22/12/2024
ئەلفبێ و کتێبی کوردی: لە کتێبی «شوق المستهام في معرفة رموز الاقلام»ی ئیبن ئەلوەحشیەی ئەلنەبەتی (؟-٩٣٠)دا

پێشەکی

بەیانییەک کە بۆسەر کارەکەم دەچووم، رادیۆیەک بابەتێکی سەبارەت بە زمانی کوردی پێشکەش دەکرد. بابەتەکە سەرنجی راکێشام و تا کۆتایی گوێم لێگرت. یەکێک لەو باسانەی کە سەرنجمی راکێشا ئەوە بوو کە گیوی موکریانی لە کتێبێکیدا باسی لەوە کردوە کەوا زانای ئیسلامی "ئیبن وەحشییە ئەلنەبەتی" لە دەستنووسێکیدا باسی لەوە کردوە چەندین کتێبی بە زمانی کوردی بینیوە و لە کۆندا ئەلفبێیەکی کوردیش هەبووە و پێی نوسراوە. ئەم بابەتە بوو بە خولیام و یەکەم ئیشم لە شوێنی کارەکەم ئەوەبوو کۆمپیوتەرەکەم هەڵکرد و لە گۆگڵدا بە دوای ئیبن وەحشییە ئەلنەبەتی و کتێبەکانیدا گەڕام. زۆر ماندوو نەبووم، بەخێرایی هەموو کتێبەکانی و لە ناویاندا کتێبی "شوق المستهام في معرفة رموز الاقلام"م دەست کەوت و دەستم بە خوێندنەوەی کرد. وام دەزانی گەنجینەیەکم دۆزیوەتەوە، چونکە لە چەند جێگەیەک باسی لە کورد و ئەلفبێی کوردی و کتێبە کوردییەکانی سەردەمی خۆی و شارەزایی کوردەکان لە زانستی کشتوکاڵ و ئاودێریدا کردووە؛ پێی وایە لەوەدا کەس شان نادا لەشانیان. لەگەڕانەکەمدا چەند بابەتێکی سەرپێی دیکەی کوردیشم بینی کە باسیان لەو کتێبە کردبوو، بەڵام هیچیان ڕۆنەچوبوونە ناوەڕۆکەکەی. 

لەگەڵ هاوڕێکی ئازیزمدا مەسەلەکەم باس کرد و زۆر هانی دام بابەتێک لەسەر ئەو کتێبە بنووسم. پاشان زانیم لەو کتێبانەی کە باسیان لە ئەدەب و مێژووی کورد کردووە، بەسەرپێی باس لە ئەلفبێ کوردییەکەی ئیبن ئەلوحشیە کراوە، کە پێداچوونەوەیەکم بە کتێبەکەی خۆم لەسەر مستەفا پاشا یامولکی کرد، بۆم دەرکەوت (یامولکی)یش لە چەندین دەستنووسدا بێ ئەوەی ئاماژە بە ئەلوحشیە بکات باسی لە زمانی کۆنی کوردی و ئەلفبێی کوردی لەسەردەمی ساسانییەکاندا کردووە، بۆیە بیرۆکەکە گەورەتر بوو، دوای کۆکردنەوەی کۆمەڵێک سەرچاوەی نوێ و کۆن ئەم بابەتەی لێ دەرچوو.

ئیبن وەحشییە ئەلنەبەتی کێیە؟

ئیبن وەحشییە ئەلنەبەتی، ناوی تەواوی (ئەبوبەکر ئەحمەد بن عەلی بن قەیس بن ئەلموختار بن عەبدولکەریم بن بدنیا بن بوراتیە ئەلکزدانی)یە، کە بە ئیبن وەحشیەی نەبەتی ناسراوە. مێژووی لەدایکبوونی نەزانراوە، بەڵام ساڵی ٩٣٠ی زایینی کۆچی دوایی کردووە. خاوەنی چەندین کتێبە سەبارەت بە زانستی کیمیا، زمان، کشتوکاڵ و سیحر و جادوو. کتێبی "کشتوکاڵی نەبەتی" بەناوبانگترین کتێبە کە سەبارەت بەرهەمە کشتوکاڵییە کۆنەکان نووسرابێت. ئیبن وەحشییە ئەلنەبەتی، لە کتێبی (دلالة الحائرين)ی فەیلەسوفی جوولەکە موسا بن مەیمۆنەوە باسی کراوە.

ئەم کتێبانەی هەیە: "السحر والطلسمات"، "السحر الکبیر"، السحر الصغیر، دوار علی مذهب النبط، مذهب الکلدانیین في الاصنام، کتاب الحیاة والموت في علاج الامراض، نزعة الحداق في ترتیب الافاق"، شوق المستهام في معرفة رموز الاقلام. 

عەرەبەکان لەبەر ئەوەی ئیبن ئەلوەحشیە لە نەتەوەی کلدانی بووە و زمانەکەی کلدانیی بووە، هەروەها لەبەر ئەوەی لە نووسینەکانیدا زۆر شانازی بە نەتەوەکەی خۆیەوە کردوە، بۆیە بە کەسێکی (شعوبی) ناویان بردووە. 

پول کراوس، یەکێکە لەو ڕۆژهەڵاتناسانەی کە گومانی لە بوونی کەسێک هەیە بەناوی ئیبن وەحشییە و پێی وایە کەسێکی خەیاڵییە ولەئەساسدا کەسێک بەناوی (ابو طالب الزیات) کتێبی (کشتوکاڵی نەبەتیە)ی بە ناوی ئیبن وەحشییەوە نووسیوە. بەڵام پول ئاگاداری ئەو کتێبەی (ابن الندیم) نییە کە هاوچەرخی بووە و بەدووودرێژی لەسەر ژیانی ئیبن وەحشییەی نووسیوە.

