22/12/2024
پڕۆژەی ئاوەز چییە و بۆ؟

لێرەدا مەبەستمە چییەتیی ئەم پڕۆژەیە، واتە پڕۆژەی ئاوەز و ئامانجەکانی کە بریتییە لە هاتنەدەرەوەی ژۆڕناڵێکی هزری، تیۆری و مەعریفی ڕوون بکەمەوە. ئەم پڕۆژەیە چییە و ئامانجەکانمان کامانەن و چۆن بەو ئامانجانە دەگەین؟ ئاوەز لە زمانی شیرینی کوردیدا، لە بەرانبەر "عەقڵ"ی عەرەبی و "Intellect - Mind - Reason"ی ئینگلیزییەوە دێت؛ کەواتە، هەر لە ناونانی ژۆڕناڵەکەوە، مەبەستەکانمان خۆیان دەردەبڕن، مەبەستە فیکری، زانستی و فەلسەفییەکان کە کڕۆکی پەیامی ژۆڕناڵەکە پێک دێنن. هەر لە ناوەکەیەوە دەمانەوێت بەرانبەر بەو هەلومەرجە زۆر نالەبارەی کولتووری کوردی بوەستینەوە کە تێیدا دژایەتیی ئازادی، ئاوەز، زانست و مەعریفە دەکرێت و ڕۆژانە ڕووبەڕووی ئەم هەلومەرجە دەبینەوە، تەنانەت نووسینی کوردی [کەموزۆر] پڕ بووە لەو جۆرە نووسینانەی کە نە لە دوور، نە لە نزیک پەیوەندییەکیان بە مەعریفە، شیکاری، ئەرگۆمێنتسازی و ڕاستی یان چاوبڕین لە ڕاستی نییە. نەک هەر ئەوە، بەڵکوو نووسەران و شاعیرانێک هەن لەژێر کاریگەریی ئەو نهێلیزم - هیچگەراییەی کە وەک مۆتەکەیەک خۆرئاوای ماندوو کردووە، ئێستا ئەو هیچگەراییەیان بە ناوی ئەدەب و داهێنان و نووسینەوە گواستووەتەوە بۆ ناو ماڵی کورد و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ڕاستی بوونی نییە، "عەقڵ" شکستی هێناوە، ئەوەی هەیە و نییە "ڕا"یە یان "ڕاکان"، ئەوەی هەیە و نییە بریتییە لە "هەستکردنەکان"ە، "نە ڕابردوو هەیە، نە ئایندە؛ ئەوەی گرنگە بۆ ئێستای چێژ بژیت". 

لەلایەکی دیکەوە، هەلومەرجی وجوودی کورد وەکوو نەتەوەیەک بەتەواوی لەژێر هەڕەشەیەکی گەورەدایە، چونکە ئەم بانگەشانە ئەوەندەی دیکە گورز لە مرۆڤی کورد دەدن، بڕستی لێ دەبڕن، نائومێدی دەکەن، بێهیوای دەکەن، سەری لێ دەشێوێنن، ڕێنمایی ناکەن، ڕێگای بۆ ڕووناک ناکەنەوە و زمانەکەی دەوڵەمەند ناکەن. کۆمەڵێک لێدوانی نابەرپرسانە لە نووسینی کوردیدا هەن، بەڵام بێ ئەوەی یەک ڕستەی مانادار خۆی بەیان بکات، بەلێشاو کتێب چاپ دەبێت، بەڵام بەبێ ئەوەی شیکردنەوەیەک لە ئارادا بێت، بەبێ ئەوەی ئەرگۆمێنتێک ساز بدرێت، شیکردنەوەیەکی لۆژیکی خۆ نیشان بدات. کە لۆژیک وەک ئامرازی ئاوەز بزر بوو، بیرکردنەوەش سەرڕێگا ناخرێت، چونکی بیرکردنەوە بریتییە لە ئەرگۆمێنتسازی؛ کەواتە، غیابی ئەرگۆمێنتی ئاوەزمەندانە (عەقڵی) واتا غیابی بیرکردنەوە. هەروەها دژایەتیکردنی ئاوەز لە نووسینی کوردیدا گەیشتووە بە شوێنێکی ترسناک، نەک تەنیا ئەوە بەڵکوو مینبەری وەکوو زانکۆ و میدیاکان بەکار دەهێنرێت بۆ دژایەتیکردنی زانست، فیکر، فەلسەفە و میراتی فیکریی مرۆڤایەتی. ئا لێرەدایە ئێمە لەناو بۆشایییەکی گەورەدا ژیان بەسەر دەبەین، لە غیابی ژۆڕناڵێکی فیکری-زانستیدا دەژین، بەتایبەتی جەختی من لەسەر باشوورە؛ لێرە ڕاستە جووڵەیەک هەیە، بەڵام کۆمەڵێک نووسەر و ئەدیب ڕۆڵێکی ترسناکانە لە دژایەتیکردنی ئاوەز و ئاوەزگەری و ڕۆشنگەری و زانست دەبینن؛ ئەوان ڕۆڵێکی ئەوتۆ نابینن لە برەودان و پێشخستنی مەعریفە و چاوبڕین لە ڕاستی، بەڵکوو لاساییکەرەوەیەکی ترسناکی ئەو پووچگەرایی و هیچگەراییەن کە لە جیهاندا برەویان پێ دەدرێت. خۆرئاوا تا ئێستا بەپێوە وەستاوە ئەگەر لە پەراوێزیشدا بێت؛ چەندان بیرمەند هەن، کۆمەڵێک دامەزراوەی فیکری و زانستی هەن کە مەعریفە بەرهەم دەهێنن. زانکۆکانی ئێمە ئەو ڕۆڵە نابینن، لەبەر ئەوە جڤاتەکە و نێوەندە ڕۆشنبیری و سیاسییەکە دەستوپەنجە لەتەک کۆمەڵێک ئاریشە وقەیران و تەڵزگە نەرم دەکات. 

