئەمە ڕەگەزپەرستییەکە کە ئێمە ئەمڕۆ تووشی دەبین، ڕووبەڕووى دەبینەوە لەلایەن ئەو توێژەر و نووسەر و ئەکادیمییانەى خۆرئاواوە کە بانگهێشتى باشوور دەکرێن و لەسەر بودجەى گشتى لە ئوتێلی پێنج ئەستێرە خزمەت دەکرێن. لە دیدى ئەوانەوە، لە کوردستان، لە باشوور ڕای جیاواز بوونى نییە، خەڵکى ناڕازى بوونى نییە، دید و تێڕوانینى جیاواز هەم بۆ دۆزى کورد و هەم بۆ سیاسەت لە جیهاندا بوونی نییە، ئەوەى هەیە تەنیا ڕای فەرمیی حیزبی سیاسی و سەرکردایەتیی حیزبەکانە، ئەمەش هیچ نییە جگە لە ڕەگەزپەرستیى "چاوەڕوانییەکى نزم لە مرۆڤى کورد."

لە کتێبەکەى هێنرى لیڤیدا هیچ باسێک دەربارەی کەسی ناڕازى، کەسی مونشەق (لە ڕای گشتى دابڕاو - لە کولتووری جەماعەت دابڕاو) بوونی نییە، هەر هەموو یەکڕەنگ و یەکدەنگ و هەرهەموو لەسەر ئاوازێک گۆرانى دەچڕین، وەک کۆرس کە بۆمان دیاری کراوە. هەموو دەزانین لە ماوەى سی ساڵی ڕابردوودا سەدان ڕۆژنامەنووس و ئەکادیمى و دیپلۆماتکاری خۆرئاوایی هاتوونەتە کوردستان، بەڵام هەمیشە میوانى دەسەڵاتدارەکان بوون و هەرگیز دانەبەزیوونەتە ناو خەڵکەوە، یەک ڕۆشنبیرى کورد ناناسن و نەدیویانە، نە تەسەور دەکەن کورد ڕۆشنبیری هەبێت، کەسی بیرمەندى هەبێت، واتا هەرگیز پەیوەندییەکیان بە جڤاتى کوردى و توێژە جیاوازەکانى جڤاتى کوردییەوە نەکردووە.

لە دیدە ڕەگەزپەرستییەکەیانەوە تەسەوری ئەوەیان نەکردووە کە ئەم جڤاتە ڕا و بۆچوونى جیاوازى تێدایە، خەلکى دیکە هەن بەخۆیان و دنیابینىیی جیاوازى خۆیانەوە کە مەرج نییە لەتەک ئەحزابی کوردیدا یەکانگیر بێتەوە.

هێنری لیڤى ئاگاى لەوە نییە ناشیەوێت بزانێت کە لە باشوور لە سەردەمى ڕیفراندۆمدا خەڵکانێک هەبوون نەیار بە ڕیفراندۆمەکە، نەک لەبەرئەوەى دژی سەربەخۆیی، دژى دەوڵەتى کوردى بوون، بەڵکوو ئەوان ڕا و سەرنجى تایبەت بەخۆیان هەبوو لەسەر شێوازى حوکمڕانییەکە و لەو باوەڕەدا بوون کە هێشتا هەلومەرجەکە دەڵەمەیە و ئامادە نەکراوە بۆ ڕیسکێکی لەو جۆرە. هەبوون لەناو ئەوانەدا کە گوتیان: تێبینی و سەرنجی قووڵمان هەیە بەرانبەر بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بیرمەند بوون، تیژبین بوون، خاوەنى بیرکردنەوەیەکى ستراتیژی دروستتر بوون، ئایندەیان باشتر دەبینى و زیاتریش دڵسۆزى جڤاتەکە بوون، بەڵام نەک گوێیان لێ نەگیرا، تەخوینیش کران؛ بە ناپاک لە قەڵەم دران. هێنری لیڤیش بە پشتگوێخستنى ڕای ئەو دەستەیە هەمان کاری بەرانبەر کردن، لەبەرئەوە هێنری لیڤى شەبەقێکى گەورە لە بۆچوونییەکانیدا هەیە؟ ئەو لە دوورەوە، لە ئوتێلەکانەوە کورد دەبینێت، نەک لەناو ماڵەکانەوە!



فاروق ڕەفیق

(سکۆڵەری بواری فەلسەفە)

ئاوەز ژۆرناڵ بڵاوكراوەیەكی گشتییە بە زمانی كوردی دەردەچێت، بنکەکەی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقە. ئارەزووی ڕووماڵکردنی سیاسی، ئابووری، ڕۆشنبیری، مێژوو و بابەت و ڕووداوەکانی دیکەی هەیە، دامەزراوەی كوردستان كرۆنیكڵ دەریدەكات .
+964(0) 750 928 83 85

Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved


X