22/12/2024
لەنێوان ڕێئالیزمەکاندا

پێشەکی

ڕێباز و شێوازە جۆراجۆرە ئەدەبییەکان لە باری زەمەنییەوە چەندە لێک دوورن و چۆن شوێنی یەکتر دەگرنەوە؟ هەبوونی چەند ڕێباز و شێواز لە یەک سەردەمدا چۆن پاساو دەدرێت؟ ئەگەر ئەدەبی مۆدێرنی گێڕانەوە، بۆ نموونە ڕۆمان و چیرۆکی کورت، هەڵقوڵاوی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و گوتارییەکانی ڕۆژاوا بن، گواستنەوە و سەرهەڵدانیان بۆ نێو جیهانی ئەدەبیی ڕۆژهەڵات، بۆ نموونە کوردستان، کامە ڕەوتی مێژوویی ڕەچاو دەکات؟ ئەگەر ژانرە ئەدەبییە تازەکان بە درەنگوەختی لە کوردستاندا سەر هەڵبدەن، کە هەر واش بووە، دەبێ چۆن خۆمان لەگەڵ ڕەوتی خێرای گۆڕانکارییەکانی ڕۆژاوا بگونجێنین؟ ئەم وتارە کورتە، هەوڵێکە بۆ ورووژاندنی ئەم پرسیارانە.   

ئاوڕێکی مێژوویی

کاتێک فرانسیس بەیکن (١٦٢٦-١٥٦١) هێشتا بە لاتینیی دەنووسی و کاتێک شێکسپیر (١٦١٦-١٥٦٤) بە شانۆ و غەزەلەکانی، زمانی ئینگلیسیی بە شێوەیەکی بێپێشینە دەوڵەمەند دەکرد و هەموو حیکمەتە مێژوویی و سەردەمییەکانی دەخستنە چوارچێوەی زمانە شیعرییەکەی خۆیەوە، سێرڤانتیش (١٦١٦-١٥٧٤) بەردی بناغەی دونیای مەیلەوڕێئالی خۆی دادەنا و پشتی لە دونیای حەماسە و ئەفسانەکان دەکرد و لە وڵاتێکی کاتۆلیکدا زمانی سپانیی دەکردە زمانی گێڕانەوەی گوتاری نوێباوی گێڕانەوە. تایبەتمەندییە شێوازی و نێوەڕۆکییەکانی ئەم سێ زانا بلیمەتە ئەوروپییە دەروازەی باسێکی گرنگی هاوتەریبی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و گوتارییەکان و هاوژینیی شێوازە جیاوازەکانی دەربڕینی ئەدەبی و خەیاڵی، دەکاتەوە. 

ئافراندنەوەی خەیاڵیی، بەڵام لە هەمان کاتدا تەواو ڕێئالیستییانەی سێرڤانتێس، کلیلی دەروازەی جیهانێکی نوێ دەداتە دەست سوارچاکێکی ڕەسەن کە بە یاوەریی سانچۆ پانزای بەردەستی، بتوانێت وەک پاڵەوانی سەردەمی نوێ و چینی تازە سەرهەڵداوی بورژوازی، دەرکەوێت و ئاسۆکانی جیهانی مۆدێرن بئەزمونێت و بە دەوروبەری خۆیان بناسێنێت. هەڵبەزدابەز و هاتوچووی دۆنکیخۆتێ لە نێوان دوو جەمسەری ڕێئالیزم و ئیدێئالیزمدا نیشانەیەکە بۆ تێکهڵکێشیی و گرێدراوی دوو جیهانی جیاواز لە هوندری یەکتردا و دواجار لەدایکبوونی نوێ لە هەناوی کۆندا. 

