22/12/2024
پێویستیی دەوڵەت بۆ مانەوە و لەناونەچوونی نەتەوە و زمان

پوختە

ئەم توێژینەوە بەشێکە لە پڕۆژەی نووسینی کتێبێک لەسەر ئەگەرەکانی لەناوچوونی نەتەوە و زمان لە غیابی دەوڵەت یان دامەزراوەی دەوڵەتئاسادا. لێرە کەیسی کورد وەک نموونە وەرگیراوە و شیکارییەکی مێژوویی بۆ دۆخی کورد لەنێوان مانەوە و لەناوچووندا کراوە. بونیاتگەرایی (constructivism) وەک چوارچێوەیەکی تیۆری کەڵکی لێ وەرگیراوە بۆ شیکردنەوە و ڕوونکردنەوەی ڕۆڵی خێزان وەک دامەزراوەیەک لە مانەوەی کولتوور و زمانی کوردیدا بە بەراورد لەگەڵ ڕۆڵی دەوڵەت لە لەناوبردنی زمان و کولتوور و ناسنامە لە دەوڵەت-نەتەوەدا. بەدواداچوون بۆ ڕۆڵ و کاریگەریی دامودەزگە و دامەزراوەکانی دەوڵەت-نەتەوە دەکات (وەک: خوێندن و فێرکردن و پەروەردەی گشتی، هەروەها زمانی فەرمی و زمانی زانست و مەعریفە و بازاڕ و کار) لەسەر مانەوە و گەشەی نەتەوە بێدەوڵەتەکان. توێژینەوەکە تیشک دەخاتە سەر هۆکارە سەرەکییەکانی پشت مانەوەی کورد لە هەزار ساڵی ڕابردوودا بەگشتی و سەردەمی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و سەفەوی بەتایبەتی. پاشان دۆخی کورد لە سەردەمی هەردوو ئیمپراتۆرییەتەکەدا بەراورد دەکات لەگەڵ بارودۆخیان لەژێر دەسەڵاتی چوار دەوڵەت-نەتەوە لە سەد ساڵی ڕابردوودا. بۆچی کورد لەژێر سایەی ئیمپراتۆرییەتەکاندا ماوە و بۆچی ئەگەری لەناوچوونی هەیە لەبن دەستی دەوڵەت نەتەوەکاندا پرسیارە سەرەکییەکانی ئەم توێژینەوەن. لە کۆتایی، توێژینەوەکە پێداگری لەوە دەکات کە کورد وەک نەتەوە مەحکوومە بە لەناوچوون ئەگەر هەلومەرجی ناو ئەو چوار دەوڵەت-نەتەوەیەی کە ئێستا کورد تێیاندا دەژیت گۆڕانکاری ڕادیکالانەی بەسەردا نەیەت. هۆکاری ئەمەش، دەگەڕێتەوە بۆئەوەی کە بۆ مانەوەی نەتەوە دەوڵەتێک یان دامەزراوەی هاوشێوەی دەوڵەت زەروورە

پێشەکی

لە جیھاندا نزیکە ٧٦٠٠ زمان ھەن، نیوەیان مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەرە (Jones 2024). ئەم داتایە بە ئیزافەی ئەو تێگەیشتنە کە زمانەکان و نەتەوەکان لە پرۆسەیەکی مێژوویی-سیاسیی-کۆمەڵایەتیی لە دایک بوونەوە، بۆیە ئەگەری زۆرە کە لە پرۆسەیەکی هاوشێوە لەناویش بچن. زمان و نەتەوە ئەزەلی نین، چۆن پەیدابوون ئاواش ئەگەری بزربوونیان هەیە. لەو پەیوەندەدا، ڕۆژانە هەواڵی ئەوە دەبیستین کە بەشێکی زۆر لە کوردی باکوور (لە تورکیا) بە کوردی قسە ناکەن یان هەر کوردی نازانن. لە ڕاپرسییەکی ڕاوێست (Rawest)، کە ناوەندێکی توێژینەوەیە لە ئامەد، دەرکەوتووە کە تەنیا ١٨٪ ی گەنجانی کورد (تەمەن ١٨-٣٠ ساڵ) لە باکوور دەتوانن بە کوردی قسە بکەن و بخوێنەوە و بنووسن (Dri 2020). لە توێژینەوەیەکی دیکەدا لە شارەکانی باکووری کوردستان و هەندێک گەورەشاری تورکیا دەرکەوتووە کە نزیکە ٦٠٪ ی کورد لە ماڵەکانی خۆیان بە کوردی نادوێن بەڵکوو تورکی بەکاردێنن (ئیسماعیل ٢٠٢٤). تەنانەت قسە لەوە دەکرێت کە گەریلا و کادیرانی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) لە قەندیل بە تورکی گفتوگۆ دەکەن. هاوکات، ئەوەشمان گوێ لێ دەبێت کە زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵات (لە ئێران) پڕ بووە لە وشەی فارسی و زمانەکەیان خەریکە خەسڵەتەکانی خۆی لە دەست دەدات. ئەم وێنەیە ئەگەر بۆ کوردی ڕۆژاڤا ڕاستتر نەبێت ئەوە دوور نییە لە ڕاستیی. کورد لە باشوور شانسی باشتر بووە، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆئەوەی کە زمانی کوردی هەر لە دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە لە ١٩٢١ دانی پێ نراوە و کەم تا زۆر تا ١٩٩١ لە عێراق خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی بە کوردی بووە، ئەوە ئەگەر لە هەموو باشووری کوردستانیش نەبووبێت. هەر چۆنێک بێت، لە ١٩٩١ ەوەش لە باشوور بە دامەزراندنی حکوومەت و پەرلەمانی نیمچە-سەربەخۆ و لە ٢٠١٣ ەوە لە ڕۆژاڤای کوردستان بە بوونی دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆسەری دەوڵەتئاسا، زمان و کولتوور و ناسنامەی کوردی لەو دوو بەشی کوردستان دا گەشەی بەخۆیەوە بینیوە

کورد وەک نەتەوە ژمارەیان لە ٤٠-٥٠ ملیۆن کەس دەبێت، قسەکەر بە زمانی کوردیش لەو ژمارەیە نزیکە. ئەوە پێمان دەڵێت کە ئەگەرەکانی نەمان و لەناوچوونی کورد/کوردی وەک نەتەوە/زمان لەم ساتە وەختەدا لە ئارادا نییە. بەڵام وەک باوە توێژینەوە بەگشتی بە سێ شێواز و مەبەست ئەنجام دەدرێت: یەکەم، توێژینەوەی وەسفی (descriptive)، کە وەسفی دۆخێک یان دیاردەیەک دەکات. دووەم، توێژینەوەی ڕوونکردنەوەیی (explanatory)، کە لە هۆکارەکانی پشت دۆخێک یان دیاردەیەک دەگەڕێت. سێیەم، توێژینەوەی پێشبینیکەر (predictive)، کە هەوڵ دەدات لە ئەنجامی خوێندنەوەی دۆخێک، دیاردەیەک یان پێشهاتێک پێشبینی دەرکەوتەیەک یان ئەنجامێک بکات. ئەم توێژینەوەیە سەرەڕای ئەوەی کە هەرسێ شێوازەکەی توێژینەوە کەم تا زۆر لەخۆ دەگرێت زیاتر هەوڵی خستنەڕووی پێشبینییەک دەدات کە لەناوچوونی نەتەوەی کوردە، ئەویش بە لەناوچوونی کۆڵەگە سەرەکییەکانی نەتەوە وەک ناسنامە، زمان، کولتوور، دابونەریت، ئەوە ئەگەر باردۆخەکەی گۆڕانکاری بنەڕەتی بەسەردا نەیەت. بەمانایەکی دیکە، ئەوە ئەگەر کورد بە بندەستی بمێنێتەوە لەو وڵاتانەی کە دابەش کراوە بەسەریاندا و مەحرووم بکرێت لە بەدەوڵەتبوون، یان لانیکەم دەستی بە دامەزراوە دەوڵەتئاساکان ڕانەگات، بەتایبەتی لە تورکیا و ئێران، کە کورد تێیاندا خاوەنی هیچ دەزگە و دامەزراوەیەکی نەتەوەسازی و نیشتیمانسازی نییە.

بۆ پشتڕاستکردنەوەی دەربڕین و ئارگیومێنتەکان، توێژینەوەکە ئەم پرسیارانە دەورووژێنێت: یەکەم، کورد وەک نەتەوە، چۆن سەدان ساڵە ماوە و ئێستا ئەگەرەکانی لەناوچوونی هاتۆتە پێش؟ دووەم، ئایا دەوڵەت-نەتەوە، یان لانیکەم کیانێکی سیاسی دەوڵەتئاسا، تاکە زامنی مانەوەی زمان و نەتەوەیە؟ داخۆ نەتەوە بێ کیانی سیاسی دەتوانێت بەردەوام بێت؟ ئەگەر ناتوانێت بۆ و چۆن؟ بە واتایەکی دیکە، بۆ نەتەوەی بێدەوڵەت ئەگەری لەناوچوونی هەیە؟ هەوڵیش دەدات گفتوگۆی پرسیارەکان بکات و وەڵامیان بداتەوە. بۆ وەڵامی پرسیاری یەکەم، بەراوردێک لە دۆخ و ژینگەی کورد لەژێر سایەی ئیمپراتۆرییەتە بێگانەکان (عوسمانییەکان و سەفەوییەکان) بە بوونی ژمارەیەک میرنشینی سەربەخۆ لەگەڵ دۆخی بندەستی لەژێر ڕکێفی چوار دەوڵەت-نەتەوە (تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا) دا دەکات.

زەبەلاحیی دەوڵەت، چوارچێوەی تیۆری و ناساندنی چەمکەکان

بۆ ئەوەی بزانین لەناوچوونی نەتەوە بە چییەوە بەندە سەرەتا دەبێت پێناسەی نەتەوە بکەین. ئەوە زانراوە کە پێناسەی جیاجیا و لە دید و تێگەیشتنی جیاوازەوە نەتەوە ناسێنراوە. بەڵام ئێمە بۆ پێناسەی نەتەوە ئەو پێناسانە بە چاک دەزانین کە بنەماکانی/کۆڵەگەکانی نەتەوە دیاری دەکەن، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە پەیوەند بە ئارگیومێنتی سەرەکی ئەم بابەتە کە پێشنیار دەکات "نەتەوە لە بێدەوڵەتیدا ئەگەرەکانی پووکانەوە و لەناوچوونی دێتەگۆڕێ" گرنگە کە بنەما و کۆڵەگەکانی نەتەوە دیاری بکەین، چونکە ئێمە پێمان وایە کە تەنیا دەوڵەت یان کیانێکی/بوونێکی دەوڵەتئاسا دەتوانێت بنەماکان و ئەستونەکانی نەتەوە بپارێزێت، بەرزڕاگرێت و لە لەناوچوونی ڕزگاریان بکات.

بۆ ئەم مەبەستە لێرە "نەتەوە" وەک گرووپێک پێناسە کراوە کە بە ئاگایی ‌و ئیرادەی خۆیان کۆمەڵگەیەکیان پێکهێناوە، کۆمەڵگەکەش خاوەنی ناسنامە و کۆیاد و کولتوور (زمان، دابونەریت، کەلەپوور) و مێژوو و ڕەچەڵەک و خاکێکی هاوبەشن. هاوکات، هەستی هاوپشتیوانی بەیەکەوەیان گرێ دەدا و پڕۆژەیەکی هاوبەشیشیان هەیە بۆ دواڕۆژ و بانگەشەی مافی خۆبەڕێوەبردن دەکەن. مافی خۆبەڕێوەبردنیش دەکرێت لە چوارچێوەکانی سەربەخۆیی، کۆنفیدرالی، فیدرالی یان ئۆتۆنۆمی بەدەست بێنێت (Guibernau 2004: 132). لێرەدا دەبێت ئەو جیاوازییە دیاری بکەین کە لەنێوان "نەتەوە" و "دەوڵەت-نەتەوە"دا هەیە. هاووڵاتییانی "دەوڵەت-نەتەوە" بەگشتی نیشتەجێی هەمان وڵاتن ‌و مافی یەکسانیان هەیە و ئامێزانی چەندین پەیوەندیی شاقووڵیی ئابوورین. "نەتەوە" هەموو کارەکتەر و خەسڵەتەکانی "دەوڵەت-نەتەوە"ی تێدایە بێجگە لە مافی هاووڵاتییبوون بە یەکسانانە لەگەڵ پەیوەندییە ئابوورییە شاقووڵییەکە. بە شێوازێکی دیکە، ئەوەی نەتەوە لە دەوڵەت-نەتەوە جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە نەتەوە کیانێکی کۆمەڵایەتییە بەڵام دەوڵەت-نەتەوە کیانێکی هەم کۆمەڵایەتییە، هەم یاسایی.