جگە لەوە، ئیبن نەدیم باس لەوە دەکات کەسێکی کیماگەر هەبووە بە ناوی (الاخمیمي ئوسمان بن سوید ابو عری) ئیبن وەحشیە چەندین نامەی لەگەڵیدا ئاڵوگۆڕ کردووە. ئەوە جگە لەوەی چەندین کەسی دیکەی وەک موفق الدین عەبدوللەتیف بەغدادی و ئەبو عباس بن یوسف و زبن فصل العمری و ابن الاکفانی لە چەندین جێگەدا ناوی دەهێنن. (بصمەجی. ٢٠١٦: ١٣٩) 

کتێبی «شوق المستهام في معرفة رموز الاقلام»

کتێبی "شوق المستهام في معرفة رموز الاقلام" یەکێکە لە کۆنترین و گرنگترین ئەو سەرچاوانەی کە باس لە (ئەلفبێ) و زمانە کۆن و لەناوچووەکان دەکات. ئیبن وەحشیە لەم کتێبەدا باس لە ٨٩ زمانی کۆن و ئەلفبێی نووسینیان دەکات و لەگەڵ زمانی عەرەبیدا بەراوردیان دەکات. لە ناویاندا باس لە زمانی کوردی و بوونی ئەلفبێی کوردی دەکات.

گرنگی کتێبی ("شوق المستهام في معرفة رموز الاقلام" بەتەنها لەوەدا نییە کە کۆمەڵێک ئەلفبێی زمانە کۆنەکانی پاراستووە، بەڵکو لەوەشدایە کە لەرێگەی ئەو ئەلفبێیانەی ئەوەوە توانراوە کۆدی نووسینی زمانە کۆنەکانی وەک دیموتیقی و هیروگلیفیی پێ بکرێتەوە و زۆربەی دەقە میسرییە کۆنەکانی پێ بخوێنرێتەوە. لەو بارەوە دکتۆر بهجت قبیسی دەڵێت، "شامپلیون لە ساڵی ١٨٢٢ توانی هەموو کۆدەکانی نووسینی هیروگلیفیی بکاتەوە". 

کتێبی "شوق المستهام في معرفة رموز الاقلام" لە هەشت بەش و کۆتاییەک پێکدێت. بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٨٠٦ لەلایەن ڕۆژهەڵاتناس جۆزێف همرێ لە لەندەن بڵاو کراوەتەوە و وەرگێڕاوەتە سەر زمانی ئینگلیزی. ئەم دەستنووسە ئێستا لە مۆزەخانەی بریتانیا هەیە و ژمارەکەی بریتیە لە (440.H.173). ساڵی ٢٤١ ئیبن ئەلوەحشیە نووسیویەتی و لە ساڵی ٤١٣ نوسخەی دیکەی لەبەرگیراوەتە و دواین نوسخەشی لە ساڵی ١١٦٦ کۆچی نوسراوەتەوە. هەروها لە کتیبخانەی نیشتمانی پاریس بە ژمارەی (131/6805)  لەکتێبخانەی نەمسا بە ژمارە (68) و، یاسین بانیخێڵانیش دەڵێ، نوسخەیەکی له‌ کتێبخانه‌ی بامبێرگه‌ (Bamberg Bibliothek) هەیە لە ئەڵمانیا و خۆی لەبەری گرتووەتەوە و ناردوویەتی بۆ حەمەی مەلا کەریم. لەوەسفی نوسخە ئەڵمانییەکەیدا دەڵێ: "کتێبه‌که‌ کتێبێکی زۆر کۆنی زه‌رد و زۆربه‌ی که‌ناری په‌ڕه‌کانی ڕزیوبوون، ئه‌گه‌ر به‌هێواشی په‌ڕه‌کانت هه‌ڵنه‌دایه‌ته‌وه،‌ هه‌مووی له‌به‌ر یه‌ک هه‌ڵده‌وه‌شان، ده‌بوو زۆر به‌ ئه‌سپایی په‌ڕه‌کان هه‌ڵده‌یته‌وه‌، "

ساڵی ١٩٩٨ لە کتێبخانەی سوپاسالار لە تاران نوسخەیەکی دیکەی دەستخەتەکە دۆزراوەتەوە.

ناوەڕۆکی کتێبەکە

لە بەشی یەکەمی کتێبەکەدا باس لە زانینی (ئەلفبێ)، ئەوەی ئەو ناوی ناوە (قەڵەم) کوفی، مەغریبی، ئەندەلوسی، و هیندی دەکات. لە بەشی دووەمدا ئاماژە بە ئەلفبێی کۆنی سریانی، نەباتایی، عیبری، بەرباوی، قومی، موسنەد و یۆنانی دەکات کە بە قەڵەمی داناکان ناسراون. لەبەشی سێیەمی کتێبەکەدا باسی قەڵەمی (ئەلفبێ)ی حەوت حەکیمی بەناوبانگ {هرمس، ئەکليمون، ئەفلاتۆن، فيثاگورث، ئەسقلينوس، سوقرات، ئەرستۆس} دەکات. لەبەشی چوارەمی کتێبەکەدا باسی ئەو قەڵەمانە دەکات کە لەدوای ئەو حەوت دانایە دەرکەوتوون کە بە زانست و مەعریفەدا ناسراون. لەبەشی پێنجەمی کتێبەکەدا دەچێتە سەر ئەلفبێی حەوت هەسارەی {زوحەل، موشتەری، مەریخ، زەوی، زوهرە، عەتارد، مانگ}. لەبەشی شەشەمی کتێبەکەدا باس لە ناسینی دوانزە بورجی ئەلفبێ دەکات، لە بورجی کاوڕەوە تا بورجی نەهەنگ؛ لەسەر هەسارەی هەموو بورجەکان باسێکی کردووە. لەبەشی حەوتەمی کتێبەکەدا باس لە ئەلفبێی پاشاکان دەکات، کە سریانییەکان، هەرامسییەکان، فیرعەونەکان، کەنعانییەکان، کلدانەکان، نەبەتییەکان، کوردەکان و فارسەکان بوون. لە بەشی هەشتەمی کتێبەکەدا باس لە قەڵەمەکانی هەرامسییەکان کراوە. کتێبەکە بە ئەنجامێک لەسەر بابەتگەلێکی جۆراوجۆری پەیوەست بەو بابەتەوە کۆتایی دێت.

