22/12/2024
زمانی کوردی لە ڕیکلامدا لەنێوان فرۆشیار و کڕیاردا

 

"یاڵڵا زرۆبی... زرۆبی گەرم و نەرم... زرۆبی زرۆبییان."

هێشتا خۆر سەری لە کەل دەرهێنا بوو و دەرنەهێنابوو، تازە کڵۆم و کێلۆنی دەرگاکانی گەڕەکێ دەکرانەوە، ئەو دەنگە زوڵاڵە، دوور دوور، لە کۆڵانەکانی شاری کۆیە دەهاتە بەرگوێ، دەبووایە، خێرا بگەیتە بەردەرگا و زرۆبی خۆت زامن بکەی، دەنا لە گەڕانەوەیدا، قابلەمەکەی مستەفای زرۆبیان خاڵی دەبوو. ئەو هەر سێ سیفەتە تایبەتەکەی زرۆبییەکان خۆی، لە سێ وشەدا چڕدەکردەوە:" گەرم، نەرم، زرۆبییان" ئەو لەنێو چەندان سەرەویلک، قابلەمەکەی دەخستە بن هەنگڵی، تا زرۆبییەکان سارد نەبنەوە. لە  نەرمیشدا، هەر بە لێوان دەخوران. مەبەستیش لە وشەی "زرۆبییان" نازناوی خۆی ببوو"مستەفای زرۆبییان".

ئەو زاتە، پێش ٦٠ ساڵێک لە  کۆیە، هەر بۆ ماوەی دوو سێ دەمژمێری سەر لە بەیانی، زرۆبییەکانی خۆی لە شاردا دەگێرا. بۆیە نازناوی "زرۆبییانی" بەسەردا بڕابۆوە، ئەو زرۆبییەی کە لە ماڵەوە دروستیان دەکرد، کە تیرەکەی ٤٠ سم  دەبوو، ڕەنگ و بۆن و تامێکی زۆر تایبەتی هەبوو، هیچکەس نەیدەتوانی لاساییی بکاتەوە. بەداخەوە، ئەو بنەماڵە،  پێکهاتەوە و شێوازی دروستکردنی ئەو جۆرە زرۆبییەیان بەنهێنی هێشتەوە و ڕێیان نەدا تەنانەت بووک و  نەوەکانی خۆشیان پێی شارەزابن. واتا بە کۆچکردنی مستەفای زرۆبییان، چیتر  خەڵکی شار، تامی ئەو زرۆبییەیان نەکردەوە و کەس جارێکی دی شكڵ و شێوە و ئەندازەکەی نەدیتەوە.

بەڵام  لە جیهاندا  زۆر پێش بانگەوازەکەی '"مستەفای زرۆبییان" ، خەڵک بە هاوار هاوار و بانگڕاهێشتن و جاڕدان و هێندێ جاریش بە نواندنی نمایشی کۆمیدیایە، بانگەواز و ڕیکلامیان بۆ شتومەکەکانیان کردووە، بە مەبەستی ڕاکێشانی سەرنجی زۆرترین کڕیار و گەرمکردنی بازاڕی ڕۆژانەی خۆیان.

دەکرێ مێژووی سەرهەڵدانی ڕیکلام بۆ  سەدەکانی ناوەڕاست بگەڕێنینەوە، بەدیاریکراویش لە وڵاتانی ڕۆژاوادا، ئەوەیش هەر بە زار بووە. بەڵام داهێنانی ئامێری چاپ لە سەدەی شانزەمیندا و دەرکردنی ڕۆژنامە لە سەدەی حەڤدەمیندا، لە شارێکی وەکوو لەندەن، بە نموونە، ڕیکلام، لە شێواز و قەبارە و کاریگەریدا  گەیشتە قۆناغێکی نوێ.

جا لەو ڕۆژەوە لەگەڵ گەشەکردن و فراوانبوونی بازاڕ و بازرگانی و پێشکەوتنی پیشەسازیدا، ڕیکلام و ڕێکلامکردن بوو بە زانست، لە زانکۆ ناودارەکانی جیهاندا، بوو بە  ڕشتەی دیار. چونکێ وڵاتێکی وەکوو ئەمریکا  بە پلەی یەکەم و چین بە پلەی دووەم پیشەسازین، گەورەترین عەمبازیان لە هونەر و شێواز و ئیستراتیژییەتی ڕیکلام دەرکردن هاویشت.

زانییارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ساڵانی ١٩٢٠دا دەزگا و کۆمپانیای سەربەخۆ، تایبەت بە ڕێکلام، هاتنە ئاراوە و هێندەی پێنەچوو، کە گوریس ڕاکێشان و کێبڕکێ لەنێوانیاندا، وای کرد زۆر گۆڕانکاری و بگرە داهێنانیش لەم ڕشتە پڕ قازانجەدا بکرێت.

ئیمڕۆش، لە سەردەمی دیجیتاڵ و تەکنەلۆژیای سەردەم و میدیای نوێ و ژیریی دەستکرددا، ڕیکلام گەیشتووەوتەوە ئەو لووتکەیەی کە بە  چاوی خۆمان دەیبینین و دەیخوێنینەوە و  بە گوێی خۆمان دەیبیستن ... تاد.

پێناسەی ڕیکلام:

ئیسایکلۆپیدایی بریتانیکا "Encyclopedia Britannica " بۆ زاراوەکە نووسیوویەتی:

" ڕیکلام، ئەو تەکنیک و پراکتیزانەیە  کە بەکار دەهێنرێن بۆ گەیاندنی بەرهەم، خزمەتگوزاری، بۆچوون، ئایدیا، بە خەڵک؛ یان ئامرازێکە  بۆ ئاگاداریی گشتی خەڵک،  بە مەبەستی ڕازیکردنیان   و ڕاکێشانیان، بۆ ئەو شتەی کە ڕیکلامی بۆ دەکرێت. زۆربەی ڕیکلامەکان بریتین لە ناساندنی کاڵایەک کە بۆ فرۆشتنە، زۆرجار لەڕێگەی مارکێتینگی بڕاندەوە، بەڵام شێوازی هاوشێوە بەکار دەهێنرێت، بۆ خاتری هاندانی خەڵک بۆ:  کرێنی کاڵایەک، بەکارهێنانی ئامرازێک بە سەلامەتی، بۆ پشتگیریکردنی ڕێکخراوەێکی خێرخوازی، یان دەنگدان بە بەربژێرێکی سیاسی ...تاد.  لە زۆرێک لە وڵاتاندا، ڕیکلام گرنگترین سەرچاوەی داهاتە بۆ میدیاکان (بۆ نموونە ڕۆژنامە، گۆڤار، یان ڕادیۆ و  تەلەفزیۆنەکان) کە لەڕێگەیانەوە بەڕێوە دەچێت. لە جیهانی سەرمایەداریدا  ڕیکلام بووەتە پیشەسازییەکی خزمەتگوزاریی گەورە و گرنگ.