هەندێک گرووپ هەن کە نیشتەجێی وڵاتێکی دوای-کۆڵۆنیاڵن (وەک عێراق و سووریا) یان دەوڵەت-نەتەوەیەکن (وەک تورکیا و ئێران) کەچی بەخۆیان دەڵێن "نەتەوە" یان گەشەیان کردووە بۆ "نەتەوە". ئەم گرووپانە وەک نەتەوەی-بێ-دەوڵەت (nation-without-state) ناسراون. نەتەوە-بێ-دەوڵەتەکان گرووپی وابەستەن بە خاك (territorial community) کە خاوەن ناسنامەی نەتەوەیی خۆیانن ‌و ئارەزووی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان هەیە، بەڵام کەوتونەتە نێو سنووری وڵاتێک، یان چەند وڵاتێک، کە بەگشتی خۆیان بە دەوڵەتەکە ناناسێنن (وەک: کوردەکان، کەتەلۆنەکان، تامیلەکان‌ و سکۆتلەندییەکان). 

ئەم بابەتە چوارچێوە و تێگەیشتنەکانی بنیاتگەراکان (constructivists) دەکات بە چاویلکەیەک بۆ شرۆڤە و گفتوگۆی دیدگایەک بۆ سەرهەڵدان/دروستبوونی نەتەوە، وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی-سیاسیی. لە ڕوانگەی بیناتگەراکان، هەموو دیاردە و مانا و بەها و ڕاستییەکان و ناڕاستییەکان، دیاردەگەلێکن، ماناگەلێکن، بەهاگەلێکن، ڕاستییگەلێکن کە لە پڕۆسەیەکی کۆمەڵایەتیی-سیاسیی-ئابووریی-مێژووییدا دروست بوون و هەر لە پڕۆسەیەکی هاوشێوەش لەوانەیە لەناو بچن. بەم پێیە، بنیاتگەراکان، کە لە پەیوەندی بە نەتەوە و ناسیونالیزم زیاتر وەک تازەگەراکان (modernists) ناسراون، پێیان وایە کە نەتەوەکان بەرهەمی ناسیۆنالیزمن، نەک بە پێچەوانەوە (Walicki 1998). ئەوە بەو مانایەیە کە نەتەوە شتێکی ڕاستەقینە و بابەتیی و پێویست نییە بەڵکوو "بنیاتنراو" و "دەستکرد" و "بەرهەمی" نوخبەی سیاسیی و ڕووناکبیرییە. ئێمە تەواو هاوڕای ئەو دیدە نین کە هەموو نەتەوەکان دروستکراوی دەوڵەتن، بەڵکوو لەوەدا هاوڕاین کە هەندێک نەتەوە (وەک ئەمریکی، ئوسترالی، کەنەدی) دروستکراون، بەڵام هەندێک نەتەوە هەن کە ڕەگی ئیتنیان هەیە (وەک، ئەڵمانی، فەرەنسی، کورد، کەتەلۆنی). هاوکات، ڕۆڵی نوخبەی سیاسی و ڕووناکبیریی بەهەند وەردەگرین لە گەشەپێدانی نەتەوە لە گرووپی ئیتنییەوە (وەک ئینگلیزی)، یان لە چەند گرووپێکی ئیتنییەوە (وەک فەرەنسی). ئێمە لە خوارەوە کە باس لە تیۆرییەکانی نەتەوە دەکەین ڕای خۆمان زیاتر ڕوون دەکەینەوە، بەڵام لێرە گرنگە ئەوە بدرکێنین کە ئەوەی ئێمە لە پەیوەندی بە بنیاتگەراییەوە پشتی پێ دەبەستین ئەوەیە کە لە دنیای مۆدێرن، لە سەدەی بیستەم و بیست و یەکەم، لە دنیایەک کە لەسەر بنەمای دەوڵەت-نەتەوە دامەزراوە، هیچ دامەزراوە و دەزگایەک لە دەوڵەت بەهێزتر نییە لە دروستکردنی ماناکان (تورکییبوون یانی چی و کوردبوون یانی چی؟)، پلەبەندکردنی بەهاکان (زمانی فارسی "فەرمیی و باڵایە" و کوردی زمانی "لۆکاڵ و خێڵ و عەشیرەتە")؛ لە بەفەرمیکردن و بەهێزکردنی هەندێک زمان (تورکی لە تورکیا) و لە پەراوێزخستن و یاساغکردنی هەندێک زمانی دیکە (کوردی لە تورکیا)؛ لە دروستکردنی مێژوو (بە هیتیی کردنی ڕەچەڵەکی تورک) و چەواشەکردنی مێژوو (ناساندنی کورد وەک "تورکە شاخاوییەکان")؛ لە برەودان بە کولتوور و کەلەپوورێک (عەرەبی-ئیسلامی لە عێراق و سووریا) و یاساغکردن و بنبڕکردنی کولتوور و کەلەپوورێکی دیکە (تەعریبکردنی کورد و کوردستان لە عێراق و سووریا). ئەمانە و سەدان نموونەی دیکە، هەموو پێمان دەڵێن کە بە بەراورد بە دامەزراوەکانی دیکە (بۆ نموونە، حیزب و کۆمەڵگەی مەدەنی) دەوڵەت بەهێزترین و کاریگەرترین دەزگا و دامەزراوەی دروستکەری مانا و بەها و ڕاستییەکانە. ئەو نموونەیە زۆر لایەنی ئەم ڕاستییە دەخاتە ڕوو، لە ١٩٨٧-١٩٨٨، حیزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی یەک تاکە حیزب بوو لە عێراق، لەبەرامبەردا لە باشووری کوردستان (کوردستان لە عێراق) هەشت حیزب بەرەی کوردستانیان پێک هێنابوو، کەچی حیزبی بەعس توانی شکست بە هەر هەشت حیزبی کوردستانی بهێنێت. ئەوەی کە ئەو هێز و توانایەی دابووە حیزبی بەعس ئەوە تەنیا تواناییەکانی بەعس نەبوو وەک حیزبێک بەڵکوو ئەوە دامەزراوەکانی دیکەی دەوڵەت بوون وەک: سوپا (هێزی زەمینی و دەریایی و ئاسمانی، ئیستیخباراتی عەسکەری، تەسنیعی عەسکەری)، پۆلیس بە هەموو لق و پۆپەکانی، ئەمنی عام و خاس، موخابەراتی ناوخۆ و دەرەوە، جەیشی شەعبی، ئەفواجی خەفیفە، لەگەڵ تەواوی وەزارەتەکانی دیکە (بۆ نموونە، پەروەردە و کار و نیشتەجێکردن)، کە توانایی بەعسیان سەد بارتەقای حیزبە کوردستانییەکان کردبوو، توانایی تەفروتووناکردنی ئەوانی فەراهەم کردبوو. 

بە دەربڕینێکی دیکە، ئەوەی تێگەیشتن و بەها و مانا و مێژوو و ناسنامەی مرۆڤەکان دروست دەکات، دەکرێت لەمانە کورت بکرێنەوە: دین؛ کولتوور؛ حکوومەت (جۆری سیستەمی حوکمڕانی و یاسا و دەستوور و پۆلیسی)؛ خوێندن و پەروەردە؛ زانست؛ میدیا و خێزانن. لەمانە، خێزانی لێ دەرچێت، کەم تا زۆر، دەوڵەت دەسەڵاتی بەسەر زۆربەی دامەزراوە و دەزگاکانی دیکە، کە لێرە ئاماژەیان پێ کرا، لە دروستکردنی ڕەفتار و هەڵسوکەوت و تێگەیشتن و ناسنامەی مرۆڤەکاندا هەیە و لە هەمووشیان کاریگەرترە. دەوڵەت تاکە دامەزراوەیە کە بتوانێت پڕۆسەگەلی ئاڵۆز وەک جینۆساید، زمانکوژی، کولتوورکوژی، تواندنەوە، ڕاگواستن، چۆڵکردن، بەعەرەبکردن، بەفارسکردن، بەتورککردن، ئەشکەنجە و زیندانیکردنی بەکۆمەڵ، ترس و تۆقاندن وەگەڕ بخات ‌و ڕێکبخات‌ و بەئەنجامی بگەیەنێت لەڕێگەی کەڵکوەرگرتن لە دامەزراوە فەرمی و نافەرمییەکانییەوە، لەڕێگەی تەجنیدی زۆرەملێی و لەشکر و پەروەردەی گشتیی‌ و وەیەککردنی زمان‌ و کولتوور، هتد‌.  

پرسیارێکی دیکەی گرنگ لەو پەیوەندەدا ئەوەیە کە نەتەوە چۆن دروست دەبێت؟ ئێمە دەزانین نەتەوە لە پڕۆسەیەکی کۆمەڵایەتی-سیاسیی-مێژوویی لەدایک دەبێت، بۆیە ئەگەری ئەوەی هەیە لە پڕۆسەیەکی پێچەوانە لەناوبچێت. ئەم پرسە بۆ ئێمە زۆر گرنگە، چونکە ئەگەر نەتەوە ڕێگری لە پرۆسەی دروستبوونی یان کاملبوونی بکرێت یان پڕۆسەی دروستبوونی پێچەوانە بکرێتەوە، ئەوە دەپووکێتەوە و ون دەبێت. لێرە مەبەست لە لەناوچوون مەرج نییە ئینقیراز (extinction) بێت، ونبوونی یەکجارەکی، بەڵكو نزمبوونەی پێگەی نەتەوەکە و زمانەکەیەتی بە ئاستێک کە بوون و نەبوونی وەک یەک وابێت. بۆیە زۆر گرنگە بزانین کە نەتەوە چۆن دروست دەبێت. دروستبوونی نەتەوە (nation formation) ئەو پڕۆسە کۆمەڵایەتیی-سیاسییەیە کە تێیدا خێڵ ‌و قەبیلەکان وردە وردە لە پڕۆسەیەکی مێژووییدا گەشە دەکەن بۆ گرووپی ئیتنیی (ethnic)، لەوێشەوە هەنگاو دەنێن بۆ ئەوەی ببن بە نەتەوە (nation)، ئەگەریش قەوارەیەکی سەربەخۆ لە هەرێمێک یان دەوڵەتێکدا پێکبێنن ئەوا دەگەن بە، یان دەبن بە، دەوڵەت-نەتەوە (nation-state). دیارە ئەم پڕۆسە و گۆڕانکارییانە لە خودوخۆڕاییەوە ڕوو نادەن بەڵکوو لەژێر کاریگەریی هەندێک هۆکاری مەوزووعی‌ ‌و هەندێکی زاتیی ڕوو دەدەن. هۆکارە مەوزووعییەکان، بەکورتی، بریتین لەو گەشە کۆمەڵایەتیی-سیاسییانەی لە میانی پڕۆسەی مۆدێرنەتە دێنە پێش. بۆ نموونە، پەیدابوونی چاپ‌ و چاپەمەنی‌ و قوتابخانە و خوێندنی بەکۆمەڵ (mass education)، سەرهەڵدانی میدیا و سەرهەڵدانی پیشەسازی (industrialization) لەگەڵ کۆچکردن‌ و بەشاربوون (urbanization)، واتە گەورەبوونی شارەکان (Anderson 1991: 18, 37-40; Gellner 1998: 32; 1994: 55-63; 1983: 5-7). هۆکارە زاتییەکانیش، دیسان بەکورتی، برییتین لە دەستێوەرەدان‌ و کاریگەریی نوخبەی سیاسیی‌ و ڕووناکبیریی گرووپە ئیتنییەکان لە زیندووکردنەوە و زیندوڕاگرتن‌ و دروستکردنی کولتوور و  کۆیاد ‌و دیاریکردنی چارەنووسی هاوبەش. بۆ نموونە، دانانی سەربەخۆیی‌ و ڕزگاریی نیشتیمانی وەک ئامانجێکی نەتەوەیی/نیشتیمانیی هاوبەش لەلایەن نوخبەوە. ئەویش لە ئەفراندنی سروود بۆ نەتەوە و نیشتیمان لەلایەن شاعیر (وەک: پیرەمێرد) و گۆرانیبێژان ‌(حەسەن زیرەک) و بەرزکردنەوەی ئاڵا و زیندوکردنەوە و زیندوڕاگرتنی یادە نەتەوەیی ‌و کولتوورییەکان.

ئێرنست گێلنەر، کە ناسراوترین تیۆریستە لەنێو تازەگەرەکان، پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە پڕۆسەی گەشەی پیشەسازی‌ و مۆدێرنیتە (modernization)، کە بەشاربوون‌ ‌و دروستبوونی سەدان شاری نوێی لێکەوتەوە، بوون بە مایەی لە ڕیشەهەڵکێشان ‌و سڕینەوەی دابونەریت‌ و ئینتیما سونەتییەکانی کۆمەڵگە کشتوکاڵییەکان‌ و تێکچوونی هاوسەنگییە کۆنەکەی نێوان شار و دێ. لە ئاکامی ئەم پێشهاتەدا، کولتووری شار جێگەی بنیات‌ و کولتووره‌ سونەتییەکان‌ و ئینتیما بۆ گوند و عەشیرەتی گرتەوە. ئەم گۆڕانکارییە فیزیکی‌ و کولتوورییانه‌ وایکرد کە هەستی ئینتیما لەڕێگەی هاوڵاتیبوونەوە گەشە بکات. گێلنەر پەروەرده‌ی بەکۆمەڵ بە پێشمەرجێک بۆ دروستبوونی نەتەوە دادەنێت. بێنیدیکت ئەندرسن پێیوایە ناسیونالیزم لە سەدەی نۆزدەدا بە تەواوی دەرکەوت‌ و ناسرا چونکە زمان بوو بە هۆکارێکی سەرەکیی یەکگرتنی کۆمەڵگە هاوزمانەکان، ئەویش لە ئاکامی بڵاوبوونەوەی خوێندەواری. لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی خوێنەرانی ڕۆژنامە و کتێب‌ و بڵاوکراوەکان، ئیدی خەڵکەکە وای لێهات ئاگاداری هەواڵ ‌و پێشهاتەکانی کەسانی دوور و نزیک بن. ئەو هەواڵ‌ و پێشهاتانەی کە خەڵک ڕۆژانە و حەفتانە بەرچاو و بەرگوێیان دەکەوت و سنوورە لۆکاڵییەکانی دەبڕی‌ و ببوون بە مایەی دروستبوونی هەست‌ و سۆز و ئینتیمایەک لەو دیوی سنوورەکانی کۆمەڵگە لۆکاڵییە بچووکەکان بۆ قەراغێک کە تخووبی وڵاتەکەی، نەتەوەکەی، زمانەکەی، نیشتیمانەکەی پێکدەهێنا، ئەمەش نەتەوە یان "دەوڵەت-نەتەوە"ی لێ کەوتەوە. هاوتای، گێلنەر و ئەندرسن، ئێریک هۆبزباوم، کە تازەگەرەکی مارکسییە، دەڵێت نەتەوە لەلایەن نوخبەوە، بە بەکارهێنانی کۆمەڵێک "دابونەریتی خوڵقێنراوەوە"، داهێنراوە. ئەم دابونەریتانەش لە سیمبول‌ و ئەفسانە نەتەوەییەکان‌ و مێژوویەکی داڕێژراوەوە هەڵهێنجراون (Hobsbawm 1994: 77). ئەو لەو باوەڕەدایە کە سیاسەتە مەرکەزییەکانی دەوڵەتەکان لە هەموو شتێک زیاتر لە پشت بڵاوبوونەوە و توندوتۆڵکردنی گرنگیی نەتەوەن. بەگوێرەی دیدی تازەگەرەکان، نەتەوە پێش مۆدێرنیتە بوونی نەبووە و، دەوڵەت ڕۆڵی کاریگەر لە دروستکردنی نەتەوەدا دەبینێت. ئەگەر ئەم دیدە وەک تێگەیشتنێک وەربگرین، ئەوە بۆ دروستبوونی نەتەوە دەوڵەت زەروورە، بە واتایەکی دیکە لە غیابی دەوڵەتدا نەتەوە دروست نابێت، ئەگەر دروستیش بووبێت، ئەوە لەوانەیە لەناو بچێت.

دیدێکی دیکە بۆ دروستبوونی نەتەوە لەلایەن ئانتنی سمیس و جۆن هەچینسن گەشەی پێدراوە و وەک ئیتنۆسیمبولیی (ethno-symbolic) ناسراوە. سمیس دەڵێت لەوە دەچێت نەتەوە دیاردەیەکی مۆدێرن بێت، بەڵام ڕەگوڕیشەکانی پێش-مۆدێرنیتەی لەناخی خۆیدا هەڵگرتووە و پێیەوە دیارە. بەواتایەکی دیکە، نەتەوەکان هەڵگری خەسڵەت‌ و توخمەکانی گرووپە ئیتنییەکانن، لەوانە: ڕەچەڵەکی هاوبەش، سیمبول ‌و ئەفسانە و یادەوەریی مێژوویی هاوبەش، لەگەڵ ناسنامەیەکی کولتووریی باڵکێش (Smith 2002: 8-9; 1999: 36-42; 1987: 154). ئەگەر زیاتر قووڵ بینەوە و ورد بینەوە، ئەوە پێکهاتە و خەسڵەت‌ و توخمە ئیتنییەکان لە زۆربەی نەتەوەکان (ئەڵمانی، فەرەنسی، تورکی، ڕووسی، کوردی) دەبینین، ئەو نەتەوانەی لێ دەرچێت کە لە پڕۆسەی نیشتەجێبوون و لەلایەن دەوڵەتەوە دروست کراون (وەک ئەمریکی، ئوسترالی، کەنەدی)، کە ڕەگێكی ئیتنی دیاریکراویان نییە، بەڵکوو نەتەوەگەلێکن کە لە نیشتەجێبوونی خەڵکانێکی سەر بە گرووپی ئیتنی جیاجیا لەلایەن دەوڵەتەوە دروست کراون. بەشداریی گرنگی هەچینسن لەم تێگەیشتنە قسەکردن‌ و ڕەخنەگرتنیەتی لە ڕۆڵی دەوڵەت لە دروستکردنی نەتەوە. ئەو بیرۆکەکان‌ و تێڕوانینەکانی گێلنەر و ئەندرسن‌ و هۆبزباوم لەمەڕ ڕۆڵی دەوڵەت‌ و دامودەزگاکانی لە دروستکردنی نەتەوەدا دەخاتە ژێر پرسیار و ڕەخنەیان لێ دەگرێت. هەچینسن پێی وایە نەتەوە و دەوڵەت پەیوەندییەکی لاوەکییان هەیە ‌و تواناییەکانی دەوڵەت بۆ ڕێکخستن و دروستکردنی نەتەوە سنووردارن‌ و بەرزی‌ و نزمی بەخۆیانەوە دەبینن (Hutchinson 2000: 654). ئەو بۆچوونەکانی خۆی بە دیاردەی سەرهەڵدانی ناسیونالیزمێک لەناو خودی دەوڵەتێک لەدژی ناسیونالیزمی دەوڵەت یان دەسەڵات، وەک ناسیونالیزمی سکۆتلاندی لەدژی دەوڵەتی بەریتانی یان ناسیونالیزمی کوردی لەدژی ئەو دەوڵەتانەی کە کوردیان تێدا دەژی، پشتڕاست دەکاتەوە

ئێمە هاوڕاین لەوەی کە ناسیونالیزم لە پەراوێز و لە کەنارەکانی ناسیونالیزمی دەوڵەت-نەتەوە دروست بوون و هەر دوو نموونەکە (سکۆتلاندی و کوردی) پشتڕاستی ئەو تێگەیشتنە دەکەنەوە، بەڵام ئەوەی ئێمە هاوڕای نین دوو شتە: یەکەم، ناسیونالیزم و نەتەوەی کەنار و پەراوێز لە درێژمەودا لە غیابی دامەزراوەکانی دەوڵەت (حکوومەت، پەرلەمان، سوپا، وەزارەتی پەروەردە، هتد) یان دامەزراوەی دەوڵەتئاسا (کیانێکی کۆنفیدراڵی، فیدرالی، ئۆتۆنۆمی) کە بتوانێت سیاسەتەکانی گەشە و پاراستن و بەرزڕاگرتنی ناسنامە و زمان و کولتوور و مێژوو و کەلەپوور و کۆیاد بەرجەستە بکات، ئەوا دەپووکێتەوە و ئەگەرەکانی لەناوچوونی دێتە گۆڕێ. دووەم، ئەوەی ناسنامە و زمان و کولتوور و دابونەریتی گرووپە ئیتنی و نەتەوەییەکان لە پەراوێز و کەناردا لە سەدان ساڵی ڕابردوودا پاراستبوو ئەوە خێزان و گوندە دوورەدەستەکان بوو. لە دنیای مۆدێرن و جیهانگیرییدا، خێزان لاوازترین دامەزراوەیە بۆ پاراستن و پارێزگارییکردن لە ناسنامە و زمان و کولتوور. ئەوەی ئەمڕۆ ناسنامە و کولتوور دروست دەکات و زمان زاڵ دەکات ئەوە دەوڵەت و دامودەزگاکانی دەوڵەتن لە باشترین حاڵدا، لە خراپترینیش ئەوە هێز و تواناییەکان و دامەزراوەکانی جیهانگیریین کە هەم ناسنامە، هەم زمان، هەمیش کولتوور دەسەپێنن، جا ئەوە ناسنامەیە کۆزمۆپۆلیتان بێت، زمانی ئینگلیزی یان چینی بێت، یان کولتووری ڕۆژئاوایی بێت.  

بەبنەما لەسەر ئەو گفتوگۆیانەی پێشووتر، هاوکات، هەندێک پێشنیار کە میراسلۆڤ هرۆچ (Hroch 1996: 79) خستوونەتییە ڕوو دەکرێت سێ پێشمەرج بۆ دروستبوونی نەتەوە دەستنیشان بکەین. یەکەم، کۆیادێکی هاوبەشی دیرۆکی، جا چ سەرکەوتن بێت چ شکست، چ ڕاستی بێت، چ ئەفسانە. بۆ نموونە، سەرکەوتنی کاوە بەسەر زووحاک بۆ کورد کە نەورۆز، جەژنی نەتەوەیی کوردی، لێ کەوتۆتەوە؛ سەرکەوتنە یەک لەدوای یەکەکانی عەرەبە-موسڵمانەکانی نیمچە دوورگەی عەرەب بەسەر بێزەنتییەکان‌ و ساسانییەکان ‌و دامەزراندنی دەوڵەتەکانی ئەمەوی ‌و عەباسی بۆ عەرەب، کە بە سەردەمی زێڕین لە مێژوویاندا لای عەرەبەکان ناوزەد دەکرێت؛ گرتن‌ و ڕاپێچکردنی جووەکان لەلایەن نەبوخوزنەسەر ‌و فڕێدانیان لەسەر کەنارەکانی زێی فورات لە بابل بۆ جووەکان، کە وەک کۆیادێکی تاڵ بۆ جووەکانە. 

دووەم، پەیوەندییە ‌کولتووریی ‌و زمانییەکان لەنێو ئەندامانی گرووپەکە گەیشتبێتە ئاستێک کە ببێتە مایەی دروستبوونی پەیوه‌ندییەکی کۆمەڵایەتی لەنێویاندا کە لە پەیوەندیی ئەندامانی گرووپەکە لەگەڵ کەسانی دەرەوەی گرووپەکەی خۆیاندا زۆر بەهێزتر بێت. بۆ نموونە، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوخۆی کوردەکان لە پەیوەندیی کوردەکان لەگەڵ گرووپە دراوسێکانییاندا (عەرەب‌، فارس‌ و تورک) بەهێزتربێت. بەڵام ئایا ئەوە لە غیابی دەوڵەتدا دەکرێت، داخۆ چۆن پەیوەندییەکی وا ڕێک دەخرێت کاتێک کە زمانی گرووپێکیان زمانی پەروەردە و خوێندن و نووسین بێت، زمانی بازاڕ و مەعریفە و زانست و ئەدەب بێت، زمانی فەرمی دەوڵەت و زمانی پەیوەندی بێت، وەک زمانی فارسی و تورکی لە ئێران و تورکیا. داخۆ ئەمە دەکرێت کاتێک زمانەکەی دیکە، کوردی بۆ نموونە، تەنیا لە ماڵەوە و لە چەند بازنەیەکی داخرا و بێکاریگەر بەکار بێت؟ 

سێیەم، جۆرێک لە یەکسانی لەنێو ئەندامانی کۆمەڵگە، کە لەڕێگەی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە ڕێکخرابێت، ئامادەیی هەبێت. ئەگەر خاڵی یەکەم‌ و دووەم پێشمەرجن بۆ دروستبوونی نەتەوە، ئەوە خاڵی سێیەم پێشمەرجێکە بۆ دەوڵەت-نەتەوە، چونکە تەنیا لە سایەی بوونی دەوڵەتدا دەکرێت باس لە یەکسانیی هاووڵاتییان بکرێت. ئەگەر گرووپێک دوو مەرجی یەکەمیانی تێدا نەبێت، ئەوا زۆر سەختە، ئەگەر نەڵێین مەحاڵە، کە وەک نەتەوە ناویان ببەین، ئەگەر هەر سێ مەرجەکەش ئامادەیی نەبێت، ئەوە بەهەمان شێوە ناکرێت وەک گرووپێک تەماشا بکرێن کە گەیشتبن، یان ببن، بە دەوڵەت-نەتەوە. پێشمەرجی سێیەمی هرۆچ پێمان دەڵێت هەر گرووپێک دەوڵەتی نەبێت، یان وەک ئێمە بانگەشەی بۆ دەکەین دامەزراوەی دەوڵەتئاسای وای نەبێت کە نەتوانێت ناسنامە و زمان و کولتوور و مێژووی بپارێزت، ئەندامانی کۆمەڵگەکەی لەڕێگەی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە ڕێک بخات و یەکسانیی لەنێوانیاندا بەرقەرار بکات، ئەوا ئەو کۆمەڵگەیە، گرووپە، ناتوانێت گەشە بکات بۆ نەتەوە لە باشترین حاڵەت و دەوڵەت-نەتەوە لە دواگەشەدا.

وەک لە سەرەتا ئاماژەی پێکرا ئەم بابەتە هەوڵ دەدات وەڵامی دوو پرسیاری سەرەکی بداتەوە، کورد بۆچی سەدان ساڵە ماوە و بۆ ئێستا ئەگەرەکانی لەناوچوونی هاتۆتە گۆڕێ. هاوکات، بۆ مانەوەی نەتەوە چ پێویستە، ئایا دەوڵەت، یان دامەزراوەی دەوڵەتئاسا، تاکە زامنی پاراستن و مانەوەی نەتەوەن. لە بڕگەکانی داهاتوودا هەوڵ دراوە وەڵامی ئەم دوو پرسیارە و پرس و پرسیارە پەیوەندارەکان گفتوگۆ بکرێن. 

ئێمپراتۆرییەت و دەوڵەت-نەتەوە، فرەیی بەرامبەر وەکیەکیی 

نزیک بە هەزار ساڵ پێش سەرهەڵدانی دەوڵەت-نەتەوە لە ناوچەکە و دابەشکردنی فەرمیانەی کوردستان، کورد و کوردستان ئەگەر ئازاد و سەربەخۆش بووبن، ئەگەر خاوەنی میرنشینی دەسەڵاتدار و فەرمانڕەواش بووبن، ئەوا بەگشتی، بەڕاستەوخۆ یان بەناڕاستەوخۆ، لەژێر دەسەڵاتی یەکێک لە ئیمپراتۆرییەتەکانی ناوچەکەدا بوون، جا ئەمەوی و عەباسییەکان بووبن یان عوسمانی و سەفەوییەکان/قاجارییەکان بووبن. بە سەدان ساڵ پێش ئەم قۆناغە، کورد وەک گرووپێکی ئیتنی، خەڵکانێک کە بە زمانی کوردی قسەیان کردبێت، بوونیان هەبووە و ڕۆڵیان لە مێژوودا کەم تا زۆر هەبووە. قسەی ئێمە لەم بابەتە لەسەر ڕۆڵ و پێگەی کورد نییە، بەڵکوو بوون و مانەوەیەتی. پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی کورد لانیکەم هەزار ساڵ دەبێت لەم ناوچەیە، بەگشتی ژێردەست بووە یان لە سێبەری گرووپێکی باڵادەستتر ژیاوە، کەچی بوون و زمانی هەبووە و ماوە، کەچی ئێستا ئەوە تەنیا ١٠٠ ساڵە لەژێر دەسەڵاتی چوار دەوڵەت-نەتەوەیە بەڵام، وەک ئێمە بانگەشەی بۆ دەکەین، بوونی زمانەکەی و خۆی کەوتۆتە مەترسی. بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، دەبێت بەرواردی نێوان سیستەمی حوکمڕانیی ئیمپراتۆرییەت و دەوڵەت-نەتەوە بکەین؛ لەو بەراوردکارییەدا نیشان بدەین کە بۆچی و چۆن کورد وەک گرووپێکی ئیتنی، لە یەکەمیان توانایی گەشەپێدان و پاراستن و مانەوەی گرووپەکە و زمانەکەی هەبووە و لەوەی دووەمیان نییەتی.

یەکێک لە جیاوازییە هەر سەرەکییەکانی نێوان ئیمپراتۆرییەت و دەوڵەت-نەتەوە بوونی فرەییە (pluralism) لە ئیمپراتۆرییەت لەبەرامبەر وەکیەکیی (standardization) لە دەوڵەت-نەتەوەدا. ئیمپراتۆرییەتەکان لەسەر بنەمای فرەیی دامەزراون، جا فرەیی دینی، نەتەوەیی، ئیتنی یان کولتووری بێت. لە سەدەکانی ناوەڕاست، لەسەردەمی عەباسییەکان، کورد چەندین میرنشینی بەهێزی هەبووە، ڕەوادی (٨٤٤-١٠٥٤)؛ شەدادی (٩٥١-١٠٥٤)؛ حەسنەوی (٩٤١-١٠١٥)؛ عەنازی (٩٩٠-١٠٥٤)؛ دۆستەکی/مەروانی (٩٨٣-١٠٥٤) و دەوڵەتی ئەیوبی (١١٧١-١٢٥٠). ئەوانەی کوردستان، دووانیان هەم باڵادەست بوونە، هەم ماوەیەکی زۆر فەرمانڕەوا بوون، حەسنەوی (لە دەڤەری کرماشان و سنە) لەگەڵ دۆستەکی لە دەوروبەری دیاربەکر، کە دراوی خۆیان هەبووە (تۆفیق ٢٠١١). لێرە کەمتر قسە لەسەر دۆخی میرنشینە کوردییەکانی سەردەمی عەباسییەکان دەکەین، بەڵکوو قسەی زیاتر لەسەر ئەوانەی قەڵەمڕەوی عوسمانییەکان دەکەین. 

لە سەدەی پازدە و شازدە، لە سەرزەمینە بەربڵاوەکەی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی کە ئاقارەکانی بۆ سەر سێ کیشوەر درێژ بووبووەوە، کورد، عەرەب، ئەرمەنی، یۆنانی، بولگاری، سێربی، ڕۆمانی وەک گرووپی ئیتنی بوونیان هەبوو. لە قۆناغی جیاجیادا، عوسمانییەکان بەشێوازی جیاواز مامەڵەیان لەگەڵ گرووپە ئیتنی و کۆمەڵگە دینییەکان دەکرد. لەسەرەتا لەبەر بچووکیی دەوڵەتەکەیان و لە کۆتاییشدا لەبەر بچووکبوونەوەی قەڵەمڕەوەییەکەیان و بە چاولێکەری ئەوروپییەکان بەرەو ناوەندێتی هەنگاویان نا، ئەگینا لە سەدەی پازدە تا سەرەتاکانی سەدەی نۆزدە لەبەر بەرفراوانی تخووبەکانیان دەسەڵاتێکی زۆریان بۆ جەمسەرەکانی دیکە شۆڕکردبۆوە، ئەمەش بوو بە مایەی دروستبوونی چەندین میرنشین، وەک میرنشینە کوردییەکان (بەدلیس، بادینان، سۆران، بابان، هەکاری، بۆتان). 

بێجگە لە پاراستنی دابونەریت و کولتوور لەژێر سێبەری ئەم میرنشینانە (بە میرنشینە کوردییەکانی قەڵەمڕەوی سەفەوییەکانیش، (وەک ئەردەلان [١١٦٩- ١٨٦٧] و زەندییەکان)، هەوڵێکی زۆریش دەدرا بۆ پێشخستنی زمان و وێژەی کوردی. بەگشتی، لە سێبەری عوسمانییەکان، مادام باج دەنێردرا و سەقامگیری پارێزراو بوو، عوسمانییەکان زۆر گوێیان بە کولتوور و دابونەریت و پراکتیزە جۆراوجۆرە ناوخۆییەکان نەدەدا. ئەم دید و هەڵوێستە بووە هۆی دروستبوونی مۆزایکێکی ئیداری و دارایی کە تێیدا قەڵەمڕەوەکەیان پڕ بوو لە فرەیی و ڕەنگی خۆڵەمێشی و سێبەری جیاواز. عوسمانییەکان زیاتر حەزیان لە کارایی بوو نەک وەکیەکیی، ئەم نەرمییە ئیدارییە بوو کە وای لەوان کرد بۆ ماوەیەکی زۆر حوکمڕانی بەسەر خاکی عەرەب و کورد و سیرب و یۆنانییەکان، هتد، بکەن (Cleveland 1994: 45). ئەمە کەم تا زۆر لەژێر دەسەڵاتی سەفەوییەکانیش بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاست بوو، چونکە دەسەڵاتی میرنشینی ئەردەڵان، بۆ نموونە، کە حەفت سەد ساڵی خایاند لە دەسەڵاتی میرنشینە کوردییەکانی قەڵەمڕەوی عوسمانییەکان زۆرتر نەبووبێت کەمتر نەبووە.

بەپێچەوانەی ئیمپراتۆرییەت، دەوڵەت-نەتەوە، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نەک هەر فرەیی و فرەڕەنگ نین، بەڵکوو لە سەد ساڵی ڕابردوودا، ئەو دەوڵەتانەی لەسەر خۆڵەمێشی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و قاجاری/سەفەوی دامەزراوان (وەک تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا) بەردەوام لە هەوڵی لەناوبردنی فرەیی و یەکڕەنگکردنی دەوڵەتەکانیاندا بوون. هەر چوار دەوڵەت، کە کوردستانیان دابەش کردووە، هەر زوو دروشمی یەک ئاڵا و یەک نەتەوە و یەک زمانیان بەئاشکرا، یان لەپشت پەردەوە، هەڵکردووە. 

لە ئێران و تورکیا، زمان و کولتووری کوردی، بۆ چەندین دەیە یاساغ بوون، کە کاریگەرییەکانی زۆر زەحمەتە ئاوەژوو بکرێنەوە، ئێستاش ئەگەر کوردی ڕێگەپێدراوە، ئەوە لە ئاستە فەرمییە-سیاسییەکەیدا نییە، بەڵکوو لە ئاستی خێزان و ئاستێکی ناوخۆیی زۆر سنووردار. لە تورکیا، ئەوە سەد ساڵە، کوردکوژی، زمانکوژی، کولتوورکوژی، ژینگەکوژی، ناسنامەکوژی، شوێنەوارکوژی بەردەوامە. لە عێراق، هەر لە زووەوە کورد وەک نەتەوە و زمان کەم تا زۆر دانی پێدانراوە، بەڵام هاوکات و هاوتەریب، حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق لە هەوڵی پەراوێزخستنی کورد و زمانەکەیدا بوون. سیاسەتی تەعریبی کورد و کوردستان زۆر بەچڕی لە ١٩٦٣ ەوە جێبەجێ کراوە. لە حەفتاکان و هەشتاکان پڕۆسەی ڕاگواستن و چۆڵکردن و دەرپەڕاندن و قڕکردن گەیشتە ترۆپک؛ ئیدی کورد، نەک هەر زمان و کولتووری کەوتە مەترسی، بەڵکوو وەک نەتەوە بوونی کەوتە مەترسییەوە. لە ٢٠٠٥، عێراق، لەوکاتەی لە لێواری تەپیندا بوو، بەفەرمی زمانی کوردی و بەشێکی کوردستانی وەک هەرێمێکی فێدرالی ناساند. لەگەڵ زیندووبوونەوە و بەهێزبوونی لە ٢٠١٧ ەوە، لە هیچ هەوڵێک سڵی نەکردۆتەوە بۆ لاوازکردنی پێگەی کورد و هەرێمی کوردستان، بەڕادەیەک کە سیاسەتی تەعریب لە ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان تا ئێستا بەخەستی بەردەوامە. لە سووریا، هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە کورد پەراوێز خراوە، لە ١٩٦٣ ێشەوە، ئەو بەشەی کوردستان بەشێوەیەکی سیستەماتیکی تەعریب دەکرێت. دەوڵەتی سووریا خۆی بەپێی دەستوور خۆی وەک دەوڵەتێکی عەرەبی ناساندووە، ڕێک وەک ئەوەی کورد و کوردستان بوونیان نەبێت لەو وڵاتە. 

هاوکات، ئیمپراتۆرییەتەکان، بە عوسمانی و سەفەوییەوە، بەگشتی هێترۆجینیەس و فرەجەمسەرن (multipolarity)، ڕێک پێچەوانەی چوار دەوڵەت-نەتەوەکە کە لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ هۆمۆجینیەسکردنی وڵاتەکەیانن و فرەجەمسەری ڕەت دەکەنەوە و مۆنۆپۆلی دەسەڵات دەکەن.   

لەوانەش گرنگتر، ئیمپراتۆرییەت نەتەوەی ناوک (national core) ی نییە، بەڵام لە دەوڵەت-نەتەوەکان بەگشتی و بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نەتەوەیەک دەبێتە، دەکرێتە، یان بووەتە، نەتەوەی ناوک. بەواتایەکی دیکە، ئیمپراتۆرییەتەکان سیاسەتی لەناوبردن و قڕکردن و ئەسیمیلەکردنی ئەوانی دیکەیان لەناو یەک نەتەوەدا پەیڕەو نەدەکرد. بۆ نموونە، عوسمانییەکان و سەفەوییەکان/قاجارییەکان، پێش ئەوان، ئەمەوییەکان و عەباسییەکانیش، ئەگەر گرنگیشیان بە زمانێک لە زمانەکان دابێت بەڵام سیاسەتی قەدەغەکردنی زمان و سەپاندنی زمانێکی دیاریکراویان پەیڕەو نەدەکرد. عوسمانییەکان زمانی تورکی و سەفەویی و قاجارییەکان زمانی فارسییان لە دامودەزگا فەرمییەکانی خۆیان بەکاردەهێنا بەڵام سیاسەتی بەتورککردن و بەفارسکردن تا دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەی تورکیا و ئێران سەپێنراو نەبوو. بەپێچەوانەوە، هەر کە ئەو دوو دەوڵەت-نەتەوەیە لەسەر میراتی ئەو دوو ئیمپراتۆرییەتە دامەزران، ئیدی سیاسەتی بەتورککردن و بەفارسکردن بەڕادەیەک سەپێنران کە کورد لەسەر بەکارهێنانی زمانی زیندانی بکرێت. ئێران وەک تورکیا توند نەبوو لە سەپاندنی سیاسەتی یاساغکردنی زمانی کوردی، بەڵام دەکرێت ئەم جیاوازییە بۆ جیاوازی لە پراکتیزی سیاسەت لەنێوان ئەو دوو دەوڵەتە بگەڕێتەوە، تورکەکان زیاتر خوازیاری بەکارهێنانی هێزی ڕەقن، کەچی فارسەکان بە خشکەیی و بە بەکارهێنانی هێزی نەرم کوردیان لەبیر خەڵک دەبردەوە.

لە سووریا، کوردەکان نەک وەک نەتەوە و گرووپی ئیتنی و زمانی دانیان پێدانەنراوە بەڵکوو لە میوانێکی ڕەزاقورس وەک هیچ شتێکی دیکە حیسابیان بۆ نەکراوە. سیاسەتی کەمەربەندی ستراتیجی عەرەبی لە سەرەتای شەستەکانەوە جێبەجێ کراوە. بەپێی ئەم سیاسەتە سیستەماتیکییە، سنووری نێوان تورکیا و سووریا بە قووڵایی ١٥ کیلۆمەتر لە کورد خاڵی کرا، لە شوێنەکانی دیکەش حکوومەت دەستی کرد بە ‏دروستکردنی نیشینگەی (مستەوتەنەی) عەرەبی لە تەنیشت هەر گوندێکی کوردی (مەلازادە ٢٠٢٢: ٢٦٥-٢٦٦). لە عێراق، لە ١٩٦٣ وە تا کۆتایی هەشتاکانی سەدەی بیستەم، نزیکەی ٣٦ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە، واتە ٤٢% ‏ی باشووری کوردستان، بەشێوەیەک لە شێوەکان بەر سیاسەتەکانی تەعریب کەوتن. هاوکات، دەوڵەتی عێراق سەدان هەزار ‏کوردی فەیلی لە عێراق بە زۆرەملێ دەرپەڕاند بۆ ئێران. تا ١٩٨٧، حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق ١٩٢٨ گوندی کوردستانیان خاپوور کرد بە پاساو و بیانووی جیاجیا، لەنێوان ساڵانی ١٩٨٧ و ١٩٨٨ هەرچی گوندی دیکەی کە مابوو لەگەڵ زەوی تەخت کران (کرمانج ٢٠١٧: ٢٦٢-٢٩١)، بەمەش یەک گوند لە سەرتاسەری کوردستان نەمان.

ئەو نموونانەی کە ئاماژەیان پێکرا، لە ڕاستیدا، لەوەی دەرهەق بە کورد و کوردستان لە هەر چوار دەوڵەت-نەتەوەکە کراوە مشتێکە لە خەروارێک، چونکە لەم کورتە بەسەرکردنەوەیەدا تەنیا مەبەستمان ئەوەیە کە جیاوازی لەنێوان مامەڵە و ڕەفتار و کرداری ئیمپراتۆرییەتەکان لەگەڵ دەوڵەت-نەتەوەکان دەرخەین. ئێمپراتۆرییەتی عوسمانی و سەفەوی چەند خراپ بووبن بەرامبەر بە کورد، بەڵام سیاسەتی جینۆساید و زمانکوژی و کولتوورکوژی و ژینگەکوژییان پەیڕەو نەکردووە. یەکێک لە هۆکارەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە هەردوو ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و سەفەوی/قاجاری نەتەوەی ناوکیان نەبووە. لەبەرابەردا، نەتەوەی تورک، فارس یان عەرەب ئەستوونێکی سەرەکیی وڵاتانی تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا-یان پێکهێناوە. بەڕادەیەک کە دروشمی یەک نەتەوە و یەک زمان و یەک ئاڵا ئەگەر بە ئاشکراش دروشمی هەر چوار دەوڵەتەکە نەبوو بێت، ئەوە بە پراکتیز کار بۆ ئەم تێگەیشتن و دیدە کراوە، کە نەتەوەیەک وەک ناوک وەرگیراوە و کورد و کوردی پەراوێز و یاساغ کراوە.

وەک بەشێک لە بەناوککردنی نەتەوەکانی تورک و فارس و عەرەب لە چوار دەوڵەت-نەتەوەکە، کە لە ئیمپراتۆرییەتدا هاوتای نەبووە، تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا چوار دەوڵەتی توێنەر (assimilative) بوون، کەچی ئیمپراتۆرییەتەکانی ئەمەوی و عەباسی و عوسمانی و سەفەوی/قاجاری ناتوێنەر (non-assimilative) بوون. لەم نێوەدا و بۆ ئەم مەبەستە دەوڵەت-نەتەوە خوێندن و فێرکردن و پەروەردەی بەکۆمەڵ وەگەڕدەخا، هەم بۆ قووڵکردنەوەی سیاسەتی نەتەوەی ناوک، هەم بۆ توانەوەی ئەوانی دیکە، کورد بۆ نموونە، لە قازانجی نەتەوەی زاڵدا. لەڕێگەی خوێندن و فێرکردن و پەروەردەی بەکۆمەڵ، دەوڵەت-نەتەوە دەگاتە هەموو کونوقوژبنێکی وڵاتەکە، بەڕادەیەک وڵات و هەرێم و جوگرافیاکان چەندی سەخت و دوورەپەرێز بن بەڵام دەست و گوێچکە و زمان و سیاسەتی دەوڵەت-نەتەوە پێیان ڕادەگات و زمانی دایک و نەتەوە بێدەوڵەتەکان یاساغ دەکات، پەراوێز دەکات، لە فەزای گشتی دووریان دەخاتەوە.

لە ئیمپراتۆرییەتە ئیسلامییەکانی سەرەتای پەیدابوونی ئیسلام تا دەگاتە ڕووخانیان لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم، خوێندن و فێرکردن و پەروەردەی بەکۆمەڵ و فەرمی بوونی نەبوو. کەسانێک، نەک خەڵک، ئەگەر بە زمانێکی دیکەش (عەرەبی، فارسی یان تورکی) لە قوتابخانە دینییەکان (ئەوەی لەنێو کورد وەک حوجرە ناسراوە) خوێندنیشیان کردبێت، ئەوا، یەکەم، ژمارەیان هێندە کەم بووە هیچ کاریگەرییان لە زمانی گرووپە ئیتنییەکان نەبووە. دووەم، دەرچووانی حوجرەکان دواتر بوون بە مەلا لە شار و گوندەکان کە لەوێ بەگشتی لە مزگەوتەکان، تەنانەت ڕۆژانی جومعە لە خوتبەکانیش، هەر بە کوردی قسەیان کردووە. بە واتایەکی دیکە، زمانی فەرمی ئیمپراتۆرییەت هیچ ڕێگە و ڕێچکەیەکی نەبووە بگات بە خەڵک/عەوام. لەڕاستیدا، لە هەزار ساڵی پێش دروستبوونی دەوڵەت-نەتەوە لە ناوچەکە، کورد بەگشتی، مەلاکانی لێ دەرچێت، یان ئەو فەرمانبەرانەی لە بەغدا و تاران و ئەستەمبوڵ کاریان دەکرد، کەسی دیکە بێجگە لە کوردی زمانێکی دیکەی بەکارنەهێناوە، بەدەگمەن نەبێت. بەواتایەکی دیکە، کورد و کوردی، وەک گرووپێکی ئیتنی و زمان نەک هەر مەترسی لەناوچوونی لەسەر نەبوو، بگرە هیچ هەڕەشەیەکی توانەوە و ئەسیمیلەبوونی ڕووبەڕوو نەبۆتەوە، چونکە ئیمپراتۆرییەتەکان بەگشتی توێنەر نین بە بەراورد بە دەوڵەت-نەتەوە کە کۆڵەگەی لەسەر وەکیەککردن و سڕینەوەی فرەیی و جیاوازییەکان داناوە.

لەوانەیە گرنگترین جیاوازیی نێوان ئیمپراتۆرییەت و دەوڵەت-نەتەوە پەیوەندی بە ڕۆڵی خێزانەوە هەبێت وەک دامەزراوەیەک و ناوەندێک بۆ گەیاندن و گواستنەوە و دروستکردن و گۆڕینی زمان، دابونەریت و کولتوور و مێژوو و ناسنامە. لە سەردەمی ئیمپراتۆرییەتەکان، خێزان وەک یەکەیەک و دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی ڕۆڵی سەرەکی بینیوە لە فێرکردن و پەروەردەکردن و گەورەکردنی منداڵان و نەوەکانی دواڕۆژ، هاوکات، گەیاندن و گواستنەوە و دروستکردنی زمان، دابونەریت و کولتوور (بەهاکان و ماناکان و تێگەیشتنەکان و تێڕوانینەکان و ڕەوشتەکان). ئەوە بەو مانایە نییە کە دامەزراوەکانی ئیمپراتۆرییەت ئەو ڕۆڵەی بە فەرمی و ڕاستەخۆ بە خێزان سپاردبێت، بەڵکوو لاوازیی ناوەندێتی و سروشتی ئیمپراتۆرییەتەکان و نەبوونی خوێندن و فێرکردن و پەروەردەی بەکۆمەڵ ژینگەیەکی لەو شێوەیەی خولقاندبوو. لە بارودۆخێکی ئاوەهادا منداڵ ئەو زمانە فێر دەبێت کە دایوبابی قسەی پێدەکەن؛ هەڵگری دابونەریت و کولتوورێکیش دەبێت کە ماڵەوە و لە گوندەکەی پێیەوە ئاشنا دەبێت؛ ناسنامەکەشی ڕەنگدانەوەی کارەکتەرەکانی خێزان و گوند و دەوروبەرەکەی دەبێت. بەکورتی، کاتێک منداڵێک لە گوندێکی هەکاری، شارباژێر، عەفرین، یان مەریوان لە دایک دەبێت، بە زمانی دایکی، کە کوردییە، قسە دەکات؛ جلوبەرگ و دابونەریتەکانیش هاوشێوەی خەڵکی گوندەکەی و دەڤەرەکەی دەبێت؛ ناسنامەکەشی لە ئاستە بچووکەکەی سەر بە بنەماڵەیەکی دیاریکراو لە گوندێک و عەشیرەتێک لە دەڤەرێک دەبێت و لە ئاستە گەورەکەش هەڵگری ناوی گرووپێکی ئیتنی (وەک: کورد، عەرەب، تورک) یان دینیی (وەک: موسڵمان، کرستیان، جوو) دەبێت. کارتی باری کەسی و کارتی نیشتیمانی و پاسپۆرت لە بەشی هەرە زۆری ئیمپراتۆرەکاندا بوونیان هەر نەبوو تاوەکوو خەڵکیان پێ پێناس بکرێت یان بناسرێنەوە. 

بەپێچەوانەوە، ئەگەر لە سەرەتاش وا نەبووبێت، بەڵام لەگەڵ دامەزراندن و بەناوەندبوونی دەوڵەت-نەتەوە، ئەرک و ڕۆڵی خێزان ڕۆژبەڕۆژ لاوازتر و بێکاریگەرتر بۆتەوە، بەڕادەیەک لە بیست ساڵی ڕابردوودا، بەتایبەتی لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی تەکنۆلۆجی و ئینتەرنێت و مۆبایلی زیرەک و زیرەکیی دەستکرد، خێزان خەریکە کاریگەریی هەر نەمێنێت و دەوڵەت و دامەزراوەکانی دیکە، وەک میدیا و سۆشیالمیدیا ببنە جێگرەوەی خێزان لە پەروەردەکردن و دروستکردن و گۆڕینی منداڵ و گەنجان. وەک لە پەیوەند بە ئیمپراتۆرییەت ئاماژەی پێکرا، ئەم جێگۆڕکێیە لە ڕۆڵەکان هەندێک ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە سروشتی ناوەندگەرایی و حەز و تەماحی دەستوەردانە لە دەوڵەت-نەتەوەکاندا، بەڵام هەندێکیشیان مەرج نییە لە جەوهەری دەوڵەت-نەتەوەوە سەرچاوەیان گرتبێت، بەڵکوو زیاتر پەیوەندی بە پێشکەوتن و پێشهات و گۆڕانکارییە تەکنۆلۆجییەکانەوە هەیە.

لە پەیوەندی بە پرسی کورد، چوار دەوڵەت-نەتەوەکە هەر لەسەرەتای دامەزراندنییانەوە، لەڕێگەی خوێندن و فێرکردن پەروەردەی بەکۆمەڵ بەردەوام ڕۆڵی دەوڵەتیان بەهێز و خێزانیان بێهێز کردووە. هاوتەریب، زمان و فەرهەنگ و کولتوور و دابونەریت و مێژوو و یادەوری هاوبەش و ناسنامەی نەتەوەکانی تورک و فارس و عەرەب بەسەر منداڵانی کورد دا سەپێنراوە. ئەگەر لە باشوور و ڕۆژاڤای کوردستان لە چەند دەیەی ڕابردوودا بۆ کوردانی ئەو دوو بەشەی کوردستان هەلێک ڕەخسا بێت، ئەوا کاریگەریی دەوڵەت و ناسنامەی نەتەوەی داگیرکەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئێجگار زیاتر بووە. لە میانی دامەزراوە پەروەردەیی و سەربازیی و ئەمنیی و تەکنۆلۆجییەکان، کوردستانی پڕ شاخوداخ و دۆڵی سەخت و دژوار تەخت بووە، بە مانا مەجازییەکەی. بە واتایەکی دیکە، لەسەردەمی ئیمپراتۆرییەتەکان ئەگەر سەختیی ناوچە کوردستانییەکان لەمپەڕێک بووبێت لەپێش گەیشتنی زمان و کولتوور و ناسنامەی نەتەوەی باڵادەست، ئەوا لەژێر ڕکێفی دەوڵەت-نەتەوە، هیچ کونوقوژبنێکی کوردستان نەماوە کە دەزگا پەروەردەییەکان، ئەمنییەکان، یاساییەکان، تەکنۆلۆجییەکان، میدییاییەکان، هتد، دەستیان پێ ڕانەگەیشتبێت و کاریگەریی دراماتیکی و جەوهەری و یەکلاکەرەوەییان جێنەهێشتبێت. بۆ نموونە، لە سەد ساڵی ڕابردوودا لە دوورەدەستترین گوندەکانی شرناخ (تا ئێستا)، سەردەشت (تا ئێستا)، کانی ماسی (تا ١٩٩١) و کۆبانێ (تا ٢٠١٣) قوتابخانە کراوەتەوە و دەوڵەت لەڕێگەی پەروەردەی بەکۆمەڵ منداڵانی کورد، لە شەش ساڵی تا ١٨ ساڵی، نەک هەر فێری خوێندن و نووسین دەکات بە زمانێکی دیکە، بەڵکوو زمانی نەتەوەیەکی دیکەیان بەسەردا دەسەپێنرێت و زمانی دایکیان یاساغ دەکرێت و بە مێژوو و  کۆیادی تورک و فارس و عەرەبیش جۆش دەکرێن. لە دوای ١٨ ساڵیشەوە ڕاکێش دەکرێن بۆ خزمەتی سەربازی و لەوێ بە فەلسەفە و تێگەیشتنی نەتەوەی داگیرکەر پەروەردە دەکرێن و زۆرجار دەکرێن بە بەشێک لەو سوپایەی کە سەد ساڵە کوردستانی داگیرکردووە و خاکەکەی خاپوور دەکات. 

بۆیە دەکرێت بڵێین ئەگەر کورد وەک گرووپێکی ئیتنی، کوردی وەک زمان، لە هەزار ساڵی ڕابردوودا ماون، ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ سروشت و ژینگەی ئیمپراتۆرییەت، کە بەئاگایی بێت یان بێئاگایی، دنیایەکی ڕەخساندبوو کە ئەگەر فرەیی تێیدا گەشەش نەکات لەناونەچێت. پانتاییەک کە فارس و تورک و عەرەب، بەبەراورد بە کورد، ئەگەر باڵادەستریش بووبن بەڵام هەژموونگەرا نەبوون کە ببن بە نەتەوەی ناوک لە سەرتاسەری ئیمپراتۆرییەتەکە و سیاسەتێکی سیستەماتێک بوونی نەبوو بۆ تواندنەوەی کورد لە قازانجی ئەوانی دیکە. بە چەقبوونی خێزان و دووردەستیی ئەم دامەزراوەیە لە دەستوەردانی ئیمپراتۆرییەت ژینگەیەکی دروستکردبوو کە منداڵێک ئەگەر لە خێزانێکی کورد لە دایک ببێت، ئەوە بەو زمانە قسە دەکات و هەڵگری ئەو ناسنامەیش دەبێت. ئیمپراتۆرییەتەکان، وەک دەوڵەت-نەتەوەکان نەبوون کە سروشتێکی ئەختەبووتیان هەیە و دەستوەردان لە هەموو کونوکەلەبەرێک بکەن و پەروەردەی بەکۆمەڵ بسەپێنن، لەڕێگەی ئەویشەوە هەژموونگەرایی نەتەوەی ناوک (تورک، فارس یان عەرەب) بەسەر کورد دا دروست و زاڵ بکەن، هەژموونگەراییەکە بەڕادەیەک بێت کە پێگەی خێزان و ماڵ جێلەق بکەن و جێگۆڕکێ بە ڕۆڵەکەی بکەن لە پەروەردەکردن و گواستنەوەی زمان و کولتوور و ناسنامە. 

دەوڵەت و پاراستن و مانەوەی نەتەوە

پاراستنی زمان و کولتوور و مێژوو و  کۆیاد، کە وەک کۆڵەگە سەرەکییەکانی زمان لەسەرەتای ئەم بابەتە ناسێنران، ئێجگار گرنگن بۆ مانەوەی هەر نەتەوەیەک. لەم بڕگەیە گفتوگۆی پێویستییەکانی مانەوەی نەتەوە دەکەین؛ بە واتایەکی دیکە، بۆ پاراستن و مانەوەی نەتەوەی چی گرنگن و چی پێویستن. گرنگیی زیاتر بە زمان دەدرێت، چونکە لە کەیسی کورد دا لەوانەیە زمان گرنگترین بەهای نەتەوە بێت. کورد بە زمانەکەی لە هەموو شتەکانی دیکە زیاتر لە نەتەوەکانی دەوروبەری جیا دەکرێتەوە.

زمان توخمێکی سەرەکییە لە پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و کولتوور. لە هەندێک دۆخدا، بۆ نموونە کورد، ڕەنگە تاکە نیشانە بێت بۆ بوونی نەتەوە، یان گرووپێکی ئیتنیی ڕەسەن. وەک ڕۆدۆڵفۆ ستاڤينهەیگن، کۆمەڵناسی مەکسیکی، دەڵێت: گرووپەکان لەڕێگەی زمانەکانیانەوە، گوزارشت لە کولتووری خۆیان دەکەن و ناسنامەی کۆمەڵایەتی خۆیان دەردەخەن. زمانەکان پەیوەندییان بە پرۆسەی بیرکردنەوە و بە شێوازی تێگەیشتنی ئەندامانی گرووپە زمانییەکانەوە هەیە لە سروشت و گەردوون و دەوروبەر و کۆمەڵگە ((Stavenhagen 1996. گرنگیی زمان ڕەنگە لەژێر ڕۆشنایی تیۆرەکەی بێنێدیکت ئەندرسن بۆ دروستبوونی نەتەوە زیاتر دەرکەوێت کە بە "سەرمایەداریی چاپکراو" (print capitalism) ناسراوە. تێڕوانینەکەی ئەندرسن کە نەتەوە وەک کۆمەڵگەیەکی خەیاڵیی وێنا دەکات بنەمای لەسەر زمانێکی هاوبەش داناوە، کە لەڕێگەی چاپ (میدیا) دەبێت بە زمانی فەرمی و ستانداردی نەتەوە و زەمینەی هۆشیاری نەتەوەیی دێنێتە گۆڕێ و ئاسانکاریی بۆ دەکات (Anderson 1991: 39-49). 

هەر لەمەڕ گرنگیی زمان بۆ بەهێزکردن و بنیاتنانی ناسنامەی نەتەوەیی، کلێیەر گرامش، زمانناس لە زانکۆی کالیفۆرنیا، دبێژت "زمان بریتییە لە سیستەمێک لە ئاماژە کە لە خودی خۆیدا بەهای کولتووریی تێدایە، ئەو کەسانەی بە زمانێکی هاوبەش قسە دەکەن جیاوازی لەنێوان خۆیان و ئەوانی دیکە نیشان دەدەن، زمان وەکوو سیمبولی ناسنامەی خۆیان تەماشا دەکەن" (Kramsch 1998: 3). عەلالی ئەلفاسی، سەرکردەی ڕزگاریخوازی مەغریبییەکان، جەخت لەسەر ڕۆڵی زمان دەکات و دبێژت هیچ نەتەوەیەک لەسەر ڕووی زەوی ڕازی نییە زمانەکەی، کە جەوهەری بوونی خۆیەتی، ببێتە قوربانی و بە زمانێکی دیکە بئاخفێت، مەگەر لەڕێگەی هێز سەپێنرابێتە سەری. ئەو دەڵێت، مەعریفەیەک بە زمانی خۆت بەدەستی بهێنیت، ئەوا مەعریفەکە بەدەست دەهێنیت، خۆ ئەگەر بە زمانێکی دیکە بەدەستی بهێنیت، ئەوا مەعریفەکە تۆ بەدەست دێنێت (الفاسي ١٩٥٢: ٣٣٤). کانگاس و بیوجاک، لە پەیوەند بە پرسی کورد و زمانەکەی لە تورکیا، دەڵێن بۆ لەناوبردنی زمانێک، یان دەبێت هەموو ئەندامانی گرووپە زمانییەکە بکوژیت، یان دەبێت لەڕێگەی سیاسەت و بەرنامەی سیستەماتیک و فشاری جیاواز هەوڵی گۆڕینی زمانی دایکیان بدەیت (Kangas & Bucak 1994: 362). لەبەر ئەوەی، ئەوەی یەکەم زۆر سەختە، بەتایبەتی بۆ نەتەوەیەکی وەک کورد کە ژمارەکەی، بۆ نموونە، لە تورکیا دەیان ملیۆنە، بۆیە دەوڵەت تەبەنی بژاردەی دووەمی کردووە، کە دواجار هەر سڕینەوەی کوردی وەک نەتەوە لێ دەکەوێتەوە بەڵام لەڕێگەی هێزی نەرم زیاتر لە هێزی ڕەق. بەکورتی، هەر چوار دەوڵەت-نەتەوەکە بۆ لەناوبردنی کورد پێش هەموو شتێک زمانەکەیان یاساغ کردووە، زمانی نەتەوەی زاڵیان سەپاندووە، کولتووری کوردییان شێواندووە، مێژوویان ژێر خاک خستووە. هەموو ئەمانە بۆ لاوازکردن و دواجار گۆڕینی ناسنامەی کورد، ئەویش پێش هەموو شتێک لەڕێگەی لاوازکردن و لەناوبردنی ئەو زمانەی کە کورد جیاوازیی خۆی پێ دەسەلمێنێت.

پرسیاری گرنگ ئەوەیە، ئەگەر زمان هێندە گرنگ بێت بۆ دروستبوون و مانەوەی نەتەوە، ئەی بۆ مانەوەی زمان چ جۆرە دامەزراوەیەک و سیاسەتێک و ستراتیجێك و میکانیزمێک پێویستن. لەم بڕگەیە گفتوگۆی پێویستییە سەرەکییەکانی مانەوە و گەشەی زمان دەکەین. 

ئێمە پێمان وایە لە دنیای مۆدێرن، دنیای دەوڵەت-نەتەوە، هەر زمانێک زمانی خوێندن و فێرکردن و پەروەردە نەبێت؛ زمانی زانست و مەعریفە نەبێت؛ زمانی ئەدەب و هونەر نەبێت؛ زمانی کار و بازاڕ نەبێت، ئەوە ڕۆژ بە ڕۆژ بەکارهێنانی کەم دەبێتەوە؛ ساڵ بە ساڵ لەبیردەچێتەوە و دەپووکێتەوە، لە دوورمەوداش لەناودەچێت. 

لە دنیای مۆدێرن زمانەکان لە گەشەیەکی ئێجگار خێرا و فراواندان، خێزان ئەو یەکە و دامەزراوەیە نییە کە ئیستیعاب و ئیدارەی ئەو گەشەیە بکات، ئەوە دەوڵەت و دامەزراوەکانییەتی کە ئەو تواناییەیان تێدایە. ئەو گەشەیەی کە زمانەکان بەخۆیانەوە دەیبینن دەبێت سیستەماتیکانە لەڕێگەی پەروەردەی بەکۆمەڵ (وەک: قوتابخانە) و دامەزراوەی ئەکادیمی (وەک: کۆڕ و ئەکادیمیای زمان) و دەزگەی زانستی (زانکۆکان)، میدیای بەرپرس (وەک: تەلەفزیۆن و ڕادیۆی کەرتی گشتی) ئەندامانی نەتەوەی پێ ئاشنا و پابەند بکرێت. 

لە هەر دەوڵەتێک، ئەو زمانەی کە دەکرێت بە زمانی خوێندن و فێرکردن و پەروەردە لە هەموو ئاستەکان، هەر لە دایەنگە و باخچەی ساوایانەوە بگرە تا دەگاتە زانکۆ دەبێت بە زمانی زانست و مەعریفەش. منداڵان و گەورەساڵان، بگرە کۆمەڵگە بەگشتی، گرنگی بەو زمانە دەدەن کە زمانی خوێندن و پەروەردەیە (وەک: تورکی لە تورکیا و فارسی لە ئێران). زمانێک نەتوانێت کتێبەکانی پڕۆگرامەکانی خوێندنی لە قۆناغی سەرەتایی و ئامادەیی پێ بخوێنیتەوە؛ زمانێک (وەک کوردی لە تورکیا و ئێران) نەتوانێت لەمیانییەوە دەستت بە زانکۆ ڕابگات چ پێویست دەکات فێری بیت، ئەگەر فێریشی بیت هیچ گەشەیەک ناکات، چونکە وشە و زاراوە و چەمکە زانستی و فکری و فەلسەفییەکانی نە لە قۆناغی سەرەتایی و ئامادەیی، نە لە زانکۆ، ناخوێندرێت و ناگوترێتەوە. بە دەربڕێنێکی دیکە، کوردەکانی ئێران و تورکیا هیچ گرنگییەک لە فێربوونی زمانی دایکیان نابینن، چونکە کاتێک دەچن بۆ قوتابخانە و لەوێشەوە بۆ زانکۆ هیچ پێویستیان بەو زمانە نییە کە لە ماڵەوە لە دایکیان فێری بوون چونکە زمانی کوردی لەو دوو وڵاتە زمانی زانست و مەعریفە نییە. کێشەکە هەر ئەوە نییە کە بایەخ و بەهای زمانەکە کەم دەبێتەوە کاتێک زمانەکە زمانی خوێندن و فێربوون و پەروەردە نییە بەڵکوو لەوەش دایە کە زمانەکە گەشە ناکات، وشە و زاراوە و چەمکی نوێی بۆ دروست نابێت.

لەوانەش مەترسیدارتر ئەوەیە کە زمانێک زمانی بازاڕ و کار نەبێت، ڕێک وەک ئەوەی زمانی کوردی لە تورکیا و ئێران. لە ڕاستیدا، سەرەڕای بوونی دامەزراوەی نیمچە-دەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان لە عێراق لە ٣٣ ساڵی ڕابردوودا، کەچی لانیکەم لە ١٥ ساڵی ڕابردوو ڕۆژ بە ڕۆژ لە هەرێم خەریکە عەرەبی گرنگتر دەبێت لە کوردی. هۆکارەکانی ئەم دیاردەیە لە دەرەوەی چوارچێوەکانی ئەم بابەتەیە بەڵام بوونی عەرەبێکی زۆر لە هەرێمی کوردستان لە ئاکامی شەڕی ناوخۆی شیعە-سوننە (٢٠٠٣-٢٠١٠) و شەڕی داعش (٢٠١٤-٢٠١٧)، هاوکات، هەستی خۆ بەکەمزانی لە ئاکامی سەدان ساڵ لە داگیرکاریی و بوونی وەبەرهێنێکی زۆر و کۆنتڕۆڵکردنی هەندێک گەڕەک و بازاڕ وایان کردووە کە عەرەبی شان لە شانی کوردی بدات وەک زمانی بازاڕ و کار. هەر چۆنێک بێت، دواجار هەر زمانێک زمانی بازاڕ و کار نەبێت و هۆکارێک نەبێت بۆ پەیداکردن و دۆزینەوەی کار بایەخ و بەهایەکی ئابووری و بازرگانیی و دارایی نابێت و ئەندامانی کۆمەڵگە ئەگەر دووریش نەکەونەوە لە فێربوونی، ئەوە هەوڵی فێربوونی زمانێکی دیکە دەدەن، کە بۆ کورد بەگشتی تورکی، فارسی یان عەرەبییە.

زمانی کوردی، عێراقی لێ دەرچێت، چونکە دەیان ساڵە کوردی تا ڕادەیەک زمانی خوێندن و فێرکردن و پەروەردەیە، لە تورکیا و ئێران و سووریا نەبۆتە زمانی ئەدەب و هونەریش. بۆیە، دەبینین باشترین ڕۆماننووسە کوردەکان (وەک: یەشار کەمال، عەلی ‌ئەشرەف دەروێشیان و سەلیم بەرەکات) لەو سێ وڵاتە بە زمانی دایک نانووسن. هۆکارەکەی تەنیا بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە کە زمانی کوردی لەو وڵاتانە بەفەرمی نەناسراوە یان یاساغ کراوە، بەڵکوو هۆکاری سەرەکی پشت نووسین بە زمانێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، کە لە ژینگەیەک، زمانێک زمانی خوێندن و فێرکردن و پەروەردە و زانست و مەعریفە نەبێت، ئەوا ئەو زمانە ناتوانێت دەرەقەتی ئەوە بێت کە ڕۆمانی پێ بنووسرێت، مەگەر چیرۆکێکی فۆلکلۆری یان ڕۆمانێکی سەدەکانی ناوەڕاستی پێ بنووسرێت کە تەنیا زمانێکی ڕۆژانەی پێویست بێت. 

بێجگە لەوە، وەک تیۆری "بژاردەی عەقڵانی" (rational choice)، پێداگریی لەسەر دەکات، مرۆڤەکان ئەو شتە لە ژیانیان هەڵدەبژێرن کە قازانجی هەیە. لەژێر تیشکی ئەو تیۆرییە، نووسینێک کە نە خوێنەری هەبێت نە بازاڕ بۆچی بنووسرێت. لەبەر ئەوەی کوردانی تورکیا و ئێران و سووریا بەشی هەرە زۆریان بە کوردی نەیانخوێندووە و زمانەکەیان نەگەیشتۆتە ئاستێک کە بەسەر خوێندنەوەی ڕۆمان و شانۆدا بشکێت، بۆیە، ڕۆماننووسە کوردەکان لەو سێ وڵاتە توانایی نووسینی کوردیشیان هەبێت هەر بە زمانە فەرمییەکەی دەوڵەت، بەو زمانەی کە زمانی پەروەردەی فەرمی و بەکۆمەڵە، دەنووسن. وەک گوتم هەم لەبەر ئەوەی توانایی نووسینیان لەو زمانە بەرزترە هەم خوێنەریش بەو زمانە هەیە.

بەڵام ئەوە کێیە دەتوانێت کە وا لە زمان بکات ببێت بە زمانی فێرکردن و خوێندن و پەروەردەی گشتی و زانست و مەعریفە و بازاڕ و کار؟ بە دڵنیاییەوە، دەوڵەت (وەک: تورکیا و ئێران)، یان لانیکەم یەکەیەکی سیاسی، فیدراlی یان کۆنفێدراڵی (وەک: حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە عێراق؛ ئیدارەی خۆسەری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا). بەسێنتەرکردنی زمان لە دەسەڵاتی دەوڵەت و کردەیەکی دامەزراوەکانی دەوڵەتە، یان ئەوەی ئێمە ناومان نا دەوڵەتئاسا، ستاتۆیەکی فیدرالی یان کۆنفێدرالی. بەڵام نابێت ئەوە لەبیربکەین کە هەر یەکەیەکی سیاسی (فیدرالی یان کۆنفێدرالی) ئەگەر تاڕادەیەکی باش سەروەر نەبێت و سەربەخۆ نەبێت و لەڕووی ئابووری و دارایی پشتبەستوو بە خۆی نەبێت، ئەوە ناتوانێت ئەو زەمینە بەهێزە بڕەخسێنێت کە نەتەوە و زمانی کیانە فیدرالییەکە، کۆنفێدرالییەکە، نەکەوێتە ژێر هەڕەشەی نەتەوە و زمانە فەرمییە سەرەکییەکەی دەوڵەتەکە. بۆ نموونە، ویلایەتی کیوبێک لە کەنەدا، لەبەر بەهێزیی پێگەی ویلایەتەکە و ئەو میکانیزمە یاسایی و دەستووریانە کە خراونەتە بەر بۆ پاراستنی ویلایەت و نەتەوەی کیوبێک و زمانی فەرەنسی، ئەوا ئەگەری پارستنی نەتەوە و زمانەکەیان هەیە.      

لەپاڵ بە سێنتەرکردنی زمان بۆ مانەوەی نەتەوە، گرنگیی دەوڵەت، یان دەوڵەتئاسا، لە بە سێنتەرکردنی کولتوور و مێژوو و کۆیاد بایەخی خۆی هەیە. وەک لە بڕگەکانی پێشووتر ئاماژەی پێکرا، وەک زمان، کولتوور و مێژوو و کۆیاد بەها و ئەستوونی گرنگن بۆ کۆکردنەوەی نەتەوە لەسەر هاوبەشەکان، تاڵ یان شیرین بن. چوار دەوڵەتەکەی کە کوردستانیان دابەش کردووە، بەئاشکرا یان لە پشت پەردەوە، نەک هەر کولتوور و هونەر و مۆسیقای کوردی، پەراوێز و پشتگوێ دەخەن، بەڵکوو خۆیان بە خاوەنی، بەشێک یان تەواوی، کولتوور و مێژووی کورد کردووە. لە تورکیا، لە سەد ساڵی ڕابردوودا هەزاران میلۆدی و گۆرانی فۆلکلۆری کوردی بەتورکی کروان و تورک وەک خاوەنی ئەسڵی دەناسێنن یان وەک نەناسراو (anonymous) ناوزەدیان دەکەن، وەک ئەوەی فۆلکلۆری کوردی بێخاوەن بێت. 

وێنەیەکی دیکە لەوانەیە باشتر مەبەستەکە ڕوون بکاتەوە. هەر کەسێک تەماشایەکی مێژووی فەرمیی دەوڵەتی تورکیا، عێراق، ئێران یان سووریا بکات، بەتایبەتی ئەوەی لە کتێبەکانی مێژووی قوتابخانەکان دەخوێندرێن، ئەوە دەبینێت کە بە هیچ شێوەیەک هەست ناکات کورد لەو وڵاتانە بوونیان هەیە. لە تورکیا و ئێران، مێژووی کورد کراوە بە مێژووی تورکی یان ئێرانی؛ لە عێراق و سووریا کراوە بە مێژووی عەرەبی-ئیسلامیی. بۆ نموونە، لە هیچ کام لەم وڵاتانە سەلاحەدینی ئەیوبی وەک کورد نەناسێنراوە. لە عێراق وەک سەرکردەیەکی عەرەبی کە پارێزگاری لە خاک و نیشتیمانی عەرەب کردووە وێنا کراوە (وزارة التربیة ١٩٩٠: ١٩-٢٢). تا چەند ساڵێک پێش ئێستا، لە عێراق، تورکیا و سووریا، یادکردنەوەی نەورۆز قەدەغە بوو. مەبەست لەم قسانە، وەک ئەوانی پێشووتر ئەوەیە کە ئەوە دەوڵەتە، یان دەوڵەتئاسا، کە بڕیار دەدات چ مێژووییەک مێژووی تۆیە (سەلجوقییەکان یان ئەیوبییەکان) و کێ سەرکردەتە (ئەتاتورک یان شێخ سەعیدی پیران). لە غیابی دامودەزگا و دامەزراوەگەلی وا کە بتوانن مێژوو و کولتوور و کۆیاد دروست بکەن و بپارێزن و بسەپێنن، نەتەوە نە مێژوو، نە کولتوور، نە یادەورەیی هاوبەشی دەبێت، هەشی بێت ناتوانێت خاوەندارێتی لێ بکات. لە مێژووی نوێی تورکیا، کورد تەنیا و یەکجار وەک چەند "عەشیرەتێک لە ڕۆژهەڵاتی تورکیا"، نەک کوردستان، بوونیان هەبوو کە بەشداریان لە بزووتنەوەی ڕزگاری نیشتیمانیی تورکیا لە ١٩١٩-١٩٢٣ کرد، لەوە زیاتر هەر مێژوویەک بۆ تورکیا نووسرابێتەوە نەک ناوی کورد، بۆنی کوردیشی لێ نایەت.

بەسێنتەرکردنی ئابووری هاوشێوەی پێداویستییەکانی دیکە بۆ مانەوەی نەتەوە گرنگی خۆی هەیە. مەبەست لە بەسێنتەرکردنی ئابووی ئەوەیە کە گەشە و ئابووریی وڵات چۆن دەکرێت لە خزمەت نەتەوەیەک یان لە دژی نەتەوەیەک بێت لەناو هەمان وڵاتدا. بۆ نموونە، هەر چوار وڵاتەکە بەشێوەیەکی سیستەماتیک لەڕووی ئابوورییەوە کوردستانیان پشتگوێ خستووە. ئەمەش وای کردووە کە ‏گەشەیەکی ناهاوسەنگ (‏uneven development‏) لەنێوان ناوچە کوردییەکان‌ بەبەراورد بە ناوچەکانی نەتەوەی باڵادەست (تورک، فارس و عەرەب) بێتە ئاراوە. بێجگە لە بەدواکەوتوویی مانەوەی هەر چوار پارچەکەی کوردستان وەک ئاکامێکی ئەم سیاسەتە بەئانقەست و سیستەماتیکە، کۆچی بە کۆمەڵی کوردی لە ناوچەکانی خۆیان بۆ شارە گەورەکانی وەک تاران، تەورێز، بەغدا، ‏ئەستەمبوڵ، ئەزمیر، دیمەشق و حەلەبی لێکەوتۆتەوە کە پڕۆسەی توانەوەی ئاسانتر کردووە. ژمارەی ‏کورد لە ئەستەمبوڵ کە سەنتەرێکی ئابووری و پێشەسازیی تورکیایە نزیک بە سێ ملیۆنە کە بەشی هەرە زۆریان لە ئاکامی ‏بەئەنقەست پشتگوێخستنی باکووری کوردستان کۆچیان کردووە. لە عێراق، بەهەمانشێوە، تا هەشتاکان چاڵە گەورە دۆزراوەکانی ‏نەوت لە عێراق زۆربەیان لە باشووری کوردستان بوون کەچی لەو نۆ پاڵاوگە نەوتییەی کە تا ٢٠٠٣ لە عێراق دروستکرا بوون ‏تەنیا یەک دانەی لە کوردستان بوو. لەڕاستیدا، ئەو دانەیەش زیاتر بۆ تەعریبکردنی کەرکووک کەڵکی لێ وەردەگیرا لەلایەن حکوومەت. لە ‏ئێران، سیاسەتی ناگەشە (de-development) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کوردی کردووە بە دەستی کاری کاتیی و هەرزان لە شارە ناکوردییەکانی ئێران. بۆ نموونە، کوردێکی زۆر لە ئێران لە کوورەخانەکان کاردەکەن یان کۆڵبەری ‏دەکەن، کە هەم ژیانیان بەردەوام لە مەترسیدایە، هەم پێگەی ئابووری و کۆمەڵایەتییان نزم ڕادەگرێ.

بەکوردی و بەکورتی، بۆ مانەوەی نەتەوە و زمان، مەرجە کە یاسا و ستراتیج و میکانیزمی تۆکمە بسەپێنرێت و پەیڕەو بکرێت کە خۆی لە بەسێنتەرکردنی زمان، واتە زمانی نەتەوەکە بکرێت بە زمانی خوێندن و نووسین و فێرکردن و پەروەردەی گشتی و زانست و مەعریفە و بازاڕ و کار. بۆ ئەم ستراتیجییەتە گرنگە و ئامانجە مەزنە‏، دامودەزگا و دامەزراوەی حکوومی (بۆ جێبەجێکردن و سەپاندن)، پەرلەمانی (بۆ ڕێگەپێدان یاسادانان)، واتە دەوڵەت یان دەوڵەتئاسا، زەروورەتێکی حەیاتییە. لە غیابی ئەمانە نەتەوە و زمان ئەگەرەکانی پووکانەوەی دێتەگۆڕێ و لەناو دەچێت. 

بەرئەنجام

ئەم بابەتە تەرخان کرابوو بۆ وەڵامدانەوەی دوو پرسیاری سەرەکی. کورد وەک گرووپێکی ئیتنی سەدان ساڵ لەژێر سێبەری ئیمپراتۆرییەتەکان بوون و زمانەکەی لە دەست نەداوە، بۆ وەک گرووپێکی نەتەوەیی لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەت-نەتەوەدا ئەگەری ونبوون و نەمانی هەیە. سەرەتا، سروشت و دۆخ و ژینگەی ئیمپراتۆرییەت بەراورد کرا بە هی دەوڵەت-نەتەوە. لەژێر ڕووناکیی بەراوردکارییەکە بەو ئاکامە گەیشتین کە هۆکاری هەرە سەرەکیی مانەوەی کورد لەناو قەڵەمڕەوی ئیمپراتۆرییەتەکان (هەر لە ئەمەوی و عەباسییەکانەوە بگرە تا دەگاتە عوسمانی و سەفەوییەکان) بوونی فرەجەمسەریی و قەبووڵکردنی فرەیی بووە لە ئیمپراتۆرییەتەکان کە ژینگەیەک تێیاندا ڕەخسابوو کورد و زمانەکەی هەڕەشەی وجودییان لەسەر نەبووە. هاوکات، ڕۆڵی خێزان لە گەیاندن و گواستنەوەی زمان و کولتوور و ناسنامە لەنێو ئیمپراتۆرییەتەکان بەراورد کرا بە ڕۆڵی لەنێو دەوڵەت-نەتەوەدا. لەوێش بەو بەرئەنجامە گەیشتین کە خێزان یەکەیەک و دامەزراوەیەک بووە لەوەی یەکەم کە تاڕادەیەکی ئێجگار زۆر سەربەخۆییانە کاری کردووە و توانیویەتی زمان و کولتوور و ناسنامە بپارێزت، بەڵام لە دەوڵەت-نەتەوە ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕۆڵی خێزان بەرتەسک کراوەتەوە و دەوڵەت وەک دامەزراوەیەکی هەژموونگەرا بەسەر خوێندن و فێرکردن و پەروەردە پێگەی خێزانی لاواز کردووە و ڕۆڵی گەیاندن و فێرکردنی زمان و کولتوور و ناسنامەی تاڕادەیەک لێ ئەستاندووە. لەئاکامدا، بەو ئەنجامە گەیشتین کە ئەگەر خێزان پارێزەری زمان و کولتوور و ناسنامەی کورد بوو بێت لەنێو ئیمپراتۆرییەتەکان، ئەوە بەو هۆکارەی کە خێزان لاواز بووە و بەو هۆکارەش کە دامەزراوەکانی دەوڵەت نەک هەر پارێزەری زمان و کولتوور و ناسنامەی کورد نەبوون، بەڵکوو تەواوی توانایی خۆیان وەگەڕ خستووە بۆ هاڕین و لەناوبردنی، بۆیە ئەگەرەکانی پووکانەوەی زمانی کوردی، دواجاریش، لە دوورمەودا، لەناوچوونی کورد هاتۆتە گۆڕێ. 

ئەمانە و ئەو هۆکارانەی دیکە کە لە بابەتەکە گفتوگۆ کراون بوونەتە مایەی مانەوەی گرووپە ئیتنییەکان لەژێر سایەی ئیمپراتۆرییەتەکان و پووکانەوە لەژێر نیری دەوڵەت-نەتەوەکان. دامەزراوەکانی دەوڵەت-نەتەوە لەبەرئەوەی ئەختەبووتیانە دەست لە هەموو شتێک وەردەدەن و وەک ماشێنێک جیاوازییەکان، بەتایبەتی لە غیابی دیموکراسیدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەهاڕن و لەڕێگەی سیستەمی خوێندن و ناوەندگەرایی جیاوازییەکان دەکوژن. مەزەندە دەکرێت لە سەد ساڵی ڕابردوو لانیکەم دە ملیۆن کورد وەک بوون نا بەڵکوو وەک زمان و کولتوور و ناسنامە لەناو بردرابن، بەهێزی ڕەق و بە هێزی نەرم. دەوڵەت لە هەر شوێنێک بێت نەتەوەی زاڵ ‌و سەردەست‌، کولتووری زاڵ‌ و سەردەست، زمانی زاڵ ‌و سەردەستی دەبێت، دیموکراسی بێت یان دیکتاتۆری، بەخۆشی بێت یان بەزۆر، لە ماشێن ‌و دەستاڕی دەوڵەت جیاوازییەکان دەهاڕدرێن ‌و یەکبوون و ستاندارد دروست دەبێت. بۆیە کورد ئەگەر دەوڵەتی نەبێت، ئەمڕۆ نا سبەی لە ماشێنی دەوڵەتی نەتەوەی سەردەست دەهاڕدرێت.

شێرکۆ کرمانج

نووسەر و مامۆستای هاوبەش، زانکۆی کۆیە

 

سەرچاوەکان

تۆفیق، زرار سدیق. (٢٠٢٠). کورد و کوردستان لە ڕۆژگاری خیلافەی ئیسلامی. هەولێر: خانەی موکریان.

الفاسي، علال. (١٩٥٢). النقد الذاتي. القاهرة: المطبعة العالمیة.

کرمانج، شێرکۆ. (٢٠١٧). ناسنامەی عێراق، ململانێ نەتەوەیی و مەزهەبییەکان. سلێمانی: دەزگای سەردەم.

مەلازادە، ئیبراهیم سادق. (٢٠٢٢). "سەد ساڵ نکوڵیکردن وەک فۆڕمێکی جینۆساید، خەسڵەتەکانی کۆڵۆنیالیزم. بەشێک لە کتێبی: سەد ساڵ دوای سیڤەر، کورد لە کوێوە بۆ کوێ. سلێمانی: دەزگای جەمال عیرفان، پ.پ. ٢٢٥-٢٩٥.

وزارة التربیة (١٩٩٠) المطالعة التوجیهیة للصف السادس الادبی، بغداد: وزارة التربیة - الجمهوریة العراقیة.

ئیسماعیل، هەوار. (٢٠٢٤). "توێژینەوەیەک: لە تورکیا و باکووری کوردستان نزیکەی 60% ی خێزانی کورد لە ماڵەکانیان بە کوردی قسە ناکەن"، ڕووداو، لە < https://manage.rudaw.net/sorani/middleeast/turkey/14052024>.

Anderson, Benedict (1991). Imagined Communities: Reflections on the Origin and Spread of Nationalism, London: Verso.

Cleveland, William L. (1994) A History of Modern Middle East, Oxford: Westview Press.

Dri, Karwan Faidhi (2020) “Silencing of the Kurdish language in modern Turkey: who is to blame?”. Rudaw, at <https://www.rudaw.net/english/middleeast/turkey/210720201>. 

Gellner, Ernest. (1983). Nations and Nationalism, Oxford: Blackwell.

Gellner, Ernest. (1994) “Nationalism and Modernization,” in Nationalism, eds. J. Hutchinson and A. D. Smith, Oxford: Oxford University Press, pp. 55-63.

Gellner, Ernest. (1998) Nationalism, London: Phoenix. 

Guibernau, Montserrat (2004) “Anthony D. Smith on Nations and National Identity: a Critical Assessment,” Nations and Nationalism, vol. 10, no. 1-2, pp. 125-141.

Jones, Stephen (2024) “All the World’s Endangered Languages, by Country”. Visual Capitalist, at <https://rb.gy/6ba57g>.

Kramsch, Claire (1998). Language and Culture. Oxford: Oxford University Press.

Skutnabb-Kangas, Tove & Bucak, Sertaç (1994). “Killing a mother tongue, how the Kurds are deprived of linguistic human rights”. In Skutnabb-Kangas, Tove & Phillipson, Robert (Eds.), Linguistic Human Rights. Overcoming Linguistic Discrimination. Berlin: Mouton de Gruyter, pp. 347-370.

Smith, Anthony D. (1987) The Ethnic Origins of Nations, Oxford: Blackwell.

Smith, Anthony D. (1999) “The Nation: Real or Imagined,” in People, Nation and State: The Meaning of Ethnicity and Nationalism, eds. E Mortimer & R Fine, London: I.B. Tauris, pp. 36-42.

Smith, Anthony D. (2002) “When is a Nation?” Geopolitics, vol. 7, no. 2, pp. 5-32.

Stavenhagen, Rodolfo (1996). Ethnic Conflicts and the Nation-State. New York: Palgrave Macmillan.

Walicki, Andrzej. (1998) “Ernest Gellner and the ‘Constructivist’ Theory of Nation.” Harvard Ukrainian Studies, vol. 22, pp. 611–19.



ئاوەز ژۆرناڵ بڵاوكراوەیەكی گشتییە بە زمانی كوردی دەردەچێت، بنکەکەی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقە. ئارەزووی ڕووماڵکردنی سیاسی، ئابووری، ڕۆشنبیری، مێژوو و بابەت و ڕووداوەکانی دیکەی هەیە، دامەزراوەی كوردستان كرۆنیكڵ دەریدەكات .
+964(0) 750 928 83 85

Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved


X