22/12/2024
چەمکی ئێتیک لە سیستەمی ستانیسلاڤسکی

پێشەکی

ئەکتەر و ڕیژیسۆری ڕووسی کۆنستاتین ستانیسلاڤسکی١٨٨٣-١٩٣٨ لە سەرجەم کتێب و نووسینەکانیدا دەربارەی هونەری نواندن و تەکنیکەکانی نمایش و بەرجەستە کردن( لە هەشت بەرگدا) سۆراخی حەقیقەت دەکا و بەدوای ڕاستییەکدا وێڵە کە پێی دەڵێ (ڕاستیی هونەری)، لەم سۆراخە دوور و درێژەی تەمەنیدا، لە سەرجەم قۆناخەکانی تەمەنی هونەرییدا دوو تایبەتمەندێتی زاڵن بە سەر هەموو چەمکە هونەرییەکانیدا: یەکەم ڕاستگۆیی، دووەم خاکەڕایی (سادەیی) و خۆنەویستی. دیارە ئەم دوو تایبەتمەندێتییە ئاکاری هەموو ئەو بیرمەندانەن کە لە مێژووی هزر و هونەردا بەدوای ڕاستی و حەقیقەتدا وێڵ بوون و سۆراخی حەقیقەتیان کردووە. 

کۆنستانتین ستانیسلاڤسکی، دامەزرێنەری ئەو سیستەمەیە ( ڕیالیزمی سایکۆلۆژی)، کە لە سەرانسەری جیهاندا بە یەکەم  سیستەم و قوتابخانەی فێرکردن و پەرەپێدانی هونەری نمایش و نواندن دادەنرێت. بەر لە ستانیسلاڤسکی، ئەوەی هەبوو، بریتی بوو لە شێوازی جیاجیای باوی نمایشکردنی ئەکتەرە بەناوبانگەکان، کە لە مێژووی شانۆدا بووبوون بە ڕێچکە و مۆدێل. بەڵام سیستەمی ستانسلافسکی خۆی وەک یەکەم قوتابخانەی پتەو و دامازراو بۆ پێگەیاندنی ئەکتەر سەلماند، نەک تەنیا لە ڕووسیا، بگرە لە هەموو جیهاندا. 

لەڕووی کەسایەتییەوە سادەیی و خاکەڕایی ستانیسلاڤسکی، سەرەڕای زانایی و پێگەی مەزنی لە مێژووی شانۆدا وێنەی نییە. ستانیسلاڤسکی بەوە ناسرابوو،هەروەکوو سوکرات، بەرانبەر بە چەندین پرسیار، دوور لە هەموو جۆرە گەورەیی و خۆبەزلزانینێک، دەیگوت: نازانم، وەڵامم پێ نییە. 

ستانیسلاڤسکی لە نووسینەکانیدا بۆ گەیاندنی بیرۆکە و فێرکارییەکانی دیالۆگ بەکاردەهێنێ و یەکێک لەو شێوازانەی کە بەکاری دەهێنێت لەڕێگای کارەکتەرێکی خەیاڵییەوەیە بە ناوی تۆرتسۆڤ. شێوازی بەکارهێنانی دیالۆگ لە نووسینەکانیدا، بەتایبەتی لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا( ئەکتەر خۆی ئامادە دەکا) گەلێ نزیکە لە شێوازی نووسینی ئەفلاتوون. هەر لەم کتێبەشدا ئاماژەیەک زۆرمان سەبارەت بە چەمکی ئێتیک بەرچاو دەکەوێ، کە لە ڕوانگەی نووسەرەوە بۆ چەمکی(Virtus)، فەزیلەتەوە سەرچاوە دەگرێ. ئەکتەر وەک ستانیسلاڤسکی دەخوازێ، پێویستە کار بۆ وەدەستهێنانی ئازایەتی و میانڕەوەی و خۆڕاگری و دادپەروەری بکا. 

لە زۆربەی کتێبەکانیدا، ستانیسلاڤسکی بە زمانی تۆرتسۆڤ دەدوێ، کە کەرەکتەرێکی خەیاڵییە، ڕاهێنەر و مامۆستایەکی شانۆیە و گوزارە لە بیر و بۆچوون و ڕێنماییەکانی ستانیسلاڤسکی دەکا.