ترسناکترین دیاردە ئەمڕۆ لە کوردستاندا باڵادەستە و خەریکە بەتەواوی ژیان لە هەموو مانا و ڕەهەندەکانی دادەماڵێت، ئەویش بریتییە لە سۆشیال میدیا کە بووەتە گۆڕەپانێکی مەجازی بۆ بێماناکردنی ژیان، بۆ تیرۆرکردنی کارەکتەری نووسەرە باشەکانمان. سۆشیال میدیا لە ئەخلاق و لە پیرۆزیی وشە و لە گشت مانا قووڵەکانی مرۆڤبوون و خودی ژیان دەدات و هیچوپووچییەکی گەورە بڵاو دەکاتەوە. بێ شک دوژمنانی کورد دەستیان لەم پیلانەدا هەیە؛ ئەمە ئازادیی بەیان نییە کە لە سۆشیال میدیا خۆی نیشان دەدات؛ دەتوانم ئەم دیاردەیە ناو بنێم "ئاشووبی گاڕان". هێزگەلێکی سیاسیش هەن لە دەوروبەرەوە سوود لەم دیاردەیە دەبینن؛ لەوەش دەچێت سەرمایەیەکی خەیاڵیش خرابێتە گەڕ بۆئەوەی مرۆڤی کوردی پێ بکەوێت، کولتوور و زمانی کوردی گەشە نەکات و تاکی کورد بیر نەکاتەوە و نەبێتە ئاغا و سەروەری ماڵی خۆی. تەنانەت ژمارەیەک نووسەر و ئەدیبی کورد کەوتوونەتە ناو ئەم داوەوە و تێیدا سەرقاڵی پەخشکردنەوەی پووچگەرایی و بێئومێدین؛ هەندێکیشیان بە ناوی فیکر و تیۆرییەوە ئەم کارە دەکەن کە هیچ کامیان لەمانە لەناو بەرهەمەکانیاندا ئەرگۆمێنتێک، شیکارییەکی هزری - سەلماندنێکی ئاوەزیی نابینرێتەوە، ئاسەواری لۆژیک نابینیتەوە. لۆژیک ئامرازە ئاوەزییەکەی بیرکردنەوەیە؛ کە لۆژیک لەئارادا نەبوو بیرکردنەوەش لەئارادا نابێت. ئیدی نەبوونی لۆژیک لێرەوە پاشاگەردانییەکی فیکری، کولتووری و ڕۆحیی گەورەی دروست کردووە. 

