22/12/2024
پێشەکی تەوەرە: زمان و ناسنامە، پەیوەندییەکی لێکتەنراو

لە جیهانی مۆدێرندا پەیوەندیی نێوان زمان (language) و ناسنامە (identity) پەیوەندییەکی لێکتەنراو و دینامیک و گرنگە. زمان چەمکێکە هاوکات هەم ڕەنگدانەوەی بیر و باوەڕ و نەریت و کرداری کۆمەڵایەتییە، هەمیش کاریگەرە لە بیچمگرتنیاندا. زمان ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە داڕشتنی ناسنامەی تاکەکەسی و بەکۆمەڵدا دەگێڕێت، چونکی چوارچێوەیەک بۆ تێگەیشتن لە خۆیان و پێگەیان لە کۆمەڵگەدا بۆ تاکەکان دابین دەکات. زمان نەک هەر پەیوەندیکردن ئاسان دەکات، بەڵکوو بۆی هەیە لەسەر شێوازی بیرکردنەوە و هەستکردنی تاکەکان بۆ جیهانی دەوروبەریان کارتێکەر بێت. دێترمینیزمی زمانەوانی (Linguistic Determinism)، تیۆرییەک کە گریمانە دەکات زمان بیرکردنەوە لە قاڵب دەدات، جەخت لەسەر کاریگەریی قووڵی زمان لەسەر پرۆسەی مەعریفی دەکاتەوە؛ بەم شێوەیە بەشدارییەکی بەرچاو لە پێکهاتنی ناسنامەدا دەکات. هەروەها نۆرم و پراکتیکە  زمانییەکان بۆ دیاریکردنی بەها و ئاکار و بنەماگەلی ئەخلاقی یارمەتیی تاکەکان دەدەن. بە وتەیەکی دیکە، زۆرجار کۆدە کولتوورییەکانی نێو زمان دەبنە بەشێکی دانەبڕاو لە ناسنامەی تاک. بۆ نموونە، ئەو کەسەی لەنێو پێکهاتەی زمانێکدا گەورە دەبێت کە جەختی زۆر لەسەر بەهاگەلی خێزانی دەکاتەوە، ڕەنگە ناسنامەیەکی خێزانیی بەهێزتری هەبێت. 

لەلایەکی دیکەوە، ناسنامە بنیاتێکی ئاڵۆزە کە هەستکردن بە خود و سەربەخۆیی و ناسینی شوێنی مرۆڤ لە جیهاندا لەخۆ دەگرێت. ناسنامە کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر زمان هەیە. ناسنامە هەمەچەشنەکانی ناو کۆمەڵگەیەک دەبنە هۆکاری دەوڵەمەندی و ئاڵۆزیی بارودۆخی زمانیی کۆمەڵگە. ناسنامە جیاوازەکان دیدگا و فۆڕمەکانی هونەری و نەریتە ناوازەکانیان دەهێننە ناو چوارچێوەیەکی زمانییەوە و، لە ئەنجامدا کۆمەڵگەیەکی زیندوو و دینامیک دروست دەبێت. بزووتنەوەگەلی مافە مەدەنییەکان، یان چالاکیی فێمینیستەکان نموونەی ئەوەن کە چۆن خەباتە ناسنامەییەکان پارادایم و نۆرمەکانی زمانییان داڕشتووەتەوە، کە دەبێتە هۆی شکڵگرتنی کۆمەڵگەیەکی گشتگیرتر و هەمەڕەنگتر و قبووڵکەرتر و لێبوردەتر.

بەگشتی، دەتوانین بڵێین پەیوەندیی نێوان زمان و ناسنامە لە کۆمەڵگەی هاوچەرخدا پەیوەندییەکی دینامیک و دوو ئاراستەیی و هاوژیانییە. تەوەرەی ژمارەی یەکەمی ژۆرناڵی ئاوەز [هەڵبەت بە ئاوڕدانەوە لە دۆخی کۆمەڵی کوردی] بەدواداچوون بۆ پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان زمان و ناسنامە دەکات و لەوە دەکۆڵێتەوە کە چۆن زمان کاریگەریی لەسەر دروستبوونی ناسنامە هەیە؛ لەبەرامبەردا، ناسنامە چۆن زمان لە چوارچێوەی جیهانی مۆدێرندا لە قاڵب دەدات و دایدەڕێژێتەوە.

 

ژۆڕناڵی ئاوەز



ئاوەز ژۆرناڵ بڵاوكراوەیەكی گشتییە بە زمانی كوردی دەردەچێت، بنکەکەی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقە. ئارەزووی ڕووماڵکردنی سیاسی، ئابووری، ڕۆشنبیری، مێژوو و بابەت و ڕووداوەکانی دیکەی هەیە، دامەزراوەی كوردستان كرۆنیكڵ دەریدەكات .
+964(0) 750 928 83 85

Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved


X