“you must be ready to burn yourself in your own flame;
how could you rise anew if you have not first become ashes?”
― Friedrich Nietzsche, Thus Spoke Zarathustra
"تۆ دەبێ ئامادە بیت بۆئەوەی لەنێو ژیلەمۆی ئاگری خۆتدا بسووتێیت؛ چۆن دەتوانی سەرلەنوێ هەستیتەوە ئەگەر سەرەتا نەبی بە خۆڵەمێش؟"
فریدریک نیچە، ئەوهای گوت زەردەشت
"کاتێک نیچە گریا" باسی بەسەرهاتەکانی پەیوەندییەکی ئاشقانەی نێوان نیچەی فەیلەسووف و لوو سالۆمە (Lou Salome)یە. لوو سالۆمە ژنێکی ڕوخسارگەش و گەنجە کە لەڕێگەی یەک لە هاوڕێکانی نیچەوە بە ناوی پاول ڕی (Paul Ree) بە نیچە دەناسێندرێت و زۆر ناخایەنێت نیچە ئاشقی دەبێت؛ بەڵام گرێبەستە کۆمەڵایەتی و دەروەستییە خێزانییەکانی نیچە ("پاش مەرگی باوکم، لەلایەن کۆمەڵێک ژنی بێڕۆح و دوور لە هەستمەوە دەورە دراوم: دایکم، خوشکم، دایەگەورەم و پوورەکانم. دەشێت زەبرێکی گورچبڕم لەو ژنانەوە پێ کەوتبێت، چونکی لەو کاتەوەی لە بیرمە پەیوەندی لەتەک ئافرەتان ترساندوومی. چێژی جەستەیی ژن، لە ڕوانگەی منەوە، ئەوپەڕی پەرێشانحاڵییە؛ بەربەستێکە لەنێوان من و ئەو ئەرکەی لە ژیاندا لەسەر شانمە." ) ڕێگەی پێ نادەن سنووری ئەو پەیوەندییە ببەزێنێت و هەوساری حەزەکانی لە دەست دەربچێت. لوو بڕیار دەدات بەسەربەستی خۆشەویستی پاول بمێنێت تا ئەوەی کۆیلەی ناوی نیچە بێت. پاش ئەوەیە نیچە تووشی سەرکێشی و خەمۆکی دەبێت و بڕیار دەدات خۆی بکوژێت. "هاوسەرگیری لەسۆنگەی ئیرەیی پێبردن و دروستکردنی هەستی خاوەندارێتی لەهەمبەر کەسانی دەوروبەر، ڕۆح دەکاتە دیلی خۆی. هیچکات ڕێگا نادەم سۆزی لەمجۆرە بەسەرمدا زاڵ بێت. هیوادارم هیچ ژنێک یان پیاوێک نەبێتە قوربانیی لاوازی یان بێکەڵکیی ئەوی تریان."
سالۆمە دەستەوداوێنی یوزف بریور (Josef Breuer)، پزیشکی ناسراوی نەمسایی دەبێت و لە نامەیەکدا بۆی دەنووسێت: " داهاتووی فەلسەفەی ئەڵمانیا لە مەترسیدایە" و داوای لێ دەکات نیچە چاک بکاتەوە. هەڵبەت لەسەر ئەوەش پێداگری دەکات کە پێملکردنی نیچە بەوەی دەرمان بکرێت کارێکی ئەستەم و قورسە. نیچە و بریور لە نۆڕینگەی تایبەتی ئەو لە ڤیەننا یەکتر دەبینن. بریور دوو کتێبی نیچە کە لە سالۆمەی وەرگرتبوو دەخوێنێتەوە و هەوڵ دەدات کاتی قسەکردن لەگەڵ نیچە، لەڕێگەی چەکی نیچە خۆیەوە هێرشی بکاتە سەر؛ بەڵام نیچە لەڕێگەی لێکدانەوەی فەلسەفی و وتەی ورد و ڕۆحێکی تژی لە هێزەوە، پاشەکشە بە بریور دەکات و نۆڕینگەکەی بەجێ دەهێڵێت. پاشان نیچە چەند سەعاتێک پیش ئەوەی ڤیەننا جێ بهێڵێت، لە هۆتێلەکەیدا، تووشی سەرئێشەی توند دێت و بێهۆش دەکەوێت. دکتۆر بریور دەچێت بۆ لای و خەریکی دەرمانکردنی دەبێت. بریور دیسان هەوڵ دەدات نیچە لە