پێشەکی:
ئەمڕۆ لە سایەی سایبیری و تەکنەلۆژیای زانیاری و سیستەمی جیهانگیریی کە هێژموونی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی بەسەر فەرهەنگ و کولتووری گەلاندا سەپاندووە، بە تایبەتیش بۆ ئەو گەلانەی کە مخابن هێشتا نەبوونەتە خاوەنی ناسنامەی سەربەخۆیی کولتوورەکەیان لەچوارچێوەی قەوارەیەکی سەربەخۆو ئازاددا ، بۆ نموونە گەلی بندەستی کورد لە نیشتمانێکی داگیر و دابەشکراودا، ئەم مەترسی و هەڕەشانە ئاستەنگێکن لەبەردەم پاراستنی زمان و ناسنامەی نەتەوەییەکەی. یەکێک لەو هۆکارە مەترسیدارانەش جینۆسایدی کولتوورییە، کە لە سایەی ددان نەنان بە زمان و کولتووری کوردی لەو بەشانەی کوردستاندا کە هێشتا حاشا لەبوونی تایبەتمەندێتی نەتەوەییەکەی دەکەن و لە ماوەی سەدەیەکی رابردوودا ڕۆڵەکانی ناتوانن لە بوارەکانی پەروەردە و فێرکردندا ئازادانە بە زمانی دایکی خۆیان بخوێنن و پەروەردە ببن. جینۆسایدی کولتووری سیاسەتێکی ڕەگەزپەرستانەی نەتەوە سەردەستەکانە بۆ توانەوە و ئاسمیلاسیۆنی زمان و فەرهەنگی کوردی.
جینۆسایدی کولتووری:
جۆرێکە لە جینۆسایدی ناسنامەی نەتەوەیەک لە داگیرکردنی هزریی جڤاک و ئاوەزی تاکەکان و گۆڕانکاریی دیمۆگرافی لەسەر خاکی نیشتمانەکەیان، لە هەمووشی سەختتر کە خۆی لە شەڕی تایبەت و ئاسمیلاسیۆنی زمانی ئەو نەتەوەیە دەبینێتەوە، لە هێژموونی کولتوور و زمانی نەتەوەی سەردەست و بەزۆر سەپاندن بەسەر ڕۆڵەکانی ئەو نەتەوەیە و خوێندنیان لە بوارەکانی پەروەردە و فێرکردن، هاوکات پەڕاوێزخستنی زمانی نەتەوەی بندەست لە بوارەکانی پەروەردە و فێرکردندا، تەنانەت لە گشت بوارەکانی ژیانی نەتەوەکە، کە لە ئەنجامدا نەوەیەکی نامۆ و نەشارەزای لە زمانی دایک بەرهەم دەهێنیت.
دیارە هەر زمانێکیش پێکهاتی تایبەت بە خۆی هەیە، پێکهاتێک کە لە مێژووی ئەو زمانەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە خاڵی هاوبەشی زمانەکان شتێکە حاشای لێ ناکرێت، ڕاستە کە زمان ڕەهەندی جۆراوجۆری هەیە، کە هێشتا لە کەشف و دەرکەوتن دایە، بەڵام زمان بەر لە هەر شتێک مێژوویەکە، مێژووی زمانیش پێکهاتە و هەموو ئەو گۆڕانکارییانەیە کە بەسەریدا هاتووە و لە داهاتووشدا دێت. هیچ وڵات و نەتەوەیەك نییە، سیاسەتێكی زمانی نەبێت، بەو مانایە سەرجەم تێڕوانینی كۆمەڵگا و دەوڵەت و دەزگا مەدەنییەكانی و رووناكبیرانی و خەڵكەكەی لە یەك ستراتیژی و یەك سیاسەتدا چڕدەكرێنەوە. سەبارەت بە زمان هیچ نەتەوەیەك نییە جگە لە کورد كە سیاسەتێكی زمانی و نەتەوەیی ڕوونی نەبێت و لەهەمان كاتیشدا دەزگای جۆراجۆری دانەمەزراندبێت بۆ گەشەپێدانی زمانو پاراستنی کولتوورەکەی، بۆیە بە داڕشتنی سیاسەتێكی نەتەوەیی زمانی و پێكهێنانی دەزگای تایبەت بۆ نموونە هەبوونی (ئەکادیمیایەکی نەتەوەیی بۆ زمانی کوردی) بۆ پاراستن و گەشەپێدانی زمانەكەمان یەكێك لەو رێگاچارەسەریانەیە، چونكە ئەمڕۆ لە كۆمەڵگای كوردەواریدا ئاژاوەیەكی یەكجار گەورە هەیە لە بواری رووناكبیریی، ئەدەبی، ئابووری؛ ئەم ئاژاوەیە زۆر بە زەقی لە زمانیشدا دەردەكەوێت، ڕۆژانە وشە و دەستەواژە و زاراوەی نوێی هزری، فەلسەفی، زانستی، تەكنیكی، رووبەڕوومان دەبنەوە، هەر دەزگایە و هەركەسە، بە ئارەزووی خۆی وشەیەك، زاراوەیەک دادەتاشێ و زۆرجاریش وشە یان زاراوە هەڵەكە دەڕوات و دەبێتە هەڵەیەكی باو و زاڵ لای زۆربەی خەڵك.