"ئاوەز" وەکوو پڕۆژەیەکی فیکری و مەعریفی مەبەستییەتی بەر بەم پووچگەراییە بگرێت، ئاوەز وەک ژۆڕناڵێکی فیکری-مەعریفی نەک وەک گۆڤارێک، چاوی لە شیکردنەوە، خستنەڕوو، تاقیکردنەوەی بەڵگە و ڕاستییە بینراوەکان و هەڵهێنجانی بەرەنجامەکانە نەک خستنەڕووی "ڕا" جیاوازەکانە بەتەنیا. کاری ئاوەز وەک ژۆڕناڵێکی فیکری بریتییە لە ئەرگۆمێنتسازی و شیکردنەوە. خودی پڕۆژەکە چاوبڕینە لە مۆتۆ (Motto) دروشمێک، بەرجەستەبوونی ئایدیایەک کە وەک مۆتۆڕێک لە پشتی پڕۆژەکەوە کار دەکات، ئەمە مۆتۆی ژۆڕناڵی ئاوەزە: "ڕاستی، نەک ڕا" واتە چاوبڕین لە ڕاستی و گەیشتن بە ڕاستی، نەک خستنەڕووی "ڕاکان". ئەمەش خۆی لە خۆیدا ڕۆحییەتی زانست و فەلسەفەشە، ئەمە بنەچەی کۆی پڕۆژەی ڕۆشنگەرییە، ئەمە سەرەتاکانی هەموو شۆڕشە زانستییەکانە لە خۆرئاوا، بەتایبەتی ڕۆشنگەریی ئینگلیزی یان ڕۆشنگەریی سکۆتلەندی، کە بریتییە لە جەختکردنە سەر (Fact)  ڕاستییە بینراوەکان و لۆژیک و شێوازەکانی گەیشتن بە ڕاستییەکان. ئێمە لەڕێگەی شیکردنەوە و ئەرگۆمێنتسازی دەگەین بە ڕاستییەکان؛ کەواتە، "ڕا" قۆناغێکی هەرەسەرەتاییە لە پڕۆژەی مەعریفەدا، هەنگاوێک زیاتر هیچی دیکە نییە، پلەی یەکەمی پەیژەی چوونەسەرەوەیە بۆ گەیشتن بە ڕاستی و بە مەعریفە.

ئێستا ئێمە لە جیهاندا ئالوودە بە بیمارییەکین کە پێی دەگوترێت "پۆست مۆدێرنیزم"، کە وەک ئایدیۆلۆژیایەک، وەک بزاڤێکی ئایدیۆلۆژی - نهێلیستانە پێداگریی لەسەر ئەوەیە کە "ڕاستی بوونی نییە ئەوەی هەیە "ڕا"یە یان "ڕاڤەکردنەکان"ە؛ بەڵام ئێمە لەڕێگەی مۆتۆی ژۆڕناڵەکەوە دەمانەوێت پێچەوانەی ئەو شەپۆلە بوەستینەوە؛ ئێمە دەڵین؛ "ڕاستی، نەک ڕا". کەواتە، ئێمە مینبەرێک نابین بۆ نهیلیزم، بۆ دژایەتیکردنی ئاوەز و زانست، تەنیا "ڕا" بێبەڵگە و شیکردنەوە ناخەینە ڕوو. ئاوەز پڕۆژەیەکی فیکری-مەعریفی پێشکەش دەکات، مۆدێلێک یان پاڕادایمێکی نوێ سەرڕێگا دەخەین؛ ئەوەی کە دەمانەوێت و چاوی تێدەبڕین بریتییە لە وەرچەرخاندنی پاڕادایم. ئاوەز دەیەوێت کۆتایی بە "ڕا" دەربڕینی بێبەڵگە بهێنێت؛ ئاوەز دەبێتە مینبەری هەموو ئەو ڕۆشنبیر و بیرمەند و نووسەرانەی کە خەون بە پاڕادایمێکی نوێوە دەبینن؛ ئەو پاڕادایمە نوێیە باس لە زانست، مەعریفە، تیۆری، شیکردنەوە و تاقیکردنەوەی بەڵگەکان دەکات. کەواتە، ئاوەز لە ناوەکەی خۆیەوە پڕۆژەیەکی ئاوەزمەندی ئاوەزگەراییە، واتا عەقڵانییەتە، لە نێوەندێکدا کە پڕیەتی لە هێزی دژەعەقڵ و دژەئاوەز و دژەویژدان و دژەئازادی و دژەئەخلاق. ئێمە ئەگەر ئەمە نەبینین، ئەم پشێوییە کولتورییە ڕۆحییە نەبینین کە لەناو جڤاتە کوردییەکاندا هەیە، ئێمە یان درۆ لەگەڵ خۆماندا دەکەین، یان نەزان و نەفام و کاڵفامین، تێناگەین چی دەگوزەرێت، ئێمە لەگەڵ کۆمەڵگاکانی دیکەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە قۆناغە تاریکەکاندا دەژین، لێرە کۆمەڵێک هەڵچوون و پووچگەرایی باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە، کۆمەڵێکی ناعەقڵانی دروست بوون هەڕەشە لە هەموو ئازادیخوازێک دەکەن. ئێمە لە پڕۆژەی ئاوەزدا، دەمانەوێت ببین بەو پێگە مەعریفە و زانستە کە گیانێک بە بیرکردنەوە و ئازادی بیرکردنەوەدا بکەینەوە؛ ببینە گۆڕەپانی هەوڵدان بۆ زیندووکردنەوەی هەموو هەوڵێکی ئاوەزگەرایی لەناو جڤاتی کوردیدا. 

دروشمی ئێمە دروشمێکی ڕۆشنگەرییە؛ چاومان لە ڕۆشنگەری بڕیوە، لە دەرەوەی ئەو هەوڵە بێزەنتییانەی کە ئەو ڤایرۆسە کردی لە ماوەی پەنجا ساڵی ڕابردوودا بۆ لێدان لە ڕۆشنگەری. ئێمە جارێکی دیکە پەنا دەبەینە بەر ئاوەز، چونکە لە دەرەوەی ئاوەز هیچ شتێکی دیکە شک نابەین لەم تاریکستانە دەرمان بهێنێت، دەستمان بگرێت و سەڕێگە بکەوین و خەون بە ئایندەیەکی عەقڵانیترەوە ببینین. بۆ بابەتەکانی ژمارەی یەکەم، لەسەر ئاستی دۆستان لە هەندێک کەسمان ڕاسپارد، بەڵام بۆ ژمارەکانی داهاتوو چاوەڕوانییەکانی خۆمان لەبابەت ئەو نووسینانەی کە دەگاتە دەستمان دەخەینە ڕوو. گرنگترین شت لێرە کە سازشی لەسەر ناکەین ئەوەیە باوەڕێکی تەواومان بە مرۆڤی کورد هەیە، دەست بدەینە دەستی و هەڵبستێتە سەرپێ و ڕێز لە زمان و فیکری خۆی بگرێت. ئێستا ئیتر هیچ بیانوویەک بۆ جەهل و تاریکی نەماوە؛ ئێمە دەمانەوێت لە خزمەتی دۆزی کوردا بین، دۆزێک کە خۆمان جارێکی دیکە لە ڕوانگەی ئاوەزگەرییەوە پێناسەی دەکەینەوە، دۆزی نەتەوەیەکی گەورە و خاوەن مافی ڕەوا. هیچ ڕێگەچارەیەکی دیکە بوونی نییە، لەڕاستیدا ئەوەی ئێمە ڕزگار دەکات بریتییە لە زانست و فەلسەفە و ئاوەزمەندی. ئەم پڕۆژەیە ڕەهەندێکی پەروەردەیشی هەیە، چونکی هەر خودی فەلسەفە پڕۆژەیەکی پەروەردەییە، یارمەتیدانی ئینسانە بۆئەوەی تێگەیشتنێکی دروست بۆ خۆی و جیهان بهێنێتە دی. 

ژۆڕناڵی ئاوەز وەرزییە، واتە سێ مانگ جارێک دەردەچێت، سێ بەش لەم ژۆڕناڵەدا هەیە؛ نووسین و لێکۆڵینەوە، تەوەرەیەک و خوێندنەوەی کتێب. (ناڵێین  ڕانانی کتێب؛ ئێمە خوێندنەوە بۆ کتێب دەکەین، واتا بەتەواوی ئەو کتێبە دەخوێنینەوە و شیی دەکەینەوە). تەوەرەی ژمارە یەک بریتییە لە "زمان و ناسنامە". ئەوەی تا ئێستا بەدەستمان گەیشتووە بڵاوی دەکەینەوە، بەڵام ئەم تەوەرەیە داناخرێت و بابەتی هەر قەڵەمێکی دیکە هەبێت لە ئایندەدا بڵاوی دەکەینەوە. ئێمە گرنگییەکی زۆر بە زمان دەدەین، چونکی زمانی کوردی ماڵی ئێمەیە؛ دەبێت بە هەموومان خزمەتی ئەم ماڵە بکەین؛ هەر لەڕێی ئەویشەوەیە ماوینەتەوە، بۆیەشە دوژمنەکانمان یەکەم شت کە لێی دەدەن زمانەکەمانە. ئێمە گرنگییەکی زۆر بە زمان و بەو پەیوەندییە دیالێکتیکییەی نێوان زمان و ناسنامە دەدەین. تەوەرەی ژمارەی داهاتوو بریتی دەبێت لە زانست (science). بۆ لە کۆمەڵگای ئێمەدا زانست ئامادەەی بەرچاوی نییە؟ بۆ زانکۆکان نەبوون بە زانستگا؟ نەبوون بە شوێنی بەرهەمهێنانی مەعریفە؟ بۆ زانامان نییە؟ بۆ ئێمە لەسەر کۆمەڵێک خورافیات و ئەفسانە پەروەردە بووین…؟ کێشەکان لەم بوارەدا چین؟ کامانەن ئەو ڕەخنانەی کە دەکرێت لەو دەسەڵاتە بگیرێت کە ناتوانێت هەلومەرجێک بۆ زانست بڕەخسێنێت؟ شتێکی دیکەی گرنگ ئەوەیە ئێمە بەدوورین لە هەر ئایدیۆلۆژیایەک؛ پڕۆژەی ئاوەز پەیوەندی بە ئایدیۆلۆژیاوە نییە، چونکی عەقڵ ڕێنماییکەرمانە. هەڵبەت دواتر ڕێبەرێک دەردەکەین هەموو ئەو شتانەی تێدایە کە ئێمە لە لێکۆڵەرەوانی کورد چاوەڕێی دەکەین بۆئەوەی باس و بابەتمان بۆ بنێرن. ئەو باسانەی بۆمان دێت چ میتۆدێکی لێکۆڵینەوە بەکار بهێنن، چۆن سوود لە سەرچاوەکان ببینن، ئێمە مامەڵە لەگەڵ ڕاستییە بینراوەکاندا دەکەین و پێچەوانەی ئەو شەپۆلەی کە ئێستا لە گۆڕەپانەکەدا هەیە و ڕەنگە هێزێکی سیاسیشی لە پشتەوە بێت.