ئامرازەکانی بریتین لە دەنگ،  بابەتی نووسراو، بابەتی بینراو: تیڤی و سینەما و میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

ڕەچەڵەکی زاراوەی "ڕیکلام":

ڕەنگبێ تەمەنی زاراوەی "ڕیکلام" لە فەرهەنگی کوردیدا، دوو سێ دەیە تینەپەڕێنێت، وەک چەندان زاراوەی دیکە، لە زمانی بیانی پەڕیوەتە ناو زمانی ئێمە و تاڕادەیەکیش ئیمڕۆ، حزووری خۆی سەلمەندووە و سڕینەوەی هاسان نییە، بەتایبەتی لە باشووری کوردستاندا. 

لەڕاستیدا، بنەچەی وشەکە دەچێتەوە سەر زمانی ئەڵمانی، ئەوەیش وەک "ناوی کەسی". لە ساڵی 1828، کابرایەک بە ناوی ئەنتۆن فیلیپ ڕیکلام  Anton Philipp Reclam (١٨٠٧-١٨٩٦)  لە شاری لایپزیگ، لە ئەڵمانیا دەزگای "ڕیکلام ڤێرلاگ  Reclam Verlag"ی بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە کردەوە. جا ئەو دەزگایە دەستی کرد بە چاپکردنەوە  وەشاندنی بەرهەمەکانی، کە پتر کتێبی ئەدەبی کلاسیکیی بچووک بوون بۆ قوتابخانە و زانکۆکان. جا ئەو ئەنتۆن فیلیپش، شاگردی باوکی خۆی بووە کە ئەویش هەر کتێبفرۆش بووە. بەوەش ناو دەردەکات کاتێ چاپکردنەوەی کتێبەکانی  مۆزەخانەی لیتێراریشێس دەگرێتە ئەستۆ و بەوە ناوبانگێکی فیکری و ئەدەبی لەسەردەمی خۆیدا پەیدا دەکات. بەوە دەرگای خێر و بێری چاپکردنی بە ڕوودا دەکرێتەوە و دەبێتە ناوێکی جیهانی و  دەست دەکات بە چاپکردنەوەی شاکارە ئەدەبییە جیهانییەکان، لە ساڵی ١٨٥٨ تا ١٨٦٥ بەرهەمە تەواوەکانی ویلیام شێکسپیری  بە نرخێکی گونجاو بڵاوکردەوە.

کۆنترین بەدەرکەوتنی وشەی "ڕیکلام" کە لە زمانی فەڕەنسی بەکارهاتووە لە ساڵی 1851 بووە، ئەوان وشەی " réclame "یان وەک زاراوەیەکی جیهانی مۆزیک بەکار هێناوە؛  بە واتای هات و هاوڕێش هاتووە،  بەڵام ئەمە دوور و نزیک، پەیوەندیی بە چەمک و زاراوەکەی ئێمەوە نییە. 

لە فەرهەنگەکانی ئینگلیزیدا، ڕاڤەی جیا جیا بۆ وشەی "ڕیکلام" کراوە – کە ئەوان بە "ڕێیکلام" دەیبێژن.

لە Collins English Dictionary  دا هاتووە:

ڕیکلام – ناو:

 

ستایشیی گشتی یان سەرنجڕاکێشان؛ بانگەشەکردن.

 

توانای ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک بۆ  بانگەشە.

ئینگلیز، بۆ خۆی،  زاراوەیAdvertisement  بە واتای ڕیکلام بەکار دەهێنێ  و فۆڕمە کورتکراوەکەی "ad." ە.

ئێمەی کوردیش ئیمڕۆ،  هەر لەجێی "بانگەشەکردن – ئیعلاناتی عەرەبی – تەبلیغاتی فارسی" بەکاری دەهێنین.

ڕیکلام لە کوردەواریدا:

لەگەڵ دروستبوونی شار و گەرمبوونی بازاڕ و گەشەکردنی بازرگانی و پیشەسازی و پێشکەوتن و هاسان و خێراتربوونی ئامرازەکانی گەیاندن و گواستنەوە، ڕیکلام شێواز و ئامرازی خۆی لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا گونجاند.

لەڕاستیدا، جاران عەوجە نەبوون بە بەکارهێنانی وشەیەکی تایبەت بە واتای "ڕیکلام و ڕیکلامکردن". جاران فرۆشیارێک لە ناو دێدا یان لەبەر دەرگای مزگەوت بە دەنگی بەرز، سەرنجی خەڵکی بۆ کاڵا و شتوومەک و بەرهەمەکانی خۆی ڕادەکێشا، کابرا  دەنگ خۆی هەڵدەبڕی و ئاماژەی بە بەرهەمەکەی دەکرد:"وەرنە پیوازان.. پیوازی چیووەی.. پیوازی ئەمساڵ." 

لە زمانی کوردیدا وشەی:"بانگەشە، بانگڕاهێشتن، بانگەواز، جاڕدان"مان هەیە، بەڵام هیچیان هاوتای ڕیکلام نین و هەر یەکێکیان مانا  و بەکارهێنانی خۆی هەیە. بانگڕاهێشتن پتر بۆ ئەوە بوو سەرنجی خەڵک ڕاکێشن بۆ بزربوون یان دۆزینەوەی شتێک، "مرۆڤ، گیاندار یان بێگیان" یان بۆ ئاگادارکردنەوە دانیشتووانی شارێک کە نەخۆشێک پێویستی بە کۆمەکە یان ڕێگەیەک دەگیرێت... تاد. هەرچی وشەی "جاڕدان"ە پتر شێوە سەربازی و فرمانیی پاشا و سوڵتان و میر و فەرمانڕەوا دەدات، وەک" پاشا فرمانی دا، کە جاڕ بدرێت، سبەینی جەژنی تاج لەسەرنانی کوڕی پاشایە."

بازاڕ و ڕیکلامی کوردیی جاری جاران، جیاوازییەکەی ئەوتۆیان نەبووە لەگەڵ ئەوانەی دەرودراوسێ. دەکرێ قۆناغەکانی پەرەسەندنی ڕیکلامی کوردی، لە شارەکاندا،  بەسەر چوار تەوەرەدا پۆلێن بکەین:

یەک: تەوەرەی  بانگەشەی زارەکی:

فرۆشیار، لە بازارگان و کاسبکار و دەستگێر و دێوەرە، بە زار – زۆرجار بە دەنگی بەرز، بانگەشەیان بۆ کاڵا و شتومەکەکانی خۆیان دەکرد، کە پتر سەوزە و میوە و بەربوومی کشتوکاڵی و ئاژەلی بووە، لەگەڵ قوماش و کۆتاڵ و وردەواڵەی دەستگێڕەکان. 

ئەمەش دەکەین بە دوو ڕۆژگار:

ڕۆژگاری پێش ڕاپەڕینی 1991:

لەو ڕۆژگاردەدا، فرۆشیاران  بە زمانی کوردیی سادە و ڕەوان و خۆشی ناوچەی خۆیان، بانگەشەیان بە دەنگی بەرز دەکرد. فۆڕمەکانیان خاڵی بوو لە وشەی بیانی و داتاشراو و دروستکراو و ناساز و نادروست.  هیچ دەزگا و کۆمپانیا و ناوەندێکی زانستیی ڕیکلامکردنیان نەبووە. ئەوان بۆخۆیان داهێنەر و وەستای ئەو وشە و دەستەواژە و ڕستانە بوون، کە زۆر بەسروشتیی گونجاو بوون  لەگەڵ سروشتی زمانی کوردی و سروشتی ژیان و گوزەرانی خۆیان. جار بووە دوکاندارێک یان دەستگێڕێک، بۆ چەندان ساڵ، هەر یەک قاڵبی ئامادەسازیی خۆی هەبوو بۆ بانگەشەکەی خۆی.

بڕوانە، ئەو زمانە سادە و سروشتییە خۆشەی کوردی کە  لە زاری بانگەشەکەرەکاندا  دەردەچوو – ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو، دەڤەری هەولێر و کۆیە، بە نموونە:

 

"وەرنە حەلقومی کوردی... هاتەوە حەلقومی کوردی.". بانگەشە بۆ شاتووی ڕەش و سپی لە کۆیە.

 

"شەکرەباوی کانی ئۆمەراغا... سێوی تۆپزاوا... هەناری نازەنینێ." بانگەشە بۆ شەکرەباوی و سێو و هەنار.

 

"ترێی ڕەشمیریی... ترێی دنووک مراوی... ترێی باڵەکایەتی." بانگەشە بۆ ترێ.

 

"کەلـلە تەزێنە... عیللەت پەڕێنە." بانگەشە بۆ شەربەتی مێوژ لە هاویندا.

 

"هاتەوە... مام هۆمەر هاتەوە... وەرنە گونجی و گەزۆ و لەبزینەی مام هۆمەری." بانگەشە بۆ شیرنەمەنی لە  گۆڕەپان و کۆڵاناندا.

 

"وەرنەوە... وەرنەوە... هەر ئەوڕۆمان ماوە... ساحێبی ژن دەینی." بانگەشە بۆ چەرخوفەلەکی ڕۆژانی جەژن.

 

" یاڵڵا... یاڵڵا... قوماشی خیابان... پارچەی ڕێی تارانێ... کراسی بووک دەرپەڕە... کەوای نازونووز... پشتێنی  ئۆتۆماتیک... سوخمەی خەسووشەقبەرە... کراسی گوڵ شقارتە... پاپووچی سلێمانی..." بانگەشەی دەستگێڕ لە کۆڵاناندا.

 

"ماڵێ بە پەلکە هەنار... ماڵێ بە ئاسنجاوی شکاو... ماڵێ بە کۆنە بەڕە و جاجم و ڕایەخ." بانگەشە لە کۆڵاناندا.

 

"تەکەور، دێگەرە، کەسنەزان.... قوشتەپە، شەقراوە، ئۆمەرمەندان... برای بابم، ڕۆحی ڕەوانم، پێشەوە گیرایە لۆ مەلای گەورە... دەی خۆتان بخورێنن، لە ڕۆحێ شیرینتر، لە گیرفانتان دەربینن. یانزدە دەرهەمە، بەو قەمەرە، هەتا بەردەرکی قەرا.... ڕەبی خودا و محەمەدول مستەفا و ئەسحابە و کاکەحمەدی شێخ ئاگادارتان بی... کوڕە... قادری نەجار، قەپاتە...وەرە، لێخۆڕە، بەرەو ئەو شارە... مەلای گەورەش لەسەر ڕێیە... چاوەڕێیە...ڕەبی خوا ئاگادارتان بی... بابی بابم." مام برایمی دەلاڵی گەراج لە کۆیە، بەم شێوەیە موسافیرەکانی بەرەو شارەکان بە ڕێ دەکرد بە ئۆتۆمبیلی کرێ- تا حەفتایەکانی سەدەی ڕابردوو. 

هێندی جار دەڵاڵی شار، لە ناوەڕاستی مەیدانی شار ڕادەوەستا، یان بەناو بازاڕدا گوزەری دەکرد و بە دەنگێکی بەرز، ئەمەی دەگوت و دەستی دەخستە بناگوێی خۆی:

-" بۆ خەڵکی بەشەڕەفی شاری کۆیە، لەسەر داوای شارەوانی کۆیە، بۆ ماوەی سێ ڕۆژان، ئاو بەرنادرێتەوە، بۆری شکاوە، جا ئاوی خۆتان هەڵێنجن."

"دانیشتوانی بەشەڕەف، بۆ ماوەی دوو ڕۆژان مەشقی سەربازیی دەکرێ، کەس نەچێتە  دەروبەری ڕێی  چنارۆک و ڕێی کووران. کەس نەترسێ، ئەوە تەدریبی عەسکەرییە."

جاربووە، شێوازی بانگەشەکردنەکە بووەتە نازناوی کەسەکە یان بنەماڵەکە: وەک"مستەفای زرۆبییان، نانی حەمەگرانی،  سۆفی عەوڵای دەڵاڵ، دەروێش خدری چەرچی."

بە تێڕاونینێکی سەرپێی، لەو دەستەواژە و ڕستانەی سەرەوە کە شێواز و فۆرمی ڕیکلامی سەردەمی خۆیان بوون، دەبینین:

 

زمانەکە، کوردییەکەی پاراو و ڕەوان و خۆش و ئاوازدارە.

 

دەمخوارکردن و داتاشین و هەڵپاچینی زمانەوانییان تێدا نییە، وەکوو ئاو، لەسەرچاوەوە هەڵدەقوڵێ و ساتمە و گرێ و چاڵی تێدا نییە.

 

زمانەکە، دوورە لە سۆزداری و هەڵخەڵەتاندن و بەلاڕێدابردنی کڕیار.

