22/12/2024
بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و پەروەردەکردنی ئاوەز

 

بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و هەڵە لۆژیکییەکان

بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بریتییە لە لەبەرچاوگرتنێکی چالاکانەی کۆڵنەدەرانەی وردبینانەی بیروڕایەک، جا گریمانەکان یاخود فۆڕمێکی مەعریفی لەبەرچاوگیراو. مەبەست لە پرۆسەیەکی چالاکانەی ئەرێیی. باشتر شایانی تێگەیشتنە کە زانینمان پرۆسەیەکی دیکەی وەرگرتنی ئایدیاکان هەیە، یاخود پرۆسەی مامەڵەکردن لەگەڵ ئایدیا و زانیارییە وەرگیراوەکان کە پرۆسەکە سستە، یاخود ناکارایە، ناچالاکە، واتا پرۆسەیەکی پاسیڤە. بەم مانایە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لە جەوهەردا بریتییە لە پرۆسەیەکی کارا کە لە ڕێگەوەی بیرمەند، یان سکۆلەر، یان کەسی دەرگیر لەتەک ئەو بیرکردنەوەیەدا بیر لە شتەکان دەکاتەوە، پرسیارەکان دەخاتە ڕوو، شک و گومانەکان واڵا دەکات و دەست‌وپەنجەیان لەتەکدا نەرم دەکات، زانیاری و واتای پێویست بە نیازی بەڵگەهێنانەوە و پشتڕاستکردنەوە لەسەر خوانی بیرکردنەوەکە قوت دەکاتەوە.‬‬‬‬‬‬‬‬‬

هەروەها ئەم بیرکردنەوەیە کە دەڵێین وردبینانە و کۆڵنەدەرانەیە، ئەوکات مانای ئەم ئایدیایە زیاتر ڕۆشن دەبێتەوە کە زانیمان بیرکردنەوەیەکی دیکە هەیە. بیرکردنەوەی بەدوور لە تێڕامان و دوور لە تاقیکردنەوە، پشتڕاستکردنەوە و سەلماندن (verifiable) جۆرە بیرکردنەوەیەک کە تێیدا بازدانی خێرا هەیە بۆ بەرەنجام و بازی گەورە هەیە بۆ حوکمدان بە پلەیەک کە ئەم جۆرە زۆرتر لە بیرکردنەوە ناچێت وەک لەوەی زۆرتر پرۆسەی حوکمدان (judgment) بێت، بێ بیرکردنەوە و بێ بەڵگەهێنانەوە. گەر لەم پرۆسەیە گەیشتین ئەوسا بەئاسانی تێدەگەین کە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی شێوازێکی دیکەی جیاوازی بیرکردنەوەیە.‬‬‬‬‬‬‬‬‬

وێڕای ئەو خاڵەی ئاماژەمان پێ دا، لەم پێناسەیەدا ئەوەی شوێنی سەرنجە تایبەت بە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لەبەرچاوگرتنی ئەو زەمینەیەی کە پشتگیری بیروڕایەک، بیر و بۆچوونێک و قەناعەتێک دەکات کە دواجار خۆی دەبێتە خوانی بەڵگەکان، هۆکان (reasons) و سەلماندنەکان کە شتێک بەو شێوەیە کە هەیە؟ یان بۆ شتەکان بەو شێوەیەی کە هەن، یان لێکەوتەی ئەو دیاردەیە چی دەبێت و هۆکانیشی کامانەن؟ لێرەوە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی گرنگیی تایبەتی دەدات بە ئەنجامگیری، ئەم ئەنجامە یان ئامانجانە چۆن و لە کوێوە و بە چ شێواز و ڕێگایەک بەدەست هاتن یان پێیان گەیشتین؟

بە مانایەکی دیکە، بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لەڕووی تەکنیکییەوە بریتییە لە مەعریفەی لۆژیک و میتۆدە لۆژیکییەکانی لێکۆڵینەوە و گەڕان و هەڵهێنجانی بەرەنجام یان ئەنجامگیری لەپاڵ چەسپاندنی مەهارەتەکان بەسەر ئەو میتۆدانەدا. بیرکردنەوەی ڕەخنەیی کۆششێکە کە بۆ تاقیکردنەوەی ڕا و بیروڕا و شێوە و شێوازی مەعریفەی گریمانەکراو لەبەر ڕۆشنایی بەڵگەکان و ئەرگۆمێنتەکاندا کە ئەو بەرەنجامانە زیاتر پشتڕاست دەکەنەوە کە بەرەنجامی ئەو مامەڵە و بیرکردنەوەیەن. بیرکردنەوەی ڕەخنەیی هەم تەفسیرکردنێکی کارامەیانەیە و هەم چووست‌ و چالاک (بەپێچەوانەی سستی یان ناکارامەیی)، هەڵسەنگاندن و نرخاندنی لەبەرچاوگیراوەکان، داتاکان، بەڵگەکان و زانیارییەکان، دواجار، بەڵام گرنگتر بریتییە لە تاقیکردنەوەی ئەرگۆمێنتەکان. گەر ئەرگۆمێنتێک لە ئارادا نەبێت، بیرکردنەوەکە ڕەخنەیی نییە، دەشێت خستنەڕووی "ڕا"یەک بێت یان "بۆچوونێک"ی کرچ‌وکاڵ لە دەرەوەی بەڵگە و تاقیکردنەوە. بیرکردنەوەی ڕەخنەیی نابێت تەنیا لەبەر ئەوەی ناوی ڕەخنەی لێنراوە، یان زانستی، بۆ ئەوەی بیرکردنەوەیەک ڕەخنەیی بێت، دەبێت پەیڕەوی لە چەند ستانداردێک بکات وەکوو هێنانەوەی بەڵگە، ئەرگۆمێنت، تاقیکردنەوەی و دوورەپەرێزی لە حوکمدانی سەربەستانەوە لە دەرەوەی ئاوەز، لەبەرچاوگرتنی ئاوەزمەندی و مەهارەتەکان.

بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لەبەرئەوەی دەرگیر بووە لەتەک گومان، پرسیارکردن و تاقیکردنەوەدا، لەپاڵ هەبوونی توانای بیرکردنەوە لە خودی بیرکردنەوەکە ئەوە پرۆسەیەکی فەلسەفییە و وەک وانەیەک لە فەلسەفە فێری دەبین کە چۆن بیر لە خودی بیرکردنەوە بکەینەوە، واتا بیرکردنەوەکە خۆی ببێتەوە بە مادەی بیرکردنەوە.

ئەوانەی کە دیالۆگی کۆماریان خوێندووەتەوە، دەتوانن بیهێننەوە یادیان کە چۆن ئەفڵاتوون ئاماژە بە چەند جیاکردنەوە دەکات، لەوانە جیاکردنەوەی "ڕا" لە "مەعریفە" لەپاڵ جیاکردنەوەی (nomoi) بەمانای بیروڕا و بۆچوونەکانی کۆمەڵگایەکی سیاسی و (nomoi) بەمانای قانوونەکانی کۆمەڵگا کە ڕەنگدانەوەی بیروڕا بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگاکانی ئەو ڕژێمانەی کە لەسەر بنەمای ئاوەز دانەمەزراون مەعریفەیەکی ڕەخنەیی دەربارەی دواپرنسیپە ئەخلاقی و سیاسییەکان بوونی نییە، بەڵکوو تەنیا "ڕا"کان هەن دەربارەی ئەو شتە چییە ڕاستە و ئەو شتە چییە دادپەروەرانەیە.

خەسڵەتێکی "ڕا" ئەمەیە کە یان پێش تێڕامان (pre-reflective) یاخود بەرەنجامی تێڕامان (non-reflective)  نییە. بە مانایەکی دیکە، "ڕا" لەسەر ئاستێکی سۆزداری زۆر سەرەتایی بەدوور لە تێڕامان کار دەکات. ئەوەی کە گەشتەکە سەرڕێگا دەخات لە "ڕا" و بەرەو مەنزڵی تێڕامان و تێفکرین یاخود مەعریفە، ئەمە گەشەکردنی ئاوەزە لەڕێگای پەروەردەوە.