سەدەیەک دوای ئەزموونی بێبەدیلی سێرڤانتێس، باوکانی ڕۆمانی ئینگلیسی سوێند دەخۆن ئەوەی دەینووسن هەمووی ڕاستییە و هەڵقوڵاوی واقیعی ژیانە و دوورە لە خەیاڵ و شتی هەڵبەستراو. ئەوەش بەو مانایە دێت کە خوێنەری سەردەمی دانیەل دێفۆ (١٧٣١-١٦٨٤) دەبێ پێی وا بووبێت کە بەسەرهاتی ڕۆبینسۆن کروسۆ بەسەرهاتێکی واقیعی بووە و دێفۆی ڕۆژنامەنووس تەنێ ڕاپۆرتی بیست و هەشت ساڵ مانەوەی ڕۆبینسۆنی گەمیشکاوی گیرساوەی دوورگەیەک، بۆ خوێنەری ڕۆژنامەکان نووسیوە. وا دەزانرێت دێفو بە پیشەی ڕۆژنامەنووسیی خۆی وەفادار بووە و لەم بارەوە چ درۆی لەگەڵ خوێنەرانی خۆی نەکردووە. ئەمەش جۆرێکە لە پێوەندیی بنەمایی بەرهەمهێنانەوەی زانست و دەسەڵات لە سەردەمێکی دیاریکراودا. وێدەچێت میراتی هەمە لایەنەی پیوریتەنەکان (Puritans) لە سەدەی حەڤدەهەمەوە وای کردبێت کە زۆر ئەستەم بووبێت مەجال بە دەربڕینی ئازادانەی خەیاڵ درابێت و بەسەرهاتە خەیاڵییەکان ڕاشکاوانە گێڕدرابنەوە. هۆکاری پێداگریی بەردەوامی باوکانی ڕۆماننووسی، دانیەل دێفۆ، ساموئێل ڕیچاردسۆن (١٧٦١-١٦٨٩) و هێنری فیلدینگ (١٧٥٤-١٧٠٧) لەسەر ئەوەی، بەسەرهاتێک کە ئەوان دەیگێڕنەوە شتێک نییە جگە لە ڕاستی، بە پلەی یەکەم ئەو نۆڕمانە بوون کە پیوریتانەکان لە کۆمەڵگە و دونیای زانینی ئەو سەردەمی کۆمەڵگەی بریتانیادا سەقامگیریان کردبوون. بەم جۆرە بۆ خوێنەری ئەو سەردەمی، بەسەرهاتی پامێلای ڕیچاردسۆن و ڕۆبینسۆنی دێفۆ و تام جۆنزی فیلدینگ، نەک وەک ئاکامی خەیاڵ، بەڵکوو وەک دەربڕینی ڕووت و ڕەوانی واقیع وا بوونە. ئاخر چوارچێوەی گوتارییانەی ئەو سەردەمە تێگەیشتنێکی لەم چەشنەی لە واقیع و بەسەرهات ئاراستە دەکرد و ئەم بەسەرهاتە تەواو خەیاڵییانە ڕێک وەک بەسەرهاتی ڕاستی مێژووی دەحسێب دەهاتن. لە سەدەی هەژدەهەمدا لە نێوان خەیاڵی دەوڵەمەندی ڕۆماننووسی و مێژوونووسیدا جیاوازییەکی ئەوتۆ دانەدەندرا و هەر بۆیە کەسایەتییە خەیاڵییەکانی ئافرێندراوی ئەم ڕۆماننووسانە وەک کەسایەتیی مێژوویی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکرا.

دەبوایە سەدەیەکی دیکەش بەسەر خەیاڵی ڕۆماننووسانەدا تێپەڕ بووبایە و لە هەیبەتی دیکێنزی (١٨٧٠-١٨١٢) ئینگلیسی و تۆلستۆی (١٩١٠-١٨٢٨) ڕووسی و تواینی (١٩١٠-١٨٣٥) ئەمریکی و بالزاکی (١٨٥٠-١٧٩٩) فەڕەنسیدا تێگەیشتنێکی نوێ لە ڕێئالیزم گەڵاڵە کرا بوایە هەتا چێژی واقیعبینیی ئەدەبی بڕژابوایە گەرووی خوێنەر و بە وردبینییەکی دانسقەوە ڕەمز و ڕازی جیهانی دەوروبەر و کۆمەڵگەی مرۆیی خرابوایە بەر کەچە و کەوانی هەللاج و شی کرابایەوە. لێرەوە هێدی هێدی کۆمەڵگە لەگەڵ گۆڕێن و و هەڵوەشانەوەی خۆی و تێوەگلانی لەگەڵ یەکەم شەڕی جیهانی، بەرەو ئاقارێکی دیکەی ڕوانین لە واقیع دەچێت و بە سیلەی چاوی بریندار و دڵی دەردەدار و زەینی ئاڵۆزەوە وۆلف و پروست و جۆیس و فاکنێر و ... دەکاتە پەیامهێنەری ڕوانینی نوێ لە واقیع. ڕەوتێک بە درێژایی سەدەی بیستەم لە جووڵە ناوەستێت و ناو و شێوازی جیاواز بەخۆیەوە دەبینێت کە یەک لەوان ڕێئالیزمی سیحری/جادووییە

ڕێئالیزمەکان لە کوردستان

ڕێک لەو بڕگە زەمەنییەدا کە مۆدێرنیستەکانی ئەوروپی دەست بە ئافراندنەوەی واقیعی دەوروبەریان بە شێوەیەکی نوێ دەکەن، بە مەودایەکی سێسەد ساڵە لە سێرڤانتێس و لە سەردەمی ئاڵۆزیی نووسین و واقیعدا و لە هەنگامەی ئافراندن و داڕشتنەوەی دونیایەکی پەرێشانی وۆلفی و جۆیسیانەدا، ئێمەی کورد مەیلی ئافراندنەوەی واقیعی زامداری خۆمان دەکەین و دەست بۆ قەڵەم دەبەین کە یەکەم چیرۆکەکانی خۆمان بنووسینەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە هێشتا تا ئافراندنی ڕۆمانی کوردی، بە هەموو تایبەتمەندییەکانی خۆیەوە، مەودایەکی زۆرمان لە پێش بوو. 

پرس ئەوەیە دەبوایە چی بکرابایە و چۆنمان لە جیهانی خۆمان بڕوانیبایە؟ ئایا لەوەی کە کرا، دەمانتوانی شتێکی زیاتر بکەین؟ ئەمانە پرسیارگەلێکی تەنێ ئەدەبی نین و سەرجەم بوارەکانی ژیانی مرۆڤی کورد دەگرنەوە و پێویستییان بە تاوتوێکردنە. وەڵامی ئەم پرسیارانە ڕێک بە ئەندازەی وەڵامی پرسیارگەلی پێوەندیدار بە چارەنووسی سیاسیی کوردەوە گرنگن. ڕەنگە بتوانین بڵێین کە هەر گرێدراوی یەکتریشن. 

هەر چۆن هەتا ئێستاش وەڵامێکی هەمەلایەنەمان بۆ پرسە سیاسییەکانی گرێدراوی چارەنووسی کورد نەدۆزیوەتەوە، لە ئاست وەڵامی پرسیارە ئەدەبییەکانیشمان هەر دەستەوەستان ماوینەوتەوە. ئێستاش دوای سەد ساڵ تێپەربوون لە سەردەمی نووسینی چیرۆکە سەرەتایی و ناتەواوەکانی خۆمان، ڕووبەڕووی پرسیارگەلێکی زەقی بێوەڵامین. ئێستاش دەبێ لەم دونیا تێکچڕژاو و تێکسڕماو و لێکئاڵاوەدا پرسیاری ئەوە بکەین کە ڕۆمانی کوردی دەبێ باسی چی بکات و چۆنی بکات و واقیعی ئێستا و دیرۆکییمان چۆن وێنا بکاتەوە؟ ئێستاش دەبێ بپرسین گەلۆ بە شێوازی ڕێئالیزمی بالزاکیانە و گورکیانە و دیکێنزیانە بنووسین یان دەستەودامێنی شێوازی ئاڵۆز و تێکاڵاوی مۆدێرنیستی و پۆستمۆدێرنیستی بین؟ 

ئەوەی وەک ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر لە بەرانبەرمان قوت دەبێتەوە، ئەوەیە کە ئاستی گەشەی زمانی و خوێندەواری و هەلومەرجی خوێندنەوە و بازاڕی کتێب و سەرمایەی فەرهەنگیمان، شەرتومەرجەکانی تایبەتیی خۆیانمان لەسەر فەڕز دەکەن و ناهێڵن پێ بە پێی ئەدەبی جیهانی، شێواز و قۆناغە جیاوازەکانی نووسین و گێڕانەوە بە شێوەی هاوزەمەن ئەزموون بکەین. لە کاتێکدا ڕەوتی گەشە و گۆڕانکاریی ئەدەبی لە ڕۆژاوادا  بەسانایی بەسەر قۆناغ و شێواز و بواری جیاوازدا دابەش دەکرێت و لە هەمان کاتدا زۆربەی ئەم شێوازانە هەبوونی هاوتەریبی خۆیان دەپارێزن، لە کۆمەڵگەی کوردیدا بە باوبوونی شێوازێکی ئەمڕۆیی، شێوازەکانی پێشوو ڕمێنیان نامێنێ و لە گەردوونەی ئەدەبی سەرکەوتوو دەخرێنە دەرێ. بەڵام ڕاستییەکی ئەدەبی و فەلسەفیی گێڕانەوە پێمان دەڵێت کە چەند شێوە لە ڕوانین و لە گێڕانەوە دەتوانن لە یەک کات و سەردەمدا هەبن و هەر شێوازەش خوێنەری تایبەت و دیاریکراوی خۆی هەبێت. لە کۆمەڵگەیەی فرەڕەنگی سەردەمییانەدا چین و توێژە کۆمەڵایەتییە جۆراجۆرەکان بە شێوازێک پۆلێن کراون کە هەر کامەیان هۆگرییان بۆ شێواز و ڕێبازی جیاواز هەیە. تەنانەت دەکرێ خوێنەران لە یەک کاتدا چێژ لە چەندان شێوازی جیاوازی نووسین وەرگرن. 

ساڵی ٢٠٢٣ لە وڵاتی سوێد ئەنستیتۆی کورد لە ستۆکهۆلم  ڕۆمانی قۆڵنجەکانی ژیانەوەی کامران سمۆ هەدلی چاپ و بڵاو دەکاتەوە. کاتێک دەستم بە خوێندنەوەی ڕۆمانەکە کرد، هاوکاتیش و هەندێ جار هاوتەریبیش، ساحیرەی فلۆرانسی سەلمان ڕوشدیشم دەخوێندەوە. بە خوێندنەوەی ئەم دوو ڕۆمانانە، دوو دونیام دەبینی، دوو شێوازم دەبینی، دوو واقیعم دەبینی. لە خۆمم دەپرسی ئەم هەمووە جیاوازییە چۆن پاساو دەدرێت؟ ئەو هەموو جیاوازییە چۆن شرۆڤە دەکرێت؟ کە زیاتر لە پرسیارەکە ڕادەمام، هەستم دەکرد ئاستی نایەکسانیی گەشەی کۆمەڵایەتی لە بەشە جیاوازەکانی ئەم گۆی زەوییە، دیاردەیەکی لەم چەشنەی کردووەتە ڕاستییەکی بێئەملاوئەولا. هەر بۆیە، ئەوە لە دەرەوەی چاوەڕوانیی هزری و تیۆریکدا نییە کە شێوازە جیاوازەکانی گێڕانەوە دەتوانن لە هەلومەرجی یەکسان و نایەکسانیشدا بە یەکەوە لەدایک ببن و درێژە بە مانەوەیان بدەن. کاتێک دەبینین ڕێئالیزمی سیحری لە ئالمان چەکەرە دەکات و لە ئامریکای لاتین بەر دەگرێت و دواتر لە فەڕەنسە و بریتانیا لەسەر دەستی نووسەرانی وەک میلان کۆندێرا و سەلمان ڕوشدی دیسانەوە گەشە دەکات، لە سەفەری پڕ لە ڕازی ژانرەکان تێدەگەین و لە خاڵە هاوبەشەکانی مرۆڤ زیاتر حاڵی دەبین. هاوکاتیی ئەم ڕێئالیزمە سیحرییانە لەگەڵ ڕێئالیزمەکانی دیکەی باو لە ئاستی جیهانیدا ئیتر بووەتە دیاردەیەکی تەواو ئاسایی و بە هیچ شێوەیەک لە هەبوونی یەکتر ڕێگری ناکەن. بۆ نموونە، شێوازی سیحرییانەی مارکێز هەرگیز پێشی بە شێوازی ڕێئالیستییانەی ڤارگاس یوسا نەگرتووە و ناگرێت. ئەوان هەردووکیان لە کۆمەڵگەی ئامریکای لاتینی و جیهانیدا پێشوازییان لێ دەکرێت و هەردووکیشیان خەڵاتی ئەدەبیی نۆبێل دەبەنەوە. جا ئەوە هیچ گرنگ نییە کە دوو نووسەرەکە حەزیان لە چاری یەکتر نەبووبێت.  

ڕۆمانی قۆڵنجەکانی ژیانەوە باسی کۆتایی حەفتاکانی سەدەی بیستەم لە باکووری کوردستان دەکات و لەسەر هەشتاکان چڕ دەبێتەوە. هەلومەرجی سەردەمانێک کە بنەماکانی تەڤگەڕێکی نوێی کوردی، دوای ساڵانێکی دوورودرێژ لە بێدەنگی، دادەمەزێن و پلانەکانی تەقاندنەوەی یەکەم گوللە لە شەوەزەنگی نیشتمانێکی ژێر چەپۆکەدا ئامادە دەکرێن، دەبێتە هەوێنی سەرەکیی کات و شوێنی گێڕانەوەکە. کادرە سەرەتاییەکانی ئەم تەڤگەڕە لە شار و دێهاتەکانی کوردستان بڵاو دەبنەوە. گوڵحەز و هاوڕێکانی، بنەما سەرەکییەکانی فەلسەفەی کۆمۆنیستی فەڕەنسی، ژۆرژ پۆلیتسێر و ڕۆمانی دایکی ماکسیم گورکیی ڕووسی، بە تورکی دەخوێننەوە و کەڵکەڵەی ڕزگاریی کوردستان سەرتاپای وجودیان دادەگرێت و واز لە ژیانی ئاسایی خۆیان دێنن و بە شێوەیەکی تەواووەخت خەونی ڕزگاری دەکەنە خولیای بوون و مانەوەیان. بۆ وەدیهاتنی ئەم ئاواتە لە هیچ بەربەستێک ناترسن و بە گیان و بە دڵ ڕاهێنانی فیدابوون لە ڕێگەی گەل و نیشتمان دەکەن و سەرکەوتن یان سەرکەوتن دەبێتە دروشمیان. گوڵحەز واز لە خوێندنی پزیشکی لە زانکۆ دێنێت و ماڵوحاڵی خۆی بەجێ دێڵێت و تێکەڵی کۆڕی کوڕان و کچانی لەچەشنی خۆی دەبێت. بەرخەکەی دایەش دەکەوێتە شوێنی ئەو و ئیتر جۆرێکی تازە لە ئەڤینداریی کوڕ و کچی کورد پێ دەنێتە گۆڕەپانی خۆشەویستییەوە. 

ساحیرەی فلۆرانسی سەلمان ڕوشدی لە چوارچێوەی ڕێئالیزمێکی سیحرییانەدا بە ناخی مێژوودا شۆڕ دەبێتەوە و چەند سەدەیەک لە مێژووی دەسەڵات لە دوو پارزەمینی ئەم جیهانەدا دەکاتە کەرەسەی گێڕانەوەیەکی پێچەڵپێچی هەمەڕەنگی شاعیرانەی قووڵ. لە ڕۆمانی ساحیرەی فلۆرانسدا ڕوشدی، سەدەی شازدەهەمی  ئیتالیای سەردەمی ڕینێسانس و بریتانیای سەردەمی ئێلیزابێت و هیندی سەردەمی ئەکبەری مەزن و عوسمانیی سەردەمی سوڵتان بایەزید و سەلیم و سەفەویی سەردەمی شا ئیسماعیل بە هۆی سەفەری خەیاڵیی ژنێکی فلۆرانسی بە یەکەوە گرێ دەدات و ئاستی ژیار و سیاسەت و فەرهەنگ و مرۆڤ و کەسایەتییەکانی ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات دەخاتە ڕوو. هەر لەم بەرهەمەشدایە کە شەڕی چالدیرانیش دەکەوێتە بەر نەشتەرگەریی گێڕانەوەی ڕوشدیی بلیمەت. ڕوشدیی هیندیی گەورەبووی بریتانیا، گیرساوەی ئامریکا و هەڕەشەلێکراوی فەتوای مەلایەکی ئێرانی بە ناخی مێژوودا ڕۆدەچێت کە باس لە سەفەری خەیاڵیی ژنێکی ئیتالی بۆ ڕۆژهەڵات بکات. 

ئەنجام

وەک دەبینین لە جیهانی ئەمڕۆدا ڕێباز و شێوازە ئەدەبییەکان هاوکات و هاوتەریب لەگەڵ یەکتر دەژین. بەم جۆرە شتێکی زۆر نائاسایی نییە کە لە ئەدەبی کوردییشدا لە پاڵ ڕێئالیزمی سیحریی بەختیار عەلی و جەبار جەمال غەریبدا، ناتورالیزمی شێرزاد حەسەن و مۆدێرنیزمی قادر هیدایەتی و ڕێئالیزمی کۆمەڵایەتیی کامران سمۆ و ڕۆمانی مێژوویی جان دۆستت هەبێت. خاڵی هەرە گرنگ لە ئەدەبی گێڕانەوەدا ئاستی هونەری و ئەدەبیی گێڕانەوەکەیە. ئەوەی سەرکەوتوویی گێڕانەوەیەک بە پلەی یەکەم دەستەبەر دەکات وەستایەتیی وەگێڕە لە دەکارهێنانی تەکنیکەکانی گێڕانەوە بە ڕێبازێکی هونەری. ئەوەی سەرکەوتوویی تێمایی گێڕانەوەیەک دەستەبەر دەکات، شارەزایی وەگێڕە بەسەر هەلومەرج و مێژووی بوارێک و سەردەمێکدا کە دەیگێڕێتەوە. لە نەبوونی دەسەڵاتی هەمەلایەنەی نووسەر بەسەر بواری گوتارییانەی ئەو سەردەمەی باسی لێوە دەکات، ئەستەمە ڕۆحی سەردەمەکە بگوێزرێتەوە بەر دید و گوێی خوێنەری ئێستای گێڕانەوەکە. لە دەرەوەی ڕێئالیزمی سیحری یان کۆمەڵایەتی و ڕەخنەییدا، ئەوە هونەری نووسین و تەکنیکەکانی گێڕانەوە و زمانی شیاوی کاراکتەرەکانی نێو گێڕانەوەکەیە، کە لە هەڵسەنگاندنی بەرهەمێکی ئەدەبیدا دەبنە پێوەری سەرکەوتوویی.

د. هاشم ئەحمەدزادە

نووسەر و مامۆستای زانکۆی ئوپسالای سوید



ئاوەز ژۆرناڵ بڵاوكراوەیەكی گشتییە بە زمانی كوردی دەردەچێت، بنکەکەی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقە. ئارەزووی ڕووماڵکردنی سیاسی، ئابووری، ڕۆشنبیری، مێژوو و بابەت و ڕووداوەکانی دیکەی هەیە، دامەزراوەی كوردستان كرۆنیكڵ دەریدەكات .
info@awezjournal.com
+964(0) 750 928 83 85

Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved


X