 

ڕاستگۆیی لە دەقەکاندا دیارە و فرتوفێڵییان تێدا نییە: ترێی باڵەکایەتی، واتا لە ڕەزەکانی دەڤەری باڵەکایەتییەوە هاتووە؛ هەناری نازەنینێ، بە سێ و دوو هی باخچە  و ڕەزەکانی نازەنینێیە.

ڕۆژگاری دوای ڕاپەڕینی 1991:

لەم  ڕۆژگارەدا، دوو گۆڕانکاریی بەرچاو هاتنە پێش: یەک: سەربەستی و ئازادی بانگەشەکەر، کە هیچ کۆت و پێوەندێک نەبوو بۆ هەر شتێ کە دەیەوێ بیڵێت؛ دوو: پێشکەوتنی تەکنەلۆژی و زۆربوونی ئامێر و ئامرازەکانی پێویست بۆ بانگەشە، لە بڵندگۆ و ڕیکۆردەر و هۆکانی گواستنەوە.

دەکرێ بڵێین، بەگشتی، ڕێکلامی زارەکی ئەو چێژ و تام و بۆنوبەرامە و ئامانجی سەردەمی پێش سەردەمی ڕاپەڕینی، تاڕادەیەکی زۆر، لە دەست دا.

فرۆشیار بەزۆری بڵندگۆ لە دوکانەکەی دادەنێ، یان ئۆتۆمبیل و عارەبانەی گەڕۆک، وەک دێوەرە، لە گەڕەک و شەقامەکاندا دەگەڕێن و بە دەنگی بەرز، لەڕێی بڵندگۆوە، وتەی تۆمارکراو، دووبارە دەکەنەوە، بەبێ ماندوو بوون. سەرنج بدەین دەبینین:

 

لە ژاوە ژاو و هاوار هاواری دەنگی تۆمارکراو، شتێک سەرنجی کڕیار ڕاناکێشێت، بۆ کڕینی شتێک.

 

زمانی کوردییەکەی، ئەوەندە لە زمانی ڕۆبۆت دەچێ، هێندە لە زمانی کوردێک ناکات، بەتایبەتی کە دەنگی ڕێکۆردەرەکە دێ بسوێت و پاتری و وزەی لاواز بێت.

 

هەموو بانگەشەکە، هەر چەند وشەیەکی سواوی دووبارەیە، نەک هەر لە یەک دوکاندا، بەڵکوو بەدرێژایی شەقام و بازاڕەکان هەمان قەوان دوووبارە دەبنەوە.

 

جێگەی ڕاستگۆیی و متمانە نین. هێلکەی خۆماڵی، دەردەچێ هێلکەی هاوردەکراوە. ئەو کاڵایەی وەک هەرزانترین نرخ بانگەشەی بۆ دەکرێ، چەند هەنگاوێک وێوەتر، دەبینی هەرزانترە... .

 

زۆربەی زۆری کڕیاران هیچ بایەخەێک بەو بانگەشانە نادەن و، ئەسڵەن، هەر گوێشیان لێ ڕاناگرن.

چەند نموونەیەک: هەمووی ڕیکۆڕد کراوە و بەردەوام دەگوترێتەوە:

"وەرەنەوە، هەرزان فرۆش، هەرزانمان کرد، هەرچیت دەوێ بە هەزاری. بە هەزاری هەموو کەلوپەلەکی ماڵێ، وەرنەوە، مەزات.. مەزات... ، بە هەزاری، بە هەزاری، بە هەزاری... ." دوکاندارێک.

"هەڕاجمان کرد... تەماتەی خۆماڵی... تەماتەی مزر و خۆش ... دوو کیلۆ بە هەزار دیناری... بە سیعری عەلوەی... هەرزانەکە لێرەیە." بازاڕی کۆیە 2024.

"شووتی دەرماناو ... شووتی خۆمانە .... ئەم بەیانییە لێکراوەتەوە ... دوو کیلۆ و نیو بە هەزاری... بە شەرتی سۆر و شیرینی." بازاڕی تەقتەق 2024.

'کیلۆی گوێز بە سێ و نیو... سێ کیلۆ بە دە هەزاری ... سێ کیلۆ گوێزی دەرەجە یەک بە دە هەزار ... نیو قیمەتی بازاڕی." بازاڕی سلێمانی 2024.

"تەماتە، تەماتەی سوور و جوان، باینجان، خەیار، کوودو، پیاز، کەلەم، خاس، گێزەر، سەوزە و سڵق و شبیت و تەڕەپیاز، هەرزان و تاڵان... ." ئۆتۆمبیلی گەڕۆک لە کۆڵان و گەڕەکان.

"کۆنە سەلاجە وەردەگرین، کۆنە موبەڕیدە دەکرین، کۆنە  فرێزەر دەکڕین، کۆنە کاوەنتەر دەکڕین، کۆنە بەڕە و فەرش دەکڕێن، کۆنە ئاسنجاو سەماوەر و دەستشۆر دەکڕین، بە سابوون، بە شامبۆ، بە تاید، بە پارە... " گەڕۆک، بە پیکاب لە کۆڵان و گەڕەکاندا.

لەم دواییەدا، بە فرمانی شارەوانی، غازفرۆشەکان، لەجیاتی بانگەشە بە دەنگ یان بە ڕیکۆرد، دەبێ سروودی نیشتمانی لێدەن، هێندێکیشیان بە دەنگی مۆزیکی تۆمارکراو، بانگەشە دەکەن.

دوو: تەوەرەی  بانگەشە بە نووسین:

پێش ڕاپەڕینی 1991:

هەرچەندە لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا، ژمارەیەکی بەرچاو گۆڤاری کوردی لە بەغدا و هەولێر و سلێمانی دەرچووە، بەڵام ڕێکلامکردن، بە نووسین، لەواندا زۆر کەم دێتە بەرچاو، ئەوان پتر ڕیکلامیان بۆ ناوی گۆڤارەکەی خۆیان کردووە. ئەوەندەی ڕیکلامە بازرگانییەی بڵاویش کراوەتەوە لەژێر ناونیشانی "اعلانات"ی عەرەبییەوە بووە.

لە پەنجایەکانی سەدەی ڕابردوودا، ساڵانە ئیستگەی ڕادیۆی کوردی لە بەغدا، گۆڤاری بەرنامەکانی خۆی بە شێوەی وەرزی، بەخۆڕا، لە شارەکانی باشووردا  بڵاو دەکردەوە و جار و بارە ڕیکلامی بە زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزیشیان تێدا بڵاو دەکرایەوە. ڕیکلامەکان بە زمانێکی سادەی سەردەمی خۆیان بوون، کە خاڵی نەبووە لە وشەی عەرەبی و تورکی و فارسی و بیانی و ڕینووسەکەشی هەر هی سەردەمی خۆی بووە.

هەر لەو ڕۆژگارەدا، نووسینی تابلۆی سەر دوکان و کۆگاکان دەهات پەرە بستێنێت، بە خەتی خۆش و ڕەنگاڵ و ڕازاوە بە ڕووناکی و چرا لەسەری پێشەوی دوکانەکان هەڵدەواسران. شارەوانی، ساڵانە،  باجی تابلۆیانەی خۆی دەستاند. ئەوەی دەبینرا  هەموو تابلۆیەکان  بە زمانی کوردی بوون، کە زۆربەیان بە ناوی خانەوەکانیانەوە بوو، وەک "کۆگای  حاجی باقی، بوغازەی دڵشاد، لۆقنتەی ڕێنگە،  چایخانەی لاوان و ڕۆشنبیران، کتێبخانەی حاجی قادری کۆیی... ."

هێندێ کۆمپانیای ڕادیۆ و ڕیکۆرد – دواتریش هی تیڤییەکانیش، پۆستەری ڕەنگاڵی خۆیان بە خۆڕایی دەدا بە خاوەن بریکارەکانیان، ئەوانیش لە دوکانەکانیاندا  نمایشیان دەکرد، بەڵام بە زمانی کوردی نەبوون.

لە ساڵی 1980 حکوومەتی بەغدای ئەودەم  فەرمانی دەرکرد کە نابێ هیچ تابلۆیەکی هەڵواسراو لە عێراقدا وشە و زاراوەی زمانی بیگانەی تێدابێ. دەبێ ئەوان بە زمانی فەرمی دەوڵەت بن، عەرەبی، یان کوردی. – لە هەولێر "وێنەگری ئۆسکار"، تابلۆیەکەی خۆی گۆڕی و کردی بە "وێنەگری ساکار" ، دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991، جارێکی دی کردییەوە بە "وێنەگری ئۆسکار".

وەک نموونە: 

لە ژمارە  28 ی گۆڤاری ڕەنگین – 1990، 11 ڕیکلام بڵاو کراوەتەوە، یەکێکیان لەسەر بەرگی پشتەوەیە. وەك:

نموونەی یەك:

" کێک و ئیشی هەویری تارا – کێک و پاقلاوە / بە باشترین جۆر بە گوێز و بستە و رۆنی خۆمالی لە هەموو بۆنە و جەژنەکان و ئاهەنگی نیشتیمانی، کێکی ئاهەنگی لەدایکبووندا کێکی ئاهەنگی شەکراوخواردنەوە . / سلێمانی بازاری فەرهاد تەنیشت ژووری بازرگانیی سلێمانی/ خاوەنی ڕوؤف حسین رضا   و نهاد محمد علی قاضی"

نموونەی دوو:     

 "کارگەی ساردەمەنی دڵشاد / کارگەی ساردەمەنی دڵشاد ئامادەیە بۆ فرۆشتنی ساردەمەنی – چلورە – موطە دۆندرمە بەبسکت بەقاپ بە هەموو ڕەنگێ هەروەها بەتاک بەکۆمەڵ بۆ هەموو شارو پارێزگاکانی وڵات / سڵیمانی – شەقامی چوارباغ – بەرامبەر سانەوی سلێمانی کوڕان. خاوەنی احمد عبداللە."     

نموونەی سێ:

"کۆمپانیای دابینکردنی عێراقی – شركة التامين العراقية – بغداد....." کە 65 وشەیە و لەسەر بەرگی پشتەوەی گۆڤارەکەیە لەبەر پچڕپچڕی وشەکانی، نەمانتوانی کۆپی بکەینەوە.

سەرنج بدە لەم 3 ڕیکلامەی ئەم گۆڤارەدا دەبینین:

 

زمانی ڕیکلامەکان تەختەدارییە. هەر دەنگەکانی کوردییە و وشەکان بەسەر یەکدا کەوتوون.

 

پتر لە 20 هەڵە ی ڕێنووسی و زمانەوانی و خاڵبەندی لە داڕشتەنەکاندا هەیە – ئێمە وەک خۆیان کۆپیمان کردووەنەتەوە بەبێ دەستکاری.

 

لە دیزاین و ڕەنگ و شوێنی ڕیکلامەکان لەسەر لاپەڕەکاندا، ڕەچاوی هونەریی زانستیی ڕیکلامکردن نابینرێت، وێنەکانیش ناتۆخ و لێڵ و تەماوین.

دوای ڕاپەڕینی 1991:                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                

دوای ڕاپەڕین، گۆڕانکاریی زۆر بەرچاو و جیاواز لە ڕیکلامی نووسراو، لە باشووری کوردستاندا هاتە ئاراوە. زۆربەی گۆڕانکارییەکان ئاکامی نەرێییان هەبوو، بۆیە چەندان جار وەزارەتی ڕۆشنبیریی هەرێمی کوردستان هەوڵی داوە کە بە یاسا پێشێلکارییە زمانەوانییەکان بوەستێنێ و ڕووە جوانەکەی زمانی کوردی ئارایشت بکاتەوە – مەخابن، تا ئێستا ئاسەوارە نەرێییەکان هەر دەبینرێن و بنبڕ نەکراون.

لە تابلۆ و لەسەر سکرینە گەورەکانی گۆڕەپانەکاندا، ئەم سەرنجانە دەخوێندرێنەوە:

 

نووسراو بە زمانی ئینگلیزی، عەرەبی، تورکی، زۆرجار زاڵە بەسەر زمانی کوردیدا: لە قەبارە، ڕەنگ، دیزاین.

 

جوانکاری و دیزاین و هونەرکاری پتر بە نووسینە غەیرە کوردییەکانەوە دیارە، لە چاو ئەوانەی بە کوردی نووسراون.

 

نووسراوە کوردییەکان، لە ژێر یان تێکەڵ بە زمانەکانی دیکەن، لە کاتێکدا بە یاسا دەبێ  نووسراوی کوردی لە سەری سەرەوەی تابلۆکان بێ.

 

نووسراوە کوردییەکان  خاڵی نین  لە هەڵەی ڕینووسی، ڕیزمانی، زمانەوانی، داڕشتن.

دەبێ ئاماژەیەکیش بە ڕیکلامی نووسراوی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بکەین، کە هێندێکیان وەک سەرچاوەیەکی ماددی، بابەت بڵاو دەکەنەوە. باشترە ئەمە بکەین بە دوو هۆبە:

یەک: گۆڤار هەیە تایبەتە بە بڕاند، ماڕکە، کۆمپانیا، دەزگا، یان جۆرێک لە کاڵا، کە هەمووی لاپەڕەکانی بە زمانی بێگانەیە، بۆ نموونە گۆڤار، یان کەتەلۆکی تایبەت بە ئۆتۆمبیل، بەداخەوە، یەک وشەی کوردییان تێدا نابینرێت.

دوو:  ئەو ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییانەی کە لە سەر لاپەڕەکانیاندا، ڕیکلامی بازرگانی – هێندێ جار حکوومی، حیزبیش، بڵاو دەکەنەوە. شێوازی ڕیکلام و زمانەکەیان، هاوسەنگ و هاوتەریبە لەگەڵ زمانی ڕۆژنامە یان گۆڤارەکە. واتا لاوازی و توکمەیی ڕیکلامەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی بڵاوکراوەکە، چونکە هێندێ بڵاوکراوە، بەڕاستی هەڵەبڕ و هەڵەچنی شارەزایان هەیە؛ وەک نموونە،

نموونەی یەک:

لە ژمارە 65 – 66 ی گۆڤاری "پزیشک"،  2016، 13 ڕیکلامی تێدا بڵاو کراوەتەوە، زۆربەیان، هی ناساندنی نۆرینگەی پزیشکانە، ڕیکلامی سەر بەرگی پشتەوەش، یەک وشەی کوردی لەسەرە، کە خوێندنەوەی زەحمەت دێتە بەرچاو.

نموونەی ڕیکلامێکی ئەم گۆڤارە:

"منیش حەزم لە ژیانە...... هاوکاریم بکەن بۆ گەیاندنی هاوکارییەکانتان پەیوەندی بکەن بە  سندوقی کۆمەک بۆ توشبووانی شێرپەنجە / ژمارەی حیساب بە دۆلار 00000 لە بانکی زاگرۆس – هەولێر / ژمارەی حیساب بە دۆلار  00003 لە بانکی زاگرۆس – هەولێر / بۆ زیاتر زانیاری پەیوەندی بکە بە ژمارەی تەلەفۆن 000000007." لە گەڵ ئەم ڕیکلامە ئاڕمی "سندوقی کۆمەک بۆ تووشبووانی شێرپەنجە" لەگەڵ وێنەی منداڵێکی شێرپەنجەدار داندراوە. – ئێمە بێدەستکاری، کۆپیمان کردووەتەوە.

نموونەی دووەم:

پۆستەرێک بۆ یەکەمین دیداری هونەرمەند ئیسماعیل خەیات

دەقی پۆستەرەکە:

بەڕیوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیریی و هونەریی سلێمانی 

ڕەنگەکانی خەیات لە تابلۆی ئاشتی و پێکەوەژیاندا 

 یەکەمین دیداری خەیات 

کاتژمێر" 2:30 ی دوانیوەڕۆ

20ی ئۆکتۆبەری 2022

شاری جوان، هۆڵی د. عزەدین مستەفا رەسول

لەم دوو ڕیکلامەدا دەبینین، خاڵی نین لە هەڵەی ڕێنووسی – هەرچەند بەرهەمی دەزگای حکوومیشن، بێسەروبەری لە نەخشەسازیدا دەبینرێ، لە  نامیلکەی پۆستەرەکەی "خەیات"دا لە ژێر تابلۆکانیدا یەک وشە یان دوو وشەی کوردی نووسراوە، بەڵام لە ژێریدا 7 تا 11 وشەی ئینگلیزی تۆمار کراوە، ئەمەش بە سووک تەماشاکردنی زمانی کوردیی تێدا دەخوێندرێتەوە.

کرچ و کاڵیی زمانەوانیش زۆرە، لە سەر پۆستەر و هێندێ نووسراوی ڕێکلامی زۆر زەبەلاح، کە لە گۆڕەپان و مەیدانە گشتییەکانی شارەکان دەبینرێن. ئاساییە بە فۆنتی گەورە، لە نێوچەوانی بەرزەپردێکی هەولێر – نزیک نەخۆشخانەی ژین،  نووسرابێ:

"چــای بخــۆ" 2024.

پوختەی ئەم تەوەرەیە  ئەوەیە:

زمانی کوردیی بەکارهاتوو  لە ڕیکلامە نووسراوەکانی هەرێمدا، بەگشتی،  لاوازە لەڕووی: ڕینووس،  ڕیزمان، داڕشتن، زمانەوانی، زەوق و چێژی کڕیار و خوێنەر.

بەداخەوە، هەرچەندە لە هەرێمی‌ کوردستاندا، یاسای‌ زمانە فەرمییەکانمان هەیە، بەپێی‌ ئەو یاسایە هەموو چالاکییەک، نووسینێک، نووسراوێک، تابلۆیەک، ڕیکلامێک، قسەکردنێک، فەرمانێک، ڕێنماییەک، بڕیارێک، دەبێت بە زمانی‌ کوردی‌ بێت، پاشان ڕێگە دراوە بە زمانەکانی‌ تریش بێت‌. بەڵام دەبینین خودی تابلۆ و نووسراوە حکوومییەکان خاڵی نین لەو کەم و کوڕییانە.

سێ:  تەوەرەی بانگەشە بە نمایشکردن:

مەبەست ئەو ڕیکلامانەیە هاوشان لەگەڵ بانگەشەی زارەکی و نووسراوی، نمایشی شانۆگەریانەیان بۆ دەکرێت، کە زۆربەری جاران کۆمیدیانە خۆیان دەنوێنن. بۆ سەردەمی پێش ڕاپەڕین، ئەم نموونەیە دەخەینە بەر چاوی خوێنەر:

نموونەی یەک:

شەقامی سەرەکیی شاری کۆیە، شوێنی فولکەی حاجی قادری کۆیی،  بوهاری ساڵی 1960:

لە ناوەدی گۆڕەپانەکە، حەمە بگرەز، قامتێک ڕۆژنامەی بەسەر باسکی دەستە چەپی خۆی هێنابووە خوار، بە دەستی ڕاستی، دانەیەک لە ڕۆژنامەی خەبات، لە ئاسمان ڕادەوەشینێ و پڕ بە گەرووی خۆی هاوار دەکات:

ئەڵڵاهو ئەکبەر .... ئەڵڵاهو ئەکبەر .... ئەڵڵاهو ئەکبەر ....

خەبات... دەنگی ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان

خەبات ... دەنگی پارتی دیموکراتی کوردستان

نموونەی دوو:

شەقامی سەرەکی کۆیە، پاییزی 1967:

گەنجێک عارەبانەیەکی سندووقی سێ تایەیی پاڵدەدات و هێواش هێواش دەڕوا. لە پێشەوی عارەبانەکە وێنەیەکی ڕەنگاڵی گەورەی ڕێکلامی فیلمی هیندی چەسپێنراوە، ڕووی لە پێشەوەیە. بە دەیان منداڵی کوڕ و کچ بەدوای کەوتوون و لە سەر شۆستەکانیش تەماشاچییەکان سەیری دەکەن.

گەنجە عەرەبانچییەکە، بە هەموو هێزی خۆی هاوار دەکات:

"ئەمشۆ، طەڕەزانی هیندی لە سینەمای کۆیە حەشرێ دەکا... لەسەر پشتی فیلان بازد دەدا... خۆی بە لقی داران دەگرتەوە... حەفت دێوان بە دەستەکی دەخنکێنی... بەڕ و بەحر و ئاسمان سەرەوبن دەکا... طەڕەزان گەمان نازانی.. باوەڕ ناکەی، وەرە بیبینە... "

دەبینی، زمانی ڕیکلامەکان بنزاری کۆییانیان پێوە دیارە، بەبێ داتاشین و هانا بردن بۆ وشەی بێگانە و دەمخوارکردنەوە، بەسروشتی وشەکان لە گەروویان دەردەچێت و جددییەتیش لە جوولە و پەیڤەکانیاندا هەست پێدەکرێت.

دوای ڕاپەڕین:

لە سایەیی پتر لە 200 کەناڵی تیڤی ئاسمانی و ناوچەیی و هەزاران گرتە ڤیدیۆیی و ئەو هەموو تۆڕە کۆمەڵایەتییانە و تیک تۆک و یوتیوبدا، ڕۆژانە بە دەیان بگرە بە سەدان، ڕیکلامی نمایشی کوردیی دەبینین، کە بەداخەوە، زۆربەیان ئاست نزمن و ئەوەندەی لەقە و لووشکە لە زمانی کوردی دەدەن، نیو هێندە سوود ناگەێنن.

لە تەوەرەی چوارمدا، وردتر قسە لەسەر ئەم بابەتە دەکەین، بە نموونە.

چوار: تەوەرەی سەردەمی دیجیتاڵی و ئینتەرنێت و تەکنەلۆژیای سەردەم:

تەمەنی ئەم سەردەمە هەر دوو دەیە دەبێ، لەپاڵ کۆمپانیای زەبەلاحی سەرمایەداری ڕیکلامکردندا، ژمارەیەکی بەرچاو لە گەنجانی کوڕ و کچ، بە سوودوەرگرتن لە هونەری فۆتۆشۆپ و پاوەرپۆینت و  داتەشۆ و هۆبەکانی کاڵای نەرم لە کۆمپیوتەردا، بە گرتەی ڤیدیۆیی کورت کورت، ڕۆژانە، بە بێ پسانەوە، بەرچاوی بەکاربەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتیی و تیک تۆک و یوتوب بە دیمەنی فرە بابەتی خۆش و سەیروسەمەرە و جددی و گاڵتەئامێز دەگرن. ئەميش وایکردوە، هاسان نییە دەستبەرداری ئامێرەکانی مۆبایل و ئایفۆن و لاپتۆپ و کۆمپیوتەر بێ، هەر ئەوەندی یەک گرتەت کلیک کرد، ئەوا وەک ڕێژنەی باران، بەسەر سەرتدا دەبارێن.

لێرە تەنها دوو نموونە دەخەیە ڕوو:

نموونەی یەک " فێیسبووک":

دوو پیاو بە یەکەوە دەڵێن:

" ئەگەر ئەتەوێ شلەکە و سوور و جوان بێ ... ئەگەر ئەتەوێ شلەکە و سوور و جوان بێ ...ئەگەر ئەتەوێ دیق بە ژنانی گەڕەک بکەی... ئەگەر ئەتەوێ باوکت سەربەقوڕا نەیتەوە ماڵەوە ... وەرە بۆ تەماتەی تەماتە... وەرە بۆ تەماتەی تەماتە... تەماتەی تەماتە... تەماتەی تەماتە... 

دەنگی ژنێک:

 

ئێ... ئێ..؟

پیاوەکان:

 

 خۆت لە ماڵەوە بیگرەوە و مەچۆرە دووکان و سۆپەرمارکتەکان .. خۆت لە ماڵەوە بیگرەوە و مەچۆرە سۆپەرمارکتەکان و دوکانەکان و ئەوانە... تامەکەی زۆر زۆر خۆشترە... تامەکەی زۆر زۆر خۆشترە... یەک زەڕە دەرمان و مەرمانی تیا نییە.

ژنەکە:

 

ئێ.. ئێ.. ئێ.... ؟

پیاوەکان:

 

ئاوی کوشراوی تەماتە گوشراوەکە بخەرە سەر سینییەک و بڕۆ لەسەر بان هەڵی خە. بەڵام دایە، نەیەڵی پشیلە بۆنبەراجی تیا بکا... تەماتەی تەماتە... تەماتەی تەماتە... تەماتەی تەماتە... تەماتەی تەماتە... تەماتەی تەماتە... 

ژنەکە:

 

ئەرێ.. ڕۆڵە، ئەوە تەماتەی تەماتە چییە؟

پیاوەکان:

 

ئەرێ وەکوو بەرنامەی بەرنامە، بینەری بەڕێز و خۆشەویست،  ئێستا لەبەر... " ڕیکلامەکە دەپچڕیت و کۆتایی دێ 

نموونەی دووەم "یوتویب":

"من ... مام ئەنوەر... لە شاری سلێمانی... لەگەڵ ئارەقی گوڵنار.. ئەو ئارەقەی کە ئارامی بە ئینسان دەبەخشێ... خۆشی، جوانی سەوزاییەکانمان پێ ئەبەخشێ... با تەجروبە لەو ئارەقی گوڵنارە بکەین... ئارەقی گوڵنار سەوز... بۆن و  بەرامێکی تایبەت.. . ئاو و هەوایەکی سازگار... لە کوێ؟ لە باخچەیەکی خۆش و سازگار.. . لەگەڵ ئەم ئارەقە قەتارە نازدارەی گوڵنار گەیشتە دەستم.. بڕوانە لە ڕوونی و جوانیی ئەم ئارەقە... ئەمەیە ئارەق.. لە بیرمان نەچێ ئارەقی گوڵنار هەموو کات هاوڕێمان بە.. ئارامیمان پێ ببەخشە.. لە سەوزاییەکانی دانیشتنەکانی سەرچنار و ناو گوێژە و ئەزمەڕی سلێمانییە جوانەکە... بەخۆشی.. بەخۆشی.. بێوێنەیە... ئارەقی گوڵنار بێوێنەیە... " دەنگی مۆزێک و گۆرانیی هەڵپەڕكێ دێ... .

بڕوانن، ئەگەرچی لە ڕیکلامی یەکەم، 20 جار وشەی 'تەماتە" دووبارە بووەتەوە، ئێستا ژنە دەپرسێ، ئەوە چییە؟ کەواتە، ڕیکلامەکە نیشانەی خۆی نەپێکاوە، منیش وەک بینەر،  جگە لەوەی بەزۆر شتێکی بێزارکەرم دەخەنە بەر چاو، نەمزانی ڕیکلام بۆ چ مارکە و بڕاندێک دەکرێ. کورد دەڵێ: "کەری کەرباب" بەڵام ناڵێ: "تەماتەی تەماتە." لە ڕیکلامی دوەوەمیشدا، گەرچی 7 جار وشەی 'ئارەق" دووبارە دەبێتەوە، فرۆشیار ناتوانێ قەناعەتم پێ بێنێ، کە ئەم ئارەقە جیاوازە... .

با بێنیەوە سەر زمانی ئەم  ڕیکلامە:

 

هەردووکیان بنزاری سلێمانییان بەسەردا زاڵە، ئەمەیش ئاساییە، هەرچەندە دوو وشەیان پەڕیوەتێ کە ماناکانیان ڕوون نییە.

 

درێژدادڕی و دووبارەکردنەوەکانیان "بێتام و بێخوێ"ن، زەوق و چێژی کوردی نابەخشن، چونکە سروشتییانە و بەبێ تەکەلوف دەرنابڕدرێن.

 

وشەکانیان سادە و هاسان و بازاڕین، 

 

هیچ داهێنانێکی زمانەوانی، مۆزیکی، هونەری لە ڕیکلامەلاندا نابینرێن شایستەی ئافەرین بن.

جا ئەگەر، بەناو بازاڕی ڕیکلامی کوردی ئەم سەردەمە گوزەر بکەیت، شتی ئەوتۆی سەیروسەمەرە دەبینی و دەبیستی، گریانت بۆ حاڵی زمانی کوردی دێ، جگە لە زاڵبوونی زمانی ئیگلیزی و تورکی و فارسی... دەبینین هێندێ شێوازی ئاخاوتن داهێنراون و ڕیکلامی پێدەکەن کە بەهیچ کلۆجێک جیددی نین، شتی لەو بابەتەی خوارەوە:

"چیین چۆن چان چینگ... جوچۆچی چتون چیگی چابووکێ.. چەمهۆرا چەمیان چی داچی.. بێجوو بێ گلاچی. گلاس بیێ چی.. ."

پوختەی ئەم بابەتە لەم سەرەدێڕانە دا چڕ دەکەینەوە:

ئەگەرچی وەزارەتی ڕۆشنبیریی هەرێم و هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵای هەرێم، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەکادیمایی کوردی هاتوونەتە سەرخەت و درکیان بە مەترسییەکانی ڕیکلامی لاواز، لەسەر زمانی کوردی، کردووە، ئەوەتا لە ڕۆژى یە‌كشه‌ممه‌، ٢٦ی شوباتی ٢٠٢٣، كۆنفرانسی "پرسی زمان لە ڕاگەیاندن و ڕیکلامی بازرگانی" لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانەوە بەڕێوە چووە، زۆر کۆنگرە  و دیدار و چالاکیی دیکەش ساز کراوە، بەڵام ترسەکان هەر ماون و بگرە دێ زێتریش بن:

 

زمانی رێکلامکردنی جاران، کوردییەکی ڕەوان و خۆش و سروشتی و پەیامدار بوو.

 

فرۆشیارانی جاران، بەو زمانە کوردییە شیریینەی بانگەشەکانیان دەیانتوانی کڕیار بۆلای خۆیان ڕاکێشن.

 

زمانی کوردیی جاران جێگەی متمانە و باوەڕ پێکردن بوو.

 

زمانی کوردیی ڕیکلامی جاران لەژێر کاریگەریی هیچ زمان و هۆکارێکی دەستکرد نەبوو، کە وابکەن بشێوێت.

 

هیچ شێوازێک پەیڕەو نەکراوە لە زمانی کوردی کە نەختێ سیمای زمانی ستاندەری پێوە دیار بێ. واتا ڕیکلامەکان لەنێو بازنەی لۆکاڵیدان، ناوچەی سۆرانی، کرمانجی، هەورامی... تاد.

 

زمانی کوردیی بەکارهاتوو لە ڕیکلامی سەردەمدا، زارەکی، نووسراو، بینراو بە دەنگ و ڕەنگ و ڤیدیۆ و سینەما و  ئەنیمێیشن، لە ئاستێکی نزمدایە، لە دەربڕین و گوزارشت و داڕشتن و ڕینووس و زمانەوانیدا.

 

یاسای زمانە فەرمییەکان کە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پەسندی کردووە، بەداخەوە، زۆر شەرمنانە جێبەجێ دەکرێت و  کەم ڕیزی لێ دەگیرێ.

 

بەبی سەپاندنی سزای مادیی نەختێ قورس و سانسۆری پاراستنی ئاسایشی نەتەوایەتیی زمان، بەگوێرەی یاسا، پاراستن و بەرگریکردن لە زمانەکەمان هەروا هاسان نییە.  

خوێنەری بەڕێز، بابەتەکەی ئێمە لە بازنەی "ڕیکلام و زمانی کوردی"دایە، بۆیە نەپەرژاینە سەر جۆرەکانی ڕیکلام و تەکنیک و پەرەسەندن  و کاریگەرییان لەسەر منداڵ و خێزان و کۆمەڵ و ئایندەی نەتەوە. – ئەم باسانە بەجێ دەهێڵین بۆ کەسانی پسپۆڕ لە کۆمەڵناسی و دەروونناسی و ئەنترۆپۆلۆژی و کولتوور و ئایین و مێژوو و ئایندەناسی . دەنا هەموومان هاوڕاین لەسەر هێزی ڕیکلام لە  ئاگادارکردنەوە و  بەکارهێنەرانی  بەرهەم و خزمەتگوزاری و ئامۆژگاری  لە بواری ئابووری و بازاڕدا... تاد.  

 

فازیل شـەوڕۆ

توێژەری بواری پەروەردە و ئەدەب

ئاوەز ژۆرناڵ بڵاوكراوەیەكی گشتییە بە زمانی كوردی دەردەچێت، بنکەکەی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقە. ئارەزووی ڕووماڵکردنی سیاسی، ئابووری، ڕۆشنبیری، مێژوو و بابەت و ڕووداوەکانی دیکەی هەیە، دامەزراوەی كوردستان كرۆنیكڵ دەریدەكات .
+964(0) 750 928 83 85

Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved


X