بە مانایەکی فەلسەفی، هەموو پڕۆژەیەکی مەعریفی خۆی پڕۆژەیەکی سیاسییە لە دواجاردا؛ بە مانا کڵاسیکییەکەی، بە مانا ئەفلاتوون و ئەرستۆییەکەی، موهاتەراتێکی زۆر دەوترێت لەسەر سیاسەت لە گۆڕەپانی کوردیدا؛ خەڵکانێک لەخۆوە لەسەر سیاسەت قسە دەکەن کە هیچی لێ نازانن و یەک کتێبی فیکرییان لەسەر سیاسەت نەخوێندووەتەوە. بێگومان ئێستا بۆئەوەی ببیت بە ڕۆشنبیر دەبێت دوو سێ شت بکەی؛ دەبێت لەخۆتەوە بڵێیت دژی سیاسەتم؛ بێ گومان ئەمانە ئەو خەڵکە نەخوێندەوارانەن کە من پێیان دەڵێم uneducated))، واتە باش پەروەردە نەبوون؛ لەڕاستیدا، کۆمەلێک نووسەر هەن پەروەردە نەبوون، مامۆستایان نەبووە، بەڵام بە خەروار کتێب لەسەر فەلسەفە دەنووسن. ئەوەی کە لێرە ڕوودەدات لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ڕووی نەداوە، ئەوەی کە کەسێک کتێب لەسەر فەلسەفە بنووسێت، بەڵام یەک موحازەرەی فەلسەفەی نەخوێندبێت، ئەمە بەدەگمەن ڕوو دەدات… هەموو دێوانەیەک دەتوانێت کتێب بنووسێت و لەخۆیەوە ناوی بنێت کتێبی فەلسەفی، ئەوەی کە گۆڕەپانەکە لێی قەبووڵ دەکات ئەوە خەتاکەیەتی؛ واتە ئەوەی کە دێوانەیەک دێت هەر لەخۆیەوە کتێبی فیکری دەنووسێت، کتێب لە سەر کتێب دەنووسێت و باکگراوندی فیکری و زانستیی نییە، ئەم کتێبانە بە ناوی فیکرەوە دەنووسێت ئەوە خەتای ئەو نییە، بێ گومان ئەوە دێوانەیە. بەڵام کە گۆڕەپانەکە لێی قەبووڵ دەکات، ئەوە کارەساتەکەیە؛ هەموو ڕایەک دەڕوات، ئەمە ئەو پاشاگەردانییەیە کە ئەم کۆمەڵگایەی گرتووەتەوە و تووشی بووە. بە بۆچوونی من، هیچ کەسێکیش باس لەم نەخۆشییانە ناکات، ئەوانە ئایکۆنن… دەبێت ئەمانە لە شوێنێکدا ڕابگیرێن و لێیان بپرسین بێ زەحمەت لەسەر دەستی کێ خوێندووتە؟" مامۆستاکەت کێیە، تا پێت بڵێم کێیت" کام کتێبانەت خوێندووەتەوە؟ کام کۆرسانەت لە زانکۆکان وەرگرتووە؟ چ زمانێک دەزانیت؛ بە چ زمانێک دەخوێنیتەوە؟ ڕۆژی چەند سەعات دەخوێنیتەوە…؟ تۆ کە یەک موحازەرەت گوێ لێ نەبووە لەسەر تیۆری چۆن بە زنجیرە کتێب لەسەر تیۆری دەنووسیت؟! ئەمە گاڵتەجاڕییە لە گۆڕەپانی کوردی، دەبێت ئەم شاخی جەهلە بنکۆڵ بکرێت، کەمێک بنکۆڵ بکرێت. دەبێت زەمینەیەک بڕەخسێنین بۆ هەموو ئەوانەی ئەم کۆژانەیان هەیە، ئەوانیش بێنەوە پێشەوە و بتوانین پێکەوە بە چەند ساڵێک سنوورێک بۆ ئەم گاڵتەجاڕییە دابنێین. 

کەواتە "پڕۆژەی ئاوەز" چاوی لە زۆر شت بڕیوە. ئێمە دەمانەوێ ببین بە مینبەرێک بۆ هەموو ئەو ئازادیخواز و ئاوەزگەرایانەی کورد کە لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا دەنووسن. بێ گومان هەوڵمان دا لەم ژمارەیەدا نووسین بە شێوەزاری کرمانجیی  ژوورووش بڵاو بکەینەوە؛ بەداخەوە هەندێک برادەری نووسەر لە دهۆک کەمتەرخەمییان کرد؛ ئێمە پێش دوو مانگ پێیانمان گوت بابەتمان بۆ بنێرن، بەڵام بۆ ناردنی بابەت لە کاتی خۆیدا کەمتەرخەمییان کرد. ئێمە باوەڕمان بە شێوەزارێکی دیاریکراو نییە؛ زمانی کوردی دەوڵەمەندییەکەی لەوەدایە کە کۆمەڵێک شێوەزاری هەیە؛ ئێمە دەرگامان واڵایە بۆ ئەوەی بە شێوەزارەکانی دیکە لە ژۆڕناڵی ئاوەزدا نووسینی کوردی بڵاو بکەینەوە، بەڵام بەو مەرجەی بەو ئەلفوبێیە بێت کە لە باشوور پێی دەنووسرێت. ئەم ژۆڕناڵە کراوەیە بۆ هەموو نووسەر و لێکۆڵەرێک کە نیگەرانییان هەیە دەربارەی کورد و دەربارەی عەقڵ و بیرکردنەوە. ئێرە مینبەری هەموویانە. ژۆڕناڵێکە بۆ هەموویان کراوەیە؛ لە هەر ژمارەیەکدا خۆشحاڵ دەبین کە چەند بابەتێکیش بە شێوەزاری کرمانجیی ژووروو بڵاو بکەینەوە. مەبەستمان ئەوەیە لەم ڕووەشەوە ئەزموونێکی تازە سەرڕێگا بخەین. بەهیواین نووسەرانی ئەو شێوەزارە لە ژمارەکانی داهاتوودا بێن بە دەنگمانەوە. کەواتە، ئێمە کراوەین بۆ نووسەرە بەڕێزەکانی ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا، باکوور و باشوور، لە هەموو شوێنێکی ئەو شارانەی کوردستان، بێ گومان بەپێی ئەو ستانداردەی کە دواتر ژۆڕناڵەکە دەیخاتە ڕوو، ئەویش بریتییە لە میتۆدی زانستی و شیکردنەوەی ئەرگۆمێنتی لۆژیکی. ئەمە ژۆڕناڵێکی سیاسی نییە؛ بێ گومان دامەزراوەیەکی میدیایی پاڵپشتی ئەم پڕۆژەیە دەکات و ئێمە لێرەدا سوپاسی ئەو دامەزاوەیە دەکەین. ئەوان هەموو ئازادییەکیان داوە بە ئێمە بۆئەوەی ئێمە بتوانین سەرپەرشتیی ئەم پڕۆژەیە وەئەستۆ بگرین. ئەمە شوێنی دەستخۆشییە و هیوادارین کە ئەو پشتگیرییە بەردەوام بێت. هەڵبەت ئێمە هەوڵ دەدەین ماڵپەرێک یان پەیجێکمان هەبێت بۆ ئەوەی لەڕێگەیەوە لە پەیوەندیدا بین لەگەڵ نووسەر و لێکۆڵەرەوانی کورد، لە کوردستان و جیهانیشدا; بەو هیوایەی ئەم ژمارەیە شوێنی ڕەزامەندیی هەموو لایەک بێت. ئەمە سەرەتای ڕێگەی کاروانێکی گەورە دەبێت بەرەو ڕۆشنگەری، بەرەو ئاوەزگەری و ئازادی.

دواسەرنجم ئەوەیە کە ئەم پڕۆژەیە لەڕاستیدا بانگەوازێکە بۆ هەموو بیرمەند و هزرڤان و ڕۆشنبیرە جددییەکانی کورد، لەوەی کە کولتووری ئێمە، کولتووری ئەم ناوچەیە لەبەردەم کۆمەڵێک هێرشی گەورەدایە، چ ناوخۆیی و چ دەرەکی، ئێمە دەمانەوێت سەکۆیەک بین بۆ ئەوەی بەرەنگاری ئەو شەپۆلە ترسناکانە ببینەوە. یەکێک لەو شەپۆلانە کە پێویستە ئاماژەی پێ بدەین وۆکیزمە (wokeism). لەڕاستیدا، وەرناگێڕدرێتە سەر زمانی کوردی؛ گۆیا جۆرێکە لە بەئاگاهاتنەوە، یان هۆشیاربوونەوە. وۆکیزم ئەو دیاردە ترسناکەیە کە لە ئەمریکاوە و لەنێو رەشپێستانەوە سەرهەڵدەدات و ئێستا گەیشتووە بە ئەورووپا و  بە کوردستان لەڕێگەی چەپەکانەوە. ڕیشەی وۆکیزم لەناو مارکسیزمدایە، یان بە زمانێکی دیکە مارکسیزمی کولتووری (Cultural Marxism). ئەم وۆکیزمە لەلایەکەوە بانگەشەکردنە بۆ سیاسەتی ناسنامە(identity politics)، لەلایەکی دیکەوە پێداگرییە لەسەر سێ بنەمای diversity و  social justice و equity، واتە فرەیی (یان هەمەچەشنی) و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و بەرابەری. ئەمە ناونیشانێکە هەموو کەسێ پێی هەڵدەخەڵەتێت، بەڵام دواجار جەرگبڕە و بریتییە لە لێدان لە شارستانییەت، لە کولتوور لە فەرهەنگ و عەقڵ، لە هەموو ئەو شتانەی کە مرۆڤ لە ماوەی سێ هەزار ساڵدا بینای کردووە. وۆکیزم کارەساتێکی گەورەیە، نهێلیزمە لە ئەوپەڕیدا بەڕەهایی، دێت هیچ قییەمێک ناهێڵێت، هیچ بەهایەک ناهێڵێت، خێزان وێران دەکات، پەیوەندییەکان لەناو دەبات، سیاسەت وێران دەکات، کولتوور وێران دەکات، ژنان وێران دەکات، زمان وێران دەکات. ئێستا لە ئەمریکا دەبێت بڵێیت ئەو جێناوانەی تۆ بەکاری دەهێنیت چییە؟ لە ئەمریکا گاڵتەجاڕییەک دروست بووە هیچ قییەمێک بۆ زمان نەماوە، ئەمە شێواندنی زمانی ئینگلیزییە، فکرە، کولتوورە، پەروەردەیە… بەداخەوە من ئەمە بە نەتەوەکەم دەڵێم کە سەرەتاکانی لەڕێگەی چەند بەناو ڕۆشنبیرێکەوە گەیشتووە بە ئێرە، ئەوانەی مورتەزەقەی هەندێ دامەزراوەی خۆرئاوان و دەیانەوێت ئەم فکرەیە بهێنن بۆ ئێرە، بەناوی فرەیی. بێ گومان دەبێت خۆتان تێبگەن مەبەستی من لەم شتانە چییە، دواجار خێزان تێک دەدات و خەریکی کۆمەڵێک ئایدیۆلۆژیای جێندەر و ئەم شتانەن، تەنانەت سبەینێ شتێکی لەمە ترسناکتر دێت بەناوی ترانس جێندەر و ئەوەیکە هەموو کەسێ حەقی ئەوەی هەیە جێندەری خۆی بگۆڕێت، ئەوەی کە ئێستا لە خۆرئاوا کێشەیەکی گەورەی دروست کردووە لە کۆمەڵگا خۆرئاواییەکانە. بێگومان خەڵک لێرە هەن ئامادەیی ئەمەیان هەیە لەڕێگەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە و لەڕێگەی UN؛ یوئێن یەکێک لە ترسناکترین دامەزراوەکانە کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دروست بووە، ئەم دامەزراوەیە خەریکی تێکدانی هەموو شارستانییەتی مرۆییە. لەڕێگەی گڵۆبالەیزشنەوە (جیهانگیریی) دەیانەوێت داڕشتنەوەیەک دروست بێت؛ دەبێت هەموومان دژی ئەمە بووەستینەوە، بەڵام چۆن؟ بە عەقڵ، بە کۆمەڵێک بەهای مرۆیی گەورە، کە خۆی خودی خۆرئاوا بەرهەمی هێناوە، نەک بە دواکەوتووییەک کە خۆرهەڵات بەرهەمی هێناوە. 

ئێمە وەک ئاوەز ئەو ژۆڕناڵە فیکرییە زانستییەن کە دەستی هاوکاریی هەر نووسەر و لێکۆڵەرێکی کورد دەگوشین بە مەرجێک لەڕێگەی عەقڵ و زانست و فەلسەفەوە قسە بکات، نەک هەستەکانی خۆی و قەبیلەگەرایی و هۆزگەرایی و هەموو ئەو کێشە ناوچەییانەی دیکە کە هەیە. کەواتە، ئێمە جارێکی دیکە پێویستمان بە خوێندنەوەیەکی گەورەی خۆرئاوا هەیە، کە هەمیشە میراتێکی گەورە لەوێدا هەیە و دەبێت بیخوێنینەوە و بەردەوامیش وەکوو چەکێک بەکاری بهێنین بەرانبەر ئەو نهێلیزمەی کە خودی خۆرئاوا بەرهەمی دەهێنێت. ئێمە ئەمە دەکەین، کەواتە باش دەزانین خۆرئاوا چییە، خۆرهەڵاتیش چییە، دژی هەموو ئەو ئایدیۆلۆژیستە بێمانایانەین کە لە خۆرهەڵاتدا دژی خۆرئاوا دروست بووە، ئەو تیۆریسیانانەی بوون بە تیۆریسنی ئیرهابییە فیکرییەکان کە لە ئەمڕۆدا هەڕەشە لە جیهان دەکەن. ئێمە سەکۆیەکین بۆ عەقڵ، بۆ عەقڵانییەت و ڕۆشنگەری؛ ئێمە مینبەرەکەین، ئەوەی کە ئێشەکە دەکات بیرمەندان و زانایانی کوردن؛ ئێمە زەمینەکەیان بۆ دەڕەخسێنین، ئێمە هەموو شتێک دەکەین بۆئەوەی مرۆڤی بیرکەرەوەی کورد قسان بکات، بیر بکاتەوە و، لێرەوە تەعبیر لە خۆی بکات. بەهیوای ئەوەی کە بتوانین زمینەیەکی زۆر باش دروست بکەین و لە خزمەتی هەموو ئەو ئاوەزمەند و هزرڤانانەدا بین کە تاکوو ئێستا کێشەی بوونی مینبەرێکیان هەیە، ئێمە ئەو مینبەرەین.

سوپاس بۆ دامەزراوەی کوردستان کڕۆنیکڵ (Kurdistan Chronicle) کە پشتگیرییەکی تەواوی ئەم پڕۆژەیە دەکەن. ئێمە لە پڕۆژەی ژۆڕناڵی ئاوەز، لەڕاستیدا، بەبێ پشتگیریکردنی مەعنەویی ئەم دامەزراوەیە و ئەو بەڕێزانەی لەو دامەزراوەیەدان، هەرگیز نەماندەتوانی ڕیسکێکی مەعریفیی وەکوو ژۆڕناڵی ئاوەز بکەین و نەماندەتوانی ئەم پڕۆژەیە سەڕرێگە بخەین. هیوامان وایە پشوویان لەگەڵماندا درێژ بێت و بەردەوامی بدەن بەم پشگیرییە، تاکوو ئێمەش بتوانین زیاتر خزمەت بە پڕۆژەکە و لەڕێگەی پڕۆژەکەشەوە خزمەت بە نیشتمانەکەمان بکەین.

فاڕوق ڕەفیق

١٤ی تەمووزی ٢٠٢٤



ئاوەز ژۆرناڵ بڵاوكراوەیەكی گشتییە بە زمانی كوردی دەردەچێت، بنکەکەی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقە. ئارەزووی ڕووماڵکردنی سیاسی، ئابووری، ڕۆشنبیری، مێژوو و بابەت و ڕووداوەکانی دیکەی هەیە، دامەزراوەی كوردستان كرۆنیكڵ دەریدەكات .
+964(0) 750 928 83 85

Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved


X