فەیلەسوفەکانی یۆنان لەو باوەڕەدا بوون کە باڵاترین بەکارهێنانی ئاوەز بریتییە لە توانای دەربازبوون لە "ڕا" کە هەمیشە هەم لە گۆڕاندایە (ڕا مەبەستە) هەم هەندەکییە (بەشییە) هەڕەمەکییە، هەروەها لەڕێگای ئاوەزەوە چاودێری لە گەردوونی، هەمەکی (universal) و لە مەعریفەیەکی لەسەر تێڕامانەوە دامەزراو بوونی هەیە، ئێمە لێرەدا ئەم بەکارهێنانی ئاوەزە بە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی ناوزەدی دەکەین، کە بریتییە لە بەکارهێنانی ئاوەز لە گەڕان بەدووی حەقیقەتی گەردوونی یان هەمەکیدا، بیروڕا بنەڕەتییەکان، یان "ڕا"کان لە پرۆسەی بیرکردنەوەدا پێویستن وەک شەقامێک بۆ تێگەیشتن لە بیروڕا و قەناعەتە جیاوازەکان. وێڕای ئەوەش، باڵاترین بەکارهێنانی ئاوەز زیاتر لە هاوکێشەی جیاکردنەوەی ڕا و مەعریفەدا خۆی بەیان دەکات. گەر "ڕا" بریتی بێت لە کۆمەڵێک گریمانە، مەزەنەکردن و تێڕوانینی هەڕەمەکی، ئەوا مەعریفە بریتییە لە هێنانی گشت گریمانەکان بۆ سەر خوانی تاقیکردنەوە، تێڕامان، هەڵسەنگاندن و نرخاندن. بیرکردنەوەی فەلسەفی و زانستی بریتییە لە پرۆسەی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لەپێناو گەیشتن بە دڵنیایی بابەتی کە هەماهەنگی لەتەک ڕاستییە بینراوەکاندا (Fact) هەیە. بیرکردنەوەی ڕەخنەیی باڵاترین دەستکەوتی ئاوەزە.

ئاوەز بەناچاری لە کۆی ترادسیۆن و ڕا و بۆچوونە کرچوکاڵە بێ تاقیکردنەوەکانەوە دەست پێ دەکات و بەرەو بیرکردنەوەی ڕەخنەیی گەشە دەکات، تاکوو دەرگای بیرکردنەوەیەک کە ئازاد بووە لە "ڕا" (opinion)  بریتییە لە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی کە باڵاترین بەرهەمی ئاوەزە، یاخود بەرجەستەبوونی ئاوەزە لە باڵاترین ئاستدا. بیرکردنەوەی ڕەخنەیی ئەو کاتە شیاو دەبێت کە دیتمان "ڕا"کانمان ناکۆکی و دژبەیەکی لەخۆ دەگرن و پەیوەندی بە ڕاستییەکانەوە نییە، ئەوسا دەنگی ئاوەز بانگمان دەکات بۆ پرسیارکردن لە "ڕا"کان، تاکوو ئاراستەی بیرکردنەوەکانمان بگۆڕین و لە زیندانی "ڕا"کان خۆ ڕزگار بکەین.

لە فەلسەفەی یۆنانیدا، (کلاسیک) ، ئامانجی تێگەیشتن لای مرۆڤ بریتییە لە مەعریفەیەکی گەردوونی (هەمەکی) و ناچاری و نەگۆڕ، مەعریفەیەک لەبارەی (Physis) یاخود سروشت، یاخود سروشتی شتەکان. گەڕان بەدوای مەعریفەدا بە پرسیارکردن لە "ڕا" دەست پێ دەکات، واتا قوتکردنەوەی پرسیار لەبەردەم "ڕا"دا، سەرنجدان لە هەڕەمەکیبوونی "ڕا" دیارخستنی ئەوەیە کە "ڕا"کان دوایین وەڵامەکان نین بۆ پرسیارە هەرە گرنگ و هەستیارەکان. گەڕان لە مەعریفەدا بە گەڕانێکی میتۆدی دەست پێ دەکات بۆ ئەو وەڵامانەی کە لە کات و شوێن و کولتووری تایبەتی بەجێی دەهێڵین، بەڵگەکان دەتوانرێت بەردەست بخرێن یان بخرێنە ڕوو، مەعریفەیەکی لەو جۆرە لەلای یۆنانییەکان ئەو جۆرەیە کە بەدەست دێن. ئەرستۆ ڕای وا بوو، لە زانستە تیۆرییەکاندا مەعریفەیەک دەربارەی جۆرە تایبەتەکان (particular kinds)، ماهیەتەکانن یاخود بە شێوەیەکی بەرفرەوانتر مەعریفەی سروشتی شتەکان. دەستڕاگەیشتن بەم دەستکەوتەی بیرکردنەوە بە پرسیارکردن لە "ڕا"کان دست پێ دەکات، سوکرات ئایدیاڵی تایپی ئەم جۆرە لە بیرکردنەوەی ڕەخنەییەیە، لە دواجاردا خودی فەلسەفەش بریتییە لەم پرۆسەیە، واتا تاقیکردنەوەی "ڕا"کان بەنیازی گەیشتن بە ڕاستی و سروشتی شتەکان، یان کۆی ڕیاڵیتی (reality).

وێڕای جیاوازییە بنەڕەتییەکان، فەلسەفەی مۆدێرن لە ڕوویەکەوە هەمان ڕێچکە "تێڕامان و پرسیارکردن" دەگرێتەبەر، ئەم جارە تەنیا "ڕا"کان نا، بەڵکوو لە خودی فەلسەفەی دنیابینیی کلاسیک، بەتایبەتی ڕەخنەگرتن لە سکۆلاستیسیزم (Scholasticism)، بە مانایەکی دیکە دنیابینی ئەرستۆیی، بە هۆی نەبوونی دڵنیایی و غیابی میتۆدێکی بەرهەمهێنەوە. کە دواجار ئەم دوو ڕەخنەیە لە دوو ڕەخنەدا بەرجەستە دەبن، غیابی دڵنیایی مەعریفی و غیابی بەرەنجامی پراکتیک. یۆنانییەکان دەست دەکەن بە فەلسەفاندن لە ڕێگەی تێڕامان لە "ڕا" و بۆچوونە نافەلسەفییەکانی پێشووی خۆیان، کە بریتی بوو لە "ڕا" ئایینی و کولتوورییەکانیان، بەڵام فەلسەفەی مۆدێرن وەک پارادایمێکی نوێ هەمان شت دەکات، واتا تێڕامان و ڕەخنەکردنی باکگراوندی فەلسەفە، کە بریتییە لە دنیابینیی کلاسیک.

ئەم پەیوەندییەی نێوان فەلسەفە و ئەو شتەی کە پرسیاری لەبەردەمدا قوت دەکاتەوە خۆی نوێنەرایەتیی گۆڕانێکی گەورە دەکات، ئەم جارە لە "ڕا" و "فەلسەفە"وە بۆ پارادایمێکی نوێ بریتییە لە وێناکردنی نوێی فەلسەفە کە هەڵدەستێت بە تاقیکردنەوە نەک"ڕا"کان، بەڵکوو خودی میراتێکی فەلسەفی، بەڵام گۆشەنیگای ئێمە لە ئێستادا جیاوازترە، نە وەک گریکە و نە وەک سەرەتاکانی فەلسەفەی مۆدێرنە، ئێمە ئێستا تەنیا دەتوانین فەلسەفاندن ئەنجام بدەین لەڕێگەی پرسیارکردن لە جیهان کە خودی بیرکردنەوەی فەلسەفیش لەخۆ دەگرێت، لەپاڵ بیروڕای بە بازاڕیبوو (vulgarized)، فەلسەفەی بە بازاڕیبوو، بە عامیبوو، ئەمڕۆ ڕووبەرێکی زۆری لەو جوگرافیای دیسکۆرسە داگیر کردووە و زۆرتریش هەر ئەو فەلسەفە بە بازاڕبووەیە کە ئاڵوگۆڕی پێ دەکرێت، فەلسەفەی بە بازاڕیبوو (vulgarized)، خۆی بووەتە "ڕا"یەکی باو و عامیانە، کاتێکیش فەلسەفە دەبێتە عامیانە لە فەلسەفە دەکەوێت. لێرەدا ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئاماژەی پێ بدەین ئەوەیە کە فەلسەفەی بە بازاڕیبوو، بە عامیانەبوو، زانستی بە بازاڕیبوو، زانستی بە جەماوەریبوو (popularized) بەرەنجامی نەخوازراوی بۆ بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا لێ دەکەوێتەوە. ئێمە بێ تاقیکردنەوە، گریمانەی زۆر شت دەکەین، بۆ نموونە ئێمە گریمانەی ئەوە دەکەین کە میتۆدی زانستی (لەنێو زانستە دەقیقەکان) باڵایە، کارایە، بەڵام گریمانەکردنی شتێک بێ تاقیکردنەوە، وەک وەرگرتنیەتی، وەک "ڕا" و لێرەوە نەتوانینی ڕەتکردنەوەی. لە کاتێکدا بیرکردنەوەی ڕەخنەیی تاقیکردنەوەی "ڕا"کان دەخوازێت و بەدواشیدا شیاوی ڕەتکردنەوەیان.

لە ئەمڕۆدا بۆ تێگەیشتن لە ئایدیای بیرکردنەوەی ڕەخنەیی پێویستمان بە تێگەیشتن لە مێژووی ماناکانی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی هەیە. لێکۆڵینەوە لە مێژووی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی تەختەی شانۆکە بۆ نیشاندانی ململانێی نێوان گەڕان بۆ دەستپێکێکی ئازادبوو لە "ڕا" و سروشتی مێژوویی تێگەیشتنی  (understanding)  ئامادە دەکات. هەروەک چۆن ئێمە لەژێر کاریگەریی تێگەیشتنێکی بازاڕییانەی زانستداین پێش ئەوەی بەوردی لە زانست بکۆڵینەوە، ئاوهاش ئێمە لەژێر کاریگەریی دیتنی ڕەخنەییانەداین بە ناوی "ڕەخنە" پێش ئەوەی کە بەقووڵی ماناکانی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی شی بکەینەوە.

گەر بیرکردنەوەی ڕەخنەیی زیاتر بێت لە مەعریفە و بریتی بێت لە چەسپاندنی ڕێساکانی لۆژیک، ئەوا دەستڕاگەیشتن بە پرنسیپەکانی کە ئازاد بوون یان ئازاد کراون لە لایەنگیری خۆی لە خۆیدا گرنگی تایبەتی هەیە، کەواتە خاڵی باڵای بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بریتییە لە خاڵی دەستپێکردنی پرسیارکردن، خۆ ئازادکردن لە لایەنگیرییەکانی ترادسیۆن و کولتوور کە تێیاندا چێنراوە، کەواتە، پرسیارەکە ئەوەیە: چۆن ڕزگارمان بێت لە ترادسیۆنێکی تاقینەکراوە (unexamined tradition)؟

بیرۆکەی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی ئایدیاڵی خۆی لە میتۆدی سوکراتیدا و لە خودی پرسیارکردنی سوکراتیدا دەبینێتەوە و گرنگە بۆ بەکارهێنانی ئاوەز، ئەرگۆمێنتی لۆژیکی بۆ لابردنی دەمامکەکان، پێشەکی وادانان (گریمانەکردنەکان) و گەڕان بەدوای بەڵگەدا وەک بناغەیەکی نوێ بۆ وەڵامی نوێی پرسیارە نوێیەکان. ئایدیاڵی سوکرات وەک ئامانجی فەلسەفە پایەدارە، واتا بیرکردنەوە لە باڵاترین ئاستیدا. پەروەردەی بیرکردنەوە هەمیشە واتا پەروەردەکردنی عەقڵ، پەروەردەکردن لەسەر [بنەمای] بیرکردنەوەی ڕەخنەیی. پەروەردە لە کرۆکیدا ئایدیاڵی سوکراتی پاراستوە، (مەبەست لە پەروەردەی لیبڕاڵ)، واتا باڵاترین فۆڕمی مەعریفە لەڕێگای بردنیان بۆ سەر خوانی تاقیکردنەوەی ئاوەزی (عەقڵی)، جۆرێک لە ئازادبوون لە "ڕاکان" دەخوازێت.

گەر بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بوخچەیەک بێت، ئەوا هەڵە لۆژیکییەکان بەشێکن لەو بوخچەیە، ئەی بۆ دەبێت سەرقاڵی گەنگەشەکردنی هەڵە لۆژیکییەکان بین؟ سەرەتا با بگەڕێینەوە بۆ بیرکردنەوەی ڕەخنەیی.

بیرکردنەوەی ڕەخنەیی کە بریتییە لەو بیرکردنەوەی فەلسەفە شوێنێک یان ڕووبەرێکی لە جوگرافیای نووسینی کوردی و بیرکردنەوەی کوردەواریدا نییە، بگرە غیابی ڕەخنە لە گشت کایە گشتییەکاندا سیمای ناسینەوەی ژیانی کولتووری، سیاسی و ڕۆحی ئەم جڤاتە پێک دەهێنێت. با بپرسین چ بیرکردنەوەیەک لە ئارادایە، گەر بیرکردنەوە بەمانای فەلسەفییەکەی بوونی نەبێت؟ زۆربەی نووسینی کوردی خاڵییە لە ئەرگۆمێنت، واتا بەدەرە لە لۆژیک و ئەنجامگیریی لۆژیکییانە و زۆرتر وەسفکردنە، واتا زمانی زاڵ شیعرە، خەیاڵی شاعیرانەیە نەک گەنگەشەکردنی عەقڵی، لەمە خراپتر لە نووسینی کوردیدا ڕەخنە لە فۆڕمی تانە و تەشەر و گلەیی و گازەندەدا خۆ بەیان دەکات، واتا خوانی هەڵە لۆژیکییەکان ڕازاوەیە.٢ بە واتایەکی دیکە، نووسینەکان یان وەسفن یان حوکمدانن لە دەرەوەی بیرکردنەوەی عەقڵی. کە ئاشنا بووین بەم خەسڵەتە ئیدی تێدەگەین بیرکردنەوەی ڕەخنەیی میوانێکی هەرە نامۆیە لەسەر ئەم خوانە، گەر نەشکرێتە ناو سیستەمی پەروەردەوە لە قۆناغی سەرەتاییەوە تاکوو زانکۆ، ئەوا ئەم میوانە نامۆیە یان تیرۆر دەکرێت، یان لەبەرچاو گوم دەبێت و ئەم هەوڵەی ئێمەش لێرەدا دەپووکێتەوە.

با ئەم ئەزموونە بکەین، لە چەند نووسەر کە گوایە کتێب لەسەر ئێمە دەنووسن و شێخی ناو گۆڕەپانەکەن، بپرسین: ئەرگۆمێنت چییە؟ نموونەمان بۆ بهێنەرەوە، بیرکردنەوەی ڕەخنەیی چییە؟ ئەوسا لە پلە و ئاستی وێرانەخاکەکە تێدەگەین.

بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بەسادەیی ئەو جۆرەیە لە بیرکردنەوە کە تێیدا تۆ (مرۆڤ، نووسەر، بیرمەند، هاونیشتمانی، قوتابی، خوێنەر …) پرسیار دەکەیت، شیکردنەوە دەکەیت، ڕاڤە دەکەیت، هەڵسەنگاندن دەکەیت (بەربنەمای عەقڵ و ئامرازەکانی) و دواجار حوکم، یان بڕیار دەدرێت، واتا پەیڕەوی لە هەموو هەنگاوەکانی پێشوو دەکەیت، شیکردنەوە، هەڵسەنگاندن، پرسیار، گومانکردن، ڕاڤەی واتاکان، دراوەکان و لێکدانەوەی خاڵەکان (جەمسەری بیرکردنەوەکان و گوزارەکان تاقیکردنەوەی ئەرگۆمێنتەکان "حجەکان" ئەوسا بڕیار دەدەیت.)

