22/12/2024
زمان داڕێژەری ناسنامەیە

١) زمان:

خەڵکی بەگشتی وا دەزانن زمان تەنها بۆ ئاخاوتنە و لە پێناسەی تەواوی زماندا دەڵێن زمان تەنها بۆ قسەکردنە، ئەمەش ناساندنێکی پڕاوپڕ نییە، چونکە زمان پێڕەوی بەرهەمهێنانی واتایی فرە مەبەست و فرە بەکارهێنانە. زمان لەوە زیاترە تەنها زنجیرەیەک دەنگ بێت کە مرۆڤ بەرهەمی دەهێنێت و دەریدەبڕیت، تەنها ئامڕازێک نییە بۆ پەیوەندیگرتن و هۆکارێک نییە بۆ گواستنەوەی زانیاریی و ئاڵوگۆڕی بیروڕا؛ بەڵکوو زمان کارامییەکی ناوازەی ئێمەیە بۆ نواندنی خۆمان، کولتوورمان، پێشینەمان، کۆمەڵەمان، پێگەی کۆمەڵایەتیمان و لە هەمووی گرنگتر ناسنامەمان. ئێمە بوونمان بە زمانەکەمان دەردەبڕین، گرنگیی کرۆکی زمان بۆ ناسینی ناسنامەمانە، بەڵام چ زمانێک و چۆن؟ زمان توانست و توانایەکی ئەفسوناویی مرۆڤە، من ئێستا بە زمانێک قسە دەکەم چونکە دەتوانم، توانین بە واتای ئەوەی دەتوانین هەموو شتێکی پێبکەین و بیڵێین. جادوویی ئەم کارامەییە لەوەدایە کە بیرەکانمان بە دەنگ دەنوێنین و دەیگوازینەوە و بگرە قسەی ناڕاست و بیری نامۆ و...پێ بەرهەم دەهێنین، بە واتا زمان هەم بیر و هەم کردەیە و جۆر و چۆنێتییی ژیانکردنمان وەستاوەتە سەر جۆر و چۆنێتییی بەکاربردنی زمانمان، ئەم جادووییەی زمان پرسی زۆری وروژوواندووە، پرسێکی دێرین هەیە، ئایا ئەو زمانەی پێی دەدوێین بیرکردنەوەمان دیاری دەکات؟ چۆن بیرەکانمان بە هێما دەکەین؟ یاخود وردتر بپرسین ئایا زمان بوونمان، ناسنامەمان دەستنیشان دەکات؟ چونکە جۆری بیرکردنەوە و چۆنێتییی بیرکردنەوە تانوپۆی ناسنامەمان دیاری دەکەن.

بۆ وردتر ڕۆچوون بەم بابەتە، چەند پرسێکی تر دەورووژێنین: ئایا زمان بوونە؟ پەیوەندی زمان و تێگەیشتن چۆنە؟ چۆن زمان بیر و باوەڕ و هەڵوێستەکان دادەڕێژێت؟ ناسنامە چییە؟ چۆن ناسنامەی خۆمان بە جیهان دەناسیێنین؟ جۆرەكانی ناسنامە چین؟ ناسنامە چۆن دادەڕێژرێت؟ ئایا دەکرێت تاکێک زیاتر لە ناسنامەیەک هەڵبگرێت؟ چۆن زمان و ناسنامە یەكتری تەواو دەكەن و یەكانگیر دەبن؟ بە واتایەكی تر، چۆن زمان كاریگەری لەسەر ناسنامە دەبێت و بە پێچەوانەوە؟

لە ئێستادا  مرۆڤەکان بە زیاتر لە ٧٠٠٠ زمانی زیندوو لە جیهاندا قسە دەکەن و بیر و تێڕامان و بۆچۆنیانی پێدەخەنە ڕوو، قسەکردن بۆ ناساندنی خۆیانە و بۆ ئەوەی بزانن ئەوان بەڕاستی کێن و دەیانەوێت خەڵک چۆن بیانبینن، بۆ ئەمەش زمان بەکار دەبەن. زمان ئەو هێزەیە کە توانامەندە لە شێوەپێدان و پەیبردن و درکپێکردن و بیرکردنەوەکانمان؛ کاریگەری لەسەر بیر و باوەڕەکانمان هەیە و واقیعەکانمان بنیات دەنێت. هەر لە ساتەوەختی لەدایکبوونمانەوە، لە جیهانی وشەدا نوقم دەبین و ئەم وشانە توانایی ئەوەیان هەیە کە بیرکردنەوە و کردارەکانمان بە شێوەیەکی قووڵ بنوێنن. ئەو وشانەی بەکاریان دەهێنین دەتوانن چۆنێتییی پەیپێبردنی جیهانی دەوروبەرمان لە قاڵب بدەن، بەوەی هەر وشەیەک بگرین هێمایەکی زمانییە و پێکهاتەکانی فۆڕم و ناوەڕۆک دروستەکەی دادەڕێژن، هەرچی (دەنگ، پیتە) فۆڕمەکەی بەرجەستە دەکەن و (کۆزانیاریی زمانی و نازمانی کە دنیابینی و ئاوەزمەندیی و زانیاریی هەستی و دەروونی و ئەزموونی و پەیپێبردنی و تێڕامان و ...تاد) ناوەڕۆکەکەی دەنەخشێنن، بەهۆی زمانەوەیە کە بیرکردنەوە و هەست و ئەزموونەکانمان دەردەبڕین و توخمێکی سەرەکییە لە چۆنێتییی پەیوەندیگرتن لەگەڵ ئەوانی تر و پێکهێنانی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی.

تاکەکان، هەریەکەیان بە تایبەتمەندییە ناوازەکانی خۆیان، زمان بۆ دەربڕینی جیاوازی یان هاوبەشی خۆیان بەکاردەهێنن، کەچی جادووی زمان دەتوانێت بەگشتی ببێتە هێزی جەمکردنی تاکەکانی سەر بە گرووپێکی کۆمەڵایەتی دیاریکراو کە پێکهێنەری ناسنامەیەتی، ئەمەش کڕۆکی پەیوەندیی نێوان زمان و ناسنامەیە لە سەرەتاوە، لەمەوە زمان بنەوانی پەیوەندیگرتنی مرۆڤە و بنەمایەکی بنەڕەتی داڕشتن و گەڵاڵەکردن و شێوەپێدانی ناسنامەیە و چۆنێتیی بەکارهێنانی زمان، پێناسی ناسنامەی فەرهەنگی وکولتووری و نەتەوەیی، کەسیی مرۆڤە، واتە زمانی مرۆڤ جیهانی مرۆڤە. فرانتز فانۆن لەم بەرەیەوە دەڵێت: "قسەکردن بە زمانێک واتە وەرگرتنی جیهان و فەرهەنگەکەی".

کاریگەریی زمان لەسەر تێگەیشتن لەوەدایە، کە زمان وەک چاویلکەیەک کار دەکات کە ئێمە لەڕێگەیەوە سەیری خۆمان و جیهان و بوون دەکەین. بەواتایەکی تر زمان جۆر و چۆنێتیی تێگەیشتنمان دەستنیشان دەکات، ئەو وشانەی کە بۆ وەسفکردنی کەسەکان و ڕووداوەکان و ئەزموونەکان بەکاریان دەهێنین دەتوانن کاریگەرییان لەسەر چۆنییەتی هەستکردنمان هەبێت، کردەی ناونان، یان بۆ نموونە هەڵبژاردنی ئەو وشانەی کە بۆ وەسفکردنی کەسێک بەکار دەهێنرێن، دەتوانن وێنە و هەستی دەروونیی جیاواز بورووژێنن. وشەکانی وەک "ئازا" یان "پاڵەوان" و "قارەمان"، دەتوانن هەستی سەرسامی و ڕێزگرتنی لێ بکەوێتەوە، لە کاتێکدا وشەکانی وەک "نامەردانە" یان "لاواز" دەتوانن بێڕێزی یان بەزەیی بورووژێنن. چۆنێتیی پەیپێبردن و درکپێکردنی شاعیرەکانمان بۆ هەمان دیاردە و هەبوو لە جیهاندا، وەک چۆنێتیی وێناکردنی "وەرزی پاییز" لای هەر شاعیرە و جۆرێکە، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە زمان بەرجەستەکەر و دەستنیشانکەری تێگەیشتن و درکپێکردنەکانمانە. 

لەلایەکی ترەوە، زمان نەک تەنها ڕۆڵی لە داڕشتنی بیر و باوەڕ و هەڵوێستەکانماندا هەیە و نەک هەر ڕەنگدانەوەی دنیابینی و بۆچوونەکانمانە، بەڵکوو هێزی داڕشتنیشی هەیە. بۆ نموونە، ئەو وشانەی کە بۆ قسەکردن لەسەر پرسە کۆمەڵایەتییەکان بەکاریان دەهێنین، کاریگەرییان لەسەر تێگەیشتن و هەڵوێستمان لەسەر ئەو پرسانە هەیە. جیاوازیی نێوان ئاماژەدان بە کەسێک بە "کوێر" لە بەرامبەر "نابینا" لەبەرچاو بگرین. یەکەمیان هەستکردن بە کەمئەندامی و بێتوانایی و یان کەمیی دەردەخات، لە کاتێکدا دووەمیان جەخت لەسەر هەمەجۆریی و خۆڕاگری دەکاتەوە.

بەم تێڕوانینە وشە هەم هێزی بنیاتنەر و چێژبەخش و ئەرێیی و هەم هێزی نەرێنی و تێکدەرانەی هەیە، وشەکان هێزی بەستنەوە و یەکانگیربوون و بەیەکگەیاندن و وابەستەیی یان دانانی بەربەست و  ڕێگری، یاخود باڵایی و شکۆ و بەرزکردنەوە و ئیلهامبەخشین، یان ئازاردان و پەرتی و جیاکاریی و دابەشبوونیان هەیە. دووپاتکردنەوە و هاندانی ئەرێیی دەتوانێت تاکەکان بەهێز بکات و هەستکردن بە متمانە و بەشکۆ ڕوانین لە خود فەراهام بهێنێت؛ بە پێچەوانەوە، زمانی زبر و سووکایەتیکردن و قسەی ڕقاوی و توانج و تانە و تەوس و...دەتوانێت برینێکی قووڵی لێ بکەوێتەوە. ئەمانەش وا دەکات کاریگەریی وشەکان لە کارلێکی تاکەکەسی تێدەپەڕێت بۆ داڕشتنی نۆرم و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان، تەنانەت دەتوانێت گۆڕانی کۆمەڵایەتی بهێنێتە کایەوە.

٢. ناسنامە:

ناسنامە، "خود، جێکەوتە، ڕۆڵ، خودێتی، بابەتیبوون، کارا" نیشانەی واتایی وشەکە دیاری دەکەن و ئاماژەیە بەو تایبەتمەندیی و سیفەت و سیما ناوازانەی کە تاک، گرووپ یان بوونێک پێناسە دەکەن، کە زانیاریی کەسیی و مەیل و ویست و ئارەزوو و بیر و بۆچوون و هەڵسوکەوت و ڕەفتار و کردەکانی دەینوێنن و لایەنە چەسپاو و نەگۆڕەکانی خودبوون وەک نەژاد، گرووپی کۆمەڵایەتی، ڕەگەز، تەمەن... بە ناسنامە دانراون، بۆیە ناسنامە بەدەستهێنانە نەک هەبوو.

 ناسنامە ئاماژەیە بۆ ئەو تایبەتمەندیی و باوەڕ و بەها و ئەزموونانەی کە پێناسەی تاکێک یان گرووپێک دەکەن و لایەنی جۆراوجۆری وەک پێناسی کولتووری، نەتەوەیی، نەژادیی، کەسی و کۆمەڵایەتی دەخاتەڕوو. ناسنامە، پێکەوەیی ڕستێک سیما و ڕووکار و ڕەفتاری کەسییە، کە هەبوویەکی بە شێوەیەکی یەکلاییکەرەوە پێدەناسرێتەوە؛ یاخود مەرج و جۆرێتی هەمان هەبووە لەگەڵ هەبوویەکی تردا، کە تاک وەک ئەندامێکی گرووپێک بە هۆیانەوە دەناسرێتەوە.

 ناسنامە كۆی تەواوی ئەو تایبەتمەندیی و سیمایانەیە كە بەهۆی شوێن، تەمەن، ڕەگەز، نەژاد / ڕەچەڵەک، مێژوو، نەتەوە و نیشتمان، ئاڕاستەی بیركردنەوە، ئایین، شوێنی جوگرافی، بەها و بیر و باوەڕەوە وەریدەگرین. هەموو ئەم لایانەنانە تانوپۆی ناسنامەمان دەنەخشێنن، كە پێشکەشی جیهانی دەكەین، لەمەشەوە ناسنامەی جیاواز بەپێی جیاوازی ئەو لایەنانە و كۆمەڵەکە دەکەونەوە و بەمەش دەوترێت گۆڕینی/ تێکەڵكردنی ناسنامە. بەواتا ناسنامە چەسپاو نییە و بەپێی دەوروبەرەكان دەگۆڕێت و ئێمە یەك ناسنامەمان نییە، هەموو تاكێك فرە ناسنامەیە و بەتێپەڕبوونی كات دەتوانین ناسنامە زیاد بكەین بۆ خۆمان، وەك (+هاوسەرداریی، + بڕوانامە، +منداڵبوون... ).

لە سادەترین پێناسەیدا ناسنامە ئەوەیە كە تۆ كێیت، تاكەیەتی و خودگەرایی تۆ چییە؟ مەرجەكانی بوون بە كەسێكی دیاریكراو چیین؟ یاخود بریتییە لە پێگەی كۆمەڵایەتی خود و ئەوانیتر، لە زمانەوانیی كۆمەڵایەتیدا ناسنامە پەسند دەكرێت بەوەی تاكەكان خۆیان وەك ئەندامی گرووپێكی دیاریكراو ناوزەد دەكەن، لە زمانەوانیی دەرووننناسیدا ئاماژەیە بە ڕێزگرتن و بەهاپێدانی خود و خۆبینینی خود و چۆنێتیی وێناكردنی، لەمانەشەوە ناسنامەی كولتووریی و كۆمەڵایەتی، ڕەگەزیی، نەتەوەیی، ئاینیی، كولتووریی...دەستنیشان كراون.

بۆ تەواو ناساندنی ناسنامە پێویستە لە دوو چەمکی پەیوەستدار بە ناسنامەوە پەسندی بکەین، ئەوانیش یەکسانی و جیاوازییە، کە دیدگای تەواوکاریی پێشکەش بە ناسنامە دەکەن. یەکەمیان ڕێگە بە تاکەکان دەدات خۆیان وەک گرووپێک خەیاڵ بکەن، لە کاتێکدا دووەمیان مەودای کۆمەڵایەتی لە نێوان ئەو کەسانەدا بەرهەم دەهێنێت کە خۆیان بە جیاواز دادەنێن. ئەم دوو چەمکە چونکە لە کارلێکی کۆمەڵایەتییەوە سەرهەڵدەدن دەبێت بگەڕێنەوە سەر ئەو ڕایەڵانەی تانوپۆی ئەم چەمکانەیان نەخشاندووە.

٢/١) گۆڕاویی ناسنامە:

ناسنامەی تاکێک جێگیر نییە؛ بەپێی دۆخ و ئامانج و چوارچێوە دەگۆڕێت. کاتێک مرۆڤەکان خۆیان لە ژینگە نوێیەکاندا دەبیننەوە، زۆرجار ناسنامەکانیان دووبارە دادەڕێژنەوە بۆ ئەوەی خۆیان لەگەڵ خۆیان و دەوروبەرەکانیان بگونجێنن. ئەم گونجاندنە جەخت لەسەر پێویستی لێکۆڵینەوە دەکاتەوە کە چۆن گۆڕانکارییە ژینگەییەکان دەتوانن پەیوەندیی نێوان زمان و ناسنامە پێناسە بکەنەوە. بۆیە پێویستە بزانین چۆن ناسنامەی خۆمان بە جیهان دەناسێنین.

 بەم ڕێگایانە ئێمە خۆمان وێنادەکەین و بەهۆیەوە ناسنامەمان دەناسێنین:

1. بەهۆی چۆنێتی و جۆرێتیی كەرەستەكانەوە كە بەكاریان دەهێنیت(جۆری جلوبەرگ، قژ، خشڵ و جوانكاریی،...). 2.چۆنێتیی هەڵسوكەوتكردن ..3شێوازی قسەكردن . . 4ئەو گۆرانییەی گوێی لێدەگرێت.. 5 ئەو بەرنامە و كەناڵ و فیلمانەی سەیریان دەكەیت. . 6 ئەو وەرزشەی كە دەیكەیت یان تەماشای دەكەیت. . 7 ئەو كتێبەی كە دەیخوێنیتەوە یان ئەو بابەتەی كە پەسندی دەكەیت. . 8 مەیل وخولیا و خواستەكانت.. 9 ماڵ و كەلوپەل و ئوتومبیل و..

٢/٢) جۆرەكانی ناسنامە:

هەموو مرۆڤێک چەند ناسنامەیەکی هەیە، کە بەپێی پۆلێنکردنە کولتوورییەکانیان (نەتەوەیی، ڕەگەز، ئایین و پۆل) و هەروەها بەپێی تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتییەکان (خێزان، پیشە و پێگە یان نازناو) پێناسە دەکرێت، ئەمانە پێکهاتەی دەرەکی ناسنامەن کە پێیان بەخشراوە، که پەنجەمۆری ناسنامەمانن، لەسەروو ئەوانەشەوە جۆری تری ناسنامە دیاری کراون، وەک:

 

ناسنامەی دەروونیی: چۆن لەڕووی ئاوەزیی و سۆزدارییەوە درك بەخۆمان دەكەین.

 

ناسنامەی تاكەكەسیی/ خودیی: چۆن وا هەست دەكەیت كە تۆ هەیت.

 

ناسنامەی كۆمەڵایەتیی: وێناكردنەكانمان لە بارودۆخە كۆمەڵایەتییەكاندا چۆن دەكەوێتەوە.

 

ناسنامەی بەكۆمەڵ/دەستەجەمعی: چۆن هەست دەكەین سەر بە كۆمەڵێكن و وابەستەی یەكین.

 

ناسنامەی كولتووریی: كولتوور ئەو چوارچێوەیەیە كە لە بۆتەیدا هەوێنی جیاوكی ئاوەزمەندیی و دنیابینی و كەسێتیی و كردە و ڕەفتارەكانمانی تێدا گەڵاڵە كراوە و نەخشی كێشراوە، ئەمەش ڕاستەوخۆ كاردانەوەی بەسەر زمان و بونیاتی زماندا هەیە و لە زمانەوانیدا بە هەردوو بەشەكەیەوە(تیۆریی و کارەکی) بەرجەستە دەبێت. ئاخێوەران بەهۆی ئەندامبوونیان لە كۆمەڵدا هێز و شانازی و هەستی كۆمەڵایەتی و بەردەوامی و مێژوویان لە بەكارهێنانی زمانی ئەو كۆمەڵەی كە بۆی دەگەڕێنەوە، وەردەگرن. پەیوەندی ناسنامەی كولتووریی زمان پەیوەندییەكی زۆر ئاڵۆزە. ناسنامەی كولتووریی لە ئەو گرووپە كولتوورییەی تاكێك دەگەڕێتەوە بۆی، سەرچاوە دەگرێت. بە واتایەكی تر، گرووپی كۆمەڵایەتی تاك ژێدەریی ناسنامەی كولتووری تاكەكانە، وەك( زمانی هاوبەش، بەها و بیر و باوەڕی هاوبەش، پێشینەی نەتەوەیی هاوبەش، ڕەچەڵەكی هاوبەش، سەرچاوەی جوگرافی هاوبەش..).

 

ناسنامەی سەرەکی: تاڕادەیەک جێگیر و نەگۆڕن، وەک؛ ڕەگەز، نەتەوە، تەمەن، سەرچاوەی نەتەوەیی و ناوچەیی.

 

ناسنامەی کارلێکی: ئاماژە بەو ڕۆڵانە دەکەن کە مرۆڤەکان لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیگرتندا لەگەڵ کەسانی دیکەی دیاریکراودا دەیگرنە ئەستۆ. بۆ نموونە، (ڕۆزی بچووکترین منداڵی گوڵاڵەخانی دراوسێی تەنیشتمە، لە ( نەخۆشخانەی فاروق) کاردەکات، (تاڤی هاوڕێیەتی ڤارێی کچم دەکات)، شوقەیەکی لە (دەروازە سیتی) کڕیوە.

 

ناسنامەی کەسی: ئەمان تاڕادەیەک جێگیر و ناوازەن. ئاماژە بەو ڕێگایانە دەکەن کە مرۆڤەکان تێیدا قسە دەکەن و ڕەفتار دەکەن بەرامبەر بە کەسانی تر: سەرسوڕهێنەر، ڕاستگۆ، ڕاشکاوانە، عەقڵانی، خۆبەزلزان، قسەخۆش، لووتبەرز.

 

ناسنامە وابەستەییەکان: ئاماژە بەو جۆرە پەیوەندییەیە کە کەسێک لەگەڵ هاوبەشێکی گفتوگۆی دیاریکراو لە دۆخێکی دیاریکراودا دەیکات. ناسنامە وابەستەییەکان لە ساتێکەوە بۆ ساتێکی تر دانوستانیان لەسەر دەکرێت و زۆر گۆڕاون.

٣.  زمان داڕێژەری ناسنامەیە:

٣/١) زمان و کولتوور:

كولتوور تایبەتمەندیی و سیمای ناسنامەی مر‌وڤە و، مێژوو، دابونەریت، فەرهەنگ و بەهاو...وەك سیمای كولتوورێكی دیاریكراو كاریگەری بەهێز و قووڵی لەسەر چۆنێتیی بیركردنەوە و تێڕوانین و ئاوەزمەندیی و هەوڵسوكەوتی مرۆڤ بۆ جیهان هەیە، لەمەشەوە ناسنامەی كولتووریی هەموو ئەو شتانەی پەیوەندییان بە خود و وابەستەگیی و لایەنداریی و پێڕەوی باوەڕ و هەستی ڕێزلەخۆگرتن و خودشكۆیی، لەخۆ دەگرێت و كۆی گشتی شێوازەكانی ژیانە كە لەلایەن كۆمەڵێك مرۆڤەوە داڕێژراون و لە نەوەیەكەوە بۆ نەوەیەكی تر دەگوازرێنەوە.

چەمکی ناسنامە پێگەیەکی کڕۆکی و چەقی لە زمانەوانیی مرۆڤناسی/ئەنسرۆپۆلۆژیادا وەرگرتووە. لە زۆرباردا لێكۆڵین لە زمانەوانیی ئەنسرۆپۆلۆژی بە لێکۆڵین لە زمان و ناسنامە پێناسە کراوە، بەوەی هەرچەندە سەرچاوە و ژێدەری زۆر بۆ بەرهەمهێنانی کولتووری ناسنامە بەردەستن، بەڵام زمان شلگەییترین و گشتگیرترینە. چونکە ئەم ڕشتەیە گرنگی بە بەرهەم و دەرکردەی زمانی دەدات کە زادەی قاڵبوون و تاقیکاریی و ئەزموون و ژیانکردنە لە کولتووردا و ئاخێوەران لەڕێی زمانەکەیانەوە بەرجەستەی دەکەن و زۆرێک لە زانستی ناسنامە لە ئەنسرۆپۆلۆژیای کۆمەڵایەتی-فەرهەنگیدا سوود لە بەڵگەی زمانی وەردەگرن – وەک:( ژیاننامە، گێڕانەوە، چاوپێکەوتن، نوکتە، نەریتی زارەکی و ئەدەبی زارەکی...)؛ بەم شێوەیە لێکۆڵینەوەی زمانەوانیی ئەنسرۆپۆلۆژیی پەسندکەری دابونەریت و بەکۆمەڵایەتیبوون و پێگە و...ە، بۆیە نەک تەنها جۆری قسە و زمان بەڵکوو جۆری ئاخێوەرانیش وەسف دەکەن، بەهۆی بەکارهێنانی زمانەوە ناسنامە بەرهەم دەهێنن و دەبێتە پێناس و تایبەتمەندییان. هەموو مرۆڤێک لە کۆمەڵدا بەرەدەوام لە پەیوەندیگرتندایە، لەم پەیوەندیگرتنەدا چەندین ڕێگەی جۆراوجۆر هەن کە دەتوانین وێنای خۆمان بنەخشێنین و چۆن بمانەوێت بەو شێوەیە خۆمان بە وانی تر بناسێنین؛ ئەمەش ناسنامەمانە. پەیوەندیی نێوان زمان و ناسنامە بابەتێکە، دەچێتە ناو زانستی زمانی کۆمەڵایەتییەوە. ڕیمۆند ویلیامز لە ١٩٧٧دا نووسیویەتی کە "پێناسەی زمان هەمیشە، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان پەنامەکی، پێناسەیەکە بۆ مرۆڤ لە جیهاندا"، زمان تەنیا ئامڕازێک نییە بۆ پەیوەندیگرتن، بەڵکوو شێوازێکە بۆ دەربڕینی واقیعی کولتووری گەلێک. زمان ڕەنگدانەوەی ڕوانگە و تێگەیشتن و ناسنامەی نەتەوەیەک و تاکەکانییەتی. جگە لەوەش، زمان و کولتوور یەکشتن، بۆیە کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەیە و وابەستەی یەکترن. ناسنامەی کولتووری ئاماژەیە بۆ پەیوەندیی نێوان تاکێک و ئەندامانی گرووپێکی نەتەوەیی تایبەت، کە مێژوو و زمانێکی هاوبەشیان هەیە و شێوازی هاوشێوەی تێگەیشتن لە جیهانیان هەیە. کاریگەریی زمانی مرۆڤ لەسەر ناسنامەی مرۆڤ لەوەدایە مرۆڤەکان فێر دەبن کورد بن یان عەرەب، موسوڵمانن یان جوو، ئەمەش هۆکاری سەرەکییە بۆ ئەوەی ئێمە لەسەر بنەمای قسەکردنیان حوکم لەسەر ڕەگەز، نەتەوە یان ڕەگەز و کولتووری تاکەکان بدەین (بەراوردی ناوی خزم و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە کولتووری کورد و کولتووری ئینگلیز بکە-ئێمە (پورزا، خاڵۆزا، ئامۆزا)،لای ئەوان تەنها (cousin)- بەکار دەبرێت. تێگەیشتن لەم پەیوەندییە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە پەیوەندیگرتن و تێگەیشتن لە جیاوازییە کولتوورییەکان.

چونکە زمان ئاماژە بە پێگەی کۆمەڵایەتی، ڕەگەز، نەتەوە، یان توخمی کەسێک دەدات، وەک شێوازێکی بنەڕەتی پەیوەندیگرتن، بە شێوەیەکی ئاڵۆز لەگەڵ ئەم  ڕەهەندە جیاوازانەی ناسنامەدا تێکەڵ بووە. زمان بەرجەستەکەری ناسنامەیە بە هەموو جۆرەکانییەوە، کە بەها و نەریت و بیر و باوەڕی هاوبەشی گرووپێکی دیاریکراو دەگرێتەوە. ئەو ناونان و وشەسازی و ڕێزمان و دەربڕینانەی لە زمانێکدا بەکار دەهێنرێن، ڕەنگدانەوەی جیاوک و ئەزموونی کولتووری قسەکەرەکانن. بۆ نموونە، بەکارهێنانی وشە، ئیدیۆم، یان میتافۆری تایبەت، بەها و بەرجەستە کولتوورییەکان پەسند دەکات. تاکەکان بە بەکارهێنانی زمان، ئەندامێتی و پەیوەندی خۆیان بە گرووپێکی کولتووری دیاریکراوەوە دووپات دەکەنەوە، بەمەش ناسنامەی کولتووری خۆیان بەهێزتر دەکەن.

ناسنامەی مرۆڤ لە ژێر کاریگەریی هۆکارە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکانی وەک تەمەن، ڕەگەز، چین، نەتەوە و پیشەدایە. پاشان ئەم هۆکارە کۆمەڵایەتییانە دەتوانن کاریگەرییان لەسەر بەکارهێنانی زمانی تاک هەبێت. بە شێوەیەکی ئاسایی ئەندامانی گرووپێکی دیاریکراو زمانێکی هاوبەشیان هەیە، ئەمەش یەکێتییەکەیان بەهێزتر دەکات. بەرمەبنای ئەم بیرە، پێویستە هەموو نەتەوەیەک زمانی ستانداردی هەبێت، ئەم ئەزموونە زمانییە هاوبەشە ناسنامەی گرووپ دەچەسپێنێت و هەستکردن بە سەربەخۆیی لەڕێگەی ئەزموونە هاوبەشەکان و ئاسانکاری پەیوەندیگرتنەوە پەروەردە دەکات. زمان دوو ئەرکی سەرەکیی هەیە، ئەرکی پەیوەندیگرتنی و ئەرکی پێناسێنەریی (هەستکردن بە ناسنامە و شانازی بە کۆمەڵێک کەس دەبەخشێت). ئەمەشە مرۆڤەکان خۆیان بە زمانێکی دیاریکراو دەناسێنن و بەمەش زمان بۆتە بنەمایەکی بنەڕەتی بوون بە دەوڵەتی هەر نەتەوەیەک. 

وتمان زمان پێگەی کۆمەڵایەتی و ڕەگەز و توخمی تاکێک لە ناو کۆمەڵەکەیدا نیشان دەدات. ئەو کەسانەی سەر بە پێگەی کۆمەڵایەتیی جیاوازن بەزۆری زمانی دیکە بەکار دەهێنن. جگە لەوەش ڕەگەزی( نێر ومێ) وشەسازی زمانیی جۆراوجۆر بەکار دەهێنن. لێکۆڵینەوەیەک لەسەر وشەسازی زمانی ڕەگەزە جیاوازەکان یارمەتیدەرە لە دیاریکردنی ئازادی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگایەک. زمان سەرچاوەی ناسنامەی ڕەگەزییە. بەزۆری مرۆڤەکان لە کاتی پەیوەندیگرتن لەگەڵ کەسانی هاوڕەگەزیان زمانێکی دیاریکراو بەکار دەهێنن. بەکارهێنانی ئەم زمانە ناسنامەی ڕەگەزیی دروست دەکات. بڕوانە بەکاربردنی وشەکانی"خوێڕی" لای ڕەگەزی نێر و "باوانت شێوێ، جەرگت نەسووتێ، ئێسک سوک" لای ڕەگەزی مێ.

زمان ناوەندی بەرهەمهێنانی ناسنامەیە؛ كەواتە، ڕۆڵی زمان لە پەرەپێدانی ناسنامە بەگشتی و ناسنامەی كولتووری و فەرهەنگیی بەدیاریكراوی چییە؟ زمان بنەڕەتی كولتوورە و بە زمان گوزارشت لە كولتوور و فەرهەنگ دەكرێت و لە زماندا بەهۆی شێواز و بەخشكەیی دەربڕین و دروستەوپێكهاتەی زمانی و...تۆمار دەكرێت و لەمەشەوە زمان بنەما و كرۆكی كولتوورە. بەهۆی زمانەوە ئێمە خۆبەخۆیی كولتوور و بەهاكانمان لە نەوەیەكەوە بۆ نەوەیەكی تر دەگوازینەوە، زمان (كۆد و ناوەڕۆك)ی پێكهاتەی تێكچڕژاوی لێكدانەوە ناوەكیی و دەرەكییەكانی ناسنامەمانە، هەر لە توانایی وشەكان و زماندایە شێوە بدەن بە ئەزموونەكانمان، پێمانبناسێنن و تەنانەت بەهۆی زمانەوەیە ئێمە ناو لە ئەزموونەكانمان دەنێین؛ لەمەشەوەیە دەوترێت لەدەستدانی زمان دەبێتە هۆی لەدەستدانی ناسنامە و ناسنامەی كولتووری بەتایبەتی. بە واتایەكی تر، لەدەستدانی زمانی نەتەوەیەك لەدەستدانی ورد و درشتی فەرهەنگی ئەو نەتەوەیەیە لە هیوا و خواست و دابونەریت و بەها و شێوازی ژیانكردن و مەتەڵ و یادەوەریی و تەنانەت ناونانی شتەكانیش، چونكە ناوەكان بە مێژوی خێزان و بنەماڵە و نەتەوەوە و نەوەكانی پێش و دوای خۆمانمان دەبەستێتەوە و پەیوەندی بە شوێن و دیاردە و و ڕوداو و كۆمەڵەكانەوە هەیە و دەبێتە میرات بۆمان. بەگۆڕانی ناو درزێك دروست دەبێت و بۆشاییەك لە ئەزموونی شتەكانماندا بەجێ دەهێڵێت و ئەمەشە دەبێتە سەرچاوە بۆ لەدەستدانی فەرهەنگ و كولتوورمان. وەك جۆشوا فیشمان لە وتە بەناوبانگەكەیدا ئەم ڕاستییەی جەخت لێكردۆتەوە و دەڵێت: " كاتێك زمانی كولتوورێك لەناو دەبەین، سڵاوەكانی، نەفرەتەكانی، ستایشەكانی، چارەسەرەكانی، یاساكانی، ئەدەبیاتی، گۆرانییەكانی، قافیەكانی، پەندوحیكمەتەكانی، نوێژ و نزاكانی،...لە بەین دەبەین"، بۆیە زمان مانا بە كولتوور دەدات و هەر زمانیشە خولقێنەری دروستە كۆمەڵایەتییەكان و خودی ناسنامەشە. كەواتە، هەر تاكێك زمان لەدەست بدات بەدڵنیاییەوە بەشێكی زۆری كولتوورەكەی لەدەست دەدات. گرووپە نەتەوەییەکان زمان یان زاری جیاوازیان هەیە، کە وەک نیشانەیەک بۆ میراتی کولتووری و پەیوەستبوونیان بە گرووپەوە بەکاری دەبەن. زمان مایەی شانازی و هاودەنگییە لەناو کۆمەڵگەیەکی نەتەوەییدا، ئامرازێکە بۆ پاراستن و گواستنەوەی نەریتە کولتوورییەکان لە سەرانسەری نەوەکاندا. زمان ڕێگە بە تاکەکان دەدات ناسنامەی نەتەوەیی ناوازەی خۆیان دەرببڕن و هەستکردن بە سەربەخۆیی پەروەردە بکەن. ئەمانە پاسادانی ئەو پرسە دەکات، کە زمان داڕێژەری ناسنامەی نەتەوەییە. هەموو نەتەوەیەک بە زمان (زمانی فەرمی) پێناسە دەکرێت و زمان هێمایەکی بەهێزی یەکێتیی نەتەوەییە. قسەکردن بە زمانێکی هاوبەش هەستکردن بە مێژوو و کولتوور و بەها هاوبەشەکان لەنێوان هاوڵاتییاندا پەروەردە دەکات. هەروەها زمان ئامرازێکە بۆ یەکگرتوویی نیشتمانی، بەرەوپێشبردنی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و ئاسانکاری بۆ پەیوەندیگرتن لەناو کۆمەڵەیەکی فرە پێکهاتەدا فەراهەم دەهێنێت. جگە لەوەش، زمان بەقووڵی لەگەڵ ناسنامەی کەسیدا تێکەڵ بووە، چونکە زمان کاریگەری لەسەر هەستی خود و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەوانی دیکە و جیهانبینییان هەیە. زمان شێوازی تێگەیشتن و لێکدانەوەی تاکەکان بۆ جیهانی دەوروبەریان لە قاڵب دەدات، چاویلکەیەکی ناوازەیە، کە لەڕێگەیەوە بیرکردنەوە و هەست و ئەزموونەکان دەردەبڕن. هەڵبژاردنی وشە و زاراوە و شێوازی زمانی، ڕەنگدانەوەی ئارەزوو و خواست و پەیوەندییە کەسییەکانی ئاخێوەرانێتی، کە بەشدارە لە پێکهاتنی ناسنامەی کەسییاندا.

 سەرچاوەی بونیاتی ناسنامە بەگشتی و ناسنامەی کەسیی بەتایبەتی، فێربوونی زمانی دایکە بە پڕاوپڕی لە تەمەنی منداڵیدا، لەبەرئەوەی ئەم قۆناغە قۆناغێکی چارەنووسسازە لە پێکهاتنی ناسنامەی مرۆڤدا، چونکە ڕێگە بە منداڵان دەدات پەیوەندی بگرن و بەشداری کارلێکە کۆمەڵایەتییەکان بکەن. لەڕێگەی زمانەوە منداڵان دەتوانن بیرکردنەوە و هەست و ڕوانگە و تێگەیشتن و بیرۆکەکانی خۆیان دەردەبڕن، ئەمەش لە پەرەپێدانی هەستکردن بە خود و شوێنی لە جیهاندا کۆمەکیان دەکات. بەواتایەکی تر، پەیوەندییەکی ڕاستەوانە و لە نێوان زمان و ناسنامەدا هەیە، باڵایی زمان باڵایی ناسنامەمانە، بەوەی ناسنامە پاڵنەرە بۆ فێربوونی زمان و فێربوونی زمان پەرەپێدەدات و زمانیش بنیاتنەر و داڕێژەری ناسنامەیە. زمان لە ناوەوە و دەرەوەماندا داڕێژەر و دەربڕ و دیاریخەریی ناسنامەمانە، وەک : کردەی ناونان(ناوی یەكەم و دووەم، نازناو..)،یاخود ناوی خراپ و قێزەون بۆئەوەی نەبن بەچاوەوە..، پێڕەوی زمان، دەستوری ڕێزمان، ڕۆنانی وشە و... کە لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تر جیاوازە و هەموو ئەمانە دەرخەری ئاوەزمەندیی ئاخێوەرانێتی، کە پەسندی ناسنامەیان دەکات.

٣/٢) زمان و سەربەخۆیی:

ناسنامە سەربەخۆییمان پێدەبەخشێت، زمان ڕۆڵێکی کرۆکی لە داڕشتنی هەستی سەربەخۆییمان لە گرووپە کۆمەڵایەتییەکاندا دەگێڕێت . لێرەدا بەچەند خاڵێک، پەیوەندیی نێوان زمان و سەربەخۆیی ڕاڤە دەکەین:

 

زمان نیشاندەری سنوورە: زمان دیاریکەری سنوری نێوان گرووپە کۆمەڵایەتییەکانە، کەسانی ناوخۆیی لە کەسانی دەرەوە جیا دەکاتەوە. ئەمەش لە بەکارهێنانی زمانیدا دەردەکەوێت.

 

زمان و ناسنامەی کۆمەڵایەتی: زمان بە ناسنامەی کۆمەڵایەتییەوە بەستراوەتەوە، چونکە ئاماژەپێدەری گرووپی کۆمەڵایەتیی تاکەکانە. زۆرجار هەندێک تایبەتمەندی زمان تایبەتن بە گرووپە کۆمەڵایەتییە تایبەتەکان و زمانی هاوبەش دەتوانێت سەربەخۆیی، پێکەوەبوون، یان تەنانەت کەسانی دیکە لە گرووپەکە دوور بخاتەوە.. شێوازی ئاخاوتن، زار و ئیدیۆلێكت - بەكارهێنانی تایبەتی زمانی تاكە كە بە تێپەڕبوونی كات پەرەی پێدەدات. وەك شێوازی قسەكردن، زاراوە  و دەربڕینەكانی كەسێك-، ئەكسێنت و خودی زمان.گۆڕینی شێواز، زمانی فەرمی و ئاسایی، زمانی ڕەشۆكی، زمانی ڕۆژانە، نموونەی ئەمانەن. زمان وەک ئامرازێکی سەرەتایی بۆ دەربڕین و پاراستنی کولتووری نەتەوەیەک کار دەکات. بەها و دابونەریت و بیر و باوەڕی ناوازەی کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو لەخۆ دەگرێت، ناوەندێک دابین دەکات کە لەڕێگەیەوە ناسنامەی نەتەوەیی بگوازرێتەوە. زمان هەم دەتوانێت ناسنامە بە کەسێک ببەخشێت و هەم ڕێگەی پێبدات لایەنەکانی هاوبەشی بکات، وەک تەمەن، ڕەگەز، یان شوێنی نیشتەجێبوونی.

 زمان کڕۆکییە لە دەربڕینی کولتووردا؛ ئەو ئامرازەیە کە ئێمە لە نەوەیەکەوە بە نەوەیەکی تر دەگەیەنێت. لەڕێگەی زمانەوەیە کە ئێمە کولتوور و بەهاکانی خۆمان دەگوازینەوە و دەری دەبڕین. پەیوەندی نێوان زمان و ناسنامە بە قووڵی تێکەڵ بووە. زمان وەک ئامرازێک بۆ دەربڕینی کولتووریی کاردەکات، هێمای یەکێتی نەتەوەییە، میرات دەپارێزێت، و هەستی شانازی و سەربەخۆیی پەروەردە دەکات. 

 

زمان و سەربەخۆیی: بۆ دەربڕینی سەربەخۆیی و یەکڕیزی لەناو گرووپە کۆمەڵایەتییەکاندا تەنها کەڵک لە زمان وەردەگرین. ئەمەش لە شێوازی بەکارهێنانی زمان بۆ دروستکردنی هەستی کۆمەڵایەتی و ناسنامەی هاوبەش لەنێوان ئەندامانی گرووپدا دەبینرێت. ئەو چوارچێوەیەی کە زمانی تێیدا بەکاردێت، کاریگەری لەسەر هەستی سەربەخۆییمان دەبێت. بۆ نموونە، زمانێک کە لە شوێنە تایبەتەکاندا بەکاردەهێنرێت، وەک کار یان خێزان، دەتوانێت ئاماژە بێت بۆ ئەندامێتی و سەربەخۆیی لەناو ئەو گرووپانەدا. لەگەڵ ئەمانەشدا زمان لە کارلێککردندا بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی لەناو گرووپە کۆمەڵایەتییەکاندا بەکاردێت. ئەمەش بە بەکارهێنانی تایبەتمەندییە زمانییە تایبەتەکان، وەک جێناو و فۆڕمی کردارو...، بۆ ئاماژەدان بە ئەندامێتی و سەربەخۆیی.

 

زمان و دوورخستنەوە: زمان بۆ دوورخستنەوەی کەسانی دیکە لە گرووپێکی کۆمەڵایەتیش بەکار دەهێنرێت. ئەمەش لەڕێگەی بەکارهێنانی زاراوەی تایبەت، شێواز، یان تایبەتمەندی زمانی کە تایبەت بە گرووپەکە دەبێت. زمان هێزی پێناسەکردن و داڕشتنی ئەزموونی مرۆڤی هەیە. بەهۆی زمانە کە دەتوانین ناوی ئەزموونەکانمان بنێین. لەدەستدانی زمانی مرۆڤ دەببێتە هۆی لەدەستدانی ناسنامەی کولتووری.

 

بزواویی زمان و دەسەڵات: زمان بۆ جێبەجێکردنی دەسەڵات و کاریگەری لەناو گرووپە کۆمەڵایەتییەکاندا بەکار دەهێنرێت. بۆ نموونە، گرووپە باڵادەستەکان زمان بەکار دەبەن، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆیان دووپات بکەنەوە و پێگەی خۆیان لەناو گرووپەکەدا بەهێز بکەن. بە واتا، زمان ڕۆڵێکی گرنگی لە داڕشتنی هەستی سەربەخۆییمان لە گرووپە کۆمەڵایەتییەکاندا هەیە. دەتوانرێت بۆ دروستکردنی سنوور و ئاماژەدان بە ئەندامێتی و دەربڕینی یەکێتی و یەکگرتوویی و بەکارهێنانی دەسەڵات و جێگیرکردنی خود لەناو گرووپێکدا بەکار بهێنرێت.

 

زمان وەک هێمای یەکێتیی نەتەوەیی: زمان وەک هێزێکی یەکگرتوو لە ناو نەتەوەیەکدا کار دەکات، تاکی هەمەچەشن لەژێر چەتری زمانی هاوبەشدا کۆ دەکاتەوە. زمانی هاوبەش ڕێگە بە پەیوەندییەکی کاریگەر دەدات، کە هاوڵاتییان دەتوانن پەیوەندی بگرن و پەیوەندی کۆمەڵایەتی دروست بکەن. 

 

زمان و پاراستنی میراتی نیشتمانی: زمان داڕێژەر و پارێزەر و پاسەوانی میراتی نەتەوەییە. هەڵگری ئەو چیرۆک و نەریت و پەندانەیە کە بە نەوەکاندا دەگوازرێنەوە و بەردەوامیی میراتی کولتووری مسۆگەر دەکات و ناسنامەی نەتەوەیی بەهێز دەکات. دەوڵەتەکان زمانێکی دیاریکراو وەک زمانی فەرمی یان زمانی نەتەوەیی لە پێشینەی کارەکانیان دادەنێن، جێی بایەخی ئەو زمانە جێگیر دەکەن و پەیوەندییەکەی لەگەڵ ناسنامەی نەتەوەیی بەهێزتر دەکەن. چونکە زمان سەرچاوەی شانازی و ناسنامەیە بۆ تاکەکانی ناو نەتەوەیەک و لەمەشەوە شارەزابوون لە زمانی نەتەوەیی وەک پێکهاتەیەکی بنیاتی ناسنامەی نەتەوەیی سەیر دەکرێت، ئەمەش ڕێگە بە تاکەکان دەدات کە بە تەواوی بەشداری لە ژیانی کولتووری، کۆمەڵایەتی و ئابووری وڵاتەکەیاندا بکەن.

 

زمان و ناسنامەی کەسی: زمان دەربڕی ناسنامەی کەسییە، وەک لەڕێگەی بەکارهێنانی زاراوەی تایبەت، زار، یان تایبەتمەندی زمانی کە تایبەتە بە تاکێک یان گرووپێکدا بەدیار دەکەوێت. زمان دەتوانێت هەم ناسنامە بە کەسێک ببەخشێت و هەم ڕێگەی پێبدات لایەنەکانی وەک تەمەن، ڕەگەز، یان شوێنی نیشتەجێبوونی هاوبەشی پێبکات. زمان دەتوانێت ئامڕازێک بێت بۆ دەربڕینی خود و ڕێگەیەک بۆ گەیاندنی خودی ناوەوەی مرۆڤ بە جیهانی دەرەوە. لەلایەکی تریشەوە، بۆ شاردنەوەی لایەنەکانی ناسنامەی مرۆڤ بەکار دەهێنرێت.

 

زمان و خۆگونجاندن: زمان دەتوانێت لە پاڵ گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکاندا خۆی بگونجێنێت و پەرە بسێنێت، ئەمەش ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییەکانی ناسنامەی نەتەوەییە. زمان دەتوانێت وشەی خواستراو لەخۆ بگرێت و خۆی لەگەڵ تەکنەلۆژیای نوێدا بگونجێنێت و کاریگەریی کولتوورەکانی دیکە هەڵبمژێت و ناسنامەی نەتەوەیەک لە قاڵب بدات و کراوەیی خۆی بۆ کارلێکە جیهانییەکان پەخش بکات .زمان دەتوانێت بە چەندین شێوە ڕەنگدانەوەی ناسنامەی کۆمەڵایەتی و داڕشتنی هەبێت.

4. پێواژۆی هێماسازیی لە دیاریکردنی ناسنامەدا:

ناسنامە لە وەرگێڕانی پیتیدا بە واتای یەکسانی لێکدەدرێتەوە، لە زمانەوانیی ئەنسرۆپۆلۆژیدا زمان بە کردەیەکی هێماسازیی کۆمەڵایەتیی دانراوە و ناسنامەش لێکەوتە و دەرکردەی بەکاربردنی زمان و بەکارهێنانێتی، بۆیە هێماسازیی زمانی پەیوەندی بە ناسنامەوە نییە وەک پۆلەڕەگەزێکی چەسپاو، بەڵکوو پەیوەستە بە ناسنامە وەک کردەیەکی کۆمەڵایەتی و ڕامیاریی بەردەوام. 

لە ڕوانگەی بایەخبەندی کولتووریی و کۆمەڵایەتییەوە، زمانەوانیی ئەنسرۆپۆلۆژی ناسنامە بە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی دەزانیت و هێماسازیش لێکۆڵینەوەیە لە پێڕەوی واتا، هێماسازیی پشکنین بۆ ئەو پەیوەندییە دەکات کە لەنێوان هەبووە کۆمەڵایەتیی و سروشتییەکان و ئەو واتایانەی کە هەڵیدەگرن دروست دەبێت، زمان وەک پێڕەوێکی هێمایی نموونەیی وەرگیراوە و بەبەراورد بە پێڕەوەکانی تر ئەم زۆر ئاڵۆز و لێڵە، چونکە واتای کۆمەڵایەتی و واتای ئاماژەبەندیی هەیە، ئەم دووانەییەی زمان دوو ئاستی گەیاندنی واتای لێکەوتۆتەوە:

 

سیمانتیک یان ئاماژەبەندیی، وەک( گوڵەکەم ڕواند) لێرەدا واتای ئاماژەبەندیی هەیە.

 

پڕاگماتیک یان واتای دەوروبەریی، وەک( تۆ گوڵی منی) واتای دەوروبەریی هەیە.

ئەمانە وایان لە زمان کردووە ببێتە سەرچاوەیەکی زەنگینی بەرهەمهێنانی واتا لە ناو کۆمەڵگەی مرۆیدا.

بۆ شیکردنەوەی ئەم خاڵە سەرنج دەخەینە سەر چوار پێواژۆی هێماسازیی کە ڕوونکەرەوەی ئەوەن کە چۆن ناسنامە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕێگەی زمانەوە دروست دەبن، ئەوانیش: خوو/ بەکاربردن، ئاماژەبەندێتی، ئایدۆلۆژیا و ئەنجامدان/ ن.

 

خوو/ بەکاربردن:

خوو، کارەکیکردنی کردەیەکی کۆمەڵایەتیی چەندبارەبووەوەی بەردەوامە، کە ڕستێک چالاکییە ژیانی ڕۆژانەمان پێکدەهێنن. لە زمانەوانیی ئەنسرۆپۆلۆژیدا (بۆردیۆیە) بە گرنگترین تیۆردانەری خوو دانراوە، لەبەرئەوەی زمان بە بەکارهێنان و بەکاربردن دەزانێت، نەک تەنها وەک پێرەوێکی ئەبستراکت لە یاساکان تەماشای بکرێت، بەڵکوو لەبەرئەوەی دان بەوەدا دەنێت کە بەکاربردنی زمانی جیاواز نییە لە فۆرمەکانی تری چالاکیی کۆمەڵایەتی ڕۆژانە. بەم شێوەیە، زمان لەڕێگەی دووبارەبوونەوەی تەواوەوە، لەگەڵ کارەکیکردنە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەدا، شێوازی بوونی بکەری کۆمەڵایەتی لە جیهاندا لە قاڵب دەدات، کە بۆردیۆ پێیدەڵێت (خووەکان)، بەڵام ئەو کارەکیکردنە تایبەتانەی کە مرۆڤ بەشداریی تێدا دەکات و کە لە بەرامبەردا خووەکان پێکدەهێنن، بۆ هەموو کەسێک وەک یەک نین: بە ڕەگەز، چینە کۆمەڵایەتییەکان، تەمەن و زۆر ڕەهەندی دیکەی ئەزموونی ژیان لەڕووی کولتوورییەوە بەرجەستە دەکرێن و وەک بنەمایەک بۆ چاندنی جیاوازییەکان دووبارە دەکرێنەوە، ئەمانە پەیوەستن بە بەها جیاوازەکانەوە، وەک "سەرمایەی هێما" - واتە وەک سەرچاوەیەک سوودییان لێ وەردەگیرێت.

نیشتن و کەڵەکەبوونی کردەی خووی ڕۆژانە سەرەتای دروستبوونی ناسنامەیە، هەرچەندە بۆردیۆ دەڵێت:" بەکاربردن، لەوانەش بەکاربردنی زمانی، زۆرتر ڕەگوڕیشەی لە دووبارەبوونەوەی بەرجەستەکراودا هەیە نەک لە کارلێکی بەمەبەستدا"، بەم شێوەیە پێواژۆی کۆمەڵایەتیبوون هەنگاوی یەکەمی بەکاربردنمانە و گرنگە بۆ بەدەستهێنانی هەردوو توانستی پەیوەندیگرتن و کولتووریی، ئەمجۆرە کۆمەڵایەتیکردنە ڕووداوێکی یەکبارە نییە، بەڵکوو دیاردەیەکە کە بە درێژایی ژیانمان ڕوو دەدات. 

لە زمانەوانیی کۆمەڵایەتیدا، ناسنامە بەتەواوی لای زانایانی فێمینیست لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە، کە ئاماژە بە توانایی قسەکردن دەکەن، بۆ لێکۆڵینەوە لە توانای قسەکردن لە چوارچێوەی سنووردارکردنی کۆمەڵایەتیدا، ئێکەرت (1989) دەڵێت:" بەهۆی ژێردەستەیی ڕەگەزییەوە، ژنان لە زۆرێک لە کولتوورەکاندا ڕێگەیان پێنادرێت بە هەمان ڕادەی پیاوان هەوڵ بدەن بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتەکانی جیهانی ڕاستەقینە؛ بۆیە دەبێت زیاتر پشت بە سەرچاوە هێمادارەکان ببەستن، وەک زمان، ڕواڵەت و کەسایەتی، بۆ ئەوەی خۆیان وەک ئەندامی کولتووری قبوڵکراو پیشان بدەن". ئێکەرت پێشنیاری ئەوە دەکات کە هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە زۆرێک لە لێکۆڵینەوەکانی زمانەوانیی کۆمەڵایەتی بۆیان دەرکەوتووە کە قسەکردنی ژنان لە نزیکەوە لە فۆڕمی ستاندارد یان بەناوبانگی زمانێک نزیک دەبێتەوە.

 

ئاماژەبەندێتی:

بەکاربردن یان خووی ڕاهاتوو وەک دووبارەکردنەوە و کەرەستەی یەکەمی هێمایی بوو، ئاماژەبەندێتی ئامڕازێکە بۆ کردەی دووەمی هێمایی کە پەیوەست بە ناسنامەوە دەستنیشانکراوە، ئاماژەبەندێتی کردەی هێمایی دانەپاڵە، کە تێیدا هەبوویەک یان ڕووداوێک ئاماژە بە هەبوویەکی دیکە دەکات. تێڕوانینی بنەڕەتیی ئەم بابەتە، بۆ یەکەمجار لەلایەن زانای هێمالۆژی چارڵز پیرسەوە پەرەی پێدراوە، ئەوەیە کە هەندێک هێما کە ناوی ناوە نیشانەکان، لەڕێگەی هاوڕوودانی دووبارە و ناڕێکەوتەوە کار دەکەن، وەک دووکەڵ نیشانەی ئاگرە، هەور نیشانەی بارانە. 

ئێلینۆر ئۆچس (1992) پڕاوپڕترین شیکردنەوەی لە پەیوەندی نیشانەکان لەگەڵ ناسنامەدا پێشکەش کرد، نیشانەی زمانی ڕەگەزیی بۆ پاسادانی شیکردنەوەکانی بەکار برد. ئۆچس ئاماژە بەوە دەکات کە دروستە زمانییەکان نەک ڕاستەوخۆ بەڵکوو ناڕاستەوخۆ، لەڕێگەی زنجیرەیەک پەیوەندیی هێماییەوە بە پۆلە کۆمەڵایەتییەکانەوە پەیوەستن، زمانی ژن یان شێوازی ئاخاوتنی ژنان یاخود ئەو قسەکەرانەی کە مەیلیان هەیە "ڕێزگرتن" لە ئاخاوتنەکانیاندا بگرنەبەر بەزۆری مێینەن، نموونەیەکی دیاری ئەم لێکدانەوەیەیە، لە ئاکامدا کەڵەکەبوونی واتا کۆمەڵایەتییەکان لەڕێگەی دووبارەبوونەوەیەوە، لەگەڵ واتای ئاماژەیی فۆڕمە زمانییەکان و لە ئەنجامدا لە قاڵبدانی کڵێشە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بنەمای زمان دروست دەبن، ئەم پرسە بەتەواوی پەیوەستە بە ناسنامەوە، چونکە باوەڕەکان سەبارەت بە زمان هەمان ئەو باوەڕانەن کە قسەکەران هەیانە.

 

ئایدۆلۆژیا:

بەدرێژایی لێکۆڵینەوەکانی زمانەوانیی کۆمەڵایەتی چەمکەکانی وەک هەڵوێست و کڵێشەکان بۆ وەسفکردنی باوەڕە کولتوورییە کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بە زمانەکان و ئاخێوەرانیان بەکار دەهێنن.

 

ئەنجامدان:

مارکەلێدانی ڕووداوی قسەکردنە، لە زانستی زماندا و لە پڕاگماتیکدا بە کردەی قسەیی ناسێنراوە، کردەکان لەڕێگەی زمانەوە لەژێر بارودۆخی کۆمەڵایەتی گونجاودا کاریگەرییان لەسەر گۆڕانکاری لە جیهاندا هەیە، وەک(سوێندخواردن، تەڵاقدان، بڕیاری دادگا،ناونان، مارەکردن...). کەواتە، ئەنجامدان تەنیا ئاماژە بە جیهانی کۆمەڵایەتی ناکات، بەڵکوو بە کارەکی بەئەنجامی دەگەیەنێت، ئەمەش بەرهەمهێنانی ناسنامەیە، پەیوەندیگرتنی نازارەکیش نموونەیەکی دیاری ئەمەن، جۆری جلوبەرگ بەپێی پیشە و چینی کۆمەڵایەتی و شێوازی ئاخاوتن و زمانی جەستەو... لەمەشەوە ئەنجامدان ڕێگەیەکە بۆ هێنانەپێشەوەی ناسنامە.

 

زمان و کولتوور:

 خوو/بەکاربردن، ئەنجامدان، ئاماژەبەندێتی و ئایدۆلۆژیا بە جیا لە دروستکردنی ناسنامەدا کار ناکەن. ئایدۆلۆژیا ئەو ئاستەیە کە خووەکان دەچنە ناو بواری بەرجەستەکردنەوە. ئاماژەبەندێتی نێوەندگیرە لە نێوان ئایدیۆلۆژیا و خوودا، یەکەمیان لەڕێگەی دووەمەوە بەرهەم دەهێنرێت. ئەنجامدان بریتییە لە بەرجەستەسازی و تیشکخستنە سەر ئایدیۆلۆژیا لەڕێگەی پێشینەی بەکاربردنەوە. بەڵام گرنگە ئەم پرۆسانە لەڕووی چەمکییەوە جیاواز بمێننەوە. ئەوەی لە لێکۆڵینەوەکانی زمان و ناسنامەدا چەندین جار دەیدۆزینەوە جیاوازییەکی ڕوونە لەنێوان ئایدۆلۆژیای کولتووری و بەکاربردنە کۆمەڵایەتییەکان: بیروباوەڕە کولتوورییەکان سەبارەت بەوەی کە چۆن کەسانی پاشخانە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان دەبێت، یان قسە بکەن و مامەڵە بکەن (کە لەڕێگەی ئاماژەبەندییەوە دروست دەبن)، بۆیە زمان وەک سەرچاوەیەکی بنەڕەتی بۆ بەرهەمهێنانی کولتوورە و لەمەشەوە دەبێتە سەرچاوەیەکی بنەڕەتیی بۆ بەرهەمهێنانی ناسنامە. ئەم جەختکردنەوە ئاڵنگاریی تێگەیشتنی باوی زمان وەک ئاوێنەیەکی ڕەنگدانەوەی کولتوور و ناسنامەی مرۆڤ دەکات.

بەپێی ئەم ڕوونکردنەوانە، ناسنامە دەرکردە و دەرئەنجامی هێماسازیی کولتوورییە، کە لەڕێگەی بەرهەمهێنانی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی-سیاسیی پەیوەستدار بە دەوروبەری لێکچوو و جیاواز، ڕەسەنایەتی و ناڕەسەنایەتی، و شەرعیەت و ناشەرعییەت بەدی دێت، ناسنامە وەک بنیاتێکی کۆمەڵایەتی و کولتووری و دەروونی و سیاسی بەهۆی زمانەوە بەرهەم دێت.چەمکە کرۆکییەکانی ناسنامە بریتین لە مارکەلێدان/نیشانەکردن (لە زمانەوانیدا بە دروستەی پلەبەندی جیاوازی دەوترێت مارکەلێدان/نیشانەکردن)، خودگەرایی و دەستەڵاتی دامەزراوەیی هەموو ئەمانە زمان دەیانخولقێنێت. بۆیە زمان بوون و هەبوونی هەر هەبوویەکە کە گوزارشتی لێدەکات، کەواتە کاتێک قسە دەکەم قسەکانم ناسنامەی منن.

 

بۆ نووسینی ئەم بابەتە کەڵکم لەم سەرچاوانە وەرگرتووە:

 

Mary Bucholtz and Kira Hall، 2004, Language and Identity.

 

Somaya Ali Mohammed Alshehri, 2023, The Relationship between Language and Identity.

 

ئاوەز ژۆرناڵ بڵاوكراوەیەكی گشتییە بە زمانی كوردی دەردەچێت، بنکەکەی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقە. ئارەزووی ڕووماڵکردنی سیاسی، ئابووری، ڕۆشنبیری، مێژوو و بابەت و ڕووداوەکانی دیکەی هەیە، دامەزراوەی كوردستان كرۆنیكڵ دەریدەكات .
+964(0) 750 928 83 85

Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved


X