ڕۆیشتن پاشگەز بکاتەوە، بەڵام بۆی جێبەجێ ناکرێت. دواتر نیچە بۆئەوەی تێچووی دەرمانکردنی خۆی بدات دەچێتەوە بۆ نۆڕینگەی بریور. لەناکاو بریور شتێک بە مێشکیدا دێت: بە نیچە بڵێت نیچە ئەو دەرمان بکات! واتە جێی پزیشک و نەخۆش بگۆڕنەوە. نیچە سەری سوڕ دەمێنێت و لەبارەی نەخۆشینەکەیەوە پرسیاری لێ دەکات. بریور بەسەرهاتی عەشقی خۆی بۆ ژنێکی ڕوخسارگەش و گەنج بە ناوی برێتا، کە یەک لە نەخۆشەکانی ڕابوردووی بووە، دەگێڕێتەوە و دەڵێت، سەرباری ئەوەی ژنێکی شایستە و سێ منداڵی هەیە، تەواوی گیانی لەلایەن برێتاوە داگیر کراوە و شەو ڕۆژ بیر لەو دەکاتەوە. کاتێکیش لەبەر پێداگریی هاوسەرەکەی، ماتیلدا، ناچار کرا چاککردنەوەی برێتا بداتە دەست پزیشکێکی دیکە، هەرگیز لە کۆتوبەندی بیرکردنەوە لەو ڕزگاری نەبووە. ماتیلدای بە خەتاباری سەرەکی لەبابەت دوورکەوتنەوەی لە برێتا دەزانی و تا دەهات لە ژیان و خێزانەکەی دوورتر دەکەوتەوە.
بریور بە نیچە دەڵێت کە تەنیا مرۆڤێکی هزرمەند و زانای وەک ئەو (واتە نیچە) بۆی هەیە دەرەقەتی دەرمانکردنی ئەو لەڕێگەی وتەدەرمانییەوە (چاککردنەوەی کەسێک لەڕێگەی قسەپێکردنەوە) بێت. نیچە کە لەلایەکەوە نەیدەتوانی پارەی دەرمانی خۆی بدات و لەلایەکی دیکەشەوە لەوەی بەزەییان پێی دابێتەوە بێزار بوو و پێی وابوو ئەگەر کەسێک شتێکی پێ ببەخشێت، ئەو دەکاتە کۆیلەی خۆی، پێشوازیی لەم پێشنیارەکەی بریور کرد. بۆیە ئامادە بوو دەرمانی بکات و خۆیشی دەرمان بکرێت. بریور کە مەبەستی لەم پێشنیارە، تەنیا ڕازیکردنی نیچە بوو بەوەی پێملی دەرمانکردن بێت، وردەوردە کە باسی برێتای دەکرد، سەرنجی ئەوە دەدات لەڕاستیدا تووشی نەخۆشی و وازوازیبوونێکی سەیروسەمەرەیە و چیتر ناتوانێت وەک ئەکتەرێکی لێزان دەور بگێڕێت. لێرەوە بەسەرهاتەکە گیانێکی تازەی تێدا دەگەڕێت و، بەریەککەوتنی وتەکان و مشتومڕ و دۆزینەوە دەروونناسییە فەلسەفییەکانی نێوان دوو لە بەناوبانگترین هزرڤانانی سەدەی بیستەم دەست پێدەکات: لەلایەکەوە نیچە، فەیلەسووفێکی بێخودا و هێشتا تەواو نەناسراو کە دەیزانی ڕۆژگارێک ناو و ناوبانگی سنوورەکانی جوگرافیا دەبەزێنن و لەلایەکی دیکە، یوزف بریور، یەک لە دیارترین پزیشکانی سەردەمی خۆی، کە بەهەڵکەوت لاوێکی بیرمەندیش بە ناوی زیگمۆند فرۆید، کە ئەویش دواتر ناوبانگێکی جیهانی دەستەبەر دەکات، یەک لە قوتابییەکانی ئەو بوو.
تا دێت پێگەی نیچە وەک پزیشک و ئی بریور وەک نەخۆش سەقامگیرتر دەبێت. لە شوێنێکدا، نیچە بە دکتۆر بریور دەڵێت:
"دکتۆر بریور، من خەمۆکی دەرمان ناکەم، بەڵکوو لێی دەکۆڵمەوە. خەمۆکی باجێکە مرۆڤ دەشێت لەپێناوی ناسینی خۆیدا بیدات. ئەوەندەی قووڵتر بڕوانیتە ژیان، ئەوەندەش قووڵتر ئازار دەچێژیت."