نووسینی نا-ڕەخنەیی - کە نووسینی کوردی لێوانڕێژە لەم جۆرە بیرکردنەوەیە - نا-لۆژیکی و نا-فەلسەفی و نا-عەقڵی، هەر لە سەرەتاوە بڕیار یان حوکم دەدات، دواجار پێمان ناڵێت: بۆ ئەمە یان ئەو هەلومەرجە یان حاڵەتەکەیە؟ واتا غیابی بەڵگە و ئەرگۆمێنت.

زاراوەی (Critical)ی ڕەخنەیی لە وشەی (Kritikos)ی یۆنانییەوە هاتووە، واتا هەبوونی توانایی جیاکردنەوە (لەبێژنگدان) و حوکمدان، بیرکردنەوەی ڕەخنەیی دروست، واتا دانی حوکمێکی شوێنی متمانە (دیارە لەڕووی عەقڵەوە) بەربنەمای زانیاری و داتای شوێنی متمانە. بیرکردنەوەی ڕەخنەیی واتا هەبوونی توانایی عەقڵی بەربنەمای مەهارەتە عەقڵییەکان، بۆ ڕۆشنکردنەوەی بیرکردنەوە، بۆ دیارکردن و لێکهەڵوەشانەوەی گیروگرفتێک (موعەمایەک) مەتەڵێکی زانستی، یاخود زانیارییەک و ڕاڤەکردنی و لەم ڕێگەیەشەوە گەیشتن بە بڕیارێکی پشتئەستوور بە زانیاری تاقیکراوە و شوێنی متمانە. ئەو کەسەی کە ڕەخنەییانە بیر دەکاتەوە، ئەو خاوەنی زەینێک یان عەقڵێکی ڕەخنەییە، کە بەرهەمی پەروەردە، کۆشش و تەقەلای عەقڵی خۆیەتی، بە واتایەکی دیکە مرۆڤ وەک بیرکەرەوە یان بیرمەندی ڕەخنەیی لەدایک نابێت، بەڵکوو بە پرۆسەیەکی دژوار و درێژخایەندا دەڕوات، مەشق بە مەهارەتە عەقڵییەکانی دەکات و ئاوەزی پەروەردە دەکات، ئیدی یەکێک لە لێکەوتەکانی ئەم گەشەکردنەی عەقڵ و پەروەردەکردنی بریتییە لە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی. کەواتە، ڕوونکردنەوەی بیرکردنەوە و ئامانج و ڕەوتەکە بیرکردنەوەکە تێیدا ڕووی داوە، سەرڕێگا خراوە هەنگاوی یەکەم بەدوایدا پرسیارکردن لە سەرچاوەی زانیاری و داتاکان و بانگەشەکان، بەدوایدا دەستنیشانکردنی ئەرگۆمێنتەکان (ئەرگۆمێنتەکانی کە خراونەتە ڕوو یاخود کەسێک لە کایەیەکی دیارکراودا گەرەکییەتی بیانخاتە ڕوو)، دواجار هەڵسەنگاندنی ئەرگۆمێنتەکان، دواجار سینتسسایز (Synthesise)، کۆکردنەوەی توخمە جیاوازەکان و لێکجیاکان لە بۆتەقەیەکدا، بۆتەقەی ئەرگۆمێنتێکدا یان کاونتەر، دژە-ئەرگۆمێنتێکدا.

بیرکردنەوەی ڕەخنەیی مەزەندەکردن نییە، پەخشان نییە، جڵەوخۆشکردن نییە بۆ خەیاڵ، بەڵکوو بریتییە لە گەشەپێکردن بە مەهارەتەکانی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی، گەشەکردنی زەینی و پراکتیککردنی توانستە عەقڵییەکان، بۆ نموونە مەهارەتەکان لە چەشنی:

١- مەهارەتی پرسیارکردن، داڕشتن و خستنەڕووی پرسیاری دروست.‬‬‬‬‬‬‬‬

٢- مەهارەتەکانی شیکردنەو  (Analytical skills)‬‬‬‬‬‬‬‬

٣- مەهارەتەکانی هەڵسەنگاندن و نرخاندن  (Evaluation skills)‬‬‬‬‬‬‬‬

٤- مەهارەتەکانی سینتسسایزکردن، تەرکیبکردن (Synthesis skills)، دروستکردن و پێکەوەگرێدانی توخمەکان لە بۆتەقەیەکدا.‬‬‬‬‬‬‬‬

-‬١ مەهارەتەکانی  پرسیارکردن‬‬‬‬‬‬‬‬

فەلسەفە لەبنەڕەتدا عەوداڵبوون نییە بەدوای وەڵامە ئەبەدییەکان، بەڵکوو بریتییە لە هزری پرسیارکردن، خستنەڕووی پرسیاری مانادار، خاوەن ڕەهەندی وجوودی، مەعریفی و ئەخڵاقی، پرسیارگەلێک کە ڕەوایەتییان خۆی مەڵاس داوە لە خودی مانا و ستراکچەری پرسیارەکە و ئەو مانایانەی لەخۆیان دەگرێت.

پرۆسەی پرسیارکردن یان بەندە بە پرۆسەی لە گیروگرفتکردنی ئەم یان ئەو قەزییە، یان کێشە یان ئاریشەیەوە، واتا قوتکردنەوەی پرسیار لەبەردەم هەر شتێکدا، هەر دیاردەیەکدا، هەر مەسەلەیەکدا کە وەک یەقین خۆی بەیان دەکات.

چۆن مەهارەتەکانی پرسیارکردن بچەسپێنین؟

+ ئێمە پرسیار لە متمانە، ڕەوایەتی مەعریفی-عەقڵی هەرشتێک دەکەین کە دەیخوێنینەوە، دەیبینین، دەیبیستین.‬‬‬‬‬‬‬‬‬

+ ئێمە پرسیار لە ئۆتۆریتی و ئامانجی هەرشتێک، کەسێک، دەکەین کە دیخوێنینەوە یان گوێمان لێ دەبێت، واتا ئەو بانگەشانەی کە لە ئۆتۆریەتییەکەوە دەردەچن.

ئێمە چۆن ئەم کارە دەکەین؟

سەرەتا فزوڵییانە و بەپەرۆشەوە لە مەسەلەکە دەڕوانین، دواجار بۆ گەیشتن بە ڕاستی یان دروستیی بانگەشەکە، ئەرگۆمێنتەکە تاقی دەکەینەوە لەجیاتی ئەوەی کە بێ گومان و بێ پرسیار پاسیڤانە قەبووڵی بکەین، ئەمەش بریتییە لە سەرڕێگاخستنی هەنگاوی دووەم کە بریتییە لە خستنەگەڕی مەهارەتەکانی شیکردنەوە  (Analytical skills)

+‬ بیرکردنەوەی ڕەخنەیی، بریتییە لە تاقیکردنەوەی ئایدیاکان و بانگەشەکان (Claims) و زانیارییەکان و لەبەرچاوگرتنێکی سیستماتیکییانەی هەموو ڕەهەندەکان کێشەی لەبەرچاوگیراو و دیتنی هەر توخمێک لە ڕەوتی تایبەتی خۆیدا. ئەمەش لەڕێگای بەستنەوە و گرێدانەوەی ئایدیاکان و بانگەشەکان پێکەوە. لەم بەستێنەدا ڕێگا و میتۆدەکانی شیکردنەوە بەگەڕ دەخرێن، بانگەشەکان شی دەکەینەوە بۆ ئەو توخمانەی کە لێی پێکهاتوون.‬‬‬‬‬‬‬‬

هەنگاوی سێیەم لەبەرچاوگرتنی مەهارەتەکانی هەڵسەنگاندن و نرخاندن  (Evaluation skills)

لە نموونەی هەڵسەنگاندنی بانگەشەیەک یان ئەرگۆمێنتێکدا سەرەتا چاو دەگێڕین بۆ هەر درزێک، بۆشاییەک، هەڵەیەک، هەر بەلاڕێدابردنێک کە لە ئەرگۆمێنتەکە یان نووسینەکە یان وشەکە، یان بانگەشەکەدا هەبێت، یاخود هەر درزێک لە ئەنجامگیرییەکەدا (reasoning) هەبێت. دواجار لەو مانا و مەغزایە دەڕوانین کە لە پشت بانگەشەکە یان مەسەلەکە یان ئەرگۆمێنتی خراوەڕوودا خۆی بەیان کردووە. ئینجا هەنگاوی سێیەم، دنیابینییەکان، ئەرگۆمێنتەکان، بۆچوونەکان بەراورد دەکەین، بەهێزی و لاوازی، دروستی و نا-دروستیی لۆژیکییان وەدیار دەخەین.

+‬ مەهارەتەکانی تەرکیب (Synthesis skills)، ئێمە لۆژیک و ئەنجامگیری بەکار دەهێنین بۆ فۆڕمیلەکردن، داڕشتن، چوارچێوەبەخشین بە ئەرگۆمێنتەکان و بەرەنجامەکان لەم بەستێنەدا بەربنەمای شیکردنەوە و هەڵسەنگاندن، بەڵگەی بەهێز بۆ پشتگیرکردنی بانگەشە ئەخلاقی، یان مەعریفی یان فیکرییەکانمان، بەکار دەهێنین. لەم پرۆسەیەدا بەستێن یان وێنە گەورەکە لەبەرچاو دەگرین، ئەوسا بەڵگە و هۆ و ڕەوایەتی بەهێز بۆ فۆڕمیلەکردنی بڕیار، ئەرگۆمێنت و بەرەنجامەکانمان بەکار دەهێنین.‬‬‬‬‬‬‬‬

کەواتە، لەبەر ڕوشنایی ئەوەی کە تا ئێستا گوتوومانە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بریتییە لە پرۆسیسێکی دیسپلینکراوی عەقڵی چەمکاندن و چەسپاندن و شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی بانگەشەکان یان ئەرگۆمێنتەکان یان ئەو زانیارییانەی کە کەڵەکە کراون لەلایەن تێڕوانین و سەرنجدان و ئەزموونکردن و تێڕامان و ئەنجامگیرییەوە وەک ڕێنوێنکردنێک بۆ باوەڕ یان کردارنواندن. لە فۆڕمی سەرەکیدا بەربنەمای بەها عەقڵییەکان کە دەڕوات بۆ ئەودیو (بابەتی شوێن لێکۆڵینەوە) و ئەم توخمانە بەسەر دەکاتەوە یان لەخۆ دەگرێت: ڕوونی، دروستی، ڕێکبوون، یان بەتەواوی، گونجاوی، پەیوەندیداری (relevance)، بەڵگەی دروست، هۆی چاک، قووڵ، دادپەروەری (ئەمە لای ئێمە بەتەواوی غیابی هەیە).

بیرکردنەوەی ڕەخنەیی تاقیکردنەوەی ئەو بونیادانە یان توخمانەی فیکر لەخۆ دەگرێت کە پەنهانە لە ئەنجامگیریدا، لە ئامانجدا، مەبەستدا، کێشەدا، یان ئەو پرسیارەی کە خراوەتە ڕوو بۆ مامەڵەکردن یان گریمانەکان، چەمکەکان، زەمینەی ئیمپریکی (empiric)، ئەو ئەنجامگیرییانەی بەرەو بەرەنجامێکی دیاریکراو دەمانبەن، هەروەها ناڕەزایەتییەکان لە دنیابینیی جیاوازترەوە یان ئەڵتەرناتیڤەوە، لەپاڵ چوارچێوەی مەرجەعی دیکە. بیرکردنەوەی ڕەخنەیی، وەک وەڵامگۆی زۆرێک لە بابەتەکانی مەعریفە، لەناو دۆخە بەناویەکداچووەکانی خێزانی یان بۆتەقەی بیرکردنەوەدا خۆ بەیان دەکات، لەوانە بیرکردنەوەی زانستی، فەلسەفی، ماتماتیکی، ئابووری و ئاکاری  (moral thinking)

بیرکردنەوەی ڕەخنەیی دوو توخمی سەرەکی هەیە:

-‬١ زنجیرەیەک سەرڕێگاخستنی باوەڕەکان بە پرۆسیسی مەهارەتەکان.‬‬‬‬‬‬‬‬

-‬٢ خوو، بەربنەمای ئیلتیزامی عەقڵی، بۆ بەکارهێنانی ئەو مەهارەتانە بۆ ڕێنوێنکردن بۆ کردارنواندن یان هەڵسوکەوتکردن، یان ڕەفتارنواندن. ئەمەش خۆی لەخۆیدا پێچەوانەیە بە:‬‬‬‬‬‬‬‬

-‬١ بەتەنیا بەدەستهێنانی زانیاری، بەدەستهێنانی زانیاری لێرەوە لە دەرەوەی تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندن و لە بێژنگدانی عەقڵییە. ‬‬‬‬‬‬‬‬

٢- یاخود خاوەنداربوونی هەندێک مەهارەت لە دەرەوەی کۆششی عەقڵی. وەک ئەوەی بەڕێکەوت ببێتە خاوەنی هەندێک خوو و مەهارەت بێ ئەوەی نە لە ڕیشەکانیان بزانێت، نە ئەو بەستێنەی کە تێیدا کارامەیانە دەیانخاتە گەڕ.

-‬٣ بەکارهێنانی ئەو مەهارەتانەی دوایی، وەک مەشقکردن، بێ قەبووڵکردنی بەرەنجامەکانیان، یاخود بگرە تەنانەت زانستی چۆنییەتیی بەدەستهێنانی ئەو بەرەنجامانە.‬‬‬‬‬‬‬‬

هەڵە لۆژیکییەکان

نووسینی کوردی (مەبەست لە نووسینی گرنگە لە دەرەوەی شیعر و تایبەتی شیعرگەرایی) لە دەرەوەی جوغزی بیرکردنەوەی ڕەخنەییە، بەڵام لێوڕێژە لە هەڵە لۆژیکییەکان، ئەوەش ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە، هۆی ئەم هاوکێشەیە چییە؟ (ئێمە لێرەدا خۆمان لەقەرەی وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە نادەین). نووسەرانی کورد لەبەرئەوەی لۆژیکیان نەخوێندووە، لە سەددا ٩٩.‬٩، هەر هەموو موعەڕەزن (vulnerable)  بۆ هەڵە لۆژیکییەکان، کە هەڵەی لۆژیکایەتی هەبوو واتا بیرکردنەوەی هەڵە، بیرکردنەوەی نا-دروست، نا-بەجێ، نا-لۆژیکی، نا-عەقڵانی، دیتنی خێل و قیچ، ئاوەژوو، سەرەوخوار و تەمومژاوی فەرمانڕەوایە.‬‬‬‬‬‬‬‬

با بزانین هەڵەی لۆژیکی چییە؟

لە لۆژیکدا هەڵەی لۆژیکی لە ماوەی دوو هەزار و پێنج سەد ساڵەی ڕابردوودا، لە ئەرستۆوە تاکوو ئەمڕۆ، کۆمەڵێک پێناسەی بۆ کراوە، بەڵام ئێستا دەتوانم سەرنجتان بۆ ئەم پێناسەیە ڕابکێشم، هەڵەی لۆژیکی (Fallacy)  بریتییە لە شکستهێنانی لە ئەنجامگیریدا (reasoning)، کە دەبێتە مایەی ئەوەی ئەرگۆمێنتی نا-دروست (invalid) بێتە بوون. گەر ئەنجامگیری نابوود یان درزتێبوو، یان خاوەن کەموکورتی بێت، دەبێتە مایەی سەرهەڵدانی هەڵەی لۆژیکی. ئایدیایەک کە ڕەنگە شوێنی باوەڕهێنان بێت بەوەی کە ڕاستە، بەڵام دوای تاقیکردنەوە دەردەکەوێت هەڵەیە، پەرێشانە (لەڕووی لۆژیکی)یەوە لەبەرئەمە بەربنەمای ئەنجامگیری هەڵە هاتووەتە ئاراوە. کەواتە، هەڵەی لۆژیکی یاخود پارالۆگیا (paralogia)، پشێویی یان شێوازی دانایی، پشێوییەک لە عەقڵ و یان داناییدا، کە لێرەدا بە ئاخاوتنی ئەندێشەیی ناماقووڵ جیا دەکرێتەوە، بریتییە لە بەکارهێنانی نا-دروستانەی ئەنجامگیری نابوود و شکستخواردوو لە سازدانی ئەرگۆمێنتدا، کە ڕەنگە وا دەربکەوێت باش ساز دراوە و (ئەرگۆمێنتەکە) دروستە، گەر سەرنجی لێ نەدرێت یاخود تاقی نەکرێتەوە.

هەڵەی لۆژیکی بریتییە لە ئەرگۆمێنتی هەڵە کەوا دەردەکەوێت دروستە، بەڵام دوای تاقیکردنەوە بەو میتۆدانەی کە لۆژیک فەراهەمی کردوون دەردەکەوێت بەرەنجامی بەرەنجامگیرییەکی هەڵەن. ئەم هەڵانەی ئەنجامگیری (reasoning)، نەمەتییانە (typically)، پێک دێن لە ئەرگۆمێنتێک، یان پێشەکییەک (aprewise)  کە پشتگیری بەرەنجامەکەی  (the conclusion) ئەرگۆمێنتەکە ناکەن.

چەندان جۆری هەڵەی لۆژیکی هەن کە لە فەلسەفەدا ئاماژەیان پێ کراوە، لێرەدا بۆ ئاسانکاری ئاماژە بە دوو تایپ دەکەین:

١- تایپی Formal (ڕەسمی، فەرمی، سووەڕی)‬، هەڵە فەرمییەکان Formal fallasion، (ڕەسمییەکان، سووەڕییەکان‬)، ئەو ئەرگۆمێنتانەن کە ستراکچەرێکی نا-تەندروستیان هەیە، یان فۆڕمێکی نا-دروست، یاخود بەستێنێکی ڕەوتێکی هەڵە یان پەشێواوی.‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬

-‬٢ تایپی  Informal (واتا نا-ڕەسمی یان سەرپێیی، لامسەرلایی، نا-سووەڕی)، Informal fallasion، هەڵە نا-ڕەسمییەکان ئەو ئەرگۆمێنتانەن کە یان پێشەکی نا-پەیوەندیدارییان (irrelevant) هەیە، یاخود پێشەکی نا-دروستیان هەیە.‬‬‬‬‬‬‬‬

سەرەتا ئاماژەیەکی خێرا بە چەند هەڵەیەکی یان پەشێوییەکی لۆژیکی دەدەین، دواجار لەسەر چەند وانەیەکیان دەوەستین، بەتایبەت ئەوانەی کە ڕۆژانە لە نووسین و ئاخاوتنی کوردیدا دەیانبینین و بەر گوێمان دەکەون.

١- هەڵەی داهۆڵ (Straw Man)، ئەم هەڵەیە ئەو کاتە ڕوو دەدات کە کەسێک، نووسەرێک یان قسەکەرێک هەڵدەستێت بە سادەکردنەوەی ئەرگۆمێنتی کەسێک، یان بیرمەندێک، یان نووسەرێک، یان قسەکەرێکی دیکە یاخود نوێنەرایەتییەکی چەواشەکارانەی ڕا و بۆچوونی کەسەکە یان بیرمەندەکە یان نووسەرەکە دەکات (بە مەبەستی لێدان و دروستکردنی بەدحاڵیبوون (misunderstanding) وەک ئەوەی کە داهۆڵێک دروست بکات، کە دروستکراوی خۆیەتی و لێی بدات.) نووسینی کوردی تەژییە لەم هەڵەیە. داهۆڵ بۆیە دروست دەکرێت، تاکوو ئاسانتر بێت بۆ پەلاماردان، یان ڕەتکردنەوە، دیارە بەرهەمەکە (هەڵە لۆژیکییەکە، ئەرگۆمێنتە پەشێواوەکە) پەیوەندی بەو کەسەوە نییە کە دەربارەیەتی، بەڵکوو باس لە مەحسوڵێک، بەرهەمێکی شێواوی عەقڵی قسەکەرەکە، پەلاماردەرەکە دەکات، نوقتە. لەجیاتی ئەوەی نووسەرەکە، یان قسەکەرەکە ڕاستەوخۆ هەڵبستێت بە تاقیکردنەوەی ڕا و بۆچوون و ئەرگۆمێنتەکانی ئەو کەسەی کە قسەیان لەسەر دەکات، دێت ئەم هەڵەیە بەکار دەهێنت و ڕا و بۆچوون یان ئەرگۆمێنتی شێواوی سادەلەوحانە قووت دەکاتەوە و پەلاماریان دەدات، لەو وەهمەوە کە ئەم شێواوییە بۆ کەسی قسەلەسەرکراو دەگەڕێتەوە. لە کاتێکدا ئەم وەهمە، ئەمە لێدانە لە داهۆڵێک کە کەسەکە خۆی دروستی کردووە.‬‬‬‬‬‬‬‬

٢- هەڵەی کەژاوەی ڕازاوە (bandwagon)، (مەبەست bandwagon کەژاوە یان گالیسکەیەکی ڕازاوەیە تیپێکی مۆسیقای لەسەر سوار دەبن لە میهرەجانێکدا - یان خۆپێشاندانێکدا) (ئەم هەڵەیە ناوی دیکەشی هەیە، پەنابردنە بۆ شەعبیبوون یان کردنی بە شەعبییەت (popularity) جەماوەرییەتی، ڕازیکردنی حەشامات ئەمە وا ناکات کە ئەو شتە ڕاست بێت پەیڕەوکردن لە حەشامات...)‬‬‬‬‬‬‬‬

مەرج نییە گوزارەیەک، پڕۆپۆزشنێک (proposition) (بیردۆزێک، دەربڕینێکی فەلسەفی) ڕاست بێت تەنیا لەبەرئەوەی کە زۆربەی خەڵکی باوەڕیان پێیە. (popularity) (گەلێتی - قەبووڵکردن لە لایەن گەلەوە یان زۆربەی حەشاماتەوە.) بەس نییە بۆ دروست نیشاندانی ئەرگۆمێنتێک، بەڵام زۆرجار وەک هەڵەیەک بەکار دەهێنرێت بۆ ڕەوایەتیدان (شەرعییەت بەخشین بە پەشێوییەکی فیکری) لەڕاستیدا حەشامات کواڵەفای نییە، واتە ئەهلییەتی هەڵسانگاندنی ئەرگۆمێنتی نییە. لە یادمان بێت ئەم هەڵە لۆژیکییە، بەشێکی دانەبڕاوە لە پڕوپاگەندە و (Mass) میدیا، بیرۆکەی "ڕای گشتی" لەڕاستیدا دەربڕی ئەم کێشە و مەتەڵەیە.

-‬٣ هەڵەی پەنابردن بۆ ئۆتۆریتی (authority) دەسەڵات، پەنابردن بۆ ئۆتۆریتی، هەمیشە هەڵە نییە، چونکە مرۆڤەکان، لە زۆر کایەدا پێویستی بە پشتبەستن بە دەسەڵاتە (authority)، بەڵام ئەو کاتە دەبێت هەڵەکە پشت بە یەک ئۆتۆریتی - دەسەڵاتێک - هی کەس یان بۆچوونی یەک کەس ببەستێت لە دەرەوەی تاقیکردنەوەی ئەرگۆمێنتەکان و ڕاکانی دیکە. ئەمە ترسناکتر دەبێت ئەو کاتەی ئەو ئۆتۆریتییە سنوورەکانی، سنووری مەعریفی و ئەزموون و پسپۆڕی خۆی ببڕێت و هەنگاوگەلێک بۆ دەرەوەی ئەو سنوورانە بنێت. لێرەدا پەنابردن بۆ ئۆتۆریتی دەبێتە پەشێویی فیکری (لە نووسینی کوردیدا، ڕۆژانە ڕووبەڕووی ئەم پەشێوییە فیکری و عەقڵانییە دەبینەوە)، کەواتە، بۆ نموونە تەنیا لەبەرئەوەی کە کەسێک لە پێگەی دەسەڵاتدایە و لەو باوەڕەدایە کەسێکی ڕاستە، X  یاخود Z، ئەمە وا دەکات کە ئەو شتە ڕاست بێت.‬‬‬‬‬‬‬‬

-‬٤ هەڵەی تەڵزگەی ساختە، مەبەست لەم هەڵەیە ئەوەیە کە بابەتی ئاڵۆز-بەیەکداچوودا بخرێتە ڕوو وەک ئەوەی کە تەنیا دوو ڕەهەندی هەیە. لەجیاتی ئەوەی ددان بەو ڕاستییەدا بنێت کە زۆربەی کێشەکان، بابەتەکان، مەسەلەکان دەتوانرێت بیریان لێ بکرێتەوە لەناو مەودای ئەگەر و شیمانە جیاوازەکاندا، هەڵەی تەڵزگەی ساختە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە تەنیا دوو لێکەوتە (outcome) یان تەنیا دوو مامەڵە لەتەک ئەم تەڵزگەیەدا هەیە. ئەم هەڵەیە ئەو کاتە زیاتر شوێنی گیروگرفتە کە دەبێتە مایەی "ئیمانێکی - یان باوەڕێکی - یان باوەڕپێکردنێکی" هەڵە بە دوو هەڵوێستی پەڕگیرانە، دوای پشتگوێخستنی هەڵەکانی دیکە و دیتنی دیکە و بەجێهێشتنی ئەو شانسەی کە دەشێت بابەتەکە (re-form)  جارێکی دیکە شێوەی پێ ببەخشرێتەوە یان فۆڕمی دیکە وەربگرێت.‬‬‬‬‬‬‬‬

٥- گشتاندن بەخێرایی‬، ئەم هەڵەیە زۆر باوە ئەو کاتە ڕوو دەدات کە کەسێک بە بەرەنجامێک دەگات، یان بەرەنجامەکان، بەربنەمای بەڵگەی نا-تەواو و نەگونجاو. کەسێک باز دەدات بۆ بەرەنجامەکان لەبارەی دروستی قەززیەیەک، گوزارەیەک بێ هەبوونی بەڵگەی تەواو و بێ سەرڕێگاخستنی تاقیکردنەوە و شک و گومان.‬‬‬‬‬‬‬‬

-‬٦ هەڵەی سەرگوزەشتەیی، چیرۆکی (the anecdotal evidence)، لەجیاتی بەڵگەی لۆژیکی، ئەم هەڵەیە هەڵدەستێت بە جێگرتنەوەی بەڵگەکانی لەلایەن ئەزموونی کەسێکەوە. ئەم هەڵەیە (سەرگوزەشتەیی) پشت بە بەڵگەی چیرۆکی ژیانی تایبەتی - سەرگوزەشتەی کەسێک دەبەستێت، لە کاتێکدا ئەم سەرگوزەشتەیە ناتوانێت شوێنی سەلماندنی پێشەکی گەورەتر یان لۆژیکی تر بگرێتەوە.‬‬‬‬‬‬‬‬

-‬٧ هەڵەی ئەرکی سەلماندن (the burden of proof fallacy)، هەڵەکە بەم شێوەیەیە: گەر کەسێک بانگەشەی ئەوە بکات کە؛ ا (ئەلف) (وەک بانگەشەیەک ڕاستە)، ئەوە ئەرکی ئەوەی بەڵگە بخاتە ڕوو بۆ پشتگیریکردنی ئەم جەختکردنە. کەواتە، دروست نییە بانگەشەی ئەوە بکات کە (ا) ڕاستە تا ئەو کاتەی کەسێکی دیکە دەیسەلمێنێت (واتا ئەرکی سەلماندن دەکەوێتە سەرشانی کە گوایە (ا) ڕاست نییە. هەروەها ئەوەش نادروستە بانگەشەی ئەوە بکەیت کە (ا) ڕاستە لەبەرئەوەی مەحاڵە بسەلمێنرێت کە (ا) هەڵەیە. بە مانایەکی دیکە، تەنیا لەبەرئەوەی کە بەڵگەیەک نییە دژی بانگەشەیەک، ئەوە بەو مانایە نایات کە خۆبەخۆ کارێک دەکات کە ئەو بانگەشەیە ڕاستە.‬‬‬‬‬‬‬‬

-‬٨ هەڵەی (Ad hominem)، ئەم هەڵەیە ڕوو دەدات کاتێک کەسێک لەجیاتی بەکارهێنانی لۆژیک بۆ ڕەتکردنەوەی ئەرگۆمێنتی کەسێک، دێت و پەلاماری کەسەکە دەدات. کارەکتەری، ژیانی، دەرکەوتنی، کە ئەمانە هیچ پەیوەندییەکیان بە ئەرگۆمێنت یان بانگەشەی کەسەکەوە نییە. (نووسینی کوردی لێوانلێوە لەم هەڵەیە، لەم پەشێوییە فیکری و ڕۆحییە...)‬‬‬‬‬‬‬‬

-‬٩ هەڵەی (Tu quoque) تو کیوکیو، واتا هەروەها تۆش (you too)، تۆش بەهەمان شێوە. ئەم هەڵەیە پێک دێت لە هەوڵێکی نادروست بۆ وەرگرتنی کرێدیت، متمانە (credit) لە کەسێک بەوەی کە ڕەخنەکەی بە ڕووبەڕووکردنەوەی هەمان ڕەخنە بەخۆی وەڵام بدرێتەوە (واتا لەجیاتی خستەڕووی  دژە-ئەرگۆمێنت دژ بە بانگەشەکەی تەنیا ئەوە بگوترێتەوە "تۆش بەهەمان شێوە"، واتا لێرەدا تاقیکردنەوەی ئەرگۆمێنتی بەرانبەر لە ئارادا نییە، ئەرگۆمێنتی پێچەوانە ناخرێتە ڕوو، تەنیا جەخت لەسەر ئەوە دەکرێتەوە کە کەسی بەرانبەریش بەهەمان شێوەیە "you too"‬‬‬‬‬‬‬‬

فێرکیوندەم (argumentum ad verecundiam)، ئەرگۆمێنت لە ئۆتۆریتییەوە، ئەم هەڵە لۆژیکییە لە نووسینی کوردی و ئاخاوتنی کوردیدا هەژموونێکی ترسناکی هەیە. ئەم ئەرگۆمێنتە، هەڵەی پەنابردنە بە ئۆتۆرەتی فۆڕمێکە لە ئەرگۆمێنتسازی کە تێیدا فیگەرێک هەڵوێستێکی هەیە، بانگەشەیەکی هەیە، ئەمە بەکار دەهێنرێت وەک بەڵگەیەک بۆ ڕەوایەتیدان بەو بانگەشەیە، وەک X دەڵێت P کەواتە P ڕاستە.

دەستەواژەی (ad verecundiam) دەستەواژەیەکی لاتینییە کە بە مانای (appeal) پەنابردن بۆ مۆدستی، (modesty) بێفیزیی، بەڵام بەمانای پەنابردن بۆ دەسەڵات یان ئۆتۆریتی بۆیەش دەگوترێت بێفیزیی، چونکە لە بێمەعریفیی و بێپسپۆڕیی قسەکەرەکەوە دێت، واتا لە بێمەعریفەیی و بێشارەزایی قسەکەرەکەوە بۆ بێمەعریفەیی و نەشارەزایی خوێنەر یان گوێگرەکە (سەرتاپای هەڵەکە – هەڵەیە).

لەم پەنابرنەوە هەمیشە توخمێکی نا-بابەتی، مەوزوعی (non objectivity) بوونی هەیە، بابەتییەتی (objectivity)  تەنیا لە پەنابردن بۆ بەڵگە و سەلماندندا خۆی مەڵاس داوە. لەبەر ڕۆشنایی ئەو سەرنجەی سەرەوە، ڕێگەدان بە پەنابردن بۆ ئۆتۆریتی وەک ئەرگۆمێنتێکی ڕەوای قەبووڵکراو ئەمە وەک ئەوە وایە کە بابەتییەتی (objectivity) زانستی بەرباد بدەیت، تووڕی هەڵبدەیت. بۆ نموونە، نووسینێکیان نیشان دام کە نووسەرەکەی کوردە و ئەم بانگەشەیە دەکات لەبارەی ژیژەک ڕای ژیژەک لەسەر هیگڵ (لێرەدا پارەفرەیزی دەکەمەوە) (بە ڕای من ئەمڕۆ لە جیهاندا کەس نییە هێندەی ژیژەک بە چاکی و قووڵی لە هیگڵ تێگەیشتبێت.) ئەم بانگەشەیە بە پلەی ئیمتیاز هەڵەی لۆژیکییە و پەنابردنە بەر ژیژەک و سەیرکردنییەتی وەک ئۆتۆریتی هەرچی پەیوەندی بە فەلسەفەی هیگڵەوە هەبێت. ئەم کەسە کێیە ئاوها قسە دەکات؟ خۆی پسپۆڕی فەلسەفە و بەتایبەتی فەلسەفەی هیگڵی هەیە؟ بۆ ئەوەی بانگەشەیەکی لەو جۆرە بکات، بەلانی کەمەوە دەبێت بە پازدە زمانی زیندووی جیهان فەلسەفە بخوێنێتەوە، هەرچی لەسەر هیگڵ نووسراوە لەو زمانانەدا دەبێت خوێندبێتییەوە، ڕاڤەی کردبن، ئینجا هەموو هیگڵی خوێندبێتەوە، ئەوسا حوکمێکی لەو جۆرە دەربکات، ئایا ئەم کارەی کردووە؟ نەء. ئەو تەنیا هەستاوە بە سەرڕێگاخستنی هەڵە یان پەشێوییەکی فیکری.

بۆ ئەوەی پەنابردن بەر ئۆتۆریتی لە هەڵە ڕزگار بکەین، دەبێت ئەم خاڵانە پەیڕەو بکەین:

١- ئۆتۆریتی دەبێت بەدروستی تەفسیر بکرێت، لە پەنابردن بۆ ئۆتۆریتیدا ئەم هەڵانە ڕوو دەدەن، خراپ وەرگرتن و (misquotation) و بەهەڵە دیکۆمێنتکردن (misdocumentation)، بەگونجاوی پوخت نەکردنی حوکمەکانی کەسی پسپۆڕ. ئەمانە کێشە دروستکەرن، گەر ڕەچاو نەکرێن.‬‬‬‬‬‬‬

٢-  ئۆتۆرەتییەکە دەبێت شارەزایی، لێزانین، توانایی و لەدەستهاتنی لە بوارێکدا هەبێت، بەسادەیی درەوشاوەیی، یان هەیبەت یان شەعبییەتی هەبێت، کە زۆرێک لە پەنابردن بۆ ئۆتۆریتی لە ئەرگۆمێنتسازیدا ئەمانەی دوایی ترن. گرنگە سەرنجی ئەوە بدەین کە چەندان کایەی مەعریفی هەیە بوونی ئۆتۆریتی یان پسپۆڕی خۆی شوێنی پرسیارە، یان شوێنی ئیشکالیەتە، واتا غیابی ئۆتۆریتی ڕەسەن.

-‬٣ حوکمی (judgment) بڕیاری ئۆتۆریتی دەبێت لەناو چوارچێوەی کێڵگەیەکی تایبەتی توانستدا بێت، نەک بۆ هەموولایەک پەل بهاوێت.‬‬‬‬‬‬‬‬

-‬٤ بەڵگەی ڕاستەوخۆ لە ڕووی مەبدەئییەوە دەبێت لەبەردەستدا بێت، بەگونجاوی واتا بۆ ئەوەی ئۆتۆریتی گونجاو بێت، دەبێت حوکمەکانی واقیعی بن، پەیوەندیدار بن، خاوەنی بەڵگەی بابەتی بن لەو کایەیەی کە سەرمەشقییەتی یان لێکۆڵینەوەی لەسەر کردووە.‬‬‬‬‬‬‬‬

-‬٥ تەکنیک پێویستە کە ڕەزامەندی هەموولایەکی لەسەر بێت بۆ یەکلایکردنەوەی ڕێککەوتنەکانی کە هەن لە نێوان ئەو ئۆتۆریتییانەوە کە وەک یەک خاوەنی ئەهلییەتن (qualified)، دەبێت ڕێککەوتن ئەم فۆڕمە وەربگرێت.‬‬‬‬‬‬‬‬

یەکەم X بریتییە لە ئۆتۆریتی لە بواری K دا

دووەم P و K

سێیەم X پێداگری دەکات لەسەر ئەمەی کە P

چوارەم P لە هاڕمۆنیدایە لەتەک ئەو زانیارییەی کە لە فاکتەکانی دیکە بەدەست هاتووە

کەواتە P

هەڵەی (Ad baculum) 

ئەرگۆمێنتی (Ad baculum) ئەو هەڵەیەیە کە تێیدا کەسێک پەنا دەباتە بەر هێز بۆ قەبووڵکردنی بەرەنجامێک.

ستانفۆر‬د ئینسکلۆپیدیای فەلسەفە ئەم نموونەیە دەهێنێتەوە:‬‬‬‬‬‬‬‬

گەر تۆ پەیوەست نەبیت بەخۆپێشاندانەکانمانەوە دژ بە بەرفرەوانکردنی پارکەکە، ئەوا ئاپارتمانەکەت (شوقەکەت) لێ دەسێنینەوە، کەواتە باشترە پەیوەست بێت بە خۆپێشاندانەکەوە، (Ad baculum)  بە لاتینی واتا پەنابردن بۆ (Stick) دار یان گۆچان کە ڕەمزی هێزە. پەنابردن بۆ هێز هەندێک جار تێکەڵ دەکرێت لەتەک پەنابردن بۆ ترس، پەنابردن بۆ ترس و پەنابردن بۆ بەزەیی (pity) ئامرازی حەماسەتن  (passions)

هەڵە لۆژیکییەکان زۆرن، ئێمە لێرەدا جەختمان لەسەر هەندێکیان بوو، وەک ئامڕازێک بۆ ئەوەی سەرنجی ئێوە ڕابکێشین بۆ کێشەیەکی زمانەوانی، فیکری، مەعریفی، زانستی، کولتووری و ڕۆحی لەناو زمان و ڕۆشنبیریی کوردیدا، هۆشیار نەبین بەرانبەر بەو هەڵانە کە بریتین لە پەشێویی فیکری و خۆیان پەشێویی عەقڵی و ڕۆحی دروست دەکەن، ناتوانین نە باش بیر بکەینەوە، نە ببینە خاوەنی نووسینی تەندروست.

--------------------------------------------------------------------------

ئەم باسە وەک سیمینارێک بە بۆنەی هاتنەدەرەوەی كتێبی (بیركردنەوەی ڕەخنەیی - ٢٠٢٣)یەوە پێشكەش كرا. ئەو سەرچاوانەی كە سوودیان لێ بینراوە بەناڕاستەوخۆ هەر هەمان ئەو سەرچاوانەن كە لە كتێبەكەدا ئاماژەیان پێدراوە.

 

ئاوەز ژۆرناڵ بڵاوكراوەیەكی گشتییە بە زمانی كوردی دەردەچێت، بنکەکەی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقە. ئارەزووی ڕووماڵکردنی سیاسی، ئابووری، ڕۆشنبیری، مێژوو و بابەت و ڕووداوەکانی دیکەی هەیە، دامەزراوەی كوردستان كرۆنیكڵ دەریدەكات .
+964(0) 750 928 83 85

Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved


X