لە هەموو وڵاتێكدا دەزگای تایبەت بە ئاسایشی زمان هەن، هیچ دەزگایەک تەنانەت كەسێك بۆی نییە بە هیچ شێوەیەك لەلای خۆیەوە، بە زمانی خێڵ و ناوچەکەی بنووسێت و بئاخڤێت، یان بە ئارەزووی خۆی بێت و بڕیار بدات و وشە و زاراوە دابتاشێ، ئەمە نەک هەر زمان ناشیرین دەكات، بەڵکوو زەوقی خەڵكیش تێكدەدات و بنچینەکانی زمان تێكدەدات. هەروەها لە مەسەلەی ڕێنووسدا، لە مەسەلەی ڕستەسازیدا و لە زۆر بواری دیكەی زمانەوانیدا، کێشەکانی زمانی کوردی قووڵتر دەکەنەوە، ڕاستە ئێمەی کورد لەسەر ئاستی کوردستانی گەورەدا هێشتا خاوەنی زمانێکی ستاندارد نین و هاوکات نەبووینەتە خاوەنی ئەلفبێ و ڕێنووسێکی تایبەتیش، بە ڕاستی گرفتێك دروست بووە بۆ زمانەكەمان لەبەرئەوەی بەداخەوە دەڵێم زمانی كوردی، زمانێكی بێخاوەنە و تاكو ئێستا هەوڵی جیددی بۆ بەستانداردکردنی نەدراوە. چونکە لەو سەردەمەدا کورد قەوارەی نەتەوەیی سەربەخۆی نەبووە، بۆیە زمانی نەتەوەی سەردەست کاریگەری راستەوخۆی لەسەر زمانی کوردیدا نەخشاندووە، هەڵبەتە لە هەر بەشێکی کوردستان وشە و زاراوەگەلی زمانی فەرمی ئەو نەتەوەیە خزاوەتە ناو زمان و زارە کوردییەکان، ڕاستییەكەی جارانیش و ئێستاش، هیچ كولتوورو نەتەوەیەك نەبووە لەناو قەڵایەكی داخراودا بێ و دووربێ لە كاریگەری و كارتێكردنی كولتوورو زمانی خەڵكی تر، لەبەرئەوە زمانەكان كار لە یەكتر دەكەن، ئەو زمانەی زۆرتر بەرهەمی ئەدەبی و زانستی پێ نووسراوە زیاتر دەرفەتی گەشەكردنی بووە، زمانەكان بە شێوەیەكی سروشتی و ئاسایی لە ڕێگەی ئەو زانین و زانیاری و بەرهەمە ئەدەبییانەی كە هێناویانەتە بەرهەم، كاریگەریی خۆیان لەسەر یەكتری دادەنێن، لەبەر ئەوە شتێكی زۆر سروشتییە كە ئێمە لە زمانانی ترەوە وشە بخوازین، پێشتریش خواستوومانە، ئێمە دەبێ باوەڕمان بە زمانی خۆمان بێت، باوەڕمان بە خۆمان هەبێت، وشەیەك كە لەگەڵ زمانەكەمان و سیستمی دەنگی دەگونجێت و مانای خۆی دەگەیەنێ و لە كوردیدا نیمانە دەبێ بە جورئەتەوە وەریبگرن.
کاریگەریی ڕاگەیاندن (سۆشیال میدیا) لەسەر زمانی کوردی
وەک لە بەراییدا ئاماژەم پێکرد ئەمڕۆ لە سایەی سیستەمی سایبری و سۆشیال میدیادا، گلۆبالیزە و بانگەشە درۆیینەکانی دیمۆکراتیزەکردن و مافەکانی مرۆڤدا، بەداخەوە لای ئەو دەوڵەتانەی کە کوردستانیان زەوت کردووە و بەسەریاندا بەش کراوە، زمانی کوردی لە هەموو کاتێک زیاتر لەبەردەم هەڕەشەی لەناوچووندایە، چەندان هۆکاری دەرەکی و ناوەخۆش هەن کە بەڵگە و سەڵمێنەری ئەو هەڕەشانەن لەسەر زمانەکەماندا.
دیارە بۆ هۆکارە دەرەکییەکان هەوڵی وڵاتانی نەتەوەی سەردەست لە دژایەتیکردنی زمانی کوردی و قەدەغەکردنیدا، هەروەها بە ھۆی بە سیاسەتکردنی پرسی پێکهاتە و كەمینەکان، هەوڵی ناساندنیان وەک زمان و نەتەوەی جیاواز لە نەتەوەی کورد و زمانی کوردی وەک (پرسگەلی کوردانی لەک و لوڕ و کەلهور، ئێزەدی و کاکەیی و فەیلی و شەبەک و هەورامی و زازاکی...هتد، و ھەوڵدان بۆ پتر لاوازکردنی زمانی کوردی و گۆڕانکاری دیمۆگرافی بە ئامانجی کەمکردنەوەی کاریگەریی جوگرافیای دانیشتوانانی کوردستان، بەتایبەتیش لە ناوچە کوردستانییە کێشە لەسەرەکاندا، بە ئەجیندای تایبەت پلانێکی کارا ھەیە بۆ ناساندنیان وەک کەمینیەیکی نەتەوەیی جیاواز لە گەلی کورد، بۆ ئەم مەبەستەش دەزگا هەواڵگرییەکانی دەوڵەتانی داگیرکەر و حزبی سیاسی و دارایی و پشتگیری سیاسی ناوخۆ و دەرەکی هەن، (بەتایبەت لە ھەندێک ناوەندی شۆڤینی لە ناو ئیران و تورکیا و عێراق و سوریا)دا، کە ساڵانێکە بە پلان و بەرنامەی تۆکمە کاری جددی بۆ کراوە.
بێ گومان هەبوونی زار و بنزارە کوردییەکان و نەبوونی زمانێکی ستاندارد و پێوەر بۆ هەموو ئاخێوەرانی کورد لە بەشەکانی کوردستان و تەنانەت دەڤەرە کودنشینەکانیشدا، کە ڕێژەیەکی بێهەژمار لە دانیشتووانی کورد لە هەرێمی خۆراسان و مازەندەران و وڵاتانی قافقاس و ئاسیای ناوین و رووسیا هەن، ئەگەرچی فرەزاری دیاردەیەکی سرووشتی هەموو زمانێکی زیندووە، بەڵام ئەو هەوڵانەی کە دەدرێن بۆ بەسەربەخۆ ناساندنی ئەو زارانە و جوداکردنەوەیان لە زمانی کوردیی دایک، ناتوانرێت نکۆڵی لەو مەترسییە جیددیە بکرێت، کە پێێ دەگوترێت جینۆسایدی کولتووری. هەرچەند ئەو قۆناغە سیاسییەی كە لە باشووری كوردستاندا هەیە بێگومان ڕۆڵی یەكجار زۆری لە پەرەپێدانی فەرهەنگ و كولتووری كوردیدا هەبووە، لە مێژووی هاوچەرخی كوردستاندا وەك قۆناغێكی درەوشاوەی كورد دەتوانین چاوی لێ بكەین، بۆ پاراستنیشی دەبێ هەموو هەوڵ بدەین. لێرەدا كۆمەڵێك ناوەندی حكوومی، كەسایەتی فەرهەنگی، ناوەندی ڕۆژنامەوانی و ڕاگەیاندن بەردەوام ڕۆژانە لەگەڵ پرسی زماندان، كار بە پێشخستنی زمان دەكەن، بۆ نموونە سیستمی پەروەردە دەتوانێت چ ڕۆڵێكی کارا ببینێت لە دروستبوونی ئەو پرۆسە زمانە نەتەوەیی و زمانە یەكگرتووەدا. بەڵام سەبارەت بە نەبوونی پلان و بەرنامەیەکی تۆکمە و گونجاو بۆ خزمەتکردنی زمانەکەمان، دەبینین هێشتا زمانی کوردی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە ڕەوشێکی ئاڵۆز و لە پاشەکشەدایە، کە دواتر ئاماژە بەو هۆکارانە دەکەین کە بوونەتە هۆی ئاڵۆزی و پشێوی لەبەردەم گەشەکردنی زمانی کوردیدا.