درێژەی بەسەرهاتەکە پڕە لەو وانەوتارە دڵنشینانەی کە زۆربەیان سنووری چیرۆکەکە دەبەزێنن و، وەک بریور لە بەشی کۆتایی کتێبەکەدا باسی دەکات، بڕێکی زۆری گێڕانەوەکانی ئەم بەسەرهاتە ڕەگوڕیشەی لە کەتوار (واقیع)دایە و هزرەکانی نیچەیان لەخۆدا هەڵگرتووە. بۆ نموونە، وانەوتاری لەم چەشنە کە بەشێوەی ناڕاستەوخۆ نیشاندەری ئاوەزی نیچەیە لەمەڕ بیرۆکەگەلێکی لەچەشنی خودا، مەرگ، ژیان و بەهاکەی، زەمەن، عەشق، ئازار و بێهیوایی:
"ئەو کەسەی لەکاتی خۆیدا و بەتەواوی و بەپڕی بژیت، ترس لە مەرگ دایناگرێت. ئەو کەسەی هیچکات لەکاتی خۆیدا نەژیت، ناتوانێت لەکاتی خۆیشیدا بمرێت. سەرکەوتوو و تەواو بژی! ئەگەر مرۆڤ ژیابێت، ئەگەر تەواو و پڕ ژیابێت، سامی مەرگ دڵی داناخورپێنێت! مرۆڤ ئەگەر لەکاتی خۆیدا نەژیت، ناشتوانێ لەکاتی خۆیدا بمرێت!"
بریور خۆی ڕادەستی نیچە دەکات؛ نهێنییەکانی خۆیی بۆ ئاشکرا دەکات، باسی وازوازی بوونی خۆی و ڕاڕاییە هزرییەکانی دەکات و پەردەیان لەسەر هەڵدەداتەوە و گیان و ڕۆحی خۆی بۆ دەرمانکردن لەبەرامبەر نیچەدا ڕووت دەکاتەوە. لەم نێوانەدا، نیچە لەکاتێکدا دەزانێت ڕۆحی خۆیشی دیلی دەستی لوو سالۆمەیە و هیچکات لە بازنەی مەراقی ئەو ڕزگاربوونی بۆ نییە، هەر لەوسەروبەندەی کە بریور سەبارەت بە عەشقی لەهەمبەر برێتا سەرکۆنە دەکات، نامەی توندئاژۆیانە و ئاشقانە بۆ لوو دەنێرێت. بەڵام وتاربێژییەکانی بەردەوام دەبن؛ تا ئەو ئاستەی بریور ڕادەسپێرێت واز لە خێزان و ژیان و پزیشکی بهێنێت و بچێت دوای برێتا بکەوێت. ئەو دەزانێت تا بریور شتێک نەدۆڕێنێت قەدر و ڕێزی وەدەستهێنان ناگرێت. ئەوان لە وتوێژەکانی نێوانیاندا بەشێک لە بوونی خۆیان دەدۆزنەوە کە پێشتر لە ناخودئاگایاندا خۆی شاردبووەوە. ئەوان هاوکات کە لەگەڵ یەک دەدوێن، ناخی خۆیشیان هەڵدەکۆڵن و دواتر ئاشکرای دەکەن:
"دڵتەنگی و خەمۆکیی ئێوە لەسۆنگەی ئەو زەمەنەیە کە تێیدا نەژیاون و دەیەوێ سینگتان هەڵبدرێت. دڵی ئێوە لەگەڵ ڕیتم و ترپەی زەمەنی لەکیسچوودا لێدەدا. زەمەن خوازیاری هەرمانییە. زەمەن هەمووشتێک هەڵدەلووشێت و شتێک ناگەڕێنێتەوە."