لە کتێبی ئێتیکدا، تۆرتسۆڤ وەک ڕاهێنەر و مامۆستایەک بۆ ئەکتەرە گەنجەکان دەدوێ، ئامۆژگاری و ڕێنمایی پراکتیکی سەبارەت بە چەمکی ئەخلاق لە شانۆدا پێشکەش دەکا. لەڕێگای دیالۆگی نێوان تۆرتسۆڤ و ئەکتەرەکانەوە ئاشنای بەها سەرەکییەکانی ئەخلاق دەبینەوە، بەو شێوەیەی کە مەبەستی ستانیسلاڤسکییە.

ئەم ڕێچکەیە لە بەکاربردنی دیالۆگدا، ڕێگا دەدا بنەما تیۆرییەکان لەڕێگای نموونەی پراکتیکی و گفتوگۆی پەروەردەییەوە وێنا بکرێن، ئەمەش وا دەکا بیرۆکەکان ڕوونتر و ئاسانتر بگەن. تۆرتسۆڤ لە دیالۆگەکانیدا تیشک دەخاتە سەر لایەنی پراکتیکی نواندن و جەخت لەسەر گرنگیی پرۆڤە و سەرمەشق و خۆڕاگری (دیسپلین) و کاری کردەیی و پراکتیزەکردنی ڕۆژانە دەکاتەوە.

ستانیسلاڤسکی لەڕێگای تۆرتسۆڤەوە ئەو ڕاهێنان و تەکنیکانە شی دەکاتەوە کە بۆ ئەکتەر پێویستن، کە یارمەتیان دەدات چۆن پەرە بەتواناییەکانیان بدەن و کارلێکی ڕاستگۆیانە لەگەڵ ئەو کارەکتەرەی کە نمایشی دەکەن بەدەستبهێنن. ستانیسلاڤسکی لە دیالۆگەکانیدا پشت بە ئەزموونە کردەییە شانۆییەکانی خۆی دەبەستێ.

ئەم شێوازەی ستانیسلاڤسکی لە داڕشتن و دەربڕینی هزر و بۆچوونەکانیدا شێوازی سۆکرات و ئەفلاتونمان وەبیر دێنێتەوە. شێوازێکە پشت بە دیالۆگ و پرسیار و وەڵام دەبەستێت لە جیاتی نووسین بە شێوازێکی کۆنەباو. دیالۆگ بۆ ڕێنماییکردنی تاکەکان بەرەو تێگەیشتنێکی قووڵتر لە خۆیان و بەهاکانی بەکاردێت.

ئامانج و مەبەست لەم پرسیارانە هاندانی بیرکردنەوەی ڕەخنەییە و ڕێنماییکردنە بۆ دۆزینەوەی وەڵامی ڕاستەقینە. نەک هەر ئەوەندە، بگرە لە داڕشتنی بنەما و بەهاکانی ئێتیکادا، ستانیسلاڤسکی لە زۆر ڕووەوە سوکراتمان بیر دەخاتەوە، ئەویش دروست وەک سوکرات هانی پرسیارکردن لە پێشگریمانەکان و لێکۆڵینەوە لە ڕەوایەتی بیرۆکە پەسەندکراوەکان دەدات.

ستانیسلاڤسکی لە کتێبەکەیدا ( کاری ئەکتەر لە سەر خۆی) سوکراتئاسا جەخت لەسەر گرنگیی خۆناسین دەکاتەوە وەک هەنگاوی یەکەم بەرەو زانین و حیکمەت. هەروەک سوکراتیش خۆنەویستی فیکری چرای ڕێگا ڕۆشنکەری هونەرە لەلای ستانیسلاڤسکی. بەر لە ستانیسلاڤسکی ئەکتەران لە جیهاندا پێیان وابوو کە دەبێ تەنیا کار لە سەر ڕۆڵەکانیان بکەن، بەڵام ستانیسلاڤسکی کاری ئەکتەری لە سەر خودی خۆی و دۆزینەوە و ناسینی کەسایەتی خۆی کرد بە مەرجێکی سەرەکی.

چەمکی ئێتیک

کتێبی ئێتیک، بە ڕووسی( ئێتیکا)، سەرەڕای ئەوەی کە بە قەبارە بچووکترین کتێبی ستانیسلاڤسکییە، بەڵام ستانیسلاڤسکی ناسەکان کۆکن لە سەر ئەوەی کە سەرچاوەیەکی  گرنگە بۆ شانۆکاران،  ئەگەر نەڵێین یەکەم سەرچاوەیە لە مێژووی شانۆدا، کە تەرخان کراوە  بۆ دیاریکردنی بنەما ئەخلاقییەکانی کارکردن لە شانۆدا، بەتایبەتیش بۆ ئەکتەران، دواتر بۆ دەر‌هێنەران و سەرجەم داهێنەران و  کارگێڕانی ناو بواری شانۆ. بەڵام ئاشکرایە کە ستانیسلاڤسکی لەم کتێبەدا ڕووی دەمی بە پلەی یەکەم لە ئەکتەرە، پاشان لە ڕیژیسۆر و شانۆکارانە بەگشتی. لە ڕاستیشدا کتێبەکە  ڕێنماییگەلێکی ئەوەندە سادە و گرنگ لەخۆ دەگرێ، کە دەکرێ ببێ بە ڕێبەرێکی بەهاکانی ئێتیک کە هەر هونەرمەندێک، کە بیەوێ پەرە بە خۆی و هونەرەکەی بدا، سوودی لی ببینێ. 