ئیبن وەحشیە ئەلنەبەتی لە دەستنووسی کتێبەکەیدا باس لەوە دەکات حەسرەتێکی زۆری هەبووە بۆ ناسینی هێمای ئەلفبێی نزیکەی ٨٩ زمانی کۆن و نووسینەکانیان و بەراوردکردنیان لەگەڵ زمانی عەرەبی. لەنێو ئەو زمانە کۆنانەدا باسی زمانی کوردیشی کردوە.

بۆ یەکەم جار ئەم کتێبە لە ساڵی ١٨٠٦ لەلایەن ڕۆژهەڵاتناسی نەمساوی جوزیف هەمرەوە چاپ کرا، ئەم چاپە کۆنترین چاپە و ١٣٦ لاپەڕەی عەرەبییە و ٥٤ لاپەڕەشی بۆ ئینگلیزی وەرگێڕاوە. لە ٢٠ لاپەڕەشدا لێکۆڵینەوەیەکی سەبارەت بە ئین ئەلوەحشیەوە و گرنگی و بەهای زانستیی کتێبەکەی بە ئینگلیزی نووسیوە.

لە پێشەکییەکەیدا (هەمەر) باس لەوە دەکات ئەو کتێبە لەکاتی پەلاماری فەرەنسییەکان بۆسەر میسر کەوتووەتە دەسەت فەرەنسییەکان و دوایی کەتووەتە کتێبخانەی نیشتمانیی بریتانی. زۆربەی ئەم نوسخانەی لە نوسخەیەک وەرگێراون کە ٤١٣ کۆچی هەبووە و ئەویش لەو نوسخەیە وەرگیراوە کە ساڵی ٢٤١ کۆچی لەلایەن ئیبن ئەلوەحشیەوە نووسراوە.

دکتۆر يەحيا ميرعلم، سەبارەت بە مەنهەجی نووسین لەلای ئیبن وەحشیە  لەم کتێبەدا چەند خاڵێکی دەستنیشان کردووە کە بە پێویستی دەزانم بەکورتی ئاماژەیان پێ بدەم: "دابەشکردنی کتێبەکە بۆ هەشت بەش و پاشەکییەک کارێکی داهێنەرانە بووە و لە مەعریفەیەکی قووڵەوە هاتووە. هەروەها دانانی ناونیشان بۆ هەر بەشێک لە کتێبەکە و دابەشکردنی ناوەڕۆکەکەی بەپێی ئەو ناونیشانانە زۆر گرنگن. خاڵێکی دیکەی گرنگی مەنهەجەکەی ئیبن وەحشیە ئەوەیە بۆ هەر ئەلفبێیەک و هەر ناوێک کە لە کتێبەکەیدا هاتووە بەدواداچوونی کردووە گرنگترین سیفەتە نهێنییەکانی خستوونەتە ڕوو. لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە هەر ئەلفبێیەکی گەڕاندووەتەوە بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکەی خۆی و باسی لەو کتێبانەش کردووە کە بەو ئەلفبێیانە نووسراون و باسیشی لە نزیکایەتیی هەریەک لەو ئەلفبێیانە لەیەکتری کردووە." (میرعلم،:٧٥٠)

برایانی موکریانی و ئیبن ئەلوەحشیە

حسێن موکریانی، یەکەمین کەس بوو مەسەلەی کتێبەکەی ئیبن ئەلوەحشیەی لە گۆڤاری (زاری کرمانجی)دا ورووژاند. ئەو لە نووسینێکدا لەژێر ناوی "تەماشای ئاسارکە و بزانە کورد لە پێش تۆفاندا چلۆن بوون" بەم جۆرە باس لە دەستڕاگەیشتنی بە کتێبەکەی ئیبن ئەلوەحشیەی نەبەتی دەکات و نووسیویەتی: "لەم ڕۆژانەدا گەورە حمیەتمەند غیرەتدارێکی کورد لە تاران کتێبێکی زۆر کۆنی دەستخەتی دەست دەکەوێ، نوسخەیەک لە خەت و کتێبەکەیان بۆ ناردم لەوەدا گەلێک چتمان لێ دیارکەوت، یەکێک ئەمەی لێ ئاشکرا کردین کە کورد لە پێش تۆفانا ئەوەڵ میللەتێک بوون کە عیلم و سەنعەت و فنوونیان زانیوە و مامۆستای هەموو زانستێک بوون؛ میللەتەکانی دیکە لەوانە فێری هەموو ڕەنگە کار و پیشە بوون."