بریور ئەم بابەتە لەگەڵ قوتابیی گەنجی خۆی، واتە زیگمۆند فرۆید، باس دەکات. فرۆید بریور هیپنۆتیزم دەکات و دەینێرێت بۆ سەفەرێکی خەیاڵی کە تێیدا بریور واز لە ماتیلدای هاوسەری و منداڵەکانی و زێدەکەی دەهێنێت و دەچێت سەروسۆراغی برێتا دەکات. بەڵام لە ئەوپەڕی سەرسوڕمانیدا، برێتا لەتەک پزیشکێکی لاودا دەبینێت کە ئاشقانە لە ئامێزی دەگرێت، سەر دەخاتە سەر شانی، دەیلاوێنێتەوە و ئاشقانە پیاسەی لەگەڵدا دەکات. لە بەردەوامیی سەفەری سامناکیدا، بریور دەچێتە لای سکرتێر و هاوڕێی کۆنی خۆی و، ئەویش لەوەی لەگەڵی ڕاببوێرێت خۆ دەبوێرێت. بریور لەکاتێکدا سەری سوڕماوە و هەست بە سەرگەردانی دەکات، دەچێتە سەرتاشخانە و ڕیشی پاک دەتاشێت و خۆی لە قاوغی پزیشکێکی بەناوبانگ دادەماڵێت بۆئەوەی لەشفرۆشێک لە باوەشی بگرێت، بەڵام تەنانەت سۆزانییەکانیش پێی ڕادەبوێرن و نایگرنە خۆ. دواجار دەبێتە پێشخزمەتی ڕێستۆرانتێک و، تا ئەوەی ڕۆژێک فرۆیدی گەنج لەپشتەوە بانگی دەکات. لەگەڵ بینینی ئەو بڕیار دەدات خۆی بکوژێت. لەم ئانوساتەدا فرۆید لە دونیای خەو و خەیاڵی وەخەبەر دەهێنێت و، ئەوە ڕێک ئەو کاتەیە بریور بڕیار دەدات بگەڕێتەوە بۆ لای خێزان و منداڵەکانی. پلانی نیچە لێرەدا سەر دەگرێت: چوون و گەڕانەوە؛ ئەوەیکە برێتای ڕاستەقینە ماتیلدایە؛ بریور کاتێک دەتوانێت ماتیلدا پەسند بکات کە بزانێت برێتا ڕاستەقینە نییە، کە بزانێت برێتا تەنیا تراویلکەیەک بۆ زەین و دەروونی ئەو بووە.
کاتێک بریور چیرۆکی سەفەرەکەی بۆ نیچە دەگێڕێتەوە، لەناکاو نیچەش وەئاگا دێت و دەڵێت: "منیش ڕووداوێکی هاوشێوەم بەسەردا هاتووە. منیش وەک تۆ ئاشقی ژنێکی گەنج و جوان بوومە بە ناوی سالۆمە کە ڕۆحمی داگیر و بەند کردووە." لێرەدایە بریور دان بەوەدا دەنێت کە ئەو لوو سالۆمەی بینیوە و کەڵکەڵەکانی ئەو هانی داوە پێشنیاری دەرمانکردنی نیچە قبووڵ بکات. ئەو بە نیچە دەڵێت، لوو سالۆمە لە هەر شوێنێک، حەزی لە هەرکەسێک بێت دەیخاتە داوی خۆیەوە و، جەخت لەوە دەکاتەوە کە لوو سالۆمە ئاشقی ئەو نییە و وەبیری نایەت ئەوەی درکاندبێت کە نیچەی بۆ جارێکیش ماچ کردبێت. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی نیچەش بڕیار بدات زنجیری وازوازییەکانی بپچڕێنێت و لوو لە مێشک و ناخی خۆی بسڕێتەوە.
لەبارەی ئیرڤین دەیڤید یالۆم-ەوە
ئەگەر ئیرڤین دەیڤید یالۆم نەبووایە، لەوانەیە کەمتر کەسێک بیتوانیبا کتێبێک لەسەر ئەم بابەتە کە هەڵگری کۆمەڵێک گێڕانەوەی وردی مێژوویی، فەلسەفی و دەروونشیکارانەیە لە قاڵبی ڕۆمانێکی سەرنجڕاکێشدا بخاتە بەردەم خوێنەر. ئەو دەروونشیکارێکی شارەزا و بەئەزموونە کە دەروون دەرمانیی ئیگزیستانسیالیستیی لە هەمووکەس باشتر فێر بووە و فێر کردووە. ئیرڤین دەیڤید یالۆم مامۆستای خانەنشینی زانستگەی ئیستەنفۆردە کە لەم ساڵانەدا، کۆمەڵێک کتێبی پڕبایخی نووسیوە، وەک "دەرمانی شۆپنهاوەر" – دەروون دەرمانیی ئیگزیستانسیالیست – "جەللادی عەشق" و کۆمەڵێک چیرۆکی دیکەی دەروون دەرمانیی لەچەشنی "دایک و واتای ژیان" و هتد.
کەسایەتییە سەرەکییەکانی بەسەرهاتەکە
یوزف بریور: پزیشک و دەروونناسی ناسراوی نەمسایی. ئەو توانیی لەڕێگەی وتەدەرمانییەوە نەخۆشانی تووشبوو بە هیستریا چاک بکاتەوە. بریور هەروەها پزیشکی کۆمەڵێک لە ناسراوترین هزرمەندانی سەردەمی خۆی بووە.
زیگمۆند فرۆید: قوتابیی گەنج و لێهاتووی بریور، کە وەکوو ڕاوێژکارێکی خاوەن ئەزموون، پەیوەندییەکی نیزیکی خێزانیی لەتەک بریوردا بووە.
فریدریش نیچە: فەیلەسووف و بیرمەندی خۆبەگەورەزانی ئەڵمانی، کە هزری مەزن لە مێشکیدا دەگوورێنێ و سالۆمەوتەنی، دەخوازێت ببێتە داهاتووی فەلسەفەی ئەڵمانیا. ئەو تووشی سەرئێشەی درێژخایەنی توند هاتووە، خەمۆکی بەربینگی پێ گرتووە و جاروبار بیر لە خۆکوشتن دەکاتەوە.
لوو سالۆمە: خۆشەویستی نیچە، ژنێکی سەرنجڕاکێش، ژیر و دەستەمۆنەبوو کە خاوەن ڕۆحێکی سەربەست و سنووربەزێن بوو. ئەو وەڵامی "نا" بە داوای هاوسەرگیریی نیچە دەداتەوە و کاتێک ئاگاداری خواستی خۆکوشتنی نیچە دەبێتەوە، کە بە نامەکانییەوە دیار بوو، داوا لە بریور دەکات دەرمانی بکات.
برێتا: نەخۆشێکی هیستریایی کە ماوەیەک نەخۆشی بریور بوو و وا لە بریور دەکات زۆر بەقووڵی گیرۆدەی بێت، تا ئەو شوێنەی بریور وەک نەخۆشێکی تووشهاتوو بە وەسواس داوا لە نیچە دەکات دەروونی لە بوونی ئاژاوەگێڕانەی ئەو بسڕێتەوە.
ماتیلدا: هاوسەری بریور کە جاروبار دەورێکی تۆخ و هەندێکجار کاڵ لەم بەسەرهاتەدا دەگێڕێت.
"کاتێک نیچە گریا": پردێک لەنێوان خەیاڵ و کەتوار (واقیع)دا
بریور دووگیانە بە زانستێکی جیاواز بە ناوی دەروونشیکاری، دەروونشیکارییەک کە دەورێکی گرنگ لە داهاتووی زانستی دەروونناسی لە ئاستی دونیادا دەگێڕێت. نیچەی نەخۆشیش دووگیانە بە "ئەوهای گوت زەردەشت"، یەک لە سەرسوڕهێنترینی ئەو کتێبانەی کە دەتوانێت ڕۆژگاری خۆی وەک یەک لە گرنگترین نووسراوەکانی دەستی مرۆڤ هەژمار بکرێت. شاری ڤییەنا لە چێژی سەرلێشێوێنی ئاوەزگەراییدا پەلەقاژە دەکات. زانستی دەروونناسی لە بەردەم سەرهەڵدانی مرۆڤێکی سەیروسەمەرەدایە بە ناوی زیگمۆند فرۆید. سالۆمە، خانمی گەنج و ڕوخسارگەش، لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر دەڕوات و دڵبەری بۆ پیاوانێکی بەناوبانگ دەکات کە بڕیارە چارەنووسی بەشێک لە مێژوو دیاری بکەن. سەرلەبەری ئەم ڕووداوانەش، لەسۆنگەی هەودایەک بە ناوی خەیاڵەوە بەیەکەوە دەبەسترێنەوە و، کۆمەڵێک پیاو و ژن دەهێننە ئاراوە کە هەرکامیان پشکێکی شایستەیان لە دیاریکردنی داهاتووی مێژوودا بەر دەکەوێت. "کاتێک نیچە گریا" ئەوەندە ڕاستەقینە دێتە بەر چاو کە خوێنەر هەرگیز بیری بۆ ئەوە ناچێت تەنانەت وشەیەک لەم کتێبە هەڵقوڵاوی خەیاڵی دەروونناسێکی ئەمریکییە کە خۆی لە ڕێبازی دەروون دەرمانیی ئیگزیستانسیالیستیدا دەبینێتەوە و باسی دەرمانی شۆپنهاوەری دەکات. لەلایەکی دیکەشەوە، ئەم بەرهەمە هێندە خەیاڵی و فانتازی دەنوێنێت کە ئەگەر خوێنەر چشتێک دەربارەی نیچە و بریور نەزانێت، هیچکات پێی وا نابێت کە مرۆڤانێکی ئەوەندە مەزن و بەشکۆ ئامادەبوونێکی فیزیکییان لە سەر ئەم گۆی زەوییەدا بووە.