ئێتیکی ستانیسلاڤسکی  تیشک دەخاتە سەر ئەو هزر و بیرۆکانە، کە لە بەرهەمەکانی دیکەی نووسەردا، بە کورتی و لێرە و لەوێ ئاماژەیان پێ دەکا، بەڵام نەک بەو شێوە قووڵ و  چڕوپڕەی، کە لە ئێتیکدا باسی لێوە دەکا، چونکە ئێتیک، وەک لە ناونیشانەکەیدا دەردەکەوێ، تەرخان کراوە تەنیا بۆ بابەتی ڕەوشت و هەڵسوکەوت و ڕادەی دیسیپلین و خۆڕاگری شانۆکاران بەگشتی و ئەکتەرانیش بەتایبەتی. ئەمەش بەر لە ستانیسلاڤسکی کەس بەم شێوە قووڵ و فراوانە باسی لێوە نەکردووە.  

دیدگای ئەخلاقی ستانیسلاڤسکی بەر لە نووسینی ئێتیک، لە چەند بەشێکی کتێبە بەناوبانگەکەیدا ( ژیانم لە هونەردا) بەرچاو دەکەوێ. هەر بۆیە، کە باس لە گرنگیی ئێتیک لە پڕۆسەی داهێنانی شانۆییدا دەکەین، ناکرێ ئاماژە بە کتێبی (ژیانم لە هونەردا) نەکەین و هەڵوەستەیەک لە سەر ئەم کتێبە گرنگە نەکەین، کە یەکێکە لە هەرە کتێبە بەهادارەکانی شانۆ.  ستانیسلاڤسکی لەم کتێبەدا بە شێوازێکی قووڵ و سادە، کاریگەر و ڕەوانبێژانە، باس لە ژیانی  خۆی لە هونەردا دەکات، کە شانۆ بۆ ئەو تەنیا پیشە و ئارەزوو نەبووە، بگرە خولیا و عیشقی و ئەڤینی سەرتاسەری تەمەنی بووە، بە ئەندازەیەکی ئەوتۆ هەموو وزە و توانایەکی خۆی و گشت داهات و سامانی خۆی بۆ خستۆتە گەڕ. کە وەسفی نمایشەکان و پرۆسەی پروڤە و مەشق و ڕاهێنان و کارکردن دەکات، باس لەوەش دەکات کە چۆن هەوڵی داوە لە ئەکتەرێکی ئاماتۆرەوە( ئارەزوومەند) ببێ بە شانۆکارێکی پیشەمەند و چاکسازخوازێکی مەزن و داهێنەری میتود و یەکەم قوتابخانەی بەرجەستەکردنی ڕۆڵ لە سەر ئاستی هەموو جیهاندا، بگرە بەناوبانگترین شانۆکاری خاوەن ڕێباز و میتودی هونەری نواندن تاکوو ئێستا. 

(هونەرت لە خۆتدا خۆش بوێت، نەک خۆتت لە هونەردا خۆش بوێت) ئەم چەمکە ئێستاتیکییە ئەخلاقییە، بەهادارترین هزرە کە بۆ یەکەم جار  لە کتێبی ژیانم لە هونەردا ڕوو بە ڕووی دەبینەوە، بەڵام ستانیسلاڤسکی دواتر لە کتێبی ئێتیکدا قووڵتر و فراوانتر ئەم چەمکە تاوتوێ دەکا.

ستانیسلاڤسکی ئەم بەهایە، بەهای ئەوەی کە شانۆکار پێویستە هونەری لە خۆیدا خۆش بوێ، نەک خۆی لە هونەردا، دەکاتە مەرجێکی ئەخلاقی بۆ پێشکەوتنی شانۆکار و گەشەدان بە هونەرەکەی. زۆربەی شانۆکاران ئاشنای ئەم بەها و پرنسیپەن، زۆربەیان پیادەکردنی بە مەرج دەزانن، بەڵام بەداخەوە کەمیان، یان زۆر بەدەگمەن، دەتوانن ئەم ڕەوشتە بەرزەی هونەر بەکردەیی لە واقیعدا بنوێنن. ئەوەی ستانیسلاڤسکی بە مەرجی دەزانێ بۆ ئەوەی هونەرت لە   خۆتدا خوش بوێت، نەک خۆت لە هونەردا، وا پێویست دەکا کە شانۆکار هزر و دەروونی خۆی لە خۆپەرستی و خۆ بەزلزانین و نارسیزم پاکژ بکا. ئەمەش بۆ ئەکتەران، مەرجێکی هەروا سادە و ئاسان نییە، بەتایبەتیش بۆ ئەو ئەکتەرانەی کە بیریان لەلای قەبارەی ڕۆڵەکەیە، بیریان لەلای ئەوەی چەند دیالۆگیان لە ناو شانۆنامەکەدا هەیە، بیریان تەنیا لەوەدا چڕ بۆتەوە، ئاخوا ڕۆڵەکەیان چەند گەورەیە و چۆن دەردەکەون، ئەو جۆرە ئەکتەرانە کەسانێکن، بە خۆیان بزانن یان نەزانن، پێوەندییەکی ڕاستەقینەیان بە هونەری شانۆوە نییە وهونەریان خۆش ناوێ، بگرە تەنیا خۆیان خۆش دەوێ، ئەوان شانۆ دەخەنە خزمەتی ئێگۆیان و هونەریان لە ناخەوە خۆش ناوی، بگرە هونەر بۆ دەرکەوتن خۆنمایشکردن بەکار دەبەن و ئێگۆیان، نەک هونەر،  بەلاوە هەموو شتێکە. تاکە مەبەستی ئەوان ئەوەیە کە چۆن لەڕێگای شانۆوە ئێگۆی خۆیان بسەلمێنن. 

ئەم دەردە دەردی  زۆربەی ئەکتەرانە، ئەکتەر بەگشتی بیر لە ڕۆڵی گەورە دەکاتەوە، تەنانەت بەشێک لەوانەش کە خۆیان بە شاگرد و قوتابی قوتابخانەکەی ستانیسلاڤسکی دەزانن،  مل نادەن بە چەمکە بەناوبانگەکەی، کە لە ئێتیکا جەختی لە سەر دەکات( ڕۆڵی گەورە و ڕۆڵی بچووک نییە، بگرە ئەکتەری گەورە و ئەکتەری بچووک هەیە).

بەش بەحاڵی خۆم چەندین ئەکتەری دەرکەوتووم بینیوە کە لە نمایشدا ڕۆڵی سەرەکیی بینیوە، لە کاتی نمایشەکەدا زۆربەی کات  لە سەر شانۆ بووە، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە، هەر ئەو ئەکتەرە ئەگەر یەکێک لە ڕۆڵە بچووکەکانی گێڕابا، دڵنیام سەرکەوتووتر دەبوو. بۆ سەلماندنی ئەم هزرە قووڵەی ستانیسلاڤسکی توانم چەندین بەڵگەی خۆماڵی بێنمەوە. 

کتێبی ژیانم لە هونەردا بە شانۆکاران دەڵێ، کە ڕیگای داهێنان لە شانۆدا سەختە، ئەوە دەخوازێ کە بەردەوام کار لە سەر خۆت بکەیت، هاوکات شانۆ هونەرێکیشە چێژبەخش و شادیبەخشە، دا‌هێنانیش ئەوە دەخوازێ کە شانۆکار دەبێ بەردەوام کار لە سەر خۆی و بەهرە و تواناییەکانی بکا و بایەخ و گرنگی بە هاوکار و هاوپیشەکانی بدا و ڕێزیان لێ بگرێ. ئەو بەها ئەخلاقییانە کە ستانیسلاڤسکی لە کتێبی( ژیانم لە هونەردا) بە هزری بنچینەیی ناویان دەبا، پاشتر دەبنە چەمکی سەرەکی و ناوەڕۆکی کتێبی ئێتیک.

لایەنی هەرە گەشی کتێبی ئێتیک لەوەدا خۆی دەنوێنێ، کە سەرچاوەیەکی وزەبەخش و ئیلهامبەخشە، نەک تەنیا بۆ شانۆکاران، بگرە بۆ هونەرمەندان بەگشتی. ڕەوتی ژیانی نووسەر لە هونەردا، ئەو دەسەلمێنێ کە شانۆکاران لە بنەچەکدا مرۆڤی دڵخۆشن؛ چارەنووس فەزایەکی بچووکی لەم جیهانە فراوانەدا - شانۆ – پێ بەخشیون تاکوو بتوانن ژیانی هونەری ناوازە و نایابی خۆیانی تێدا بخولقێنن، ژیانێک کە  پڕە لە داهێنان و ئەفراندن و کاری بەکۆمەڵ و هەرەوەز. شانۆکاران لە پەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ گەورە نووسەرانی  وەک شکسپیر، پوشکین، گۆگۆڵ، مۆلیێر و چێخۆڤ و ئەوانی دیکە. کتێبەکە بە پرسیارێکی ئێستاتیکی کۆتایی دێت: ئایا هەموو ئەمانە بەس نین بۆ دروستکردنی گۆشەیەکی جوانی ئەم جیهانە؟

ستانیسلاڤسکی لە "ژیانم لە هونەردا" تیشک دەخاتە سەر بەهایەکی ئەخلاقی بنچینەیی، ئەویش ڕێزگرتنە لە هونەری شانۆ و لە سەرجەم داهێنەرانی ناو ئەو پرۆسە هونەرییە کە کاری لەسەر دەکەن، بە مەبەستی  ئەوەی شانۆ ببێ بە پانتاییەکی واڵا و بەپیت بۆ داهێنانی ڕاستەقینە.

لە ئێتیکدا ستانیسلاڤسکی، بە بەراوورد لەگەڵ کتێبەکانی دیکەیدا، پتر و فراوانتر و ڕاستەوخۆتر تیشک دەخاتە سەر ئەم بابەتە، لە هەندێ شوێنیشدا بیر و بۆچوونەکانی خۆی بەشێوەی  مێتافۆر دەخاتە ڕوو و  جەخت لە سەر  جۆریەتی  و بەهای هەڵسوکەوت و ڕەفتارکردن دەکا، لە فەزای داهێنان و لە شێوازی دەربڕیندا. ستانیسلاڤسکی داوا لە  شانۆکار دەکا پێڕەوی ئەو جۆرە ئێتیکایە بکا، کە لەو بیر و هەست و خووی نەرێنیانەی دەیپاڕیزێ،  کە مێشک و دەروونی پیس دەکەن و ڕێگا لە پرۆسەی داهێنان دەگرن. 

 ستانیسلاڤسکی شانۆ بە پەرستگایەکی هونەری دەچوێنێت کە دەبێ لە "هەموو پیسییەک" بپارێزرێت، بۆیە داوا لە هونەرمەندان دەکات کە خەمی لاوەکی و بچووک و نیگەرانییەکانی ڕۆژانەیان، هەست و بیری شەڕخوازی و دژمنایەتیکردنی یەکتر لە دەرەوەی شانۆ بەجێبهێڵن، داواش لە ئەکتەران دەکا کە خۆیان لە بەدکاری و حەسادەت و ئیرەیی و بوختان و  خۆبەزلزانین و شانازیکردن و سواڵکردنی ستایش و پیاداهەڵدان  دوور ڕاگرن، ئەم هەستە دزێوانە کە لە ژینگەی فیستیڤاڵ و کێبڕکێ و خەڵاتکردندا باون،  فەزای هونەری لە پانتایی داهێنانەوە دەکات "تەنەکەی زبڵ".

ئێتیک بیرخستنەوەیەکی بەهێزە کە هونەر تەنیا بریتی نییە لە کارامەیی و لێهاتوویی و دەستڕەنگێنی و داهێنان، بگرە هونەر پێوەندییەکی قووڵی بە ئاسوودەیی  ڕۆحی و دەروونییەوە هەیە، هەرەها پێوەندییەکی ڕاستەوخۆشی بە ئەو ژینگەیەوە هەیە کە هونەرەکەی تێیدا بەرهەم دەهێنرێ. هەربۆیە، ستانیسلاڤسکی  جەخت لە سەر بایەخ و گرنگیی پاراستنی شانۆ دەکات وەک فەزایەکی پیرۆز بۆ داهێنان، بەو پێیەی هونەرمەندان دەبێ خۆیان لە هەستی نەرێیی و پیسبوونی باری دەروونییان بەدوور بگرن، ئەوەش بەو مەبەستەی نەبادا ئەو هەستە دزێو و کوشندانە بە خراپ کار بکەنە سەر پرۆسەی دا‌هێنان، لە پرۆسەی مەشق و ڕاهێنان و پرۆڤەکاندا ببن بە کۆسپ و تەگەرە و دەرئەنجامی ڕووخێنەریان لێ بکەوێتەوە.

ئێتیکی ستانیسلاڤسکی گفتوگۆیەکی قووڵ سەبارەت بە ئەخلاقی شانۆیی دەخاتە ڕوو، هاوکات ئەو پرسە دەخاتە ڕوو، کە چۆن شانۆکار بتوانێ ژینگەی داهێنەرانە و هاندەرانە بۆ کارەکەی بڕەخسێنێ، مەرجی سەرەکییە بۆ ئەفراندن و داهێنان، ئەمەش بە ڕای ستانیسلاڤسکی ‌توانایی و بوێری ڕووبەرووبوونەوەی کۆسپەکان دەخوازێ، لە ڕووبەڕووبوونەوەی کۆسپەکان، کۆسپی دەروونی و کۆمەڵایەتی. هاوکات بە ئەکتەران  دەڵێ چۆن و بە چ شێوەیەک بەسەر ئەو  کۆسپانەدا زاڵ بن و چۆن شانۆ وەک شوێنێکی پیرۆزی داهێنان و ئەفراندن بپارێزن.

تۆرتسۆڤ( بە زمانی ستانیسلاڤسکییەوە) پێداگری لە سەر ئەوە دەکا کە سیفەتە نەرێییەکانی وەک سەرکەوتن، بایەخدان بە ناوبانگ و سواڵکردنی ستایش، کێبڕکێ و ئیرەیی دەبێ لە ڕۆحدا ڕیشەکێش بکرێن. ئەم بۆچوونەی تۆرتسۆڤ هانی گۆڤۆرکۆڤی قوتابی هونەری نواندن دەدا ئەم پرسیارەی ئاڕاستە بکا: 

-ئایا ئەمە لە ڕاستیدا دەکرێ ئەنجام بدرێ؟

وەڵامی: بەڵێ.

تۆرتسۆڤ ئەمجا ئەو ڕێگایانەمان پێشان دەدات کە باری دەروونی و ڕوحی ئەکتەر لە سیفەتە نەرێییەکان پاکژ دەکات.

ستانیسلاڤسکی لە زاری تۆرتسۆڤەوە دەلێ:گەلێک گرنگە ئەکتەر  بتوانێ هەست و سۆز و هەڵچوونەکانی خۆی کۆنتڕۆڵ بکا، لە بەرانبەردا بایەخ  بە بابەتە ئیلهامبەخش و بەهادارەکان بدا و هزر و ئەندێشەی خۆی لە ئاستێکی مرۆیانەی بەرزدا ڕاگرێ. ستانیسلاڤسکی  جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەگەر ئەکتەر تەنانەت نەتوانێ خۆی بەتەواوەتی لە بیرکردنەوەی نەرێیی و خەم و پژارەی ڕۆژانە ڕزگاری بکا، دەکرێ، ئەگەرچی بۆ ماوەیەکی کورتیش بێ خۆی لەو خەمانە دوور ڕابگرێ، ئەم ڕاهێنانە ڕێگا خۆش و ئاسان دەکا بۆ مسۆگەرکردنی ژینگەیەکی پوزیتیڤ وشادیبەخش، ئاماژەیەکیشە بۆ مۆدێلی ئەمریکی کە زەردەخەنە و گەشبینی دەرئەنجامێکی باشتری دەبێ.

ئازادیی دەستەجەمعی بەرانبەر بە تاک: دەقی ئێتیک باس لە پرسی ئازادی و فەلسەفەی ئازادی دەکا، پرسیار دەکات کێ ئازادترە - ئەو کەسەی تەنیا سەربەخۆیی خۆی دەپارێزێ یان ئەو کەسەی کە خۆی لەبیر دەکات و گرنگی بە ئازادیی ئەوانی تر دەدات.

دەقەکە دیدێکی فەلسەفیانە بۆ کارلێکی مرۆڤ لەناو فەزای شانۆدا دەخاتە ڕوو، جەخت لەسەر گرنگیی خاوێنیی ڕۆحی و نیهادپاکی، ڕێزگرتنی یەکتر، گەشبینی و سینگفراوانی وەک توخمە جەوهەرییەکان بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی تەندروست و ئیلهامبەخشی داهێنەرانە بە پێویست دەزانێ.

کتێبی ئێتیک پەیامێکی بەهێزە سەبارەت بەوەی کە چۆن تاک و کۆمەڵگا دەتوانن بەشداری بکەن لە دروستکردنی پانتاییەک بۆ داهێنان. دەقەکە بە جەختکردنەوە لەسەر ڕێزگرتنی یەکتر، گەشبینی کۆمەڵایەتی، خۆبەخشی و چەمکی ئازادی، ئەوە پیشان دەدات کە ژینگەی شانۆیی دەتوانێ ڕەنگدانەوەی دۆخی ئەخلاقی و ڕۆحی ئەو کەسانە بێت کە تێیدا کار دەکەن، ئەوەش دووپات دەکاتەوە کە بەختەوەری و ئازادی تەنیا دەرئەنجامی هەلومەرجی دەرەکی نین، بەڵکوو دەرئەنجامی کاری  ناوخۆیی و هەوڵی هاوبەشە، ئەمەش لەڕێگای هەستکردن بە بەرپرسێارێتییەوە دێتە بەرهەم،  کە هەر تاکێک نەک تەنیا بەرانبەر بە خۆی، بەڵکوو بەرانبەر بە کۆی کۆمەڵگا بەرپرسیارێتی هەڵدەگرێت و ڕەفتار و بیرکردنەوە کەسییەکان کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر کەشوهەوای گشتی و بەرهەمهێنانی داهێنەرانە هەیە.

ئێتیکی شانۆیی بانگەوازێکە بۆ هەموو شانۆکارێک کە هۆشیارانە و دڵسۆزانە کار بۆ  دروستکردنی فەزایەکی گونجا و لەبار بۆ ئەفراندن و داهێنان دەکا. هەروەها ئەوەش دەسەلمێنێ کە چۆن گۆڕانکارییە تاک و دەستەجەمعییەکان دەتوانن جیاوازییەکی بەرچاو لە ژینگەی داهێنەرانەدا دروست بکەن. کاری تیمی و داینامیکی لەناو ژینگەی شانۆدا پێویستە پشت بە ڕێکخستن و دیسیپلین و ڕەوشتی بەرز ببەستێ، بۆیە ستانیسلاڤسکی هزری خۆی  لە چەند خاڵیکدا چڕ دەکاتەوە:

ڕێکخستن و کارکردن لەپێناوی ئامانجە هونەرییەکان: ڕێکخستن و دیسیپلین نەک تەنیا بۆ پێکهاتەی گشتیی بەرهەمەکان، بەڵکوو بۆ مەبەستی هونەریش پێویستە، ستانیسلاڤسکی دەشڵێت کە ڕێزگرتنی ڕاستەقینە بۆ هونەر دەبێ لە ناوەوە، لە خودی شانۆکارانەوە بێ، نەک لە دەرەوە.

دەسەڵاتی هونەری و بەڕێوەبردن: ستانیسلاڤسکی جەخت لەسەر گرنگیی پاڵپشتیکردنی سەرکردە و بەڕێوەبردنی هونەری لە ناو شانۆدا دەکاتەوە، واتا کاتێک بەڕێوەبەرێکی هونەری دەستینشان دەرکرێ، دەبێ تەواو پشتگیری لێ بکرێ بۆ ئەوەی سەرکەوتن بۆ شانۆکە مسۆگەر بکا، چونکە دەسەڵاتی لاواز دەتوانێ تەواوی پڕۆژەکە ئیفلیج بکا.

کێبڕکێ و ئیرەییبردنی شانۆکاران بەیەکتر: لە ئێتیکدا ستانیسلاڤسکی کێشەی ئیرەیی و کێبڕکێی نەرێیی لەناو کۆمەڵگەی شانۆدا بە دەردێکی کوشندە دەزانێ، ئاماژەش بەوە دەکات کە زۆرێک هەوڵ دەدەن کەسانی دیکە بڕووخێنن،  کە سەرکەوتنی کەسانی سەرکەوتوو بە مەترسی دەزانن بۆ سەر پێگە و پایەی خویان، ئەم هەستە ڕووخێنەرە لەلای شانۆکاران ژینگەیەکی ژەهراوی لە ناو تیپ و کۆمپانیایاکەدا دروست دەکات.

فێربوونی بەردەوام:  ئێتیکی شانۆیی، وەک ئەوەی ستانیسلاڤسکی دایڕاشتووە،  بایەخ بە  بەهای فێربوونی بەردەوام  و کەڵکوەرگرتن لە ئەزموونەکانی داهێنەرە مەزنەکان دەدا، بەتایبەتی بۆ ئەکتەرە گەنجەکان. بەهای فێربوونی بەردەوام ئەم خاڵانە دەگرێتەوە:

١-فێربوون لە کەسانی ترەوە: ستانیسلاڤسکی هانی ئەکتەرە گەنجەکان دەدات بۆ فێربوون لە کەسانی بەئەزموون و لە خۆیان تواناتر، جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەموو کەسێک شتێکی هەیە بۆ پێشکەشکردن، بەبێ گوێدانە ئاستی بەهرە یان ناوبانگەکەی، دەبی پراگماتییانە سوودیان لێ وەربگیرێ.

٢-قبووڵکردنی ڕەخنە بەسینگێکی فراوانەوە:  ئێتیکی ستانیسلاڤسکی  هانی  شانۆکار دەدا کە بەرانبەر بە ڕەخنە سێنگ فراوان بێ و ڕەخنە قبوڵ بکا، کراوەیی بەرانبەر ڕەخنە و فێربوون لە کەسانی دیکەوە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە بۆ پێشکەوتن و گەشەکردنی شانۆکار.

٣-جیاکردنەوە و یەکاڵاکردنی ‌ڕەهەندە بەسوودەکان لەوانەی کە بێکەڵک و زیانبەخشن: ئەکتەر دەبێ بتوانێت ئەزموونە بەسوودەکان و ڕێنمایی و ئامۆژگارییەکانی داهێنەران و کەسانی پێشەنگ بناسێتەوە. بە بۆچوونی ستانیسلاڤسکی پەیبردن بە ئەزموونی سوودبەخش کارێکی ئەوەندە ئاسان نییە، ئەمەش تێبینییەکی گرنگە کە جەخت لەسەر گرنگیی کارکردنە لە سەر خود و پەرەپێدانی لایەنە ئەرێییەکانی کەسایەتیی شانۆکار. فێربوونی بەردەوام و توانایی قبووڵکردنی  ڕەخنە و سود وەرگرتن لە ئەزموونەکان لایەنی گرنگی پێشکەوتن و گەشەسەندنی ئەکتەرەکان پێکدێنن. ئەم دیدگایە پێویستی بە مێشککراوەیی و نەرمی دەکات لە مامەڵەکردن لەگەڵ بۆچوون و ئەزموونە جیاوازەکاندا. بۆ گەیشتن بەم ئەنجامە گرنگە،  ستانیسلاڤسکی بایەخ بە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە دەدا و بە میتودێکی کاریگەری دەزانێ بۆ ئەوەی شانۆکار بزانێ پێویستە چی وەرگرێ و چی پشتگوێ بخا، یان چۆن بتوانێ هێڵێک لەنێوان جوان و قێزەوندا بکێشێ.  هەر بۆیە پەنا دەباتە بەر وتەیەکی ئوسکار وایڵد کە دەڵێ "هونەرمەند یان پیاوی ئاینییە یان تەنیا گاڵتەجاڕێکە". 

 ستانیسلاڤسکی دەڵێ، "بەدرێژایی تەمەنت سۆراخی ئەو هزرە بکە کە خراپەکان لە باشەکان، کە جوانییەکان لە دزێوەکان جیا دەکاتەوە لە هونەرەکەماندا. چەندین ئەکتەر ژیانی خۆیان بەخت دەکەن بۆ خزمەتکردنی خراپەکان، بەبێ ئەوەی بەخۆیان بزانن، چونکە نازانن چۆن و بە چ  شێوەیەکی دروست نمایشەکەیان دەکرێ کاریگەریی لەسەر بینەر هەبێ. هەموو شتێک کە لەسەر شانۆ دەدرەوشێتەوە زێڕ نییە. سەرەڕۆیی و  بێسەروبەری (بێپرنسیپی) لە هونەرەکەماندا بەتەواوی بووەتە هۆی دابەزینی ئاستی شانۆ، چ لێرە و چ لە دەرەوەی وڵات. ئەمانە هەمان ئەو هۆکارانەن کە ڕێگری لە شانۆ دەکەن، ئەو پێگە بەرزە داگیر بکا و ئەو بایەخەی هەبێ کە شایەنیەتی.

 

د. فازل جاف

نووسەر و دەرهێنەری شانۆ

 

سەرچاوەکان:

 کتێبەکانی ستانیسلاڤسکی بە زمانی ڕووسی:

Моя жизнь в искусстве

Работа актёра над собой

Этика



ئاوەز ژۆرناڵ بڵاوكراوەیەكی گشتییە بە زمانی كوردی دەردەچێت، بنکەکەی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقە. ئارەزووی ڕووماڵکردنی سیاسی، ئابووری، ڕۆشنبیری، مێژوو و بابەت و ڕووداوەکانی دیکەی هەیە، دامەزراوەی كوردستان كرۆنیكڵ دەریدەكات .
+964(0) 750 928 83 85

Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved


X