ئەحمەد کوڕی ئەبو بەکر، لە دەورەی عەبدولمەلیک ئیبن مروانی ئەمەویدا چەند کتابێکی لە زمانی کوردییەوە وەرگێڕاوە بۆسەر عارەبی، لەو کتێبانەشدا هەندێ شکڵی نویسراوی کوردانی پێشووی نووسیوەتەوە بەدوورودرێژی لە ئەحواڵیان دواوە و دەڵێت کە کوردی پێشینێ خاوەن فەن و سەنعەتێکی زۆر بوون و لە عیلمی چاندن و سیحر و تەڵەسم و ئەو جۆرە چتانەدا گەلێک سەرکەوتووبوون و، گوتیانە کە کورد زادەی بینوشاد و ماسی سوراتیین؛ هەموو عیلم و فەنێک لەوەوە فێرکراون علوومێ کە بابە ئادەم زانیویەتی هەمووی داوەتە کوردان. ئێمەش بۆ ئەمە کە خوێندەوارە خۆشەویستەکانمان بزانن و کەمێک لە میراتی کوردان ئاگاداری پەیدا کەن، عبارەتێکی کورتی ئەم کتێبە کە بە عارەبی بوو کردمانە کوردی هەتا بیخوێننەوە." (موکریانی، هەمان:٢)

ئەم نووسینە لە سەروبەندێکدا نووسرا کە بەشێک لە نوخبەی کوردی و بەتایبەتی تۆفیق وەهبی سەرقاڵی دروستکردنی ئەلفبێی کوردی بوون و هەندێکی دیکەشیان وەک محەمەد ئەمین زەکی بەگ و ڕەفیق حیلمی سەرقاڵی نووسینەوەی مێژووی کۆن و نوێی کورد بوون. زەکی بەگ، کە سێ ساڵ دوای نووسینی وتارەکەی موکریانی کتێبەکەی نووسیوە و وەک خۆی دەڵێ ٢٥٠ مجەلەدی عەرەبی و فەرەنسی و ئینگلیزی و فارسی و ئەڵمانی و تورکی وەک سەرچاوە بەکار هێناوە، بەڵام وتارە بەنرخەی موکریانی کە باس لە کتێبێکی زۆر گرنگی هەزارە ساڵ پیش دەکات سەرنجی ئەوی ڕانەکێشا و نە لە نزیک و نە لە دوور باسی نەکردووە.

پاش ٢٧ ساڵ، جارێکی دیکە گیوی موکریانی لە ژمارە یەکی گۆڤارەکەی خۆیدا (هەتاو) ئەو مەسەلەیە دەورووژێنێتەوە و وتارێکی زۆر نایاب بە وێنەی چەند لاپەڕەیەکی کتێبەکەی ئین وەحشیەوە بڵاو دەکاتەوە بە ناونیشانی (وێنەی ئەلفبای کوردی لە پێش میلادەوە تا دوایی خەلیفەکانی ئەمەوی کە ئەحمەد نەبەتی ١١٠٠ ساڵ لەمەوپێش نیشانی داوە). لە پێشەکیی وتارەکەیدا نووسیویەتی: "ئەبو بەکری کوڕی وەحشیەی نەبەتی لە یادگارە نرخدارەکەی خۆیدا کە ناوی (شوق المستهام في معرفة رموز الاقلام)ی کە لە ٢٤١ هیجریدا نووسیویەتەوە، لە باسی ئەلفبای پێشووی کورداندا بەو چەشنە دەدوێ و دەڵێ، لە بەغدا لە ناووسیدا چاوم بە ٣٠ بەرگە کتێبی کوردی کەوتووە کە بەو حرووفانە نوسراونەتەوە ئێستاش لە شامێ دوو بەرگی وانم لەلایە کە یەکێکیان باسی پەروەردەکردن و چەقاندنی ڕەز و دارەخورمان و ئەوی دیکەیان باسی دۆزینەوی ئاوێ دەکات لە جێگاکانی وشک و بێ ئاو و بەیار و دەیمەکاردا. ئەوانم بە عەرەبی تەرجەمە کردووە تا ئەبنائی بەشر ئیستیفادەیان لێ بکات."

پاشان خۆی کۆمێنتێک دەنووسێ و دەڵێ: "گەلێک لوغەت لە ڕەگوریشەدا کوردین و عەرەبان وەریان گرتووە بەکاری دەبەن کەچی ڕەچەڵەکەکەیان تەنها لە زمانی کوردیدا دەدۆزینەوە و لە عەرەبیدا نییە. لەڕووی ئاگاداری و ئاساراتی مێژوویی و قرائەتەوە وا دەردەکەوێ لە پێش ئیسلامیدا شارستانێتی و خەت و عیلم و ئەدەب و زمانی ئەدەبی و ئەدەبیات و قەڵەم و نەسر، توب و مێژوو و عیلمی نبات و زەوی ناسی و لە کوردستانێدا لە پلەیەکی بەرز و لێوەشاوە دا بووە. بەتایبەتی نەتەوەی کوردان لە فەنی پزیشکی (طب)دا زۆر سەرکەوتوو بوون؛ دکتۆر رەزا زادە دەڵێ داریوش شاهنشاهی هەخامەنشیەکان ڕوحانییەکی میسیر کە لەلایان ئەسیر بووە بەو شەرتەی ئازاد کرد کە بگەڕێتەوە لە مسرێ مەکتەبێکی طبی بکاتەوە." (گیو، هەتاو ژمارە ١: ١٨-١٩)

ئەم وتارە لەگەرمەی ململانێی شیوعییەکانی کورد و ناسیونالیستەکاندا بڵاو بوویەوە؛ هی ئەو سەردەمە بوو کە زۆرێک لە شیوعییە دوو ئاتەشەکانی کورد ئەوەندە توندڕەو بوون بڕوایان وابوو کە کورد نەتەوە نییە. بۆیە محەمەدی مەلا کەریم لە پێشەوەی ئەوانەدا دەبێ وتارێکی گاڵتەئامێز لە سەر ئەم بابەتەی گیوی موکریانی دەنووسێ و بۆ تەوسیق کردنی لێرەدا چەند پەرەگرافێکی لێ دەخەینە ڕوو: 

پاش نزیکەی پەنجا ساڵ لە ژمارە ١١٧ی گۆڤاری (ڕەنگین) لە ١٤ تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ محەمەدی مەلا کەریم ویژدانی ئازاری دەدا و لە نووسینێکدا  بە ناونیشانی "کوردیش کاتی خۆی پیتی پێنووسینی هەبووە" سەرزەنشتی خۆی دەکات و دان بەوەدا دەنێ کە ئەو هەڵەی کردووە بەرامبەر مامۆستا گیوی موکریانی. لەو وتاردەدا محەمەدی مەلا کەریم نووسیویەتی: "کاتێک کە بەهەشتی مامۆستا گیوی موکریانی بۆ یەکەمجار لە کتێبی (گیونامە)کەیا بۆ جاری دووەم لە فەرهەنگی مەهابادەکەیا نووسی کە کورد ٢٨٠٠ ساڵ بەر لە دایکبوونی عیسا هەروەها بەر لە داهاتنی ئاینی ئیسلام و بڵاوبوونەوەی ئەلفبێی عەرەبی لە کوردستانا، لە هەر کام لەو دوو مێژووەدا ئەلفبێیەکی تایبەت بۆ پێنووسین بەکار هێناوە، وێنەی هەردوو ئەلفبێکەشی لەگەڵ ناوی ئەو سەرچاوانەدا کە ئەم ئیدیعاییەی لێوە وەرگرتوون، لە دوو کتێبەکەیدا بڵاو کردووە. زۆر کەس کە بەندەش یەکێک بووم، باوەڕیان بە دروستیی ئەو نووسراوانەی مامۆستا گیو نەئەکرد و لێی بەگومان بوون و لایان وابوو لەوانەیە ئەویش وەک- هەندێ کەسی تر- هەر لەبەر خۆشەویستیی گەلەکەی بۆ پایە و ڕێوشوێن پەیداکردنی ئەم شانوشکۆیە مەزنە شارستانییەی بۆ دروست کردبێ." (مەلا کەریم، ١٩٩٨: ٩)

پاشان باس لەوە دەکات کە لە ناوەڕاستی حەفتاکاندا وتارێکی لە گۆڤاری (العربي) کوەیتیدا دیوە و ئینجا باوەڕی بە ڕاستیی قسەکانی مامۆستا گیو کردووە، بەڵام لەو کاتەوە تاوەکوو ساڵی ١٩٩٨ لە هیچ جێگەیەکدا باسی لەو هەڵە گەورەیەی خۆی و هاوڕێکانی دەرحەق بە مامۆستا گیو نەکردووە و دوای نزیکەی پەنجا ساڵ دەڵێ؛ "کە ئەو وتارەی گۆڤاری ناوبراوم خوێندەوە، باوەڕم بە ڕاستیی وتارەکەی مامۆستا گیو کرد؛ سەرزەنشتی پێویستی خۆمم کرد کە چۆن ڕێگام بەخۆم دابوو بە ناحەق لە ڕاستگۆیی مامۆستا گیو دوودڵ بم. ئیتر لەو ڕۆژەوە کەوتمە پەیجوری کتێبی ناوبراو (شوق المستهام...) بزانم لە کوێم دەسگیر ئەبێ..". محەمەدی مەلا کەریم، دوای ئەوەی نوسخەیەک لە کتێبەکەی لە بەرلینەوە بۆ دەنێرن و پاش وردبوونەوە لە ناوەڕۆکەکەی، ئەویش وتارێکی ڕەخنەیی و بەپێزی لەسەر دەنووسێ و لەو ژمارەیەی گۆڤاری ڕەنگین-دا بڵاوی دەکاتەوە.

بەڵام دواتر بەشێک لەوانەی کە سەرقاڵی مێژووی وێژە و مێژووی کوردستان بوون، بەسەرپێی باسیان لەم بابەتەکردووە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بەو سەرچاوە بدەن کە لێیان وەرگرتووە. "وەحشیەی نەبەتی کلدانی، ئاماژەی پێداوە دەوروبەری سەدەی دەیەمی زاینی کەسێکی ناسی بە ناوی سورات، چەند پیتێکی بەپێی نووسینی ئەبجەدی داهێناوە و بیرۆکەکانی خۆی پێ تۆمارکردووە. دواتر کوردان بەو پیتانە نووسینەکانی خۆیان نووسیوە. پیتە ئاماژە پێدراوەکان کە بە پیتی ماسی سوراتی ناسراوە، هاوشێوەی ئەو پیتانەیە کە لەسەدەی شەشەمی زاینیدا داهێنران و بە پیتی ئاڤێستاییەکان بەناوبانگن." (مەردوخ، ٢٠١١: ٤٥)

سدیق بۆرەکەیی-ش، لە بەشی یەکەمی کتێبی "مێژووی وێژەی کوردی"دا، بەبێ ئاماژەکردن بە سەرچاوە و لاپەڕە پەرەگرافێکی لە کتێبەکەی ئیبن ئەلوەحشیە وەرگێڕاوەتە سەر کوردی. "مێژوو پێمان دەڵێ کوردەکان خەتێکی تایبەتیان نەبووە، کاتێک خەتی بزماری داهێنرا، کوردەکان و فارسەکانیش پێکەوە بەکاریان هێنا، ئەحمەد بن ئەبی بەکر بن ئەبی وەحشیە ئەلنبطی ئەلکدلانی لە کتێبی "شوق المستهام، في معرفة رموز والاقلام"دا لە سەدەی دەیەمی زاینیدا دەڵێ کەسێک بە ناوی "ماسی سورات" کۆمەڵێ پیتی داهێناوە بەپێی ئەبجەدیەت و بیر و باوەڕەکانی خۆی پێ نووسیوەتەوە، دواتر کوردەکان بۆ نووسین بەکاریان هێناوە. ئەو پیتانە لە پیتی ئاوێسایی دەچن کە لە سەدەی شەشەمی پێش زاین بەکار هاتووە. تا سەرهەڵدانی ئاینی ئیسلام کوردەکان ئەو پیتانەیان بەکار هێناوە... کوردەکان جگە لەو پیتانە خەتی یۆنانی و ئارامی و سریانیشیان بەکار هێناوە..." (الامین، ٢٠٠٢ ج٥،:٣٤٧)

زمان و ئەلفبێی کوردی لە کتێبی (شوق المستهام.. )دا

ئیبن وەحشییە ئەلنەبەتی لە کتێبیەکەیدا لە چەندین جێگە باس لە زمانی کوردی و کتێب و ئەلفبێی کوردی دەکات. لەم کتێبەدا ئەو ئەلفبێیەک بە ناوی ئەلفبێی کوردی دەناسێنێ کە سی و حەوت پیتی ھەیە و دەڵێ کە کوردان لە سەردەمانی کۆندا بەو ئەلفبێیە نووسیویانە. ئەلفبێی مادەکان ٣٦ پیت بووە و ئەوەی کە دڵنیای دەکات کە ئەم ئەلفبێیە میدی-کوردی بووە ئەوەیە کە لە سەدەی نۆیەمی زایین و لە کتێبی ئیبن وەحشیە کە سەبارەت بە ئەلفبێ دێرینەکانی جیھان دایناوە، لەوێدا ئاماژە بە ئەلفبێی کوردی کراوە وەک یەکێک لە ئەلفبێ دێرینەکان و شانبەشانی ئەلفبێی یۆنانی و میسری کۆن خستوویەتە ڕوو. ئەو ئەلفبێ کوردییە ٣٧ پیت بووە. واتە لەڕووی ژمارەوە ئەلفبێ کوردییەکەی سەدەی نۆیەمی زاینی ھاوبەشە لەگەڵ ئەلفبێی میدەکان، لە کاتێکدا لە ھەمان کتێبدا ئەلفبێی فارسەکان تەنھا ٢٨ پیتە، واتە ئەو ئەلفبێیەی کە فارسی کۆنی پێ نوسراوە، لەڕووی ژمارەوە لەگەڵ ئەلفبێی فارسی سەدەی نۆیەمی زاینیدا نەگونجاوە. لەخوارەوە بە هەندێ شیکردنەوەوە باسیان لێوە دەکەین.

لە لاپەڕە ١٣٤دا دێتە سەر باسی خەتی کوردی دەڵێ: "یەکێکی تر لە سیفەتەکانی ئەلفبێ کۆنەکان، کۆمەڵێ پیتی تێدایە لە بنەماکانی پیت بەدەرن. کوردەکان ئیدعای ئەوە دەکەن کە  ئەوە ئەو (ئەلفبێ)یە کە بینوشاد و ماسی و سوراتی هەموو زانست و هونەر و کتێبەکانی خۆیانیان پێ نووسیوەتەوە."

موکریانی، سەبارەت بەم پیتانە دەڵێ "ئەگەر ئەمڕۆ زاناکانی کورد بەچاکی بە ڕێکوپێکی ئەو حروفاتە کوردیە بکۆشن و بیخەنە قاڵبێکی چاکەوە، دەبێیە باغەی میللەت و مەعارف، وابزانم میللەتی کورد لەوە زۆر ئیستیفادە ئەکەن ئەگەر تەمای کوردژیانەوە لە دەماغی گەورەکاندا هەبێ دەیکەنە ئەساس." (موکریانی، ١٩٢٩: ٥)

وەک لە وێنەکەدا دیارە لە ژێر هەموو پیتە کوردییەکاندا پیتە عەرەبییەکانی بەرامبەری داناوە. ئەوەی جێگەی ڕامانە لەو پیتانەدا پیتی (پ) و (چ)یش دانراون. بەڵام شەش پیتی دیکەی کوردی لە وێنەکەدا هەن و جۆری دەنگەکانیانی دیاری نەکردوە. محەمەدی مەلا کەریم لەو بارەوە دەڵێ "وا وتمان دوان لەو شەش پیتانە (ژ) م (ڤ)ن، ئەی ئەو چوارەکەی نیشانەی چین؟ ئێمە گەلێ دەنگی وەک (ڕ)، (ڵ)، (ۆ)، (وو) و (گ) و گەلێکی ترمان هەیە کە لە کوردیش و گەلێ زمانی تردا هەن. ئاخۆ ئەم چوار پیتە کە دەمێنێتەوە وێنەی کام یەک لەو دەنگانە بێ و ئەی دەنگە پیت بۆ دانراوەکانی ترمان؟

پرسیارەکەی محەمەدی مەلا کەریم تا ئەو ڕادە لەجێگەی خۆیدایە گەر ئەو ئەلفبێیە بە سۆرانی ئەمڕۆ نووسرابێ، بەڵام هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە ئەو ئەلفبێیە هی زمانی کۆنی میدییەکان یان وردتر بڵێین بۆ زمانی پەهلەوەی نووسراوە کە زۆر نزیکە لە هەورامی و، وەک ئاشکرایە دیالتیکی هەورامی پیتی زۆرترە لە سۆرانی. هەرچەندە هەندێ لە شارەزایان پێیان وایە کە زمانی کوردی (٣٧) دەنگی هەیە، بەڵام لە سیستەمی ئەلفبێی ئەمڕۆدا (٣٤) پیتی بۆ دیاری کراوە.

حسێن حوزنی موکریانی، لەبارەی ئەو پیتانە کە لە کتێبەکەدا پیتی عەرەبی هاوشێوەی دانەنراون نووسیویەتی "ئەو حروفانەی لە ژێریاندا ئیشارەت نەدراون دەتوانرێ لەبری ئەم حەرفانە بەکار ببرێن (ژ، ڤ، ب، چ، گ، ۆ، پ، کی، وو) و بخرێتە ژێر قاعیدەیەکەوە. (موکریانی، هەمان: ٥)

دیاکۆ هاشمی، مامۆستای زمانی کوردی، ئەمە زیاتر ڕوون دەکاتەوە و دەنووسێ: "بۆ دوو دەنگی بزوێن و نەبزوێنی (u وw) تەنها یەک پیتی (و) دانراوە: (وا)  wane)) کوردKurd). بۆ دوو دەنگی بزوێن و نەبزوێنی (îوy)یش یەک پیتی (ی) دانراوە: (مـیــر mîr)) مەی mey)) یا  (yar). بۆ دەنگی درێژی  (û)ش واو دووپات بووەتەوە (وو = û). کە وا بێت، پیتی (و) و پیتی (ی) هەم ئەرکی بزوێن و هەمیش ئەرکی نەبزوێن دەگێڕن. دەنگی فرەکورتی  (i)یش کە پێی دەوترێت “بزرۆکە” هیچ پێتێکی بۆ دانەنراوە: (برین  birdin)) کە وا بێت بۆ (٥) دەنگی (w, u, y, î, i) تەنیا (٢) پیتی (و، ی) لەبەرچاو گیراوە، هەر بۆیە دەڵێن ژمارەی دەنگەکان (٣٧)ن و ژمارەی پیتەکان (٣٤)ن. لە زۆربەی زمانەکانی دنیادا ژمارەی دەنگەکان و پیتەکانی ئەلفبێ وەکوو یەک نین، بۆ نموونە، لە زمانی فارسی، سویدی و ئینگلیزیدا."

دکتۆر محەمەد مەحوی، ڕای وایە: "(دەنگەکان هێمایان بۆ دادەنرێت، کە بە پییت ناسراون. لەڕووی زانستی ئەمڕۆوە، گراف یان گرافێم بۆ فۆنێمەکان دەچەسپێنرێن. دوو ئەگەر بۆ ئەو دوو هێما نەزانراوە هەن: لەو لاپەڕەیەدا، کە تۆ بۆ منت ناردووە، ڤاوڵەکان هێماکانیان دەبینرێن، بەڵام بۆ نیمچە کۆنسۆنانتەکانی y و w هێما یان پییت نابینرێن. دەشێت دوو پییتە نەزانراوەکان بۆ ئەو دوو دەنگە بن.

دەنگەکانی یان فۆنێمەکانی /ڕ/ و /ڵ/ لە کرمانجیی ناوەڕاستد نوێن، بۆیە ناشێت پیتەنەزانراوەکان بۆ ئەو دووانە بن. خۆ ئەگەر  گەنجی پیتەکان بۆ گەنجی دەنگەکانی کرمانجیی سەروو بووبێتن، ئەوا دەبێت کرمانجیی سەروو ئەو سەردەمانە و ئەمڕۆیش هەر /ڕ/ و /ڵ/ نین و ئەمەیش دروستیی بۆچوونی یەکەم نیشان دەدات. ئەلیفی /ا/ زمانی عارەبی، کە زۆرجار هەمزەیشی لەسەرە، نیمچەکۆنسۆنانتی ئا /ا/ یە. زمانە کوردییەکە ئەو هێمایەیشی نییە.

ئیبن وەحشیە لە لاپەڕە ١٣٥ دا دەڵێ: "پیتەکانی دیکە لە زمانەکانی ناوچەکەدا هیچ هاوشێوەیەکیمان نەدۆزییەوە، ئەلفبێیەکی زۆر عەجیبە و وێنەی نامۆی تێدایە. لە بەغدا لە (ناووس)ێکدا سی کتێبم بینی کە بەم خەتە نووسرابوونەوە، لە شام دوو کتێبم لەو کتێبانە لا بوون. یەکەمیان باسی داچەقاندنی ڕەز و دارخورمای دەکرد و ئەوەی دیکەشیان باسی هۆیەکانی ئاو و چۆنێتیی دەرهێنانی لە زەوییە ئەسڵ نەزانراواوەکاندا دەکرد. لە زمانی کوردەکانەوە وەرم گێڕاونەتە سەر زمانی عەرەبی تا ئادەمیزاد کەڵکی لێ وەربگرن. پێشتر تەواوم نەکردبوون، کە خوا بۆی ئاسان کردم و لە بیست ویەک (عەلەف)دا تەواوم کردن. سوپاس بۆ پەروەردگار بە پێی مەبەست و ئارەزووم بوو. کردم بە زەخیرەی حەزرەتی ئەمیری موسڵمانان عەبدولمەلیک بن مەروان. خوا بەختەوەریی و دەوڵەتەکەی شادومان بکا و سەڵتەنەتەکەی ڕابگرێ. ڕۆژی پێنجشەمەی موبارەک سێی مانگی ڕەمەزانی ساڵی  ٢٤١ کۆچی..."

لە کۆتایی ئەو لاپەڕەیەدا ئیبن ئەلوەحشیە باس لەوە دەکات کە کتێبەکەی تەواو کردووە، لەڕێگەی بەراوردکردنی ساڵ و ڕۆژەکەوە بۆمان دەردەکەوێت کە ئەو مێژووە بە وردی دەکاتە ١٨ی کانونی دووەمی ساڵی ٨٥٦ زاینی.

بە وردبوونەوە لەو مێژووەی لەسەر کتێبەکەیە دەردەکەوێ ئەو ساڵەی کە تێدا ئیبن ئەلوەحشیە کتێبەکەی تەواوکردووە، کە ٢٤١ی کۆچی دەکات، وەک خۆی دەڵێ پێشکەشی گەنجینەی حەزرەتی ئەمیری موسڵمانان (عەبدولمەلیک بن مەروان)ی کردووە. گومان لەسەر ڕێکەوتی تەواوکردنی کتێبەکە و پێشکەشکردنی بە عەبدولمەلیک بن مەروان دەکرێ، چونکە لە ساڵی ١٣٢ کۆچی واتە ١٠٩ ساڵ پێش ئەو مێژووە خەلافەتی ئەمەوی کۆتایی پێ هاتبوو.

بە بۆچوونی جوزیف هەمر کە پێشەکی بۆ چاپە ئینگلیزەکەی نووسیوە، هیچ لۆژیک لەوەدا نییە جگە لەوەی کە دەبێ لەو سەردەمەدا کتێبخانەیەک بە ناوی عەبدولمەلیک بن مەروان هەبووبێت. محەمەدی مەلا کەریمیش هەمان پرسیار لەو نووسینەی کە لە ژمارە ١١٧ی گۆڤاری ڕەنگیندا بڵاوی کردووەتەوە دەورووژێنێت و بێ هیچ ئەنجامێک لێی دەردەچێ. بەڵام هیچ لێکۆڵەرێکی عەرەبی ئەم پرسە سەرنجی ڕانەکێشاون و لێی بێدەنگ بوون. 

لە لاپەڕەی ٦٧ دا بەشی حەوتەم (الباب السابع)دا بەم شێوەیە نووسیویەتی: "... ئەلفبێی پاشاکان کە پێش پاشای سریان و هەرمسیەکان و فیرعەون و کەنعانی و کلدان و کلدانەکان،  نەباتییەکان، کوردەکان، کاسدانییەکان، و فارسەکان و قیبتییەکان بوون."

هه روەها له لاپەڕه ١٣١دا نووسیویەتی: "کلدانییەکان.. زاناترین میللەتی زەمانی خۆیان بوون لە بواری زانست و مەعریفە و حوکم و پیشەسازیدا، تەنها کوردەکان دەیانویست شان لە شانیان بدەن و لاساییان بکەنەوە، هەڵبەت جیاوازییەکە ئاسمان و رێسمانە، بەڵام کوردەکان لە کشتوکاڵ و تایبەتمەندییەکانی گیادا زۆر شارەزا بوون. ئیدعای ئەوە دەکەن ئەوان لە نەوەی بینوشادن و سفری چاندنیان لە ئادەم دروودی خوای لەسەر بێ پێدراوە و سفری "سفریت" و سفری "قوتامی" پێگەیشتووە. بەهەرحاڵ، کوردەکان ئیدعای ئەوە دەکەن هەر حەوت سفرەکەیان زانیوە و، لە مصحەفی بەڕێز دوانای دەزانن و شارەزای سیحر وتەلیسم، واش نییە بەڵکوو ئەو زانست و هونەرەیان لە کلدانییەکانەوە پێگەیشتووە و ئەوان لەوەدا لە پێشەوەی ئەوانن، هەر بۆیە دوژمنایەتییەکی ئاشکراو و بەردەوام لەنێوانیاندا هەیە..."

حسێن حوزنی موکریان لەو تێچنەی کە لە گۆڤارەکەدا بۆ ئەم بابەتەی نووسیوە دەڵێ: "ئێمە دەڵێن کە مێژووی ئاساری کوردان ئیسپات دەکەن کە صەنعەت و فەن لە کوردەوە کلدنانی هێنابوویانە دەست، کورد لە پێش هەموو ئەقوامدا لە خەو هەستاوە و چاوی کردەوە و لە علم و فەندا سەرکەوتوو بوون؛ گەلێک عولەما و فەیلەسوف و موئەلیف و کارگەری بەناوبانگ لە کوردی پێش میلاد هاتوونەتە مەیدانی ناودارییەوە..." (موکریانی، ١٩٢٩: ٤-٥)

 

دکتۆر مەجید ساڵح

توێژەری بواری مێژووی سیاسی

 

سەرچاوەکان:

الامین، حسن (٢٠٠٢) دائرة المعارف الشیعية، المجلد الخامس، دار التعارف للمطبوعات.

بصمەجی، سائر (٢٠١٦) ظاهرة التشکیک بوجود بعض العلماء العرب، مجلة افق الثقافة والتراث. العدد ٩٦.

موکریانی، حسێن (١٩٢٩) تەماشای ئاثارکە و بزانە کورد لە پێش طۆفاندا چلۆن بووە، زاری کرمانجی ژمارە ١٨ ٢٧ ئازاری.

موکریانی، گیو، (١٩٥٤) گۆڤاری هەتاو ژمارە یەک.

میرعلم، یحی، ابن وحشية النبطي وريادته في كشف رموز هيروغليفية، مجلة مجمع اللغة العربية بدمشق، المجلد (٧٩) الجزء (٤).

مەردوخ، ئایەتوڵڵا محەمەد (٢٠١١) مێژووی کورد و کوردستان، وەرگێڕانی زانەر محەمەد.

مەلا کەریم، محەمەد (١٩٨٩) گۆڤاری رەنگین، ژمارە ١١٧.

ANCIENT ALPHABETS AND HIEROGLYPHIC CHARACTERS EXPLAINED; WITH AN ACCOUNT OF THE EGYPTIAN PRIESTS, THEIR CLASSES, INITIATION, AND SACRIFICES, IN THE ARABIC LANGUAGE. .BY AHMAD BIN ABUBEKR BIN WAHSHIH; AND IN ENGLISH BY JOSEPH HAMMER, SECRETARY TO THE IMPERIAL LEGATION AT CONSTANTINOPLE



ئاوەز ژۆرناڵ بڵاوكراوەیەكی گشتییە بە زمانی كوردی دەردەچێت، بنکەکەی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقە. ئارەزووی ڕووماڵکردنی سیاسی، ئابووری، ڕۆشنبیری، مێژوو و بابەت و ڕووداوەکانی دیکەی هەیە، دامەزراوەی كوردستان كرۆنیكڵ دەریدەكات .
info@awezjournal.com
+964(0) 750 928 83 85

Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved


X