ڕاستە زمانی كوردی سەربەخۆیی و تایبەتمەندی خۆی هەیە و ئەوەیە كە لە زمانی نەتەوەی سەردەست ئەوانەی کوردیان بە سەردا بەشکراوە، لە زمانێكی دیكە ناچێت، زمانی کوردی سەرباری ئەو هەموو دژایەتیکردنە، بەڵام بە زمانێکی سەربەخۆ ماوەتەوە، بەپێچەوانەی بیروڕای هەندێک لە ئێرانناسان و ڕۆژهەڵاتناسانی بیانی کە وای بۆ دەچن، گوایە زمانی کوردی لە بنەڕەتدا زارێکی ئیرانییە (فارسییە)، دیارە ئەمە هەڵە تێگەیشتن و هەندێجاریش هزرێکی شۆڤینیستانەی تێدایە، ڕاستییەکەی زمانی کوردی زمانێكە خەڵكی بیانی بە ئاسانی دەتوانێ فێری ببێت، لەهەمان كاتدا زمانێكە دینامیكیەتێكی بەهێزی پێشكەوتن و گەشەكردنی تێدایە. یەكێك لە شتە جوانەكانی زمانی كوردی ئەوەیە، قسە چۆن دەگوترێت، بە هەمان شێوە دەنووسرێت، زمانی كوردی لەگەڵ ئاوەزی مرۆڤی كورددا، لەگەڵ سروشتی ژیانەكەیدا، وێڕای ئەو هەموو بەها جوانییەی کە لە زمانەکەماندایە.
مخابن ئەمڕۆ زمانەکەمان ڕووبەڕووی هێڕشی دەرەکی و ناوەوە بۆتەوە، بە پلەی یەکەمیش دەسەڵاتی کوردی لێی بەرپرسە لە دۆزینەوە ڕێگاچارەی گونجاو بۆ ئەو ئاستەنگ و کێشانەی کە هاتوونەتە بەردەم زمانی کوردی.
زمانەکەمان کە هێشتا نەیتوانیوە وەکوو پێویست لە هەموو دامودەزگاکانی سەر بە هەر سێ دەسەڵاتی یاسادانان، دادوەری و جێبەجێکردن و لەسەرانسەری سنووری کارگێڕیی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بەتەواویی بچەسپێت. لەوە زیاتریش لە ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکانی کوردستاندا لەڕووی پراکتیکییەوە ڕووبەڕووی جینۆسایدی فەرهەنگی و سیاسەتی بە عەرەبکردن دەبێتەوە. دەتوانم لێرەدا ئاماژە بە چەند هۆکارێک بکەم کە زمانی کوردییان خستۆتە بەر هەڕەشەی لە نێوچوون، لەوانەش:
- نەبوونی قەوارەیەکی سیاسی (دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان) بۆ بەهادان بە زمان و ئاخێوەرانی.
- شێواندنی پێکهات و فۆرمی سروشتیی زمان (بەتایبەتی لە تورکیا و ئێران)دا، کە ئەمە زۆرتر هۆکاری سیاسی- کولتوورییە کە لە گوتاری ئایدۆلۆژی و ئایینی زاڵی دەسەڵات سەرچاوە دەگرێت.
- نامۆبوونی کورد لەگەڵ پێکهات و ماهییەتی زمانەکەی لەو وڵاتانەی کە کوردستانیان بەسەردا بەش کراوە، بەڵام هەر کام لە فۆرم و حاڵەتی زاڵی یاسایی و سیاسی ئەو وڵاتانە، چوون هەر تاکێک کە بە زمانی ناوچە و خێڵەکەی خۆی قسەی کرد بەو مانایە نییە کە زمان دەزانێت، لەم ڕەوشەدا لە غیابی زمانی ستانداردی کوردی، زارەکان یان بنزارەکان ڕۆڵی زمانی ستاندارد دەگێڕن.
دەتوانین باسی چەندین حاڵەت لەم چەشنانە لە باکوور و رۆژهەڵاتی کوردستان بکەین کە هەر کامەیان بەپێی فەزای سیاسی-ئایینی ئەو وڵاتانە کولتوورێکی شێوێنەر و داگیرکارییان لەسەر زمانی کوردیدا دروست کردووە، بەڵام لە باشووردا فەزا و دۆخەکە شتێکی دیکەیە.
لە باشووری کوردستاندا، لەگەڵ ئەوەی کە حکومەتی هەرێم هەیە و وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵای هەیە، بەڵام زمان کەمترین بایەخی پێدەدرێت، هەم لەئاستی گشتی و پەروەردەی سەرەتاییدا و هەمیش لە ئاستی باڵا و خوێندنی دواناوەندی و زانکۆکانیشدا. مخابن ئەو زمانە شیرینە کە ناحەزانی گەلەکەمان بە هەموو شێوازێکی شۆڤینیانە دژایەتیی دەکەن و هەوڵی لە نێوبردنی دەدەن، لە باکووری نیشتماندا بە قەدەغەکردنی زمانی کوردی بۆ ئاخێوەرانی و لەسەر ئاستەکانی پەروەردە و فێرکردن و چاپەمەنی و ڕۆژنامەوانی و میدیادا، هەروەها ناساندنی زاری دملکی یان زازاکی بە زمانێکی سەربەخۆ و بە پلان و بەرنامە کار بۆکردنی، هەمان هەوڵیش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە بە تایبەت لە پارێزگاکانی کرماشان و ئیلام و لورستان خەریکە زاری گۆران هەڵدەتۆقێنن و لە زمانی کوردی دایک جودای دەکەنەوە.
هۆکارە ناوخۆییەکان و ئاسمیلاسیۆنی زمانی کوردی
لە هەرێمی کوردستاندا لە ڕۆژی 8-3-2017 بەسەرپەرشتی وەزیری پێشووی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەڕێز یوسف گۆران و بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتەكە لە زانكۆی دهۆك لەسەر ڕەوشی زمانی کوردی بەڕێوەچوو، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا ئەژماركردنی نمرەی وانەكانی زمانی كوردی بۆ دەرچووانی پۆلی دوانزە لە كاتی پێشكەشكردن بۆ كۆلێژە زانستییەكان (پزیشكی و ئەندازیاری) ئارەزوومەندانە بێت." ئەم بڕیارە چ لەڕووی ماهییەتی ڕوانینی وەزارەت بۆ پەروەردە و پلانێکی زمانی و چ لە ڕووی ئاگاداری لەسەر ڕۆڵی زمانی دایکی لە فێربوونی زانست و مەعریفەی نوێ، هەڵگری نەزانی گەورە و کەمتەرخەمی ترسناکە. ئەمڕۆ ئیدی شتێکی سەلمێندراوە کە زمانی دایکی چ ڕۆڵێکی گرنگ و بنەمایی و تەندروستی لە فێربوون و پەروەردەی نوێدا هەیە، ئێمە تەنانەت زمانی دیکەش لەڕێگای زمانی خۆمان باش فێر دەبین و لێی تێدەگەین، واتە کلیل و کڵاوڕۆژنەی تێگەیشتنی زمانەکانی تر و جیهانی تر هەر لەڕێگای زمانی خۆمانە، هەرچەند ئەم بڕیارەی وەزارەت لەلایەن تاقمێک لە ڕۆشنبیران و مامۆستایانەوە بە نادروست لێکدرایەوە و لە دژیدا خۆپیشاندانیان کرد و سەرۆکی حکومەتیش فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی دا، بەڵام وەکوو لە هەواڵەکاندا لەکاتی خۆیدا بڵاو بوویەوە وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند هێشتا بڕیارەکە هەڵنەوەشێنراوەتەوە و وەکوو خۆی ماوەتەوە. بەهەرحاڵ، ئەم حاڵەتە ڕەهەندی سیاسی زۆری هەیە و من نامەوێت هەموو لایەنەکانی ئەم کەمتەرخەمی و بێپلانی و دژایەتییە بۆ زمانی کوردی کە لە پێکهاتێکی فەرمیدا ئەنجام دەدرێت، بخەینە بەر باس، بەڵکوو دەمانەوێت بە هێنانەوەی نموونەیەکی سادە ئەم بێ پلانی و کەمتەرخەمییەی پەروەردەی زمانیی باس بکەین، کە خەریکە لە هەناوی تاک و کۆی ئاخێوەر و تەنانەت هەندێک لە نووسەرانیش ڕەگاژۆ دەبێت و بەو قەناعەتەمان دەگەیەنێت کە لە فێرکردنی هەڵە و بێ پلانی و کەمتەرخەمیدا چ دەستێکی باڵاهەیە.
ئەو هەموو هەڵە و شێواندنی زمان و ڕێزمانییە کە لە کەناڵەکانی میدیا بەتایبەت ڕادیۆ و تیڤیە ئاسمانییەکان و تابلۆ دیار و گەورەکانی ناو شارەکان دەبینرێن، نیشاندەری ئەو پەروەردە سەقەت و بێپلانەیە، کە هێشتا بەشێکی خەڵک نازانن بە کوردی بنووسن و لەوەش گرینگتر هەر بەلایانەوە گرینگ نەبێت چۆنی دەنووسن و بۆچی دەینووسن و بۆ بنووسن! واتە پەرۆشی زمانی لە ئاستێکی زۆر خوار و نزم دایە. وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵ او رۆشنبیری کەمترین کادیری دڵسۆزی شارەزا و پسپۆری زمانیان تێدایە، یان ئەگەر هەشبن هیچ دەسەڵاتێکی بڕیار بەدەستیان نییە تا ڕۆڵی کارای خۆیان بگێڕن لە خزمەتکردن بە زمانی کوردیدا.
زمانی کوردی لەبەردەم یاسا و دەستووردا:
لە دەستووری عیراقدا لە ساڵی ٢٠٠٦ و لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیشدا لە شوباتی ٢٠١٤ لەپاڵ زمانی عەرەبی، زمانی کوردی لەسەر ئاستی عیراقدا بە فەرمی ناسێنراوە، لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا دوای زمانەکانی عەرەبی و فارسی و تورکی و عیبری پلەی زمانی پێنجەمی وەرگرتووە. یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ قۆناغی ڕاگوزاریی ساڵی ٢٠٠٤ و پاشان دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ بۆ یەکەمجار دانیان ناوە بە فەرمیبوونی زمانی کوردی لەسەرانسەری عێراقدا، بەپێچەوانەی دەستوورەکانی پێشوو کە بێدەنگ بوون لەم بارەیەوە، یا خود بە شێوەیەکی سنووردار و لە بوارێکی بەرتەسک (وەک خوێندن) و تەنیا لە چوارچێوەی ناوچەی ئۆتۆنۆمی کوردستاندا دانیان بە زمانی کوردیدا نابوو، لەبەر ڕۆشنایی مادەی (٤)ی دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ یاسای زمانە فەرمییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا دەرچووە، بەڵام هەتا ئێستا ناوەڕۆکی ئەم یاسایە وەک پێویست پراکتیزە نەبووە.
زمانی کوردی لە چوارچێوەی عێراق و هەرێمی کوردستان پاڵپشتی دەستووریی و یاسایی هەیە وەک زمانی فەرمی دانی پێدانراوە، لە ڕووی ڕواڵەتییەوە هیچ گرفتێکی یاسایی بەدی ناکرێت، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکان سستی و کەمتەرخەمی دەنوێنن لە پراکتیزەکردنی ناوەڕۆکی یاساکاندا. زمان وەک بەشێک لە ناسنامەی هەر نەتەوەیەک بایەخی تایبەتی خۆی هەیە و بەشێکە لە کەلەپووری کولتووریی ناماددیی، کە ڕێککەوتننامە و ڕاگەیەندراوە نێودەوڵەتییەکان جەخت لەسەر پاراستنی دەکەنەوە.
لە یاسای زمانە فەرمییەکاندا، هیچ میکانیزمێکی تۆکمە و شیاو دانەنراوە بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەم یاسایە و بەدواداچوون و چاودێرییکردنی جێبەجێکردنی یاساکە.
زمانی کوردی و ناوەند و دەزگا کولتوورییەکان
هەبوونی ئەو هەموو داوودەزگا کولتورییانەی لە هەرێمی کوردستاندا، وەک بەشەکانی زمانی کوردی- لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستاندا و هەروەها وەزارەتگەلی پەروەردە و خوێندنی باڵاو و ڕۆشنبیری و لاوان، وێڕای هەبوونی چەندان ناوەند و ڕێکخراوی زمانناسی و کەناڵی میدیایی و ڕۆژنامەوانی و چاپەمەنی، لە هەمووی گرنگتر بەڕەسمی ناساندنی زمانی کوردی لە دەستووری عیراقدا و لە کوردستانیش وەک زمانی فەرمی یەکەم، بەڵام هێشتا زمانی یەکگرتووی کوردی نەبووە زمانی هاوبەشی هەموو ناوچە جیاوازەکانی کوردستان بەتایبەت لە هەردوو زۆنی زەرد و سەوزدا.
لە هەرێمی کوردستاندا سەرباری بەفەرمی ناسینی زمانی کوردی و کارپێکردنی لە بوارەکانی پەروەردە و فێرکردندا، ئەگەرچی چاوەڕوان بووین لانیکەم فۆرمێک لە پەروەردەی زمانی بۆ پارچەکانی تری کوردستان بەرهەم بهێنێت، کەچی دەرکەوت دامەرزراوە ئەکادیمی و زمانناسی و کولتوورییەکان ناتوانن بۆ خۆیشیان ئەوە بکەن، مخابن ئێستا لە بواری پەروەردە و فێرکردندا لەو دوو دەڤەرەی بادینان و سۆران بە دوو بنزاری کوردی باکوور و ناوەڕاست دەخوێنرێت، هەڵبەتە لە دەڤەری بادینان (بەتیپی عەرەبی بندیالێکتی کورمانجی- بادینی دەخوێنن)، وێڕای هەبوونی ئەو هەموو هەڵە و شێواندنی ڕێزمانییە لە چاپەمەنی و تەنانەت لە تابلۆ دیار و گەورەکانی ناو شارەکاندا دەبینرێن، کە نیشاندەری ئەو پەروەردە بێپلانەیە کە هێشتا بەشێکی خەڵک تەنانەت ڕۆژنامەنووسان و میدیاکارانیش نازانن بە کوردییەکی جوان و پەتی بنووسن، لەوەش گرنگتر هەر بەلایانەوە گرینگ نەبێت چۆنی دەنووسن و بۆچی دەینووسن و بۆ بنووسن، واتە پەرۆشی زمانی لەئاستێکی زۆر خوار و نزم دایە، لە هەموویشی مەترسیتر هەبوونی ئەو هەموو خویندنگا تایبەت و ئەهلییانەیە بەتایبەت ئەوانەی کە سەرجەم وانەکانیان بە (زمانی ئینگلیزی) دەخوێنرێن، لەپاڵ ئەوەشدا زمانی کوردی تێدا پەراوێز خراوە و هەژموونی زمانی ئینگلیزی بەسەردا زاڵ بووە، هەڵبەت لە داهاتوودا نەوەیەک پەروەردە دەکرێت نامۆ بە زمانی دایکی خۆی و کولتوورەکەی دەبێت.
نکۆڵی لەوە ناکرێت کە ئەمڕۆ زمانی کوردی لەبەردەم دوو ڕەوشی گەورەی جیهانگیریی دایە:
یەکەمیان: ئەوەی کە ئەم زمانە لە ڕووبەڕووبوونەوە دایە لەگەڵ جیهان و مەعریفە و زانستی نوێ و هەوڵی خۆی دەدات کە ببێتە زمانحاڵی دروست و بەپێی توانایی ئاخێوەران و هەموو ئەوانەی قسەی پێدەکەن.
دووەمیان: ئەوەی کە ئەم زمانە سەرەڕای ئەوەی کە بەهۆی داخراویی و ڕۆحییەتی دەمارگرژی سنوورەکانی کرانەوە بەرەو ڕووی جیهاندا دادەخات، تووشی شێوەیەک لە فامکردنی خێڵەکی و گوندەکییانە دەبێتەوە کە درێژەی ئەو ژیانە لۆکاڵی و داخراوەیە و لەمپەڕن لەبەردەم توانستی گەشەی زماندا، لە هەردوو حاڵەتەکەش جیاواز لەهەموو ئەو کێشانەی کە ڕووبەڕووی زمانی کوردین. هەر کەس یان تاکێک کە بە زمانی ناوچە یان خێڵەکەی خۆی قسەی کرد بەو مانایە نییە کە زمان دەزانێت، بەڵکوو ئەمە سروشتیترین و سادەترین و لەهەمان کاتدا "بنەڕەتیترین" حاڵەتی فێر بوونی زمانە، بەڵام ناتەواو و نیوەچڵە ئەوە ئەرکی دەزگا ئەکادیمییەکان و زمانناسان و ڕووناکبیرانی نەتەوەیە بەجددی کار بۆ گەشەپێدانی زمانی یەکگرتووی کوردی بکەن و لە هەڕەشەکانی جینۆسایدی کولتووری بپارێزن .
زمانی کوردی و شەڕی تایبەت
لە بەرەنگاربوونەوەی توانەوە و ئاسمیلەکردنی زمانەکەماندا، ئەوانەی ئینتمایان بۆ زمانی دایکی خۆیان نەبێت، بێگومان ئینتمایان بۆ نەتەوە و نیشتمانەکەشیان نییە و نابێت، هەوڵدان بۆ ناساندنی زارە کوردییەکان و هاوکات ناساندنی گرووپە ئیتنیکیە کوردییەکان وەک زمانی سەربەخۆ و جیاواز لە زمانی کوردی و نەتەوەی سەربەخۆ، وێڕای ئەوەی چی لە ئێستا و داهاتوودا زەبرێکی کوشندەیە لە ناسنامەی نەتەوەبوونمان، هاوکات هەوڵێکی زەبروەشێنی ڕەگەزپەرستانەیشە کە خۆی لە جینۆسایدی کولتووری نەتەوەکەمان دەبینێت، چونکە زمان ڕۆڵێکی بنەڕەتی دەگێڕێت لە داڕشتنی ناسنامەی کۆمەڵگا و ڕەنگدانەوەی مێژوو و بەهاکان و میراتی کولتووری ئەو کۆمەڵگایەیە. گەلی کوردیش کە زمانەکەی هەزاران ساڵە ناسنامەکەیەتی، جیاواز لەگەڵ نەتەوە سەردەستەکانی کە نیشتمانەکەیان بە ستەم و ستەمکاری زەوت کردووە، بەڵام چەندان سەدەیە لەژێر هێژموونی داگیرکاریی زمانەکەی بەزیندوویی ماوەتەوە، زمانەکەی توخمێکی سەرەکیی ناسنامەی نەتەوە ژێردەستەکەی بووە، بایەخێکی بەرچاوی هەبووە و هەیە لە پاراستنی میراتی کولتووری خۆی و دووپاتکردنەوەی ناسنامە ناوازەکەی خۆی لە بەرامبەر ئالنگاریی مێژوویی و گۆڕانکارییە سیاسییەکان.
زمانی کوردی کە سەر بە زمانە زاگرۆسییەکانە، هەرچەند بۆچوونێکی باو هەیە پێشتر دەگوترا سەر بە لقی ئێرانی بنەماڵەی زمانی هیندۆئەورووپییە و بە پلەی یەکەم لە ناوچەکانی کوردستانی باکوور- تورکیا، کوردستانی ڕۆژهەڵات-ئێران، کوردستانی باشوور-عێراق و کوردستانی ڕۆژاوا-سوریا هەروەها بەشێکی دانەبڕاویی مێژووییش لە هەرێمی نەخچەڤانی نێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجانیش هەڵکەوتووە، ئەمڕۆ بە ملیۆنان کورد قسەی پێدەکەن.
سەرەڕای ئەو دابەشبوونە جوگرافی و سیاسییانەی کە دانیشتوانی کوردیان پارچە پارچە کردووە، بەڵام زمانی کوردی وەک هێزێکی یەکگرتوو و بەیەکەوە گرێدانی کورد لە سنوورەکان و پاراستنی هەستی ناسنامە و میراتی هاوبەشی کردووە. یەکێک لە ڕۆڵە سەرەکییەکانی زمانی کوردی لە ناسنامەی کوردیدا، کارکردنیەتی وەک نیشاندەری جیاکاریی کولتووری و بەردەوامیی مێژوویی. زمانی کوردی لەڕێگای وشەسازییە دەوڵەمەندەکانی و تایبەتمەندییە فۆنۆلۆژییە ناوازەکانی و پێکهاتە ڕێزمانییە جیاوازەکانییەوە، ئەزموون و بەها و نەریتە هاوبەشەکانی کوردی لەخۆوە گرتووە، وەک کۆگایەکی فۆلکلۆر و ئەدەب و نەریتی زارەکی و گێڕانەوەی مێژوویی کوردی کار دەکات و کورد بتوانێت لەڕێگای زمانی زگماکییەوە ناسنامە و ئاوات و خەباتەکانی خۆی دەرببڕێت.
جگە لەوانەش زمانی کوردی ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕێت لە پاراستنی ڕۆشنبیری بە خزمەتکردنی وەک میدیایەک بۆ گواستنەوەی زانست و بەها و نەریتەکان لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر. زمانەکەمان لەڕێگای چیرۆکگێڕانی زارەکی و شیعر و ئەدەب و گۆرانییەوە پراکتیزە و بیروباوەڕ و داب و نەریتی کولتووری کوردی دەپارێزێت و بەرەوپێشی دەبات، هەستی شانازی و سەربەخۆیی لای کوردزمانەکان پەروەردە دەکات. پێکهاتەکان بە گواستنەوەی زانست و حیکمەتی نەریتی بە زمانی کوردی، بەردەوامیی میراتی کولتووری خۆیان مسۆگەر دەکەن و هەستی خۆڕاگریی کولتووری لە بەرامبەر فشارە داگیرکارییەکان دەپارێزن.
زمانی کوردی جگە لە گرنگیی کولتووریی خۆی، وەک ئامرازێک بۆ دووپاتکردنەوەی ناسنامەی کورد و خواستە سیاسییەکانیش کار دەکات. بەدرێژایی مێژوو، زمانی کوردی هێمای بەرخۆدان بووە لە بەرامبەر هەوڵەکانی سەرکوتکردنی ناسنامەی کورد و تێکدانی مافە کولتوورییەکانی کورد. سیاسەتەکانی ئاسمیلەکردنی زمانەوانی، سنووردارکردنی بەکارهێنانی زمانی کوردی لە پەروەردە و میدیا و ژیانی گشتیدا و هەوڵدان بۆ پەراوێزخستنی دەربڕینی کولتووری کوردی، بەرخۆدانی چالاکوانان، پەروەردەکاران و داکۆکیکارانی زمانی کوردی کە بۆ پاراستن و بەرەوپێشبردنی زمانی کوردی خەباتیان کردووە، بەرەوڕوو بووەتەوە، وەک هێمایەک بۆ ناسنامەی نەتەوەیی کورد.
دواجار زمانی کوردی ڕۆڵێکی فرەلایەنە لە داڕشتنی ناسنامەی کورد، پاراستنی میراتی کولتووری و دووپاتکردنەوەی ماف و خواستەکانی کورد. وەک ئامرازێک بۆ دەربڕینی ناسنامەی کورد و گواستنەوەی مەعریفەی کولتووری و بەرەنگاربوونەوەی ئاسمیلەکردنی کولتووری، لە دڵی هۆشیاریی بە کۆمەڵگای کوردیدا وەستاوە و وەک سیمبولێکی بەهێزی یەکڕیزی و خۆڕاگری و دەوڵەمەندیی کولتووری کورد کار دەکات. بە داننان بە بایەخی زمان لە ناسنامە و پاراستنی کولتووری کورددا، دەتوانین میراتی هەمیشەیی زمانی کوردی و ڕۆڵی ژیانی لە داڕشتنی ڕابردوو و ئێستا و داهاتووی گەلەکەماندا بەرز بنرخێنین. هەر بەم شێوەیە دەکارین بەتوندی ڕووبەڕووی شەڕی تایبەتی ئەو ستەمکارانە بوەستینەوە کە جارێک بەناوی ئایین و ئایینزایی جیاواز، جارێک بە ناوی تیرۆر و هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نەتەوەییان، لەهەوڵی بێوچاندان بۆ دژایەتی کردنی زمان و ناسنامە و نەتەوە و نیشتمانەکەمان.
پرسی زارو بنزارە کوردییەکان
ئەتلەسی زمانی کوردی وەک زمانی هەر نەتەوەیەکی سەر ئەو زەمینە، وێڕای ئەوەی کە جوگرافیایەکی بەرفراوانی هەیە، لە چەندان زار و بنزار و دەڤۆک پێکهاتووە، دیارە سەبارەت بە چەند هۆکارێکی سیاسی، زەوتکردن و دابەشکردنی کوردستان بەسەر چوار نەتەوەی دەسەڵاتداردا، زمانی کوردی ڕووبەڕووی توانەوە و ئاسمیلاسیۆن بۆتەوە، مخابن هێشتاش زمانی کوردی نەبۆتە زمانێکی پێوەر و یەکگرتوو بۆ هەموو کوردانی بەشەکانی کوردستانی گەورە.
لەسەرەتای سەدەی بیستەم، لە دوای پەیماننامەی شومی لۆزان و دامەزراندنی دەوڵەتە نەتەوەییەکانی ئێران و تورکیا و عێراق و سووریا، زەوتکردن و دابەشکردنی بەشێک لە خاکی نیشتمانەکەمان، ئەوەی ئەم دەوڵەتانە زیاتر کاریان لەسەر کرد جینۆسایدی کولتووری و توانەوەی زمانەکەمان بوو، ئەویش لەڕێگای گۆڕانکاریی دیموگرافیی و سیاسەتی پاکتاوی نەژادی سیاسەتی بە تورککردن و عەرەبکردن و فارسکردن بوو، کە سڕینەوەی کولتوور و ناسنامەی نەتەوەییمان بوو، ئامانجی سەرەکیی ناسیۆنالیستی نەتەوەی دەسەڵاتدار هەر تواندنەوەی فەرهەنگ و زمانی کوردی نەبوو، بەڵکوو سیاسەتی پاکتاوی نەژادی و ڕاگواستن و گۆڕینی نەتەوەی بۆ سەر نەتەوەی سەردەست وەک ئامانجی ستراتیژیی ناسیۆنالیستیی خۆیان، تا بە سانایی گۆڕانکاری دیموگرافی لە خاکی کوردستان بکەن و دەست بەسەر سەرچاوەکانی وزەی وەک نەوت و گاز و ئاوەکاندا بگرن.
بۆ ئەم مەبەستە پەنایان بردە بەر هەندێ لەو ڕۆشنبیرە کوردانە کە لەڕووی ئایدیا و هزری سیاسیەوە بە ئایدۆلۆژیی ناوەندی دەسەڵاتداری وڵاتەکەیان ئاسمیلە کرابوون، دواتریش لەڕێگای هەندێ رۆژهەڵاتناسی وەک مینۆرسکی و ئۆسکارمان و مەکەنزی بە توێژینەوە نازانستییەکانیان لەسەر مێژووی نەتەوەی کورد و زمانەکەی، دواتریش دەزگا هەواڵگرییەکانی دەوڵەتانی ناوچە لەڕێگای ئایدۆلۆژیی ئایینیەوە بەتایبەت ئیسلام بە نکۆڵی کردن لە کوردبوونی ئیتنیکە کوردییە ڕەسەنەکانی وەک زازاکی، هەورامی، لەک و لوڕ تا دەگات بەوەی کە حاشا لە کوردبوونی ئیزەدی و شەبەک و فەیلی و کاکەییەکانیش بکەن.
بە بیانووی ئەوەی کە ئەم ئیتنیکە کوردییانە زارەکانیان لە کوردی ناوەند- سۆرانی جیاوازە، هەر بۆیەش ئەوان زمانی کوردی بە یاسا قەدەغە دەکەن، چونکە لێی دەترسن و بە هەڕەشەی دەزانن لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان، کە پێیان وایە دواجار داننان بە ناسنامە و زمانی کوردی وڵاتەکەیان پارچەپارچە دەبێت، هەر بۆیەش دەیانەوێ بۆ هەمیشە زمانی کوردی زمانێکی لەت لەتکراو و سەرکوتکراو و ژێردەستە بێت. لە سەدساڵی ڕابردوودا ئەم زار و بنزارە کوردییانە بە پلان و ئەجیندای نەتەوەی دەسەڵاتدار وەک شەڕی تایبەت بەرامبەر بە سیاسەتی جینۆسایدی کولتووری و توانەوەى زمانی کوردی لە برەودایە و، تەنانەت گەیشتە ئەو ڕادەیەی ئاخێوەرانی ئەم زمانە و زارەکانیان زیندانی بکرێن، تەنانەت لە سێدارەش بدرێن، وێڕای هەوڵی بەردەوامی جینۆسایدی کولتووری نەتەوەییمان و هاوکات هەوڵی ئەوەیان داوە ئاسمیلاسیۆنی زار و بنزارە کوردییەکان بکەن لەسەر بنەمای تیۆرەکانی مەکنزی و مینۆرسکی و هاوڕاکانیان لە هەندێ لەو ڕۆشنبیرە کوردانەی وەک دکتور محەمەد موکری و میهرداد ئیزەدی و ڕەشید یاسەمی و مەردۆخی سنەیی و ئەمیری حەسەنپوور و هاوبیرەکانیان؛ هەمیشە لەهەوڵی ئەوەدا بوون کە ئەم زار و بنزارە کوردییانە وەک زمانی سەربەخۆ و جیاواز یان بە کۆمەڵەزمانی کوردی بناسێنن. بەداخەوە ئیستاش بەشێک لە ڕووناکبیرانی کورد پێیانوایە قسەکردن لەسەر زار و بنزارە کوردییەکان جۆرێکە لە بچووککردنەوە و پەراوێزخستنی گرووپە ئیتنیەکانی تر، لە کاتێکدا ئێمە دەزانین لە غیابی زمانی یەکگرتووی کوردی بۆ هەموو کوردانی بەشەکانی تری کوردستان زارەکان ڕۆڵی زمانی ستاندارد دەگێڕن، نموونەش ڕەوشی زمانی کوردی- زاری کرمانجی لە ڕۆژاوای کوردستاندا، کە ساڵانیکە لەدوای جاڕدانی دەسەڵاتی بەڕێوبەرایەتی -خۆسەری لە ڕۆژاوای کوردستاندا، چووەتە بواری جێبەجێکردن لە فەرمانگە حکوومییەکانی وەک دادگاکان و پەروەردە و فێرکردن و کەناڵەکانی سۆشیال میدیادا.
دیارە ڕەوشی زمانی کوردی لە بەشەکانی تری کوردستان لە تورکیا و سوریادا، سەبارەت بە ڕەسمی نەناساندنی زمانی کوردی کە بە ناچاری ڕۆناکبیران و نووسەرانی کوردانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا و باکوور، بە زمانی نەتەوەی دەسەڵاتداریان خوێندووە و نووسیوە، بەڵام خۆشبەختانە رووناکبیرە دڵسۆزەکانیان هەر لەڕێگای زمانەکانی عەرەبی و تورکی و فارسییەوە خزمەتێکی زۆریان بە زمان و کولتوور و فەرهەنگی کوردان کردووە، بەتایبەت لە ناوچە کوردنشینەکانی دەرەوەی جوگرافیای کوردستان وەک خوراسان و مازەندەران و تەنانەت تارانی پایتەختیشدا.
بەداخەوە هێشتا هزری ناسیۆنالیستی نەتەوەی سەردەست پێیانوایە گەلی کورد نەتەوە نییە، ئەم پەتایە هێشتا لە سایەی جیهانگیریی و سۆشیال میدیاشدا لای هەندێ لە میدیاکار و ڕۆژنامەنووسەکانیان برەوی هەیە. هاوکات هەندێ کەس پێیانوایە زمانی کوردی دوای هاتنی ئیسلام بۆ کوردستان سەری هەڵداوە، چونکە بەر لەو قۆناغە هیچ تێکستێک بە زمانی کوردی نابینرێت، یان وەک بەڵگەیەک لەبەردەستماندا نییە.
لەڕاستیدا، ئەوانەی بەر لە هاتنی ئاینی ئیسلامیش بۆ کوردستان ڕەگوڕیشەی زمانی کوردییان پاراست، ئەگەر زۆر دوور نەڕۆین بۆ دەقەکانی ئاوێستای ئایینی پیرۆزی زەردەشتییەکان، ئەوا ئایینی پیرۆزی کوردانی ئیزەدی بوون، ئایینی پیرۆزی کوردانی یارسان بوون، بەتایبەتیش کە لەڕێگای ئایینەکەیانەوە، زمانەکەیان پاراستین، تاڕادەیەکی زۆریش بوونی ئایینی یارسان بە زاری گۆران ڕۆڵێکی باشی گێڕاوە لە پاراستنی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا.
کوردی مسوڵمان سەبارەت بە مسوڵمانبوونی لەناو گەلانی مسوڵماناندا بە ڕێژەیەکی زۆر توانەوە، باشترین نموونەش وەک دکتۆر تۆسنێ ڕەشید لە وتووێژێکماندا دەڵێت، مانەوەی زمانی کوردی لە ناو کوردانی ئیزیدی لە ئەرمەنستان و گورجستان سەبارەت بە ئایینەکەیان بووە و توانەوەی زمانی کوردی لە ئازەربایجانیشدا، هەر سەبارەت بە هاوبەشی ئایینی بووە لە گەڵ تورکە ئازەرییەکان.
بەدڵنیایی بوونی چەند مەلا و سۆفییەکی کورد وەکوو باباتاهیری عوریان و ئەحمەدی خانی و مەلای جزیری و نالی و هتد... لە حوجرە و مەدرەسە ئایینەییەکاندا ڕۆڵیان هەبوو لە پاراستنی زمانی کوردی لەڕێگای دەقە شیعرییەکانیانەوە، بەڵام فەزڵەکە بۆ پرسی ئاینی ناگەڕێتەوە، چونکە هەمیشە عەرەبی مسوڵمان زمانی کوردی پێ زمانی دێو و درنج و جنۆکان بووە و، عەجەمی مسوڵمانیش زمانی کوردی بە زمانی دۆزەخ شوبهاندووە.
زمانی کوردی هەر لەسەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی پاشایەتی لە عیراقدا تا دەگاتە بەر لەڕووخانی ڕژێمی سەددامیش لە ڕەوشێکی نالەباردا بوو؛ بە زۆر شێواز دژایەتیی کراوە و هەوڵی توانەوەی دراوە، بەڵام خۆشبەختانە ئیستا لە دەستووری نوێی عیراقدا بە ڕەسمی دانی پێدانراوە. پرسیار لەوەدایە لەم ڕەوشەی نەبوونی زمانی ستاندارد و ئەلفبێی ستاندارد و ڕێنووسی ستاندارد، تا چەند پەروەردە و خوێندن بە زار و بنزارە کوردییەکان چی لە ئیستا و چی لە داهاتوودا خزمەت بە زمانی یەکگرتووی کوردی دەکات؟
فەرەیدوون سامان
سەرنووسەری گۆڤاری زمان و زار
Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved