22/12/2024
شیکاریی ئەنتۆلۆژییانەی نێوان زمان و ناسنامە

پوختە

لەم توێژینەوەیەدا هەوڵ دەدەین پەیوەندییی ئاڵۆزی نێوان ناسنامە و زمان لە دیدێکی ئەنتۆلۆژییانەوە بخەینە ڕوو، بەجۆرێک بنکۆڵی سروشتی ئەم چەمکانە و چۆنییەتیی کارلێک و کاریگەرییان لەسەر یەکدی دەکەین. میتۆدی توێژینەوەکەمان لە چوارچێوەی وەسفی شیکاریی ئەنتۆلۆژییانەدایە، تیۆری و وەسفی چەمکەکان و شیکاریی دەق و چەمکەکان و توێژینەوە لە چۆنییەتی و سروشتی بوونیان و کەوتنەوەیان لە واقیعدا لەخۆ دەگرێت.

ئەم توێژینەوەیە هەوڵ دەدات دیدێکی قووڵ (ئەنتۆلۆژی) بۆ پەیوەندییی نێوان زمان و ناسنامە بخاتە ڕوو و ڕوونی بکاتەوە کە چۆن زمان ڕۆڵی لە پێکەوەنانی ناسنامە و بونیادی واقیعی کۆمەڵایەتیدا هەیە.

وشە کلیلییەکان: ئەنتۆلۆژیا، ناسنامە، زمان، بوون، هەبوون.

پێشەکی

لە نیوەی یەکەمی سەدەی ڕابردووەوە، چەشنێک لە ڕێکخستن دەبێتە مۆدێلی بەڕێوەبردنی سیاسی ئەم ناوچەیە کە بە دەوڵەت-نەتەوە دەناسرێت و یەک نەتەوە، یەک زمان و یەک کولتوور و بە گشتی خۆناساندن لەسەر بنەمای گەورەترین گرووپ، دەکاتە بنەمای کار و مۆتیڤی پێشکەوتن و هەستانەوە. پێچەوانەی گشت ئایدیا تیۆرییەکانی پێکەوە ژیان، ژێربارهێنان و تەنانەت سڕینەوەی ناسنامەی ئەوی دی، بووە نەخشەڕێگای ئەوی دیکەی باڵادەست کە بە ناوی ناسنامەی میللییەوە، ناسنامەی نەتەوەی کردە قوربانی و دواتر ناسنامەی خۆی وەک مۆرکی ناسنامەی گشتی و میللی و هەر جۆرە وەدەنگهاتنێکی ئەوی دیکەی بە گێرەشێوێنی ناوزەدکرد!؛ یاخود بە دەربڕینێکی ساناتر، بەردەوام گرووپ و نەتەوەیەک بەها و بیر و باوەڕ و دید و خواستەکانی خۆی دەکاتە پێوەری حوکم و بڕیاردان بەسەر ئەوانی دیکەدا، بەشێوەیەکی کارەکی تا هەنووکەش دەوڵەتداریی، بریتییە لە سڕینەوەی ڕۆڵ و تایبەتمەندی، ڕاستتر بڵێین، ناسنامەی ئەوی دی!.

ئەمە وەک واقیعی سەد ساڵە کە وێڕای ئەوەی سەپێنراوە بە یاساگەلی نێودەوڵەتی، هەلومەرجی جیهانگیریی و جەختکردنەوە لە ناسنامەی تاک و تاکگەرایی و چەمکی هاونیشتیمانیبوون و زۆری دیکەش، ئەگەر کاڵیان نەکردبێتەوە ئەوا ئاڵۆزییەکیان بۆ چەمکی ناسنامە لەسەر بنەمای زمان و نەتەوە دروست کردووە، ئەوە هەر لێ گەڕێ لەوەی کوردزمانەکانی سەر ئەم گێتییە لەبەرامبەر کێبڕکێ و بەریەککەوتنە توند و خێرا و فرەچەشنەکاندا، ڕۆڵی خۆسەلماندنیان وەک پێویست نەبووە، بەجۆرێک تا ئاستی مانەوە خۆئاگاییەکیان بۆ ناسنامەیان هەیە، بەڵام کاراکردنی ئاوەز و خۆدانەبەر پرسیار و توێکارییەکانی، مەرجی هەڵکشانە لە پەراوێزییەوە بۆ چەقی ململانێکان، کە بەداخەوە ئامادەیی نییە.

ئەم توێژینەوەیە دیدێکی ئەنتۆلۆژییانەیە بۆ زمان و ناسنامە و پەیوەندییی نێوانیان، هەوڵێکە تا قووڵتر لە ناسنامە و گرنگیی زمان پەیوەست بە ناسنامەمان بگەین، بۆیە شیکاریی بۆ ناسنامە، زمان و چەمکگەلێکی دیکەی پەیوەست پێیانەوە دەکەین و هەوڵ دەدەین گرنگترین ڕایەڵەکانی نێوانیشیان دەستنیشان بکەین. ئامانجی بنەڕەتی لە هێنانەپێشەوەی بابەتی زمان و ناسنامە و پەیوەندیییان بۆ ئاستی دیدی فەلسەفی-ئەنتۆلۆژییانە، تەنیا هەنگاوێکی تیۆری گچکەیە لەپێناو بونیادنانی ناسنامەیەکی هاوچەرخی نوێخواز بۆ ئایندە، کە لەسەر بنەمای تێگەشتنێکی قووڵ و ورد بۆ پەیوەندییی تاک یان قەوارەیەکی وەک نەتەوە، بە دەورووبەرییەوە هەڵچنرابێت.

ئەنتۆلۆژیا   

 لەو ڕووەوە بەرچاو ڕوونیین کە ئەنتۆلۆژیا بەشێکی سەرەکی فەلسەفەیە و لە زمانی کوردیدا بە بوونناسیی گوزارشتی لێ کراوە، بەڵام ئەوەی زۆرترین مشتومڕی فەلسەفی بەدوای خۆیدا هێناوە، چەمک و وشەی (بوون) و لێوەرگیراوەکانییەتی کە لەڕووی تێگەیشتن و دەربڕین و بەکارهێنانی لە بەستێنی جیادا، ڕەنگدانەوەی هەبووە لەسەر ئەرک و مەودا و چۆنییەتیی پێناسەکردنی. 

ئەرەستۆ، میتافیزیکای بەم جۆرە پێناسە دەکرد: ((زانستێکە کە لە بوون، لەو ڕوانگەوە کە بوونە و حاڵەتگەلێکی بوون کە بە سروشتی خۆیەوە پەیوەستە، دەکۆڵێتەوە)). دواتر بۆ ئەوەی ڕێگری لە ئاوێتەبوونی میتافیزیکا و بەشی دیکەی مەعریفەیەکی مرۆیی بکات، زۆر بەوردی بەردەوام دەبێت کە : ((بەڵام ئەم زانستە لە چەشنی هیچکام لەو زانستانە نییە کە بە زانستی تایبەت ناوزەد دەکرێن، چونکە هیچکام لەم زانستانەی تر، بە شێوەیەکی گشتی لەبارەی بوونەوە لەو ڕوانگەوە کە بوونە نادوێن. ئەوانە بەشێک لە بوون جیا دەکەنەوە و خەسڵەتەکانی بنکۆڵ دەکەن))، بۆ نموونە زانستی بیرکاری، زانستە سروشتییەکان و زیندەناسیی، هەر کامیان بگریت، بڕ، جوڵە و ژیان دەکاتە بابەتی لێکۆڵینەوە؛ بە واتایەکی دیکە لەبارەی ڕەهەندگەلێکی دیاریکراو لە بوون  دەدوێت کە هیچکامیان بوون، لەو ڕوانگەوە کە بوونە، نییە، بەڵکوو تەنیا بوونە لەو ڕووەوە کە ژیان، جووڵە یان چەندییەتییە.(بڕوانە ژیلسۆن،٣٥:١٣٨٩).

ژیلسۆن لەو کتێبەیدا کە کردوومانەتە سەرچاوەی چەند دێڕی پێشوو، لەسەرەخۆ و بە زنجیرەهێنانی ئارگومێنت، دەستمان دەگرێ و چەندین دەروومان بۆ دەخاتە سەرپشت لەپێناو تێگەشتن و گەیشتن بە ئەنجامێک، ئێمە لێرەدا هێندەی هێڵی سەرەکی بابەتەکە و مەودای ئەم نووسینە پێی قووت بچێت، سەربوردێکی خێرای دەکەین.

نووسەر ئاماژە بەوە دەکات : ئەرەستۆ بەم تێبینییانەی میتافیزیقای وەک ماریفەیەکی جیاواز کە بە بابەتگەلی جیا دیاری دەکرێ، هێنایە پێشەوە، هەروەها پێمان دەڵێت : جیاکردنەوەی بەشێک لە بوون و لێکۆڵینەوە لە سیفاتەکانی ئەو بەشە، ناچارکردنێکی تەواو ڕەوایە و لەواقیعدا سەرقاڵبوونە بە یەکێک لە زانستە پۆزەتیڤیست-ئەزموونگەراکانەوە، بەڵام لێکۆڵینەوە لە هەربەشێکی وێناکراو لە بوون، بە سیفات و ئەحواڵی خودی بوون خۆی و لێکۆڵینەوە لە سیفاتە گشتییەکان لە دیدی هەر بەشێکەوە، دژیەکییەک لەگەڵ خوێدا هەڵدەگرێ و سەر لە شکستەوە دەردێنێ. کاتێکیش شکست دێنێ، خۆی یا ئەوانەی دوای ئەو، شکستەکە دەخەنە ئەستۆی میتافیزیقا و بەو دەرئەنجامە دەگەن کە میتافیزیقا شێوە زانست (Pseudo-science)ە و خۆی بە کێشەگەلێکەوە سەرگەرم کردووە کە ڕووناکی ئەقڵی مرۆڤ پەییان پێ نابات. گەر ناونیشانێک بە دیاریکراوی بۆ ئەم شێوە ناسراوەی بێهیوابوونی میتافیزیقا هەبێت، ئەوە گومان- Skepticism ە . گومان دەردێکی فەلسەفییە، دیدی ئەخلاقگەرایی و عیرفانمەشرەبی تا ڕادەیەک تەسکینی دەدات، بەڵام هیچ دەرمانێکی نییە جگە لە گەڕانەوە بۆ زانستی (موجود بما هو موجود-هەیە بەوەی کە هەیە) واتە میتافیزیقا. 

لێرەوەیە مادام (بوون) یەکەمین بنەمای ناسینی مرۆڤە، کەواتە یەکەمین بنەمای میتافیزیقایشە، هەر بۆیە پێویست بوو یەکەمین مەسەلەش بێت کە زەینی مرۆڤ پەی پێ بەرێت، بەڵام لە بەرامبەر ئەو واقیعە چی بڵێین کە زۆرێک لە فەیلەسوفەکان توانایی لەخۆگرتنیان بۆی نەبووە؟، لەمەش زیاتر، چلۆن دەبێت بابەتی-بوون لە ئاسایترین زەینەکاندا ئامادەیی بەردەوامی هەبێت، لە هەمان کاتدا هێندە فریودەر بنوێنێ کە زۆر لە فەیلەسوفە مەزنەکان لە پەیبردنیان بۆی ناکام مابنەوە؟

تەنیا ڕێگا بۆ خۆقوتارکردن لەو بێهیواییە، هێنانە پێشەوەی ئەو گریمانەیە کە ئەم هەڵانە لە سروشتی زەینیی مرۆڤەوە سەرچاوەی نەگرتووە و ڕەنگە تاڕادەیەک خودی (بوون) هۆکاری ئاریشەکان بێت . ڕەنگە لە سروشتی- بوون-دا شتێک هەیە کە فەیلەسوفەکان بانگهێشت دەکات تا بەو جۆرە ڕەفتار بکەن کە وەک بڵێی ترس لە بوون دەستپێکی حیکمەتە. لێرەوەیە کە لایەنگرانی میتافیزیقا لەبری ئەوەی- بوون – بە یەکەمین بنەمای فەلسەفەی خۆیان بزانن، بە شێوەیەکی کارەکی لەپێشەوەبوون و گشتیگیربوونی دەدەنە پاڵ هەر بەشێکی.

کاتێک دەگەینە ئەم ئاستە، لەگەڵ ئاڵۆزیی چەمکی بوون ڕووبەڕوو دەبینەوە. وشەی (بوون) لە مانای یەکەمیدا "ناو"ە ، لەم شێوەیدا یا ئاماژەیە بۆ بوونێک (واتە کرۆک، سروشت و خودییەتی هەر شتێک کە هەیە)، یان ئاماژەیە بۆ خودی- بوون ، واتە سیفاتی هاوبەشی ئەو شتەی کە دەتوانیین بڵێین هەیە. لە مانای دووەمیدا، ئەم وشەیە بە مانای "کار" ی (بوون-To be)ە. بوون، لە پێگەی "کار"دا بە هیچ جۆرێک ئاماژە نادات بەو شتەی کە هەیە و تەنانەت -بوون بە مانا گشتییەکەی ناگرێتەوە، بەڵکوو هەر ئاماژە بە هەمان کار دەکات کە بەو پێیە واقیعێکی (مفروض+بالفعل) "هەیە" یان بوونی هەیە. باشتر وایە ئەم کارە بە "هەبوون" ناوزەد بکەین تا جیاواز بێت لەوەی بە گشتی بە "بوون" ناوی دەهێنرێت. خێرا و بەلایەنی کەمەوە بۆ زەین وا دەردەکەوێت کە پەیوەندیی "هەبوون" لەگەڵ "بوون" پەیوەندیییەکی دوولایەنە نییە. "بوون" لە تواناییدا هەیە وێنا بکرێت، بەڵام "هەبوون" وێنا ناکرێ و لە تواناییدا نییە. وا دیارە ئێمە ناتوانیین "هەیە" وێنا بکەین، تەنیا لە حاڵەتێکدا کە بیدەینە پاڵ شتێک کە هەیە یان بوونی هەیە .(بڕوانە ژیلسۆن،٣٦:١٣٨٩-٣٨).

لە ڕوونکردنەوەی ئەوەی سەرەوەدا، دەتوانین بڵێین : وشەی (بوون) و (هەبوون) و ئەوانەی لێیان کەوتوونەتەوە، هیچ زمانێک نییە خاڵی بێت لێیان؛ بە واتایەکی دیکە چ زمانێک نییە کاری(بوون)ی تێدا نەبێت، ئەمە وێڕای ئەوەی هەر ئەم چەمکە بابەتی بنەڕەتی و جیدی فەیلەسوفەکان بووە. بابەتەکە لەوێوە گرنگی پەیدا دەکات، کاتێک لە وشەی (هەبوون-هەم) ڕادەمێنین و دەڵێین : من هەم، تۆ هەیت، ئەو مێزە هەیە، خوا هەیە، هەوا گەرمە...تەواوی ئەم بوونانە یانی چی؟، ئایا جیان لە من یاخود بوونم مانایەکی هەیە؟. من ناوم (کارزان)ە، دەتوانم ناوەکە بەجیا لەخۆم وێنا بکەم، بەڵام ئایا دەتوانم هەبوونی خۆم وێنا بکەم بە جیا لەوەی کە هەم یا نیم؟، بێ گومان وەڵامەکە نەخێرە، چونکە تا (من) نەبم واتە بوونم نەبێ ، ئەوا هەبوونیشم هیچ مانایەکی نییە، چۆن دەکرێ پەی بە بوونی خۆم بەرم بێ ئەوەی لە خۆم بگەم؟ لەڕاستیدا، بوونی من هیچ نییە جگە لە خودی من؛ پەیبردن بە بوونی خۆم (بوونناسیی خۆم) ناسینی خودی خۆمە.

لێرەوەیە ئەگەر پێناسەی ئەنتۆلۆژیا-بوونناسی (Ontology)، کە چەمکی سەرەکی و کلیلی شیکاری توێژینەوەکەمانە، بکەین: ((لە بنەڕەتدا وشەیەکی یۆنانییە، لە دوو بەش پێکدێت و بە مانای زانستی بوون-بوونناسی، (Logia) بوون، لەبەکار‌هێنانی فەیلەسوفەکانیشدا ئەو زانستەیە توێژینەوە لە سروشتی بوونی سەرەتایی یان بنەڕەتی دەکات، هەروەها ئەو زانستەیە کە لێکۆڵینەوە لە خودی بوون خۆیدا دەکات بە ئامانجی ئاماژەدان بۆ سەر هەبوویەک. وێڕای ئەمانە، ئەنتۆلۆژیا دیدێکی بابەتییانە بۆ هەقیقەتی پەیوەندیی نێوان هەبووەکان دەخاتە ڕوو)).(حسین، Uomustansiriyah.edu.iq).

وتمان ئەنتۆلۆژیا بەشێکە لە فەلسەفە و گرنگی بە لێکۆڵینەوە لە بوون و سروشتی و پۆڵێنەکانی دەدات، دەتوانیین چەمکی ئەنتۆلۆژیا لای فەیلەسوفەکان لەم چەند خاڵەدا کورت بکەینەوە:

١-لێکۆڵینەوە لە بوون: ئەو پرسیارانە لەخۆدەگرێ کە دەربارەی چییەتیی بوونن، بوونت هەبێ چ مانایەکی هەیە؟، ئەو شتانە چین کە بە کارەکی هەن؟

٢-جۆری (کاینات)شتەکان: لەدووی پۆڵێنی شتە جیاوازەکان دەگەڕێ،هەوڵ دەدات جۆرە جیاوازەکانی بوون دیاری بکات.

٣-پەیوەندیی نێوان شتەکان: گرنگی بە پەیوەندیی نێوان شتە جیاوازەکان و چۆنیەتیی کارلێکی نێوانیان دەدات.

٤-چەمکە بنەڕەتییەکان: ئەنتۆلۆژیا، لێکۆڵینەوە لە چەمکە بنەڕەتییەکانی وەک : بوون، جەوهەر-کرۆک، کەینونە، ناسنامە، کات و شوێن دەکات.

٥-واقیعی و ناواقیعی: ئەنتۆلۆژیا پرسیار لە بابەتگەلێک پەیوەست بە واقیعەوە دەکات، واتە ئایا ئەو شتانەی کە هەن، ئایا هەقیقەتێکی سەربەخۆن لە درک و پەیپێبردنی مرۆڤ یان نا.

ئەو خاڵانە و هی دیکەش، پانتایی تێگەیشتنی فەیلەسوفەکانە بۆ وشە و چەمکی ئەنتۆلۆژیا، بەڵام وەک پێشتر ئاماژەیەکمان پێدا، ئاریشەی بنەڕەتی ئەم بەشەی فەلسەفە، وشەکانی (بوون) و (هەبوون) و وشەگەلێکی نزیکن لە بەکارهێنانیانەوە کە ئێمە بەهەڵە وا دەزانیین هاوواتان. لە پەرەگرافەکانی کۆتایی بابەتی ئەنتۆلۆژیادا، بەکورتی و هێندەی کورتی ئەم توێژینەوەیە مەودامان بدات، دەگەڕێینەوە بۆ جەدەلی نێوان ئەو دوو وشەیە و ئەوانەشی لە خولگەی ئەوانن و نموونەشیان لای فەیلەسوفێک یان زیاتر، وەردەگرین کە چۆن ئەو بابەتە بووەتە بنەڕەت و دەروازەی تێگەیشتن و خوێندنەوە، کە لەهەمان کاتیشدا کلیلی تێگەیشتنی ئێمەیە پەیوەست بە ناسنامە و ڕۆڵی زمان لە نەخشاندنی ناسنامەدا.

(الوجود-وجود) بوون، چەمکێکی گشتی و (مجرد) داماڵراوە، ئاماژە بە حاڵەتێک یان دیاردەیەک دەکات کە وەسفی شتێکی پێ دەکرێت کە بوونی هەیە. لە فەلسەفەدا بەکاردەبرێت بۆ وەسفی (کینونە) ی شتێک بە شێوەیەکی گشتی، بەجۆرێک کاتێک باسی (بوون) دەکەین، ئەوا ئاماژە بە چەمکێکی داماڵراو لەوە دەکەین کە شتێک لەحاڵەتی هەبووندایە، بەدەر لە چلۆنییەتیی بوونی، بۆ نموونە فەیلەسوفەکان گفتوگۆ لەبارەی بوونەوە دەکەن تا بە سروشتی هەقیقەت و چییەتی شتەکان بگەن.

سەبارەت بە (الموجود-موجود) هەبوون یاخود ئەوەی هەیە، ئاماژەیە بۆ شتێکی سنوورداری دیاریکراو کە هەیە و هەڵگری سیفەتی بوونە، ئەو شتەیە کە ئەگەری هەیە بەشێوەی کارەکی لە واقیعدا هەبێت. بەکاردەبرێت بۆ شتێک یان بەش و تاکێک کە بوونی هەیە، کاتێک باس لە هەبوویەک دەکەین، ئەوە باس لە شتێکی سنوورداری دیاریکراو دەکەین، بۆ نموونە: کتێبەکە لەسەر مێزەکەیە، دارەکە لە باخچەکەیە، واتە بوونێکی سنوورداری دیاریکراو.

بە کورتی (الوجود-بوون)، چەمکێکی گشتی و داماڵراوە و ئاماژە بۆ حاڵەتێکی (کەینونە) دەکات بەشێوەیەکی گشتی، لە کاتێکدا کە (الموجود-هەبوون)، ئاماژەیە بۆ شتێکی دیاریکراو کە هەڵگری سیفاتەکانی بوونە.

چەمکی ئەنتۆلۆژیا، لە مێژوو و قۆناغەکانی فەلسەفەدا، گەشەی زۆری بەخۆیەوە دیووە کە لەو چوارچێوەیەدا کۆمەڵێکی زۆر فراوان بیری لە بارەی سروشتی کەینونە و بوونەوە لەخۆگرتووە، هەر لە ئەفلاتوونەوە بۆ سارتەر و هەر فەیلەسوفێک دیدێکی مەزن و نەمری بۆ ئەنتۆلۆژیا خستووەتە ڕوو، لە هەمان کاتیشدا ڕەنگدانەوەی ئاڵۆزی و فرەیی و فراوانی ئەو بوارەیە و وەک سروشتی فەلسەفەش بەردەوامە لە پرسیار و بەگیرهێنانی شتەکان و بوونیان تا بەردەوام وەڵامی ئەو پرسیارە بەرهەمبهێنێ کە مانای ئەوەی من هەم، یان کەس و قەوارەیەک هەیە یاخود شتەکان لە جیهاندا هەن، چییە.

ئەفلاتوون یەکێکە لە فەیلەسوفە پێشینەکان کە بە شێوەیەکی فراوان باسی لە ئەنتۆلۆژیا کردووە. لە کارەکانیدا لە نموونەی (کۆمار) و (فیدیۆن-فایدۆن) تیۆری جیهانی ئایدیاڵی خستووەتە ڕوو. جیهانی هەقیقی، جیهانی دیاردە هەستییەکانە، لە کاتێکدا جیهانی ئایدیاڵ، جیهانی شکڵ-فۆرم و ئایدیاکانە. فۆرم-شکڵ هەقیقەتی شتەکانە کە نموونەی کرۆکی هەقیقییە بۆ کاینات-شتەکان و چەسپا و سەرمەدییە، لە کاتێکدا کە جیهانی هەستەکان یان هەستپێکراوەکان تەنیا ڕەنگدانەوەیەکی ناکامڵانەی شتەکانن.

ئەرەستۆی خوێندکاریشی (ئەگەرچی دەستپێکی ئەم نووسینەمان دیدی ئەو بوو)، بەکورتی دیدێکی جیاوازی لە کارەکانیدا، لە نموونەی میتافیزیقا  بۆ بابەتی ئەنتۆلۆژیا پێشکەش کردووە. جیهانی ئایدیاڵی ڕەت کردەوە و لەبری ئەوە جەختی توێژینەوەی لە شتەکان دەکردەوە لە جیهانی واقیعدا. چەمکی کرۆک-جەوهەر(ousia) خستە ڕوو، مەبەستی ئەو قەوارە بنەڕەتییەیە کە وا لە شتەکان دەکات ئەوەبێت کە لەسەریەتی و هەیە. لای ئەرەستۆ هەموو قەوارەیەک شکڵ و ماددەی هەیە و، ئەنتۆلۆژیاش لێکۆڵینەوەیە لە لایەنە سەرەکییەکانی ئەو بوونە.

سەبارەت بە فەیلەسوفی فەرەنسی، دیکارت، چەمکی ئەنتۆلۆژیای لە چوارچێوەی فەلسەفە ئەقڵانییەکەیدا خستووەتە ڕوو، لە کتێبەکەیدا (تێڕامان لە فەلسەفەی یەکەم)، تیۆریی کۆجیتۆی پێشکەشکرد "من بیر دەکەمەوە، کەواتە من هەم" . لە دیدی دیکارتەوە بوون پشتبەستووە بە بیرکردنەوە و جیاوازی کردووە لەنێوان کرۆکی ئەقڵ (کە ئەقڵ جیا دەکاتەوە) لەگەڵ کرۆکی ماددە (کە جەستە جیا دەکاتەوە)، کە سەرئەنجام بە دووانەی دیکارتی  لەنێوان ئەقڵ و جەستەدا ناسراوە.

فەیلەسوفی ئەڵمانی، هایدگەر، لەڕێی کتێبی (بوون و کات)ەوە، بەشدارییەکی گرنگی هەیە لە دەوڵەمەندکردنی ئەنتۆلۆژیادا، هایدگەر جەختی لەسەر چەمکی (Dasein-دازاین) بە مانای (بوون لەوێ) یاخود (بوون لە جیهان) دەکردەوە. تێڕوانینی وابوو کە ئەنتۆلۆژیا، لێکۆڵینەوەیە لە بوون، وەک ئەوەی لە ئەزموونی ڕۆژانەی مرۆڤەکاندا دەردەکەوێت، هەوڵی دا بۆ تێگەیشتن لە بوون نەک وەک چەمکێکی داماڵراو-مجرد، بەڵکوو وەک واقیعێک کە لەلایەن مرۆڤەکانەوە ئەزموون دەکرێ.

""لە فەلسەفەی مارتن هایدگەردا، وشە و چەمکەکان بەزۆری مانایەکی تایبەت و قووڵیان هەیە، وشەی(Seiendes)، کە هایدگەر لە ڕوونکردنەوەکانی خۆیدا سوودی لێ وەردەگرێ، یەکێکە لە گرنگترین وشەکانی نێو کتێبی (بوون و کات). ناوی (dasSeiende) لەکاری (seiend) وەرگیراوە و بە واتای (ئەوەی کە هەیە) دێت، (ein Seiendes) بە مانای (شتێک کە هەیە)یە. زۆر وشە بۆ مانای (Seiendes) لە کاتی وەرگێڕاندا بەناوی(being) یان (beings)  کە پتر بۆ کۆ بەکاردێت، هەیە، بەڵام وێڕای ئەمە، وەرگێڕی ئەم کتێبە بۆ ئینگلیزی وشەی (entity) یا (entities)ی بەکار‌هێناوە کە پێی وایە ڕوونترە، ئەمەش بە مانای (هەبوون-موجود) یا "ئەوەی کە هەیە" یاخود "ئەوەی کە بوونی هەیە" بەکار هێنراوە.

لە زمانی ئەڵمانیدا، (das Seiende) و (ein Seiendes) هەردوو وشەکە بە مانای "هەبوون" یاخود" ئەوەی کە هەیە" دێت، بەڵام بە جیاوازی لە چۆنییەتیی بەکارهێناندا:

١- das Seiende: ئەم دەربڕینە بەمانای "ئەوەی کە هەیە" بەکار دەبرێت، (das) لێرەدا دەربڕینێکە بۆ دیاریکردن و ئاماژەیە بۆ شتێکی تایبەت، کەواتە، کاتێک (das Seiende) بەکار دەبرێت، مەبەست لە هەبوویەکی تایبەت و دیاریکراوە.

٢- ein Seiendes: ئەمەش هەر بەمانەی "هەبوون" یان " شتێک کە هەیە دێت، بەڵام (ein) بۆ نادیارە، کەواتە کاتێک (ein Seiendes) بەکار دەهێنیین، مەبەست لە هەبوویەکی نادیار و نەناسراوە. کەواتە، بەکورتی یەکەمیان ئاماژەیە بۆ هەبوویەکی تایبەت و دووەمیان بۆ هەبوویەک بە شێوەی گشتی.

وشەی(هەبوون-Das Seinde) لە فەلسەفەی هایدگەردا، ئاماژە بە هەر شتێک دەکات کە هەیە یان بەڕوونی بوونی هەیە؛ بە واتایەکی تر، هەر شتێک کە بە جۆرێک هەیە، ئیتر ئەم بوونە مێزێک بێت، ئایدیا، یا مرۆڤێک بێت، یان ڕووداو و هەرشتێکی دیکە. "هەبوون" دەکەوێتە بەرامبەر "بوون" (بە ئەڵمانی-Das Sein). ئەمە لە کاتێکدا هەبوون ئاماژەیە بۆ ئەو شتانەی کە هەن، لە کاتێکدا "بوون" بۆ خودی تایبەتمەندییەکە یان حاڵەتی بوونەکە ئاماژە دەکات. هایدگەر هەمیشە جەخت دەکاتەوە کە دەبێ هەردوو چەمکی بوون و هەبوون لە یەکتری جیا بکرێنەوە و تێکەڵ نەکرێن؛ پێی وایە فەلسەفەکانی پێشتر ئەم دوو چەمکەیان تێکەڵ کردووە و هەڵەی فەلسەفی لێ کەوتووەتەوە. لە کتێبی (بوون و کات) دا، هایدگەر هەوڵ دەدات لە چییەتیی بوون بکۆڵێتەوە، بۆ ئەم کارەش لەڕێی شیکاریی"هەبووی مرۆڤ"ییەوە کە ئەو بە "دازاین"ناوی دەبات، لێی دەچێتە پێشێ"".(بڕوانە okbayat.com).

ئەگەر هەموو ئەمانە، لە نموونەیەکدا و بۆ ڕوونکردنەوە، پەیوەست بە ناسنامەی کورد و کوردبوون، وەک "بوون" و "هەبوون"ێک بخەینە ڕوو، ئەوا بەکورتی دەڵێین: 

١-هەبوون (das Seiende) بە ئینگلیزی (Entity)، لەم ئاستەدا کوردێک وەربگری، واتە مرۆڤێکی کورد بە نموونە وەربگری، هەبوویەکە و قەوارەیەکە، دەتوانیت بیبینی و هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکەیت.

٢-بوون (Das Sein) بە ئینگلیزی (Being)، بەڵام  کاتێ ئێمە لێرەدا باسی "بوون"، یاخود بوونی کورد دەکەین، ئیتر ئەوە لە ڕاستیدا، ئاماژە بە "بوون" دەکەین، ئیتر ئێمە لە بنکۆڵ و لێکۆڵینەوەی ئەوەداین چۆن ئەم کوردە بوونی هەیە، یان بوونی کورد و کوردبوون چییە، واتە لە خودی تایبەتمەندییەکانی کوردبوون دەڕوانین، نەک شتێکی فیزیکی، بە واتایەکی دیکە دەمانەوێت بزانین کوردبوون چ مانایەکی هەیە، نەک ئەو کەسە کوردە.

هەر لەم نموونەیەوە دەچینە قۆناغی دووەمی توێژینەوەکەمان، کە باسی ناسنامەیە لەڕووی ئەنتۆلۆژییەوە.

ناسنامە

لەو ڕوانگەوە کە ئامانجی ئەم نووسینە باسی زمانە لە جوغزی ناسنامەدا و بێ گومان لە دیدێکی ئەنتۆلۆژییەوە، لۆژیکی نووسینەکەمان ئەوە دەخوازێت باس لە چەمکی ناسنامە بکەین بەگشتی و ناسنامەی نەتەوە بەتایبەتی و ئینجا بێینە سەر بابەتی ڕۆڵی زمان.

ئەنتۆلۆژیای ناسنامە، چەمکێکی فەلسەفییە، لێکۆڵینەوە لە سروشتی ناسنامە و چییەتیی خود دەکات. ئەم چەمکە میحوەرێکی سەرەکیی نێو فەلسەفەیە و بابەتەکانی پەیوەست بە خود و بەردەوامی و گۆڕان لەخۆ دەگرێ و پرسیارگەلێکی لەچەشنی: ئەو خودەی بە تێپەڕبوونی کات دەمێنێتەوە کامەیە؟، فاکتەرەکانی هێشتنەوەی ناسنامە و گۆڕانی کامانەن؟

ناسنامە، کۆمەڵێ سیفات و تایبەتمەندییە وا لە شتێک دەکات جیاواز و بێهاوتا بێت. دەگونجێ ناسنامە پەیوەست بێت بە تاک وەک قەوارەیەکی جیاواز، یان گرووپ و کۆمەڵگەلێک. ناسنامە زۆر لایەن دەگرێتەوە لەوانە: ناسنامەی کەسیی، کۆمەڵ وەک نەتەوە، ڕۆشنبیری و کولتووریی و هتد.

ناسنامەی کەسیی، پەیوەستە بە تێگەیشتنی تاک بۆ خودی خۆی و ئەو باوەڕەی کە هەیەتی لەبارەی خۆیەوە کە ئەو کێیە. ناسنامەی کەسیی، فاکتەرە دەروونی، سۆزداریی و مەعریفییەکان لەخۆ دەگرێ، کە وێنای کەس بۆ خودی خۆی پێکدەهێنێ. ئەم ناسنامەیە لەژێر کاریگەریی زۆر شتدایە، لەوانە؛ ئەزموونی ژیان، پەیوەندیی کۆمەڵایەتی، کولتوور.

ناسنامەی بەکۆمەڵ یاخود کۆمەڵایەتییش، پەیوەندیی بە چۆنییەتیی خۆناسینی تاکەکانەوە هەیە لە بەستێنی کۆمەڵ و گرووپە جیاوازەکاندا. ناسنامەی بەکۆمەڵ، ئینتیما-سەربە نەتەوەیەک، ئایین، نیشتمان و ڕەگەزێک لەخۆ دەگرێ. ئەم ناسنامەیە لەڕێی کارلێک لەگەڵ ئەوانی دیکەی ناو کۆمەڵەکە و سەربەوەبوون، پێکدێت.

ناسنامەی ڕۆشنبیرییش، پەیوەستە بە ڕەگەزە پێکهێنەرەکانی کولتوور و ڕۆشنبیریمانەوە، بۆمان دیاری دەکات کە ئێمە کێین و چۆن دەڕوانینە جیهانی دەورووبەرمان. ناسنامەی کولتووری : ڕۆشنبیری و زمان، دابونەریت و بیر و باوەڕ لەخۆ دەگرێت.

ئەو چەشنەی ناسنامە کە لێرەدا ئێمە تیشکۆی دەخەینە سەر، ناسنامەی نەتەوە یاخود نەتەوەییە، کەوا دەزانین بۆ نەتەوەی کورد ئەمە لە پێشترینە. پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە، بۆ ئێمە لەپاڵ شێوەکانی دیکەی ناسنامەدا، بۆچی کوردبوون، لەپێشترین و گرنگترینە؟ لە وەڵامدا هەر جۆرێک لەو ناسنامانە پتر کەوتە بەردەم هەڕەشەی لەناوبردن، ئەوا پتر هێنانەوە و خۆدەمەزەردکردنەوە لەو بوارەدا و بێ گومان بە پرسیاری فەلسەفی و ئەنتۆلۆژیانە لە بارەی چییەتیی بوونی ئەو ناسنامەیەوە دەبێتە ئەرکێکی لەپێشینە. بۆ منی کورد، زمانی نەتەوەکەم کە ناسنامەی منە و ناوچەکەشی کە تێیدا دەژیم مۆدێلی بەڕێوەبردن و قەوارە سیاسییەکانی لەسەر بنەمای نەتەوەیە، دەتوانیین بڵێین: ناسنامەی دەوڵەت لەسەر بنەمای ئەوە نییە ئێمە چین، بەڵکوو چی نیین!، ئەوەی لەسەر زەمینی واقیعیش دەبینرێ، ئەوەیە کە مێنتاڵیتی نەتەوەی سەردەست، بوون و بەهێزیی خۆی لە نەبوون یاخود پاشکۆبوونی مندا دەبینێ، بەجۆرێک، هەرجۆرە گەشە و بەهێزییەکی زمان و کولتوور و ئامانجی سیاسی ئەو بەسەر منیشدا دەسەپێنرێ و ئەزبەرکردنی دید و هەڵوێست و جیهانبینیشم دەبێت ببێتە کۆپی ئەو و، دیدی نەتەوەی باڵادەست دەبێتە ناوەندی بڕیاردان و جیهانبینی؛ واتە منێک بوونی نییە جگە لە کۆپیکردنی ئەو، ئەمەش گوایە ئامانجی باڵای نیشتیمانیمان دەیخوازێ، ئەگەر گێرەشێوێنی نەکەین و بمانەوێت پێکەوە بەئاشتی بژین!.

وادەبینم ئەم چەند دێڕە، وەک ئارگومێنتێک، وەڵامدەرەوەی ئەو هەڵوێستەیە کە بۆچی جەختکردنەوە لە ناسنامەی زمان و نەتەوە لە پێشترینە و کاری ئەم نووسینەش خستنەڕووی دیدی ئەنتۆلۆژیانەیە بۆ ناسنامەی زمان و نەتەوە.

د.فتحي التریکي، لەشیکاریدا بۆ چەمکی "ناسنامە" دەڵێت: ڕوونە کە دەربڕین و وشەی ناسنامە، واتە هاوشێوە(المماثل)یی و دژ دێتەوە لەگەڵ ئەوەی جیاواز و فرەجۆرە، بەمەش لە ڕووی ئەبستمۆلۆژییەوە بە بوونی ئەوی دیکە-غەیری خۆم، بڕیاری لەبارەوە دەدرێ. (الغیریة) غەیرە، مەبەست لێی بوونی خودی خۆمە بە بوونی غەیری خۆم؛ بە واتایەکی دیکە: من منم، ئەم منە نابم تا ئەوی غەیریش وەک من ببێ، لە لایەکی دیکەوە: من، من منم و ئەویش غەیری غەیرمە، بە ئیعتیباری ئەوەی ئەوی دی ئیعتیباری غەیرەم بۆ دەکات. کەواتە، هەبوونی غەیرە، کۆتایی ئەو پەیوەندیییە ئاڵۆزکاوەی نێوان من و غەیرە، بەمجۆرە ملدان بۆ حوکمی بوونی غەیرە مەرجی ئەگەری وێناکردن و مەرجی ئیمکانی بوونە. لەڕووی فەلسەفییەوە بیرکردنەوە لە ناسنامە لە ئارادا نابێت ئەگەر دوو دەربڕینی یەکسان و هاوسەنگ و لە یەک کاتدا لە دوو پێگە و جەمسەری جیاواز دانەنرێن کە وەک یەک کاریگەریان هەبێت، ئەگەرنا، هەموو بیرکردنەوەیەک دەبێتە دووبارە و دووپاتکردنەوەیەکی بێزارکەر و وەک یەکی وەک یەک، بە دەربڕینی ڤۆڵتێر، دەکەوینە بەردەم وەک یەکییەکی ڕەها.

دواتر دەڵێت: بە نموونە ئەفڵاتوون، کە بەرگریکەری یەکەمە لە یەکبوونی یەکەم و بنەڕەتی شتەکان یا قەوارەکان، پەیوەست بە غەیر-ئەوی دیکەوە، بەریەککەوتنی سەختی هەبووە، ئەی بە ناچاری خۆی لەبەردەم کوشتنی (Parmenides) پارمیندس-دا نەبینییەوە، لەپێناو ئەوەی بیرکردنەوە لە  اللاوجود-نەبوون و بیرکردنەوە لە غەیر و ئەوی جیاواز و فرەیی (مومکین) بێت و دواجار فەلسەفە توانای گەشەی هەبێت؟.

کەواتە، "ناسنامە" بەمجۆرە لە زەمینەی فرەیی و جیاییدا دەبزوێ و ئەم پەیوەستبوونەوەی فرەیی و ناسنامە، لە کاری ناساندنیدا دەخوازێت و پێویستە جەختی لێ بکەینەوە و پێداگریی لەسەر بکەین.

هەمان لێکۆڵەر پێی وایە، پێویستە بابەتی ناسنامە لە چوار قۆناغدا بخرێتە ڕوو :

١-ئەنتۆلۆژی: لە ئاستی ئەنتۆلۆژیدا، بریتییە لە یەکبوونی ڕەهای قەوارەیەک لەگەڵ خۆیدا، ئەمەش لەڕووی لۆژیک و میتافیزیقاوە بە مانای مەحاڵبوونی لێکجیاکردنەوە دێت لەنێوان وجود-بوون و الماهیة-کرۆکدا. ناسنامەیش نموونەیەکە بۆ قووڵیی یەکبوونی قەوارەیەک، لە پشت دیاردەگەلێکی گۆڕاو و هاوشێوە بە خۆی، چەسپاو لەخۆیدا و لە دەوریشیدا گشت ناکۆکی و گشت بەردەوامییەکی خود نامێنێت.

٢-مێژووییبوونی ناسنامە: بێ گومان پێویستە جەخت لە یەکبوونی بوون-ی بنەڕەتی و وەزیفی بکەینەوە، بەڵام پێویستیشە ئەو زەمینەیە بخەینە ڕوو کە ئەم یەکبوونە تێیدا دەبێت، واتە مێژوو، کە لەوێدا ناسنامە دەتوانێ بوونی بەردەوام بێ.

پاول ڕیکۆر(Paul Ricoeur) پەیوەست بەم بابەتە، لە کتێبی (کات و گێڕانەوە)دا، باس لە چەمکی "مێژووییانەبوون" دەکات و بەکورتی پێی وایە ، ئەم مێژووە کە لێکۆڵینەوە لە ڕابردوو و ئێستا دەکات، خاڵی بنەڕەتی ئایندەیە، ئایندە بە مانای کرانەوەی مێژوو بەڕووی ئەوەی دێت و ئایندە. پێی وایە ناسنامە لەسەر ئاستی مێژووییانەبوون لە سێ تەوەر پێکدێ: بەکۆڵەوەبوونی "بوون" لەنێوان ژیان و مردن، سەقامگیری بەخود، گۆڕانکاری خوڵقێنەرە(التحولیة). یەکەمیان، واتە ناسنامە کۆتکراوی ڕابردوو نییە و دوو پایەی هەیە: (سەرچاوەی سەرهەڵدان) و (ئەو شوێنەی پێی دەگات).

پایەی ڕابردوو گرنگە، بەڵام پێویستە فیکر و هۆشیاری لەتەک بێ، چونکە "خود" فیکرە، ئەگەرنا، لەڕابردوو هێز و هەژموونێک دروست دەکەین لەچەشنی دەسەڵات و هەژموونیی ئەفسانە کە بیرناکاتەوە و دەسەڵاتی دەبێت بەسەر بوونماندا و پێویستە لە خۆمانی داڕنیین، چونکە ناسنامە بونیادنان و خەباتێکی بەردەوامە. هەر لەم بارەوە و لە کۆتایی کتێبی "جەدەلی نێوان سەروەر و کۆیلە" دا (هیگڵ) دەڵێ : خود، بەهۆی و لەنێو ململانێکاندا ناسنامەی خۆی وەچنگ دێنێ و مرۆڤە ئازادەکان ناسنامەی خۆیان وەدەس دەهێنن، چونکە لەتواناییاندا هەیە ژیانێکی شکۆمەندانە بونیاد بنێن لە کاتێکدا کە ڕووبەڕووی مەرگ دەبنەوە. هەربۆیە ناسنامە ناکرێ مێژوویی بێت یاخود ڕاستتر بڵێین یادکردنەوەی ڕابردوو بێت و تەنیا ڕیشەی لەڕابردوودا دا چەقیبێ و مێژوویەک بێ کە بەسەر چووە.

 سەبارەت بە تەوەری دووەمی پاول ڕیکۆر"سەقامگیری بەخود"، لە بنەڕەتدا بریتییە لەوەی کە "خود" پارێزەری پێکهێنەرەکانی بێت لە بەرامبەر ئەو گۆڕانکارییانەی لە جیهان ڕوو دەدەن، بەتایبەتی ئەمڕۆ و لەسەردەمی بەجیهانیبووندا، خۆسەلماندن و سەقامگیریی خود گرنگە و پێویستە، چونکە بەبێ ئەوە نەتەوە بچووک و پەراوێزەکان ڕۆ دەچن. ئەمەش دژایەتیی نوێگەری و زانست و تەکنەلۆژیا نییە، وەک هەندێک وێنای دەکەن، بەڵکوو بەپێچەوانەوە، خۆسەلماندنە لەو جیهانەدا کە بەردەوام لە کێبڕکێ و بەش بەشبووندایە، لەڕاستیدا، سەقامگیری بە خود مانای سەقامگیری نییە لە خوددا.

سەبارەت بە وێناکردنی گۆڕانکاریخوڵقێنەربوونی، لێرەدا ناسنامە پەیوەست دەکاتەوە بە ئایندەوە، ڕەنگە ناسنامە بەم مانایە تەنیا دەرگا خستنەسەرپشت نییە بۆ بە زیندووهێشتنەوە بە گێڕانەوەی حاڵەتەکان بۆ ڕابردوو بە جۆرێک لە جۆرەکان، بەڵکوو دەتوانرێت بەهۆی پڕۆژەی نوێ و چاوبڕینە ئایندە پێکبهێنرێت، بەوەی کە ناسنامە گۆڕانکاریخوڵقێنەرە؛ بە واتەیەکی دیکە، ڕووداوگەلی ڕابردوو کارایی و زیندوویی خۆیان هەیە لە پێکەوەنانی ناسنامەدا، بەڵام بەم سیفەتەی دوایی، ناسنامە دەتوانێ پێ ناسراوە(معالم)کانی خۆی لەڕێی پڕۆژەی ئایندەسازی و گەشەی تەکنەلۆژیاوە وەگەڕ بخا یان نوێ بکاتەوە، بەجۆرێک ئەمڕۆ زانایان باس لە ناسنامەی سیبرانی دەکەن، کە ناسنامەی بەژمارەکراوی مرۆڤە و پەیوەندییەکانی خێراتر و کاراتر کردووە و هەنگاو بە هەنگاو جۆرێکی نوێی ناسنامەی بەرهەم هێناوە و ناسنامەی خود بەهۆی چۆنییەتیی دەربڕین و گوزارشت و ئەکتەکانییەوە فۆرمی داوەتە خۆی.

پێویستە لەم بەستێنەدا بۆ مانای ورد و زانستیی گۆڕانکاری خوڵقێنەربوونی ناسنامە، تێبینییەکی لەبارەوە ئیزافە بکەین : ئەم وشەیە لە کایەی زانستی بایۆلۆژییەوە دێت، خۆی لە جیاوازبوونی لەگەڵ بنەڕەتەکەی و لەهەمان کاتدا لە پاراستنیشیدا دەبینێتەوە، وەک گەشە و گۆڕانی کرم بۆ پەپوولەبوون، بنەڕەتی خۆی پاراستووە و ناسنامەیەکی نوێشی وەرگرتووە، لە کاتێکدا ئەوە گۆڕانێکی ڕەچەڵەکییە، بەڵام بێ لەناوبردنی جۆرەکەی. 

٣-سایکۆلۆژیبوونی ناسنامە: دیدی سایکۆلۆژی بۆ ناسنامە، لە ناسنامە دەدوێ وەک دەرهاویشتەی گەشەی تاک لە ڕێ و توولەڕێی بوون و ژیانیدا، چونکە هەر لە مناڵییەوە بایەخ و فۆکەس دەخاتە سەر ئەو چنراو و پێکەوەشێلراو و هەنگاوە یەک لەدوای یەکانەی کۆمەڵێ چەسپاوی مەعریفی و سۆزداری.

٤-وێناکردنی ناسنامە لە کایەی سیاسەتدا: هەقیقەتی ئەو هەبووەی بیر لە ناسنامە و جیاوازییەکانی دەکەینەوە، بێ گومان ناتوانیین تەنیا لە چوارچێوەی ئەنتۆلۆژی و سایکۆلۆژی و شیکاریی بوونناسیانە سنوورداری بکەین، چونکە وەک پێشتریش باسمان لێوە کردوووە، پەیوەندیییەکی تێکچڕژاو و ئاڵۆز لەنێوان ناسنامە و غەیرە، یەکبوون و فرەیی هەیە، کە ئەم پەیوەندیییە بە سروشتی خۆی جۆرێک لە ڕێکخستنی فەرمی پلانبۆداڕێژراوی دەوێت کە لەوسەرەوە گرەنتی ئەرکی چەمکەکانی ناسنامە و فرەیی بکات لە چوارچێوەی دەسەڵاتێکی ڕێکخراوی گشتیدا، ئەمەش توانایی ئەکت و ڕۆڵگێڕانە لە فەزایەکی ئاسایی و لە زەمینەی پەیوەندیییە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکاندا، بە ئامانجی بەدەستهێنانی خواستی گشتی. (بڕوانە د.فتحي التريکي: محاضرة الهویة و علاقتها بالدمقراطیة).

ناسنامە لە جوغزی فیکری سیاسیدا بە مانای تایبەتمەندیگەلێکی جیاکەرەوەن کە دەبنە ناسنامەی تاک و کۆمەڵ لە غەیری خۆیان، لەسەر بنەمای کۆمەڵێ پێوەری کولتووری، ئاینیی، زمان، نەژاد و نەتەوە، ناسنامە بەهەریەک لەم واتایانە ڕۆڵی کارای هەیە لە پێکەوەنانی پەیوەندیییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان و کاریگەری هەیە لەسەر سیاسەتی دەرەکی و ناوخۆیی.

فیکری سیاسی توێژینەوە لە چۆنییەتی دروستبوونی ناسنامەکان و ڕۆڵیان لە بونیادنانی دەوڵەت و کۆمەڵگە، کاریگەری لەسەر سیاسەتی گشتی، چۆنییەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ فرەیی و ململانێی ناسنامەکان دەکات. دەبێ ئەوەش بڵێین کە ناسنامە ڕەگەزێکی زیندووە لە تێگەیشتنی سیاسیمان بۆ جیهان و ئاراستەکانی کاری سیاسی بەگشتی.

بێ گومان، بازنە و چوارچیوەی فرە و جیاواز هەن کە دەتوانرێت لێوەی بڕوانینە بابەتی ناسنامە و ناسنامەی نەتەوە و  پەی بە چییەتی و چۆنییەتیان بەرین، لە دید و ڕەهەندەکانی ئەنتۆلۆژیا و فەلسەفە، ڕۆشنبیری، وەک باسمان کرد سیاسیش. ئەوەی لێرەدا جەختی لێ دەکەینەوە ناسنامەی نەتەوەیی سیاسییە لە دیدی قووڵی فەلسەفی و ئەنتۆلۆژییەوە. 

لەم کڵاوڕۆژنەیەوە، نەتەوە وەک کۆمەڵێک و بونیادێکی پێکەوەبووی دەستەجەمعی تێپەراندنی تاکە. ئەم قەوارەیە خاوەن بوونێکی سەربەخۆ و مێژووییە  کە لەڕێی کولتوور، زمان و نەریتی بەکۆمەڵەوە گوزارشت لە خۆی دەکات. ناسنامەی نەتەوەیی بەم مانایە، ئەزموونی هاوبەشی تاکەکانی نێو کۆمەڵ پێکی دەهێنن، لەوانەش: مێژووی هاوبەش، سەرکەوتن و نسکۆکان، سەرجەم ئەو ئاستەنگانەی کە بەدرێژایی مێژوو ڕووبەڕوویان بووەتەوە. ئیرنست ڕینان(Ernest Renan) لە وانەبێژییە بەناوبانگەکەیدا دەپرسێ کە نەتەوە چییە و لە وەڵامدا دەڵێ: (( نەتەوە، ڕاپرسییەکی ڕۆژانەیە کە تاکەکانی نێو ئەو نەتەوەیە دەیکەن و پشت دەبەستێ بە ئیرادەی هاوبەش بۆ پێکەوە ژیان و ئاڵوگۆڕی بەها و ئەزموونەکان)). لە دیدێکی وجودییەوە یان فەلسەفەی وجودییەوە(سارتر)، ناسنامەی نەتەوەیی، بژاردەیەکی وجودییە کە لەلایەن تاکەکانەوە هۆشیارانە دەیکەنە ناسنامەیان. ناسنامەی نەتەوەیی فەرزنییە وەک پێویستییەک، بەڵکوو دەرئەنجامی ئیختیارکردنێکی ئازادانەیە کە گوزارشت لە ئینتیما- سەربە کۆمەڵێکی دیاریکراوبوون دەکات.

هایدگەر (Martin Heidegger) لە چوارچێوەی بیرکردنەوەیدا بۆ بوون-الوجود(Being)، دەتوانیین وا تێبگەین لە ناسنامەی نەتەوەیی کە ڕێگەیەکە بۆ بوونێکی هاوبەش (بە ئەڵمانی-Mitsein) واتە بوون لەگەڵ، بەجۆرێک تاکەکان لەڕێی ئینتیمای کۆمەڵەکەیانەوە گوزارشت لە خۆیان دەکەن.

دواتر پەیوەست بە ناسنامە و حەیاتیبوونی دەسەڵات بۆی، دەتوانین بڵێین تێگەیشتنی فۆکۆیانە (Michel Foucault) بریتییە لەوەی کە " ئەگەری تێگەیشتن لە ناسنامەی نەتەوەیی لەڕێی دەسەڵات و مەعریفەوەیە". ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگریشە کە ناسنامەی نەتەوەیی پەیوەندیی تەنگاوتەنگی، بەڵکوو پەیوەستە بە دەوڵەتی نەتەوەییەوە کە دەوڵەت لەڕێی سیاسەتە پەروەردەیی و کولتوورییەکانییەوە هەوڵی بەهێزکردنی ناسنامەی نەتەوەیی دەدات، هەروەک چۆن ناسنامەی نەتەوەیی دەتوانێ فاکتەری یەکیەتیی نێوان تاکەکان و بەهێزکردنی سەقامگیری سیاسی بێت. بێ گومان ئەمڕۆ ئێمەی نەتەوەی کورد بێبەش کراوین لەو مافە تا ئەرکە نەتەوەییەکەمانی پێ جێبەجێ بکەین (ئەگەرچی لەئەزموونەکانی ڕابردووماندا تا ئەمەی ئێستاشمان کەمتر وەک هەلێک سوودمان لێ بینیوە بۆ ئەرکی بەهێزکردنی ناسنامەمان لە هەموو بوارەکاندا و بەداخەوە)، و تەنانەت هەوڵ دراوە سیما و ئاسەوارەکانی دیکەی بوونیشمان بسڕێنرێتەوە، بەڵام بوونی نەتەوەیەکی وەک کورد پێش هەر جۆرە بوونێکی تر، وەک ئەوەی بینیدیکت ئەندرسۆن(Benedict Anderson) ناوی دەنێت، بوونێکی (Imagined Communities) کۆمەڵگە خەیاڵکراوکان یان وێناکراوکانە، واتە پێش هەمووشتی لە زەیندا و لە ناخەکاندا بوونی هەیە، ئەو پێی وایە "نەتەوەکان، کۆمەڵێکن لە مێشکی تاکەکانیدا وێنا دەکرێن. ناسنامەی نەتەوەیی، ئەگەر بوونی ماددی و نەژادیشی نەبێ، ئەوا بەرهەمی گێرانەوەگەلێکی مێژوویی و کولتوورییە کە لە مێشکی دەستەجەمعیدا پێکدێ."

 پێشتریش باسمان کرد کە ناسنامەی نەتەوەیی فرە ڕەهەندە، یەکێک لەوانە کولتوور و ڕۆشنبیریی هاوبەشە، کە ڕۆڵێکی جەوهەریانەی هەیە، وەک : زمان، ئەدەب و هونەر بەگشتی، نەریت و یادە نەتەوەییەکان، هەموو ئەمانە ڕۆڵیان هەیە لە بونیادنانی هەستی نەتەوەییدا، ئێمە لێرە بەدواوە و لە کۆتا پاری ئەم توێژینەوەیەدا، تیشکۆ دەخەینە سەر "زمان" وەک گرنگترین ڕەگەزەکانی بوونی نەتەوە.

زمان 

زمان، یەکێکە لە ئامرازەکانی کە مرۆڤ بۆ پەیوەندیی و ئاڵوگۆڕی بیر و ڕۆشنبیری بەکاری دەهێنێت، بەڵام بێ گومان ڕۆڵی زمان لەوە زیاترە کە  تەنیا بۆ پەیوەندیکردن بێت، بەشێکی سەرەکییە لە ناسنامەی تاک و کۆمەڵ. زمان، شارستانییەت و کولتووری ئەو کۆمەڵگەیە نیشان دەدات کە قسەی پێ دەکات و ڕۆڵی هەیە لە پێکەوەنانی ناسنامەی تاک و بەکۆمەڵیاندا. 

زمان تەنیا دەنگ و وشە نییە، بەڵکوو هەڵگری ڕۆشنبیری و نەریت و بەهایە، وەک وتمان ڕەنگدانەوەی ئەزموونی کۆمەڵ و مێژووەکەیەتی، لەهەمان کاتدا گوزارشت لە چەشن و جۆرێک لە دید و جیهانبینی دەکات. هەر لەڕێی زمانەوە ئەدەب و هونەری فۆلکلۆر کە بەشێکی بنەڕەتی کولتووری نەتەوەکانە، دەگوازرێتەوە و دەمێنێتەوە، ئەمە وێڕای ئەوەی لە هەر زمانێکدا چەمک و ئایدیاگەلێک هەن تایبەتن بەوان و لە زمانەکانی دیکەدا نین، ئەمەش وا دەکات ئامرازێکی بێهاوتا بێت بۆ گوزارشتکردن لە ناسنامەی بەکۆمەڵ.

زمان، پشکی بنەڕەتی و سەرەکی هەیە لە پشتیوانی و بەهێزکردنی ناسنامەی تاکدا لەڕێی دروستکردنی هەستی نەتەوەیی و پەیوەستکردنەوەی بە ڕۆشنبیریی ڕەسەنییەوە. قسەکردن و خوێندن بە زمانی دایک، متمانەبەخۆبوون و شانازی بە کەلەپوور و کولتوورەوە بەهێز و زیاتر دەکات، لەلایەکی ترەوە بەهۆی کۆکردنەوەی تاکەکان لەژێر سێبەری یەک زمان و یەک ڕۆشنبیری هاوبەشدا، ناسنامەی نەتەوەییش بەهێزتردەبێت.

گەر مەجاز-درکەیی یا شاعیرانە، بەڵام گوزارشت لە هەقیقەتێکی ناو مێژووی درێژی مرۆڤایەتی بکەین، ئەوا دەڵێین : ""تایفەگەری، وەک خوێن لە ناوەوەی دەمارەکانی مرۆڤدا دەبزوێ". هەموو فۆرمەکانی فیکر و دەسەڵات و سەرجەم کایە و ڕەهەندەکان بەگشتی، چەشنێک ئامادەیی ئەو هەقیقەتەی تێدایە و لە سەدەکانی دواییشدا، وەک پێشتر باسمان کردووە، بووەتە فۆرم و مۆدێلی ڕێکخستنی دەوڵەت کە بە "دەوڵەت نەتەوە" ناسراوە. نەتەوەی کوردیش درک و هۆشیاری بووە بۆ گرنگیی زمان وەک پێویستییەکی حەیاتی بۆ مانەوەی، بۆیە دەبینیین وێڕای سەپاندن و بەمۆدێلکردنی خوێندن-ئایینی بە زمانی نەتەوەکانی(جگە لە کورد) ناوچەکە، بەگشتی لە هەموو بزاڤ و بزووتنەوە کوردییەکاندا چەشنێک لە گرنگیدان بە زمانی کوردی هەبووە، بەڵکوو هەوڵی بە کوردیکردنی خوێندن دراوە و کاری بۆ کراوە، بۆ نموونە لەساڵی ١٩١٣ز لەشاری "خۆی"، سمکۆی شکاک بە هاوکاری عەبدولڕەزاق بەدرخان کە (کۆمەڵەی جیهاندانی)یان هەبوو، قوتابخانەی کوردییان دامەزراند. لە شوێنەکانی دیکەش هەوڵی کەمتر نەبووە و دەتوانیین بڵێین یەکێ لە خاڵە سەرەکییەکانی داواکاری بزووتنەوە جیاجیاکانی کورد، وێڕای پاراستنی ناسنامە و مافی چارەی خۆنووسین، بابەتی "زمانی کوردی و خوێندن بە زمانی دایک" پرنسیپێک بووە کە شێلگیرانە جەختی لێ کراوەتەوە، ئەوە خۆ خەباتی نووسین و دەرکردنی ڕۆژنامە بە زمانی کوردی دێرینتر و بەرچاوە. هەر پەیبردنە بەم ڕاستییە کە نەتەوە دەسەڵاتدارەکانی ئەم ناوچەیە کە کوردیان بەسەردا دابەش کراوە، ئێستەش مل نادەن بۆ ئەوەی ئەم زمانە بە فەرمی ببێتە زمانی خوێندنی ئاخێوەرانی، بە داخەوە تا ئەوەش ڕۆیشتوون کە هەر خودی زمانەکە و زارەکانی (کە فرەییەکەی وەک زمانەکانی هەموو دنیا، بەڵگەی دەوڵەمەندییەتی) بکەنە فاکتەری گومان و پەرتکردنی ناسنامەی نەتەوەیی.

ئێمە لەم ئاستەدا باس لەزمان ناکەین و زانراوە و ڕۆژانە تاڵاوی دەچێژین و هەر گەشەیەکیشی شکۆی ناسنامەمان دەگەشێنێتەوە، ئەوەی پێویست بێت، وەک زانست و ئەرک پەیوەست بە توێژینەوەکەمان باسی دەکەین، بەڵام ئەسڵی بابەتەکەی ئێمە باسکردنی ئەنتۆلۆژیای زمانە و دواتر پەیوەست بە ناسنامەوە.

پێناسەیەکی هاوبەش هەیە لەنێو زانایانی پێشین و هاوچەرخدا بۆ زمان: (( چەند دەنگێکە، هەر نەتەوەیەک لەڕێیەوە گوزارشت لە مەبەستەکانی خۆی پێ دەکات)). (زیادة+صالح، ١٣:٢٠١٩).

ئەم پێناسەیە وێڕای ئەوەی ئاماژەیە بەوەی کە زمان، سروشتی دەنگییە، دیاردەیەکی بەکۆمەڵە، ئەرکی گوزارشتکردنە لە مەبەستەکان، تاکەکانی کۆمەڵگە بەکاری دەبەن بۆ گوزارشتکردن لە فیکر و مەبەستە مرۆییە جیاوازەکان و گشت کۆمەڵگەیەک زمانێکی هەیە کە جیای دەکاتەوە و ناسنامەی زمانی پێک دێنێ و ...زۆر تایبەتمەندی دیکەش. ئەوەی ئێمە لێرەدا تیشکۆی دەخەینە سەر، زمان تەنیا ئامرازێک نییە بۆ گەیاندنی مەبەست و هەقیقەتەکان، بەڵکوو زەمینەی کەشفکردنی هەقیقەتە نەزانراوەکانە، تەنیا فرەیی و جیاوازی نییە لە دەنگ و نیشانە دەنگییەکاندا، بەڵکوو فرەیی و جیاوازییە لە دید و جیهانبینیدا و گێڕانەوەی چۆنییەتیی درککردن و پەیبردنمانە بە بوونی خۆمان و دورووبەرمان، زمان مەرجی بوونی مەعریفەیە، لەڕاستیدا زمان پێوەرە، چونکە وەک وتمان چلۆنایەتیی دیدمان و بونیادی بیرکردنەوەمان دەخاتە ڕوو.

لەڕووی ئەنتۆلۆژییەوە، زمان پەیوەندییەکی تەنگاوتەنگی بە ناسنامەی نەتەوەییەوە هەیە، چونکە هەردووکیان پرسیارگەلێکی فەلسەفی لەبارەی سروشتی-بوون و ماناوە لە بەستێنی زمان و ناسنامەدا لەخۆ دەگرن، وەک پێشتریش ئاماژەیەکمان پێ دا، زمان بنەڕەتی پێکەوەنانی نەتەوەیە، چونکە ئامرازێکە لەڕێیەوە گوزارشت لە کولتوور و بەها و مێژووی خۆیانی پێ دەکەن.

 لەو ناساندن و هەقیقەتانەی باس کران، پەیوەست بە ناسنامەی نەتەوە لە بەستێنی زماندا، دوو بابەت و خاڵی سەرەکی و جەوهەری خۆیان فەرز دەکەن،ئەوانیش : (یادگە-memory) و (گوزارشتکردنی ئازادانە).

ئیمە پێشتر لە پێناسەیەکی بینیدیکت ئەندرسۆن(Benedict Anderson)دا ئاماژەمان بە کۆمەڵگە خەیاڵ-وێناکراوەکان دا کە هەر بەشێکە لە ناونیشانی کتێبەکەی (Imagined Communities:Reflections on the Origin and Spread of Nationalism )، لەوێدا ئەندرسۆن باس لە ئایدیای"نەتەوە" وەک کۆمەڵێکی خەیاڵکراو دەکات، کە دەستپێکی مەیینی ناسنامەی نەتەوەیە لەسەر بنەمای وێنای هاوبەشی تاکەکان؛ بە واتایەکی دی، زمان لەبەر ئەوەی ئامرازی وێناکردن و گواستنەوەی خەیاڵکردنی کۆیەکە بەناوی ناسنامەی نەتەوەییەوە، دەرئەنجام نەتەوەیەک لە خەیاڵداندا وەک دەستپێک لەنێو وشە و نووسینەکاندا پێکدێ، ئەم ئەرکەش، زمان وەک یادگە-میمۆرییەک ئەو کارە دەکات، ئەوە بێ لەوەی یادگە (کە لەزماندا بوونی دەبێ و دەپارێزرێ)ی هاوبەش کە فۆکەسی لەسەر نەتەوەیە وەک کۆیەکی تاکەکان، ڕەگەزێکی بنەڕەتی پێکهێنانی ناسنامەی نەتەوەیە. لێرەوەیە کە جێی خۆیەتی، بەڵکوو پێویستە بپرسین، ئایا ئێمەی نەتەوەی کورد، وردتر ڕۆشنبیر و ئەکادیمیمان، چەندە کارمان لەسەر یادگە کردووە، نەک وەک گێڕانەوەیەکی درامییانەی ڕابردوو، بەڵکوو ئامادەکردنەوەی لە ئێستادا و ڕوونتر، ڕۆڵی لە پێکەوەنانی ناسنامە و جووڵەی خۆمان و ئەوی دیدا، گەر بە سەرپێیانەش لە هەڵوێست و ئاکتی سیاسی و ڕۆشنبیر و ئەکادیمی و بەگشتی پێشەنگە جیاوازمەشرەبەکانی نەتەوەکانی دەورووبەرمان، تایبەتتر هەڵوێست نەتەوە سەردەستەکانمان، بڕوانین، دەبینین هەنگاوێکی ئەمڕۆیان پێیەکی لە ڕابردوو یاخود لە یادگەیاندایە.

هەر لە بابەتی یادگەی دەستەجەمعی و پەیوەستبوونەوەی بە ناسنامەی نەتەوەوە، فەیلەسوفی کەنەدی (چارلز تایلۆر-Charles Margrave Taylor) جەخت لەسەر ڕۆڵی زمان لە پێکەوەنانی ناسنامەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵگە دەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە چۆن زمان کۆمەک دەکات لە پێکەوەنانی ناسنامەی تاک و کۆمەڵ بەهۆی گێرانەوە هاوبەش و بەها هاوبەشەکانەوە؛ وردتر بڵێین: زمان وەک ئامرازێکی پاراستن و گواستنەوەی یادگەی دەستەجەمی و مێژووی هاوبەش کار دەکات، لەڕێی زمانەوە چیرۆک و ئەفسانە و ڕووداوە مێژووییەکان دەگوازێتەوە، کە ناسنامەی نەتەوە پێکدەهێنن.

سەبارەت بە بابەتی دووەم وەک خاڵێکی جەوهەری پەیوەست بە ناسنامەی نەتەوە لە بەستێنی زماندا، زۆر ڕەهەند لەخۆ دەگرێ، لە ئاستێکی ڕاستەوخۆدا بە نموونە: هەوڵەکان بۆ پاراستنی زمانی دایک و فێرکردنی نەوەکان، ڕەنگدانەوەی ئیرادەی ئازادانەی کۆمەڵە بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی، ئەوە بێ لەوەی خودبڕیاردان لەسەر بەناسنامەکردنی زمانەکەت، بەرجەستەکردنی ئیرادە و خواستی ئازادی خودە، بەڵام ئێمە لەو خاڵەدا دەمانەوێت هەنگاوێک زیاتر بڕۆین و باس لەوە بکەین کە لەخودی زماندا قەوارەی ناسنامەی نەتەوەیی دەخرێتە سەرپێ و زمان بووە و دەشتوانێ پتر لە ڕەگەزەکانی دیکەی نەتەوە ببێتە پارێزەری ناسنامە و ناسنامەی نەتەوەیی.

دەتوانیین بڵێین پەیوەست بەوە، مارتن هایدگەر جەخت لەوە دەکاتەوە کە زمان ماڵی-بوونە، لەڕێگەی زمانەوە مرۆڤ دەتوانێت لە جیهان تێ بگات و کارلێکی هەبێت لەگەڵیدا، زمان دەرفەت دەداتە مرۆڤ تا هەست بە بوون بکات و گوزارشت لە خۆی بکات.

هایدگەر پێی وایە، زمان بوون دەردەخات و ئاشکرای دەکات، پتر لەوەی دەبێتە مایەی شاردنەوەی؛ بە واتایەکی دی، وشەکانی کە بەکاریان دەبەین، گوزارشتکردنن لە تێگەیشتنمان بۆ شتەکان، بەڵام لە هەمان کاتدا مایەی سنووردارکردنی تێگەیشتنمانن بۆ بابەتێکی دیاریکراو. ئەم ئاشکراکردن و شاردنەوەیە، دەرخستنی پەیوەندیی ئاڵۆزی جەدەلی نێوان زمان و بوونە.

هەر لە تێڕوانینیدا بۆ زمان، لەبارەی شیعرەوە دەدەوێ و جیاوازی دەکات لەنێوان زمانی نۆرماڵ و زمانی شیعردا و پێی وایە، شیعر قوڵاییەکانی بوون دەردەخات. تێڕاونینی وایە کە فەیلەسوف و شاعیرەکان تواناییەکی تایبەتیان هەیە لە بەکارهێنانی زماندا بۆ ئاشکراکردنی نهێنییەکانی- بوون، کە لە بەکارهێنانی زمانی ڕۆژانەدا دەرناکەوێت. 

دەرئەنجام تێئەگەین، هەموو تێگەیشتنێکی ئێمە بۆ دەورووبەرمان، کە بەڵگە و چییەتیی بوونمانە، لەڕێی زمانەوە گوزارشتی لێ دەکرێ، بەڵکوو زمان ماناکەی و سنووری چۆنییەتیی ئەزموونکردنمان  لەگەڵیدا دیاری دەکات. بەکورتی، مرۆڤ بوونەوەرێکی مێژووییە و زمانیش هەموو جووڵەیەکی مێژووی ئەم بوونەوەرەی لە خۆیدا هەڵگرتووە.

بێ گومان لەم بابەتەدا، ئەگەر زۆر بەخێراییش بێت، ناتوانیین باس لە (ویتگنشتاین-Wittgenstein)، نەکەین، چ ویتگنشتاینی یەکەم و چ دووەم. ئەم فەیلەسوفە کە زۆرترین فۆکەسی لەسەر چییەتیی زمانە، لە قۆناغی یەکەمیدا و لە کتێبی (نامەیەکی لۆژیکی فەلسەفی-The Tractatus Logico-Philosophicus) دا جەختی لەسەر شیکاریی زمان و لۆژیکە. ئەو پێی وایە، جیهان بریتییە لە (fact) ڕاستی، زمانیش وێنای ئەو ڕاستییانە دەکات لەڕێی وێنەی ڵۆژیکییەوە. ناسنامە لەم قۆناغەدا پەیوەستە بە تێگەیشتنی بونیادی لۆژیکییانەی جیهانەوە.

ئایدیا ئەنتۆلۆژییەکانی لە کتێبی یەکەمیدا لە دەوری دەربڕینی زمانیی و بونیادی جیهانی دەرەکی دەسوڕێتەوە کە چ پەیوەندیییەک هەیە لەنێوانیان، چونکە پێی وایە ناکرێ گفتوگۆ بکەین بێ چارەسەرکردنی کێشەی مانا و چۆن کۆمەڵێ دەنگ گوزارشت لە مەبەستەکانمان دەکەن و دەبنە نوێنەری ئەوەی لە واقیعدا هەیە، ئەم دەنگانە چ پەیوەندیییەکیان بەوە هەیە کە لە زەینماندا دەگوزەرێ؟؟.

ویتگنشتاین، سێ جۆر بوون پۆڵێن دەکات: ١-بوونی زمانیی ٢-بوونی زەینیی٣-بوونی دەرەکی-واتە دەرەوەی زەین.

دواتر هەر لای ئەم فەیلەسوفە سێ چەمک دەبنە تەوەری ئایدیاکانی: (ئەحواڵ-Status Affars)، (ڕاستییەکان-The facts) ، (کێشەکان-Issues)، پێی وایە جیهان لە ئەحواڵ و ڕاستییەکان پێکدێ. ئەحواڵ، هەلومەرجێکی "مومکین"ە کە پەیوەندیی خود یان شت و سیفەتەکەی لەسەرە؛ بە واتایەکی دی هەموو ئەوەی لە دەرەوەیە، لێکدراوە نەک تاک تاک، لێرەوەیە دەچێتە نێو تیۆریی بەستێنەوە، لەسەر ئەو بنەمایە ئەوەی لە واقیعدا هەیە بە هەمان شێوە لە زمانیشدا هەیە، چونکە پێی وایە لە بونیادی زماندا، بونیادی واقیع ڕەنگ دەداتەوە، هەر بۆیە ئەگەر واقیع پێک بێ لە لێکدراو، ئەوا زمانیش لە لێکدراو پێک دێ، بۆ نموونە (بەفر) شتێکی تەنیا نییە لە دەرەوە، بەڵکوو (سپی) ییە و لەگەڵ گریمانەی تردا. ئەم ئەحواڵانەش یا هەن یاخود نیین، بەڵام بەگشتی، هەموو بابەت یان شتێک چند ئەحواڵێکی هەیە و ناکرێ وێنای  هیچ شتێک بکەین لە جیهان لە دەرەوەی ئەو حاڵانە، هەندێ ئەحواڵ هەیە "مومکین"ە و هەیشە نامومکینە. بۆ نموونە (دەرگایەک)، چەند حاڵەتێکی هەیە و هەندێکی مومکینە و هەندێکی نا، لە نموونەی (داخراویی، کراوەیی، کەمێک داخراوی یان کەمێ کراوەیی)، ئەمانە هەموو مومکینن و هەندێ لەم مومکینانە لە حاڵەتی ڕاستییدان، وەک ئەوەی ئێستە دەرگاکە کرابێتەوە، هەروەها پۆڵێن دەکرێ بۆ هەیە و نییە، واتە جیهانی مومکین و مەحاڵ... هەموو ئەمانە دەتوانێ ڕاستی بێت، لەسەر بنەمای ئەوەی لە جیهانی دەرەوە هەیە. 

سەبارەت بە (کێشەکان-Issues)، گوتەیەکە ئەگەری هەیە ڕاست بێ و ئەگەریشی هەیە درۆ بێ. کێشەکان زۆر مانا لەخۆ دەگرێ، هەندێ جار تەنیا بە ناوەڕۆک دەوترێ (ناوەڕۆکی ئاماژەیی و لۆژیکی ڕستە)، هەندێ جاریش بە خودی گوتەکە دەوترێ (گوتەیەک ئەگەری ڕاست و درۆبوونیشی هەیە). کێشەکان، گوزارشتکردنە لەوەی لە جیهانی دەرەکی یان زەینییەوە دێ، هەروەها دەگونجێ سانا و سادە بێت، وەک"ئەفلاتوون فەیەلەسوفە"، دەشگونجێ لێکدراو بێت، وەک "ئازاد هەژارە، بەڵام دەستپاکە"

بە کورتی، ویتگنشتاین، پێی وایە : جیهان ئەوەیە کە حاڵ و دۆخەکانی لەسەریەتی، جیهان کۆمەڵێ ڕاستی و فاکتی هەبووە لە دەرەوە، کۆمەڵێ فاکتە نەک شت و دابەش دەبێت بۆ راستییەکان. جیهان لە کرۆکی شتەکان دانەڕێژراوە، بەڵکوو ئەحواڵە هەبووەکانە، ئەو ئاکتەیە شتەکان دەگرێتەوە و بە سیفاتەکانی دەبینرێ و پەیوەستە بە پەیوەندیییەکانی بە غەیری خۆیەوە.

وەک پێشریش وتمان، بونیادی واقیع حوکم دەکات بەسەر بونیادی زماندا و، زمان ڕەنگدانەوەی ئەوەیە کە لە واقیع دەگوزەرێ و ئەگەر گوتە بە بەراورد بە هەقیقەتی دەرەوە ڕاست هاتەوە، ئەوە ڕاستە، ئەگەر نا درۆیە و ئەگەر قسەکە مومکین نەبوو، لەبەر نەبوونی لە واقیعی دەرەوە، ئەوە هیچ مانایەکی نییە، وەک "ڕاستگۆیی فەزیلەتە"، ئەمە ناتوانرێ لە واقیعی دەرەوە ببینرێ، بەڵام بڵێین: "ڕاستگۆیی بەسوودە:، ئەمەیان ئەگەری هەیە دەرهاویشتەکانی ببینیین. (بڕوانە، علی: محاضرة فلسفة اللغة عند فتغنشتاین).

لێرەوە بە ڕاستی ئێمە پێویستیمان بەوە هەیە گوزارەکانی نێو نووسین و کەلەپوری دەماودەم گێڕدراوەی کورد ( بەتایبەتی ئەوانەی کە دەبنە کەرەسە و بەڵگەی شیکاریی چۆنییەتیی بیرکردنەوەمان لە ناسنامەی نەتەوەیی و دەربڕی کەسایەتیی تاکی کورد ) بهێنیین و توێژینەوەیەکی سەربەخۆی لەسەر بکەین، تا بزانین چەندی بەپێی ئەم لۆژیک و هاوکێشە فەلسەفییەی ویتگنشتاین دەچێتە ناو دەربڕینی مانادارەوە، بە تایبەت پەیوەست بە جێکردنەوە و پێکهێنان و مەیینی ناسنامە  لە زماندا.

قۆناغی دووەمی ویتگنشتاین (لێکۆڵینەوە فەلسەفییەکان)، هەر لە بابەتی جەدەلی نێوان واقیعی دەرەکی و زمانە، بەڵام ئەمجارە بابەتەکە بەپێچەوانەوە سەیر دەکرێ، بونیادی دەرەکی چیتر هەژموونی نییە بەسەر زمانەوە، بەڵکوو زمان سنوودارە بە ڕێ و شوێنەکانی بەستێن، هەروەک یاری شەترەنج مەحکومە بە لۆژیکی ناوخۆیی خۆیەوە، نەک ئەوەی زەین لە دەرەوە وەری دەگرێت، لەم قۆناغەدا زمان کردارێکی کۆمەڵایەتییە و زەین ڕۆڵێکی بنەڕەتیی هەیە لە زماندا. گرنگترین ئایدیا لەم قۆناغەی ویتگنشتایندا "سنووری زمانەکەم، سنووری جیهانمە"، کە پەیوەست دەبێتەوە بە ناسنامە و پەیوەندیی نێوان زمان و ناسنامە و ڕستەکەش شیکاریی ناوێ. 

 

د. لهۆن قادر

دکتۆرا لە ئەدەبی کوردی

 

سەرچاوەکان:    

١-جوزیف، جون(٢٠٠٧). اللغة و الهویة، الطبعة الاولی،ترجمة: د. عبدالنور خراقي، کویت، عالم المعرفة.

٢-ودونال کربو، جینز بروکمییر(٢٠٢٤). السرد و الهویة، الطبعة الاولی، ترجمة: عبدالمقصود عبدالکریم، مصر، موسسة الهنداوي.

٣-هیدغر، مارتن (٢٠١٥). الانطولوجیا هرمینوطیقا الواقعانیة،الطبعة الاولی، ترجمة: د.عمارة الناصر، بیروت، منشورات الجمل.

٤-تیبس، یوسف (٢٠١٤). التصورات العلمیة للعالم. الطبعة الاولی،الجزائر ، ابن الندیم للنشر و التوزیع.

٥-حرب، علی (١٩٩٨). الماهیة ا العلاقة نحو منطق تحویلي، الطبعة الاولی، بیروت، المرکز الثقافي العربي.

٦- زیادة+ صالح، وفاء + صفوت علي (٢٠١٩) محاضرات في علم اللغة، الطبعة الاولی، القاهرة، کلیة دارالعلوم.

٧-ژیلسون، اتین (١٣٨٩ش) هستی در اندیشە فیلسوفان، ترجمە: دکتر سید حمید طالب زادە، چاپ سوم، تهران، انتشارات حکمت.

٨-نوذری، حسینعلی (١٣٨٨ش) صورتبندی مدرنیتە و پست مدرنیتە، چاپ سوم، تهران، انتشارات نقش جهان.

٩-پین، مایکل (١٣٨٩ش) فرهنگ اندیشە انتقادی از روشنگری تا پسامدرنیتە، ترجمە: پیام یزدانجو، چاپ سوم، تهران، نشر مرکز.

١٠-ا،ک گراهام (١٣٨٢ش) هستی در زبان شناسی و فلسفە، ترجمە: محمد سعید حنایی کاشانی، The Journals of M.S. Hanaee Kashani.

١١-سامع+ صافیان، سیدجمال+محمد جواد(١٣٩٥ش) واکاوی جایگاە زبان در افق هستی شناسی تودستی هایدگر، مجلە پژوهش های فلسفی سال ١٠، شمارە ١٩، پاییز و زمستان ١٣٩٥.

١٢-محاضرة د، فتحي التریکي، الهویة و علاقتها بالدمقراطیة و التعددیة ، موسسة جومان، یوتیوب.

١٣-محاصرة د. محمد یونس علي، فلسفة اللغة عند فتغنشتاین، یوتیوب.  



ئاوەز ژۆرناڵ بڵاوكراوەیەكی گشتییە بە زمانی كوردی دەردەچێت، بنکەکەی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقە. ئارەزووی ڕووماڵکردنی سیاسی، ئابووری، ڕۆشنبیری، مێژوو و بابەت و ڕووداوەکانی دیکەی هەیە، دامەزراوەی كوردستان كرۆنیكڵ دەریدەكات .
+964(0) 750 928 83 85

Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved


X