ئالنگاری و مشتومڕە سەیروسەمەرەکانی نێوان نیچە و بریور
یەک لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکانی دیکەی "کاتێک نیچە گریا" مشتومڕە زارەکییە بێدەمامکەکانی نێوان بریور و نیچەیە. نیچە تێدەکۆشێت باسی ئازادیی مرۆیی بە بێ ئامادەبوونی هیچ خودایەک بکات و، بریور مەبەستێتی ژیرانە دەلاقەیەک بۆچوونە نێو دەروونی پەرێشانی نیچە بدۆزێتەوە. نیچە سواری ئەسپی هێز بووە و چوارناڵ تاوی دەدات، قەمچی دەوەشێنێت و دەئاژوێت؛ هەر خواستێک بە نیشانەی تەسلیمبوون دەزانێت؛ هەر بەخشینەوەیەک بە هێمای بەکۆیلەکردن لە قەڵەم دەدات؛ هەر دەلاقەیەکی بچووک کە بریور بخوازێت لێیەوە پاڵێک بە هەستییەوە بنێت دادەخات. لەولاوە، بریور ڕۆحی خۆی ڕووت دەکاتەوە، ڕووتیی خۆی سەرلەبەر دەخاتە بەر چاوی وردبینی نیچەوە و لەم ڕێگەیەوە هەوڵ دەدات ئەویش بۆ ڕووتکردنەوەی ڕۆحی خۆی پێمل بکات. ئەم کتێبە پڕە لەو وشە و ڕستە و مشتومڕە دەروونناسانە-فەلسەفییانەی کە خوێنەر تووشی تەماحی چەندجار خوێندنەوە دەکات.
پەیوەندیی سەرسوڕهێنی مێژوو، فەلسەفە، ئەدەبیات و دەروونناسی لە یەک کتێبدا
"کاتێک نیچە گریا" گەلێک زیاتر لە تەنیا کتێبێکە لە قاڵبی رۆماندا. لەم کتێبەدا کۆمەڵیک زانیاریی گرنگ لەبابەت دەروونشیکاری، فەلسەفە و ڕووداوە مێژووییەکانی سەدەی نۆزدەهەم لە دووتوێی چیرۆکێکدا پێشکەش بە خوێنەر کراوە. زۆربەی هەرەزۆری ڕووداو و گێڕانەوەکانی ئەم کتێبە ڕەگوڕیشەی ڕاستەقینەیان هەیە. لەبارەی فەلسەفەی نیچەوە، بابەتی زۆری تێدایە کە لە کتێبەکانی ئەوەوە وەرگیراون. کەسایەتییەکان زۆربەیان کەسانێکن ڕۆڵی گرنگیان لە مێژوودا گێڕاوە. بەکورتی، دەتوانین بڵێین "کاتێک نیچە گریا" بەتەنێ کتێبێکی ئاسایی کە هەڵقوڵاوی خەیاڵی نووسەرێکی لێهاتوو بێت نییە، بەڵکوو هاوکات کتێبێکی پڕ لە وانەی فەلسەفی و گوتاری پەروەردەییە.
لەوانەیە گرنگترین شتێک کە لە کتێبی "کاتێک نیچە گریا"دا خۆ دەنوێنێت فەیلەسووفێتیی نیچە بێت. هەر وەک چۆن نووسەر لە کۆتایی کتێبەکەدا باسی دەکات، زۆربەی ئەو مژارانەی دەربارەی فەلسەفەی نیچە هاتووە، بەتەواوی ڕاستەقینەن و ڕەگیان لە کەتواری هزرینی نیچە لە کتێبەکانیدا داکوتاوە. بەڵام بەشە سەرنجڕاکێشەکەی بابەتەکە ئەوەیە کە ئەم فەلسەفانە لە قاڵبی چیرۆکدا گونجێندراون. ئەگەر خوێنەر پێشتر تۆزێک نیچەشی خوێندبێتەوە، ئەوە لەم کتێبەدا، پەیوەندییەکی تۆکمە لەگەڵ فەلسەفەکەی دروست دەکات و لەوەی خۆی وەکوو بەردەنگی گوتارگەلێکی لەم چەشنە دەبینێتەوە هەست بە شادمانییەکی سەیر دەکات. گرنگتر لەمە، ئەو شتەی لەبابەت نیچە و فەلسەفەکەی دەست خوێنەر دەکەوێت، ئەوەیە کە تێدەگات نیچە سەرباری ئەوەی کەسایەتییەکی سەرسەختی بووە و نووسینەکانیشی گەلێک قورس بوونە، فەیلەسووفێکە پتر لە هەر فەیلەسووفێکی دیکە لەبارەی ژیان، ئازار، تەنیایی، مەرگ و مرۆڤی نووسیوە. ئەوەی ڕاستی بێت، فەلسەفەی نیچە لە کەتوار (واقیع)ی ژیانی مرۆڤەوە ئاو دەخواتەوە.
لایەنێکی دیکەی ئەم کتێبە، ڕەهەندی دەروونشیکارانەی فەلسەفەی نیچەیە، کە نووسەر هەوڵی داوە بەباشی بۆ خوێنەری ڕوون بکاتەوە. ئیرڤین دەیڤید یالۆم لەم کتێبەدا هەوڵی زۆری داوە پێناسەیەک لەمەڕ دەروون دەرمانیی ئیگزیستانسیالیست بەدەستەوە بدات. تەنانەت هەڵبژاردنی نیچەش وەکوو کەسایەتییەکی کتێبەکە بەهەڵکەوت و ڕێکەوت نەبووە و، نووسەر فەلسەفەی نیچەیی لە قاڵبێکی ئیگزیستانسیالیستیدا دەخاتە بەردەم خوێنەر. لە بیرمان نەچێت، نووسەری ئەم کتێبە دەروون دەرمانکەر و مامۆستای هەڵکەوتەی دەروون پزیشکیی زانستگەی ئیستەنفۆردە و بۆ هەڵبژاردنی هەرکام لە کەسایەتییەکانی کتێبەکەی پلانی ورد و تۆکمەی بووە. پێدەچێت کتێبی "کاتێک نیچە گریا"، پتر لە هەر مژارێکی دیکە لەسەر تەوەری لەچەشنی ژیان، مەرگ، فەلسەفە و پەیوەندییە مرۆییەکاندا لەنگەری گرتووە کە هەموویان بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕەگیان لە هزری نووسەر لەبابەت دەروون دەرمانیی ئیگزیستانسیالیستیدا داکوتاوە.
عەشق و خۆشەویستی/ ترس و نائومێدی/ ڕاڕاییە فیکرییەکان
سێ هێڵی دیکەی سێگۆشەی کتێبی "کاتێک نیچە گریا" بریتین لە عەشق و خۆشەویستی، ترس و نائومێدی و، ڕاڕاییە فیکرییەکان. نیچە گیرۆدەی عەشقی لوو سالۆمە دەبێت و، کاتێک سالۆمە وەڵامی دڵی ئەو ناداتەوە و دەست بە ڕوویەوە دەنێت، تووڕە دەبێت و هێندەی پێ ناچێت نائومێدی و ترس تەواوی گیانی دادەگرن و دواجار، تووشی ڕاڕایی بەئازاری هزریی دەبێت. بۆ دکتۆر بریوریش هەمان شت بەنیسبەت برێتا ڕوو دەدات. هەڵبەت نیچە و بریور بەدرێژایی بەسەرهاتی کتێبەکە خۆیان بە ئاو و ئاگردا دەدەن بۆئەوەی نەخۆشییە سەیروسەمەرەکەی دەروون و ناخیان دەرمان بکەن و لە کۆتایی کتێبەکەشدا ئەم هەوڵەیان سەر دەگرێت. تیۆدۆر ڕۆزاک (١٩٣٣-٢٠١١)، ڕۆماننووسی ئەمریکی، لەبارەی "کاتێک نیچە"دا دەڵێت: "ئیرڤین دەیڤید یالۆم هزری قووڵی مرۆیی لە دووتوێی چیرۆکێکی بێهاوتادا دەردەبڕێت. زیاتر لەوە دەکرێت چیمان گەرەک بێت؟". ئەدەبیاتی ئاوەزگەرای ئەم نووسەرە خاوەن تێروانینێکی قووڵە بۆ جیهانی بوون و ژیان وسروشتی مرۆڤ، هەربۆیە خوێنەر دوای خوێندنەوەی ئەم کتێبە ڕوانین و هزرینی بەنیسبەت ئەم دیاردانە تووشی گۆڕانی ڕیشەیی دەبن و هاوکات چێژ لە بەرهەمێکی جوانی ژانری ڕۆمانی فەلسەفی دەبینێت.
لە دوایین لاپەڕەکانی کتێبەکەدا، بریور ڕوونکردنەوەیەک لەمەڕ کەسایەتییەکانی بەسەرهاتەکە بەدەستەوە دەدات کە زۆرینەی خوێنەران تووشی سەرسوڕمان دەکات: ئەوەیکە زۆربەی هەرە زۆری ڕووداو و کەسایەتییەکان بەتەواوی ڕیشەیان لە واقیعدا بووە. فریدریش نیچە و یوزف بریور هیچکات چاویان بە یەکدی نەکەوتووە و هەڵبەت دەروون دەرمانییش لە ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ئەم دوو کەسەوە سەری هەڵنەداوە. بەو حاڵەشەوە، ژیانی کەسایەتییە سەرەکییەکانی ئەم کتێبە لەسەر بنەمای کەتوار (واقیع) دامەزراوە و، ڕووداوە جومگەییەکانی بەسەرهاتەکە لە تێڕامانەکانی بریورو نائومێدیی نیچە تا دەگاتە پەیوەندیی نێوان فرۆید و بریور و بیچمگرتنی دەروون دەرمانی، سەرلەبەر لە باری مێژووییەوە ساڵی ١٨٨٢ ڕوویان داوە. فریدریش نیچە بەهاری ساڵی ١٨٨٢ لەڕێگەی پاول ری بە لوو سالۆمەی گەنج ناسێندرا و، ئەم چاوپێکەوتنە لە مانگەکانی دواتردا عەشقێکی بێگەرد و بەتین و کاتیی لێ کەوتەوە. لوو سالۆمە پاشتر وەک دەروونشیکار و نووسەرێکی هەڵکەوتە خەریکی کار و نووسین بوو. ئەو لەسۆنگەی هاوڕێیەتیی نیزیکی لەگەڵ فرۆید و هەروەها پەیوەندییە ئاشقانەکانی، بەتایبەتی لەگەڵ شاعیری ئەڵمانی ڕاینر ماریا ڕیلکە، ناوبانگی دەرکردووە.
پەیوەندیی نیچە لەگەڵ لوو سالۆمە بە هۆکاری ئامادەبوونی پاول ڕی و هەروەتر ملبادانەکانی خوشکی نیچە، ئەلیزابێت، کۆتاییەکی کارەساتباری لێ کەوتەوە. نیچە ساڵانی ساڵ دەستەویەخەی خەم و خەفەتی عەشقی لەکیسچووی و هەروەتر باوەڕ بەوەی ناپاکیی لەتەکدا کرابوو بووبوو. لە کۆتامانگەکانی ساڵی ١٨٨٢ کە بەسەرهاتی کتێبەکە تێیدا دەگوزەرێت، نیچە بەقووڵی خەمۆک بووبوو و بیری لە خۆکوشتن دەکردەوە. ئەو کۆمەڵەنامە تژی لە نائومێدییانەی بۆ لوو سالۆمەی نووسیبوون و بەشێکیان لە کتێبەکەدا هاتوون ڕاستەقینەن؛ ئەگەرچی دیار نییە کام نامە بەڕاستی نێردراون و کامی هەر وەک ڕەشنووس ماونەتەوە.
بۆ خوێندنەوی ئەم کتێبە حەتمەن پێویست ناکات خوێنەر شارەزایی وردی لەسەر فەلسەفە هەبێت، بەڵام دیارە خوێنەری وردبینی دوو بواری دەروونناسی و فەلسەفە چێژێکی زیاتر لەم کتێبە وەردەگرێت، بەتایبەت کە کەسایەتییەکی ناسراوی بواری فەلسەفە و ئاوەزمەندیی لەچەشنی نیچە لە قاڵبی کەسایەتیی ژانری ڕۆماندا دەبینێت. لانیکەمی سوودی ئەم کتێبە بۆ خوێنەرێکی مامناوەند ئەوەیە هانی دەدا دوای تەواوکردنی کتێبەکە بچێت بەتامەزرۆیی و وردبینییەکی زیاترەوە کار و بەرهەمەکانی نیچە بخوێنێتەوە.
ئامادەکردن و وەرگێڕانی:
عەبدولخالق یەعقووبی
توێژەر و وەرگێڕی بواری کۆمەڵناسی و ڕەخنەی ئەدەبی
سەرچاوەکان:
Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved