چیرۆكی یه‌كه‌ممان ده‌رباره‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی دووره. به‌نزیكه‌یی به‌ر له‌دوو ده‌یه له‌سه‌ركه‌وتنی شۆڕشه‌كه‌ی له چاینا له 1949، ما‌و زیدۆنگ ڕابه‌ری شۆڕشی كۆمیونیستی، له‌ساڵی 1930 بۆ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی مه‌یدانی له‌نادادپه‌روه‌ریی ژیانی چینه جیاوازه‌كانی گوندی شوونووه له باشووری وڵاته‌كه‌ی ماوه‌ی مانگێك ده‌مێنێته‌وه و دواتر له چوارچێوه‌ی كتێبێكدا له‌ژێر ناوی "راپۆرته‌كان له شوونووه"، ده‌رده‌چێت. ئه‌و له‌چیرۆكی خێزانێكی جووتیاری گونده‌كه تێده‌گات به‌های مۆڕاڵی سیاسی چه‌نده گرنگه بۆ گۆرینی سیسته‌م و ده‌سپێكردنی شۆڕشه‌كه. چیرۆكی ماڵه جووتیاره‌كه‌ی گوندی شوونووه به‌وه ده‌ست پێده‌كات، كه خێزانه‌كه به‌هۆی كرێ و باجی زۆری لۆرده‌كانی گونده‌كه له‌سه‌ر به‌روبووم و باجی حكومه‌ت، وایان لێده‌كات ئه‌وه‌ی ده‌ستییان ده‌كه‌وێت هیچیان بۆ خۆیان نه‌مێنێته‌وه و ناچارن بۆئەوەی له برسان نه‌مرن، قه‌رز به‌شێوه‌ی هه‌بوونی سوودی زیاده وه‌رگرن و له‌كۆتایشدا به‌هۆی نه‌توانینی دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كه له‌كاتی خۆیدا، زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كه‌یان هه‌رزانفرۆشی لۆرد و كاربه‌ده‌ستانی حكومه‌ت بكه‌ن و هێنده‌ی دیكه ڕۆچنه ناو هه‌ژارییه‌وه!
ما‌و زیدۆنگ له‌و گونده‌وه بۆی ئاشكرا بوو كه چۆن كاربه‌ده‌ستانی حكومه‌ت باجی زیاده و ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ لۆرد و ئاغا‌كان به زمانی ئێره، چ رێككه‌وتنێكی بازرگانییان له‌سه‌ر پشتی جووتیارانی مامناوه‌ند و هه‌ژار و كرێكارانی بێزه‌وی دروست كردووه بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی خۆیان و به هه‌ژارهێشتنه‌وه‌ی ئه‌وانی دیكه!
ئه‌وه‌ی جێی سه‌رسوڕمانیشه، دوای نزیكه‌یی 60 ساڵ تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر سه‌ركه‌وتنی شۆڕشه‌كه‌ی ما‌و زیدۆنگ بۆ گێڕانه‌وه‌ی دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی له چوارچێوه‌ی خستنه‌ژێر پرسیاری مۆراڵی سیاسیی حكومڕانییه‌كه‌ی ئه‌وكاتی چاینا، كاتێك له‌ساڵی 2012 كه‌ناڵی بی بی سی به‌ریتانی له‌باره‌ی دۆكیومێنتارییه‌ك له‌سه‌ر ژیانی ما‌و ده‌چێته‌وه گونده‌كه، ئه‌وه‌ی بینرا ئه‌وه بوو دووباره چینی هه‌ژار و جووتیارانی هاتنه خواره‌وه، ئه‌مجاره ئه‌ندامانی پارتی كۆمیونیست به‌هۆی حزبی بوونییانه‌وه بوونه‌ته خاوه‌نی هه‌موو مافێكی بازرگانی، نه‌ك سیسته‌مێكی یه‌كسان و دادپه‌روه‌ر بیبه‌خشێت.
ئه‌گه‌ر بچینه سه‌رچیرۆكی دووه‌م، ده‌مانبات بۆ ئه‌وبه‌ری ئۆقیانووسه‌كان، ئه‌و په‌ڕی ڕۆژئاوا، مۆدێلی كاپیتاڵیزم له بازاڕه‌كانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا. له‌ساڵی 1970 كاندا، كۆمپانیای نایك بۆ به‌رهه‌مهێنانی پێڵاوی وه‌رزشی داده‌مه‌زرێت و دواتر به‌هۆی به‌ده‌ستهێنانی متمانه و سه‌ركه‌وتنی بازاڕی له‌ناو یاریزانه به‌ناوبانگ و به‌هره‌داره‌كان و سوودوه‌رگرتن له كرانه‌وه‌ی دونیا به‌ڕووی سیسته‌می جیهانگیریدا، بووه یه‌كێك له‌كۆمپانیا زله‌كانی جیهان؛ ئه‌مه‌ش وایكرد چیتر كۆمپانیاكه به‌رهه‌مهێنان و دروستكردنی جۆری به‌رهه‌مه‌كانی له خاكی ئه‌مریكا نه‌كات.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌ساڵانی 1990 چه‌ندین كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی له وڵاته‌كانی ئیندۆنۆزیا و چاینا و ڤێتنام به‌هۆی كه‌میی تێچوو، كرێ و كاری ده‌ست و باجیش كرده‌وه. له هه‌مووشی گرنگتر بۆ كۆمپانیاكه دروستكردنی كه‌سایه‌تی و ناساندنی براندی نایك بوو كه له‌و ڕێگه‌یه‌وه داهاتی دیكه‌ی وه‌ك ڕیكڵام زیاد بكات بۆ داهاته‌كه‌ی.
به‌كارخستنی به هه‌زاران كرێكار بۆ وه‌گه‌ڕخستنی كارگه و پرۆسه‌كانی به‌رهه‌مهێنان بووه سه‌رچاوه‌ی كار بۆ خه‌ڵكی هه‌ژار و بێكار. به‌ڵام هه‌ر له‌و ساڵانه‌دا، چاودێرانی مافه‌كانی مرۆڤ تێبنی ئه‌وه‌یان كرد كۆمپانیایه‌كی زه‌به‌لاحی وه‌ك نایك كه به‌رهه‌می كاپیتاڵیزمه نه‌بۆته سه‌رچاوه‌ی بژێوی و كارێكی ڕێزلێگیراو بۆ كرێكارانی ئه‌و كارگانه‌ی كه كاری تێدا ده‌كه‌ن، به‌ڵكوو بۆته كۆپی دووه‌می مۆدێلی گوندی شوونووه‌ی چاینا، ژینگه و گۆره‌پانێكی دیكه بۆ چه‌وساندنه‌وه و ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ریان و جیاكاری و پێدانی كه‌مترین كرێ! بۆیه له‌وكاته‌دا چاڵاكوان و ڕێكخراوه‌كانی مافه‌كانی مرۆڤ و ته‌نانه‌ت كڕیارانی به‌رهه‌مه‌كانی نایكیش داوای چاككردن و ڕاستكردنه‌وه‌ی بارودۆخی كرێكاره‌كانیان كرد. هه‌رچه‌نده كۆمپانیای نایك ڕوونكردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی دا كه ئه‌وان به‌رپرسیار نین له ئیداره‌دانی ڕاسته‌وخۆی ئه‌و كارگانه، به‌ڵام ئه‌و ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ش به‌توندی ڕه‌ت كرایه‌وه به‌وه‌ی كۆمپانیاكه له به‌رپرسیاره‌تی ڕا ده‌كات و هه‌ڵه‌كه ده‌خاته سه‌ر شانی ئه‌وانی تر. هه‌رچه‌نده به‌و فشارانه‌ی كرایە سه‌ریان، بڕیاری پێداچوونه‌وه بۆ بارودۆخی كرێكاران درا، به‌ڵام هه‌ر به‌پێی پێویست نه‌بوو.
ئه‌م دوو چیرۆكه‌ی سه‌ره‌وه گه‌لێك لێڵیی گۆماوی لیخنی نادادپه‌روه‌ریی سیستەمی حوكمڕانی به‌سه‌ر پشتی خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگاكاندا ڕوون ده‌كاته‌وه. له‌چیرۆكی یه‌كه‌مدا ما‌و زیدۆنگ له‌ڕێگه‌ی گوندی شوونووه‌ی چایناوه ئه‌وه ڕوون ده‌كاته‌وه كه چۆن چۆنی سیستەمی ئیمپریاڵ بۆگه‌ن بووه و مۆراڵی له‌ده‌ست داوه و كه‌چی سیسته‌مه كۆمیونیسته‌كه‌ی ئه‌ویش كه شۆڕشی بۆ كردووه وه‌ڵامێكی بنبڕی پێ نه‌بووه.
له چیرۆكی دووه‌میشدا، له‌ناو سیستەمی لیبراڵ و كاپیتاڵیزمدا بۆشایی و درزی گه‌وره هه‌ن بۆ لاوازبوون و نه‌مانی مۆراڵ له‌سیستەمی كاردا، به‌ڵام جیاوازییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه له‌ناو سیسته‌مه‌كه‌دا ڕێگاكانی فشاركردن و دادگاكان كراوه‌ن به به‌راورد به دوو سیسته‌مه‌كه‌ی دیكه.
بۆیه "مۆراڵی سیاسی"، ده‌بێت به‌رده‌وام ئه‌و پرسیاره بێت له زەینی سیاسی و ئابووریناس و ئه‌كادیمی و نووسه‌ران بخولێته‌وه و له‌و گۆشه‌یه‌وه به‌رده‌وام سیسته‌م بخاته ژێر پرسیاره‌وه. چونكه مۆراڵی سیاسی په‌یوه‌ستە به شێوه و چۆنیه‌تیی ژیانی هه‌موو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا. ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌ش هه‌وڵێكه بۆ تێگه‌یشتن له گرنگی و پێویستییه‌كه‌ی. یه‌كه‌م پرسیاریش كه هه‌وڵ ده‌دات شه‌نوكه‌وی لایه‌نی ئه‌رێی و نه‌رێیه‌كانی بكات، ئه‌و پرسیاره‌یه: ئایا بۆ كۆمه‌ڵگای كوردی، كامه سیسته‌م چاره‌ی كێشه و ئالنگارییه‌كانی ده‌كات؟ سیستەمێك كه له‌سه‌ر ڕه‌وڕه‌وی بازاڕ و كۆمپانیا ئاراسته‌ی بكات یاخود سیستەمی هاووڵاتیبوون؟
دڵخۆشی له ده‌وڵه‌تی زلهێز به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تی بچووك و بێڤیتۆ
بۆ ده‌ستخستنی وه‌ڵامێك بۆ پرسیاره‌كه‌ی پێشوو ده‌رباری پێگه‌ی كوردستان له‌نێوان هه‌ر دوو سیستەمی هاووڵاتیبوون و سیستەمی به‌بازاركردندا، گوزه‌ركردنێكی كورت و خێرا پێویسته بۆ هه‌ردوو سیستەمه‌كه.
له سیستەمی كۆمه‌ڵگای هاووڵاتیبووندا، هاووڵاتی سه‌نته‌ر له چاڵاكییه مه‌ده‌نی و سیاسییه‌كان و به‌شداریشه له بڕیار دروستكردن و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی سیسته‌مه‌كه: هاووڵاتییان هان ده‌درێن له پرۆسه و چاڵاكییه سیاسییه‌كان و له سێكته‌ری په‌روه‌رده‌ش فه‌لسه‌فه‌ی به‌شداریی هه‌مووان و ڕه‌خنه‌گرتن و به‌رپرسیاریه‌تییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها خۆ به‌خاوه‌ن زانینی كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگا وه‌ك ژینگه و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵگا و كواڵیتی ژیان. جگه له‌وه‌ش به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كۆمه‌ڵگا له‌سه‌روو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی تاكه‌وه ئه‌وله‌وییه‌ته. نموونه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌نه‌ش ده‌وڵه‌تانی سكه‌نده‌نافییه (وه‌ك: نه‌رویژ، سوید و دانیمارك و هتد) و ئه‌ڵمانیا.
له سیستەمی دووه‌مدا، سیستەمی كۆمه‌ڵگای به‌بازاڕیكردنه؛ به‌پێچه‌وانه‌ی سیسته‌می یه‌كه‌م، تێیدا سه‌روه‌ت و سامان سه‌نته‌ره، له‌دوای ئه‌وه‌ش هێزی بازاڕی به‌كارهێنه‌ران و خواست و ئاره‌زووی تاكه‌كان دێن وه‌ك گرنگیپێدان، ئه‌مه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی. له‌تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌و سیسته‌مه ئه‌وه‌یه كه گرنگیی یه‌كه‌می بۆ ماددییه‌ت و سامانه و سه‌ركه‌وتنیش هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی بری ده‌ستخستنی پێناسه‌كراوه. هه‌روه‌ها تاكیش بیر له‌ده‌سكه‌وته كه‌سی و ماددییه‌كانی خۆی به‌ر له‌سه‌ركه‌وتنی كۆمه‌ڵگا ده‌كاته‌وه. سیستەمی حوكمڕانییه‌كه‌ش یاسا و ڕێساكانی زیاتر به‌و ئاراسته‌یان كه چۆن ئابووری گه‌شه پێبده‌ن و به‌كارهێنه‌ران زیاد بكه‌ن و به‌شداری و كاریگه‌ری مه‌ده‌نی لاوه‌كییه تێیدا و كو‌لتوور و به‌هاكانیش كاریگه‌ریی زۆری بازاڕییان به‌سه‌ره‌وه دیاره. یه‌كێك له دوو نموونه دیاره‌كانیش، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و چاینایه و، هه‌روه‌ها ئوستراڵیا و به‌ریتانیاش له‌و چوارچێوه هه‌ژمار ده‌كرێن.
به‌رگریكارانی هه‌ردوو سیسته‌مه‌كه بیانووی خۆیان هه‌یه؛ له‌سیستەمی كۆمه‌ڵگای هاووڵاتیبووندا، پشتگیریكارانی پێیانوایه ته‌ندروسترین سیسته‌مه بۆ پێشخستنی كۆمه‌ڵگا و به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی. له‌به‌رامبه‌ریشدا، هاوسۆزانی سیسته‌می به‌بازاڕیكردن، سه‌رچاوه‌ی بوژانه‌وه‌ی ئابووری و په‌ره‌پێدانی توانایی و به‌هره‌ی تاكه.
ئێستا كه وێنه‌ی گشتیی هه‌ردوو سیسته‌مه‌كه به‌رده‌سته، ده‌توانین بچینه ناو گه‌مه‌كانی هه‌ردوو سیسته‌مه‌كه له واقیعی ژیان و به‌رێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تدا. ئه‌وه‌ی جێی سرنجه بۆ ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه، له كاتی ڕاگه‌یاندنی 1) لیستی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه ڕیزبه‌ندیی یه‌كه‌مییان وه‌رگرتووه له دڵخۆشیی هاووڵاتییانی (ڕاپۆرته‌كه له‌لایه‌ن به‌شی گه‌شه‌پێدانی به‌رده‌وام و چاره‌سه‌رییه‌كانی یوئێن ساڵانه ده‌رده‌چێت)، هه‌روه‌ها له 2) ڕیزبه‌ندیی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه له خۆشگوزه‌رانی و ره‌فاهییه‌تدا له ده یه‌كه‌مه‌كانن (ئه‌م ڕیزبه‌ندییه ساڵانه له‌لایه‌ن ده‌زگای داتابه‌یسی OECD و سێكته‌ری په‌ره‌پێدانی مرۆیی UNDP ده‌رده‌چێت )، ئه‌وا سه‌رجه‌م ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی سیستەمی كۆمه‌ڵگای هاووڵاتیبوون په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن، له ده یه‌كه‌مه‌كانی ئه‌و لیسته‌ن كه به ده‌وڵه‌تانی سكه‌نداڤیا ده‌ست پێده‌كات تا ده‌گاته ئه‌ڵمانیا. له‌به‌رامبه‌ریشدا، ده‌وڵه‌تانی پشتبه‌ستوو به كۆمه‌ڵگای به‌بازاڕیكردن و به‌كارهێنه‌ری وه‌ك ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و به‌ریتانیا و ئوستراڵیا له خواره‌وه‌ی ڕیزبه‌ندییه‌كان.
ئه‌گه‌ر به‌راوردێكی خێرای توانایی سه‌ربازی و هه‌بوونی مافی ڤیتۆ له یوئێن و گه‌وره‌یی بودجه و جه‌ی دی پی ئه‌و ووڵاتانه‌ی جێبه‌جێكاری سیسته‌می به بازاڕیكردنن، ئه‌وا چه‌ند قات زیاتر و گه‌وره‌تره له‌و وڵاتانه‌ی كه پشتگیریی كۆمه‌ڵگای هاووڵاتیبوون ده‌كه‌ن. ئه‌وه ئاماژه‌یه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی كه ئه‌و كۆمه‌ڵگا و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه زلهێز نین و خاوه‌نی هێزی ڤیتۆ و سوپا و چه‌كی ئه‌تۆم نین، ناتوانن له‌و بوارانه‌دا كێبڕكێ بكه‌ن، به‌ڵام ده‌توانن ببنه پێشه‌نگ له ڕه‌وتی ده‌وڵه‌تی خاوه‌ن سه‌روه‌ری هاووڵاتیبوون و كاركردنی پێكه‌وه‌یی كۆمه‌ڵگاكه‌یان پێش بخه‌ن.
نیشاندانی ئه‌م جیاكارییه ووڵامێكی پڕ به‌پێست نابێت ئه‌گه‌ر خوێندنه‌وه‌كه ته‌نها په‌یوه‌ست بێت به خۆشگوزه‌رانی و، بۆیه ئه‌م توێژینه‌وه ده‌په‌ڕێته‌وه بۆ سێكته‌رێكی پێچه‌وانه و ئه‌ویش له‌كاتی تێكچوونی ته‌ندروستیی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگایه. ئایا كامه سیسته‌م گره‌وه‌كه ده‌باته‌وه؟
له‌ده‌ست شكانه‌وه‌ی كاری به‌خشین و هێزی پاره‌دا
له وڵاتی ئیسپانیادا، هه‌موو تاكێك ئه‌ندامی جه‌سته‌ی به‌خشراوه تا ئه‌و كاته‌ی خۆی له‌ژیاندا داوا ده‌كات ئه‌و مافه‌ی بۆ بگێڕدرێته‌وه ئه‌ندام به‌خش نه‌مێنێت و، ئه‌و بابه‌ته‌ش به یاسا له ساڵی 1979 ڕێك خراوه. هه‌رچه‌نده له‌دوای مردنیشی ڕاسته‌وخۆ ده‌وڵه‌ت ئه‌و مافی به‌خشینه جێبه‌جێ ناكات تا نه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ وه‌رگرتنی ڕێگه‌پێدانی خێزانه‌كه‌ی. ئه‌م سیسته‌مه‌ی ئیسپانیا به‌ناوی (Opt-out) ده‌ناسرێت وده‌كرێت وه‌ك بژارده‌ی لابردن ناو بنرێت، ئه‌وا ده‌ستوه‌ردانی ده‌وڵه‌تی تێدا زه‌ق كراوه‌ته‌وه، چونكه به یاسا تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگای كردۆته به‌خشه‌ری ئه‌ندامی جه‌سته‌یان و یه‌كانگیره له‌گه‌ڵ پره‌نسیپه‌كانی سیستەمی كۆمه‌ڵگای هاووڵاتیبوون.
له‌كاتێكدا، له‌سیسته‌می به‌رامبه‌ردا، كه تاكه‌كان به‌پێی ویستی خۆیان بڕیار ده‌ده‌ن ببنه به‌خشه‌ری ئه‌ندامی جه‌سته‌یان یاخود نا و، له‌هه‌ندێ وڵات‌دا ته‌نانه‌ت بازرگان‌یش به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان ڕێگه‌پێدراوه، واتا له‌و سیسته‌مه‌دا كه به (Opt-In) ناسراوه ده‌كرێت ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ش به بژارده‌ی خود په‌سندكردن بناسێنین، ئه‌وا تێیدا ئاره‌زوو و بڕیاری تاك له‌پێشینه‌یه و حكوومه‌ت هیچ شێوه ده‌ستێوه‌ردانێكی نییه و، ئه‌وه‌ش یه‌كانگیره له‌گه‌ڵ پره‌نسیپه‌كانی سیستەمی كۆمه‌ڵگای به‌بازاڕیكردن كه تێێدا ئاره‌زووی تاك ئه‌وله‌وییه‌ته.
ئه‌وه‌ی جێی تێبینیی ده‌وڵه‌تان و توێژه‌ران بوو، له‌دوای جێبه‌جێكردنی سیستەمی بژارده‌ی لابردن (Opt-out) له‌لایه‌ن ئیسپانیاوه، ده‌ركه‌وت كه باشترین ده‌رئه‌نجام له وڵاته‌كه بۆ چاره‌سه‌ریی پزیشكی له‌ڕێگه‌ی ئه‌م سیسته‌مه‌ی به‌خشینی ئه‌ندامانی جه‌سته‌وه به‌ده‌ست هات.
له‌كاتێكدا ئه‌و وڵاتانه‌ی كه سیستەمی خود په‌سندكردن (Opt-In) جێبه‌جێ ده‌كه‌ن هیچ پێشكه‌وتنێك له به‌ده‌ستهێنانی به‌خشه‌رانی جه‌سته‌یان به‌دی نه‌هێنا و هه‌ر وه‌كوو شێوه‌ی كۆنی جاران ماونه‌ته‌وه. داتا و ژماره‌كان ئه‌وه‌یان ئاشكرا كرد، كه له ئیسپانیا به‌هۆی بژارده‌ی لابردن (Opt-out) ئه‌وا ڕێژه‌ی به‌خشینی ئه‌ندامانی جه‌سته 35 بۆ 40 كه‌سه بۆ هه‌ر ملیۆنێك. له هه‌مان پێوه‌ردا، ئه‌و وڵاتانه‌ی كه سیستەمی خود په‌سندكردن (Opt-In) جێبه‌جێ ده‌كه‌ن به‌رزترین ڕێژه‌ی له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بووه به ڕێژه‌ی به‌خشینی ئه‌ندامانی جه‌سته 20 بۆ 30 كه‌س بووه بۆ هه‌ر ملیۆنێك.
ئه‌و به‌راوردكارییه‌ی سه‌ره‌وه ئه‌وه ده‌رده‌خات کە سیستەمی كۆمه‌ڵگای هاووڵاتیبوون زیاتر له به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی كۆمه‌ڵگا نزیكتره وه‌ك له‌و ده‌رئه‌نجام و ئه‌دائانه‌ی سیستەمی كۆمه‌ڵگای بازاڕ ده‌یانكات. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌بێت وه‌كوو خاڵی جه‌وهه‌ریش سه‌یری بكرێت ئه‌وا له سه‌ركه‌وتنی مۆدێلی بژارده‌ی لابردن (Opt-out)ی به‌خشینی ئه‌ندامانی جه‌سته له ئیسپانیا بوونی دوو هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌و مۆدێله‌ی سه‌رخست، ئه‌ویش یه‌كه‌مییان ده‌رچوواندنی یاساكه‌ی له‌ساڵی 1979 و هه‌روه‌ها دواتریش دامه‌زراندنی ده‌زگای نیشتیمانیی به‌خشینی ئه‌ندامی جه‌سته بوو له‌ساڵی 1979. لێره‌دا ده‌ستوه‌ردانی ده‌وڵه‌ت یه‌كانگیر و پشتگیره له‌گه‌ڵ پره‌نسیپه‌كانی مۆراڵی سیاسی.
به‌راوردكارییه‌كی دیكه‌ی سێكته‌ری ته‌ندروستی پشتگیریی بوونی ده‌وڵه‌ت ده‌كات و ڕیچارد تیتمه‌س نووسه‌ری به‌ریتانی زانسته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌نموونه‌یه‌كدا به‌ڕوونی سیستەمی به‌خشینی خوێن له وڵاتی به‌ریتانیا و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا باس ده‌كات.
ڕیچارد تیتمه‌س ئه‌وه ده‌رده‌خات كه له به‌ریتانیا به‌خشینی خوێن له‌ژێر كۆنترۆڵی ته‌واوه‌تی حكومه‌ته‌وه ڕێگه به بازرگانیكردن پێوه‌ی نادرێت و ڕێككار و ڕێسای خۆی بۆ دیاری كراوه. له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، به‌پێچه‌وانه‌وه، به‌خشینی خوێن له‌ژێر ڕكێفی بازاڕی ئازاده و تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا ده‌توانن خوێن بكڕن. ئه‌وه‌ی جێی تێڕامانی نووسه‌ر بوو، له‌كاتی به‌راوردكاری هه‌ردوو سیسته‌مه‌كه ده‌ركه‌وت سیستەمی به‌ریتانی كه حكومه‌ت سه‌رپه‌رشتی ده‌كات و به‌س به‌خشین تێیدا ڕێگه‌پێدراوه و كڕین قه‌ده‌غه‌كراوه، ئه‌وا هه‌م ده‌سكه‌وتنی خوێن ئاسانتره بۆ نه‌خۆش و هه‌میش كواڵیتی باشتره. كه‌واته، له‌ده‌ست شكانه‌وه‌ی نێوان به‌خشین و هێزی پاره‌دا، ئه‌و ڕۆحییه‌تی به‌خشین له‌ناو ڕۆمان و ئه‌فسانه‌دا نا، له‌واقیعیشدا سه‌ركه‌وت. ئه‌م نموونه‌یه‌ش جه‌خت له‌پره‌نسیپێكی دیكه‌ی هه‌بوونی مۆراڵی سیاسی له‌ناو سیسته‌م ده‌كاته‌وه، ئه‌ویش هه‌بوونی حكوومه‌ته له‌ناو پرۆسه‌كاندا و به‌جێنه‌هێشتنی سیسته‌مه ته‌نها و ته‌نها بۆ پاره و هێزی كۆمپایناكان.
تاكی ده‌وڵه‌مه‌ند و كورتهێنانی سزای دارایی
هه‌ر دوو پرۆفیسۆر یوری گنیزی ئیسرائیلی و ئاڵدۆ ڕوسچینی ئیتاڵی، توێژینه‌وه‌یه‌كی مه‌یدانی ده‌رباره‌ی سه‌نته‌ره‌كانی چاودێریی منداڵان ده‌كه‌ن. ئەوان سەرنج ده‌خه‌نه سه‌ر ئه‌و باوانانه‌ی دره‌نگ به‌دوای بردنه‌وه‌ی منداڵه‌كانیان ده‌گه‌نه سه‌نته‌ره‌كان. ئه‌م دیارده‌یه له چه‌ند ڕوویه‌كه‌وه جێی سه‌رنج و لێكۆڵینه‌وه بوو. منداڵه‌كان له‌ڕووی ده‌روونییه‌وه ماندوو ده‌بوون، هه‌روه‌ها مامۆستا و چاودێره‌كانیش ناچار بوون دوای ته‌واوبوونی كاتی یاسایی ده‌وامه‌كه‌یان چاوه‌ڕوان بن به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ پاره‌یه‌كییان بۆ هه‌ژمار بكرێت. پێشنیار كرا ئه‌و دایك و باوكانه‌ی دوا ده‌كه‌ون بۆ بردنه‌وه‌ی منداڵه‌كانیان ئه‌وا جۆرێك له‌سزای دارایی بۆ نموونه 3 دۆلار بۆ هه‌ر كاتژمێرێك له‌سه‌ریان حساب بكرێت.
له‌كاتی جێبه‌جێكردنی سزا داراییه‌كه، كه مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی كه‌مكردنه‌وه‌ی دیارده‌ی دواكه‌وتنی دایك و باوكان بوو، تێبینی كرا ده‌رئه‌نجامی پێچه‌وانه‌ی هه‌بوو. ئه‌مجاره ڕێژه‌ی باوانه‌كان كه دوا ده‌كه‌وتن بۆ بردنه‌وه‌ی منداڵه‌كانیان ئه‌وا بۆ نزیكه‌ی دوو هێنده به‌رز بۆوه.
ده‌رئه‌نجامه‌كانی ئه‌م توێژینه‌وه مه‌یدانییه چه‌ند وانه‌یه‌كی گرنگی خسته ڕوو بۆ فێربوون لێی. 1) وانه‌یه‌كیان ئه‌وه‌بوو كه گۆڕین بوو له ڕه‌فتاری باوانه‌كان، به‌وه‌ی كه شه‌رعییه‌تێكییان بۆ خۆیان دروست كرد بۆ دواكه‌وتنه‌كه‌یان و دواتریش بزربوونی مۆراڵ و جێگرتنه‌وه‌ی پره‌نسیپه‌كانی بازاڕ، ئه‌و سزا داراییه وای كرد چیتر دایك و باوكه‌كان كه دوا ده‌كه‌وتن هه‌ست به شه‌رم و تاوان نه‌كه‌ن به‌هۆی دواكه‌وتن و دواخستنی كارمه‌نده‌كانه‌وه و، ئه‌مه‌ش هانده‌رێكه كه زۆر گرنگی به‌ئاماده‌بوون له‌كاتی خۆی نه‌ده‌ن. 2) وانەیەکی دیكه ئه‌وه بوو كه ده‌وڵه‌تان به‌ر له جێبه‌جێكردنی هه‌ر سزا و ڕێسایه‌ك پێویسته پێشوه‌خته بیر له ده‌رئه‌نجامه‌كانی بكەنەوە و، زۆرجار سزای كۆمه‌ڵایه‌تی یاخود ڕه‌فتاركردنێكی جیاوازی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌گه‌ڵ هه‌ندێك كه‌یسدا باشتر له سزای دارایی شوێنی خۆی ده‌گرێ، به‌تایبه‌تیش له ئاڵۆزیی ڕه‌فتاری مرۆڤه‌كاندا، كه هه‌موو شتێك پێشبینی كراوی سه‌د له‌سه‌د نییه. ئه‌م كه‌یسه ئه‌وه‌شی ده‌رخست ئه‌و تاكانه‌ی كه ده‌وڵه‌مه‌ندن یاخود توانایی پاره‌دانی سزاكانییان هه‌یه، ئه‌وا ئاماده‌ن به‌رده‌وام بن له سه‌رپێچیكردن و هێزی بازاڕ ناراسته‌وخۆ زاڵ بكه‌ن به‌سه‌ر نۆرم و ڕه‌فتاره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا. ئه‌م كه‌یسه‌ش ناڕاسته‌وخۆ گرنگی هه‌بوونی پره‌نسیپه‌كانی مۆراڵ به‌رامبه‌ر بیركردنه‌وه‌ی ڕووتی ماركێتینگ ده‌رده‌خات كه هێزی ئابووری و پاره و باڵاده‌ستیی كۆمپانیا و برانده‌كان به‌ته‌نها به‌س نییه بۆ هه‌بوونی سیستەمێكی ته‌ندروست.
ئه‌م روونكردنه‌وه‌یه‌ی كۆتایش پرسیارێك قوت ده‌كاته‌وه: ئایا ده‌كرێت به‌رێوه‌بردنی گشتی و سیسته‌م ته‌نها و ته‌نها بۆ هێزی بازاڕ و كۆمپانیاكان جێ بهێڵدرێت؟
جیهان چی فێربوو له داڕووخانی ئابووریی 2008؟
دارووخانی ئابووریی 2008، قه‌یرانێكی جیهانی بوو كه له‌دوای قه‌یرانی ئابووری ساڵی 1929 به گه‌وره‌ترین هه‌ژمار ده‌كرێت. هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی قه‌یرانه‌كه بریتی بوون له 1) هه‌ڵئاوسانی بازاڕی خانووبه‌ره و 2) پێشینه‌ی عه‌قاری و كێشه‌ی نه‌دانه‌وه‌ی پاره‌كه و 3) نه‌بوونی ڕێككارو ڕێنمایی پێویست بۆ چۆنییه‌تیی پێدانی ئه‌و هه‌مووه قه‌رزه و له‌گه‌ڵ چه‌ند هۆكارێكی دیكه‌ی ته‌كنیكیی ئابووریی بانكی. زۆربه‌ی بانكه‌كان تووشی شه‌له‌ل بوون هاتن و، هه‌ژماری به‌شدارانی بانكه‌كان نزیك بوو له سڕبوونی ته‌واوه‌تی و پرۆسه‌ی پێدانی پاره و قه‌رز به‌هۆی نه‌مانی متمانه‌وه وه‌ستا و موڵكێكی زۆری وه‌ك خانووی بێ‌نرخ كه‌وته ده‌ستی بانكه‌كان به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ بتوانرێت بفرۆشرێته‌وه و بكرێته‌وه پاره. هه‌روه‌ها كاریگه‌ری ته‌واوی له‌سه‌ر هه‌موو بازاری جیهان دروست كرد و بووه هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی بێكاری و داخرانی چه‌ندین ناوەندی بازرگانی و كۆمپانیا.
ئیدی دوای ئه‌و قه‌یرانه گه‌وره‌یه‌ی ئابووری، ده‌وڵه‌تان و بانكه‌كانی ناوه‌ندی و نێوده‌وڵه‌تی له خاڵێكی گرنگ به‌ئاگا هاتنه‌وه. ئه‌ویش ئه‌و خاڵه سه‌ره‌كییه بووه؛ ناكرێت بازاڕ خۆی سه‌ردار و خۆی بڕیارده‌ری هه‌موو شتێك بێت، واته ناكرێت بازاڕ به‌بێ هه‌بوونی چاوێكی حكوومه‌ت، بێ هه‌بوونی ڕێسا و یاسایه‌ك به‌ته‌نها جێ بهێڵدرێت. ئه‌مه‌ش جارێكی دیكه ئه‌و ڕاستییه‌ی سه‌لمانده‌وه كه پره‌نسیپه‌كانی هه‌بوونی مۆراڵی سیاسی كه جه‌خت ده‌كاته‌وه له‌سه‌ر بوونی یاسا بۆ پاراستنی هه‌ندێك به‌ها گرنگه. به‌ڵام له پره‌نسیپه‌كانی سیستەمی به‌بازاڕكردنی كۆمه‌ڵگادا به متمانه‌وه ڕه‌وڕه‌وه و سوكانی حوكمڕانی ده‌خسته ده‌ستی بازار به‌بێ هیچ كۆنترۆڵێكی حكوومی و یه‌كێك له ده‌رئه‌نجامه‌كانیشی ئه‌و داڕمانە ئابوورییه‌ی ساڵی 2008 بوو.
بۆچی نابێت بازاڕ و كۆمپانیاكان به‌ته‌نها جێ بهێڵدرێن؟
هه‌ر ڕاسته‌وخۆ دوای قه‌یرانه‌كه بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی جێهێشتنی ماركێت و كۆمپانیاکان به‌ته‌نیا، ئه‌وا چه‌ندین یاسا و رێسای نوێ ده‌ر كران، له‌وانه: یاسای ناسراو به دۆد-فڕانك ئاكت ساڵی 2010، له‌ئه‌مریكا ده‌رچووێندرا بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی شه‌فافییه‌ت و كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕیسك و مه‌ترسییه‌كان و پارێزگاریكردن له به‌كارهێنه‌ران و هه‌روه‌ها دامه‌زراندنی ده‌زگایه‌ك به‌ناوی پاراستنی سه‌رمایه‌ی به‌كارهێنه‌ران (the Consumer Financial Protection Bureau (CFPB)). دوای ئه‌ویش یاسای بازل سێ، كه یاسایه‌ك بوو تایبه‌ت بوو بە ڕێكخستنه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و پاراستن و به‌هێزكردنی سه‌رمایه‌ی بانكه‌كان و ڕێككاره‌كانی و هه‌روه‌ها باشتركردنی ئیداره‌دانی مه‌ترسییه‌كان(ڕیسك). چه‌ند یاسایه‌كی دیكه‌ش ده‌ر چوون له‌وانه: یاسای تاقیكردنه‌وه‌ی به‌رده‌وامی فشار و ڕێككاره‌كانی سه‌رمایه‌ی بانكه‌كان و یاسای ده‌ستوه‌ردانی بانكه ناوه‌ندییه‌كان و ده‌سه‌ڵاتی ده‌ركردنی ڕێنمایی و ڕێككاری نوێ. له‌گه‌ڵ یاسای پاراستنی به‌كارهێنه‌ران.
ده‌ركردنی ئه‌م یاسایانه‌ش بووه هۆی گێڕانه‌وه‌ی سه‌قامگیری به‌وه‌ی كه چیتر ڕێگه نه‌درا مه‌ترسیی گه‌وره بگیرێته به‌ر له‌لایه‌ن بانكه‌كانه‌وه، هه‌روه‌ها سه‌قامگیرهێشتنه‌وه‌ی ئابوورییه‌كان له پێگه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان له ڕۆچوونه ناو مه‌ترسییه‌كان و دروستبوونی قه‌یرانی داهاتوو و پاراستنی به‌كارهێنه‌رانیش. له هه‌مووشت گرنگتر گێڕانه‌وه‌ی متمانه بوو، ئه‌مه‌ش به‌بێ ده‌ستوه‌ردانی حكوومه‌ت و ده‌ركردنی یاساكان ڕووی نه‌ده‌دا.
له‌و قه‌یرانه ئابوورییه‌وه گرنگی و به‌های هه‌بوونی مۆراڵی سیاسی گه‌ڕایه‌وه و بووه سه‌نته‌ری گفتوگۆكان. له‌م چه‌ند خاڵه‌دا ڕوونی ده‌كه‌ینه‌وه كه چۆن پره‌نسیپه‌كانی یه‌كانگیر له‌گه‌ڵ مۆراڵی سیاسی بووه ڕێنیشانده‌ر بۆ ڕزگاركردنی ئابووری و هه‌ره‌وه‌ها پاراستنیشی له ئاینده. بۆ نموونه: 1) قه‌یرانه‌كه ئه‌وه‌ی سه‌لماند كه به‌بێ هه‌بوونی هیچ ڕێسا و یاسایه‌ك و بێ چاودێریی حكوومی، چۆن بازاڕ به‌ره‌و پووكانه‌وه‌ی له‌ناكاو چوو، له‌كاتێكدا له حوكمی مۆراڵیدا ده‌بێت حكوومه‌ت بوونی هه‌بێت بۆ خستنه به‌رپرسیاری بازار و چاودێریكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كۆمه‌ڵگا. بۆیه‌ش دوای قه‌یرانه‌كه، كه هه‌ردوو یاسای دۆد-فرانك و بازل سێ بوونە هۆی گێڕانه‌وه‌ی مۆراڵه ستاندارده‌كان له پرۆسه‌ی ئابووریدا بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی.
هه‌روه‌ها 2) سه‌رده‌می پێش ڕوودانی قه‌یرانه ئابوورییه‌كه، سیاسه‌ت و یاساكان ئازادی ته‌واوییان به بازاڕ دابوو، ئه‌مه‌ش بووه هۆی گرنگیدان به به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی و پشت گوێخستنی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی. دوای ناساندنی یاسا نوێییه‌كان له‌دوای قه‌یرانه‌كه‌وه، تێبینیی ئه‌وه كرا كه باڵانس بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی له‌ته‌ك به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌ت گه‌ڕایه‌وه بۆ دۆخی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی. جگه له‌وه‌ش 3) نه‌بوونی شه‌فافییه‌ت و پێدانی زانیاری هه‌ڵه له‌سه‌ر دۆخی ڕاسته‌قینه‌ی سه‌رمایه و بارودۆخی ئابووری به‌ر له‌قه‌یرانه‌كه وای كرد به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌ت و گشتی پێكه‌وه بكه‌ونه مه‌ترسییه‌وه و دوای قه‌یرانه‌كه، ده‌ستوه‌ردانی حكوومی و یاساكان ئه‌وه‌شیان ڕاست كرده‌وه.
قه‌یرانه ئابوورییه‌كه‌ی ساڵی 2008، وانه‌یه‌كی دیكه‌ی گرنگی پیشانی مرۆڤایه‌تی دا. له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی كه به‌كارهێنه‌ر و كڕیار سه‌نته‌رن، ڕه‌فتار و شێوازی ژیانی تاکەکان بوونه به‌نزین بۆ ئاگری قه‌یرانه‌كه و، هه‌روه‌ها هه‌بوونی حه‌ز بۆ ماددییه‌ت وده‌ستكه‌وتی كورتخایه‌ن له‌لایه‌ن به‌كارهێنه‌ران هۆكارێكی دیكه بوو. سه‌ره‌ڕای ئه‌و هۆكارانه‌ش نایه‌كسانی له‌نێوان تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا، به‌تایبه‌تی چینی ناوه‌ند و خواره‌وه هێنده‌ی دیكه ژینگه‌ی له‌باری بۆ قه‌یرانه‌كه دروست كرد.
ئه‌و هۆكارانه‌ش كاتێك ڕاست کرانه‌وه كه یاساكان له‌دایكبوون بۆ ڕێگه‌گرتن له‌و شێوه به‌ره‌ڵا‌ییەی له ده‌رئه‌نجامی نه‌بوونی لێپرسینه‌وه و ڕه‌فتاری ئازادانه و دوور له هه‌ر كۆتوبه‌ندێك قه‌یرانه‌كه‌ی هێنایه كایه‌وه. دوای ئه‌و قه‌یرانه ئابوورییه، جیهانیش جارێكی دیكه په‌یوه‌ستبوونی به‌یه‌كه‌وه‌ی یاسا و ڕێساكان له‌گه‌ڵ بازاڕدا كرده پێویستیی سه‌ره‌كی و هه‌روه‌ها بووه نه‌خشه‌ڕێگایه‌ك بۆ ئاشتكردنه‌وه‌ی مۆراڵی سیاسی و كۆمه‌ڵگای سیستەمی به‌كارهێنه‌ر و بازاڕ.
ته‌نانه‌ت حاكمی پێشووی بانکی ناوه‌ندیی ئینگڵته‌را و سه‌رده‌می پێش قه‌یرانه‌كه و دوای قه‌یرانه‌كه كه هه‌ر ئه‌و پۆسته‌ی هه‌بوو، به‌رده‌وام له قسه‌كانیدا جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرده‌وه كه پێویسته سیستەمی ئابووری ستانده‌رده ئیتیكی و مۆراڵی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان زیاتر له خۆیدا جێ بكاته‌وه، تاوه‌كوو خزمه‌تی سیستەمه‌كه فراوانتر بێت و ته‌نها وته‌نها له‌بازنه‌ی خۆیاندا قه‌تیس نه‌بێت.
بێئاگایی سیسته‌م و بازاڕ له‌یه‌كدی
به‌شێكی گه‌وره‌ی هۆكاره‌كانی ڕوودانی قه‌یرانی ئابووری جیهانی ساڵی 2008 ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ غیابی چاودێریی حكوومه‌ت و یاساكان. بازاڕ و ئابووری به‌ر له‌قه‌یرانه‌كه ته‌واو ئازاد بوو له كۆتوبه‌ند و سه‌ربه‌خۆییانه سیستەمه‌كه‌ی به‌رێوه ده‌برد. حاكمی پێشووی بانكی ناوه‌ندی ئینگڵاند، له یه‌كێك له چاوپێكه‌وتنه‌كانی له‌گه‌ڵ ده‌زگای میدیایی بی بی سی، به‌سه‌رهاتێكی كورت و كاریگه‌ر لێكچوو له بێئاگایی سیسته‌م و بازاڕ له‌یه‌كدی ده‌گێرێته‌وه.
ئه‌و باسی كرد، دوو كه‌پڵی هه‌ژار هه‌بوون له شارێكی ئه‌ورووپا، بۆ جه‌ژنی كریسمس هه‌ر یه‌كه‌یان به‌دزی ئه‌وی دیكه‌یان ده‌چن دیاری بۆیه‌ك بكڕن و به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ كامێكیان ئاگایان له یه‌كدی بێت. كاتێك ده‌گه‌ڕێنه‌وه و له سه‌ر مێزی نانخواردنی ئێواره ده‌یانه‌وێت سوپرایزی خۆیان پێشكه‌ش به‌یه‌كدی بكه‌ن، كوڕه‌كه سه‌عاته گران به‌هاكه‌ی فرۆشته‌وه بۆ دۆقه و شانه تا ئاشقه‌كه‌ی بۆ پرچی درێژی به‌كاری بهێنێت. به‌ڵام تووشی شۆك ده‌بێت كه ده‌بینێت كچه‌كه پرچی درێژی خۆی بڕیوه و به‌ساڵۆنێكی فرۆشتووه تا زنجیرێك بۆ سه‌عاته‌كه‌ی كوڕه‌كه بكرێت كه به‌هۆی بێزنجیرییه‌وه هه‌ڵی نه‌ده‌گرت! هه‌ردوو كه‌پڵه‌كه دۆش دامان له‌به‌رده‌م ئه‌و كه‌رسته بێسوودانه‌ی كه كڕیویانه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سرنجه له‌و چیرۆكه‌دا هه‌ردووكییان دڵخۆش بوون له‌ڕووی مۆراڵییه‌وه، چونكه به‌های خۆشه‌ویستیی یه‌كدییان خوێنده‌وه.
ئه‌م چیرۆكه‌ش، به‌شێوه‌یه‌كی روون، غیابی حكومه‌ت و یاسا و ئازادی بازار‌و ماركێتی له‌یه‌كدی نیشانده‌دات، كه چۆن چۆنی بێ ئاگایی له‌یه‌كدی ده‌بێته هۆی دروستبوونی قه‌یران نه‌ك گه‌وره‌بوونی سه‌رمایه‌و به‌هێزبوونی ئابووری.
ئه‌م چیرۆكه‌ی دوو كه‌پڵه‌كه ئه‌وه ڕوون ده‌كاتەوە هه‌بوونی مۆراڵ ته‌نها و ته‌نها له‌بۆ سیستەمی ئابووریی زه‌به‌لاحی جیهانی به‌س نییه و به‌ڵكوو له‌هه‌موو سێكته‌ر و به‌شه‌كانی ژیاری ڕۆچووه. بۆ ڕوونكردنه‌وه و تێگه‌یشتنی زیاتر ده‌بێ ئه‌و بارودۆخه‌ش باس بكه‌ین كه چۆن حكوومه‌ت و كۆمپانیاكان له هه‌ردوو سیستەمی كۆمه‌ڵگای هاووڵاتیبوون و سیستەمی كۆمه‌ڵگای بازاڕ و به‌كارهێنه‌رانه. كه له نموونه‌ی قه‌یرانی ئابووریی جیهانی لۆمه‌ی گه‌وره بۆ كۆمپانیا و بازاڕ بوو، به‌ڵام له‌و پرسه‌ی داهاتوودان كه په‌یوه‌سته به‌ئیداره‌دانی پاشماوه‌كان، حكوومه‌ت و هاووڵاتی لۆمه‌یان دێته سه‌ر.
ئیداره‌دانی پاشماوه‌كان و سواڵكردنی نێوده‌وڵه‌تی
له ئیداره‌دانی زبڵ و خاشاكدا، ئه‌گه‌ر به‌راوردێكی خێرای ده‌وڵه‌تانی پێشكه‌وتوو به ده‌وڵه‌تانی له‌باری گه‌شه‌پێدانن یاخود دواكه‌وتوون، ئه‌وا چه‌ند ڕێكارو سیاسه‌تێكی جیاواز له‌نێوانیاندا هه‌یه كه ئیداره‌دانی سه‌ركه‌وتووی زبڵ وخاشاك په‌یوه‌سته به خه‌می حكوومه‌ت بۆ پره‌نسیپه گشتییه‌كانی مۆراڵی سیاسی ده‌گه‌ڕێته‌وه. بۆ نموونه، له‌ده‌وڵه‌تانی پێشكه‌وتوودا، ئه‌م خاڵ و ڕێكارانه ده‌گرنه‌به‌ر و وه‌ك خۆی جێبه‌جێی ده‌كه‌ن، وه‌ك : هه‌بوونی 1) ژێرخان و ته‌كنه‌لۆژیای پێویست و سیستەمی پێشكه‌وتوو بۆ كۆكردنه‌وه و خڕكردنه‌وه‌ی پاشماوه و زبڵ و خاشاك و 2) هه‌بوونی ڕیسایكلینی پێویست و جیاكردنه‌وه‌ی جۆری خاشاكه‌كان له‌یه‌كدی. 3) هه‌بوونی یاسا و ڕێسای توند و لێپێچینه‌وه له سه‌رپێچیكاران و ڕێكخستنی كارگه‌كان بۆ هه‌بوونی سیستەمی ڕیسایكڵ و ئیداره‌دانی پاشماوه‌ی خۆیان و 4) گۆڕینی پاشماوه بۆ وه‌به‌رهێنان و ده‌ستخستنی پاره و له‌هه‌مووشی گرنگتر 5) په‌روه‌رده‌كردنی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا بۆ ڕه‌فتاری له‌جێ و فڕێدانی پاشماوه‌كان له شوێنی دیاریكراو و ئاراسته‌كردنی كۆمه‌ڵگا بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی پاشماوه و كه‌متر به‌كارهێنانی پلاستیك.
ئه‌وه‌ی جێی سرنجه، له ده‌وڵه‌ته پێشكه‌وتووه‌كاندا، بەر‌پرسیاره‌تیی ئیداره‌دانی زبڵ وخاشاك ته‌نها و ته‌نها بۆ كۆمپانیاكان جێ نه‌هێڵدراوه، به‌ڵكوو یاسا و هۆشیاریی خه‌ڵك پێكه‌وه له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكان به‌شدارن له ئیداره‌دانی كه‌یسه‌كه.
به‌ڵام به‌سه‌رنجدان له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه پێشكه‌وتوو نین، ئه‌وا ده‌بینین ژێرخانێكی سنووردار و ته‌كنه‌لۆژیای كۆن و له زۆر حاڵه‌تیشدا جیاكردنه‌وه‌ی پاشماوه‌كان له‌ڕێی ده‌ستی كرێكاره‌وه ئه‌نجام ده‌درێت. هه‌روه‌ك له‌ڕووی ته‌كنیكی ریسایكلینیشه‌وه سنووردارن. جگه له‌وه‌ش، پێچه‌وانه‌ی نموونه‌ی قه‌یرانی ئابووری كه تێیدا بازاڕ به‌رپرسیار بوو، له‌م كه‌یسه‌دا حكوومه‌ت له‌و جۆره ده‌وڵه‌تانه غیابێكی به‌رده‌وامه، نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی بازاڕ وا ده‌خوازێت، به‌ڵكوو به‌شێكه له تاكتیكی پشت گوێخستنی ستاندارده‌كانی مۆرالی سیاسی و، حكوومه‌ت زۆر پێ‌داگر نییه له جێبه‌جێكردنی یاسا و ڕێساكان و هه‌روه‌ها سیاسه‌تێكی دیاریكراویشیان له‌وباره‌یه‌وه نییه. له‌وه‌ش كاره‌ساتتر له‌وكه‌یسه‌دا ئه‌وه‌یه كه هۆشیارییه‌كی كه‌می تاك و كۆمه‌ڵایه‌تی بوونی هه‌یه له‌و جۆره كۆمه‌ڵگایانه به به‌راورد به پێشكه‌وتووه‌كان. له‌جیاتی پرۆسه‌ی ڕیسایكلین و گۆڕینی پاشماوه‌كه بگۆرن بۆ سه‌رچاوه‌ی دارایی وه‌ك به‌رهه‌مهێنانی وزه له‌ڕێگه‌ی سووتاندن و یاخود دووباره به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی له ڕیسایكلینی پلاستیك و كارتۆن بۆ نموونه‌ـ ئه‌وا زیاتر پشت به‌جۆرێك له سواڵ بۆ داوای هاوكاری بۆ ئیداره‌دانی پاشماوه‌كانیان له ڕێكخراوە نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌كه‌ن.
ده‌وڵه‌تی پێشكه‌وتوو بۆ ئیداره‌دانی پاشماوه‌كان سیاسه‌ت و ستراتیژییه‌تی درێژخایه‌ن و به‌رده‌وامییان هه‌یه و یاساكان وه‌كوو خۆی جێبه‌جێ ده‌كه‌ن و، خه‌ڵكیش به‌شداره له پرۆسه‌كه له شێوه‌ی ڕه‌فتاری ڕۆژانه‌یان و چۆنییه‌تیی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ زبڵ و خاشاکی خۆیان وەک سه‌رچاوه‌ی به‌رهه‌مهێنان و هه‌روه‌ها به‌رده‌وام كه‌مپه‌ین هه‌یه بۆ هاندانی خه‌ڵك بۆ نموونه: داوا له تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا ده‌كرێت له‌جیاتی كوپی پلاستیك ئه‌وا ده‌توانن كوپی تایبه‌تی خۆیان پێبێت له‌كاتی كڕینی قاوه‌دا، یاخود زه‌رفی پته‌و و جانتای خۆیان پێ بێت له‌كاتی بازاڕكردن له‌جیاتی به‌كارهێنانی زه‌رفی پلاستیكی ماركێته‌كان.
له ده‌وڵه‌ته ناپێشكه‌وتووه‌كاندا، بۆ نموونه، عیراق، به‌پێچه‌وانه‌وه پشت گوێخستنێكی ته‌واوی ئیداره‌دانی پاشماوه‌كان ده‌بینرێت. له‌ڕووی به‌رپرسیاره‌تیی مۆراڵییه‌وه، ئه‌و پشت گوێخستنه كاریگه‌ریی نه‌رێیی ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر ته‌ندروستیی گشتی دروست ده‌كات و، ئه‌و به‌رپرسیاره‌تیشه له‌ئه‌ستۆی سیاسییه‌كانه كه هیچ جووڵه‌یه‌كی جددییان لێ به‌دی ناكرێت بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌ته. له‌كاتێكدا به‌پێی پره‌نسیپه‌كانی مۆراڵی سیاسی، ته‌ندروستیی گشتی به‌رپرسیاره‌تیی یه‌كه‌م و هه‌ره گرنگی حكوومه‌ته، بۆیه ناكرێت ئه‌و پرسه بخرێته ئه‌ستۆی كۆمپانیاكانی كۆكردنه‌وه و فڕێدان و له‌ناوبردنی خاشاك.
هه‌روه‌ها ئه‌و بوونی فه‌وزایه له ئیداره‌دانی زبڵ و خاشاك له عیراق هه‌یه، جگه كاریگه‌رییه خراپه‌كانی له‌سه‌ر ته‌ندروستیی هاووڵاتییان، ئه‌وا كاریگه‌ری نێگه‌تیڤی ڕاسته‌وخۆشی له‌سه‌ر ژینگه دروست كردووه ،به‌تایبه‌تی له ژه‌هراویكردن و تێكدانی سه‌رچاوه‌كانی ئاو به‌و پاشماوانه و به‌تایبه‌تیش پلاستیك. ئه‌وه‌ی جێی سرنجه ده‌وڵه‌تی عیراق خاوه‌نی یاسای زۆره له‌و باره‌یه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رسوڕمانه كه‌مته‌رخه‌می و ساردی حكومه‌ته له‌جێبه‌جێكردنی یاساكان وه‌كوو خۆی و، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه ستانداردی مۆراڵی سیاسییه بۆ به‌ڕێوه‌بردنێكی باشی حكوومه‌ت و ئاراسته‌كردنی كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و سیستەمی هاووڵاتیبوون.
ئه‌م لێكۆڵینه‌وه هه‌وڵی دا چی بڵێت؟
ئیتیك و مۆراڵی سیاسی بناغه‌ی به‌هێزی حوكمڕانی و سیستەمی ئابوورییه‌كی ته‌ندروسته. له غیابی مۆراڵی سیاسی‌دا، له سیستەمی ئیمپریاڵی چاینادا ده‌ركه‌وت چۆن چینی ناوه‌ند و جووتیار و هه‌ژاران بوونه قوربانی و، شۆڕشی كۆمیونیستیش ئامانجی سه‌ره‌كیی گێڕانه‌وه‌ی مۆراڵ بوو بۆ به‌ڕێوه‌بردن تا له‌ڕێگه‌یه‌وه دادپه‌روه‌ری به‌ده‌ست بێت، به‌ڵام به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان شۆڕشیش كه‌وته‌وه هه‌مان چاڵی نه‌مانی مۆراڵی سیاسی و گه‌ڕانه‌وه بۆ هه‌مان چیرۆكی ئیمپریال به به‌رگێكی دیكه. ته‌نانه‌ت سیستەمی كاپیتاڵیزمیش نه‌یتوانی نموونه‌یه‌كی ئایدیاڵ و بێخه‌وش بێت و له كه‌یسی براندی نایك بۆ ئیداره‌دانی كرێكاران و تا سیستەمی بازاڕی ئازاد و بانكه زەبه‌لاحه‌كانی مرۆڤایه‌تی تووشی قورسترین داڕمانی ئابووری كرد له‌ساڵی 2008. هه‌روه‌ها له شه‌نوكه‌وی ئه‌و كه‌یسانه‌ی داڕمانی ئابووریی جیهان ئه‌وە ڕوون بوویه‌وه كه ناكرێت بازاڕ و كۆمپانیاكان به‌ته‌نها جێ بهێڵدرێن، به‌ڵكوو ده‌بێت له‌ژێر چاودێریی حكوومه‌تدا بن و، یاساش هه‌بێت ڕه‌فتار و كردارییان دیاری بكات.
له هه‌مووشی گرنگتر، له‌م لێكۆڵینه‌وه‌دا ئه‌وه ئاشكرا بوو كه هێزی پێكه‌وه كاركردن و هه‌ره‌وزی و به‌خشین چۆن شكست به چه‌مكی باڵاده‌ستی و هێزی پاره و ئابووری ده‌هێنێت، به‌تایبه‌ت له هه‌ردوو كه‌یسی به‌خشینی خوێن و به‌خشینی ئه‌ندامانی جه‌سته.
له‌وه‌ش گرنگتر، ئاماژه‌یه‌كی دیكه‌ی باشیش له‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌دا باسی لێوه كرا، ئه‌ویش سه‌ركه‌وتنی ده‌وڵه‌تانی بچووك و مامناوه‌ند به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تانی زلهێز و ده‌وڵه‌مه‌ند و خاوه‌ن چه‌كی ئه‌تۆم و مافی ڤیتۆ، له‌ڕووی خۆشگوزه‌رانی و دڵخۆشیی هاووڵاتیانی ئه‌ویش له‌رێی جێبه‌جێكردنی مۆراڵی سیاسی و هه‌بوونی سیستەمی كۆمه‌ڵگای هاووڵاتیبوون (Citizenship)، ستراتیژییه‌كه جێبه‌جێ كرا و له‌به‌رامبه‌ر ماتریاڵ و كۆمه‌ڵگای سیسته‌می به‌كاربه‌ر و بازاڕ بردییه‌وه.
له‌كۆتاییشدا، ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه ئامانجی سه‌ره‌كیی ئه‌وه بوو كه ده‌ری بخات بۆ كۆمه‌ڵگا و ده‌وڵه‌تانی مامناوه‌ند، به‌تایبه‌تی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی ده‌یانه‌وێت ئاشتی به‌رده‌وام به‌ده‌ست بێنن و دادپه‌روه‌ری بچه‌سپێینن و به‌تایبه‌تریش بۆ كاراكته‌رێکی ناده‌وڵه‌تیی وه‌ك هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وا مۆدێلی گونجاو و ته‌ندروست، مۆدێلی سیسته‌می كۆمه‌ڵگای هاووڵاتیبوونه، نه‌ك مۆدێلی سیستەمی كۆمه‌ڵگای بازاڕ و به‌كاربه‌ر.
سه‌نگه‌ر رسول
ماسته‌ر له‌په‌یوه‌ندییه سیاسییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان / زانكۆی شیفێڵد، به‌ریتانیا
Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved